فه‌ضلی نوێژی مردوو

وه‌سف كردن

ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه‌ به‌شی دوه‌مه‌ له‌ ئه‌حكامه‌كانی نوێژی مردوو، تێیدا باسی فه‌ضلی نوێژ كردن له‌ سه‌ر مردوو، وه فه‌ضڵی به‌شداری كردن له‌ ئاماده‌ كردنی جه‌نازه‌و به‌ڕێ خستنی و به‌ خاك سپاردنی كراوه‌.‌

وه‌صفی فراوان

 

فه‌ضلی نوێژی مردوو

 

 

زۆر فه‌رمووده ‌هاتوون ده‌رباره‌ی هاندانی مسوڵمانان بۆ ئاماده‌بوون له‌جه‌نازه‌ی مسوڵمانان دا و به‌شداری كردن له شوشتن و كه‌فن كردن و نوێژ له‌سه‌ر كردن و به‌خاك سپادنیان، وه‌له‌و فه‌رموودانه‌دا مژده‌ی ئه‌جرو پاداشتی زۆری تێدایه‌بۆ ئه‌و مسوڵمانه‌ی به‌شداری له‌و خێره‌دا ده‌كات و به‌و ئه‌ركانه‌ هه‌ڵده‌ستێت .وه‌ئه‌و فه‌رموودانه‌ی له‌فه‌ضلی نوێژی مردوودا هاتوون ده‌كرێن به‌دوو به‌شه‌وه‌: به‌شیكیان مژده‌ی ئه‌جرو پاداشتیان تێدایه‌بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی نوێژ له‌سه‌ر مردوو ده‌كات و به‌شداری له‌به‌ڕێ خستن و به‌خاك سپاردنی جه‌نازه‌ده‌كات ، وه‌به‌شه‌كه‌ی تریان مژده‌ی لێ خوش بوونیان تێدایه ‌بۆ ئه‌و مردوه‌ی‌نوێژی له‌سه‌ر ده‌كرێت‌.

 

یه‌كه‌م: فه‌ضڵی نوێژ كردن له‌سه‌ر مردوو:

1- عن أبي هُرَيْرَةَ رضي الله عنه قال: قال رسول اللَّهِ-صلى الله عليه وسلم-:(( من شَهِدَ الْجَنَازَةَ حتى يُصَلَّى عليها فَلَهُ قِيرَاطٌ وَمَنْ شَهِدَهَا حتى تُدْفَنَ فَلَهُ قِيرَاطَانِ))، قِيلَ وما الْقِيرَاطَانِ؟ قال:((مِثْلُ الْجَبَلَيْنِ الْعَظِيمَيْنِ ))(1).

واتا : ئه‌بو هوره‌یڕه‌-خوای گه‌وره ‌لێی ڕازی بێت- گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌پێغه‌مبه‌ره‌وه‌-صلى الله عليه وسلم- فه‌رموویه‌تی: هه‌ر كه‌سێك ئاماده‌ی جه‌نازه‌ی مردوویه‌ك بێت تا نوێژی له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌وه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی (قیراط)یك پاداشتی بۆ ده‌نوسرێت، وه‌هه‌ركه‌سێك ئاماده‌ی جه‌نازه‌ی مردوویه‌ك بێت تا به‌خاك ده‌سپێردرێت ئه‌وه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی دوو (قیراط) پاداشتی بۆ ده‌نوسرێت، پرسیار كرا: دوو قیرات چه‌نده‌؟ پێغه‌مبه‌ر -صلى الله عليه وسلم- فه‌رمووی: به‌ئه‌ندازه‌ی دوو كێوی گه‌وره‌ن .

2 - عن أبي هُرَيْرَةَ -رضي الله عنه - عن النبي - صلى الله عليه وسلم- قال: (( من صلى على جَنَازَةٍ ولم يَتْبَعْهَا فَلَهُ قِيرَاطٌ فَإِنْ تَبِعَهَا فَلَهُ قِيرَاطَانِ قِيلَ وما الْقِيرَاطَانِ قال أَصْغَرُهُمَا مِثْلُ أُحُدٍ )) (2) .

واتا: ئه‌بو هوره‌یڕه‌-خوای گه‌وره ‌لێی ڕازی بێت- گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌پێغه‌مبه‌ره‌وه‌-صلى الله عليه وسلم- فه‌رموویه‌تی: هه‌ر كه‌سێك نوێژ له‌سه‌ر جه‌نازه‌ی مردوویه‌ك بكات و له‌گه‌ڵیا نه‌ڕوات بۆ گۆڕستان ئه‌وه‌به‌ئه‌ندازه‌ی (قیراط)یك پاداشتی ده‌ست ده‌كه‌وێت، وه‌هه‌ركه‌سێك نوێژ له‌سه‌ر جه‌نازه‌ی مردوویه‌ك بكات و له‌گه‌ڵیا بڕ‌وات بۆ گۆڕستان ئه‌وه ‌به‌ئه‌ندازه‌ی دوو (قیراط) پاداشتی ده‌ست ده‌كه‌وێت، پرسیار كرا: دوو قیرات چه‌نده‌؟ پێغه‌مبه‌ر -صلى الله عليه وسلم- فه‌رمووی: بچووكه‌كه‌یان به‌قه‌ده‌ر كێوی ئوحده‌.

3- عن نافع قال: حُدّث ابن عمر أن أبا هريرة - رضي الله عنهم- يقول : (( من تبع جنازة فله قيراط )) ، فقال: (( أكثر أبو هريرة علينا )) فصدقت -يعني عائشة- أبا هريرة - رضي الله عنهما- وقالت: (( سمعت رسول الله صلى الله عليه وسلم يقوله))، فقال ابن عمر - رضي الله عنهما- :(( لقد فرطنا في قراريط كثيرة ))(3).

واتا: نافيع گوتي: كاتێ ئه‌و فه‌رمووده‌ی ئه‌بوهوڕه‌یڕه‌یان - له‌فه‌ضلی نوێژی مردوو- بۆ عبد الله ی كوڕی عومه‌ر گێڕایه‌وه‌، گوتی: ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌زۆری زیاد كردوه‌، ئنجا - ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ له ‌دایكی مسوڵمانان عائیشه-خوای گه‌وره ‌لێی ڕازی بێت- یان پرسی، ئه‌ویش ته‌صدیقی ئه‌بو هوڕه‌یڕه‌ی كردو،گوتی گوێم له‌ پێغه‌مبه‌ر-صلى الله عليه وسلم- ‌وای فه‌رموه‌، ئنجا عبد الله ی كوڕی عومه‌ر گوتی: قیڕاتی زۆرمان له‌پاداشت له‌كیس خۆمان داوه‌.

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له‌و فه‌رموودانه‌دا هاندانێكی زۆری تێدایه‌ بۆ نوێژ كردن له‌سه‌ر جه‌نازه‌و به‌شداری كردن له‌ئاماده‌كردنیدا تا ‌به‌خاك ده‌سپێردرێت.

وه‌فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر‌-صلى الله عليه وسلم- : ((... وَمَنْ شَهِدَهَا حتى تُدْفَنَ فَلَهُ قِيرَاطَانِ))، ئه‌وه ‌ده‌گه‌يه‌نێت كه‌وا به‌نوێژ كردنه‌كه قیڕاتێك پاداشت ده‌ست ده‌كه‌وێت و به‌دوا كه‌وتنی جه‌نازه‌كه‌ش تا به‌خاك ده‌سپێردرێت قیڕاته‌كه‌ی تر ده‌ست ده‌كه‌وێت (4) ، وه‌ك له‌ڕیوایه‌تێكی بوخاریدا به‌ڕوونی هاتوه كه‌پێغه‌مبه‌ر -صلى الله عليه وسلم- فه‌رموویه‌تی‌: (( من شهد جنازة وكان معها حتّى يصلّي عليها ويفرغ من دفنها رجع من الأجر بقيراطين )) (5)، وه‌كۆی ڕیوایه‌ته‌كان به‌ڕوونی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نن كه‌پاداشتی ته‌واو به‌نوێژ كردن و ئاماده‌بوون تا كۆتایی به‌خاك سپاردن وه‌ده‌ست ده‌كه‌وێت (6).

وه‌قیڕاتیش ئه‌ندازه‌یه‌كی گه‌وره‌یه ‌له ‌پاداشت، له لاي خواي گه‌وره‌ دیاری كراوه‌، به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر گه‌وره‌یی ئه‌و پاداشته‌ ئه‌وه‌یه ‌كه پێغه‌مبه‌ر -صلى الله عليه وسلم- ‌به‌كێوێكی گه‌وره‌ی چواندوه‌، واتا به‌ ئه‌ندازه‌ی كێوێك سه‌نگی هه‌یه‌(7).

حافزی ئیبن و حه‌جه‌ر -ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- فه‌رموویه‌تی: لێره‌دا مه‌به‌ست له‌فه‌ضڵی نوێژ كردن له‌ سه‌ر مردوو و ئاماده‌كردني و به‌خاك سپاردني دياری كردنی ئه‌جرو پاداشت و هاندانی مسوڵمانانه‌بۆی نه‌ك دياری كردنی حوكم، وه‌لێره‌دا فه‌ضل له‌به‌رامبه‌ر واجیبدا نه‌هاتوه‌‌، چونكه ‌نوێژ كردن له‌سه‌ر مردو و كفن كردن و به‌خاك سپاردنی له‌واجیباته ‌نه‌ك له‌فه‌ضائیل (8) .

 

 دووه‌م: ئه‌و پاداشته‌ی به‌ مردوو ده‌گات به ‌هۆی نوێژ كردن له‌سه‌ری:

له‌چه‌ندان فه‌رمووده‌ی ڕاستدا هاتوه ‌كه‌نوێژ كردن له‌سه‌ر مردوو وه‌ك شه‌فاعه‌ت بۆ كردنی وایه‌، وه‌تا ژماره‌ی نوێژ كه‌ران زیاتر بێت باشتره‌ بۆ مردوه‌كه‌، وه‌له‌و فه‌رمودانه‌ی له‌و باره‌یه‌وه ‌هاتوون:

1 - عن ابن عباس رضي الله عنه قال : سمعت رسول الله - صلى الله عليه وسلم- يقول:(( ما من رجل مسلم يموت فيقوم على جنازته أربعون رجلاً، لا يشركون بالله شيئاً إلاّ شفّعهم الله فيه )) (9).

واتا: ئيبن و عه‌باس خوای گه‌وره ‌لێی ڕازی بێت- گێڕاویه‌ته‌وه‌: گوێم له‌پێغه‌مبه‌ر -صلى الله عليه وسلم- بوو فه‌رمووی‌: هه‌ر مردوویه‌كی مسوڵمان چل كه‌سی یه‌كتا په‌رست- كه‌هیچ هاوبه‌شێك بۆ خوا دانانێن- نوێژ له‌سه‌ر جه‌نازه‌كه‌ی بكه‌ن خوای گه‌وره‌ ده‌یانكاته ‌تكا كار بۆ مردوه‌كه‌و تكایان لێ وه‌رده‌گرێت .

2- عن عائشة رضي الله عنها عن النبي -صلى الله عليه وسلم- قال: (( ما من ميّت تصلّي عليه أمّة من المسلمين يبلغون مئة كلّهم يشفعون له، إلاّ شفعوا فيه )) (10).

واتا: دایكی مسوڵمانان عائیشه‌‌ خوای گه‌وره ‌لێی ڕازی بێت- له‌پێغه‌مبه‌ره‌وه ‌صلى الله عليه وسلم- گێڕاویه‌ته‌وه ‌كه ‌فه‌رموویه‌تی: هه‌ر مردویه‌ك كۆمه‌ڵێك له‌ مسوڵمانان نوێژی له‌سه‌ر بكه‌ن ژماره‌یان بگاته‌ سه‌د كه‌س هه‌موویان تكای بۆ بكه‌ن خوا تكاكه‌یان لێ وه‌رده‌گرێت .

3- عن مالك بن هبيرة قال: قال رسول الله -صلى الله عليه وسلم-:(( ما من مسلم يموت فيصلّي عليه ثلاثة صفوف من المسلمين إلاّ أوجب )) (11). واتا:مالیكی كوڕی هوبه‌یڕه ‌خوای گه‌وره ‌لێی ڕازی بێت- له‌‌پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ صلى الله عليه وسلم- گێڕاویه‌ته‌وه‌ كه ‌فه‌رموویه‌تی: هه‌ر مسوڵمانێك بمرێت و سێ ڕیز له‌ مسوڵمانان نوێژی له‌سه‌ر بكه‌ن به‌هه‌شتی بۆ واجیب ده‌بێت.

ئیمامی نه‌وه‌وی-ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- ده‌رباره‌ی ژماره‌و ڕیزی ئه‌و نوێژ كه‌رانه‌ی كه‌تكایان وه‌رده‌گیرێت بو مردوو- گوتویه‌تی: هه‌ندێ له‌زانایان ده‌رباره‌ی ئهو‌فه‌رموودانه ‌گوتویانه‌‌:

ئه‌و فه‌رموودانه ‌وه‌ڵامی پێغه‌مبه‌ر ‌صلى الله عليه وسلم- بوون بۆ چه‌ند كه‌سێكی جودا كه‌پرسیاریان لێ كردوه‌، وه‌ده‌گونجێ پێغه‌مبه‌ر‌ صلى الله عليه وسلم- له‌لایه‌ن په‌ره‌ردگاره‌وه ‌ئاگادار كرابێته‌وه ‌به‌قبوڵ بوونی شه‌فاعه‌تی سه‌د كه‌س ئه‌ویش به ‌مسوڵمانانی ڕاگه‌یاندبێ، ئینجا ئاگادار كرابێته‌وه‌به‌قبوڵ بوونی شه‌فاعه‌تی چل كه‌س ئه‌ویش به‌مسوڵمانانی ڕاگه‌یاندبێ، ئینجا ئاگادار كرابێته‌وه ‌به‌قبوڵ بوونی شه‌فاعه‌تی سێ ڕیز له‌نوێژ كه‌ران - هه‌ر چه‌ند ژماره‌شیان كه‌م بێت- ئه‌ویش به‌مسوڵمانانی ڕاگه‌یاندبێ (12).

وه‌ده‌گونجێ بگوترێت: هه‌واڵ دان به‌قبوڵ بوونی شه‌فاعه‌تی سه‌د كه‌س ئه‌وه ‌ناگه‌یه‌نێت كه‌شه‌فاعه‌تی كه‌متر له‌سه‌د وه‌رناگیرێت،وه‌هه‌واڵ دان به‌قبوڵ بوونی شه‌فاعه‌تی چل كه‌س ئه‌وه ‌ناگه‌یه‌نێت كه‌شه‌فاعه‌تی سێ ڕیز وه‌رناگیرێت- كه‌ ژماره‌یان له‌چل كه‌س كه‌متر بێت-، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه ‌مه‌فهومی ژماره(مفهوم العدد)‌ه،و جه‌ماوه‌ری زانایانی ئوسوڵیش مه‌فهومی ژماره‌ به ‌به‌ڵگه ‌وه‌رناگرن‌.

به‌و پێ یه ‌هه‌موو فه‌رمووده‌كان كاریان پێ ده‌كرێت و شه‌فاعه‌ت به‌حه‌دی ئه‌دنا حاسڵ ده‌بێت له‌و سێ شتانه‌ی باسكران (سه‌د كه‌س، یان چل كه‌س، یان سێ ڕیز) (13).

 

له‌خوای گه‌وره ‌داواكارم ته‌وفیقمان بدات بۆ هه‌موو كارێكی خه‌یرو به‌ئیمانه‌وه‌بمانمرێنێ و بمانخاته‌ به‌ر شه‌فاعه‌تی پیاو چاكان، ئامین.

وه‌تا ئاڵقه‌ی داهاتو به‌خوای گه‌وره‌تان ده‌سپێرم.
 

كۆتایی

 7ی جومادی دوه‌می ساڵی 142٩ كۆچی 

وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين

 

 

 

سه‌رچاوه‌كان:

(١) ئيمامي بوخاري له‌صحیحی خۆیدا گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌(كتاب)ی: (الجنائز) له‌(باب): (من انتظر حتى تدفن...)، به‌ژماره‌ی: (1994)، وه ئيمامي موسليم له‌صحیحی خۆیدا گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌(كتاب)ی: (الجنائز)، له‌(باب)ی: (فضل الصلاة على الجنازة)، به‌ژماره‌ی:(2186) .

 (2) ئيمامي موسليم له‌صحیحی خۆیدا گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌(كتاب)ی: (الجنائز)، له‌(باب)ی: (فضل الصلاة على الجنازة)، به‌ژماره‌ی:(2189) .

 (3) ئيمامي بوخاري له‌صحیحی خۆیدا گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌(كتاب)ی: (الجنائز) ، له‌(باب): (فضل اتباع الجنائز) به‌ژماره‌ی: (1273) .

 (4)بڕوانه‌: شرح صحيح مسلم (7/16). (5) ئيمامي بوخاري له‌صحیحی خۆیدا گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌(كتاب)ی: (الإيمان) ، له‌(باب): (إتباع الجنائز ) به‌ژماره‌ی: (47).

 (6)بڕوانه‌: شرح صحيح مسلم (7/16).

(7)بڕوانه : فتح الباري (3/253).

(8)بڕوانه هه‌مان سه‌رچاوه‌(3/252).

 (9) ئيمامي موسليم له‌صحیحی خۆیدا گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌(كتاب)ی: (الجنائز)، له‌(باب)ی: (من صلى عليه مائة)، به‌ژماره‌ی:(2196) .

 (10) ئيمامي موسليم له‌صحیحی خۆیدا گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌(كتاب)ی: (الجنائز)، له‌(باب)ی: (من صلى عليه مائة)، به‌ژماره‌ی:(2195) .

 (11) ئيمامي أبو داود له‌سونه‌نی خۆیدا گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌(كتاب)ی:(الجنائز) ، له‌(باب)ی:(الصفوف على الجنازة)،به‌ژماره‌ی:(2769)، وه‌ئيمامي تيرموزی له‌سونه‌نی خۆیدا گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌(كتاب)ی: (الجنائز)، له‌(باب)ی: (ما جاء في الصلاة على الجنازة)،به‌ژماره‌ی:(985). وئيمامي ابن ماجة له‌سونه‌نی خۆیدا گێڕاویه‌ته‌وه‌، له‌(كتاب)ی:(الجنائز) ، له‌(باب)ی: (ما جاء فيمن صلّى عليه جماعة)، به‌ژماره‌ی: (1485) ، بلفظ: (( ما صف صفوف ثلاثة من المسلمين على ميت إلا أوجب)).

 (12) بڕوانه‌: شرح صحيح مسلم (7/20-21).

 (13) بڕوانه‌: هه‌مان سه‌رچاوه‌(7/21).

 

 

ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان