حوكمی شه‌رعی وه‌رگرتنی قه‌رز له‌ بانكه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان

وه‌سف كردن

پرسیارێكه له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه‌، وه‌ ناوه‌ڕۆكی پرسیاره‌كه‌‌ ئه‌مه‌یه : " ئایا حوكمی شه‌رعی ئه‌و قه‌رزه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت وه‌ری بگرێت له‌ بانكه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان چیه‌؟".

Download
له‌باره‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌وه‌ كۆمێنتێك بنێره‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیار

وه‌صفی فراوان

    حوكمی شه‌رعی وه‌رگرتنی قه‌رز له‌ بانكه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان

    < كوردي >

    ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس

    —™

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    الحكم الشرعي لأخذ القروض من البنوك الدولية

    < كردي >

    فريق اللغة الكردية بموقع دار الإسلام

    —™

    مراجعة: بشتیوان صابر عه‌زیز

    حوكمی شه‌رعی وه‌رگرتنی قه‌رز له‌ بانكه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان

    ئه‌م پرسیاره‌ ئاڕاسته‌ی ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس كراوه‌ :

    پرسیار : ئایا حوكمی شه‌رعی ئه‌و قه‌رزه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت وه‌ری بگرێت له‌ بانكه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان چیه‌ ؟

    وه‌ڵام : سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان ودروود وصه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی محمدی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و ئال وبه‌یت و هاوه‌ڵ وشوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    گومانی تێدا نیه‌ كه‌ قه‌رز وه‌رگرتن له‌ سندوقی ته‌ختی نێوده‌وڵه‌تی، یان هه‌ر بانكێكی ئه‌هلی تری نێو ده‌وڵه‌تی بێت، به‌ سوود و ڕیباوه‌ ده‌بێت، واتا : ئه‌و بانكه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌ی كه‌ قه‌رزه‌كه‌ ده‌دات به‌و ووڵاته‌ی كه‌ داوای قه‌رزی كردووه‌، به‌ خێر و حه‌سه‌نات پێی نادات، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ سوود و ڕیبای نه‌خه‌نه‌ سه‌ر، كه‌واته‌ هه‌موو لایه‌ك دڵنیایه‌ ئێستا هه‌ر حكومه‌تێك له‌ بانكی ته‌ختی نێو ده‌وڵه‌تی یان هه‌ر بانكێكی تر قه‌رز وه‌ربگرێت، مانگانه‌ و ساڵانه‌ زیاده‌ و سوود و ڕیبای ده‌چێته‌ سه‌ر، پێغه‌مبه‌ری خودایش ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی : { كل قرض جر نفعا فهو ربا } [ رواه الإمام احمد ]، واتا : هه‌ر قه‌رزێك سود و زیاده‌ به‌دوای خۆیدا بهێنێت، ئه‌وا ئه‌و زیاده‌ وه‌رگرتنه‌ ڕیبایه‌، ئه‌م فه‌رموده‌یه‌ و چه‌ندان فه‌رمووده‌ی تریش به‌م مانایه‌، وایان له‌ زانایانی شه‌رع زان كردووه‌، بیكه‌ن به‌ قاعیده‌ وبنه‌مایه‌كی شه‌رعی له‌م بواره‌دا .

    دیاره‌ سوود و ڕیبا خواردنیش له‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا یه‌كێكه‌ له‌ گوناهو وتاوانه‌ گه‌وره‌كان و هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له‌سه‌ره‌، خوای گه‌وره‌ له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ سوود وڕیبا ده‌خۆن فه‌رموویه‌تی: ﴿ يَمحَقُ ٱللَّهُ ٱلرِّبَوٰاْ وَيُربِي ٱلصَّدَقَٰتِ وَٱللَّهُ لَا يُحِبُّ كُلَّ كَفَّارٍ أَثِيمٍ ﴾ [ البقرة : 276 ] .

    واتا : خوا، سوو، ته‌فروتونا ده‌کات و به‌ره‌که‌تی لێ هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام پاداشتی خێر و سامان به‌خشین بره‌و پێ ده‌دات و به‌ره‌که‌تی تێ ده‌خات بێگومان خوا هیج کافرێکی تاوانباری خۆشناوێت .

    هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی : ﴿ يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ ٱتَّقُواْ ٱللَّهَ وَذَرُواْ مَا بَقِيَ مِنَ ٱلرِّبَوٰٓاْ إِن كُنتُم مُّؤمِنِينَ * فَإِن لَّم تَفعَلُواْ فَأذَنُواْ بِحَرب مِّنَ ٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦ وَإِن تُبتُم فَلَكُم رُءُوسُ أَموَٰلِكُم لَا تَظلِمُونَ وَلَا تُظلَمُونَ ﴾ [ البقرة : 278، 279 ] .

    واتا : ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، پارێزکارو خواناس بن و واز له‌ پاشماوه‌ی سوو بهێنن ئه‌گه‌ر ئیماندارن * خۆ ئه‌گه‌ر وانه‌که‌ن، ئه‌وه‌ جه‌نگ له‌گه‌ڵ خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌یدا ڕابگه‌یه‌نن (که‌ سه‌رئه‌نجامه‌که‌ی زۆر سامناکه‌)، خۆ ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌ بکه‌ن و (له‌ سوو خۆری واز بهێنن) ئه‌وه‌ ته‌نها سه‌رمایه‌کانتان بۆ هه‌یه‌ وه‌ری بگرنه‌وه‌، نه‌ سته‌م ده‌که‌ن (له‌ قه‌رزاره‌کان) نه‌ سته‌متان لێ ده‌کرێت .

    له‌فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوایشدا زۆر به‌توندی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سوود و ڕیبا خۆران كراوه‌، ئه‌وه‌تا له‌فه‌رمووده‌یه‌كدا هاتووه‌كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی :{ لعن الله آكل الربا وموكله وشاهده وكاتبه وهم سواء } [ رواه البخاري] واتا : نه‌فرینی خوا له‌كه‌سی ڕیبا خۆرو ئه‌و كه‌سه‌شی ڕیباكه‌ی بۆ ده‌خۆرێت – واتا : ڕیباكه‌ ده‌دات – له‌و كه‌سه‌شی شاهیدی گرێبه‌ستی نێوانیانه‌، له‌و كه‌سه‌شی گرێبه‌سته‌كه‌یان بۆ ده‌نوسێت .

    هه‌روه‌ها سوود وڕیبا خواردن یه‌كێكه‌ له‌و گوناهانه‌ی كه‌ به‌ گوناهه‌ له‌ناوبه‌ره‌كان ناو ده‌برێن وه‌ك له‌فه‌رمووده‌یه‌كدا هاتووه‌ : عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: {اجْتَنِبُوا السَّبْعَ الْمُوبِقَاتِ، قَالُوا: يَا رَسُولَ اللَّهِ وَمَا هُنَّ؟ قَالَ: الشِّرْكُ بِاللَّهِ وَالسِّحْرُ وَقَتْلُ النَّفْسِ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَأَكْلُ الرِّبَا وَأَكْلُ مَالِ الْيَتِيمِ وَالتَّوَلِّي يَوْمَ الزَّحْفِ وَقَذْفُ الْمُحْصَنَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ الْغَافِلَاتِ} [ رواه البخاري ومسلم ] .

    واتا : ئه‌بو هوره‌یره‌ ( خوای لێ ڕازی بێت ) ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) فه‌رمووی : دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ گوناهه‌ له‌ناو به‌ره‌كان، هاوه‌ڵان ووتیان : ئه‌ی پیغه‌مبه‌ری خوا ئه‌و گوناهانه‌ كامانه‌ن ؟ ئه‌ویش فه‌رمووی : هاوه‌ڵ بڕیاردان بۆ خوای گه‌وره‌، و جادووكردن، وكوشتنی كه‌سی بێتاوان كه‌ خوای گه‌وره‌ كوشتنی حه‌رام كردبێت به‌ هه‌ق ومافێك نه‌بێت، و خواردنی سوود وڕیبا، وخواردنی ماڵی هه‌تیوان، وپشتهه‌ڵكردن له‌ ڕۆژی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕان، ووه‌ تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن بۆ ئافره‌تانی داوێن پاك .

    كه‌واته‌ سوود و ڕیبا خواردن و وازنه‌هێنان لێی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگاردا، خوای گه‌وره‌ په‌نامان بدات .

    له‌ ڕووی سیاسه‌تی شه‌رعیشه‌وه‌ وه‌ك هه‌ندێك به‌ به‌ڵگه‌ ده‌یهێننه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌وه‌ی بۆ پێشه‌وا و وه‌لی ئه‌مری موسڵمانان دروسته‌ بۆ تاكی خه‌ڵكی دروست نیه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێن گوایه‌ ڕیبایه‌ك كه‌ حكومه‌ت وه‌ری بگرێت ناچێته‌ چوار چێوه‌ی ئه‌و نه‌هی و قه‌ده‌غه‌كردنه‌وه‌وه‌، به‌ڵام به‌و كه‌سانه‌ ده‌ڵێین له‌ ڕووی سیاسه‌تی شه‌رعیشه‌وه‌ هه‌ر حه‌رامه‌ چونكه‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كی زۆر گرنگی سیاسه‌تی شه‌رعی له‌سه‌ر ( تحقیق المصلحة العامة ) دامه‌زراوه‌، واتا : وه‌لی ئه‌مر و پێشه‌وای موسڵمانان ده‌بێت ته‌صه‌روفاته‌كانی به‌ میزانی یه‌كه‌م : شه‌رع و دووه‌میش: به‌ میزانی به‌ده‌ستهێنان و ته‌حقیق كردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت، وه‌ك له‌ پێناسه‌ی سیاسه‌تی شه‌رعی به‌ مانا تایبه‌تیه‌كه‌ی كه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌ زانایان ووتویانه‌ : السیاسة الشرعیة : كل ما صدر عن أولي الأمر، من أحكام وإجراءات، منوطة بالمصلحة ، فيما لم يرد بشأنه دليل خاصّ ، متعيّن ، دون مخالفة للشريعة .

    جا من ده‌پرسم ئایا ته‌حقیقی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هاوه‌ڵاتیانی كوردستان له‌ كوێدایه‌ كه‌ بیكه‌یت به‌ ژێر قه‌رزێكی ( پڕوكێنه‌ره‌وه‌ ) كه‌ نه‌وه‌كانی داهاتویشمان له‌ژێری ده‌رنه‌چن ؟؟؟

    سه‌ڕه‌ ڕای ئه‌وه‌ی به‌ به‌راورد كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ سوود و ڕیبایه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می زێرینی هاتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا هه‌بووه‌ و خوای گه‌وره‌ وپیغه‌مبه‌ره‌كه‌ی به‌ ده‌قی ڕۆشنی شه‌رعی حه‌رامیان كردووه‌، ئه‌م قه‌رز وه‌رگرتنه‌ نیو ده‌وڵتیه‌ جیاوازه‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییه‌وه‌ هه‌روای لێ دێت قه‌رزێكی جه‌ماعیه‌ و حكومه‌ت به‌ نوینه‌رایه‌تی خه‌ڵكی ده‌یكات و سه‌ره‌نجامه‌كه‌شی دانه‌وه‌یه‌تی به‌ سوود و زیاده‌یه‌كی زۆره‌وه‌ كه‌ كۆیلایه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانی لێده‌كه‌ویته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر زلهێزه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كاندا ...

    ده‌بێت زانیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌ویت بینێت ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز بكه‌نه‌وه‌، و خه‌ڵكی هۆشیار بكه‌نه‌وه‌ له‌ مه‌ترسی ئه‌م قه‌رزه‌ نێوده‌وڵتیانه‌، چونكه ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌ فعلی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی نا و قه‌رزی له‌یه‌كێك له‌ بانكه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان كرد‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر ئابووری كوردستان و پێده‌چێت وه‌ك شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌ ده‌ڵێن : خاك و سه‌رمایه‌ سروشتیه‌كانی كوردستان وه‌ك بیره‌ نه‌وته‌كانی ببن به‌ موڵكی ئه‌و بانكانه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانی ئه‌و قه‌رزانه‌ بداته‌وه‌ ..

    له‌خوای گه‌وره‌ داواكارین كه‌ به‌رپرسان هۆشیار بكاته‌وه‌ له‌م مه‌ترسیه‌ و هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه‌ نه‌نێن .

    خوای گه‌وره‌ش زاناتره‌ ..

    ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان