خۆشه‌ویستی دایك بۆ رِۆڵه‌كانی بێ به‌رامبه‌ره‌

وه‌سف كردن

به‌ پێنوسی: پارێزه‌ر ساڵح سه‌عید
دایك ئه‌و وشه‌یه‌ی كه‌ جوانترین و ناسكترین وشه‌یه‌كه‌ له‌ ژیانی مرۆڤایه‌تیدا، كه‌ له‌ نێوان دوو لێودا ده‌رده‌چێت، وشه‌یه‌ك كه‌ پرِ به‌ مانای خۆی پرِه‌ له‌ خۆشه‌ویستی و سۆز...
ئه‌م بابه‌ته‌ باسی كورته‌ حیوارێك له‌ نێوان دایك وكورِێكدا ده‌خه‌مه‌ به‌ردیده‌ی خوێنه‌ران تاكو بزانین دایك كێ یه‌ و چۆن سه‌یری جگه‌رگۆشه‌كانی ده‌كات...

وه‌صفی فراوان

 

خۆشه‌ویستی دایك بۆ رِۆڵه‌كانی بێ به‌رامبه‌ره‌ !!

                    

 

دایك ئه‌و وشه‌یه‌ی كه‌ جوانترین و ناسكترین وشه‌یه‌كه‌ له‌ ژیانی مرۆڤایه‌تیدا ، كه‌ له‌ نێوان دوو لێودا ده‌رده‌چێت ، وشه‌یه‌ك كه‌ پرِ به‌ مانای خۆی پرِه‌ له‌ خۆشه‌ویستی و سۆز ، دایك ئه‌و كائینه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ باس له‌ ئێش و ژانه‌كانی ده‌كات كه‌ له‌ ئه‌نجامی منداڵ بوونێكدا دووچاری ده‌بێت ، دایك ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ری نازدار درودی خوای له‌ سه‌ر بێ  فه‌رمان ده‌كات كه‌ زۆر چاك بین له‌ گه‌ڵیدا به‌ شێوه‌یه‌ك رِه‌زامه‌ندی خوا وابه‌سته‌یه‌ به‌ رِه‌زامه‌ندی ئه‌وه‌وه‌ ، وه‌ كاتێك هاوه‌ڵێك پرسیاری لێ ده‌كات چ كه‌سێ شایسته‌یه‌ من چاكه‌ی له‌ گه‌ڵدا بكه‌م سێ جار دووباره‌ی كرده‌وه‌ له‌ گه‌ڵ دووباره‌ پرسیاره‌كدنی هاوه‌ڵه‌كه‌ فه‌رمووی دایكت ، ئینجا چواره‌م جار فه‌رمووی باوك ، دایك كه‌ به‌هه‌شت له‌ژێر پێی ئه‌ودایه‌ هه‌روه‌ك سه‌روه‌رمان ده‌فه‌رموێت ،ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌سێك دایكی لێی رِازی نه‌بێت شایسته‌ی به‌هه‌شت نیه‌ ، ئه‌فسوس كه‌سانێك هه‌ن قه‌دری ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ به‌نرخ و پرِ بایه‌خه‌ نازانن ، حه‌یف بۆ ئه‌و دایكانه‌ی له‌ سه‌ر جاده‌و كۆڵانه‌كان ده‌یانبینین سواڵ ده‌كه‌ن و كه‌سێك نیه‌ لایان لێ بكاته‌وه‌ ، له‌ كاتێكدا له‌وانه‌یه‌ زۆرێك له‌وان كورِو كچیان هه‌بێت و نه‌چن به‌ ده‌میانه‌وه‌ !!!لێره‌دا كورته‌ حیوارێك له‌ نێوان دایك وكورِێكدا ده‌خه‌مه‌ به‌ردیده‌ی خوێنه‌ران تاكو بزانین دایك كێ یه‌ و چۆن سه‌یری جگه‌رگۆشه‌كانی ده‌كات :

له‌ وڵاتی سعودیه‌ كورِێك داوای برِێك پاره‌ى سعودی كه‌ بریتیه‌ له‌ (200) رِیاڵ له‌ دایكی ده‌كات به‌ڵام بێ ئاگاداری باوكی چونكه‌ پاره‌ى هه‌فتانه‌كه‌ی ته‌واو بوو بوو !

به‌ڵام دایكی داواكه‌ی به‌جێ نه‌هێنا چونكه‌ ده‌یزانی كه‌ ده‌یدا به‌ یاری ڤیدیۆیی و شیرینی ، هه‌ر بۆیه‌ كورِه‌كه‌ زۆر توورِه‌ بوو  به‌رامبه‌ر ئه‌و سته‌مه‌ی لێیی كرابوو، به‌ بۆچوونی ئه‌و ، ئێواره‌ كاتێك دایكی له‌ چێشتخانه‌بوو ،خواردنی ئێواره‌ی ساز ده‌كرد ،كورِه‌  له‌ به‌رده‌م دایكیدا وه‌ستاو پارچه‌ كاغه‌زێكی دایه‌ ده‌ستی كه‌ پێشتر ئاماده‌ی كردبوو ،دایكیشی دوای وشك كردنه‌وه‌ی ده‌ستی پارچه‌ كاغه‌زه‌كه‌ی لێ وه‌رگرت و ده‌ستی كرد به‌ خوێندنه‌وه‌ی ، بینی تایدا نووسراوه‌ :

1.      نرخی پاكژ كردنه‌وه‌ی ژووره‌كه‌م بۆ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ =70 رِیاڵ .

2.      نرخی رِۆیشتنم له‌ جێگه‌ی تۆ بۆ بازارِ=20رِیاڵ .

3.      نرخی یاریكردن له‌ گه‌ڵ برا بچووكه‌كه‌م = 20رِیاڵ .

4.      نرخی یارمه‌تیدانت له‌ پاككردنه‌وه‌ی ماڵدا = 20رِیاڵ .

5.      نرخی به‌ده‌ست هێنانی پله‌ی نایاب له‌ قوتابخانه‌ =70 رِیاڵ .

           وه‌ كۆی هه‌مووی = 200رِیاڵ .

(وفوا الأجير حقه قبل أن یجف عرقه )، واته‌:كرێی كرێكار بده‌ن پێش وشكبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌قه‌كه‌ی .

دایكه‌كه‌ به‌ سۆز و خۆشه‌ویستی و زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌  سه‌یرێكی كورِه‌كه‌ی كرد كه‌ له‌ به‌رده‌میدا وه‌ستابوو ، پارچه‌ كاغه‌كه‌ی هه‌ڵگێرِایه‌وه‌ بۆ ئه‌و دیو و نووسی :

1.      نرخی هه‌ڵگرتنت له‌ رِه‌حمم دا بۆ ماوه‌ی نۆ مانگ = بێ به‌رامبه‌ر .

2.      نرخی ئه‌و شیره‌ خاوێن و بێ گرفته‌ی 20 مانگ پێم دای = بێ به‌رامبه‌ر.

3.      نرخی گۆرِینی دایبی و پاك كردنه‌وه‌ت بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ = بێ به‌رامبه‌ر.

4.      نرخی شه‌ونخونی هه‌موو شه‌وه‌كان له‌ كاتی نه‌خۆشی و ئازاره‌كانتدا له‌ پێناوی چاره‌سه‌ركردنت = بێ به‌رامبه‌ر.

5.      نرخی هه‌موو ماندووبوون و فرمێسكه‌كانم كه‌ تۆ هۆكار بوویت به‌ درێژایی هه‌موو ساڵه‌كانى ته‌مه‌نت = بێ به‌رامبه‌ر.

6.      نرخی شه‌ونخونی و له‌ خه‌وزرانی ساڵانی منداڵی و دڵه‌ خورپه‌كان به‌ هۆی تۆوه‌ = بێ به‌رامبه‌ر.

7.      نرخی یاریه‌كان و خواردن و جل وبه‌رگه‌كانت هه‌تا ئه‌مرِۆ = بێ به‌رامبه‌ر .

كورِه‌كه‌م : كاتێك هه‌موو ئه‌وانه‌ كۆده‌كه‌یته‌وه‌، نرخی خۆشه‌ویستیم بۆ تۆ بێ به‌رامبه‌ر ..

كاتێك كورِه‌كه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی په‌یڤه‌كه‌ی دایكی بوویه‌وه‌ چاوه‌كانی پرِ بوو له‌ ئه‌سرین و وتی :

دایكه‌ گیان داوای لێبووردنت لێده‌كه‌م و گه‌ردنم ئازاد بكه‌، زۆرم خۆش ده‌وێیت !

 پاشان پێنووسه‌كه‌ی گرت به‌ ده‌ستیه‌وه‌ وبه‌ خه‌تێكی نووسی :

قه‌رزێك هه‌رگیز ناتوانرێ بدرێته‌وه‌ !!!!

  ببه‌خشه‌و داوا مه‌كه‌، به‌تایبه‌تی له‌ گه‌ڵ دایك و باوكدا جگه‌ له‌ پاره‌ زۆر شتی تر هه‌یه‌ ده‌توانی پێ یان ببه‌خشی ...

ئامۆژگاری:

ئه‌گه‌ر دایكت زیندووه‌و نزیكه‌ لێت ده‌ستی ماچ بكه‌و داوای لێبووردنی لێ بكه‌ ، وه‌ ئه‌گه‌ر دووره‌ ته‌له‌فۆنی بۆ بكه‌و هه‌واڵی بپرسه‌ ، ئه‌گه‌ر كۆچی دوایی كردووه‌ نزای خێری بۆ بكه‌و بڵێ: خوایه‌ رِه‌حمی پێ بكه‌ ..

 

 

ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان