به‌خته‌وه‌رى راسته‌قینه

وه‌سف كردن

گه‌ر به‌وردى برِوانینه‌ چه‌مكى راسته‌قینه‌ى به‌خته‌وه‌رى بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌به‌خته‌وه‌رى له‌خودى ئه‌و شتانه‌ى بۆمان فه‌راهه‌م هاتوون نایه‌ته‌دى، به‌ڵكو له‌ئه‌نجامى كارلێككردنى شته‌كان و ئاستى كاریگه‌رییان له‌سه‌ردڵ و ده‌روون دێته‌دى.

Download
له‌باره‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌وه‌ كۆمێنتێك بنێره‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیار

وه‌صفی فراوان

    به‌خته‌وه‌رى راسته‌قینه

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌

    پێداچونه‌وه‌ی:پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2013 - 1434

    السعادة الحقيقية

    « باللغة الكردية »

    ياسين أحمد زنكنة

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2013 - 1434

    به‌خته‌وه‌رى راسته‌قینه

    ‌گه‌ر به‌وردى برِوانینه‌ چه‌مكى راسته‌قینه‌ى به‌خته‌وه‌رى بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌به‌خته‌وه‌رى له‌خودى ئه‌و شتانه‌ى بۆمان فه‌راهه‌م هاتوون نایه‌ته‌دى، به‌ڵكو له‌ئه‌نجامى كارلێككردنى شته‌كان و ئاستى كاریگه‌رییان له‌سه‌ردڵ و ده‌روون دێته‌دى.

    كه‌واته‌ به‌خته‌وه‌رى له‌ناخى مرۆڤه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، هه‌ركاریگه‌رێتى ناخه‌ تیاماندا ره‌نگده‌داته‌وه‌، ئه‌مه‌و لایه‌نى ده‌ره‌وه‌ش ملكه‌چه‌ بۆ لایه‌نى ناوه‌وه‌ى مرۆڤ، واته‌ به‌خته‌وه‌رى بیرۆكه‌یه‌كه‌ له‌ناخه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێو هه‌ستێكه‌ وله‌قوڵایى ناخه‌وه‌ ده‌رده‌چێت .به‌خته‌وه‌رى بارێكى ده‌روونى هه‌ستییه‌ له‌گونجانى ناوه‌وه‌ى مرۆڤه‌وه‌ هه‌ڵده‌قولێت، به‌خته‌وه‌رى هه‌ستكردنه‌ به‌هاوسه‌نگى، كاتێك دێت لایه‌نى ناوه‌وه‌ زاڵ بێت،به‌ڵام هه‌ڵدێت كاتێك پێچه‌وانه‌كه‌ى روو بدات، ئه‌مه‌ش بارێكى تایبه‌ته‌ به‌شێوازى جیاواز له‌هه‌موو مرۆڤه‌كاندا ره‌نگده‌داته‌وه‌.

    خه‌مبارى له‌و ساته‌ وه‌خته‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات كه‌ مرۆڤ زاڵ نه‌بێت به‌سه‌رناخى خۆیدا، سه‌ربازێكى جه‌نگاوه‌ر له‌كاتێكدا برِواى به‌ ره‌وایى كێشه‌كه‌ی هه‌یه‌ و له‌ پێناویدا ده‌جه‌نگێ، به‌خته‌وه‌ره‌ به‌ جێبه‌جێ كردنى ئه‌ركه‌ سه‌ربازییه‌كانى، سه‌ره‌رِای ئه‌و فیشه‌ك و تۆپ و موشه‌كانه‌ى كه‌به‌سه‌ریدا ده‌بارێت و به‌ده‌وروبه‌ریدا ده‌ته‌قێته‌وه‌، سه‌ره‌رِای كه‌مى خواردن وخواردنه‌وه‌و نارِه‌حه‌تیی مه‌یدانى جه‌نگ و، ژیانى نێومه‌ته‌رێزو سه‌نگه‌ر، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هه‌ست به‌ ره‌زامه‌ندى ده‌رونى ده‌كات، توانایه‌كى زۆرى هه‌یه‌ بۆ به‌رگه‌گرتنى ناڕه‌حه‌تیه‌كان، چونكه‌ له‌ ناخى خۆیدا واى ده‌بینێته‌وه‌ كه‌له‌ پێناوى كێشه‌یه‌كى ره‌وادا ده‌جه‌نگێ.

    دایكێك له‌ پێناوى چاودێرى كردنى منداڵه‌ نه‌خۆشه‌كه‌یدا شه‌ونخونى ده‌كێشێت، به‌خته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌رِایى شه‌ونخونى وناڕه‌حه‌تى، كاتێك كۆرپه‌كه‌ى چاك ده‌بێته‌وه‌ زیاتر هه‌ست به‌ به‌خته‌وه‌رى وره‌زامه‌ندى ده‌كات، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك وه‌سف ناكرێت. هه‌ست و سۆزو تامه‌زرۆیى داى ده‌گرێت چونكه‌ هه‌ست ده‌كات دواى ئه‌و ماندوبون وشه‌كه‌تییه‌ى منداڵه‌كه‌ى به‌سه‌لامه‌تى گه‌رِاوه‌ته‌وه‌.

    كه‌سانێك، به‌ره‌و په‌تى سێداره‌ رۆشتن، سه‌ربه‌رزانه‌و دامه‌زراوو ده‌م به‌خه‌نده‌، له‌ كاتێكدا له‌دوى چه‌ند هه‌نگاوو چركه‌ ساتێكدا مه‌رگ له‌ئامێزیان ده‌گرێت، چه‌ندین تێكۆشه‌ر ئه‌م هه‌لانه‌ى قۆستۆته‌وه‌ بۆ گه‌یاندنى په‌یامه‌ ره‌واكه‌یان وئامۆژگارى كردنى جه‌لاده‌كانیان، یان لۆمه‌ و سه‌رزه‌نشتكردنیان، ئه‌م تێكۆشه‌رانه‌ برِوایان به‌ ره‌وایى كێشه‌كه‌یان هه‌یه‌، وه‌ چونیان به‌ره‌و ته‌ختى له‌سێداره‌دان به‌ جێبه‌جێ كردنى ئه‌ركه‌كانیان ده‌زانن تا پله‌ى فیداكارى و به‌رخوودان.

    هه‌ركات مرۆڤ برِواى به‌ ره‌وایى كێشه‌كه‌ ى هه‌بێت ئه‌وا هه‌ست به‌به‌خته‌وه‌رى ده‌كات، ته‌نانه‌ت له‌ ناخۆشترین و نارِه‌حه‌ترین هه‌ڵوێست وهه‌لو مه‌رجدا، مرۆڤ له‌ توانایدایه‌ به‌رگه‌ى ناخۆشترین ئێش و ئازار بگرێت، كاتێك رازى بێت به‌و كاره‌ى كه‌ ده‌یكات، قه‌ناعه‌تى به‌و هۆكارانه‌ هه‌بێت كه‌ به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ى بردووه‌.

    به‌خته‌وه‌رى هاوواتاى خۆشى و، خه‌نده‌و پێكه‌نین نییه‌، هه‌روه‌ك چۆن خه‌مبارى هاوواتاى گریان و رۆڕۆ نییه‌، ده‌بینیت كه‌سێك ده‌گرى له‌حاڵه‌تێكدا هه‌ست به‌خۆشى وبه‌خته‌وه‌ری ده‌كات، هه‌روه‌ك چۆن كه‌سێك پێ ده‌كه‌نێت به‌هۆى ئه‌و به‌ڵاو ناڕه‌حه‌تیه‌ی كه‌ توشى بووه‌، هه‌روه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێت ( شر البلیة‌ ما یضحك ) .

    كۆى په‌یوه‌ندییه‌كانى مرۆڤ له‌سێ بواردا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت، په‌یوه‌ندى مرۆڤ به‌په‌روه‌ردگاره‌وه‌، په‌یوه‌ندى مرۆڤ به‌خودى خۆیه‌وه‌، په‌یوه‌ندى مرۆڤ به‌ده‌وروو به‌ریه‌وه‌، به‌خته‌وه‌رى راسته‌قینه‌ خۆى له‌شیكاركردنى ئه‌م سێ هاوكێشه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى هاوسه‌نگ و میانه‌یى. كاتێكیش ئه‌م هاوكێشانه‌ به‌هه‌ڵه‌ شیكاربكرێت وشیرازه‌كان تێكبچن خه‌مبارى وكڵوڵى مرۆڤ ده‌گرێته‌وه‌.

    گه‌رده‌ته‌وێت به‌خته‌وه‌ر بیت ده‌بێت خاوه‌ن په‌یامێكى شكۆداربیت وله‌میانه‌یه‌وه‌ به‌رێگاى راست وره‌وادا برِۆیت، ئه‌وكات به‌ربه‌سته‌كان دڵته‌نگت ناكات، ده‌ره‌نجامه‌كانیش هه‌رچیه‌ك بن هه‌رسه‌ركه‌وتن هاوه‌ڵت ده‌بێت.

    له‌كۆتاداده‌ڵێین به‌خته‌وه‌رى راسته‌قینه‌و هه‌میشه‌یى كه‌س پێى ناگات وپێى شاد نابێت، ته‌نها ئه‌وانه‌ى خوایان ناسیوه‌و شوێنى په‌یام ورێبازه‌كه‌ى كه‌وتوون، خواى گه‌وره‌ش به‌خته‌وه‌رییان پێى ده‌به‌خشێت هه‌روه‌ك فه‌رموویه‌تى:▬مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَىٰ وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً ۖ وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُمْ بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ♂ [النحل :٩٧ ].

    واته‌: هه‌رکه‌س له‌نێر یان له‌ مێ کرده‌وه‌ی چاکی کردبێ وبڕواداریش بوو بێت ئه‌وه‌ سوێند به‌خوا به‌ ژیانێکی خۆش ده‌یان ژیه‌نین وسوێند بێ پاداشتیان ده‌ده‌ینه‌وه‌ به‌ چاکتر له‌وه‌ی که‌ ئه‌وان ده‌یانکرد.

    ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان