(1) پێشووتر قسە و گفتوگۆ کرا لەسەر تەفسیر و لێکدانەوەی ھاوشێوەی ئەم ئایەتانە لەسەرەتای سورەتی (البقرة) وه.
(2) ئەم قورئانەی کە موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) ھێناویەتی لەلایەن پەروەردگاری جیھانیان (پەروەردگاری ئادەمیزاد و جنۆکەوە) وە دابەزیووە، کەھیچ گومان و دوودڵێەکی تێدا نییە.
(3) بێگومان ئەو بێباوەڕانە دەڵێن: ئەم قورئانە موحەممەد خۆی ھەڵی بەستووە بۆ پەروەردگار و دەڵێت قورئان گوفتار و کەلامی اللە تەعالایە، لەوەڵامیاندا فەرموویەتی: ئەو شێوەیە نییە کە ئەوان دەیڵێن، بەڵکو قورئان ئەو ھەق و ڕاستییەیە کە ھیچ گومان و دوودڵی تێدا نییە، وە لە لایەن پەروەردگارتەوە دابەزیوە بۆ سەرت - ئەی موحەممەد- تاوەکو ئەو گەلەی پێ بترسێنیت کە پێش تۆ ھیچ ترسێنەرێکی تریان لەپێغەمبەرانی پێشین بۆ نەھاتووە بیانترسێنێت لە سزای اللە تەعالا، بەڵکو ھیدایەتیان بدات بۆ لای ھەق و شوێنی بکەون و کاری پێ بکەن.
(4) اللە (جل جلالە) ئەو زاتەیە ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەیشی لە نێوانیاندایە لەشەش ڕۆژدا بەدیھێناوە، وە ئەو دەیتوانی و دەسەڵاتی ئەوەی ھەبوو لەماوەی کەمتر لەچاو تروکانێکیش بەدیان بھینێت، پاش ئەوەی ئاسمانەکان و زەوی بەدیھێنا بەرز بوویەوە سەر عەرش و قەراری گرت، بەرزی و بڵندیەک شایستەی زاتی پیرۆزی ئەو بێت، - ئەی خەڵکینە- جگە اللە تەعالا ھیچ پشتگیر و پشتیوانێکتان نییە کارەکانتان بۆ ڕاپەڕێنێت، وە ھیچ شەفاعەتکار و تکاکارێکیشتان نییە لای پەروەردگارتان تکاتان بۆ بکات، دەی ئیتر بۆ بیرناکەنەوە، وە ئەو زاتە پیرۆزە بپەرستن کە ئێوەی بەدیھێناوە وە ھیچ کەسێکی تری لەگەڵدا نەپەرستن.
(5) اللە تەعالا کاروباری سەرجەم مەخلوقات و بەدیھێنراوەکان لە ئاسمانەکانەوە تا زەوی بەڕێوە دەبات، پاشان ھەموو ئەو کاروبارانە بەرز دەبێتەوە بۆ لای خۆی لە ڕۆژێکدا کە ئەندازەکەی ھێندەی ھەزار ساڵە لەو ساڵانەی ئێوە لە دونیادا دەیانژمێرن - ئەی خەڵکینە- .
(6) ئەو زاتەی کە ئاسمانەکان و زەوی بەڕێوە دەبات زانا و ئاگادارە بە ھەموو نھێنی و ئاشکراکان، ھیچ شتێکی لا نھێنی و شاراوە نییە، زاڵ و بەدەسەڵاتە و ھیچ کەسێک ناتوانێت زاڵ ببێت بەسەریدا، وە تۆڵە دەسێنێت لە دوژمنەکانی، وە زۆر بە ڕەحم و بەزەییە بەرامبەر بە بەندە باوەڕدارەکانی.
(7) ئەو زاتەی ھەموو شتێکی بەڕێک و پێکی بەدیھێناوە، وە مرۆڤی لەسەرەتاوە لە قوڕ بەدیھێنا لەسەر شێوازێک پێشتر وێنە و ھاوشێوەی نەبووە.
(8) پاشان نەوەکانی دوای خۆی لە پوختەیەک ئاوی بێ نرخ بەدیھێنا، کە بەشێوەی ئاوی پیاو (مەنی) دێتە دەرەوە و لە مناڵدانی ئافرەتدا جێگیر دەبێت.
(9) پاشان بەدیھێنانی مرۆڤی ڕێک و پێک کرد (تەواوی قۆناغەکانی لەناو سکی دایکیدا بەجوانترین شێوە تەواو کرد) دوای ئەوە لە ڕۆحێک کە خۆی دروستی کردووە فەرمانی کرد بەو فریشتەی ڕایسپاردووە فوو بکات بەبەریدا، - ئەی خەڵکینە- اللە تەعالا گوێی پێداون تاوەکو پێی ببیستن، وە چاوی پێداون بۆ ئەوەی پێی ببینن، وە دڵی پێداون تاوەکو بیری پێ بکەنەوە، بەڵام کەسانێکی کەم شوکر و سوپاسی ئەم نیعمەت و بەخششانە دەکەن کە اللە تەعالا پێی بەخشیوون.
(10) ئەو بتپەرست و موشریکانەی باوەڕیان نییە بە زیندووبونەوە وتیان: کاتێک مردین و ئێسک و پروسکمان لە زەویدا ون بوو، وە لاشە و جەستەمان بوویەوە بە گڵ، ئایا جارێکی تر سەر لە نوێ زیندوو دەکرێینەوە؟! ئەمە بەعەقڵمان ناچێت، وانییە بەڵکو ئەوانە ھەر خۆیان باوەڕیان بە زیندووبونەوە و گەڕانەوە بۆ لای اللە تەعالا نییه.
(11) - ئەی پێغەمبەر- بەو بتپەرست و موشریکانە بڵێ کە باوەڕیان بە زیندووبونەوە نییە: فریشتەی گیان کێشان، کە گیانی کێشانی ئێوەی پێ سپێرراوە دەتانمرێنێت، پاشان ھەر تەنھا بۆ لای ئێمە دەگەڕێنەوە لە ڕۆژی قیامەتدا بۆ لێپرسینەوە و پاداشت و تۆڵە وەرگرتنەوە.
(12) لەمەودوا تاوانباران دەبینی لە ڕۆژی دواییدا شەرمەزارن و سەریان داخستووە، لەبەر ئەوەی باوەڕیان نەبوو بە زیندووبونەوە، بۆیە ھەست بە زەلیلی و ڕیسوایی دەکەن و دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان ئەوەی باوەڕمان پێی نەبوو لە زیندووبونەوە بەچاوی خۆمان بینیمان، وە ڕاستی ئەوەی پێغەمبەران لەلایەن تۆوە ھێنایان ھەموویمان بەگوێی خۆمان بیست، جا بۆیە بمانگێڕەوە بۆ ژیانی دونیا با کار و کردەوەی چاک بکەین تاوەکو تۆمان لێ ڕازی بیت، بێگومان ئێستا تەواو دڵنیاین لە زیندووبونەوە و ڕاستی ئەوەی پێغەمبەران ھێنایان، جا ئەگەر تاوانباران ببینی بەو حاڵەوە ئەوا کاری زۆر گەورە و بەڵا و ناخۆشی دەبینی.
(13) ئەگەر بمانوویستایە ھەموو کەسێک ڕێنومایی و ژیری و دانایی خۆیمان دەدایە و موەفەق و سەرکەوتومان دەکرد تاوەکو لەسەر ھیدایەت بوایە، بەڵام بەڵێن و دانایی و کاربەجێی و دادپەروەری من چەسپاو جێگیرە، بەدڵنیاییەوە لە ڕۆژی قیامەتدا ئاگری دۆزەخ پڕ دەکەم لە بێباوەڕانی جنۆکە و مرۆڤ بەتێکڕایی، لەبەر ئەوەی ڕێگای کوفر و بێباوەڕیی و گومڕاییان ھەڵبژارد بەسەر ڕێگای باوەڕ و ئیستقامە و بەردەوامی لەسەر ھیدایەت.
(14) لە ڕۆژی قیامەتدا بەسەرزەنشتەوە پێیان دەوترێت: بیچەژن سزای ئاگری دۆزەخ بەھۆی بێ ئاگاییتان لە ژیانی دونیا و گەیشتنەوە بە اللە تەعالا بۆ لێپرسینەوە و پاداشت و تۆڵە وەرگرتنەوە، بێگومان ئێمەیش ئێوەمان لەبیر خۆمان بردەوە، وە بەجێمان ھێشتن لەناو سزادا وە ھیچ گوێ نادەین بەو ناڕەحەتیانەیش تووشتان دەبێت، لەبەر ئەوە سزای ئاگرێک بچەژن کە ھەمیشە و بەردەوامە و بڕینەوەی نییە، بەھۆی ئەو گوناھ و تاوانانەی لە دونیادا دەتانکرد.
(15) تەنھا کەسانێک باوەڕ بەو ئایەتانە دەھێنن کە دابەزیوە بۆ سەر پێغەمبەرەکەمان، ئەوانەی کاتێک ئامۆژگاری بکرێن و ئایەتەکانی ئێمەیان بیر بخرێتەوە، خێرا دەکەون بە ڕودا و بەتەسبیحات و حەمد و سوپاسی پەروەردگارەوە سوژدە بۆ اللە تەعالا دەبەن، وە بەھیچ شێوەیەک خۆیان بە گەورە نازانن لە ئاست پەرستنی ئەو و سوژدە بۆ بردن بۆی.
(16) ئەوانە تەنیشتیان لە جێگای خەوتنیان دوور دەکەوێتەوە و بەجێی دەھێڵن و ڕوو دەکەنە اللە تەعالا و شەو نوێژ دەکەن، لە نوێژەکان و غەیری نوێژیشیدا لە ترسی ئاگری دۆزەخ و ھیوا بوون بەڕەحم و بەزەیی ئەو لە اللە تەعالا دەپاڕێنەوە، وە لەو ماڵ و سامانەی پێمان داون لە پێناو اللە تەعالا دەیبەخشن.
(17) ھیچ کەسێک نازانێت اللە تەعالا چی بۆ ئامادە کردووە لە بەھەشتدا کە دەبێتە مایەی دڵخۆشی و چاوڕوونی بۆی، ئەم پاداشتە دەدرێنەوە بەھۆی ئەو کردەوە چاکانەی لە دونیادا ئەنجامیان داوە، ئەم پاداشتە ھێندە گەورەیە تەنھا اللە تەعالا عیلمی پێی ھەیە و ئاگاداریەتی.
(18) ئایا ئەو کەسەی باوەڕدارە و فەرمانەکانی اللە تەعالا جێ بە جێ دەکات و دوور دەکەوێتەوە لە ڕێگرییەکانی، وەک ئەو کەسە وایە گوێرایەڵی تاعەت و فەرمانەکانی ئەو نییە، بێگومان ئەو دوو دەستەیە وەک یەک و یەکسان نین لەپاداشتدانەوەدا لای اللە تەعالا.
(19) جا ئەوانەی باوەڕیان بە اللە ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان ئەنجامداوە، پاداشتیان بریتیە لە بەھەشتانێکی پڕ ڕێز و خۆشی کە اللە تەعالا بۆی ئامادە کردوون و تێیدا دەمێننەوە و جێگیر دەبن بەھەتا ھەتایی، لە پاداشتی ئەو کار و کردەوە چاکانە لە دونیادا دەیانکرد.
(20) وە ئەوانەی لە فەرمان و تاعەت و گوێڕایەڵی اللە تەعالا دەرچوون و بێباوەڕ بوون پێی و گوناھ و تاوانیان ئەنجامداوە، ئەو جێگایەی لە ڕۆژی قیامەتدا بۆیان ئامادە کراوە ئاگری دۆزەخە، کە بەھەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە، ھەر کاتێکیش دەیانەوێت لێی دەرچن دووبارە دەیانگێڕنەوە بۆ ناوی، وە بەسەر زەنشتەوە پێیان دەوترێت: سزای ئەو ئاگرە بچەژن کە لە دونیادا باوەڕتان پێی نەبوو، کاتێک پێغەمبەرەکانتان دەیانترساندن پێی.
(21) بێگومان ئەوانەی بێباوەڕن و لە تاعەت و گوێڕایەڵی پەروەردگاریان دەرچوون سزا و بەڵا و ناڕەحەتییەکانی دونیایان پێدەچێژین، پێش سزا گەورەکەی کە لە دواڕۆژدا بۆیان ئامادەکراوە ئەگەر تەوبە نەکەن لە بێباوەڕی و گوناھ و تاوان، بەڵکو بگەڕێنەوە بۆ تاعەت و گوێرایەڵی پەروەردگاریان.
(22) ھیچ کەس ھێندەی ئەو کەسە ستەمکارتر نییە، کە بە ئایەتەکانی پەروەردگاری ئامۆژگاری بکرێت بەڵام پەند و ئامۆژگاری لێوەرنەگرێت و گوێی پێ نەدات و پشتی تێ بکات، بێگومان ئێمە تۆڵە لە تاوانباران دەسێنینەوە، - ئەوانەی بێباوەڕن و گوناھ و تاوان ئەنجام دەدەن و پشت دەکەن لە ئایەتەکانی اللە تەعالا-.
(23) بەدڵنیاییەوە ئێمە تەوراتمان دا بە موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت)، ئەمجا - ئەی پێغەمبەر- گومانت نەبێت لە گەیشتنت بە موسا لە شەوی ئیسراء و میعراجدا، وە ئێمە ئەو کتێبەی دابەزییە سەر موسا کردوومانە بە مایەی ھیدایەت و ڕێنمونی بۆ نەوەکانی ئیسرائیل.
(24) وە لەناو نەوەکانی ئیسرائیلیشدا کەسانێکمان کردووە بە پێشەوا و پێشەنگ کە خەڵکی چاویان لێ بکەن و شوێنیان بکەون لە ھەق و ڕاستیدا، ئەو پێشەوایانە ڕێنمونی خەڵکیان دەکرد بۆ ھەق و ڕاستی بەئیزنی ئێمە، کاتێک ئارامیان گرت لەسەر بەجێھێنانی فەرمانەکانی اللە تەعالا و دوور کەوتنەوە لە نەهی لێکراوەکان، وە ئارامیان گرت لەسەر ئەزیەت و ئازاردان لە ڕێگای بانگەواز کردن بۆ لای اللە تەعالا، وە ئەوان باوەڕی تەواویان ھەبوو بەو ئایەتانەی دابەزیوە بۆ سەر پێغەمبەرەکەیان، وە زۆر دڵنیان و باوەڕی تەواویان پێی ھەیە.
(25) - ئەی پێغەمبەر- بەڕاستی پەروەردگارت لە ڕۆژی قیامەتدا بڕیاری دادگەرانە دەدات لەو شتانەی کە لە دونیا جیاوازی و ناکۆکی لە نێوانیاندا ھەبوو لەسەری، ئەوانەی لەسەر ھەقن و ئەوانەیشی لەسەر باتڵن ئاشکرا دەکات، وە پاداشتی ھەر کەسێکیشیان بەوەی شایستەیەتی دەداتەوە.
(26) ئایا ئەوانە کوێرن و بۆیان دەرنەکەوتووە کە پێش ئەوان چەند گەل و نەتەوەمان لەناو برد؟! کە بەناو ئەو ماڵانەدا دێن و دەڕۆن کە ئەوانی تێدا نیشتەجێ بوو بوون پێش لەناوچوونیان، ھیچ پەند و ئامۆژگاریان لەحاڵی ئەوان وەرنەگرت، بێگومان لەوەی بەسەر ئەو گەل و نەتەوانەدا ھات لەتیاچوون و سزادان بەھۆی بێباوەڕی و گوناھ و تاوانیانەوە پەند و ئامۆژگاری ھەیە بۆ کەسانێک بیکەنە بەڵگە لەسەر ڕاستی ئەو پێغەمبەرانەی لەلایەن اللە تەعالاوە بۆیان ھاتبوون، ئایا ئەوانەی باوەڕیان نییە بە ئایەتەکانی اللە تەعالا نابیستن بیستنێک ڕازی بن بە ئایەتەکانی پەروەردگار و پاشان پەند و ئامۆژگاریشی لێوەربگرن ؟!
(27) ئایا ئەوانەی باوەڕیان بە زیندووبونەوە نییە، نابینن کە بێگومان ئێمە ئەو ئاو و بارانە دەنێرین بۆ ئەو زەوییە وشک و ڕەقانەی کە ھیچ جۆرە ڕووەک و گژوگیایەکی لێ نییە، دوای بە ھۆی ئەو بارانەوە لەو زەوییە وشک و مردووە کشتوکاڵ و دانەوێڵە و گژوگیا دەردەھێنین کە خۆیان و ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتەکانیشیان لێی دەخۆن؟! ئایا ئەوانە بەچاوی خۆیان ئەوە نابینن، وە نازانن ئەوەی ڕووەکی لە زەوی وشک و ڕەق سەوز کرد و دەرھێنا دەسەڵاتی ئەوەیشی ھەیە کە مردووەکان زیندوو بکاتەوە.
(28) ئەوانەی باوەڕیان بە زیندووبونەوە نەبوو، پەلەیان بوو لەھاتنی سزا و دابەزینی بۆ سەریان، دەیانووت: ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن ئەم بەڵێن و حوکم و بڕیاردانە لە نێوانماندا لە ڕۆژیی قیامەت کەی ڕوو دەدات، گوایە بەقسەی ئێوە سەرەنجامی ئێمە بۆ ئاگر بێت و سەرەنجامی ئێوەیش بۆ بەھەشت؟!
(29) - ئەی پێغەمبەر- پێیان بڵێ: ئەو بەڵێنە ڕۆژی قیامەت دێتە دی، بێگومان ئەو ڕۆژە ڕۆژی جیاكردنەوەیە لە نێوان بەندەکاندا، ئەو ڕۆژەی ئەوانەی لە دونیادا بێباوەڕ بوون، باوەڕھێنان ھیچ سوود و قازانج ناگەیەنێت پێیان کاتێک بە چاوی خۆیان ڕۆژی قیامەت دەبینن، ئەوانە مۆڵەتیشیان نادرێت و مردنیشیان دواناخرێت بۆ ئەوەی تەوبە بکەن و بگەرێنەوە بۆ لای پەروەردگاریان.
(30) - ئەی پێغەمبەر- ڕوویان لێوەربگێڕە و ھیچ گوێ مەدە بەوانەی لەناو گومڕایی و سەرلێشێواویدا ڕۆچوون، وە چاوەڕی بکە بزانە چیان بەسەر دێت، وە بێگومان ئەوانیش چاوەڕێی ئەو سزایەن کەبەڵێنیان پێدراوە.