99 - Az-Zalzala ()

|

(1) کاتێک زەوی زۆر بەتوندی کەوتە لەرزین وجوڵە جوڵ وبومەلەرزە بەھێزەکەی بۆ پێشھات لەڕۆژی قیامەتدا.

(2) وە زەوی ھەرچی باری گران وقورسی خۆی ھەبوو (لە مردووان وکانزاکان وشتی تر) لەناو سکی فڕێی دایە دەرەوە.

(3) مرۆڤی (بێباوەڕ) بەسەرسوڕمانەوە لەو ڕۆژەدا دەڵێت: ئەوە زەوی بۆچی وا دەجوڵێت و ناجێگیرە؟!

(4) لەو ڕۆژە گەورەدا زەوی بەسەرھات وھەواڵەکانی خۆی دەگێڕێتەوە، اللە -تەعاﻻ- دەیھێنێتە گۆ تاوەکو شاھێدی بدات لەسەر ئەو کەسانەی کە چاکە وخراپەیان لەسەر کردووە.

(5) ئەویش بەھۆی ئەوەی کە پەروەردگارت وەحی وفەرمانی پێکردووە بەو لەرزینەوە وبومەلەرزەیە (چونکە لەخۆیەوە ناتوانێت ھیچ شتێک بکات).

(6) لەو ڕۆژە گەورەدا کە زەوی دەلەرزێ خەڵکی بەپەرش وبڵاوی لە گۆڕەکانیان دەردەچن بەرەو گۆڕەپانی لێپرسینەوە بۆئەوەی ئەو کردەوانەی کە لەدونیادا ئەنجامیاندا بوو پیشانیان بدرێت.

(7) ئینجا ئەوەی بەئەندازەی گەردیلەیەک کردەوەى خێر وچاکەی کردبێت پاداشتەکەی دەبینێتەوە لەپێش خۆیدا.

(8) ئینجا ئەوەی بە كێشی میروولەیەكی بچووك كردار بكات بە كرداری خراپ ئەوا بە هەمان شێوە دەیبینێتەوە.