ئایا گوناهـو تاوان مه‌رجه‌ خێرا كاریگه‌ریان هه‌بێت

وه‌سف كردن

ئێمه‌ی خراپه‌كارو گوناهبارین به‌درێژای شه‌و وڕۆژ تاوان ده‌كه‌ین، كه‌چی به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌وبه‌یان لێی بكه‌ین پشتگوێشیان ده‌خه‌ین، واده‌زانین خوای گه‌وره‌یش له‌بیری چووه‌ته‌وه‌...

Download
له‌باره‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌وه‌ كۆمێنتێك بنێره‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیار

وه‌صفی فراوان

    ئایا گوناهـو تاوان مه‌رجه‌ خێرا كاریگه‌ریان هه‌بێت

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    زاگرۆس هه‌مه‌وه‌ندی

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2012 - 1433

    ﴿ هل الذنب لابد أن یؤثر في الحال ﴾

    « باللغة الكردية »

    زاكروس هموندي

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2012 - 1433

    ئایا گوناهـو تاوان مه‌رجه‌ خێرا كاریگه‌ریان هه‌بێت

    سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان ودرود وصه‌ڵات وسه‌لام بۆ سه‌ر گیانی پێشه‌وامان محمد المصطفی وه‌ بۆ سه‌ر گیانی ئه‌هل وبه‌یت ویار ویاوه‌رانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    خۆشه‌ویستان هه‌ندێكمان واگومان ده‌به‌ین ئه‌گه‌ر هاتوو گوناهێكمان كرد ئه‌گه‌ر خێرا یان له‌كاتێكی نزیكدا كاریگه‌ری به‌جێ نه‌هێشت، ئیتر پاشتر كاریگه‌ری نابێت، وخوای گه‌وره‌ له‌بیری ده‌چێته‌وه‌ هه‌روه‌ك چۆن هه‌موومان گوناهـ له‌سه‌ر یه‌ك كه‌ڵكه‌ ده‌كه‌ین وله‌بیرمان ده‌چێته‌وه‌، پاك وبێگه‌ردی بۆ خوای گه‌وره‌ و په‌روه‌ردگار ئه‌گه‌ر هیچی له‌بیر بچێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئێمه‌ی خراپه‌كارو گوناهبارین به‌درێژای شه‌و وڕۆژ تاوان ده‌كه‌ین، كه‌چی به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌وبه‌یان لێی بكه‌ین پشتگوێشیان ده‌خه‌ین، واده‌زانین خوای گه‌وره‌یش له‌بیری چووه‌ته‌وه‌ !!

    ابن القیم (ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت) ئه‌ڵێت : سبحان الله ئه‌م بیروبۆچوونه‌ هه‌ڵه‌یه‌ چه‌ند خه‌ڵكی به‌هیلاك وتێاچوون برد ! وه‌ بوو به‌هۆی له‌ناوبردنی چه‌نده‌ها نیعمه‌تی خوای گه‌وره‌یش ! وه‌ چه‌ند سزا وتۆڵه‌یشی به‌دوای خۆیدا هێنا ! ئه‌م بیروبۆچوونه‌ چه‌ند زانا وخه‌ڵكی به‌ڕێزیشی به‌هه‌ڵه‌دا برد، ئه‌وه‌ بابوه‌ستێ خه‌ڵكانی نه‌زان و جاهیل هه‌ر مه‌پرسه‌ ! ئه‌م خه‌ڵكانه‌ نازانن تاوان و گوناهـ كاریگه‌ری خۆی به‌جێ ده‌هێڵێت ئه‌گه‌ر پاش ماوه‌یه‌كی تریش بێت، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ شتێكی ژه‌هراوی ده‌خوات پاش ماوه‌یه‌ك وورده‌ وورده‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت .

    بۆیه‌ هیچ كه‌س له‌ئێمه‌ با به‌لایه‌وه‌ غه‌ریب نه‌بێت ئه‌گه‌ر هاتوو خۆی، یان له‌ماڵ ومناڵیدا، یان له‌كاروپیشه‌كه‌یدا تووشی موصیبه‌تێك بوو، جا ئه‌و موصیبه‌ته‌ بچووك بێت یان گه‌وره‌، ئه‌وه‌ سزا وتۆڵه‌ی تاوان وگوناهێكه‌ كه‌ پێشتر كردوویه‌تی، خۆی له‌بیری چووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و گوناهه‌ی ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام خوای گه‌وره‌ له‌بیری نه‌چووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ له‌كاتی خۆیدا ته‌وبه‌ی لێ نه‌كرد وپه‌شیمان نه‌بوویه‌وه‌، یان پاشتریش نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆلای خوای گه‌وره‌ وداوای لێخۆشبوونی لێ بكات وئیستغفاری به‌رده‌وام بكات .

    بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری دڵه‌ زیندووه‌كان بكه‌ین، ئه‌و دڵانه‌ی كه‌ گوناهـوتاوانیان به‌لاوه‌ قورسه‌، كاتێك تووشی موصیبه‌تێك یان ناخۆشیه‌ك ده‌بن له‌ژیانیاندا خێرا گوناهـ و تاوانه‌كانی خۆیان بیرئه‌كه‌وێته‌وه‌ وئه‌زانن كه‌به‌رامبه‌ر په‌روه‌ردگاریان چیان ئه‌نجامداوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پاش ساڵانێكیش بێت ئه‌م موصیبه‌ت وتاقیكردنه‌وه‌یه‌ وایان لێ ده‌كات جارێكی تر ته‌وبه‌ بكه‌ن وبگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆلای خوای په‌روه‌ردگار وداوای لێخۆش بوونی لێ بكه‌ن، به‌ڕاستی خوای گه‌وره‌یش ئه‌مه‌ی ده‌وێت له‌ به‌نده‌كانی كه‌ هه‌رگیز گوناهـ وتاوان به‌بچووك نه‌زانن، به‌ڵكو بیر له‌گه‌وری ئه‌و ذاته‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ گوناهه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامیشیان دا ده‌ستی نزا وپه‌شیمانیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ بۆلای و داوای لێخۆش بوونی لێ بكه‌ن، چونكه‌ به‌ڕاستی ئه‌و زاته‌ پیرۆزه‌ ئیستغفار و داوای لێخۆشبوونی به‌نده‌كانی به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت .

    ابن سیرین (ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت) ئه‌ڵێت : ئه‌و تاوان وگوناهه‌ ده‌ناسمه‌وه‌ كه‌ بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ قه‌رزاری خه‌ڵكی ببم، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو پێش چڵ ساڵ به‌ هه‌ژارێكم ووت : هه‌ی موفلیس ...!

    عه‌مر كوڕی مه‌ڕه‌یش ده‌ڵێت : سه‌ریری ئافره‌تێكم كرد جوانییه‌كه‌ی زۆر به‌لامه‌وه‌ عه‌جیب بوو، خێرا چاوم داخست له‌سه‌یركردنی، له‌خوای گه‌وره‌ ئه‌خوازم ئه‌و چاوداخستنه‌م كه‌فاره‌تی گوناهه‌كه‌م بێت .

    جا ئه‌گه‌ر ئاوابێت باهه‌وڵ بده‌ین سه‌ره‌تا گوناهـ وتاوان نه‌كه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر تاوان وگوناهیشمان كرد، خێرا داوای لێخۆش بوون له‌په‌روه‌ردگار بكه‌ین، وته‌وبه‌ی نه‌صوحی لێ بكه‌ین، ئه‌و ته‌وبه‌یه‌ی كه‌ سێ مه‌رجی سه‌ره‌كی ده‌وێت : وازهێنان له‌وتاوان وگوناهه‌، په‌شیمانی ده‌ربڕین لێی، عه‌زمكردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جارێكی تر نه‌گه‌ڕێیته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و گوناهه‌، به‌ڵكو به‌ ڕه‌حم و میهره‌بانی خوای گه‌وره‌ به‌م كاره‌مان شایانی لێخۆش بوونی خوای گه‌وره‌ بین له‌دواڕۆژدا، وه‌ ببێت به‌هۆی سڕینه‌وه‌ی كاریگه‌ری وئاسه‌واره‌ خراپه‌كانیشی له‌دونیادا إن شاء الله .

    ئه‌ی خوایه‌، ئه‌ی په‌روه‌ردگاری دونیا و دواڕۆژ، ئه‌ی زانا به‌هه‌موو نهێنی و شاراوه‌كانمان، به‌ڕه‌حمی وكه‌ره‌می خۆت له‌گوناهه‌كانمان خۆش ببه‌ وبمانگێره‌ له‌و كه‌سانه‌ی چاوپۆشیان لی ده‌كه‌یت له‌ قیامه‌تدا .

    ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان