وه‌سف كردن

خۆشه‌ویستان به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ له‌م ووتاره‌دا چه‌ند هه‌نگاو وهۆكارێك ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م ئێوه‌ی به‌رێز وخۆشه‌ویت كه‌پاش پشت به‌ستن به‌په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ست إن شاء الله سوود مه‌ند ده‌بێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ئاوات وئامانجیان گه‌یاندنی ئه‌م ئاینه‌ پیرۆزه‌یه‌ به‌جوانترین شێوه‌ به‌كه‌سانی تر ...

وه‌صفی فراوان

 

له‌شوێنی كار وئیشه‌كه‌ت

به‌چ شێوه‌یه‌ك بانگه‌واز بۆ لای خوای گه‌وره‌ده‌كه‌یت؟

 

 

الحمد لله رب العالمین والصلاة والسلام علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه وسلم .

خۆشه‌ویستان به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ له‌م ووتاره‌دا چه‌ند هه‌نگاو وهۆكارێك ده‌خه‌ینه‌ب ه‌رده‌م ئێوه‌ی به‌رێز وخۆشه‌ویت كه‌پاش پشت به‌ستن به‌په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ست إن شاء الله سوود مه‌ند ده‌بێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ئاوات وئامانجیان گه‌یاندنی ئه‌م ئاینه‌پیرۆزه‌یه‌به‌جوانترین شێوه‌به‌كه‌سانی تر :

یه‌كه‌م : به‌ڕه‌وشتی جوان وشیرین :ئه‌بێت بانگخوازی خۆشه‌ویست بزانێت ئه‌بێت خوو ڕه‌وشتی زۆر جوان وشیرین بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌هاوكاری ئه‌ون له‌و جێگایه‌ی كه‌به‌یه‌كه‌وه‌ن وسه‌رگه‌رمی كـاركردنن، پێغه‌مبـه‌ری ئازیـزیش فه‌رموویه‌تی : " إنما بعثتُ لأتممَ مكارم الأخلاق " { أخرجه الحاكم في المستدرك (2/313) , وصححه الألباني في برقم 45 } واته‌: من بۆ ئه‌وه‌نێرراوم لای خوای گه‌وره‌وه‌كه‌ڕه‌وشته‌جوان وشیرینه‌كان ته‌واو بكه‌م .

كه‌واته‌ئه‌وه‌ی به‌ڕه‌وشتی جوان ئه‌كرێت وكاریگه‌ری ده‌بێت لای كه‌سانی تر زۆر زیاتره‌له‌كاریگه‌ری قسه‌كردن .

دووه‌م : ئیخلاص ودڵسۆزی بۆ ئه‌و كاره‌ی كه‌پێت سپێرراوه‌ولێپرسراوی به‌رامبه‌ری، به‌شێوه‌یه‌ك ببیت به‌سه‌رمه‌شقی خێر بۆ خه‌ڵكانی تر، چونكه‌نواندنی ئیخلاص له‌كاره‌كه‌تدا خۆی له‌خۆیدا بانگه‌وازێكی ناڕاسته‌وخۆیه‌بۆ كه‌سانی تری هاوكارت كه‌ئه‌وانیش چاو له‌تۆ و له‌ڕاستگۆی ودڵسۆزی تۆ بكه‌ن بۆ كاره‌كه‌یان، ئه‌مه‌ش خۆی بۆخۆی یه‌كێكه‌له‌و كارانه‌ی كه‌په‌روه‌ردگار فه‌رمانی پێكردوه‌، وه‌ك له‌فه‌رمووده‌ی صه‌حیـحـدا هـاتـووه‌: " إن اللـه يحـب أحـدكـم إذا عمـل عمــلا أن يتقـنـه " { صححه الالباني 3 /106 } واته‌: به‌ڕاستی خوای گه‌وره‌ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ئێوه‌خۆش ده‌وێت ئه‌گه‌ر هه‌ركارێكی كرد به‌دڵسۆزی ئه‌نجامی بدات .

سێهه‌م : گرنگی دان به‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌و ده‌زگا یان ئه‌و دائیره‌یه‌ی كه‌تۆی تێدا كار ده‌كه‌یت، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سانی خوار ئه‌وانیش پشتگوێ بخه‌یت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر دوو هۆكار: ١ ) په‌یداكردنی متمانه‌به‌تۆ ٢ ) پاشتر گرنتی ئه‌وه‌ت ده‌بێت كه‌له‌گه‌ڵیاندا ڕووبه‌ڕوو نه‌بیته‌وه‌، وه‌ نه‌بن به‌به‌ربه‌ست له‌ڕێگاتدا .

چواره‌م : هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌وخۆشه‌ویستیان : چونكه‌ تۆ به‌‌ئه‌ندازه‌‌ی ئه‌وه‌ی كه‌بتوانیت ببیت به‌جێگای متمانه‌ی ئه‌وان وخۆشیان بوێیت، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش زیاتر گوێڕایه‌ڵت ده‌بن وجێگای خۆت له‌دڵیاندا ده‌كه‌یته‌وه‌، ئه‌م متمانه‌وخۆشه‌ویستیه‌ش به‌چه‌ند شتێك ده‌بێت، بۆ نموونه‌لێبووردنت هه‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك یان قسه‌یه‌كی ناخۆش كه‌ده‌كرێت به‌رامبه‌رت، هاوكاریان بكه‌یت له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گیروگرفته‌كانیاندا، وه‌ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتت هه‌بوو هاوكاری هه‌ژاره‌كانیان بكه‌یت به‌ئه‌ندازه‌ی توانای خۆت، ئه‌گه‌ر داوای ئامۆژگاریان لێكردیت ئامۆژگاریان بكه‌یت، هاوبه‌شی خۆشی وناخۆشیان بیت، له‌بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كانیاندا دیارییان بۆ بكڕیت ئه‌گه‌ر به‌شتێكی ساده‌و ڕه‌مزیش بوو بێت، ئه‌مانه‌وغه‌یری ئه‌مانه‌ش كه‌هۆكارن بۆ دروستكردنی پردی متمانه‌له‌نێوان تۆ وئه‌وانی تردا، له‌بیرت نه‌چێت له‌سه‌روو گشتیه‌وه‌ئه‌م كارانه‌ت با له‌به‌ر ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌بێت نه‌ك په‌یداكردنی ناو وناوبانگی خۆت .

پێنجه‌م : باهه‌میشه‌ووته‌وگوفتارت هاوتا وته‌ریب بن له‌گه‌ڵ كار وڕه‌وشتی ڕۆژانه‌تدا، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستگۆی تۆ بسه‌لمێت لای هاوكاره‌كانت كه‌ئاینی پیرۆزی ئیسلام ته‌نها هه‌ر قسه‌نیه‌، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ژیانی ڕۆژانه‌شدا ڕه‌نگ بداته‌وه‌وببێت به‌خه‌سڵه‌تێكی جودا نه‌بوه‌وه‌، چونكه‌ئه‌و كه‌ســانـه‌ی ووتــار وگــوفتـــاریــان یــه‌ك ناگــرنه‌‌وه‌له‌گه‌ڵ ڕه‌وشت وهه‌ڵسوكه‌وتیاندا، لای خه‌ڵكی خۆشه‌ویست نین وگوێش ناگرن بۆ ئامۆژگاریه‌كانی، خوای گه‌وره‌ش خه‌سڵه‌تی له‌م جۆره‌ی به‌تاوانی گه‌وره‌له‌قه‌ڵه‌مداوه‌، وه‌ك ده‌فه‌رموێت :( كَبُرَ مَقْتًا عِندَ اللَهِ أَنْ تَقُولُوا مَا لَا تَفْعَلُونَ ) { الصف : ٣ } واته : ‌ئای چه‌ند تاوانێكی گه‌وره‌یه‌لای خوای گه‌وره‌ كه‌شتێك بيڵێن وخۆتان ئه‌نجامی نه‌ده‌ن .

شه‌شه‌م : به‌پێ توانا هه‌وڵبده‌یت كۆمه‌ڵێك نامیلكه‌وكاسێتی به‌سوود بده‌یت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌گوێ له‌ئامۆژگاریه‌كانت ده‌گرن، ده‌بێت له‌م كاره‌شتدا ڕه‌چاوی ئاستی هاوكاره‌كانت بكه‌یت وبه‌پێی ئاستی ڕۆشنبیری ئه‌وان ئه‌و نامیلكه‌وكاسێتانه‌یان بده‌یتێ، چونكه‌ئه‌گه‌ر ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵه‌نه‌كه‌یت ئه‌وكاته‌زیاني ده‌بێت وه‌ك له‌وه‌ی قازانجی ببێت ...

جا برای خۆشه‌ویست ئه‌م كاره‌ش به‌سووك سه‌یر مه‌كه‌چونكه‌كه‌سی واهه‌یه‌خوای گه‌وره‌به‌نامیلكه‌یه‌ك یان به‌ووتاری مامۆستایه‌ك هیدایه‌تی دراوه‌وگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و وازی له‌خراپه‌كاری هێناوه‌، ئه‌وه‌ش بزانه‌ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ر ده‌ستی تۆ خوای گه‌وره‌هیدایه‌تی بدات له‌هه‌موو سه‌روه‌ت وسامانی دونیا بۆت باشتره‌له‌ڕۆژی قیامه‌تدا .

حه‌وته‌م : ئه‌گه‌ر بۆت كرا وئیمكان هه‌بوو بتوانیت بڵاوكراوه‌یه‌كی هه‌ڵواسراو ئه‌گه‌ر مانگانه‌ش بێت بنووسیت بۆ هاوكاره‌كانت، كه‌زیاتر ئه‌و بابه‌تانه‌له‌خۆ بگرێت كه‌ئه‌وان پێویستیانه‌له‌شاره‌زا بوون له‌ئاینه‌كه‌یان وه‌ك بابه‌تی : پاك كردنه‌وه‌ی دڵ وده‌روون له‌خراپه‌وخراپه‌كاری ( تزكیة النفوس ) هه‌روه‌ها ئه‌و فه‌توایانه‌ی كه‌په‌یوه‌ستن به‌و پرسیارانه‌ی كه‌له‌رۆژانه‌دا ڕووبه‌ڕووت ده‌بنه‌وه‌‌، یان بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند ووتارێكی بانگخوازانه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بێت به‌زمانێكی ساده‌وئاسان بنوسرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌س لێی تێ بگات، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ماوه‌یه‌ك تا ماوه‌یه‌كی تر شێواز وتصمیمی ئه‌م بڵاوكراوه‌یه‌بگۆڕیت بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاره‌كانت هه‌ست به‌نوێ گه‌ری بكه‌ن له‌شێوازتدا .

هه‌شته‌م : به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌‌پێشوازی بكه‌یت له‌هاوڕێ وهاوكاره‌كانت، چونكه‌ڕووی خۆش وزه‌رده‌خه‌نه‌كلیلی دڵ ی كه‌سی به‌رامبه‌رته‌، پێغه‌مبه‌ری ئازیزیشمان ( صلی الله علیه وسلم ) ڕاستی فه‌رمووه‌كه‌ده‌فه‌رموێت : " تبسمك فی وجه أخيك صدقة " { أخرجه الترمذي في أبواب البر والصلة عن رسول الله - باب ماجاء في صنائع المعروف - برقم 2022،وقال الألباني حديث حسن 2 /166 } واته‌زه‌رده‌خه‌نه‌وڕووخۆشی به‌ده‌م براكه‌ته‌وه‌خێر وچاكه‌یه‌.

نۆیه‌م : پێشوازی كردنیان له‌كاتی به‌یه‌ك گه‌شتن به‌سه‌لام وقسه‌ی خۆش، هه‌وڵبده‌هه‌میشه‌تۆ ده‌ست پێشخه‌ر بێت له‌سه‌لام كردن لێیان، چونكه‌پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ده‌فه‌رموێت : " لا تدخلوا الجنة حتى  تۆمنوا ولا تؤمنوا حتى تحابوا، أفلا أدلكم على شيء إذا فعلتموه تحاببتم أفشوا السلام بينكم " { أخرجه أبو داود فی كتاب الأدب برقم 5193 وصحيح ابن ماجة برقم 57 } واته‌: ناچنه‌به‌هه‌شته‌وه‌هه‌تاوه‌كو باوه‌ڕتان نه‌بێت، باوه‌ڕیشتان نابێت هه‌تاوه‌كو یه‌كتریتان خۆش نه‌وێت، ئایا شتێكتان پێ بڵێم كه‌ئه‌گه‌ر بیكه‌ن یه‌كتریتان خۆش بوێت؟ سه‌لام له‌ناو خۆتاندا بڵاو بكه‌نه‌وه‌- واته‌سه‌لام له‌یه‌كتر بكه‌ن ، جا كاتێكێش ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌ست پێشخه‌ریان كرد له‌سه‌لام كردن ‌تۆ هه‌وڵبده‌به‌جوانترین شێوه‌وه‌ڵامیان بده‌یته‌وه‌، چونكه‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سه‌لام واجب ومافێكی براكه‌ته‌به‌سه‌رته‌وه‌، خوای گه‌وره‌ش فــه‌رمویه‌تی : ( وَإِذَا حُيِّيتُمْ بِتَحِيَّةٍ فَحَيُّوا بِأَحْسَنَ مِنْهَــا أَوْ رُدُّوهَا إِنَّ اللَّــهَ كَــانَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ حَسِيبًا ) { النساء : 86 } واته‌: هه‌ركاتێك سه‌لامیان لێكردن به‌جوانتر له‌سڵاوه‌كه‌ی ئه‌و  یاخود وه‌كو خۆی وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌، بێگومان ‌خوای گه‌وره‌له هه‌موو شتێك ده‌پرسێته‌وه‌.

ده‌یه‌م : به‌شداری كردن له‌خۆشی وناخۆشیاندا، به‌خۆشیان دڵشاد وخۆشبه‌خت بیت وپیرۆزبای له‌بۆنه‌ومناسباته‌كانیان بكه‌یت، وه‌پیرۆزبایی له‌وه‌یان ژن ده‌هێنێت، یان شوو ده‌كات، یان پیرۆزبایی لێ كردنیان به‌بۆنه‌ی مناڵ بونیانه‌وه‌، یان هه‌ر بۆنه‌یه‌كی تر كه‌له‌ئیسلامدا ڕێگاێ پێدرا بێت پیرۆزباییان لێ بكه‌یت وه‌ك جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان وقوربان، دیسان به‌ته‌عزیه‌وناخۆشیان خه‌م بار بیت وسه‌ره‌خۆشیان لێ بكه‌یت، یان سه‌ردانی نه‌خۆشیان بكه‌یت و دوعا ونزای خێر وشفایان بۆ بكه‌یت لای خوای گه‌وره‌، چونكه‌پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ده‌فه‌رموێت : " مثل المؤمنين في توادهم وتراحمهم وتعاطفهم كمثل الجسد الواحد إذا اشتكى له عضو تداعى له سائر الجسد بالسهر والحمى " { أخرجه مسلم برقم 2586 } واته‌: نموونه‌ی باوه‌ڕداران له‌نێو خۆیاندا، وه‌ك یه‌ك لاشه‌ی مرۆڤ وان كاتێك ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی ئه‌و لاشه‌یه‌نه‌خۆش بكه‌وێت یان تووشی ئازارێك ببێت ته‌واوی ئه‌ندامه‌كانی تر ئازاریان پێ ده‌گات وبه‌ئێشی یه‌كتر ده‌زانن .

یازده‌یه‌م : سه‌ردانی كردنی تاكه‌كه‌سی : به‌و مانایه‌ی جارناجارێك هه‌لی گونجاو بۆ خۆت بڕه‌خسێنه‌سه‌ردانی ماڵی ئه‌و كه‌سانه‌بكه‌كه‌ئومێدی خێرت پێیان هه‌یه‌وده‌زانیت ده‌بن به‌پشتگیرت له‌و كاره‌ی كه‌تۆ ده‌ستت داوه‌تێ، چونكه‌ئه‌م جۆره‌زیاره‌تانه‌په‌یوه‌ندیه‌كان توند وتۆڵ تر ده‌كات له‌هه‌مان كاتیشدا خۆشه‌ویستی زیاد ده‌كات .

دوازده‌یه‌م : هه‌ندێك جار وله‌هه‌ندێك بۆنه‌دا دیاری بكڕه‌بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یان كه‌خۆت به‌گونجاوی ده‌زانیت، یان مه‌رج نیه‌ئه‌م دیاری كڕینه‌هه‌ر له‌بۆنه‌كانیاندا بێت به‌ڵكو ده‌بێت به‌بێ بۆنه‌ش دیاری پێشكه‌ش بكرێت، له‌م باره‌یه‌شــه‌وه‌پێغه‌مبه‌ری خــوا ( صلی الله علیه وسلم ) ده‌فــه‌رموێت : " تهادوا تحابوا " { أخرجه مالك في الموطأ برقم 1617 } واته‌: دیاری بۆ یه‌كتر ببه‌ن خۆشه‌ویستیتان له‌نێواندا زیاد ده‌كات .

سیازده‌یه‌م : پێشكه‌ش كردنی ووته‌یه‌ك یان ووتارێك له‌و بۆنانه‌ی كه‌له‌دائیره‌كه‌ی خۆتدا ڕێك ده‌خرێت، ئه‌ویش به‌پێشكه‌ش كردنی ئامۆژگاری كردنی به‌سوود وئاراسته‌كردنیان به‌شێوه‌یه‌ك كه‌هه‌موویان متمانه‌یان به‌هاوڕێ وهاوكاره‌كانی تریان هه‌بێت .

چوارده‌یه‌م : به‌پێی ده‌رفه‌ت وهه‌لی گونجاو گه‌ر بۆت كراو له‌باربوو سازادنی گه‌شت وسه‌فره‌بۆ چه‌ند جێگایه‌ك له‌گه‌ڵ موراعات كردنی ئادابه‌ئیسلامیه‌كان وته‌وجیه كردنی براده‌ره‌كانت به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌خوای گه‌وره‌پێی خۆشه‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا به‌عیباده‌ت وپه‌رستن داده‌نرێت له‌ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا .

پازده‌یه‌م : سازدانی پێشبڕكێی هه‌مه‌ڕه‌نگ به‌شێوه‌یه‌ك پرسیاره‌كان ڕه‌چاوی هه‌موو ئاسته‌كانی تێدا بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیاری ئاماده‌بكرێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌وه‌ڵامی ڕاستت ده‌زانن، ئه‌م شێوازه‌ش خۆی له‌خۆیدا جۆرێكه‌له‌بانگه‌واز ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كان به‌ئامانجه‌وه‌بكرێن .

شازده‌یه‌م : به‌هه‌ل وه‌رگرتنی هه‌ندێك فورصه‌تی زێڕین كه‌له‌كیس نه‌درێن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت له‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه‌خزمه‌تێكی گه‌وره‌بكه‌یت، وه‌ك له‌كاتی نه‌خۆش كه‌وتنی كه‌سێكی نزیكدا، یان مردنی كه‌سێكی خۆشه‌ویست چونكه‌به‌ڕاستی ئه‌و جۆره‌كاتانه‌كه‌سانی ده‌وروبه‌ر وچوار ده‌ورت به‌چاكی گۆێت بۆده‌گرن، وزه‌نگێكی زۆر باشیشه‌بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌بێئاگان له‌دین وعباده‌ت وخواپه‌رستی، ئه‌م ڕێگایه‌ش تاقی كراوه‌ته‌وه‌و زۆریش به‌سوود بووه‌، به‌تایبه‌تی بۆ خزم وكه‌سه‌نزیكه‌كانی ئه‌و مردوه‌، بۆیه‌ده‌بینین زۆر كه‌س هه‌یه‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گوێی نه‌داوه‌به‌نوێژ وڕۆژوو وخواپه‌رستیه‌كانی تر، به‌ڵام كاتێك یه‌كێك له‌خێزانه‌كه‌ی وه‌فات ده‌كات خێرا ئه‌و ڕووداوه‌ده‌بێت به‌زه‌نگێكی ئاگاداركردنه‌وه‌بۆی وبه‌ئاگا دێته‌وه‌، جا بۆیه‌زۆر پێویسته‌ئه‌و فورصه‌تانه‌له‌ده‌ست نه‌درێت وئامۆژگاری وقسه‌ی خێری خۆت بكه‌یت .

له‌كۆتایدا ئه‌وه‌ی ئاماژه‌مان پێكرد هه‌ندێك بوو له‌و شێواز وهۆكارانه‌ی كه‌كه‌سی بانگخواز ده‌توانێت خزمه‌تیان پێ بكات به‌ئاینه‌پیرۆزه‌كه‌ی ئیسلام، وه‌نه‌بێت ته‌نها هۆكاره‌كان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌بن كه‌باسمان كردن به‌ڵكو زۆر هۆكاری تر هه‌ن كه‌بانگخوازی ئازیز خۆی ده‌زانێت كامیان به‌كار بهێنێت، ئه‌ویش به‌پێی لوان وگونجاوی كات وشوێنه‌كان ئه‌و باشتری لێ ده‌زانێت وسه‌یدی مه‌وقفه‌.

برای خۆشه‌ویست له‌و توانا ووزه‌وكۆششه‌ی كه‌ده‌یكه‌یت له‌صه‌رف كردنی ماڵ وكاتی خۆت وماندوو بونت ته‌نها داوای ئه‌جر وپاداشتت له‌خوای گه‌وره‌بكه‌وهه‌رگیز به‌ته‌مای ئه‌وه‌نه‌بیت كه‌سێك سوپاس وده‌ست خۆشكه‌ریت لێ بكات، نه‌به‌سوپاسیان زۆر دڵخۆش ببه‌و نه‌به‌ئازار وتوانجیشیان دڵ گران ببه‌، ئه‌وه‌ش بزانه‌ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر تۆیه‌ئه‌نجامی بده‌یت كۆشش وهه‌وڵی خۆته،‌گه‌یشتن به‌ئه‌نجام وسه‌ركه‌وتنیش له‌سه‌ر خوای گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ئه‌مه‌ڕێگا وڕێبازی پێغه‌مبه‌رانه‌( علیهم السلام ) وه‌ك ده‌بینیت له‌قورئانی پیرۆزدا شعاری هه‌موویــان بریتی بووه‌له‌ووتنه‌وه‌ی ئه‌م ئایــه‌تــه پیرۆزه‌‌: ( وَيَــا قَـوْمِ لَا أَسْـأَلُكُمْ عَلَيْهِ مَالًا إِنْ أَجْــرِيَ إِلَّا عَلَى اللَّهِ  ) { هود : 29 } واته‌: ئه‌ی گه‌ل وهۆزه‌كه‌م من داوای ماڵ وپاداشتتان لێ ناكه‌م له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌ی كه‌ده‌یكه‌م، به‌ڵكو پاداشتی من لای خوای گه‌وره‌یه‌، هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی : ( إِنَّكَ لَا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ ) { القصص : 56} واته‌: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم ) تۆ ناتوانیت ئیمان وباوه‌ڕ ببه‌خشیت به‌و كه‌سه‌ی كه‌خۆشت ده‌وێت، به‌ڵكو خوا هه‌ركه‌سێكی بوێت ده‌یخاته‌سه‌ر ڕێگای ڕاست وئیمانی پێ ده‌به‌خشێت، خوایش ئاگاداره‌به‌وانه‌ی كه‌ڕێبازی هیدایه‌تیان گرتۆه‌ته‌به‌ر .

له‌كۆتایدا ده‌پاڕێینه‌وه‌له‌په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ست وبه‌ڕه‌حم ومیهره‌بان هیدایه‌تی هه‌موو لایه‌كمان بدات وبمان كات به‌ئه‌داتی قه‌ده‌ری خێری خۆی وبمان گێڕێت له‌بانگخوازه‌دڵسۆز وبه‌وه‌فاكانی ڕێبازه‌كه‌ی محمد المصطفی وشوێن كه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌( ئامین یارب العالمین ) .


 

وصلى الله وسلم على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم

والسلام عليكم ورحمة الله وبركاته

ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان