ئایا هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف ( قورئان ) دروستـــه‌ له ‌نوێـــــژدا بۆ ئــــــه‌وه‌ی بخـــــوێنرێت؟

وه‌سف كردن

ئایا هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف ( قورئان )دروستـــه‌ له ‌نوێـــــژدا بۆ ئــــــه‌وه‌ی بخـــــوێنرێت؟:وه‌ڵامی ئه‌م بابه‌ته‌ چه‌ند به‌شێك له‌خۆ ده‌گرێت، وه‌له‌م وتاره‌ چه‌ند فه‌توایه‌كی تێدایه‌ ده‌رباره‌ی حوكمی هه‌ڵگرتنی موصحه‌ف له‌ كاتی نوێژدا بۆ خوێندنه‌وه‌...

وه‌صفی فراوان

 

ئایا هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف ( قورئان )

دروستـــه‌ له ‌نوێـــــژدا بۆ ئــــــه‌وه‌ی بخـــــوێنرێت؟

 

 

وه‌ڵامی ئه‌م بابه‌ته‌چه‌ند به‌شێك له‌خۆ ده‌گرێت:

یه‌كه‌م : هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف بۆ ئیمام و پێش نوێژ ئه‌گه‌ر هاتوو بۆ نوێژی فه‌رز بوو، حه‌نه‌فیه‌كان ڕایان وایه‌هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف له‌نوێژدا ئه‌و نوێژه‌ی پێ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌،‌جا چی ئه‌و نوێژه‌نوێژی فه‌رز بێت یان سوونه‌ت ( نافلة ) بێت هه‌روه‌ك له‌كتێبی ( شرح فتح القدیر ) به‌رگی ١/ لاپه‌ڕه‌١٠٩دا هاتووه‌، به‌ڵام جمهـــوری زانایان ڕایـــان وایه‌ئه‌وه‌كارێكی ( مه‌كروهه‌) ونوێژی پێ به‌تاڵ نابێته‌وه‌هـه‌روه‌ك له‌كتێبی ( حاشیة الدسوقی ) به‌رگی ١/لاپه‌ڕه‌٣١٦، و له‌كتێبی ( الإنصاف ) به‌رگی ٢/ لاپه‌ڕه‌١٠٩دا هاتووه‌، به‌ڵگه‌ی جمهوری زانایانیش به‌ڵگه‌ی ( صحة و دروستی ) نوێژه‌كه‌به‌وه‌‌ده‌هێننه‌وه‌كه‌ ابو بكر الاثرم وابن أبي داود له‌عائشه‌ی دایكی موسڵمانانه‌وه‌       ( خوای لێ ڕازی بێت ) گێڕاویانه‌ته‌وه‌، كه‌یه‌كێك له‌به‌نده‌كانی به‌ناوی ( ذكوان ) پێش نوێژی بۆ كردوه‌وقورئانی له‌به‌ر مه‌صحه‌فێك بۆ خوێندووه‌، وه‌مه‌كروهیه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌كه‌نوێژ خوێن مه‌شغوڵ ده‌كات به‌سه‌یركردن وهه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ پێویست ناكات به‌و كاره‌، چونكه‌هه‌ركه‌سێك كه‌بتوانێت پێش نوێژی بكات ده‌توانێت یه‌كێك له‌سووره‌ته‌كورته‌كان بخوێنێت .

دووه‌م : به‌ڵام له‌نوێژی سوننه‌ت ( نافلة ) دا، دیسان حه‌نه‌فیه‌كان هه‌مان ڕایان هه‌یه‌بۆ نوێژی سوونه‌تیش، وپێیان وایه‌نوێژی سوونه‌تیشی پێ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام مالكیه‌كان له‌م مه‌سئه‌له‌یدا پێیان وایه‌( مه‌كروهه‌) هه‌روه‌ك له‌كتێبی ( جواهر الاكلیل) به‌رگی ١/ لاپه‌ڕه‌٧٤ دا هاتوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا شافعیه‌كان له‌گه‌ڵ حه‌نبه‌لیه‌كان پێان دروسته‌وهیچ مه‌كروهیه‌كی تیادا نابینن، هه‌روه‌ك له‌كتێبی ( نهایة المحتاج ) له‌به‌رگی ١/ لاپه‌ڕه‌٤٧٦، و لـــه‌كتێبی ( الإنصاف ) به‌رگی٢/لاپه‌ڕه‌١٠٩ دا هاتووه‌.

خۆشه‌ویستان له‌م سه‌ره‌ده‌م وچه‌رخی نوێشدا ئه‌م پرسیاره ئاراسته‌ی شێخ عبد العزیز بن باز ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) كرا ، ئایا دروسته‌نوێژ خوێن له‌نوێژدا مه‌صحه‌ف هه‌ڵبگرێت وسه‌یری بكات و بیخوێنێته‌وه‌؟

یه‌كه‌م : هه‌ڵگرتن وخوێندنه‌وه‌ی مه‌صحه‌ف له‌نوێژدا بۆ ئیمام :

 له‌ڕاستیدا ئه‌م بابه‌ته‌جێگای مشتومڕ وڕای جیاوازی نێوان زانایانه‌، به‌ڵام ڕای دروستر وپه‌سه‌ندتر ئه‌وه‌یه‌كه‌ئیمام و پێش نوێژ ده‌توانێت مه‌صحه‌ف هه‌ڵبگرێت وله‌نوێژدا بۆ مه‌ئمومه‌كانی بخوێنێت ئه‌گه‌ر هاتوو قورئانی له‌به‌ر نه‌بوو، یان له‌به‌ركردنه‌كه‌ی له‌به‌ركردنێكی لاواز وبه‌هێز نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خوێندنی له‌و مه‌صحه‌فه‌دا به‌سوودتر بوو بۆ نوێژخوێنه‌كانی تر، له‌م بـاره‌یه‌شه‌وه‌ئیمامی بوخاری لــه‌صه‌حیحه‌كه‌یدا له ( كتاب الأذان باب إمامة العبد والمولی ) ‌ئاماژه‌ی به‌و ڕیوایه‌ته‌كردوه‌كه‌ عائشه‌ی دایــكی ئیمـــانداران ( ذ‌كوانی ) به‌نده‌ی له‌شه‌و نوێژدا له‌به‌ر مه‌صحه‌ف قورئانی بۆ خوێندوه‌، ئه‌وه‌ده‌سه‌لمێنێت كه‌ئه‌م كاره‌دروسته‌وهیچی تێدا نیه‌، به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر ئیمام قورئانی له‌به‌ر بێت وپێویست نه‌كات به‌هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف ئه‌وه‌باشتره‌، چونكه‌خشوع بۆ ئیمام زیاتر دروست ده‌كات دور ده‌كه‌وێته‌له‌جموجوڵی زۆر كه‌له ‌نوێژدا فه‌رمانی پێكراوه‌نه‌كرێت، چونكه‌هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف نوێژخوێن مه‌شغوڵ ده‌كات وخه‌ركی ده‌كات به‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی قورئانه‌كه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌ه‌م كاره‌نه‌كات باشتره‌.

دووه‌م : هه‌ڵگرتن وخوێندنه‌وه‌ی مه‌صحه‌ف له‌نوێژدا بۆ مه‌ئموم :

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌هیچ بنه‌ماو به‌ڵگه‌یه‌ك نیه‌لــه‌سوننه‌تی پێغه‌مبــه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) وژیانی سه‌له‌فی صاڵحدا، به‌ڵكو باشتر وڕاستر ئه‌وه‌یه كه‌مه‌ئموم ( نوێژ خوێنی پاش ئیمام ) به‌خشوعه‌وه‌گوێ له‌خوێندنی قورئانی ئیمامه‌كه‌ی بگرێت نه‌ك مه‌صحه‌ف هه‌ڵگرێت،‌له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستی ڕاستی بخاته‌سه‌ر ده‌ستی چه‌پی وله‌سه‌ر سنگی دایبنێت، هه‌روه‌ك له‌سوننه‌تی صه‌حیحدا هاتوه‌، هه‌ر ئه‌م كاره‌ش ڕاستر ودروستره‌، چونكه‌هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف مه‌شغوڵی ده‌كات و ئه‌م سوننه‌ته‌ی له‌كیس ده‌دات، ودڵ و چاوی مه‌شغوڵی خوێندنه‌وه‌وهه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی قورئانه‌كه‌ده‌بێت، جا بۆیه‌من وا ده‌بینم سوننه‌ت ئه‌وه‌یه‌ئه‌و كاره‌نه‌كرێت، زۆر باش بێ ده‌نك بێت وبه‌خشوعه‌وه‌گوێ له‌خوێندنی ئیمامه‌كه‌ی بگرێت، جا ئه‌گه‌ر ئیمامه‌كه‌شی له‌خوێندنه‌كه‌یدا هه‌ڵه‌یه‌كی كرد، ئه‌گه‌ر قورئانی له‌به‌ر بوو ئه‌وه‌بۆی ڕاست بكاته‌وه، وه‌گه‌ر نا خه‌ڵكانی تر بۆی ڕاست بكه‌نه‌وه‌، خۆ ئگه‌ر كه‌سیش نه‌بوو بۆی ڕاست بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌هیچ ئیشكالێك نیه‌، چونكه‌ئیشكال له‌وه‌دایه‌كه‌له‌خوێندنی سوره‌تی       ( الفاتحة ) هه‌ڵه‌بكات وكه‌س نه‌بێت بۆی ڕاست بكاته‌وه‌، چونكه‌خوێندنی ( الفاتحة ) ڕوكنی نوێژه‌وبه‌بێ خوێندنی به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست ودروست نوێژی پێ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕه‌قورئانه‌ی كه‌له‌پاش ( الفاتحة ) ده‌خوێنرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كیشی تێدا بكرێت، یان هه‌ندێكی لێ ببچڕێنرێت هیچ زیان نادات له‌دروستی نوێژه‌كه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سیش نه‌بوو بۆی ڕاست بكاته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌م حاڵه‌ته‌دا ته‌نها كه‌سێك له‌پاش ئیمامه‌وه‌مه‌صحه‌فێكی پێ بێت بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ڕاست بكاته‌وه‌له‌كاتی پێویستدا، من وای ده‌بینم ‌‌هیچ زیانێكی نه‌بێت وقه‌یدی ناكات، به‌ڵام هه‌موو نوێژ خوێنه‌كان یه‌كی مه‌صحه‌فێكیان پێ بێت، به‌ڕاستی ئه‌مه‌پێچه‌وانه‌ی سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوایه‌( صلی الله علیه‌وسلم ) .

( سه‌رچاوه‌: پێگه‌ی شێخ عبد العزیز بن باز -  ڕه‌حه‌تی خوای لێ بێت- )

سێهه‌م : هه‌ڵگرتن وخوێندنه‌وه‌ی مه‌صحه‌ف له‌نوێژدا بۆ كه‌سێك ئه‌گه‌ر خۆی به‌ته‌نها نوێژی ته‌راویح یان شه‌و نوێژ بكات .

بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش شێخ محمد بن صالح العثیمین ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) ووتویه‌تی : به‌ڵێ دروسته بۆ كه‌سێك كه‌قورئانی له‌به‌ر نه‌بێت له‌مه‌صحه‌فێكدا قورئانه‌كه‌ی بخوێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو قورئانی له‌به‌ر بوو ئه‌وه‌باشتر وڕاستر ئه‌وه‌یه‌كه‌قورئانه‌كه‌ی له‌به‌ر بخوێنێت، چونكه‌هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف له‌نوێژدا ده‌بێت به‌هۆی چه‌ند شتێك : یه‌كه‌م : ده‌بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌و سوننه‌ته‌ی له‌كیس بچێت كه‌ده‌ستی ڕاستی بخاته‌سه‌ر ده‌ستی چه‌پی وله‌سه‌ر سینگی دای بنێت، دووه‌م : چاوی مرۆڤ مه‌شغوڵ ده‌بێت كه‌سه‌یری شوێنی سوژده‌كه‌ی خۆی بكات كه‌ئه‌مه‌ش له‌ده‌ست دانی سوننه‌تێكی تره‌، سێهه‌م : جوڵانی چاوی له‌دێڕێكه‌وه‌بۆ دێڕێكی تر وله‌لاپه‌ڕه‌یه‌كه‌وه‌بۆ لاپه‌ڕه‌یه‌كی تر، ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌له‌لاكردنه‌وه به‌م لاولادا‌كه‌قه‌ده‌غه‌ی لێكراوه، چواره‌م : ئه‌و جم وجوڵه‌ی كه‌ده‌كرێت له‌هه‌ڵگرتنی مه‌صحه‌ف ودانان و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ئه‌گه‌ر مرۆڤ بتوانێت ئه‌نجامی نه‌دات ونه‌یكات ئه‌وه‌بێگومان زۆر باشتره‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا پێویستی كرد مه‌صحه‌ف هه‌ڵبگرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌هیچ قورئانی له‌به‌ر نه‌بوو، ئه‌وه‌ئه‌و كاته‌قه‌یدی ناكات مه‌صحه‌فێك هه‌ڵبگرێت وقورئانه‌كه‌ی تێدا بخوێنێت .

( سه‌رچاوه‌: پێگه‌ی شێخ العثیمین -  ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت- )

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م مه‌سئه‌له‌یه‌پرسیارێك كراوه‌ئایا دروسته‌خوێندنی قورئان له‌كۆمپیته‌ر له‌كاتی نوێژدا؟

به‌ڕاستی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌هه‌مان وه‌ڵامی پێشوی هه‌ڵگرتنی قورئانی هه‌یه‌له‌كاتی نوێژدا، جا ئه‌گه‌ر نوێژی فه‌رز بوو وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا ئه‌وه‌حه‌نه‌فیه‌كان پێیان وایه‌نوێژی پێ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌جا چی نوێژی فه‌رز بێت یان سوننه‌ت، به‌ڵام جمهوری زانایان پێیان مه‌كروهه‌ئه‌گه‌ر له‌نوێژی فه‌رزدا بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌نوێژی سوننه‌تدا بێت هیش ئیشكالێك دروست ناكات، وه‌ك پرسیار كراوه‌له‌ئیمامی ئه‌حمه‌د ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) له‌م باریه‌وه‌، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا فه‌رموویه‌تی : هیچ قه‌ید ناكات ئه‌گه‌ر له‌شه‌و نوێژدا بوو ( واته‌نوێژی سوننه‌ت بوو ) ووتیان ئه‌ی ئه‌گه‌ر نوێژی فه‌رز بوو؟ ئه‌ویش فه‌رمووی: له‌م باره‌یه‌وه‌هیچ به‌ڵگه‌یه‌كم نه‌بیستوه‌كه‌دروست بێت .( الموسوعة الكویتیة به‌رگی ٣٣ / لاپه‌ڕه‌ی ٥٧  و ٥٨ ) .

 

ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان