ئیسلام بەرنامەی ژیانە ()

 

|

 ئیسلام بەرنامەی ژیانە

دانه‌ر: شێخ عبدالعزیز بن عبد الله ئال الشيخ

وه‌رگێرانی: محمد عبد الرحمن لطیف

پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان صابر عزیز

 پوخته‌یه‌ك:

خوێنەری بەڕێز: ئەم کتێبەی بەردەستت لە بنەڕەتدا بریتی بووە لە (وتاری ڕۆژی عەرەفەی ساڵی (١٤٣٢) کۆچی کە لە حەجی ئەو ساڵەدا لە ناو مزگەوتی (نەمیرە)دا لە لایەن زانای ڕێزدار (عبد العزیز بن عبد اللە آل الشیخ) (موفتی تێکڕای شانیشینی عەرەبستانی سعودێ و سەرۆکی دەستەی گەورە زانایان)ە وە پێشکەشکراوە و دواتر نووسراوەتەوە و بە ناونیشانی (الإسلامُ منھاجُ الحیاة) لە لایەن (وەزارەتی ئەوقاف وبانگەواز و ڕێنمایی / وەکیلی وەزارەت بۆ کاروباری مزگەوتەکان وبانگەواز وڕێنمایی)ـەوە لە چاپدراوە .

ئێمەیش لەبەر زۆر گرنگی و پڕ سوودی بابەتەکە بە پێویستمان زانی کەوا وەریبگێڕینە سەر زمانی کوردی شیرین .

 * پێشەکی وەرگێڕ :

الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ، وَالْعَاقِبَةُ لِلْمُتَّقِينَ ، وَصَلَّى اللهُ وَسَلَّمَ عَلَى عَبْدِهِ وَرَسُوْلِهِ نَبِيِّنَا مُحَمَّدٍ وَعَلَى آلِهِ وَأَصْحَابِهِ أَجْمَعِيْنَ .أَمَّا بَعْدُ:

خوێنەری بەڕێز: ئەم کتێبەی بەردەستت لە بنەڕەتدا بریتی بووە لە (وتاری ڕۆژی عەرەفەی ساڵی (١٤٣٢) کۆچی کە لە حەجی ئەو ساڵەدا لە ناو مزگەوتی (نەمیرە)دا لە لایەن زانای ڕێزدار (عبد العزیز بن عبد اللە آل الشیخ) (موفتی تێکڕای شانیشینی عەرەبستانی سعودێ و سەرۆکی دەستەی گەورە زانایان)ە وە پێشکەشکراوە و دواتر نووسراوەتەوە و بە ناونیشانی (الإسلامُ منھاجُ الحیاة) لە لایەن (وەزارەتی ئەوقاف وبانگەواز و ڕێنمایی / وەکیلی وەزارەت بۆ کاروباری مزگەوتەکان وبانگەواز وڕێنمایی)ـەوە لە چاپدراوە .

ئێمەیش لەبەر زۆر گرنگی و پڕ سوودی بابەتەکە بە پێویستمان زانی کەوا وەریبگێڕینە سەر زمانی کوردی شیرین .

جێی ئاماژە پێکردنە : سوپاس بۆ خوای گەورە لە پاش تێپەڕبوونی ساڵیک بەسەر ئەم وتارەدا لە حەجی ساڵی (١٤٣٣)دا گەیشتمە خزمەتی ئەم زانا زۆر گەورە و بەڕێزە و لە شوێنی حەوانەی تایبەتی خۆی بەرامبەر و نزیک لە (مزگەوتی زانا و پێشەوای پایەدار عبد العزیز بن باز رحمە اللە) بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەعات لەگەڵیدا دانیشتم و زۆر ڕێزی لـێگرتم وپێشوازییەکی گەرمی لـێکردم و بە بایەخەوە گوێی لـێدەگرتم و پرسیاری بارودۆخی موسڵمانان و بانگەوازی ئیسلامەتی لە کوردستاندا لـێکردم وزۆر دوعای خێری بۆ خەڵکی کوردستان کرد و ئامۆژگاری کردم بە خزمەت کردنی ئیسلام و موسڵمانان و گرنگی و بایەخدان بە زانستی شەرعی و گەیاندنی بە موسڵمانان .

ھەورەھا (لە سەرەتای مانگی حاجییانی ئەو ساڵەوە تاوەکو ڕۆژی ھەشتەمی و چەند ڕۆژی دوای تەواو بوونی حەج)ی ئەو ساڵەیش ئامادەی تێکڕای وتە و وەڵامدانەوەی بەڕێزیان بۆ ئەو پرسیارانەی کە ئاراستەیان دەکرا بووم، ئەمەیش لە شاری مەککەی پیرۆز لە ناو (مزگەوتی زانا و پێشەوای پایەدار عبد العزیز بن باز رحمە اللە) لە پێش وپاش پێنج نوێژە فەرزەکان .

داواکارم لە خوای گەورە ئەو حەجەی لـێقەبوڵ کردبین، وە بەم کتێبەیش سوود بگەیەنێت بە موسڵمانان و لێمانی قەبوڵ بکات، بەڕاستی خوا بەخشندە و میھرەبانە .

وَصَلَّى اللَّهُ وَسَلَّمَ عَلَى نَبِيِّنَا مُحَمَّدٍ وَآلِـهِ وَصَحْبِهِ

***

إِنَّ الْحَمْدَ للهِ نَحْمَدُهُ وَنَسْتَعِيْنُهُ وَنَسْتَغْفِرُهُ وَنَتُوبُ إِلِيْهِ، وَنَعُوْذُ بِاللهِ مِن شُرُوْرِ أَنْفُسِنَا وَمِنْ سَيِّئَاتِ أَعْمَالِنَا، مَنْ يَهْدِهِ اللهُ فَلا مُضِلَّ لَهُ وَمَنْ يُضْلِلْ فَلا هَادِيَ لَهُ.

وَأَشْهَدُ أَنْ لا إِلَهَ إِلاَّ اللهُ وَحْدَهُ لا شَرِيْكَ لَهُ، وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّدَاً عَبْدُهُ وَرَسُوْلُهُ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَعَلَى آلِهِ وَصَحْبِهِ وَسَلَّمَ تَسْلِمَاً كَثِيرَاً إِلَى يَوْمِ الدِّيْنِ.

أما بعد:

* ئامۆژگاری بە تەقوا:

ئەی خەڵکینە:

لە خوای گەورە بترسن ترسانێکی ڕاستەقینە، وە ئاگاتان لە چاودێری خوا بێت بۆتان لە کاتی نھێنی و چپەیشدا، بۆ ئەوەی چاکە و خێرتان دەست بکەوێت لە دونیادا و سەرکەوتن و سەرفرازیش لە دواڕۆژدا.

ﱡيَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ ٱتَّقُواْ ٱللَّهَ حَقَّ تُقَاتِهِۦ وَلَا تَمُوتُنَّ إِلَّا وَأَنتُم مُّسۡلِمُونَﱠ([1]).

واتە: ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕدارن لە خوا بترسن ترسانێکی ڕاستەقینە کە حەق و مافـی تەقوای تێدا بە دی بێت، وە نەشمرن ئیللا بە موسڵمانی نەبێت.

 * ئامانج لە ناردنی پێغەمبەر (مُحَمَّد):

خوای گەورە پێغەمبەر (مُحَمَّد)ی ناردووە بە ڕێنمایی و دینی حەق [واتە: بە زانستی بەسوود و کردەوەی چاکە] مژدەدەر و وریاکەرەوەیە بە پەیامێکی گشتی بۆ ھەموو بونەوەر، بۆ ئەوەی خەڵکی لە تاریکاییەکانی بێباوەڕی و گومڕاییەوە دەربھێنێت بۆ رووناکی یەکخواپەرستی و ئیمان وباوەڕ، وە لە تاریکاییەکانی نەفامی و نەزانیەوە بۆ رووناکی زانست وھۆشمەندی وژیری، وە لە پەرستنی نەفسەکان و شەیتانەوە بۆ پەرستنی خوای دەسەڵاتداری پاداشتدەرەوە، وە لە ئارەزووە ئاژەڵیەکانەوە بۆ ڕەوشتە بەرزە ئیسلامییەکان، وە لە وابەستەبوون بە ماڵی دونیای کۆتایی پێھاتووەوە بۆ وابەستەبوون بە ماڵی دواڕۆژی ھەتاھەتایی وپڕ نازونیعمەت لە ناو باخە بەرزەکانی بەھەشتدا .

 * ئیسلام بەرنامەی ژیانە بۆ مرۆڤەکان:

ئەی موسڵمانان :

بەڕاستی خوای گـەورە ئاینی ئیسلامـی داناوە بۆ ئەوەی ببێت بە بەرنـامـەی ژیانـی مـرۆڤـایـەتی کە بە پـێی دەقـاودەقـی بـڕیار و ڕێنماییەکانـیەوە ژیانیـان بەڕێـوە ببەن، چونکە ھیچ بوارێک نییە لە بوارەکانی ژیانی دونیا ئیللا ئاینی ئیسلام بڕیار و روونکردنەوەی تێدا ھەیـە لە بارەیـەوە، بۆ ئـەوەی بەندەکـان ئەو ئامانـج و مەبەستـەی کە بۆی دروستکراون بەجێبێـنن، خوای گەورە فەرموویـەتی : ﱡوَمَا خَلَقۡتُ ٱلۡجِنَّ وَٱلۡإِنسَ إِلَّا لِيَعۡبُدُونِ ﱠ([2]).

واتە : من جنۆکە و مرۆڤم دروست نەکردووە ئیللا بۆ ئەوە نەبێت کە بە تەنھا من بپەرستن .

وە بۆ ئەوەی تێکڕای ژیانیان ڕێک وڕاست ودامەزراو بێت بە روخسار وشێوەی ئیسلام لە بوارەکانی عەقیدە وبیروباوەڕ وپەرستن وھەڵسوکەوت وباری کەسێتی ومامەڵە وئەخلاق وڕەوشت وسیاسەت وفێرکردن وجگە لەوانەش، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡقُلۡ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحۡيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ ١٦٢ لَا شَرِيكَ لَهُۥۖ وَبِذَٰلِكَ أُمِرۡتُ وَأَنَا۠ أَوَّلُ ٱلۡمُسۡلِمِينَ ﱠ([3]).

واتە : ئەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بە خەڵکی بڵێ: بەڕاستی نوێژ وحەیوان سەربڕین و ژیان و مردنم ھەمووی بۆ خوای پەروەردگاری ھەموو جیھانیانە، ھیچ شەریکی نییە و بەوەیش فەرمانم پێکراوە وبڕیاریش دەدەم کەوا من یەکەم کەس بم ملکەچی فەرمانەکانی خوا ببم.

وە ئاینی ئیسلام ئەم بەرنامەیەی داڕشتووە و وێناکردووە بە گەورەترین روونکردنەوە وئاشکراترین دەستەواژە، ھەر بۆیە بەڵگەکانی جێگیر کردووە و دروشمەکانی ڕوونکردووەتەوە و بناماکانیی جێگیر کردووە بە بێ چەواشەبوون و ئاڵۆزی، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡكِتَٰبٌ أَنزَلۡنَٰهُ إِلَيۡكَ مُبَٰرَكٞ لِّيَدَّبَّرُوٓاْ ءَايَٰتِهِۦ وَلِيَتَذَكَّرَ أُوْلُواْ ٱلۡأَلۡبَٰبِﱠ([4]).

واتە: ئەم قورئانە کتێبێکی پڕ خێر و بەرەکەتە دامانبەزاندووە بۆ تۆ بۆ ئەوەی شوێنکەوتووانت تێڕامان وتێفکرانی ئایەتاکانی بکەن و بۆ ئەوەی خاوەن دڵ وژیرییەکان پەندی لـێوەربگرن .

ھەروەھا فەرموویەتی : ﱡمَّا فَرَّطۡنَا فِي ٱلۡكِتَٰبِ مِن شَيۡءٖۚ ﱠ([5]).

واتە: ئێمە لەم کتێبەدا کەمتەرخەمیمان نەکردووە و ھیچ شتێکمان بەجێنەھێشتووە تۆمار نەکرابێت .

ھەروەھا فەرموویەتی:ﱡوَنَزَّلۡنَا عَلَيۡكَ ٱلۡكِتَٰبَ تِبۡيَٰنٗا لِّكُلِّ شَيۡءٖ ﱠ([6]).

واتە: ئێمە قورئانمان دابەزاندووەتە سەر تۆ کە روونکردنەوەی ھەموو شتەکانی تێدایە .

واتە: ئاینی ئیسلام ھەموو بوارەکانی ژیانی تێدا باسکراوە و روونکردنەوەی لەسەرداوە و ھیچ شتێک نییە باسی نەکردبێت .

* بنەماکانی بیروباوەڕی ئیسلامەتی:

ئاینی ئیسلام بنەماکانی بیروباوەڕی روونکردووەتەوە بۆ موسڵمانان لە باوەڕبوون بە خوا و پاک کردنەوەی یەکخواپەرستی بۆی ، وە ئەنجامدانی ھەموو پەرستنەکان بۆ خوای گەورە و ئەم پەرستنە ھیچ کەسێک شایستەی نییە جگە لە خوای گەورە نە فریشتەیەکی نزیک لە خوا و نە ھەواڵپێدراوێکی نێردراویش .

وە ڕاستێتی و حەقیقەتی یەکتاکردنەوەی خوا بە ناو و سیفەتەکانی بۆیان روونکردووەتەوە بەوەی کەوا ناو و سیفەتەکان بۆ خوای گەورە بسەڵمێنن بەو شێوازەی کە شایستەیەتی، سەلماندنێکی بێ نموونە بۆ ھێنانەوە، وە پاکڕاگرتنێکی بێ پەکخستن (إثبات بلا تمثيل، وتنـزیەٌ بلا تعطيل)، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡلَيۡسَ كَمِثۡلِهِۦ شَيۡءٞۖ وَهُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلۡبَصِيرُ ﱠ([7]).

واتە : ھیچ شتێک وەکو خوا نییە و خوایش بیسەر و بینەرە .

وە باوەڕبوون بە فریشتە نزیکەکان لە خوا و پاک و بێگەردیان لە ھەموو ئەو کەموکوڕییانەی کە بەسەر مرۆڤەکاندا دێن بۆ روونکردووەتەوە، وە فریشتەکان بەندەی ڕێزلێگیراون،وە ﱡلَّا يَعۡصُونَ ٱللَّهَ مَآ أَمَرَهُمۡ وَيَفۡعَلُونَ مَا يُؤۡمَرُونَ ﱠ([8]). واتە: فریشتەکان سەرپێچی خوا ناکەن لەوەی کە فەرمانیان پێدەکات و ئەوەیش ئەنجامدەدەن کە فەرمانیان پێدەکرێت ئەنجامی بدەن .

وە فریشتەکان: ﱡيُسَبِّحُونَ ٱلَّيۡلَ وَٱلنَّهَارَ لَا يَفۡتُرُونَ ﱠ([9]).

واتە: بە شەو و بە ڕۆژ بەردەوام تەسبیحاتی خوا دەکەن بە بێدابڕان .

وە باوەڕبوون بە کتێبەکانی خوای گەورە کە دایانیبەزاندووەتە سەر پێغەمبەرانی بۆ روونکردووەتەوە کە بریتین لە: زەبور و تەورات و ئینجیل و قورئان و پەڕاوەکانی ئیبراھیم ، بەڵام قورئانی پیرۆز لە ھەموویان باشترە و گشتگیر ترە، وە زاڵ و بڕیاردەرە بەسەر ھەموویانەوە، حەق و ڕاستی یەکلا دەکاتەوە وباتڵ وناڕەوایش ھەڵدەوەشێنێتەوە وپوچەڵی دەکاتەوە، خوای گەورە فەرموویەتی:ﱡوَأَنزَلۡنَآ إِلَيۡكَ ٱلۡكِتَٰبَ بِٱلۡحَقِّ مُصَدِّقٗا لِّمَا بَيۡنَ يَدَيۡهِ مِنَ ٱلۡكِتَٰبِ وَمُهَيۡمِنًا عَلَيۡهِۖ ﱠ([10]).

واتە: ئێمە قورئانمان دابەزاندووە بۆ تۆ بە حەق و ئەو کتێبانەی پێش خۆی بەڕاست دەخاتەوە و ھەموو ئەو بەرژەوەندیانەشی تێدایە کەوا لە کتێبەکانی پێشوودا ھەبووە و زاڵ و بڕیاردەریشە بەسەر ھەموویاندا .

ھەروەھا باوەڕبوون بە پێغەمبەرانی خوا کە خوای گەورە ھەڵیبژاردوون بۆ ڕێنمایی کردن و ھیدایەتدانی مرۆڤایەتی، باوەڕمان بە ھەر ھەموویان ھەیە و جیاوازی ناکەین لە نێوانیان، وە پێغەمبەران جیاوازن و لە فەزڵ وچاکێتیدا لە یەک ئاستدا نین، بەڵام باشترینیان و سەروەریان و کۆتایی پێھێنەریان موحممەدە صلى الله عليه وسلم، باوەڕبوون پێی باوەڕبوونە بە ھەموو پێغەمبەران، وە بێباوەڕبوون پێی بێباوەڕبوونە بە ھەموو پێغەمبەران، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡءَامَنَ ٱلرَّسُولُ بِمَآ أُنزِلَ إِلَيۡهِ مِن رَّبِّهِۦ وَٱلۡمُؤۡمِنُونَۚ كُلٌّ ءَامَنَ بِٱللَّهِ وَمَلَٰٓئِكَتِهِۦ وَكُتُبِهِۦ وَرُسُلِهِۦ لَا نُفَرِّقُ بَيۡنَ أَحَدٖ مِّن رُّسُلِهِۦۚ ﱠ([11]).

واتە: پێغەمبەری خوا باوەڕی ھێنا بەوەی کە لە لایەن پەروەردگاریەوە دابەزیوەتە سەری و ھەروەھا ئیماندارانیش، ھەموویان باوەڕیان ھێناوە بە خوا و فریشتەکانی و کتێبەکانی و پێغەمبەرانی و جیاوازی ناکەین لە نێوان ھیچ یەکێک لە پێغەمبەرانی .

ھەروەھا باوەڕبوون بە قەزا و قەدەری خوای گەورە، وە بەوەی کە ھەر شتێک خوا بیەوێت ببێت دەبێت و ئەوەیش کە خوا نەیەوێت ببێت نــابێت، وە باوەڕبوون بەوەی کە ھەر شتێک لەم بوونەوەرەدا رووبدات ئەوە بە پێی ویستی گەردوونی خوایە و گونجاوە لەگەڵ ئەوەیش کە لە (پەڕاوی پارێزراو / اللوح الـمحفوظ)دا تۆمارکراوە و ھەر لە ئەزەلەوە بڕیاری لەسەر دراوە ، ھیچ شتێک لەوە بەدەر نابێت نە لە رووداوەکانی گەردوون و نە لە ھەڵسوکەوتەکانی مرۆڤیش.

وە باوەڕبوون بەوەیش کە خوای گەورە ویستی داوە بە بەندە کە بە ویستی خۆی ئەوە ھەڵبژێرێت کە دەیەوێت، جا ئەگەر خێر و چاکەی ھەڵبژارد ئەوا پاداشتی خێری لەسەر دەدرێتەوە، وە ئەگەر شەڕ وخراپەیشی ھەڵبژارد ئەوا سزادەدرێت لەسەری، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡفَمَن يَعۡمَلۡ مِثۡقَالَ ذَرَّةٍ خَيۡرٗا يَرَهُۥ ٧ وَمَن يَعۡمَلۡ مِثۡقَالَ ذَرَّةٖ شَرّٗا يَرَهُۥ ﱠ([12]).

واتە : ھەرکەسێک بە کێشی مێروولەیەکی بچوک خێر و چاکە بکات ئەوا لە قیامەتدا دەیبینێتەوە وە ھەرکەسێک بە کێشی مێروولەیەکی بچوک شەڕ و خراپە بکات ئەوا لە قیامەتدا دەیبینێتەوە .

ھەروەھا فەرموویەتی: ﱡقَدۡ أَفۡلَحَ مَن زَكَّىٰهَا ٩ وَقَدۡ خَابَ مَن دَسَّىٰهَاﱠ([13]). واتە: ئەو کەسەی کە ناخ و دەروون و نەفسی خۆی پاک دەکاتەوە لە ویستی خراپە و تاوان سەرفراز و سەرکەوتوو دەبێت وە ئەو کەسەیش کە دەیشارێتەوە لە خۆپاک و خاوێن کردنەوە و خۆی گومڕا دەکات ئەوا دۆڕاو و زەرەرمەند دەبێت .

وە عـەبـد باوەڕی بـەوە ھەبێـت کە ژیانـی بـەردەوام نـییە لەم دونیایەدا، بەڵـکـو لـێیـەوە دەگـوێـزرێـتـەوە بۆ نـاو گۆڕ، دوای ئەوەیش یان خۆشگوزرانییە یان سزا، وە دوای ئەوەیش زیندووبوونەوە ودەرچوونەدەرەوەیە لە گۆڕەکا، وە وەرگرتنەوەی نامەی کردەوەکان وکێشانە کردنی کردووەکان، لەو کاتەدا ئیمانداران فەزڵی خوایان بەردەکەوێت لە ناو باخەکانی خۆشگوزرانی بەھەشتدا، وە کافر وبێباوەڕانیش سزای بە ئێش وئازاریان بەردەکەوێت، خوای گەورە فەرموویەتی:ﱡوَأُزۡلِفَتِ ٱلۡجَنَّةُ لِلۡمُتَّقِينَ ٩٠ وَبُرِّزَتِ ٱلۡجَحِيمُ لِلۡغَاوِينَﱠ([14]).

واتە: وە بەھەشت نزیک کراوەتەوە بۆ کەسانی لەخواترس و خۆپارێز لە تاوانەکان، وە دۆزەخیش دەردەخرێت وبەرز دەکرێتەوە بۆ کەسانی گومڕا وسەرلێشێواو .

وە خوای گەورە ئەوەی بۆ بەندەکانی روونکردووەتەوە کە پێی لە خوا نزیک دەبنەوە و پەیوەندیان پێیەوە بە ھێز دەکات، بۆیە چەندین جۆر پەرستنی بۆ داناون لە: نوێژ وزەکات وڕۆژوو وحەج وزیکرەکان وجگە لەوانەیش، بۆ ئەوەی بەندە پەیوەندی بەردەوام بێت بە خواوە، بە مەبەستی ئەوەی دەروونێکی ئاسوودە وژیانێکی پڕ خێر وخاوێن کردنەوەی نەفس وبەختەوەی دونیا وسەرکەوتن وڕزگاربوونی دواڕۆژ بەدەست بێنێت .

 * ئەو بنەمایانەی کە خێزانی لەسەر ڕادەوەستێت لە ئیسلامدا:

ئیسلام ئەو بنەمایانـەی کە خێزانـی لەسەر ڕادەوەستێت بۆ تێکڕای ئوممەتی روونکردووەتەوە، وە خێزان خانەی یەکەمە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگا، وە بە یەکەوەگرێدانی نێوان ژن و مێردی روونکردووەتەوە بە زەواجـی شەرعی، وە ئەو حەق و مافانەش کە بۆ ھەر یەکێـک لـە ژن ومێرد ھەیە و ئەو ئەرکانەیش کە لەسەریەتی روونکردووەتەوە، وە بانگیانی کردووە بۆ پەروەردەکردنی منداڵان لەسەر پەروەردەیەکی ئیمانی، بۆ دەرھێنان وبەرھەمھێنانی نەوەیەکی صاڵح لە خوودی خۆیدا وبەسوودیش بێت بۆ ئوممەتەکەی، کە تاکەکانی خشتی چاک بن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی چاک .

وە ئاینی ئیسلام حەق ومافـی باوکانی لە چاکە کردن لەگەڵیاندا روونکردووەتەوە، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡوَٱعۡبُدُواْ ٱللَّهَ وَلَا تُشۡرِكُواْ بِهِۦ شَيۡ‍ٔٗاۖ وَبِٱلۡوَٰلِدَيۡنِ إِحۡسَٰنٗا ﱠ([15]).

واتە: بە تەنھا خوا بپەرستن و ھیچ شتێک مەکەن بە شەریکی و چاکە بکەن لەگەڵ ھەردوو باوک و دایکدا .

ھەروەھا حەق ومافـی منداڵانیش لە پەروەردەکردن وڕێنمایی کردن روونکردووەتەوە، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡيَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ قُوٓاْ أَنفُسَكُمۡ وَأَهۡلِيكُمۡ نَارٗا ﱠ([16]). واتە: ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان ھێناوە خۆتان و خێزان و کەسوکارتان بپارێزن لە ئاگری دۆزەخ .

ھەروەھا حەق ومافـی خزمانیشی لە گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی ودۆستایەتی وخۆشەویستی روونکردووەتەوە، بۆ ئەوەی خێزان ببێتە خێزانێکی بە ھێز و یەکگرتووی دوور لە لەیەکترازان و پەرتەوازە بوون .

 * بنەماکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە ئیسلامدا:

ئەی موسڵمانان: ھەروەھا ئاینی ئیسلام بنەماکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیشی روونکردووەتەوە، وە ئەمەیش لەسەر ئیمان وبرایەتی ئیمانی بنیاتنراوە، خوای گەورە فەرموویەتی : 

ﱡإِنَّمَا ٱلۡمُؤۡمِنُونَ إِخۡوَةٞ ﱠ([17]).

واتە : تەنھا ئیمانداران برای یەکن .

وە بانگی ئیماندارانیشی کردووە بۆ سەرخستنی یەکتر ویەکخستنی نێوانیان، پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: ((مَثَلُ الْمُؤْمِنِينَ فِي تَوَادِّهِمْ وَتَرَاحُمِهِمْ وَتَعَاطُفِـهِمْ مَثَلُ الْجَسَدِ إِذَا اشْتَكَى مِنْهُ عُضْوٌ تَدَاعَى لَهُ سَائِرُ الْجَسَدِ بِالسَّهَرِ وَالْحُمَّى)) ([18]).

واتە: نموونەی ئیمانداران لە دۆستایەتی و بە بەزەیی بوون وخۆشەویستیان بۆ یەکتر وەک نموونەی لەشێک وایە، ئەگەر ئەندامێکی ئێش و ئازاری ھەبێت ئەوا ھەموو ئەو لەشە لە پێناویدا بێ خەو دەبێت وتـــا دەیگرێت .

وە ھانیشیداون بۆ ئەوەی کە ھەر یەکێکیان کەرامەت و حورمەت و ڕێزی براکەی بپارێزێت، وە خۆی بە دوور بگرێت لە سووکایەتی پێکردنی، وە ھەوڵی یارمەتیدانی بدات، پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : ((الْمُسْلِمُ أَخُو الْمُسْلِمِ  لاَ يَظْلِمُهُ وَلاَ يُسْلِمُهُ، وَمَنْ كَانَ فِي حَاجَةِ أَخِيهِ كَانَ اللَّهُ فِي حَاجَتِهِ، وَمَنْ فَرَّجَ عَنْ مُسْلِمٍ كُرْبَةً فَرَّجَ اللَّهُ عَنْهُ كُرْبَةً مِنْ كُرُبَاتِ يَوْمِ الْقِيَامَةِ))(2).

واتە: موسڵمان برای موسڵمانە، ستەمی لێ ناکات و نایفەوتێنێت ونایدات بە دەستی دوژمنەوە، وە ھەر کەسێک کار بۆ بە جێھێنانی پێویستی برایەکی بکات ئەوا خوا کار بۆ بە جێھێنانی پێویستیی دەکات، وە ھەر کەسێک ناڕەحەتیەک لەسەر موسڵمانێک لا بەرێت و لە تەنگانەیەک دەری بکات ئەوا خوا یەکێک لە ناڕەحەتی و تەنگانەکانی ڕۆژی قیامەتی لەسەر لادەبات .

ھەروەھا بنەماکانی مامەڵە بازرگانی و ماڵیەکانیشی روونکردووەتەوە، بەوەی کە گرێبەستە حەڵاڵ و حەرامەکانی بۆیان روونکردووەتەوە، وە کڕین و فرۆشتنی بۆ حەڵاڵ کردوون و ریبایشی لەسەر حەرام کردوون، وە فەرمانیشی پێکردوون بە بەوەفابوون بە گرێبەستەکان و دانەوەی ئەمانەت، خوای گەورە فەرموویەتی ﱡٱلَّذِينَ يَأۡكُلُونَ ٱلرِّبَوٰاْ لَا يَقُومُونَ إِلَّا كَمَا يَقُومُ ٱلَّذِي يَتَخَبَّطُهُ ٱلشَّيۡطَٰنُ مِنَ ٱلۡمَسِّۚ ذَٰلِكَ بِأَنَّهُمۡ قَالُوٓاْ إِنَّمَا ٱلۡبَيۡعُ مِثۡلُ ٱلرِّبَوٰاْۗ وَأَحَلَّ ٱللَّهُ ٱلۡبَيۡعَ وَحَرَّمَ ٱلرِّبَوٰاْۚ فَمَن جَآءَهُۥ مَوۡعِظَةٞ مِّن رَّبِّهِۦ فَٱنتَهَىٰ فَلَهُۥ مَا سَلَفَ وَأَمۡرُهُۥٓ إِلَى ٱللَّهِۖ وَمَنۡ عَادَ فَأُوْلَٰٓئِكَ أَصۡحَٰبُ ٱلنَّارِۖ هُمۡ فِيهَا خَٰلِدُونَ ﱠ([19]).

واتە: ئەوانەی کە ریبا دەخۆن لە ڕۆژی قیامەتدا ھەڵناسنەوە ئیللا وەکو ئەو کەسە نەبێت کە شەیتان و جنۆکە تێکەڵی لەشی بووە و دەستی لـێوەشاندووە، ئەوەیش بە ھۆی ئەوەوە کە وتویانە: "کڕین و فرۆشتن وەکو ریبایە"، بەڵام خوا کڕین وفرۆشتنی حەڵاڵ کردووە وریبایشی حەرام کردووە، جا ھەرکەسێک لە پەروەردگاریەوە ئامۆژگاری بۆ ھات ووازی ھێنا ئەوا ئەوەی پێشووی بۆ ھەیە و دەرئەنجامیشی بۆ لای خوایە، وە ھەرکەسێکیش بگەڕێتەوە سەر ئەو تاوانە ئەوا ئەوانە لە خەڵکانی ئاگری دۆزخن و بە ھەتاھەتایی تێیدا دەمێننەوە .

وە فەرمانی پێکردوون بە ڕاستگۆیی لە کڕین وفرۆشتندا، وە ڕێگری لـێکردوون لە غەش کردن و شاردنەوەی عەیبە وکەموکوڕیەکان وفریودان ونەزانی بە شتەکان و ھەڵخەڵەتاندن .

وە حەڵاڵ وحەرامی خواردەمەنی وخواردنەوەکانیشی بۆیان روونکردووەتەوە، بەوەی کە شتە پاکەکانی بۆ حەڵاڵ کردوون بۆ ئەوەی بخۆن و بخۆنەوە بە بێ زیادەڕەووی وبەفیڕۆدان، وە مردارۆبوو و گۆشتی بەراز و شتە سەرخۆشکەر وھۆشبەرەکان وھەموو ئەو شتانەیش کە ھەڕەشەن بۆ تەندروستی مرۆڤــ لەسەر حەرام کردوون .

 وە ڕێنمـایی کـردوون بۆ ڕەوشتـە پیرۆزەکـان وداب ونەریتـە باشەکان، بۆیە فەرمانی پێکردوون بە ڕاستگۆیی ونیازپاکی ودڵسۆزی وچاکە کردن ودادوەری وچاوپۆشی لـێکردن وپشوودرێژی وبەخشندەیی وسەخاوەیەتی، وە ڕێگری لـێکردوون لە ڕەوشت وخووە خراپ وزەمکراوەکان لە غەیبەت کردن وقسەھێنان وبردن وپێڕابواردن وگاڵتەپێکردن و گومانی خراپ بردن بە موسڵمانان .

وە کارە خراپ وبەدەکانی لەسەر حەرام کردوون بە بچوک وگەورەیانەوە، ھەروەھا ھەموو ئەوانەیش کە سەردەکێشن بۆی، ھەر بۆیە زینا و داوێن پیسی و ئەوەیش کە مرۆڤـ نزیک دەکاتەوە لـێی حەرام کردووە، لە: بە تەنھا مانەوەی پیاو لەگەڵ ئافرەتی بێگانە ونامەحرەمدا، یان سەفەرکردنی ئافرەت بە بێ مەحرەم، یان پەیوەندیەکی جنسی و ئارەزوو وورووژێنەر کە پێچەوانەی شەرع بێت، ھەروەھا دزی کردن و کوشتن ودەستدرێژی و ستەم کردن لە خەڵک لە بوارەکانی خوێنیان و ماڵ وسامانیان و شەرەف و نامووسیان لەسەر حەرام کردوون، خوای گەورە فەرموویەتی : ﱡقُلۡ إِنَّمَا حَرَّمَ رَبِّيَ ٱلۡفَوَٰحِشَ مَا ظَهَرَ مِنۡهَا وَمَا بَطَنَ ﱠ([20]).

واتە : ئەی پێغەمبەر بڵێ : بەڕاستی پەروەردگارم کارە خراپ و بەدەکانی حەرام کردووە ئەوەی کە دەرکەوتەوە و ئاشکرایە و ئەوەشی کە نادیار وشاراوەیە .

وە سزا شەرعیەکانیشی بۆ داناون بۆ ئەوانەی کە ڕێگای تاوان دەگرنەبەر وسنورەکان دەبەزێنن و بە حەرامەکانەوە تێوەئەگلێن، بۆ ئەوەی ئەو سزایانە ڕاچەڵەکێنەر بێت بۆ ئەوانەی کە دەکەونە ناو ئەو تاوانانەوە، وە پەندیش بێت بۆ ئەوانەی کە تێیناکەون، ھەر بۆیە تۆڵەکردنەوەی بە کوشتن داناوە لەبەرامبەر کوشتنی بە ئەنقەستی دەستدرێژکارانە، خوای گەورە فەرموویەتی:ﱡ وَلَكُمۡ فِي ٱلۡقِصَاصِ حَيَوٰةٞ يَٰٓأُوْلِي ٱلۡأَلۡبَٰبِ لَعَلَّكُمۡ تَتَّقُونَ ﱠ([21]). واتە: لە تۆڵەکردنەوە بە کوشتنی کەسی بکوژ ژیانتانی پێپارێزراو دەبێت ئەی ئەو کەسانەی کە خاوەن دڵ و ژیرین بۆ ئەوەی لەخوابترسن و خۆپارێزی بکەن لە تاوان .

وە سزای زینا و داوێن پیسی دیاری کردووە بە ڕەجم کردن و بەردباران کردن بۆ کەسانی خێزانھێنەر و شووکردوو، وە بە جەڵدە و شەلاق لـێدان وشاربەدەر کردن بۆ کەسانی ژن نەھاوردوو و کچانی شوونەکردوو، وە سزای دیاری کراوی دزی کردن، وە سزای دیاری کراوی توھمەتبار کردنی کەسانی تر بە زیناکردن، وە سزای دیاری کراوی مەشروب و مەی خواردنەوە، وە سزای دیاری کراوی کەسانی دەرچوو لە موسڵمانان ودەسەڵاتدارن، وە سزای دیاری کراوی جەردە و ڕێگرد و چەتە .

وە ڕێنمایی کردووە بۆ دادوەری و بە ویژدان بوون لە وەرگرتنەوەی حەق ومافەکان، وە دانەوەی حەق ومافەکان بۆ خاوەنەکانیان، وە ڕێگری کردووە لە ستەم کردن لە دادوەری وبڕیاردان و قەزاوەتی کردن ولادانەوە بە لای یەکێک لە خاوەن کێشەکان لەبەر خزمایەتی یان جگە لەوە، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡيَٰدَاوُۥدُ إِنَّا جَعَلۡنَٰكَ خَلِيفَةٗ فِي ٱلۡأَرۡضِ فَٱحۡكُم بَيۡنَ ٱلنَّاسِ بِٱلۡحَقِّ وَلَا تَتَّبِعِ ٱلۡهَوَىٰ فَيُضِلَّكَ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِۚ إِنَّ ٱلَّذِينَ يَضِلُّونَ عَن سَبِيلِ ٱللَّهِ لَهُمۡ عَذَابٞ شَدِيدُۢ بِمَا نَسُواْ يَوۡمَ ٱلۡحِسَابِ ﱠ([22]).

واتە: ئەی داود ئێمە تۆمان نیشتەجێ کردووە لە زەویدا بۆیە لە نێوان خەڵکدا دادوەری بکە و بڕیار بدە بەوەی کە حەقە و شوێنی ھەوا وئارەزوو نەکەوێت چونکە ئەوە گومڕات دەکات لە ڕێگای خوا، بەڕاستی ئەوانەی کە لە ڕێگای خوا لادەدەن و گومڕا دەبن سزایەکی تووندیان بۆ ھەیە بە ھۆی ئەوەی کە ڕۆژی لـێپرسینەوەیان لەبیرکردووە .

ھەروەھا ئاینی ئیسلام ئەوەیشی روونکردووەتەوە کە بەڕیەوەبردن وسەرپەرشتی کردنی کاروباری وڵات لە نێوان موسڵماناندا بنیاتنراوە لەسەر عەقیدە وبیروباوەڕی ئیسلامەتی نەک لەسەر ھاوڵاتی بوون وعەشیرەت و ڕەگەز .

ھەروەھا حەق ومافەکانی فەرمانڕەوا وکاربەدەستانیشی بەسەر ھاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتیەوە روونکردووەتەوە لە پێویست بوون و واجبێتی گوێڕایەڵی کردنی کاربەدەست لەوەی کە فەرمانی پێدەکات و قەدەغەی دەکات بە مەرجێک کە فەرمان بە تاوان وسەرپێچی شەرع نەکات وڕێگری لە خێر و چاکە نەکات، وە ئاینی ئیسلام ھانی موسڵمانانی داوە بۆ کێشمانکێش نەکردنی فەرمانڕەوا وکاربەدەست ورووبەروو نەبوونەوەی، وە ڕێنمایی کردوون بۆ وەستان لەگەڵیدا لەوەی کە توانا ودەستکەوتەکانی ئوممەتی پێدەپارێزرێت .

وە ھانی فەرمانڕەوا و کاربەدەستیشی داوە بۆ دادگەری لە نێو ھاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتیدا، وە بۆ بەدیھێنانی ژیانێکی ڕێزدارانە بۆیان، وە ھانیشی داون بۆ نەرمونیانی وبەزەیی پێداھاتنەوەیان ودادگەری لە نێوانیاندا، وە ستەم نەکردن لێیان وناشبێت چاوپۆشی بکات لە ھەندێکیان لە بەرژەوەندی ھەندێکی تریان .

وە ھانیشی داون بۆ ھاوکاری کردنی یەکتر ویەکخستنی نێوانیان ووریاشی کردوونەتەوە لە ناکۆکی وجیاوازی، وە فارمانی پێکردوون بە یەک دەنگی ویەک وتەییان، خوای گەورە فەرموویەتی:ﱡوَٱعۡتَصِمُواْ بِحَبۡلِ ٱللَّهِ جَمِيعٗا وَلَا تَفَرَّقُواْۚ ﱠ([23]).

واتە: ئێوە ھەمووتان دەست بگرن بە دین و بەرنامەی خواوە، وە پارچەپارچە و پەرتەوازە مەبن .

ھەروەھا فەرموویەتی: ﱡوَلَا تَنَٰزَعُواْ فَتَفۡشَلُواْ وَتَذۡهَبَ رِيحُكُمۡۖ ﱠ([24]). واتە: با ناکـۆکـی و جیاوازی نەکەوێتـە نێوانتانـەوە چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی شکست خواردنتان و ڕۆیشتن و نەمانی ھێز و تواناتان .

ھەروەھا ئاینی ئیسلام فەرمانیشی کردووە بە موسڵمانان بە حوکمڕانی کردنی شەرع وگەڕانەوە بۆ پیادە و پەیڕەوکردنی لە ھەموو بوارەکانی ژیانی تاکە کەسی و کۆمەڵایەتیشدا، بۆ ئەوەی ژیانی ئوممەت ژیانێکی بڕیار لەسەردارو بێت و بەڕیوە بچێت بە پێی ئەوەی کە خوا بۆی داناون لە ئەحکام و بڕیارە شەرعییەکانی وئەوەی کە بۆی داناون لە بنەما و رێکخەرە شەرعییەکان و ئەوەی کە بۆی دیاری کردوون لە مەشخەڵ و سنوورە شەرعییەکان و ئەوەی کە ھانی بۆ داون لە ڕەوشت و چاکەکاریەکان .

وە ڕێنمایی کردوون بۆ بەرەوپێش بردن و ھەستانەوەی ئوممەتی ئیسلام لە رووی زانستی و ئابووری و کشتوکاڵی و پیشەسازیەوە .

 ھەروەھا ڕێنمایی کردوون بۆ گرتنەبەری ھەموو ھۆکارێک کە پێشکەوتن وسەرکەوتنی تێدا بەرقەرار بێت، بە مەرجێک پێچەوانەی بنەما جێگیرەکانی ئیسلام نەبێت .

ئەمەیە شەرعی خوای گەورە، بەرنامەیەکی تەواو و تێر و تەسەلە بۆ ژیان، ھاتووە بۆ بەختەوەرکردنی مرۆڤایەتی، وە بۆ ڕاگرتنی ھاوتایی نێوان رۆح و مادە، وە بەیەکەوە گرێدانی نێوان عەقڵ و وەحیی، وە نێوان زانست و ئاین، وە نێوان عەقیدە و شەریعەت، وە نێوان عیبادەت وئابووری و ئەخلاق، وە نێوان دونیا و دواڕۆژ، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡوَٱبۡتَغِ فِيمَآ ءَاتَىٰكَ ٱللَّهُ ٱلدَّارَ ٱلۡأٓخِرَةَۖ وَلَا تَنسَ نَصِيبَكَ مِنَ ٱلدُّنۡيَاۖ ﱠ([25]).  واتە: لەوەی کە خوا پێی داویت با مەبەستت تێیدا ماڵی دواڕۆژ بێت و بۆ قیامەت بەکاری بێنە و لەگەڵ ئەوەیشدا پشک وبەشی خۆتیش لە دونیا لە بیر مەکە .

 * تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگه‌ی ئیسلامی:

موسڵمانان: بەڕاستی ئەم کۆمەڵگایە کە ئیسلام بنیاتیناوە لەسەر بەرنامەی خوایی چەند تایبەتمەندیەکی ھەیە کە جیای دەکاتەوە لە ھەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە دینداری ناکەن بە ئاینی ئیسلام :

١ ـ لە تایبەتمەندیەکانی ئەم کۆمەڵگایە: بەرپاکردنی ئەمن وئاسایش وئارامی تێدایە : ئەمەیش لەبەر ھەبوونی ڕاچەڵەکێنەرێکی ئیمانی لە دڵی موسڵماندا کە ڕێگری لـێدەکات لە ئەنجامدانی تاوان، چونکە ئاینی ئیسلام ڕێنمایی شوێنکەوتوانی دەکات بە حورمەتگرتنی خوێن وحورمەتگرتنی ماڵ و سامان و حورمەتگرتنی شەرەف و نامووس، بەڵام یاسا داھێنراوەکانی دەستی مرۆڤــ ئەگەر ئاسایش وئارامیش بەرقەرار بکات لە ناو کۆمەڵگایەکدا ئەوا ھەر کاتێک تاکێک لـێی دەرباز بوو ئەوا تاوان ئەنجامدەدات بە بێ ھەبوونی چاودێر و کەسێک کە لـێپرسینەوە بکات .

٢ ـ وە لە تایبەتمەندیەکانی ئەم کۆمەڵگایە: پاراستنی حەق ومافە گشتییھکان: ھەر بۆیە حەق ومافەکانی باوکان لە چاکە لەگەڵ کردندا دەپارێزێت، ھەروەھا حەق ومافەکانی منداڵان لە پەروەردەکردن وڕێنمایی کردندا، ھەروەھا حەق ومافەکانی خزمان و کەسانی نزیک لە گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی ودۆستایەتی و خۆشەویستی، ھەروەھا حەق و مافەکانی کەسانی گەورە تەمەن لە ڕێزلـێگرتن، ھەروەھا حەق ومافەکانی کەسانی تەمەن بچوک و یەتیم لە بەزەیی پێداھاتنەوە و سۆز بۆ دەربڕین، ھەروەھا حەق ومافەکانی ئافرەتان لە بایەخ پێدان وڕێزلێـگرتن، ھەروەھا حەق و مافەکانی دراوسێ لە مامەڵەی چاک و پاک لەگەڵدا کردندا، ھەروەھا حەق و مافەکانی جگە لە موسڵمانانیش لە کەسانی خاوەن پەیمان و ئەمان و مۆڵەت پێدراو لە لایەن موسڵمانانەوە، خوای گەورە فەرموویەتی : ﱡوَلَا يَجۡرِمَنَّكُمۡ شَنَ‍َٔانُ قَوۡمٍ عَلَىٰٓ أَلَّا تَعۡدِلُواْۚ ٱعۡدِلُواْ هُوَ أَقۡرَبُ لِلتَّقۡوَىٰۖ ﱠ([26]).واتە: با ڕق لـێبوونتان لە کەسانێک واتان لـێنەکات و ھەڵتان نەنات لەسەر ئەوەی کە دادوەر نەبن، بەڵکو دادوەر بن چونکە ئەوە نزیکترە لە تەقوا و لەخواترسانەوە .

٣ ـ ھەروەھا لە تایبەتمەندیەکانی: بەڕاستی ئەم کۆمەڵگایە دروشمەکانی ئاینی ئیسلامی تێدا دیار و ئاشکرایە : لە بانگدان و نوێژ و ڕۆژوو و زەکات وحەج وڕەوشتە ئیسلامییەکان، کە موسڵمان لە ژیانیدا ھەموویان بە ئاشکرا پیادە دەکات، چونکە لە ئیسلامدا شتی شاراوە نییە، نە لە عەقیدە وبیروباوەڕەکانیدا و نە لە عیبادەت وپەرستنەکانیشیدا، بە پێچەوانەی مەزھەب وئاینە ڕووخێنەرەکان کە بیروباوەڕەکانیان وئەو بنەمایانەی کە لەسەری دەڕۆن دەشارنەوە وپێچەوانەی ئەوەی کە باوەڕیان پێی ھەیە دەردەخەن .

٤ ـ ھەروەھا لە تایبەتمەندیەکانی ئەم کۆمەڵگایە: ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەکی بە ڕەوشتە: ھەر بۆیە ئەوەی کە سووکە وڕیسوایە وەلای دەنات و بانگەشە دەکات بۆ شەرم و حەیا و پۆشتەیی ودەست و زمان و دامێن پاکی .

٥ ـ ھەروەھا لە تایبەتمەندیەکانی ئەم کۆمەڵگا موسڵمانە: ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی ھاوکارە : تاکەکانی ھاوکاری یەکتر دەکەن لەسەر کردنی چاکە و نەکردنی خراپە و تاوان، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡوَٱلۡمُؤۡمِنُونَ وَٱلۡمُؤۡمِنَٰتُ بَعۡضُهُمۡ أَوۡلِيَآءُ بَعۡضٖۚ يَأۡمُرُونَ بِٱلۡمَعۡرُوفِ وَيَنۡهَوۡنَ عَنِ ٱلۡمُنكَرِﱠ([27]).  

واتە: وە پیاوانی ئیماندار وئافرەتانی ئیماندار ھەندێکیان دۆست وپشتیوانی ھەندێکی تریانن، فەرمان دەکەن بە چاکە و ڕێگری دەکەن لە خراپە .

ھەروەھا فەرموویەتی : ﱡوَتَوَاصَوۡاْ بِٱلۡحَقِّ وَتَوَاصَوۡاْ بِٱلصَّبۡرِ ﱠ([28]).  

واتە: وە ئامۆژگاری یەکتر دەکەن بە شوێنکەوتنی حەق و ئامۆژگاری یەکتر دەکەن بە ێەبر و ئارام گرتن .

٦ ـ ھەروەھا لە تایبەتمەندیەکانی: بریتییە لە پەیوەست کردنی نێوان ھەموو تاکەکانی بە پەیوەندی ئیمان: ھەر بۆیە ئاینی ئیسلام برایەتی خستووتە نێوان موسڵمانانەوە بە جیاوازی ڕەنگ و ڕەگەز و عەشیرەت، وە بەم دینە کۆیانی کردووەتەوە، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡإِنَّمَا ٱلۡمُؤۡمِنُونَ إِخۡوَةٞ ﱠ([29]). واتە: بەڕاستی تەنھا ئیمانداران برای یەکن .

٧ ـ ھەروەھا لە تایبەتمەندیەکانی: ئەوەیە کە ڕێزداری تێیدایە بە پێی لەخواتــرسان وچاکەکــاری وخۆپاراستنە لە تاوانەکــان، خوای گەورە فەرموویەتی : ﱡإِنَّ أَكۡرَمَكُمۡ عِندَ ٱللَّهِ أَتۡقَىٰكُمۡۚٞ ﱠ([30]).  واتە: بەڕاستی ڕێزدارترینتان لای خوا لەخواترسترینتانە .

واتە : کێ لە ھەموان زیاتر لە خواترستر و چاکەکارتر و خۆپارێزتر بێت لە تاوانەکان ئەوا ئەو کەسە بەڕێزترینی نێو موسڵمانانە .

٨ ـ ھەروەھا لە تایبەتمەندیەکانی: بریتییە لە یەکگرتنی نێوان کاربەدەستان و ھاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتیان: چونکە کاربەدەست و سەرپەرشتیار ھەست بە کێشە و گرفتەکانی ھاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتەکەی دەکات، وە ھەوڵیش دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان و تیمارکردنی برینەکانیان ویارمەتیدانی موحتاج ونەدارەکانیان، وە ھاوڵاتیانیش لە بەرامبەر ئەوەدا خۆشەویستی دەردەبڕن بۆ کاربەدەست وسەرپەرشتیارەکەیان ودوعاکردن بۆی و وەستان لەگەڵیدا لە ھەموو بار و حاڵەتەکاندا .

ئیسلام دەیەوێت کۆمەڵگای موسڵمان ئاوەھا بێت .

٩ ـ ھەروەھا لە تایبەتمەندیەکانی ئەم کۆمەڵگـا موسڵمانە : ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵگایە تێکڕای دامەزراوە شەرعی وزانستی وڕۆشنبیری وئابووری ودادوەری و ئەمنیەکانی تەواوکەری یەکترن و ھەر ھەموویان لە خزمەتی پاراستنی ئەم ئاینەدان و پارێزگاری لە ناسنامەی ئەم کۆمەڵگایە دەکەن ودەیپارێزن لە شل و خاو بوونەوە و ڕۆژئاواگەری .

١٠ ـ ھەروەھا لە تایبەتمەندیەکانی ئەم کۆمەڵگایە: ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەکی خواییە: چونکە ئاینی ئیسلام بوارە گشتییھکانی ڕێک دەخات چ سیاسی و ڕامیاری بێت یاخود ئابووری، ژیانی کۆمەڵگا ملکەچە بۆ ئەم ئاینە، نەک بۆ ھەواوئارەزوو و حەزەکانی خەڵک و ئەوەی کە ئارەزووی دەکەن و پێیان خۆشە .

١١ ـ ھەروەھا لە تایبەتمەندیەکانی ئەم کۆمەڵگایە: بەھا مەعنەوی وئەخلاقیەکان تێیدا لە پێشترن لە بەرژەوەندییە مادیەکان: ھەر بۆیە بەدیھێنانی بەرژەوەندییە مادیەکان و بەدیھێنانی پێشکەوتنی زانستی لە ناو کۆمەڵگادا بەمەرج گیراوە بەوەی کە پێچەوانەی بنەما و بەھا وڕەوشتەکانی شەرع نەکات .

١٢ ـ ھەروەھا لە تایبەتمەندیەکانی ئەم کۆمەڵگایە : ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەکی ئاینی و مەدەنییە لە یەک کاتدا: چونکە لە ئیسلامدا جیاکردنەوە نییە لە نێوان دین و دونیا، ھەر بۆیە ئیماندار نوێژ دەکات و ڕۆژوو دەگرێت و زەکات دەدات و حەج دەکات و زیکری خوا دەکات ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو ھەر لە ناو شوێنی بازرگانیەکەیدایە، یان لە ناو بنکەی توویژینەوەکەیدایە، یان لە ناو فەرمانگەیەکی حکومیدایە، یان لە ناو دامەزراوەیەکی زانستی یان ئابووریدایە ، یان لە ناو پیشەیەکی پزیشکی یان کشتوکاڵیدایە ، یان جگە لەمانە لە بوارەکانی تری ژیان، ئاینەکەی بانگی دەکات بۆ ئەوە و ھەروەھا بۆ ئەوەیش کە ئیماندارێکی صاڵح بێت لە ھەموو کردەوەکانیدا و ھەڵبسێت بە ئەنجامدانی ھەموو ئەو کارانەی کە داوای لـێکراوە جێبەجێی بکات، موسڵمان ئاوەھایە .

 * تەواوکاری کۆمەڵگه‌ی موسڵمانان و ئەرکەکانی تاکەکانی:

ئەم تایبەتمەندی وجیاکەرەوەییانەی ئەم کۆمەڵگایە بەڕاستی کاتێک بە تەواوی بەدی دێت بە ھەموو بەشەکانییەوە ئەگەر ھەموو تاکێکی ئێمە ئەرکی ئاینی وبەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی وئەمانەتی پیشەیی خۆی بەجێبێنێت، بەوەی کە:

١ ـ باوک: ئەرکی خۆی بەجێبێنێت بەرامبەر بە منداڵەکانی لە رووی پەروەردەکردنیان و ڕێنمایی کردنیانەوە.

٢ ـ وە مامۆستایش: قوتابییەکانی فێربکات وخۆشەویستی خێریان تێدا بچێنێت و زانستە بەسوودەکان و ڕێگای ڕاستیان فێربکات.

٣ ـ وە موفتییەکان وپیاوانی شەرعزانیش: فەتوا بۆ خەڵک بدەن لە بوارەکانی ئاینەکەیان، وە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن، وە وەڵامی گرفت وپێشھاتەکانیان بدەنەوە بەوەی کە گونجاوە لەگەڵ قورئان وسوننەت و بنەما گشتییھکانی شەرع.

٤ ـ وە ئامۆژگاریکار و وتارخوێنی مزگەوتەکانیش: بانگەواز بکەن بۆ خێر وچاکە و لەخواترسان و خۆپاراستن لە تاوان، وە موسڵمانان وریا بکەنەوە لە خراپە، وە ئوممەتی ئیسلامیش ببەستنەوە بە سەرکردەکانیانەوە لە زانایان و سەرکردەکان.

٥ ـ وە کەسانی فەرمانکار بە چاکە و قەدەغەکاری خراپە و تاوان و پیاوانی چاودێر و بەرپرسی لـێپرسینەوە: ھەڵبسن بە ئەرکی خۆیان لە ڕێنمایی کردنی کۆمەڵگا و چاک کردنی ھەڵەکان و دەستگرتنی ھەڵەکار و ڕێنمایی کردنی بە حیکمەت و دانایی و ئامۆژگاری چاکە و وتەی جوان بۆ ئەوەی دوور بکەوێتەوە لە شەڕ و خراپە بە قەناعەت و زانستەوە بەوەی کە فێری بکات ئەم کارە زەرەر و زیانی تێدایە بۆی.

٦ ـ وە ڕاگەیاندکارن و ڕۆژنامەنووسانیش: ھەڵبسن بە ئەرکی خۆیان لە خزمەت کردنی ئاینەکەیان وپرسەکانی ئوممەتەکەیان، وە ئەوەیش بڵاوبکەنەوە کە خێر وچاکەی دین ودونیای خەڵکی تێدایە، لەگەڵ وابەستەبوون بە ڕاستگۆیی و ووردکاری لە گواستنەوەی رووداو وھەواڵەکاندا.

٧ ـ وە پیاوانی خاوەن پارە و سەرمایەداریش: لە ماڵ و سامانەکانیان ببەخشن لەو بوارانەدا کە چاکێتی و سوودی ئوممەتی تێدایە، وە پارە و ماڵەکانیان بخەنە بەر وەبەرھێنانەوە لەو بوارانەدا کە خێری ئوممەتی تێدایە بۆ ئێستا و داھاتووی .

٨ ـ وە پیاوانی ئابووریناسیش: ئەرکیان ئەوەیە کە ئوممەت لە بواری ئابووریەوە بەرەو پێش ببەن و بواری ئابووری بە دوور بگرن لە ریبا .

ھەروەھا پیاوانی تریش: ئەرکیان ئەوەیە کە ئوممەت بەرەو پێش ببەن لە بوارەکانی زانستی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و پزیشکیدا .

٩ ـ وە پیاوانی سیاسەتمەداریش: ھەڵبسن بە بەڕیەوەبردنی کۆمەڵگای موسڵمانان بەو شێوازەی کە نزیکتر بن لە حەق و چاکسازیەوە، وە لە بواری پەیوەندیەکانی دەرەوەیشدا پەیوەندیەکی دۆستانە بەرقەرار بکەن لەگەڵ وڵاتی جیھاندا، وە لەگەڵیاندا ھاوکار بن لەوەدا کە بەختەوەری ئوممەتی تێدایە و شەڕ و بەڵای لـێدوور دەخاتەوە .

١٠ ـ وە پیاوانی ئەمن و ئاسایشیش: ھەڵبسن بە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی ئەمن ودەستگرتنی کەسانی تاوانبار وتێکدەر و یاریکەر بە ئەمن وئاسایشی ئوممەت، وە ھەڵبسن بە پاراستنی سەر سنوورەکان .

١١ ـ وە پیاوانی دادگایش: بنەماکانی دادوەری و ویژدان بەرقەرار دەکەن بۆ گەیاندنی حەق و مافەکان بە خاوەنەکانیان .

١٢ ـ وە ئەوانەیش کە کاروباری وڵات بەڕێوەدەبەن: ئەو بڕگە و بڕیارانە دابنێن کە گونجاوە و لەگەڵ شەرعی خوادا دەگونجێت و لەگەڵ ھیچ شتێک لە ڕێنماییەکانی ئیسلامدا جیاواز و پێچەوانەوە نەبێت .

١٣ ـ وە فەرمانبەرانیش لە ناو فەرمانگە حکومیەکاندا: ئەرکە فەرمانبەری وپیشەییەکانی خۆیان بەجێبێنن بە ڕاستگۆیی وئەمانەتەوە، لەگەڵ دوور بوون لە مننەت کردن و وەرگرتنی ڕەشوە و بەرتیل.

١٤ ـ وە پیاوی دیبلۆماسی موسڵمانیش: ھەڵبسێت بە نوێنەرایەتی کردنێکی ڕاستەقینەی وڵاتەکەی، وە پەیامێکی ڕاستگۆیانە سەبارەت بە ئاین و ئوممەتەکەی ھەڵبگرێت، وە خۆی بڕازێنێتەوە بە ئەخلاق وڕەوشتە چاکەکان، وە بەرگری بکات بە پرسەکانی ئاین و ئوممەتەکەی.

 * ئەو ئاستەنگانەی کە ئێستا رووبەڕووی جیھانی ئیسلامی بووەتەوە:

ئەی ئوممەتی ئیسلام: ئەمڕۆ جیھانی ئیسلامی بە مەتریسیدارترین قۆناغەکانی ژیانیدا تێدەپەڕێت، وە ڕووبەڕووی بارودۆخ وچەندین ئاستەنگی ناڕەحەت وگران بووەتەوە، وە گرفتاریشە بە دەست دابەشبوون ولێکترازانی نەوەکانی وناکۆکی نێوانیانەوە، ھەروەھا بە دەست ھێرشێکی دڕندانە ودەست تێوەردانێکی ئاشکرا لە کاروبارەکانیدا لە لایەن دوژمنانیەوە .

وە موسڵمان دڵگران دەبێت بەوەی کە دەیبینێت لەم ھەرکەس بۆ خۆیی وفیتنە وئاشوبەی کە بووەتە ھۆی نەمانی ئەمن وتێکچوونی بەڕێوەچوونی وڵات بە ڕێکوپێکی وھەڵخلیسکانی ژیانی ڕۆژانە وبەرژەوەندیەکانی ئوممەت، وە ئەوەی کە بەدیھاتووە لە وێران بوونی وڵات و بە تاڵان بردنی ماڵ و سامانی گشتی و ڕشتنی خوێنی کەسانی بێتاوان، تا ئەو ئاستەی کە خەڵک وازیان ھێناوە لە ماڵ وشوێنی نیشتەجێبوون و وڵاتی خۆیان وڕایان کردووە و لـێی ھەڵھاتوون لە دەست ئەو فیتنە وئاشووب وکارەساتانە .

وە ئەمەیش جێیخەوتنی ھەموو موسڵمانێکی شڵژاندووە کە لە دڵیدا غیرەتی ھەڵگرتبێت لەسەر ئاین وبیروباوەڕەکەی و بەزەیی بێتەوە بە ئوممەتەکەی و ئەو ھەموو خوێنەی کە بە ناحەق و ناڕەوا دەڕێژرێت .

 * چەند وەستانێک بۆ دەربازبوون لە ئەو گرفت و ئاستەنگانە:

وە ئێمە لەگەڵ ئەم رووداوە ئازاربەخش وغەمگینانەدا چەند وەستانێکمان ھەیە کە مەشخەڵەکانی دەربازبوونی لە ئەم گرفتانە وێنا کردووە و دەبنە ھۆی زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگە گەورانەدا:

١ ـ بە لای موسڵمانەوە شارەوە نییە کە نھێنی توانا و ھێز و ڕاگری ئەمن وئارامی ئوممەتی ئیسلامی بریتییە لە: دەست گرتنی بە کتێبەکەی پەروەردگاری و سوننەتی پێغەمبەرەکەیەوە صلى الله عليه وسلم، جا ھەرچەندێک ئوممەتی ئیسلام دەست بگرێت بە ئاینی پەروەردگاریەوە ئەوا ھەندە بە ھێز و باڵادەست و جێگیر و کۆمەڵبەند دەبێت و دوژمنانی لـێی دەترسن وحیسابی بۆ دەکەن، وە ھەرچەندێکیش دەستبەرداری ئاینەکەی بێت وڕۆبچێتە ناو شەھوەت وئارەزووەکانەوە ئەوا ھەندە پێگەی بێھێز و لاواز دەبێت و نەوەکانی دابەش دەبن و لە پێش چاوی دوژمنانی سووک دەبێت و لە ھەموو لایەکەوە لەسەری کۆدەبنەوە .

٢ ـ بـەڕاستی ئیسـلام کاولـکاری وتیرۆر وتێـکدانـی ئەمـن وئاسایـش ڕەتدەکاتـەوە، وە خـوێـن ڕشـتن و بە تاڵان بـردنی ماڵ وسامان ودەستدرێژی کردنە سەر نامووس حەرام و قەدەغە دەکات.

٣ ـ بەڕاستی ئیسلام چارەسەرە بۆ ھەموو کێشە و گرفتەکانی ئوممەتی ئیسلام، وە بەدیھاتنی کارە چاوتێبڕاوەکانی نەوەکانی تێدایە لە بەرقەرار کردنی کۆمەڵگایەک کە دادوەری سەروەری بێت ودەرفەتەکانی ژیانی ڕێزدارانەی تێدا ھاوتابێت وھاوڵاتی بوونی دادوەرانەی تێدا بەدیبێت وحەق ومافەکانی ھەموو تاکەکانی تێدا پارێزراو بێت .

٤ ـ بەڕاستی ئیسلام تەنھا ھەڵبژاردەیە بۆ تێکڕای میللەتانی ئیسلامی، جا ھەر درووشمێکی نەفامی وجاھلی یان ھەر بانگەوازێک بۆ پرۆگرامێک جگە لە پرۆگرامی ئیسلام ئەوە بانگەوازێکی پووچ و باتڵ و ڕەتکراوەیە.

٥ ـ پێویستە لەسەر موسڵمانان ھەر ھەموویان لە خوودی خۆیاندا لەخوابترسن، وە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن بە بێ دەست تێوەردانی دوژمنانیان، وە وریا و ئاگادار بن لە فیتنەی تایفی کە برایەتی موسڵمانانەی نێوانیان لەکەدار دەکات و لـێی دەبات. 

٦ ـ پێویستە لەسەر زانایانی ئوممەت کەوا ھەستن بە ئەرکی سەرشانی ھیواپێبراویان لە ڕێنمایی کردنی خەڵک، وە سووربن لەسەر پاراستنی کۆمەڵگای موسڵمان، وە پێشکەش کردنی پێشبینــی وپرۆگــرامی واقعیانــە بۆ چارەســەرکردنی کێشەکــانی ئوممەت ودوور خستنەوەیان لە فیتنە وکارەساتەکان .

٧ ـ پێویستە لەسەر سەرکردەی میللەتانی ئیسلامی کەوا دادوەری بەرقەرار بکەن لە نێو میللەتەکانیان، وە بەرھەڵستی فەساد و گەندەڵی بکەن، وە بەرژەوەندیەکانی میللەتان بخەنە پێشەنگی کارە گرنگی و بایەخ پێدراوەکانیان .

٨ ـ وە پێویستیشە لەسەر ھاوڵاتیان کەوا لە چواردەوری سەرکردەکانیان کۆببنەوە، وە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن بە ڕێگا سەلامەت و بێئۆینەکان، دوور لەم ھەموو جەنگ و خوێن ڕێژی و وڵات وێران کردنانە .

 * ھێرشی ڕاگەیاندن وڕۆشنبیری:

ئەی ئوممەتی ئیسلام:

بەڕاستی لەوەی کە مایەی نیگرانێکی زۆرە ئەم ھێرشی ڕاگەیاندنی وڕۆشنبیرییە ڕێکخراوەیە کە دەیەوێت عەقیدە وئیمان لە ناو دڵی تازەپێگەیشتوواندا لاواز بکات وئەخلاق وڕەوشت شل وخاو بکاتەوە وکەسایەتییان لاواز بکات.

بەڕاستی ئەم ھێرشە کاریگەری خراپی خۆیی لەسەر گەنجان وتازەپێگەیشتووان بەجێھێشتووە، ھەر بۆیە کەسایەتی نــاموسڵمانانە بووەتە جێی سەرسام بوون ولاسایی کردنەوە بە لای ھەندێکیانەوە، لاسایی دەکەنەوە نەک تەنھا لە شتە ڕواڵەتیەکاندا بەڵکو لە ھەڵسوکەوت وشل وخاو بوونەی ئەخلاقی ووەلانانی شەرم وحەیا وبڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتنی و کاری خراپیشدا.

ئەی موسڵمان: بەڕاستی ئەم ھێرشە ڕێکخراوە پێویستە ڕووبەڕوو بکرێتەوە بە ڕاگەیاندنێکی باش کە بەرھەڵستی وبەربەرەکانێی ئەم ھێرشە بکاتەوە بە چەندین کەناڵی ئیسلامی ودەستەیەک ڕاگەیاندکار سەرپەرشتی بکات کە نێوان زانستی شەرعی وتێگەیشتن لە واقع و پیشەی ڕاگەیاندکاریش کۆبکاتەوە بۆ گەیاندنی پەیامی ئیسلام بە ھەمووان.

 * جیھانگیری وناسنامەی ئیسلامەتی:

موسڵمانان: بەڕاستی ئێمە لە سەردەمی جیھانگیریدا دەژین کە تێیدا لایەنی بەھێز کلتووری خۆی دەسەپێنێت بەسەر لایەنی لاوازدا وھەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی دەدات.

بۆیە پێویستە لەسەر موسڵمانان کە پارێزگاری بکەن لەسەر ناسنامەی موسڵمانانەی خۆیان،وە دامەزراوبن لەسەر شتە جێگیر ویەکلابووەکانیان لە عەقیدە وشەریعەت وئەخلاق وڕەوشت، لەوەی کە قورئان وفەرموودە بەڵگەن لەسەری، ھەموویان یەکسانن چ ئەوەی کە پەیوەندی ھەبێت بە لایەنەکانی عەقیدە وبیروباوەڕەوە یان عیبادەت وپەرستنەوە یان حوکمڕانی شەریعەتەوە یان حەڵاڵ وحەرامەوە یان پرۆگرامی خێزان وبواری ئافرەتانەوە یان ڕەوشت وبەھاکانەوە، پێویستە پارێزگاری لەسەر ھەموویان بکەین پارێزگاریەکی گەورە، وە تەنازول نەکەین و دەستبەردار نەبین لە ھیچ شتێکیان لەژێر ھەر بارودۆخێک بێت لە بارودۆخەکان .

وە لەپێناو بەدیھاتنی ئەوەدا پێویستە پەیماننامەیەک لای موسڵمانان ھەبێت کە تێیدا ڕێک بکەون لەسەر ئەو بنەمایانە کە جێی باوەڕیانە، بۆ ئەوەی ببێتە زەمینەیەکی لەبار بۆ مامەڵە کردنی گونجاو لەگەڵ ئوممەتان و ڕێکخراو وپەیماننامە نێودەوڵەتیەکان، بۆ ھاوکاری کردن لەسەر خاڵە ھاوبەشە بەسوودەکان، وە تێبینی ھەبوون و خۆپاراستن لە ئەو خاڵانەی کە پێچەوانەی کارە جێگیر و بەھاکانی ئیسلامە.

 * سەلەفییەت و مەشخەڵەکانی:

ئەی موسڵمان:

بەڕاستی تێگەیشتنی ڕاست ودروست بۆ ئیسلام بە شێوازە پرشنگدار وگشتگیرەکەی بریتییە لە سەلەفییەتی حەق کەوا صەحابەکانی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم وشوێنکەوتوانیان بە چاکە لەسەری بوون، وە شوێنکەوتوانیان لە چوار پێشەواکە وئەوانەی دوای ئەوان لەسەری ڕۆیشتن.

وە ئەم سەلەفییەتە لە ئیسلامدا چەند مەشخەڵێکی ھەیە:

١ ـ لە مەشخەڵەکانی: بەڕاستی سەلەفییەت ئەو ڕاستە ڕێباز وڕێگا ڕاستەیە کە فەرمانمان پێکراوە بە شوێنکەوتنی، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡوَأَنَّ هَٰذَا صِرَٰطِي مُسۡتَقِيمٗا فَٱتَّبِعُوهُۖ ﱠ([31]).

واتە: ئەمە ڕێگای ڕاستی منە و بیگرنە بەر و شوێنی بکەون .

٢ ـ ھەروەھا لە مەشخەڵەکانی: بەڕاستی قورئان و سوننەت سەرچاوەی شەریعەتدانان و زانست و زانیارییە، وە بەڕاستی سەلەفییەت رووشاندنی قودسییەت و پیرۆزی قورئان و سوننەت یان لێکدانەوەی ھەڵە و گۆڕینی واتاکانی بۆ ئەوەی کە لەگەڵ عەقڵی مرۆڤەکاندا بگونجێت ڕەتدەکاتەوە .

٣ ـ ھەروەھا لە مەشخەڵەکانی سەلەفییەتی صاڵح: ئەوەیە کە بەڕاستی سەلەفییەت وا نابینێت ھیچ کەسێک لە مرۆڤەکان پارێزراوە لە ھەڵەکردن لە پاش پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم جا ئەو کەسە گەیشتبێتە ھەر پلەیەک لە دونیانەویستی و لەخواترسان و خۆپاراستن لەو شتانەی مەترسی زیان ھەبوونیان لـێدەکرێت لە ڕۆژی قیامەتدا، چونکە پارێزراوبوون لە ھەڵەکردن تەنھا تایبەتە بە (موحەممەدەوە) .

٤ ـ ھەروەھا لە مەشخەڵەکانی سەلەفییەت: بەڕاستی سەلەفییەت وا دەبینێت کە تەوحید و یەکخواپەرستی گرنگترینی شتەکانە، ھەر بۆیە دەست پێکردن لە تەوحید و یەکخواپەرستیەوە لە پێویستترینی کارە پێویستەکانە، چونکە لەپێناو ئەمەدا خوای گەورە بوونەوەری دروست کردووە، وە لەپێناو ئەمەدا کتێبەکانی دابەزاندووە، وە لەپێناو ئەمەدا پێغەمبەرانی ناردووە، ھەر بۆیە بە لای سەلەفییەتەوە شتی پڕوپووچ وخورافیات وئەفسانە و وابەستەبوون بە مەرقەد وجنۆکە وشەیتانەکان وجادووبازەکانەوە بوونیان نییە .

٥ ـ ھەروەھا لە مەشخەڵەکانی سەلەفییەتی صاڵح: بریتییە لە پشت بەستن بە تێگەشتنی صەحابە بۆ دەقەکانی قورئان و سوننەت، ئەمەیش لەبەر قووڵی زانستیان و وەرگرتنی ڕاستەوخۆیان لە پێغەمبەری خواوە صلى الله عليه وسلم لەگەڵ سەلامەتی و پاکێتی فیترەت و پێکھاتە وناخیان و ڕاستێتی زمانیان .

٦ ـ ھەروەھا لە مەشخەڵەکانی سەلەفییەت: بریتییە لە تێگەیشتنێکی گشتگیر و ھەمەلایەن بۆ ئیسلام، وە ئیسلام پرۆگرامێکی تەواو وتێروتەسەلە لە ھەموو بوارەکانی بیروباوەڕ و پەرستن و شەرعدانان وبەھاکان و ئەخلاق و پرۆگرامە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان، چونکە لە ئیسلامدا لێکترازان نییە لە نێوان ئەم بەش و بوارانەدا، بەڵکو ھەندێکیان پەیوەستن بە ھەندێکی تریانەوە .

 * سەلەفییەت جموجوڵێکە نوێ دەبێتەوە و لەگەڵ پێشکەوتن وبابەتە نوێیەکانی سەردەمدا دەڕوات:

لەبەر ئەمە ھەر کەسێک بۆچوونی وابێت و وادەربڕێت کەوا سەلەفییەت خاوەنی دید و تێڕوانێکی روون نییە بۆ ژیان، وە خاوەنی مەنھەج وپرۆگرامێک نییە بۆ چاکسازی کۆمەڵگا، وە خاوەنی بەرنامەیەک نییە بۆ پێکھێنان و بەرقەرار کردنی دەوڵەت و کۆمەڵگایەک ئەوا ئەو کەسە لەم بۆچوونەیدا ھەڵەی کردووە .

* چەند چەمک و تێگەیشتنێک کە پێویستە ڕاست بکرێنەوە:

موسڵمانان: ھەندێک بانگەواز ھەیە لە ناو ھەندێک لە وڵاتانی ئیسلامیدا بانگەشە دەکەن بۆ ئازادی و دادوەری و یەکسانی لە ژێر دروشمی دیموکراسیەتدا!

ئێمەیش بە ئەوانە دەڵێین: بەڕاستی ئیسلام پێش ئەو بنەمایانە کەوتووە بە زیاتر لە چواردە سەدە لە زەمەن، وە لەسەر زەوی واقعیشدا پەیوەڕەوی کردوون لە ژیانی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم وجێنیشینە ژیروھۆشمەندەکانیشیدا، بەڵام تێگەیشتن وواتای ئەو چەمکانە لە ئیسلامدا بەو تێگەیشتن وواتایانە نییە کە لە پرۆگرامە دەستکردەکانی مرۆڤەکاندایە.

ئازادی لە ئیسلامدا: بریتییە لە ئازادکردنی بەندە لە بەندایەتی کردن وپەرستنی مرۆڤەکان و لە پەرستنی مەرقەد و گۆڕەکان و لە بەندایەتی ھەواوئارەزوو و شەھوەتەکان بۆ ئەوەی ببێتە عەبد و بەندەیەکی صاڵح بۆ خوای پەروەردگار .

ئیسلام دان بە ھیچ ئاینێکی تردا نانێت جگە لە ئاینی ئیسلام، وە یەکسانی ناکات لە نێوان حەق و باتڵ، وە لە نێوان چاکسازی و گەندەڵی، وە لە نێوان چاکە و خراپە، وە ئەوەی کە ناقوڵا و زۆر خراپە و دەرکەوتنی لەش و عەورەتی ئافرەتان و خۆڕازاندنەوەیان و رووتی و بەرەڵایی حەرام و قەدەغە دەکات .

وە ئیسلام بانگەواز دەکات بۆ دادوەری و خوای گەورە لە قورئاندا فەرمانی پێ کردووە، خوای گەورە فەرموویەتی ﱡإِنَّ ٱللَّهَ يَأۡمُرُ بِٱلۡعَدۡلِ وَٱلۡإِحۡسَٰنِ ﱠ([32]). واتە: بەڕاستی خوا فەرمان دەکات بە دادپەروەری و چاکەکاری .

وە چەمکی دادوەری لە ئیسلامدا واتایەکی فراوانی ھەیە، چونکە دادوەری لە مامەڵەکردنی بەندە لەگەڵ پەروەردگاریدا ھەیە، وە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ خوودی خۆیدا، وە لە مامەڵەکردنیشی لەگەڵ کۆمەڵگاکەیدا.

وە دادوەری لە ئیسلامدا بەدی نایەت ئیللا بە پەیڕەوکردنی شەرعی خوا نەبێت و بە پەیڕەوکردنی سنوورەکانی نەبێت لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا.

وە سەبارەت بە یەکسانیش: ئەوا بەڕاستی ئیسلام یەکسانی کردووە لە نێوان ھەموو مرۆڤەکاندا، خوای گەورە فەرموویەتی:

ﱡيَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِنَّا خَلَقۡنَٰكُم مِّن ذَكَرٖ وَأُنثَىٰ ﱠ([33]).  واتە: ئەی خەڵکینە بەڕاستی ئێمە ئێوەمان لە نێرینە و مێیینەیەک دروست کردووە .

وە پێغەمبەریش صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: ((النَّاسُ كُلُّهُمْ بَنُو آدَمَ، وَآدَمُ خُلِقَ مِنْ تُرَابٍ))([34]). واتە: خەڵکی ھەموویان نەوەی ئادەمن، وە ئادەمیش لە خۆڵ دروستکراوە.

ئیسلام یەکسانی کردووە لە نێوان نێرینە و مێیینەدا لە ڕێز و حورەمەتی مرۆڤایەتی بووندا، وە لە چێژبینین لە ژیانی ڕێزدارانەدا، وە لە ئەرکە شەرعییەکاندا، وە لە سزاکانی دواڕۆژیشدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئیسلام وا دەبینێت کە ھەر یەکێک لە پیاو و ئافرەت تایبەتمەندی خۆیی ھەیە لە ھەندێک لە ئەحکامەکاندا بەوەی کە لەبارە و دەگونجێت لەگەڵ پێکھاتەی دروست کردنی جەستەیی و لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونی ھەر یەکێکیان .

وە ئیسلام حەق و مافـی ئافرەتانی داوە و ئەو پلە و پێگەیەی پێداون کە شیاوە و لەبارە بۆیان، وە پاراستوونی لە ھەموو ئەو شتانەی کە خراپەی تێدایە بۆیان .

موسڵمانان: ئەمە دین و ئاینەکەتانە شانازی پێوە بکەن و سەروەری پێوە بخوازن و متمانەتان پێی ھەبێت و دەستی پێوە بگرن، وە بیشزانن کەوا خێر و خۆشی دونیا و دواڕۆژی کۆکردووتەوە بۆتان، وە ئیسلام ئەوەی تێدایە بۆتان کە بێپێویستتان بکات لە جگە لە خۆی لە پرۆگرامە دەستکردەکانی مرۆڤــ .

 * بانگەوازێک بۆ تێکڕای موسڵمانان:

موسڵمانان:

ئەی ئەوانەی کە خوای گەورە کۆی کردوونەتەوە لەسەر برایەتی ئیسلام وپەیوەندی ئیمان: لە خوودی خۆتاندا لە خوابترسن و وریابن لە پلانەکانی ئەو دوژمنانەتان کە خۆیان خلیسکاندووەتە نێواتانەوە، ئەوانەی کە دەیانەوێت برایەتیتان بڕوشێنن و پلیتەی دوژمنایەتی لە نێوان ئێوە وسەرکردەکانتاندا گڕتێبەربدەن.

بۆیە لە خوودی خۆتاندا لە خوابترسن و ڕێز و حورمەت لە خوێن و ماڵ و نامووسەکان بگرن، وە بەرژەوەندییە بەرزەکانی ئوممەت بخەنە سەرووی ھەموو پێوەرێکەوە، وە لە پێناو ئەوەدا ھەموو جیاوازییەک لە بیر وبۆچووندا تێپەڕێنن.

وە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانتان بدەن بە ژیری وحیکمەت وداناییەوە، نەک بە خوێن ڕشتن و کاولکردنی ماڵی گشتی.

* بانگەوازێک بۆ سەرکردەکانی موسڵمانان:

ئەی سەرکردەکان:

لە خوابترسن لە ئاست میللەتەکانتان، وە چارەسەری کێشە وپرسە کۆمەڵایەتیەکانیان بکەن لە ھەژاری ونەزانی وبێکاری و بێبەشبوون، وە وریابن لەوەی کە بیانتۆقێنن وئەو چەکانەی کە لەخۆتانتان گرتووە بۆ دوژمنانتان روویان بکەنە رووی میللەتەکانتان، وە وریابن لەوەی کە ھەڵسوکەوتی کوشتار کردن وبێبەش کردن وبرسی کردن بەکاربێنن لە پێناو بێدەنگ کردنیان، ئەمە کارێکی باتڵ وناڕەوایە وخوای گەورە پێی ڕازی نابێت .

 * بانگەوازێک بۆ خاوەنی کەناڵە ئاسمانییەکان:

ئەی خاوەنی کەناڵە ئاسمانییەکان:

لە خوودی خۆتاندا لە خوابترسن وبشزانن کە بەرپرسیارێتی ئێوە لە ئاست ئاینەکەتان و لە ئاست کۆمەڵگاکەتان بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە، بۆیە سووربن لەسەر ئەوەی کە کەناڵەکانتان وتەی ئوممەت یەکخات وکۆی بکاتەوە، وە وریایان بکاتەوە لە کەوتنە ناو جیاوازی و ناکۆکیەوە، وە وریابن لەوەی کە بەکاری بێنن بۆ پەرتەوازە کردنی ئوممەت و بانگەواز کردن بۆ ھەرکەس بۆخۆیی و خوێن ڕشتن و کاولکردنی ماڵی گشتی.

* بانگەوازێک بۆ کەسانی دروستکاری بڕیار لە ناو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا:

ئەی کەسانی دروستکاری بڕیار لە ناو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ودانیشتگا نەتەوەییەکان:

بە لاتانەوە شاراوە نییە کە موسڵمانان چ تایبەتمەندیەکیان ھەیە لە پەیوەستبوونیان بە ئەحکامەکانی ئاینەکەیان وبنەما جێگیرەکانی شەریعەتەکەیانەوە، بۆیە پێویستە لەسەرتان ئەمە لەبەرچاوتان بگرن لە کاتێکدا کە یاسایەک دادەھێنن ودایدەڕێژن کە پێچەوانەی شەرعی خوایە، بەوەی کە ئوممەتی ئیسلام ناچار نەکەن بە پەیوەست بوون پێیەوە، وە فشاری نەخرێتەسەر لەپێناو قەبوڵ کردنیان بۆ ئەوەی کە پێچەوانەی ئاین وبیروباوەڕەکەیانە .

وە ئەمەیش چەند سوودێکی تێدا بەدی دێت:

یەکەم: ڕێزگرتن لە ویستی میللەتانی ئیسلامی لە پەیوەست بوونیان بە ئەحکامەکانی ئاینەکەیانەوە.

دووەم: ئەوەی کە ئەم ڕێکخراوانە متمانەی موسڵمانان بە دەست بخەن بۆ خۆیان، وە تێڕوانینێکی ئیجابیان ھەبێت لە ئاستیاندا، وە ھاوکاریان لەگەڵدا بکەن لەوەی کە خزمەتی ئوممەتی ئیسلام دەکات، لەگەڵ تێبینی ھەبوون وخۆپاراستن لە ئەو خاڵانەی کە پێچەوانەی شەرعی خوایە.

 * بانگەوازێک بۆ حاجییانی ماڵی خوای حورمەت لـێنراو:

حاجییانی ماڵی خوای حورمەت لـێنراو:

شوکر و سوپاسی خوا بکەن لەسەر نیعمەتی ئەوەی کە گەیاندوونی بە ئەم وڵاتە پیرۆزە و ئێوەیش ھاتوونەتە ناوی و بینوتانە کە ئەمن و ئەمانە، بۆیە سوپاسی خوا بکەن لەسەر ئەم نیعمەتە .

وە سووربن ـ خوا بەرەکەتی بڕێژێت بەسەرتاندا ـ سووربن لەسەر ئەوەی کە ئەم دروشمە بەڕاستی ونیازپاکیەوە ئەنجام بدەن وشوێنکەوتەی کتێبەکەی پەروەردگارتان و ڕێبازی پێغەمبەرەکەتان صلى الله عليه وسلم بن .

حاجییانی ماڵی خوای حورمەت لـێنراو:

بە چاوی بەرچاوڕۆشنیەوە سەیری ئەوە بکەن کە خوا مننەتی کردووە بەسەر ئەم وڵاتەدا لە ئەم ئەمن و ئەم بەرقەراربوون و پەیوەندیەی نێوان کاربەدەستان و ھاوڵاتیان، پاشان سەیری ئەوە بکەن کە پێشکەشتان کراوە لە ئاسانکاری و ئەوەی کە ئەنجامدراوە لە فراوان کردنی ھەردوو حەرەمی مەککە و مەدینە و شوێنەکانی ئەنجامدانی کارەکانی حەج و عومرە و ئەو ھەموو خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرانەی کە پێشکەشتان کراوە، ھەموو ئەمانە بە فەزڵی خوا بووە پاشان بە گرنگی و بایەخ پێدانی سەرکردەکانی ئەم وڵاتە بووە خوای گەورە موفەقیان بکات بۆ ئەوەی کە خۆشی دەوێت و پێی ڕازیە .

حاجییانی ماڵی خوای حورمەت لـێنراو:

بزانن کەوا کەسانێک لە دوژمنانی ئوممەتی ئیسلام خۆیان خزاندووەتە نێوان ڕێزیەکانتانەوە، وە شەڕ و بەڵایان دەوێت بۆ ئەم وڵاتە و دەیانەوێت ھەستن بە کرداری ئاژاوەگێڕی و تێکدان، بۆیە ببن بە چاوێکی بەئاگا ونەخەتوو، وە ببن بە یەک دەست و بەربەستێکی تۆکمە و ڕێگر لە بەرامبەر ئەو تێکدەرانە.

موسڵمانان: بەڕاستی حەج لە ئیسلامدا دانەنراوە بۆ دەربڕینی قسەی پڕوپووچ ویەکلاکردنەوەی حیسابات وبەرز کردنەوەی دروشمەکانی نەفامی وبەدیھێنانی بەرژەوەندییە شەخسییەکان ومەبەستە سیاسییەکان وبانگەشە ڕقلێبووەکان! بەڵکو لە ئیسلامدا حەج دانراوە بۆ پەرستنی خوای گەورە وخۆنزیک کردنەوە لـێی، وە بۆ کۆکردنەوەی وتەی موسڵمانان و یەکخستنەوەی دڵەکان و یەکڕیزی ئوممەتی ئیسلام، بۆیە وریابن لە پلانی دوژمنان .

کەواتە حەج نەھاتووە بۆ ئەوەی ببێتە مینبەری سیاسی و مینبەری دەربڕینی قسەی پڕوپووچ، ھەموو ئەمانە لەو کارانەیە کە ئیسلام ڕێگری لـێدەکات، بۆیە لە خوودی خۆتاندا لە خوابترسن .

بەندەکانی خوا: شوکر وسوپاسی خوا بکەن لەسەر ئەم نیعمەتە، وە دوعا بکەن بۆ کاربەدەستانی ئەم وڵاتە بەوەی کە خوا موەفەقیان بکات وبیانخاتە سەر ڕاستی، ئەوان چەند لە چاکەیان بەخشیوە وچەند ھەوڵیان بەگڕخستووە وڕێگاوبانیان ئاسایش وئارام کردووە وھەموو خزمەتگوزاریەکانیان ئامادە کردووە لەپێناو ئاسوودەیی حاجیەکاندا.

* فەزڵی ڕۆژی عەرەفە:

حاجییانی ماڵی خوای حورمەت لـێنراو:

ئەمڕۆ ئێوە لە ڕۆژێکدان لە باشترین ڕۆژەکان کە ڕۆژی عەرەفەیە، ئەو ڕۆژە گەورەیەیە کە خوای پەروەردگار تێیدا دینی کامڵ کردووە و نیعمەتی ئیسلامی تێدا تەواو کردووە و ڕازی بووە کە ئیسلام دین و ئاینمان بێت، خوای گەورە فەرموویەت:ﱡ ٱلۡيَوۡمَ أَكۡمَلۡتُ لَكُمۡ دِينَكُمۡ وَأَتۡمَمۡتُ عَلَيۡكُمۡ نِعۡمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ ٱلۡإِسۡلَٰمَ دِينٗاۚ ﱠ([35]). واتە: ئەمڕۆ من دینەکەتانم بۆ کامڵ کرد و نیعمەتی خۆمم بە تەواوی دابەسەرتانا و بە ئیسلامیش ڕازی بووم ببێت بە دین و ئاینتان .

وە باشترین دوعا دوعای ڕۆژی عەرەفەیە ھەروەکو پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: ((خَيْرُ الدُّعَاءِ دُعَاءُ يَوْمِ عَرَفَةَ، وَخَيْرُ مَا قُلْتُ أَنَا وَالنَّبِيُّونَ مِنْ قَبْلِي : لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَحْدَهُ لاَ شَرِيكَ لَهُ، لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الْحَمْدُ، وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ)) ([36]).

واتە: باشترین دوعا دوعای ڕۆژی عەرەفەیە، وە باشترین وتیەک کە من و پێغەمبەرانی پێش من وتبێتمان بریتییە لە وتەی: (لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ، وَحْدَهُ لاَ شَرِيكَ لَهُ، لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الْحَمْدُ، وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ) .واتە: ھیچ پەرستراوێک نییە شایستەی پەرستن بێت جگە لە خوا، تەنھایە و بێ شەریکە، موڵک و ستایش تەنھا بۆ ئەوە ، وە ئەویش بەسەر ھەموو شتێکدا بە توانایە .

ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە: ((مَا رُئِيَ الشَّيْطَانُ يَوْمًا هُوَ فِيهِ أَصْغَرُ وَلاَ أَدْحَرُ وَلاَ أَحْقَرُ وَلاَ أَغْيَظُ مِنْهُ فِي يَوْمِ عَرَفَةَ)) ([37]).

واتە: "ھیچ ڕۆژێک نییە شەیتانی تێدا بینرابێت بچوکتر و لووت شکاوتر و سووک و ریسواتر و پۆخنتر و داخ لەدڵتر بێت وەک لە ڕۆژی عەرەفە" .

ھەر بۆیە ئەم ڕۆژە پیرۆزە وەک دەستکەوت بە دەست بخەن وخۆتان بدەنەبەر ڕەحمەت و میھرەبانی و بەخششی پەروەردگارتا، وە نیازتان پاک بکەنەوە بۆ خوا بە کردەوەکانتان، وە داوای چاوپۆشی و لێبوردنی لـێبکەن لەو تاوان و کەموکوڕییانەی کە ڕابووردووە، وە داوای فەزڵ وبەخششی خۆیی لـێبکەن، چونکە بەڕاستی خوا بەخشندە و دەستکراوە و لـێبووردە ولـێخۆشبوو و بە بەزەیییە، پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم فەرموویەتی : ((مَا مِنْ يَوْمٍ أَكْثَرَ مِنْ أَنْ يُعْتِقَ اللَّهُ فِيهِ عَبْدًا مِنَ النَّارِ مِنْ يَوْمِ عَرَفَةَ، وَإِنَّهُ لَيَدْنُو ثُمَّ يُبَاهِي بِهِمُ الْمَلاَئِكَةَ فَيَقُولُ: مَا أَرَادَ هَؤُلاَءِ ؟))([38]).

واتە: ھیچ ڕۆژێک نییە کە خوای گەورە تێیدا بەندە ئازادبکات لە ئاگر وەکو ڕۆژی عەرەفە، وە خوای گەورە نزیک دەبێتەوە و ئەنجا شانازی دەکات بە ئامادەبووانی عەرەفەوە بەسەر فەریشتەکانەوە ودەفەرموێت: ئەوانە چیان دەوێت؟

ئەمە ڕۆژێکە خوای گەورە تێیدا دادەبەزێت بۆ ئاسمانی دونیا وشانازی دەکات بە ئامادەبووانی عەرەفەوە بەسەر فەریشتەکانەوە و دەفەرموێت: ((انْظُرُوا إِلَى عِبَادِي أَتَوْنِي شُعْثاً غُبْراً ضَاحِينَ مِنْ كُلِّ فَجِّ عَمِيقٍ، أُشْهِدُكُمْ أَنِّي قَدْ غَفَرْتُ لَهُمُ)) ([39]). واتە: سەیری عەبدەکانم بکەن بە سەر و سیما شپرز وخۆڵ و تۆزاوی و لە پێش خۆر و بێسێبەر لە ھەموو ڕێگاوبانێکی دوورەوە ھاتوون، ئێوە دەکەم بە شایەت کەوا من لێیان خۆشبووم .

ئەمە ڕۆژێکی گەورەیە تێیدا بوەستن ـ خوا بەرەکەتی بڕێژێت بەسەرتاندا ـ تاوەکو خۆرئاوادەبێت، وە ھەموو سنووری عەرەفە شوێنی وەستانە، وە وورد ببنەوە لە سنوور و نیشانەکانی، وە لە ئەم ڕۆژەدا نیازپاک بن بۆ خوا وملکەچی خۆتان دەربِرن لەبەر دەستیدا، ئومێدەواری ڕەحمەتی بن، لە تۆڵە وسزای بترسن، خۆتان لە خوا نزیک بکەنەوە بە زیکر کردنی ولـێپاڕانەوەی و ملکەچی دەربِرن لەبەر دەستیدا، چونکە بەڕاستی خوا نزیکە و وەڵامدەرەوەیە.

 * کردەوەکانی حەج لە ڕۆژی عەرەفە و ڕۆژەکانی دوای ئەوە:

لە عەرەفەدا بوەستن تاوەکو خۆرئاوابوون، وە لە عەرەفەدا ھەردوو نوێژی نیوەڕۆ وعەسر بکەن بە کۆکردنەوە وکورت کردنەوە "جەمع وقەصر" ـ ھەروەکو چۆن إن شاء اللە ئەنجامی دەدەین، ئەنجا لە پاش خۆرئاوابوون عەرەفە بە جێبێڵن و بڕۆن بەڵام لە پێش خۆر ئاوابوون نەڕۆن . 

بڕۆن بۆ موزدەلیفە، وە ھەر کاتێک گەیشتنە ئەوێ لەوێ ھەردوو نوێژی مەغریب و عیشا بکەن بە کۆکردنەوە و کورت کردنەوە "جەمع و قەێر"، وە شەو لەوێ بخەون و بمێننەوە تاوەکو نوێژی بەیانی، وە کەسانی لاواز و کەم توانا دەتوانن لە دوای نیوەی شەو لەوێ بڕۆن، وە بۆ ئەو کەسانەی کە توانایان ھەیە باشتر وایە کە لەوێ بمێننەوە تاوەکو نوێژی بەیانی تێدا دەکەن و پاشان بڕۆن .

پاشان لە موزدەلیفەوە بگەڕێنەوە بۆ مینا و لەوێ بەرد بھاوێژنە ناو (حەوزی عەقەبە / حەوزە گەورەکە)، پاشان سەرتان بتاشن یان کورتی بکەنەوە، وە لە دوای ئەمەوە ھەموو شتێکتان بۆ حەڵاڵ دەبێت جگە لە ئافرەت، پاشان تەواف بکەن بە دەوری ماڵی خوادا و سەعی نێوان ێەفا و مەرەوە بکەن، وە لە دوای ئەمەوە ھەموو شتێکتان بۆ حەڵاڵ دەبێت کە حەرام کرابوو لەسەرتان تەنانەت ئافرەتیش.

پاشان لە ھەر سێ ڕۆژەکەدا لە پاش لادانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان بەردەکان بھاوێژنە ناو ھەر سێ حەوزەکە، لە ھەردوو ڕۆژی دووشەمە وسێشەمە([40]) بۆ کەسێک کە بیەوێت پەلە بکات، وە ڕۆژی چوارشەمەیش بۆ کەسێک کە دوابکەوێت.

پاشان ماڵ ئاوایی بکەن لە ماڵی خوا وبە سەلامەتی وئارامیەوە بگەڕێنەوە.

 * ئامۆژگاری و وەبیرھێنانەوەیەک:

بەڕاستی مردن کۆتایی ھەموو زیندوویەکە، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡكُلُّ مَنۡ عَلَيۡهَا فَانٖ ٢٦ وَيَبۡقَىٰ وَجۡهُ رَبِّكَ ذُو ٱلۡجَلَٰلِ وَٱلۡإِكۡرَامِ ﱠ([41]).    واتە: ھەموو کەسێک کۆتایی پێدێت، وە ڕوومەتی گەورە وڕێزداری پەروەدگارت دەمێنێتەوە .

ھەروەھا فەرموویەتی: ﱡكُلُّ نَفۡسٖ ذَآئِقَةُ ٱلۡمَوۡتِۗ وَإِنَّمَا تُوَفَّوۡنَ أُجُورَكُمۡ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِۖ ﱠ([42]).    

واتە: ھەموو کەسێک مردن دەچێژێت، وە بەڕاستی ئێوە لە ڕۆژی قیامەتدا پاداشتی خۆتان وەردەگرنەوە .

بە مردنی مرۆڤــ کردەوەکانی دەبڕێتەوە و ئەنجا لـێپرسینەوە و پاداشت بەدیدێت .

برای موسڵمانم: ساتەوەختی سەرەمەرگ و جیابوونەوەت لە ئەم دونیایە وەبیری خۆت بھێنەوە، خوای گەورە فەرموویەتی:

ﱡوَجَآءَتۡ سَكۡرَةُ ٱلۡمَوۡتِ بِٱلۡحَقِّۖ ذَٰلِكَ مَا كُنتَ مِنۡهُ تَحِيدُ ﱠ([43]).    

واتە: ناڕەحەتیەکانی کاتی مردن بەڕاستی ھات، ئەوە ئەوەیە کە نەتدەتوانی خۆتی لـێلابدەیت.

برام: قەبر وتاریکی قەبر وەبیری خۆت بھێنەوە، وە بەڕاستی قەبر یان باخچەیەکە لە باخچەکانی بەھەشت یان چاڵێکە لە چاڵەکانی ئاگری دۆزەخ.

برام: ڕاوەستان لەبەردەستی خوای گەورەدا لە ئەو مەوقیفە گەورە و ئەو مەترسییە زۆرەدا لە ڕۆژێکدا کە ئەندازەکەی پەنجا ھەزار ساڵە وەبیری خۆت بھێنەوە، ڕۆژێک کە تێیدا لەبەردەستی خوادا ڕادەوەستین لەشەکانمان رووتە و پێیەکانمانیش پەتیە و چاوەکانمان ئەبڵەقە.

ئەو ڕۆژە گەورەیە وەبیری خۆت بھێنەوە کە تێیدا خۆر نزیک دەبێتەوە لە سەری بەندەکان بە ئەندازەی یەک میل، ئەوانیش دەخرێنە نێو ئارەقی خۆیانەوە بە پێی کردەوەکانیان، ھی وایان ھەیە تاوەکو ھەردوو قولەپێی، وە ھی واشیان ھەیە تاوەکو ھەردوو لاکەلەکەی، وە ھی واشیان ھەیە ئارەق قووتی دەداتەوە و دەیپۆشێت([44]).  

ڕۆژی نمایش کردنی بەندەکان بۆ خوای گەورە وەبیری خۆتان بھێننەوە  خوای گەورە فەرموویەتی:ﱡيَوۡمَئِذٖ تُعۡرَضُونَ لَا تَخۡفَىٰ مِنكُمۡ خَافِيَةٞﱠ([45]).  واتە : لەو ڕۆژەدا نمایش دەکرێن و ھیچ شتێکتان لـآ شاراوە نابێت.

کێشانە کردنی کردەوەکان وەبیری خۆت بھێنەوە، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡفَمَن ثَقُلَتۡ مَوَٰزِينُهُۥ فَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡمُفۡلِحُونَ ١٠٢ وَمَنۡ خَفَّتۡ مَوَٰزِينُهُۥ فَأُوْلَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ خَسِرُوٓاْ أَنفُسَهُمۡ فِي جَهَنَّمَ خَٰلِدُونَ ﱠ([46]).

واتە: ھەرکەسێک تەرازووی چاکەکانی [یان کردەوە چاکەکانی] قورس بوو ئەوا ئەو کەسانە سەرکەوتوو و براوەن ﯷ وە ھەرکەسێکیش تەرازووی چاکەکانی [یان کردەوە چاکەکانی] سووک بوو ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیانیان دۆڕاندووە و لە دۆزەخدا بە ھەتاھەتایی دەمێننەوە.

برام: ئەو ڕۆژە وەبیری خۆت بھێنەوە کە تێیدا مۆڵەت دەدرێت بە ئیماندارن بەوەی کە بڕۆنە ناو بەھەشتەوە، وە ئەو ڕۆژەیش وەبیری خۆت بھێنەوە کە بانگکەرێک بانگ دەکات ودەڵێت: ئەی ئەھلی بەھەشت: ((إِنَّ لَكُمْ أَنْ تَصِحُّوا فَلاَ تَسْقَمُوا أَبَدًا، وَإِنَّ لَكُمْ أَنْ تَحْيَوْا فَلاَ تَمُوتُوا أَبَدًا، وَإِنَّ لَكُمْ أَنْ تَشِبُّوا فَلاَ تَهْرَمُوا أَبَدًا، وَإِنَّ لَكُمْ أَنْ تَنْعَمُوا فَلاَ تَبْتَئِسُوا أَبَدًا))([47]).

واتە: ئەی ئەھلی بەھەشت: ئێوە ئەوەتان بۆ ھەیە کە ھەمیشە لەش ساغ بن و ھەرگیز نەخۆش نەکەون، وە ئەوەشتان بۆ ھەیە کە ھەمیشە بژین وھەرگیز نەمرن، وە ئەوەشتان بۆ ھەیە کە ھەمیشە لە خۆشیدابن وھەرگیز ناڕەحەت بوون و غەمباری نەبینن .

وە ئەو ڕۆژە وەبیری خۆت بھێنەوە کە بانگکەرێک بانگ دەکات و دەڵێت: ئەی ئەھلی بەھەشت: ((إِنَّ لَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ مَوْعِدًا يُرِيدُ أَنْ يُنْجِزَكُمُوهُ ، قَالُوا: وَمَا هُوَ ؟ أَلَمْ يُبَيِّضْ وُجُوهَنَا، وَيُنَجِّنَا مِنَ النَّارِ، وَيُدْخِلْنَا الْجَنَّةَ، وَيُنْجِّنَا مِنَ النَّارِ؟ قَالُوا: بَلَى، فَيُكْشَفُ الْحِجَابُ، فَيَنْظُرُونَ إِلَى وَجْهِ اللَّهِ، فَمَا أُعْطُوا نَعِيْمًا مِثْلَ هَذَا النَّعِيم)) ([48]).

واتە: ئەی ئەھلی بەھەشت: بەڕاستی ئێوە وەعد و بەڵێنێکتان ھەیە لای خوا دەیەوێت کە بۆتانی بەجێبێنێت، ئەوانیش دەڵێن: ئەو وەعد و بەڵێنە کامەیە؟ ئەوە نییە خوای گەورە روومەتمانی سپی کردووەتەوە، وە خستوومانێتە ناو بەھەشتەوە و لە ئاگری دۆزەخیش ڕزگاری کردووین؟ دەڵێن: بەڵێ، لەو ساتەوەختەدا پەردە لادەبرێت و ئەوانیش سەیری ڕوومەتی خوا دەکەن، بەڕاستی ھیچ خۆشیەکیان پێنەدراوە وەکو ئەم خۆشییە .

وە ئەو ڕۆژە وەبیری خۆت بھێنەوە کە بانگکەرێک بانگ دەکات و دەڵێت: ئەی ئەھلی بەھەشت: ((يَا أَهْلَ الْجَنَّةِ خُلُودٌ فَلاَ مَوْتَ، وَيَا أَهْلَ النَّارِ خُلُودٌ فَلاَ مَوْتَ)) ([49]).

واتە: ئەی ئەھلی بەھەشت: ئەوە ئیتر ژیانی ھەتاھەتایییە و مردن نەما، وە ئەی ئەھلی ئاگر: ئەوە ئیتر ژیانی ھەتاھەتایییە و مردن نەما.

بگەڕێنەوە بۆ لای خوا و تەوبە بکەن لە وتە و کردەوە خراپەکانتان تەوبەیەکی پاک ویەکجار لە ھەموو تاوانەکان، خوای گەورە فەرموویەتی: ﱡيَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ تُوبُوٓاْ إِلَى ٱللَّهِ تَوۡبَةٗ نَّصُوحًا ﱠ([50]). واتە: ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان ھێناوە تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خوا تەوبەیەکی پاک و یەکجار لە ھەموو تاوانەکان .

وە پارێزگاری بکەن لەسەر فەرزەکانی ئیسلام لە نوێژ و زەکات و ڕۆژوو وحەج وڕەوشتە پیرۆزەکان، وە خۆتان بە دوور بگرن لەوەی کە خوا حەرامی کردووە لەسەرتان.

 * دوعا و پاڕانەوە:

خوایە ئیسلام وموسڵمانان سەربەز وباڵادەست بکە، وە شیرک وموشریکینیش زەلیل و ڕیسوا بکە، وە دوژمنانی دین تێک و پێک بدە، وە عەبدە یەکخواپەرستەکانت سەربخە، خوایە ئەم وڵاتە وتێکڕای وڵاتانی موسڵمانان ئەمن وئاسایش بەرقەرار وئارام وئاسوودە بکە ئەی پەروەردکاری ھەموو جیھانیان.

خوایە لە ئیماندارانی پیاو وئافرەت و لە موسڵمانانی پیاو وئافرەت خۆشببە، وە دڵەکانیان یەکبخە، وە نێوانیان چاک بکە، وە سەریان بخە بەسەر دوژمنی خۆت و دوژمنی ئەوانیش.

خوایە سەرکردەکانی موسڵمانان چاک وئیصڵاح بکە، وە نێوان ئەوان وھاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتیان کۆبکەرەوە لەسەر باشترین حاڵ، وە لە فیتنە وئاشووب بە دووریان بگرە ئەوەی دیارە و ئەوەشی کە شاراوە و نادیارە.

* کۆتایی:

داوا لە خوا دەکەم کە من و ئێوەیش موەفەق بکات بۆ ئەوەی کە خۆشی دەوێت و پێی ڕازییە.

ﱡرَبَّنَآ ءَاتِنَا فِي ٱلدُّنۡيَا حَسَنَةٗ وَفِي ٱلۡأٓخِرَةِ حَسَنَةٗ وَقِنَا عَذَابَ ٱلنَّارِ ﱠ([51]).      

ئەی پەروەردگارمان لە دونیادا چاکەمان بدەرێ ولە دواڕۆژیشدا چاکەمان بدەرێ و بشمانپارێزە لە سزای ئاگر.

وصلی الله وسلم علی نبینا محمد وعلی آله وصحبه وسلم

لەبڵاوکراوەکانی/ ماڵپەڕی بەھەشت



([1])  سوره‌تی آل عمران: 102.

([2])  سوره‌تی الذاريات: 56.

([3])  سوره‌تی الانعام: 162و163.

([4])  سوره‌تی ص: 29

([5])  سوره‌تی الانعام: 38 .

([6])  سوره‌تی النحل: 89 .

([7])  سوره‌تی الشورى: 11 .

([8])  سوره‌تی التحریم: 6 .

([9])  سوره‌تی الأنبياء: 20 .

([10])  سوره‌تی المائدة: 48 .

([11])  سوره‌تی البقرة: 285

([12])  سوره‌تی الزلزلة: 7و8

([13])  سوره‌تی الشمس: 9و10

([14])  سوره‌تی الشعراء: 90و91

([15])  سوره‌تی النساء: 39

([16])  سوره‌تی التحريم: 6

([17])  سوره‌تی الحجرات: 10

([18])  رواه مسلم في صحيحه : (4 / 1999) ح : (2585) .

(2) رواه البخاري في صحيحه : (1 / 1126) ح : (2441) ومسلم في صحيحه (4 / 1996) ح : (2580) .

([19])  سوره‌تی البقرة: 275

([20])  سوره‌تی الأعراف: 33

([21])  سوره‌تی البقرة: 179

([22])  سوره‌تی ص: 26

([23])  سوره‌تی ال عمران: 103

([24])  سوره‌تی الأنفال: 46

([25])  سوره‌تی القصص: 77

([26])  سوره‌تی المائدة: 8

([27])  سوره‌تی التوبة: 71

([28])  سوره‌تی العصر: 3

([29])  سوره‌تی الحجرات: 10

([30])  سوره‌تی الحجرات: 13

([31])  سوره‌تی الأنعام: 153

([32])  سوره‌تی النحل: 90

([33])  سوره‌تی الحجرات: 13

([34])  صحيح سنن الترمذي ح : (3955) وصحيح الـجامع الصغير ح : (4568) .

([35])  سوره‌تی المائدة: 3

([36])  رواه الترمذي في سننه : (5 / 464 ) ح : (3585) .

([37])  رواه مالك في "الـموطأ" : (3 / 621) ، والبيهقي في "شعب الإيـمان" : (3 / 461) ح : (4069) .

([38])  رواه مسلم في صحيحه : (2 / 982) ح : (1348) .

([39])  رواه ابن خزيـمة في صحيحه : (4 / 263) ح : (284) .

قوله : "شُعْثاً" : أي : غير مرجلين لشعورهم ، "غُبْرَاً" : أي : أصابـهم الغُبار من جهد السفر وأداء المناسك ، "ضَاحِينَ" : أي : بارزين للشمس لا يظلهم شيء ، "مِنْ كُلِّ فَجِّ عَمِيقٍ" أي : من كل طريق بعيد .

([40])  ئەمە لە ساڵی (١٤٣٢) کۆچیدا، چونکە لەم ساڵەدا ڕۆژی یانزەیەمی مانگی حاجییان ڕۆژی دووشەمە بوو، وە ڕۆژی دوانزەیەم سێشەمە بوو، وە ڕۆژی سیانزەیەم چوارشەمە بوو.

([41])  سوره‌تی الرحمن: 26و27

([42])  سوره‌تی ال عمران: 185

([43])  سوره‌تی ق: 19

([44])  ورد معنـى ذلك في الـحديث الذي رواه ابن حبان في صحيحه : (16 / 325) ح : (7330) .

([45])  سوره‌تی الحاقة: 18

([46])  سوره‌تی المؤمنون: 102و103

([47])  رواه مسلم في صحيحه : (4 / 2182) ح : (2837) .

([48])  ورد معنـى ذلك في الـحديث الذي رواه الترمذي في سننه (4 / 268) ح : (2552) ، وابن ماجه في سننه (1 / 67) ح : (187) .

([49])  رواه البخاري في صحيحه : (4 / 1760) ح : (4453) ومسلم في صحيحه : (4 / 2188) ح : (2849) .

([50])  سوره‌تی التحريم: 8

([51])  سوره‌تی البقرة: 201