ئه‌حكامه‌كانی حه‌ج وعومره‌كردن ()

 

|


أحكام الحج والعمرة

 پوخته‌یه‌ك:

خوێنەری بەڕێز: ئەم کتێبەی بەردەستت لە بنەڕەتدا بەشێکە لە پەرتوکی پوختەی بنەماکانی ئیمان و ئیسلام، وە ئەم باسانەی لەخۆ گرتووە:

١- حەج و حوکمەکانی.

٢-حەجکردن ھەنگاو بە ھەنگاو.

٣- عومرەکردن وحوکمەکانی.

ئێمەیش لەبەر زۆر گرنگی و پڕ سوودی بابەتەکە بە پێویستمان زانی کەوا وەریبگێڕینە سەر زمانی کوردی شیرین.


الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ، وَالْعَاقِبَةُ لِلْمُتَّقِينَ، وَصَلَّى اللهُ وَسَلَّمَ عَلَى عَبْدِهِ وَرَسُوْلِهِ نَبِيِّنَا مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِهِ وَأَصْحَابِهِ أَجْمَعِيْنَ. أَمَّا بَعْدُ:

 پێناسەی حەج:

جەح لە زمانەوانییدا: بە مانای مەبەست دێت.

لە زاراوەی شەرعناسەکانیشدا: بە واتای:‌ مەبەستی حەج کردن و ڕۆشتن بۆ ماڵەکەی خودایە لەکاتێکی دیاریکراودا، بە نیەتی بەجێھێنانی مەناسیەکەکانی تەواف و ھاتوچۆی نێوان صەفا و مەروە، و وەستان لە عەرەفە، و ئەرکانی و واجبەکانی تری([1]).

بنەمای مەشروعیەتی حەج:

کۆمەڵە دەقێک لە قورئان وسوننەت بەڵگەن لەسەر فەرزیەتی حەج، ھەروەھــا ئومەتی ئیسلامیش کۆدەنگن لەسەر فەرز بوونی حەج لەسەر موسڵمانان.

خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی:ﮋ وَلِلَّهِ عَلَى ٱلنَّاسِ حِجُّ ٱلۡبَيۡتِ مَنِ ٱسۡتَطَاعَ إِلَيۡهِ سَبِيلٗاۚ وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ ٱللَّهَ غَنِيٌّ عَنِ ٱلۡعَٰلَمِينَﮊ([2]) واتا: خوای گەورە بڕیاریداوە و فەرزی کردووە لەسەر ئەو خەڵکانەی کە  توانای (دارایی وتەندروستیان) ھەیە ‌حەج وسەردانی (بیت الحرام) بکەن، ھەرکەسێکیش باوەڕی بەو حەجە نەبێ، ئەوە باچاک بزانێ کە کافرو بێ باوەڕە، بەراستیی خوایش لەتەواوی خەڵکانی جیھان، نەک تەنھا ھەر لەوان، بێ نیازە .

بەڵگەش لە سوننەت ئەم فەرموودەیەیە: حدیث عبد الله بن عمر t قال: قال رسول الله e :{ بني الإسلام علی خمس} وذکر منھا الحج([3]) واتا: عەبدوڵڵای کوڕی عومەر (خوا لەخۆی و باوکی ڕازی بێت) ئەگێڕێتەوە ودەڵێت: پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم فەرموویەتی: ئاینی پیرۆزی ئیسلام لەسەر پێنج بنەما دامەزراوە و وەستاوە، لە نێوان ئەو بنەمانەدا باسی حەجی کرد . ھەروەھا ئەم فەرموودەیەش: عن  أبي هريرة t  قال : خطبنا رسول الله e فقال:{ أيها الناس قد فرض الله عليكم الحج فحجوا }، فقال رجل: أكل عام يا رسول الله؟ فسكت رسول الله e حتى قالها ثلاثا، فقال رسول الله e:{لو قلت نعم لوجبت ولما استطعتم}([4]) واتا: ئەبو ھورەیرە (خوای لێ ڕازی بێت) دەڵێت: پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم ووتاری بۆ دەداین، وفەرمووی: ئەی خەڵکینە خوای گەورە حەجی لەسەر فەرز کردون، بۆیە حەجی ماڵی خوای گەورە بکەن، پیاوێک ووتی: ئایا ھەموو ساڵێک ئەی پێغەمبەری خوا؟ پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلمبێدەنگ بوو، تا ئەو کاتەی کابرا سێجار ئەو پرسیارەی کردەوە، ئەمجا پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم فەرمووی: ئەگەر بھاتایە بموتایە بەڵێ ھەموو ساڵێک، ئەوا لەسەرتان فەرز دەبوو، ئێوەیش نەتاندەتوانی.

لەم بارەیەشەوە بەڵگە گەلێکی زۆر ھەن لە قورئان وسوننەتدا بۆیە تەنھا ھێندە بەسە.

زانایانیش لەزۆر جێگادا باسی کۆدەنگی ئوممەتی ئیسلامیان کردووە لەسەر فەرزیەتی حەج، یەکێک لەو زانایانەی کە کۆدەنگی باس کردووە، ئیمامی کاسانی حەنەفی([5])، وابن قودامەی مەقدیسی حەنبەلیەکانە([6]).

 فەزڵەکانی حەج:

حەجی ماڵی خوای گەورە کۆمەڵێک فەزڵی گەورە ومەزنی ھەیە، کە دەقەکانی قورئان وسوننەت ڕوونیان کردونەتەوە، ئێمە تەنھا لیرەدا ئاماژە بە ھەندێکیان دەکەین، لەوانەیش:

١) حەجی ماڵی خوای گەورە، دەبێتە ھۆی سڕینەوەی ھەرچی تاوان وگوناھی پێشووترە لە شیرک وبێباوەڕی وتەواوی گوناھەکانی تر، ئەگەر بەندە بەڕاست و دروستی تەوبەی کردبێت لەھەموو ئەو تاوان وگوناھانە، ئەویش بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە: عن عمرو بن العاص t قال: .. فَلَمَّا جَعَلَ اللَّهُ الإِسْلاَمَ فِى قَلْبِى أَتَيْتُ النَّبِىَّ e فَقُلْتُ ابْسُطْ يَمِينَكَ فَلأُبَايِعْكَ، فَبَسَطَ يَمِينَهُ - قَالَ - فَقَبَضْتُ يَدِى، قَالَ « مَا لَكَ يَا عَمْرُو ». قَالَ قُلْتُ أَرَدْتُ أَنْ أَشْتَرِطَ. قَالَ:« تَشْتَرِطُ بِمَاذَا » قُلْتُ أَنْ يُغْفَرَ لِى، قَالَ « أَمَا عَلِمْتَ أَنَّ الإِسْلاَمَ يَهْدِمُ مَا كَانَ قَبْلَهُ وَأَنَّ الْهِجْرَةَ تَهْدِمُ مَا كَانَ قَبْلَهَا وَأَنَّ الْحَجَّ يَهْدِمُ مَا كَانَ قَبْلَهُ ؟ »([7]) واتا: عەمری کوڕی عاص (خوای لێ ڕازی بێت) دەڵێت: کاتێک خوای گەور نووری ئیسلامی خستە ناو دڵمەوە، ھاتم بۆ لای پێغەمبەری خوا، ووتم: دەست ڕاستم بدەرێ با بەیعەتت پێ بدەم، پێغەمبەریشصلی الله علیه وسلم دەستی ڕاستی ھێنا، عەمر دەڵێت: پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلمدەستی گرتم و فەرمووی: چیت دەوێت ئەی عەمر ؟ ئەڵێت منیش ووتم: ئەمەوێت مەرجێک دابنێم، پێغەمبەرصلی الله علیه وسلم فەرمووی: چی مەرجێک؟ ئەڵێت ووتم: خوای گەورە لەگوناھەکانم خۆش بێت، ئەمجا پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم فەرمووی: ئایا نازانیت کە ھەر کەسێک ھاتە ناو ئیسلامەوە ئیتر ھەرچی تاوان و گوناھی ھەیە دەسڕێتەوە، وە کۆچکردن لە پێناو خوای گەورەدا دەبێتە ھۆی سڕینەوەی ھەرچ گوناھی پیشووترە، ھەورەھا حەجی ماڵی خوای گەورە کردنیش دەبێتە ھۆی سڕینەوەی ھەرچی گوناھو تاوانێکە پێش خۆی.

٢) ئەو کەسەی حەج دەکات، بەو شێوەیە دەگڕێتەوە، وەک مناڵێکی تازە لەدایک بووی لێ دێت، کەھیچ گوناھو تاوانێکی نییە، بەڵگەش بۆ ئەمە: عن أبي هريرة t قال: قال رسول الله e: {من حج هذا البيت فلم يرفث ولم يفسق رجع كيوم ولدته أمه}([8]) واتا: ئەبو ھورەیرە (خوای لێ ڕازی بێت) دەڵێت: پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: ھەرکەسێک حەجی ماڵی خوای گەورە بکات وقەسەی خراپ وکاروکردەوەی نا بەجێی لێ نەوەشێتەوە، وەک ئەو مناڵەی لێ دێت کە تازە لەدایک بووە.

٣) حەج جۆرێکە لە جۆرەکانی جیھاد وتیکۆشان لە پێناوی خوای گەورەدا، بگرە باشترین جۆری جیھادیشە، ئەویش بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە: عن عائشة (رضي الله عنها) قالت: قلت: يا رسول الله! نرى الجهاد أفضل الأعمال؛ أفلا نجاهد؟ قال: {لا، ولكن أفضل الجهاد حج مبرور}([9])  واتا: عائیشەی دایکی بڕواداران (خوای لێ ڕازی بێت) دەڵێت: ووتم: ئەی پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم من وادەزانم کە جیھاد و تیکۆشان باشترین کاروکردەوەی چاکەیە، ئایا ئێمەیش جھاد نەکەین؟ فەرمووی: نەخێر، بەڵکو باشترین جھاد وتێکۆشان حەجێکی پاکوخاوێنە کە خوای گەورە لێتی گیرا بکات.

٤) بەدەستھێنانی گەورەترین سەرکەوتن وسەرفرازی، ئەویش بەھەشتی نەبڕاوەی ھەتا ھەتاییە، لەم بارەیەشەوە ئەم فەرموودەیە ھاتووە، عن أبي هريرة t قال: قال رسول الله e { ..... والحج المبرور ليس له جزاء إلا الجنة } ([10]) واتا: ئەبو ھورەیرە (خوای لێ ڕازی بێت) ئەگێڕێتەوە و دەڵێت: پێغەمبەری خواصلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: حەجێکی پاکوخاوێن کە لەبەر ڕەزامەندی خوای گەورە بێت ھیچ پاداشتێکی نییە بەھەشتی نەبڕاوە نەبێت.

 ئامانجەکانی حەج:

حەج چەند ئامانجێکی گەورە ومەزنی ھەیە، کە خوای گەورە لەبەر ئەو ئامانجانە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا دایناوە، ئێمەش ئەگەر بمانەوێت لێرەدا ھەموو ئەو ئامانجانە بژمێرین ناتوانین، بۆیە تەنھا ئاماژە بەچەند دانەیەکیان دەکەین، لەوانەیش:

١) حەج کردن بەجێھێنانی فەرمانی خوای گەورەیە، وبەدەمەوە چوونی ئەو بانگەوازەیە کە خوای گەورە داویەتی بە گوێی باوەڕداراندا، ئەمەش خۆی لە ملکەچیەکی تەواو لەبەرامبەر گوێڕایەڵی بۆ فەرمانەکانی خوای گەورەدا دەبینێتەوە.

٢) حەج پەیوەندیەکی بەھێزی ھەیە بە گیانی سروش و وەحیەوە، چونکە حەرەمی پیرۆزی مەککە جێگای ھاتنە خوارەوەی وەحی بووە بۆ پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم، چەندێک موسڵمانان پەیوەست بن بەم خاکە پیرۆزەوە ھێندەش پابەند دەبن بە جیلی یەکەمی ئیسلامەوە، ئەو جیلەی کە لە پێناو خوای گەورەدا جیھادیان کرد وتێکۆشان تاوەکو ئاینە پیرۆزەکەی ئیسلام بەسەر زەوی بگەیەنن.

٣) حەج ڕاگەیاندنی یەکسانییەکی تەواوە لە نێوان خەڵکیدا، ئەویش بەوەی کاتێک دەبینیت کە ھەموو حاجیان لە ڕۆژی عەرەفەدا بە یەک جۆر جل وبەرگەوە ھەر ھەموویان لەیەک شوێندا بەبێ جیاوازی ڕەنگ وڕەگەز وزمان وەستاون، ودەستیان بەرز کردوەتەوە ولەخوای گەورە دەپاڕێنەوە کە لە گوناھەکانیان خۆش بێت.

٤) حەج گیانی یەکترناسین وھاوکاری وڕاوێژ وڕاگۆڕینەوە لە نێوان موسڵماناندا بەھێز دەکات، ئەویش لە پێناو ھەستانەوەی ئوممەتی ئیسلام وبەرزکردنەوەی پلە وپایەی پێشەوایەتی لە نێوان گەلاندا.

 مەرجەکانی حەج:

مەرجەکانی واجب بوونی حەج پێنجە:

١) ئیسلام، حەج لە بێباوەڕ وەرناگیرێت.

٢) عەقڵ و ژیری، حەجی شێت دروست نییە، چونکە عەقڵ مەرجی ئەو تەکالیفانەیە کە خوای گەورە واجبی کردووە لەسەر مرۆڤەکان، لەبەر ئەوە شێت داوای بەجێھێنانی ھیچ فەرز وواجبێکی لێ ناکرێت، بۆیە حەجیشی لەسەر واجب نییە.

٣) باڵغ بوون، مناڵ پێش ئەوەی باڵغ بێت داوای بەجێھێنانی حەجی لێ ناکرێت، جا ئەگەر مناڵ حەجی کرد حەجەکەی صەحیح ودروستە، بەڵام جێگای حەجی ئیسلامی بۆ ناگرێتەوە ئەگەر باڵغ بــــوو.

٤) ئازاد بێت، کەسێک بەندە وکۆیلە بێت حەجی لەسەر واجب نییە، ئەگەر ھاتوو لە کاتی کۆیلایەتیەکەیدا حەجی کرد حەجەکەی صەحیح ودروستە، بەڵام ئەگەر دواتر ئازاد بوو لای زۆرێک لە زانایان دەبێت حەجی ئیسلامی بکاتەوە، لای ھەندێکی تریان پێویست ناکات وحەجی واجبی لەسەر کەوتووە، ئەمەش ڕایەکی لاوازە چونکە کۆدەنگی زانایان ھەیە لەسەر پێچەوانەکەی وەک (إبن المنذر) باسی کردووە.

٥) توانا بوون، ئەمە مەرجی واجب بوونی حەجە، وەک خوای گەورە دەفەرموێت: ﮋ وَلِلَّهِ عَلَى ٱلنَّاسِ حِجُّ ٱلۡبَيۡتِ مَنِ ٱسۡتَطَاعَ إِلَيۡهِ سَبِيلٗاۚ ﮊ ([11]) واتا: خوای گەورە حەجی ماڵەکەی خۆی واجب کردووە لەسەر ئەو کەسانەی توانایان ھەیە.

مەبەست لە تواناش دوو جۆرە توانایە: جۆرێکیان پیاو وژن تێیدا ھاوبەشن، جۆرێکی تریان تایبەتە بە ژنانەوە.

 بەشی یەکەم: ئەو جۆرەی کە پیاو وژن تێیدا ھاوبەشن، ئەمەش چوار لایەن دەگرێتەوە:

١) دەسەڵاتی ئەوەی ھەبێت بە سواری یەکێک لە ھۆیەکانی گواستنەوە بگاتە حەج، جا لە کۆندا ووشتر وئەسپ وگوێدرێژ بووە، ئێستاش ئۆتۆمبیل وفڕۆکە وھەندێک شتی ترە، ھەروەھا توانای کڕین یان ئامادەکردنی خوارد وخواردنەوەی ئەو ماوەیەی ھەبێت کە دەچێت ودەگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆی.

٢) تەندورست بوونی لاشە وجەستە.

٣) ئاسایشی ڕێگا و بان.

٤) بتوانێت ڕێگا بکات.

بەشی دووەم: ئەو جۆرە توانایەی کە تایبەتە بە ژنانەوە، وەک ئاماژەمان پێدا کۆمەڵێک مەرج ھەیە لە ئیسلامدا بەمەرج گیراوە بۆ توانا بوونی پیاوان و ژنان بۆ بەجێھێنانی حەج، لەگەڵ ئەوەدا ژنان دوو مەرجی تریان ھەیە تاوەکو مەرجی توانا بوونیان تێدا بێتەدی، ئەوانیش:

١) مەرجی مەحەرم لەگەڵ بوونی.

٢) ئەو ژنەی کە حەج دەکات نابێت لە عیدەی وەفاتی پیاوەکەیدا بێت.

 ئەرکانەکانی حەج:

١) ئیحرام.

٢) وەستان لە عەرەفە.

٣) تەوافی ئیفاضە.

٤) ھاتوچۆی نێوان صەفا ومەروە.

ھەرکەسێک یەکێک لەم ڕوکنانە واز لێ بھێنێت ونەیانکات، ئەوە حەجەکەی دروست وصەحیح نییە.

 واجبەکانی حەج:

١) نیەتی ئیحرام ھێنان بە میقات.

٢) وەستان بەشەو لە عەرەفە بۆ ئەو کسانەی کە ڕۆژ ھاتوون بۆی.

٣) مانەوە تاوەکو نیوەی شەو لە موزدەلیفە شەوی قوربانی کردن، ئەگەر پێش ئەو کاتە گەشت بووە ئەوێ.

٤) مانەوە بەشەو لە مینا لە ڕۆژانی (أیام التشریق) ([12]).

٥) لێدانی بەرد لە ھەر سێ جەمەرەکە یەک بە دوای یەکدا.

٦) تاشین یان کوورت کردنەوەی مووی سەر.

٧) تەوافی ویداع وماڵ ئاوایی کردن، بۆ ئەو ژنانە نەبێت کە لە سوڕی مانگانەدا یان مناڵیان بووە([13]).

٨) ھەدی ئەو حاجیەی کە حەجەکەی بە (تەمەتوع) یان (قیران) نیەت ھێناوە.

ھەرکەسێک بە دەست ئەنقەست یەکێک لەم واجبانە نەکات وتەرکیان بکات ئەوە سەرە ڕای ئەوەی گوناھبار دەبێت، ئەبێت بە سەر بڕینی ئاژەڵێک قەرەبوویان بکاتەوە، وە تەوبەی لی بکات وداوی لێخۆش بوونیش لەخوای گەورە بکات، بەڵام ئەوەی بە نەزانین یان بە لەبیرچوون تەرکی کردن وئەنجامی نەدان ئەوە بە ئاژەڵ سەر بڕینێک قەرەبوو دەکرێتەوە.

 گرنگترین سوننەتەکانی حەج:

١) خۆشۆردن وخۆ بۆن خۆشکردن و لەخۆ پێچانی دوو پارچە قوماشی سپی.

٢) تەوافی ھاتن (طواف القدوم) بۆ ئەو کەسەی کە نیەتی حەجی بە بێ عومرە، یان بە (قیران) ھێناوە.

٣) ھەڵو‌ڕە کردن لە سێ شەوتی یەکەمی تەوافی قدومدا، مەبەست لە ھەڵو‌ڕەکردن خێرا ڕۆشتن ونزیک کردنەوەی ھەنگــــاوەکانە لەیەکتری.

٤) (الاضطباع) واتا: ناوەڕاستی پارچە ئیحرامی ڕیداء لەژێر بن باڵی ڕاستەوە بھێنیتەوە وبیدەی بەسەر شانی چەپتدا.

٥) مـانەوە لە مینا شەوی عەرەفە، کە ڕۆژەکەی بە (یوم الترویە) ناسراوە.

٦) دەست کردن بە ووتنەوەی ذیکری (لبیك اللهم لبیك لبیك لاشریك لك لبیك إن الحمد والنعمة‌ لك والملك، لاشریك لك) لەکاتی نیەتی ھێنانی ئیحرامــەوە ھەتاوەکو بەرد گرتنە جەمەری (العقبە) لە یـەکەم ڕۆژی جەژن.

٧) کۆکردنەوەی نوێژی مـەغریب وعیشا بە دواخستن لە موزدەلیفە.

٨) وەستان لە موزدەلیفە لە (المشعر الاحرام) لە بانگی بەیانیەوە تاوەکو دونیا ڕوناک دەبێتەوە، ئەگەر توانرا.

ھەرکەسێک یەکێک لەم سوننەتانەی لەبیر چوون یان نەی‌کردن ئەگەر بەدەست ئەنقەستیش بێت ھیچ شتێکی لەسەر واجب نابێت، بەڵام باشتر وایە مرۆڤ لەم سوننەتانەدا شوێن پێی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ھەڵبگرێت و ئەو چۆنی کردووە ئەمیش وا بکات.

 کات وجێگاکانی نیەتی ئیحرام ھێنان بەحەج:

ئەو کات وجێگایانەی کە ئیحرامیان لێ دەبەسترێت ونیەتیان لێ دەھێنرێت بۆ حەج وعومرە دوو جۆرن:

ئەوکاتانەی کە ئیحرامیان بە حەج لێ دەبەسترێت تایبەتە بە حەج جگە لە عومرە، ئەویش بریتیە لە مانگی شەوال و ذی القعدە و دە ڕۆژی یەکەمی مانگی ذی الحجە، وەک خوای گەورە فەرموویەتی: ﮋ ٱلۡحَجُّ أَشۡهُرٞ مَّعۡلُومَٰتٞۚ فَمَن فَرَضَ فِيهِنَّ ٱلۡحَجَّ فَلَا رَفَثَ وَلَا فُسُوقَ وَلَا جِدَالَ فِي ٱلۡحَجِّۗ ﮊ([14]) واتا: حەج لە چەند مانگێکی دیاریکراودایە و(خۆی بۆ ئامادە دەکرێت ونیەتی لێدەھێنرێت) جا ئەوەی کە لەو مانگانەدا دەستبەکار بوو و بڕیاریدا حەج بکات، ئەوە دەبێت نزیکی ھاوسەری نەکەوێت وقسەی نابەجێ و گوناھو موجادەلە وگوفتاری نادروست ئەنجام نەدات لە کاتی حەجکردندا .

بەڵام عومرە کردن کاتێکی دیاری کراوی نییە، لە ھەر مانگێک لە مانگەکانی ساڵدا وویستت دەتوانیت عومرە بکەیت.

 جێگاکانی نیەتی ئیحرام ھێنان:

ئەو جێگایانەی نیەتی ئیحرامیان لێ دەھێنرێت، حەج وعومرەیش دەگرێتەوە:

مەبەستیش لێی ئەو سنورانەیە کە دروست نییە حاجی یان عومرەکار لێیانەوە تێپەڕ بکات بە بێ نیەتی ئیحرام ھێنان، ئەو جێگایانەیش بریتین لە:

١) (ذو الحلیفە) جێگای نیەتی ئیحرام ھێنانی خەڵکی مەدینەیە.

٢) (الجحفە) جێگای نیەتی ئیحرام ھێنانی خەڵکی شام و میصر و مەغریبە.

٣) (قرن المنازل) جێگای نیەتی ئیحرام ھێنانی خەڵکی نەجدە، کە ئێستا بە (السیل الکبیر) ناو دەبرێت.

٤) (یلملم) جێگای نیەتی ئیحرام ھێنانی خەڵکی یەمەنە.

٥) (ذات عرق) جێگـــای نیەتی ئیحرام ھێنانی خەڵکی عێراق و ڕۆژھەڵاتە.

ھەندێک بابەتی گرنگ سەبــارەت بەو جێگایانەی ئیحرامیان لێ دەبەسترێت:  

بابەتی یەکەم: ئەو جێگایانەی کە باسمان کردن، جێگای نیەتی ئیحرام ھێنانی خەڵکی ئەو شوێنانەن کە ئاماژەمان پێدان، وە جێگای نیەتی ئیحرام ھێنانیشن بۆ ھـەر کـەسێک لـەو جێگایانەوە بە نیەتی حەج یان عومرە تێپەڕ دەکات.

بابەتی دووەم: ھەر کەسێک ماڵی لەخوار ئەو جێگایانە بێت کە ئاماژەمان پێدان، ئەوە ھەر لەماڵەکەی خۆیەوە نیەتی ئیحرام دەھێنێت بۆ حەج یان عومرە، وە ھەر کەسێکی خەڵکی مەککەیش وویستی حەج بکات ئەوە ھەر لەماڵەکەی خۆیەوە نیەت دەھێنێت وئیحرام دەبەستێت، ھیچ پێویست بەوە ناکات بۆ حەج کردن بچێت بۆ جێگاکانی ئیحرام بەستن، بەڵام بۆ عومرە کردن دەبێت بچێت بۆ (التنعيم) یان بۆ نزیکترین جێگایەک کە لە سنوری حەرەم دەربچێت.

بابەتی سێھەم: ھەر کەسێک بە فڕۆکە سەفەری کرد بۆ حەج، ئەوە دەبێت لە ئاسمانەوە لەو کاتەی کە بەسەر یەکێک لەو جێگایانەدا تیێپەڕ دەکات نیەتی ئیحرام بھێنێت وئیحرامەکەی ببەستێت، دروست نییە ئیحرامەکەی دوابخات ولەفڕۆکەخانەی جدە نیەت بھێنێت وئیحرامەکەی ببەستێت، ھەروەک چۆن ھەندێک خەڵک وا دەکەن، چونکە جدە جێگای نیەتی ئیحرام بەستنی ھیچ ووڵاتێک نییە جگە لە خەڵکی جدە خۆی نەبێت، بۆیە ھەر کەسێک نیەتی ئیحرام ھێنانی دواخست و لە جدە ئیحرامەکەی بەست ئەوە یەکێک لە واجبەکانی واز لێھێناوە، ودەبێت ئاژەڵێک سەر ببڕێت و دابەشی بکات بەسەر ھەژارانی شاری مەککەدا.

بابەتی چوارەم: ھەرکەسێک لەو جێگایانەی کە باسمانکردن تێپەڕی کرد ونیەتی ئیحرامی نەھێنا، ئەوە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەو جێگایانەوە نیەتی ئیحرام بھێنێت، خۆ ئەگەر ھاتوو نەگەڕایەوە بۆیان دەبێت فدیەیەک بدات.

 مەناسیەکەکانی حەج:

یەکەم : ئیحرام .

 ئیحرام یەکەم ڕوکنە لە ئەرکانەکانی حەج، مەبەستیش پێی نیەت ھێنانە بەچوونە ناو مەناسیکەکانی حەج، وە پێی دەوترێت ئیحرام چونکە مرۆڤی موسڵمان بەو نیەتەی ھەموو ئەو شتانەی کە پێش چوونە ناو ئیحرام حەڵاڵ بوون بۆی لەسەری قەدەغە دەکرێت، وەک ژنھێنان وبەشوودان، و بۆنی خۆش لەخۆدان، ونینۆک کردن، و موو لەخۆ کردنەوە لە ھەر بەشێکی جەستە بێت، یان لەبەرکردنی جلوبەرگی دوراو وھەندێکی شتی تر کە پێش ئیحرام حەڵاڵ وڕێگا پێدراوە، بەڵام لەگەڵ چوونە ناو ئیحرام لەسەر حاجی قەدەغە دەکرێن.

 جۆرەکانی نیەتی ئیحرام ھێنان:

جۆرەکانی ئیحرام سێ جۆرە:

یەکەم: التمتع: مەبەست پێی ئەوەیە لە مانگەکانی حەجدا نیەتی عومرە کردن بھێنیت، وپاشتر نەگەڕێیتەوە بۆ ووڵاتی خۆت، دوای ئەوەی لە عومرە کردن بوویتەوە و تەحەلولت کرد، ھەر لەو ساڵەدا وڕۆژێک پێش چوون بۆ عەرەفە نیەتی حەج بھێنیت، نیەت ھێنانەکەشی بەم شێوەیە دەبێت، بڵێ: (لبیك عمرة متمتعا بھا إلی الحج) واتا: ئەی خوایە نیەتم ھەیە و ھاتووم بەدەم بانگەوازەکەی تۆوە و عومرە دەکەم، لەدواییدا تەحەلول دەکەم و پاشان نیەتم ھەیە حەجیش بکەم، یان دەتوانێت سەرەتا تەنھا نیەتی عومرە بھێنێت وبڵێ: (لبيك عمرة)، دواتر ڕۆژێک پێش عەرەفە لەجێگاکەی خۆیەوە ئیحرامەکانی لەخۆی بئاڵێنێت و نیەتی حەج بھێنێت و بڵێ: (لبیك حجا).

دووەم: القِران: مەبەست پێی ئەوەیە حەج وعومرە پێکەوە کۆ بکرێتەوە، واتا: ھەر لەسەرەتاوە بەیەک نیەت وبەیەک سەفەر نیەتی بەجێھێنانی ھەردووکیان بھێنێت و بڵێ: (لبیك عمرة و حجا) واتا: ئەی خوایە ھاتووم بەدەنگ بانگەوازەکەی تۆوە و نیەتم ھەیە عومرە و حەج پێکەوە دەکەم.

سێھەم: الافراد: مەبەست پێی ئەوەیە کە حاجی تەنھا نیەتی بەجێھێنانی حەج بھێنێتو بڵێ: (لبیك حجا) واتا: ئەی خوایە ھاتووم بەدەنگ بانگەوازەکەی تۆوە ونیەتم ھەیە حەج دەکەم.

تێبینی: پێویستە لەسەر ئەو کەسەی کە نیەتی حەجی (تمتع و قران) دەھێنێت شەکێک سەر ببڕێت، یان حەوت لەسەریەکی مانگایەک، یان حەوت لەسەریەکی ووشترێک، واتا: مانگایەک یان ووشترێک دەکرێت بۆ حەوت حاجی سەر ببڕێت، بەڵام ئەو کەسەی حەجی (ئیفراد) دەکات ھەدی لەسەر واجب نییە، واتا: واجب نییە لەسەری ئاژەڵ سەر ببڕێت، خۆ ئەگەر کردی ئەوە کارێکی باشی ئەنجامداوە.

واجبەکانی ئیحرام:

 ئیحرام دوو واجبی ھەیە:

یەکەم: نیەت ھێنان لە میقات، واتا: لەو جێگایانەی کە باسمانکردن، چونکە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم خۆی وایکردووەو وفەرمانیشی کردووە بە موسڵمانان وابکەن.

دووەم: لەبەر نەکردنی ھەموو جلوبەرگێکی دوراو بۆ پیاوان، مەبەست لەجلوبەرگی دوراویش وەک شەرواڵ وفانیلە وکراس وشۆرت وھتد... مەبەست لەوە نییە کە تەقەڵی پێوە نەبێت، چونکە ئەگەر ئیحرامێک لە ئیحرامەکان دڕابوون مرۆڤ دەتوانێت بیاندورێتەوە.

ئەگەر ھاتوو کەسێک یەکێک لە قەدەغەکراوەکانی ناو ئیحرامی ئەنجامدا، ئەوە دەبێت فدیەیەک بدات، ئەویش بە ئارەزووی خۆی یەکێک لەم سێ شتە ئەنجام دەدات، یان سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێت، یان خواردنی شەش ھەژاری مەککە دەدات، یان شەکێک سەر دەبڕێت ودابەشی دەکات بەسەر ھەژارانی شاری مەککەدا، ئەویش بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو کارە یاساغەیە کە ئەنجامی داوە.

 سوننەتەکانی ئیحرام:

١) خۆشۆردن، ھەرکەسێک دەیەوێت نیەتی ئیحرامی بھێنێت سوننەتە خۆی بشوات، تەنانەت سوننەت بۆ ئەو ئافرەتانەشی کە لە سوڕی مانگانەدان،‌ یان تازە منداڵیشیان بووە.

٢) سوننەتە نینۆنەکانت بکەیت، ومووی بنباڵت ھەڵبکەنیت، وسمیڵت کورت بکەیتەوە و مووی بەر ئەگەر ھاتبوو بتاشرێت.

٣) بۆنی خۆش لەخۆدان پێش نیەت ھێنانی ئیحرام و لەخۆ ئاڵاندنی دوو پارچەکەی ئیحرام.

٤) سوننەتە ئەو دوو پارچە قوماشەی لەخۆتی دەئاڵانیت دوو پارچە قوماشی سپی خاوێن بن.

٥) دەست کردن بە تەلبیە کردن، واتا ووتنەوەی ذیکری (لبیك اللھم لبیك لبیك لاشریك لك لبیك إن الحمد والنعمة لك والملك، لاشریك لك) پاش ئەوەی نیەتی ئیحرامت ھێنا تاوەکو دەست دەکەیت بە تەواف کردن، بەڵام پیاوان دەبێت ڕەچاوی ھێمنی ناو خەڵک بکەن ھێندە دەنگ بەرز نەکەنەوە ببن بە مایەی ئیزعاجکردنی خەڵکانی تر، ژنانیش دەبێت تەنھا ھێندە دەنگ بەرز بکەنەوە کە خۆیان گوێیان لە دەنگی خۆیان بێت.

قەدەغەکراوەکانی ناو ئحیرام:

 یەکەم: ئەو شتانەی بۆ پیاوان و ژنانیش قەدەغەن لەکاتی ئیحرامدا:

١) لابردنی مووی سەر ومووی تەواوی لاشەیان، جا بە تاشیین بێت، یان بە ھەڵکەندن بێت.

٢) نینۆک کردنی دەست و قاچەکان.

٣) بەکارھێنانی بۆنی خۆش پاش نیەت ھێنانی ئیحرام، جا بەکارھێنانی بۆ قوماشی ئیحرامەکان بێت، یان دانی ئەو بۆنە بێت لەلاشەت.

٤) چوونە لای خێزان و جیماع کردن لەگەڵی، یان ھەر شتێکیش سەر بۆ جیماع کردن بکێشێت وەک دەست بۆ بردن و ماچ کردن و سەیر کردنی بە شەھوەتەوە، ھەروەھا ژنھێنان و بەشوودان قەدەغەیە لەناو ئیحرامدا.

٥) لەدەست کردنی دەستکێش.

٦) ڕاوکردن، مەبەست پێی کوشتنی ئاژەڵی کێویە.

 دووەم: ئەو شتانەی کە تەنھا لەسەر پیاوان قەدەغەن:

١) لەبەرکردنی جلوبەرگی دوراو، مەبەست لە دوراو جلوبەرگێکە بدورێت بۆ ئەندامەکانی لاشەی مرۆڤ، وەک شەرواڵ وکراس وفانیلە وشۆرت وھاوشێوەکانیان.

٢) داپۆشینی سەر بەشتێکی کە بنووسێت بەسەرەوە، وەک لەسەر کردنی عەمامە ومێزەرە، وشماغ، وکڵاو، وھاوشێوەکانیان.

سێھەم: ئەو شتانەی تەنھا بۆ ئافرەتان قەدەغەن:

پەچە کردن (نقاب) مەبەست لە نقاب ئەو پارچە قوماشەیە کە دوو کونی تێدا بۆ چاوەکان وژنان بەکاری دەھێنن بۆ داپۆشینی ڕوومەتیان، لەبەر ئەوە ئافرەتێک کە لە ئیحرامدا بوو نابێت بەم نیقابە ڕوومەتی دابپۆشێت، خۆ ئەگەر لەبەر کەسانی ناموحەرەم وویستی دەم وچاوی داپۆشێت دەتوانێت بە سەر پۆشێک ڕوومەتی خۆی داپۆشێت([15]).

 دووەم: تەلبیە کردن .

 مەبەست لە تەلبیە کردن ئەوەیە حاجی یان عومرەکار بڵێت: (لبیك اللهم لبیك، لبیك لا شریك لك لبیك، إن الحمد والنعمة لك والملك، لا شریك لك).

حوکمی تەلبیە کردن: سوننەت ‌لە پاش نیەت ھێنان دەست بکرێت بە ووتنەوەی ئەم ذیکرە تا ئەو کاتەی حاجی یان عومەرکار دەست دەکات بە تەواف کردن.

سێھەم: تەوافکردن .

مەبەست لە تەوافکردن ئەوەیە (حجر الاسود) بەردە ڕەشەکە بخەیتە لای چەپتەوە وحەوت جار بسوڕێیتەوە بەچوار دەوری کەعبەدا بە نیەتی پەرستنی خوای گەورە، سەرەتاش لە ڕوکنی (حجر الاسود) بەردە ڕەشەکەوە دەست پێ دەکات، و کۆتاجاریش ھەر لەوێ کۆتایی پێ دێت.

 حوکمی تەوافکردن:

تەوافکردن وسوڕانەوە بە چوار دەوری کەعبەدا بە پێی جۆەرکانی حوکمەکانشی جیاوازە:

یەک: تەوافی قدوم وکاتی گەیشتە مەککە، ھەر کەسێک ھاتە شاری مەککە ونیەتی بە حەجی ئیفراد یان بە حەجی قیران ھێنابوو، تەوافی قدوم بۆی سوننەتە، و فەرز نییە.

دوو: تەوافی ئیفاضە، ڕوکنێکە لە ئیرکانەکانی حەج، بەشێوەیەک حەج بەبێ ئەم تەوافە دروست نییە.

سێ: تەوافی عومرە، ڕوکنێکە لە ئەرکانەکانی عومرە کردن، ئەگەر نەکرا عومرەکە دروست نابێت.

چوار: تەوافی ویداع وماڵئاوایی کردن، یەکێکە لە واجبەکانی حەج وئەگەر ھاتوو نەکرا دەبێت بە سەربڕینی شەکێک قەرەبوو بکرێتەوە.

 مەرجەکانی تەوافکردن:

١) نیەت ھێنان لەسەرەتای دەستکردن بە تەواف.

٢) بۆ تەوافی ئیفاضە مەرجە کاتەکەی ھاتبێت، کاتەکەشی لەسەر ڕای سەحیح لەپاش نیوەی شەوی ڕۆژی قوربانەوەەیە، کۆتاییەکەشی لای جمھوری زانایان ئەوەیە تەوافی ئیفاضە کاتی کۆتایی نییە، لەبەر ئەوە ئەگەر ھاتوو ماوەیەکی درێذیش دواخرا بەڵام پاشان تەوافی کرد، تەوافەکەی دروستە وحەجەی تەواوە.

٣) پاکی لە بێ دەست نوێژی ولەشگرانی، واتا: ئەو کەسەی تەواف دەکات دەبێت لەشی گران نەبێت ودەست نوێژیشی ھەبێت.

٤) داپۆشینی عەورەت.

٥) تەواف کردن دەبێت لەناوەوەی مزگەوتی حەرام بێت.

٦) تەواف دەبێت بە چوار دەوری کەعەبەدا بێت، بۆیە دروست نییە حاجی یان عومرەکار لە ناوەوەی حجری ئیسماعیل تەواف بکات، ئەگەر وای کرد، تەوافەکەی دروست نییە، دەبێت بیکاتەوە.

٧) دەبێت کەعبە بخاتە لای چەپەوە وئەمجا تەوافەکەی بکات، چونکە ئەگەر ھاتوو خستیە لای دەستی ڕاستیەوە و بە پێچەوانەوە سوڕایەوە، تەوافەکەی دروست نییە.

٨) دەبێت لە (حجر الاسود) ــەوە دەست پێ بکات وھەر لە (حجر الاسود) یشەوە کۆتایی پێ بھێنێت، خۆ ئەگەر ھاتوو لە غەیری (حجر الاسود) ــەوە دەستی پێکرد ئەوا ئەو شەوتەی بۆ ناژمێررێت تا دەگاتەوە لای (حجر الاسود) ئەمجا لەوێەوە بۆ دێتە ژماردن.

٩) دەبێت ژمارەی ئەوشەوتانەی کە بە چوار دەوری کەعەبدا دەسورێتەوە حەوت شەوت بێت.

١٠) دەبێت ئەو شەوتانە تەواف یەک لەدوای یەک بن، مەگەر لەبەر ھاتنی کاتی نوێژ، یان لەبەر ماندوو بوون نەبێت، لەم کاتەدا دروستە نوێژەکەت بکەیت وئەمجا شەوتەکانی تر تەواو بکەیت، یان ئەگەر ماندوو بوویت، دروستە پشویەکی بۆ بدەیت وپاشان تەواوی بکەیت.

 سوننەتەکانی تەوافــکردن:

١) (الرمل) ھەڵوڕەکردن، مەبەستیش لە ھەڵوڕە کردن ئەوەیە کە لە سێ شەوتی یەکەمی تەوافی (قدوم)دا ھەنگاوەکانت لەیەکتری نزیک بکەیتەوە وکەمێک بەخێرای بڕۆیت، ئەمەش تەنھا بۆ پیاوان سوننەتە، وژنان نابێت بەم شێوەیە بکەن.

٢) (الاضطباع) واتا: ئەو پارچە ئیحرامەی کە بە (الرداء) ناسراوە چمکێکی لەبن باڵی ڕاستەوە بھێنیتەوە بیدەیت بە سەر شانی چەپتدا.

٣) ماچکردنی (حجر الاسود) ئەگەر ھاتوو بۆت کرا و نەبوویت بە مایەی ناڕەحەت کردنی کەسانی دیکە، وە ئەگەر نا تەنھا بەدەستی ڕاستت ئاماژەی بۆ بکە.

٤) قســە نەکردن لەکاتی تەواف کردندا، مەگەر لەبەر کارێکی پێویست نەبێت.

٥) سوننەتە مرۆڤ سەرگەرمی ذیکر ونزا وپاڕانەوە بێت، چونکە کات وجێگایــەکی پیرۆزە، وخوای گەورە نزا وپاڕانەوەی بەندەکانی وەردەگرێت.

٦) دەست ھێنان بە ڕوکنی یەمانیدا، بەبێ ماچکردنی.

٧) دوو ڕکات نوێژ کردن لە پشت (مەقامی ئیبراھیمە) ــەوە پاش لێبوونەوە لە تەواف کردن.

چوارەم : ھاتوچۆی نێوان صه‌فا و مەروە.

حوکمی سەعی نێوان صەفا و مەروە:

ھاتوچۆی نێوان صه‌فا ومەروە ڕوکنێکە لە ڕوکنەکانی حەجکردن، بەشێوەیــەک حەجی کەس دروست نییە بەبێ ھاتوچۆی نێوان صه‌فا ومەروە.

 مەرجەکانی دروستی ھاتوچۆی نێوان صه‌فا ومەروە ئەمانەی خوارەوەیە:

١) دەبێت لە دوای تەوافێکی ڕاست ودروستەوە بێت.

٢) دەبێت ڕەچاوی تەرتیب بکرێتو بەشێوەیەک بێت یەکەمجار لەصه‌فاوە دەست پێ بکەیت وکۆتا جار لە مەروەوە کۆتایی پێ بھێنیت.

٣) دەبێت ھاتوچۆی نێوان صه‌فا ومەروە حەوت شەوتی تەواو بێت، بەشێوەیەک ڕۆشتنێک لە صه‌فاوە بە شەوتێک دەژمێرێت وھاتنەوەش لە مەروەوە بۆ صه‌فا بە شەوتێکی تر.

پێنجەم: وەستان لە عەرەفە:

حوکمی وەستان لە عەرەفە:

وەستان لە عەرەفە ڕوکنێکە لە ڕوکنەکانی حەج، بەشێوەیەک حەجی کەس دروست نییە بەبێ وەستان لە عەرەفە، لەم بارەیەشەوە پێغەمبەر فەرموویەتی:{الحج عرفة}([16]) واتا: حەج عەرەفەیە، مەبەست لە وەستان لە عەرەفە مانەوەیە لەوێ نەک وەستان بە پێوە.

 مەرجەکانی وەستان لە عەرەفە:

١) دەبێت وەستان ومانەوە لە زەوی عەرەفە بێت، بۆ زیاتر ئاسانکاریش ئێستا کۆمەڵە تابلۆیەکی زۆر گەورە نووسراون کە سنوری عەرەفەی بۆ موسڵمانان وحاجیانی ماڵی خوا دیاری کردووە، لەبەر ئەوە پێویستە حاجیان ئاگاداری ئەوە بن مانەوەکەیان لە ناو زەوی عەرەفە بێت، چونکە مانەوە لە دەرەوەی سنوری عەرەفە حەجی حاجیان بەتاڵ دەکاتەوە، بۆیە لێرەدا دوو تێبینی دەخەینە بەردەم خوێنەری بەرێز:

یەک: مانەوە لە شیوی عورنە و لەو مزگەوتەی پێی دەڵێن مزگەوتی ئیبراھیم یان مزگەوتی عورنە دروست نییە.

دوو: نەمیرە ناکەوێتە ناو سنوری عەرەفەوە، وە لە سنوری حەرەمیشدا نییە، بەڵام ھێندە ھەیە سوننەتە پاش ھەڵھاتنی خۆر لە نەمیرەوە دابەزیت و پاشان بچیتە ناو عەرەفەوە.

بە نیسبەت مزگەوتی نەمیرەشەوە ڕووی پێشەوەی دەکەوێتە ناو عورنەوە کە بە عەرەفە ناژمێررێت، مزگەوتی نەمیرە ئەو مزگەوتەیە کە ئیمام ووتاری ڕۆژی عەرەفەی تێدا دەخوێنێتەوە، و بەشی دواوەوەی دەکەوێتە سنوری عەرەفەوە، کە ئێستا بە تابلۆی نوسراو ئەمە دەستنیشان کراوە.

٢) دەبێت مانەوە لە عەرەفە لەو کاتەدا بێت کە دیاری کراوە بۆ مانەوە، کاتەکەشی ئەو کاتەیە کە ڕۆژ لە ناوەڕاستی ئاسمان لە نۆیەم ڕۆژی مانگی (ذی الحجە) لادەدات، وە کاتەکەشی بە سپێدەی بەیانی ڕۆژ قوربان کۆتایی دێت، جا ھەر کەس پاش سپێدەی ڕۆژی قوربان ھات بۆ عەرەفە، ئەوە حەجەکەی دروست نییە، لێرەشدا ئاماژە بەچەند تێبینیەکی گرنگ دەکەین:

یەک: ھەرکەس بە ئەندازەی ساتێکی کەمیش لە عەرەفە بمێنێتەوە لە پاش لادانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمانی ڕۆژ نۆیەمی مانگی (ذی الحجە) تاوەکو سپێدەی ڕۆژی قوربان کە دەکاتە ڕۆژی دەیەمی (ذی الحجە)، جا بە پێوە بێت یان بە دانیشتانەوە یان بە سوارییش بێت، حەجەکەی دروستە.

دوو: واجبە لەسەر ئەو کەسەی کە ڕۆژ ڕۆیشتوە بۆ عەرەفە تاوەکو پاش ئاوابوونی خۆر لەوێ بمێنێتەوە، وە دروست نییە پێش ئاوابوونی خۆر عەرەفە بەجێ بھێڵێت، جا ئەگەر پێش ئاوابوونی خۆر عەرەفەی بەجێ ھێشت، حەجەکەی دروستە، بەڵام دەبێت شەکێک سەر ببڕێت.

سێ: ھەرکەسێک پێش ئاوابوونی خۆر عەرەفەی بەجێ ھێشت، بەڵام پاشان پێش سپێدەی ڕۆژی قوربان گەڕایەوە بۆ عەرەفە، حەجەکەی دروستە، و واجب نییە لەسەری ھیچ خوێنێک بدات.

چوار: ھەرکەس تەنھا شەوی دەیەمی مانگی (ذی الحجە) لە عەرەفە بمێنێتەوە، حەجەکەی دروستە وھیچیشی لەسەر واجب نابێت.

٣) ئەو کەسەی کە لە عەرەفە دەمێنێتەوە دەبێت لە ئیحرامدا بێت، مانەوەی کەسێک ئیحرامی نەبەستبێت وپاشــــان بیەوێت نیەتی ئیحرام بھێنێت حەجی بۆ دروست نییە.

حوکمی ئەو کەسەی کە لە عەرەفە نامێنێتەوە:

ھەرکەسێک مانەوەی عەرەفەی لەدەستچوو، ئەو کاتە حەجەکەی دەگۆڕێت بۆ عومرە، و تەواوی مەناسیەکەکانی تر کە پاش عەرەفە دێن، وەک مانەوەی شەو لە موزدەلیفە، و مانەوەی شەو لە مینا، و بەرد گرتنە جەمەرەکان ھەر ھەموویانی لەسەر ھەڵدەگیرێت، تەنھا تەواف وھاتوچۆی نێوان صه‌فا ومەروە دەکات لەگەڵ سەرتاشین یان کوورتکردنەوەی، بەڵام دەبێت بۆ ساڵانی تر قەزای ئەو حەجە فەوتاوەی بکاتەوە کە لەدەستی چوو بوو، لە ھەمان کاتدا دەبێت شەکێکیش سەر ببڕێت، ئەگەر نەیتوانی سێ ڕۆژ لەحەج بەڕۆژوو دەبێت، وحەوت ڕۆژی تر کاتێک گەڕایەوە ناو ماڵ و مناڵی خۆی.

ھەندێک بابەت پەیوەستن بە وەستانی عەرەفەوە:

بابەتی یەکەم: دروستە مانەوە لە عەرەفە ئەگەر پاکوخاوێنیش نەبیت، مەبەستیشمان لە پاکوخاوێنی ئەوەیە دروستە ئەگەر دەست نوێژیشت نەبێت لە عەرەفە بمێنیتەوە، ھەروەھا دروستە بۆ ئافرەتانێک کە لە سوڕی مانگانەدا یان تازە مناڵیان بووە لە عەفەرە بمێننەوە ومانەوەکەشیان دروستە و ھیچی تێدا نییە، چونکە پاکوخاوێنی بەمەرج نەگیراوە بۆ مانەوە لە عەرەفە.

بابەتی دووەم: ھەرکەسێک بە خەوتووی لە عەرەفە بمێنێتەوە، مانەوەکەی دروستە وھیچ تێدا نییە، بەڵام ئەگەر ھاتوو لەھۆش خۆی چووو زانایان لەم بارەیەوە ڕایان جیاوازە، ڕای پەسەند و دروستیش ئەوەیە کە مانەوەکەی دروستە.

 سوننەتەکانی مانەوە لە عەرەفە:

١) خۆشۆردن بۆ مانەوە لە عەرەفە.

٢) ڕۆشتن لە میناوە بۆ عەرەفە، پاش ھەڵھاتنی خۆری ڕۆژی عەرەفە، ئەویش پاش ئەوەی ڕۆژێک پێشتر حاجیان سوننەت وایە لە مینا بمێننەوە کە بە (یوم الترویە) ناسراوە.

٣) سوننەتە ئیمام پاش ئەوەی خۆر لە ناوەڕستی ئاسمان لایدا ووتارێک پێش نوێژی نیوەڕۆ بخوێنێتەوە.

٤) سوننەتە حاجیان نوێژی نیوەڕۆ وعەسر بە کۆکراوەیی و پێش خستن لەکاتی نوێژی نیوەڕۆدا پێکەوە ئەنجام بدەن.

٥) زۆر یادی خوای گەورە کردن، وپاڕانەوە نزا وتەلبیە کردن.

٦) کاتێک وویستی لە عەرەفە بەرەو موزدەلیفە بچێت زۆر بە ھێواشی ولەسەر خۆی وویقارەوە بڕوات، وە ھەرکاتێکیش فرسەتی دەستکەوت وڕێگا قەرەباڵەخ نەبوو ھەنگاوەکانی خێراتر بکات.

٧) بەدەم ووتنەوەی یادی خوای گەورە و ذیکری ((لبیك اللهم لبیك، لبیك لا شریك لك لبیك، إن الحمد والنعمة لك والملك، لا شریك لك)) عەرەفە بەجێ بھێڵێت.

ئەو شتانەی کە مەکروھن و باش نییە حاجی لەڕۆژی عەرەفە ئەنجامیان بدات:

١) باش نییە حاجی ڕۆژی عەرەفە بەڕۆژوو بێت، بەڵکو سوننەت وایە کە بەرۆژوو نەبێت، ئەمەش ڕای جمھوری زانایانی ئیسلامە.

٢) پەلەکردن لەڕۆیشتن بەجۆرێک ببێت بەمایەی ئەزیەت وئازاری خەڵکانی تر.

٣) باش نییە نوێژی سوننەت کردن لە نێوان ھەردوو نوێژی نیوەڕۆ وعەسر لە عەرەفە، ئەویش بە بەڵگەی فەرموودەکەی جابری کوڕی عەبدوڵڵا (خوای لێ ڕازی بێت) کە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: « ... ثم أذن ثم أقام فصلى الظهر، ثم أقام فصلى العصر، ولم يصل بينهما شيئا »([17]) واتا: پاشان بانگدەر بانگی دا، ئەمجا پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلمنوێژی نیوەڕۆی کرد، پاشان نوێژی عەسریشی کرد، وە ھیچ نوێژێکی لە نێوانیاندا ئەنجام نەدا.

 شەشەم: مانەوەی شەو لە موزدەلیفە:

مانەوەی شەو لە موزدەلیفە واجبێکە لە واجبەکانی حەج، ھەرکەسێک بەجێی نەھێنێت دەبێت بە خوێنێک قەرەبووی بکاتەوە([18]) بە بەڵگەی ئەو ئایەتە پیرۆزەی کە خوای گەورە دەفەرموێت:ﮋفَإِذَآ أَفَضۡتُم مِّنۡ عَرَفَٰتٖ فَٱذۡكُرُواْ ٱللَّهَ عِندَ ٱلۡمَشۡعَرِ ٱلۡحَرَامِۖﮊ ([19]) واتا: ھەر کاتێک لە عەرەفات دابەزین و گەڕانەوە، یادی خوا بکەن لەلای (مشعر الحرام) کە کێوێکە لە داوێنی مزدلفە یە.

ھەروەھا عروەی کوڕی مچرس فەرموودەیەکی گێراوەتەوە کە پێغەمبەر فەرموویەتی: {من شهد صلاتنا هذه ووقف معنا حتى ندفع، وقد وقف بعرفة قبلُ ليلاً أو نهاراً، فقد أتم حجه وقضى تفثه} واتا : ھەرکەسێک لەم نوێژەماندا ئامادە بێت، وە لە عەرەفە لەگەڵماندا بوەستێت ھەتا ئەو کاتەی لێی دەردەچین، لە عەرەفە وەستا پێش ھاتنی شەو، یان بەڕۆژ، ئەوە حەجەکەی تەواو بووە و نوسوکەکانی بەجێھێناوە.

 کاتی مانەوە لە موزدەلیفە:

کاتی مانەوە لە موزدەلیفە لە پاش ڕۆژئاوا بوونەوە دەست پێ دەکات ھەتاوەکو ھەڵھاتنی سپێدەی بەیانی، وە سوننەتە لە موزدەلیفە بمێنیتەوە تاوەکو دونیا ڕووناک دەبێتەوە، وە ئەو کەسانەی کە پیر وپەککەوتە و مناڵ و ژنیان لەگەڵدایە ڕێگایان پێدراوە لە پاش نیوەی شەو لە موزدەلیفە دەربچن بۆ ڕەمی جەمەرەی (العقبة).

حوکمی ئەو کەسەی کە شەو لە موزدەلیفە نەمێنێتەوە.

ھەرکەسێک لەبەر بیانویەکی شەرعی بۆی نەکرا لە موزدەلیفە بمێنێتەوە، وەک ئەو کەسەی کە بۆی نەکرابێت لە عەرەفە بمێنیتەوە لە کۆتایی شەوەوە نەبێت، ئەوە ھیچی لەسەر نییە ئەگەر لە موزدەلیفە نەمایەوە، بەڵام ئەگەر ھاتوو ھیچ بیانویەکی شەرعی نەبوو، لەسەر ڕای جمھوری زانایان دەبێت ئاژەڵێک سەر ببڕێت.

 ئەو کارە سوننەت و مەشروعانەی لە موزدەلیفە ئەنجام دەدرێن:

١) سوننەتە حاجیان لە موزدەلیفە نوێژی مەغریب و عیشا بە کۆکردنەوە و دواخستن ئەنجام بدات، پێکەوە بە بانگێک و دوو قامەت بیانکات.

٢) پاش ئەوەی حاجی شەو لە موزدەلیفە مایەوە مەشروعە لەیەکەم کاتیەوە نوێژی بەیانی ئەنجام بدات، پاشان بڕوات بۆ (مشعر الحرام) ولەوێ بوەستێت ودەست بکـــات بە پاڕانەوە و نزاکردن ولەخودا پاڕانەوە.

حەوتەم : بەرد دان لە جەمەرەکان (ڕەمی جەمەرات):

حوکمی بەرد دان لە جەمەرەکان:

جمھوری زانایان پێیان وایە بەرددان لە جەمەرەکان واجبە، وە ھەرکەسێک ئەنجامیــان نەدات، یان ھەندێکیان واز لێ بێھێنت، دەبێت ئاژەڵێک سەرببڕێت.

کاتی بەرد دان لە جەمەرەکان:

کاتی بەرددان لەجەمەرەی (العقبە) لەپاش ھەڵھاتنی خۆری یەکەم ڕۆژی قوربان دەست پێ دەکات وبەردەوام دەبێت تاوەکو خۆرئاوابوون، بەڵام پیروپەککەوتە و ژن ومناڵ دەتوانن پاش ئەوەی کە لە دوای نیوەی شەو لە موزدەلیفە بەرەو مینا دەرچوون دەتوانن بەردەکانیان لە جەمەرەی (العقبە) بدەن.

بەڵام لە ڕۆژانی (أیام التشریق) دا کە دەکاتە ڕۆژی (یازدە و دوازدە وسیازدە) ی مانگی (ذی الحجە) ی کۆچی دەبێت لە پاش لادانی ڕۆژ لە ناوەڕاستی ئاسمان بەردەکان بدەن لە ھەر سێ جەمەرەکە، دروست نییە پێش ئەو کــــاتە بیھاوێژن، وە ھەتا ھەڵھاتنی سپێدەی بەیانی کاتەکەی بەردەوامە.

 مەرجەکانی بەرد دان لە جەمەرەکان:

١) دەبێت بۆ ھەر جەمەرەیەک حەوت بەرد بھاوێژرێت.

٢) دەبێت ئەو حەوت بەردە بەحەوت جار بھاوێژێت، واتا: ئەگەر ھاتوو ئەو حەوت بەردەی ھەموو بەجارێک ھاوێشت، یان دوو بەردی بەیەکەوە، یان سێ بەردی بەیەکەوە ھاوێشت، ئەوە تەنھا بەیەک ھاویشتن بۆی دێتە ژماردن.

٣) دەبێت ئەو بەردانەی کە دەیھاوێژێت بکەونە ناو حەوزەکەوە، ئەگەر ھاتوو نەکەوتنە ناو حەوزکەوە ئەوە بۆی ناژمێرێت و دەبێت لەبری ئەوە بەردێکی تر بھاوێژێتەوە.

٤) دەبێت ئەو حەوت بەردە یەک لە دوای یەک بیانھاوێژێت و نێوانیان نەکەوێت، مەگەر کاتێک نەبێت لەبەر قەرەباڵەخی بۆی نەکرێت یەک لەدوای یەک بیانھاوێژێت، ئەو کاتە قەیدی ناکات، چونکە خوای گەورە فەرموویەتی:ﮋفَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْﮊ([20])واتا:ھێندەی دەتوانن لەخوابترسن وتەقوای خواتان ھەبێت، ھەروەھا فەرموویەتی: ﮋلَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَاﮊ([21]) واتا: خوای گەورە ئەرک ناخاتە سەر ھیچ کەسێک مـــەگەر بە قەدەر توانایی خۆی نەبێت.

٥) دەبێت ڕەچاوی یەک لەدوای یەکی بەردەھاوێشتن بۆ جەمەرەکان بکرێت، واتا: سەرەتا لە جەمەرەی بچووک بدرێت پاشان لە ناوەند، ئەمجا لە گەورە.

حوکمی بریتی (وەکیل) گرتن بۆ بەرد دان لە جەمەرەکان:

١) دروستە بۆ لێپرسروای مناڵ ئەگەر حاجی بوو، لەبری مناڵە حاجیەکەی بەردەکانی بھاوێژێت، ئەگەر ترسی قەرەباڵەخی ھەبوو.

٢) دروستە بۆ ئەو کەسەی کە لەبەر پیری، یان نەخۆشی، یان لەبەر سک پڕی، یان لەبەر ھەر بیانویەکی شەرعی تر، کە ناتوانێت بەردەکانی بھاوێژێت، کەسێکی تر بکات بە بریکاری خۆی و بەردەکانی بۆ بھاوێژێت، بەڵام بەو مەرجەی ئەو بریکارە خۆیشی حەج بکات و لەپاش ئەوەی بەردەکانی خۆی ھاوێشت بەردەکانی ئەویش بوەشێنێت([22]).

 سوننەتەکانی بەردھاوێشتنی جەمەرەکان:

١) باشتر وایە لەکاتی بەردھاوێشتن بۆ جەمەرەی (العقبە) مینا بخاتە دەستی ڕاستیەوە و شاری مەککە بخاتە لای دەستی چەپیەوە، خۆ ئەگەر ئەمـــەی بۆ نەکرا ئەوا دروست لەھەر لایەکەوە بۆی کرا بەردەکانی بھاوێژێت.

٢) بەردەکان با بە ئەندازەی دەنکە نۆکێک بن.

٣) سوننەت وایە ئەو بەردانەی کە خەڵکی تر ھاوێشتوونی کەسێکی تر نەیانھاوێژێتەوە، بەڵام ئەگەر ھاتوو ھاوێشتی جمھوری زانایان پێیان وایە قەیدی ناکات وھیچی لەسەر نییە.

٤) ووتنی (اللە أكبر) لەگەڵ ھەموو بەردێک کە دەیھاوێژێت.

٥) کاتێک کە دەستی کرد بە بەرد ھاوێشتن بۆ جەمەرەی (العقبە) لەیەکەم ڕۆژی جەژن ئیتر واز بھێنێت لە ووتنی (لبیك اللھم لبیك ....).

٦) پاش بەردھاوێشتن بۆ جەمەری بچوک وناوەند سوننەت وایە نزای زۆر بکات لەخوای گەورە و زۆر بپاڕێتەوە.

ھەشتەم: سەرتاشین یان کوورتکردنەوەی:

 حوکمی سەرتاشین یان کورتکردنەوەی:

سەرتاشین یان کوورتکردنەوەی، یەکێکە لە واجبەکانی حەج، ھەرکەسێک ئەنجامی نەدات دەبێت ئاژەڵێک سەر ببڕێت، بەڵگەش لەسەر ئەوەی کە سەرتاشین یان کوورتکردنەوەی واجبێکە لە واجبەکانی حەج، خوای گەورە فەرموویەتی: ﮋ لَتَدْخُلُنَّ الْمَسْجِدَ الْحَرَامَ إِن شَاءَ اللَّهُ آمِنِينَ مُحَلِّقِينَ رُءُوسَكُمْ وَمُقَصِّرِينَ لَا تَخَافُونَﮊ([23]) واتا: بەویستی خوا دەچنەناو کەعبەی پیرۆزەوە، (عومرە بەجێدەھێنن) سەرەتان دەتاشن یان کورتی دەکەنەوەبێ ئەوەی ترس و بیمتان لەکەس ھەبێت.

کاتی سەرتاشین:

کاتی سەرتاشین و کورتکردنەوەی لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ لە موزدەلیفە دەردەچێت بۆ مینا بۆ ڕەمی جەمەرەکان، وە دروستە دوای بخات بۆ کۆتا ڕۆژ لە ڕۆژەکانی (ڕیام التشریق)، بەڵام سوننەت وایە کە پاش ئەوەی ڕەمی جەمەرەی عەقەبەی کرد لەیەکەم ڕۆژی جەژن وھەدیەکەی سەر بڕی ئەمجا سەری بتاشێت یان کورتی بکاتەوە، وەك خـــــــوای گەورە فەرموویەتی:ﮋوَلَا تَحْلِقُوا رُءُوسَكُمْ حَتَّىٰ يَبْلُغَ الْهَدْيُ مَحِلَّهُﮊ([24]) واتا: سەرتان مەتاشن، وئیحرام مەشکێنن ھەتا ئاژەڵی قوربانی وھەدیەکانتان نەگاتە جێگەی دیاریکراوی خۆی.

چەند بابەتێک دەربارەی سەرتاشین وکوورتکردنەوەی قژ:

بابەتی یەکەم: زانایان یەکڕان لەسەر ئەوەی کە سەرتاشێن باشترە لە کورتکردنەوەی.

بابەتی دووەم: دروستە ئەو کەسەی کە حەجی (تەمەتوع) دەکات کاتێک کە عومرەکەی تەواو کرد قذی کورت بکاتەوە، و تاشینی دوابخات بۆ کاتی حەجەکەی، خۆ ئەگەر ھاتوو نێوان عومرە وحەجەکەی درێژ بوو، بە شێوەیەک قذی ســـەری جارێکی تر ڕەش دەبوویەوە، ئــەوا باشتر وخێرتر ئەوەیە کە بیتاشێت.

بابەتی سێھەم: ڕای پەسەندی زانایان ئەوەیە ئەگەر قژت کورت کردەوە یان تاشیت دەبێت ھەمووی بگرێتەوە، نەک چەند تاڵە موویەکی لێ بکەیتەوە، یان لایەکی سەرت بتاشیت و واز لە لایەکی تری بھێنیت، چونکە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلمکاتێک سەری تاشی ھەمووی تاشی نەک ھەندێکی.

 نۆیەم: سەر بڕینی ئاژەڵ (ذبح الھدی):

مەبەست لەم سەربڕینە:

مەبەست لە (ذبح الھدی) سەر بڕینی ئەو ئاژەڵەیە کە عومرەکار یان حاجی بە مەبەستی ڕەمەزامەندی ونزیک بوونەوە لەخوای گەورە سەری دەبڕێت، لە مــەڕ یان بزن یان ووشتر یــان گوێرەکە ومانگا.

جۆەرکانی سەربڕینی ئاژەڵ (الھدی):

ئەم ئاژەڵ سەربڕینە دەکرێت بەدوو بەشەوە:

١) سەر‌بڕینی شوکر کردن: مەبەست لەسەربڕینی ئەو ئاژەڵەیە کە واجبە لەسەر حاجی (متمتع) و (قارن) سەری ببڕن، وەک شوکر و سوپاسێک بۆ خوای گەورە کە کاری ئەنجامدانی ئەو شەعیرە گەورەیە کە حەجی ماڵەکەیەتی بۆ ئاسانکردن، حوکمەکەشی واجبە لەسەریان سەر ببڕن.

٢) سەربڕینی قەرەبووکردنەوە: ئەمەیش بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەموکورتیەکە لەکاتی ئەنجامدانی حەج یان عومرەدا ڕوو دەدات، ئەویش کاتێک یەکێک لە واجبەکانی حەج ئەنجام نەدرێت، یان قەدەغەکراوێک لە قەدەغەکراوەکانی ناو حەج ئەنجام بدرێت، یان ڕێگریەک ڕوو بدات لە تەواو کردنی حەج یان عومرە.

جیاوازی نێوان ئەم دوو جۆرە لە سەربڕینیش ئەوەیە: ئەگەر کەسێک ئاژەڵی بۆ شوکر کردن سەر بڕی، واتا: بۆ حەجی (تمتع) و (قارن) بوو دەتوانێت خۆیشی لە گۆشتەکەی بخوات، بە پێچەوانەی ئەو سەر بڕینەی وەک قەرەبوو سەر دەبڕرێت، کە نابێت ئەو کەسەی ئەو ئاژەڵە سەر دەبڕێت لە گۆشتەکەی بخوات، بەڵکو دەبێت بیکات بە خێر ودابەشی بکات بەسەر ھەژارانی شاری مەککەدا.

 مەرجەکانی ئەو ئاژەڵەی سەر دەبڕریت:

١) لە (بھیمة الانعام) بێت، واتا: مەڕ و بزن و ووشتر و مانگا بێت.

٢) دەبێت ھیچ عەیب وکەمووکورتیەکی تێدا نەبێت.

٣) ئەگەر ووشتر بوو، دەبێت پێنج ساڵی تەواو کردبێت، ئەمیش  دەکرێت بۆ حەوت کەس سەر ببڕرێت، ئەگەر مانگاش بوو دوو ساڵی تەواو کردبێت، ئەمەیش بۆ حەوت کەس دەبێت، ئەگەر مەڕ بوو شەش مانگی تەواو کردبێت، وە ئەگەر بزنیش بوو ساڵێکی تەواو کردبێت، ئەم دووانەی دواییان ھەر یەکەی بۆ کەسێک دەبێت.

٤) دەبێت لەو کاتەی کە لەسوننەتدا دیاری کراوە سەر ببڕرێت، کە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانەوە دەست پێ دەکات ھەتاوەکو خۆرئاوابوونی ڕۆژی سیانزەی (ذی الحجە) واتا چوارەم ڕۆژی جەژن.

٥) دەبێت (ھدی) سەر بڕین لە سنوری حەرەمی مەککەدا بێت، و دروست نییە لە دەرەوەی ئەو سنورە سەر ببڕرێت.

 دەیەم : مانەوەی شەو لە مینا :

حوکمی شەو مانەوە لە مینا : جمھوری زانایان مانەوەی شەو لە مینا بە واجب دەزانن، جا بۆیە ھەرکەسێک شەو لە مینا نەمێنێتەوە (فدیە) یەکی لەسەر واجب دەبێت، جا ئەگەر ھەموو شەوەکان یان شەوێکیش بێت، ڕایەکی تر ھەیە دەڵێت: ئەگەر کەسێک جگە لەو کەسانەی کە خاوەنی (عذر) بیانووی شەرعین، تەنھا شەوێک لە مینا مایەوە، بەڵام شەوەکانی تری جێ بەجێ نەکرد و لەوێ نەمایەوە، ئەوە با بە پێی توانای خۆی خێر وصەدەقەیەک بکات، ئیمامی ئەحمەدیش بەلایەوە وایە، ئەگەر مانەوەی شەوی یازدە و دوازدەی بە ئەنجام نەگەیاند دەبێت شەکێک سەر ببڕێت([25])، ئەم ڕایەش ھەریەک لە شێخ ابن باز([26])، و شـــێخ ابن عثيمین پەسەندیان کردووە([27]).

چ کەسانێک مانەوەی شەویان لەسەر نییە لە مینا؟

کەسێک نەخۆش بێت، وە ئەو کەسەشی کە یارمەتیدەر و لەگەڵیایەتی، ھەروەھا ئەو کەسانەشی کە سەرگەرمی بەرژەوەندی ودابینکردنی پێداویستی حاجیانی ماڵی خودان، شەو مانەوەیان لە مینا لەسەر دەکەوێت ئەگەر وا پێویستی کرد کە شەو لە مینا نەمێننەوە، ئەمەش بە لێکۆڵێنەوەی کەسانێک دەبێت کە ڕاوبۆچوونیان جێگای پەسەندکردنە.

چەندێک بەسە بۆ شەو مانەوە لە مینا؟

دەبێت حاجیانی ماڵی خودا زۆربەی زۆری شەوەکانی یازدە ودوازدەی مانگی (ذی الحجە) لە مینا بمێننەوە ئەگەر (تعجل) پەلەیان بوو کە شەوی سیازدە نەمێننەوە، وە زۆربەی زۆری شەوەکانی یازدە ودوازدە وسیازدە بۆ ئەو کەسانەی کە (تأخر) دەکەن وپەلەیان نییە کە زوو لە مینا دەربچن.

ھەندێک لەو ھەڵە و کەموکورتیانەی کە حاجیان ئەنجامی دەدەن([28]):

 ئەمەی کە دەیخەینە ڕوو ھەندێک لەو ھەڵە وکەموکورتیانەنن کە حاجیان ئەنجامی دەدەن، پێویستە برایان وخوشکان ئاگاداری بن ودوور بکەونەوە لێی:

١) نیەتی لە حەجکردن بازرگانی وڕیا وڕوپامایی وناو وناوبانگ خۆھەڵکیشان بێت بەسەر خەڵکیدا.

٢) سەفەر کردنی ئافرەتان بۆ حەجکردن بەبێ مەحرەم.

٣) ھەندێک لە حاجیان وادەزانن کە دروست نییە نەعل لەپێ بکەن، یان کاتژمێر لەدەست بکەن، یان چاویلکە لەچاو بکەن، ھەندێک شتی تر کە حاجی لەکاتی حەجکردنەکەیدا پێویستیەتی، ئەمەش یەکێکە لە ھەڵەکان، لەڕاستیدا ھەموو ئەو شتانەی کە ئاماژەمان پێدان دروستە حاجیان بەکاریان بھێنن.

٤) ھەندێک لە حاجیان وادەزانن ئیحرام لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە ئەو دوو پارچە قوماشە سپیەی لەخۆی ئاڵاند، بۆیە لەو کاتەوە کە لەخۆی دەئاڵێنێت ئیتر وازدەھێنێت لە قەدەغەکراوەکانی ناو ئیحرام، کە لەڕاستیدا ئیحرام لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە نیەتی حەج دەھێنێت، نەک لەو کاتەوەی کە ئەو دوو پارچە لەخۆی دەئاڵێنێت.

٥) زۆربەی زۆری حاجیان خۆیان پابەند دەکەن بە ھەندێک دوعا وذیکری تایبەت لەکاتی تەوافکردندا، جا خۆیان بە تەنھا بن یان ھەندێک جار بەکۆمەڵیش ئەو دوعا وذکیرانە دەکەن، ئەمەش یەکێکە لەو ھەڵانەی کە حیاجیان ئەنجامی دەدەن، چونکە لەڕاستیدا تەوافکردن دوعا ونزایەکی تایبەتی نییە.

٦) ھەندێک لەحاجیان ڕوکنی یەمانی ماچ دەکەن، ئەمەش یەکێکی تر لە ھەڵەکان، چونکە ڕوکنی یەمانی سوننەتە تەنھا دەستی لێ بدرێت نەک ماچ بکرێت، خۆ ئەگەر حاجی بۆیشی نەکرا دەستی لێ بدات، سوننەت نییە دەستی بۆ ھەڵببڕرێت وئاماژەی بۆ بکرێت، وەک ھەندێک لە حاجیان دەیکەن.

٧) ھەندێک لە حاجیان لەکاتی تەوافکردن وقەرەباڵەخیەکەیدا تەوافەکەیان لەناو (حجری ئیسماعیل) وە ئەنجام دەدەن، دەبێت ئەو کەسانە بزانن ھەر شەوتێکی تەواف لە ناو (حجری ئیسماعیل) وە بکرێت تەواو نییە ودەبێت دووبارە بکرێتەوە، چونکە (حجری ئیسماعیل) بەشێکە لە کەعبە.

٨) ھەندێک لە حاجیان بە (مضطبع)ی دەمێننەوە واتا: چمکی قوماشەکەی سەر پشتیان ھەر لە بنھەنگڵی ڕاستیان دەھێڵنەوە ھەتاوەکو دوو ڕکات نوێژە سوننتەکەی پشت (مەقامی ئیبراھیم) یش دەکەن، ئەمەش یەکێکی ترە لە ھەڵە وکەموکورتیەکان، چونکە پاش تەواوکردنی تەواف دەبێت حاجی شانی داپۆشێت.

٩) ھەندێک لە حاجیان وادەزانن دوو رکات نوێژە سوننەتکەی تەواف ھەر دەبێت لە پشت (مەقامی ئیبراھیم)ـەوە بێت، ئەمەش ڕاست نییە، بەڵکو دروستە لە ھەر جێگایەکی ناو مزگەوت ئەنجام بدرێت، پێویستە حاجیان ئەوە بزانن کە لەبەر ئەنجامدانی ئەو ڕکاتە نوێژە ئەزیەت وئازاری برایان وخوشکانی خۆیان نەدەن.

حەجکردن ھەنگاو بە ھەنگاو

- چێشت تەنگاوی ڕۆژی ھەشتی مانگی (ذی الحجە) کە پێیشی دەوترێت (یوم الترویە) ([29]) حاجی ھەر لەو جێگایەی کە ماوەتەوە، جل وپۆشاک لەبەری خۆی دادەماڵێت وپاکو خاوێن خۆی دەشوات وبۆنی خۆش لەخۆی دەدات و سەر وڕیشی بە کەمێک زەیت چەور دەکات، ئەمجا دوو پارچە قوماشی سپی لەخۆی دەئاڵێنێت، بەیەکێکیان دامێن وقاچ وقولی دادەپۆشێت، بەوەی تریشیان شان ومل وبەرۆکی، ئەگەر کاتی نوێژە فەرزەکان بوو نوێژەکەی دەکات، وە گەرنا دوو ڕکات سوننەتی دەست نوێژ ئەنجام دەدات، کاتێکیش لە نوێژەکەی بوویەوە نیەتی ئیحرام دەھێنێت بۆ حـــەج کـــردن، دەڵێت: (لبیک اللھم حجا) یان (لبیک حجا) وە ئەگەر ترسی ھەبوو لەوەی کە ڕێگریەکی بۆ دروست ببێت لە تەواوکردنی حەجەکەی ئەوا با بڵێت:{وإن حبسني حابس فمحلي حيث حبستني} خۆ ئەگەر ھیچ ترسی نەبوو ئەوا پێویست بە ووتنی ئەمە ناکات.

- پاشان دەڕوات بۆ مینا ونوێژی نیوەڕۆ وعەسر ومەغریب وعیشا بە کوورتکراوەیی بەبێ کۆکردنەوە ئەنجام دەدات، چونکە پێغەمبەری خوا لە مینا نوێژەکانی کوورت دەکردەوە بەبێ ئەوەی کۆیان بکاتەوە، مەبەست لە کورت کردنەوەیش ئەوەیە نوێژە چوار ڕکاتیەکان بە دوو ڕکات ئەنجام بدرێت.

- ڕۆژی نۆیەمی مانگی (ذی الحجە) کە بە ڕۆژی عەرەفە ناسراوە لەگەڵ خۆرھەڵھاتنی ئەو ڕۆژە حاجیان لە میناوە بەرەو عەرەفە بەرێدەکەون، وە سوننەتە لە لەلای مزگەوتی (النمرە) وە دابەزێتە ناو سنووری عەرەفە، خۆ ئەگەر بۆیشی نەکرا لەوێوە بچێتە ناو عەرەفە ھیچ قەیدی ناکات، چونکە وەک ووتمان سوننەتە.

- کاتێکیش خۆر لەناوەڕاستی ئاسمان لایدا نوێژی نیوەڕۆ وعەسر بە کورت وکۆکراوەیی لەکاتی نیوەڕۆدا ئەنجام دەدات، واتا: پێشیان دەخات نەک دوایان بخات، ئەمجا پاش نوێژەکانیان حاجیان خۆیان یەکلایی دەکەنەوە بۆ یاد وذیکری خودا وپاڕانەوە و دوعای خێر بۆ خۆیان و ماڵومنداڵ وخزم وکەسو کاریان، سوننەتە جاجیان بەدڵی شکاو ونواندنی زەلیلی بۆ پەروەردگاریان دەسەکانیان بەرز بکەنەوە ڕوو بکەنە قیبلە  و زۆر لەخوای گەورە بپاڕێنەوە کە حەجەکەیان لێ قبوڵ بکات وبیکات بەمایەی سڕینەوەی تاوان وگوناھەکانیان، باشترین وچاکترین نزا وپاڕانەوە وذکرێکیش کە پێغەمبەری خودا صلی الله علیه وسلملەو ڕۆژەدا کردبێتی ووتنەوەی ذیکری {لا إله إلا الله وحده لا شريك له، له الملك وله الحمد وهو على كل شيء قدير}  با حاجیان کۆتایی ڕۆژی عەرەفە بەھەل بگرن وپێش ئەوەی ئەو جێگا و شوینە پیرۆزە بە جێ بھێڵن زۆر لەخوای گەورە بپاڕێنەوە و دواکانیان بۆ لای ئەو ذاتە پیرۆزە بەرز بکەنەوە و ھەرچی نیاز وڕازی خۆیان ھەیە لای ئەو بیکەن، چونکە پەرروەردگار زۆر میھرەبان وبەڕەحمە لەگەڵ بەندەکانیادا ودەستی کەس بە بەتاڵی ناگەڕێنێتە دواوە، چونکە باشترین دوعا و نزا، دوعا و نزای ڕۆژی عەرەفەیە.

- پاش ڕۆژ ئاوا بوونیش بەرەوە (موزدەلیفە) بەرێدەکەون، کاتکێش گەیشتنە ئەوێ، نوێژی مەغریب وعیشا بە بەیەکەوە وبەکۆکراوەیی ئەنجام دەدەن، خۆ ئەگەر ترسی ئەوەی ھەبوو کە پاش نیوە شەو دەگاتە (موزدەلیفە) ئەوە دروستە پێش ئەوەش بگاتە ئەوێیش لەڕێگا نوێژەکانی ئەنجام بدات، چونکە دروست نییە نوێژ دوابخرێت بۆ دوای نیوە شەو.

- ئەو شەوە لە (موزدەلیفە) دەمێننەوە تا کاتی سپێدەی بەیان، ئەمجا نوێژی بەیانی بە بانگ و قامەتێک دەکەن، پاشان ئەگەر بۆیان کرا بۆ نزا وپاڕنەوە بەرەو (مشعر الحرام) بەرێ بکەون، ویەکخواپەرستی بۆ پەروەردگاریان دوپات بکەنەوە و زۆر (اللە أکبر) بکەن، ئەمجا تا دونیا ڕووناک دەبێتەوە لەخوای گەورە بپاڕێنەوە، خۆ ئەگەر بۆیان نەکرا بچنە (مشعر الحرام) ئەوە دەکرێت ھەر لەجێگای خۆیانەوە نزا وپاڕانەوەکانیان بکەن، بەڵام ئاگاداری ئەوە بن لەکاتی نزا وپاڕانەوەدا با دەسەکانیان بۆ ئاسمان بەرز بکەنەوە و ڕوویشیان لە قیبلە بێت.

- کاتێکش دونیا تەواو ڕووناک بوویەوە، وپێش ئەوەی خۆر ھەڵبێت، بەرەو مینا بەرێ بکەون، کاتێک کە گەیشتنە مینایش، کە یەکەم ڕۆژی جەژن دەکات جەمەرەی (العقبە)، ئەو جەمەرەیەی کە دەکەوێتە کۆتایی ھەر سێ جەمەرەکەوە لە ڕووی شاری مەککەوە بە حەوت بەردی یەک لەدوای یەک ڕەجم دەکات، ھەر بەردێکیان بە ئەندازەی دەنکە نۆکێک ببن، لەگەڵ ھەر بەرد ھاوێشتنێکیش سوننەتە (اللە أكبر) ێک بکات.

- کاتێکیش لە بەرد ھاویشتنەکەی بوویەوە شەکێک سەر دەبڕێت، یان ووشترێک یان مانگایەک بۆ حەوت کەس، دوای ئەوە ئەگەر پیاو بوو سەری دەتراشێت، وە ئەگەر ئافەرتیش بوو ھەموو پرچی کۆ دەکاتەوە وبە ئەندازەی سەری پەنجەیەک مووی پرچی ھەڵدەقاچێت.

- دواتر دەچێت بۆ شاری مەککە بۆ ئەنجامدانی تەوافی (إفاضة)، وھاتوچۆی نێوان صه‌فا و مەروە، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ مینا، ھەردوو شەوی یازدە ودوازدەی مانگی (ذی الحجە) لەوێ دەمێنێتەوە، ڕۆژەکانیشی پاش ئەوەی خۆر لەناوەڕاستی ئاسمان لایدا بەرد دەدات لە ھەر سێ جەمەرەکە، باشتریش وایە بە پێ بچێت بۆ بەردھاویشتنی جەمەرەکان، خۆ ئەگەر بە ئۆتۆمبیلیش یان سواری ئاژەڵێک بچێت ھیچی تێدا نییە ودروستە، سەرەتا حەوت بەردی یەک لەدوای یەکی دەھاوێژێت بۆ جەمەرەی یەکەم، لەگەڵ ھەموو بەردێکیشدا سوننەتە (اللە أكبر) بکات، ئەو جەمەرەی کە دورترینیانە لەشاری مەککەوە، وپاش مزگەوتی (خیف) دێت، پاشان کەمێک بەدەستی ڕاستدا دەچێتە پێشەوە ودەستەکانی بەرز دەکاتەوە و ڕوو دەکاتە قیبلە ونزای خێر بۆ خۆی وکەسە نزیکەکانی وموسڵمانان بەگشتی بکات، خۆ ئەگەر نەیتوانی زۆر بە پێەوە بوەستێت ئەوە ھەر ھێندەی سوننەتەکە جێ بەجێ بکات کەمێک نزای خێر بکات.

ئەمجا حەوت بەردی یەک لەدوای یەکی تر دەھاوێژێت بۆ جەمەرەی ناوەڕاست، لەگەڵ ھەموو بەردێکیش (اللە أكبر) دەکات، ئەمجا کەمێک دەچێتە پێشەوە وئەگەر بۆی کرا دەستەکانی بەرز دەکاتەوە وبەدرێژی نزا ودوعای خێر دەکات، ئەگەر بۆیشی نەکرا بەدرێژی بوەستێت ئەوە ھەر ھێندەی کە سونەتەکە جێ بەجێ بکات نزای خێر دەکات.

پاشان حەوت بەردی یەک لەدوای یەک دەھاوێژێت بۆ جەمەرەی (العقبە) ئەو جەمەرەیەی کە دەکەوێتەر ڕووی شاری مەککەوە، و لەگەڵ ھەموو بەردێکیشدا (اللە أكبر) دەکات، ھێندە ھەیە لەپاش بەردھاوێشتن بۆ جەمەرەی (العقبە) دەبێت ئەوە بزانین سوننەت نییە بوەستیت بۆ نزا ودوعای خێر کردن.

- ئەمجا پاش ئەوەی کە شەوەکانی یازدە ودوزادەی مانگی (ذی الحجە) لە مینا مایەوە وڕۆژەکانیشی ھەر سێ جەمەرەکەی بەرد لێدا، ئەگەر وویستی پەلە بکات لە مینا نەمێنێتەوە ئەوە دەبێت پێش خۆر ئاوابوون لە مینا دەربچێت، خۆ ئەگەر نەیشی وویست پەلە بکات، ئەوا شەوی سیازدەیش دەمێنێتەوە وڕۆژەکەیشی وەک ڕۆژەکانی تر ھەر سێ جەمەرەکە بەرد لێدەدات، بێگومان پەلە نەکردنیش خێری زیاترە، ئەگەر ھاتوو ڕۆژی دوازدەیەم پێش خۆرئاوابوون لە مینا دەرنەچوو ئەوا واجب دەبێت لەسەری شەوی سیازدەھەمیش بمێنێتەوە، وڕۆژەکەشی پاش ئەوەی خۆر لەناوەڕاستی ئاسمان لایدا ھەر سێ جەمەرەکە بەرد لێ بدات، بەڵام ئەگەر ھاتوو ڕۆژی دوازدەیەم بە غەیری وویستی خۆی دواکەوت لەوەی کە پێش خۆرئاوابوون لە مینا دەربچێت، وەک ئەوەی کەلوپەلەکەی پێچایەوە وئامادەبوو بۆ دەرچوون لە مینا بەڵام بەھۆی قەرەباڵەخی ڕێگا وزۆری حاجیان وئۆتۆمبیلەوە نەیتوانی پێش خۆرئاوابون لە مینا دەربچێت ئەوا واجب نابێت لەسەری بمێنێتەوە بۆ ڕۆژی دواتر کە دەکاتە ڕۆژی سیازدەیەم.

- دوای ئەوەی حاجیان ئەرکەکانی پاش ڕۆژی جەژنیان تەواو کرد، لە بەردھاوێشتنی جەمەرەکان وبەجێگەیاندنی (ھەدی، سەربڕینی ئاژەڵ) وسەرتاشین، وتەوافی ئیفاضه‌، وسەعی نێوان صه‌فا و مەروە و مانەوەی شەوەکان لە مینا، ئەوا دەتوانن بگەڕێنەوە ووڵاتی خۆیان، بەڵام پێش ئەوەی بگەڕێنەوە واجبە تەوافی ماڵئاوایی (طواف الوداع) ئەنجام بدەن، ئەویش بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەی کە پێغەمبەرصلى الله عليه وسلم دەفەرموێت: {لا ينفر أحد حتى يكون آخـر عهـده بالبيت}([30]) واتا: ھیچ کەسێک لە ئێوە لە (حەرەم) دەرنەچێت ھەتاوەکو کۆتا کاری تەواف کردن دەبێت بە دەوری بەیتدا، لە ڕیوایەتێکی تردا ھاتووە {أمر النــاس أن يكون آخر عهدهم بالبيت إلا أنه خفف عن الحائض}([31]) واتا: پێغەمبەر صلى الله عليه وسلمفەرمانی کرد بەخەڵکی کە کۆتا کاریان تەوافی بەیت بێت، ئەوە نەبێت ئەم تەوافەی لەسەر ئافرەتانی خاوەن سوڕی مانگانە لابراوە .

کەواتە ئەو ئافرەتانەی کە لە سوڕی مانگانەدان یان لەخوێنی مناڵ بووندان تەوافی ماڵئاوایی (طواف الوداع) یان لەسەر واجب نییە.

- دەبێت ئەوە بزانین کۆتا کار کە حاجی دەبێت بیکات پاش ئەوەی خۆی پێچایەوە ئەوەیە تەوافی ماڵئاوایی (طواف الوداع) بکات، جا پاش تەوافی ماڵئاوایی ئەگەر چاوەڕیی ھاوەڕێکانی کرد، یان خەریکی بارکردنی کەلوپەلەکەی بوو، یان لەسەر ڕێگا خەریکی کڕینی ھەندێک پێداویستی بوو، ھیچ قەیدی ناکات وزیان نادات لە تەوافەکەی، وە واجب نییە تەوافەکەی دووبارە بکاتەوە لەکاتێکدا نەبێت کە نیەتی دواخستنی سەفەری ھەبێت بۆ ووڵاتەکەی، بۆ نموونە ئەگەر ھاتوو نیەتی ھەبوو سەر لەبەیانی سەفەر بکات، ودواتر تەوافی ماڵئاوایی کرد، بەڵام پاشان نیەتی ھێنا کە سەفەرەکەی دوابخات بۆ سەر لەئێوارە، لەم کاتەدا واجبە لەسەری کە جارێکی تر تەوافی ماڵئاوایی بکاتەوە، بۆ ئەوەی کۆتا کاری بریتی بێت لە تەوافی بەیت.

- ئەگەر ھاتوو حاجیان نیەتی زیارەتکردنی مزگەوتی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلمو شاری مەدینەیان ھەبوو، دەتوانن پێش ئەنجامدانی حەج یان پاش حەج کردن ئەوا دەتوانن ئەو زیارەتە بکەن، چونکە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلمفەرموویەتی: {لا تشد الرحال إلا إلى ثلاثة مساجد: المسجد الحرام والمسجد الأقصى ومسجدي هذا}([32]) واتا: کۆڵ و بار مەپێچنەوە بە مەبەستی سەفەرکردن و ڕۆیشتن بۆ ھیچ مزگەوتێک بە مەبەستی خواپەرستی بۆ سێ مزگەوت نەبێت: مزگەوتی حەرام (لە مەککە)‌، ومزگەوتی ئەقصا (لە بیت المقدس)، ومزگەوتەکەی من (لە مەدینەی منەووەرە)‌.

جا دەبێت بزانین زیارەتکردنی شاری مەدینەیش دەبێت مەبەست ونیەت لێی خواپەرستی وعیبادەت بێت لە مزگەوتی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم، نەک تەنھا مەبەست پێی زیارەتکردنی گۆڕەکەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بێت، چونکە عیبادەتکردن لەمزگەوتی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەزڵێکی گەورەی ھەیە، ئەوەتانێ پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لەبارەی نوێژکردنەوە لە مزگەوتەکەی خۆی فەرموویەتی: {صلاة في مسجدي هذا خير من ألف صلاة فيما سواه إلا المسجد الحرام}([33]) واتا: نوێژێک لەم مزگەوتەی من ھەزار جار خێری زیاترە لەمزگەوتەکانی تر، جگە لە مزگەوتی حەرام نەبێت (چونکە لە فەرموودەیەکی تردا ھاتووە نوێژێک لە مزگەوتی حەرام خێری صەد جار لە نوێژی مزگەوتی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم زیاترە) ([34]).

جا برای حاجی بەرێزم: کاتێک گەیشتیتە مەدینە بڕۆ بۆ مزگەوتی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم، سەرەتا قاچی ڕاستت پێش بخە وئەم ذیکرە بخوێنە:

{بسم الله، والصلاة والسلام على رسول الله، اللهم اغفر لي ذنوبي وافتح لي أبواب رحمتك، أعوذ بالله العظيم، وبوجهه الكريم، وبسلطانه القديم من الشيطان الرجيم} ئەمجا دوای ئەوە ھەرچەندێکی دەوێت نوێژ بکات، بەڵام واباشترە ئەگەر کرا لەناو (ڕەوچە) بێت، کە دەکەوێتە نێوان گۆڕەکەی پێغەمبەر ومینبەرەکەیەوە، چونکە ‌ئەو جێگایە باخێکە لەباخەکانی بەھەشت، وەک پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: {ما بين بيتي ومنبري روضة من رياض الجنة}([35]) واتا: نێوان ماڵەکەم ومینبەرەکەم باخێکە لەباخەکانی بەھەشت.

جا کە لەنوێژکردن تەواو بوو، ئەو کاتە لە گۆڕی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم نزیک بێتەوە بە ئەدەبێکەوە سەلامی لێ بکات وبڵێ: {السلام عليك أيها النبي ورحمة الله وبركاته، اللهم صل على محمد، وعلى آل محمد كما صليت على إبراهيم وعلى آل إبراهيم إنك حميد مجيد، اللهم بارك على محمد وعلى آل محمد كما باركت على إبراهيم وعلى آل إبراهيم إنك حميد مجيد. أشهد أنك رسول الله حقاً، وأنك قد بلغت الرسالة، وأديت الأمانة، ونصحت الأمة، وجاهدت في الله حق جهاده، فجزاك الله عن أمتك أفضل ما جزى نبيًّا عن أمته} دواتر کەمێک بەلای ڕاستدا بڕوات وسەلام لە ئەبو بەکری صدیق بکات (خوای لێ ڕازی بێت) وداوای ڕەزامەندی خوای گەورەی بۆ بکات، ئەمجا کەمێکی تر بچێت بڕوات بەولاوە وسەلام لە عومەری کوڕی خەتاب بکات (خوای لێ ڕازی بێت) وداوای ڕەزامەندی خوای گەورەی بۆ بکات، خۆ ئەگەر نزا ودوعای خێری بۆ ئەبو بەکری صدیق وعومەری کوڕی خەتاب کرد (خوایان لێ ڕازی بێت) بەشێوەیەکی جوان وپەسەند ئەوە کارێکی باشە.

- ئەبێت بزانین ئافرەت نابێت زیارەتی گۆڕی پێغەمبەری خوا بکات چونکە لەفەرموودەیەکدا پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم نەفرینی کردووە لەو ئافرەتانەی کە زیارەتی گۆڕەکان دەکەن، و گۆڕەکان دەکەن بەشوێنی نوێژ ودەیکەن بەچراخان([36])، بەڵام دەکرێت ھەر لەناو مزگەوتەکەی پێغەمبەری خواوە صلى الله عليه وسلم کە نوێژی تێدا دەکات سەلامیشی لێ بکات، چونکە گومان لەوەدا نییە لەھەر جێگایەکەوە صەلات وسەلام لەسەر پێغەمبەری خواصلى الله عليه وسلم بدەیت پێی دەگات .

جا دواتر سوننەتە پیاوان سەردانی گۆڕستانی بەقیع بکەن کە زۆرێک لە گۆڕی ھاوەڵە بەرێزەکانی لێیە، کە چوویە ناویەوە سوننەتە ئەم ذیکرە بخوێنێت: {السلام عليكم أهل الديار من المؤمنين والمسلمين وإنا إن شاء الله بكم لاحقون، يرحم الله المستقدمين منا ومنكم والمستأخرين، نسأل الله لنا ولكم العافية، اللهم لا تحرمنا أجرهم، ولا تفتنا بعدهم، واغفر لنا ولهم}([37]).


عومرە وئەحکامەکانی

پێناسەی عومرە: عومرەکردن بریتیە لە عیبادەتکردنێکی تایبەت کە دەبێت لە جێگایەکی تایبەت ئیحرامی بۆ ببەسترێت، وھەر بە ئیحرامەوە تەواف بە دەوری کەعبەدا بکرێت، وپاشان ھاتووچۆی نێوان صه‌فا ومەروە ئەنجام بدرێت وپاش تەواوکردنی ئەو ھاتوچۆیە بە تاشین یان کورت کردنەوەی مووی سەر بۆ پیاوان وقرتاندنی بە ئەندازەی سەری پەنجەیەک بۆ ئافرەتان تەواو دەبێت([38]).

حوکمی عومرە:

لەسەر ڕای پەسەندی زانایان عومرە کردن لە ژیاندا یەکجار واجبە([39]) ئەویش بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەی کە عائیشەی دایکی باوەڕداران (خوای لێ ڕازی بێت) دەگێڕێتەوە کە پرسیاری کرد لە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم: ئایا ئافرەتان جیھادیان لەسەر واجبە؟ ئەویش لەوەڵامدا فەرمووی: {نعــم عليهن جهاد لا قتال فيه: الحج والعمرة}([40]) واتا: بەڵێ جیھادێکیان لەسەر واجبە کە کوشتن وبڕینی تێدا نییە، ئەویش حەج و عومرەیە.

چۆنیەتی ئەنجامدانی عومرە:

ھەرکاتێک ھەر موسڵمانێک وویستی عومرە ئەنجام بدات، لەکاتی ئیحرام بەستنی حەجدا چی دەکرێت لە کاتی ئیحرامی بەستنی عومرەیشدا بیکات، لە خۆشۆردن وبۆنی خۆش لەخۆدان ونوێژکردن، پاشان نیەتی ئیحـــرامی عومرە بھێنێت وبڵێ: (لبیك اللهم عمرة).

- پاشان بەدەنگی بەرز دەست بکات بەووتنەوەی ذیکری «لبيك اللهم لبيك، لبيك لا شريك لك لبيك، إن الحمد والنعمة لك والملك لا شريك لك» بەڵام ئافرەتان دەبێت بە دەنگی بەرز ئەم ذیکرە نەڵێنەوە.

- ئەگەر کەسێک ترسی ئەوەی ھەبوو کە ڕێگریەک یان کۆسپ وتەگەرەیەک بێتە پێشی، ئەوە پێویستە لە دوایی نیەتی ئیحرام ھێنان بڵێ: (فإن حبسني حابس فمحلي حيث حبستني).

کاتێکیش گەیشتە ناو (بیت الحرام) کەعبەی پیرۆز قاچی ڕاستی پیش بخات وبڵێ: (بسم الله، والصلاة والسلام على رسول الله، اللهم اغفر لي ذنوبي، وافتح لي أبواب رحمتك).

- پاشان بڕوات بۆ دەست کردن بە تەواف کردن بە دەوری کەعبەی پرۆزدا، ئەگەر بۆی کرا دەست بدات لە (حجر الاسود) وماچیشی بکات، بەڵام ئەگەر بۆی نەکرا تەنھا بە دەستی (إشارە) ئاماژەی بۆ بکات و(اللە أكبر) ی لەگەڵدا بکات، وسونەت نییە دەستی ماچ بکات.

- لەکاتی تەواف کردنیشدا دەتوانێت ھەر دوعا ونزایەکی خێر کە دەیەوێت بۆ خۆی وخزم وکەسوکاری وموسڵمانان بەگشتی بکات، یان ھەر ذیکر وویردێکی تری مەشروع.

- کاتێکیش گەیشتە ڕوکنی یەمانی ئەگەر بۆی کرا دەستی پێدا بھێنێت، وە ئەگەر نەیشیتوانی ئەوا گرنگ نییە، بەڵام سوننەتیش نییە ئاماژەی بۆ بکات.

- ئەو کەسەی دەیەوێت عومرە بکات لەسەرەتای دەست پێکردنی تەوافەوە تا کۆتای دێت سوننەت وایە (إضطباع) بکات، واتا: ناوەڕاستی ئەو پارچە قوماشە یان ئەو پارچە خاولیەی کە دەیدات بە سەروشان وملیدا، لەبنھەنگڵی ڕاستیەوە بیھێنیتەوە وبیدات بەسەر شانی چەپیدا، ئەمەش تایبەتە بە تەوافی (قدوم) بۆ عومرە وحەج، نەک بۆ تەوافی ئیفاضه‌.

- لەکاتی تەواف کردنیشدا سوننەت لە سێ شەوتی یەکەمدا کەمێک ھەنگاوەکانی خێراتر بکات ووھەڕوەلە بکات، بەڵام ئەگەر ھاتوو زانی ھەڕوەلەکردنی دەبێتە مایەی ئەزیەت وئازار بۆ کەسانی تر ئەوە با ئەو ھەڕوەلەیە نەکات، چونکە ھەڕوەلە کردن سوننەت وئەزیەت نەدانی خەڵکی بەتایبەتی لەو جێگا پیرۆزانەیشدا واجبە.

- کاتێکیش لە تەواف کردن لێ بوویەوە، ئەوا سوننەتە لە پشت مەقامی ئیبراھیمەوە دوو رکات نوێژ بکات.

- ئەمجا دەچێت بۆ ھاتوچۆی نێوان صه‌فا ومەروە، کاتێک لە صه‌فا نزیک بوویەوە سوننەتە ئەو ئایەتە بخوێنێت: ﮋإِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ مِن شَعَائِرِ اللَّهِ ۖ فَمَنْ حَجَّ الْبَيْتَ أَوِ اعْتَمَرَ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِ أَن يَطَّوَّفَ بِهِمَا ۚ وَمَن تَطَوَّعَ خَيْرًا فَإِنَّ اللَّهَ شَاكِرٌ عَلِيمٌﮊ دواتر دەچێتە سەر صه‌فا تا ئەو ئەندازەی کە کەعبەی پێرۆزی لێ دەردەکەوێت، جا ئەو کاتە ڕووی تێ بکات ودەستەکانی بەرز بکاتەوە و سوپاسی خوای گەورە بکات و نزا و دوعای خێر بکات.

- جا کە لە نزا و دوعاکانی بویەوە دەست بکات بە رۆشتن بۆ مەروە، وە کاتێکیش گەیشتە پەرچەمە سەوزەکە (ئێستا بەچەند گڵوپێکی سەوز)‌ دەست نیشان کراوە، سوننەتە دەست بکات بە ھەڕوەلە کردن بەڵام بەو مەرجەی نەبێت بە مایەی ئەزیەت وئازاری کەسانی تر، جا ھەر کاتێک گەیشتە کۆتایی گڵوپە سەوزەکان ئیتر ڕۆشتنەکەی ئاسایی بکاتەوە، تا دەگاتە سەر مەروە، ئەوەی کە لەسەر صه‌فا کردی لەسەر مەروەیش بیکاتەوە.

- کاتێکیش لە ھەر حەوت ھاتوچۆکەی نێوان صه‌فا ومەروە بویەوە، سەری دەتاشێت، یان ھەموو سەری کورت دەکاتەوە، بەڵام ئافرەتان ھەموو پرچیان کۆدەکەنەوە و بە ئەندازەی سەری پەنجەیەکی لێ دەقرتێنن، کە نزیک بە دوو سانتیمەتر دەکات.

- ھێندەش ھەیە دەبێت عومرەکارانی بەرێز بزانن ڕۆیشتن لە صه‌فاوە بۆ مەروە جارێکە وھاتنەوەیش لە مەروەوە بۆ صه‌فا جارێکی ترە.

- بەمەش موسڵمانانی بەرێز لە عومرەکەیان دەبنەوە.

ئەرکانەکانی عومرە:

عومرە سێ ڕوکنی ھەیە:

١) ئیحرام بەستن.

٢) تەواف کردن بەدەوری کەعبەدا.

٣) ھاتوچۆی نێوان صه‌فا و مەروە.

واجبەکانی عومرە:

واجبەکانی عومرە دوانن:

١) ئیحرام بەستن لە میقات.

٢) سەرتاشین یان کوورت کردنەوەی.

تێبینی: ھەرکەسێک یەکێک لە ڕوکنەکانی عومرە نەکات، ئەوا عومرەکەی بەتاڵە دەبێتەوە، وە ھەرکەسیک واجبێک لە واجبەکان ئەنجام نەدات، ئەوا عومرەکەی بەتاڵ نابێتەوە بەڵام دەبێت فدیەیەک بدات کە بریتیە لە سەر بڕینی ئاژەڵێک لە حەرەمی مەککە ودابەشکردنی بەسەر ھەژارانی ئەو شارەدا.



([1]) سه‌یری: حاشية ابن عابدين: (2/454)، حاشية الدسوقي: (2/2) الروض الربع: (3/500) بكه‌ .

([2]) سورة آل عمران: الآية 97.

([3]) رواه البخاري ومسلم .

 ([4])رواه مسلم في الحج، باب فرض الحج والعمرة مرة في العمر (3322).

([5]) بدائع الصنائع : (2/118).

([6]) المغني : (5/6).

([7]) رواه مسلم في الإيمان، باب كون الإسلام يهدم ما قبله (121)

 ([8])رواه البخاري في المناسك، باب فضل الحج المبرور (1521)، ومسلم في الحج، باب فضل الحج والعمرة ويوم عرفة (3357)

 ([9])رواه البخاري في الجهاد، باب درجات المجاهدين في سبيل الله (2784).

([10]) رواه البخاري في العمرة في باب العمرة (1773) ومسلم في الحج باب فضل الحج والعمرة ويوم عرفة (1349).

([11]) سورة آل عمران : الآية 97.

([12]) مه‌به‌ست له‌(أیام التشریق) ڕۆژی یازده‌ و دوازده‌ و سیازده‌ی مانگی ذي الحجة یه‌، واتا دووه‌م ڕۆژ و سێهه‌م ڕۆژو وچواره‌م ڕۆژ جه‌ژنی قوربان .

([13]) سه‌یری شروط الاستطاعة في "أحكام القرآن" لابن العربي: (1/288)، و" الجامع لأحكام القرآن" للقرطبي: (4/148) و" أضواء البيان" للشنقيطي: (5/74) بكه‌.

([14]) سورة البقرة: الآية 197.

([15]) سه‌یری في ذلك بدائع الصنائع (2/183)، بداية المجتهد (4/375)، المجموع للنووي (6/249) ، المغني (5/53) بكه‌ .

([16]) أخرجه أحمد فى مسنده ورواه أبو داود والترمزى والنسائى وابن ماجه فى السنن بكه‌.

([17]) رواه مسلم بحديث رقم (1218) .

([18]) بدائع الصنائع (2/135) ، المقنع (1/469).

([19]) البقرة : 198.

([20]) سورة التغابن : الآية ( 16)

([21]) سورة البقرة : الآية (268).

([22]) كتێبی (الحج) ی دانه‌ر : (لاپه‌ڕه‌ : 117).

([23]) سورة الفتح : الآية 27.

([24]) سورة البقرة :  الآية 196 .

 ([25])الإنصاف في معرفة الراجح من الخلاف (4/36).

 ([26])مجموع فتاوى العلامة عبد العزيز بن باز رحمه الله (17/386).

 ([27])مجموع فتاوى ورسائل فضيلة الشيخ محمد بن صالح العثيمين (23/257).

([28]) سه‌یری كتێبی (الحج) ی دانه‌ر (لاپه‌ڕه‌ : 155) بكه‌ .

([29])  يوم التروية :  ئه‌م ڕۆژه‌ بۆیه به‌م ناوه‌وه‌‌ ناونراوه‌ چونكه‌ خه‌ڵكی و حاجیان جاران له‌و ڕۆژه‌گاره‌دا ده‌فر و قاپ و كونه‌ی ئاوه‌كانیان له‌ شاری مه‌ككه‌ پڕ ده‌كرد و به‌شی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌وێ ده‌مێننه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یانبردن بۆ مینا، چونكه‌ له‌و ڕۆژه‌گاره‌دا له‌ مینا ئاو نه‌بوو بۆ خواردنه‌وه‌ی خۆیان و ووڵاخ و ماڵاته‌كانیان، وه‌ هه‌ندێكی تر ده‌ڵێن بۆیه‌ به‌م ناوه‌وه‌ ناونراوه‌ چونكه‌ خوای گه‌وره‌ له‌و ڕۆژه‌دا مه‌ناسیكه‌كانی حه‌جی فێری ئیبراهیم (سه‌لامی خوای لێ بێت) كردووه‌.

([30])  رواه مسلم، في كتاب الحج، باب وجوب طواف الوداع وسقوطه عن الحائض (1327).

([31])  رواه البخاري في الحج ، باب طواف الوداع (1755)؛ ومسلم في الحج ، باب وجوب طواف الوداع (1328).

([32]) رواه البخاري ومسلم .

([33]) رواه البخاري ومسلم .

([34]) وعن ابن الزبير (رضي الله عنهما) قال : قال رسول الله e  : { صلاة في مسجدي هذا أفضل من ألف صلاة فيما سواه، إلا المسجد الحرام، وصلاة المسجد الحرام أفضل من صلاة في مسجدي هذا بمائة صلاة } (رواه أحمد، وصححه ابن حبان) .

([35]) رواه البخاري (1196) ومسلم (1391) .

([36]) رواه أحمد (4/458) رقم (1926)، وأبو داود في كتاب الجنائز _ باب في زيارة النساء القبور _ رقم (2817)، والترمذي في أبواب الصلاة _ باب ما جاء في كراهية أن يتخذ على القبر مسجدا _ رقم (294)، والنسائي في كتاب الجنائز _ باب التغليظ في اتخاذ السرج على القبور _ رقم (2016)، وحسنه الألباني في المشكاة رقم (740).

([37]) رواه مسلم في كتاب الجنائز ،باب ما يقال عند دخول القبور والدعاء لأهلها برقم (974) (975)، وابن ماجه في كتاب ما جاء في الجنائز، باب ما جاء فيما يقال إذا دخل المقابر برقم (1547).

([38]) الممتع شرح زاد المستقنع، للشيخ ابن عثيمين رحمه الله (7/8).

([39]) المغني (5/13)، روضة الطالبين (3/17).

([40]) رواه أحمد (6/71/165) وابن ماجه في المناسك، باب الحج جهاد النساء (2901) وصححه الألباني في الإرواء برقم (981)