7 - Al-A'raaf ()

|

(1) (الٓمٓصٓ) : پێشتر ڕاڤە و تەفسیری ئەم جۆرە ئایەتانە کراوە لەسەرەتای سورەتی (البقرة)وە.

(2) قورئانی پیرۆز پەرتوکێکە خوای گەورە دایبەزاندووەتە سەرت - ئەی پێغەمبەری خوا- نابێت لە دڵ و دەروون و سینەتا ھیچ دڵتەنگی و گومان و دوو دڵییەک بەرامبەر ئەو قورئانە ھەبێت، دایبەزاندووە بۆت تاوەکو خەڵکانی بێباوەڕی پێ بترسێنیت، وە حوججە و بەڵگەیان لەسەر بچەسپێنیت، وە بشبێتە ئامۆژگاری و یادەوەری بۆ بڕواداران، چونکە بەتەنھا ئەوان سوود و قازانج لە ئامۆژگاری و یادخستنەوەکانی وەردەگرن.

(3) - ئەی خەڵکینە- شوێن ئەو پەرتووکە (قورئانە) بکەون کە پەروەردگارتان بۆتانی دابەزاندووە، وە شوێن سوننەتی پێغەمبەرەکەیشتان بکەون، وە شوێن ھەواو و ئارەزووی ئەوانە مەکەون کە بە پشتیوان و دۆستی شەیتانەکانیان دەزانن، وە شوێن زانا خراپەکانیش مەکەون، دەبنە پشتیوان و دۆستیان و وازدەھێنن لەوەی بۆتان دابەزیووە لەبەر ئەوەی ھەواو و ئارەزووی ئەوان بەسەرتاندا دەخوێننەوە، بێگومان ئێوە زۆر کەم بیردەکەنەوە و ئامۆژگاری وەردەگرن، چونکە ئەگەر بیرتان بکردایەتەوە فەزڵی خراپەی ئەوانتان نەدەدا بەسەر قورئاندا، وە شوێن ئەوە دەکەوتن کە پێغەمبەرەکەتان بۆتانی ھێناوە و کارتان پێی دەکرد، وە وازتان دەھێنا لەھەرچی شتێکە غەیری ئەو.

(4) زۆرێک لە گوندەکانمان بە سزای خۆمان لەناو برد بە ھۆی گوناھ و سەرپێچی و سووربوونیان لەسەر بێباوەڕی و گومڕاییان، ھەر بەو شێوەیە لە کاتی بێ ئاگایی و لە شەودا سزای سەختیان بۆ دابەزی، یان لەکاتی حەوانەوەی نیوەڕۆیاندا، بۆیە کاتێک سزاکەیان بۆ ھات نەیانتوانی لە خۆیانی دوور بخەنەوە، وە ئەو بت و دار و بەردەیش کە بەخەیاڵی خۆیان کردبونیان بە خوای خۆیان نەیانتوانی سزایان لێ دوور بخەنەوە.

(5) لەدوای دابەزینی سزاکە تەنھا ئەوەیان پێکرا کە دانیان نا بە گوناھ و تاوانی خۆیاندا، ووتیان: بەراستی ئێمە ستەمکار بووین و فەرمانی خوامان شکاند و بێباوەڕ بووین بۆیە ئێستا ئەوەمان بەسەر دێت.

(6) لە ڕۆژی قیامەتدا لەو گەل و نەتەوانە دەپرسینەوە کە پێغەمبەرانی خۆمان بۆ ناردن کە وەڵامیان چی بوو بۆیان، وە لە پێغەمبەرانیش (سەلامی خوایان لێ بێت) دەپرسینەوە، ئایا ئەوەی فەرمانتان پێکرا بەگەیاندنی گەیاندنتان؟ وە وەڵامی گەل و نەتەوەکانیان چی بوو بۆیان؟

(7) پاشان ئەوان چییان کرد و چۆنیان کرد ھەر ھەمووی بە عیلم و زانستی خۆمان دەگێڕینەوە بۆ تەواوی دروستکراوەکانی خوای گەورە، ئێمە بێگومان ئاگاداری ھەموو کار و کردەوەیەکیان بووین، وە ھیچ شتێکی ئەوانمان لا نھێنی و شاراوە نەبووە، وە ھیچ کات و ساتێک ئێمە لەھیچ شتێکیان بێ ئاگا و نادیار نەبووین.

(8) كێشانەی کارو کردەوەکان لە ڕۆژی قیامەتدا زۆر بە دادگەرانەیە و ستەم لە ھیچ کەسیش ناکرێت، جا ھەر کەسێک تای تەرازووی چاکەکانی قورستر بێت لە تای تەرازووی خراپەکانی ئەوانە ئەو كەسانەن کە سەرکەوتوون و ڕزگاریان بووە لە ترس و بیمی ئەو ڕۆژە.

(9) وە ھەر کەسێک لە كاتی كێشانەدا تای تەرازووی خراپەکانی قورستر بێت لەتای تەرازووی چاکەکانی، ئەوانە ئەو كەسانەن کە زیانیان بە خۆیان گەیاند بە ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە دەبنە مایەی تیاچوون لە ڕۆژی قیامەتدا، بە ھۆی ئەوەی لەبەرامبەر ئایەت و نیشانەکانی ئێمەدا ستەمیان کرد و ڕوویان لێ وەرگێڕا و باوەڕیان پێ نەکرد.

(10) - ئەی نەوەکانی ئادەم - سوێند بێت ئێمە ئێوەمان جێگیر کرد لەسەر زەوی، وە زەویمان کردە ھۆکاری ژیان و گوزەرانی ئێوە، پێویست بوو لە سەرتان کە شوکر و سوپاسی خوا بکەن لە بەرامبەر ئەو نازو نیعمەتانەدا، بەڵام شوکرانە بژێریتان زۆر كەم بوو .

(11) سوێند بێت بەخوا - ئەی خەڵکینە- ئێمە باوکە ئادەمتانمان لە گڵ دروست کرد، پاشان بەو شێوە و وێنە جوانە نیگارمان کێشان، دوای ئەوە فەرمانمان کرد بە فریشتەکان وەک ڕێزێک سووژدەی بۆ ببەن، ئەوە بوو ھەموویان سوژدەیان برد و فەرمانەکەی خوای گەورەیان جێ بەجێکرد، شەیتان (ئیبلیس) نەبێت کە لە بەر عینادی و سەرسەختی و فیززلی سوژدەی نەبرد.

(12) خوای گەورە سەرزەنشتی ئیبلیسی کرد و فەرمووی : چی شتێک ڕێگر بوو لە جێ بە جێکردنی فەرمانەکەی من کە سوژدە ببەیت بۆ ئادەم؟ ئیبلیس لە وەڵامی پەروەردگاریدا وتی: ئەوەی ڕێگر بوو ئەوەیە من لە ئەو باشترم، بێگومان تۆ منت لە ئاگر دروستکردووە، و ئەویشت لە گڵ دروستکردووە، دیارە ئاگر بەرێزترە لە گڵ.

(13) خوای گەورەش پێی فەرموو : لە بەھەشت بچۆرە خوارەوە، بۆت نییە لەوێ لوتبەرزی بکەیت و خۆت بە گەورە بزانیت، چونکە بەھەشت جێگا و ماڵی پاک و خاوێنەکانە، وە دروست نییە تۆ لەوێ بیت، بێگومان -ئەی ئیبلیس- تۆ لە سووک و ڕیسواکانیت، ھەرچەندە تۆ خۆت وا دەبینیت کە لە ئادەم بەڕێزتریت.

(14) ئیبلیس وتی: ئەی پەروەردگارم ، تاڕۆژی زیندوو بوونەوە مۆڵەتم بدە تاوەکو ئەوەی کە دەتوانم گومڕای بکەم لە خەڵكی گومڕایان بکەم.

(15) خوای گەورەش پێی فەرموو : بێگومان - ئەی ئیبلیس- دەی بڕۆ تۆ لەو کەسانە بە کە تا ڕۆژی زیندوو بوونەوە مۆڵەتت ھەبێت، لەوانەیش بیت کە خوای گەورە بۆی دیاری کردوویت کە لەگەڵ یەکەم فووکردن بە کەڕەنادا مردن یەخەت دەگرێت، ئەو ڕۆژەی کە سەرجەم دروستکراوەکانی خوا دەمرن، وە تەنھا خالیق و دروستکاریان دەمێنێتەوە.

(16) ئیبلیسیش وتی: بە هۆی ئەوەی گومڕات کردم ، تاوەکو وازم لە جێ بە جێکردنی فەرمانەکەی تۆ ھێنا و سوژدەم نەبرد بۆ ئادەم، دەبێت ڕاستە ڕێگاکەی تۆیان لێبگرم و دانیشم بۆ نەوەکانی ئادەم، تاوەکو لایان بدەم و گومڕایان بکەم، ھەروەک چۆن منیش گومڕا بووم لەوەی سوژدە بەرم بۆ ئادەمی باوکە گەورەیان.

(17) پاشان لە ھەموو لایەکەوە بۆیان دێم، لەبەردەم و لە دوایانەوە، و لە راست و لە چەپەیانەوە، تاوەکو ڕۆژی دواییان لاکەم نرخ بکەم وژیانی دونیایان لا شیرین و خۆش بکەم، وە گومان وشک و دوو دڵیان بۆ دروست بکەم، وە شەھوەتبازی و ئارەزووەکانیان بۆ بڕازێنمەوە، ئەوجا دەبینیت کە زۆربەیان سوپاسگوزار و یەکخواپەرست نابن، بە ھۆی ئەوەی من کوفر و بێباوەڕییان بە سەردا دەخوێنمەوە.

(18) خوای گەورەش پێی فەرموو : - ئەی ئیبلیس- بە ئابڕووچوویی و پەستی و دەرکراوی لە ڕەحم و میھرەبانی خوا لە بەھەشت بچۆرە دەرەوە، وە دڵنیابە لە ڕۆژی قیامەتدا دۆزەخ لە خۆت و شوێنکەوتووەکانت ئەوانەی گوێڕایەڵیان کردیت و سەرپێچی فەرمانەکانی منیان کرد پڕ دەکەم.

(19) خوای گەورە بە ئادەمی فەرموو : ئەی ئادەم خۆت و حەوای خێزانت لە بەھەشتدا نیشتەجێ بن، وە ھەرچیش لەوێ ئارەزووتانە لە بەروبومە پاک و خاوێنەکانی بخۆن، بەڵام نزیکی ئەو درەختە مەکەونە و لێی نەخۆن، (درەختێک بوو کە خوای گەورە دیاری کردبوو) بێگومان دوای ئەوەی رێگریم کردن کە لێی بخۆن و لێتان خوارد، ئەوا لە سنوور شکێنان و ستەمکاران دەبن.

(20) شەیتان وازی لێ نەھێنان و تووشی وەسوەسەی کردن، تاوەکو شەرمەنگا و عەورەتیان وەدەرخات، وە پێی ووتن: خوای گەورە ڕێگری نەکردن لە خواردنی بەری ئەم درەختە تاوەکو نەبنە فریشتە، وە بە ھەمیشەیی لە بەھەشتدا نەمێننەوە.

(21) شەیتان سوێندی بە خوا بۆ خواردن، ووتی: - ئەی ئادەم و حەوا- بێگومان من لە دڵسۆزان و ئامۆژگاریەکەرانی ئێوەم لەوەی کە ئاماژەم پێدا بۆتان.

(22) پاشان بە فڕوفێڵ و مەغرور کردن لەو پلە و پایەیە کە ھەیانبوو ھێنانیە خوارەوە، جا کاتێک لە بەری ئەو درەختەیان خوارد کە ڕێگریان لێکرابوو لێی بخۆن ئیتر شەرمەنگا و عەورەتیان وەدەرکەوت، بە پەلە بە گەڵای درختەکانی بەھەشت خۆیان داپۆشی، پەروەردگاریان بانگی کردن و پێی فەرموون: ئایا من ڕێگریم نەکرد لەوەی بەری ئەو درەختە بخۆن؟ وە ئاگادارم نەکردن و پێشم نەوتن: بێگومان شەیتان دوژمنێکی ئاشکرا و دیارە و لەخشتەتان نەبات و نەتان خەڵەتێنێت؟

(23) ئادەم و حەوا ووتیان: ئەی پەروەردگارمان، ستەممان لەخۆمان کرد، ئەوەی ڕێگریت لێ کردین لە خواردنی درەختەكە، ئێمە خواردمان و ئەنجامماندا، جا ئەگەر لە گوناھەکانمان خۆش نەبیت و ڕەحممان پێ نەکەیت و بەزەییت پێماندا نەیەتەوە ئەوا لە خەسارۆمەندان دەبین، ھەرچی بەشێکە لە دونیا و دواڕۆژدا نامان بێت.

(24) دوای ئەوە خوای گەورە بە ئادەم و حەوا و شەیتانی فەرموو: لە بەھەشت بچنە خوارەوە بۆ سەر زەوی، وە ھەندێکتان ببنە دوژمنی ھەندێکی ترتان، وە ئێوە لەسەر زەوی تا ماوەیەکی دیاریکراو جێ و شوێنی ژیان و مانەوەتان بۆ ھەیە.

(25) خوای گەورە بە ئادەم و حەوا و نەوەکانی ئادەمی فەرموو: لەم سەر زەویە ماوەیەک کە خوای گەورە بۆی دیارکردوون دەژین، وە ھەر لەوێش دەمرن و دەنێژرێن ، وە لەگۆڕەکانتان دەردەھێنرێن و زیندوو دەکرێنەوە.

(26) ئەی نەوەکانی ئادەم بێگومان ئێمە جلوبەرگێکی پێویست و زەرورمان پێداوون بۆ شاردنەوەی شەرمنگا و عەورەتتان، وە جلوبەرگێکی جوانکاریشمان پێداون بۆ ئەوەی لە ناو خەڵکدا خۆتانی پێ بڕازێننەوە، وە جلوبەرگی خواناسین - کە بریتییە لە بەجێھێنانی فەرمانەکانی خوا و دوور کەوتنەوە لەڕێگریەکانی- باشترە لەم جلوبەرگەی لەبەرتانە، ئەو جلوبەرگەی باسکرا یەکێکە لەبەڵگە و نیشانەکان لەسەر دەسەڵات و قودرەتی خوای گەورە، تاوەکو ناز و نیعمەتەکانی خواتان بیر بکەوێتەوە و سوپاس و شوکری ئەو بکەن.

(27) ئەی نەوەکانی ئادەم شەیتان فریوتان نەدات، بەوەی گوناھ وتاوانتان بۆ بڕازێنێتەوە، ئەو جلوبەرگەی شەرمنگا و عەورەتانی پێ دادەپۆشن یان جلوبەرگی خواناسینتان پێ واز لێ بھێنێت، چونکە ئادەمی باوکتان و حەوای دایكتانی لەخشتە برد و فریویدان ، بەوەی خواردنی بەری ئەو درەختەی بۆ ڕازاندەوە تاوەکو سەرەنجام بوویە ھۆی دەرکردنیان لە بەھەشت، وە شەرمنگا و عەورەتیان بەدەرکەوت، بێگومان شەیتان و زوڕییەتەکانی ئێوە دەبینن و ئێوە ئەوان نابینن ، بۆیە پێویستە لەسەرتان ئاگاداریان بن، بەڕاستی ئێمە شەیتانەکانمان کردووە بە دۆست و پشتیوانی ئەو کەسانەی باوەڕیان نییە بە خوای گەورە، بەڵام ئەوانەی باوەڕداران و کارو کردەوەی چاکە دەکەن شەیتان ھیچ دەسەڵاتی نییە بەسەریانەوە.

(28) ئەگەر ھاتوو بتپەرست و موشریکەکان کارێکی زۆر ناشیرین و ناپەسەندیان ئەنجامدا وەک ھاوەڵ بڕیاردان بۆ خوای گەورە و تەواف کردن بەدەوری ماڵی خوادا بە ڕووتی و ھەندێک شتی خراپی تر، بڕوبیانوو بەوە دەھێننەوە کە باوباپیرانی خۆیان دیوە بەو شێوەیەیان کردووە، وە خوا فەرمانی پێکردوون ئاوا بکەن، جا - ئەی موحەممەد- تۆیش لە وەڵامیاندا بڵێ: بەڕاستی خوای گەورە فەرمان ناکات بە خراپە و گوناھکردن، بەڵکو ڕێگری لێ دەکات، ئیتر - ئەی بتپەرست و موشریکینە- چۆن شتێکی ناھەق دەڵێن و شتی نەشیاو ھەڵدەبەستن بە ناو خوداوە کە ئاگاتان لێ نییە و هەمووی درۆ و دەلەسە و بوھتانە؟

(29) - ئەی موحەممەد- بەو بتپەرست و موشریکانە بڵێ: بێگومان خوای گەورە فەرمانی بە دادگەری و عەدل کردووە، نەک بەکاری خراپە و نادروست، وە فەرمانی کردووە کە ھەرچی بەندایەتی ھەیە بە دڵسۆزی ھەر بۆ ئەو بێت بە گشتی ، وە بەتایبەتی کاتێک لەناو مزگەوتدان، وە بە دڵێکی پاکەوە تەنھا داوا لە ئەو بکەن و گوێڕایەڵی و تاعەتان ھەر بۆ ئەو بێت، ھەروەک چۆن لەسەرەتاوە لە نەبوون ئێوەی دروستکرد، ھەر ئاوا جارێکی تر زیندووتان دەکاتەوە، ئەو كەسەی بە دەسەڵاتە لە سەرەتای دروستکردنتان، بەدسەڵاتیشە لەگەڕاندنەوە وزیندوو کردنەوەتان.

(30) خوای گەورە خەڵکی کردووە بەدوو دەستەوە، دەستەیەک لە ئێوەی ڕێنمونی کردووە و ھیدایەتی داون، وە ھۆکارەکانی ھیدایەتی بۆ ئاسان کردوون، وە ھەرچی ڕێگریشە لایداوە لێی، وە دەستەیەکی تریشیان بە ھۆی کاروکردەوەی خراپی خۆیانەوە گومڕابوونیان لە ڕێگای ھەق و ڕاستی لەسەر چەسپا، لەبەر ئەوەی ئەوان لە بری خوای گەورە شەیتانیان کردە دۆست و خۆشەویستی خۆیان، وە بەنەزانین ملەکەچی بوون، وە واشیان دەزانی کە لەسەر ڕێگای ھەق و ڕاستی و ڕێنوێنی و ھیدایەتن.

(31) ئەی نەوەکانی ئادەم لە کاتی نوێژ و تەواف کردن بەجلوبەرگی پاک و خاوێن و جوان خۆتان و شەرمنگا و عەورەتان داپۆشن، وە بخۆن وبخۆنەوە لەو شتە پاک و خاوێنانەی کەخوای گەورە بۆی حەڵاڵ کردوون، وە لەوەدا سنووری هاوسەنگی (مام ناوەندێتی) مەبەزێنن، وە سنووری حەڵاڵ بەرەو حەرام تێپەڕ نەکەن، وە ھەرگیز زۆر خۆری و زیادە ڕۆیی مەکەن، بێگومان خوای گەورە خۆشی لەوانە نایەت کەسنوری هاوسەنگی دەشکێنن.

(32) - ئەی پێغەمبەر- لە وەڵامی ئەو بتپەرست و موشریکانەی کە ئەو جلوبەرگ و خواردن و خواردنەوە پاک و خاوێنانەی خوای گەورە حەڵاڵێ کردوون ئەوان حەرامی دەکەن، تۆ پێیان بڵێ: کێ جلوبەرگی جوان و قەشەنگی لەسەر حەرام کردوون؟ وە کێ ئەو خواردن وخواردنەوە پاک و خاوێنانەی کە خوای گەورە ڕۆزی داون لەسەر حەرام کردوون؟ - ئەی پێغەمبەر- بڵێ: ئەو جلوبەرگە جوان و خواردنە پاک وخاوێنانە بۆ ئەو کەسانەیە کەلەم ژیانی دونیایەدا باوەڕیان ھێناوە، ئەگەر لە دونیادا کەسانی بێباوەڕیش بەشداری باوەڕداران بکەن لە تام و لەزەت بردن لەم ناز و نیعمەتانەدا ئەوا لە ڕۆژی قیامەتدا تایبەتە بە باوەڕداران و بێباوەڕانی لێ بێ بەشە، چونکە بەھەشت یاساغە لەسەر بێباوەڕان، ھەروەک حەڵاڵ و حەراممان بەدوور و درێژی بۆ باسکردن، ھەر ئاوایش بەڵگە و نیشانەکان بۆ کەسانی زانا و دانا و تێگەیشتوو شیتەڵ دەکەین، چونکە ئەوان سوود لەو بەڵگە و نیشانانە وەردەگرن.

(33) - ئەی پێغەمبەر- بە ئەو بتپەرست و موشریکانەی کە ئەوەی خوای گەورە حەڵاڵی کردووە ئەوان حەرامیان کردووە، پێیان بڵێ: بێگومان پەروەردگارم ھەر کاری خراپ و فاحیشەی لەسەر بەندەکانی حەرام کردووە، کە بریتیە لەگوناھ و کاری دزێو، چی ئاشکرا بێت یان نھێنی، وە تەواوی گوناھ وتاوانی حەرام کردووە، وە زوڵم و ستەم و دەستدرێژی کردنە سەر گیان و خوێن ماڵ و شەرەف و ناموسی خەڵکی حەرام کردووە، وە حەرامی کردووە بەبێ ھیچ بەڵگەیەک ھاوەڵ و شەریکی بۆ بڕیار بدەن، وە حەرامی کردووە لەسەرتان کە قسە و ئاخاوتنی بێ عیلم و زانیاری لەبارەی خواوە بکەن، قسە کردن لەبارەی ناو و سیفەت و کارو کردەوە و شەریعەتەکەیەوە.

(34) ھەموو گەل و ئوممەت و جیل و نەوەیەک ماوەیەکی دیاریکراویان بۆ ھەیە، جا ھەر کاتێک ماوەی دیاریکراوی خۆیان ھات ئەوا ھیچ سات و کاتێک هەرچەندە کەم بێت دواناكەوێت ، نە پێش دەکەوێت و نە دوا دەکەوێت.

(35) ئەی نەوەکانی ئادەم ئەگەر لە لایەن منەوە پێغەمبەرتان لەگەل و نەتەوەکانی خۆتان بۆ ھات، وە ئایەت و بەڵگە و نیشانەکانی ئێمەتان بۆ دەخوێننەوە لەو پەرتووکانەی بۆیان دادەبەزێنم ئەوا گوێڕایەڵیان بن و فەرمانەکانیان جێ بەجێ بکەن، وە شوێن ئەوە بکەون کە ھێناویانە، وە ئەوانەی کە لەخوای گەورە دەترسن بەجێ بەجێکردنی فەرمانەکانی و دوور کەوتنەوە لە ڕێگریەکانی و کارو کردەوەکانیان چاک دەکەن، ئەوا لە ڕۆژی قیامەتدا ھیچ ترس و بیمێکیان نییە، وە ھیچ خەفەتێکیشیان نییە بۆ ئەوەی لە دونیادا لە دەستیان دەرچووە.

(36) وە ئەو بێباوەرانەی کە بەڵگە و نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانیوە، وە باوەڕیان پێی نییە، وە لە بەرامبەریان خۆیان بەگەورە زانی و کاریان نەکرد بەوەی پێغەمبەران ھێناویانە، ئەو کەسانە دەبنە ھاوڕێی ئاگر و لێی جیا نابنەوە، وە بە ھەمیشەیی و ھەتا ھەتایی تێیدا دەمێننەوە.

(37) ھیچ کەس ھێندەی ئەو کەسە ستەمکار نییە کە درۆ بە ناو خواوە ھەڵدەبەستێت، ئەو درۆیەی کە ھاوەڵی بۆ بڕیار بدات، یان ناتەواویەک بداتە پاڵ خوا، یان گوفتارێک خوا نەیفەرمووە بە ناو خواوە ھەڵیبەستێت، یان بەڵگە و نیشانەکانی خوا بە درۆ بزانێت، ئەو ئایەت و نیشانە بەرز و پیرۆزانەی کە مایەی ھیدایەت و ڕێنوێنی خەڵکین بۆ سەر ڕێگای ڕاست، ئەمانە لە دونیادا دەگەن بە بەش و نسیبی خۆیان لە ڕزق و ڕۆزی و کارو کردەوەیەك کە خوای گەورە لە (لوح المحفوظ) دا بۆی نوسیون، تا ئەو کاتەی فریشتەی گیان کێشان و ھاوکارەکانی دێنە لایان و گیانیان دەکێشن، بە سەرزەنشتێکەوە پێیان دەڵێن: کوان ئەو خوایانەی کە جگە لە خوای گەورە دەتانپەرستن؟ دەی بانگیان بکەن تاوەکو فریاتان کەون، بتپەرست و موشریکەکان بە فریشتەکان دەڵێن: ئەو بت و خوا درۆینانەمان لێ بزر بوون، نازانین چیان لێھات، ئەو کاتە دانی پێدا دەنێن و شایەتی دژ بە خۆیان دەدەن، کە ئەوان لە دونیادا بێباوەڕ بوون، بەڵام لەو کاتەدا داننان بەو شتانەدا بەڵگەیە لەسەر خۆیان و ھیچ سوودێکی نییە بۆیان.

(38) فریشتەکان پێیان وتن: -ئەی بتپەرست و موشرکینە- بڕۆنە ڕیزی ئەو گەل و نەتەوانەی کە پێش ئێوە لە مرۆڤ و جنۆکەکان لەسەر بێباوەڕی و گومڕایی مردن و ڕۆشتن لەگەڵ ئەوانەدا بڕۆنە ئاگری دۆزخەوە، ئەوجا ھەر ئوممەت و گەلێک دەچێتە ناو دۆزخەوە نەفرین لەو ھاوبیرانەی خۆیان دەکەن کە پێش ئەوان چوونەتە دۆزەخەوە، تاکاتێک ھەموویان لەوێ پێکەوە کۆ دەبنەوە، ئەوانەی کۆتا جار دەچنە ناویەوە کە گێژ و کاڵفامەکانن، ئەوانەی شوێن گەورەکانیان کەوتوون، بەگەورە و سەرکردەکانیان دەڵێن کە پێش ئەوان چووبونە دۆزخەوە : ئەی پەروەردگارمان ئەو گەورە و سەرکردانە بوون کە لە دونیادا ئێمەیان گومڕا کرد و لەسەر ڕێگای ھیدایەت و ڕێنوێنی لایانداین، دەسا تۆیش دوو بەرامبەر سزایان بدە لەبەر ئەوەی گومڕایی و سەرلێشێوانیان بۆ ئێمە جوان و ڕازاوە کرد، خوای گەورەش لەوەڵامیاندا دەفەرموێت: بۆ ھەردوولاتان سزای دوو بەرامبەر ھەیە، بەڵام ئێوە ئەوە نازانن و ھەستی پێ ناکەن.

(39) گەورە و سەرکردەکانیشیان ئەوانەی خەڵکی شوێنیان کەوتبوون بە شوێنکەوتەکانی خۆیان دەڵێن: ئێوەی -شوێنکەوتەی ئێمە- ھیچ فەزڵ و چاکەیەکتان بەسەر ئێمەوە نییە تاوەکو سزاکەتانی پێ سووک بێت، عیبرەت و پەند بەو کارو کردەوەیە کە ئەنجامتان داوە، وەھیچ بڕو بیانویەکتان نییە لەوەی شوێن ناھەقی و گومڕایی کەوتوون، جا - ئەی شوێنکەوتەکان- سزای سەخت بچێژن ھەروەک ئێمەیش چەشتمان، بە ھۆی ئەو بێباوەڕی و تاوانانەوە كە کردووتانە.

(40) بێگومان ئەوانەی ئایەت و بەڵگە و نیشانە ڕوون و ئاشکراکانی ئێمەیان بەدرۆ زانی، وە باوەڕیان پێ نەکرد و گوێڕایەڵ و ملکەچی نەبوون، وە لە ئاستیاندا خۆیان بە گەورە زانی و نائومێد بوون لە ھەموو خێر و چاکەیەک، بە ھۆی بێباوەڕیانەوە ھەرگیز دەرگاکانی ئاسمان ناکرێتەوە بۆ کارو کردەوەکانیان، وە بۆ گیان و ڕۆحیان ئەگەر مردن و وەفاتیان کرد، وە ھەرگیز ناچنە بەھەشتیشەوە تاوەکو ووشتر - کە گەورەترین ئاژەڵە- نەچێت بە کونی دەرزی دروماندا کە تەسکترین شتە، ئەمەش کارێکی مەحاڵە و ھەرگیز ڕوونادات، کەواتە دەست نادات ئەوانیش بچنە بەھەشتەوە، ئەم سزایەش خوای گەورە دایناوە بۆ کەسانێک کە گوناھ و تاوانەکانیان گەورەیە.

(41) ئەو درۆزن و خۆبەزلزانانە ڕاخەریان ئاگرە لەناو ئاگری دۆزەخەدا، وە لەسەرویشیانەوە داپۆشەرێکی ئاگریان بۆ ھەیە، نمونەی ئەو سزایانە سزای ئەو کەسانەیان پێ دەدەین کە بە بێباوەڕی و پشت ھەڵکردنیان لە ئاینەکەی خوا سنوورەکانی پەروەردگاریان بەزاندووە.

(42) ئەوانەش کە باوەڕیان ھێناوە بە پەروەردگاریان و کارو کردەوەی چاکەیان ئەنجام داوە، تا دەتوانن و ئەوەی لە توانایاندا هەیە -وە خوای گەورەش تەکلیف لەھیچ کەسێک ناکات زیاتر لەوەی دەتوانێت- ئەوانە دەستە و کۆمەڵ و ئەهلی بەھەشتن، وە دەچنە بەهەشتەوە و بەھەتا ھەتایش تێیدا دەمێننەوە.

(43) وە بۆ تەواو کردنی ناز و نیعمەتەکانی خۆیشی خوای گەورە ھەرچی ڕق و کینە و حەسوودی ھەیە لە دڵ و دەروون و ناخیاندا ھەیە ڕادەماڵێت و لایدەبات، وە بەژێر کۆشک و تەلارەکانیاندا ڕووبار گوزەر پێدەکات، ئەوانیش کاتێک ئەو ھەموو خێر و بێر و ناز و نیعەمەتە دەبینن، داندەنێین پێیدا و دەڵێن: سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە کە یارمەتیداین و موەفەقی کردین کە ئەم کارو کردەوە چاکانە بکەین تاوەکو بگەینە ئەم پلە و پایەیە، خۆ ئەگەر خوای گەورە یارمەتی نەداینایە و موەفەقی نەکردینایە ئەوا ئێمە ھەرگیز ڕێمان دەرنەدەکرد بۆ ئەم کارە چاکانە، سوێند بێت پێغەمبەرانی خوا پەیامی ھەق و ڕاستیان ھێنا کە ھیچ گومان و دوو دڵییەکی تێدا نەبوو، وە ڕاستگۆ بوون لەوانەی کە موژدەیان پێداین و لەوانەیش کە ئێمەیان پێ ترساند، بانگكەرێک لەناویاندا بانگ دەکات و دەڵێت: ئەو بەھەشتەی کە پێغەمبەرەکان لەدونیادا ھەواڵیان پێدان، ئەوا ئێستا خوای گەورە بەھۆی کاروکردەوە چاکەکانەوە کە تەنھا لەبەر ڕەزامەندی ئەو ئەنجامتاندان، کردنی بەجێنشین و میراتگری ئێوە.

(44) پاش ئەوەی بەھەشتی و دۆزەخییەکان ھەریەکەیان دەچنە ئەو جێگا و شوێنانەی بۆیان ئامادە کراوە، بەھەشتییەکان ئەوانەی بەھەمیشەی نیشتەجێی ئەوێن بانگی دۆزەخیەکان دەکەن، ئەو دۆزەخیانەی کەھەمیشە نیشتەجێی ئەوێن : ئەو پەیمان و بەڵێنەی کە پەروەردگارمان لە دونیا پێی داین ھاتەدی و خستینینە بەھەشتەوە، وە - ئەی بێباوەڕان- ئەو ھەڕەشەیەی کە خوای گەورە لێی کردن ئایا جێ بەجێی کرد و ھاتە دی؟ بێباوەڕانیش دەڵێن: بێگومان ئەوەی خوای گەورە ھەڕەشەی پێ کرد لێمان گەیشتین پێی و دەسمانکەوت، ئەمجا لەو نێوەندەدا بانگەرێک بانگ دەکات و داوا لە خوا دەکات کە ستەمکاران لە ڕەحمەت و میھرەبانی خۆی دەربکات، چونکە خوای گەورە لە دونیادا دەرگاکانی ڕەحم و میھرەبانی خۆی لێ کردنەوە، بەڵام ئەوان پشتیان لێ ھەڵکرد و گوێیان پێ نەدا.

(45) ئەو ستەمکارانە ئەوانەن کە لە دونیادا خۆیان خەڵکیان لە ڕێگای خوا لادەدا و ڕێگریان دەکرد لەوەی بێنە ناو ئیسلامەوە و ھانی خەڵکیان دەدا کە پشتی لێ ھەڵکەن، وە ھەمیشە ھەوڵیان بۆ ئەوە بوو کە ئەو ئیسلامە ڕێک و پێکە بەخوار و خێچی نیشانی خەڵک بدەن تاوەکو ھیچ کەس شوێنی نەکەوێت، سەرەڕای ھەموو ئەو کارە خراپانەشیان باوەڕیان بە رۆژی دوایی نییە و خۆیانی بۆ ئامادە ناکەن.

(46) لە نێوان ئەو دوو دەستەدا، دەستەی بەھەشتییەکان و دەستەی دۆزەخییەکان، بەربەستێکی زۆر بەرز ھەیە کە پێی دەڵێن: ئەعراف، لەسەر ئەو بەربەستە بەرزەوە کەسانێک ھەن کە چاکە و خراپەیان یەکسان و وەک یەک وان، ئەوانیش بەھەشتییەکان دەناسنەوە بەسەر وسیمای نورانی و ڕووی سپیان، وە دۆزەخییەکانیش دەناسنەوە بەسەر و سیما تاڵ و ڕووی ڕەشیان، ئەو خەڵکەی لەو نێوەندەدا ماونەتەوە وەک ڕێزگرتنێک بانگی بەھەشتییەکان دەکەن و پێیان دەڵێن: ئاشتی و ئارامی بڕژێت بەسەرتاندا، لە کاتێکدا ھێشتا نەچوونەتەوە نێو بەھەشتەوە، بەڵام ئومێدیان بە ڕەحم و میھرەبانی خوای گەورە ھەیە کە بچنە ناویەوە.

(47) کاتێکیش ئەوانەی لە ئەعرافن چاویان لە بەھەشتییەکان وەردەگێڕێت بەرەو لای دۆزەخییەکان، وە دەبینن لە چی سزایەکی سەختدان، نزا دەکەن و دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان داوات لێدەکەین مەمانخە ریزی گەلی ستەمکارەوە، ئەوانەی باوەڕیان نییە و ھاوەڵیان بۆ بڕیار داویت.

(48) ھەر دەستەی ئەعرافییەکان کەسانێکی دۆزەخ بانگ دەکەن کە بێباوەڕن بەسەر و سیما و ڕواڵەتی دێز و ڕووی ڕەش و چاوی شینیان دەیانناسن، پێیان دەڵێن: ماڵ و سەروەت و سامان و خزمەتکاری زۆرتان ھیچ سودێکی پێ نەگەیاندن، وە پشت ھەڵکردن و ڕوو وەرگێڕانتان لە ھەق و ڕاستی و خۆبەزل زانیتان نەگەیشتە فریاتان و ھیچ کەڵکێکی نەبوو بۆتان.

(49) خوای گەورەش بەسەر زەنشتەوە بەبێباوەڕان دەفەرموێت: ئایا ئەمانە (مەبەستی باوەڕدارانە کە ئێستا لەبەھەشتدان) ئەوانە نەبوون کە ئێوە سوێندتان دەخوارد کە بەر ڕەحم و میھرەبانی خوا ناکەون؟ وە بە باوەڕدارانیش دەفەرموێت: - ئەی باوەڕدارینە- بچنە نێو بەھەشتەوە ھیچ ترس و بیمێکتان نییە لە داھاتوو، وە ھیچ خەفەتیش ناخۆن لەوەی لە دونیادا لەدەستان چووە، چونکە ئێوە ئێستا لەناز و نیعمەتی ھەتا ھەتاییدان.

(50) ئەمجا دۆزەخییەکان بە ئومێدەوە بانگ لە بەھەشتیەکان دەکەن و ھاواریان لێ دەکەن و دەڵێن: ئەی بەھەشتیەکان کەمێک لە ئەو ئاوە زوڵاڵە بکەن بە سەرماندا و قومێکمان پێ بدەن، یان لەوەی خوا ڕزق و ڕۆزی داون لە خواردن بەشمان بدەن، بەھەشتییەکانیش دەڵێن: بە ھۆی کوفر و بێباوەڕییەوە خوای گەورە حەرام و قەدەغەی کردووە لە سەر بێباوەڕان، وە ئێمە ھەرگیز ناتوانین بێین بە ھاناتانەوە و شتێکتان پێ بدەین کە خوای گەورە قەدەغە و حەرامی کردبێت لە سەرتان.

(51) ئەو بێباوەڕانە ئەوانەن کە ئاینەکەیان کردە گاڵتەجاڕی و شتێکی بێ ھوودە، وە ژیانی دونیا بە زرق و برق و باقی خۆی ھەڵی خەڵەتاندن، لە ڕۆژی قیامەتیشدا خوای گەورە ئەوان لە بیر دەکات و فەرامۆشیان دەكات ، وە وازیان لێ دەھێنێت کە سزای سەخت بچەژن ھەروەک چۆن ئەوان لە دونیادا ڕۆژی قیامەتیان لە بیری خۆیان بردەوە و کاری بۆ نەکرد و خۆیان بۆ ئامادە نەکرد، وە باوەڕیان بە ئایەت و بەڵگە و نیشانەکانی ئێمە نەبوو، وە بە عینادی و سەرکەشی خۆیان ئینکاریان دەکرد، لەکاتێکدا باش دەیانزانی کە ھەق و ڕاستە.

(52) بێگومان ئەم قورئانەمان ھێنا بۆیان کە پەرتوکێکە و دابەزیووە بۆ سەر موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم)، کە بەزانست و زانیاری لەلایەن ئێمەوە بۆیانی ڕوون دەکەینەوە، کە مایەی ڕێنوێنی و ھیدایەتی باوەڕدارانە بۆ ڕێگای ڕوشد و ھەق و ڕاستی، وە میھرەبانیشە بۆیان کە بەڵگەیە لەسەر خێر و بێری دونیا و دواڕۆژیان.

(53) بێباوەڕان تەنھا چاوەڕوانی ئەو پێشھاتانە دەکەن کە ھەواڵی ڕودانی سزای بەئازاریان پێ درابوو لە ڕۆژی دواییدا، ڕۆژێک کە ئاکام و ئەنجامیشی دێت و ڕوون دەبێتەوە، وە ئەو پاداشتەش کە بۆ باوەڕداران باسکرابوو دێتەدی، جا ئەوانەی کە لە دونیادا قورئانیان بیر كردبوو ، وە کاریان پێ نەکرد لەو ڕۆژەدا دەڵێن: بەڕاستی پێغەمبەرانی پەروەردگارمان بە شەریعەتی ڕاست و دروستەوە بۆ ھات کە ھیچ گومانێکی تێدا نەبوو، کە لەلایەن خوای گەورەوە ھاتبوون، خۆزگە نێوەندگیرێک دەبوو لای خوا تکای بۆ دەکردین تاوەکو لە سزای دۆزەخ ڕزگارمان دەبوو، یان خۆزگە دەگەڕاینەوە بۆ ژیانی دونیا لە بری خراپە و تاوان کارو کردەوەی چاکمان بکردایە تاوەکو ڕۆژمان نەدەگەیشتە ئەم ڕۆژە، بێگومان ئەو بێباوەڕانە خۆیان دۆڕاند و زیانمەند بوون بە ھۆی بێباوەڕیانەوە خۆیان دووچاری تیاچوون و فەوتان کردەوە، ئەوەشی لە بری خوا دەیانپەرستن لەو ڕۆژەدا لێیان دیار نین، وە ھیچ سوود و کەڵکێکیشیان پێ نەگەیاندن.

(54) - ئەی خەڵکینە- پەروەردگارتان ئەوەیە کە ئاسمانەکان وزەوی کە وێنەی نەبوو لە پێشدا لە ماوەی شەش ڕۆژدا دروستی كردن ، پاشان بەو شێوەیەی شایستەی زاتی خۆیەتی بەرز بوویەوە بۆ سەر عەرش کە شێوازەکەی نازانین، تاریکی شەو بە ڕووناکی ڕۆژ لادەبات، وە ڕوناکی ڕۆژیش لە تاریکی شەو لادەبات، وە ھەر دانەیەکیشیان بە خێرای بە شوێن ئەوی تردا دەڕوات ولێی دواناکەوێت، جا کاتێک یەکێکیان دەڕوات ئەوی تریان دێت ، وە ھەر خوای گەورە خۆر ومانگ وگشت ئەستێرەکانی دروستکرد، ھەر ھەموویشیان لەژێر دەستی پەروەردگاردا زەلیل وملکەچ وئامادەن، جا باش بزانن ھەموو دروستکردن وفەرمانێکیش تەنھا ھەر بۆ خوایە، کێ ھەیە غەیری ئەو بتوانێت وەک ئەو شت دروست بکات؟ خێر وبێرەکانی زۆر گەورەن وچاکەکانی زۆر زۆرن، زۆر بەرەکەت وگەورەیە زاتی ئەو کە خاوەنی سیفاتی بەرز وپیرۆز وئەو پەڕی کەمال وتەواوییە، کە پەروەردگاری جیھانیانە.

(55) - ئەی باوەڕداران- بەو پەڕی زەلیلی وملکەچیەوە بە نھێنی وپەنامەکی لە پەروەردگارتان بپاڕێنەوە وداوای لێ بکەن، دڵسۆز بن لەنزاکانتان بێ ڕوپامایی وھاوەڵ بڕیاردان بۆ خوای گەورە لێی بپاڕێنەوە، بێگومان ئەو کەسانەی خۆش ناوێت کە لەنزا وپاڕانەوەکانیاندا سنوور شکێنی دەکەن، لە گەورەترین سنور شکێنیش لەنزا وپاڕانەوەدا ئەوەیە کە لەگەڵ خوادا ھاوار وبانگ لەغەیری ئەویش بکەیت، ھەروەک بتپەرست وموشریکەکان دەیانکرد.

(56) ئەی خەڵکینە بەگوناھ و تاوانەکانتان خراپەکاری لەزەویدا بڵاو مەکەنەوە، پاش ئەوەی خوای گەورە بە ناردنی پێغەمبەرەکانی بەتاعەت وگوێڕایەڵی تەنھا بۆ خۆی چاکی کرد وئاوەدانی کردەوە، وە ھەمیشە بەترس وئومێدەوە تەنھا لەو بپاڕێنەوە، ترسان لەسزا وتۆڵەکانی، ئومێدیش بە بەدەستھێنانی پاداشتەکانی، بێگومان ڕەحم ومیھرەبانی خوای گەورە نزیکە لەکەسانی چاکەکارەوە، بۆیە ئێوەش بالەوانە بن کە میھرەبانی ئەو دەیانگرێتەوە.

(57) خوای گەورە وپاکو بێگەرد باکان ھەڵدەکات کە موژدەی بارانیان پێوەیە، ھەتا کاتێک باکان ھەورە قورسە پر لە ئاوەکان ھەڵدەگرن، ئێمەیش ئەو ھەورانە دەخەینەڕێ بۆ ووڵاتێکی مردووی ووشکی بێ ئاو پێی پاراو دەکەینەوە، ھەر بەو ئاوی بارانە چەندین جۆر بەروبوومی پێ دەڕوێنین، ھەر بەو شێوەیە مردووەکانیش لە گۆڕەکانیان دەردەھێنین وزیندوویان دەکەینەوە، ئەوەمان ئەنجامدا بەڵکو ئێوە بیر بکەنەوە لەدەسەڵات وداھێنانی خوای گەورە، وە بێگومان ئەو بەدەسەڵاتە کە مردووەکان جارێکی تر زیندوو بکاتەوە.

(58) زەوی پاک وخاوێن بە فەرمانی پەروەردگاری خۆی ڕووەک وگیای بە تەواوی وجوانترین شێوە دەردەھێنێت، ھەر بەو شێوەیە باوەڕداریش وەک ئەو زەویە پاک وخاوێنە وایە گوێ بیستی ئامۆژگاری دەبێت وسوود وکەڵکی لێ وەردەگرێت، کارو کردەوەی چاکەی لێ وەبەردێت، وە ئەو زەویەش کەکڕێن وخوێدارە تەنھا ڕووەکی بێکەڵکی لێ دەڕوێت، ھەر بەو شێوەیە مرۆڤی بێباوەڕیش سوود لە ئامۆژگاری نابینێت، وە کاروکردەوەی چاکی لێ وەبەرنایەت کە کەڵکی لێ ببینێت، ھەر بەو شێوە جۆراو جۆرە ناوازەیە بەڵگەی ھەمە چەشنە دێنینەوە بۆ سەلماندنی ھەق وڕاستی بۆ ئەو کەسانەی کە سوپاس وشوکری ناز ونیعمەتەکانی خوا دەکەن، وە کوفر وناشکوری ناکەن وگوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئەون.

(59) بێگومان نوحمان وەک پێغەمبەرێک ڕەوانە کرد بۆ لای گەلەکەی کە بانگیان بکات بۆ یەکخواپەرستی و وازھێنان لەپەرستنی غەیری ئەو، جا نوح بە گەلەکەی ووت: ئەی گەلەکەم تەنھا خوا بپەرستن کەجگە لەو ھیچ پەرستراوێکی تری بە ھەق نییە، - ئەی گەلەکەم- من دەترسم کە دووچاری سزای ئەو ڕۆژە گەورەیە بن ئەگەر بێتو بەردەوام بن لەسەر بێباوەڕی.

(60) گەورە پیاوانی گەلەکەی نوح بە ئەویان ووت: بێگومان -ئەی نوح- ئێمە تۆ لە گومڕایی وسەرلێشێواویەکی ڕوون وئاشکرادا دەبینین.

(61) نوحیش بە گەورە پیاوانی گەلەکەی فەرموو: من گومڕا وسەرلێشێواو نیم وەک ئێوە گومان دەبەن، بەڵکو من نێردراوم بۆ لای ئێوە لە لایەن پەروەردگارمەوە کە پەروەردگاری من وئێوە وھەموو جیھانە.

(62) ئەوەی خوای گەورە بە وەحی بۆی ناردوم پێتان ڕادەگەیەنم، وە ھەموو خێر وخۆشییەکم بۆتان دەوێت، بەوەی ھانتان دەدەم بۆ بەجێھێنانی فەرمانەکانی خوای گەورە وبەدەستھێنانی پاداشتەکانی، وە دەتانترسێنم بەئەنجامدانی ئەو شتانەی کە خوای گەورە ڕێگری لێکردوون، لەگەڵ ئەو تۆڵە وسزایانەی کە دێن بەدواییدا، وە من شتگەلێک لەلایەن خوای گەورەوە دەزانم کە لە ڕێگای وەحییەوە فێری کردووم ئێوە نایزانن.

(63) ئایا سەرتان سوڕ دەمێنێت، وەلاتان نامۆیە کە وەحی وئامۆژگاریتان لە لایەن پەروەردگارتانەوە لەسەر زمانی پیاوێکەوە لەخۆتان کەدەیناسن بۆ بێت؟! ئەو پیاوە لە نێو خۆتان گەورە بووە ودرۆزن وگومڕا وسەرلێشێواو نەبووە، وە لەڕەگەزی مرۆڤە وجنۆکە نییە، بۆ ئەوە ھات لە سزای خوا بتانترسێنێت ئەگەر بێتو باوەڕی پێ نەکەن وسەرپێچی بکەن، دەی کەوایە لەخوا بترسن، فەرمانەکانی جێ بەجێ بکەن ودوور بکەونەوە لەڕێگرییەکانی، بە ئومێدی ئەوەی ڕەحمتان پێ بکات ئەگەر ھاتوو باوەڕتان پێ ھێنا.

(64) کەچی گەلەکەی بەدرۆیان خستنەوە وباوەڕیان پێ نەکرد، بەڵکو بەردەوام بوون لەسەر بێباوەڕی خۆیان، ئەویش نزای لێکردن کەخوا لەناویان ببات، ئێمەیش ئەو وئەو کەسانەشی کە لە کەشتییەکە لە گەڵیاندا بوو کە باوەڕیان پێ ھێنابوو ڕزگارمان کردن لە نوقم بوون، وە ئەوانەشی کە بە درۆیان زانی وباوەڕیان پێ نەکرد وبەردەوامیش بوون لە بەدرۆخستنەوەی بەنوقم بوون لەناو تۆفان کە وەک سزا بۆیان دابەزی بوو لەناومان بردن، چونکە بەڕاستی ئەوانە لەئاست بینینی ھەق وڕاستیەکان کوێر ونابینا بوون.

(65) ھودیشمان نارد بۆ لای ھۆزی عاد، ھود (سەلامی خوای لێ بێت) پێی فەرموون: ئەی گەلەکەم بەتەنھا خوای گەورە بپەرستن، وە جگە لەو ھیچ پەرسترواێکی بەھەق وشیاوتان بۆ نییە، ئایا ئیتر لەسزای ئەو ناترسن وخۆتان ناپارێزن، بە بەجێھێنانی فەرمانەکانی ودوور کەوتنەوە لەڕێگرییەکانی، تاوەکو سەلامەت وپارێزراو بن لەسزا وتۆڵەی ئەو.

(66) گەورە وناودرانی گەلەکەی ئەوانەی بێباوەڕ بوون بەخوا وپێغەمبەرەکەیان بەدرۆ زانی: ووتیان: -ئەی ھود- بێگومان ئێمە دەزانین کە تۆ کاڵفام وخەڵەفاویت کاتێک بانگمان دەکەیت کەخوای تاک وتەنھا بپەرستین، وە واز بھێنین لە پەرستنی بتەکانمان، ئەوەی ڕاستی بێت ئێمە ھیچ گومانمان نییە کە تۆ یەکێکیت لە درۆزنەکان لەوەی کە بانگەشەی دەکەیت کە تۆ پێغەمبەر ونێرراوی خوایت.

(67) ھودیش (سەلامی خوای لێ بێت) لەوەڵامیاندا پێی فەرموون: ئەی ھۆزەکەم من کاڵفام وخەڵەفاو نیم، بەڵکو من پێغەمبەرێکم لەلایەن پەروەردگاری جیھانیانەوە بۆ لای ئێوە ڕەوانەکراوم.

(68) ئەوەی خوای گەورە فەرمانی پێکردووم لەگەیاندنی یەکخواپەرستی وشەریعەتەکەی پێتان دەگەیەنم، وە من ئامۆژگاریکارێکی دڵسۆز ودەستپاکم لەگەیاندنی ئەوەی فەرمانم پێکراوە، وەک خۆی پێتان دەگەیەنم بێ زیاد وکەم کردن.

(69) ئایا سەرتان سوڕدەمێنێت وبەلاتانەوە نامۆیە کە پیاوێک لەخۆتان وبەزمانی خۆتان فەرمانەکانی خواتان وەبیربخاتەوە، لە خۆتان بێت نەک لە فریشتە وجنۆکەکان بتانترسێنێت بەسزاکانی خوای گەورە ئەگەر سەرپێچی بکەن؟ جا بۆیە سوپاسی پەروەردگارتان بکەن وشوکری بکەن لەبەرامبەر ئەوەی جێگیری کردون لەسەر زەوی، وە لەیادتان بێت کەخوای گەورە ئێوەی کرد بەجێنشینی گەلی نوح کە بەھۆی بێباوەڕیانەوە لەناوی بردن، جا بۆیە شوکر وسوپاسی بکەن کە لەخەڵکانی سەردەمی خۆیشتان بەقیافەتر وجەستە مەزنتر وبەھێزتری کردن، سوپاسی ئەو نازو نعیمەتە فراوانەی پەروەردگارتان بکەن تاوەکو سەرکەوتوو بن لەوەی داواتان لێکراوە، وە ڕزگارتان بێت لەوەی جێگای مەترسییە.

(70) گەلەکەی پێیان ووت: -ئەی ھود- ئایا تۆ ھاتویت بۆ لامان تاوەکو فەرمانمان پێ بکەیت کە بەتاک وتەنھایی خوا بپەرستین، وە واز بھێنین لەوەی کە باوپاپیرانمان پەرستویانە؟! بۆیە بەھەر بەڵا وناخۆشی وسزایەک ھەڕەشەمان لێدەکەیت ئەگەر ڕاست دەکەیت کە تۆ پێغەمبەریت وڕاستگۆیت لەوەی بانگەشەی دەکەیت بۆمان بھێنە.

(71) ھودیش (سەلامی خوای لێ بێت) وەڵامی دانەوە وپێی ووتن: بێگومان بە ھۆی گوناھ و سەرپێچیتانەوە سزا وتوڕەیی پەروەردگار کەوتە سەرتان، بۆتان دێت وھیچ شتێکیش نایگێڕێتەوە، ئایا ئێوە دەمەقاڵێم لەگەڵ دەکەن لەبەر چەند بتێک کە خۆتان وباوباپیرانتان کردوتانن بەخوا وپەرستراوی خۆتان، کەھیچ ھەقیقەتێک وڕاستیەکی نییە؟ وە خوایش ھیچ بەڵگەیەکی بتەوی دانەبەزاندوە لەوەی بانگەشەی دەکەن کە ئەوانە خوابن، جا چاوەڕوانی ئەو سزایە بکەن کە پەلەی ھاتنی دەکەن، وە منیش لەگەڵ ئێوە چاوەڕوانم، بێگومان ھەر دێت وھیچ گەڕانەوەی نییە.

(72) جا ئێمەیش بە ڕەحم وبەزەیی ومیھرەبانی خۆمان ھود وئەوانەشی لەگەڵیدا بوون لەباوەڕداران ڕزگارمان کردن، وە ئەوانەیش کە بەڵگە ونیشانەکانی ئێمەیان بە درۆزانی لەڕیشەوە لەناومان بردن، چونکە ئەوان باوەڕدار نەبوون، بەڵکو نیشانە وبەڵگەکانی ئێمەیشیان بەدرۆزانی، بۆیە شایستەی ئەو سزایە بوون.

(73) بۆ لای گەلی سەمودیش ساڵحی برای خۆیانمان نارد کە بانگەوازیان بکات بۆ یەکخواپەرستی وعیبادەتی خوای گەورە، ساڵح پێی ووتن: ئەی گەلەکەم خوای گەورە بەتاک وتەنھایی بپەرستن، جگە لە ئەو ھیچ پەرستراوێکی تر شایستەی پەرستن نییە، بێگومان خوای گەورە بەڵگە ونیشانەی ڕوون وئاشکرای بۆ ناردون لەسەر ڕاستگۆیی ئەوەی من پێی ھاتووم بۆ لاتان، ئەویش ئەم ووشترەی خوایە کە لەو بەردە گەورەیە ھاتە دەرەوە، ئەو کاتی دیاریکراوی خۆی ھەیە بۆ ئاو خواردنەوە، وە خۆتان ومەڕ وماڵاتیشتان ڕۆژێکتان ھەیە بۆ ئاو خواردنەوە، جا لەبەر ئەوە وازی لێ بھێنن با بۆ خۆی لەو زەوییەی خوادا بلەوەڕێت، وە ھیچ شتێکیشی لە خزمەت كردن و قوتی لەسەر ئێوە نییە ، دەخیلتان بم بە ھیچ شێوەیەک زیانتان بۆی نەبێت وئازاری مەدەن، نەوەک توشی سزایەکی بەئازار ببن.

(74) بیری ئەو نعیمەتە بکەنەوە کە خوای گەورە کردنی بەجێنشینی گەلی عاد، وە سەقامگیری کردن لە زەوییەک کە تێیدا بحەوێنەوە، وە داواکارییەکانی خۆتانی تێدا بەدەست بھێنن، ئەمەش دوای ئەوەی خوای گەورە گەلی عادی لەناوبرد پاش ئەوەی ڕۆچوون لە بێباوەڕی و بەدرۆ خستنەوەی پێغەمبەرەکەیان، بۆ خۆتان لە پێدەشتەکانیدا کۆشک و تەلاری لێ بنیات بنێن، وە لە کێوەکان خانوو دەتاشن و ھەڵدەکۆڵن، جا نیعمەتەکانی خوا وە بیر خۆتان بخەنەوە تاوەکو سوپاس و شوکری بکەن، وە وازبھێنن لە بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لە زەویدا، ئەویش بە وازھێنان لە کوفر و بێباوەڕی بە خوا و وازهێنان لە گوناھ و تاوان کردن.

(75) گەورە وسەرۆکەکانی گەلی عاد ئەوانەی خۆبەزلزان بوون بە ئەو باوەڕدارانەیان دەووت کە دەیانچەوساندنەوە: ئاخۆ ئێوە -ئەی باوەڕدارینە- باوەڕتان وایە کە ساڵح پێغەمبەر بێت لە لایەن پەروەردگاریەوە ڕەوانە کرابێت؟ باوەڕدارانی چەوساوەیش لەوەڵامدا پێیان ووتن: بێگومان ئێمە باوەڕمان ھەیە بەوەی ساڵح ھێناویەتی، وە ملکەچی شەریعەتەکەی ئەوین دانی پێدادەنێین وکاریشی پێدەکەین.

(76) خۆبەزلزانەکانی گەلەکەیشی ووتیان: بێگومان ئەوەیش کە ئێوە باوەڕتان پێیەتی وبەڕاستی دەزانن - ئەی باوەڕداران- ئێمە کافر وبێباوەڕین پێی، وە ھەرگیزیش باوەڕی پی ناھێنین، وە کاریش بەشەریعەتەکەی ناکەین.

(77) ئەمجا ووشترەکەیان سەربڕی (ئەو ووشترەی کە ساڵح وەک موعجیزەیەک لەبەردەکە بۆی دەرھێنان تا باوەڕی پێ بکەن)، لە کاتێکدا خوای گەورە ڕێگری لێ کردبوون کە بەخراپ دەستی بۆ ببەن وئازاری بدەن، خۆیان بەگەورەتر زانی لەوەی فەرمانەکەی خوا جێ بەجێ بکەن، وە بەگاڵتەجاڕیەکەوە کە ھەرگیز بەخەیاڵیاندا نەدەھات ئەوەی ساڵح پێی ترساندبوون بێتەدی، ووتیان: ئەی ساڵح ئەو سزا سەخت وبەئێش وئازارەی ھەڕەشەی پێ دەکەیت لێمان بۆمانی بھێنە ئەگەر تۆ بەڕاستی پێغەمبەری خوایت!!

(78) ئەوسا کتوپر ئەو سزا سەختەی پەلەیان دەکرد لێی دابەزییە سەریان، بومەلەرزەی توند گرتنی، جا ھەموویان لەماڵەوە بەشێتی بەدەمدا کەوتن ولکان بەزەویەوە، بەشێوەیەک ھیچ کەسیان لەتیاچوون ڕزگاریان نەبوو.

(79) ئیتر کاتێک کە ساڵح بێ هیوا بوو لەوەی گەلەکەی بەدەم بانگەوازەکەیەوە بێن پشتی لێ هەڵكردن وپێی ووتن: ئەی گەلەکەم ئەوەی خوای گەورە فەرمانی پێکردبووم پێم گەیاندن وتەبلیغم کردن، وە زۆریش بەخێرخوازی ئامۆژگاریم کردن وترساندمن لەسزای خوا، بەڵام ئێوە کەسانێکن ئامۆژگاریکارێک کەسوور بێت لەسەر ڕێنومایی کردنتان بۆ خێر وچاکە ودوور خستنەوەتان لە شەڕ وخراپە خۆشتان ناوێت.

(80) وە بیری ئەو کاتە بکەنەوە کە لوطمان ناردە لای گەلەکەی وڕێگری کردن لەو کارە خراپەی لەسەری بوون وپێی ووتن: ئایا ئێوە کاری خراپە وقێزەونی وا دەکەن کە دەچنە لای پیاوان ونێربازی دەکەن؟! ئەمەی ئێوە دەیکەن وداتان ھێناوە ھیچ کەسێک پێش ئێوە لەجیھاندا نەیکردووە وئەنجامی نەداوە!

(81) ئایا ئێوە بۆ خاڵی کردنەوەی ئارەزووی جنسی خۆتان لە بری ئافرەتان دەچنە لای پیاوان ولەگەڵیان جووت دەبن؟! لەکاتێکدا خوای گەورە ئافرەتانی بۆ ئەو کارە دروستکردووە، ئەوەی ئێوە دەیکەن پێچەوانەی ژیری وفیترەت وفەرمانی خوایشە، بەڵكو ئێوە ھەموو سنورێکی خواتان بەزاندووە بەوە لەسنوری ژیری سەلیم وفیترەتی پاکی هاوسەنگی مرۆڤایەتی دەرچوون وزیادەڕۆییتان کردووە.

(82) کەچی وەڵامی گەلەکەی لوط کە ڕێگری ئەو داوێن پیسی وفاحیشەیان لێکرابوو پشتیان لەھەق وڕاستی کردو ووتیان: لوط وشوێنکەوتووەکانی لەشار وگوندەکانتان دەربکەن ، چونکە ئەوان کەسانێکن دەیانەوێت خۆیان پاکڕابگرن لەم کارەی ئێمە دەیکەین، شیاو نییە بۆ ئێمە ئەوانە لەناو ئێمەدا بمێنن.

(83) خۆی وبنەماڵەکەیمان ڕزگارکرد ئەوانەی کە فەرمانمان پێکردن کە بەشەو لەگوندەکە دەربچن ، ئەو گوندەی کە سزاکەی بۆ دادەبەزێت، ھەموویمان ڕزگار کرد جگە لەژنەکەی نەبێت کە لەگەڵ خەڵکەکەی مایەوە، ئەوە بوو ئەو سزایەی تووشی ئەوان بوو توشی ژنەکەی لوطیش بوو.

(84) بارانێکی بەھێزمان باراندە سەریان، بەردبارانمان کردن بەبەردێکی لەقوڕ دروستکراو، وە گوندەکەمان ھەڵگێڕایەوە بەسەریاندا، وسەرەوژێرمان کردن، جا - ئەی پێغەمبەر- تێڕامێنە سەرەنجامی تاوانبارانی گەلی لوط چۆن بوو؟ سەرەنجامیان تیاچوون وزەلیلییەکی ھەمیشەیی بوو.

(85) بۆ ھۆزی مەدیەنیش شوعەیبی برایانمان نارد (سەلامی خوای لێ بێت) پێی فەرموون: ئەی گەلەکەم خوای گەورە بەتاک وتەنھایی بپەرستن، جگە لەو ھیچ پەرستراوێکی تر نییە شایستەی پەرستن بێت، بەڵگەی ڕوون وئاشکراتان لەلایەن خواوە بۆ ھات، کەبەڵگەی ڕاست ودروستی ئەوەیە کە لەلایەن پەروەردگارمەوە بۆم ھێناون، ئەی گەلەکەم مافەکانی خەڵکی بدەن بەوەی کێشانە وپێوانەکان تەواو وبەرامبەر بێت، کەلوپولی خەڵکی بێ بەھا وبەکەم مەزانن بەوەی تانە وتەشەر وعەیب ونەنگی لێ بدۆزنەوە، یان فڕوفێڵ لەخاوەنەکانیان بکەن، بەکوفر وبێباوەڕی وئەنجامدانی گوناھ و تاوان خراپەکاری لەسەر زەویدا بڵاو مەکەنەوە پاش ئەوەی خوای گەورە بەناردنی پێغەمبەرەکان لەپێشوودا چاکی کرد، ئەوەی باسکرا بۆ ئێوە چاکترە وبەسوودترە ئەگەر ئێوە باوەڕدارن، چونکە وازھێنان لەسەرپێچی خوای گەورە دوور کەوتنەوەیە لەوەی خوا ڕێگری لێکردووە، وە بەئەنجامدانی ئەوەش کەخوای گەورە فەرمانی پێکردووە مرۆڤ خۆی لەخوا نزیک دەکاتەوە.

(86) لەسەر ڕێگاکاندا دامەنیشن ھەڕەشە لەو کەسانە بکەن کە ڕێبوارن وماڵ وسامانیان بەزۆر لێ بسێنن، وە مەبن بەڕێگر لەبەردەم ئاینی خوادا، لەبەردەم ئەوانەی کە مەبەستیانە رێگای ھەق وھیدایەت بگرنە بەر، وە ھەوڵیش مەدەن رێگای خوا بەلار وچەوتی نیشانی خەڵکی بدەن بۆ ئەوەی نەیەنە سەری، باسی ئەو ناز ونعیمەتانە بکەن کەبەسەرتانەوەیە تاوەکو سوپاس وشوکری بکەن، کاتێک ژمارەتان کەم بوو خوای گەورە زۆری کردن ودەسەڵاتی پێدان، وە بیر بکەنەوە وتێڕامێنن بزانن سەرەنجامی ئەوانەی خراپەیان لەپێش ئێوە لەسەر زەوی بڵاو کردەوە چۆن بوو، سەرەنجامیان تیاچوون ولەناو چوون بوو.

(87) ئەگەر چی کۆمەڵێک لەئێوە باوەڕیان ھێنا بەوەی لەلایەن پەروەردگارمەوە بۆم ھێنان، وکۆمەڵێکی تریش باوەڕیان پێ نەھێنا، دەی کەوایە - ئەی بێباوەڕینە - ئارام بگرن وچاوەڕێ بکەن ھەتا خوای گەورە لەنێوانتاندا دادوەری دەکات وچاک وخراپ لێک جودا دەکاتەوە، کە ھەر ئەویش لەگشت دادوەرەکان چاکترە.

(88) گەورە و سەرۆکەکانی گەلی شوعەیب ئەوانەی خۆبەزلزان بوون بە شوعەیبیان وت (سەلامی خوای لێ بێت): بێگومان بە - ئەی شوعەیب - ئێمە تۆ و ئەوانەش کە باوەڕیان پێ ھێناویت لە گوندەکەمان وەدەرتان دەنێین، یان ئەوەتانێ دەگەڕێنەوە سەر ئاینەکەمان ، شوعەیبیش بیری کردەوە و بەسەر سوڕمانێکەوە پێی فەرموون: ئایا شوێن ئاین و دینەکەتان بکەوین ئەگەر ناچاریش بكرێین ، ئەوا دڵنیاین ئێوە لەسەر باتڵ و ناھەقین.

(89) ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئاین ودینەکەتان ئەوا درۆمان بۆ خوا ھەڵبەستووە، لەکاتێکدا ئێمە دەزانین کە ئێوە لەسەر بتپەرستی وبێباوەڕین دوای ئەوەی خوای گەورە بەفەزڵ ومنەتی خۆی ڕزگاری کردین لێی، ڕاست ودورست نییە بۆمان بگەرێینەوە سەر ئاینی بەتاڵی ئێوە مەگەر خوای گەورە خۆی بیەوێت و لە ڕەحمی خۆی بێ بەشمان بکات، چونکە ھەمووان لە ژێر ویستی ئەوداین، پەروەردگار ئاگاداری ھەموو شتێکە وزانستی ئەو ھەموو شتێکی گرتوەتەوە، بەشێوەیەک ھیچ شتێکی لا شاراوە نییە، پشت وپەنامان ھەر خوای گەورەیە کە لەسەر ڕاستە ڕێگا دامەزراومان بکات، وە بمانپارێزێت لە ڕێگاکانی چوون بەرەو دۆزەخ، ئەی پەروەردگارمان بەھەق ودروست دادوەری بکە لەنێوان ئێمە وگەلە بێباوەڕەکەماندا ، خاوەنی ھەق وڕاستی و ستەم لێکراوانیش سەربخە بەسەر ستەمکارانی سەرسەختدا، چونکە تۆی - ئەی پەروەردگارمان- چاکترینی دادوەرانیت.

(90) گەورە وسەرۆکە بێباوەڕەکانی گەلەکەی شوعەیب ئەوانەی بانگەوازی یەکخواپەرستیان ڕەد کردەوە وپێی رازی نەبوون وھۆشداریان دەدا بەخەڵکی کە شوێنی شوعەیب و دینەكەی نەکەون، ووتیان: - ئەی گەلەکەمان- ئەگەر بچنە ناو ئاینەکەی شوعەیب ووازتان لە ئاینی خۆتان وباوباپیرانتان ھێنا ئەوە بێگومان لە خەسارۆمەندان دەبن.

(91) ئەوجا لەپڕ بومەلەرزەیەکی زۆر توند گرتنی، ھەموویان لەناو ماڵەکانیاندا تیاچوون وبێ گیان کەوتن بەسەر ڕوومەت وئەژنۆکانیاندا، مردووی بێ دەنگ لەناو خانوەکانیاندا.

(92) ئەوانەی شوعەیبیان بەدرۆزانی وباوەڕیان پێ نەکرد ھەر ھەموویان تیاچوون، وەک ئەوەی ھەرگیز لەناو ئەو خانوانەدا نەژیا بن وڕایان نەبواردبێت تێیدا، ئەوانەی شوعەیبیان بە درۆدانا ھەر ئەوان خەسارۆمەندن، چونکە ئەوان خۆیان وماڵ وسامان وئەوەیشی ھەیانبوو خەسار کرد، نەک ئەوانەی کە باوەڕیان ھێنا پێی لە گەلەکەی، ئەوان ھیچ خەسارۆمەند نەبوون، ھەروەک چۆن بێباوەڕانی درۆزنی گەلەکەی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد.

(93) کاتێک ئەوان تیاچوون شوعەیبی پێغەمبەریان(سەلامی خوای لێ بێت) پشتی تێکردن وپێی ووتن: ئەی گەلەکەم ئەوەی پەروەردگارم فەرمانی پێکردبووم کە پێتان بگەیەنم پێم گەیاندن، وئامۆژگاریم کردن بەڵام ئێوە ئامۆژگاریەکانی منتان وەرنەگرت، وەپابەندی ڕێنوماییەکانی من نەبوون، ئیتر چۆن دڵم تەنگ بێت بۆ گەلی بێباوەڕان، ئەو گەلەی سوور بوون لەسەر کوفر وبێباوەڕی خۆیان؟!

(94) ھیچ پێغەمبەرێکمان لە پێغەمبەرانی خوا نەناردووە بۆ لای ھیچ گوند وشارێک وباوەڕیان پێ نەکرد بێت، ئیللا ئێمەش بەنەخۆشی وقات وقڕی وھەژاری گرتومانن، بە ئومێدی ئەوەی ملکەچ وزەلیلی بەردەم خوابن وواز بھێنن لە بێباوەڕی وسەرسەختی وفیز ودەعیەی خۆیان، ئەمەش ھۆشداری وئاگادار کردنەوەیە بۆ قورەیش وبۆ ھەموو کەسێکی تر کە بێباوەڕ بێت، وە باوەڕی بەیادخستنەوەی سوننەتی خوا نەبێت کە چی کردووە بەگەلانی پێشین کاتێک پشتیان ھەڵکردبێت لە ئاینی خوا وبەدرۆیان زانیبێت.

(95) پاشان ئەو نەھامەتی ونەخۆشی ونەدارییەمان بۆ گۆڕین بە خێر وبەرەکەت وئەمن وئاسایش تاوەکو جارێکی تر ماڵ وسامان وژمارەیان زیادی کرد، وە ووتیان: ئەوەی دوچارمان بوو لەخێر وخۆشی وخراپە باوباپیرانیشمان ھەروا تووشی ناخۆشی وزیان بوونەوە بەڵام دوای ئەوە ڕزگاریان بوو، کەچی نەیانزانی ئەوەی دووچاریان بوو لەناخۆشی وناڕەحەتی بۆ پەند وەرگرتن بوو، وە ئەوەشی تووشی بوون لەخێر وخۆشی مەبەست لێی ئەوە بوو خوای گەورە کەمەندکێشیان بکات تاوەکو زیاتر لەسەرپێچی وگوناھ وتاوان ڕۆبچن، ئەو کات ئیتر لەناکاودا بۆ ئەوەی ھەست بەخۆیان بکەن بەسزای سەخت گرتمانن لەکاتێکدا ئەوان چاوەڕوانی سزای لەو شێوەیە نەبوون وھەستیان پێ نەکردبوو.

(96) ئەگەر خەڵک ودانیشتوانی ئەو گوندانەی کە پێغەمبەرەکانمان بۆ ناردن باوەڕیان بەپەیامەکانیان بکردایە، وە لەخوا بترسانایە بەوەی وازیان لەبێباوەڕی وسەرپێچی بھێنایە وە فەرمانەکانی خوایان جێ بەجێ بکردایە ئەوا دەرگاکانی خێر وخۆشیمان لە ھەموو لایەکەوە لێ دەکردنەوە، بەڵام باوەڕیان پێ نەکردن ولە خوا نەترسان، بەڵکو پێغەمبەرەکانیان بەدرۆ خستەوە، بەھۆی کارە خراپ وگوناھەکانیانەوە ئێمەش بەسزایەکی لەناکاو گرتمانن.

(97) ئایا خەڵک ودانیشتوانی ئەو گوندانەی کە پێغەمبەرەکانیان بەدرۆزانی دڵنیان لەوەی لەشەودا کاتێک ئەوان لەخەوی قوڵی خۆیاندان وپشوو دەدەن بەڵا وسزای ئێمەیان بۆ نایەت؟

(98) یان ئایا دڵنیان لەوەی لەسەرەتای ڕۆژەوە سزایان بۆ نایەت، کاتێک ئەوان سەرگەرمی گاڵتە وگەپن وسەرگەرمی دونیاكەیانن؟

(99) سەرنج بدەن وتێڕامێنن کە خوای گەورە چەندێک مۆلەتی داون، وە ناز ونیعمەتی خۆی لەھێز وڕزق وڕۆزی فراوانی پێ بەخشیون تاوەکو کەمەندکێشیان بکات بۆ ئەوەی لەناو لەزەت وخۆشیەکانی دونیادا سەرگەرم بن، ئایا ئەوانەی ئەو پێغەمبەرانەیان بەدرۆدانا لەخەڵکی ئەو شار وگوندانە دڵنیا بوون لە فێڵ وپلانی نھێنی خوای گەورە کەچی بۆیان ئامادە کردووە؟ ھیچ کەسێک لە فێڵ وپلانی نھێنی خوای گەورە دڵنیا نابێت ئیللا گەل وھۆزی تیاچوو نەبێت، بەڵام ئەوانەی خوای گەورە موەفەق وسەرفرزای کردوون لە پلانی نھێنی خوا دەترسێن، ھیچ کاتێک مەغرور وسەرکەش نابن ئەگەر خوای گەورە ناز ونیعمەتی خۆی بەسەردا ڕشتن، بەڵکو بە منەت وفەزڵی خوای دەزانن وشوکر وسوپاسی دەکەن.

(100) ئایا ڕوون نەبوویەوە بۆ ئەوانەی کەدەبنە میراتگری زەوی پاش تیاچوونی پێشینەکانیان لە گەلانی پێشوو بەھۆی گوناھ وتاوانەکانیانەوە، پاشان پەند وئامۆژگاریان وەرنەگرت لەوەی بەسەر ئەوان ھات، بەڵکو وەک ئەوان دەستیان کرد بەگوناھو تاوان، ئایا ڕوون نەبوویەوە بۆ ئەوانە ئەگەر خوای گەورە بیویستایە بەگوناھو تاوانی خۆیان دەیگرتن ھەروەک سوننەتی ئیلاھی خۆی لەپێشتر وابووە؟ ئەوانە پەند وئامۆژگاری وەرناگرن، وە بیر خستنەوە ھیچ سوودێکی نییە بۆیان، بۆیە خوای گەورە مۆری ناوە بەدڵەکانیاندا.

(101) ئێمە ھەندێک بەسەرھاتی ئەو گوند وشارانەت بۆ دەگێڕینەوە کەخوای گەورە پێشووتر لەناوی بردن - وەک بەسەرھاتی گەلی نوح وھود وساڵح ولوط وشوعەیب- بەسەرتدا دەیخوێنینەوە وھەواڵی ئەوانت پێ دەگەیەنین -ئەی پێغەمبەر- لەگەڵ سەرسەختی وبەدرۆ خستنەوەی پێغەمبەرەکانیان پاشتریش خوای گەورە چۆن سزای بەسەردا باراندن ولەناوی بردن، تاوەکو ببێتە پەند وئامۆژگاری بۆ ئەوانەی کە سوودی لێ دەبینن وپەند وئامۆژگاری لێ وەردەگرن، پێغەمبەرەکانیان بەڵگەی ڕوون ئاشکرایان ھێنا بۆ خەڵکی ئەو گوند وشارانە لەسەر ڕاستگۆیی خۆیان وپەیامەکانیان، بەڵام ئەوان کاتێک پێغەمبەرەکان ھاتن بۆ لایان باوەڕیان پێ نەکردن، خوای گەورەش پێشتر دەیزانی ئەوان باوەڕ ناھێنن وبەدرۆیان دادەنێن، ھەروەک چۆن خوای گەورە مۆری نا بەدڵی خەڵکی ئەو گوند وشارانەی کە پێغەمبەرەکانیان بە درۆ دانا، ھەر بەو شێوەیە خوای گەورە مۆریش دەنێت بەسەر دڵی ئەوانەی کە باوەڕ بە موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) ناھێنن، وە ڕێنوێنیان ناکات بۆ باوەڕھێنان.

(102) زۆربەی ئەو گەل وھۆزانەمان نەبینی کە خوای گەورە پێغەمبەری بۆ ڕەوانە کردن وەفایان ھەبێت وپابەند بن بەو وەسێتانەی کە خوای گەورە بۆی کردن، وە نەمانبینین کە ملکەچ وگوێڕایەڵی فەرمانەکانی بن، بەڵکو زۆربەیانمان بینی لە تاعەت وگوێڕایەڵی خوای گەورە دەرچوون.

(103) لە پاش ئەو پێغەمبەرانە موسی (سەلامی خوای لێ بێت) یشمان بەچەند ئایەت وبەڵگە ونیشانەی ئاشکرا نارد کە بەڵگە بێت لەسەر ڕاستگۆی خۆی بۆ لای فیرعەون وگەلەکەی، کەچی ھەر ھەموویان ئینکاری ئەو بەڵگە ونیشانانەیان کرد وباوەڕیان پێ نەھێنا، جا - ئەی پێغەمبەر - تێڕامێنە وسەیربکە، کەسەرەنجامی فیرعەون وگەلەکەی چۆن بوو، بێگومان خوای گەورە لەدەریادا نوقمی کردن، وە لەدونیا ودواڕۆژیشدا نەفرینیان بەدوادا دەچێت.

(104) موسی (سەلامی خوای لێ بێت) کاتێک خوای گەورە ناردی بۆ لای فیرعەون وڕۆیشتە لای پێی ووت: ئەی فیرعەون ، من نێردراوی دروستکاری ھەموو دروستکراوەکانم، کە خاوەنی موڵک وبەڕێوەبەری کاروبارەکانی ھەموویانە.

(105) موسی ووتی: کاتێک من لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانە کراوم شایستە نییە بۆم شتێک جگە لەھەق وڕاستی بڵێم، من بەبەڵگە گەلێکی ڕوون وئاشکراوە ھاتووم بۆ لاتان کە بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی من وئەوەیش کە من لەلایەن خواوە نێردراوم بۆ لاتان، ووتی بەفیرعەون: بەنو ئیسرائیلم لەگەڵدا بنێرە ولە کۆیلایەتی ئازادیان بکە تاوەکو بیانبەم بۆ (بیت المقدس).

(106) فیرعەون ووتی بە موسی: ئەگەر تۆ بانگەشەی ئەوە دەکەیت کە بەڵگە ونیشانەت ھێناوە، ئادەی بیھێنە وپیشانمان بدە ئەگەر ڕاست دەکەیت لەوەی بانگەشەی بۆ دەکەیت.

(107) موسی یش (سەلامی خوای لێ بێت) گۆچانەکەی دەستی فڕێدا، دەستبەجێ بوو بە بەمارێکی گەورە لەبەردەم ئەوانەی تەماشایان دەکرد.

(108) وە دەستی لە درزی کراسەکەیەوە لە لای سنگیەوە، یان لەبن ھەنگڵیەوە دەرھێنا، کت وپڕ بوو بە نورێکی سپی زۆر جوان، دەدرەوشایەوە بۆ ئەوانەی تەماشایان دەکرد.

(109) گەورە ولێپرسراوەکانی لای فیرعەون کاتێک گۆچانەکەی موسایان بینی بوو بەئەژدیھا ودەستەکانیان بینی بوو بەنورێکی سپی درەوشاوەی دوور لەبەڵەکی، ووتیان: ئەم موسایە جادووگەرێکی زۆر زانایە.

(110) موسی دەیەوێت بەم کارەی لە خاک وزەوی نیشتمانی میسر وەدەرتان بنێت، پاشان فیرعەون ڕاوێژی کرد پێیان لە بارەی موساوە، وە پێی ووتن: ئایا ئێوە دەڵێن من چی بکەم لەگەڵ موسادا؟

(111) ئەوانیش ووتیان بە فیرعەون: موسی وھارونی برای دوا بخە ، پاشان خەڵک بنێرە بەناو میسردا ھەرچی جادووگەر ھەیە کۆی بکەنەوە.

(112) تاوەکو ئەوانەی ناردووتە کە جادوگەرەکان لەشارەکاندا کۆ بکەنەوە ھەرچی جادوگەری زۆر لێزانی بەھێز ھەیە کە شارەزای جادوون بیانھێنن.

(113) فیرعەون ئەوانەی نارد کە جادوگەرەکان کۆ بکەنەوە، جا کاتێک جادوگەرەکان ھاتن بۆ لای فیرعەون ولێیان پرسی: ئایا ئەگەر بەجادوەکانیان سەرکەوتن بەسەر موسادا ھیچ پاداشت وکرێ وخەڵاتێکیان دەست دەکەیت؟

(114) فیرعەونیش وەڵامی دانەوە وپێی ووتن: بەڵێ. پاداشت وکرێ وخەڵاتتان دەدرێتێ، وە بە پلە وپۆستەکانیشتان لەکەسە نزیکەکانی خۆم دەبن.

(115) جادوگەرەکانیش بەوپەڕی متمانە بەخۆ بوونەوە کە سەردەکەون بەسەر موسادا، بەخۆبەزلزانین ولەخۆبایی بوونێکەوە ووتیان : - ئەی موسی - یان تۆ دەست پێ بکە بەوەی کەچیت دەوێت فڕێی بدە، یان ئێمە چیمان پێیە لەسەرەتاوە فڕێی دەدەین.

(116) موسایش بەو پەڕی متمانە بەسەرکەوتنی پەروەردگاری بۆی، وەڵامی دانەوە وزۆریش بێ باکانە پێی ووتن: گوریس وگۆچانەکانتان فڕێ بدەن، جا کاتێک کە فڕێیاندا خەڵکەکەیان چەواشەو چاوبەست کرد، بەوەی ڕاستی شتەکانیان لێ شێواندان، وایانزانی ئەو گوریس وگۆچانانە مارن، بۆیە خەڵکەکەیان ترساند، لەڕاستیشدا لەپێش چاوی خەڵکی جادویەکی گەورەیان نواند بۆ تەماشاکەران.

(117) خوای گەورە وەحی کرد بۆ موسای پێغەمبەر وقسە لەگەڵ کراوی خۆی، (سەلامی خوای لێ بیت) وپێی فەرموو : - ئەی موسی - گۆچانەکەت بھاوێژە، موسایش ھاویشتی، ئەوە بوو یەکسەر گۆچانەکەی بوو بە مارێک وھەرچی ئەو گوریس وگۆچانانەی کە ئەوان لەوکاتەدا بەکاریان دەھێنا وخەڵکیان پێ چەواشە کردبوو کە گوایە مار وئەژدیھان ھەمووی ھەڵوشی وقوتی دان.

(118) ئەوە بوو ئیتر ھەق وڕاستی دەرکەوت، وە ڕاستی ئەوەی موسی ھێنابووی ئاشکرا بوو، وە پووچی وبەتاڵی ئەوەیشی کە جادوگەرەکان دروستیان کردبوو بۆ خەڵکی بەدەرکەوت.

(119) فیرعەون ودەستە وتاقمەکەی ژێرکەوتن وتووشی شکست بوون، موسی (سەلامی خوای لێ بێت) لەو دیمەنەدا سەرکەوت بەسەریاندا، فیرعەون و دارودەستەكەی بەزەلیلی وسەرشۆڕی وتێکشاوی گەڕانەوە.

(120) جا کاتێک جادوگەرەکان دەسەڵاتی گەورەی خوایان بینی، وە بەڵگە ونیشانەکانیان بەچاوی خۆیان دیت، تەنھا ئەوەیان بۆ مایەوە کە سوژدە ببەن بۆ خوای گەورە وباوەڕیان پێ ھێنا.

(121) جادوگەرەکان ووتیان: باوەڕمان ھێنا بەپەروەردگاری ھەموو دروستکراوەکان، ھەموو جیھانیان.

(122) پەروەردگاری موسی وھارون (سەلامی خوایان لێ بێت) کە تەنھا ھەر ئەو شایستەی پەرستنە، نەک خوا و پەرستراوە درۆینەکان.

(123) پاش ئەوەی جادوگەرەکان باوەڕیان ھێنا بەخوای تاک وتەنھا، فیرعەون هەڕەشەی لێدان و پێی ووتن: ئایا باوەڕتان کرد بە موسی پێش ئەوەی مۆڵەتتان بدەم؟ بێگومان باوەڕکردنتان بە موسی بەوەی ھێناویەتی فڕوفێڵێکی نێوان ئێوە وموسایە لەسەری ڕێکەوتون بۆ ئەوەی خەڵکی میسر لەشار بەرنە دەرەوە، جا - ئەی جادوگەرینە - پاشتر دەزانن کەچی سزایەکی سەختتان دەکەم، وە چی پاشەڕۆژێکی ڕەش چاوەڕیتان دەکات.

(124) دەستی ڕاست وقاچی چەپ، یان دەستی چەپ وقاچی ڕاستی ھەریەکێکتان دەقرتێنم، وە پاشان ھەرھەمووتان ھەڵدەواسم بەقەدی دار خورماکاندا، تاوەکو سزایەکی سەخت بێت بۆ ئێوە وترسێنەر وپەند وئامۆژگارییش بێت بۆ ئەوانەی کە حاڵی ئێوە بەو شێوەیە دەبینن، لەبەر ئەوەی ھەرگیز زاتی ئەوە نەکەن لە فەرمانی من دەربچن.

(125) جادوگەرەکانیش لە وەڵامی ھەڕەشەکانی فیرعەوندا ووتیان: بێگومان ئێمە دەگەڕێینەوە بۆلای پەروەردگاری تاک وتەنھامان، وە ھیچ باکمان نییە بە ھەڕەشەکانت.

(126) دیارە تۆیش تەنھا لەبەر ئەمە ڕقت لێمانە وتۆڵەمان لێ دەسێنیتەوە وسزامان دەدەیت، چونکە باوەڕمان ھێنا بە بەڵگە ونیشانەکانی پەروەردگارمان کاتێک لەسەر دەستی موسی بۆمان ھاتن، جا ئەگەر ئەمە گوناھ وتاوان بێت ولۆمە وسزای لەسەر بێت ئەوە گوناھی خۆمانە، پاشان بەنزا وپاڕانەوە ڕوویان کردە خوای گەورە و ووتیان: ئەی پەروەردگارمان ئارامی وخۆگریمان بەسەردا بڕێژە تاوەکو دامانپۆشێت ودامەزراومان بکە لەسەر ھەق وڕاستی، وە بە موسڵمانێتیش بمانمرێنە، وەگوێڕایەڵ فەرمانەکانی تۆبین، وە بمانکە بە شوێنکەوتەی پێغەمبەرەکەت.

(127) لێپرسراو وگەورەکانی گەلەکەی فیرعەون فیرعەونیان ھاندا دژ بەموسی وئەوانەی باوەڕیان پێھێنا بوو، وە پێیان ووت: - ئەی فیرعەون - ئایا واز بھێنین لە موسی وگەلەکەی کە خراپەکاری بڵاو بکەنەوە لەسەر زەویدا، وە لە تۆ وخواکانت واز بھێنن، وە بانگەواز بکەن بۆ پەرستنی خوا بەتاک وتەنھایی؟! فیرعەون ووتی: ناھێڵم لەچنگمان قوتاریان ببێت، بەم زووانە ھەرچی نێرینەی بەنو ئیسرائیلە ھەر ھەمووی دەکوژین، وە ژنەکانیان دەھێڵینەوە بۆ خزمەتکردنی خۆمان، وە بێگومان ئێمە بە دەسەڵاتی خۆمان بە سەریاندا زاڵ وسەرکەوتوو دەبین ولە دەستمان دەرناچن.

(128) موسایش ئامۆژگاری گەلەکەی کردو پێی ووتن: - ئەی گەلەکەم - داوای یارمەتی وکۆمەکی لە خوای تاک وتەنھا بکەن بۆ ئەوەی زەرەر وزیانتان لێ دوور بخاتەوە وەخێر وخۆشی وقازانجتان تووش بکات، وە ئارام بگرن لەسەر ئەو بەڵا وموسیبەتەی کە تێی کەوتوون، وە چاک بزانن کە زەوی موڵکی خوای تاک وتەنھایە، نەک ھی فیرعەون وغەیری ئەویش تاوەکو بەئارەزووی خۆیان دەستی تێوەربدەن وحوکمی بەسەردا بکەن، وە خوای گەورە بە وویستی خۆی دەست ودەستی پێ دەکات لە نێوان خەڵکیدا، بەڵام ئەوەش بزانن سەرەنجامی چاک وباش لەسەر زەویدا بۆ ئەو باوەڕدارانەیە کە فەرمانەکانی خوای گەورە جێ بەجێ دەکەن ودوور دەکەونەوە لە ڕێگری وقەدەغەکراوەکانی، وە پاشە ڕۆژی ڕووناکیش بۆ خواناسانە ئەگەر چی دووچاری تاقیکردنەوە وبەڵا وموسیبەت و میحنەیش ببنەوە.

(129) گەلەکەی موسی لە بەنو ئیسرائیل ووتیان بە موسی (سەلامی خوای لێ بێت): ئەی موسی ئێمە بەدەستی فیرعەون دوچاری تاقیکردنەوە بووین، بە کوشتنی نەوە وکوڕەکانمان وە ھێشتنەوەی ژن و کچەکانمان پێش ئەوەی تۆ بێیت بۆ لامان وپاش ھاتنی تۆیش، موسایش (سەلامی خوای لێ بێت) ئامۆژگاری کردن وموژدەی خۆشی پێدان وپێی فەرموون: بەڵکو خوای گەورە دوژمنەکەتان –فیرعەون وگەلەکەی - لەناوبەرێت، وە لەپاش ئەوان لە زەویدا جێگیرتان بکات ودەسەڵاتتان بداتە دەست، جا تەماشاتان دەكات پاش ئەوە بزانە چی دەکەن لە شوکر وسوپاس کردنی، یان کوفرو ناشکوری کردنی.

(130) بێگومان بەگرانی ووشکە ساڵی وکەم بوونەوەی بەروبوم ودانەوێڵە وقات وقڕی سزای دار ودەست وکەسوکارەکەی فیرعەونماندا، بەئومێد وھیوای ئەوەی داچڵەکێن وبەخەبەر بێنەوە وپەند وئامۆژگاری وەربگرن، بەوەی ئەوەی بۆیان دابەزیووە تۆڵە وسزای خوایە لەسەر ئەو کوفر وبێباوەڕییەیان، تاوەکو تەوبە بکەن وبگەرێنەوە بۆ لای خوا.

(131) دەستە وتاقمەکەی فیرعەون کاتێک کە ھەرزانی وخۆشگوزەرانی وبەروبومی چاکیان بۆ ھاتبا لەبری ئەوەی سوپاسی خوا بکەن دەیانووت: ئەوە خۆمان شایستەی ئەو ناز ونیعمەتانەین وھۆی خۆمانە، خۆ ئەگەر تووشی گرانی وقات وقڕی نەخۆشی و ماڵوێرانی وئەم جۆرە شتانە ببونایەتەوە دەیانووت: ئەوە لەبەر شوومی موسی وئەو کەسانەیە کەلەگەڵ ئەودان لەبەنو ئیسرائیل كە باوەڕیان ھێناوە، لەڕاستیدا ئەوەی توشیان بووە ھەر ھەمووی بە قەدەر وئەندازەگیری خوای گەورەیە، نە ئەوان و نە موسی (سەلامی خوای لێ بێت) دەستیان نییە تێیدا، بەڵکو ھێندە ھەیە موسی نزای لێ کردن لای خوای گەورە، بەڵام زۆربەیان ئاگاداری ئەوە نین، بۆیە دەیدەنە پاڵ غەیری خوای گەورە.

(132) گەلەکەی فیرعەون بەسەرکەشی وعینادیەوە بەموسی (سەلامی خوای لێ بێت) یان ووت: ھەر ئایەت ونیشانەیەکمان بۆ بھێنێت، وە ھەر بەڵگەیەکیشمان بۆ بھنێت لەسەر بەتاڵی ئەوەی ئێمە باوەڕمان پێیەتی بۆ ئەوەی پەشیمان ببینەوە لێی ووازی لێ بھێنین، یان باوەڕت پێ بکەین ، ئەوە چاک بزانە ھەرگیز باوەڕت پێ ناکەین.

(133) ئەمجا ئێمەش تۆفان وبارانێکی بەلێزمە وکوللەیەکی زۆرمان ناردە سەریان بۆ لەناو بردنی کشتوکاڵ وبەروبوم کیڵگەکانیان، ئەوە کیڵگەکانیان لەناو چوون وبەروبومەکانیشیان کوللە وێرانی کردن، وە ھەروەھا کێچ وگەنە وئەسپێمان ناردە سەریان کەدووچاری کشتوکاڵەکانیان دەبوو زیانی پێدەگەیاندن وە ھەروەھا ئازاری بە سەر ومووی مرۆڤ دەگەیاند، وە بۆقیشمان ناردە سەریان کە قاپ وکاسە ودەفرەکانیانی پڕ کردبوو، وە ھەرچی خواردنیان ھەبوو خراپی کردبوو، وە جێگای خەوتنیانی لێ تێکدابوون، وە خوێنیشمان بۆ ناردن بەجۆرێک ھەرچی کانی و ڕوباریانە ئاوەکانیان بووبن بەخوێن، ھەموو ئەمانە ئایەت ونیشانەی ڕوون وئاشکرا ولێک جودان کە ھەندێکیان بەدوای ھەندێکی تریاندا ھاتن، لەگەڵ ھەموو ئەوەی توشیان بوو لەو سزا وناڕەحەتیانە کەچی زیاتر یاخی بوون وباوەڕیان نەھێنا بەخوای گەورە وبەوەیش کە موسی (سەلامی خوای لێ بێت) ھێنابووی بۆیان، بەڕاستی ئەوان گەلێکی گوناھبار ولەخوا یاخی بوون، وە دەستیان ھەڵنەگرت لەباوەڕی پڕوپوچی خۆیان، وە ڕێنوینی نەکران بۆ لای ھەق وڕاستی.

(134) جا کاتێک دووچاری ئەو سزایە بوون بەوانەی کە باسکران ڕوویان لە موسی کرد (سەلامی خوای لێ بێت)، وە پێیان ووت: ئەی موسی نزامان بۆ بکە لەبەر ئەوەی کەکردویتی بە پێغەمبەر، وە بەو پەیمان وبەڵێنەی کە داویەتی بەتۆ کە تەوبە کردن ئەم سزایە ھەڵدەگرێت، دەی بپاڕێرەوە کە ئەم سزایەمان لەسەر ھەڵگرێت، ئەگەر ھاتوو ئەم سزایەمان لەسەر ھەڵگرێت ئەوا باوەڕت پێ دەھێنین، وە بەنوئیسرائیلیشت لەگەڵدا دەنێرین وئازادیان دەکەین.

(135) کەچی کاتێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سزاکەمان لەسەر ھەڵگرتن پێش ئەوەی بەتۆفان لەناویان ببەین کەچی ئەو پەیمان وبەڵێنەی دابویان لەگەڵ خۆیاندا کە باوەڕ بھێنن وبەنو ئیسرائیل بنێرن وئازادیان بکەن شکاندیان وبەردەوام بوون لەسەر کوفر وبێباوەڕی خۆیان، وە ڕێگریشیان کرد لەناردنی بەنو ئیسرائیل لەگەڵ موسادا (سەلامی خوای لێ بێت).

(136) جا کاتێک ئەو ماوەیە کۆتایی پێ ھات کە دیاری کرابوو بۆ لەناو بردنیان، سزای خۆمان باراند بەسەریاندا، ئەویش بەنوقم کردنیان لەدەریادا بەھۆی ئەوەی ئایەت ونیشانەکانی خوایان بەدرۆ دادەنا، وە غافڵ وگێل وبێ ئاگاش بوون لێیان، وە پشتیان ھەڵکرد لەوەی کە ھەق وڕاستی دەیسەلماندن کەھیچ گومان ودوو دڵییەکی تێدا نەبوو.

(137) پاشان ئێمە ئەو بەنو ئیسرائیلەی کە فیرعەون زەلیل وسەر شۆڕی کردبوون کردمانن بە میراتگری خۆرھەڵات وخۆرئاوای زەوی، مەبەست لێی ئەوەیە کردنی بەمیراتگری ووڵاتی شام، ئەو ووڵاتەی کە خوای گەورە بەرەکەتداری کردبوو بەڕواندنی کشتوکاڵ وبەروبومەکەی بەجوانترین شێوە، جا - ئەی پێغەمبەر - ئەوسا بەڵێن وبڕیارە پیرۆزەکەی پەروەردگارت بۆ بەنو ئیسرایل کە مەبەست پێی یەعقوب وکوڕەکانی بوو بەڕاست گەڕا وبوونە پاشا وکاربەدەستی میسر، کەلە ئایەتی (وَنُرِيدُ أَنْ نَمُنَّ عَلَى الَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا فِي الأَرْضِ وَنَجْعَلَهُمْ أَئِمَّةً وَنَجْعَلَهُمُ الْوَارِثِينَ) (القصص: ٥) خوای گەورە جێگری کردن لەسەر زەویدا بەھۆی ئەوەی ئارامیان گرت لەسەر ئەو ئازار وناڕەحەتیانەی لەسەر دەستی فیرعەون وگەلەکەی ڕوبەڕویان بوویەوە، وە ئەوەی فیرعەون لەکێڵگە وکشتوکاڵ وباخات وکۆشک وتەلار بنیاتی نابوو ھەر ھەموویانمان تێک وپێکشکاند ولەناومان بردن.

(138) بەنو ئیسرائیلمان لە دەریاکە پەڕاندەوە کاتێک کە موسی بەگۆچانەکەی خۆی لێیدا و بوو بەدوو لەتەوە، دواتر تێپەڕین بەلای گەل وھۆزێکدا کە بتێکیان ھەبوو جگە خوا دەیانپەرست، بەنو ئیسرائیل ووتیان بە موسی (سەلامی خوای لێ بێت) : ئەی موسی بتێکمان بۆ دابنێ بیپەرستین وەک چۆن ئەوان چەند بتێکیان ھەیە جگە لەخوا دەیپەرستن، موسایش پێی فەرموون: ئەی گەلەکەم بێگومان ئێوە گەلێکی نەزانن ونەفامن بەوەی کەواجبە خوا بەگەورە وپیرۆز ویەکتایی ڕابگرن، وە بەھیچ شێوەیەک شایستە نیە ھاوەڵی بۆ بڕیار بدەن وغەیری ئەو بپەرستن.

(139) بێگومان ئەو حاڵەتەی ئەوانی تێدایە کەبتەکان دەپەرستن سەرەنجامی تیاچوون ونەمانیانە کەپەرستن بۆ غەیری خوا دەکەن، وە تەواوی ئەوەیشی دەیکەن لەگوێڕایەڵی غەیری خوا وپەرستنیان لەگەڵ ئەودا پووچەڵەو ھۆکاری تیاچوونیانە.

(140) موسی بەگەلەکەی ووت: ئەی گەلەکەم چۆن داوای خوایەکی ترتان بۆ بکەم غەیری (اللە) تاوەکو بیپەرستن لەکاتێکدا ئێوە بەچاوی خۆتان نیشانە گەورەکانی خواتان بینی، وە خوای گەورە فەزڵی ئێوەی دا بەسەر تەواوی خەڵکی زەمانی خۆتاندا بەوەی نیعمەتی خۆی بەسەردا ڕشتن کە دوژمنەکەتانی لەناوبردن، وە کردنی بەجێنشین، وە دەسەڵاتی پێدان لەسەر زەوی؟

(141) - ئەی بەنوئیسرائیل - ئەوەتان لەبیر بێت، کاتێک ڕزگارمان کردن لەفیرعەون ودار ودەستەکەی، کە سزای زۆر خراپیان پێدەچەشتن وزەلیل وریسوایان کردبوون، بەوەی نێرینەكانتانی دەکوشتن و ژنەکانیشتانی دەھێشتنەوە بۆ خزمەتکردن، وە لەڕزگارکردنتان لەفیرعەون وگەلەکەی تاقیکردنەوەی گەورە ومەزن كران لەلایەن پەروەردگارتانەوە، کە شوکر وسوپاسی بۆ پێویست دەکات لەسەرتان.

(142) خوای گەورە پەیمان وبەڵێنی دا بە موسای پێغەمبەری تاوەکو سی شەو موناجات و گفتوگۆی لەگەڵدا بکات، پاشان خوای گەورە ئەو ماوەیەی بە دە شەوی تر بۆ تەواو کرد و بوو بەچل شەو، وە موسی کاتێک چوو بۆ گقتوگۆ کردن لەگەڵ خوادا بە ھارونی برای ووت: ئەی ھارون تۆ جێنشینی من بە لەناو گەلەکەم، وە کاروبارەکانیان بەچاکی بەرێوەبەرە و لە گەڵیاندا نەرم و نیان بە، وە ڕێگای خراپەکاران مەگرە بەر بەئەنجامدانی گوناھ و تاوان، وە مەبە بە یارمەتیدەری سەرپێچیکاران.

(143) وە کاتێک موسی ڕۆیشت بۆ گقتوگۆکردن لەگەڵ پەروەردگاریدا بۆ ئەو شوێنەی کە دیاری کردبوو بۆی، کە تەواوکردنی چل شەوەکە بوو، پەروەردگار قسەی لەگەڵ کرد وموسی گوێی لەقسەی ئەو بوو، کە فەرمانی پێکرد بەھەندێ شت ووڕیگریشی کرد لەھەندێکی تر لەگەڵ باسکردنی ھەندێ شتی تر، موسی زۆر حەزی لەبینینی پەروەردگاری کرد، بۆیە داوای لێکرد کە تەماشای بکات وبیبینێت، خوای گەورەش (جل جلالە) وەڵامی دایەوە وپێی فەرموو: لە ژیانی دونیادا تۆ من نابینیت، چونکە تۆ توانای ئەوەت نیە، بەڵام تەماشای ئەو کێوە بکە من خۆم پیشانی ئەو دەدەم جا ئەگەر ئەو توانی لەجێگای خۆی بمێنێتەوە وکاریگەر نەبوو پێی، ئەوا تۆیش دەتوانیت من ببینیت، خۆ ئەگەر لەگەڵ زەویدا تەخت ویەکسان بوو ئەوا تۆ لەدونیادا من نابینیت، جا کاتێک خوای گەورە خۆی پیشانی کێوەکە دا لەگەڵ زەویدا تەخت ویەکسان بوو، موسایش لەھۆش خۆی چوو کەوتە سەر زەوی، وە کاتێک ھاتەوە ھۆش خۆی لەوەی دووچاری بوو بوو، پاڕایەوە لەخوا و ووتی: پاکوبێگەردی بۆ تۆ - ئەی پەروەردگارم - لەھەرچی نەنگی وکەموکورتیەک کە شایستەی تۆ نەبێت، ئێستا من تەوبەم کردو گەڕامەوە بۆ لای تۆ لەوەی کە داوام لێ کردیت کە تۆ ببینم لە دونیادا، ومن یەکەمین كەسم لەباوەڕدارانی ناو گەلەکەم.

(144) خوای گەورە فەرمووی بەموسی: ئەی موسی ، من تۆم ھەڵبژاردووە، وە بەنامە وپەیامەکانم کە ناردومن بۆت فەزڵی تۆم داوە بەسەر خەڵکیدا، وە بەگفتوگۆکردنم لەگەڵتدا بەبێ ھیچ نێوەندگیر وھۆکارێکی تر فەزڵتم داوە بەسەر کەسانی تردا، دەی کەوابێت تۆیش ئەو شەرەف وپلەوپایە رێزدارەی کەپێم بەخشیوت وەری بگرە وقەدری بزانە، وە لەبەارمبەر ئەم بەخششە مەزنەدا لە سوپاسگوزاران بە بۆ خوا.

(145) وە لەو لەوح وتەختانەی بە موساماندا حوکمی ھەموو شتێک کە بەنو ئیسرائیل پێویستیان بوو لە کارورباری دین ودونیایان بۆمان نوسی، تا ببێتە پەند وئامۆژگاری بۆ ئەوانەی پەندی لێ وەردەگرن، وە شیکەرەوەی ھەموو ئەو حوکمانەیە کە پێویست بەشیکردنەوە دەکات، - ئەی موسی - ئەم تەوراتە زۆر بەھێز وتوند بگرە و فەرمان بکە بەگەلەکەت بە بەنو ئیسرائیل کە ھەرە چاکەکەیان بگرن کە پاداشتەکەی زۆر گەورەیە، وەک جێ بەجێکردنی ئەوەی فەرمانی پێکراوە بەجوانترین شێوە، لە ئارامگرتن ولێخۆش بوون، وە دڵنیاش بە پاشەڕۆژ وسەرەنجامی ئەوانەی کەسەرپێچی فەرمانەکانم دەکەن و لە گوێڕایەڵیم دەردەچن نیشان دەدەم، وە چۆن خانە ولانەیان تێک وپێک دەشکێنم و لە ناویان دەبەم.

(146) ئەوانەی کە لەسەر زەوی خۆیان بەگەورە دەزانن بەسەر بەندەکانی خوادا، وە بەناھەق خۆیان بەسەر ھەقدا بەرز ڕادەگرن، لە وەرگرتن وتێگەیشتن لەو بەڵگە ونیشانانەی کە لەدەرونی خۆیان وگەردوندا ھەیە لایان دەدەم وناھێڵم لێی تێبگەن وحاڵی بن لێی، لەکاتێکدا ئەوان ئەگەر ھەر بەڵگە ونیشانەیەکیش ببینن باوەڕی پێ ناکەن، چونکە ئەوان دژی دەوەستنەوە وپشتی تێھەڵدەکەن، ئەویش لەبەر ئەوەی ھەمیشە دژایەتی خوا وپێغەمبەرەکەی دەکەن، وە ئەگەر ڕێگای ھەق وڕاستیش بەدی بکەن کە بیانگەیەنێتە ڕەزامەندی خوای گەورە ئەوا ئەوان ئەو ڕێگایە ناگرنە بەر وحەزی پێناکەن، وە ئەگەر ڕێگای خراپەکاری وگومڕایی ببینن کە سەرەنجامەکەی توڕەیی وخەشم وقینی خوایە ئەوا دەیگرنە بەر وشوێنی دەکەون، ئەوەی دووچار ئەوان بووە بەھۆی ئەوە بووە کە بەڵگە ونیشانە گەورەکانی خوا کە بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەرەکانی بەدرۆیان خستوەتەوە، وە غافڵ وبێ ئاگایش بوون لێی وسەرنجیان نەدانێ.

(147) ئەوانەش کە نیشانە وبەڵگەکانی ئێمەیان لەسەر ڕاست ودروستی پێغەمبەرەکان وھاتنی ڕۆژی قیامەت بەدرۆ دانا، کارە چاکەکانیان کەخۆیان لەگوێڕایەڵی وتاعەتدا دەبینیەوە پووچەڵ بوویەوە ولەناوچوون، ئەوانە خوای گەورە پاداشتی خێریان ناداتەوە، چونکە مەرجی وەرگرتنی کاری چاکەیان تێدا نیە کە باوەڕ وئیمانی ڕاست ودروستە، وە لەڕۆژی قیامەتیشدا ھیچیان دەست ناکەوێت، جگە ئەوە نەبێت لە کوفر وبێباوەڕ وھاوەڵ بۆ خوا پەیدا کردن ئەنجامیان داوە، وە پاداشتی ئەوەشیان مانەوەی ھەتاھەتاییە لەناو ئاگری دۆزەخدا.

(148) دوای چوونەکەی موسایش بۆ گفتوگۆ وموناجات لەگەڵ پەروەردگاری خۆی، بەنو ئیسرائیلی گەلی موسی لەخشڵ وزێڕ پەیکەرێکی گوێرەکەیان دروست کرد کەھیچ گیانی تێدا نەبوو بەڵام دەنگێکی لێوە دەھات، ئەو گوێرەکەیان پەرست، ئایا ئەوان نازانن ئەو گوێرەکەیە قسەیان لەگەڵدا ناکات، وە ڕێنوێنشیان ناکات بۆ ھیچ خێر وچاکەیەک، نە بەرجەستە نە مەعنەوی ونادیار، وە ھیچ سوودێکیشیان پێ ناگەیەنێت، وە ھیچ زەرەر وزیانێکیشیان لەسەر لانابات؟ ئەوان ئەو گوێرەکەیان کردە خوای پەرستراوی خۆیان، بەوەش ستەمیان لەخۆیان کرد چونکە چوونە رێزی ھاوەڵدانەرانەوە.

(149) جا کاتێک پەشیمان بوونەوە ودۆشدامان، وە زانیان کە بەڕاستی گومڕا وسەرگەردان بوون ولە ڕێگای ھەق وڕاستی لایانداوە بەو کارەی کە گوێرەکەیەکیان لەگەڵ خوای گەورە پەرستووە، گەڕانەوە بۆ لای خوا وزۆر بەزەلیلیەوە ووتیان: ئەگەر پەروەردگارمان ڕەحممان پێ نەکات وسەرکەوتومان نەکات بۆ تاعەت وگوێڕایەڵی خۆی، وە لێمان خۆش نەبێت لەوەی لەوەوپێش کردمان لەگوێرەکە پەرستی، ئەوا لەوانە دەبین کە خەسارۆمەندی دونیا ودواڕۆژ بوون.

(150) کاتێک موسی لە گفتوگۆ وموناجاتەکەی لە کێوی طور لەگەڵ پەروەردگاری بەتوڕەیی وخەم وخەفەتێکی زۆرەوە گەڕایەوە بۆ لای گەلەکەی، کاتێک بینی کەخەریکی گوێرەکە پەرستنن، ووتی: - ئەی گەلەکەم - بێگومان دوای ڕۆيشتنی من ئێوە جێنیشینێکی زۆر خراپ بوون، کە دەبێتە ھۆی تیاچوون وسەرگەردانیتان، ئایا بێزار بوون لەچاوەڕوانی کردنم ودەستتان کرد بە گوێرەکە پەرستن؟! ئەوە بوو موسی ئەو تەختە ولەوحانەی کەتەوراتی تێدا نوسرابوو لەتوڕەیی وخەم و خەفەتدا ھەمووی فڕێدان، وە سەر وڕیشی ھارونی برای ڕاکێشا لەبەر ئەوەی لەناویاندا مابوویەوە، کەچی ڕێگری نەکردن لەگوێرەکە پەرستی، ھارون بیانوو پۆزشی بۆ موسی ھێنایەوە ولەسەرخۆی بۆ ڕاکێشانی عەتف وسۆزی براکەی پێی ووت: ئەی كوري دایکم گەلی بەنی ئیسرائیل وایانزانی لاوازم بۆیە زەلیلیان کردم، وە نزیک بوو بیشم کوژن، بۆیە سزام مەدە بە شتێک کە دوژمنەکانم دڵخۆش بکات، وە بەھۆی توڕەییت لێم مەمخەرە ڕیزی ئەو گەلە ستەمکارەی کە گوێرەکەیان لەبری خوا پەرست.

(151) موسی داوای لەپەروەردگاری کرد ووتی: ئەی پەروەردگارم لەگوناھی من وھارونی برام خۆشبە، وە بمانخە بەر ڕەحم ومیھرەبانی خۆت، وە بەشێوەیەک لەھەموو لایەکەوە دەورمان بگرێت، - ئەی پەروەردگارمان - بێگومان تۆ لە ھەموو خەڵکانی میهرەبان بە ڕەحم ومیھرەبانتریت.

(152) بێگومان ئەوانەی کە گوێرەکەکەیان کردە خوای خۆیان وپەرستیان، دووچاری توڕەیي وخەشم وقینی پەروەردگاریان دەبنەوە، وە لەژیانی دونیاشدا ڕیسواو سەر شۆڕ دەبن، چونکە خوایان توڕە کرد وسوکایەتیان پێکرد، ئیتر بەھاوشێوەی ئەم سزایە پاداشتی ئەو کەسانە دەدەینەوە کە درۆیان ھەڵبەست بە ناو خوای گەورەوە.

(153) ئەوانەیش کەکاری خراپیان کرد لەھاوەڵ بڕیاردان بۆ خوای گەورە، وە گوناھ و تاوانیان ئەنجامدا، وە پاشان تەوبەیان کرد وگەڕانەوە بۆ لای خوا، وە باوەڕیان پێھێنا، وە وازیان ھێنا لەو گوناھ و تاوانانەی کە کردبویان، بێگومان - ئەی پێغەمبەر - دوای ئەم تەوبە کردنە گەڕانەوە بۆ لای خوا و وازھێنان لە شیرک و ھاوەڵ بڕیاردان و گەڕانەوە بۆ باوەڕ وئیمان، وە لەتاوان وگوناھەوە بۆ تاعەت وگوێرایەڵی، ئەوا بێگومان خوای گەورە لێیان خۆش دەبێت بەوەی چاوپۆشیان لێدەکات وگوناھەکانیان بۆ دادەپۆشێت، وە بەڕەحم ومیھرەبانە بۆیان.

(154) کاتێک موسی (سەلامی خوای لێ بێت) توڕەیی وڕقەکەی ھێور بوویەوە، ئەو تەختە ولەوحانەی بەھۆی توڕەییکەیەوە فڕێی دابوون ھەڵیگرتنەوە، ئەو تەخت ولەوحانە ڕێنومایی خەڵکی تێدابوو لە گومڕاییەوە بۆ ھیدایەت وە ڕوونکردنەوەی ھەق وڕاستیان تێدا بوو، وە ڕەحمەت ومیھرەبانی بوو بۆ ئەوانەی کە لە پەروەردگار وسزا و تۆڵەی دەترسێن.

(155) موسی حەفتا پیاوی ھەڵکەوتەی لەگەلەکەی ھەڵبژارد تاوەکو پۆزش وداوای لێبوردن لەپەروەردگاریان بکەن لەبەرامبەر ئەو کارە نەشیاوەی کاڵفامەکانی بەنو ئیسرائیل کردنیان لەگوێرەکە پەرستی، خوای گەورە بەڵێنیدا کە کات وشوێنیان بۆ دیاری بکات کە ئامادەبن تێیدا، جا کاتێک ئامادەبوون زاتی ئەوەیان کرد بەرانبەر بە خوا کە داوا لە موسی بکەن خوای گەورە خۆی پیشانی ئەوان بدات، جا لەتۆڵەی ئەوەدا بومەلەرزەیەکی زۆر توند گرتنی، لەتاو بەھێزی بومەلەرزەکە مردن وتیاچوون، موسایش (سەلامی خوای لێ بێت) بەگەردنکەچی وزەلیلیەوە داوای لەخوای گەورە کرد و وتی: ئەی پەروەردگارم ئەگەر بتویستایە من وئەوانیشت پێش ئامادە بوونمان بۆ ئێرە لەناو دەبرد، ئایا بەتاوان وگوناھ و کاروکردەوەی کاڵفامەکانمان لەناومان دەبەیت؟ ئەوەی گەلەکەم پێی ھەستان لە گوێرەکە پەرستی تاقیکردنەوە وھەڵسەنگاندنی خۆتە، بەمەیل ومەشیئەتی زاتی ھەقی تەعالای خۆت خەڵکانێکی پێ سەرلێشێواو وگومڕا دەکەیت، وە ڕێنومایی وھیدایەتی کەسانێکی تریشی پێ دەدەیت، تەنھا تۆ سەرپەرشتیار گەورەی ئێمەیت، لەگوناھەکانمان خۆشبە، وە بەڕەحم ومیھرەبانی فراوانی خۆت ڕەحممان پێ بکە ومیھرەبان بە لەگەڵماندا، وە باشترین بەخشێنەری گوناھەکان ھەر تۆی، وە ھەر تۆیش باشترین کەسێکیت کە لەتاوان وگوناە خۆش دەبێت.

(156) وە بمانگێڕە لەو کەسانەی کەلەژیانی دونیادا ڕێزت لێگرتوون بەبەخشینی ناز و نیعمەتەکانی خۆت و موەفەق و سەرکەتووت کردون بە ئەنجامدانی کاروکردەوەی چاکە، وە بمانگێڕە لەو بەندە ساڵح و چاکانەت کە لەڕۆژی دواییدا بەھەشتت بۆ ئامادە کردوون، بێگومان ئێمە تەوبەمان کردووە لە گوناھ و تاوانەکانمان، وە گەڕاوینەتەوە بۆ لای تۆ و داندەنێین بە کەمتەرخەمی خۆماندا، خوای گەورەش لە وەڵامدا فەرمووی: مەیلم لە ھەر کەسێک ھەبێت بەھۆی سەرکەشی و سەرپێچی و خراپی خۆیەوە سزا و ناڕەحەتی خۆمی بەسەردا دەڕێژم، وە ڕەحمەت و میھرەبانیشم ھێندە فراوانە ھەموو شتێکی لەدونیادا گرتوەتەوە، ھیچ دروستکراوێکی خوا نیە ئیللا ڕەحمەت و میھرەبانی خوای پێگەیشتووە، وە لە فەزڵ و ئیحسان و چاکەی ئەودا نوقم بووە، وە لە ڕۆژی دواییشدا ڕەحمەت و میھربانی من بۆ ئەوانە دەبێت کە لە خواترس بوون، وە فەرمانەکانیان جێ بەجێکردووە و دوور کەوتونەتەوە لەڕێگریەکانی، وە بۆ ئەوانەیش دەبێت کە زەکاتی ماڵ و سامانیان دەردەکەن و دەیدەنە کەسانی شایستە، وە بۆ ئەوانەیش کە باوەڕیان ھەیە بە ئایەت و نیشانەکانی ئێمە.

(157) باوەڕداری تەواو ئەوانەن کە شوێن موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) دەکەون، ئەو پێغەمبەرە نەخوێندەوارەی کە نە دەتوانێت بنوسێت و نە دەتوانێت بخوێنێتەوە، بەڵام پەروەردگاری وەحی و نیگای بۆ دەکات، ئەو پێغەمبەرەی کە ناو و سیفاتەکانی و ئەوەیش دابەزیوەتە سەری لەو تەوراتەی دابەزیووە بۆ سەر موسا (سەلامی خوای لێ بێت) لەو ئینجیلەی کە دابەزیوە بۆ سەر عیسا (سەلامی خوای لێ بێت) نوسراوە لای خۆیان دەستیان دەکەوێت، یانی زۆر بەچاکی دەیناسن، ئەو پێغەمبەرە فەرمانیان پێدەکات بەو کارانەی کە چاک و باشن، وە ڕێگریان لێدەکات لەو کارانەی کەژیری و عەقڵی سەلیم و فیترەتی ساغ و دروست بەخراپەی دەزانن، وە ھەموو شتێکی پاک و خاوێن و بەلەزەتیان بۆ حەڵاڵ دەکات لە خواردن و خواردنەوە و ژن و ژنخوازی و ھتد، وە ھەموو شتێکی پیس و پۆخل و زیانبەخشیشیان لێ یاساغ و حەرام دەکات، وە ھەموو کارێکی قورس و کۆت و زنجیرێک کە لەسەریان بوو لایدەبات، وەک کوشتنەوەی کەسی بکوژ لە تۆڵەی کەسێکی تردا جا ئەو کوشتنە بە ئەنقەست بووبیت یان بە ھەڵە و نەزانین، جا ئەوانەی لە نەوەى ئیسرائیل و جگە لە ئەوانیش باوەڕیان بەو پێغەمبەرە ھێنا، وە بە گەورە و ڕێز و حورمەتەوە ڕایانگرت، وە ھاوکاریان کرد و سەریانخست بەسەر ئەوانەی دژایەتیان دەکرد، وە شوێن ئەو قورئانە کەوتن کە لەگەڵیدا نێردراوە وەک نورێکی ڕێنمویکار وایە، ئەوانەی سیفاتیان ئاوایە سەرفرازن لەوەی ھەرچیەک داوای دەکەن پێیان دەدرێت وە ھەرشتێکیش بیانترسێنێت لێیان دوور دەخرێتەوە.

(158) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: ئەی خەڵکینە ، بێگومان من نێردراوی خوام بۆ لای ھەمووتان، بە عەرەب وعەجەمتانەوە، ئەو خوایەی کە موڵک و پادشایی ئاسمانەکان و زەوی تەنھا بۆ ئەوە، ھیچ پەرستراوێکی بەھەق جگە لە ئەو نیە، مردوەکان زیندوو دەکاتەوە، وە زیندووەکانیش دەمرێنێت، - ئەی خەڵکینە - باوەڕ بھێنن بەخوا و بە موحەممەدی پێغەمبەریشی (صلی اللە علیە وسلم) ئەو پێغەمبەرەی کە نەدەتوانێت بخوێنێتەوە و نەدەتوانێت بیشنوسێت، بەڵام پەروەردگاری وەحی و نیگای بۆ دەکات، کە باوەڕی بە خوا ھەیە، وە باوەریشی ھەیە بەوەی دابەزیوە بۆ سەری و بەوەیش دابەزیوە بۆ سەر پێغەمبەرانی پێش خۆی بەبێ جیاوازی، کەوابێت ئێوەش شوێن ئەوە بکەون کە لەلایەن پەروەردگارییەوە ھێناویەتی، بە ئومێدی ئەوەی ڕێنمایی بکرێن بۆ شتانێک کە بەرژەوەندی دونیا و دوارۆژتانی تێدایە.

(159) لەناو گەلەکەی موسی، گەلی بەنوئیسرائیلدا دەستەیەک ھەبوون کە لەسەر ئاينی ڕاست و دروست بوون، ڕێنیشاندەری خەڵکی بوون بۆ لای ئەو ئاینە ڕاست و دروستە، وە حوکم و دادوەریشیان بە ھەق دەکرد، وە ھیچ زوڵم و ستەمیان نەدەکرد.

(160) بەنوئیسرائیلمان دابەش کرد بۆ دوازدە ھۆز و قەبیلەوە، وە کاتێک گەلەکەی موسی تینویان بوو و داوای ئاویان لێکرد، وەحی و نیگامان کرد بۆ موسی کە گوچانەکەت بدە بەو بەردەدا، موسایش لەبەردەکەیدا، ئەوە بوو بەژمارەی ھۆز و قەبیلەکان لەبەردەکە دوازدە کانی لێ ھەڵقوڵا، وە ھەموو ھۆز و قەبیلەیەکیش دەیزانی کانیاوی تایبەتی خۆی کامەیە کە ھیچ کەسێکی تر ھاوبەش نیە لەگەڵیدا، وە ھەورەکانمان کردە سێبەر بۆیان لەگەڵ ھاتن و چونیاندا ھەورەکانیش دەھاتن و دەچوون، وە لە ناز و نیعمەتەکانی خۆمان شەرابێکی شیرینی وەک ھەنگوینمان بۆ ناردنە خوارەوە، وە باڵندەیەکی بچوکی گۆشت خۆشی وەک پۆرێشمان بۆ ڕامکردبوون کە بە ئاسانی دەیانگرتن و دەیانخواردن، وە پێیمان وتن: لەو ڕزق و ڕۆزییە پاکو خاوێنانەی کە پێمان داوون بخۆن، کەچی لەبری سوپاسگوزاری کوفری نیعمەتەکانیان کرد، بۆیە ئێمە ھیچ شتێکمان لەو ناز و نیعمەتانە کەم نەکردەوە، بە ھۆی ئەوە نەبێت کە خۆیان ستەمیان لە خۆیان کرد و کوفری نیعمەتەکانیان کرد، وە بەشێوەیەکی شایستە ڕێزیان لە نیعمەتەکانی خوا نەگرت، ئێمە ھیچ ستەممان لێ نەکردن بەڵکو ئەوە خۆیان بوون بە ھۆی گوناھو تاوان و سەرپێچی فەرمانەکانی خواوە ستەمیان لەخۆیان کرد و بوونە مایەی لەناو چوونی ناز و نیعمەتەکان.

(161) - ئەی پێغەمبەری خوا - وە بیرخۆت بھێنەرەوە کاتێک خوای گەورە بە بەنوئیسرائیلی فەرموو: بچنە ناو (بیت المقدس)ـەوە، وە لەبەروبوومی شارەکە بخۆن، لەھەر شوێنێک و لە ھەر کاتێک خۆیان دەیانەوێت، وە کاتێکش دەچنە ناو شارەکەوە بڵێن: ئەی پەروەردگارمان گوناھەکانمان ھەڵوەرێنە و بیانسڕەوە، وە بە دەم سوژدە بردنەوە لە دەرگاکەیەوە بە گەردنکەچیەوە بۆ پەروەردگارتان بچنە ژوورەوە، جا ئەگەر ھاتوو ئاواتان کرد ئەوا ئێمەیش لە گوناھەکانتان چاوپۆشی دەکەین، وە ھێشتا ئەوانەیش کە چاکەکارن پاداشتی زیاتریان لە خێری دونیا و دواڕۆژ دەدەینەوە.

(162) ئەوە بوو ئەو وتەیەی کە پێیان وترابوو لە کاتی چوونە ژوورەوە بیڵێن، ستەمکارەکانیان گۆڕییان، لەبری ئەوەی بڵێن: خوایە گوناھەکانمان ھەڵوەرێنە (حطة) وتیان (حنطة) واتە دەنکە گەنمێك، وە ئەو کارەی کە فەرمانیان پێکرابوو ئەنجامیان نەدا و کارێکی تریان کرد، وە لەبری ئەوەی بە سوژدە و گەردنکەچیەوە بچنە ناو شارەکەوە بەپاشە و پاش چوونە ژورەوە، ئەوە بوو بەھۆی زوڵم و ستەمی خۆیانەوە سزایەکمان لە ئاسمانەوە بۆ ناردنە خوارەوە.

(163) - ئەی پێغەمبەری خوا - وەک یادخستنەوە لەو جولەکانە بپرسە کەخوای گەورە چۆن سزای پێشینەکانی ئەوانیدا لە بەسەرھاتی ئەو گوندەی کەنزیک دەریاکە بوون کاتێک سنورەکانی خوای گەورەیان شکاند لە ڕۆژی شەممەدا ڕاوی ماسیان کرد لەکاتێکدا خوای گەورە تاقی کردنەوە کە لە شەممەدا ڕاو نەکەن، چونکە لەو ڕۆژەدا ماسیەکان دەھاتنە کەناری دەریاکە و گرتنیان زۆر ئاسان بوو، بەڵام ڕۆژەکانی تر نەدەھاتن، خوای گەورە بەمە تاقیکردنەوە لەبەر ئەوەی لە فەرمانەکانی خوا دەرچوون و دەستیان کرد بە سەرپێچی و گوناھکردن، ئەوە بوو دەستیان کرد بە فروفێڵ و تەڵەکەبازی بەوەی تۆڕەکانیان پێش ڕۆژی شەممە دادەخست و چاڵیان بۆ ھەڵدەکەندن، ماسیەکانیش ڕۆژی شەممە دەبوون بە تۆڕەکانەوە، ئەوانیش ڕۆژی یەک شەممە دەھاتن ھەڵیان دەگرتن و دەیانخواردن.

(164) - ئەی پێغەمبەر- وە بیرخۆت بھێنەرەوە کاتێک کۆمەڵێک لەوان ڕێگری ئەو کارەیان لێکردن وە ھۆشداریان پێدان، دەستەیەکی تر لەوان بەوانیان وت: بۆچی ئێوە ئامۆژگاری کەسانێکی وادەکەن، کە خوای گەورە بە ھۆی ئەنجامدانی گوناھەکانیانەوە لە دوونیا لەناویان دەبات، یان لە ڕۆژی قیامەتدا سزایەکی زۆر توندیان دەدات؟ ئامۆژگاریەکەرەکانیش وتیان: ئامۆژگاری ئێمە بۆ ئەوەیە لای خوای گەورە بیانویەکمان ھەبێت کە ئەو فەرمانەی پێی کردوین، فەرمان بەچاکە وڕیگری لە خراپە بکەین، تاوەکو پەروەردگار لەبەر وازھێنانمان لەوەھا کارێک ئیمەش سزا نەدات ونەمانگرێت، وە بەڵکو ئەوانیش سودێک لەو ئامامۆژگاریانە وەربگرن و وازبھێنن لەو گوناھو تاوانانەی کە ئەنجامی دەدەن.

(165) جا کاتێک سەرپێچی کەرەکان پشتیان ھەڵکرد لە ئامۆژگاری ئەو کەسانە، وە وازیان نەھێنا لە خراپە و تاوان، ئەو کەسانەمان ڕزگار کرد کە ڕێگریان کرد لە خراپە و تاوان، وە سزای توندی ئەوانەماندا کە لە ڕۆژانی شەممەدا بەڕاوکردن سەرپێچی فەرمانی خوایان کرد، بەھۆی دەرچونیان لە تاعەت و گوێڕایەڵی خوای گەورە و سووربونیان لەسەر ئەنجامدانی گوناھو تاوان.

(166) کاتێکیش کە بە لووتبەرزی و لەخۆبایی بوون درێژەیان بەو کارەیاندا کە ڕێگری کرابوون لێی و سنوری سەرپێچی خوایان تێپەڕاند، وە پەند و ئامۆژگاریان وەرنەگرت و لە گوناھو تاوان نەگەڕانەوە، پێمان وتن: ئەی سەرپێچکەرینە لە تۆڵەی ئەو کارەتاندا ببن بە مەیمون بە سوک و ڕیسوایی، ئەوە بوو بوون بە مەیمون ھەروەک ئێمە ویستمان، چونکە ئێمە ھەر ئیشێکمان ویست کە بیکەین پێی دەڵێین: ببە، ئەویش خێرا دەبێت.

(167) - ئەی پێغەمبەر - وە بیر خۆت بھێنەرەوە کە خوای گەورە بە ڕاگەیاندنێکی ڕوون و ئاشکرا کە ھیچ ناڕوونی و نادیاریەکی تێدا نەبوو، کە تا ڕۆژی قیامەت کەسانێکی وا زاڵ دەکەم بەسەر جوولەکەدا کە خراپترین سزایان لە ژیانی دونیا تا ڕۆژی قیامەت پێ بچەژێت، - ئەی پێغەمبەر - پەروەردگاری تۆ چەسپان و خێرایە لە تۆڵە سەندنەوە لەو کەسانەی کە سەرپێچی دەکەن، ھەتاوەکو ھەندێ جار ھەر لە دونیادا سزاکەیان بۆ پێشدەخات، وە بێگومان پەروەردگارت زۆر لێبوردەیە بەرامبەر گوناھو تاوانی ئەو بەندانەی کە تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای خوا، وە زۆریش بەڕەحم و میھرەبانە.

(168) لە زەویدا جولەکەمان کردە چەند دەستە و تاقمێک و لێکمان ترازاندن، دوای ئەوەی کە کۆک و تەبا و یەکگرتوو بوون، ھەیانبوو پیاوچاک و ساڵح بوون، مافەکانی خوا و خەڵکیشیان جێ بەجێ دەکرد و ڕاست و دروست ڕێگای ڕاستیان گرتبووە بەر، وە ھەشیان بوو زیادەڕۆییان کرد بە ئەنجامدانی گوناھو تاوان، وە بە خۆشی و ناخۆشی تاقیمان کردنەوە بە ئومێدی ئەوەی کە واز بھێنن لەو سەرپێچی و تاوان وگوناھەی کە لەسەری بوون.

(169) کەچی دوای ئەوان کۆمەڵێکی خراپەكار جێی ئەوانی گرتەوە، تەوراتیان لە پێشینەکانی خۆیانەوە وەرگرت ، دەیانخوێندنەوە بەڵام کاریان پێ نەدەکرد، کەل و پەل و کاڵای دونیایان وەک بەرتیل وەردەگرت تاوەکو کتێب و پەرتوکەکەی خوای پێ بگۆڕن، وە بە غەیری ئەو حوکم و دادوەریان دەكرد ، ئەو جولەکانە ئەمە کاریانە کەچی دڵی خۆیان خۆش دەکەن کە خوای گەورە لە تاوان و گوناھەکانیان خۆش دەبێت، خۆ ئەگەر جارێکی تر کەل و پەل و کاڵایەکی وەک ئەوەیان دەست بکەوێت جار لە دوای جار وەری دەگرن و ھیچ گوێ بەحەرامی و حەڵاڵی نادەن، ئایا خوای گەورە پەیمان و بەڵێنی لەوان وەرنەگرت کە جگە لە ھەق و ڕاستی ھیچی تر نەڵێن بێ ئەوەی ھیچ شتێک تێک بدەن و ھیچ شتێکیش بگۆڕن؟ وە نەبێت ئەو کارەیان لە نەزانین و جەھلەوە بێت، نەخێر بەڵکو لە زانینەوە ئەوەیان دەکرد، ئەوەی لە تەوراتدا بوو خوێندبویانەوە، وە چاکیش شارەزای حوکمەکانی بوون، بۆیە گوناھی ئەوان گەورەتر بوو، ماڵەكەی تر و ڕۆژی دوایی کە پڕیەتی لە ناز و نیعمەتی ھەمیشەیی و نەبڕاوە بۆ خواناسان و لە خواترسان، ئەوانەی فەرمانەکانی خوا جێ بەجێ دەکەن و دوور دەکەونەوە لە ڕێگریەکانی، باشتر و خاسترە لەتام لەزەتی کاتی ژیانی دونیا، ئایا ئەوانەی کەسەرگەرمی کۆکردنەوەی کەلو پەلی بێ نرخی دونیان نازانن و بیر ناکەنەوە ئەوەی خوای گەورە ئامادەی کردووە بۆ خواناسان لە ڕۆژی دواییدا باشترو ھەمیشەیی ترە لەوەی لە ژیانی دونیادا ھەیە؟!

(170) ئەوانەش کە ھەمیشە دەست دەگرن بە کتێب و پەرتووکەکەی خواوە، وە کاری پێدەکەن، وە نوێژەکانیان لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدەن، بە تەواوی مەرج و واجب و سوننەتەکانیەوە، خوای گەورە پاداشتی کار و کردەوەکانیان دەداتەوە، وە خوای گەورە پاداشتی چاکەکاران ون و زایە ناکات.

(171) - ئەی موحەممەد - وە بیرخۆت بھێنەرەوە کاتێک کە کێوی طورمان لە بن ھێنا وە بەرزمان کردەوە بەسەر بەنوئیسرائیلدا کاتێک ئەوەی لە تەوراتدا بوو ڕازی نەبوون پێی، ئەو کاتە کێوەکە وەک پارچە ھەورێک بوو بەسەر سەریانەوە، وە دڵنیا بوون لەوەی کە دەکەوێت بەسەریاندا، ئەو کات پێیان وترا: ئەو فەرمان و بڕیارانەی کە پێمانداون تون بیانگرن و کاریان پێ بکەن، وە ھەرچیشی تێدایە لەو حوكمانەی کە خوای گەورە کردویەتی بە شەریعەت و بەرنامەی ژیانتان لەیادتان بێت وکاری پێ بکەن و پشتگوێی نەخەن، بەئومێدی ئەوەی خۆتان بپارێزن و لەخواناسان بن ئەگەر کارتان پێکرد.

(172) - ئەی موحەممەد - وە بیر خۆت بھێنەرەوە کاتێک پەروەردگارت لە پشتی نەوەکانی ئادەم وەچە و نەوەی دەرھێنا، وە پەیمانی لێ وەرگرتن بە داننان بە پەروەردگاریەتی خوای گەورە، ئەویش بەوەی خوای گەورە لەناخ و فیترەتیاندا ڕواندبووی، کە ئەو دروستکار و خالق و پەروەردگاریانە، پێی فەرموون: ئایا من پەروەردگارتان نیم؟ ھەر ھەموویان وتیان: بەڵێ تۆ پەروەردگارمانیت، ئەمجا خوای گەورە فەرمووی: بێگومان تاقیمان کردنەوە و پەیمانمان لێ وەرگرتن نەکا ڕۆژی دوایی ئینکاری بەڵگەکەی خوای گەورە بکەن کە لەسەرتانە، وە بڵێن: بە ڕاستی ئێمە لەمە غافڵ و بێ ئاگا بووین.

(173) یان بەڵگە بەوە بھێننەوە کە بڵێن: باوباپیرانمان بوو پەیمان و بەڵێنەکەیان شکاند و ھاوەڵیان بۆ خوا بڕیاردا، وە ئێمەیش چاومان لەوانکرد کە لەسەر بتپەرستی و ھاوەڵ بڕیاردان بوون، وە بڵێن: - ئەی پەروەردگارمان- ئایا تۆ بەگوناە و تاوانی باوباپیرانمان دەمانگریت و سزامان دەدەیت کە بە بتپەرستی و ھاوەڵ بڕیاردان کاروکردەوەکانیان پوچەڵ کردەوە؟ ئێمە چی گوناھێکمان ھەیە، کاتێک ئێمە تەنھا نەزان بووین و چاولێکەری باوباپیرانمان بووین.

(174) ھەروەک چۆن ئایەت و بەڵگە و نیشانەکانی خۆمان لەبارەی چارەنوسی گەل و نەتەوە بێباوەڕەکانەوە ڕوونکردەوە، ھەروەھا ڕوونیشی دەکەینەوە بۆ ئەوانە بە ئومێدی ئەوەی وازبھێنن لە ھاوەڵ بڕیاردان و بتپەرستی بۆ یەکخواپەرستی و تاعەت و عیبادەتی ئەو بەتاک و تەنھایی، ھەروەک چۆن لەو پەیمان و بەڵێنەدا ھاتبوو کە خوا کردبوونی بە شاھید بەسەر خۆیانەوە.

(175) - ئەی پێغەمبەر - ھەواڵی ئەو پیاوە بە بەنو ئیسرائیل بدە کە ئایەت و نیشانەکانی خۆمان پێدا و فێری بوو، وە تێگەیشت لەو ھەق و ڕاستیەی کە لێی وەردەگیرا، بەڵام دواتر کاری پێ نەکرد، بەڵکو وازی لێھێنا و خۆی لێداماڵی، ئەمجا شەیتان دوای ھەنگاوەکانی خۆی خست، وە بوو بەیەکێک لە دۆست و ھاوەڵەکانی، جا چووە ڕیزی گومڕا و سەرلێشێواوە لەناوچووەکانەوە دوای ئەوەی یەکێک بوو لە ڕزگاربووان و ئەو کەسانەی کە ڕێنوێنی کرابوون.

(176) ئەگەر بمانویستایە کە سوود لەم ئایەت و نیشانانە ببینێت ئەوا بەو ئایەتانە پلەمان بەرز دەکردەوە، بەوەی کاری پێ بکردنایە و لە دونیا و دواڕۆژدا پلەی بەرز دەبوویەوە، بەڵام ئەوەی ھەڵبژارد کە سووک و ڕسوای دەکات، بۆیە مەیلی شەھوەت و خۆشیەکانی دونیای کرد، فەزڵی دونیای دا بەسەر دواڕۆژیدا، وە شوێن ھەواو ئارەزوەکانی کەوت لە ھەڵبژاردنی باتڵ و ناھەقیدا، جا نمونەی ئەو جۆرە کەسانە لە سوور بوونیان لەسەر ژیانی دونیا وەک نمونەی ئەو سەگە ھارە وایە کە لەھەموو کاتێکدا ھەڵپە دەکات و زمانی دەردەھێنێت، ئەگەر تاری بنێیت زمان دەردەھێنێت، وە ئەگەر وازیشی لێ بھێنیت ھەر زمان دەردەھێنێت، ئەو نمونەی کە باسکرا وەک نمونەی ئەو گەلە ستەمکارە وایە کە باوەڕیان نیە بە بەڵگە و نیشانەکانی ئێمە و بەدرۆیان دادەنێن، جا - ئەی پێغەمبەر - ئەو چیرۆکانەیان بۆ بگێڕەوە، بە ئومێدی ئەوەی بیربکەنەوە و واز بھێنن لەو گومڕایی و بەدرۆزانینەی کە لەسەرین.

(177) ھیچ کەس ھێندەی ئەو گەل و ھۆزە خراپ نیە کە بەڵگە و نیشانەکانی ئێمەیان بەدرۆ دانا، وە باوەڕیان پێی نەھێنا، ئەوان بەو کارەیان زوڵم و ستەم لە خۆیان دەکەن چونکە بەو کارەیان خۆیان دوچاری فەوتان و تیاچون کردووە.

(178) ھەرکەسێک خوای گەورە موەفەقی بکات بۆ ھیدایەت و ڕێنوێنی لەسەر ڕێگای ڕاست، بێگومان ھەر ئەوە بەختیار و شارەزا و ڕێنوێنیکراوی ڕاستی، وە ھەر کەسیش بەھۆی لاساری خۆیەوە خوای گەورە دووری بخاتەوە لە ڕێگای ڕاست و گومڕایی بکات ئەوا بێگومان ئەوانە خەسارۆمەند و بێ بەختی ڕاستین، ئەوانەی خۆیان و ماڵومنداڵیان لە ڕۆژی قیامەتدا زایە کرد، بەراستی خەسارۆمەندی تەواو ئەوانەن.

(179) زۆرێک لە جنۆکە و مرۆڤمان بۆ دۆزەخ دروستکردووە، چونکە ئێمە دەزانین ئەوان کاروکردەوەی دۆزەخیەکان ئەنجام دەدەن، ئەوان دڵیان ھەیە کەچی ھەقی پێ وەرناگرن و نازانن سوود و قازانجی خۆیانی پێ لێک جودا بکەنەوە، وە چاویان ھەیە کەچی ئایەت و نیشانەکانی خوای گەورە لە دەروونی خۆیان و گەردوندا پێ نابینن، وە گوێیان ھەیە کەچی ئایەتەکانی خوای پێ نابیستن و بیری لێ ناکەنەوە، ئەوانەی ئەوە سیفات و ئاکاریانە وەک ئاژەڵ وان کە ئەوانیش بێ عەقڵن، نەک ھەر ھێندە بەڵکو لە ئاژەڵیش خراپتر و وێڵ ترن، چونکە ئاژەڵ لە شوێن سوودی خۆی دەگەڕێ و لە زیانی خۆیشی ڕادەکات، ئەوانە غافڵ و بێ ئاگان لە باوەڕ و ئیمان و ڕۆژی دوایی.

(180) خوای گەورە چەندین ناوی جوان و ڕازاوەی ھەن، کە بەڵگەن لەسەر بەرزی و بڵندی و کەمال و تەواوی ئەو، ئێوەیش ھەر بەو ناوانەوە داوای لێ بکەن، و شوکر و سوپاس و سەنای بکەن، وە واز بھێنن لەو کەسانەی کە ئەو ناوانە دەگۆڕن و دەیدەنە پاڵ غەیری خوا، یان نەفی ئەوە دەکەن کە ئەو ناوانە ناوی خوا بن، یان لە مانای خۆی لایدەدەن و دەیچوێنن بە شتانیکی غەیری خۆی، دڵنیابە ئەوانەی ئەو ناوانە لە مانا و مەبەستە ھەق و ڕاستیەکەی خۆی لادەدەن بە تۆڵەی سەخت و بەئازاری کردەوەکانیان دەگەیەنین.

(181) لەوانەش کە دروستمان کردون کۆمەڵێکیان تێدایە کە خۆیان لەسەر ھیدایەت و ڕێنوێنین و خەڵکی تریش ڕێنوێنی دەکەن بۆ لای ھەق و ڕاستی، وە بەدادگەری و ھەق بڕیار دەدەن و زوڵم و ستەم لە کەسی تر ناکەن.

(182) ئەوانەیش کە ئایەت و نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا وە باوەڕیان پێ نەھێنا و ئینکاری و ملەجەڕێیان کرد، ھێدی ھێدی دەرگای ڕزق و ڕۆزی خۆمانیان لەسەر دەکەینەوە، بەڵام نەک لەبەر ڕێز و تەقدیری ئەوان، بەڵکو تاوەکو وردە وردە لە تاوان و گومڕایی خۆیاندا ڕۆبچن، ئیتر خوای گەورە کتوپڕ دوچاری سزای سەختی خۆیانی دەکات.

(183) وە تۆڵەی گوناھ و تاوانەکانیان بۆ دوادەخەین تاوەکو وا گومان ببەن کە ئیتر خوا وازی لێھێناون و سزایان نادات، بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە بەدرۆدانان و بێباوەڕی کردن بە ئایەت و بەڵگە و نیشانەکانی خوا، تاوەکو سزاکەیان چەند جاران ببێتەوە، بێگومان پیلانم بۆ لەناو بردنیان زۆر بەھێزە، چاکە و ناز و نیعمەتەکانی خۆمیان بۆ ئاشکرا دەکەم، بەڵام مەبەستم پێ سوک و ڕسوا کردنیانە.

(184) ئایا ئەوانەی کە ئایەت و نیشانەکانی خوا و پێغەمبەرەکەی بەدرۆ دادەنێن بیر ناکەنەوە، وە ژیری خۆیان ناخەنە کار کە بزانن ھاوەڵەکەیان کە موحەممەدە (صلی اللە علیە وسلم) شێت نیە، بەڵکو پێغەمبەری خوایە و ڕەوانەی کردووە تاوەکو بەڕوون و ئاشکرا بەسزای خوای گەورە بیانترسێنێت.

(185) ئایا ئەوانە ورد نابنەوە و سەرنج نادەن لە گەورەیی دەسەڵاتی خوا لە ئاسمانەکان و زەوی؟ وە تەماشای ھەموو ئەو شتانەی تر کە خوای گەورە دروستی کردون لە گیانداران و ڕووەک و ھی تریش ناکەن؟ وە بیرناکەنەوە لەخۆیان چونکە پێدەچێت کاتی مردنیان نزیک بووبێتەوە، تاوەکو تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خوا پێش ئەوەی دەستیان لە ھەموو شتێک ببرێت، دەی ئیتر ئەگەر باوەڕیان بە قورئان و ئەو ھەمووە موژدە و ھەڕەشەیە نیە کە باسی کردوون ، ئایا ئیتر باوەڕیان بەچی کتێب و پەرتووکێکی تر ھەیە؟

(186) ھەرکەسێک خوای گەورە ڕێی لێ بگۆڕێت و لە ھەق لایبدات و گومڕای بکات لەسەر ڕاستە شەقامی ئیسلام، ھیچ کەسێک ناتوانێت ھیدایەتی بدات و رێنوێنی بکات، سەرەڕای ئەوەش وازیان لێ دەھێنێت با ھەر لەناو گومڕایی و سەرلێشێواوی خۆیاندابن.

(187) -ئەی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم)- ئەو سەرکەش و بێباوەڕانە لە بارەی رۆژی قیامەتەوە پرسیارت لێ دەکەن، کەی ڕوو دەدات و کەی دێت؟ - ئەی موحەممەد - بلێ: نە من و نە جگە لە منیش نازانن کەی دێت و کەیش ڕوو دەدات، بەڵکو زانینی ھاتنی ئەو ڕۆژە تەنھا لای خوای گەورەیە، ئەو نەبێت ھیچ کەسێک ناتوانیت کاتەکەی ئاشکرا بکات، ئاشکراکردنی ھاتنی نھێنیە لای خەڵکی ئاسمانەکان و زەوی، ڕۆژی دوایی لەپڕ بۆتان دێت، وە پرسیارت لێ دەکەن - ئەی موحەممەد - وەک ئەوەی تۆ سوور بیت لەزانینی ھاتنی کاتەکەی و پسپۆڕ بیت تێیدا، نازانن تۆ ھیچ پرسیارێک لەبارەی ھاتنی رۆژی دوایی ناکەیت چونکە تۆ چاک پەروەردگارت دەناسیت، پێیان بڵێ - ئەی موحەممەد - تەنھا ھەر خوا خۆی دەیزانێت کەی دێت کەی ڕوو دەدات، بەڵام زۆربەی خەڵکی ڕاستیەکان نازانن.

(188) - ئەی موحەممەد - بڵێ: من ناتوانم ھیچ سوود و قازانجێک بەخۆم بگەیەنم، وە ناتوانم ھیچ زەرەر و زیانێک لەخۆم لا بدەم، مەگەر خوای گەورە خۆی بیەوێت، چونکە سوود و قازانج و زەرەر و زیان ھەر ھەمووی لای خواوەیە، وە ھیچ شتێک نازانم مەگەر خوا خۆی فێری کردبم، وە من ھیچ شتیک لە غەیب و شتە نادیارەکان نازانم، ئەگەر بھاتایە غەیبم بزانیبایە ئەوە ھۆکارەکانم ئەنجام دەدا تاوەکو ھەرچی خێر و خۆشی و بەرژەوەندیە بەدەستی بھێنم، وە ھەرچی خراپە و زیانە لە خۆمم دوور بخستایەتەوە، چونکە ئەو کاتە ئاگاداری کارەکان دەبووم پێش ڕوودانیان، وە دەیشمزانی سەرەنجامیان چۆن دەبێت، من ھیچ شتێک لەوانە نازانم، بەڵکو من تەنھا نێردراو و پێغەمبەری خوام، دەتانترسێنم لە تۆڵە بە ئازارەکانی خوا، وە موژدەی پاداشتی ڕێزدار دەدەم بەو گەل و ھۆزەی کە باوەڕ دەھێنن بەوەی من نێردراو و پێغەمبەری خوام، وە باوەڕیش دەھێنن بەوەی من ھێناومە.

(189) ئەو خوایەی کە ئێوەی - پیاوان و ژنان - لە تەنھا کەسێک کە ئادەمە(سەلامی خوای لێ بێت) دروستکردووە، وە لە پەراسووی ئادەمیشەوە (سەلامی خوای لێ بێت) حەوای خێزانی دروستکرد، تاوەکو ھاودەم و ھاوڕێی بێت، وە ئاسوودە بێت لەگەڵیدا، جا کاتێک لەگەڵ حەواوی خێزانی جووت بوو، لەسەر خۆی دووگیان بوو، ھەستی پێ نەکرد چونکە ھێشتا لەسەرەتاوە بوو، وە ماوەیەکیش بەو حاڵەوە مایەوە و کاروبارەکانی خۆی ڕادەپەڕاند و ھەستی بەبارگرانی نەدەکرد، جا کاتێک چوویە قۆناغی سەختی و قورسیەوە و مناڵەکەی لەسکیدا گەورە بوو، وە کاتی لەدایک بوونی نزیک بوویەوە، ھەردووکیان (ئادەم وحەوا) لەپەروەردگاریان پاڕانەوە و وتیان: - ئەی پەروەردگارمان - ئەگەر مناڵێکی ساڵح و ساغ و سەلیممان پێ ببەخشیت ئەوا لە کەسانی سوپاسگوزار دەبین بۆ ناز و ینعمەتەکانی تۆ.

(190) جا کاتێک خوای گەورە نزاکەی گیرا کردن و مناڵێکی ساڵحی ساغ و سەلیمی پێ بەخشین، ھەروەک داوایان کردبوو، ئەوە بوو خوای گەورە لەوەی پێی بەخشی بوون کردنی بەھاوبەش دانەر بۆ خوا، چونکە ناوی مناڵەکەیان بە بەندەی غەیری خوا ناونا، ناویان نا (عبدالحارث)، بەرز و بڵندی بۆ خوای گەورە و بێگەردە لەھەرچی ھاوەڵ و شەریکێك، تەنھا ھەر ئەو شایستەی خوایەتی و پەرستنە.

(191) ئایا ئەو بتانە وجگە لە ئەوانیش دەکەنە ھاوبەشی خوا و لەگەڵ ئەودا دەیانپەرستن، لەکاتێکدا ئەوان دەزانن کە ئەو بتانە ھیچ شتێکیان دروست نەکردووە تاوەکو شایستەی پەرستن بن، بەڵکو ئەوان دروستکراوی خوان، ئیتر چۆن دەیانکەن بە ھاوبەشی خوا؟!

(192) ئەو بتانەی کە کردویانن بەخوا و پەرستراوی خۆیان ناتوانن ئەو کەسانە سەربخەن کە دەیانپەرستن، وە ناتوانن خۆیشیان سەربخەن، ئیتر چۆن ئەوان دەپەرستن؟!

(193) - ئەی بتپەرست وموشریکینە - ئەو بتانەی لە بری خوا دەیانکەن بەخواو پەرستراوی خۆتان، ئەگەر داوایان لێ بکەن بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاستتان نیشان بدەن، نایەن بەدەمتانەوە و وەڵامتان نادەنەوە، جا ئەگەر بانگیان بکەن یان بێدەنگ بن، یەکسانە بۆتان، چونکە ئەوان ھیچ نین تەنها بێ گیانێک نەبێت، ژیر نین و نابیستن و قسە ناکەن.

(194) - ئەی بتپەرست و موشركینە - بێگومان ئەوانەی کە ئێوە جگە لەخوا بانگیان لێدەکەن و دەیانپەرستن دروستکراوی خوان و خوا خاوەن ئەوانە، ئەوان وەک ئێوە وان بگرە ئێوە لەوان باشترن، چونکە ئێوە زیندوون و قسە دەکەن و دێن و دەڕۆن و دەبیستن و دەبینن، بەڵام بتەکانتان ئاواھی نین، دەی ھەر بانگیان لێ بکەن با وەڵامتان بدەنەوە ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن لەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکەن.

(195) ئەو بتانەی کە کردوتانن بە خوای خۆتان ئایا پێیان ھەیە تاوەکو بچن بەدەم داواکانتانەوە؟ وە ئایا دەستیان ھەیە تاوەکو بەھێز بەرگریتان لێ بکەن؟ وە ئایا چاویان ھەیە تاوەکو ئەوەی لە ئێوە نادیارە ھەواڵتان بدەنێ لەبارەیەوە؟ وە ئایا گوێیان ھەیە تا ئەوەی ئێوە نایبیسن ئەوان بیبیستن وپێتانی رابگەیەنن؟ جا ئەگەر ئەوانە ناتوانن ھیچ شتێک لەو کارانە بکەن ئیتر چۆن ئێوە دەیانپەرستن بە ئومێدی ئەوەی سوودێکتان پێ بگەیەنن یان زیانێکتان لێ دوور بخەنەوە؟! - ئەی پێغەمبەر- بڵێ بەو بتپەرست و موشریکانە: ھاوار لەوانە بکەن کە یەکسانتان کردوون لەگەڵ خوادا، پاشانیش بەھەمووتانەوە نەخشە و پلان دانێن بۆ زیان پێگەیاندنم، وە ھیچ مۆڵەتم مەدەن.

(196) بێگومان سەرخەر و پشتیوانی من ئەو خوایەیە کە دەمپارێزێت، ئومێدم بەجگە لەو بەکەسی تر نیە، وە من ھیچ لە بتەکانتان ناترسم، ئەو خوایەی قورئانی دابەزاندووە بۆم تاوەکو ببێتە ھۆی ھیدایەت و ڕێنوێنی بۆ خەڵکی، وە ھەر بۆخۆیشی چاودێریی و سەرپەرشتی پیاوچاکان دەکات لە بەندەکانی، دەیانپارێزێت و پشتیوانیان دەبێت.

(197) - ئەی بتپەرست و موشریکینە - ئەو بتانەیش کە ئێوە ھاواریان بۆ دەبەن و داوایان لێدەکەن نەدەتوانن یارمەتی ئێوە بدەن وە نەیارمەتی خۆیشیان، ئەوان بێدەسەڵاتن ئیتر ئێوە چۆن ھاواریان بۆ دەبەن و لە غەیری خوا داوایان لێدەکەن؟!

(198) - ئەی بتپەرست و موشرکینە - ئەگەر داوای ئیستقامە لەو بتانە بکەن کە جگە لە خوا دەیانپەرستن بۆ ئەوەی ڕێنوێنیتان بکەن و ڕێگاتان بۆ ڕوون بکەنەوە نابیستن و نایەن بەدەمتانەوە، وا دەبینیت بەڕواڵەت بۆت دەڕوانن، بەڵام ناتبینن چونکە ئەوان بێگیانن، ئەوان پەیکەری بتەکانیان لەسەر شێوەی مرۆڤ یان ئاژەڵەکان دروست دەکرد، کەدەست و قاچ و چاویان ھەبوو، بەڵام بێگیان و سارد و سڕ، بێ ژیان و بێ جووڵە.

(199) - ئەی پێغەمبەر - ھەموو کات لەگەڵ خەڵکیدا لێبووردەبە، وە بۆ جێ بەجێکردنی کاروبارەکانت ڕێگای ئاسانیان لەگەڵدا بگرە بەر، وە بەڕەوشت و ئاکاری جوان ھەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکە، ھەرگیز داوای کارێکیان لێ مەکە لەگەڵ سروشتی دەروونیان نایەتەوە، چونکە کارێکی لەو شێوەیە دەیانتارێنێت و ڕاویان دەنێت، وە فەرمان بکە بە ھەموو گوفتار و کردارێکی جوان، وە پشت ھەڵبکە لە ھەموو خەڵکانێکی نەفام و نەزان، بە نەزانی وکاڵفامی خۆیان ڕوو بەڕوویان مەبەرەوە، ھەرکەسێک ئازاری دایت تۆ ئازاری مەدە، وە ھەر کەسێک بێ بەشی کردیت لەشتێک تۆ بێ بەشی مەکە.

(200) - ئەی پێغەمبەر - ھاتوو ھەستت کرد کە شەیتان تووشی وەسوەسەی کردویت، یان ساردی کردویتەوە لە کاری خێر و چاکە ، خێرا پەنا بەخوا بگرە لێی، وە خۆتی پێ بپارێزە، چونکە بێگومان تۆ ھەر شتێک بڵێیت ئەو دەیبیستێ، وە زانا و شارەزای ئەوەیە کەتۆ ھانا و پەنات بۆ بردوە، وە دەتپارزێت لە شەیتان.

(201) ئەوانەی لەخوا دەترسێن بەجێ بەجێکردنی فەرمانەکانی و دوور کەوتنەوە لە ڕێگرییەکانی، ئەگەر ھاتوو تووشی وەسوەسەیەک بوون لەلایەن شەیتانەوە، خێرا گەورەیی خوا و تۆڵەی بۆ سەرپێچیکاران وپاداشتی نەبڕاوەی بۆ چاکەکاران بیر دەکەوێتەوە، ئیتر تەوبە لەگوناھەکانیان دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای پەروەردگاریان، دەبینیت زۆر زوو چاویان دەکرێتەوە و لەسەر ھەق و راستی بەردەوام دەبن، وە خەبەریان دەبێتەوە و ڕادەچڵەکێن وە واز دەھێنن لەوەی پێشتر لەسەری بوون.

(202) برا ئادەمیەکانی شەیتانەکان لە خراپەکاران و بێباوەڕان، ئەوانەی ھەردەم بەدوای شەیتاندا ئەڕۆن و لە خوا ناترسن، شەیتانەکان بەردەوام ھاوکاریان دەکەن و تێدەکۆشن تا زیاتر سەرلێشێواو و سەرگەردانیان بکەن، بە گوناهـ کردن لەدوای گوناھ، وە ھەرگیزیش واز ناھێنن، نە شەیتانەکان واز دەھێنن لە گومڕاکردن و سەرگەردان کردن، وە نە خراپەکارانی مرۆڤیش واز دەھێنن لە گوێڕایەڵی ئەوان و ئەنجامدانی گوناھ و تاوان و کاری خراپە.

(203) - ئەی پێغەمبەر - ئەگەر ئایەتێکیان بۆ بھێنیت ئەوان خێرا بە درۆت دادەنین و پشتت لێ ھەڵدەکەن، خۆ ئەگەر ئایەتیشیان بۆ نەھێنێت ئەوا دەڵێن : باشە بۆ خۆت ئایەتێك داناھێنێت یان دروستی بکەیت، تۆیش پێیان بڵێ : من ناتوانم لەخۆمەوە ئایەتێك بھێنم، وە من تەنھا پەیڕەوی لەوە دەکەم لەلایەن پەروەردگارمەوە بە وەحی و نیگا بۆم دێت، ئەم قورئانەی کە بۆتان دەخوێنمەوە بەڵگە و نیشانەی خوای خالیق و دروستکەرتانە، کە تەواوی کاروبارەکانتان بەڕێوە دەبات، وە ڕێنمونی و ڕێنیشاندەر و ڕەحمەتیشە بۆ بەندە باوەڕداراەکانی، بەڵام جگە باوەڕداران لە سەرگەردانی و نەھامەتیدان.

(204) ئەگەر ھاتوو قورئان خوێنرا بە وردی ئێوەی باوەڕدار گوێی بدەنێ، وە ھیچ قسە مەکەن، وە خۆتان سەرقاڵی شتی تر مەکەن، بە ئومێدی ئەوەی خوای گەورە رەحمتان پێ بکات.

(205) - ئەی پێغەمبەر- بەگەردنکەچی و ترسەوە بەنھێنی و لەسەرخۆ یادی پەروەردگارت بکە، وە ھەمیشە با نزاکانت نێوەندگیر بێت لە نێوان بەرزکردنەوەی دەنگ و ئەسپاییدا لە بەرەبەیان و دەماودەمی ئێواراندا بێت، چونكە ئەم دوو كاتە فەزڵیان زۆرە، وە ھەرگیز لەو کەسانە مەبە کە بێ ئاگان لە یاد و زیکری خوا.

(206) - ئەی پێغەمبەر - ئەو فریشتانەی کە لای پەروەردگارتن و نزیکن لە ڕەحم و میھرەبانی ئەو، ھەرگیز خۆ بەگەورە نازانن و سەرپێچی لەپەرستنی ناکەن، بەڵكو گوێڕایەڵ و ملکەچی فەرمانی ئەون وھیچ کاتێکیش ماندوو نابن لێی، ئەوان بە شەو بە ڕۆژ تەسبیحاتی پەروەردگاریان دەکەن، وە ھەر بۆ ئەویش سوژدە دەبەن.