63 - Al-Munaafiqoon ()

|

(1) - ئەی موحەممەد - کاتێک کە دووڕووەکان ھاتن بۆ لات و ئامادەی كۆڕ و كۆبوونەوەت بوون و وتیان: شایەتی دەدەین بەڕاستی کە تۆ پێغەمبەری خوایت، لە کاتێکدا اللە تەعالا دەزانێت کە تۆ بەڕاستی پێغەمبەری ئەویت، وە اللە تەعالا شایەتی ئەوەش دەدات کە بێگومان ئەو دووڕووانە درۆزنن، لەوەی بانگەشەی بۆ دەكەن كە دەڵێن لە ناخی دڵمانەوە شاهیدی دەدەین كە بێگومان تۆ پێغەمبەری خوایت.

(2) دووڕووەكان ئەو سوێندانەیان كه دەخوارد لەسەر بانگەشەكردنی باوەڕهێنانیان، کردیان بە قەڵغان و بەرگری بۆ خۆیان له كوشتن و بەدیلگرتن، و بەو ھۆیەوە بەربەستی خەڵکیان کرد لە رێبازی اللە تەعالا، بە بڵاوكردنەوەی شك و گومان و ترس، بەڕاستی ئەوانە کارێکی خراپ و ناپەسەندیان کرد لە دووڕوویی و سوێندخواردنی درۆزنانە.

(3) ئەو کارە خراپەشیان لەبەر ئەوە بوو کە سەرەتا (لە ڕواڵەتدا) باوەڕیان ھێنا پاشان (ئەمانە لە ناخیاندا) بێباوەڕ بوون، (بەم ھۆیەشەوە) اللە تەعالا مۆری بەدبەختی نا بەسەر دڵیاندا، (ئەوەشی کە سوودی ھەبێت بۆ ڕێنمونی و چاکبوونیان) ئەم دووڕووانە تێی ناگەن.

(4) - ئەی موحەممەد - کاتێک دەیانبینیت لەش و سیمایان سەرسامت دەکات (وا دەزانیت ئەمانە پیاو ماقوڵ و کەسی شیاون) وە کاتێکیش قسە دەکەن (ئەوەندە زمان لووس و ڕەوانبێژن) تۆیش گوێیان بۆ دەگریت، وە لەبەر خاڵیەتی دڵیان لە باوەڕ بە اللە تەعالا (کاتێک لە مەجلیسی تۆدا دادەنیشن) ئەلێی تەختە داری ھەڵسپێرراون (کە ھیچ سوودیان پێ ناگەیەنێت)، ئەوەندەش دەترسێن کە اللە تەعالا نھێنیان ھەڵماڵێت وادەزانن ھەر بانگێک بکرێت و ھەر شتێک بێتە پێشەوە دژی ئەوانە، دەی ئێوەش بزانن ئەوانە دوژمنن و خۆتانیان لێ بپارێزن و وریایان بن، اللە تەعالا بیانکوژێت (وە نەفرینیان لێ بێت) کە چۆن لە ڕێی ڕاست و باوەڕهێنان لا ئەدەن، لەگەڵ ڕوونی و ئاشكرایی بەڵگه و نیشانەكانی؟!

(5) وە کاتێکیش بەو دووڕوانە بووترێت: وەرن با پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) داوای لێخۆش بوونتان بۆ بکات، سەرپێچی دەکەن و سەریان با دەدەن و گاڵتەیان پێ دێت، وە دەیان بینیت کە پشت ھەڵدەکەن ولەبەر خۆ بەزل زانینیان پێیان عەیب و نەنگی یە (بۆ شتێکی وا بێنە لای پێغەمبەر).

(6) بۆ ئەوانە وەک یەک وایە داوای لێخۆشوونیان بۆ بکەیت یان بۆیان نەکەیت (چونکە ئەوان بەردەوامن لەسەر نیفاق و دووڕوویی خۆیان) وە ھەرگیز اللە تەعالا لێیان خۆش نابێت، وە پەروەردگاریش ڕێنمونی گەلی تاوانبار و لە سنوور دەرچووی (وەک ئەوانە) ناکات.

(7) ئەوانە کەسانێکن دەڵێن : ھیچ مەبەخشن بەوانەی (موھاجیرن) و لە دەوری پێغەمبەرن (صلی اللە علیە وسلم)، لە هەژاران و عەرەبە دەشتەكییەكانی دەوروبەری مەدینە تاوەکو (ماندوو دەبن) و بڵاوەی لێ دەکەن، (ئەوانە نازانن!!) ھەرچی گەنجینەکانی زەوی و ئاسمانە موڵکی اللە تەعالایە، ڕزق و ڕۆزی هەركەسێك خۆی بیەوێت لەبەندەكانی لێی دەدات، بەڵام دووڕووەکان (لەبەر دەروونی نەخۆشیان) ھیچ تێناگەن و نافامن كە هەرچی گەنجینەكانی ڕزق و ڕۆزییە بەدەستی الله تەعالایه.

(8) عەبدوڵڵای کوڕی ئوبەیی كە سەری دووڕووەكان بوو و دەڵێت: سوێند بێت ئەگەر گەڕاینەوە بۆ مەدینە بەھێز و دەسەڵاتدارەکانمان (مەبەستیان خۆیان بوو) لاواز و سەر شۆڕەکان (مەبەستیان پێی ئیمانداران بوو) دەردەکەن لە شار، ئەو دووڕووانە نازانن کە عیززەت و دەسەڵات ھەر شایستەی اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی و ئیماندارانە.

(9) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بە الله تەعالا و بە شەریعەتەكەی ئەو كاردەكەن، ماڵ و مناڵتان لە نوێژ و فەرزەكانی تری ئیسلام و یادی اللە تەعالا غافڵ و بێئاگاتان نەکەن (وەک دووڕووەکان) جا ھەر کەسانێک لەیادی اللە بێئاگا ببن ئەوە ھـەر خۆیان خەسارۆمەندن، خۆیان و ماڵ و منداڵیان خەسارۆمەندی ڕۆژی قیامەت كردووە.

(10) دەی کەواتە ببەخشن لە پێناوی اللە دا لەوەی پێمان بەخشیون و ڕۆزیمان داون، پێش ئەوەی مردن بگات بە یەکێکتان و یەخەی بگرێت، پاشان بڵێت : ئەی پەروەردگارم خۆزگە مردنی منت بۆ ماوەیەکی نزیک دوادەخست ئەوسا ماڵم دەبەخشی و دەچوومە ڕیزی پیاوچاکانەوە، ئەوانەی كار و كردەوە چاكەكانیان ئەنجامداوه.

(11) (ئەوە خۆزگەیەکە جێ بەجێ ناکرێت) چونکە ھەرکەس ڕۆژی تەواو بوو ھەرگیز اللە تەعالا دوای ناخات، وە خوایش زۆر بە ئاگایە بەو کارو کردەوانەی کە ئێوە دەیکەن و هیچی لانهێنی و شاراوە نییه، وە پاداشتی چاكه و خراپەتان دەداتەوە.