كامیان باشتره‌، قورئان زۆر خوێندنه‌وه‌ یان بیركردنه‌وه‌ له‌ مانا ومه‌به‌سته‌كانی

وه‌سف كردن

ئه‌م ووتاره‌ وه‌رگێرانی ده‌قێكی ئیمام ئیبن قه‌یمی جه‌وزیه‌ كه‌ له‌ كتێبی ( زاد المعاد ) دا باسی كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ فه‌زڵی خویندنه‌وه‌ی قورئان به‌ ته‌ده‌بور و بیركردنه‌وه‌ له‌ مانا ومه‌به‌سته‌كانی و تیرامان له‌ نهێنیه‌كانی، به‌شیوه‌یه‌ك نووسه‌ر باسی ڕای جیاوازی زانایان ده‌كات له‌م مه‌سئه‌له‌یه‌دا، كه‌ ئایا باشتر‌ و خاستر ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ قورئان به‌ ته‌ده‌بور و بیركردنه‌وه‌ له‌ مانا و مه‌به‌سته‌كانی بخوێنێته‌وه‌ یان به‌ خێرای و دوور له‌بیركردنه‌وه‌ ؟ پاشان نووسه‌ر ڕای ئه‌و زانایانه‌ په‌سه‌ند ده‌كات كه‌ ده‌ڵین : باشتر و خێرتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤی موسڵمان قورئان به‌ له‌سه‌ر خۆی و به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ مانا و مه‌به‌سته‌كانی بخوێنێته‌وه‌ تاوه‌كو له‌وه‌ی كه‌ به‌ په‌له‌ و خێرا بیخوێنێته‌وه‌ به‌بی تێڕامان له‌ واتا و نهێنیه‌كانی ...

Download
له‌باره‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌وه‌ كۆمێنتێك بنێره‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیار

وه‌صفی فراوان

    كامیان باشتره‌، قورئان زۆر خوێندنه‌وه‌ یان بیركردنه‌وه‌ له‌ مانا ومه‌به‌سته‌كانی

    < كوردي >

    ئيبن قه‌یمی جه‌وزی

    —™

    وه‌رگێڕانی: حاجی ئومێد چرۆستانی

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    أیهما أفضل كثرة قراءة القرآن أم تدبره

    < كردي >

    ابن القيم الجوزية

    —™

    ترجمة: أوميد عمر علي

    مراجعة: بشتیوان صابر عه‌زیز

    كامیان باشتره‌، قورئان زۆر خوێندنه‌وه‌ یان بیركردنه‌وه‌ له‌ مانا ومه‌به‌سته‌كانی

    سوپاس وستایش بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان ودروود وصه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی محمدی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و ئال وبه‌یت و هاوه‌ڵ وشوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    ئیبن قه‌یمی جه‌وزی ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) ئه‌ڵێت : زانایان ڕایان له‌م باره‌یه‌وه‌ جیاوازه‌، كه‌ ئایا قورئان خوێندن به‌ ته‌رتیــل وبیــركردنه‌وه‌وه‌ له‌ مانا و مه‌به‌سته‌كانی باشتره‌ و چاكتره‌، یان به‌خێرای وزۆر خوێندنه‌وه‌ی ؟

    ڕای یه‌كه‌م : كه‌ ووته‌ی هه‌ریه‌ك له‌ عه‌بدوڵای كوڕی مه‌سعود و عه‌بدوڵای كوڕی عه‌باسه‌ ( خوایان لێ ڕازی بێت ) له‌گه‌ڵ چه‌ند زانایه‌كی تر، كه‌ پێیان وایه‌ قورئان خوێندنه‌وه‌ به‌ ته‌رتیل و له‌سه‌رخۆ و بیركردنه‌وه‌ له‌ مانا و مه‌به‌سته‌كانی، ئه‌گه‌رچی كه‌میش بێت باشتر و خێرتر و چاكتره‌ له‌ خێرا خوێندنه‌وه‌ و زۆر خویندنه‌وه‌ی .

    ئه‌مان به‌ڵگه‌یان بۆ ڕاكه‌ی خۆیان به‌وه‌ هێناوه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێن : مه‌به‌ست له‌ خوێندنه‌وه‌ی قورئان بیركردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن و كاركردنه‌ به‌ ئایه‌ته‌كانی و ئه‌و داواكاریانه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی پێكردووه‌ به‌ ئه‌نجامدانی و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ قه‌ده‌غه‌ وحه‌رامی كردوون، خوێندنه‌وه‌ وله‌به‌ركردنی قورئانیش ته‌نها هۆكار و وه‌سیله‌یه‌كه‌ بۆ تیگه‌یشتن له‌ ماناكانی، هه‌روه‌ك هه‌ندێك له‌ زانایانی سه‌له‌ف ئاماژه‌یان پێداوه‌ و ووتویانه‌ : قورئانی پیرۆز بۆ ئه‌وه‌ دابه‌زیووه‌ كه‌ كاری پێ بكرێت، بۆیه‌ خوێندنه‌وه‌ی بكه‌ن به‌كارپێكردنی، بۆیه‌ ئه‌هلی قورئان به‌و كه‌سانه‌ ده‌وترێت كه‌ كار به‌و مانا و مه‌به‌ستانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌قورئاندا هاتوون، ئه‌گه‌ر (حفظ ) وله‌به‌ریشی نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ( حفظ ) ی ده‌كات وهیچ له‌ مانا و مه‌به‌سته‌كانی تێ ناگات و كاریشی پێ ناكات، ئه‌وه‌ به‌ ئه‌هلی قورئان داناننرێت، ئه‌گه‌ر هه‌موو پیته‌كانیشی وه‌ك تیر ڕاستكردبنه‌وه‌ .

    وه‌ ووتویشیانه‌ : چونكه‌ باوه‌ڕ و ( ئیمان ) باشترین كاره‌ له‌ ناو كاره‌ باشه‌كاندا، تێگه‌یشتن له‌ قورئان وبیركردنه‌وه‌ له‌ مانا و مه‌به‌سته‌كانی ئیمان به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵام ته‌نها خوێندنه‌وه‌ به‌بێ بیركردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌ ماناكانی، هه‌موو كه‌سێكی باش وخراپ و فاسق و فاجر وباوه‌ڕدار و دوو ڕوویش ده‌توانێت پێی هه‌ڵسێت، هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی :{ ومثل المنافق الذي یقرأ القران كمثل الریحانة ریحها طیب وطعهما مر } واتا : نمونه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ دوو ڕووه‌ی كه‌ قورئان ده‌خوێنێت، وه‌ك ڕه‌یحانه‌ وایه‌، كه‌ بۆنه‌كه‌ی خۆشه‌ وتامه‌كه‌ی تاڵه‌ ..

    خه‌لكیش له‌م بابه‌ته‌دا چوار جۆرن :

    یه‌كه‌م : ئه‌هلی قورئان و ئیمان، ئه‌مانه‌یش باشترین خه‌ڵكن.

    دووه‌م : ئه‌وانه‌ن كه‌ نه‌ ئیمانیان هه‌یه‌ و نه‌ قورئانیش ده‌خوێنن.

    سێهه‌م : ئه‌وانه‌ی كه‌ قورئان ده‌خوێنن، به‌ڵام باوه‌ڕیان پێ عه‌طا نه‌كراوه.

    چواره‌م : ئه‌وانه‌ی كه‌ ئیمانیان پێدراوه‌، به‌ڵام قورئانیان پێ عه‌طا نه‌كراوه‌ .

    وه‌ ووتویشیانه‌ : هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ئیمانی پێدراوه‌ وقورئانی پێ عه‌طا نه‌كراوه‌ - واتا نایخوێنێته‌وه‌ - باشتر و خاستره‌ له‌و كه‌سه‌ی كه‌ قورئان ده‌خوێنێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ئیمانی پێ عه‌طا كرابێت، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ قورئان به‌ ته‌ده‌بر و بيركردنه‌وه‌ له‌ مانا و مه‌به‌سته‌كانی ده‌خوێنێته‌وه‌ باشتره‌ و خاستره‌ له‌و كه‌سه‌ كه‌ قورئان به‌ خێرای ده‌خوێنێته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ مانا و مه‌به‌سته‌كانی بكاته‌وه‌ ..

    وه‌ زانایان ووتویشیانه‌ : پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) به‌و شێوه‌یه‌ بوو كه‌ هه‌میشه‌ قورئانی له‌سه‌رخۆ ده‌خوێنده‌وه‌ و جاری وا هه‌بوو تا به‌ره‌ به‌یان له‌ شه‌و نوێژدا ته‌نها ئایه‌تێكی دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ ..

    ڕای دووه‌م : ڕای كۆمه‌ڵێك له‌ زانایانی مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعیه‌ ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) كه‌ پێیان وایه‌ : زۆر خوێندنه‌وه‌ی قورئان باشتر و خاستره‌ له‌ كه‌م خوێندنه‌وه‌ وبیر نه‌كردنه‌وه‌ له‌ مانا و مه‌به‌سته‌كانی، ئه‌مانیش به‌ڵگه‌یان بۆ ڕاكه‌یان به‌م ڕیوایه‌ته‌ی عه‌بدوڵای كوڕی مه‌سعود هێناوه‌ته‌وه‌كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی : {من قرأ حرفا من كتاب الله فله به حسنة, والحسنة بعشر أمثالها, لا أقول ( ألم – حرف، ولكن ألف حرف, ولام حرف, وميم حرف } [ رواه الترمذي وصححه ] , واتا : هه‌ركه‌سێك پیتیك له‌ قورئان بخوێنێته‌وه‌، ئه‌وا چاكه‌یه‌كی بۆ ده‌نوسرێت، هه‌ر چاكه‌یه‌كیش به‌ ده‌ قاتی خۆیه‌تی، من ناڵێم : ئه‌لیف لام میم، پیتێكه‌، به‌ڵكو ئه‌لیف پیتیكه‌، و لام پیتیكه‌، و میم پیتێكه‌ ..

    وه‌ ده‌ڵێن : له‌به‌ر ئه‌وه‌یش عوسمانی كوڕی عه‌فان ( خوای لێ ڕازی بیت ) له‌یه‌ك ڕكات نوێژدا هه‌موو قورئانی خوێندووه‌، وه‌ به‌ڵگه‌ گه‌لێكی تریش ده‌گێڕنه‌وه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ پێشینانی صاڵحه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕۆژێكدا قورئانێكی زۆریان خوێندووه‌ ...

    به‌ڵام له‌ڕاستیدا ڕای په‌سه‌ند و ڕاستر و دروستر له‌م مه‌سئه‌له‌یه‌دا ئه‌وه‌یه‌ : خێر و چاكه‌ی قورئانخوێندن به‌ ته‌رتیل وته‌ده‌بور و بیركردنه‌وه‌ له‌ ماناو مه‌به‌سته‌كانی پله‌و پایه‌ و مه‌كانه‌تی به‌رزتره‌، به‌ڵام خێر وچاكه‌ی زۆر قورئانخوێندنه‌وه‌ و په‌له‌ كردن له‌ خوێندنه‌وه‌یدا وه‌ك ژماره‌ زیاتره‌ ..

    نموونه‌ی یه‌كه‌میش وه‌ك : ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌سێك مرواریه‌كی گرانبه‌ها بكات به‌خێر و صه‌ده‌قه‌، یان وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌سێك به‌نده‌ و كۆیله‌یه‌كی به‌نرخ وگرانبه‌ها ئازاد بكات، به‌ڵام نمونه‌ی دووه‌م وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ : كه‌سیك ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ درهه‌م بكات به‌خێر وصه‌ده‌قه‌، یان ژماره‌یه‌ له‌ كۆیله‌ و به‌نده‌ی كه‌م به‌ها وهه‌رزان ئازاد بكات ..

    له‌ صه‌حیحی بوخاریدا هاتووه‌ : عن قتادة قال : سألت أنسا عن قراءة النبي ( صلى الله عليه وسلم ) فقال : " كان يمد مدا" واتا : قه‌تاده‌ ده‌ڵێت : پرسیارم كرد له‌ ئه‌نه‌سی كوڕی مالیك له‌باره‌ی قورئان خوێندنه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری خواوه‌ ( صلى الله عليه وسلم )، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ووتی : قورئانه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆ و درێژی ده‌كرده‌وه‌ ..

    وقال شعبة : حدثنا أبو جمرة, قال : قلت لابن عباس : " إني رجل سريع القرآءة, وربما قرأت القرآن في ليلة مرتين أو مرتين, فقال ابن عباس : لأن أقرأ سورة واحدة أعجب إلي من أن أفعل ذلك الذي تفعل, فإن كنت فاعلا ولابد فاقرأ قرآءة تسمع أذنيك, ويعيها قلبك " واتا : شوعبه‌ ده‌ڵێت ئه‌بو جه‌مره‌ بۆی گێراوینه‌ته‌وه‌ و ووتی : ووتم به‌ عه‌بدوڵای كوڕی عه‌باس : من كه‌سێكم قورئان زۆر به‌ خێرای ده‌خوێنمه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌یه‌ك شه‌ودا جارێك یان دووجار قورئان هه‌مووی بخوێنم، عه‌بدوڵای كوری عه‌باس پێی ووت : ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ك سوره‌تی قورئان بخوینم، له‌و كاره‌ی تۆ به‌لامه‌وه‌ باشتره‌، وه ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌یت، هه‌ر ده‌بێت بیكه‌یت، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌ك قورئان بخوێنه‌ كه‌ گوێكانت بیبیستن و دڵیشت لێی تێ بگات ..

    ئیبراهیمی نه‌خه‌عی ده‌ڵێت : عه‌لقه‌مه‌ به‌ ده‌نگێكی زۆر خۆش قورئانی خوینده‌وه‌ به‌سه‌ر عه‌بدوڵای كوڕی مه‌سعود دا، عه‌بدوڵای پێی ووت : دایك و باوكم به‌ قوربانت بن، زیاتر بخوێنه‌، به‌خوا به‌ده‌نگی خۆشت قورئانت ڕازاندوه‌ته‌وه‌ ...

    هه‌ر عه‌بدوڵای كوڕی مه‌سعود ( خوای لێ ڕازی بیت ) ووتویه‌تی : " لا تهذّوا القرآن هذّ الشعر
    ولا تنثروه نثر الدقل، وقفوا عند عجائبه، وحركوا به القلوب، ولا یكن هم أحدكم آخر السورة " [ رواه ابن أبي شيبة ], واتا : قورئان به‌ خێرای مه‌خوێننه‌وه‌ وه‌ك خوێندنه‌وه‌ی شیعر و هۆنراوه‌، وه‌ وه‌ك خورمای خراپ بڵاوی مه‌كه‌نه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و ئایه‌تانه‌ی كه‌ جیگای سه‌ر سوڕماندن بوه‌ستن وبیری لێ بكه‌نه‌وه‌، وه‌ دڵتانی پی بجوڵێنن، وه‌ با خه‌می هیچ كه‌سێكتان ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ی سوره‌ته‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌م ..

    له‌ جێگایه‌كی تردا عه‌بدوڵای كوڕی مه‌سعود ده‌ڵێت : " إذا سمعت الله يقول : ( يا ايها الذين آمنوا ) فأصغ لها سمعك, فإنه خير تؤمر به, أو شر تصرف عنه " واتا : هه‌ر كاتێك گوێبیستی ئه‌وه‌ بوویت كه‌ خوای گه‌وره‌ فه‌رمووی : ئه‌ی باوه‌ڕداران، ئه‌وه‌ چاك گوێی بۆ بگره‌، یان ئه‌وه‌تانی كارێكی خێره‌ و فه‌رمانی پێده‌كات، یان كارێكی خراپه‌ و قه‌ده‌غه‌ت ده‌كات لێی ..

    سه‌رچاوه‌ : زاد المعاد به‌رگی ( 1/ لاپه‌ڕه‌ 337 -338 ) ..

    ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان