ئادابی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كاندا

وه‌سف كردن

ئاماده‌كردنی: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌
نه‌وه‌كان به‌رهه‌مى ژیان و بیلبیله‌ى چاو و سه‌رتوێژى ته‌مه‌نن، به‌وانه‌وه‌ ژیان خۆش و شیرینه‌، مایه‌ى هیواو ئاواتن، به‌ فه‌رِ و به‌ره‌كه‌تیان رۆزى زیاد ده‌كات و سۆز و به‌زه‌یى داده‌به‌زێت و پاداشتى خواى گه‌وره‌ چه‌ندجاره‌ ده‌بێته‌وه‌...

وه‌صفی فراوان

 

ئادابی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كاندا

 

 

- نه‌وه‌كان به‌رهه‌مى ژیان و بیلبیله‌ى چاو و سه‌رتوێژى ته‌مه‌نن، به‌وانه‌وه‌ ژیان خۆش و شیرینه‌، مایه‌ى هیواو ئاواتن، به‌ فه‌رِ و به‌ره‌كه‌تیان رۆزى زیاد ده‌كات و سۆز و به‌زه‌یى داده‌به‌زێت و پاداشتى خواى گه‌وره‌ چه‌ندجاره‌ ده‌بێته‌وه‌.

-  ئه‌ركى سه‌ره‌كى دایك و باوكه‌ به‌ چاكترین شێوه‌ منداڵه‌كانیان په‌روه‌رده‌ بكه‌ن، په‌روه‌رده‌یه‌ك له‌میانه‌ى قورئان و سوننه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت و، تۆوى خێر و چاكه‌ و چاكه‌خوازییان تێدا برِوێنرێت، تا ببنه‌ فاكته‌رێك بۆ حه‌سانه‌وه‌ى دایك و باوك و، هاوڵاتییه‌كى چاك و خێرخواز له‌نێو كۆمه‌ڵگادا.

 گه‌ر سیفات و سیماى چاكه‌ له‌ نه‌وه‌كاندا به‌رجه‌سته‌ بكرێن، ئه‌وكات ده‌بنه‌ مایه‌ى جوانى و رازاوه‌یى ژیانى دونیا، هه‌روه‌كو خواى گه‌وره‌ له‌ قورئانى پیرۆزدا فه‌رمویه‌تى: {الْمَالُ وَالْبَنُونَ زِينَةُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا}الكهف/46. واته‌: ماڵ و سامان و كورِ و كاڵ، جوانى و زینه‌تى ژیانى دونیان.

- هه‌ر له‌م سۆنگه‌وه‌ پێغه‌مبه‌رى ئازیز( صلی الله علیه وسلم ) نزاى خێرى بۆ خۆشه‌ویستان واكردوه‌، كه‌ خواى گه‌وره‌ فه‌رِ و به‌ره‌كه‌ت بخاته‌ ماڵ و نه‌وه‌كانیانه‌وه‌، (اللهم اكثر ماله وولده وبارك له) رواه‌ البخاری ومسلم.

- به‌ڵام گه‌ر دایك و باوك كه‌مته‌رخه‌م و بێ ئاگا بوون له‌ په‌روه‌رده‌كردن و رێنمایى كردنى نه‌وه‌كانیان، به‌ره‌و خواناسى و چاكه‌كردن، ئه‌وا منداڵه‌كانیان ده‌بنه‌ مایه‌ى به‌ڵاو خه‌م و په‌ژاره‌و ئازار بۆیان، له‌ شه‌ونخونى شه‌و و ماندویه‌تى رۆژ به‌ولاوه‌ هیچ به‌رهه‌مێكى تریان نابێت و ره‌نج به‌خه‌سار ده‌بن.

-  مسوڵمانى ژیر و هوشیار ده‌رك به‌ به‌رپرسیارێتى سه‌رشانى ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌ نه‌وه‌كانى و، چاك له‌و ئایه‌ته‌ قورئانیه‌ تێ ده‌گات كه‌ خواى گه‌وره‌ فه‌رمویه‌تى: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا قُوا أَنْفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ} التحریم/6. واته‌: ئه‌ى ئه‌وانه‌ى كه‌ باوه‌رِتان هێناوه‌، خۆتان و كه‌سوكارتان بپارێزن له‌ ئاگرێك كه‌ سوته‌مه‌نیه‌كه‌ى خه‌ڵك و به‌رده‌.

ئه‌مه‌ش به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى گه‌وره‌یه‌ كه‌وتۆته‌ ئه‌ستۆى دایك و باوك به‌رامبه‌ر به‌ نه‌وه‌كانیان و، په‌روه‌رده‌كردنیان به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كى ئیسلامى دروست و راسته‌قینه‌ و، پێگه‌یاندنیان به‌ پێگه‌یاندنێكى چاك و دروست له‌سه‌ر بنه‌ماى ره‌وشته‌ باڵاكان، هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ئاگادارى كردوینه‌ته‌وه‌و فه‌رمویه‌تى: (إنما بُعثت لأتمم مكارم الأخلاق). به‌ واتاى: په‌روه‌ردگار بۆ ئه‌وه‌ ناردوومى تا ره‌وشته‌ به‌رزو باڵاكان ته‌واو بكه‌م.

دواى ئه‌م ده‌ستپێكه‌ ، له‌ چه‌ند خاڵێكدا به‌كورتى ئاداب و شێوازى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كاندا ده‌خه‌ینه‌ روو:

یه‌كه‌م/ فێركردن و راهێنانى منداڵان له‌سه‌ر نوێژكردن و پابه‌ندبوون پێوه‌ى:

هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رمویه‌تى: (مروا أولادكم بالصلاة‌، وهم أبناء سبع سنین، واضربوهم علیها وهم أبناء عشرٍ)  رواه‌ احمد وابوداود واسناده‌ حسن. واته‌: فه‌رمان به‌ منداڵه‌كانتان بكه‌ن به‌نوێژكردن كه‌ ته‌مه‌نیان ده‌گاته‌ حه‌وت ساڵان و، لێیان بده‌ن گه‌ر گه‌یشتنه‌ ده‌ ساڵان و نوێژیان نه‌كرد. مه‌به‌ستیش له‌ لێدان ئامۆژگارى و وریاكردنه‌وه‌یه‌ نه‌ك سزاو ئازاردان.

هه‌ر ماڵێك گوێبیستى ئه‌م فه‌رموده‌ بێت و فه‌رمان به‌ منداڵه‌كانى نه‌كات به‌ نوێژكردن كاتێك ده‌گه‌نه‌ ته‌مه‌نى حه‌وت ساڵان و لێیان نه‌دات كاتێك ده‌گه‌نه‌ ته‌مه‌نى ده‌ ساڵان و نوێژ ناكه‌ن، ئه‌وا ئه‌و دایك و باوكه‌ كه‌مته‌رخه‌م و گوناهبارن به‌رامبه‌ر به‌ خواى گه‌وره‌.

جێگای ئاماژه‌یه‌ وشه‌ی ( ضرب ) چه‌ندین واتاو راڤه‌ له‌خۆده‌گرێت له‌نێویاندا وشه‌ی ( ضرب ) لێره‌دا مه‌به‌ست لێدان نییه‌ به‌ڵكو بردنی منداڵه‌كانه‌ بۆ مزگه‌وت به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی نوێژكردن .

دووه‌م/ به‌كارهێنانى باشترین شێواز و میكانیزم بۆ په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنى نه‌وه‌كان : له‌بوارى عه‌قیده‌ى ئیسلامى و خواپه‌رستى و ئاداب و ره‌وشته‌ ئیسلامیه‌كان، به‌شێوازێك ره‌چاوى ئاستى ته‌مه‌ن و ژیرییان بكرێت.

سێیه‌م/ ده‌ربرِینى سۆز و خۆشه‌ویستى بۆیان:

یه‌كێك له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى دایكایه‌تى و باوكایه‌تى ئه‌وه‌یه‌ وا منداڵه‌كانیان رابێنن، تا منداڵه‌كان هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ دایك و باوك سۆز و خۆشه‌ویستى بێ ئه‌ندازه‌ی بۆیان هه‌یه‌، به‌و شێوازه‌ نه‌وه‌كان له‌رووى ده‌روونیه‌وه‌ به‌چاكى پىێ ده‌گه‌ن و دڵ و ده‌رونیان ئاوه‌دان ده‌بێت و هیواو ئاوات له‌ خه‌یاڵ و هه‌ست و نه‌ستیاندا چه‌كه‌ره‌ ده‌كات.

سۆز و به‌زه‌یى و خۆشه‌ویستى ره‌وشتێكى ئیسلامى ره‌سه‌نه‌و یه‌كێكه‌ له‌ ره‌وشته‌ باڵاكانى پێغه‌مبه‌رى ئه‌كره‌م، (علیه الصلاه‌ والسلام). هه‌روه‌ك ئه‌نه‌س خواى لێ رازى بێت، بۆمان ده‌گێرِێته‌وه‌و ده‌ڵێت: (ما رأيت أحدا كان ارحم بالعیال من رسول الله( صلی الله علیه وسلم )، قال: كان إبراهيم مسترضعة‌ له في عوالي المدينة‌، فكان ینطلق ونحن معه، فیدخل البیت، فأخذه فیقبله ثم یرجع) رواه‌ مسلم. به‌واتاى: كه‌سم نه‌بینیوه‌ هێنده‌ى پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم ) به‌سۆز و به‌زه‌یى بێت به‌رامبه‌ر به‌ منداڵان، وتى: ئیبراهیم شیره‌خۆره‌بوو لاى یه‌كێك له‌ خێزانه‌كانى مه‌دینه‌، پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله علیه وسلم ) ده‌رِۆشت و ئێمه‌شى له‌گه‌ڵدا بوو، ده‌چووه‌ ژوره‌وه‌و هه‌ڵى ده‌گرت و ماچى ده‌كرد و ئینجا ده‌گه‌رِایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رمویه‌تى: (لیس منا من لم یرحم صغیرنا ویعرف حق كبیرنا) متفق علیه‌. به‌واتاى: له‌ ئێمه‌ نیه‌ ئه‌وه‌ى به‌زه‌یى به‌ بچوكماندا نه‌یه‌ته‌وه‌و مافى گه‌وره‌مان نه‌زانێت.

له‌ ئه‌بوهوره‌یره‌وه‌ ریوایه‌ت كراوه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا(صلی الله علیه وسلم ) ، حه‌سه‌نى كورِى عه‌لى، )خوایان لێ رازى بێت(، ماچ ده‌كرد، ئه‌قره‌عى كورِى حابس وتى: (إن لي عشره‌ من الولد ما قبلت منهم أحدا، فقال رسول الله صلی الله علیه وسلم : من لا یرحم لا یرحم ) متفق علیه‌. به‌واتاى: من ده‌ منداڵم هه‌یه‌، كه‌سیانم ماچ نه‌كردوه‌، پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رمووى: ئه‌وه‌ى به‌به‌زه‌یى نه‌بێت به‌زه‌یى پێ ناكرێت.

چواره‌م/ دابینكردنى خه‌رجى و پێداویستیه‌كان:

ئایینى پیرۆزى ئیسلام ته‌نها به‌ سۆز و خۆشه‌ویستى فیترى دایك و باوك بۆ نه‌وه‌كانى وازناهێنێت، به‌ڵكو ئه‌ركى دایك و باوكه‌ پێداویستى و خه‌رجى نه‌وه‌كانیان دابین بكه‌ن به‌پێى توانایان، هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌رى خوا)صلی الله‌ علیه وسلم ) ده‌فه‌رموێت: (إذا انفق الرجل على أهله نفقة یحتسبها فهي له صدقة‌) متفق علیه‌. به‌واتاى: ئه‌گه‌ر پیاوێك خه‌رجیى خانه‌واده‌كه‌ى بكێشێت و مه‌به‌ستى ره‌زامه‌ندى خواى گه‌وره‌ بێت، ئه‌وه‌ به‌ سه‌ده‌قه‌ بۆى ده‌ژمێردرێت.

له‌روانگه‌ى ئایینى پیرۆزى ئیسلامه‌وه‌ خه‌رج كردن و دابینكردنى پێداویستى ماڵ و منداڵ چاكترین جۆرى خه‌رجكردنه‌و پاداشتێكى زۆر و نه‌برِاوه‌ى هه‌یه‌ لاى خواى گه‌وره‌، هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رمویه‌تى: (دینار أنفقته فی سبیل الله، ودینار أنفقته في رقبة‌، ودینار تصدقت به على مسكین، ودینار أنفقته على اهلك، أعظمها أجرا الذي أنفقته على اهلك) رواه‌ مسلم. به‌واتاى: دینارێك له‌رێى خوا بیبه‌خشیت، دینارێك له‌ ئازادكردنى كۆیله‌یه‌ك ببه‌خشیت، دینارێك به‌ هه‌ژارێكت به‌خشیوه‌، دینارێك له‌ خانه‌واده‌كه‌تدا خه‌رج كردبێت، ئه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین پاداشتى هه‌یه‌ لاى خواى گه‌وره‌ ئه‌و دیناره‌یه‌ كه‌ بۆ خانه‌واده‌كه‌ت خه‌رج كردووه‌.

مسوڵمانى دامه‌زراو و راستگۆ ناتوانێت واز له‌خانه‌واده‌كه‌ى بهێنێت تا له‌نێو ده‌ستكورتى و فه‌وتاندا بژین، چونكه‌ گوێبیستى فه‌رموده‌ى پێغه‌مبه‌ره‌ ( صلی الله علیه وسلم ) كه‌ هه‌رِه‌شه‌ له‌و پیاوانه‌ ده‌كات كه‌ كه‌مته‌رخه‌من به‌رامبه‌ر خانه‌واده‌كانیان و هه‌رِه‌شه‌ى توندیان لێ ده‌كات و ده‌فه‌رموێت: (كفى بالمرء إثما أن یضیع من یقوت) رواه مسلم وابوداود. به‌واتاى: ئه‌وه‌نده‌ تاوان به‌سه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى خه‌رجییان له‌سه‌رێتى به‌زایه‌ بدات و خۆراك و پێداویستییان بۆ دابین نه‌كات.

پێنجه‌م/ جیاوازى نه‌كردن له‌رووى سۆز و خۆشه‌ویستى و خه‌رجكردنه‌وه‌:

ئایینى پیرۆزى ئیسلام پاداشتێكى گه‌وره‌ى بۆ باوك داناوه‌ له‌ به‌خێوكردنى نه‌وه‌كانیاندا، به‌تایبه‌ت به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردنى كچان، تا ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ى باوكان ئه‌وه‌ بخوازن حه‌ز بكه‌ن خواى گه‌وره‌ كچیان پێ ببه‌خشێت، چونكه‌ له‌و فه‌رموده‌ى پێغه‌مبه‌ر به‌ چاكى گه‌یشتون كه‌ ده‌فه‌رموێت: (من كان له ثلاث بنات، فصبر علیهن، وأطعمهن وسقاهن وكساهن من جدته، كن له حجابا من النار یوم القیامة‌)) رواه‌ احمد فی مسنده‌ باسناد ێحیح، به‌ واتاى: هه‌ركه‌سێك سێ كچى هه‌بێت، ئارامیان له‌سه‌ر بگرێت، به‌كۆشش و ماندوبوونى خۆى خۆراك و خواردنه‌وه‌و پۆشاكیان بۆ دابین بكات، ده‌بنه‌ به‌ربه‌ست له‌ ئاگر بۆى له‌ رۆژى قیامه‌تدا. له‌ ریوایه‌تێكى تردا فه‌رمویه‌تى: (من كان له ثلاث بنات یؤویهن ویكفیهن ویرحمهن، فقد وجبت له الجنة‌ البتة‌)، فقال رجل من بعض قوم: وابنتین یا رسول الله؟ قال: وابنتین)

دواى ئه‌م فه‌رمودانه‌، چ باوكێك دڵته‌نگ و بێ تاقه‌ت ده‌بێت كه‌ خواى گه‌وره‌ كچى پێ به‌خشیوه‌، له‌كاتێكدا په‌روه‌رده‌كردن و به‌خێوكردنى كچان ئه‌و هه‌موو پاداشته‌ گه‌وره‌و نه‌برِاوه‌ى هه‌یه‌ لاى خواى گه‌وره‌و، ده‌بێته‌ مایه‌ى پاراستن له‌ ئاگرى دۆزه‌خ.

شه‌شه‌م/ چاودێری:

پێویسته‌ دایكان و باوكان چاودێرى نه‌وه‌كانیان بكه‌ن له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژیاندا، له‌بوارى خوێندن و خوێندنه‌وه‌، حه‌ز و ئاره‌زوه‌كانیان، ناسینى هاوه‌ڵ و هاورِێكانیان، به‌سه‌ربردنى كات، به‌شێوازێك چاودێرییان بكه‌ن كه‌ هه‌ستى پێ نه‌كه‌ن، به‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى توشى لادان و هه‌ڵه‌و كه‌موكورتى نه‌بن، پێویسته‌ دایك و باوك رۆڵى كارا ببینن له‌ پێكهێنانى نه‌وه‌كانیانداو، پلان و به‌رنامه‌ى دروستیان بۆ دابنێن، تا خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كى دامه‌زراو و ره‌وشتێكى به‌رز و هه‌ڵسوكه‌وتێكى جوان بن، به‌رده‌وام هه‌وڵى ئه‌وه‌ بده‌ن حه‌ز و ئاره‌زوه‌كانیان به‌ ئاراسته‌یه‌كدا ببه‌ن كه‌ ببێته‌ مایه‌ى په‌ره‌پێدانى لایه‌نى خێر و چاكه‌ له‌ ده‌رونیان و كوژانه‌وه‌ى پشكۆى گوناه و تاوان له‌ دڵ و ده‌رونیاندا. گه‌ر باوكان وایان نه‌كرد، ئه‌وا منداڵه‌كانیان توشى لادان و خراپه‌كارى ده‌بن و ده‌بنه‌ دوژمن و نه‌یار بۆیان، هه‌روه‌ك خواى گه‌وره‌ له‌ قورئانى پیرۆزدا فه‌رمویه‌تى: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا إِنَّ مِنْ أَزْوَاجِكُمْ وَأَوْلَادِكُمْ عَدُوًّا لَكُمْ فَاحْذَرُوهُمْ} التغابن/14. واته‌: به‌راستى هه‌ندێ له‌ ژنان و منداڵانتان دوژمنى ئێوه‌ن، جا خۆتانیان لێ بپارێزن.

حه‌وته‌م/ به‌یه‌كسانى ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن:

شێوازى په‌روه‌رده‌ى دروستى نه‌وه‌كان ئه‌وه‌یه‌ به‌ یه‌كسانى ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بكرێت و كه‌سیان له‌وانى تریان به‌رزتر رانه‌گیرێت، چونكه‌ نه‌وه‌كان گه‌ر هه‌ستیان به‌و یه‌كسانییه‌ كرد، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كى چاك و دروست گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و دورو ده‌بن له‌ گرێى ده‌رونى و ئیره‌یى و رق و كینه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كترى، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌زامه‌ندى و لێبورده‌یى و خۆشه‌ویستییان بۆ یه‌كترى زیاد ده‌كات. هه‌روه‌ك له‌م فه‌رموده‌یه‌دا هاتووه‌: (عن النعمان بن بشیر رضی الله عنهما، إن أباه أتى به رسول الله( صلی الله علیه وسلم ) فقال: انی نحلت ابنی هذا غلاما كان لی. فقال رسول الله‌ ( صلی الله علیه وسلم ): (أكل ولدك نحلته مثل هذا؟) فقال: لا. فقال رسول الله( صلی الله علیه وسلم ): (فأرجعه) وفي رواية‌: فقال رسول الله ( صلی الله علیه وسلم ): (أفعلت هذا بولدك كلهم؟) قال: لا. قال: (اتقوا الله واعدلوا في أولادكم) فرجع أبي فرد تلك الصدقة) متفق علیه‌. به‌واتاى: له‌ نعمان بن به‌شیر ده‌گێرِنه‌وه‌ كه‌ باوكى بردى بۆ لاى پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله علیه وسلم ) و وتى: من كۆیله‌یه‌كى خۆم به‌خشیوه‌ به‌م كورِه‌م. پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رمووى: وه‌ك ئه‌مه‌ت به‌ هه‌موو منداڵه‌كانت به‌خشیوه‌؟ وتى: نه‌خێر. پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رمووى: بیگه‌رِێنه‌وه‌.. له‌ گێرِانه‌وه‌یه‌كى تردا: پێغه‌مبه‌ر( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رمووى: ئه‌مه‌ت بۆ هه‌موو منداڵه‌كانت كردووه‌؟ وتى: نه‌خێر. فه‌رمووى: له‌خوا پارێزكار بن و له‌نێوان منداڵه‌كانتاندا دادوه‌ر بن.

له‌م روانگه‌وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر مسوڵمان دادپه‌روه‌ر بێت له‌نێوان نه‌وه‌كانیدا و فه‌زڵى كه‌سیان به‌سه‌ر كه‌سیاندا نه‌دات له‌رووى دیارى و به‌خشین و هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌وه‌. تا هه‌موو نه‌وه‌كان پێكه‌وه‌ سۆز و خۆشه‌ویستییان بۆ باوكیان هه‌بێت و نزاو پارِانه‌وه‌ى خێرى بۆ بكه‌ن.

هه‌شته‌م/ چاندنى به‌هاو ره‌وشتى به‌رز و باڵا تیایاندا:

باوكان و دایكان ده‌توانن نه‌وه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ ئاستێكى به‌رز و باڵا له‌رووى ره‌وشت و به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌ به‌رزه‌كانه‌وه‌و، له‌سه‌ر خۆشه‌ویستى كه‌سانى تر و به‌زه‌یى هاتنه‌وه‌ به‌ هه‌ژاران و لاوازان و، جێبه‌جێ كردنى سیله‌ى ره‌حم و، رێزگرتنى گه‌وره‌و به‌زه‌یى هاتنه‌وه‌ به‌ بچوك و، حه‌زكردن له‌ كارى چاكه‌و، بڵاوكردنه‌وه‌ى دادپه‌وره‌رى له‌نێو خه‌ڵكاندا و راستگۆیى و ئارامگرتن و ...هتد. په‌روه‌رده‌ بكه‌ن و له‌ناخ و دڵ و ده‌رونیاندا ئه‌م به‌هایانه‌ برِوێنن.وه‌ك وتراوه‌ (الصلاح من الله والأدب من الآباء).

ئه‌مه‌و پاراستن و دورخستنه‌وه‌ى نه‌وه‌كان له‌ ره‌وشت و ئاكارى نارِه‌واو و خراپ وه‌ك درۆ و دزى و ئیره‌یى و غه‌یبه‌ت و دوزمانى و ره‌نجاندنى دڵى دایك و باوك و ... هتد .

ئه‌مه‌و پێویسته‌ دایك و باوك پێشه‌نگى چاكى نه‌وكانیان بن له‌ هه‌موو فه‌رمان و كارێكى چاكه‌و خۆپاراستن له‌كارو كرده‌وه‌ى خراپه‌ ، گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌فتاریان كرد ئه‌وا ئامۆژگارى و وته‌كانیان هیچ به‌هاو سه‌نگێكى نابێت و پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌كردن له‌ بنچینه‌وه‌ ده‌رِوخێت . چونكه‌ سروشتى مرۆڤ وایه‌ ئه‌وه‌نده‌ى ئاكارو ره‌فتار كاریگه‌رى دروست ده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده‌ وته‌و وتار دروستى ناكه‌ن .

ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان