هۆكارەكانی كاریگەربوون بە قورئان (⮫)


هۆكارەكانی كاریگەربوون بە قورئان   

ئیدریس مه‌حمود

أسباب التأثر بالقرآن

إدریس محمود


هۆكارەكانی كاریگەربوون بە قورئان

خوا سبحانە قورئانی دابەزاندووە بۆ ئەوەی ئێمەی مرۆڤ بیخوێنینەوە و كاریگەر بین و كردەوەی پێبكەین نەك بە تەنها بیخوێنینەوە و بیكەینە هۆكارێك بۆ پارە پەیداكردن و هەڵخەڵەتاندن و كوشت و كوشتاری خەڵك، بە كورتی خوا سبحانە قورئانی دابەزاندووە بۆ ئەوەی ببێتە هۆكاری خۆشی و ئاشتی و ئارامی بۆ خەڵك، جا لەبەرئەوەی زۆربەی خەڵك پشتیان لە قورئان كردووە و لێی تێنەگەیشتوون یان بە هەڵە لێی تێگەیشتوون بۆیە حەزمان كرد بە كورتی كۆمەڵە خاڵێك بخەینە ڕوو كە یارمەتی مرۆڤ دەدەن بۆ دڵ كرانەوە و تێگەیشتن و كاریگەر بوونی دروست لە قورئان لەوانە:

1. حەزكردن لە سوودمەندبوون:

دەبێت خوێنەر حەزێكی ڕاستەقینەی هەبێت بۆ سوود بینین و كاریگەربوون ئەگینا پێش خوێندن و دوای خوێندنی نزیك لە یەك دەبن.

2. پڕی دڵ لە بەگەورەڕاگرتنی خوا سبحانە:

تاوەكو خوێنەر زیاتر بیر لە گەورەیی خوا بكاتەوە و ترسی لە خوا زیاتر بێت زیاتریش گرنگی بە واتای ئایەتەكان دەدات و خەمی كاریگەربوون و تێگەیشتنی واتاكەیەتی بۆ ئەوەی بزانێت پەروەردگارەكەی چی دەفەرموێت تاوەكو گوێڕایەڵی بكات.

3. وازهێنان لە تاوان و گوێڕایەڵیكردنی خوا سبحانە:

تاوان دڵ ڕەش دەكاتەوە و دەرگای تێگەیشتن و كاریگەربوون دادەخات بە پێی زۆری و كەمیەكەی، تاوان نەكردن و گوێڕاڵیكردنیش دڵ ڕووناك دەكاتەوە و توانای بیستن و تێگەیشتن زۆر زیاد دەكات، جا بە ویستی خۆت هەڵبژێرە بەڵام وریابە دواڕۆژ بۆ لەخواترسانە.

4. كۆكردنەوەی دڵ و گوێڕاگرتنی تەواو:

كاتێك قورئان دەخوێنیت دەبێت دڵت بخەیتە لای ئایەتەكان و ئەو سەرقاڵیە زۆرانەی هەتە لە كاتی خوێندنەوەكەتدا لە خۆتی دوور بخەرەوە و بە جوانی گوێ لە خوێندنەوەكە ڕابگرە چونكە پەرتەوازەیی دڵ وادەكات تەركیزت لاواز ببێت و سەرنجی ورد لە ئایەتەكان نەدەیت بەمەش لە بەشێكی زۆری كاریگەربوون ئەگەر نەڵێم هەمووی بێبەش دەبیت.

5. هەست كردن بەوەی ئایەتەكان تۆ دەدوێنن:

واتە كاتێك قورئان دەخوێنیت ئەو هەستە لە لای خۆت دروست بكە كە ئایەتەكە لەگەڵا تۆ دەدوێت و فەرمان بە تۆ دەكات و ڕێگری لە تۆ دەكات بۆ نموونە كە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَأَقِيمُوا الصَّلاةَ﴾  [البقرة: 43 ]  واتە: نوێژەكان بەو شێوازەی لە شەرعدا هاتووە جێبەجێی بكەن، وابزانە كە بە تۆیەتی بۆیە یەكسەر هەوڵی جێبەجێكردنی بدە.

6. جوان خوێندنەوە:

هەوڵ بدە بە پێی توانا حوكمە تەجویدیەكان جێبەجێ بكەیت ئەمەش بە خوێندن لای كەسێكی شارەزا لەو بوارەدا یان گوێگرتن لە قورئان خوێنێكی بەتوانا، ئەمەش لەبەر:

یەكەم: پێویستی جوان خوێندنەوەی قورئان.

دووەم: هۆكاریكە بۆ هاندانت بۆ زیاتر خوێندنەوە و كاریگەربوون بە قورئان.

7. دەنگ خۆشی:

دەنگ خۆشی هۆكارێكە بۆ كاریگەربوونی خوێنەر و گوێگر و زیاد بوونی خۆشەویستی بۆ قورئان، پێغەمبەری خوا – صلی الله علیه وسلم – لە ڕێگەی فەرمایشتە پیرۆزەكانیەوە هانی داوین بۆ ئەوەی بە دەنگی خۆش قورئان بخوێنین وەكو فەرموویەتی: « زينوا القرآن بأصواتكم» [السلسلة الصحيحة: 771].

واتە: قورئان جوان بكەن بە دەنگەكانتان.

جا خوێنەری بەڕێز هەوڵ دان و خۆ هیلاككردنت بۆ ئەوەی دەنگت خۆش بێت لەبەر خوا سبحانە بە عیبادەت بۆت دەنوسرێت و پاداشتی لەسەر وەردەگریت، جا لە كەمتەرخەمان مەبە.

8. زانینی واتای ئایەتەكان:

بۆ ئەوەی ئایەتەكان كاریگەریت لەسەر دروست بكەن دەبێت لە مانا و واتاكانی تێبگەیت ئەگینا كە تۆ تێنەگەیت بەچی كاریگەر دەبیت ؟!

9. دووبارەكردنەوەی ئایەتەكان:

چەندە ئایەتێك دووبارە بكەیتەوە كاریگەری زیاتری لەسەرت دەبێت بە تایبەت ئەو ئایەتانەی كە باسی گەورەیی خوا سبحانە و بەهەشت و دۆزەخ دەكەن جا خۆت بێبەش مەكە.

10. پاڕانەوە:

لە خوا سبحانە بپاڕێرەوە كە دڵت بكاتەوە و تێگەیشتنت زیاد بكات، پێغەمبەری خوا – صلی الله علیه وسلم – فەرموویەتی:« أفضل العبادة: الدعاء» [السلسلة الصحيحة: 1579].

واته‌: چاكترین پەرستن: پاڕانەوەیە.

11. سەیركردنی حاڵی پێغەمبەری خوا –صلی الله علیه وسلم– و هاوەڵانی –رضي الله عنهم- لەگەڵ قورئاندا:

ئەمەش بە سەیركردنی ئەو فەرموودە پیرۆز و وتە بەنرخانە دەبێت كە لە پێشینانمانەوە گێردراونەتەوە و باسی كاریگەربوونیان دەكەن بە قورئان، وەكو لە فەرموودەی صەحیحدا هاتووە پێغەمبەری خوا – صلی الله علیه وسلم – دەنگی گریان لە سنگیەوە هاتووە وەكو دەنگی ئاوی كوڵاو لە ناو مەنجەڵدا (رواه أبو داود وصححه الألباني).

خوا سبحانە هەموو لایەكمان هیدایەت بدات بۆ تێگەیشتن و كاریگەربوون و كاركردن بە قورئان، آ‌مین.

وَصَلى اللهُ عَلَى مُحَمدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمد