باوه‌ڕ به‌ خوا و به‌رهه‌م وشوێنه‌واره‌كانی

وه‌سف كردن

ئه‌م وتاره‌ باسی ئه‌م خاڵانه‌ ده‌كات:
١-پێناسه‌ی باوه‌ڕ.
٢-بنه‌ماكانی باوه‌ڕ.
٣- به‌رهه‌م وشوێنه‌واری باوه‌ڕ بوون به‌ خوای گه‌وره‌

Download
له‌باره‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌وه‌ كۆمێنتێك بنێره‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیار

وه‌صفی فراوان

    باوه‌ڕ به‌ خوا و به‌رهه‌م وشوێنه‌واره‌كانی

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    دكتۆر عه‌بدوڵڵا موحه‌مه‌د ئه‌حمه‌د الطیار

    وه‌رگێڕانی: حاجی ئومێد چرۆستانی

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2013 - 1434

    الإيمان بالله سبحانه وتعالى وثمراته

    « باللغة الكردية »

    الدكتور عبد الله محمد أحمد الطيار

    ترجمة: أوميد عمر علي

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2013 - 1434

    باوه‌ڕ به‌ خوا و به‌رهه‌م وشوێنه‌واره‌كانی

    سوپاس وستایش بۆ ئه‌و خوایه‌ی كه‌ به‌دیهێنه‌ری ئاسمانه‌كان و زه‌ویه‌، وه‌ درود و صه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی محمد المصطفی وئال و به‌یت وهاوه‌ڵه‌ به‌رێزه‌كان وشوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    ئیمان (باوه‌ڕ) :

    مانای ئیمان (باوه‌ڕ) له‌زمانه‌وانییدا : به‌ واتای به‌ڕاستزانین دێت .

    له‌زاراوه‌ی شه‌رعیشدا بریتیه‌ له‌ : باوه‌ڕ بوون به‌دڵ، ووتنی به‌زومان، وكارپێكردنی به‌ ئه‌ندامه‌كانی جه‌ستـــه‌ و لاشه‌، خــــوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : ▬ قَالَتِ الْأَعْرَابُ آمَنَّا قُلْ لَمْ تُؤْمِنُوا وَلَٰكِنْ قُولُوا أَسْلَمْنَا وَلَمَّا يَدْخُلِ الْإِيمَانُ فِي قُلُوبِكُمْ ♂ ([1]) واتا : هه‌ندێک له‌بیابان نشینه‌ عه‌ره‌به‌کان وتیان : باوه‌ڕمان هێناو و موسڵمانین، پێیان بڵێ: نه‌خێر، باوه‌ڕتان نه‌هێناوه‌، به‌ڵام بڵێن: به‌ناچاری موسوڵمان بووین، هێشتا باوه‌ڕ نه‌چۆته‌ ناو دڵه‌کانتانه‌وه‌ و تیایدا جێگیر نه‌بووه .

    پێغه‌مبه‌ریش e فه‌رموویه‌تی : « الإيمان أن تؤمن بالله وملائكته وكتبه ورسله واليوم الآخر وتؤمن بالقدر خيره وشره » ([2]) واته‌ : ئیمان ئه‌وه‌یه‌ باوه‌ڕت به‌خوای گه‌وره‌ (الله) و فریشته‌كان وپه‌ڕاوه‌ ئاسمانیه‌كان وپێغه‌مبه‌ران وڕۆژی دوایی هه‌بێت، وه‌ باوه‌ڕت به‌ قه‌ده‌ری خێر وشه‌ڕ هه‌بێت .

    حه‌سه‌نی به‌صری (ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت) ده‌ڵێت : « ليس الإيمان بالتمني ولا بالتحلي، ولكن شيء وقر في القلب، وصدقه العمل » واتا‌ : ئیمان وباوه‌ڕ به‌خۆزگه‌ وخۆڕازاندنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئیمان وباوه‌ڕ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ له‌دڵتدا ئۆقره‌ وئارام بگرێت وكاروكرده‌وه‌ش ڕاستی ئه‌وه‌ ده‌ربخات .

    جا ئه‌گه‌ر هاتوو باس وخواسی ئیمان وئیسلام به‌یه‌كه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌، ئه‌وه‌ بزانه‌ مه‌به‌ست له‌ ئیسلام ئه‌و كاروكرده‌وانه‌یه‌ كه‌ دیاره‌ وبه‌به‌رچاوه‌یه‌، وه‌ مه‌به‌ستیش له‌ ئیمان كاروكرده‌وه‌كانی دڵه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئیمان وئیسلام به‌یه‌كه‌وه‌ له‌باسی وخواسێكدا كۆ نه‌بوونه‌وه‌، به‌وه‌ی باسی ئیسلام به‌ته‌نها به‌بێ باسی ئیمان هات، ئه‌وه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا مه‌به‌ست له‌ئیسلام هه‌موو دین ده‌گرێته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها باسی ئیمان هات به‌بێ ئیسلام، ئه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ مه‌به‌ست له‌ ئیمان له‌و كاته‌دا هه‌موو دینی ئیسلامه‌، به‌كورتی ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ باسی هه‌ردووكیان هات، ئه‌وه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان مه‌به‌ستێكی خۆی هه‌یه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ته‌نهایش باسكران، ئه‌وه‌ مه‌به‌ست له‌ئیمان ئیسلامه‌ و له‌ ئیسلامیش ئیمانه‌، خوای گه‌وره‌ش زاناتره‌ .

    بنه‌ماكانی باوه‌ڕ (ئیمان) :

    بنه‌ماكانی باوه‌ڕ (ئیمان) كه‌ واحبه‌ له‌سه‌ر هه‌موو تاكێك باوه‌ڕیان پێی هه‌بێت شه‌ش بنه‌مایه‌، هه‌روه‌ك چۆن خوای گه‌وره‌ له‌قورئانی پیرۆزدا باسی كردوون، هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ری خوداش e له‌فه‌رمووده‌كانی خۆیدا ڕوونی كردونه‌ته‌وه‌، خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : ﴿ ۞لَّيۡسَ ٱلۡبِرَّ أَن تُوَلُّواْ وُجُوهَكُمۡ قِبَلَ ٱلۡمَشۡرِقِ وَٱلۡمَغۡرِبِ وَلَٰكِنَّ ٱلۡبِرَّ مَنۡ ءَامَنَ بِٱللَّهِ وَٱلۡيَوۡمِ ٱلۡأٓخِرِ وَٱلۡمَلَٰٓئِكَةِ وَٱلۡكِتَٰبِ وَٱلنَّبِيِّ‍ۧنَ ﴾ ([3]) واتا‌ : چاكه‌و چاكه‌كاریی هه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ ئێوه‌ - جوله‌كه‌و گاور- كاتی نوێژ- روو له‌ خۆرهه‌ڵات بكه‌ن، یان خۆرئاوا، ئه‌گه‌ر له‌رووی گوێرایه‌ڵیه‌وه‌ نه‌بێت بۆ فه‌رمانی خوا، به‌ڵكو چاكه‌ی راست و دروست ئه‌مه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕی راسته‌قینه‌ی به‌خواو به‌رۆژی دوایی، و به‌فریشته‌و به‌كتێبی ئاسمانی و به‌پێغه‌مبه‌رانی خوا هه‌بێت .

    له‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌دا خوای گه‌وره‌ باسی پێنج له‌ بنه‌ماكانی ئیمانی كردووه‌، ئه‌وانیش :

    یه‌كه‌م : باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌ ( الله ) .

    دووه‌م : باوه‌ڕ به‌ ڕۆژی دوایی .

    سێهه‌م : باوه‌ڕ به‌ فریشته‌كان .

    چواره‌م : باوه‌ڕ به‌ په‌ڕاوه‌ ئاسمانییه‌كان .

    پێنجه‌م : باوه‌ڕ به‌ پێغه‌مبه‌ران .

    ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر باوه‌ڕ به‌ قه‌ده‌ر، خوای گه‌وره‌ باسی باوه‌ر به‌قه‌ده‌ریشی له‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌دا كردووه‌، كه‌ ده‌فه‌رموێت: ﴿ إِنَّا كُلَّ شَيۡءٍ خَلَقۡنَٰهُ بِقَدَرٖ ﴾ ([4]) واتا‌: بێگومان ئێمه‌ هه‌موو شتێکمان به‌ قه‌ده‌ر و ئه‌ندازه‌ دروست کردووه‌.

    ده‌قه‌كانی سوننه‌تیش له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆرن، ئێمه‌ لێره‌دا ته‌نها ئاماژه‌ به یه‌كێكیان ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی سه‌ره‌كی داده‌نرێت له‌باسی بنه‌ماكانی ئیمان و ئیسلام و ئیحساندا، ئه‌ویش فه‌رمووده‌كه‌ی جوبره‌ئیله‌ كه‌ له‌ناوئاخنی فه‌رمووده‌كه‌دا هاتووه‌ : حدثني عن الإيمان؟ قال e : « الإيمان أن تؤمن بالله وملائكته وكتبه ورسله واليوم الآخر والقدر خيره وشره » ([5]) واته‌ : جوبره‌ئیل ووتی به‌ پیغه‌مبه‌ری خودا e له‌باره‌ی ئیمانه‌وه‌ بۆم بدوێ ؟ پیغه‌مبه‌ری خودا e فه‌رمووی: باوه‌ڕ (ئیمان) بریتیه‌ له‌وه‌ی باوه‌ڕت هه‌بێت به‌خوای گه‌وره‌ ( الله ) وبه‌فریشته‌كانی و به‌ په‌ڕاوه‌ ئاسمانیه‌كان و به‌ پێغه‌مبه‌ران و به‌ ڕۆژی دوایی و به‌قه‌ده‌ری خێر وشه‌ڕ .

    مانای باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌ ( الله ): دان نان وئیعتراف كردنێكی پێویستی وایه‌ كه‌ هه‌موو هه‌واڵ و گوێڕایه‌ڵی وئه‌حكامه‌كانی ئه‌و ذاته‌ قبوڵ بكات، به‌وه‌ی ئه‌م گه‌ردوونه‌ خالیق و دروستكه‌رێكی هه‌یه‌، كه‌ ته‌نها ئه‌و په‌روه‌ردگار و هه‌ڵسوڕێنه‌ر وبه‌رێوه‌به‌رێتی، وه‌ ته‌نها ئه‌ویش شایانی په‌رستن وعیبـــــاده‌ت بۆ كردنه‌، كه‌ هاوشێوه‌ و هاوشانی نییه‌ له‌صیفات و ناوه‌ پیرۆزه‌كانیدا .

    به‌م شێوه‌یه‌ش كه‌ باسمانكرد، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌ ( الله ) چه‌ند شتێك له‌خۆ ده‌گرێت :

    یه‌كه‌م : باوه‌ڕ به‌ بوونی خوای گه‌وره‌ Y .

    چه‌ند شتێك به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر بوونی خوای گه‌وره‌ Y كه‌ بریتین له:

    1) عه‌قڵ وژیری مرۆڤ .

    2) هه‌ست وده‌ركی مرۆڤ .

    3) فیتره‌ت و ناخی مرۆڤ .

    4) شه‌رعی پیرۆزی ئیسلام .

    1) به‌ڵگه‌ی عه‌قڵ و ژیری مرۆڤ له‌سه‌ر بوونی خوای گه‌وره‌ Y :

    ئه‌م گه‌ردوونه‌ به‌و هه‌موو به‌ڵگه‌ و نیشانه‌ ڕوون و به‌رجه‌ستانه‌ی تێیدایه‌ هه‌ر هه‌مووی به‌ڵگه‌ی ژیرین له‌سه‌ر بوونی خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان، ئه‌م جیهانه‌ به‌رفراوانه‌ به‌وه‌ی له‌سه‌روو له‌ژێره‌وه‌ هه‌یه‌، له‌و هه‌مووه‌ مه‌لاین ئه‌ستێره‌ دره‌وشاوه‌ و جوانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی وورد ڕێكخراوون شاهیدی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ پێویسته‌ خالقێك ئه‌م دیمه‌نه‌ جوان و ناوازه‌یه‌ی خه‌لق كردبێت، وبه‌ڕێوه‌ی ببات، چونكه‌ مه‌حاڵه‌ گه‌ردونێكی ڕێكوپێكی وه‌ها به‌بێ خالق و دروستكه‌رێك له‌خۆیه‌وه‌ و به‌ڕێكه‌وت هاتبێته‌ بوون، یان خۆی خۆی دروست كردبێت، خوای گه‌وره‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی : ﴿ أَمۡ خُلِقُواْ مِنۡ غَيۡرِ شَيۡءٍ أَمۡ هُمُ ٱلۡخَٰلِقُونَ ٣٥ أَمۡ خَلَقُواْ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَۚ بَل لَّا يُوقِنُونَ ٣٦ ﴾ ([6]) واتا : ئایا ئه‌و موشریك وهاوه‌ڵ بڕیارده‌رانه‌ له‌خۆیانه‌وه‌ دروست بوون، یان ئایا خۆیان خۆیان دروستكردووه‌ ٣٥ وه‌ ئایا ئه‌وان ئاسمانه‌كان و زه‌وییان به‌و ڕێك وپێكیه‌ دروستكردووه‌، نه‌خێر به‌ڵكو یه‌قینیان به‌خواو به‌ رۆژی پاداشت و تۆڵـــه ‌نیيه‌ بۆیـــه ‌ئــاوا به‌ئاره‌زووی خۆیان شه‌ن ئه‌كه‌ن ٣٦ .

    هه‌ر بۆیه‌ جوبه‌یری كوڕی موطعیم (خوای لێ ڕازی بێت) پێش ئه‌وه‌ی موسڵمان بێت كاتێك گوێی له‌م ئایه‌تانه‌ ده‌بێت ده‌ڵێت : « كاد قلبي أن يطير » ([7]) واتا‌ : خه‌ریك بوو دڵم بفڕێت، ئه‌ویش كاتێك كه‌ ئیمان له‌دڵ وده‌روونیدا چه‌سپا و ئۆقره‌ی گرت، بۆیه‌ ده‌بینین زۆر جار په‌روه‌ردگار ڕێنومایی به‌نده‌كانی ده‌كات ئه‌ویش له‌رێگای ڕێ نیشاندانیان له‌ناسین و وورد بوونه‌وه‌ له‌و ‌به‌ڵگه‌ ونیشانانه‌ی كه‌ له‌نێو دروستكراوه‌كانی خوای گه‌وره‌ له‌ده‌وروبه‌ر وگه‌ردووندا به‌دی ده‌كرێت، هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : ﴿ وَفِي ٱلۡأَرۡضِ ءَايَٰتٞ لِّلۡمُوقِنِينَ ﴾ ([8]) واتا : له ‌زه‌وییدا گه‌لێ نیشانه ‌و به‌ڵگه‌ی گه‌وره‌و مه‌زن هه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ئیمان و له‌ بڕوادا بێگومانن، چونكه‌ سه‌یری ئه‌و هه‌موو جۆره‌ گیاو گوڵ و ئاژه‌ڵ و كێوو شـــــاخ و چیاو ده‌شت و ده‌ره‌ ئه‌كه‌ن ، ده‌رئه‌نجام به‌و شێوه‌یه‌ش بۆخوا ملكه‌چ ئه‌بن، كه‌واته‌ سه‌رنج بده‌ن و تێڕامێنن له‌و به‌ڵگه‌ ونیشانانه‌ی كه‌ گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره‌ ده‌سه‌لمێنن .

    2) به‌ڵگه‌ی هه‌ست وده‌ركی مرۆڤ له‌سه‌ر بوونی خوای گه‌وره‌ Y :

    مرۆڤ داوای ئه‌و شتانه‌ی له‌ په‌روه‌ردگاری ده‌كات كه‌ پێویستی پێیه‌تی وده‌یه‌وێت له‌دونیادا به‌ده‌ستیان بهێنێت، بۆیه‌ ده‌بینین هاوار ده‌كات و ده‌پاڕێته‌وه‌ وده‌ڵێت: ئه‌ی په‌رروه‌ردگار، ئه‌ی خوای به‌رزوبڵند، داوای ئه‌و شته‌ ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت، زۆر نابات خوای گه‌وره‌ داوا وپاڕانه‌وه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گرێت، ئه‌و كه‌سه‌ به‌چاوی سه‌ری خۆی ده‌یبینێت كه‌ خوا هاتووه‌ به‌هاواریه‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ نییه‌ له‌سه‌ر بوونی خوای گه‌وره‌، ئه‌مه‌ی كه‌ ووتمان شتێكی بینراوه‌ وهه‌ست پێكراوه‌، بێباوه‌ڕان و مولحیده‌كانیش ناتوانن نكولی لێ بكه‌ن، براده‌رێكی بانگخوازم چیرۆكێكی جوان وقه‌شه‌نگی بۆ گێرامه‌وه‌، ووتی : كاتێك وویستمان به‌فڕۆكه‌ گه‌شتێك بكه‌ین بۆ یه‌كێك له‌ووڵاته‌كان، له‌پڕ فڕۆكه‌كه‌ شتێكی به‌سه‌رهات، هه‌موو سه‌رنشینه‌كان بێگومان بووین كه‌ تیاچووین وڕزگار بوونمان مه‌حاڵه‌، منیش قورئانه‌كه‌م ده‌رهێنا و ده‌ستم كرد به‌ قورئان خوێندن، كه‌سێكی مولحید ودوور له‌دین هاته‌ پاڵمه‌وه‌، به‌ ده‌نگێكی به‌رز پێی ووتم : قورئان خوێندنه‌كه‌ت زیاتر بكه‌، زیاتر لێم نزیك بوویه‌وه‌ وهاواری ده‌كرد : زیاتر زیاتر، ده‌نگت به‌رز بكه‌ره‌وه‌، به‌ڵكو خوای گه‌وره‌ ڕزگارمان بكات، ئه‌وه‌ بوو سوپاس بۆ خوا ڕزگارمان بوو له‌و مه‌ترسی ودڵه‌ ڕاوكێیه‌.

    ئه‌م كاره‌ هیچ جێگای سه‌رسوڕمان نییه‌، چونكه‌ زۆر پێشتر موشریك و بێباوه‌ڕه‌كان تووشی وه‌ها هه‌ڵوێستێكی ناخۆش بوون له‌ ژیانیاندا، ئه‌وه‌تانی خوای گه‌وره‌ له‌وه‌صفیاندا ده‌فه‌رموێت: ﴿ فَإِذَا رَكِبُواْ فِي ٱلۡفُلۡكِ دَعَوُاْ ٱللَّهَ مُخۡلِصِينَ لَهُ ٱلدِّينَ فَلَمَّا نَجَّىٰهُمۡ إِلَى ٱلۡبَرِّ إِذَا هُمۡ يُشۡرِكُونَ ﴾ ([9]) واتا: له ‌كاتی خۆشیی و ئاسایشدا ده‌بینی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌ بێ باوه‌ڕن و نكوڵیی قیامه‌ت ده‌كه‌ن، كه‌چی كاتێ سواری كه‌شتی ئه‌بن و ترسی نقوم بوونیان لێ ده‌نیشێت زۆر به‌كوڵ سه‌ر دائه‌نێن و ملكه‌چیی و یه‌كلابوونه‌وه‌ی خۆیان بۆ خوا ده‌رئه‌بڕن و ته‌نها له‌و داوا ئه‌كه‌ن و، باسی بته‌كان نامێنێ، به‌ڵام كاتێك ڕزگاریان ده‌كات و ده‌گه‌نه‌ ووشكانیی، دووباره‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر بیره‌ پووچه‌ڵه‌كه‌ی خۆیان و به‌هه‌مان جۆر شه‌ریك و هاوه‌ڵ بۆ خوا داده‌نێن .

    ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی هه‌ست وناخی مرۆڤه‌كانه‌ له‌سه‌ر بوونی خوای گه‌وره‌ و په‌روه‌ردگار، ئه‌ویش ‌كاتێك زۆر به‌ ڕوونی ده‌ركه‌وێت كه‌ كاریگه‌ریه‌ ڕوپۆشه‌كان نامێنن له‌سه‌ری، خێرا ئه‌و هه‌سته‌ جارێكی تر چه‌كه‌ره‌ ده‌كات و له‌ خوای خۆی ده‌پاڕێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ركه‌ ئه‌و كاریگه‌ریه‌ ڕوپۆشانه‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچی به‌سه‌ر نه‌هاتبێت جارێكی تر وه‌ك خۆی لێ دێته‌وه‌ وده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر بێباوه‌ڕییه‌كه‌ی خوا په‌نا بدات .

    3) به‌ڵگه‌ی فیتره‌تی مرۆڤ له‌سه‌ر بوونی خوای گه‌وره‌ Y :

    زۆربه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ فیتره‌ته‌ پاك وخاوێنه‌كه‌یان تووشی لادان نه‌هاتووه‌ وكاریگه‌ری كه‌سانی تر له‌سه‌ریان كه‌م بووه‌، باوه‌ڕیان به‌خوای گه‌وره‌ هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئاژه‌ڵ وگیانداره‌كانیش باوه‌ڕیان به‌ بوونی خودا ویه‌كخواپه‌رستی ئه‌و ذاته‌ هه‌یه‌، وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : ﴿ وَإِذۡ أَخَذَ رَبُّكَ مِنۢ بَنِيٓ ءَادَمَ مِن ظُهُورِهِمۡ ذُرِّيَّتَهُمۡ وَأَشۡهَدَهُمۡ عَلَىٰٓ أَنفُسِهِمۡ أَلَسۡتُ بِرَبِّكُمۡۖ قَالُواْ بَلَىٰ شَهِدۡنَآۚ أَن تَقُولُواْ يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ إِنَّا كُنَّا عَنۡ هَٰذَا غَٰفِلِينَ ١٧٢ أَوۡ تَقُولُوٓاْ إِنَّمَآ أَشۡرَكَ ءَابَآؤُنَا مِن قَبۡلُ وَكُنَّا ذُرِّيَّةٗ مِّنۢ بَعۡدِهِمۡۖ أَفَتُهۡلِكُنَا بِمَا فَعَلَ ٱلۡمُبۡطِلُونَ ١٧3 ﴾ ([10]) واتا : یادی ئه‌وکاته‌ش بکه‌ره‌وه‌ که ‌په‌روه‌ردگارت پشتاو پشتی نه‌وه‌ی ئاده‌می کۆ کرده‌وه‌ (له‌ جیهانی په‌نهان و شاراوه‌دا په‌یمانی لێ وه‌رگرتن) و کردنی به‌ شایه‌ت به‌سه‌ر خۆیانه‌وه‌ و (پێی فه‌رموون): ئایا من په‌روه‌ردگاری ئێوه‌ نیم؟! هه‌موو وتیان: نابێت تۆ خوای ئێمه‌ نه‌بیت، به‌ڵێ شایه‌تیمان داوه‌ (که‌ تۆ په‌روه‌ردگارمانیت)، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کو له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا بڵێن: به‌ڕاستی ئێمه‌ له‌مه‌ بێئاگا بوین ١٧٢ یاخود نه‌وه‌ک بڵێن: جا ئێمه‌ چی بکه‌ین، به‌ڕاستی باوو باپیرانمان له‌ پێشدا هاوه‌ڵیان بۆ خوا داناوه‌ و ئێمه‌ش نه‌وه‌یه‌ک بووین دوای ئه‌وان هاتین و شوێنیان که‌وتین، جا ئایا تۆ له‌ناومان ده‌به‌یت به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ پێشێلکه‌رانی حه‌ق کردوویانه‌ ١٧3 ؟

    ئه‌م ئایه‌تانه‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر فیتره‌تێكی پاكی بێگه‌رد خوای گه‌وره‌ دروستی كردووه‌، فیتره‌تێك كه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ كه‌سێك هه‌یه‌ هه‌میشه‌ هاواری بۆ لاببات و لێی بپارێته‌وه‌، چونكه‌ مرۆڤ وا دروستكراوه‌ ناتوانێت به‌ بێ باوه‌ڕ بون به‌ خوایه‌كی تاك و ته‌نها بژیه‌ت، ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ ئینكاری ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن، درۆ وبوهتانه‌كانیان كاتێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ تووشی ناڕه‌حه‌تی وبه‌ڵا وناخۆشیه‌ك ده‌بن له‌ژیانیاندا، كاتێك زانیان هه‌موو ده‌رگاكانیان له‌سه‌ر داخراوه‌، ئه‌وجا ئه‌و فیتره‌ته‌ی كه‌ له‌سه‌ر دروستكراوه‌ سه‌ر هه‌ڵ ده‌دات و هاوار له‌خوای خۆی ده‌كات، وه‌ك له‌ به‌ڵگه‌ی پێشووتردا ڕوونمان كرده‌وه‌ .

    4) به‌ڵگه‌ شه‌رعیه‌كان له‌سه‌ر بوونی خوای گه‌وره‌ Y :

    خوای گه‌وره‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانی ڕه‌وانه‌ كرد بۆ لای گه‌له‌كانیان هه‌ریه‌كه‌ به‌ شه‌ریعه‌تێكی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌، شه‌ریعه‌تێك كه‌ بۆ سه‌رجه‌م دروستكراوه‌كانی خوا بگونجێت، شه‌ریعه‌تێك له‌گه‌ڵ داواكاری ئه‌و گه‌لانه‌دا پێك ده‌هاته‌ووه‌، به‌تایبه‌تی شه‌ریعه‌تی ئیسلام و قورئانی پیرۆز كه‌ تائێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌سته‌وسان بوون له‌به‌رامبه‌ریدا كه‌ بتوانن وه‌ك قورئان یان نمونه‌ی قورئان بهێنن، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر بوونی خوایه‌كی دانای زانای كار به‌جێ، خوایه‌ك كه‌ دروستكراوه‌كانی خۆی دروستكردووه‌، هه‌ر ئه‌ویش ده‌زانێت چی جۆره‌ به‌رنامه‌یه‌كیان پێویسته‌، چی جۆره‌ به‌رنامه‌یه‌ك به‌كه‌ڵكی ژیانی ڕۆژانه‌یان دێت .

    هه‌موو ئه‌م ئاژه‌ڵ و زینده‌وه‌ر وچیا وڕووبار وده‌ریا وزه‌ریا ودره‌خت وئه‌ستێره‌ و مانگ وخۆر وگه‌ردوونه‌، به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر بوونی خوای گه‌وره‌، سه‌ره‌ ڕای به‌ڵگه‌كانی تری وه‌ك جیاوازی زمان و ڕه‌نگ وپێست و ڕاده‌ی ژیری نێوان مرۆڤه‌كان، جوانی شێوه‌ و ڕوخساریان، ڕێكخستنی ئه‌ندامه‌كانی له‌ش به‌م شێوه‌ جوانه‌ی ئێستا، هه‌موو به‌ڵگه‌ی ڕوون وئاشكران له‌سه‌ر بوونی خوا وگه‌وره‌یی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ذاته‌ پیرۆزه‌ بۆ كه‌سانێك كه‌مێك بیر بكه‌نه‌وه‌ تێبفكرن له‌وه‌ی له‌چوار ده‌وریان ڕوو ده‌دات وده‌گوزره‌ێت، خوای گه‌وره‌ش هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی: ﴿ وَفِيٓ أَنفُسِكُمۡۚ أَفَلَا تُبۡصِرُونَ ﴾ ([11]) واتا : له‌خودی خۆیشتاندا (له‌هه‌موو خانه‌یه‌کی له‌شدا، له‌هه‌موو ئه‌ندامێکدا، له‌هه‌موو کۆئه‌ندامێکدا، له‌رۆح ونه‌فس و عه‌قڵدا، به‌ڵگه‌ی بێ سنوور هه‌یه‌ له‌سه‌ر زانایی و به‌توانایی و جوانکاری زاتی به‌دیهێنه‌ر) ده‌سا له‌ خۆتان ناڕوانن و ته‌ماشا ناكه‌ن ؟ سه‌یر ناكه‌ن خوای گه‌وره‌چۆن ئێوه‌ی دروست كردووه‌، هه‌ریه‌كه‌ شێوه‌ی ئاخافتن و زمانی جۆرێكه‌، ره‌نگ و روخساری جۆرێكه‌، پله‌ی ژیریی و تێگه‌یشتنی و به‌ژن و باڵاو قه‌دو قامه‌تی جۆرێكه‌ ؟ .

    دووه‌م: باوه‌ڕ بوون به‌خوای گه‌وره‌، یه‌كخواپه‌رستی له‌په‌رستنه‌كاندا ده‌گه‌یه‌نێت:

    مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ به‌دڵت باوه‌ڕ پێی هه‌بێت، و به‌زومان دانی پێدا بنێیت، كه‌ په‌روه‌ردگار خوایه‌ك وپه‌رستراوێكی به‌هه‌قه‌، هیچ شه‌ریك وهاوه‌ڵی نییه‌ له‌په‌رستندا، وه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌شی كه‌ جگه‌ له‌ ئه‌و ده‌په‌رسترێت هه‌ر هه‌مووی خوای به‌تاڵ وپڕوپووچ ودروستكراوی ده‌ستی مرۆڤه‌كانه‌، له‌م باره‌یه‌شه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی: ﴿ ذَٰلِكَ بِأَنَّ ٱللَّهَ هُوَ ٱلۡحَقُّ وَأَنَّ مَا يَدۡعُونَ مِن دُونِهِۦ هُوَ ٱلۡبَٰطِلُ وَأَنَّ ٱللَّهَ هُوَ ٱلۡعَلِيُّ ٱلۡكَبِيرُ ﴾ ([12]) واتا : ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌ڕاستی هه‌ر خوا هه‌ق و ڕاسته‌ وه‌ بێگومان ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌ خوا هاواری لێ ده‌که‌ن و (ده‌یپه‌رستن) هه‌ر هه‌مووی به‌تاڵ و ناڕاسته‌، وبێگومان خوا هه‌ر خۆی به‌رزو بڵندو گه‌وره‌یه‌ .

    باوه‌ڕ به‌ یه‌كخواپه‌رستی په‌روه‌ردگار له‌په‌رستندا ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ به‌نده‌كان هیچ جۆره‌ په‌رستنێك بۆ غه‌یری ئه‌و ذاته‌ پیرۆزه‌ ئه‌نجام نه‌ده‌ن، چونكه‌ هه‌ر ئه‌و په‌رستراوی به‌هه‌قه‌، شایانی ئه‌وه‌یه‌ به‌نده‌كان هه‌موویان به‌تاك و ته‌نهایی هه‌ر ئه‌و بپه‌رستن، وعیباده‌ته‌كانیان هه‌ر بۆ ئه‌و بێت، عیباده‌تی دڵه‌كانیان، عیباده‌تی زومانیان، عیباده‌تی كاروكرده‌وه‌ وئه‌ندامه‌كانی تری جه‌سته‌یان، خوای گه‌وره‌ش فه‌رموویه‌تی : ﴿ يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ ٱعۡبُدُواْ رَبَّكُمُ ٱلَّذِي خَلَقَكُمۡ وَٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِكُمۡ لَعَلَّكُمۡ تَتَّقُونَ ﴾ ([13]) واتا : ئه‌ی خه‌ڵكینه‌! ته‌نها په‌روه‌ردگاری خۆتان بپه‌رستن، كه‌ ئێوه‌و پێشووه‌كانی ئێوه‌ی له‌نه‌بوون دروستكردووه‌، چونكه‌ ئاوا په‌رستنێك هێزی پارێزگاری دروست ده‌كات و به‌ڵكو ئێوه‌ش خۆ بپارێزن .

    هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی: ﴿ وَقَضَىٰ رَبُّكَ أَلَّا تَعۡبُدُوٓاْ إِلَّآ إِيَّاهُ ﴾ ([14]) واتا: په‌روه‌ردگارت بڕیاری داوه‌ که‌ هیچ شتێك نه‌په‌رستن بێجگه‌ له‌ ئه‌و.

    پێغه‌مبه‌ریش e له‌فه‌رمووده‌یه‌كی قودسیدا ده‌فه‌رموێت: « قَالَ اللَّهُ تَبَارَكَ وَتَعَالَى: أَنَا أَغْنَى الشُّرَكَاءِ عَنِ الشِّرْكِ مَنْ عَمِلَ عَمَلاً أَشْرَكَ فِيهِ مَعِي غَيْرِي تَرَكْتُهُ وَشِرْكَهُ» ([15]) واتا: خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی من ده‌وڵمه‌ندترین كه‌سێكم كه‌ پێویستم به‌ شه‌ریك وهاوه‌ڵ نییه‌، هه‌ركه‌سێك كارێك بكات وجگه‌ له‌من كه‌سێكی تر له‌گه‌ڵمدا بكاته‌ هاوبه‌ش و شه‌ریكم، ئه‌وه‌ من خۆی و شیرك وهاوه‌ڵ بڕیاردانه‌كه‌ی به‌جێ ده‌هێڵم و ( نامه‌وێت ) .

    بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر به‌نده‌كان هیچ په‌رستنێك بۆ غه‌یری خوا ئه‌نجام نه‌ده‌ن، ئیتر ئه‌و په‌رستنه‌ سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ وگیاندارێك بێت، یان نزا وپاڕانه‌وه‌ وهاوار لێكردن و وپاڕانه‌وه‌ بێت، یان ملكه‌چی وترس و خشوع ونوێژ وڕۆژوو زه‌كات و حه‌ج بێت، یان هه‌ر په‌رستنێكی تر له‌په‌رستنه‌كان، كه‌ هه‌ر هه‌مووی ده‌بێت بۆ خوای تاك وته‌نها بیت، وبه‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت بۆ غه‌یری ئه‌و ئه‌نجام بدرێن، چونكه‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره‌ په‌رستنێك بۆ غه‌یری خوا ده‌چێته‌ر چوار چێوه‌ی شیرك وهاوه‌ڵ بڕیاردانه‌وه‌ .

    سێهه‌م: باوه‌ڕ بوون به‌خوای گه‌وره‌، یه‌كخواپه‌رستی له‌ناوه‌ جوان و صیفه‌ته‌ پیرۆزه‌كانی ده‌گه‌ینێت:

    باوه‌ڕ بوون به‌ناو صیفه‌ته‌ پیرۆزه‌كانی خوای گه‌وره‌، به‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و ناو صیفه‌تانه‌ی كه‌ خوا وپێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی e له‌قورئان و سوننه‌تدا ثابت وجێگیریان كردووه‌، ئێمه‌یش به‌شێوه‌یه‌كی جوان و شایسته‌ بۆ خوای گه‌وره‌ی بڕیار بده‌ین، به‌بێ ده‌ستكاری كردن و له‌كارخستن و لێكچواندن ولێكدانه‌وه‌ی نابه‌جێ، خوای گه‌وره‌ له‌باره‌ی ناو وصیفه‌ته‌ جوانه‌كانی فه‌رموویه‌تی : ﴿ وَلِلَّهِ ٱلۡأَسۡمَآءُ ٱلۡحُسۡنَىٰ فَٱدۡعُوهُ بِهَاۖ ﴾ ([16]) واتا : ناوه‌كانی خوا هه‌موو جوان و پڕشكۆن، و په‌روه‌ردگار خاوه‌نیانه‌، به‌و ناوانه‌ دۆعا و نزا بکه‌ن و هاناو هاوار بۆ ئه‌و ذاته‌پیرۆزه‌ به‌رن.

    بۆیه‌ له‌سه‌ر به‌نده‌كان واجبه‌ هه‌ست به‌ پیرۆزی ئه‌و ناوه وصیفه‌ته‌ به‌رز وبڵندانه‌ بكه‌ن، و له‌دڵ و ده‌روون و ناخیاندا ڕه‌گ داكوتن، به‌و ناو و صیفه‌ته‌ جوانانه‌ هاوار له‌ په‌روه‌ردگاریان بكه‌ن، چونكه‌ باوه‌ڕ به‌م ناو صیفه‌تانه‌ خۆشه‌ویستی و ترس و خشوع له‌دڵه‌كاندا به‌رامبه‌ر به‌ خوای گه‌وره‌ ده‌ڕوێنن .

    به‌رهه‌م وشوێنه‌واری باوه‌ڕ بوون به‌ خوای گه‌وره‌Y :

    باوه‌ڕ به‌خوای گه‌وره‌ I به‌رهه‌م و شوێنه‌وارێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌:

    1) جێ به‌جێكردن و ته‌حقیق كردنی په‌كخواپه‌رستی ذاتی پیرۆزی ( الله ) به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ دڵی به‌نده‌كان پابه‌ند نابن به‌غه‌یری خوداوه‌ .

    2) ئه‌و په‌ڕی خۆشه‌ویستی ومه‌حبه‌ت بۆ خودا و به‌گه‌وره‌ وشكۆ ڕاگرتنی، له‌ڕوانگه‌ی باوه‌ڕ بوون به‌ناو و صیفه‌ته‌ به‌رز و جوانه‌كانی .

    3) جێ به‌جێ كردن و ته‌حقیق كردنی سه‌رجه‌م په‌رستنه‌كان ته‌نها بۆ ذاتی پیرۆزی ( الله ) ئه‌ویش به‌وه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانه‌كانی جێ به‌جی بكه‌یت، ودووریش بكه‌ویته‌وه‌ له‌و شتانه‌ی قه‌ده‌غه‌ و نه‌هی كردون .

    4) ئازادكردنی به‌نده‌كانه‌ له‌ به‌ندایه‌تی كردنی دروستكراوه‌كانی خودا وترس و ڕه‌جا وكاركردن له‌به‌ر ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وان و پابه‌ند بوون پێوه‌یان، بۆ به‌ندایه‌تی كردنی خوای تاك و ته‌نها، چونكه‌ هه‌ر به‌ندایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خودای تاك و ته‌نهایه‌ مرۆڤه‌كان له‌زه‌لیلی ڕزگار ده‌كات، و سه‌به‌رزیان ده‌كات به‌ پایه‌ند بوون به‌ په‌روه‌ردگاری ڕاسته‌قینه‌ی خۆیانه‌وه‌

    ([1]) سورة الحجرات : 14 .

    ([2])رواه مسلم في كتاب الإيمان ، باب معرفة الإيمان والإسلام والقدر وعلامة الساعة (8).

    ([3]) سورة البقرة: الآية 177.

    ([4]) سورة القمر: الآية 49.

    ([5]) سبق تخريجه.

    ([6]) سورة الطور: الآيتان 35- 36

    ([7])رواه البخاري في كتاب التفسير ، باب تفسير سورة الطور(4854).

    ([8]) سورة الذاريات: الآية 20.

    ([9]) سورة العنكبوت: الآية 65.

    ([10]) سورة الأعراف: الآيتان 171-172

    ([11]) سورة الذاريات: الآية 21.

    ([12]) سورة الحج: الآية 62.

    ([13]) سورة البقرة : الآية 21 .

    ([14]) سورة الإسراء: الآية23.

    ([15]) رواه مسلم في كتاب الزهد، باب من أشرك في عمله غير الله (2298).

    ([16]) سورة الأعراف: الآية 179.

    پۆڵینه‌ زانستیه‌كان:

    ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان