ئه‌رك و واجباتی هاوڵاتیان به‌رامبه‌ر به‌ لپێسراوان له‌ ئیسلامدا

پۆڵینه‌ زانستیه‌كان:

وه‌سف كردن

ابن جماعة له‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یدا ( تحریر الأحكام فی تدبیر أهل الإسلام ) ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر جوان وڕێك وپێك باس ده‌كات وبه‌م شێوه‌یه‌ ئه‌و ئه‌رك و واجباتانه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ پێویسته‌ هاوڵاتیان ئه‌نجامی بده‌ن به‌رامبه‌ر به‌ لێپسراوان...

وه‌صفی فراوان

 

ئه‌رك و واجباتی هاوڵاتیان به‌رامبه‌ر به‌ لپێسراوان له‌ ئیسلامدا

 

 

 

سوپاس وستایش بۆ ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ی كه‌ به‌هه‌ق وڕاستی ته‌واوی مه‌خلوقاته‌كانی دروستكردوه‌، وله‌ناو هه‌مویشیاندا مرۆڤی كردووه‌ به‌سه‌رداری هه‌موویان، وئه‌رك وواجباتی خستوه‌ته‌ گه‌ردنیه‌وه‌، وه‌ درود وصه‌ڵات وسه‌لامیش بۆ سه‌ر گه‌وره‌ وسه‌رداری پێغه‌مبه‌ران محمد المصطفی وئه‌هل وبه‌یت ویار ویاوه‌ران وشوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

سڵاوی خوای گه‌وره‌تان لێ بێت :

خۆشه‌ویستان جارێكی تر هاتینه‌وه‌ خزمه‌تتان بۆ پێشكه‌شكردنی ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ ووتاری پێشوماندا به‌ڵێنمان پێدابوون ئه‌ویش بابه‌تێكه‌ له‌سه‌ر ئه‌رك و واجباتی هاوڵاتیان به‌رامبه‌ر لپێسراوان له‌ ئیسلامدا .

ابن جماعة له‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌یدا ( تحریر الأحكام فی تدبیر أهل الإسلام ) ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر جوان وڕێك وپێك باس ده‌كات وبه‌م شێوه‌یه‌ ئه‌و ئه‌رك و واجباتانه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ پێویسته‌ هاوڵاتیان ئه‌نجامی بده‌ن به‌رامبه‌ر به‌ لێپسراوان، ئه‌ویش به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو لێپرسراوان ئه‌و سیفه‌ته‌ جوان وناوازانه‌یان تێدا بوو كه‌ له‌ ووتاری پێشوودا باسمان كردن :

یه‌كه‌م : گوێڕایه‌ڵی كردنی به‌ ئاشكرا وبه‌نهێنی له‌وه‌ی كه‌ فه‌رمانی پێده‌كات وله‌وه‌شی كه‌ قه‌ده‌غه‌ وڕێگری لێ ده‌كات، به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ سه‌رپێچی و نافه‌رمانی خوای گه‌وره‌ی تێدا نه‌بێت، وه‌ك خوای میهره‌بان فه‌رموویه‌تی : (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ) {النساء :59} واته‌ : ئه‌ی ئه‌وكه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌! گوێرایه‌ڵیی فه‌رمانی خواو په‌یامبه‌ربن له‌هه‌موو كاروبارێكدا, وه‌ بۆ فه‌رمانی كاربه‌ده‌ستان و كارسازانی خۆتان گوێرایه‌ڵ بن، واته‌: به‌قسه‌ی ئه‌و كاربه‌ده‌ست و زانایانه‌ بكه‌ن، كه‌ له‌خۆتانبن. واته‌: له‌چوارچێوه‌ی شه‌ریعه‌تدا گوێڕایه‌ڵیان بن .

وه‌ ئاشكرایشه‌ وه‌ك زانایان ئه‌ڵێن مه‌به‌ست له‌ (وَأُولِي الْأَمْرِ) كاربه‌ده‌ستان و زانایانه‌، واته‌ به‌هه‌ردوو لایه‌كیانه‌وه‌ حوكمی ووڵات ده‌كه‌ن وبه‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.

هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ریش (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی : ( السمع والطاعة علی المسلم فیما أحب وكره ما لم یؤمر بمعصیة ) {أخرجه البخاري، كتاب الأحكام، باب السمع والطاعة للإمام ما لم تكن معصیة رقم الحدیث(7144) ومسلم كتاب الإمارة, باب وجوب طاعة الأمراء في غير معصية وتحريمها في المعصية, رقم الحديث (1839) من حديث ابن عمر} واته‌ : گوێگرتن وگوێڕایه‌ڵێ –كاربه‌ده‌ستان- له‌سه‌ر مرۆڤی موسڵمان واجبه‌ له‌وه‌ی پێی خۆشه‌ و له‌وه‌یشی پێی ناخۆشه‌ به‌مه‌رجێك ئه‌گه‌ر تاوان و گوناهـ و سه‌رپێچی خوای گه‌وره‌  نه‌بێت .

جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌یری ده‌كه‌ین كه‌ په‌روه‌ردگار وپه‌یامبه‌ره‌كه‌ی (صلی الله علیه وسلم) گوێڕایه‌ڵی لێپرسراوان وكاربه‌ده‌ستانیان واجب كردووه‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیان وژێر ده‌سته‌كانیان، له‌مه‌یش هیچ شتێكیان جیا نه‌كردۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌بێت ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و لێپرسراو و كاربه‌ده‌ستانه‌ فه‌رمانیان به‌ تاوان وسه‌رپێچی خوای گه‌وره‌ كرد .

دووه‌م : ئامۆژگاری كردن وپێشكه‌شكردنی قسه‌ی خێر بۆیان به‌ نهێنی و دوور له‌ ته‌شهیر و ئاشكرا كردن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێغه‌مبه‌ری خودا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی : ( الدین النصیحة ) قالوا لمن ؟ قال : ( لله ورسوله ولائمة المسلمین وعامتهم ) {أخرجه مسلم, كتاب الإيمان, باب بيان أن الدين النصيحة, رقم الحديث(55) من حديث التميم الداري} واته‌ : ئاین ودین ئامۆژگاریه‌، ووتیان بۆ كێ ؟ فه‌رمووی : بۆ خوای گه‌وره‌ و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی و بۆ كاربه‌ده‌ست ولێپرسراوی موسڵمانان وموسڵمانانیش به‌گشتی .

سێهه‌م : سه‌رخستن ویارمه‌تیدانیان به‌ ئاشكرا و به‌نهێنی، ئه‌مه‌ش به‌ سه‌رف كردنی هه‌موو هه‌وڵ وتێكۆشانی خۆت له‌م پێناوه‌دا، كه‌ سه‌ركه‌وتن وسه‌رفرازی موسڵمانانی به‌دواوه‌یه‌، وڕێگریشه‌ له‌ ده‌ستدرێژی دوژمنانی دین و ووڵات ..

چواره‌م : ئه‌بێت گه‌وره‌ی وشكۆی مافه‌‌كانه‌تی بزانێت و ئه‌وه‌یش بزانێت كه‌پێویسته ‌له‌سه‌ری ڕێز وقه‌ده‌ری پله‌ وپایه‌ی له‌دڵیدا بێت، به‌وشێوه‌ هه‌ڵسو كه‌وت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات كه‌ شایسته‌ی ئه‌و بێت و شایسته‌ی ئه‌و پله‌ وپایه‌ بێت كه‌ خوای گه‌وره‌ بۆی داناوه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ زانایان ودانایان تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ كاربه‌ده‌ست و لێپرسراوان له‌به‌رژه‌وه‌ندی دین و گه‌له‌كانیاندا بووبن ڕیز وحورمه‌تێكی گه‌وره‌یان گرتوون، وهه‌میشه‌ به‌ده‌م داواكاریه‌كانیانه‌وه‌ چوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا كه‌ زانایان زاهد و خواناس بوون وهیچ پێویستیه‌كیان به‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ له‌ لای لێپرسراوانه‌ وچاویان نه‌بڕی بووه‌ ته‌ماح وماڵی دونیایان، ئه‌مه‌ش هه‌مووی به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی دین و گه‌ل له‌ هێمنی وئه‌من وئاسایشدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش ناچه‌سپێت ئه‌گه‌ر ڕێز و حورمه‌ت دوو لایه‌نه‌ نه‌بێت له‌نێو لێپرسراوان وكاربه‌ده‌‌ستان له‌لایه‌ك و هاوڵاتی وگه‌ل له‌لاكه‌ی تریه‌وه‌ .

پێنجه‌م : به‌ ئاگا هێنانه‌وه‌ی له‌كاتی غه‌فڵه‌ت وهۆشیاركردنه‌وه‌ی له‌كاتی بێ ئاگاییدا ئه‌مه‌ش له‌به‌ر خۆشه‌ویستی ودڵسۆزی بۆی، له‌سه‌روو هه‌موویه‌وه‌ له‌پێناو پاراستنی دین ودسه‌ڵاته‌كه‌یدا، نه‌وه‌ك كه‌سانی هه‌لپه‌رست وچاوچنۆك له‌كاتی بێ ئاگایی ئه‌واندا ته‌ماح بكه‌نه‌ سه‌ر خاك و ووڵات ودین وژینی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بخه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ..

شه‌شه‌م :  ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌ فێل و ته‌ڵه‌كه‌ و پیلانی دوژمنان، یان له‌ خراپی مه‌به‌ستی كه‌سانی به‌خیل وحه‌سوود كه‌ بیانه‌وێت ئازار به‌خۆیان یان به‌ ووڵات وگه‌ل وده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بگه‌یه‌نن، ئه‌مه‌یش یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی هاوڵاتی وڕه‌عیه‌تی ده‌وڵه‌ت به‌رامبه‌ر لێپرسراوان وكاربه‌ده‌ستان، چونكه‌ به‌ له‌ناوچوونی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندی دین وژینی خه‌ڵكیش ئه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ .

حه‌وته‌م : چاودێرێكی دڵسۆز بێت به‌سه‌ر كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر وئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌به‌رژوه‌ندی گشتی هاوڵاتیان كارده‌كه‌ن ( به‌مانایه‌كی تر هه‌ر كه‌م وكوورتیه‌كی بینی له‌ ئه‌داكردنی ده‌سه‌ڵاتی جێ به‌جێكردنی حكومه‌ت سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی لێپرسراوانی لێ ئاگادار بكاته‌وه‌ ) بۆ چاره‌سه‌ركردنی بۆ ئه‌وه‌ی خراپه‌ و گه‌نده‌ڵیه‌كان له‌سه‌ریه‌ك كه‌ڵه‌كه‌ نه‌بن وپاشتر چاره‌سه‌ریان ئه‌سته‌م یان زۆر ناڕه‌حه‌ت بێت،  چونكه‌ خراپ ئه‌داكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌ كارو ئه‌ركه‌كانیاندا زیانه‌كه‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان، بۆیه‌ ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر تاكه‌ تاكه‌ی هاوڵاتیان له‌كاتی بینی هه‌ر كه‌م وكورتیه‌ك له‌ ئه‌داكردنی حكومه‌تدا به‌شێوه‌یه‌كی شیاو ودوور له‌ ناو زڕاندن سه‌روو تری لێ ئاگادار بكاته‌وه ...

هه‌شته‌م : یارمه‌تیدانی لێپرسراوان وهاوكاری كردنیان به‌ پێی توانا له‌جێ به‌جێ كردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ گران وقورسه‌ی كه‌ كه‌وتوه‌ته‌ سه‌ر شانیان بۆهۆی سه‌رقاڵیان له‌كار وبه‌ڕێوه‌بردنی به‌رژوه‌ندیه‌ گشتیه‌كانی گه‌ل و ووڵات، ‌چونكه‌ ئه‌وان ناتوانن به‌ته‌نها خۆیان به‌و كاره‌ هه‌ڵبسن، خوای گه‌وره‌یش له‌م باره‌یه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی : (وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ) {المائدة :2} واته‌ له‌سه‌ر چاكه‌و هاوكاری و كۆمه‌ك و پارێزگاریی، یارمه‌تی یه‌كتربكه‌ن، به‌ڵام بۆ گوناهـ وتاوان وده‌ستدرێژی وله‌سنوور ده‌رچوون، هاوكاریی وكۆمه‌كی یه‌كتر مه‌كه‌ن.

نۆیه‌م : هه‌وڵدان بۆ گێڕانه‌وه‌ وڕازیكردنی ئه‌و دڵه‌ تۆراوانه‌ی كه‌ زوویر بوون لێیان، به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بوو بێت، وكۆكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی خه‌ڵك وهاوڵاتیان بۆیان، له‌وه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دین وگه‌ل ده‌پارێزێت وكاروباره‌كانیان یه‌كده‌خات وئاڕاسته‌یان ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ پێی ڕازیه‌ وفه‌رمانی پێكردووه‌ .

ده‌یه‌م : به‌رگریكردن وداكۆكری گردن لێیان به‌ كار وكرده‌وه‌ و زمان وماڵ و سه‌روه‌ت وسامان، وته‌نانه‌ت به‌گیانیش له‌هه‌موو كاتێكدا ئه‌گه‌ر زانرا دوژمنان وهێزی داگیركه‌ر مه‌به‌ستیانه‌ هێرش بكه‌ن سه‌ر ده‌وڵه‌ت وخاكی موسڵمانان، چونكه‌ ئه‌كه‌ر هاوڵاتی له‌م كاته‌دا به‌م ئه‌ركه‌ی هه‌ڵنه‌سێت ئه‌وا پاشتر ودواتر ده‌بێت به‌ زه‌لیلی له‌به‌رده‌م ناحه‌زانی گه‌ل وووڵاتدا چۆك دابدات و وه‌ به‌ به‌رچاوی هه‌مووانه‌وه‌ ده‌ستدرێژی بكرێته‌ سه‌ری وخراپتر له‌وه‌یش ده‌بێت چاوه‌ڕوانی سه‌ربازانی دوژمن بكات كه‌ تا ده‌چن چه‌قۆیه‌ك ده‌هێنن و له‌پشتی ملیانه‌وه‌ وه‌ك كاره‌ كۆرپه‌ سه‌ریان ببڕین ( وه‌ك ئه‌وه‌ی مێژوو باسی ده‌كات له‌كاتی داگیركردنی به‌غداد له‌لایه‌نی سوپای هۆلاكۆ وه‌ ) جا بۆ ئه‌وه‌ی كار نه‌گاته‌ ئه‌و كاته‌ پێویسته‌ به‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هه‌یبه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌مان بپارێزین وكه‌م كوورتیه‌كانی پڕ بكه‌ینه‌وه‌ وهه‌میشه‌ هه‌وڵی چاكسازی بده‌ین و نه‌هێڵین ده‌سه‌ڵاته‌كه‌مان ببێته‌ جێگای ته‌ماحی ناحه‌زان وچاوچنۆكان، وه‌ك ئه‌و جه‌سته‌یه‌ وابین كه‌ پێغه‌مبه‌ری خودا (صلی الله علیه وسلم) له‌ باره‌وه‌ ده‌فه‌رموێت : " مثل المؤمنين فى توادهم وتراحمهم وتعاطفهم مثل الجسد الواحد إذا اشتكى منه عضو تداعى له سائر الأعضاء بالسهر والحمى{أخرجه البخاري, كتاب الأدب رقم الحديث (6011) وأحرجه مسلم، كتاب البر والصلة، رقم الحدیث (2586)} واته‌ نموونه‌ی باوه‌ڕداران له‌ خۆشه‌ویستی وسۆز ومیهره‌بانیان له‌نێو یه‌كتردا وه‌ك نموونه‌ی جه‌سته‌ ولاشه‌یه‌ك وایه‌ كه‌ هه‌ر كاتێك ئه‌ندامێكی ئازاری هه‌بێت، ئه‌وا هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی تریشی له‌گه‌ڵیدا تووشی ئێش وئازا ده‌ین وشه‌ونوخونی به‌دیاریه‌وه‌ ده‌كێشن .

ئه‌مه‌ بوو ئه‌رك وواجباتی هاوڵاتیان به‌رامبه‌ر لێپرسراو كاربه‌ده‌ستانی موسڵمانان، به‌م شێوه‌یه‌ش هاتینه‌ كۆتای ئه‌م بابه‌ته‌مان هیوادارین توانیبێتمان شتێكمان له‌خه‌رمانی زانیاریتان زیاد كردبێت، وتابه‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌یه‌كی تر وله‌گه‌ڵ بابه‌تیكی تر به‌خوای گه‌وره‌تان ده‌سپێرم وخواتان له‌گه‌ڵ وماڵئاوا ...

والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته

ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان