87 - Al-A'laa ()

|

(1) تەسبیحات ویادی پەروەردگاری بەرز وبڵند وپایەدارت بکە، بەرز وبڵندە بەسەر ھەموو بەدیھێنراوەکانیدا، (بە ووتنی: سبحان ربي الأعلی).

(2) ئەو پەروەردگارەی کە مرۆڤی بەجوانی بەدیھێناوە، و بەژن و باڵایشی ڕێکوپێک کردووە.

(3) ئەو پەروەردگارەی کە نەخشەی ھەموو بەدیھێنراوەکانی کێشاوە (لە شێواز وجۆر وڕەنگ وسیفات وکار وگوفتار و ڕزق وئەجەلی)، پاشان ڕێنمونی ھەموو بەدیھێنراوێکی کردووە بۆ ئەو شتەی شیاو وشایستەیەتی.

(4) ئەو پەروەردگارەی کە گژوگیا ولەوەڕی دەرھێناوە بۆ ئاژەڵەکانتان.

(5) پاشان ماوەیەکیش دەیگۆڕێت بە پووش وپەڵاشی زەرد و وشکی ڕەش ھەڵگەڕاو، دوای ئەوەی کە سەوز وتەڕ وپاراو بوو.

(6) -ئەی پێغەمبەر- ئێمە قورئانت بەسەردا دەخوێنینەوە و لەسینگتدا کۆی دەکەینەوە وھەرگیز لەبیریشت ناچێتەوە، بۆیە لەکاتی خوێندنەوەدا پێشبڕکێ لەگەڵ جبریلدا مەکە، ھەروەکو پێشتر وات دەکرد چونکە بەپەرۆش بوویت لەسەری تاوەکو لەبیرت نەچێتەوە.

(7) مەگەر شتێک کە اللە -تەعاﻻ- بیەوێت و لەبیرتی بەرێتەوە لەبەر ھەر حیکمەتێک خۆی بیەوێت، بێگومان ئەو ئاگادارە بەو شتانەی کە ئادەمیزاد دەیکات بەئاشکرا و بەنھێنی، وە ھیچ شتێکیشی لانھێنی وشاراوە نییە.

(8) ئێمە یارمەتیت دەدەین وئاسانی دەکەین بۆت ئەنجامدانى ھەموو کردەوەیەکی چاک کە هۆکارن بۆ چوونە بەھەشتت.

(9) ئەمجا تۆش ھەمیشە ئامۆژگاری خەڵکی بکە بەو قورئانەی بۆمان ناردوویت وڕێنموێنیان بکە بۆ سەر ڕێگای ڕاست وشەریعەتی ئیسلام، ئەگەر ئەو ئامۆژگاری وڕێنموونیانە سوودی ھەبێت بۆیان وپەندی لێوەربگرن.

(10) تەنها ئەوانە سوود لە ئامۆژگاریەکانت وەردەگرن؛ کە بێگومان لە اللە -تەعاﻻ- دەترسن.

(11) بەڵام ئەوەیشی بێباوەڕ بێت دوور دەکەوێتەوە لە ئامۆژگاری ولێی ڕادەکات، لەبەرئەوەی بەدبەخترین کەسە لەڕۆژی دواییدا، چونکە چووەتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.

(12) ئەوەی دەچێتە ناو ئاگرە ھەرە گەورەکەی ڕۆژی دوایی (مەبەست پێی ئاگری دۆزەخە)، ھاوار وداد وبێدادیەتی لەدەست گەرما وناڕەحەتیەکانی بۆ هەمیشەیی.

(13) پاشان بەھەمیشەیی لەناو ئەو ئاگرەدا نە دەمرێت کە گیانی بکێشرێت وڕزگاری ببێت لەسزای دۆزەخ، وە نە دەژێت بەژیانێکی ئاسوودەیی وخۆشی.

(14) بێگومان ڕزگاری بوو ئەوەی کە دڵ ودەروونی خۆی پاک بکاتەوە لە شیرک وھاوەڵ پەیدا کردن بۆ پەروەردگار.

(15) وە یادی پەروەردگاری خۆی کرد بەو شێوەیەی شەرع دیاریکردووە، ونوێژەکانی ئەنجامدا بەو شێوەیەی داواکراوە لێی ئەنجامی بدات.

(16) کەچی ئێوە ژیانی دونیا ھەڵدەبژێرن وفەزڵی دەدەن بەسەر ژیانی دواڕۆژدا، لەگەڵ ئەو ھەمووە جیاوازیە گەورەیەی لەنێوانیاندا ھەیە.

(17) لەگەڵ ئەوەیشدا ژیانی دواڕۆژ لەو ھەموو خۆشی وچێژەى ژیانی دونیا خێرتر وباشتر وبەردەوامترە، چونکە ناز ونیعمەتەکانی دواڕۆژ ھەمیشە وبەردەوامە وھەرگیز کۆتایی نایەن ونابڕێنەوە.

(18) ئەوەى بۆتان باسمان کرد لە فەرمان و چیرۆکەکان لەو کتێب و پەڕانەیە کە پێش قورئان دابەزێندراون هەن.

(19) لەو پەیام وپەڕاوانەیە کە دابەزیوون بۆ سەر ئیبراھیم وموسا -علیهما السلام-.