به‌رهه‌م وسووده‌كانی باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌

وه‌سف كردن

باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌ به‌هه‌ر سێ به‌شه‌كه‌یه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌م وسوود وقازانج هه‌یه‌ كه‌ موسڵمان به‌ جێ به‌جێكردنی ئه‌م بنه‌ما به‌رز وپیرۆزه‌ به‌ده‌ستیان ده‌هێنێت ئه‌ویش باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌ (الله) تاك وته‌نهای بێ شه‌ریك وبێ هاوه‌ڵه‌ له‌ په‌روه‌ردگاریه‌تی ویه‌رستن وناو وصیفاته‌ جوانه‌كانیدا.

Download
له‌باره‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌وه‌ كۆمێنتێك بنێره‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیار

وه‌صفی فراوان

    به‌رهه‌م وسووده‌كانی باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    عبد السلام محمد پشده‌ری

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2012 - 1433

    ﴿ ثمرات وفوائد الإيمان بالله تعالى ﴾

    « باللغة الكردية »

    عبد السلام محمد بشدري

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2012 - 1433

    به‌رهه‌م وسووده‌كانی باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌

    باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌ به‌هه‌ر سێ به‌شه‌كه‌یه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌م وسوود وقازانج هه‌یه‌ كه‌ موسڵمان به‌ جێ به‌جێكردنی ئه‌م بنه‌ما به‌رز وپیرۆزه‌ به‌ده‌ستیان ده‌هێنێت ئه‌ویش باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌ (الله) تاك وته‌نهای بێ شه‌ریك وبێ هاوه‌ڵه‌ له‌ په‌روه‌ردگاریه‌تی ویه‌رستن وناو وصیفاته‌ جوانه‌كانیدا، له‌و سوود و قازانج وبه‌روبوومانه‌یش :

    1- به‌نده‌كان‌ به‌م بنه‌ما به‌رز وپیرۆزه‌ به‌خته‌وه‌ری و خۆشبه‌ختی دونیا ودواڕۆژ به‌ده‌ست ده‌هێنن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵكو به‌خته‌وه‌ری دونیا ودواڕۆژ به‌نده‌ به‌ باوه‌ڕه‌كه‌ی به‌خوای گه‌وره‌، به‌شی به‌نده‌ له‌م به‌خته‌وه‌ریه‌ به‌گوێره‌ی باوه‌ڕه‌كه‌یه‌تی به‌په‌روه‌ردگاری وباوه‌ڕ به‌ ناو وصیفات و خواپه‌رستیه‌تیه‌كانی به‌تاك وته‌نهایی .

    2- باوه‌ڕی به‌نده‌كان به‌ په‌روه‌ردگاریان وبه‌ناو وصیفاته‌كانی گه‌وره‌ترین هۆكاری ترسن له‌خوای گه‌وره‌ وگوێڕایه‌ڵی كردنی، هه‌رچه‌ند وبه‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی به‌نده‌كان زیاتر په‌روه‌ردگاریان ده‌ناسن به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش له‌خوای گه‌وره‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌ ولێی ده‌ترسن و زیاتر به‌شوێن به‌ندایه‌تی وپه‌رستنه‌كانیدا ده‌ڕۆن وه‌ زیاتریش له‌گوناهـ وتاوان وسه‌رپێچی په‌روه‌ردگاریان دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ .

    3- به‌نده‌ به‌م باوه‌ڕه‌ی دڵ وده‌رون ئارامی به‌ده‌ست ده‌هێنێت وخاطراتی ڕام ده‌بێت وئه‌من و ئاسایش وهیدایه‌ت له‌دونیا ودواڕۆژدا مسۆگه‌ر ده‌كات، خوای گه‌وره‌یش فه‌رموویه‌تی : (ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَتَطۡمَئِنُّ قُلُوبُهُم بِذِكۡرِ ٱللَّهِۗ أَلَا بِذِكۡرِ ٱللَّهِ تَطۡمَئِنُّ ٱلۡقُلُوبُ ) {الرعد :28} واته‌ : ئه‌وانه‌ی که‌ بڕوایان هێناوه‌ و دڵیان ئارام ده‌بێت به‌یادی خوا ئاگادار بن که‌ هه‌ر به‌ یادی خوا دڵه‌کان ئارام ده‌بن .

    4- به‌ده‌ست هێنانی ئه‌جر وپاداشتی قیامه‌ت به‌نده‌ به‌باوه‌ڕ بوون به‌ خوای گه‌وره‌ وڕاست ودروستی ئه‌و باوه‌ڕه‌وه‌، به‌ به‌جێهێنانی وجێ به‌جێكردنی پێویستیه‌كانی به‌نه‌ده‌كان پاداشتی دواڕۆژ به‌ده‌ست ده‌هێنن، ده‌چنه‌ به‌هه‌شتێكه‌وه‌ پانتای وفراوانیه‌كه‌ی به‌ئه‌ندزه‌ی پانتایی وفراوانی ئاسمانه‌كان و زه‌وییه‌، له‌و به‌هه‌شتانه‌دا نیعمه‌ت وخۆشییه‌كی وای تێدایه‌ به‌نده‌كان ‌ به‌چاوه‌كان نه‌یاینیویانه‌ و به‌‌گوێكانیشیان نه‌یانبیستووه‌‌ و‌ به‌خه‌یاڵیش نه‌هاتووه‌ به‌ دڵیاندا، هه‌روه‌ها له‌ سزای دۆزه‌خیش ڕزگاریان ده‌بێت، له‌هه‌موو ئه‌مانه‌یش گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ‌ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ وسه‌رفرازی به‌ده‌ست ده‌هێنێت كه‌ هه‌رگیز لێی زویر نابێت، و له‌زه‌ت وه‌رده‌گرێت به‌بینی ڕووی په‌وره‌دگاری له‌ڕۆژ دواییدا به‌بێ ئه‌وه‌ی ئیتر له‌و ڕۆه‌دا تووشی زه‌ره‌روزیان و به‌ڵاو موصیبه‌ت ببێت .

    5- هه‌رباوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌ به‌ (الله) یه‌ كه‌ كاروكرده‌وه‌كان ڕاست ده‌كاته‌وه‌ و وایان لێ ده‌كات جێگای قبوڵ بن لای په‌روه‌ردگار، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ به‌خوا نه‌بێت كار وكرده‌وه‌كان هچیان سوود وقازانجیان نابێت و ده‌درێن به‌دواوه‌ و وه‌رناگیرێن له‌ خاوه‌نه‌كانیان ئه‌گه‌ر چی زۆر وجۆراوجۆریش بن، خوای گه‌وره‌یش فه‌رموویه‌تی : ( وَمَن يَكۡفُرۡ بِٱلۡإِيمَٰنِ فَقَدۡ حَبِطَ عَمَلُهُۥ وَهُوَ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ مِنَ ٱلۡخَٰسِرِينَ ) {المائدة :5} واته‌ : ئه‌وه‌ی بێ باوه‌ڕ بێ به‌ ئیمان و شه‌ریعه‌تی ئیسلام ئه‌وه‌ بێگومان کرده‌وه‌کانی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ وه‌ له‌ ڕۆژی دوایی دا یه‌کێکه‌ له‌ ڕه‌نج بێبه‌ران، هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت : ( وَمَنۡ أَرَادَ ٱلۡأٓخِرَةَ وَسَعَىٰ لَهَا سَعۡيَهَا وَهُوَ مُؤۡمِنٞ فَأُوْلَٰٓئِكَ كَانَ سَعۡيُهُم مَّشۡكُورٗا ) {الإسراء : 19} واته‌ : هه‌ركه‌سیش پاشه‌ ڕۆژی لامه‌به‌ست بێ و هه‌وڵیشی بۆ بداو، له‌هه‌مان كاتیشدا بڕوادار بێت به‌خواو به‌ به‌رنامه‌كه‌ی خوا، هه‌وڵ و كۆششی ئه‌مانه‌ جێگه‌ی سوپاسه‌و، به‌چه‌ند به‌رامبه‌ریش پاداشی له‌ سه‌ر وه‌رده‌گرن .

    6- باوه‌ڕی صه‌حیح و ڕاست ودروست به‌ خوای گه‌وره‌ واده‌كات له‌خاوه‌نه‌كه‌ی كه‌ پابه‌ندی هه‌ق وڕاستی بێت وبه‌عیلم و عه‌مه‌له‌وه‌ شوێنی بكه‌وێت، هه‌وره‌ها به‌نده‌ وا لێ ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌یی هه‌بێت بۆ وه‌رگرتنی په‌ند وئامۆژگاری به‌سوود و كاریگه‌ر، وه‌ ئه‌م باوه‌ڕه‌ فیتره‌تی پاكی مرۆڤ ونیه‌تی باش سه‌لامه‌ت ده‌كات، وهه‌میشه‌یش ده‌ست پێشخه‌ری بكات له‌كاری خێر وچاكه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌كاری خراپ وقه‌ده‌غه‌كراو، له‌گه‌ڵ ده‌ستگرتن به‌ ئاداب و خو و ڕه‌وشتی جوان وشیرین .

    7- باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌ په‌ناگای بڕوادارانه‌ له‌هه‌موو خراپه‌ و شه‌رو شۆڕ وترس و بیم و دڵته‌نگی وئه‌من وئاسایش وسه‌رپێچی وگوێڕایه‌ڵێ وچه‌ند شتێكی تریش كه‌ هه‌ر ده‌بێت هه‌موو كه‌سێك ئه‌م په‌ناگایه‌ی هه‌بێت، له‌كاتی خۆشه‌ویستی ودڵ خۆشی په‌نای بۆ ده‌به‌ن و شوكر وسوپاسی خوای له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ونیعمه‌ته‌كانی خوای گه‌وره‌ له‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌ودا به‌كار ده‌هێنن، وه‌ له‌كاتی ناخۆشی وخراپه‌ و دڵته‌نگیدا په‌نا ده‌به‌ن بۆ باوه‌ڕ به‌خوا بوون و ودڵ نه‌وایی خۆیانی پێ ده‌كه‌ن وئه‌جر وپاداشتی پێ به‌ده‌ست ده‌هێنن لای په‌روه‌ردگاریان، وه‌ له‌كاتی ترس و بیم ودڵته‌نگیدا په‌نا بۆ بڕوا به‌خوا بوون ده‌به‌ن ودڵیان پێی ئارام ده‌بێته‌وه‌ وباوه‌ڕه‌كه‌یان پێی زیاد ده‌كات و متمانه‌یان به‌ په‌روه‌ردگاریان مه‌زنتر ده‌بێت، وه‌ له‌كاتی گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره‌ وموه‌فق بوونیان له‌كاری خێر وچاكه‌دا هانای بۆ ده‌به‌ن و شعور به‌ نیعمه‌ته‌كانی ئه‌و ذاته‌ به‌رز و پیرۆزه‌ ده‌كه‌ن، و پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرن كه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌و نیعه‌تانه‌یان بۆ ته‌واو بكات، و داوای به‌رده‌وامی و ثه‌بات لێ ده‌كه‌ن وئه‌پاڕێنه‌وه‌ كه‌ په‌روه‌ردگار موفقیان بكات بۆ وه‌رگرتنیان، وه‌ له‌كاتی كه‌وتنه‌ ناو تاوان وگوناهێكیشه‌وه‌ دیسان هانا بۆ بڕوا به‌خوا بوون ده‌به‌ن وخێرا ته‌وبه‌ ده‌كه‌ن وهه‌وڵ ئه‌ده‌ن خۆیان له‌شه‌ڕ و خراپه‌ی ڕزگار بكه‌ن، باوه‌ڕدار له‌هه‌موو كاتێكیدا، له‌ هه‌موو هاتن و چوون وجوڵه‌ وسه‌كه‌ناتێكیدا هه‌میشه‌ په‌نا بۆ خوای گه‌وره‌ی تاك و ته‌نها ده‌به‌ن .

    8- ناسینی ناو وصیفاته‌كانی خوای گه‌وره‌ خۆشه‌ویستی ئه‌و ذاته‌ پیرۆزه‌ له‌دڵه‌كاندا ده‌چه‌سپێنێت وپێویستی ده‌كات، چونكه‌ ناو صیفاته‌كانی خوای گه‌وره‌ی باڵاده‌ست له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ ته‌واون وده‌روونی مرۆڤیش وا خولقاوه‌ كه‌ كه‌ماڵ وفه‌زڵی خۆش بووێت، جا ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی خودا له‌دڵه‌كاندا جێگیر بوو وچه‌سپا ئه‌وا سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی لاشه‌یشی گوێڕایه‌ڵ ده‌بن بۆی وئه‌و كاته‌ ئه‌و حیكمه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ی خودا دێته‌ دی گه‌ په‌روه‌ردگار به‌نده‌كانی له‌پێناودا خولقاندووه‌، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ په‌رستنی خوای گه‌وره‌ وپه‌روه‌ردگار به‌تاك و ته‌نهایی .

    9-زانیاری به‌ناو صیفاته‌كانی خوای گه‌وره‌ هێزی یه‌قین ودڵنیای ئه‌وه‌ لای به‌نده‌كان دروست ده‌كات كه‌ خوای گه‌وره‌ تاك و ته‌نهایه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری دروستكراوه‌كانیدا و هیچ شه‌ریك وهاوه‌ڵێكی نییه‌، ئه‌مه‌ش ڕاستی پشت وپه‌نا به‌خودا به‌ستن و ته‌وه‌كول به‌خوای گه‌وره‌ ده‌چه‌سپێنی له‌به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی دین ودونیایدا، له‌مه‌شدا سه‌رفرازی وسه‌ركه‌وتنی به‌نده‌كانی خودا ده‌سه‌لمێت، به‌وه‌ی هه‌ركه‌سێك پشت و په‌نای خودا بیت هه‌ر ئه‌ویشی به‌سه‌ .

    10- ژماردنی ناو صیفاته‌كانی خوای گه‌وره‌ وعلیم پێ بوونیان بنه‌ما وئه‌صڵی عیلمه‌ به‌هه‌موو مه‌علومێك، جا هه‌موو زانیاریه‌كیش جگه‌ ذاتی خوای گه‌وره‌ یان دروستكراوی ئه‌ون یان فه‌رمانی ئه‌ون، ئه‌مه‌ش یان زانیاریه‌ به‌وه‌ی بڕیاری داوه ومرۆڤ ناتوانێت سه‌رپێچی بكات‌، یان زانیاریه‌ به‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ بڕیاری داوه‌ ومرۆڤ سه‌رپشكه‌ له‌كردن ونه‌كردنیان واته‌ خوای گه‌وره‌ موخه‌یه‌ری كردووه‌ له‌نێوانیاندا، سه‌رچاوه‌ی خه‌لق وفه‌رمانه‌كانیشی كه‌ له‌‌ ناوه‌ جوانه‌كانیه‌وه‌ن هه‌ردووكیان په‌یوه‌ستن به‌و ناوانه‌وه‌ په‌وه‌ستیه‌كی به‌جۆرێك كه‌ لێك جودا نابنه‌وه‌، جا هه‌ركه‌سێك توانی ناو و صیفاته‌كانی خوای گه‌وره‌ بژمێرێت ئه‌وه‌ توانیوویه‌تی سه‌رجه‌م زانسته‌كان بژمێریت، ئه‌مه‌ش كارێكی مه‌حاڵه‌ .

    به‌مه‌ جۆره‌ش هاتینه‌ كۆتایی ئه‌م به‌شه‌ وله‌خوای گه‌وره‌ داواكارین كه‌ خو و ڕه‌وشتمان به‌ناو وصیفاته‌ جوانه‌كانی خۆی بڕازێنێته‌وه‌ ...

    ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان