لێكۆڵینه‌وه‌ وڕوونكردنه‌وه‌ی زۆرێك له‌بابه‌ته‌كانی حه‌ج وعومره‌ وزیاره‌ت: به‌شی : میقات وجێگاكانی ئیحرام به‌ستن، ودیاری كردنیان

وه‌سف كردن

ئه‌م بابه‌ته‌ بریتیه‌ له‌ وه‌رگێرانی به‌شێك له‌ كتێبی (لێكۆڵینه‌وه‌ وڕوونكردنه‌وه‌ی زۆرێك له‌بابه‌ته‌كانی حه‌ج وعومره‌ وزیاره‌ت)، به‌ناونیشانی ( میقات وجێگاكانی ئیحرام به‌ستن، ودیاری كردنیان ) كه‌ سه‌ماحه‌تی شێخ عبد العزیزی كوڕی عبد الله كوڕی باز دایناوه‌، له‌م ووتاره‌دا باسی شه‌ش بابه‌ت كراوه‌ : بابه‌تی یه‌كه‌م : ئه‌وه‌ی كه‌ واجبه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ڕێگای ئاسمانی ده‌گه‌نه‌ مه‌ككه‌ ،بابه‌تی دووه‌م : ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌چێت بۆ مه‌ككه‌ و نیه‌تی ئه‌نجامدانی حه‌ج وعومره‌ی نیه‌ بابه‌تی سێهه‌م : ئه‌و كه‌سانه‌ی ماڵیان له‌ پاش میقاته‌وه‌یه‌ له‌ڕووی مه‌ككه‌وه‌، ده‌بێت له‌كوێ نیه‌ت بهێنن وئیحرام ببه‌ستن ؟ ، بابه‌تی چواره‌م : ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ماڵێكی له‌ پێش میقات وماڵیكی تریشی له‌دوای میقاته‌وه‌ هه‌یه‌، ئایا ده‌بێت له‌كوێ ئیحرام ببه‌ستێت ؟، بابه‌تی پێنجه‌م : ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ نیشته‌جێی مه‌ككه‌یه‌، یان حاجیه‌ وحه‌جی ته‌واو كردووه‌، ده‌بێت له‌كوێ ئیحرامی عومره‌ ببه‌ستێت ؟، بابه‌تی شه‌شه‌م : زۆر ئه‌نجامدان ودووباره‌ كردنه‌وه‌ی عومره‌ له‌ لایه‌ن حاجیان وعومره‌كارانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ هاتوون وله‌ مه‌ككه‌ن.

Download
له‌باره‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌وه‌ كۆمێنتێك بنێره‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیار

وه‌صفی فراوان

    لێكۆڵینه‌وه‌ وڕوونكردنه‌وه‌ی زۆرێك له‌بابه‌ته‌كانی حه‌ج وعومره‌ وزیاره‌ت به‌شی : میقات وجێگاكانی ئیحرام به‌ستن، ودیاری كردنیان

    التحقیق والإيضاح لكثير من مسائل الحج والعمرة والزيارة

    فصل : في المواقیت المكانیة وتحدیدها

    < كوردی -كردي - kurdish >

    سه‌ماحه‌تی شێخ عبد العزیز بن باز (ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت )

    سماحة الشيخ عبد العزيز بن عبد الله بن باز (رحمه الله )

    —™

    وه‌رگێڕانی: حاجی ئومێد عومه‌ر چرۆستانی

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    ترجمة : أوميد عمر علي الجروستاني

    مراجعة: بشتیوان صابر عزیز

    میقات وجێگاكانی ئیحرام به‌ستن، ودیاری كردنیان

    سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان وه‌ درود وصه‌ڵات وسه‌لام بۆ سه‌ر محمدی كوڕی عه‌بدوڵا و ئال وبه‌یت و یار ویاوه‌ر و شوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    خۆشه‌ویستان له‌م ووتاره‌دا به‌ ووردی باسی ئه‌و جێگایانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) وه‌ك میقاتی حه‌ج وعومره‌ دیاری كردوون، و واجبه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ حه‌ج یان عومره‌ یان هه‌ردووكیان ده‌كات لێیان تێپه‌ڕ نه‌كات بێ ئه‌وه‌ی نیه‌تیان بۆ بهێنێت وئیحرامیان بۆ ببه‌ستێت، بۆیه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی نیه‌تی حه‌ج یان عومره‌ی هه‌یه‌، كاتێك گه‌یشته‌ ئه‌و جێگایانه‌ی كه‌ پێی ده‌لێن میقات ده‌بێت، تێپه‌ڕ نه‌كات ونیه‌تی ئیحرام بهێنێت، وبه‌ پێی ئه‌و ڕێنومایانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكات كه‌ له‌م ووتاره‌دا باسیان لێوه‌ ده‌كه‌ین، به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ :-

    میقات وجێگاكانی ئیحرام به‌ستن پێنج میقات وجێگان :

    یه‌كه‌م : ( ذو الحلیفة ) میقات و جێگای ئیحرام به‌ستنی خه‌ڵكی مه‌دینه‌یه‌، ئێستا خه‌ڵكی ‌ پێی ده‌ڵێن : ( أبیار علي ) .

    دووه‌م : ( الجحفة ) میقات و جێگای ئیحرام به‌ستنی خه‌ڵكی شامه‌ ( مه‌به‌ست پێی ووڵاتانی ئوردون وفه‌له‌ستین وسوریا ولوبنانه‌ ) ئه‌م جوحفه‌یه‌ كاتی خۆی گوندێكی كاوله‌ بووه‌، ئه‌كه‌وێته‌ دوای ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێن ( رابغ )، ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی له‌ ( رابغ ) ئیحرام ده‌به‌ستن، بۆیه‌ هه‌ركه‌سێك له‌ ( رابغ ) ئیحرام ببه‌ستێت، ئه‌وه‌ ئیحرامی له‌ میقات به‌ستووه‌، چونكه‌ ( رابغ ) كه‌مێك پێش جوحفه‌یه‌ .

    سێهه‌م : ( قرن المنازل ) له‌‌ ئه‌مڕۆدا پێی ده‌ڵین ( السیل الكبیر ) میقات و جێگای ئیحرام به‌ستنی خه‌ڵكی نه‌جده‌ ( مه‌به‌ست پێی ئه‌و شارانه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی حجازه‌وه‌ وه‌ك شاره‌كانی ریاز وده‌مام و ئه‌حساء وخوبه‌ر وزه‌هران ) هه‌روه‌ها ووڵاتانی به‌حره‌ین و قه‌ته‌ر و ئیمارات وسه‌ڵته‌نه‌ی عه‌مانه‌.

    چواره‌م : ( یلملم ) میقات و جێگای ئیحرام به‌ستنی خه‌ڵكی یه‌مه‌نه‌ .

    پێنجه‌م : ( ذات عرق ) میقات و جێگای ئیحرام به‌ستنی خه‌ڵكی عێراقه‌ .

    ئه‌م میقات و جێگای ئیحرام به‌ستنانه‌ی كه‌ ئاماژه‌مان پێدا، پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) دیاری كردوون، ئیحرامی ئه‌و ووڵات و شارانه‌ن كه باسمانكردن، وه‌ میقاتی ئه‌و كه‌سانه‌شن به‌وێدا تێپه‌ڕ ده‌كه‌ن به‌ مه‌به‌ستی به‌جێهێنانی حه‌ج وعومره‌، بۆیه‌ واجبه‌ هه‌ر كه‌سێك نیه‌ت ونیازی حه‌ج وعومره‌ی هه‌بوو، وه‌ به‌و جێگایانه‌دا تێپه‌ڕ بوو ئه‌وا ده‌بێت له‌وێ نیه‌ت بهێنێت وئیحرام ببه‌ستێت، وه‌ حه‌رامه‌ و بۆی دروست نیه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی حه‌ج وعومره‌ بوو، ئه‌و جێگایانه‌ تێبپه‌ڕێنێت ونیه‌تی ئیحرام نه‌هێنێت وئیحرام نه‌به‌ستێت، جا تێپه‌ڕ بوونه‌كه‌ی به‌ ڕێگای زه‌مینی بێت یان ئاسمانی، جیاوازی نیه‌ و نابێت به‌بێ ئیحرام به‌ستن ئه‌و سنورانه‌ ببه‌زێنێت، به‌ به‌ڵگه‌ی گشتگیری ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی:} هن لهن ولمن أتى عليهن من غير أهلهن ممن أراد الحج والعمرة{ ([1]).

    واتا : ئه‌و جێگایانه‌ میقاتی ئه‌و شوێنانه‌ن كه‌ باسمان كردن، وه‌ میقاتی ئه‌و كه‌ســانه‌شن كه‌ خه‌ڵكی ئه‌و شوێنانه‌ نین و له‌وێوه‌ تێپه‌ڕ ده‌بن به‌ مه‌به‌ستی حه‌ج وعومره‌ .

    بابه‌تێك : ئه‌وه‌ی كه‌ واجبه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ڕێگای ئاسمانی ده‌گه‌نه‌ مه‌ككه‌ :

    بۆیه‌ ڕێگا پێدراوه وچاكوایه‌‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ به‌مه‌ستی حه‌ج وعومره‌ ڕوو ده‌كاته‌ مه‌ككه‌ پێش ئه‌وه‌ی سواری فڕۆكه‌كه‌ی بێت خۆی ئاماده‌ بكات وخۆی بشوات و پێشه‌كیه‌كانی ئیحرام به‌ستن جێ به‌جێ بكات، جا كاتێك نزیك بوویه‌وه‌ له‌ میقات ( إزار ورداء ) پشته‌ماڵ وده‌ره‌دامانه‌كه‌ی بدات به‌خۆیدا، پاشان نیه‌تی ئیحرامی عومره‌ بهێنێت ئه‌گه‌ر كاته‌كه‌ی فراوان بوو، خۆ ئه‌گه‌ر كاته‌كه‌ دره‌نگ وته‌سك بوو ئه‌وا با نیه‌تی حه‌ج بهێنێت، خۆ ئه‌گه‌ر ( إزار ورداء ) ــه‌كه‌ی پێش سوار بوونی فڕۆكه‌كه‌ یان پێش نزیك بوونه‌وه‌ له‌ میقات له‌به‌ر كرد ودای به‌خۆیدا هیچ گرفتێك نیه‌ وقه‌یناكات، به‌ڵام ده‌بێت نیه‌تی چوونه‌ ناو ئیحرامه‌وه‌ نه‌هێنێت تا ده‌گاته‌ ئاستی ئیحرام یان نزیك ده‌بێته‌وه‌ لێی، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ئیحرامی نه‌به‌ستووه‌ و نیه‌تی بۆ نه‌هێناوه‌ له‌ میقات نه‌بێت، بۆیه‌ واجبه‌ ئێمه‌ وه‌ك موسڵمان چاو له پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) بكه‌ین وئه‌و سه‌رمه‌شقی هه‌موو شتێكمان بێت له‌ كاروباری دین ودینداریماندا، خوای گه‌وره‌ش فه‌رموویه‌تی: ﱡﭐ ﲾ ﲿ ﳀ ﳁ ﳂ ﳃ ﳄ ﳅ ﱠ [الأحزاب: ٢١ ] .

    واتا : پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) چاكترین نموونه‌ی ڕێك و پێكی و سه‌رمه‌شقه‌ بۆتان .

    وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوایش ( صلی الله علیه وسلم ) له‌ حه‌جی ماڵئاواییدا فه‌رمووی : }خذوا عني مناسككم { ([2]).

    واتا : ڕێنومایی وچۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی مه‌ناسیك وئه‌ركان و واجباته‌كانی حه‌ج وعومره‌ له‌منه‌وه‌ وه‌ربگرن، وفێری ببن .

    بابه‌تێك : ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌چێت بۆ مه‌ككه‌ و نیه‌تی ئه‌نجامدانی حه‌ج وعومره‌ی نیه‌ :

    به‌ڵام ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌ مه‌به‌ستی له‌ چوون بۆ مه‌ككه‌ حه‌ج وعومره‌ نه‌بێت، وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ بازرگانی، یان بۆگه‌یاندنی پۆسته‌یه‌ك، بۆ هه‌ر گه‌شتێك ده‌چێت، ئه‌وا واجب نیه‌ كه‌ ئیحرام ببه‌ستێت، مه‌گه‌ر خۆی ئاره‌زوو بكات و حه‌زی له‌وه‌ بێت ئیحرام ببه‌ستێت، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی : } هن لهن ولمن أتى عليهن من غير أهلهن ممن أراد الحج والعمرة{ ([3]).

    واتا : ئه‌و جێگایانه‌ میقاتی ئه‌و شوێنانه‌ن كه‌ باسمان كردن، وه‌ میقاتی ئه‌و كه‌ســانه‌شن كه‌ خه‌ڵكی ئه‌و شوێنانه‌ نین و له‌وێوه‌ تێپه‌ڕ ده‌بن به‌ مه‌به‌ستی حه‌ج وعومره‌ .

    مه‌فهومی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌و جێگایانه‌وه‌ تێپه‌ڕی كرد و مه‌به‌ستی به‌جێهێنانی حه‌ج وعومره‌ نه‌بوو، ئه‌وا پێویست نیه‌ له‌سه‌ری ئیحرام ببه‌ستێت .

    ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ سۆز ومیهره‌‌بانیه‌كانی خوای گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر به‌نده‌كانی كه‌ كار ئاسانی بۆ كردوون داوای ئیحرام به‌ستنی لێ نه‌كردوون بۆ چوونه‌ مه‌ككه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت شوكر وسوپاسی خوای گه‌وره‌ بكه‌ین له‌سه‌ری، ئه‌وه‌شی كه‌ پشتگیری ئه‌مه‌ ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ئه‌و ساڵه‌ی كه‌ فه‌تحی مه‌ككه‌ی تێدا كرا وگه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌و شاره‌، ئیحرامی نه‌به‌ست، به‌ڵكو كاتێك چووه‌ ناو مه‌ككه‌وه‌ خوده‌یه‌كی له‌ زرێ دروستكراوی به‌سه‌ره‌وه‌ بوو، چونكه‌ له‌و سه‌فه‌ره‌یدا پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) نیه‌تی ئه‌نجامدانی حه‌ج یان عومره‌ی نه‌بووه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستی ڕزگار كردنی شاری مه‌ككه‌ و پاككردنه‌وه‌ی بوو له‌ شیرك وبت په‌رستی .

    بابه‌تێك : ئه‌و كه‌سانه‌ی ماڵیان له‌ پاش میقاته‌وه‌یه‌ له‌ڕووی مه‌ككه‌وه‌، ده‌بێت له‌كوێ نیه‌ت بهێنن وئیحرام ببه‌ستن ؟

    سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌یش كه‌ ماڵ وشوێنی نیشته‌جێ بوونیان له‌خوار جێگاكانی میقاته‌وه‌یه‌، وه‌ك شاری جده‌، وأم السلم، وبه‌حره‌، وشه‌رائع، وبه‌در، ومه‌ستوره‌، وجێگاكانی تر، ئه‌وه‌ دانیشتوانی ئه‌و شوێنانه‌ واجب نیه‌ له‌سه‌ریان بڕۆن بۆ یه‌كێك له‌و پێنج میقاته‌ی كه‌ باسمانكردن، به‌ڵكو ماڵه‌كه‌ی خۆی میقاته‌كه‌یه‌تی، وه‌ ئه‌گه‌ر وویستی حه‌ج یان عومره‌ بكات ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی نیه‌ت ده‌هێنێت ئیحرام ده‌به‌ستێت .

    بابه‌تێك : ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ماڵێكی له‌ پێش میقات وماڵیكی تریشی له‌دوای میقاته‌وه‌ هه‌یه‌، ئایا ده‌بێت له‌كوێ ئیحرام ببه‌ستێت ؟

    ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێك ماڵێكی هه‌بوو له‌و دیوو جێگاكانی میقاته‌وه‌، و ماڵێكی تر هه‌بوو له‌ پاش میقاته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ سه‌رپشكه‌ له‌وه‌ی كه‌ بڕواته‌وه‌ بۆ میقات بۆ ئیحرام به‌ستن، یان هه‌ر له‌و ماڵه‌ی كه‌ له‌ خوار میقاته‌وه‌یه‌ نیه‌تی خۆ بهێنێت وئیحرام ببه‌ستێت، به‌ به‌ڵگه‌ی گشتگیری ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی كه‌ عه‌بدوڵای كوڕی عه‌باس ( خوا له‌خۆی وباوكی ڕازی بێت ) ڕیوایه‌تی كردبوو، كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) پاش ئه‌وه‌ی كه‌ باسی میقات وجێگاكانی ئیحرام به‌ستنی كرد، فه‌رمووی : } ومن كان دون ذلك فمهله من أهله حتى أهل مكة يهلون من مكة { ([4]).

    واتا : ئه‌و كه‌سه‌شی كه‌ ماڵی له‌خوار ئه‌م میقاتانه‌وه‌ بێت له‌ڕووی مه‌ككه‌وه‌ نزیكتر بێت، ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ نیه‌ت ده‌هێنێت وئیحرام ده‌به‌ستێت، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی مه‌ككه‌ له‌ناو مه‌ككه‌وه‌ نیه‌ت ده‌هێنن وئیحرام ده‌به‌ستن .

    بابه‌تێك : ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ نیشته‌جێی مه‌ككه‌یه‌، یان حاجیه‌ وحه‌جی ته‌واو كردووه‌، ده‌بێت له‌كوێ ئیحرامی عومره‌ ببه‌ستێت ؟

    ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ماڵی له‌ سنوری حه‌ره‌مدایه‌ وده‌یه‌وێت عومره‌ بكات، ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ سنوری حه‌ره‌م بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ( حل ) وله‌وێ نیه‌ت بهێنێت وئیحرام ببه‌ستێت، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) كاتێك عایشه‌ی دایكی باوه‌ڕداران (خوای لێ رازی بێت) داوای لێكرد كه‌ عومره‌كه‌ی بكاته‌وه‌، پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) داوای كرد له‌ عه‌بدوڕه‌حمانی برای عائیشه‌، كه‌ له‌گه‌ڵیدا بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری حه‌ره‌م بۆ ( ته‌نعیم ) تاوه‌كو له‌وێ نیه‌ت بهێنێت وئیحرام ببه‌ستێت، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت عومره‌ بكات نابێت له‌ سنوری حه‌ره‌مدا نیه‌ت بهێنێت وئیحرام ببه‌ستێت، به‌ڵكو ده‌بێت بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری حه‌ره‌م بۆ ( حل ) .

    ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ش كه‌ باسمانكرد، فه‌رمووده‌ گشتگیره‌كه‌ی عه‌بدوڵای كوڕی عه‌باس تایبه‌ت ده‌كات به‌وه‌ی كه‌ مه‌به‌ست له‌ مانا ومه‌به‌ستی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی : } ومن كان دون ذلك فمهله من أهله حتى أهل مكة يهلون من مكة { { ([5]).

    واتا : ئه‌و كه‌سه‌شی كه‌ ماڵی له‌خوار ئه‌م میقاتانه‌وه‌ بێت له‌ڕووی مه‌ككه‌وه‌ نزیكتر بێت، ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ نیه‌ت ده‌هێنێت وئیحرام ده‌به‌ستێت، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی مه‌ككه‌ له‌ناو مه‌ككه‌وه‌ نیه‌ت ده‌هێنن وئیحرام ده‌به‌ستن .

    مه‌به‌ست پێی نیه‌ت هێنان و ئیحرام به‌ستنه‌ بۆ حه‌ج، نه‌ك عومره‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بهاتایه‌ دروست بوایه‌ له‌ سنوری حه‌ره‌مدا نیه‌ت بۆ عومره‌ بهێنرایه وئیحرام ببه‌سترایه‌، ئه‌وا پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) مۆله‌تی ده‌دا به‌ عائیشه‌ی دایكی باوه‌ڕداران ( خوای لێ ڕازی بێت ) كه‌ هه‌ر له‌ناو مه‌ككه‌وه‌ نیه‌ت بهێنێت وئیحرام ببه‌ستێت، و داوای لێ نه‌ده‌كرد كه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری حه‌ره‌م بۆ ( حل )، ئه‌مه‌ش زۆر ڕوون وئاشكرایه‌ وته‌ئویل هه‌ڵناگرێت، جمهوری زانایانیش ( ره‌حمه‌تی خوایان لێ بێت ) له‌سه‌ر ئه‌م ڕایه‌ن، چونكه‌ به‌ ئیحتیاط تره‌ بۆ باوه‌ردار، چونكه‌ كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ كاری به‌ هه‌ر‌دوو فه‌رمووده‌كه‌ كردووه‌، خوای گه‌وره‌ هه‌موو لایه‌ك سه‌ركه‌وتوو سه‌رفراز بكات .

    بابه‌تێك : زۆر ئه‌نجامدان ودووباره‌ كردنه‌وه‌ی عومره‌ له‌ لایه‌ن حاجیان وعومره‌كارانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ هاتوون وله‌ مه‌ككه‌ن :

    سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه‌هه‌ندێك خه‌ڵكی پاش حه‌ج كردن عومره‌ی زۆر ده‌كه‌ن، ‌بویه‌ ده‌چنه‌وه‌ بۆ ( ته‌ نعیم ) یان بۆ ( جه‌عرانه‌ ) یان بۆ غه‌یری ئه‌وانیش، ئه‌گه‌ر هاتوو پێش حه‌جه‌كه‌ی عومره‌ی كردبوو، ئه‌وا ئه‌م كاره‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی شه‌رعی بوونی له‌سه‌ر نیه‌، به‌ڵكو به‌ڵگه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن باشتر وایه‌ ئه‌گه‌ر پێش حه‌ج عومره‌ی كردبوو، پاش حه‌جكردن ئیتر عومره‌ی تر نه‌كاته‌وه‌، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) و هاوه‌ڵانی به‌رێزی ( خوایان لێ رازی بێت ) پاش ته‌واو بوون له‌ حه‌جكردن عومره‌ی تریان ئه‌نجام نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ته‌نها عائیشه‌ی دایكی باوه‌ڕداران ( خوای لێ ڕازی بێت ) ئه‌و كاره‌ی كردووه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا كاتێك هاته‌ ناو مه‌ككه‌وه‌ عومره‌ی نه‌كرد، چونكه‌ كه‌وتبوه‌ سوڕی مانگانه‌وه‌، بۆیه‌ داوی له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) كرد كه‌ مۆڵه‌تی بدات له‌بری ئه‌وه‌ی عومره‌ی كه‌ نیه‌تی ئیحرامی بۆ هێنا بوو له‌ میقات و نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا بیكات‌، عومره‌یه‌كی تر ئه‌نجام بدات، ئه‌وه‌ بوو پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) مۆله‌تی دا وعه‌بدوڕه‌حمانی برای له‌گه‌ڵدا نارده‌وه‌ بۆ ( ته‌نعیم ) تاوه‌كو له‌وێ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری حه‌ره‌م نیه‌ت بهێنێت وئیحرام ببه‌ستێت، به‌مه‌ش دوو عومره‌ی به‌ نسیب بوو، ئه‌و عومره‌یه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ حه‌جه‌كه‌ی بوو، ئه‌م عومره‌یه‌ش كه‌ به‌ته‌نها ئه‌نجامیدا، جا ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێك تووشی حاڵه‌تێكی له‌و شێوه‌یه‌ی عائیشه‌ی دایكی باوه‌ڕداران بێت ( خوای لێ ڕازی بێت ) ، ئه‌وه‌ هیچ كێشه‌ وگرفت نیه‌، ده‌توانێت پاش ته‌واو كردنی حه‌جه‌كه‌ی، عومره‌كه‌ی بكات، ئه‌ویش له‌ ژێر ڕوشنایی كار كردن به‌ به‌ڵگه‌ گشتگیره‌كان و فراوانكردنی مه‌جال له‌سه‌ر موسڵمانان .

    گومانی تێدا نیه‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی عومره‌ و سه‌رقاڵ بوونی حاجیان به‌ ئه‌نجامدانی عومره‌ی تره‌وه‌ دوای حه‌جه‌كه‌یان، جگه‌ له‌و عومره‌ی كه‌ سه‌ره‌تا هاتوون كردویانه‌، ده‌بێته‌ هۆی ناڕه‌حه‌تكردن وئه‌زیه‌ت وئازار بۆ هه‌مووان، و هكارێكیشه‌ بۆ دروست بوونی قه‌ره‌باڵه‌خی ودروست بوونی ڕووداوی نه‌خوازراو، له‌ هه‌مان كاتدا دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ عومرانه‌ جگه‌ له‌ عومره‌ی یه‌كه‌مجار، پێچه‌وانه‌ی سوننه‌ت وكرداری پێشه‌وامان پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ ( صلی الله علیه وسلم )، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) له‌ ته‌مه‌نیدا چوار عومره‌ی كردووه‌ له‌ چوار سه‌فه‌ری جیاجیادا، ئه‌گه‌ر كارێكی باش بوایه‌ بێگومان ڕێنومایی ئومه‌ته‌كه‌ی ده‌كرد، بۆیه‌ كه‌ نه‌یكردووه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خێر وچاكه‌ له‌وه‌دایه‌ شوێن سوننه‌ت وهه‌دی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) بكه‌وین، خوای گه‌وره‌ش زانا وشاره‌زاتره‌ .

    [ له‌ كۆتاییه‌وه‌ له‌خوای گه‌وره‌ ده‌پاڕێینه‌وه‌ حه‌جی حاجیانی هه‌موو جیهان گیرا بكات به‌ تایبه‌تی حاجیانی كوردستان، وه‌ حه‌جه‌كه‌یان بگێڕێت به‌ حه‌جێكی مه‌برور، كه‌ پاداشته‌كه‌ی لای خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان ته‌نها به‌هه‌شتی نه‌بڕواوه‌ و هه‌تا هه‌تاییه‌، خوایه‌ ئه‌م نزا وپاڕانه‌وه‌مان لێ گێرا بكه‌یت، اللهم امین یارب العالمین] وه‌رگێڕ .

    وصلی الله وسلم علی سیدنا محمد وعلی آله وصحبه وسلم .

    ([1]) بوخاری له‌ ( كتاب الحج، باب مهل أهل الشام ) به‌ فه‌رمووده‌ی ژماره‌ (1526)، وه‌ موسلیم له‌ ( كتاب الحج، باب مواقیت الحج والعمرة) به‌ فه‌رمووده‌ی ژماره‌ (1181) له‌ عه‌بدوڵای كوڕی عه‌باسه‌وه‌ ڕیوایه‌تیان كردووه‌ .

    ([2]) موسلیم له‌ ( كتاب الحج، باب استحباب رمي جمرة العقبة یوم النحر راكبا) به‌ فه‌رمووده‌ی ژماره‌ (1297) له‌ جابری كوڕی عه‌بدوڵای ڕیوایه‌تی كردووه‌ .

    ([3]) بوخاری له‌ ( كتاب الحج، باب مهل أهل الشام ) به‌ فه‌رمووده‌ی ژماره‌ (1526)، وه‌ موسلیم له‌ ( كتاب الحج، باب مواقیت الحج والعمرة) به‌ فه‌رمووده‌ی ژماره‌ (1181) له‌ عه‌بدوڵای كوڕی عه‌باسه‌وه‌ ڕیوایه‌تیان كردووه‌ .

    ([4]) بوخاری له‌ ( كتاب الحج، باب مهل أهل الشام ) به‌ فه‌رمووده‌ی ژماره‌ (1526)، وه‌ موسلیم له‌ ( كتاب الحج، باب مواقیت الحج والعمرة) به‌ فه‌رمووده‌ی ژماره‌ (1181) له‌ عه‌بدوڵای كوڕی عه‌باسه‌وه‌ ڕیوایه‌تیان كردووه‌ .

    ([5]) بوخاری له‌ ( كتاب الحج، باب مهل أهل الشام ) به‌ فه‌رمووده‌ی ژماره‌ (1526)، وه‌ موسلیم له‌ ( كتاب الحج، باب مواقیت الحج والعمرة) به‌ فه‌رمووده‌ی ژماره‌ (1181) له‌ عه‌بدوڵای كوڕی عه‌باسه‌وه‌ ڕیوایه‌تیان كردووه‌ .

    ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان