(1) .ئەی پێغەمبەر بۆچی شتێک لە خۆت حەرام دەکەیت لەکاتێکدا اللە تەعالا بۆی حەڵاڵ کردوویت لەزەت له ماریەی كەنیزەكت وەربگریت؟ ئایا دەتەوێت ژنەکانت ڕازی بکەیت لەبەر ئەوەی غیرەیان لێكرد؟ لەبەرامبەر ئەو کارەدا الله تەعالا لێت خۆش بووە، وه زۆریش میهرەبانە بەرامبەرت.
(2) بێگومان اللە تەعالا ھەڵوەشاندنەوەی سوێندەکانی بۆ بڕیارداون (بەوەی کەفارەتی بدەن) ئەگەر بینیتان كەفارەتدان خێری تێدایه، یان شكاندنەكەی باشتره، الله تەعالا پشتیوان و یارمەتیدەرتانە، ھەر ئەویشە زانایایه بەحاڵ و گوزەرانتان و ئەوەیش بەرژەوەندیتانی تێدایە، وە زۆریش دانا و کاربەجێیه لە شەریعەتەكەی و قەدەرەكەیدا.
(3) کاتێک پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بە نھێنی قسەیەکی درکاند لای خاتوو حەفصە و بەڵێنیدا كە نزیكی ماریەی خێزانی نەكەوێتەوە، پاشان کاتێک خاتوو حەفصەیش قسەکەی گەیاندە (خاتوو عائشە)، اللە تەعالایش پێغەمبەری لەمە ئاگادار کردەوە کە (خاتوو حەفصە) نھێنییەکەتی باس کردووە، ئەمجا پێغەمبەریش (صلی اللە علیە وسلم) ھەندێکی لەو قسانەی باس کرد بۆ (خاتوو حەفصە و گلەیی لێکرد) و ھەندێکی تری باس نەکرد، وە کاتێکیش (خاتوو حەفصە) پێی وت: کێ ئەم ھەواڵەی پێ گەیاندیت؟ ئەویش فەرمووی: پەروەردگاری زاناو بە ئاگا لە گشت نھێنییەکان ئاگاداری کردم.
(4) ئەم ئایەتە ڕوو دەکاتە خاتوو حەفصە و خاتوو عائیشە و پێیان دەڵێت : ئەگەر تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای اللە تەعالا کارێکی باشتان کردووە، چونکە بەڕاستی بەو کارەتان دڵتان لایدا لە هەق و ڕاستی، وە حەزی بەوە كرد كە پێغەمبەر پێی ناخۆش بوو لەوەی دوور بكەوێتەوە لە ماریەی كەنیزەكی و لەسەر خۆی حەرام بكات، وە ئەگەر پشتی یەکتر بگرن (دژ بە پێغەمبەر - صلی اللە علیە وسلم - سەرکەوتوو نابن) چونکە بێگومان اللە تەعالا و جوبرەئیل و پیاوچاکان پشتیوان و یارمەتیدەری ئەون، لەپاش ئەوان فریشتەکانیش ھاوکار و پشتیوانن بۆی (واتە ئەگەر بتانەوێت دژایەتی بکەن ھیچتان پێ ناکرێت چونکە ئەو پشتیوانی زۆری ھەیە).
(5) ئەگەر پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) تەڵاقتان بدات ئەوە دڵنیابن کە پەروەردگار لە بری ئێوە ژنانی باشتری دەداتێ، ژنانی موسڵمانی ئیمانداری ملەکەچی پەروەردگار و تەوبەکاری خواپەرستی ڕۆژووگر لە بێوەژنان و كیژانیش، كه هیچ كەس نەچووبێتە لایان، بەڵام پێغەمبەر تەڵاقی نەدان.
(6) ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە بە الله تەعالا و كار بەشەریعەتەكەی دەكەن خۆتان و ماڵ و منداڵ و کەسوکارتان بپارێزن لە ئاگری دۆزەخ، ئاگرێک کە سوتەمەنێکەی خەڵکی (بێباوەڕ) و بەردە، سەرپەرشت و دەرگاوانی ئەو دۆزەخە کۆمەڵە فریشتەیەکی دڵ ڕەق و زبر و توند و تیژن کە بەھیچ شێوەیەک سەرپێچی اللە تەعالا ناکەن، بەھەر کارێکیش فەرمانیان پێ بکرێت ئەنجامی دەدەن.
(7) (لە قیامەتدا بە بێباوەڕان) دەوترێت: ئەی ئەوانەی بێباوەڕن بە اللە تەعالا ئەمڕۆ ھیچ بڕ و بیانوو و عوزرێک مەھێننەوە بۆ ئەو كوفر و تاوان و گوناهەی لەسەری بوون، چونکە بەڕاستی هیچ بڕوبیانویەكتان لێوەرناگیرێت، تەنھا تۆڵە و سزای ئەو کار وکردەوانە لێ دەسەنرێتەوە کە (لە دونیا) کردوتانە، لە كوفر و بێباوەڕی و بەدرۆ زانینی پێغەمبەران.
(8) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بە اللە تەعالا و كار بە شەریعەتەكەی ئەو دەكەن، تەوبە بکەن لە گوناهەكانتان و بگەڕێنەوە بۆ لای اللە تەعالا بە گەڕانەوە و تەوبەیەکی یەکجاری و دڵسۆزانە، تا پەروەردگارتان لە قیامەتدا لە گوناھەکانتان خۆش بێت و بتانخاتە باخ و بەھەشتانێکەوە کە چەند ڕووبار بە ژێریاندا دەڕوات، ئەو ڕۆژە ڕۆژگارێکە کە اللە تەعالا پێغەمبەر و ئەو (ئیماندارانەی) لەگەڵیدان سەر شۆڕ ناکات و نایانخاتە ئاگری دۆزەخەوە، لەسەر پردی سیراط نوورو ڕووناکیان دێت و دەچێت لەبەردەم و لای ڕاستیانەوە دەدرەوشێتەوە، (لە بەرامبەر ئەم نیعمەتەدا) دەڵێن ئەی پەروەردگارمان ئەم نوور و ڕوناکیەمان بۆ تەواو بکە تا دەچینە بەهەشتەوە، وە لەگوناهەكانمان خۆش بە، چونکە بەڕاستی ھەر تۆی کە دەسەڵاتداری بەسەر ھەموو شتێکدا و دەسەوسان نیت لە تەواوكردنی نوور و ڕوناكی و چاوپۆشی كردنی تاوان و گوناهەكانمان.
(9) ئەی پێغەمبەر لەگەڵ بێباوەڕان بە شمشێر جیھاد بکە و بجەنگێ، وە لەگەڵ دووڕوەکانیش بە زمان و جێ بەجێکردنی سزای سنوورەکان، وە توندو تیژ بە لەگەڵیان بۆ ئەوەی لێت بترسێن، ئەوانە لە ڕۆژی قیامەتدا جێگا و شوێنیان ئاگری دۆزەخە کە خراپترین جێگا و سەرئەنجامە.
(10) اللە تەعالا نمونەیەک دەھێنێتەوە بۆ بێباوەڕان ئەوانەی باوەڕیان نییە به الله تەعالا و پێغەمبەرەكانی، نموونەیان بۆ دەهێنێتەوە بە ژنەکەی نوح و بە ژنەکەی لوط، ئەم دوو ژنە خێزان و ژنی دوو بەندەی باوەڕداری چاکی ئێمە بوون، کەچی ئەم دوو ژنە ناپاکیان کرد (بەوەی باوەڕیان پێ نەھێنان و گاڵتەیان پێ دەکردن و سیخوڕیان بەسەرەوە دەکردن, نەک مەبەست خیانەتی ھاوسەرێتی بێت) لەبەر ئەمە ئەم دوو پێغەمبەرە(نوح و لوط) کە مێردی ئەوان بوون نەیانتوانی لای اللە تەعالا تکایەکیان بۆ بکەن و سزایان لێ دووربخەنەوە، وە پیان وترا (بەو دوو ژنە) : بچنە ناو ئاگری دۆزەخەوە لەگەڵ ئەوانەی کە دەچنە ناویەوە (واتە لەگەڵ بێباوەڕانی تردا).
(11) ھەروەھا اللە تەعالا نموونەیەک دەھێنێتەوە بۆ باوەڕداران، ئەوانەی باوەڕیان بە اللە تەعالا و پێغەمبەرەکانی ھەیە، نموونەیان بۆ دەھێنێتەوە بە ژنەکەی فیرعەون، وتی: ئەی پەروەردگارم خانوو کۆشکێکم لای خۆت بۆ دروست بکە لەبەھەشتدا، وە ڕزگارم بکە لە فرعەون وکار وکردەوەی وڕزگاریشم بکە لە گەلی ستەمکاران.
(12) ھەروەھا اللە تەعالا نمونەش دەھێنێتەوە بۆ باوەڕداران، ئەوانەی باوەڕیان بە اللە تەعالا و پێغەمبەرەکانی ھەیە، نموونەیان بۆ دەھێنێتەوە بە مەریەمی کچی عیمران کە داوێنی خۆی پاک ڕاگرت، ئەمجا الله تەعالا فەرمانی كرد بە جوبرەئیل لەو ڕۆحەی کە خۆمان بەدیمان هێناوە فووی پێدا بكات، ئەوەبوو بەقودرەت و دەسەڵاتی اللە تەعالا مەریەم سكی پڕ بوو بەعیسای كوڕی مەریەم بەبێ ئەوەی باوكیشی هەبێت، ئەویش باوەڕی ھێنا بە شەریعەتەكانی اللە تەعالا و ئەو كتێبانەی دابەزیوون بۆ پێغەمبەرەكانی، ( ئەم ئافرەتە ) ھەمیشە و ھەردەم لە ڕیزی ملکەچ و فەرمانبەردارانی پەروەردگار بوو، بە بەجێهێنانی فەرمانەكانی و دوور كەوتنەوە لە ڕێگرییەكانی.