گەوهەرى موسڵمان لە فەزڵ و گەورەيى بانگەوازى رێى خوادا
سوپاس و ستايش بۆ خواى گەورە، صەلات و سەلامى خوا لە پێغەمبەر و ياران و شوێنكەوتوانى هەتا رۆژى دوايى.
بەسە بۆ فەزڵ و گەورەيى ئەم كتێبە، كە باسى بابەتێك دەكات، پيشەى خۆشەويستترين و نزيكترين كەسانى لاى خوا بووە، خودى بابەتەكەش، شاڕێگەى نزيكبوونەوەيە لە خواى گەورە، ئەنجامەكەشى نزيككردنەوەى خەڵكە لە پەروەردگار، واتە سەراپاى بابەتەكە، بەجێگەياندنى فەرمانى خوا و خۆچواندنە بە كارو ئاكارى پێغەمبەران و دەستكەوتنى پاداشت و نزيكبوونەوەيە لە خوا.
گرنگيى و گەورەيى بانگەوازى رێى خوا جێدەهێڵم بۆ نووسەرى پايەبەرز (بانگخواز مامۆستا جووتيار بامەڕنى) كە بە جوانى گرنگيى بەو بابەتە داوە، تەنها گرنگترينى گرنگييەكان بە نموونە دەهێنمەوە هەتا بزانين ئەم كتێبە دەيەوێت چيمان پێ بڵێت، دەيەوێت پێمان بڵێت: هەژمارێكى بانكيى بكەرەوەو رۆژانە بڕێك داهاتى تێدا دابنێ، هەموو رۆژێك چەند قات قازانج دەچێتە سەر هەژمارەكەت بێ ئەوەى هيچ زيانێك بكەيت، قازانجەكەش بە سوو بۆت هەژمار ناكرێت، بەڵام ئەم داهاتەيان بانگەوازەو قازانجە بەردەوامەكەش، چاكەى بەردەوامى ئەو كەسانەيە كە سوودمەند بون لە بانگەوازەكەت، بە مردنيشت كە هەرچى دەرگاى چاكەكردنە بە رووتدا دادەخرێت، ئەم دەرگايان داناخرێت و بەردەوام چاكەى بانگەوازەكەت دێتە سەر هەژمارەكەت.
بەراستى ئەم بازرگانييە هيچكات بەراورد ناكرێت بە بازرگانييە كاتيەكانى دنيا، چونكە قازانجى گەورەى ئەم بازرگانييەيان، لە رۆژێكدا دەدرێتەوە دەست خاوەنەكەى، كە تەنها ئەوە دادى دەدات و فرياى دەكەوێت.
زۆر گرنگە تاك بە تاكى موسڵمان، ئەم كتێبە بخوێنينەوەو وەك بەشێك لە بەرنامەى كارى رۆژانەمان مامەڵەى لەگەڵ بكەين، چونكە دەستمان دەگرێت بۆ باشترين و پڕسوودترين رێى دروست، نووسەرەكەشى پێش ئەوەى ئەم شتانە بۆ ئێمە باس بكات، خۆى لە ژيانى رۆژانەيدا بەشێكى زۆرى جێبەجێ كردووەو ئێمەش كە ماوەيەك لە خزمەتيدا بوين، شايەتيى بەشێكى ئەو ئەزموون و دڵسۆزييەى بۆ دەدەين.
لە خواى گەورە داواكارين بەرەكەتى زياتر بخاتە كار و بانگەوازيەوەو نيەتى نووسەر و ئێمەش، پاك و پوخت لەپێناو زاتى الله بپارێزێت.
وصلى الله على محمد و على آلە و صحبه وسلم
عبدالواحد محمد صالح
كانديدكراويت هەتا ببيتە يەكێك لە بانگخوازانى رێى خوا
هيچ شتێك، وەك خەمى بڵاوكردنەوەى چاكە، ناتجووڵێنێت بۆ بانگەوازى رێى خوا، دڵنياش بە كە بەشێكى گەورەى ئەم خەمەت تێدايە، بە بەڵگەى ئەوەى دەستت داوەتە خوێندنەوەى ئەم ناميلكەيە، بۆيە ئێستا تۆ كانديدكراويت بۆ ئەوەى ببيتە بانگخوازێكى رێى خوا و لەسەر دەستى بەڕێزتان، هەزاران، بگرە مليۆنەها كەس موسڵمان ببن، تەنها ئەگەر خواى گەورە حەزى بەدەستهێنانى رەزامەندى خۆى و ويستى بەهێزى كاركردن لەپێناو خوا، لەنێو دڵتدا بەدى بكات.
كاركردن بۆ كى؟ بەڵێ، بۆ خوا، جا بيهێنە پێش چاوى خۆت، چ گەورەييەكە بانگەواز بۆ رێى خوا بكەيت، نەوەك بۆ خۆت يان حيزبێك يان گرووپ و كۆمەڵێك، يان كەسايەتييەك، يان بازرگانييەك، ئەمەش بازرگانييەكى گەورەيە لەگەڵ پەروەردگاردا، بازرگانييەك كە تەنها قازانجە و هيچ زەرەر و زيانێكى تێدا نييە.
(وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ)
جوان لەم ئايەتە گەورەى قورئان رابمێنە.
يەكەم پێشينە
بەناوى خوا و سوپاس و ستايش بۆ پەروەردگار، صەلات و سەلامى خوا لەسەر پيێغەمبەرى خوا، پاشان..
يەكێك لە گرنگترين ئەرك و لەپێشينەترينى پێشينەكانى ئەمڕۆمان، زيادكردنى ژمارەى بانگخوازانى خۆبەخشە بۆ دوو مەبەست:
بانگەوازكردنى موسڵمانان بۆ پابەندبوون بە پەيامەكەيانەوە.
بانگەوازكردنى ناموسڵمانان بەرەو ئيسلام.
هەتا ببينە هاوكارى ئەم دەستەيە، كليل و بەهرەيان پێ ببەخشين و پێناوى بانگەوازييان بۆ دەستەبەر بكەين.
سوپاس بۆ خواى گەورە، بەدەمەوەهاتنى گەنجان بۆ چاكە و رووكردنە كەناراوەكانى تەوبە و تەوبەكاران، روولەزيادبوونە، حەزى سەرخستنى دين و قوربانيدان لەپێناويشيدا هەيە، هاودەم بەو هەموو خێرەى كە دنياى داگرتووە، بەلآم هێشتا زۆرن ئەوانەى كە فەزڵ و گەورەييى راستەقينەى بانگەواز نازانن و خۆيان بێبەش دەكەن لەو پێگە بەرز و گەورەييە باڵايە.
بەداخەوە، زۆرێك لە پياوچاكان، خۆيان سەرقاڵ دەكەن و لەدەست بەرپرسيارێتى بڵاوكردنەوەى ئايين رادەكەن، بۆيە يەكێك لە ئامانجەكانى ئەم ناميلكەيە بريتييە لەوەى بە ويستى خوا، پياوچاكان ببنە چاكساز، ئيتر كاتى ئەوە هاتووە وەستانێك بوەستين و پێش ئەوەى كار لەكار بترازێت، لێپێچينەوەيەكى خۆمان بكەين.
پێم خۆش بوو بە جوانى فەزڵ و گەورەيى بانگەوازى رێى خوا بخەمەڕوو، باسى ئەو پلە و پايە بەرزەى ئەو ئيشكەرانە بكەم كە سەرقاڵن بە چاكسازيى و روونكردنەوەو فێركردنى چاكە، بەڵكو دەست لەدەست، پێكەوە خەوتووەكان بێدار بكەينەوەو بە بيرخستنەوەى راستێتيى بانگەواز، چەندەها دڵى زياتر بەدەست بهێنين، بەڵكو ئيشكەرەكانمان گوڕو تين و چالاكييان زياتر بێت.
لە خوا دەپاڕێينەوە لەو كەسانەمان بگێڕێت كە خەمى ئەم دينە هەڵدەگرن و هەوڵ دەدەن لە ئاسۆكانەوە، لەسەر مەنهەج و بەرنامەى دروست، ئەم ئيسلامە بڵاوبكەنەوە.
هيواشم وايە، هەستتان ورووژابێت بۆ هەڵگرتنى ئەم بيرۆكەيە[1] و هەركاممان پلانێك دابنێين بۆ فێركردن و هاودەمێتيى ژماريەك گەنج هەتا بەرگەى ئەو بەرپرسيارێتيە بگرن كە لەسەرشانيانە، چونكە ئێمە پێويستييەكى زۆرمان بەوەيە لە چاكە و لەخواترساندا هاوكارى يەك بين و لەسەر چاكبوون و چاكسازيش هەماهەنگ و دەستبارى يەك بين.
وصلى الله و سلم على نبينا وقدوتنا محمد
جوتيار بامەڕنى
خوا لە خۆى و دايك و باوكى خۆش بێت
گەورەيى ئەم ئوممەتە
سوپاس بۆ خواى گەورە كە گەورەيى ئەم ئوممەتەى خستۆتە نێو بانگەواز بۆ دينەكەى و رازاندنەوەو جوان نيشاندانى لەنێو سەرجەم ئوممەتانى تردا، ئەمەش ئەركى سەرجەم ئوممەتى موحەممەدە (صلى الله عليە وسلم)، بانگەواز بۆ رێى خوا، واجبى سەرشانى ژن و پياو، هەژار و دەوڵەمەندانى ئەم ئوممەتەيە، چونكە بانگەوازى كەسى ناموسڵمان، چارەسەرى كێشە گەورەكەيە، چارەسەرى ئيلحاد و بێباوەڕيى لەنێو مرۆڤايەتيدا، ئەگەر ئەم كێشەمان چارەسەر كرد، سەرجەم كێشەكانى ديكەش بە ئاسانى چارەسەر دەبن و ئاشتەوايى لەنێو مرۆڤايەتيدا بڵاو دەبێتەوە.
خواى گەورە دەفەرموێت (كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَتُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ)،[2] (ئێوە چاکترین ئوممەت و کۆمەڵن، هێنراونەتە ئەم سەر زەوییە بۆ کەڵک گەیاندن بە مەردم و ڕێنمایى کردنیان، بۆیە فەرمان بە چاکە دەدەن و ڕێ لەکاری خراپەو شیرک دەگرن و باوەڕیشتان بەخوا هەیە).
ئەگەر بە راستى فەزڵ و گەورەيى بانگەواز و بانگخواز لاى خوا بزانن و تێبگەن خواى گەورە چ پلە و پايەيەكى تايبەتى پێداون، چ پاداشت و رێز و بەرزيى و پێگەو مەنزڵێكى بۆ ئامادە كردون، بە دڵنياييەوە وازتان دەهێنا لە دنيا و پێكهاتەكانى و ئەمڕۆ پێش سبەى، رووتان دەكردە ئەم ئەركە و پەشيمانيتان دەردەبڕيى بەرامبەر هەر هەناسەيەك كە لە دەرەوەى بانگەوازى رێى خوادا كێشاوتانە.
هەر هەناسە و عارەقەيەك كە لە غەيرى رەزامەندى خوادا دەريدەكەيت، لە رۆژى دواييدا ئاه و پەشيمانيى بەدواوەيە، چونكە رۆژانى ژيانى دنيا، لەچاو مليۆنەها ساڵى مانەوەى نێو بەهەشت يان دۆزەخى رۆژى دواييدا، زۆر كەم و بێهوودەن، ئەم رۆژانە هچ نين لەچاو خۆشييەكانى بەهەشتێكدا كە چاو نەيديون و گوێ نەيبيستون و بە بيرو خەياڵى كەسدا نەهاتون.
پێوەرى جيهانيى بۆ ئامادەسازيى بانگخوازان
زياتر لە هەشت مليار مرۆڤ، ئەمانە پێويستيان بە چەند بانگخواز هەيە؟[3] راپۆرتێكى نەتەوە يەكگرتووەكان ئاماژە بەوە دەدات كە پێشبينيى دەكرێت هەتا ساڵى (٢٠٣٠) ژمارەى دانيشتوانى جيهان لە حەوت مليارەوە زياد بكات بۆ هەشت مليار و نيو،[4] لە ماوەى سيانزە ساڵى داهاتوويشدا، ژمارەى دانيشتوان بە بڕى يەك مليار كەس زياد بكات، هەتا ساڵى (٢٠٥٠) يش، ژمارەى دانيشتوان بگاتە دە مليار كەس.[5]
ئەگەر پێوەرى جيهانى بەم چەشنە بێت: بۆ هەر چوار سەد كەس، يان ژمارەيەكى لەو چەشنە، پێويست بە پزيشكێك بكات،[6] ئەگەر هەمان رێژە بۆ هەر بانگخوازێكيش وەربگرين، ئەوە واتاى ئەوە دەگەيەنێت كە هەتا ساڵى (٢٠٣٠) پێويستمان بە بيست مليۆن بانگخواز هەيە، دەى خۆ ساغ و سەلامەتى جەستە لە دنيادا، لەپێشتر نيە لە ساغ و سەلامەتى رۆح و جەستەش لە هەردوو دنيادا.
پێش ئەوەى دەست لە خوێندنەوە هەڵبگريت،
هەرچييەك سەبارەت بە فەزڵ و گەورەيى بانگەوازى رێى خوا دەزانيت، بينووسە،
ئامانج لەم چالاكييە: چالاككردن و بەهێزكردنى يادگەمان بە فەزڵ و گەورەيى بانگەواز و چۆنێتى گواستنەوەى ئەم بيرۆكەيە بۆ كەسانى دى لە رێگەى دواندن يان پێشكەشكردنى كۆڕ و وانە و خولەوە.
يەكەم: فەزڵ و گەورەيى بانگخواز لاى خوا
بانگخوازان چاكە بڵاو دەكەنەوەو ئەركى پێغەمبەرانى خوا بەجێدەگەيەنن، بانگخوازان بێ چەن و چوون، چاكترينى ئەم ئوممەتەن، هيچ وتەيەك لە وتەى ئەوان باشتر نيە، خواى گەورە دەفەرموێت (وَمَنْ أَحْسَنُ قَوْلًا مِمَّنْ دَعَا إِلَى اللَّهِ وَعَمِلَ صَالِحًا وَقَالَ إِنَّنِي مِنَ الْمُسْلِمِينَ)،[7] (کێ لەو کەسە قسەى جوانترە، خەڵک بەرەو یەکخواناسیى و بۆ ئیسلام کردنە پەیڕەوو پرۆگرام بانگ دەکات و کردەوەى چاکیش دەکات، بە شانازیشەوە دەڵێت: من یەکێکم لە موسڵمانان).
هەروەها دەفەرموێت (كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَتُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ)،[8] (ئێوە چاکترین ئوممەت و کۆمەڵن، هێنراونەتە ئەم سەر زەوییە بۆ کەڵک گەیاندن بە مەردم و ڕێنمایى کردنیان، بۆیە فەرمان بە چاکە دەدەن و ڕێ لەکاری خراپەو شیرک دەگرن و باوەڕیشتان بەخوا هەیە).
هەروەها دەفەرموێت (وَلْتَكُنْ مِنْكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ)،[9] (پێویستە هەمیشە کۆمەڵ و دەستەیەک لەئێوە ببێت ئەی موسڵمانان! مەردم بۆ رێى خێرو چاکە بانگ بکەن و فەرمان بەچاکە بدەن و ڕێ لەخراپە بگرن، دیارە ئەوانەن سەرفرازو بەختیار).
هەروەها دەفەرموێت (وَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ يَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَيُطِيعُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ أُولَئِكَ سَيَرْحَمُهُمُ اللَّهُ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ)،[10] (پیاوان و ژنانی باوەڕدار هەموو دۆست و خۆشەویست و یارمەتیدەری یەکن هەردەم فەرمان بە چاکە دەدەن و لە خراپە ڕێگری دەکەن و هەڵئەسن بە نوێژ و زەکات دەدەن و ئیتاعەو ملکەچن بۆ فەرمانەکانی خواو پەیامبەرەکەی، ئەوە بێگومان خوا ئەوانە هەر دەخاتە بەر میهرەبانی و بەزەیى خۆی چونکە بێگومان خوا زۆر دەسەلآتدارە، لە کارزان و کاربەجێیە).
بازرگانييەكى براوەو پڕقازانجيان ئەوەيە كە پاداشتيان بەردەوام و نەبڕاوەيە، وەك پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) دەفەرموێت (مَنْ دَعَا إِلَى هُدًى، كَانَ لَهُ مِنَ الْأَجْرِ مِثْلُ أُجُورِ مَنْ تَبِعَهُ، لَا يَنْقُصُ ذَلِكَ مِنْ أُجُورِهِمْ شَيْئًا)،[11] (هەركەس بانگەواز بكات بۆ رێنموونى و رێى دروست، ئەوە وەك ئەو كەسەى كە شوێنى دەكەوێت، پاداشتى بۆ دەنووسرێت، بەبێ ئەوەى لە پاداشتى شوێنكەوتەكانى كەم بكات).
بەخوا زۆر پێويستمان بەوەيە ئەم بەخششە لەدەست نەدەين، خۆ خوا ئايينى خۆى سەردەخات و پێويستى بە ئێمە نييە، وەك چۆن تەميمى داريى رەزاى خواى لێ بێت دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) فەرمووى (لَيَبْلُغَنَّ هَذَا الْأَمْرُ مَا بَلَغَ اللَّيْلُ وَالنَّهَارُ، وَلَا يَتْرُكُ اللهُ بَيْتَ مَدَرٍ وَلَا وَبَرٍ إِلَّا أَدْخَلَهُ اللهُ هَذَا الدِّينَ)،[12] (بە دڵنياييەوە ئەم دينە دەگاتە هەر شوێنێك كە شەو و رۆژى پێ بگات، چى ماڵ و رەشماڵێكيش هەيە، جێ نامێنێت و خواى گەورە ئەم دينە دەباتە ناويەوە).
بانگەواز بۆ لاى خوا، واتە بانگەواز بۆ چاكە و چاكەكاريى و مانەوە لەسەر ئايينى خواى تاك و تەنهاى بەديهێنەر كە تەنها خۆى شياوى پەرستنە، چونكە تەنها زاتى خۆيەتى كە بەديهێنەر و رۆزيبەخش و كارساز و خاوەن دەسەڵاتە، مەبەست بە بانگەوازەكەش، بانگهێشتى ناموسڵمانانە بۆ ئيسلام، هەروەها بانگهێشتى موسڵمانانى لاسار و بێئاگايە، ئەوانەى وابەستەى جگە لە خوان، هەموو ئەمانەو كەسانى ديكەش، بانگهێشت بكرێن بۆ گوێڕايەڵيى خوا و بەڵێن و موژدە و هەڕەشە و بەهەشت و دۆزەخى خوايان بيربخرێتەوە، بڵاوكردنەوەى چاكە و چاكەكاريى و جوانى و بەهاكانى ئيسلاميان بۆ بخرێتەڕوو.
ئەمەش، بڵندترين و شەرەفمەندانەترين پيشەيە، چونكە چەندين تايبەتمەندى و فەزڵ و گەورەيى تێدايە، فەزڵ و گەورەيى بانگەوازى رێى خوا زۆر گەورەيە و پاداشتەكەشى لەوە گەورەترە لە چەند ناميلكەو كۆڕ و خولێكدا باس بكرێت، بەڵام ئەمانە تەنها وەك نموونەيەك بۆ بيرخستنەوە دەخرێنەڕوو.
رێ بدەن بيربكەينەوەو لەو ئايەت و فەرموودانە رابمێنين كە باسى فەزڵ و گەورەيى بانگەواز دەكەن وەك ئەوەى يەكەمجار بێت بەرگوێمان بكەون.
دووەم: بانگەواز ئەركى پێغەمبەران بووە[13]
ئەو پێگە بەرزەى بانگەوازى رێى خوا كە پێغەمبەرانى خواى پێ رێزدار كراوە، خواى گەورە جياواز لە ئوممەتانى دى، تايبەتى كردووە بەم ئوممەتەشەوەو تاجى پێغەمبەرانى خستۆتەسەر، ئەويش بانگەوازى رێى خوايە.
بانگخوازى رێى خوا، شوێنكەوتەى ئيبراهيم و نووح و مووسا و عيسا و موحەممەدە (سەلامى خوا لە هەموويان بێت)، جێنشينى پێغەمبەرانە لە گەياندنى پەيامەكەيان و رۆيشتن لەسەر بەرنامەو رێبازەكەيان (اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ)، ئەمەش پلەيەكى بەرزەو شياوى ئەوەيە لەپێناو گەيشتن بەو پلەبەرزە، قوربانيى بۆ بدرێت.
خواى گەورە دەفەرموێت (قُلْ هَذِهِ سَبِيلِي أَدْعُو إِلَى اللَّهِ عَلَى بَصِيرَةٍ أَنَا وَمَنِ اتَّبَعَنِي)، (بڵێ ئەمە رێيى منە و بانگەواز بۆ رێى خوا دەكەم لەسەر بەرچاوروونى، خۆم و ئەوەشى شوێنم دەكەوێت).
پێشەوا كەلبيى دەڵێت (ئەركى سەرشانى هەر كەسێكە كە شوێن پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) دەكەوێت، بانگەواز بۆ ئەو شتە بكات كە پێغەمبەرى خوا بانگەوازى بۆ كردووە).[14]
كەواتە بانگەوازى بەم چەشنە، چاكترين پيشەيە، ئايا ئاواتى پێ دەخوازيت؟
ئايا دەبيتە كارمەند بۆ باشترين پيشە؟ بڕيار لاى خۆتە، ئەگەر وەڵامەكەت بەڵێ بوو، ئەوە بە ويستى خوا، بردنەوەيەكى گەورەت بەدەستهێناوە، دەى خۆڕاگر بە و بەرگە بگرە لەسەرى، چونكە بەڕاستى لەگەڵ گەورەكاندا بەشداريت كردووە.
ئەمەش باشترين و بڵندترين و ڕێزدارترين پلەو پايەى بەندەيە، بەجێگەياندنى ئەركى پێغەمبەرانە، وەك خواى گەورە دەفەرموێت (وَمَا أَرْسَلْنَا مِنْ قَبْلِكَ مِنْ رَسُولٍ إِلَّا نُوحِي إِلَيْهِ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدُونِ)،[15] (پێش تۆ هەر پێغەمبەرێكمان ناردبێت، ئەوا سروشمان بۆ دابەزاندووە كە بە خەڵكى رابگەيەنێت، هيچ پەرستراوێك نيە جگە لە من –الله- دەى تەنها من –الله- بپەرستن).
شێخى سەعدى –رەحمەتى خواى لێ بێت- لە تەفسيرەكەيدا دەڵێت: هەموو پێغەمبەرانى پێش تۆ، بە كتێبەكانيشيانەوە، پوختەو بنەڕەتى پەيامەكەيان بريتى بووە لە فەرمانكردن بە پەرستشى خوا بە تاك و تەنها و هاوەڵ بڕيارنەدان بۆى و روونكردنەوەى ئەوەى كە تەنها الله پەرستراوى حەقە و پەرستنى جگە لەو زاتە، هيچ و ناڕەوايە.[16]
بێگومان كاتێك كەسێك ئەم ئەركە بەجێدەگەيەنێت، ئەوە رێز و گەورەيى شوێنكەوتنى دەستدەكەوێت، بانگەوازيش ئەوەيە بەندەكان وا لێ بكەيت تەنها بەندەيى بۆ بەديهێنەريان بكەن و پەيوەندييان لەگەڵيدا بەهێز بكەن، ئەمەش چاكترين و رێزدارترين ئيشە، مەگەر پيشەى پێغەمبەران ئەمە نەبووە؟
براى شيرينم، خوشكى بەڕێزم، پشكى تۆ چييە لە ميراتى پێغەمبەرايەتيدا؟ چيت پێشكەش كردووە بە دينەكەت؟
خۆشبەختيى بۆ ئەو كەسەى كە ژيانى لە بەديهێنانى ئەم ئامانجە خواويستانەدا بەسەر دەبات.
سێيەم: بانگەواز چاكترينى گوفتار و كردارەكانە
بانگەواز بۆ رێى خوا، چاكترينى كردار و گوفتارەكانە، خواى گەورە دەفەرموێت (وَمَنْ أَحْسَنُ قَوْلًا مِمَّنْ دَعَا إِلَى اللَّهِ وَعَمِلَ صَالِحًا وَقَالَ إِنَّنِي مِنَ الْمُسْلِمِينَ)،[17] (کێ لەو کەسە قسەى جوانترە، خەڵک بەرەو یەکخواناسیى و بۆ ئیسلام کردنە پەیڕەوو پرۆگرام بانگ دەکات و کردەوەى چاکیش دەکات، بە شانازیشەوە دەڵێ: من یەکێکم لە موسڵمانان).
سەعدى رەحمەتى خواى لێ بێت، لە تەفسيرى ئەم ئايەتەدا دەڵێت: ئەم نيشانەى سەرسوڕمانە، بە واتاى نكووڵييەكى دانپێدانراو دێت، واتە هيچ كەسێك نيە قسەى لەوە باشتر بێت، چ لە رووى وتە و چ لە رووى رێ و رێباز و حاڵەتيشەوە (ممن دعا إلى الله) بانگەواز بكات بۆ رێى خوا بە فێركردنى نەزانان و مشتومڕى ناحەقان، بە فەرمانكردن بە پەرستشى خوا بە هەموو چەشنەكانيەوە و هاندانى خەڵك لەسەرى و باشتر ئەنجامدانى بەپێى توانا، هەروەها بە سەركۆنەكردنى ئەوەى كە خواى گەورە رێگريى لێكردووەو ناشيرينكردنى ئەو شتانە بە هەر شێوازێك كە دەبێتە هۆى وازلێهێنانى، بەتايبەت لەم بانگەوازەوە كەسەكە بگەڕێتەوە بۆ بنەڕەتى ئايينى ئيسلام و بەباشى وەرگرتنى و مشتومڕكردن لەگەڵ دوژمنانى بە باشترين شێوە و دوورەپەرێزيكردن لە كوفر و هاوەڵدانان بۆ خوا و فەرمان بە چاكەكردن و رێگريكردن لە خراپە.[18]
حەسەنى بەصرى سەبارەت بەم ئايەتە دەڵێت: ئەمە خۆشەويستى خوايە، وەلى و نزيكى خوايە، ئەمە باشترين كەسى لاى خوايە، ئەمە خۆشەويستترين كەسى سەر زەويە لاى خوا، وەڵامى بانگەوازى خواى داوەتەوەو خەڵكى بانگهێشت دەكات بۆ ئەو پەيامەى خوا كە خۆى چووە بەدەميەوەو لەو بەدەمەوەچوونەيدا كردارى باش و پەسەندى ئەنجامداوە، ئينجا دەڵێت: من لە موسڵمانانم، ئەم كەسە جێنشينى خوايە.[19]
گوفتارى باش، پێويستى بە داناييە، خواى گەورە دەفەرموێت (ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ)،[20] (هەر بە ژیرانەو نەرم و قسەى خۆش و حیکمەت و ئامۆژگارى شیرین و جوان، خەڵک بۆ ڕێگاى پەروەردگارت بانگ بکە و بە چاکترو باشترین شێوە قسەو گفتوگۆیان لەگەڵ بکە).
چوارەم: پاداشتى گەورەو هەڵڕژاو
لە گەورەييەكانى بانگەواز، بوونى پاداشتى گەورەيە، چونكە بانگخواز رێنموونى خەڵك دەكات بۆ حەق و راستى و بەرەو لاى پەروەردگار و پەرستراويان ڕێيان نيشان دەدات و دووريان دەخاتەوە لە هۆكارەكانى خەشم و تووڕەيى و سزاى خوا، خواى گەورەش ئەوەى پێ خۆشەو پاداشتى لەسەر داناوە، لە هەردوو صەحيحەكەدا هاتووە كە پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) بە عەلى كوڕى ئەبووطاليبى (رەزاى خواى لێ بێت) فەرمووە (فَوَاللهِ لَأَنْ يَهْدِيَ اللهُ بِكَ رَجُلًا وَاحِدًا خَيْرٌ لَكَ مِنْ أَنْ يَكُونَ لَكَ حُمْرُ النَّعَمِ)، (سوێند بە الله، ئەگەر خواى گەورە لەسەر دەستت، رێنموونى يەك كەس ببەخشێت، زۆر بۆت باشترە لەوەى رانەوشترى سوورت[21] هەبێت)، ئەمەش بە گشتى، رێنموونيكردنى كەسى ناموسڵمان و كەسى موسڵمانى لاسار و سەركەشيش دەگرێتەوە، جا كوا ئەو كەسەى بەدواى ئەم بەرزى و بڵندييەدا بگەڕێت؟
پێنجەم: بەزەيى خوا بۆ كەسى بانگخواز
بانگەواز، هۆكارێكە بۆ رەحم و بەزەيى خوا، خواى گەورە دەفەرموێت (وَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ يَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَيُطِيعُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ أُولَئِكَ سَيَرْحَمُهُمُ اللَّهُ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ)،[22] (پیاوان و ژنانی باوەڕدار هەموو دۆست و خۆشەویست و یارمەتیدەری یەکن هەردەم فەرمان بە چاکە دەدەن و لە خراپە ڕێگری دەکەن و هەڵئەسن بە نوێژ و و زەکات دەدەن و ئیتاعەو ملکەچن بۆ فەرمانەکانی خواو پەیامبەرەکەی، بێگومان خوا ئەوانە هەر دەخاتە بەر میهرەبانی و بەزەیى خۆی، چونکە بێگومان خوا زۆر دەسەلآتدارە، کارزان و کاربەجێیە).
بڕوانە چۆن خواى گەورە رەحم و بەزەيى داناوە بۆ ئەو كەسانەى كە هەڵگرى ئەو سيفەتانەن.
شەشەم: هۆكارى چاكترينى ئوممەتان
بەهۆى بانگەواز و فەرمان بە چاكە و رێگرى لە خراپەوەيە كە ئوممەتەكەمان بووە بە باشترينى ئوممەتان، خواى گەورەش دەفەرموێت (كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَتُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ)، (ئێوە چاکترین ئوممەت و کۆمەڵن، هێنراونەتە ئەم سەر زەوییە بۆ کەڵک گەیاندن بەمەردم و ڕێنمایى کردنیان، بۆیە فەرمان بەچاکە دەدەن و ڕێ لەکاری خراپەو شیرک دەگرن و باوەڕیشتان بەخوا هەیە).
ئيبن كەثير رەحمەتى خواى لێ بێت دەڵێت: هەركەس لەم ئوممەتە، هەڵگرى ئەم سيفەتانە بێت، لەگەڵ ئەمانەدا بەر ئەو ستايش و وەسف و پياهەڵدانە دەكەوێت.
عومەرى كوڕى خەططاب رەزاى خواى لێ بێت ئەم ئايەتەى خوێندەوە، ئينجا وتى: هەركەس حەز دەكات ئەم ئوممەتە بێت، با ئەو مەرجەى خوا بەجێبگەيەنێت كە لەسەرى دايناوە.
هەركەس هەڵگرى ئەم سيفەتانە نەبێت، خۆى بە ئەهلى كيتاب چواندووە، ئەوانەى كە خواى گەورە بە خراپە باسيان دەكات و دەفەرموێت (كَانُوا لَا يَتَنَاهَوْنَ عَنْ مُنْكَرٍ فَعَلُوهُ لَبِئْسَ مَا كَانُوا يَفْعَلُونَ)،[23] (ئەوانە لەنێو خۆياندا، رێگرييان نەدەكرد لە خراپەيەك كە ئەنجاميان دەدا، بەڕاستى بەو هەڵوێستەيان، ئيشێكى زۆر خراپ دەكەن).
موجاهيد[24] دەڵێت: چاكترينى ئوممەتان كە خوا باسى كردووە، لەسەر بنەماى ئەو مەرجانەيە كە لە ئايەتەكەدا باسكراون.[25]
مەرجەكانيش كە باسكراون، بريتين لە فەرمان بە چاكە و رێگرى لە خراپە و باوەڕهێنان بە خوا، لەم ئايەتەشدا وەسف و پياهەڵدانى ئەم ئوممەتە كراوە تا ئەو كاتەى ئەم مەرجانە بەجێدەگەيەنن و هەڵگرى ئەم سيفەتانە بن.
پێشەوا قورطوبى دەڵێت: ئەگەر دەستبەردارى گۆڕانكاريى ببن و لە ئاست خراپەدا دەست شل بكەن، ئەم پياهەڵدانەيان بۆ نامێنێت و بە خراپە باسكردن شوێنى دەگرێتەوە، ئەمەش هۆكارى لەناوچوونيانە.[26]
زانايان دەڵێن: خواى گەورە فەرمان بە چاكە و رێگرى لە خراپەى پێش ئيمان خستووە، چونكە ئيمان بە خوا تەنها بۆ ئەو كەسە خۆيەتى كە باوەڕى هێناوە، بەڵام ئەو كەسەى فەرمان بە چاكە دەكات و رێگرى لە خراپە دەكات، باوەڕدارە و باوەڕەكەشى لە سنوورى چاكەوە، تێپەڕيوە بۆ بڵاوكردنەوەى ئەوەى كە باوەڕى پێ هێناوە، بۆيە پێش سەرجەم باوەڕداران خراوە.
بانگخواز چاكترينى خەڵكە
هێندە بەسە بۆ بانگخواز كە بۆ ئيسلام دەژى و گەورەترين پەيامى لەسەر شان ناوە هەتا بەمە ببێتە جێنشينى پێغەمبەران،
بانگخواز لەو كەسانە نيە كە ژيانێكى ناوبۆش ژيان بباتە سەر و هيچ خەم و ئامانج و پەيامێكى نەبێت.
حەوتەم: براوەى هەردوو دنيا
بانگەوازى رێى خوا، هۆكارى براوەيى هەردوو دنيايە، خواى گەورە دەفەرموێت (وَلْتَكُنْ مِنْكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ)، (پێویستە هەمیشە کۆمەڵ و دەستەیەک لە ئێوە ببێت ئەی موسڵمانان! مەردم بۆ رێى خێرو چاکە بانگ بکەن و فەرمان بەچاکە بدەن و ڕێ لەخراپە بگرن، دیارە ئەوانەن سەرفرازو بەختیار).
هەركەسێك ئەوانە ئەنجام بدات، ئەوە لە براوەكان و باوەڕدارە تايبەتەكانە، هەروەك بانگەوازى رێى خوا هۆكارى زۆربوونى زانستى بانگخوازە لە روانگەى پەيڕەوى بانگەواز و مشتومڕ و ئامادەكارى بۆ گفتگۆ لەگەڵ كەسانى تردا.
هەشتەم: خواى گەورە پێچەسپاوت دەكات لەسەر دينداريى
بانگەوازى رێى خوا هۆكارى پێچەسپاوييە لەسەر دينداريى، خواى گەورە دەفەرموێت (إِنْ تَنْصُرُوا اللَّهَ يَنْصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُمْ)، (دڵنیابن ئەگەر ئێوە یارمەتى ئایینەکەى خوا بدەن، ئەوا بێگومان خوایش یارمەتی ئێوە دەدات و بەسەر دوژمنانتاندا سەرتان ئەخات و پێکانتان لە جێگاکانى جەنگدا جێگیر دەکات).
دەى با هەر كەسێك رێى كاروانى بانگەوازى گرتۆتەبەر، دڵخۆش بێت كە خواى گەورە پێچەسپاويى لەسەر دينداريى و هێزى دەستگرتنى بە پەيامى خوا و زۆربوونى ئيمان و ئەوپەڕى دڵنيايى و پێچەسپاويى و هەمەچەشنەى كردارى چاكى پێ دەبەخشێت، چاوەڕوان بێت خواى گەورە لە پاداشتى هەوڵە بانگەوازييەكانيدا، عيززەتى پێ ببەخشێت.
بانگخوازان بە درێژايى سەردەم لەرووى پێچەسپاوييەوە، بەهێزترين كەسانن، هەمان ئەم شتە لە واقيعى خۆماندا لە ئاست زانا گەورەكاندا دەبينين، بڕوانە باس و بەسەرهاتى زانايان و بانگخوازانى وەك ئەحمەدى كوڕى حەنبەل كە لە رۆژى مەينەتدا بوويە سەرخەر و خزمەتكارى ئيسلام، بەرهەمى ئەو خزمەتەى ئەوەبوو كە خواى گەورە پێچەسپاوى كرد لەسەر دينداريى و خۆڕاگريى پێ بەخشى لەسەر مەينەتيى سزا و بەندكردن، هەروەها شەيخولئيسلام ئيبن تەيميە كە بە نووسينەكانى وەڵامى خاوەن ئايين و مەزهەبە ناڕەواكانى دايەوە و بە بڵاوكردنەوەى زانست لە سەرجەم بوارەكاندا، دينى خواى سەرخست، بەرهەمى ئەم هەوڵەى ئەوەبوو كە كاتێك بەندكرا، خواى گەورە پێچەسپاوى كرد، بۆيە ئەو جۆرە كەسانە بە درێژايى مێژوو و گۆڕانى بارودۆخەكان و لە سەختترين شوێن و رووداوەكاندا، پێچەسپاوترين كەسانن.
بانگخوازى خواويست كە گرنگيى دەدات بە پەروەردەى ئيمانيى، هاوسەنگيى نێوان پەرستش و بانگەواز و نێوان زانست و كردار و فێركردن دەپارێزێت و لە رووى كات و هەوڵ و سامان و گرنگيپيێدانەوە، مافى هەموو بوارێك دەدات.
نۆيەم: خواى گەورە كارەكانت بە چاكى بۆ رادەپەڕێنێت
هەموو ئەوانەى لە بوارى بانگەوازدا كاردەكەن، كۆدەنگن لەسەرئەوەى كە هەركات لەم بانگەوازەدا هەوڵێك بەخەرج بدەيت، ئيشوكارى دينى و دنياييشت ئاسان دێت بەدەستەوە، چونكە تۆ بۆ خوا دەژيت نەوەك بۆ خۆت، ئەمەش لووتكەى قوربانيدانە.
بۆيە تێبينى ئەوە دەكەيت كە ئەگەر بە نيەتێكى پوختەوە كارت كرد، ئيشوكارى ژيانت ئاسان دەدات بە دەستەوە، لەوانەيە وتەكەى خێزانى دكتۆر سميطتان[27] بيربێت كاتێك لە شوێنێكى زۆر مەترسيدارى ئەفريقادا بوو، دەيوت: ئەى عەبدوڕەحمان، ئايا بەختەوەريى بەهەشت وەك بەختەوەريى ئێستامان وايە؟
دەى ماڵ و منداڵت رابهێنە لەسەر خاكيبوون و خۆبەختكردن بۆ ئايينى خوا، بەڵێ، ئەمە قوربانيدانە بۆ خوا، ئيتر چيمان پێشكەش كردووە؟
دەيەم: چێژى ژيان
بە بانگەواز بۆ خوا، ئاراميى دەروونيى بەدەستدەهێنيت.
ئايا چێژى ژيان دەكەيت؟ ئەگەر وەڵامەكەت نەخێرە، خێرا خۆت بگەيەنە نێو ئەم بانگەوازە، چەند رۆژێك ناخايەنێت هەتا ئۆقرەيى و ئارامييەكى گەورە بەديدەكەيت و پەشيمانيت تەنها بۆ ئەو رۆژانەى پێشترە كە لە دەرەوەى بانگەواز بەسەرت بردووە
يانزەيەم: رزگاربوون لە خەسارەتمەنديى
ئەو رۆژەى خەڵكى خەسارەتمەند دەبن، بانگخوازانى رێى خوا براوەن، ئەو رۆژەى خەڵكى ناخۆشيى روويان تێدەكات، ئەوان بەختەوەرن.
بانگەواز، هۆكارى رزگاربوونە لەو خەسارەتمەندييەى كە خواى گەورە باسى كردووەو دەفەرموێت (وَالْعَصْرِ، إِنَّ الْإِنْسَانَ لَفِي خُسْرٍ، إِلَّا الَّذِينَ آَمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ)، (سوێند بە کات و رۆژگار کە چەندە گرنگ و بە نرخە بەڕاستیى هەرچى ئادەمیزاد هەیە بە تایبەت ئەوانەیان کە تەکلیفیان لەسەرە لە زیانێکى گەورەدایە جگە ئەوانەى بڕوایان هێناوە و کارە چاکەکانیان کردووە و وەسیەتیان بۆ یەکتر کردووە بە هەق و وەسیەتیان بۆ یەکتر کردووە بە صەبرو خۆڕاگریى لەسەر هەق و ئایینى خوا).
جوان رابمێنە، هەتا جوان ببينيت كە خواى گەورە خەسارەتمەنديى لەو كەسە دوورخستۆتەوە كە باوەڕى هێناوەو كردارى چاك دەكات و ئامۆژگاريى خەڵك دەكات و لەگەڵياندا دەبێت و حەق و بانگەواز بۆ حەق و خۆڕاگريى نێو ئەو رێيەى لەگەڵياندا گرتۆتەبەر.
دوانزەيەم: بەردەوامبوونى چاكەكانت لەپاش مردنت
بانگەواز بۆ لاى خوا، لە گەورەترين هۆكارەكانى زيادبوون و بەردەوامى چاكەكانە، وەك پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) دەفەرموێت (مَنْ دَعَا إِلَى هُدًى، كَانَ لَهُ مِنَ الْأَجْرِ مِثْلُ أُجُورِ مَنْ تَبِعَهُ، لَا يَنْقُصُ ذَلِكَ مِنْ أُجُورِهِمْ شَيْئًا)،[28] (هەركەس بانگەواز بكات بۆ رێنموونى و رێى دروست، ئەوە وەك ئەو كەسەى كە شوێنى دەكەوێت، پاداشتى بۆ دەنووسرێت، بەبێ ئەوەى لە پاداشتى شوێنكەوتەكانى كەم بكات).
بەندەى خوا، پاش ئەوەش كە دەمرێت، بانگەوازەكەى دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەو كاتەش كە خەوتووە، بانگەوازەكەى ناوەستێت، بيهێنە پێش چاوى خۆت، ئەگەر دە كەس سوودمەند بن لە وانەيەك كە پێشكەشت كردووە يان كاسێتێك كە دابەشت كردووە بەسەر خەڵكدا، يان كتێبێك كە پێشكەشى كەسانێكت كردووە، ئەو چاكانەت چەندە زۆرن كە لەنێو ئەو خەڵكانە و خزمان و دەوروبەرياندا بڵاودەبنەوە، كاتێك لە كتوپڕێكدا مردن دێتەڕێت، ئەو چاكانەت دەمێننەوە، ئەوكاتەش كە لەنێو گۆڕدايت، چاكەكانت بەردەوامييان دەبێت.
بۆيە بانگەوازى رێى خوا، رێيەكى ئاسانە بۆ بەدەستهێنانى پاداشت، پاداشتەكەى پاش مردنيشت بۆت دەمێنێتەوە، جوان رابمێنە، هەركەسێك كە تۆ بووبيتە هۆى رێنموونيى ئەو، هەموو كارە چاكەكانى وەك نوێژ و زيكر و رۆژوو و بەخشين و بانگەوازى، دەچنە نێو تاى تەرازووى چاكەكانى، هەمان ئەو چاكانەش دێنە سەر تاى تەرازووى چاكەكانى تۆيش بێ ئەوەى هيچ لە پاداشتى ئەو كەم بكات، ئەم دەستكەوتانە چەند گەورە و ئەم بازرگانييە چەند پڕقازانجە! بەڵام كوان ئەوانەى كێبڕكێى لەسەر بكەن؟
بازرگانى سەركەوتوو ئەو كەسەيە كە لە كەمترين ماوەدا زۆرترين قازانج بەدەستبهێنێت، بەهەمان شێوە، باوەڕدارى ژير كە بەدواى چاكە و پلەى بەرز و باڵاى رۆژى دواييدا دەگەڕێت، هەوڵ دەدات لە رێى بانگەوازى رێى خواوە بەمە بگات، چونكە كردەوەكانى بە چەندقات بۆ هەژمار دەكرێن.
ئەو باوەڕدارانەى كە هەوڵيان چڕ دەكەنەوە بۆ رۆژى دوايى، دوو بەشن:
يەكەم: ئەوەى تەنها سەرقاڵە بە پەرستشەوە، ئەم كەسە كردەوەكەى لە دواى مردنى دەوەستێت و پەڕەى كردەوەكانى دادەخرێت.
دووەم: كەسێك كە سەرقاڵ دەبێت بە پەرستش و بانگەوازى رێى خوا و هەوڵ دەدات شەرعى خوا فێرى خەڵك بكات و لەگەڵ دروستكراوانى خوادا چاكە بنوێنێت، ئەمەيان بەرزترين پلەو مەنزڵى هەيە و كردەوەشى بەردەوام دەبێت و پەڕەى كردارەكانى كراوە دەبن و بە پاداشتى چاكە پڕ دەكرێنەوەو رۆژانە چاكەى بۆ زياد دەكرێت.
سيانزەيەم: بانگەواز، هۆكارى خۆشەويستيى خوايە
پرسيار: خۆشەويستترين كەس لاى خوا كێيە؟
بانگەوازى رێى خوا هۆكارە بۆ خۆشەويستيى خوا، هەروەك پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) دەفەرموێت (أَحَبُّ النَّاسِ إِلَى اللهِ تَعَالَى أَنْفَعُهُمْ لِلنَّاسِ)،[29] (خۆشەويستترين كەس لاى خوا، ئەوەيە كە سوودى زۆرترى بۆ خەڵك هەيە).
دەى سوودبەخشترين شت بۆ خەڵك، رێنموونيكردنيانە بەرەو بەهەشت، سوودبەخشين پێيان لە رووى راستكردنەوەى ئايين و بيروباوەڕيان و پاكژيى رەوشت و بەرزراگرتنى ئاستى ئيمان و باوەڕيان.
چواردەيەم: خواى گەورە چاكەكارانى خۆشدەوێت
بانگەواز چاكەكردنە لەگەل خەڵكدا، خواى گەورەش دەفەرموێت (وَأَحْسِنُوا إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ)، (ببەخشن و چاكە بكەن، بەڕاستيى خواى گەورە چاكەكارانى خۆشدەوێت).
ئەگەر بە دابينكردنى خواردن سوود بە خەڵك بگەيەنيت و پاداشتى لەسەر وەربگريت، ئەى چۆنە ئەگەر خواردنى دڵ و خۆراكى رۆحيان بۆ دابين بكەيت بە پێدانى ئيمانێك كە پێويستيى راستەقينەى ژيانيانە و دەبێتە هۆكارى چوونە بەهەشتيان؟
ئەگەر برسێتى بە نانەڕەقەيەك راودەنرێت
ئـەى چـى پـەژارەو راڕاييـم وەدەرنـێـت
پانزەيەم: هۆكارى رزگاركردنى خەڵك لە دۆزەخ
خەو و خەياڵى گەورەى بانگخواز بريتيە لە رزگاركردنى خەڵك لە دۆزەخ، گەورە و پێشەواى بانگخوازان دەفەرموێت (إِنَّمَا مَثَلِي وَمَثَلُ النَّاسِ كَمَثَلِ رَجُلٍ اسْتَوْقَدَ نَارًا، فَلَمَّا أَضَاءَتْ مَا حَوْلَهُ جَعَلَ الفَرَاشُ وَهَذِهِ الدَّوَابُّ الَّتِي تَقَعُ فِي النَّارِ يَقَعْنَ فِيهَا، فَجَعَلَ يَنْزِعُهُنَّ وَيَغْلِبْنَهُ فَيَقْتَحِمْنَ فِيهَا، فَأَنَا آخُذُ بِحُجَزِكُمْ عَنِ النَّارِ، هَلُمَّ عَنِ النَّارِ، هَلُمَّ عَنِ النَّارِ فَتَغْلِبُونِي تَقَحَّمُونَ فِيهَا)،[30] (نموونەى من و ئەو خەڵکە، وەک پیاوێک وایە کە ئاگرێکى کردبێتەوە، کە ئاگرەکە دەوروبەری خۆی رۆشن کردەوە، پەپوولەو ئەو گیاندارانەى دەکەونە ناو ئاگرەوە بێن و خۆیان بخەنە ناو ئاگرەکەوە، ئەویش دووریان بخاتەوە لە ئاگرەکە، کەچی ئەوان وازنەهێنن و خۆیان فڕێ بدەنە ناویەوە، جا من دامێنتان دەگرم هەتا نەکەونە ناو دۆزخەوەو دەڵێم: دووربگرن لەو ئاگرە، دووربگرن لەو ئاگرە، كەچى نايەن بە دەممەوەو خۆ فڕێ دەدەنە ناویەوە).
شانزەيەم: ستايشى خوا و داواى لێخۆشبوونى فريشتەكان بۆ بانگخواز
هاودەم بە من رابمێنە: بانگەواز هۆكارى ستايشى خوا و داواى لێخۆشبوونى فريشتە و درووستكراوەكانە، پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) دەفەرموێت (إِنَّ اللَّهَ وَمَلَائِكَتَهُ وَأَهْلَ السَّمَوَاتِ وَالأَرَضِينَ حَتَّى النَّمْلَةَ فِي جُحْرِهَا وَحَتَّى الحُوتَ لَيُصَلُّونَ عَلَى مُعَلِّمِ النَّاسِ الخَيْرَ)،[31] (خوا و فريشتەكانى و خەڵكى ئاسمانەكان و زەوييەكان، تەنانەت مێرووش لەناو كون و هێلانەى خۆيدا، تەنانەت حووتيش، هەموويان صەلەوات دەدەن لەسەر ئەو كەسەى چاكە فێرى خەڵك دەكات).
صەلەواتى خوايش، واتە ستايشى خوا، صەلەواتى فريشتەكانيش واتە داواى لێخۆشبوونت بۆ دەكەن، جا بانگەواز بۆ رێى خوا، هەموو چاكە و پاداشت و گەورەييەكانت بۆ كۆدەكاتەوە.
ئەى هاوار بۆ كەسێك ئەم بەخششانە لەدەست خۆى بدات.
حەڤدەهەم: بەدەستهێنانى نزاى پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم)
بانگەواز بەجێگەياندنى فەرمانى پێغەمبەرى خوايە (صلى اللە عليە وسلم) وەك دەفەرموێت (بَلِّغُوا عَنِّي وَلَوْ آيَةً)،[32] (لە منەوە بگەيەنن، تەنانەت ئەگەر يەك ئايەتيش بێت).
هەركەسيش سوننەتى پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) بگەيەنێت، پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) نزايەكى زۆر تايبەتى بۆ دەكات و دەفەرموێت (نَضَّرَ اللَّهُ امْرَأً سَمِعَ مِنَّا شَيْئًا فَبَلَّغَهُ كَمَا سَمِعَ، فَرُبَّ مُبَلِّغٍ أَوْعَى مِنْ سَامِعٍ)،[33] (خواى گەورە ئەو كەسە جوان و رووگەش بكات كە شتێك لە ئێمەوە دەبيستێت و دەيگەيەنێت، چونكە لەوانەيە هەندێك جار ئەو كەسەى كە پەيامێكى پێ دەگەيەنرێت، باشتر لێى تێبگات لەو كەسەى كە خۆى بيستوويەتى).
ئيبنولقەييم رەحمەتى خواى لێ بێت، دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) فەرمانى كردووە لێيەوە پەيامەكەى بگەيەنرێت ئەگەر تەنانەت يەك ئايەتيش بێت، نزايشى كردووە بۆ هەر كەسێك كە لێيەوە شتێك بگەيەنێت با تەنانەت يەك فەرموودەش بێت، گەياندنى سوننەتى پێغەمبەرى خوا بە ئوممەتەكەى، زۆر گەورەترە لەو تيرەى دەهاوێژرێت و دەگاتە نێو جەرگەى دوژمنەوە، چونكە زۆركەس دەتوانن تيرەكە بهاوێژن، بەڵام گەياندنى سوننەتەكان تەنها ميراتگران و جێنشينانى پێغەمبەران لەنێو ئوممەتەكانياندا دەتوانن بيگەيەنن، خواى گەورە بە منەت و بەخشندەيى خۆى، لەو كەسانەمان بگێڕێت.[34]
هەژدەيەم: پاداشتى خۆڕاگريى لەسەر رێى بانگەواز
بێگومان رێى بانگەواز بە گوڵ نەچێنراوە، دەى موژدەت لێ بێت بە پاداشتێكى گەورە لە بەرامبەر ئەو ناڕەحەتييەى تووشت دەبێت، پاداشتێكى نزيك نەوەك دوور، خواى گەورە دەفەرموێت (وَجَزَاهُمْ بِمَا صَبَرُوا جَنَّةً وَحَرِيرًا)، (پاداشیان دەداتەوە بە بەهەشتێک بە هەتا هەتایى تێیدا دەمێننەوەو بە ئاوریشمێک دەیپۆشن، بە هۆى ئارامگرتنیان لەسەر جێبەجێکردنى تەکالیفى شەرعیى لە دنیادا).
ئەگەر تەنها پياوچاكيت، ئەوە كەس ئازارت نادات، بەڵام ئەگەر چاكساز بيت، ئەوە لەلايەن نەفامانەوە ئازارت تووش دەبێت، پاداشتيش بەپێى ناڕەحەتييە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (مَا يُصِيبُ المُسْلِمَ، مِنْ نَصَبٍ وَلاَ وَصَبٍ، وَلاَ هَمّ وَلاَ حُزْنٍ وَلاَ أَذًى وَلاَ غَمّ، حَتَّى الشَّوْكَةِ يُشَاكُهَا، إِلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بِهَا مِنْ خَطَايَاهُ)،[35] (هەر شەکەتی و کفتی و نەخۆشی و پەژارە و خەم و خەفەت و ئێش و ئازارێ تووشی موسڵمان دەبێ، تەنانەت دڕکێکیش کە لە شوێنێکی هەڵچەقێ، خودا دەیانکات بە سەرپۆش و کەفارەت و برێتیی گوناهەکانی).
قوڕەيش لە ماوەى پێش پێغەمبەرايەتيدا، پێغەمبەرى خوايان خۆشدەويست، بەڵام پاش ئەوەى بوو بە پێغەمبەر و كەوتە چاكسازيى و بڵاوكردنەوەى چاكە و راستكردنەوەى هەڵەكان، كەوتنە ئازاردانى و دژايەتيكردنى، چونكە چاكساز لەگەڵ ئارەزووەكانياندا بەريەكدەكەوێت، ئەو دەيەوێت لە گەندەڵى و خراپەى دڵ و دەروونيان دايانماڵێت.
زانايان دەڵێن: يەك چاكساز لاى خوا خۆشەويستترە لە هەزاران پياوچاك، چونكە خواى گەورە بەهۆى چاكسازەوە ئوممەت دەپارێزێت، بەڵام پياوچاك تەنها خۆى دەپارێزێت، دەى شياو نيە بۆ موسڵمان، تەنها بە چاكى خۆى رازيى بێت و خوو نەداتە چاكسازيى، چونكە ئەمە ترسنۆكى و لاوازى و شكست و هۆكارى فەوتان و لەناوچوونى ئوممەتە، چونكە خواى گەورە دەفەرموێت (وَمَا كَانَ رَبُّكَ لِيُهْلِكَ الْقُرَى بِظُلْمٍ وَأَهْلُهَا مُصْلِحُونَ)، (پەروەردگارت نەیکردووە بەباو کە بە ستەم شارو گوندەکان لەناو بەرێت و خەڵکەکەیشیان چاکساز بووبن)، خواى گەورە دەستەواژەى چاكسازى (مصلح)ى بەكارهێناوە نەوەك پياوچاك (صالح).
خواى گەورە ئێمە و ئێوەش لە چاكسازانى چاكەكار بگێڕێت.
لەبەرئەوەى بانگەواز گەورەييەكى زۆرى هەيە، بۆيە دەبێت بۆ بەدەستهێنانى ئەو پێگە بەرز و بڵند و رێزدارە، قوربانيدان و پێچەسپاوى و خۆڕاگريمان هەبێت.
بانگخواز ئەگەر هەستا بە بانگەواز بۆ رێى خوا، ئەوە بە دوو بارودۆخدا تێدەپەڕێت:
يەكەم: بارودۆخى بەدەمەوەهاتنى خەڵك وەك چۆن خەڵكى مەدينە پێشوازييان كرد لە پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) و خۆشحاڵ بوون بە هاتنى.
دووەم: بارودۆخى پشتتێكردنى خەڵك بۆ بانگخواز، وەك چۆن كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) چوو بۆ طائيف، سەركردەكانى ئەوێ بەرپەرچيان دايەوەو گەمژە و منداڵ و مەزمى شارەكەيان لەدژ هاندا هەتا كەوتنە بەردبارانكردنى.
خواى گەورە خۆشەويستانى خۆى نادات بە دەست دوژمنانيەوە، بەڵام خۆى دانا و زانايە و هەندێك جار بانگخواز رادەهێنێت، هەندێك جاريش خەڵك بە بانگخواز رادەهێنێت.
بارودۆخى بەدەمەوەهاتنى بانگخواز زۆر سەختتر و مەترسيدارترە، چونكە هەندێك جار تووشى سەرسامبوون و بەخۆدانازينى دەكات، پۆستى بۆ دەخرێتەڕوو، ئەمەش دەبێتە هۆى تاقيكردنەوەى بە دنيا، ئەمانە دەروازەى شەيتانن بۆ دزينى بانگخواز و سەرقاڵكردنى بە دنياو پۆست و ماڵ و سامان و دوورخستنەوەى لە دين.
بارودۆخى پشتهەڵكردن و دژايەتيكردن باشتر و بەهێزترە بۆ پەرورەدەى بانگخواز، چونكە بانگخواز زياتر بيرى لاى ئەوەيە روو لە خوا بكات و لێى نزيك ببێتەوە، بەم هۆيەوە سەركەوتنى خوا دێت، وەك چۆن كاتێك خەڵكى طائيف پێغەمبەرى خوايان دەركرد، لە خوا پاڕايەوە و خواى گەورە بە جيبريل و فريشتەى شاخەكان پاڵپشتى كرد، پاشان ئاسانكاريى بۆ كرد هەتا سەربەرزانە بچێتەوە مەككە، دواتر رێزدارى كرد بە شەوڕەويى، پاشان كۆچى مەدينەى بۆ ئاسان كرد، دواتر دەركەوتن و سەركەوتنى ئيسلامى لەسەر زەويدا پێ بەخشى.
خواى گەورە دەفەرموێت (أَحَسِبَ النَّاسُ أَنْ يُتْرَكُوا أَنْ يَقُولُوا آَمَنَّا وَهُمْ لَا يُفْتَنُونَ، وَلَقَدْ فَتَنَّا الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ فَلَيَعْلَمَنَّ اللَّهُ الَّذِينَ صَدَقُوا وَلَيَعْلَمَنَّ الْكَاذِبِينَ)،[36] (ئاخۆ موسڵمانان گومان وا دەبەن کە ئەگەر هەر ئەوەندە بڵێن: بڕوامان هێناوە، ئیتر وازیان لێدەهێنرێ و تاقیى ناکرێنەوە، بە هەقیقەت ئێمە ئەوانەى پێش ئەوانمان تاقیکردنەوە بە جۆرەها مەینەت و بەڵا، بێگومان خوا بە واقیعیى کەسانێک کە ڕاستیان وتووەو بڕوایان هێناوە دیارى دەکات و درۆزنانیش دیارى دەکا، تا بناسرێن و دەرکەون).
ماوەى پەروەردە:
لەم ماوەيەدا، خواى گەورە بانگخواز تاقى دەكاتەوەو بەو چەشنەى پێويست بێت پەروەردەى دەكات، هەتا خۆڕاگريى و راستگۆيى بانگخواز تاقى بكاتەوە و ئامادەكارييەك لاى بانگخواز هەبێت بۆ بەرگەگرتنى ناڕەحەتييەكان و بەسۆزبوون لەگەڵ خەڵك و خۆبەدەستەوەدانى تەواوەتى بۆ راستيى، ئيتر بە خۆشى و ناخۆشى و هەژارى و دەوڵەمەندى و ترس و ئاراميش تاقى دەكرێتەوە.
خواى گەورە دەفەرموێت (وَنَبْلُوكُمْ بِالشَّرِّ وَالْخَيْرِ فِتْنَةً وَإِلَيْنَا تُرْجَعُونَ)،[37] (تاقیتان دەکەینەوە بە ناخۆشیى، خۆشیى، هەژاریى، دەوڵەمەندیى، لەش ساغیى و نەخۆشیى، تا سابیـرو ناشوکر دەرکەوێ، سەرەنجام هەر بۆ لاى خۆمان دەگێردرێنەوە، ئەوسا بەپێی ڕەفتارو دەرچوونتان لە تاقی کردنەوەکەدا، پاداشت و تۆڵە وەردەگرن).
هەروەها دەفەرموێت (وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوْفِ وَالْجُوعِ وَنَقْصٍ مِنَ الْأَمْوَالِ وَالْأَنْفُسِ وَالثَّمَرَاتِ وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ، الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ، أُولَئِكَ عَلَيْهِمْ صَلَوَاتٌ مِنْ رَبِّهِمْ وَرَحْمَةٌ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُهْتَدُونَ)،[38] (بێگومان بن جاروبار تاقیتان دەکەینەوە بە بەشێک لە ترس و برسیەتیى و کەمکردنەوەو لەناوچوونى ماڵ و دارایى دنیاو زیانى گیانیى و تیاچوونى بەروو بووم و دەسکەوتەکانتان، بەوانە کە خۆڕاگرو بە ئارامن مژدە بدە، ئەوانەى کە تووشى هەر بەلآو نەهامەتیى و چورتمێک دەبن، خێرا دەڵێن: ئێمە هەر هى خواین و ئەو دروستیکردوین و دەرەنجامیش لە قیامەتدا هەر بۆ لاى ئەو دەچینەوە، مژدەیان بدەرێ: دەکەونە بەر دروودو رەحمەتى پەروەردگارى خۆیان و شارەزاو رێنوێنکراو هەر ئەوانن).
ماوەى دەركەوتنى سەركەوتن:
ئەگەر هاتو بانگخواز لەسەر ناڕەحەتى و تاقيكردنەوەى بەرگەى گرت و لە كاتى سەختترين بارودۆخ و كەميى پشتيوان و زۆريى نەيارانيدا درێژەى دا بە بانگەواز، خواى گەورە لەگەڵى دەبێت و پشتيوانيى دەكات و سەرى دەخات، نزاى گيرا دەكات و بەرگريى لێ دەكات و دەيپارێزێت و شكست بە دوژمنانى دەهێنێت.
بەرهەمەكانى بانگەواز بۆ تاك و خێزان و كۆمەڵگە
يەكەم: بەديهاتنى ئامانجى بەديهێنانى مرۆڤ لەلايەن خواى گەورەوە
ئەو ئامانجەى كە خواى گەورە بەديهێنراوەكانى لەپێناودا دروستكردووە، بريتيە لە پەرستشى خوا بە تاك و تەنها و دوور لە هاوەڵ بۆ بڕياردانى، خواى گەورە دەفەرموێت (وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ)، (مرۆڤ و جنۆكەم تەنها بۆ پەرستش بەديهێناوە).
پەرستش: ناوێكى گشتگيرە بۆ هەر گوفتار و كردارێكى ئاشكرا و پەنهان كە خوا پێى خۆشەو جێى رەزامەندى زاتى خۆيەتى، بانگەوازيش روونكردنەوەو شرۆڤەى ئەو پەرستشە و هاندانى خەڵكە بۆ پابەندبوون پێيەوەو وازهێنان لە هەر شتێك كە نەيار و پێچەوانەى پەرستشە، ئەو پاداشتە گەورانە دەخاتەڕوو كە ئەگەر كەسێك پەرستش ئەنجام بدات، دەستى دەكەوێت، ئەمەش ئامانجى گەورەى بانگەوازە.
دووەم: دەركەوتنى نەوە ئيمانييەكان
بەرهەمێكى بانگەواز ئەوەيە كە وەچە و نەوەكانى كوفر دەوەستێنيت، پێش ئەوەى كەسێك ببێت بە موسڵمان، بێباوەڕ بووەو بە هەزاران ساڵيش كوڕى بێباوەڕان بووە، ئێستا كە تۆ دێيت و لە رێى بانگەوازكردنى ئەو كەسەوە بۆ ئيسلام، بارودۆخەكە دەگۆڕيت، بەم كارەت، وەچەيەكى چەندين ساڵە دەگۆڕيت كە لەمەودوا دێن و بەڕێوەن، بەم چەشنە نەوەى داهاتوو دەبنە موسڵمانى كوڕى موسڵمانى كوڕى موسڵمان، ئەمەش چ گەورەييەكە كە نەوە بێباوەڕەكان بوەستێنيت و نەوە باوەڕدارەكان بخەيتە شوێنيان، نەوەيەك كە تەنها باوەڕيان بە الله بێت و تەنها ئەويش بپەرستن.[39]
سێيەم: زۆركردنى ئوممەتى موحەممەد
بەرهەمێكى ترى بانگەواز، بريتيە لە زۆركردنى ئوممەتى موحەممەد، ئەمەش ئەو ئاواتەى پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) دەهێنيێتە دى كە بريتيە لەوەى لە پێغەمبەرانى دى شوێنكەوتەى زياترى هەبێت، وەك چۆن خۆى فەرموويەتى (فَأَرْجُو أَنْ أَكُونَ أَكْثَرَهُمْ تَابِعًا يَوْمَ القِيَامَةِ)،[40] (هيوام وايە لە رۆژى دواييدا لە سەرجەم پێغەمبەرانى دى، شوێنكەوتەم زياتر بێت).
موسڵمانبوونى يەك كەس لەسەر دەستت، واتە موسڵمانبوونى مليۆنەها كەس
موسڵمانبوونى يەك كەس لەسەر دەستت، واتە موسڵمانبوونى مليۆنەها كەس، چونكە كردەوەى خۆى و منداڵ و نەوەكانى و هەر كەسێك كە هەتا رۆژى دواييى لەسەردەستى ئەو موسڵمان دەبێت، دەچێتە تاى تەرازووى چاكەكانتەوە، ئەگەر وا دابنێيت ئەو كەسە رێنموونيكراوە دوو يان سێ منداڵى هەيە، منداڵەكانيشى بە هەمان شێوە، واتە دواى هەر بيست ساڵێك، ژمارەكە دوو بەرامبەر دەبێت، پاش سەد ساڵ ژمارەكەى هەزار بەرامبەر دەبێت.
رامانێك
با وا دابنێين كە سەد ساڵ تێپەڕيوەو ژمارەكە بووە بە هەزار موسڵمان، تەنها پێنج سەد كەسيان ماونەتەوەو ئەوانى ديكە لە ماوەى سەد ساڵەكەدا مردون، پێنج سەد كەسەكە وەردەگرين و پاش سەد ساڵ دەبنە دە هەزار بەرامبەر، بەم چەشنە ژمارەكە دەبێتە پێنج سەد هەزار كەس، پاش دوو سەد ساڵ، پاش سێ سەد ساڵ، ئينجا نيوەى ژمارەى سەدەى دووەم وەردەگرين كە دووسەد و پەنجا هەزار كەس بوون، كەڕەتى هەزارى دەكەين و ئەنجامەكە دەبێتە دووسەدو پەنجا مليۆن كەس، جا ئەگەر سەدەى چوارەم و پێنجەم و شەشەميش هەژمار بكەين، ژمارەكان چۆن زياد دەكەن؟!
با نەڵێين مليۆنەها كەس، تەنها يەك مليۆن كەس بەسە، ئەمە ئەگەر تەنها كەسێكيش لەسەر دەستى ئەو كەسە موسڵمان نەبووبێت، بەڵام ئەگەر يەك كەس لەسەر دەستى موسڵمان بووبێت، ئەوە هەمان هەژمار بۆ كەسى دووەميش دادەنێين، جا ئەگەر دە يان سەد يان هەزار كەس لەسەر دەستى موسڵمان بووبن؟! ئەمە ئەگەر تەنها يەك كەس لەسەر دەستى تۆ موسڵمان بووبێت، ئەگەر بێتو هەر رۆژەو كەسێك لەسەر دەستت موسڵمان بێت؟!
بانگخوازى وا هەيە كە حەوت هەزار كەس لەسەر دەستى ئەو موسڵمان بون، هۆكارى موسڵمانبوونى ئەو بانگخوازەش پياوێكى بەتەمەن بووە لە شارى رياض كە تەنها كتێبێكى داوە بەو كەسە.
كەسێك دەناسم كە لەسەر دەستى ئەو قەشەيەك لە ئەفريقيا موسڵمان بووە، دواتر لەسەر دەستى ئەو قەشەيە، زياتر لە يەك مليۆن كەس موسڵمان بون.
ئەوەتان بير بێت، موسڵمانبوونى يەك كەس واتاى ژمارە يەك ناگەيەنێت، بەڵكو بە ويستى خوا، واتاى مليۆنەها كەس دەگەيەنێت، ئەو مليۆنەها كەسەش، ئەگەر سوبحانەڵلايەك بكەن، يان بەخشينێك ببەخشن، بێ ئەوەى هيچ لە پاداشتى خۆيان كەم بكات، هەمان پاداشت بۆ تۆيش دەنووسرێت، هەركام لەوانە هەر هەنگاوێك هەڵنێن بەرەو مزگەوت، تۆيش هەمان پاداشتى ئەوانت بۆ دەنووسرێت، ئەگەر حەج بكەن، رۆژوو بگرن، جيهاد بكەن، نزا بكەن، يارمەتى كەسانى دى بدەن، خوو بدەنە فێربوون، خەڵك فێر بكەن، پەروەردە بكەن، بنووسن، وەقف بكەن، لە هەموو ئەمانەدا، چەشنى ئەوان پاداشتەكەى بۆ تۆيش دەنووسرێت.
مەبەستەكە ئەمەيە: هەر كردارێك، ئايا گوفتاريى بێت يان كرداريى يان لە دڵدا بێت، تۆيش چەشنى ئەوان پاداشتت بۆ دەنووسرێت.
ئەگەر خواى گەورە منەتباريى كردويت بەوەى لەسەر دەستت كەسێك موسڵمان بووبێت، ئەوە كردەوەى خۆى و نەوەكانى هەتا رۆژى دوايى، دێتە سەر تاى تەرازووى چاكەكانى تۆيش، زۆر بە سانايى، پاش سێ سەد ساڵ ژمارەيان دەگاتە مليۆنەها كەس كە تۆ هۆكار بويت بۆ موسڵمانبوونيان.
وردبەرەوە، ئەگەر تۆ نەبيتە هۆكارى موسڵمانبوونى يەك كەس، ئەوە هەموو ئەو ژمارانە لەدەست دەچن كە هەندێك جار دەگەنە مليۆنێك يان زياتر، بۆچى زيانێك هەيە لەمە گەورەتر؟
چوارەم: بنيادى تواناكان
بەرهەمێكى ترى بانگەواز، بريتيە لە بنيادنانى كۆمەڵگەيەك كە بەپێى توانا، سيفەتە نموونەييەكان و
پێشەنگيى تێدا بەرجەستە دەبێت، وەك چۆن لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليە وسلم) نموونەى يەكەمى ئەمەمان بينى، ئەو سەردەمەى كە بووە بە پێشەنگێك بۆ هەر سەردەمێكى دواى خۆى هەتا رۆژى دواييى، لەو كۆمەڵگەدا، خەڵكى برايانە و خۆشەويستانە و هاوكارانە لەسەر بنەماى چاكە و لەخواترسان هەڵسوكەوتيان دەكرد، شەريعەتى ئيسلاميان پەيڕەو دەكرد و رەفتارى موسڵمانانەيان نيشان دەدا، ئامۆژگاريى يەكدييان دەكرد و سۆزدارييان بۆ يەكتر هەبوو، وەك چۆن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) دەفەرموێت (مَثَلُ الْمُؤْمِنِينَ فِي تَوَادِّهِمْ، وَتَرَاحُمِهِمْ، وَتَعَاطُفِهِمْ مَثَلُ الْجَسَدِ إِذَا اشْتَكَى مِنْهُ عُضْوٌ تَدَاعَى لَهُ سَائِرُ الْجَسَدِ بِالسَّهَرِ وَالْحُمَّى)،[41] (نموونەى باوەڕداران لە خۆشەويستى و سۆز و ميهرەبانييان بۆ يەكدى، وەك يەك جەستە وايە، ئەگەر بەشێك لە جەستە ئازارێكى هەبێت، هەموو بەشەكانى ترى جەستە هاودەم بەو هاوئازار دەبن و لە تا و شەونخوونى و نەخەوتندا هاوبەشيى دەكەن).[42]
پێنجەم: بانگەواز بۆ لاى خوا، ئيمان زياد دەكات
ئەوەى لە مەزهەبى ئەهلى سوننەدا روونە، ئەوەيە كە ئيمان زياد و كەم دەكات، بە پەرستش زياد دەكات و بە تاوان و سەركەشى كەم دەكات، لە صەحيحى موسليميشدا بەشێك دانراوە بە ناونيشانى (رێگرى لە خراپە لە ئيمانەوەيە و ئيمان زياد و كەم دەكات و فەرمان بە چاكە و رێگريى لە خراپە واجبە)، پاشان فەرموودەكەى ئەبووذەرى غيفاريى دەهێنێت لە پێغەمبەرى خواوە (صلى اللە عليە وسلم) كە دەفەرموێت (يُصْبِحُ عَلَى كُلِّ سُلَامَى مِنْ أَحَدِكُمْ صَدَقَةٌ، فَكُلُّ تَسْبِيحَةٍ صَدَقَةٌ، وَكُلُّ تَحْمِيدَةٍ صَدَقَةٌ، وَكُلُّ تَهْلِيلَةٍ صَدَقَةٌ، وَكُلُّ تَكْبِيرَةٍ صَدَقَةٌ، وَأَمْرٌ بِالْمَعْرُوفِ صَدَقَةٌ، وَنَهْيٌ عَنِ الْمُنْكَرِ صَدَقَةٌ، وَيُجْزِئُ مِنْ ذَلِكَ رَكْعَتَانِ يَرْكَعُهُمَا مِنَ الضُّحَى)،[43] (هەموو بەيانييەك، هەر ئێسكێكى هەكامتان صەدەقەيەكى لەسەرە، جا هەر سوبحانەڵلايەك صەدەقەيەكە، هەر الحمد لله يەك صەدەقەيەكە، هەر الله أكبر ێك صەدەقەيەكە، هەر فەرمان بە چاكەيەك صەدەقەيەكە، هەر رێگريكردن لە خراپەيەك صەدەقەيەكە، دوو ركات نوێژى چێشتەنگاو كە بيكەن، لەبرى هەمووى دەكەوێت).
شەشەم: ژيانى دڵان:
بانگەواز ژيانى دڵانى تێدايە، دڵە لاوازەكان چالاك دەبنەوە، دڵە بێئاگاكان بەهۆش دێنەوە، ئيمانى باوەڕداران زياد دەكات، حەز و ئارەزووى لادان كپ دەكرێت، چێژبەخشە بۆ ئيشكەران، ماندووبون دەبێتە تام و چێژ بۆ ئەو كەسەى حەز و ئارەزووى بووە بە بانگەواز، عەرەقى جەستەى، وەك عەرەقى هەر كەسێكى تر نيە، خۆ هەركاممان كە دەچين بۆ ئيش، هەر لە بەڕێكەوتنەوە هەتا ئەو كاتەى پيادەى وەرزش و چالاكيەك دەكەين، يان سوارى ئاژەڵ و پێناوەكانى گەياندن دەبين، ياخود خواردن و برژاوێك ئامادە دەكەين، عەرەق دەكەينەوە، بەڵام چ مەودايەك هەيە لەنێوان ئەو دوو عەرەقەكردنەوەو ماندووبوونەدا، گەورەترين عارەقە، عارەقەيەكە كە لە رێى خوادا بێت، كاتێك چەند كاتژمێرێك رادەوەستيت و پرۆشەرێك بەسەر گەشتياراندا دابەش دەكەيت، يان چەند كارتۆنە كتێبێك بار دەكەيت، يان لە دۆڵ و دارستانەكانى ئەفريقيادا سەرقاڵيت بە بانگەوازەوە بەو ئومێدەى هەزاران يان مليۆنەها كەس لەسەر دەستت موسڵمان ببن، لەو پێناوەدا ماندوو دەبيت و نەخۆش دەكەويت.
سوێند بەخوا، هيچ عارەقە و ماندووبوونێك لەوە جوانتر و باڵاتر نيە.
حەوتەم: پێچەسپاويى لەسەر حەق
بانگەوازكردن لە رێى خوادا و بەردەوامبوون لەسەرى لە هەموو روانگە و هەموو بارودۆخێكدا، پێچەسپاويى لەسەر حەق و سەرخستنى دين و مانەوەى ئەو دەستە سەرخراوەى لێ دەكەوێتەوە كە بەڵێنيان لەبارەوە دراوە بەوەى دێن و سەردەكەون بەسەر هەر كەسێكدا كە پێچەوانەى ئايينى حەق بێت، وەك بيدعەكاران و رێچكە و رێبازە چەوتەكان و هەوەسباز و گومانسازانى هەر سات و شوێنێك، هەروەك پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) دەفەرموێت (لَا تَزَالُ طَائِفَةٌ مِنْ أُمَّتِي ظَاهِرِينَ عَلَى الْحَقِّ، لَا يَضُرُّهُمْ مَنْ خَذَلَهُمْ، حَتَّى يَأْتِيَ أَمْرُ اللهِ وَهُمْ كَذَلِكَ)،[44] (بەردەوام تاقمێك لە ئوممەتەكەم سەركەوتوو و براوەو لەسەر حەقن، هەركەس پشتيان لێ بكات و دژايەتييان بكات، زيانيان پێناگەيەنێت، هەتا رۆژى دوايى دێت، ئەوانە بەو چەشنە دەمێننەوە).
هەشتەم: بەدەستخستنى بەرژەوەنديى و دوورخستنەوەى زيان و خراپە
بانگەوازى رێى خوا، بەپێى توانا، بەدەستخستن و زيادكرنى بەرژەوەنديى و دوورخستنەوەو كەمكردنەوەى زيان و خراپەى لێدەكەوێتەوە، بانگەواز گەندەڵيى و پەستيى و ستەم و هۆشبەرەكان دەوەستێنێت و بڵنديى و ئاسايش و ئاراميى و چاكسازيى بڵاودەكاتەوە، هەڵمەتى بەگاوركردن و لادان و ئيلحاد و بيروباوەڕى پڕوپووچ و هاوەڵ بڕياردان بۆ خوا دەوەستێنێت و يەكخواپەرستيى بڵاودەكاتەوە.
ڤاتيكان و زۆرێك لە پێناوەكانى راگەياندنى رۆژئاوا و ناوەندەكانى لێكۆڵينەوە، دان بەوەدا دەنێن كە ئيسلام يەكەم ئايينە و لە هەموو ئايينەكانى تر، زياتر لە جيهاندا بڵاودەبێتەوە
نۆيەم: چارەسەرى كێشە هزريى و كۆمەڵايەتيى و رەوشتيى و ئاكارييەكان
بانگەواز رێگەيەكە بۆ چارەسەركردنى كێشە هزريى و كۆمەڵايەتيى و رەوشتيى و ئاكارييەكانى پەيوەست بە كۆمەڵگەكان كە دەكرێت مانەوەيان هۆكارى ماڵوێرانى و لەناوچوون بێت، چونكە مرۆڤ ئەگەر بە عەقڵ و حەز و ئارەزووى خۆى هەنگاوى نا و خۆى دوورگرت لە سروشى ئاسمانيى، بەدڵنياييەوە ماڵوێران دەبێت، بانگەوازيش بريتيە لە روونكردنەوەو نيشاندانى رێى رزگاريى بۆ هەموو مرۆڤايەتيى، ئايينى خوا رێنموونييە بۆ هەموو چاكەيەك، دەرمانى سەد دەردەيە بۆ هەر نەخۆشييەكى هزريى و رەفتاريى و هەر چەشنەيەكى ترى مرۆڤايەتى.
دەيەم: بانگەواز بۆ لاى خوا، سزاى سەر بەندەكان لادەبات
خواى گەورە دەفەرموێت (لُعِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ بَنِي إِسْرَائِيلَ عَلَى لِسَانِ دَاوُودَ وَعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ ذَلِكَ بِمَا عَصَوْا وَكَانُوا يَعْتَدُونَ، كَانُوا لَا يَتَنَاهَوْنَ عَنْ مُنْكَرٍ فَعَلُوهُ لَبِئْسَ مَا كَانُوا يَفْعَلُونَ)،[45] (لەسەر زمانى (داود)و (عیساى کوڕى مریەم)، نەفرین و نەعلەت، لەو (بەنى ئیسرائیل)ـە کافرو بێ باوەڕانە کرا، چوون ئەوانە لەسنوور دەرچوون و پیشەیان هەر دەستدرێژى بوو و نەریتیشیان وابوو رێیان نەدەگرت لەوخراپەو تاوانانە دەیانکرد، ئاى چ کارێکى زۆر خراپیان کرد).
يانزەيەم: بانگەوازى رێى خوا، رزگاربوونە لە تاوانى گوفتار
سەرقاڵبوونى مرۆڤ بە بانگەوازەوە، هۆكارە بۆ ئەوەى لەدەست تاوانى گوفتار و هەڵەى زمان پارێزراو بێت، خواى گەورە دەفەرموێت (لَا خَيْرَ فِي كَثِيرٍ مِنْ نَجْوَاهُمْ إِلَّا مَنْ أَمَرَ بِصَدَقَةٍ أَوْ مَعْرُوفٍ أَوْ إِصْلَاحٍ بَيْنَ النَّاسِ وَمَنْ يَفْعَلْ ذَلِكَ ابْتِغَاءَ مَرْضَاةِ اللَّهِ فَسَوْفَ نُؤْتِيهِ أَجْرًا عَظِيمًا)،[46] (زۆربەى سرتە سرت و چپەکانیان هیچ خێر و بەهرەیەکى تێدا نییە، جا مەگەر کەسێک فەرمان بدات بەصەدەقەو کارى چاکەو پێک هێنانەوەى مەردم و فەرمان بدا بەناوبژیى و ئاشتبوونەوەی نێوان خەڵک بۆ ئەم کارانە بەهەرجۆر راوێژ و چپە بکرێ و، بەنهێنى هەنگاو بنرێت، هەر خێرو چاکەیە، جا هەرکەس بەمەبەستى رەزاو خۆشنوودى خوا بەنهێنى کار بکا بۆ هەرکارێکى پەسەند، لەدواییدا پاداشێکى گەورەو بێ سنوورى ئەدەينێ).[47]
ئەگەر دەروونت سەرقاڵ نەكەيت بە پەرستشەوە، سەرقاڵت دەكات بە سەرپێچى و تاوانەوە، خواى گەورە دەفەرموێت (وَاصْبِرْ نَفْسَكَ مَعَ الَّذِينَ يَدْعُونَ رَبَّهُمْ بِالْغَدَاةِ وَالْعَشِيِّ يُرِيدُونَ وَجْهَهُ)،[48] (دان بە خۆتدا بگرە لەگەڵ ئەوانەى کە بەیانیان و ئێواران لە پەروەردگاریان دەپاڕێنەوەو دەیپەرستن و تەنیا رەزامەندیى ئەویشیان دەوێت).
دوانزەيەم: بانگەواز هۆكارى باشبوونى ژيانى خەڵك و رێگريى لە خراپەى نەفامانە
پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم دەفەرموێت (مَثَلُ القَائِمِ عَلَى حُدُودِ اللَّهِ وَالوَاقِعِ فِيهَا، كَمَثَلِ قَوْمٍ اسْتَهَمُوا عَلَى سَفِينَةٍ، فَأَصَابَ بَعْضُهُمْ أَعْلاَهَا وَبَعْضُهُمْ أَسْفَلَهَا، فَكَانَ الَّذِينَ فِي أَسْفَلِهَا إِذَا اسْتَقَوْا مِنَ المَاءِ مَرُّوا عَلَى مَنْ فَوْقَهُمْ، فَقَالُوا: لَوْ أَنَّا خَرَقْنَا فِي نَصِيبِنَا خَرْقًا وَلَمْ نُؤْذِ مَنْ فَوْقَنَا، فَإِنْ يَتْرُكُوهُمْ وَمَا أَرَادُوا هَلَكُوا جَمِيعًا، وَإِنْ أَخَذُوا عَلَى أَيْدِيهِمْ نَجَوْا، وَنَجَوْا جَمِيعًا)،[49] (وێنەى كەسێك كە ئاگاى لە خۆى بێت و خۆى بپارێزێت لەو شتانەى كە خوا سنوورى بۆ داناون، لەگەڵ ئەو كەسەى سنوورەكانى خوا ببەزێنێت، وێنەى ئەم دوو جۆرە كەسەيە: كۆمەڵێك كە لەناو خۆياندا لەسەر جێگەى خۆيان، لەناو كەشتيەكى دووقاتيدا تيروپشك دەكەن و تاقمێكيان قاتى سەرەوەيان بەر بكەوێت و ئەوانى تريش قاتى خوارەوە، ئەوانەى لە خوارەوەن بەسەر ئەوانەدا بچن بۆ ئاو كە لە قاتى سەرەوەن، بەو هۆيەوە بڵێن: بۆچى لە بەشى خۆماندا كونێكى تێ نەكەين و ئيتر ئەوەندە ئازارى ئەوانەى سەرەوە نەدەين، ئەگەر ئەوانەى سەرەوە وازيان لێ بهێنن و رێگەى ئەوەيان پێ بدەن، ئەوا كەشتيەكە نوقم دەبێت و هەموويان وەك يەك دەفەوتێن، بەڵام ئەگەر دەستيان بگرن و نەهێڵن شتى وا بكەن، ئەوا خۆيشيان و ئەوانەى خوارەوەش رزگار دەكەن).
سيانزەيەم: بانگەواز بۆ لاى خوا، داواكاريەكى گرنگە بۆ هەركەس بيەوێت خۆى رزگار بكات
خواى گەورە دەفەرموێت (وَإِذْ قَالَتْ أُمَّةٌ مِنْهُمْ لِمَ تَعِظُونَ قَوْمًا اللَّهُ مُهْلِكُهُمْ أَوْ مُعَذِّبُهُمْ عَذَابًا شَدِيدًا قَالُوا مَعْذِرَةً إِلَى رَبِّكُمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ)،[50] (وە بیر بێنن کە دەستەیەک لە خراپەکارەکانیان بەپیاو چاکەکانیان دەگوت: بۆچى ئێوە ئامۆژگاریى کەسانێکى وا ئەکەن؟ کە خوا دەیەوێ لەناویان بەرێ یان بەتوندى سزایان بدات؟! وتیان: لەبەر پۆزشى لاى پەروەردگارتان، بەڵکو بەو ئامۆژگارییە توانیبێتمان ئەرکى سەرشانى خۆمان جێبەجێ بکەین، شایەد ئەوانیش خۆبپارێزن لە نافەرمانى خوا).
چەندين بەرهەمى ديكەشى دەبێت، وەك كۆدەنگيى و چاوخستنە سەر ورەبەرزيى و بڵاوكردنەوەى ئاسايش و ئارامى و دڵنيايى پێدانى زياتر.
ئەمانە كۆمەڵێك گەورەيى و دەستكەوت و بەرهەمى بانگەوازى رێى خوا بوون كە بە كورتى و پوختى باسمانكردن، داواكارم لە خواى گەورە لێيان سوودمەند بين.
بانگەواز ئامانجێكى باڵايە كە شياوى ئەوەيە گرانبەهاترين كات و سامان و هەوڵەكانمانى پێ بدەين، نەوەك زيادەى كات و سامان و هەوڵەكانمان، تا ئەو كاتەى دەخرێينە نێو گۆڕ، بانگەواز هاودەميمان دەكات.
بۆ بانگەوازى رێى خوا، چيمان پێويستە؟
هەميشە ئاگامان لە نيەتمان بێت و بە پوختيى بيپارێزين لە چڵك و چەپەڵى و پشكى نەفس و ويستى سوپاس و ناوبانگ پەيداكردن.
زانستى شەرعى وەربگرين و گرنگيى بە بەهرە و پيادەكردن بدەين.
دەبێت بانگخواز پێشەنگێكى چاك بێت بۆ خەڵك، لە رووى ژيان و جووڵە و شێوە و هەستان و دانيشتنيەوە.
خۆڕاگريى لە پێناو بانگەوازدا، پێويستيەكى خۆڕاگريش ئەوەيە كە رێگەكە بە دوور نەبينين و پەلەى ئەنجاممان نەبێت.
نابێت بانگخواز لەسەر بانگەوازەكەى هيچ پاداشتێك وەربگرێت جگە لەو پاداشتەى كە چاوەڕێيە لاى پەروەردگارى وەريبگرێت.
چەند گومانێك كە بانگەواز پەك دەخەن
لەوانەيە هەندێكجار كەسانێك بە بيانووى بەدەمەوەنەهاتنى بانگەواز، دەستبەردارى بانگەوازى رێى خوا ببن، بێگومان پێغەمبەرانى خوا لە بوارى بانگەوازدا، لە هەموو كەس تەواوتر بون، چونكە ئەوە ئەركى سەرەكى پێغەمبەران بووە كە خواى گەورە لەو پێناوەدا وەك پێغەمبەر ناردوونى، لەگەڵ ئەوەشدا لەلايەن گەلەكانيانەوە بەربەرەكانييان كراوە و نكووڵى پەيامەكەيان كراوە، تەنانەت هەيانبووە كە يەك كەسيش باوەڕى پێ نەهێناوە، وەك چۆن پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) باسى دەكات و دەفەرموێت (عُرِضَتْ عَلَيَّ الأُمَمُ، فَجَعَلَ النَّبِيُّ وَالنَّبِيَّانِ يَمُرُّونَ مَعَهُمُ الرَّهْطُ، وَالنَّبِيُّ لَيْسَ مَعَهُ أَحَدٌ)،[51] (ئوممەتانم پێ نيشان دران، جا هەيانبوو پێغەمبەرێك يان دوو پێغەمبەر، دەستەيەك لەگەڵياندا دەڕۆيشتن، پێغەمبەرى وا هەبوو يەك كەسى لەگەڵ نەبوو).
رێنموونى بە دەستى خوايە، وەك خۆى دەفەرموێت (لَيْسَ عَلَيْكَ هُدَاهُمْ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ)، (رێنموونيى ئەوان بە دەستى تۆ نيە، بەڵكو خواى گەورە هەر كەسێكى بوێت، رێنموونيى دەكات).
گرنگ بەدەمەوەهاتن نيە
ئەگەر وردبينەوە لە ئاڕاستەو رێنمايى خواى گەورە بۆ پێغەمبەر و خۆشەويستمان موحەممەد (صلى اللە عليە وسلم) كە پێشەنگى بانگەوازمانە، دەبينين خواى گەورە ئەو ئەركەى لەسەر دانەناوە كە دەبێت خەڵك بێن بەدەم بانگەوازەكەيەوە، بەڵكو رايسپاردووە بە گەياندنى بانگەوازەكە، وەك دەفەرموێت (فَإِنْ تَوَلَّيْتُمْ فَإِنَّمَا عَلَى رَسُولِنَا الْبَلَاغُ الْمُبِينُ)، (ئەگەر پشتتان هەڵكرد و نەهاتن بە دەم پێغەمبەرى خواوە، ئەوە چاك بزانن كە پێغەمبەرەكەمان تەنها گەياندنێكى روونى لەسەرە).
هەروەها ئەوەى دووپاتى دەكاتەوە ئەركى پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) بريتى بووە لە گەياندن، فەرمايشتى خوايە كە دەفەرموێت (وَمَا عَلَى الرَّسُولِ إِلَّا الْبَلَاغُ الْمُبِينُ)، (ئەوەى لەسەر پێغەمبەرى خوايە، تەنها گەياندنێكى روونى پەيامەكەيە).
هەروەها خواى گەورە دەفەرموێت (لَيْسَ عَلَيْكَ هُدَاهُمْ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ)، (رێنموونيى ئەوان بە دەستى تۆ نيە، بەڵكو خواى گەورە هەر كەسێكى بوێت، رێنموونيى دەكات).
سەبارەت بە يارانى رۆژى شەممە لە بەنوئيسرائيل كاتێك نكووڵييان دەكرد لە ئاست دەستەيەك لەوانەى ئامۆژگارييان دەكردن، بە ئامۆژگاريكەرەكان وترا (لِمَ تَعِظُونَ قَوْمًا اللَّهُ مُهْلِكُهُمْ أَوْ مُعَذِّبُهُمْ عَذَابًا شَدِيدًا)، (بۆچى ئامۆژگاريى قەومێك دەكەن كە خواى گەورە لەناويان دەبات، يان سزايەكى سەخت و بەئێشيان تووش دەكات)، لە وەڵامدا ئەوانيش وتيان (مَعْذِرَةً إِلَى رَبِّكُمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ)، (هەتا پۆزشێك بێت لاى پەروەردگارتان، هەروەها بەڵكو لەخوا بترسن).
قاسميى لە تەفسيرى ئەم ئايەتەدا دەڵێت: رێگرى لە خراپە ئەركێكە كە لەكارناكەوێت، تەنانەت ئەگەر ئەو كەسەى رێگرييەكە دەكات، بزانێت سوودى نيە، چونكە مەرجى ئەو ئەركە بريتى نيە لە بەديهاتنەكەى، ئەگەر تەنها شتێك تيايدا ئەوەبێت پايەيەكى گەورە لە پايەكانى ئايين و غيرەت بەرامبەر بە سنوورى خوا و پۆزش هێنانەوە لەبەردەم خواى گەورەدا ئەنجام درابێت بە سووربوون لە ئاست ئەنجامدانى ئەو رێگرييەدا، هێندە بەسە.[52]
بڕياردان بەوەى خەڵك نايەت بەدەم بانگەوازە، بڕيارێكى هەڵەيە
كێ هەيە بتوانێت بڕيارى ئەوە بدات كە خەڵكى نايەن بە دەم بانگەوازەوە؟ ئەگەر كەسێكيش بڵێت: جارێك يان دوان و سيان و زياتر، بانگەوازى ئەو خەڵكەم كردووەو نەهاتون بە دەممەوە، لەوانەيە پاش چەندجار دووبارەكردنەوە و ماوەيەكى دوورودرێژ، ئينجا بەدەمەوەهاتن بێتەدى، چونكە بانگەواز بۆ لاى خوا، پێويستى بە هەناسەى درێژ و خۆڕاگريى بەرامبەر بە بانگهێشتكراوان هەيە، پەلەكردن بۆ ئەنجام و خۆنەگرتن لە بەرامبەر بانگهێشتكراواندا، لەو مەينەتييانەيە كە تووشى هەندێك بانگخواز دەبێت، پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) پێشەنگێكى باشە بۆ ئێمە، ماوەيەكى زۆر بانگەوازى قەومەكەى خۆى دەكرد بۆ لاى خوا و فەرمانى پێ دەكردن بە چاكە و رێگرى لێ دەكردن لە خراپە، هەتا خواى گەورە دينى سەرخست و موسڵمانانى سەربەرز و شكۆمەند كرد.
بەرهەمى بانگەواز تەنها ئەوە نيە ئەو خەڵكە موسڵمان ببن، بەڵكو چەند ئامانجێكى دى هەن كە ئەگەر كەسە بانگهێشتكراوەكەش موسڵمان نەبێت، ئەو ئامانجانە دێنەدى، لەوانە:
موسڵمان بوون، با دواى ماوەيەكى تريش بێت.
نەمانى وێناى هەڵە و ناڕەوا بەرامبەر بە ئيسلام.
بنيادنانى وێنايەكى دروست سەبارەت بە ئيسلام.
بێلايەنبوون لە ئاست ئيسلام و دژايەتينەكردنى.
سەرخستنى ئيسلام.
چارەسەرى بەگاوركردن و رێگريى لە قۆستنەوەى هەژاريى گەلان لەلايەن موژدەبەرانەوە.
بەجێگەياندنى ئەرك و واجبى سەرشانى موسڵمان.
چەمك و واتاى خۆبەدەستەوەدان بگۆڕە
چەمك و واتاى خۆبەدەستەوەدان ئەوەيە كە بانگخواز وا گومان ببات كە سەختە خەڵك رێنموونيى وەربگرن، بەڵام پێچەوانەكەى راستترە، چەند ئاسان ئەو خەڵكە دێنە ناو ئيسلامەوە ئەگەر دينەكەيان پێ بگەيەنرێت.
تۆ هەوڵى خۆت بدە بە باشترين شێوە دينى خوا بگەيەنە، زۆر نابات دەبينيت بە ويستى خوا چۆن دێنە ناو ئيسلامەوە، گرنگ ئەويە بيرت لاى گەياندنەكە بێت نەوەك رێنموونى ئەوان.
لە خۆت بپرسە: ئيسلامت بە چەند كەس گەياندووە؟ سەد كەس، دووسەد كەس، چەند جار؟ وەڵامەكەت جێى سەرسوڕمانە، ئينجا سكاڵاى سەخت هاتنە ناو ئيسلامى ئەو خەڵكەش دەكەيت؟!
ئەو روانينە پيلانێكى شەيتانە و ورياى بە، ورياى ئەوانەش بە كە ورەيان بەرداوەو دانيشتون، لۆكە بكەرە گوێت بۆ ئەوەى گوێت لە قسەكانيان نەبێت.
لە خۆت بپرسە: ئيسلامت بە چەند كەس گەياندووە؟ ئينجا بڕيار بدە.
خەم و خەياڵى بانگەواز بە گشتى و بانگەوازكردنى ناموسڵمانان بە تايبەتى، پێويستە هەر موسڵمانێك لە ئەستۆى بگرێت، بە وتەيەك يان كردارێك يان ئاكارێك، گەورە و بچووك و نێر و مێ و زانا و نەخوێندەوار، لە بەجێگەياندنى ئەم ئەركەدا يەكسانن، هەركاميان بەپێى تواناى خۆى، خواى گەورەش بە فەزڵ و رەحمەت و ميهرەبانيى خۆى، هەر كەسێكى بوێت رێنموونيى دەكات.
پێويستە منداڵ و هاوسەر و خوشك و برا و دايك و هەموو ئەندامانى خێزانەكەشمان هانبدەين بۆ بەشداريكردن لە گەياندنى پەيامى خوادا و رايانبسپێرين ئەركى بانگەوازيى لەئەستۆ بگرن، هەروەها لە روانگەى ماددى و مەعنەويشەوە پاڵپشتى و هاودەمييان بكەين.
جارى وا هەيە بانگهێشتكراوێكى ناموسڵمان، لەسەر دەستى منداڵێك دێت بەدەم بانگەوازەكەوە، يەكێكى تريان لەسەر دەستى بانگخوازێك كە تواناى قەناعەتپێكردن و كاريگەريى هەيە، شايەتيش بۆ ئەمە وتەى يەكێك لە موسڵمانبوونە نوێكانى ناو شارى رياضە كە وەك راهێنەرى مەلەوانيى كارى دەكرد، دەڵێت: هۆكارى موسڵمانبوونم منداڵێكى تەمەن سيانزە ساڵان بوو كە كاتێك راهێنانى مەلەوانيم پێ دەكرد، ئەو منداڵە چەند كتێبێكى وەرگێڕدراوى سەبارەت بە ئيسلام بۆ برد، قورئانێكيشى پێشكەش كرد كە وەرگێردرابووە سەر زمانى راهێنەرەكە، ئەمەش هۆكارى موسڵمانبوونى راهێنەرەكە بوو.
خەڵكى بەو ئاسانيە دێنە ناو ئيسلامەوە و ئايينى خوا وەردەگرن، بۆيە ناموسڵمانان لەمڕۆدا زۆر پێويستيان بە كەسێكە كە ئيسلاميان بۆ بخاتەڕوو، رێگەكانى بانگەوازيش لەم سەردەمەدا بۆ دەروونە پاكەكان زۆر ئاسانن، بەڵام بۆ دڵ و دەروونە نەخۆشەكان زۆر سەختن.
چاندنى بانگەواز لە نێو دڵ و دەروونى منداڵەكانماندا بەو چەشنەى لە تواناياندا بێت، رێيەكى رێنموونى و هۆكارێكى پاراستنيان و هاندانى دەوروبەريانە بۆ ئاكارى رێى بانگەواز، خواى گەورەش هەر كەسێكى بوێت، رێنموونى دەكات بۆ راستەڕێ.[53]
گومانێك: دەبێت بانگخواز مەعصووم بێت!
چەند كەس هەن كە حەز دەكەن خزمەتى زۆر بكەن بە ئايينەكەيان، بەڵام وا گومان دەبەن كە دەبێت كەسى بانگخواز مەعصووم و بێ هەڵە و پەڵە بێت، هەرچيەك كە فەرمانى پێكراوە بەجێى بگەيەنێت و هەرچيەك رێگريى لێكراوە، خۆى لێ بپارێزێت، ئەمەش پلەيەكى سەختە و تەنها پێغەمبەرانى خوا پێى گەيشتون، ئەگەر وابێت، لە دواى پێغەمبەرانەوە، نابێت هيچ كەس فەرمان بە چاكە و رێگريى لە خراپە بكات و هيچ ناموسڵمانێك فێرى ئيسلام نەكرێت، ئەمە پيلانى شەيتانە و ورياى بە.
ئەوە بيانوو نيە كە هەندێك كەس كردوويانە بە بيانوو، گوايە خۆى كەمتەرخەمە، ئيتر چۆن بەو كەمتەرخەميەوە بانگەوازى خەڵكى تر بكات؟ ئەمەش پيلانى شەيتانە، جا ئەگەر تەنها كەسى كامڵ بانگەوازى بكردايە، لە دواى پێغەمبەرانەوە هيچ كەسێكى تر بانگەوازى نەدەكرد.
بەڵێ، راستە، ناشيرينە بانگخواز كردارى وەك گوفتارى نەبێت، وەك خواى گەورە دەفەرموێت (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ، كَبُرَ مَقْتًا عِنْدَ اللَّهِ أَنْ تَقُولُوا مَا لَا تَفْعَلُونَ)،[54] (ئەى ئەوانەى باوەڕتان هێناوە! بۆچى شتێ دەڵێن و ڕەفتارى پێ ناکەن، خوا لەلاى سەختە، کە شتێ بڵێن و کارى پێنەکەن).
بەڵام چارەسەر ئەوە نيە كە كەسى موسڵمان كەنار بگرێت لە بانگەواز، بەڵكو پێويستە لەگەڵ خۆى هەوڵ بدات خۆى فێر بكات ئەوەى دەيڵێت، خۆيشى جێبەجێى بكات و تەوبەش بكات لە تاوانەكانى و درێژە بە رێى بانگەواز بدات، بانگەواز لاى تەنها كەسێك يان دەستە و تاقمێكى ناو كۆمەڵگە قۆرخ نەكراوە، بەڵكو پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) دەفەرموێت (بَلِّغُوا عَنِّي وَلَوْ آيَةً)،[55] (لە منەوە بگەيەنن، تەنانەت ئەگەر يەك ئايەتيش بێت).
ئەم فەرمانە گشتگيرە بۆ هەموو موسڵمانێك بە هەردوو رەگەزەوە، هەريەكەو بەپێى تواناى خۆى، زانا بە چەشنێكى جياواز لەو خەڵكەى تر ئەم ئەركەى لەسەر واجبە، بانگخوازانيش لە زانست و تواناياندا جياوازن، بەڵام هەركەسەو بەپێى تواناى خۆى، ئەم دينەش سپاردەيەكە لە گەردنى هەر موسڵمانێكدا، پياوچاك بێت يان لاسار.
تاوانەكەى ئەبووميحجەن رەزاى خواى لێ بێت، بيانوو نەبوو بۆ سەرنەخستنى ئيسلام، تۆيش ئەى براى خۆشەويستم، كەمتەرخەميەكانت مەكەرە بەربەستى رێى بانگەواز بۆ لاى خوا.
گومانێك: زانستم پێ نيە
هەندێك كەس دەڵێن: من شياوى ئەوە نيم بانگەواز بكەم بۆ رێى خوا، چونكە من زانا نيم و ئەوەش بۆ زانايان گونجاوە، من تواناى ئەوەم نيە، تەنانەت شێوازى بانگەواز و زانستى بانگهێشت بۆ لاى خوام نيە، وێڕاى ئەوەش، نامەوێت خۆم بێبەش بكەم لە رێڕەوى بانگەوازى رێى خوا.
لە وەڵامدا پێى دەڵێين: چەندين شت هەن كە دەتوانيت بيانكەيت، وەك: دابەشكردنى پێناوە بانگەوازييەكان بەسەر موسڵمانان و ناموسڵماناندا بە شێوەى جياجيا، وەك شێوازە سەردەمييەكان لە رێى پێگەكانى ئينتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و بەشداريكردن لە چاپكردن و بڵاوكردنەوەى گرتەى دەنگيى و رەنگيى زانايان و بانگخوازان، بەشداريى دارايى و خزمەتكردنى بانگخوازان و گرنگيدان بە موسڵمانبووە نوێكان، هەموان دەتوانن كتێب و وانەكانى زانايان بڵاو بكەنەوە.
بۆ نموونە: ئەگەر بينيت كەسێك نوێژ ناكات، ئايا بۆ ئەوەى ئەم كەسە هانبدەيت بۆ نوێژ كردن، پێويستيت بە زانستێكى زۆرە؟ نەخێر، بەڵكو هێندە بەسەر بزانيت نوێژ پايەيەكى ئيسلامە و بەبێ نوێژ موسڵمانێكى ساغ دەرناچيت.
هەندێك لە هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى اللە عليە وسلم) لەگەڵ ئەوەى موسڵمان بوون و هەندێك شتى پێويست لە پێغەمبەرى خواوە (صلى اللە عليە وسلم) فێر بوون، پێغەمبەر (صلى اللە عليە وسلم) فەرمانى پێكردن بانگهێشتى قەومەكەيان بكەن و فەرمانيان پێ بكەن بە چاكە و رێگرييان لێ بكەن لە خراپە، نموونەى ئەوەش بەسەرهاتى ئەبووذەرى غيفارييە رەزاى خواى لێ بێت، كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) پێى فەرموو (فَهَلْ أَنْتَ مُبَلِّغٌ عَنِّي قَوْمَكَ؟ عَسَى اللهُ أَنْ يَنْفَعَهُمْ بِكَ وَيَأْجُرَكَ فِيهِمْ)، (ئايا دەچيت لە منەوە بانگەوازى قەومەكەت بكەيت؟ بەڵكو خواى گەورە بەهۆى تۆوە ئەوان سوودمەند بكات و لەسەر ئەوانيش، پاداشتى تۆ بداتەوە)، ئەبووذەر دەڵێت: منيش چووم بۆ لاى ئونەيس، وتى: چيت كرد؟ وتم: موسڵمان بووم و باوەڕم هێنا بە پێغەمبەرى خوا، ئەويش وتى: لە دينى تۆ لانادەم، وا منيش موسڵمان بووم و باوەڕم هێنا، ئينجا هەردووكمان چووين بۆ لاى دايكمان، ئەويش وتى: لە دينى ئێوە لانادەم، وا منيش موسڵمان بووم و باوەڕم هێنا، ئينجا كەوتينەڕێ هەتا چووينە ناو قەومەكەى خۆمان –غيفارييەكان-، ئەوەبوو نيوەيان موسڵمان بوون.[56]
ئەبووذەر رەزاى خواى لێ بێت، لاى پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) نەمايەوە هەتا شتێكى زۆرى لێوە فێر ببێت، بەڵكو لەگەڵ ئەوەى موسڵمان بوو و شتە پێويستەكانى لێوە فێر بوو، فێرى نوێژ و دەستنوێژ بوو، وەك لە گێڕانەوەى دووەمدا باسكراوە، خێرا بانگەوازى براكەى و دايكى كرد، دواتر كە گەڕايەوە ناو قەومەكەشى، بانگەوازى ئەوانيشى كرد، ئەنجامەكەى ئەوەبوو كە نيوەيان موسڵمان بوون، نيوەكەى تريش، وەك لە فەرموودەكەدا هاتووە، پاش كۆچى پێغەمبەر (صلى اللە عليە وسلم) بۆ مەدينە موسڵمان بوون.
هەروەها بەسەرهاتى ماليكى كوڕى حوەيرث و ئەو گەنجانەى لەگەڵى بوون، ئەوانەى پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) فەرمانى پێكردن بگەڕێنەوە ناو كەسوكارى خۆيان و دينى خوايان فێر بكەن و فەرمانيان پێ بكەن بە چاكە، خودى ماليك رەزاى خواى لێ بێت، دەگێڕێتەوەو دەڵێت: ئێمە چەند گەنجێكى نزيك لە يەك بووين كە هاتينە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) ماوەى بيست شەو و رۆژ لەلاى ماينەوە، پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) زۆر نەرم و نيان و ميهرەبان بوو، كاتێك زانيى تاسەى كەسوكارمان دەكەين، سەبارەت بە كەسوكارمان پرسيارى لێكردين، ئێمەش وەڵاممان دايەوە، ئەويش فەرمووى (ارْجِعُوا إِلَى أَهْلِيكُمْ، فَأَقِيمُوا فِيهِمْ وَعَلِّمُوهُمْ وَمُرُوهُمْ - وَذَكَرَ أَشْيَاءَ أَحْفَظُهَا أَوْ لاَ أَحْفَظُهَا - وَصَلُّوا كَمَا رَأَيْتُمُونِي أُصَلِّي، فَإِذَا حَضَرَتِ الصَّلاَةُ فَلْيُؤَذِّنْ لَكُمْ أَحَدُكُمْ، وَلْيَؤُمَّكُمْ أَكْبَرُكُمْ)،[57] (بگەڕێنەوە بۆ نێو كەسوكارتان و لەنێوياندا بمێننەوەو دينيان فێر بكەن و هانيان بدەن ئەو شتە و فڵانە شت بكەن –بڕێك شتى فەرموو كە بيرم ماوە يان بيرم نەماوە- بەو چەشنە نوێژ بكەن كە بينيتان من دەيكەم، هەركات كاتى نوێژ هات، با يەكێكتان بانگتان بۆ بدات، با گەورەيەكيشتان بەرنوێژيتان بۆ بكات).
ئەگەر تەنها زانايان و زانستخوازان بانگەوازيان بكردايە، ئەو كارە بەرز و بەنرخە پەك دەخرا، چونكە زانايان و زانستخوازان لە كۆمەڵگەدا كەمينەن، ئەگەر وابوايە، فەرمان بە چاكە و رێگريى لە خراپە لە كۆمەڵگەدا و بانگەوازى كەسانى ناموسڵمان، لە بازنەيەكى تەسك و سنوورداردا دەمايەوە.
ئەو كەسەى زانستى لا نيە، بە بەكارهێنانى چەندين پێناوى بەردەست، بانگەوازى خەڵك دەكات بۆ شوێنكەوتنى پێغەمبەران و زانايان، وەك خواى گەورە سەبارەت بە بەسەرهاتى پياوەكەى ناو سوورەتى ياسين دەفەرموێت (وَجَاءَ مِنْ أَقْصَى الْمَدِينَةِ رَجُلٌ يَسْعَى قَالَ يَا قَوْمِ اتَّبِعُوا الْمُرْسَلِينَ، اتَّبِعُوا مَنْ لَا يَسْأَلُكُمْ أَجْرًا وَهُمْ مُهْتَدُونَ)،[58] (پیاوێک لەو سەرى شارەوە بە هەڵە داوان بۆ لاى خەڵکەکە هات، وتى: ئەى هۆزەکەم! بکەونە دواى ئەو پەیامبەرانە بۆ لاى ئێوە ڕەوانە کراون، پەیڕەوى ئەوانە بکەن کە تەنانەت کەمێ کرێیشیان لێ ناوێن بۆ راگەیاندنى بەرنامەکەى خوا، خۆیشیان شارەزاو رێنموونى کراون بۆ رێى راست).
دەى با هەركام لە ئێمە، بەپێى ئەو زانست و كات و توانا و سامانەى هەيەتى، دەستپێشخەريى بكات لە بڵاوكردنەوەى چاكەدا.
گومانى ئەوەى گوايە زۆربەى خەڵك فەوتاون
فوضەيلى كوڕى عياض رەحمەتى خواى لێ بێت، دەڵێت: لە رێگەكانى رێنموونى مەترسە، لەبەرئەوەى خەڵكەكەى كەمن، بە زۆريى مالوێران و لەناوچوانيش هەڵمەخەڵەتێ.[59]
ئەگەر بانگخوازێك شتێك بڵێت و خەڵكى شوێنى نەكەوتن، چى روودەدات؟ خواى گەورە دەفەرموێت (فَإِنْ تَوَلَّوْا فَقُلْ حَسْبِيَ اللَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَهُوَ رَبُّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ)،[60] (ئینجا ئەگەر بەهاتنەکەت بەهرەمەند نەبوون، دڵ زویر مەبەو بڵێ: من هەر خوام بەسە، بێ لەو خوایە هیچ پەرستراوێک نییە شیاوى پەرستن بێت، هەر بەویش پشت دەبەستم و هەر ئەویشە خاوەن و پەروەردگارى عەرشى گەورە).
ئەگەر بانگخواز دڵى تەنگ بوو چى بكات؟ خواى گەورە دەفەرموێت (وَلَقَدْ نَعْلَمُ أَنَّكَ يَضِيقُ صَدْرُكَ بِمَا يَقُولُونَ، فَسَبِّحْ بِحَمْدِ رَبِّكَ وَكُنْ مِنَ السَّاجِدِينَ، وَاعْبُدْ رَبَّكَ حَتَّى يَأْتِيَكَ الْيَقِينُ)،[61] (بەڕاستیى ئێمە دەزانین کە تۆ لەقسەى ناپەسەندى ئەوانە سنگ و دڵت تەنگ دەبێ جا تۆیش بۆ لابردنى ئەو ناڕەحەتیى و دڵتەنگییە، هەر شوکرى پەروەردگارى خۆت بکە و هەردەم لە کڕنووشبەران بە و هەمیشە پەروەردگارى خۆت بپەرستە، تا ئەوکاتەى یەقین (مەرگ)ت بۆ دێت).
پرسيار كرا لە سوفيانى ثەورى رەحمەتى خواى لێ بێت: ئايا كەسێك كە بزانێت قسەى لێ وەرناگيرێت، قسەى خۆى بكات بۆ ئەو خەڵكە؟ وتى: بەڵێ، هەتا ئەوە ببێتە پۆزشێك بۆ خۆى لەلاى خوا.
ئەگەر خەڵكى موسڵمان نەبوون، چارەسەر ئەوەيە بانگخواز زياد بكەين و پێداچوونەوە بە خۆماندا بكەين و جوانتر و چاكتر پەيامەكە بگەيەنين، بەهرە و توانا و خۆڕاگرى و ورەبەرزيى و بەرگەگرتنمان زياتر بكەين.
ورەبەرزيى
لە گەورەترين هۆكارەكانى بردنەوەو سەركەوتن، بريتيە لە ورەبەرزيى و بێهيوانەبوون و خۆبەدەستەوە نەدان.
دوو جۆر خەڵك هەن، بزانە تۆ لە كاميانيت:
يەكەم: كەسێك تووشى بێهيوايى و بێ ئومێدى دەبێت و هێز و تواناكانى دادەڕمێن و لە خەفەتدا چاوەكانى فرمێسك دەڕێژن، ئەم جۆرە كەسانە ورەيان لاوازە و هەميشە شكست هاودەميانە.
دووەم: كەسێك كاتێك لە سەرەتاوە تووشى شكست دەبێت، جار دواى جار هەوڵ دەدات و ئەو شكستە هێز و سووربوونى لەسەر درێژەدان بە رێگەكە زياتر دەكات، بەوپەڕيى توانا و سووربوونەوە، هەموو لەمپەرەكان تێدەپەڕێنێت و هەموو بەربەستەكان تێكدەشكێنێت، ئەمانە كەسانى ورەبەرزن.
دەى براى بانگخواز، لەم ئايەتە رابمێنە (وكفى بربك هاديا و نصيرا)، (خوات بەسە رێنموونيكەر و سەرخەرت بێت)، بۆيە دڵنيابە كە هەتا لەگەڵ خوا بيت، سەركەوتن هاودەمت دەبێت، خواى گەورە خۆى رێنموونيت دەكات و سەرت دەخات، ئيتر خەفەت و سەركۆنە بۆچى؟! تەمبەڵيى و ساردوسڕيى بۆچى؟!
دەستەوسان مەبە و خۆت بەدەستەوە مەدە، ورياى ئەو دەردە بە، چونكە لەناوبەرە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) دەفەرموێت (احْرِصْ عَلَى مَا يَنْفَعُكَ، وَاسْتَعِنْ بِاللهِ وَلَا تَعْجَزْ)،[62] (سووربە لەسەر ئەوەى كە سوودت پێ دەگەيەنێت، پشت بە خوا ببەستە و دەستەوسان مەبە و خۆت مەدە بەدەستەوە)، خودى پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) پەناى دەگرت بە خوا لە تەمبەڵى و دەستەوسانى و خۆبەدەستەوەدان.
بزانە خواى گەورە چۆن سەركۆنەى ئەو كەسانە دەكات كە خوويان داوەتە دنيا و خۆشيەكانى و پشتيان هەڵكردووە لە رۆژى دوايى و خۆشى و بەخششەكانى (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا مَا لَكُمْ إِذَا قِيلَ لَكُمُ انْفِرُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ اثَّاقَلْتُمْ إِلَى الْأَرْضِ أَرَضِيتُمْ بِالْحَيَاةِ الدُّنْيَا مِنَ الْآَخِرَةِ فَمَا مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا فِي الْآَخِرَةِ إِلَّا قَلِيلٌ، إِلَّا تَنْفِرُوا يُعَذِّبْكُمْ عَذَابًا أَلِيمًا وَيَسْتَبْدِلْ قَوْمًا غَيْرَكُمْ وَلَا تَضُرُّوهُ شَيْئًا وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ، إِلَّا تَنْصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللَّهُ)،[63] (ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە! چیتانە کەپێتان دەگوترێ: بچنە جیهاد لەڕێی خوادا لەشگران و تەمەڵن و، بەزۆر خۆ دەنووسێنن بەزەوییداو، دواى پێغەمبەر ناکەون، ئاخۆ لەبەر ئەوەبێ کەژیانی ئەم دونیایەتان لە قیامەت پێ باشتربێ ؟ جا ئەر لەبەر ئەوەبێت، خۆ ژیانی ئەم دونیایە لەچاو ژیان و گوزەرانی دوا ڕۆژ، شتێکی زۆرکەم و بێ بایەخە ئەگەر گشت بەجارێ بەرەو مەیدانی جیهاد لەگەڵ پەیامبەردا دەرنەچن، خوا سزایەکی ئێش پێگەیەنەرتان ئەداو، دوژمنیش زاڵ ئەکات بەسەرتانا و ئێوە لادەباو خەڵکێکی تر دەخاتە جێگاتان، خۆ بە دواکەوتنیشتان لە جیهاد ناتوانن بەرهەڵستى بووەستن و، هیچ جۆرە زیانێکی پێبگەیەنن وە خواش بەسەر هەمووشتێکدا بەتوانایە، ئەگەر ئێوە یارمەتی پەیامبەر نەدەن و، لەگەڵی نەچن دڵنیابن خوا یارمەتی دەدا، هەر چۆن یارمەتیدا).
كەسى ورەبەرز، هيچكات رێ نادات بە مردنى خۆى، چاكەكانى بە كۆتا بگەن.
كەسى ورەبەرز بە كەم رازى نابێت و تەنها بەرزى و بڵنديى لا پەسەندە، لە لووتكەكاندا نەبێت، رازى نابێت لە نزميەكاندا بژى.
نەرمونيانيى، پۆشاكى جوانيى بانگخوازە
خواى گەورە دەفەرموێت (فَبِمَا رَحْمَةٍ مِنَ اللَّهِ لِنْتَ لَهُمْ وَلَوْ كُنْتَ فَظًّا غَلِيظَ الْقَلْبِ لَانْفَضُّوا مِنْ حَوْلِكَ فَاعْفُ عَنْهُمْ وَاسْتَغْفِرْ لَهُمْ وَشَاوِرْهُمْ فِي الْأَمْرِ فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُتَوَكِّلِينَ)، (بەهۆى رەحمەت و بەزەیى ومیهرەبانى خواوەیە، تۆ ئەى پێغەمبەر! ئەوەندە نەرم و نیان بووى لەگەڵیان، خۆ ئەگەر کەسێکى تووڕەو قسە ڕەق و دڵ رەق باى، دەوروبەریان چۆڵ دەکردی و لێت دوور دەکەوتنەوە، دەسا تۆ ئازار و هەڵەکانیان ببەخشە و داواى لێخۆشبوونيان بۆ بكە و لە كاروباردا راوێژيان پێ بكە، هەركات نيەتى ئيش و كارێكت هەبوو و بڕيارت لەسەر دا، پشت بە خوا ببەستە، بەراستى خواى گەورە، ئەو كەسانەى خۆش دەوێت كە پشت بە خوا دەبەستن).
تەنانەت پێغەمبەرى خوا (صلى الە عليە وسلم) كە چاكترينى مرۆڤايەتييە، ئەگەر کەسێکى تووڕەو قسە ڕەق و دڵ رەق بوايە، ئەو خەڵكە لەدەستى راياندەكرد، مرۆڤەكان، بەديهێنراوى سۆزدارن و وتەى جوان راياندەكێشێت و تانە و زبريى و سەركۆنە، وايان لێ دەكات دوور بگرن.
زانايانى كۆن و ئێستايش دانيان بەوەدا ناوە كە بانگەواز بۆ لاى خوا بەرپرسيارێتى هەموو موسڵمانێكە لە هەردوو رەگەزى نێر و مێ
حوكمى بانگەواز
زانايان راجييان هەيە سەبارەت بە واجببوونى بانگەواز بۆ لاى خوا، ئايا فەڕزى عەينە يان فەڕزى كيفايەيە؟ هەيانە پێى وايە فەرزى عەينە لەسەر هەر موسڵمانێك لە هەردوو رەگەز، بۆ ئەمەش بەڵگەى ناو قورئان و سوننەت دەهێننەوە، ئەگەر ئەمڕۆش بانگەوازى رێى خوا فەرزى عەين نەبێت لەكاتێكدا هەموو گەلان هەڵيانكوتاوەتە سەرمان و ژمارەى ئەوانەى دەستيان داوەتە بانگەواز زۆر كەمە، ئيتر ئەبێت كەى فەڕزى عەين بێت؟ هەشيانە پێى وايە فەرزى كيفايەيە.
بێگومان بانگەوازى رێى خوا واجبە لەسەر هەر موسڵمانێكى نێر و مێ، هەركەسەو بەپێى زانست و تواناى خۆى، هەتا هەموو دين بۆ خوا بێت و پەيامى خواش باڵا بێت.
بانگەواز بەرپرسيارێتيى هەموو ئوممەتە، هاوكات پێويستيى هەموو ئوممەتيشە، چونكە بانگەواز لە گەورەترين هۆكارەكانى رێنموونيى و زيادبوونى ئيمان و زۆربوونى كردەوەيە.[64]
هەندێكيان تاوانبارن ئەگەر بانگەواز نەكەن، جا چەند زانستخواز هەن كە ماڵ و سامانى موسڵمانانيان بۆ خەرج كراوەو زانست و بەهرەيەكى زۆريان هەيە، كەچى دواتر بە بيانووى گەڕان بە دواى رۆزيى و ژياندا، واز لە بانگەواز دەهێنن، بەڵێ، راستە ئەوان پێويستيان بەوەيە بە دواى رۆزيى و ژياندا بگەڕێن، بەڵام نەوەك هەموو توانا و هێز و وزەيان لەوەدا خەرج بكەن، با نيوەى كات و سامانيان بۆ بانگەواز دابنێن، چەند موسڵمان هەن كە سامانيان لايە و لە هەموو شتێكدا خەرجى دەكەن لە بانگەوازدا نەبێت.
پێگەى بانگەواز
شێخ موحەممەدى كوڕى ئيبراهيمى توەيجيرى سەبارەت بە پێگەى بانگەواز دەڵێت: بانگەواز بۆ لاى خوا، ئامانجى خوا لە بەديهێنانى بەديهێنراواندا دێنێتەدى، ئەويش پەرستشى خواى تاك و تەنهاى بێ هاوەڵە، بۆيە بانگەواز دايكى كردەوەكانە، بەهۆى بانگەوازەوە فەرز و سوننەت و رەوشتەكان دەبووژێنەوە، بەڵكو هەموو دين لە هەموو جيهاندا دەبووژێتەوە، بانگەواز بۆ لاى خوا لە گەورەترين پيشەكانە، پەرستشيش گەورەترينى كردەوەكانە، پيشەى بانگەواز بۆ لاى خوا وەك پيشەى پادشا وايە، پيشەكانى تريش وەك پيشە خوارترەكانى وەك كرێكارى و كارگوزارى وان، زۆركەس هەن سەرقاڵن بە كارگوزارييەوە و وازيانهێناوە لە پيشەى پێغەمبەران كە بريتيە لە بانگەوازى رێى خوا و فەرمان بە چاكە و رێگريى لە خراپە و ئامۆژگاريكردنى هەر موسڵمانێك.
لە مێژووى مرۆڤايەتيدا بيستووتانە رێزدارييەك هەبێت زياتر لە رێزداريى بانگخواز؟
پێگەيەكتان بينيوە بگاتە پێگەى بانگەواز؟
ئەگەر وەڵامەكە نەخێرە، دەى گەنجان، دڵسۆزانە و راستگۆيانە رێى بانگەواز بگرنەبەر با پاداشت و رێز و گەورەيى و بڵنديى لە پێگەيەكى بەرزى لاى پەروەردگار بەدەست بهێنن، لەگەڵ پێغەمبەران و راستگۆيان و شەهيدان و پياوچاكاندا بن، هاوەڵيى ئەوانەش چاكترين هاوەڵييە.
سزاى وازهێنان لە بانگەوازى رێى خوا
پاش ئەوەى باسى فەزڵ و گەورەيى كارى بانگەوازيمان خستەڕوو، پێويستە سزا و سەرەنجامى وازهێنان لە بانگەواز، وەبيرخۆمان بهێنينەوە، چونكە خواى گەورە هەڕەشەى سزاى لەو كەسانە كردووە كە ساردوسڕيى دەنوێنن لە بەجێگەياندنيدا.
حوذەيفەى كوڕى يەمان رەزاى خواى لێ بێت، لە پێغەمبەرى خواوە (صلى اللە عليە وسلم) دەگێڕێتەوە كە دەفەرموێت (وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ لَتَأْمُرُنَّ بِالمَعْرُوفِ وَلَتَنْهَوُنَّ عَنِ المُنْكَرِ أَوْ لَيُوشِكَنَّ اللَّهُ أَنْ يَبْعَثَ عَلَيْكُمْ عِقَابًا مِنْهُ ثُمَّ تَدْعُونَهُ فَلَا يُسْتَجَابُ لَكُمْ)،[65] (سوێند بەوەى گيانمى بەدەستە، فەرمان بە چاكە دەكەن و رێگريى لە خراپە دەكەن، يان خەريكە خواى گەورە لاى خۆيەوە سزايەك بنێرێت بۆ سەرتان، ئينجا لێى بپاڕێنەوەو وەڵامتان نەدرێتەوە).
ئەمە واتە ئەو بەربەستانەى دێنە بەردەم گيرابوونى نزاكانمان، بريتين لە وازهێنان لە فەرمان بە چاكە ورێگريى لە خراپە، وەك چۆن پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) دەفەرموێت (مُرُوا بِالْمَعْرُوفِ، وَانْهَوْا عَنِ الْمُنْكَرِ، قَبْلَ أَنْ تَدْعُوا فَلَا يُسْتَجَابَ لَكُمْ)،[66] (فەرمان بكەن بە چاكە و رێگريى بكەن لە خراپە، پێش ئەوەى بكەونە نزاكردن و وەڵامى نزاكانتان نەدرێتەوە).
بابەتەكە زۆر گەورەيە و دڵ دەلەرزێنێت، كەشتيى كۆمەڵگە چۆن ژێرئاو ناكەوێت ئەگەر وازبهێنين ئەوانەى خوارەوە لە قاتەكەى خۆيانەوە كونێك بكەنە كەشتيەكە، بە بيانووى ئەوەى ئازادييەكى تاكەكەسييە، ئەگەر رێ بدەين، ئەوكات هەموو ئەوانەى لەسەر كەشتيەكەن، لەناودەچن، بەڵام ئەگەر ئەوانەى سەرەوە رێگريى بكەن لەو كارەى ئەوانەى خوارەوەو وەك ئازادييەكى تاكەكەسيى تەماشاى نەكەن، ئەوكات هەموان رزگار دەبن.
گەورەترين پيشە و گەورەترين سزا
بانگەواز بۆ لاى خوا گەورەترين پيشەيە، وازهێنانيش لە بانگەواز، گەورەترين سزاى هەيە، سزاكانى وازهێنان لە بانگەواز زۆرن، لەوانەش:
يەكەم: گۆڕين: خواى گەورە دەفەرموێت (وَإِنْ تَتَوَلَّوْا يَسْتَبْدِلْ قَوْمًا غَيْرَكُمْ ثُمَّ لَا يَكُونُوا أَمْثَالَكُمْ)،[67] (ئەگەر لەم دینە پشت هەڵ بکەن، خواى گەورە ئێوە دەگۆڕێ بە قەوم و گەلێکى تر، ئەوسا ئەوانیش وەک ئێوە نابن).
دووەم: نەفرەت و بێبەشبوون لە رەحمەتى خوا:
خواى گەورە دەفەرموێت (لُعِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْ بَنِي إِسْرَائِيلَ عَلَى لِسَانِ دَاوُودَ وَعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ ذَلِكَ بِمَا عَصَوْا وَكَانُوا يَعْتَدُونَ، كَانُوا لَا يَتَنَاهَوْنَ عَنْ مُنْكَرٍ فَعَلُوهُ لَبِئْسَ مَا كَانُوا يَفْعَلُونَ)، (لەسەر زمانى (داود)و (عیساى کوڕى مریەم)، نەفرین و نەعلەت، لەو (بەنى ئیسرائیل)ـە کافرو بێ باوەڕانە کرا، چوون ئەوانە لەسنوور دەرچوون و پیشەیان هەر دەستدرێژى بوو و نەریتیشیان وابوو رێیان نەدەگرت لەوخراپەو تاوانانە دەیانکرد، ئاى چ کارێکى زۆر خراپیان کرد).
سێيەم: رق و كينە و دژايەتى:
خواى گەورە دەفەرموێت (وَمِنَ الَّذِينَ قَالُوا إِنَّا نَصَارَى أَخَذْنَا مِيثَاقَهُمْ فَنَسُوا حَظًّا مِمَّا ذُكِّرُوا بِهِ فَأَغْرَيْنَا بَيْنَهُمُ الْعَدَاوَةَ وَالْبَغْضَاءَ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ وَسَوْفَ يُنَبِّئُهُمُ اللَّهُ بِمَا كَانُوا يَصْنَعُونَ)،[68] (هەروەها پەیمانمان لەوانەش وەرگرت گوتیان: ئێمە نەساراین، بۆئەوە یارمەتیدەری ئاینی خوابن، کەچى ئەو بڕیارو ئامۆژگاریە کرابوون زۆرێکیان لەبیرکرد، ئینجا ئێمەیش تا ڕۆژی بەرێ دوژمنایەتی و ڕکە بەرایەتیمان لە نێوانیاندا بەرپاکرد، لەخوا ئاگاداریان ئەکات لەو کارانەى ئەیانکرد).
چوارەم: لەناوچوون و ماڵوێرانى:خواى گەورە دەفەرموێت (فَلَمَّا نَسُوا مَا ذُكِّرُوا بِهِ فَتَحْنَا عَلَيْهِمْ أَبْوَابَ كُلِّ شَيْءٍ حَتَّى إِذَا فَرِحُوا بِمَا أُوتُوا أَخَذْنَاهُمْ بَغْتَةً فَإِذَا هُمْ مُبْلِسُونَ، فَقُطِعَ دَابِرُ الْقَوْمِ الَّذِينَ ظَلَمُوا وَالْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ)،[69] (جا کە ئەو هەموو ئامۆژگاریەیان لەبیر خۆبردەوە کە لەسەر زمانى پەیامبەران کرابوون، ئێمەیەش بۆ خەفڵاندنیان دەروازەى هەموو خێرێکمان بۆ والآکردنەوەو ڕزق و رۆزییەکى فرەمان ڕشت بەسەریانداو، ئەوانیش خۆشیى و نیشوە گرتنى هەتا بەوماڵ و منداڵەى پێماندابوون، دەعیەو فیزگرتنیى و لەرێى راست لایاندا، ئەوسا ئێمەیش کتوپڕێک قارمان لێگرتن و، ئەوانیش لەوهەموو خۆشگوزەرانیە بێ هیوا و ناهۆمێد بوون، ئینجا ئەوانەى کە ناهەقیى وستەم پیشەیان بوو، هەموو خێرو خۆشیەکیان لەکیس چوو و دوا بڕاوبوون، سوپاس و ستایشى بێ پایانیش بۆخواى پەروەردگارى جیهانەکان).
پێنجەم: جياوازى و دووبەرەكى و سزاى دنيا و دواڕۆژ:
خواى گەورە دەفەرموێت (وَلْتَكُنْ مِنْكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ، وَلَا تَكُونُوا كَالَّذِينَ تَفَرَّقُوا وَاخْتَلَفُوا مِنْ بَعْدِ مَا جَاءَهُمُ الْبَيِّنَاتُ وَأُولَئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ)،[70] (پێویستە هەمیشە کۆمەڵ ودەستەیەک لەئێوە ببێت ئەی موسڵمانان! مەردم بۆ رێى خێرو چاکە بانگ بکەن وفەرمان بەچاکە بدەن و ڕێ لەخراپە بگرن، دیارە ئەوانەن سەرفرازو بەختیار، ).
ئەگەر ئوممەتێك واز لە بانگەوازى رێى خوا بهێنن، تووشى سێ ئافەت و مەينەتيى دەبن:
يەكەم: گرنگيدان بە دنيا و پشتگوێخستنى رۆژى دوايى.
دووەم: خەرجكردنى ماڵ و سامان و كات و بيرۆكەى دوور لە بەرژەوەنديى دين.
سێيەم: پێشەنگيكردن بە بێباوەڕانەوە لە رێڕەوى ژياندا و فێربوون لەوانەوە و گواستنەوەى رێڕەوى ژيانى بێباوەڕان بۆ نێو وڵاتى موسڵمانان.
ئەگەر بانگەوازى رێيى خوا بەرپاكرا، سەرجەم دەرگاكانى خێر و چاكە دەكرێنەوە، بەمەش ئيمان و كردەوەى چاك دەچێتە نێو ژيانى خەڵكەوە، رەوشتە جوانەكانى خۆڕاگريى و لێبوردەيى و چاكە و ميهرەبانى، لە ژيانياندا دەردەكەون، بێباوەڕان دێنە ناو ئيسلامەوەو سەركەشانيش خوو دەدەنە گوێڕايەڵيى خوا.
ئەگەر وازبهێنين لە بانگەوازى رێى خوا، هەموو دەرگاكانى خراپەمان بە روودا دەكرێنەوەو هەرچى خراپەيە دێتە ناومان و چى چاكەيەكيش هەيە، دەڕوات.
هەركات ئيمان و كردەوەى چاك و رەوشتى جوان لەنێوماندا نەما، لەبرى ئەوە كوفر و كردارى خراپ و رەوشتى ناپەسەند جێى دەگرێتەوە، پاشان لە كۆتاييشدا خەڵكى بە شەپۆل لە ئايينى خوا دەچنە دەرەوە، وەك چۆن لە سەرەتاوە بە شەپۆل هاتنە نێو ئيسلامەوە، ئەوە سوننەتى خوايە و هەرگيزيش سوننەتى خوا ناگۆڕدرێت.
هەموو موسڵمانێك بەرپرسەو دواتر خواى گەورە لەسەر كارى تاكەكەسى كە پەرستشە، لێپێچينەوەى لەگەڵ دەكات، هەروەها لەسەر كارى بەكۆمەڵيش كە بانگەوازە بۆ رێى خوا، لێپێچينەوەى لەگەڵ دەكات، خواى گەورە لە رۆژى دواييدا لە بانگخواز و بانگهێشتكراويش دەپرسێتەوە ئايا لە ژيانى دنيادا چييان كردووە.
خواى گەورە دەفەرموێت (فَلَنَسْأَلَنَّ الَّذِينَ أُرْسِلَ إِلَيْهِمْ وَلَنَسْأَلَنَّ الْمُرْسَلِينَ، فَلَنَقُصَّنَّ عَلَيْهِمْ بِعِلْمٍ وَمَا كُنَّا غَائِبِينَ، وَالْوَزْنُ يَوْمَئِذٍ الْحَقُّ فَمَنْ ثَقُلَتْ مَوَازِينُهُ فَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ، وَمَنْ خَفَّتْ مَوَازِينُهُ فَأُولَئِكَ الَّذِينَ خَسِرُوا أَنْفُسَهُمْ بِمَا كَانُوا بِآَيَاتِنَا يَظْلِمُونَ)،[71] (دڵنیابن لەو کەسانە پەیامبەرانیان بۆ هاتووە دەپرسینەوەو دەڵێین: ئاخۆ کاتێ بەرنامەی خواتان پێ ڕاگەیەنرا لەلایەن پێغەمبەرانەوە وە لە پێغەمبەرەکانیش دەپرسین: ئەرێ بەرنامەکەی خواتان گەیاند..؟ ئینجا بە ڕاستیی سەرلەبەر چییانکردووە بێ زیادو کەم وەک خۆی بۆیان ئەگێڕێنەوە قەتیش ئێمە لێیان بێ ئاگاو نادیار نەبوین وە کێشانەو لێکدانەوەی کاروکردەوەی گشت ئەو خەڵکانە، لەو رۆژی قیامەتەدا بەڕاستیی و دادگەرانە دێتە پێش و، ستەم لەهیچ کەسیش ناکرێت، ئینجا هەر کەسێک تای تەرازووی کردەوەکانی گران و قورس بێت لاى خوا دیارە هەر ئەوانە بەختیار و سەرکەوتوو سەرفرازن، کەسێکیش کە تای تەرازووی کاروکرداری سووک و بێ بەهابوو ئەوانەش، ئەوانەن کە زیانیان بە خۆ گەیاندو خۆیان فەوتاند، چونکە لە بەرامبەر ئایەت و نیشانەکانی ئێمەوە ستەمیان کردو، ڕوویان لێوەرگێڕان).
هەروەها دەفەرموێت (وَالْعَصْرِ (1) إِنَّ الْإِنْسَانَ لَفِي خُسْرٍ (2) إِلَّا الَّذِينَ آَمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ (3))، (سوێند بە کات و رۆژگار کە چەندە گرنگ و بە نرخە بەڕاستیى هەرچى ئادەمیزاد هەیە بە تایبەت ئەوانەیان کە تەکلیفیان لەسەرە لە زیانێکى گەورەدایە جگە ئەوانەى بڕوایان هێناوە و کارە چاکەکانیان کردووە و وەسیەتیان بۆ یەکتر کردووە بە هەق و وەسیەتیان بۆ یەکتر کردووە بە صەبرو خۆڕاگریى لەسەر هەق و ئایینى خوا).
لەمڕۆدا ئوممەتى ئيسلاميمان ئوممەتێكى بێهێز و بێدەسەڵاتە و كراوەتە ئامانج، هەموو گەلان سەريان تێكردووە، وەك چۆن دەستەيەك سەردەكەنە سەر خواردنێك، هۆكارەكەشى كەمتەرخەميى موسڵمانانە لە بوارى فەرمان بە چاكە، بەمەش تاوان و نەفاميى بڵاوبوويەوە.
كێ ئەوەى بۆ خۆى پێ خۆشە كە لە سيفەتى ئەو باوەڕدارانە داماڵرێت كە فەرمان دەكەن بە چاكە و رێگريى دەكەن لە خراپە؟! بێگومان هيچ موسڵمانێكى ژير ئەوەى بۆ خۆى پێ خۆش نيە.
زاناى پايەبەرز حەمد بن عەتيق دەڵێت: ئەگەر قەدەر وابێت پياوێك بەرۆژ بەڕژوو بێت و بە شەويش شەونوێژ بكات و بەرامبەر هەموو دنيا زوهد بگرێتەبەر، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر خوا تووڕە نەبێت و لەپێناو خوادا دەموچاوى تێك نەچێت، جارێك چوون جاران لەبەر خوا سوور هەڵنەگەڕێت، فەرمان نەكات بە چاكە و رێگريى نەكات لە خراپە، ئەوە ئەو پياوە لاى خوا لە بێزراوترين كەسەكانە و ئاييندارييەكى زۆركەمى هەيە، كەسانێك كە تاوانى گەورەيان كردووە، لاى خوا حاڵيان لەو كەسە باشترە.[72]
ئيبنولقەييم رەحمەتى خواى لێ بێت دەڵێت: چ ديندارى و خێرێك لەو كەسانەدايە كە دەبينين سنوورى خوا دەبەزێنرێت و واز لە ئايينەكەى دەهێنرێت و دەستبەردارى سوننەتەكەى دەبن، كەچى ئەمان لەولاوە دڵسارد و زمان بەستراو چەشنى شەيتانێكى لاڵ بێدەنگ دەبن، وەك چۆن ئەوەى قسەى پووچ دەكات شەيتانێكى قسەكەرە، مەگەر نەگبەتى دين هەر لەوانەوە نيە كە ئەگەر خۆراك و پلەو پايەيان پارێزراو بێت، ئيتر هيچ باكێكيان نيە بەوەى چى بەرامبەر بە دين دەكرێت؟! .. ئەوانە وێڕاى ئەوەى لە چاوى خواوە بە كەوتوو هەژمار دەكرێن و خەشمى خوا دەيانگرێتەوە، لە دنياشدا تووشى گەورەترين نەگبەتى دەبنەوە، بەڵام هەستى پێ ناكەن، چونكە دڵ مردون، هەركات دڵ لە ژيانێكى باشدا بوو، تووڕەبوونى بۆ خوا و پێغەمبەرەكەى بەهێزتر و سەرخستنى دين بە كامڵتر دەگرێت.[73]
ئوممەتى ئيسلامى تەنها كاتێك خێرى تێدا دەمێنێتەوەو گەورەيى و رێزداريى و شكۆمەندى و براوەيى خۆى بۆ دەگەڕێتەوە كە ژن و پياو و سەرجەم ئەندامانى، هەريەكەو بەپێى تواناى خۆى دەست بدەنە بڵاوكردنەوەى چاكە، بە ئەنجامدانى ئەمەو پێشبڕكێ كردن لەم بوارە و پێشخستنى رەزامەنديى خوا بەسەر دنيادا و خووگرتن بە حەق و راستى و هاوكارى يەكدى لەو بوارەدا، هەريەكەو بەپێى ئەو بارودۆخەى تيايدايە، رەزامەندى خوا و دەستبردن بۆ چاكە و دوورخستنەوەى خراپە بگرێتەبەر، بەم چەشنە ئوممەت دەگەڕێتەوە بارى دروستى خۆى.
بەڵام بە خەڵەتان بە دنيا و جوانيەكانى و بێئاگابوون لە خوا و وازهێنان لە فەرمان بە چاكە و رێگريى لە خراپە، زەليلى و سەرشۆڕيى و ئابڕووچوونى دنيا و دواڕۆژمان تووش دەبێت، خەم و خەفەت و نەمانى بەرەكەت و تووشبوون بە ئافەت و نەگبەتيى دێتەڕێمان.
رەحمەتى خوا لەو كەسەى هاوكارە بۆ سەرخستنى دين ئەگەر بە نيو وشەش بێت، وازهێنانى بەندە لەو بەشە توانايەى كە هەيەتى لە بانگەوازكردن بۆ ئيسلام، فەوتان و لەناوچوونى بەدواوەيە.[74]
بانگخواز كێيە؟
بانگخواز كەسێكە كە بزەيەك يان ديارييەك ياخود كتێبێك يان زانستێك دەبەخشێت بە كەسيێكى نەشارەزا، يان فەرمان دەكات بە چاكەيەك و رێگريى دەكات لە خراپەيەك، ياخود وتەيەك پێشكەش دەكات، تۆمارێكى دەنگيى يان رەنگى لە پێناوەكانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانەوە دەنێرێت، هەموو ئەمانە ئەگەر نيەتى بانگەوازى لەگەڵ بێت، ئەو كەسە دەبێتە بانگخواز، ئەوەش فەزڵى خوايە و خواى گەورە بە هەركەسێكى دەدات كە خۆى بيەوێت، فەزڵى خواش زۆر گەورەيە (ذَلِكَ فَضْلُ اللَّهِ يُؤْتِيهِ مَنْ يَشَاءُ وَاللَّهُ ذُو الْفَضْلِ الْعَظِيمِ).
هەڵوەشێنەرەوەكانى بانگەواز
وەك چۆن ئيسلام چەند هەڵوەشێنەرەوەيەكى هەيە، بانگەوازيش بە هەمان شێوە چەند هەڵوەشێنەرەوەيەكى هەيە، لەوانە:
رووپامايى و تێرخواردن لە دنيا بەسەر دينەوەو فرۆشتنى فەرمايشتى خوا و پێغەمبەرەكەى بەرامبەر بە حەقدەستێك، بانگەوازكردن بۆ خود و حەزى ناوبانگ پەيداكردن، بانگەوازكردن بۆ دەمارگيريى نەفامى و رەگەزپەرستيى، وەك ئەوەى كەسێك بانگەواز بكات بۆ حيزبێك يان تاقم و كۆمەڵێك و جگە لەوان بانگەواز لە كەسى تر وەرنەگرێت، لەكاتێكدا خواى گەورە فەرمانى پێكردوين بانگەواز بۆ خۆى بكەين و جگە لەو بانگەواز بۆ كەسى تر نەكەين.
هەركەس واز لە بنەڕەتەكانى بانگەواز بهێنێت و بە ئارەزووى خۆى بانگەواز بكات، تووشى چەندين ئافەت و مەينەتيى دەبێت، لەوانە: پياهەڵدانى خود و سەرسامبوون بە خۆ و خۆبەزلزانين و سووربوون لەسەر بەدەستهێنانى پۆست و ناوبانگ و بەكەم تەماشاكردنى كەسانى دى، وردبوونەوە لە كەموكورتى بانگخوازانى رێى خوا، پارە خەرجكردن بۆ تێركردنى ئارەزووەكانى و وازهێنان لە بەخشين لەپێناو ئيسلامدا، فەڕز و كارە چاكەكانى لەسەر سەخت دەبێت و خوو دەداتە موباحەكان، كات بەفيڕۆدانى لە ئارەزووبەسەر بردن و مشتومڕدا لا ئاسايى دەبێتەوە.
خواى گەورە دەفەرموێت (فَلَمَّا نَسُوا مَا ذُكِّرُوا بِهِ فَتَحْنَا عَلَيْهِمْ أَبْوَابَ كُلِّ شَيْءٍ حَتَّى إِذَا فَرِحُوا بِمَا أُوتُوا أَخَذْنَاهُمْ بَغْتَةً فَإِذَا هُمْ مُبْلِسُونَ، فَقُطِعَ دَابِرُ الْقَوْمِ الَّذِينَ ظَلَمُوا وَالْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ)، (جا کە ئەو هەموو ئامۆژگاریەیان لەبیر خۆبردەوە کە لەسەر زمانى پەیامبەران کرابوون، ئێمەیەش بۆ خەفڵاندنیان دەروازەى هەموو خێرێکمان بۆ والآکردنەوەو ڕزق و رۆزییەکى فرەمان ڕشت بەسەریانداو، ئەوانیش خۆشیى و نیشوە گرتنى هەتا بەوماڵ و منداڵەى پێماندابوون، دەعیەو فیزگرتنیى و لەرێى راست لایاندا، ئەوسا ئێمەیش کتوپڕێک قارمان لێگرتن و، ئەوانیش لەوهەموو خۆشگوزەرانیە بێ هیوا و ناهۆمێد بوون، ئینجا ئەوانەى کە ناهەقیى وستەم پیشەیان بوو، هەموو خێرو خۆشیەکیان لەکیس چوو و دوا بڕاوبوون، سوپاس و ستایشى بێ پایانیش بۆخواى پەروەردگارى جیهانەکان).
قۆناغەكانى بانگەواز بۆ لاى خوا
بانگەوازى پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) بە سێ قۆناغدا تێپەڕى:
يەكەم: قۆناغى گەياندن و بڵاوكردنەوە:
لەم قۆناغەدا پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) بانگەوازى كرد بۆ يەكخواپەرستى و ئيمان و پەرستنى خواى تاك و تەنهاى بێ هاوەڵ و وازهێنان لە بتپەرستى و خستنەڕووى بەسەرهاتى پێغەمبەرانى خوا لەگەڵ گەلەكانيان، بانگەوازكردن بۆ رەوشتە جوان و كردارە باڵاكان.
ئەم قۆناغە لە مەككەدا دەستيپێكرد و هەتا كاتى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) لە مەدينە بەردەواميى هەبوو، دواى خۆيشى، هاوەڵانى درێژەيان پێدا.
خواى گەورە دەفەرموێت (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِنَّا أَرْسَلْنَاكَ شَاهِدًا وَمُبَشِّرًا وَنَذِيرًا، وَدَاعِيًا إِلَى اللَّهِ بِإِذْنِهِ وَسِرَاجًا مُنِيرًا، وَبَشِّرِ الْمُؤْمِنِينَ بِأَنَّ لَهُمْ مِنَ اللَّهِ فَضْلًا كَبِيرًا، وَلَا تُطِعِ الْكَافِرِينَ وَالْمُنَافِقِينَ وَدَعْ أَذَاهُمْ وَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ وَكَفَى بِاللَّهِ وَكِيلًا)،[75] (ئەى پێغەمبەر! ئێمە تۆمان ناردووە بە مژدە دەرو ترسێنەر، واتە: بە شاهید لەسەر خەڵک، وە بە مژدە دەر بۆ بڕوادارەکان، وە بە ترسێنەریش بۆ بێ بڕواکان، خەڵکیش بانگ کەیت - بە فەرمانى خوا- بۆ یەکتاپەرستیى و بشبیتە چرایەکى نورانیى و ڕووناک بۆ خەڵکانى جیهان موژدەش بدە بە بڕواداران بەوەى کە: لە خواوە زیادە پاداشتێکى گەورەیان بۆ هەیە، هەرگیز گوێرایەڵ و بەر فەرمانى بێ بڕوایان و دوو ڕووەکان مەبە و گوێ مەدە بەو ئەزیەت و ئازارەى پێشت دێنن و لە تەواوى کاروباتا هەمیشە پشت بەخوا ببەستە، تەنها خواش بەسە پارێزەرو یاریدەدەر بێت).
دووەم: قۆناغى بنياد و دامەزران:
لەم قۆناغەدا پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) گرنگيى دەدا بەو هاوەڵانەى كە موسڵمان بووبوون، لە ماڵى ئەرقەم لە مەككە پەروەردەى دەكردن و بە ئيمان و رەوشتى بەرز و جوان، دەروونى پاك رادەگرتن، هەتا ئەو كاتەى تواناى ئەوەيان پەيداكرد كار بكەن بۆ دين و بانگەوازى بۆ بكەن، ئەوكات خواى گەورە مۆڵەتى پێدان كۆچ بكەن بەرەو مەدينە.
خواى گەورە دەفەرموێت (وَالسَّابِقُونَ الْأَوَّلُونَ مِنَ الْمُهَاجِرِينَ وَالْأَنْصَارِ وَالَّذِينَ اتَّبَعُوهُمْ بِإِحْسَانٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي تَحْتَهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا ذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ)،[76] (لە دەستەى یەکەمى پێشەنگى کۆچکەران و پشتیوانان و چاک پەیڕەوانى ئەوانیش خوا ڕازیى بوو لێیان و ئەوانیش لە خوا ڕازییبوون، بەدەر لەوەش چەندان باخ و بێستانى بۆ سازداون کە: بە بەر درەخت و کۆشکەکانییدا روبار گەلێ دەچێت بە هەتا هەتاییش تێیدا دەمێننەوە، هەر ئەوەیشە دەسکەوت و سەرفرازیى گەورەو بەنرخ).
سێيەم: قۆناغى دەسەڵات و پێداكوتان:
ئەم قۆناغە لەو كاتەوە بوو كە پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) و هاوەڵانى كۆچيان كرد بۆ مەدينە، لەوێ سەرجەم حوكمە شەرعيەكان دابەزين، ئەو كاتەى ئيمانى هاوەڵان كامڵ بوو و ئامادەيى ئەوەيان پەيداكرد بتوانن سەرجەم فەرمانەكانى خواى گەورە لە هەر بارودۆخێكدا بەجێبگەيەنن، كاتێك ئيمان و تەقوا و لەخواترسان و كردارى چاك لەنێوياندا دامەزرا، خواى گەورە دەسەڵات و پێداكوتانى لەسەرزەويدا پێدان و خيلافەتى ئيسلاميى لە مەدينەدا دامەزرا و ئيسلام بڵاوبوويەوە، پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) ئەمير و نێردراوانى خۆى دەنارد بۆ ناوچەكان هەتا بانگەواز بكەن بۆ لاى خوا و حوكم بە ئيسلام بكەن، دواى ئەوە پێغەمبەرى خوا (صلى اللە عليە وسلم) وەفاتى كرد.
خواى گەورە دەفەرموێت (وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آَمَنُوا مِنْكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُمْ فِي الْأَرْضِ كَمَا اسْتَخْلَفَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمُ الَّذِي ارْتَضَى لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُمْ مِنْ بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا يَعْبُدُونَنِي لَا يُشْرِكُونَ بِي شَيْئًا)،[77] (بێگومان خوا بەو کەسانەتان کە بڕوایان هێناوەو کارە چاک و جوانەکانیان ئەنجامداوە، بەڵێنیدا، لەم زەمینەدا بیانکا بە جێنشین و، کلیلى دەسەلآتدارى دونیایان تەسلیم بکا هەروەک چۆن موسڵمانانى پێش ئەوانى کردە جێنشین ئەو دین و ئایینەش خوا خۆى بۆى پەسەند کردوون، ڕیشە دارو سەقامگیرو سابت و دامەزراو دەکا بۆیان، وە ترس و بیمەکەشیان بۆ دەگوڕێ بە ئارامیى و ئاسوودەیى، ئیتر ئەوکاتە تەنها من بپەرستن و هیچ شتێکش نەکەنە هاوبەشم).
هەوڵ و تەقەلاى بانگخواز
هەوڵ و تەقەلاى بانگخوازى رێى خوا دابەش دەبێت بۆ دوو بەش:
يەكەم: هەوڵدان لەگەڵ خود:
ئەمەش بەوە دەبێت كە دەروون رابهێنيت لەسەر گوێڕايەڵيى خوا و پێچەسپاويى لەسەر پەرستش و گوێڕايەڵيى هەتا مردن.
خواى گەورە دەفەرموێت (وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ)،[78] (ئەوانەى لە پێناوی ڕەزامەندی ئێمەدا هەوڵ و کۆشش و جیهادیان کرد، ئەوە بێگومان ئێمەش ئەوان ڕێنمایی دەکەین بۆ رێگاکانى بەهەشت و گەیشتنیان بە ئێمە، بەڕاستی خوا بەردەوام لەگەڵ چاکەکاراندایە).
دووەم: هەوڵدان لەگەل دەوروبەر كە ئەميش سێ جۆرە:
أ: هەوڵدان لەگەڵ بێباوەڕ بەو هيوايەى رێنموونيى وەربگرێت، وەك خواى گەورە دەفەرموێت (أَمْ يَقُولُونَ افْتَرَاهُ بَلْ هُوَ الْحَقُّ مِنْ رَبِّكَ لِتُنْذِرَ قَوْمًا مَا أَتَاهُمْ مِنْ نَذِيرٍ مِنْ قَبْلِكَ لَعَلَّهُمْ يَهْتَدُونَ)،[79] (کافرو خوا نەناسەکان دەڵێن: موحەممەد خۆی هەڵیبەستووە؟ بۆیان نیە ئەوە بڵێن، بەڵکو ئەو هەقەیە لە لایەن پەروەردگارتەوە ڕەوانە کراوە، هەتا تۆ ئەو قەومەیە بترسێنى، کە پێش تۆ هیچ بێدارکەرەوەیەکیان بۆ نەهاتووە، بەشکو ئەوانە شارەزاو ڕێنمابن و ڕێگەی حەق و ڕاست دەرک بکەن و سەر لێشێواو نەبن).
ب: هەوڵدان لەگەڵ كەسى سەركەش و لاسار هەتا ببێتە كەسێكى گوێڕايەڵ بۆ خوا، هەروەها هەوڵدان لەگەڵ كەسى نەزان هەتا ببێتە زانا، بێئاگا هەتا ببێتە هۆشمەند، وەك خواى گەورە دەفەرموێت (وَلْتَكُنْ مِنْكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ)، (پێویستە هەمیشە کۆمەڵ ودەستەیەک لەئێوە ببێت ئەی موسڵمانان! مەردم بۆ رێى خێرو چاکە بانگ بکەن وفەرمان بەچاکە بدەن و، ڕێ لەخراپە بگرن، دیارە ئەوانەن سەرفرازو بەختیار).
ج: هەوڵدان لەگەڵ كەسى چاك هەتا ببێتە چاكساز، لەگەڵ زانا هەتا ببێتە مامۆستا، كەسى بە ئاگا هەتا ببێتە بەئاگاهێنەر.
جۆرەكانى بانگخوازى رێى خوا
ئەوانەى سەرقاڵن بە بانگەوازەوە، چوار جۆرن:
يەكەم: خەڵكێك هەڵدەستن بە كارى بانگەواز چونكە كاريگەر بون بە رەوشتى بانگخوازانى رێى خوا، بەڵام ئەگەر لەگەڵ يەكێك لە بانگخوازەكاندا كێشەى بۆ دروست بوو، واز لە بانگەواز دەهێنێت و دەكەوێتە دژايەتيكردنى بانگخوازانى رێى خوا، ئەم جۆرە كەسانە لەبەرئەوەى ئامانجى گەيشتنيان ناتەواوە، ناگەنەجێ.
دووەم: كەسێك دەست دەداتە بانگەواز چونكە چارەسەى كێشەكانى و بەديهێنانى حەز و ويستەكانى لەوەدا دەبينێتەوە، هەركات بارودۆخى باش بوو و لە رووى دنياييەوە پێشكەوت، سەرقال دەبێت بەوەوەو دەست لە بانگەواز بەردەدات، ئەمەش سەرەنجامى وەك ئەوەى پێشوو وايە.
سێيەم: كەسێك سەرقاڵ دەبێت بە بانگەوازەوە لەبەرئەوەى چاكە و پاداشتى دەستدەكەوێت، مەبەستەكەى بەدەستهێنانى پاداشتە، ئەمە مەبەستەكەى تەنها بۆ خۆيەتى، جا هەركات چاكە و پاداشتى لە رێى جيا لە بانگەوازيشدا بەديكرد، بە ئاسانى دەست لە بانگەوازى رێى خوا بەردەدات.
چوارەم: كەسێك دەست دەداتە بانگەوازى رێى خوا لەبەرئەوەى فەرمانى خوايە و واجبى كردووە لەسەر هەموو موسڵمانێك، وەك چۆن پەرستش دەكات لەبەرئەوەى بە فەرمانى خواى دەزانێت، بە هەمان شێوەش هەڵدەستێت بە بانگەواز چونكە بە فەرمانى خواى دەزانێت، ئەم كەسە مەبەست و رێڕەوەكەى تەواوە و بەهۆى تێگەيشتنى و نيەتى تەواويەوە خواى گەورە پێچەسپاوى دەكات و پشتيوانى دەبێت و دەستواڵاى دەكات بۆ رێنموونى مرۆڤايەتى و بەجێگەياندنى فەرمانى خوا و بانگەوازى رێى خوا، ئەمەش بەرزترين و رێزدارترين جێ و پێگەيە، ئەم كەسە جێنيشنى پێغەمبەرى خوايە (صلى اللە عليە وسلم) لەنێو ئوممەتەكەيدا، لە خوا دەپاڕێينەوە ئێمەو ئێوەش لەم بەشە هەژمار بكات كە ميراتگرى پێغەمبەرانن (صەلات و سەلامى خوايان لێ بێت).
چيت پێشكەشى دينەكەت كردووە؟
ئەگەر لە رۆژى دواييدا ئەم پرسيارەت لێ كرا، وەڵامت چى دەبێت؟
چاكترين وەڵام ئەوەيە بڵێيت: بانگەوازى خەڵكيم دەكرد بۆ ئيسلام، خەڵكيم بانگهێشت دەكرد بۆ بە تەنها پەرستنى پەروەردگارى جيهانيان.
هەموومان حەز دەكەين خزمەتى ئەم دينە بكەين، لووتكەى خزمەتكردنيش ئەوەيە خەڵكى بهێنينە نێو ئيسلامەوە.
ئەم رۆژانەى تيايداين، رۆژانێكەو تێدەپەڕن و جێياندەهێڵيت، رۆژێك دێت ئەو بەخشش و خۆشيە گەورە و شوێن و مەنزڵە دەبينيت، چاوەڕوان بە و موژدەت لێ بێت كە خوا خۆشى دەوێيت.
كەى دەتەوێت دەست پێ بكەيت و سوارى كەشتيى بانگەواز بيت؟
من لێت ناپرسم ئايا دەتەوێت دەست بكەيت بە بانگەواز، چونكە ئەو پرسيارە شياوى بەڕێزت نيە، بەڵكو دەپرسم بەتەمايت كەى دەست پێ بكەيت؟ ئێستا بڕيار بدە و دواى مەخە، چاكە دواناخرێت و دەسى دەسيكردنى تێدا ناكرێت، نەبادا بۆ هەتاهەتايە لەدەستى بدەيت.
دەسى دەسيكردن بيرۆكە و پڕۆژەكان وێران دەكات، دەى لە لاى خۆتەوە قۆناغ بە قۆناغ دەست پێ بكە، سەرەتا بە چەند وانەيەكى هۆشياريى و هاندان سەبارەت بە بانگەوازى رێى خوا دەست پێ بكە، دەتوانيت سوود لە ناوەڕۆكى ئەم كتێبە وەربگريت و لە چەند ناوەندێكى جياجياى گەنجان و بە تايبەت خوێندكارانى زانكۆكاندا، چەند پاوەرپۆينتێك بخەيتەڕوو.
ئينجا گوڵبژێرى بەشداربوان جيا بكەيتەوە بۆ چەند خولێكى تايبەت بە هونەرى بانگەواز لە چەند كاتێكى جياوازدا، وەك خول و وانە و كۆڕ و چالاكى گەشت و فراوانكردنى دەستەى خۆبەخشان و هاوكارانى بانگەواز، دابەشكردنى پروشەر و ناميلكە بەسەر ناموسڵمانان و تێكەڵبوون لەگەڵيان، پەيڕەوكردنى بەهرە بانگەوازييەكان بەسەرياندا، راهێنانيان و بەدواداچوونى بەردەوام بۆ گەنجان و راسپاردنيان بە چەند ئەرك و هاندانێكى ماددى و مەعنەوى، ئەنجامدانى چەند چالاكيەكى چێژبەخشى مانگانە يان دوو مانگ جارێك، بۆ ئەوەى پەيوەستيان بكەيت بە بانگەوازەوە.
لەم وتەى دكتۆر عەبدوڕەحمان سميط (رەحمەتى خواى لێ بێت) وردببەرەوە كە دەڵێت: ئەوەى زۆر وام لێ دەكات بگريم، كاتێك چاوپێكەوتنێكم دەبێت لەگەڵ ئەو كەسانەى هاتوونەتە ناو ئيسلامەوە، دەبينم دەگرين بۆ ئەو باوباپيرانەيان كە بە ناموسڵمانى مردون، لەنێوماندا هاوار دەكەن: ئەى موسڵمانان، ئەوكات ئێوە لە كوێ بوون؟!
هەتا زووتر بنەويتە بانگەواز، قازانجت زياترە
كارگەيەكى پێڵاودروستكردن دوو نێردەى خۆى ناردبوو بۆ ناوچەيەكى دوورەدەست هەتا لێكۆڵينەوە بكەن لە چۆنێتى گونجان و نەگونجانى بەبازاڕكردن لەو شوێنە، ئەوانيش كە گەيشتنە ئەوێ، تێبينى ئەوەيان كرد خەڵكى گوندەكە پێڵاو بەكارناهێنن و ناشزانن چيە، شەو هەكام لەوان دانيشت و راپۆرتى خۆى نووسى بۆ كۆمپانياكە:
يەكەميان نووسى: بارودۆخەكە بێهيواكەرە و خەڵكى ئێرە نازانن پێڵاو چيە، بۆيە ئێرە جێدەهێڵم.
دووەميان نووسى: بارودۆخەكە لێرە زۆر ناوازەيە، دەكرێت خەڵكەكە فێر بكەين چۆن پێڵاو لەپێ بكەن، بۆ ئەمەش پلانێكم داناوە، بۆيە لێرە دەمێنمەوە.
ئێستا پاش ئەوەى شارەزاى بەشێك لە واقيعەكەت بوويت، پێويستە راپۆرتى خۆت بنووسيتەوە، دەڕۆيت يان دەمێنيتەوە؟[80]
پرسيارەكان
پرسيارەكانى تايبەت بە بەدەستهێنانى بڕوانامەى سەركەوتن لە چەپكى راهێنان لە كتێبى (گەوهەرى موسڵمان لە فەزڵ و گەورەيى بانگەوازى رێى خوادا)
پرسيارى يەكەم:
نيو لاپەڕە بنووسە سەبارەت بە گرنگيى بڵاوكردنەوەى رۆشنبيريى بانگەواز لەنێو موسڵماناندا.
پرسيارى دووەم:
لە ساڵى ٢٠٣٠ دا پێويستمان بە چەند بانگخواز هەيە و دەتەوێت چ رۆڵێك بگێڕيت لە بەديهێنانى ئەو ژمارە بانگخوازە بۆ موسڵمانان؟
پرسيارى سێيەم:
دە خاڵ سەبارەت بە گەورەيى بانگەواز بۆ لاى خوا باس بكە.
پرسيارى چوارەم:
بەرهەمەكانى بانگەواز بۆ لاى خوا چين؟
پرسيارى پێنجەم:
سزاى ئەو كەسە چيە كە وازدێنێت لە بانگەواز بۆ لاى خوا؟
پرسيارى شەشەم:
لەوانەيە هەندێك كەس لەبەر گومانگەلێك واز لە بانگەواز بهێنن، باسى سێ گومان بكە كە بانگەواز پەكدەخەن.
پرسيارى حەوتەم:
هۆكارەكانى كەنارگرتنى موسڵمانان لە ئەركى بانگەواز چين؟
پرسيارى هەشتەم:
كەى و چۆن دەتوانيت يەكەم وانەى خۆت سەبارەت بە گەورەيى بانگەوازى رێى خوا پێشكەش بكەيت بۆ گەرمكردن و هاندانى موسڵمانان لەپێناو پيادەكردنى بيرۆكەى بانگەواز؟
پرسيارى نۆيەم:
بۆ ئەوەى بانگەواز بكەين بۆ لاى خوا، پێويستمان بە چيە؟
پرسيارى دەيەم:
پرسيارى دەيەم: بەرهەمى بانگەواز تەنها ئەوە نيە خەڵكى موسڵمان ببن، بەڵكو چەند ئامانجێكى تر هەن كە ئەگەر كەسى بانگهێشتكراو موسڵمانيش نەبێت، ئەو ئامانجانە دێنەدى، ئامانجەكان كامانەن؟
پرسيارى يانزەيەم:
وەك چۆن ئيسلام هەڵوەشێنەرەوەى هەيە، بانگەوازيش هەڵوەشێنەرەوەى هەيە، چەند دانەيەكيان بژمێرە.
سەرچاوەكان
القرآن الكريم
صحيح البخاري.
صحيح مسلم.
سنن الترمذي
سنن النسائي
التعريف بالاسلام، مفهومه و أساليبه و وسائله و منهجيته للشيخ الدكتور عبدالله الغامدي.
موسوعة الفقه الاسلامي لفضيلة الشيخ محمد بن ابراهيم بن عبدالله التويجري.
فضل الدعوة وثمراتها، معالى الدكتور أحمد بن علي سير المباركي، عضو هيئة كبار العلماء و عض اللجنة الدائمة للبحوث العلمية و الإفتاء.
كلنا دعاة، أكثر من 1000 فكرة و وسيلة وأسلوب في الدعوة الى الله تعالى، اعداد: عبدالله بن أحمد آل علاف الغامدي.
القواعد العشر في التحفيز لدعوة غير المسلمين لوليد السحيباني.
الامر بالمعروف والنهي عن المنكر، أ.د. سليمان بن قاسم بن محمد العيد، شبكة الألوكة.
فلنعلم أطفالنا دعوة غير المسلمين، د. عبدالله بن ابراهيم اللحيدان، مقال في موقع الألوكة.
عشرون دليلا على فضل الدعوة للشيخ سلطان بن عبدالله العمري.
[1] - بيرۆكەى رازيكردنى دەروون و كەسانى ديكەش بە فەزڵ و گەورەيى بانگەواز.
[2] - آل عمران: ١١٠.
[3] - من مقال (مهارات الدعاة في القرن الحادي والعشرين) للدكتور جمال يوسف الهميلي في موقع (mqqal.com).
[4] - موقع الامم المتحدة (http://www.un.org).
[5] - https://arabic.rt.com
[6] - جريدة الإقتصادية (https://www.alaqt.com/2013/09/29).
[7] - فصلت: 33.
[8] - آل عمران: ١١٠.
[9] - آل عمران: ١٠٤.
[10] - التوبة: 71.
[11] - صحيح مسلم، الرقم ٢٦٧٤.
[12] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم ١٦٩٥٧، صححه شعيب الأرناؤوط.
[13] - عشرون دليلا على فضل الدعوة للشيخ سلطان بن عبدالله العمري.
[14] - ئەم وتەيە لە ئيبن زەيد و كەلبيەوە گێڕدراوەتەوە، بڕوانە: تفسير الطبري (13/379).
[15] - الأنبياء: ٢٥.
[16] - تفسير السعدي (ص ٥٢١).
[17] - فصلت: ٣٣.
[18] - تفسير السعدي (ص٧٤٩).
[19] - تفسير الطبري (20/429)، تفسير القرطبي (15/360)، تفسير ابن كثير (7/180).
[20] - النحل: 125.
[21] - لەو سەردەمەدا بەبايەخترين سەرمايەى ناو عەرەب، بريتى بووە لە رانەوشترى سوور.(وەرگێڕ).
[22] - التوبة: 71.
[23] - تفسير ابن كثير (2/103).
[24] - يەكێكە لە گەورە راڤەكارانى قورئان. (وەرگێڕ).
[25] - القرطبي (4/109).
[26] - القرطبي (4/173).
[27] - بانگخوازێكى ئيسلاميى خێرخواز بوو كە بانگەوازەكەى لە وڵاتانى ئەفريقيادا چڕكردبوويەوەو ژمارەيەكى زۆر خەڵك لەسەر دەستى موسڵمان بوون. وەرگێڕ.
[28] - صحيح مسلم، الرقم ٢٦٧٤.
[29] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 13646، حسنه الألباني في السلسلة الصحيحة، الرقم 906.
[30] - متفق عليه، واللفظ لمسلم، الرقم ٢٢٨٤.
[31] - سنن الترمذي، الرقم 2685 وقال حسن صحيح.
[32] - صحيح البخاري، الرقم 3461.
[33] - سنن الترمذي، الرقم ٢٦٥٧ و قال حسن صحيح.
[34] - جلاء الأفهام، ص ٤١٥.
[35] - صحيح البخاري، الرقم 5641.
[36] - العنكبوت: ٢-٣.
[37] - الأنبياء: ٣٥.
[38] - البقرة: 155.
[39] - وليد السحيباني: القواعد العشر في التحفيز لدعوة غير المسلمين.
[40] - صحيح البخاري، الرقم ٤٩٨١، صحيح مسلم، الرقم ٢٣٩.
[41] - رواه مسلم.
[42] - د. أحمد بن علي سير المباركي: فضل الدعوة و ثمراتها.
[43] - صحيح مسلم، الرقم 720.
[44] - صحيح مسلم، الرقم 1920.
[45] - المائدة: 78-79.
[46] - النساء: ١١٤.
[47] - أ.د. سليمان بن قاسم بن محمد العيد: الأمروف بالمعروف والنهي عن المنكر، شبكة الألوكة.
[48] - الكهف: ٢٨.
[49] - صحيح البخاري، الرقم ٢٤٩٣.
[50] - الأعراف: ١٦٤.
[51] - صحيح البخاري، الرقم ٥٧٠٥.
[52] - محاسن التأويل (5/213).
[53] - د. عبداللە بن ابراهيم اللحيدان في مقال: فلنعلم أطفالنا دعوة غير المسلمين، من موقع الألوكة.
[54] - الصف: ٢-٣.
[55] - صحيح البخاري، الرقم 3461.
[56] - صحيح مسلم، الرقم ٢٤٧٣.
[57] - صحيح البخاري، الرقم ٦٣١.
[58] - يس: 20-21.
[59] - ابن مفلح: الآداب الشرعية.
[60] - التوبة: 129.
[61] - الحجر: ٩٧-٩٩.
[62] - صحيح مسلم، الرقم ٢٦٦٤.
[63] - التوبة: 38-40.
[64] - محمد بن إبراهيم بن عبداللە التويجري: موسوعە الفقه الإسلامي.
[65] - رواه الترمذي، الرقم 2169 و قال حديث حسن.
[66] - سنن ابن ماجة، الرقم 4004، حسنه الألباني.
[67] - محمد: ٣٨.
[68] - المائدة: 54.
[69] - الأنعام: ٤٤-٤٥.
[70] - آل عمران: ١٠٤-١٠٥.
[71] - الأعراف: ٦-٩.
[72] - عبدالملك القاسم: الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر.
[73] - إعلام الموقعين (2/176).
[74] - الشيخ سعدى رحمه الله.
[75] - الأحزاب: ٤٥-٤٨.
[76] - التوبة: 100.
[77] - النور: 55.
[78] - العنكبوت: ٦٩.
[79] - السجدة: 3.
[80] - من مقال: مهارات الدعوة في القرن الحادي والعشرين للدكتؤر جمال يوسف الهميلي في موقع (mqqal.com).