وانه‌كانی هجره‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) بۆ مه‌دینه
نوسـه‌ر : زاگرۆس هه‌مه‌وه‌ندی
پێداچـونه‌وه: پشتیوان سابیر عه‌زیز
وه‌سف كردن
په‌روه‌ردگاری به‌سۆزو میهره‌بان موحه‌مه‌دی كۆتا پێغه‌مبه‌ری هه‌ڵبژارد تاوه‌كو هزرو بیری مرۆڤه‌كان له‌بت په‌رستی یه‌وه‌بگۆڕێت بۆ یه‌كتاپه‌رستی خۆی تاوه‌كو له‌و ڕێگایه‌وه‌دڵ وده‌روونیان به‌ڕووناكی ئیمان ئاوه‌دانكاته‌وه‌و له‌ژه‌نگ وژاری بت په‌رستیش پاكیان بكاته‌وه...
- 1
وانه‌كانی هجره‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) بۆ مه‌دینه
DOC 235.5 KB 2019-05-02
- 2
وانه‌كانی هجره‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) بۆ مه‌دینه
PDF 118.5 KB 2019-05-02
وه‌صفی فراوان
وانه‌كانی هجره‌تی
پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) بۆ مه‌دینه
[ به كوردی ]
دروس وعبر من هجرة النبي صلى الله عليه وسلم إلى المدينة
[ باللغة الكوردية ]
نوسینی : زاگرۆس هه‌مه‌وه‌ند
الكاتب : زاكروس هموند
پێداچونه‌وه: پشتیوان سابیر عه‌زیز
المراجعة:بشتيوان صابر عزيز
نوسینگه‌ی ( ره‌بوه‌ی ) هه‌ره‌وه‌زیی بۆ بانگه‌واز و وشیاركردنه‌وه‌ی ڕه‌وه‌نده‌كان له شاری ڕیاز
المكتب التعاوني للدعوة وتوعية الجاليات بالربوة
بمدينة الرياض
2008 -1429
وانه‌كانی هجره‌تی
پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) بۆ مه‌دینه
سوپاس و ستایش بۆ خوای گه‌وه‌ر و میهره‌بان درود و ڕه‌حمه‌تی فراوانیش بۆ سه‌رگیانی پاكی پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی محمدی كوڕی عه‌بدوڵڵای و سه‌رجه‌م هاوه‌ڵ و شوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه .
په‌روه‌ردگاری به‌سۆزو میهره‌بان موحه‌مه‌دی كۆتا پێغه‌مبه‌ری هه‌ڵبژارد تاوه‌كو هزرو بیری مرۆڤه‌كان له بت په‌رستی یه‌وه بگۆڕێت بۆ یه‌كتاپه‌رستی خۆی تاوه‌كو له‌و ڕێگایه‌وه دڵ وده‌روونیان به ڕووناكی ئیمان ئاوهدانكاتهوه و له ژه‌نگ وژاری بت په‌رستیش پاكیان بكاته‌وه ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كه‌سانی خاوه‌ن ژیری و خاوه‌ن هۆش هه‌ر زوو خێرا وه‌ڵامی په‌یامه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودایان دایه‌وه ( صلی الله علیه وسلم ) ، كه‌سانێكی تری گه‌مژه‌و بیر‌و هۆش پووچیش بوونه ڕێگر و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م بانگه‌وازه‌كه‌یدا ، و هه‌موو ڕێگایهكیشان گرته‌به‌ر تاوه‌كو په‌یامی ئیسلام و یه‌كتاپه‌رستی نه‌گاته گوێ و مرۆڤه‌كان و ده‌ستیان كرد به ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانی شوێن كه‌وتوان و هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) .
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش بوو پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله علیه وسلم ) سه‌یری ده‌كرد كه له توانایدا نیه ڕێگری بكات له‌و هه‌مووه ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاره ، بیری له‌وه كرده‌وه كه جێگایه‌كی دیكه هه‌ڵبژێرێت تاوه‌كو خۆی و هاوه‌ڵه به‌ڕێزه‌كان به ئازادی به‌ندایه‌تی خوای گه‌وه‌ره‌ی تیادا بكه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌شی ڕزگار بكات كه ئه‌شكه‌نجه‌و ئازار ده‌دران .
ئه‌وه بوو پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی شاری مه‌دینه‌ی مننهوهرهی هه‌ڵبژارد تاوه‌كو كۆچی بۆ بكات به‌و كۆچه‌ش یه‌كه‌م به‌ردی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دامه‌زراند .
نامه‌وێت له‌وه زیاتر سه‌رتان به پێشه‌كی بابهتهكهمهوه بئێشێنم هه‌ر كه‌س له‌و كۆچكردنه وورد ببێته‌وه و بهیاشی دیراسه‌ی بكات ئه‌وا چه‌ند وانه‌و ئامۆژگاریه‌كی زۆر به‌نرخی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت ، له‌وانه‌ش :
یه‌كه‌م : له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مرۆڤ پشت به خوای گه‌وره ده‌به‌ستێت پێویسته له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌موو ئه‌و هۆكار و ئه‌سبابه مادیه‌كانی له‌بیر نه‌چێت ، هه‌روه‌ك چۆن پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم ) له‌سه‌ره‌تاوه عه‌لی كوڕی طالبی له جێگاكه‌ی خۆی دانا ، تاوه‌ك بێ باوه‌ڕه‌كان وا بزانن كه خۆی له‌وێ ماوه ، دواتریش ئه‌بو به‌كری صدیقی هه‌ڵبژارد بۆ هاوه‌ڵی سه‌فه‌ره‌كه‌ی ، بۆ شاره‌زای ڕێگاكه‌ش عه‌بدوڵڵای كوڕی ئهریقطی ده‌ست نیشان كرد ، چونكه كه‌سێكی زۆر شاره‌زا و چاو كراوه‌ی ته‌واوی ڕێگاكانی ئه‌و ناوچه‌یه بوو ، له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌سمای كچی ئه‌بو بهكریشی دانابوو كه نان و توێشووی سه‌فه‌ریان بۆ بهێنێت ، عه‌بدوڵای كوڕی ئه‌بو به‌كریش هه‌واڵی شاری مه‌ككه‌یان بێ بگه‌یه‌نێت ، له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌وه پاراستنی نهێنی و زانیاری ئه‌م كۆچه كه ته‌نها به هاوه‌ڵی سهفهرهكی ئه‌بوو به‌كر بڵێت ( خوای لێ ڕازی بێت ) ، له‌گه‌ڵ گرتنه به‌ری ئه‌م هه‌موو هۆكار و ئیحتیاطانه پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) ( توكل ) و پشت به‌ستن به په‌روه‌ردگاری له یاد نه‌كردبوو .
دووه‌م : یه‌ك لای بوونه‌وه ودڵسۆزی بۆ خوای گه‌وره و په‌یامه‌كی ( الاخلاص ) و دوور كه‌وتنه‌وه له مه‌رامی شه‌خصی و به‌رژه‌وه‌ندی تاكه كه‌سی ، پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) ئه‌گه‌ر له پێناو خوای گه‌وره‌و په‌یامه پیرۆزه‌كه‌ی نه‌بوایه ، ئه‌یتوانی له‌شاری مه‌ككه بمێنێته‌وه و هه‌رچیه‌كیشی داوابكردایه له بێباوه‌ڕه‌كانی مه‌ككه بۆیان جێ به‌جێ ده‌كرد ئه‌گه‌ر ئه‌و وازی بهێنایه له بانگه‌وازه‌كه‌ی ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌كرد و ئاماده بوو هه‌موو ئێش و ئازار و ناڕه‌حه‌تی و غه‌ریبیه‌ك قبوڵ بكات له پێناو خوای گه‌وره و چه‌سپاندی یهكتپهرستی په‌روه‌ردگار .
سێهه‌م : میانه‌ڕه‌وی و ئیعتدال له كاتی خۆشی و ناخۆشیدا ، به‌و مانایه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) ئه‌و ڕۆژه‌ی له مه‌ككه ده‌رچوو كه چه‌ند به دڵ ته‌نگی و ناڕه‌حه‌تی ده‌رچوو ، متمانه‌و ثقهی به په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ست لاواز نه‌بوو ، به هه‌مان شێوه‌ش كاتێك به‌سه‌ر به‌رزی له فه‌تحی مه‌ككه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و شاره به هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له تۆڵه سه‌ندنه‌وه ناكاته‌وه ، دڵ و ده‌روونی چۆن بوو كاتێك ئازار ده‌درا هه‌ر به‌و شێوه‌یه بوو كاتێكیش كه بانگه‌وازه‌كه‌ی هه‌موو نیوه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی گرت ، چونكه ئه‌و هاتوه ڕه‌حمه‌ت و به‌ره‌كه‌ت بێت بۆ ته‌واوی سه‌رزه‌وی ، هه‌ر بۆیه كاتێكیش دێته‌وه بۆ مه‌ككه له هه‌مویان ده‌بورێت چه‌ند كه‌سێكس زۆر كه‌م نه‌بێت .
چواره‌م : له هجره‌ت و كۆچه‌وه ئه‌وه فێر ده‌بین كه سه‌ره‌نجام و عاقبه‌ت بۆ خواناسان و له خواترسانه ، پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) و هاوه‌ڵه به‌ڕێزه‌كان ناڕه‌حه‌تی و ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆریان چه‌شت هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بانگه‌وازه‌كه‌وه و دواترڵیش له ڕووبه‌ڕوو بونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پت په‌رست و بێباوه‌ڕاندا ، زه‌مه‌نێك باوه‌ڕداران ژێر ده‌سته‌وه و لاواز بوون ، به‌ڵام ئه‌وه‌تانێ په‌روه‌ردگار هجره‌ت و كۆچكردن بۆ مه‌دینه ده‌كات به‌سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتن و بڵاو بوونه‌وه‌ی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ، ئه‌و هاوه‌ڵه به‌ڕێزانه‌ی كه له شاری مه‌ككه‌دا لاواز و ئه‌شكه‌نجه ده‌دران و ژێر ده‌سته‌ی بێباوه‌ڕان بوون ، پاش كۆچكردن خوای گه‌وره عززه‌تی پێبه‌خشین و موڵكی كسری و ڕۆمی خسته ژێر ده‌ست و حوكمیانهوه .
پێنجه‌م : ڕاوه‌ستاوی و ثه‌باتی ئه‌هلی ئیمان ، ئه‌وه‌ش له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كاتێك كه ئه‌بوو به‌كری صدیق ( خوای لێ ڕازی بێت ) به پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) ده‌ڵێت له ئهشكـــــهوتی ( ثور ) ، ئه‌گه‌ر بێاوه‌ڕان سه‌یری قاچی خۆیان بكه‌ن ده‌مان بینن ، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامی ئه‌بو به‌كردا زۆر به باوه‌ڕ بوون به خوای گه‌وه‌ره پێ ی ده‌ڵێت : (ما ظنّك باثنين الله ثالثهما ) واته : گومانت چۆنه به دوو كه‌س كه سێهه‌میان په‌روه‌ردگار بێت ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه باوه‌ڕدار و شوێن كه‌وتوانی ئیسلام زۆر دڵنیان له‌وه‌ی كه په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ست له كاتی ناڕه‌حه‌تیدا دێت به‌هانایانه‌وه وبێ ئاگا نیه لێیان و ده‌یان پارێزێت ، به‌مه‌رجێك ئه‌وانیش له خۆشی و ئاشتیدا په‌روه‌ردگاریان له‌یاد نه‌كردبێت . به پێچه‌وانه‌ی درۆزن و دووڕوه‌كانه‌وه كه ته‌نها به تاكه هه‌ڵوێستێكی ناڕه‌حه‌ت و ناخۆش خێرا په‌شیمان ده‌بنه‌وه و به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رگه‌ی ناڕه‌حه‌تی و چه‌رمه‌سه‌ری ناگرن له پێناو خوای گه‌وره دا .
شه‌شه‌م : هه‌ركه‌س به‌رنامه و سنووره‌كانی خوای گه‌وره بپارێزێت بێگومان په‌روه‌ردگاریش ئه‌و ده‌پارێزێت ، پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) به‌چ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵه به‌ڕێزه‌كانیدا بوون به كاروانی یه‌كه‌م و به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م بانگه‌وازه‌و هه‌موو ناخۆشی و ئێش و ئازارێكیان قبوڵ كرد له پێناو خوادا ، پهرورهدگاریش ئه‌وانی پاراست و ڕگاری كردن له‌ده‌ست بێباوه‌ڕان ، كاتێك سه‌رنج ده‌ده‌یت كه پێغه‌مبه‌ری خوا به‌هه‌موو باوهڕبونێك به خوای گه‌وره (صلی الله علیه وسلم ) پاش ئه‌وه‌ی كه خۆڵ ده‌پرژێنێت به‌سه‌ر پت په‌رسته‌كاندا و پشت به خوا ده‌به‌ستێت و به‌ناویاندا تێپه‌ڕ ده‌كات به بێ ئه‌وه‌ی بیبینن و هه‌ستی پێ بكه‌ن ، ئه‌وه‌یه مانای ( احفظ الله یحفظك ) .
حه‌وته‌م : سه‌ركه‌وتنی په‌روه‌ردگار له گه‌ڵ ئارام گرتندایه ، په‌روه‌ردگار ده‌یتوانی بێ ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) و هاوه‌ڵه‌كانی تووشی ناڕه‌حه‌تی و ئازار و ئه‌شكه‌نجه ببن سه‌ریان بخات و دینه‌كه‌ی خۆی بڵاو بكاته‌وه ، به‌ڵام ئه‌بێت ئه‌وه بزانین ئه‌وه له سوننه‌تی خوای گه‌وه‌ره‌دا نیه ، به‌ڵكو خوای گه‌وره ده‌یه‌وێت بزانێت تا چ ڕاده‌یه‌ك ئیمانداران خۆ گرن و به‌رگه‌ی ناڕه‌حه‌تیه‌كان ده‌گرن ، له‌هه‌مان كاتیش‌دا بۆ ئه‌وه‌ی پله و پایه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌شی به‌رزتر بكاته‌وه و بیش بێت به وانه‌یه‌ك بۆ ته‌واوی ئیمانداران له‌سه‌ر صه‌بر و خۆڕاگری .
هه‌شته‌م : هجره‌ت و كۆچی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) بوو به مایه‌ی زیاتر بڵاو بوونه‌وه و ناساندنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ر له مه‌ككه‌دا بمایاته‌وه ، قه‌تیس ئه‌ما و بێباوه‌ڕان بانگه‌وازه‌كه‌یان كپ ده‌كرده‌وه .
نۆیه‌م : هه‌ر كه‌س له پێناو خوای گه‌وره واز له ماڵ و سه‌روه‌ت سامانی دونیا بهێنێت په‌روه‌ردگار له دونیا‌و قیامه‌تیشدا به باشتر و چاكتر تۆڵه‌یان بۆ ده‌كاته‌وه ، باوه‌ڕداران له مه‌ككه‌دا له پێناو په‌روه‌ردگاریان ده‌ستیان هه‌ڵگرت له ته‌واوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان ، له‌به‌رامبه‌ریشدا خوای گه‌وره موڵكی سه‌رزه‌وی خسته ژێر ده‌ستیانه‌وه و ده‌وڵه‌مه‌ندی كردن .
ده‌یه‌م : كۆچ و هجره‌تی نه‌به‌وی وه‌رچه‌رخانێكی یه‌كجار گه‌وره بوو له مێژووی موسڵماناندا ، وه‌رچه‌رخان له لاوازی بێ ده‌سه‌ڵاتیه‌وه بۆ دروست كردنی ده‌وڵه‌ت و ئیمراتۆریه‌تی گه‌وره‌ی ئیسلام كه پاشتر رۆژهه‌ڵات و ڕۆژئلوای گرته‌وه .
یانزهه‌م : به‌رزڕاگرتنی ڕۆڵی مزگه‌وت و خودا په‌رستی تیایدا ، یه‌كه‌م كاری پێغه‌مبه‌ری خوا له‌یه‌كه‌م ڕۆژی گهشتنیهوه به شاری مه‌دینه دروست كردنی مزگه‌وت بوو ، چونكه مزگه‌وت تاكه جێگایه‌ك بوو له‌و ڕۆژگاره‌دا بۆ كۆكردنه‌وه و به‌یه‌ك گه‌شتنی باوه‌ڕ داران به‌یه‌كتر ، سه‌ره ڕای ئه‌مه‌ش مزگه‌وت ئه‌و جێگایه بوو كه موسڵمانان به ئاشكرا و به كۆمه‌ڵ نوێژ و به‌ندایه‌تیان تیادا ده‌كر ، كه ڕۆژگارێك بوو هه‌موویان به نهێنی و به فه‌ردی نوێژه‌كانیان ئه‌نجام ده‌دا ، ڕۆڵی مزگه‌وت له‌و ڕۆژگاره‌دا باره‌گای سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بوو .
دوانزه‌هه‌م : گرنگی ڕۆڵی ئافره‌ت له‌م كۆچه پڕ بایه‌خه‌دا ، وه‌ك باسمان كرد ، ئه‌و ڕۆڵه‌ی ئه‌سمای كچی ئه‌بو به‌كری صدیق بینی ( خوایان لێ ڕازی بێت ) هیچی كه‌متر نه‌بوو له ڕۆڵی پیاوان ، كاتێك توێشه به‌ره‌كه‌ی پڕ ده‌كر له نان و خواردن و زۆر به‌جه‌رگ و دڵێكی پڕ له ئیمان و چاو نه‌ترسیه‌وه ده‌یگه‌یانده پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) و باوكی به‌ڕێزی .
سیانزه‌هه‌م : نه‌هێشتنی ڕه‌گه‌ز په‌رستی و دوژمنایه‌تی و خوێن ڕشتن ، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا برایه‌تیه‌كی به‌هێزی خسته نێوان هاوهڵهكانیهوه له مهاجر و ئه‌نصاریه‌كان ، چونكه پێش هجره‌ت دوژمنایه‌تیه‌كی گه‌وره هه‌بوو له نێوان هه‌ردوو قه‌بیله‌ی ئه‌وس و خه‌زره‌ج ، به كۆچكردنی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) ئه‌و دوژمنایه‌تی یه نه‌ما ، و برایه‌تی و خۆشه‌ویستی جێگای گرته‌وه ، ئه‌مه‌ش خاڵی به‌هێزی بانگه‌وازی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بوو ، ئیسلام هات جیاوازی چینایه‌تی و ڕه‌نگ و كویله و گه‌دای نه‌هێشت و هه‌موو لایه‌كی كرده برای یه‌كتر .
له كۆتایدا ته‌نها ئه‌وه ماوه بڵێم كۆچی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم ) بۆ مه‌دینه هه‌ڵهاتنی نوور و به‌ره‌كه‌ت و ڕۆژگاری ئیسلام بوو بۆ ته‌واوی سه‌ر زه‌وی .
سبحان ربك رب العزة عما یصفون وسلام علی المرسلین والحمد لله رب العالمین
وصلی الله وسلم علی سیدنا محمد وعلی اله وصحبه وسلم .
پۆڵینه زانستیه‌كان: