هۆكاره‌كانی جیاوازی نێوان پیاوان وژنان له‌ ئیسلامدا

وه‌سف كردن

پیاوان و ئافره‌تان خوای گه‌وره‌ ته‌واوی فه‌رمان وڕێگریه‌كانی به‌یه‌كسانی پێ ڕاگه‌یاندوون، له‌ هه‌ندێك كار وفه‌رماندا نه‌بێت كه‌ خوای گه‌وره‌ ڕه‌چاوی حاڵو ته‌ندروستی ئافره‌تانی كردووه‌ و هه‌ندێك له‌ عیباده‌ته‌كانی له‌سه‌ر سووك كردوون، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ندێك ئیعتبارات په‌روه‌ردگار جیاوازییه‌كی كه‌می كردووه‌ له‌ نێوان ئافره‌تان و پیاواندا، ئه‌ویش نه‌ك به‌وه‌ی خوانه‌خواسته‌ وا تێبگه‌ین كه‌ خوای گه‌وره‌ و ئاینی پیرۆزی ئیسلام سته‌میان كردبێت له‌ ئافره‌تان، نه‌خێر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ڵكو له‌به‌ر ڕه‌چاوكردنی هه‌ندێك بارودۆخ جیاوازیه‌كی كه‌م ده‌بینرێت له‌ نێوان ئافره‌تان و پیاوان...
ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌رگیراوه‌ له‌ كتێبی ( ڕێزلێنانی ئافره‌ت له‌ ئیسلامد )، دانه‌ره‌كه‌ی شێخ موحه‌ممه‌د جه‌میل زینۆیه‌.

Download
له‌باره‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌وه‌ كۆمێنتێك بنێره‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیار

وه‌صفی فراوان

    هۆكاره‌كانی جیاوازی نێوان پیاوان وژنان له‌ ئیسلامدا

    ] kurdish – كوردی – كردي [

    شێخ محمد جميل زينو

    وەرگێڕانی: ئومێد عمر چرۆستانی

    پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز

    2014 - 1435

    سبب اختلاف الرجل عن المرأة

    « باللغة الكردية »

    محمد بن جميل زينو

    ترجمة: أوميد عمر علي

    مراجعة: بشتيوان صابر عزيز

    2014 - 1435

    هۆكاره‌كانی جیاوازی نێوان پیاوان وژنان له‌ ئیسلامدا

    سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان، وه‌ درود و صه‌ڵات وسه‌لام له‌سه‌ر محمد المصطفی وئال وبه‌یت ویار ویاوه‌رانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

    خوای گه‌وره‌ مرۆڤه‌كانی به‌یه‌كسانی دروستكردووه‌، و هیچ كه‌سێك فه‌زڵی نییه‌ به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌دا به‌ خواناسی و ته‌قوای زیاتر نه‌بێت، نه‌ عه‌ره‌ب فه‌زڵی هه‌یه‌ به‌سه‌ر غه‌یری عه‌ره‌بدا، وه‌ نه‌ غه‌یری عه‌ره‌بیش فه‌زڵی هه‌یه‌ به‌سه‌ر عه‌ره‌بدا، ڕه‌ش پێست و سپی پێست له‌ ته‌رازووی خوای گه‌وره‌دا یه‌كسانن، ئه‌وه‌یان نه‌بێت كه‌ ته‌قواو و خواناسی له‌وی دیكه‌ زیاتر بێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ پیاوان و ئافره‌تانیش خوای گه‌وره‌ ته‌واوی فه‌رمان وڕێگریه‌كانی به‌یه‌كسانی پێ ڕاگه‌یاندوون، له‌ هه‌ندێك كار وفه‌رماندا نه‌بێت كه‌ خوای گه‌وره‌ ڕه‌چاوی حاڵو ته‌ندروستی ئافره‌تانی كردووه‌ و هه‌ندێك له‌ عیباده‌ته‌كانی له‌سه‌ر سووك كردوون، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ندێك ئیعتبارات په‌روه‌ردگار جیاوازییه‌كی كه‌می كردووه‌ له‌ نێوان ئافره‌تان و پیاواندا، ئه‌ویش نه‌ك به‌وه‌ی خوانه‌خواسته‌ وا تێبگه‌ین كه‌ خوای گه‌وره‌ و ئاینی پیرۆزی ئیسلام سته‌میان كردبێت له‌ ئافره‌تان، نه‌خێر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ڵكو له‌به‌ر ڕه‌چاوكردنی هه‌ندێك بارودۆخ جیاوازیه‌كی كه‌م ده‌بینرێت له‌ نێوان ئافره‌تان و پیاوان، له‌م خاڵانه‌ی خواره‌دا :

    یه‌كه‌م : له‌كاتی شاهیدی داندا : ئاینی پیرۆزی ئیسلام به‌ مه‌رجی داناوه‌ كه‌ شاهیدیدانی هه‌ندێك مه‌سائل پێویسته‌ دوو پیاو بێت، ئه‌گه‌ر دوو پیاو نه‌بوو ئه‌وا ده‌بێت پیاوێك و دوو ئافره‌ت بن، وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : {فَرَجُلٌ وَامْرَأَتَانِ مِمَّنْ تَرْضَوْنَ مِنَ الشُّهَدَاءِ} [ البقرة: 282 ] واتا : با شاهیده‌كان ئه‌گه‌ر دوو پیاو نه‌بوون، ئه‌وا با پیاوێك و دوو ئافره‌ت بن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ سووكایه‌تی و به‌كه‌م زانینی بێت بۆ ئافره‌تان ، نه‌خێر به‌ڵكو له‌ به‌ر ئه‌و فیطره‌ته‌یه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ ئافره‌تانی له‌سه‌ر خه‌لق كردووه‌، چونكه‌ ئافره‌تان به‌ سروشتی خۆیان كه‌سانێكی عاطفی و سۆزدارن و زاتی ئه‌وه‌ ناكه‌ن له‌به‌ر هه‌ندێكی حاڵه‌تی كوشتن و تاوان و خوێن ڕشتندا خۆیان بگرن، وه‌ له‌كاتی خۆیدا به‌ پێی پێویست شاهیدی خۆیانی له‌سه‌ر بده‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی فه‌وتان و له‌ناوچوونی مافی هاوڵاتیان، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئافره‌تان كه‌م تر له‌به‌ر په‌روه‌رده‌كردنی ماڵومنداڵ گرنگی ده‌ده‌ن به‌ كڕین وفرۆشتن و ئه‌و كێشه‌ وگرفتانه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان خه‌ڵكیه‌وه‌، یان له‌به‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ مانگانه‌ به‌سه‌ر ئافره‌تاندا دێت له‌ سوڕی مانگانه‌ كه‌ باری ده‌رونیان ناجێگیر ده‌بێت، ناكرێت شاهیدیدانی ئافره‌تێك به‌ شاهیدیدانی پیاوێك به‌راورد بكرێت له‌م حاڵه‌تانه‌دا .

    جا ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و ئافره‌ته‌ ئافره‌تێكی تری له‌گه‌ڵ بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر شتێكی له‌بیرچوو له‌كاتی شاهیدیدانه‌كه‌دا وه‌بیر بهێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ زیاتر ئه‌وه‌ ماف و هه‌قه‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌سه‌لمێنرێت" وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : {أَنْ تَضِلَّ إِحْدَاهُمَا فَتُذَكِّرَ إِحْدَاهُمَا الْأُخْرَى} [البقرة: 282] واتا :بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو یه‌كێكیان له‌و ئافره‌تانه‌ شتێكی له‌بیرچوویه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌وی دیكه‌یان وه‌بیر بهێنێته‌وه‌.

    بۆیه‌ ده‌بینین ئاینی پیرۆزی ئیسلام شاهیدیدانی ئافره‌تانی ڕه‌فز نه‌كردووه‌، وبڵێ ئافره‌تان شاهیدیان لێوه‌رناگیرێت، به‌ڵكو به‌مه‌رجی داناوه‌ كه‌ دووان بن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێكیان شتێكی له‌بیر چوویه‌وه‌ ئه‌وی تریان وه‌بیری بهێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ق ومافی خه‌ڵكی نه‌فه‌وێت، وزوڵم وسته‌میش به‌سه‌ر كه‌سدا نه‌چه‌سپێت .

    دووه‌م : له‌ میرات گرتندا، ئافره‌تان له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا نه‌ك هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا، دووانیان هێنده‌ی پیاوێك میرات ده‌بات له‌و كه‌سه‌ی مردووه‌، وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : {لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ} [ النساء: 11 ] واتا : به‌شی پیاوێك هێنده‌ی به‌شی دوو ئافره‌ته‌ .

    ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ به‌شی ئافره‌تان به‌ ناهه‌ق بخورێت، ( حاشا ) شتی وانییه‌، به‌ڵكو له‌ پێناو پاراستنی مافه‌كانی ئه‌ودایه‌، چونكه‌ ئافره‌ت كه‌ مافی خۆی له‌ میراتی مردووه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت، و پیاویش دوو هێنده‌ی ئه‌و ده‌بات، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پیاوان ئیسلام له‌سه‌ر واجب كردوون كه‌ نه‌فه‌قه‌ ومه‌سروفاتی ماڵومنداڵیان بده‌ن به‌ مه‌سروفاتی ژنه‌كانیشیانه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر هێنده‌ به‌ڵكو واجب كراوه‌ له‌سه‌ریشیان كه‌ ماره‌ییان پێ بده‌ن، و نه‌فه‌قه‌ی ئه‌و ئافره‌ته‌ش بدات كه‌ ته‌ڵاقی داوه‌ و هێشتا له‌ ( عده‌ ) كه‌یدایه‌، له‌هه‌موو ئه‌م حاڵه‌تانه‌دا ئافره‌تان هیچ شتێكیان له‌سه‌ر واجب نه‌كراوه‌ له‌ نه‌فه‌قه‌ و مه‌سروفاتی ماڵومنداڵ، به‌ڵكو ته‌واوی ئه‌و میراته‌ی كه‌ وه‌ری گرتووه‌، هه‌مووی بۆ خۆی و خزمه‌تی خۆی هه‌ڵده‌گرێت، كه‌واته‌ تێگه‌یشتین ئه‌و جیاوازییه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان پیاوان وئافره‌تان له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تی میرات گرتندا، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌زیفه‌ وئه‌ركیان جیاوازه‌ له‌و‌ وه‌زیفه‌ وئه‌ركه‌ی كه‌ له‌سه‌ر پیاوانه‌، نه‌ك خوانه‌خواسته‌ ئیسلام به‌كه‌متر ته‌ماشای ئافره‌تان بكات .

    سێهه‌م : خوێن و دیه‌ی ئافره‌تان له‌كاتی كوشتنی به‌ هه‌ڵدا ( قتل الخطأ ) حیكمه‌ت له‌وه‌دایه‌ خوێن ودیه‌ی پیاوان دوو هێنده‌ی خوێن و دیه‌ی ئافره‌تان بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو كوژراوه‌كه‌ پیاو بوو، ئه‌وا ئه‌و خێزانه‌ كه‌سێكیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ نه‌فه‌قه‌ و مه‌سروفاتی ژیانیانی بۆ دابین ده‌كردن، بۆیه‌ له‌م كاته‌دا خێزانه‌كه‌ی خوێن ودیه‌ی دوو هێنده‌ی ئافره‌تێك پێ ده‌درێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و كوژراوه‌ ئافره‌تێك بێت، ئه‌و خێزانه‌ كه‌سێكیان له‌ده‌ست نه‌داوه‌ كه‌ نه‌فه‌قه‌ و گوزه‌رانی ژیانیانی دابین كردبێت، بۆیه‌ ده‌بینین خوێن ودیه‌ی پیاوان و ئافره‌تانیش له‌ ئیسلامدا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌رك و واجباتی هه‌ر كه‌سێكیان له‌وی تریان جیاوازه‌ .

    چواره‌م : سه‌رۆكایه‌تی ووڵات و لێپرسراویه‌تی هه‌ندێك پله‌و پایه‌ی ده‌وڵه‌ت : هه‌ندێك له‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی سه‌رۆكی ووڵات، یان لێپرسراویه‌تی له‌ ئیسلامدا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بكرێت به‌ پێشه‌وا و ئیمامی نوێژكردن بۆ خه‌ڵكی، یان به‌ قائدێكی سه‌ربازی له‌ جه‌نگدا، دیاره‌ ئافره‌تانیش هیچ كام له‌مانه‌ی پێ هه‌ڵناسوڕێت، وه‌ ناكرێت هیچ كام له‌م كارانه‌ی پێ بسپێررێت، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و فیطره‌ته‌ی له‌سه‌ری خه‌لق كراوه‌ كه‌ لایه‌نی سۆزداریه‌كه‌ی زاڵتره‌ به‌سه‌رر لایه‌نه‌كانی تریدا، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لاشه‌ ولاری ئافره‌تان له‌ڕووی فیسۆلۆجیه‌وه‌ لاوازتره‌ و جیاوازتره‌ له‌ لاشه‌ ولاری پیاوان، هه‌روه‌ها ئافره‌تان به‌هه‌ندێك قۆناغی وه‌ك سكپڕی و كه‌وتنه‌ ناو سوڕی مانگانه‌وه‌ تێده‌په‌ڕن كه‌ باری ده‌رونی ولایه‌نی فسیۆلۆجیان جێگیر نامێنێت، ئه‌مانه‌ و هه‌ندێك هۆكاری تر له‌به‌ر چاو گیراوه‌ كه‌ ناكرێت ئافره‌تێك ئه‌م گرنگی و لێپرسراویه‌تیه‌یان پێ بسپێررێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئافره‌تان له‌به‌ر ڕوونه‌دانی خراپه‌ و فه‌ساد وفیتنه ناكرێت ڕۆلێ ئیمامه‌تی نوێژ بۆ پیاوان ببینن، به‌ڵام له‌ناو خۆیاندا هیچ كێشه‌یه‌ك نابینرێت ئه‌گه‌ر بێتو ئافره‌تیك پێش نوێژی بۆ كۆمه‌ڵێك ئافره‌تی تر بكات .

    پێنجه‌م : ‌ته‌ڵاق : له‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ته‌ڵاق به‌ده‌ست پیاوانه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ واجبی كردووه‌ له‌سه‌ر پیاوان نه‌فه‌قه‌ و مه‌سروفات و ماره‌یی خێزانه‌كاینان دابین بكه‌ن، له‌ لایه‌كی تره‌وه پیاوان به‌گشتی نه‌ك مه‌به‌ستمان تاك تاكی پیاوان بێت، له‌ ئافره‌تان له‌ڕووی ده‌رك و ژیری و عه‌قڵیانه‌وه‌ زیاتر له‌وان به‌ ئارام ترن له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه‌ به‌دڵیان نییه‌ و پێیان ناخۆشه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پیاوان له‌كاتی ڕوودانی بچوك ترین كێشه‌دا خێرا په‌نا بۆ ته‌ڵاقدان نابه‌ن، به‌ به‌راورد ئه‌گه‌ر بهاتایه‌ ته‌ڵاقان بدایه‌ته‌ ده‌ست ئافره‌تان، بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌گه‌ر بهاتیایه‌ له‌ ووڵاتانی ئیسلامدا وه‌ك ووڵاتانی ڕۆژئاوا ته‌ڵاق به‌یه‌كسانی به‌ده‌ست پیاو و ژنان بوایه‌، ئه‌وا وه‌ك ئه‌و ووڵاتانه‌ ڕێژه‌ی ته‌ڵاق لای خۆشمان به‌رز ده‌بوویه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌و هۆگه‌لێكی تریش خوای گه‌وره‌ و ئاینی پیرۆزی ئیسلام ته‌ڵاقیان داوه‌ته‌ ده‌ست پیاوان، بۆ ئه‌وه‌ی ژیان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌جوانی و ڕیكوپێكی به‌رده‌وام بێت، هه‌رچه‌ند ده‌بینین هه‌ندیك جاری پیاوان ناهه‌قی ده‌كه‌ن له‌به‌كارهێنانی ته‌ڵاق له‌به‌رامبه‌ر خێزانه‌كانیاندا .

    محمد جمیل زینۆ ده‌ڵێت : له‌ڕاستیدا ته‌ڵاق خۆی له‌خۆیدا ڕێز و كه‌رامه‌ته‌ بۆ ئافره‌تانی موسڵمان، چونكه‌ ته‌ڵاق ئافره‌ت ڕزگار ده‌كات له‌و ژیانه‌‌ پڕ له‌ چه‌رمه‌سه‌ری وزوڵم وزۆره‌ی كه‌ دووچاری بووه‌ له‌گه‌ڵ پیاوه‌كه‌یدا، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ دادگه‌ر نییه له‌گه‌ڵیدا، ئه‌و پیاوه‌ی ئه‌ركانه‌كانی ئیسلام جێ به‌جێ ناكات، كۆتای ده‌هێنێت به‌قۆناغێك له‌ ژیانی ئافره‌ت كه‌ لێوان لێوه‌ له‌ كێشه‌ و ئاژاوه‌ له‌گه‌ڵ پیاوه‌كه‌یدا، دوای ئه‌وه‌ش كه‌ كه‌سوكاری هه‌ردوولا هه‌وڵی زۆریاندا كه‌ یه‌كیان بخه‌نه‌وه‌، یان ئه‌وه‌تانێ ته‌ڵاق كۆتای ده‌هێنێت به‌ ژیانێك كه‌ خۆشه‌ویستیه‌ بوونی نییه‌، چونكه‌ هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند بابه‌تێك كه‌ به‌رده‌وامی ژیانی له‌نێوانیاندا ئه‌سته‌م ده‌بێت، ته‌نها چاره‌سه‌ریش بۆ ئه‌م مه‌سئه‌له‌یه‌ ته‌نها و ته‌نها ته‌ڵاقه‌، وه‌ نه‌بێت ئیسلامیش خێرا په‌نای بردبێت بۆ ته‌ڵاقدان، نه‌خێر هه‌رگیز وانییه‌، به‌ڵكو هه‌ر‌چۆن پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیری به‌چه‌ند قۆناغێك ته‌واو ده‌بێت، به‌هه‌مان شێوه‌ پڕۆسه‌ی ته‌ڵاق دانیش به‌ چه‌ند قۆناغێك ده‌بێت، یه‌كێك له‌و قۆناغانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ ته‌ڵاقی به‌ سێ ته‌ڵاق داناوه‌، وه‌ك فه‌رموویه‌تی : {الطَّلَاقُ مَرَّتَانِ فَإِمْسَاكٌ بِمَعْرُوفٍ أَوْ تَسْرِيحٌ بِإِحْسَانٍ} [ البقرة: 229] واتا : ته‌ڵاقێک ( که‌ پیاو بتوانێت هاوسه‌ره‌که‌ی تێدا بگێڕێته‌وه ‌) دووجاره‌، دووکه‌ڕه‌ته‌ ( پیاو بۆی هه‌یه‌ ته‌ڵاقی هاوسه‌ره‌که‌ی بدات و چاکترین شێوازی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ردا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ڕوون کراوه‌ته‌وه‌)، له‌وه‌ودوا واته‌ بۆ سێهه‌م جار ئیتر ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت ژیانی هاوسه‌ریی بباته‌ سه‌ر (نابێت ته‌ڵاق بێت به‌ده‌میداو ئه‌گه‌ر هات) ده‌بێت به‌چاکی و به‌ڕێک و پێکی ده‌ست به‌رداری ببێت .

    خوای گه‌وره‌ له‌گوناهی هه‌موو لایه‌كمان خۆش بێت، و كێشه‌ وگیروگرفت له‌نێو خیزانه‌كانماندا هه‌ڵگرێت .

    سه‌رچاوه‌ : كتێبی : تكریم الإسلام للمرأة : محمد جمیل زینو

    ڕای به‌رێزت گرنگه‌ بۆمان