حه‌ج له‌ سه‌ر چ كه‌سێك واجب ده‌بێت ‌؟

وه‌سف كردن

خۆشه‌ویستان به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ی حه‌جي ماڵی خودا به‌چه‌ند مه‌رجێك واجب ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێك ئه‌و مه‌رجانه‌ش بریتین له‌: موسڵمان بوون،عاقڵ بوون،باڵغ بوون،ئازادى...

Download

وه‌صفی فراوان

 

حه‌ج له‌ سه‌ر چ كه‌سێك واجب ده‌بێت ‌؟

 

 

سوپاس و ستایش بۆ خوای به‌ده‌سه‌ڵات و كاروبه‌جێ و درود وڕه‌حمه‌تی نه‌بڕاوه‌ش بۆ سه‌ر محمد المصطفی و ئه‌هل وبه‌یت وسه‌رجه‌م هاوه‌ڵ وشوێنكه‌وتوانی هه‌تا ڕۆژووی دوایی .

 خۆشه‌ویستان به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ی حه‌جي ماڵی خودا به‌چه‌ند مه‌رجێك واجب ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێك ئه‌و مه‌رجانه‌ش بریتین له‌ :

1ـ موسڵمان بوون: حه‌ج له‌سه‌ر كه‌سی ناموسڵمان واجب نییه‌ و داواي لێ ناكرێت كه‌ ئه‌نجامی بدات، چونكه‌ حه‌ج له‌و په‌رستشانه‌یه‌ موسڵمان بوون مه‌رجه‌ بۆ دروستى ئه‌و په‌رستشه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ بناغه‌ وئه‌صڵی هه‌موو كاروكرده‌وه‌یه‌كی خێر وچاكه‌یه‌ له‌ ئیسلامدا ...

2ـ عاقڵ بوون: كه‌سێك شێت بێت حه‌جى له‌سه‌ر نییه‌، چونكه‌ جیاوازى ناكات له‌نێوان چاك و خراپدا وه‌ كه‌سێك خوا عه‌قڵى لێ سه‌نده‌وه‌ واجبه‌كانى له‌سه‌ر نامێنێت و به‌رپرسیارێتى په‌یوه‌سته‌ به‌ عه‌قڵه‌وه‌.

3ـ باڵغ بوون: حه‌ج له‌سه‌ر كه‌سی ناباڵغ واجب نییه‌، چونكه‌ منداڵ داواى حه‌ج و په‌رستشه‌كانى ترى لێ ناكرێت ئه‌ویش به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ری خودا ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی: « رُفِعَ الْقَلَمُ عَنْ ثَلاَثَةٍ عَنِ النَّائِمِ حَتَّى يَسْتَيْقِظَ وَعَنِ الصبي حَتَّى يَحْتَلِمَ وَعَنِ الْمَجْنُونِ حَتَّى يَفيق » {رواه أحمد و أبو داود والنسائي } واته‌ : (قه‌ڵه‌مى تاوان له‌سه‌ر سێ كه‌س هه‌ڵگیراوه‌ له‌سه‌ر خه‌وتوو هه‌تا له‌و خه‌و هه‌ڵده‌سێت و له‌سه‌ر منداڵ هه‌تا باڵغ ده‌بێت و له‌سه‌ر شێت هه‌تا چاك ده‌بێته‌وه‌).

4ـ ئازادى: ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ كۆیله‌ نه‌بێت چونكه‌ كۆیله‌ ماڵى نییه‌ به‌ڵكو خۆشى هى خاوه‌نه‌كه‌یه‌تى .

5ـ رێگا ترسى تێدا نه‌بێت: ئه‌گه‌ر موسڵمان ترسى دوژمنى هه‌بوو بۆ گیانى یاسامانى یا رێگا ترسى هه‌بوو به‌هۆى جه‌نگ و جه‌رده‌ و ڕێگره‌وه‌ ئه‌وه‌ حه‌ج واجب نییه‌ له‌سه‌رى، چونكه‌ تووشى زه‌ره‌ر و زیان ده‌بێت قورئانیش ده‌فه‌رموێت : (وَأَنفِقُواْ فِي سَبِيلِ اللّهِ وَلاَ تُلْقُواْ بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ وَأَحْسِنُوَاْ إِنَّ اللّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ) { البقرة : ١٩٥} واته‌ : له‌ ڕێ و ڕێبازی خــوادا بۆ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ماڵ و سامانتان ببه‌خشن، به‌ده‌ستی خۆتان، خۆتان به‌ره‌و تیاچوون مه‌به‌ن (چونكه‌ ڕه‌زیلی و ده‌ست نوقاوی مایه‌ی تیاچوونه‌)، هه‌میشه‌ خێرو چاكه‌ ئه‌نجام بده‌ن و چاكه‌خواز بن و (ماڵ و سامانتان له‌ پێناوی خوادا ببه‌خشن) چونكه‌ به‌ڕاستی خوا ئه‌و چاكه‌ كارانه‌ی خۆشده‌وێت.  

به‌گشتى ئایه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت نابێت ئاده‌میزاد به‌ده‌ستى خۆى خۆى تووشى ئه‌زێتو زیان بكات.

6ـ توانای هه‌بێت : خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (ولِلّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلاً) {آل عمران: ٩٧} واته‌: خوا حه‌جی كه‌عبه‌ی بڕیارداوه‌ له‌سه‌ر مه‌ردم، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی توانای رێگای هه‌بێ .

 عَنِ ابْنِ عُمَرَ قَالَ جَاءَ رَجُلٌ إِلَى النَّبِىِّ ( صلی الله علیه وسلم )  فَقَالَ يَا رَسُولَ اللَّهِ مَا يُوجِبُ الْحَجَّ قَالَ « الزَّادُ وَالرَّاحِلَةُ» { رواه الترمذي وقال حديث حسن } واته‌ : عه‌بدوڵڵاى كورِى عومه‌ر ره‌زاى خوایان لێ بێت ده‌ڵێت: پیاوێك هاته‌ خزمه‌تى پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم ) ووتى: ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا چى حه‌ج واجب ده‌كات؟ فه‌رموى: تۆێشوو و وڵاخى سوارى) تۆیشوو وه‌ڵاخ ماناى تواناكه‌یه‌ كه‌ له‌ قورئاندا هاتووه‌ بۆ حه‌ج كردن .

توانا به‌چى ده‌بێت؟ توانا به‌وه‌ ده‌بێت مرۆڤ ئه‌وه‌نده‌ سامانى هه‌بێت بۆ رۆشتن و گه‌رِانه‌وه‌ به‌شى بكات وه‌ده‌بێت ئه‌م سامانه‌ زیاد بێت له‌ مه‌سره‌فى خۆى و خێزانى و قه‌رزارى- ئه‌گه‌ر قه‌رزار بوو- وه‌ توانا بوونیش دوو جۆره ‌:

يه‌كه‌م :  توانابوونى راسته‌وخۆ: ئه‌و كه‌سه‌ى خۆى بتوانێت حه‌ج بكات و له‌ش ساغ بێت تواناى سه‌فه‌رى حه‌ج و به‌جێهێنانى ئه‌ركه‌كانى هه‌بێت به‌بێ ئه‌وه‌ى زه‌ره‌ر و زیانێكى وا لێ بكه‌وێت له‌توانایدا نه‌بێت.

دووه‌م : توانابوونى ناراسته‌وخۆ : ئه‌وه‌یه‌ سامانى هه‌بێت بۆ حه‌جكردن كه‌ كه‌سێكى تر حه‌جى بۆ بكات خۆى له‌ ژیاندا بێت كاتێك كه‌ خۆى له‌به‌ر نه‌خۆشى یا پیرى نه‌توانىَ حه‌ج بكات یا پاش مردنى بێت.

هيوادارین مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ و پاشان سوود به‌خشیش بووبێت بۆ هه‌مموان ...

وصلی الله وسلم علی نبینا محمد وعلی آله وصحبه وسلم

ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان