(1) سوێند بەکاتی سەرەتای ڕۆژ بەکاتی چێشتەنگاو.
(2) وە سوێند بەشەو کاتێک تاریک دادێت وخەڵکی لەجموجوڵ دەکەون.
(3) -ئەی پێغەمبەر- پەروەردگارت وازی لێ نەھێناویت وزویر نەبووە لێت، وەک ئەوەی بێباوەڕەکانی قوڕەیش گومان دەبەن، کاتیک بۆ ماوەیەک وەحی وەستا.
(4) بێگومان ژیانی دوا ڕۆژ چاکتر وباشترە بۆ تۆ لە ژیانی دونیا، چونکە ناز ونیعمەتەکانی بەردەوام ونەبڕاوەن.
(5) لەمەو دوا پەروەردگارت ئەوەندە ناز ونیعمەت وپاداشتی نەبڕاوە بەخۆت وئومەتەکەت دەبەخشێت کە ڕازی بیت پێی.
(6) بێگومان اللە -تەعاﻻ- بینیتی کاتێک بەمناڵی باوکت مرد، ئەو کاتە داڵدەی دایت وحەواندیتیەوە، بەوەی باپیرت (عبدالمطلب) سۆز وخۆشەویستی بۆت ھەبوو، پاش مردنی ئەویش سۆز وخەویستی (ئەبو طالب)ی مامت.
(7) وە بینیتی کە نەتدەزانی نە قورئان ونە ئیمان وباوەڕ چیە، ئەوسا اللە -تەعاﻻ- فێری ئەو شتانەی کردیت کە پێشتر نەتدەزانی وبێ ئاگا بوویت لێی.
(8) وە ئایا نەیبینیت بە ھەژاری ونەداری، ئەمجا ماڵ وسامانی پێبەخشیت ودەوڵەمەندی کردیت؟.
(9) کەواتە تۆش ئەی پێغەمبەر بەخراپە مامەڵە مەکە لەگەڵ ھەتیوو ومەیچەوسێنەرەوە وقاریان لێمەگرە وزەلیلیان مەکە (چونکە تۆش ھەتیوو بوویت وخوای گەورە حەواندیتیەوە).
(10) ھەروەھا ھەڵمەشاخێ بە ڕووی ئەو سواڵکەر وھەژارانەی داوای یارمەتی دەکەن.
(11) لەبەرامبەر نازو نیعمەتەکانی پەروەردگارت شوکر وسوپاسی بکە وباسیان بکە (کە گەورەترین نیعمەتی بۆ تۆ پێغەمبەرایەتی بوو).