(1) - ئەی پێغەمبەر- خۆت و ئەو باوەڕدارانەیشی لە گەڵتدان لەسەر تەقوای اللە تەعالا دامەزراوبن بە بەجێھێنانی فەرمانەکانی و دوور کەوتنەوە لە ڕێگرییەکانی، وە تەنھا لەویش بترسن، وە گوێڕایەڵ و فەرمانبەرداری بێباوەڕان و دووڕوان مەبە لەوەی ئارەزوویان پێی خۆشە، بێگومان اللە تەعالا زۆر زانایە بەو فڕوفێڵەی بێباوەڕان و دووڕوەکان ئەیکەن، وە زۆریش داناو کاربەجێیە لە بەدیھێنراوەکانی و بەڕێوەبردنیدا.
(2) وە شوێن ئەو وەحی و نیگایە بکەوە کە پەروەردگارت بۆی دابەزاندوویت، بێگومان اللە تەعالا ئاگادارە بەوەی ئەنجامی دەدەن، ھیچ شتێکی لەو کارانە لێ ون نابێت، وە پاداشتی چاکەکارانتان دەداتەوە و تۆڵەیش لە خراپەکارنتان دەسێنێتەوە.
(3) لە تەواوی کارەکانتدا، تەنھا پشت بە اللە تەعالا ببەستە، وە ھەر ئەویش بەسە پارێزەری ئەو بەندانەی بێت کەپشتی پێ دەبەستن.
(4) ھەروەکو اللە تەعالا دوو دڵی لە سینگی ھیچ پیاوێكدا دانەناوە، ھەروەھا ئەوەیشی دانەناوە بەژنەکانتان بڵێن: ئێوە وەک دایکمانن و لێمان حەرامن، ھەروەھا اللە تەعالا بە کوڕکراوەکانی نەکردووەتە کوڕی نەسەب و پشتی خۆتان، بێگومان (ظھار) کردن بریتیە لەوەی پیاوێک ژنی خۆی لەسەر خۆی حەرام بکات و پێی بڵێ: تۆ وەک پشتی دایکم وایت بۆم، ھەروەھا بە کوڕکردنیش حەرام کراوە: لەسەردەمی نەفامیدا بەکوڕکردن ھەبوو (ئەویش بەو شێوەیە بوو کەسێک دەھات کۆیلەیەکی دەکرد بەکوڕی خۆی و دواتر خەڵکی ئەو کۆیلەیان بەکوڕی فڵان کەس بانگ دەکرد) بەڵام کاتێک ئیسلام ھات ئەمەی یاساغ کرد و نەیھێشت، ئەوە قسەی سەر زارەکیتانە کە بەژنی خۆتان بڵێن وەک دایکم وایت یان کۆیلەیەک بڵێن کوڕی خۆم، وتەیەکە بەزاری خۆتان دووبارەی دەکەنەوە، وە ھیچ ھەقیقەت و ڕاستی نییە، چونکە ژنی خۆت دایکت نییە، وە ئەوەیشی بانگی دەکەیت کوڕم کوڕی خۆت نییە، اللە تەعالایش ھەق و ڕاستی دەڵێت، تاوەکو بەندەکانی کاری پێ بکەن، وە ھەر ئەو زاتە پیرۆزە ڕێنمونی خەڵک دەکات بۆ ڕێگای ڕاست.
(5) ئەوانەی ئێوە وا دەزانن کوڕتانن و کردوتانن بە کوڕی خۆتان بەناوی باوکی ڕاستی خۆیانەوە بانگیان بکەن، ھەر ئەوەیش ڕاستر و دادەپەروەرانەیە لای اللە تەعالا، ئەگەر ھاتوو باوکی ئەوانەتان نەدەناسی تا بەناوی باوکیانەوە بانگیان بکەن، ئەوانە برای ئاینی و ئازادکراوی ئێوەن، بە برای من یان ئامۆزا بانگیان بکەن، ھیچ گوناھێکتان لەسەر نییە ئەگەر بەھەڵە نەسەبی کەسێکتان دابێتە پاڵ کەسێکی تر، بەڵام گوناھبار دەبن ئەگەر بەدەست ئەنقەصەد و عەمدی وا بڵێن:اللە تەعالا لێبووردەیە بۆ ئەو بەندانەی کە تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای، وە زۆریش میھرەبان و بە بەزەییە بەرامبەریان چونکە سزایان نادات لەسەر وتنی گوفتارێک بەھەڵە.
(6) پێغەمبەر موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) لەخودی باوەڕداران بۆ خۆیان باشترە لە ھەموو ئەو شتانەی بانگیان دەکات بۆی، ھەرچەند نەفس و دەروونی خۆیان حەز بەشتی تر بکەن، وە خێزانەکانی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) وەک دایکی ھەموو باوەڕداران وان، حەرامە دوای مردنی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) ھیچ کەسێک لە باوەڕداران ئەوان بخوازێت، وە ئەوانەی بەنەسەب خزم و نزیکی یەکترن لەپێشترن میرات لەیەکتری وەربگرن، ئەمەش لە حوکمی اللە تەعالا لە میرات گرتن بەھۆی باوەڕ و کۆچکردنەوەیە لە رێگای اللە، (لەسەرەتای ئیسلامەوە باوەڕداران بەھۆی باوەڕ و کۆچکردنەوە میراتیان لەیەکتری وەردەگرت، بەڵام دواتر ئەم حوکمە سڕایەوە) - ئەی باوەڕداران- مەگەر تەنھا کاتێک نەبێت خۆتان وەسیەت بکەن بۆ خزمان و دۆستانێک کە میراتتان لێ نابەن بەشیان بدرێت لە میراتییەکەتان بەھۆی ئەوەی چاکەی لەگەڵ کردویت تۆیش بتەوێت چاکەی لەگەڵ بکەیتەوە، ئەم حوکم و بڕیارەی باسکرا لە (لوح المحفوظ) دا نوسراوەتەوە و پێویستە کاری پێ بکرێت.
(7) - ئەی پێغەمبەر - باسی ئەوە بکە بۆ گەلەکەت کاتێک پەیمانێکی بەھێز و بتەومان وەرگرت لە پێغەمبەران کە بەتاک و تەنھایی اللە تەعالا بپەرستن و ھیچ شتێکیش نەکەن بەشەریک و ھاوەڵی، وە ئەوەیشی لە وەحی و نیگا بۆیان دابەزیوە بیگەیەنن بە خەڵکی، ئەو پەیمان و بەڵێنەمان بەتایبەت لە تۆ و نوح و ئیبراهیم و موسا وعیسای کوڕی مەریەم وەرگرت، پەیمانێکی بەھێز و بتەومان لێوەرگرتن کە وەفا بکەن و پەیوەست بن بە گەیاندنی پەیامەکانی اللە تەعالا کە وەک ئەمانەت پارێزێک خراوەتە ئەستۆیانەوە.
(8) اللە تەعالا ئەم پەیمانە بەھێز و بتەوەی لە پێغەمبەران وەرگرت تاوەکو اللە تەعالا پرسیار لە ڕاستگۆیانی پێغەمبەران بکات کە ئایا پەیامەکەیان بەجوانی گەیاندووە، ئەمەش بۆ دەمکوتکردنی بێباوەڕانە، اللە تەعالا لە ڕۆژی قیامەتدا سزای پڕ ئێش و ئازاری ئامادە کردووە کە بریتیە لە سزای ئاگری دۆزەخ بۆ ئەوانەی باوەڕیان بەزاتی خۆی و پێغەمبەرەکانی نییە.
(9) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بە اللە تەعالا و کار و کردەوە چاکەکانتان بەپێی شەریعەتەکەی ئەنجامداوە، باسی ئەو ناز و نیعمەتانەی اللە تەعالا بکەن بەسەرتانەوەیە کاتێک لەشکر و سوپای بێباوەڕان ھەموو کۆبوونەوە و ھاتنە سەر شاری مەدینە بۆ جەنگ کردن لەگەڵتان، وە دووڕوو و جولەکەکانیش پشتیوانی ئەوان بوون، لەو کاتەدا ڕەشەبایەکی بەھێزمان وەک ڕەشەبای (سەبا) ھەڵکردە سەریان، بە ھۆیەوە پێغەمبەر و سوپای ئیسلامی سەرکەوتن بەسەریاندا، ھەروەھا لە ئاسمانەوە فریشتەمان ناردە سەریان کە ئەوان بەچاو نەیاندەبینین، لە ئەنجامدا بێباوەڕان پشتیان ھەڵکرد و تێکشکان و ھەڵھاتن و دەسەڵاتی ھیچیان نەما، وە اللە تەعالا ھەموو ئەو کردەوانەی ئێوە دەیکەن دەیانبینێت، وە ھیچ شتێکی لێ شاراوە نییە، وە پاداشتی ھەموو کارەکانیشتان دەداتەوە.
(10) کاتێک بێباوەڕان لەسەرو خوارووی شیوەکەوە بۆتان ھاتن لە ھەردوو ڕووی ڕۆژەھەڵات و ڕۆژئاواوە، ئەو کاتە چاوەکان ھەموو ئەبڵەق بووبوون تەنھا چاویان لەسەر دوژمن بوو، وە دڵەکانیش لەترسا گەشتبووە گەروو، وە گومانی جۆراو جۆرتان بە اللە تەعالا دەبرد، جارێک گومانتان دەبرد کە سەربکەون، جارێکی تریش گومانی نائومێد بوون بەسەرکەوتن.
(11) لەو ھەڵوێستە و لە جەنگی خەندەقدا باوەڕداران تاقیکرانەوە بەوەی دوژمنەکانیان لە ھەموو لایەکەوە ھاتنە سەریان و کۆبوونەوە دژیان، وە ڕاوەشێنران بەڕاوەشاندنێکی توند لەتاو ترسێکی زۆر، بەم تاقیکردنەوەش باوەڕداران دەرکەوتن و جیاکرانەوە لە دووڕوەکان.
(12) لەو ڕۆژەدا دووڕوو و ئیمان لاوازەکان ئەوانەی گومان لە دڵیاندا ھەبوو (دڵیان نەخۆش بوو) وتیان: بێگومان ئەو بەڵێنەی اللە و پێغەمبەرەکەی پێیانداین کە سەردەکەوین بەسەر دوژمنەکانمان و دەسەڵاتمان ئەبێت بەسەریاندا ھەمووی بەڵێنی بێ بنەما و ناڕاست و دوور لە ھەقیقەت و فریودان بوو.
(13) - ئەی پێغەمبەر - باسی ئەوە بۆ باوەڕداران بکە کاتێک دەستەیەک لە دووڕوان بە خەڵکی مەدینەیان وت : ئەی خەڵکی یەثرب (یەثرب: پێش ئیسلام ناوی مەدینە بوو) ئێوە لێرە لای خوارووی چیای سەلع كە نزیک خەندەقە شوێنی مانەوەتان نییە بگەڕێنەوە ماڵەکانتان، دەستەیەکی تریان داوای مۆڵەتیان دەکرد لە پێغەمبەر (صلی الللە علیە وسلم) بۆ ئەوەی بگەرێنەوە ماڵەکانیان بە بیانووی ئەوەی ماڵەکانیان پارێزراو نییە و دیارە لە دوژمنەوە، نەخێر وانییە لەڕاستیدا ماڵەکانیان دیار نەبوو لە دوژمنەوە وەک گومانیان دەبرد، بەڵکو بەو بڕ و بیانووە درۆیانە دەیانویست لە دوژمن ھەڵبێن.
(14) ئەگەر دوژمن لە ھەموو لایەکی مەدینەوە بھاتایەتە سەریان، پاشان داوایان لەو دووڕوانە بکردایە کە بگەڕێنەوە سەر کوفر و ھاوەڵ بڕیاردان بۆ اللە تەعالا، بێگومان گوێڕایەڵی دوژمنەکانیان دەبوون، ھیچ شتێک ڕێگری پاشگەز بوونەوە و گەڕانەوەیانی بۆ سەر بێباوەڕی نەکرد کەمێکیان نەبێت.
(15) ئەو دووڕوانە لە غەزای ئوحودیش پاش ھەڵھاتنیان لە جەنگەکە بەڵێنیاندا بە اللە تەعالا: ئەگەر جارێکی تر اللە (جل جلالە) جەنگێکی تریان پیشان بدات ئەوە بێگومان لەگەڵ دوژمندا دەجەنگن، وە ھەرگیز لەترسیشدا پشت ھەڵناکەن و ڕاناکەن، بەڵام بەڵێنەکەیان شکاند، وە بەندەکان بەرپرسن لەو بەڵێنەی داویانە بە اللە تەعالا، وە لە پاشەڕۆژیشدا لێیان دەپرسێتەوە.
(16) - ئەی پێغەمبەر- بەو دووڕوانە بڵێ: ھەڵھاتن لەجەنگ لەترسی مردن یان کوشتن ھیچ سوودێکتان پێ ناگەیەنێت، چونکە کاتی مردن دیاریکراوە و بڕاوەتەوە، خۆ ئەگەر ڕاتانکرد و ھەڵھاتن بەڵام کاتی مردنتان نەھاتبوو، ئەوا بە ئەندازەی تەمەنی دیاریکراوتان ڕادەبوێرن و ژیان دەبەنە سەر، ئەمەش بەراوورد کردن بە ژیانی دواڕۆژ ھەر زۆر کەمە.
(17) - ئەی پێغەمبەر- بڵێ: کێ ھەیە ئێوە لە اللە تەعالا بپارێزێت و بەرگریتان لێ بکات ئەگەر ئەو بیەوێت زیانتان پێ بگەیەنێت بە مردن یان کوشتن، یان بیەوێت تووشی ڕەحمەت و بەزەیی خۆیتان بکات، ھیچ کەسێک نییە بەرگری ئەوەتان لێ بکات، وە ئەو دووڕوانە جگە لە اللە تەعالا پشتیوانێک نابیننەوە پشتیوانیان بێت و کاروبارەکانیان بەڕێوە ببات، یان یارمەتیدەرێک بیانپارێزێت لەسزا و تۆڵەی پەروەردگار.
(18) اللە تەعالا ئاگاداری ئەوانەتانە کە ئاستەنگ دروست دەکەن و کەسانی ترتان لەجەنگ و جیھاد سارد دەکەنەوە لەگەڵ پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) دا، وە بە براکانیان دەڵێن: وەرن بۆ لامان و لەگەڵ پێغەمبەردا جەنگ و جیھاد مەکەن تاوەکو نەکوژرێن، بێگومان ئێمە دەترسێین کە ئێوە بکوژرێن، ئەو سەرشۆڕانە بەدەگمەن نەبێت، نایەن بۆ جەنگ کردن و بەشداری ناکەن تێیدا، ئەویش تەنھا بۆ ئەوەی عەیب و عار و تانەدان لەخۆیان دوور بخەنەوە، نەک بۆ ئەوەی بیانەوێت ئاینی اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی سەربخەن.
(19) - ئەی باوەڕداران- ئەوانە زۆر ڕژد و چروک و بەخیلن، ماڵ وسامانیان نابەخشن و یارمەتیتان نادەن، بەگیان و نەفسی خۆشیان ھەر ڕژد و چروکن لە گەڵتاندا دژ بە بێباوەڕان ناجەنگن، وە ڕژد و چروکیشن بە مەوەدە و خۆشەویستیان ، بۆیە دەبینیت ئێوەیان ھیچ خۆش ناویت، جا کاتێکیش ترس ڕوویان تێ بکات لەکاتی ڕووبەڕوبونەوە لەگەڵ دوژمندا، - ئەی پێغەمبەر- دەیانبینیت بە جۆرێک تەماشات دەکەن لەترسی جەنگ چاویان بەملاو ئەولادا دەسوڕێت وەک سوڕانی چاوی ئەو کەسەی لەسەرەمەرگدایە، جا کاتێک جەنگ کۆتایی ھات و ترسیان نەما و دڵنیابوونەوە، بەزمانی تیژیان زمانتان لێ درێژ دەکەن و بەتانە و تەشەر ئازارتان دەدەن، ڕژد و چروکن لە غەنیمەت و دەستکەوتەکانی جەنگ و بەشوێنیدا دەگەڕێن، ئەوانەی ئەمە سیفات و ڕەوشتیانە بەڕاستی باوەڕیان نەھێناوە، بۆیە اللە تەعالایش پاداشتی کار و کردەوەکانیانی بەتاڵ و پوچەڵ کردەوە، ئەم بەتاڵ و پوچەڵ کردنەوەیەش بۆ اللە تەعالا زۆر ئاسانە.
(20) ئەو ترسنۆکانە وا گومان دەبەن ئەو دەستە و تاقم و کۆمەڵانەی کۆبوونەوە بۆ جەنگ کردن دژ بە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) و باوەڕداران ناڕۆنەوە تاوەکو لە ڕیشەوە کۆتایی بە باوەڕداران نەیەنن، وە ئەگەر جارێکی تریش ڕێکكەوت ئەو دەستە و تاقم و کۆمەڵانە گەڕانەوە بۆ ھێرش کردنە سەر شاری مەدینە ئاواتە خوازن لە دەرەوەی مەدینە لەو دەشتە لەگەڵ دەشتەکییەکاندا بن، وە لەدوورەوە پرسیاری ئێوەیان بکردایە و ھەواڵی مەدینەیان بپرسیایە ، کەچی ڕوویداوە لەپاش جەنگ کردنی دوژمنان لەگەڵتاندا؟ - ئەی باوەڕداران- ئەوانە ئەگەر لەگەڵ ئێوەشدا بوونایە کەمێکیان نەبێت کەسیان ھاوشانی ئێوە بەشداری جەنگیان نەدەکرد، دەی ئێوەیش گوێیان مەدەنێ، وە ھیچ خەفەتیشی پێ مەخۆن.
(21) بە دڵنیاییەوە لەوەی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) دەیفەرموێت وە لەوەیش ئەو پێی ھەڵدەستێ و ئەنجامی دەدات پێشەنگ و قدوەیەکی چاکتان بۆ ھەیە تاوەکو چاوی لێ بکەن، بێگومان ئەو پێغەمبەرە (صلی اللە علیە وسلم) خودی خۆی ئامادە بوو و بەشداری جەنگەکەی کرد، ئیتر چۆن ئێوە بەڕۆح و گیانی خۆتان ڕژدی و چروکی دەکەن و ئامادە نابن؟ بێگومان کەسێک دەست بە سوننەت و ڕەوشتە بەرزەکانیەوە دەگرێت کە ئومێدی بە اللە تەعالا و ڕۆژی دوایی ھەبێت بگاتەوە پێیان، وە کاری بۆ دەکات و خۆی بۆ ئامادە دەکات، وە زۆریش یادی اللە تەعالا دەکات، بەڵام ئەوەی ئومێدی نییە بگات بە ڕۆژی دوایی و زۆریش یادی اللە تەعالا ناکات، بێگومان چاو لە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) ناکات و نایکاتە پێشەنگ و قدوەی خۆی.
(22) باوەڕداران کاتێک ئەو دەستە و تاقمانەیان بینی کە کۆبوونەتەوە بۆ کوشتار و جەنگ كردن لەگەڵیان، وتیان: ئەمە ئەو تاقیکردنەوە و ناڕەحەتی و سەرکەوتنانەیە کە اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی بەڵێنیان پێدابووین، اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی لەمەدا ڕاستیان کرد، ھەرچییەکیان وت ھاتەدی، لەبەر ئەوە بینین و تەماشاکردنی ئەو دەستە و تاقمانەی ھێزی کوفر کە چوار دەوریان دابوون تەنھا باوەڕیان بە اللە تەعالا و ملکەچییان بۆی پێی زیاد کرد.
(23) لەناو باوەڕداراندا پیاوانێک ھەن ڕاستیان کرد لەگەڵ اللە تەعالا، وە بە وەفا بوون و ئەو پەیمانەی دابوویان پێی بەجێیان ھێنا کە دامەزراو دەبن و ئارام دەگرن لەسەر جیھاد و تێکۆشان لە پێناو اللە تەعالادا، ھەندێکیان مردن یان لەپێناو ئەودا کوژران، وە ھەندێکی تریشیان چاوەڕێی شەھید بوون لە پێناو اللە تەعالادا دەکەن، ئەوانە ئەو پەیمان و بەڵێنەی دابوویان بە اللە تەعالا ھیچ گۆڕانکاریەکیان تێدا نەکرد و لەسەری بەردەوام بوون، وەک دووڕوەکانیان نەکرد کە پەیمان و بەڵێنەکانیان لەگەڵیدا شکاند.
(24) تاوەکو اللە تەعالا پاداشتی ڕاستگۆکانیان بداتەوە، ئەوانەی کە بەوەفا بوون لەگەڵ ئەو بەڵێنەی دابوویان بە اللە، بە ڕاستگۆیی خۆیان و بە وەفایی لەگەڵ بەڵێنەکانیان، وە ئەگەر ویستی سزای دووڕوەکانیش بدات، ئەوانەی بەڵێنەکانیان شکاند و خاوەنی قسەی خۆیان نەبوون، ئەویش بەوەی پێش ئەوەی تەوبە بکەن لە کوفر و بێباوەڕی بیانمرێنێت، یان تەوبەیان لێ وەربگرێت، بەوەی موەفەق و سەرکەوتویان بکات بۆ تەوبە کردن، وە اللە تەعالا لێبوردەیە بۆ ئەوانەی تەوبە دەکەن لە گوناھەکانیان و دەگەڕێنەوە بۆ لای، وە زۆریش میھرەبان و بەبەزەییە بەرامبەریان.
(25) اللە تەعالا قوڕەیش و غەتەفان و ئەوانەیش لەگەڵیاندا بوون بە نائومێدی و دۆڕاوی و ڕق و کینەوە گەڕاندەوە، چونکە ئەوەی بەتەمای بوون لە کیسیان چوو، وە نەیانتوانی باوەڕداران لە ڕیشەوە دەربھێنن و لەناویان ببەن، اللە تەعالا بەسە کە پشتیوانی باوەڕداران بێت لەجەنگ و کوشتاریان لەگەڵ بێباوەڕان، یاخود اللە تەعالا جەنگ و کوشتاری لەباوەڕدارن دوور خستەوە، بەوەی ڕەشەبای ھەڵکردە سەر بێباوەڕان و فریشتەی دابەزاند بۆ یارمەتیدانی باوەڕداران، وە اللە تەعالا بەھێزە و زاڵ و بەدەسەڵاتە بەسەر ھەموو شتێکدا، وە ھیچ کەس زاڵ نابێت بەسەریدا، بەڵكو ئەو سەرکەوتووە بەسەریدا و زەلیلی کردووە.
(26) اللە تەعالا ئەو جولەکانەی لە قەڵا و شوراکانیان ھێنایە خوارەوە کە یارمەتی قوڕەیش و غەتەفانیاندا لەو غەزایەدا، وە ترسی خستە دڵ و دەروونیانەوە، - ئەی باوەڕداران- ئێوە کۆمەڵ و دەستەیەکیان دەکوژن و کۆمەڵ و دەستەیەکی تریشیان بەدیل دەگرن.
(27) اللە تەعالا دوای لەناو بردنیان ئێوەی کرد بەخاوەنی زەوی و زار و کشتوکاڵ و باخە خورماکانیان، وە ماڵ و سامانەکانی تریشیانی کردە موڵک و بەشی ئێوە، وە زەوی و زاری خەیبەریش کە ھێشتا نەچوونەتە ناویەوە کردە موڵکی ئێوە، بەڵام دواتر دەچنە ناویەوە و ئەوێش لەچنگیان دەردەھێنن، ئەمەش بەڵێن و موژدەیە بۆ باوەڕداران، وە اللە تەعالا بەسەر ھەموو شتێکدا بەدەسەڵاتە، وە ھیچ شتیک دەسەوسانی ناکات.
(28) ئەی پێغەمبەر بڵێ بەخێزانەکانت (بەژنەکانت) کاتێک داوای زیاد کردنی بژێویت لێدەکەن، وە تۆیش ناتوانیت بژێوییەکانیان بۆ زیاد بکەیت، پێیان بڵێ: ئەگەر ژیان و لەزەت و خۆشی و جوانییەکانی دونیاتان دەوێت وەرن بۆ لام لەوەی دەدرێت بە ئافرەتانی تەڵاقدراو دەتاندەمێ تاوەکو بۆخۆتان خۆش پێی بژین، وە بەبێ زیان و ئازاردان تەڵاقتان دەدەم و لێتان جیا دەبمەوە.
(29) وە ئەگەر ڕەزامەندی اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەیشتان دەوێت، وە لە دواڕۆژدا بەھەشتان دەستکەوێت، ئەوا لەسەر ئەوە حاڵەی تێیدان ئارام بگرن، چونکە بێگومان اللە تەعالا بۆ ھەر یەکێک لەئێوەی چاکەکار کە ئارام دەگرن و ھەڵسوکەوتان چاکە پاداشتی گەورەی داناوە.
(30) ئەی ژنانی پێغەمبەر، ھەر کەسێک لە ئێوە گوناھ و سەرپێچییەکی ئاشکرا بکات، ئەوا لە ڕۆژی دواییدا سزای بۆ دوو بەرامبەر دەکرێتەوە، دوو ھێندەی خەڵکی تر سزا دەدرێت، لەبەر پلە و پایە و پاراستنی شەرەف و ڕێزی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم)، وە ئەم کارەیش (دوو بەرامبەر کردنەوەی سزا) بۆ اللە تەعالا زۆر ئاسانە.
(31) ھەر کەسێک لە ئێوە بەردەوام بێت لەسەر تاعەت و گوێڕایەڵی اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی، وە کار و کردەوەیەکی چاکی وا ئەنجام بدات کە جێگای ڕەزامەندی اللە تەعال بێت، ئەوا دوو ھێندەی ئافرەتانی تر پاداشتان دەدەینەوە، وە لە ڕۆژی دواییشدا پاداشتێکی بەڕێزمان بۆی ئامادە کردووە کە بریتیە لە بەھەشت.
(32) ئەی ژنانی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) ئێوە لە فەزڵ و ڕێز و شکۆدا وەک ژنانی تر نین، بەڵکو ئێوە لە فەزڵ و ڕێزدا لە پلەوپایە و مەقامێکدان ژنانی تر پێی ناگەن، ئەگەر بێتو فەرمانەکانی اللە تەعالا جێ بەجێ بکەن و دوور بکەونەوە لە ڕێگرییەکانی، کەواتە ئەگەر قسەتان لەگەڵ پیاوانی بێگانەدا کرد بە خەمزە و نازەوە قسەیان لەگەڵدا مەکەن، نەوەکو ئەوەی دڵ و دەروونی نەخۆشی دووڕوویی تێدایە نیازی خراپ و ئارەزوو و شەھوەتی حەرام بکات، ھەروەھا بەجۆرێک قسە بکەن دوور بێت لە گومان و شک، بەپێی پێویست قسەی جیدی بکەن و دوور بکەونەوە لە گاڵتە و گەپ و سوعبەت کردن لەگەڵ پیاوانی بێگانە.
(33) لە ماڵەکانی خۆتان بمێننەوە و بۆ کاری پێویست نەبێت لەماڵ مەچنە دەرەوە، وە جوانی و ڕازاوەیی خۆتان بۆ پیاوانی بێگانە دەرمەخەن وەکو ئافرەتانی سەردەمی نەفامی پێش ئیسلام دەیانکرد، ئەوان لە سەردەمی نەفامیدا جوانی و ڕازاوەیی خۆیان بۆ پیاوانی بێگانە دەردەخست تاوەکو سەرنجیان ڕابکێشن، وە نوێژەکانتان بە ڕێکوپێکی و جوانترین شێوە ئەنجام بدەن، وە زەکاتی ماڵ و سامانتان دەربکەن، وە گوێڕایەڵی اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی بکەن، بێگومان ئەی ژنانی پێغەمبەر و ئال و بەیتی ئەو ، اللە تەعالا دەیەوێت ھەموو جۆرە ئەزیەت و ئازار و خراپەیەکتان لێ دوور بخاتەوە، وە دڵ و دەروونتان پاک بکاتەوە، خو و ڕەوشتە ناشیرین و ناپەسەندەکانتان لێ داماڵێت و بەتەواوی پاکو خاوێنتان بکاتەوە، بە شێوەیەک دوای ئەوە ھیچ پیسی و ناشرینیەکی پێوە نەمێنێت.
(34) ھەرچییەک لەماڵەکانتاندا دەخوێنرێتەوە لە ئایەتەکانی اللە تەعالا و فەرموودەکانی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لە یادی بگرن و باسی بکەن بۆ خەڵکی، بێگومان اللە تەعالا بە لوتف و بەزەییە بەرامبەر بە ئێوە، وە منەتی بەسەردا کردوون لەماڵی پێغەمبەرەکەیدا دایناون، وە زۆریش شارەزاتانە کاتێک ھەڵیبژاردون کە ببنە خێزانی پێغەمبەرەکەی، وە دەست نیشانی کردوون وەک دایکی ھەموو باوەڕدارانی ئوممەتەکەی.
(35) بێگومان ئەو پیاو و ئافرەتانەی خۆیان زەلیل دەكەن بۆ خوای گەورە بە تاعەت و گوێڕایەڵی، وە ئەو پیاو و ئافرەتانەی دەبەخشن لە پێناوی خوادا، وە ئەو پیاو و ئافرەتانەی گوێڕایەڵن بۆ اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی، وە ئەو پیاو و ئافرەتانەی ڕاستگۆن لەباوەڕ و گوفتاریاندا، وە ئەو پیاو و ئافرەتانەی ئارامگرن لەسەر ئەنجامدانی تاعەت و گوێڕایەڵی و دووركەوتنەوە لە گوناھ و سەرپێچی و لەسەر بەڵا و موسیبەت، وە ئەو پیاو و ئافرەتانەی خێر و سەدەقەی فەرز و سوننەت دەکەن، وە ئەو پیاو و ئافرەتانەی ڕۆژووی فەرز و سوننەت دەگرن، وە ئەو پیاو و ئافرەتانەی داوێنی خۆیان دەپارێزن، وە دایدەپۆشن لە کەسانێک کە دروست نییە تەماشای بکەن، وە خۆیان بەدوور دەگرن لە زینا و پێشەکییەکانی، وە ئەو پیاو و ئافرەتانەی یادی اللە تەعالا بە دڵ و زمان بە ئاشکرا و نھێنی دەکەن، ئەوانە اللە تەعالا لێبوردەیە لە گوناھەکانیان و پاداشتێکی گەورەی لە ڕۆژی قیامەتدا بۆ ئامادە کردوون كە ئەویش بەهەشتە.
(36) بۆ ھیچ پیاو و ژنێکی باوەڕدار نییە کاتێک اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی بڕیاریاری ھەر کارێکیاندا سەرپشک بن لە وەرگرتن و ڕەفزکردنی، ھەر کەسێک سەرپێچی اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی بکات بێگومان گومڕابووە و لە ڕێگای ڕاست لایداوە بە گومڕاییەکی ڕوون و ئاشکرا.
(37) - ئەی پێغەمبەر- کاتێک بەو کەسە دەڵێیت کە اللە تەعالا نیعمەتی ئیسلامی بەسەردا ڕشتووە، وە تۆیش نیعمەتی ئازاد کردنت پێ بەخشیوە، - کەمەبەست پێی زەیدی کوڕی حاریسەیە -اللە تەعالا لێی ڕازی بێت- کاتێک ھات بۆ لات ڕاوێژت پێ بکات سەبارەت بە تەڵاقدانی خێزانەكەی كە زەینەبی کچی حەجش بوو - پێت وت: خێزانەکەی خۆت بگرە و لای خۆت بیھێڵەرەوە و تەڵاقی مەدە، لە اللە تەعالا بترسە و تەقوای ئەوت ھەبێت بە بەجێھێنانی فەرمانەکانی و دوورکەوتنەوە لە ڕێگریەکانی، - ئەی پێغەمبەر- شتێک لە دەروونی خۆتدا ئەشاریتەوە ئەویش ئەوەیە اللە تەعالا وەحی بۆ کردویت کە لەگەڵ زەینەبدا ھاوسەرگیری بکەیت،- لەترسی خەڵکی ئەوە دەشاریتەوە، بەڵام اللە تەعالا تەڵاقدانەکەی زەید و ھاوسەرگیریەکەی تۆی ئاشکرا کرد، اللە تەعالایش لەپێشترە کە تۆ لێی بترسیت لەم کارەدا، جا کاتێک دەروونی زەید سارێژ بوو وە پێویستی بە زەینەب نەما و تەڵاقیدا ، ئێمە زەینەبمان لە تۆ مارە کرد، تاوەکو ھیچ گوناھێک لەسەر باوەڕداران نەمێنێت لەھاوسەرگیری کردن لەگەڵ تەڵاقدراوانی بە کوڕکراوانیان، کاتێک تەڵاقیان دەدەن و عیددەکانیان تەواو دەبێت، وە فەرمانی اللە یش بۆ مارەکردنی زەینەب شتێکی بڕاوەیە و ھیچ ڕێگرێک نییە و ھەر دەبێت جێ بەجێ ببێت.
(38) ھیچ گوناھ و تاوانێک یان تەنگەڵانیەک لەسەر پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) نییە لەوەی اللە حەڵاڵی کردووە، ئەویش ھاوسەرگیری کردنە لەگەڵ ژنی تەڵاقدراوی ئەو کەسەی کە پێغەمبەر کردویەتی بە کوڕی خۆی، پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لەم کارەدا شوێن سوننەتی پێغەمبەرانی پێش خۆی دەکەوێت، ئەو کارێکی دانەھێناوە و شتێکی نەکردووە کە ئەوان نەیانکردبێت، وە ئەوەی اللە بڕیاری جێ بەجێکردنی داوە لەتەواو کردنی ئەم ھاوسەرگیرییە و پوچەڵکردنەوەی داب و نەریتی بە کوڕکردن پێغەمبەر ھیچ ڕایەک یان ھەڵبژاردنێکی بۆ نییە، ئەوە فەرمانی اللە یە بڕاوەتەوە ھەر دەبێت ببێ و ڕەد کردنەوەی نییە.
(39) ئەو پێغەمبەرانەی کە پەیامەکانی اللە دەگەیەنن بە ئوممەتەکانیان، وە تەنھا لەویش دەترسن وە بێجگە لەو لە ھیچ کەسێکی تر ناترسن، وە ئاوڕ نادەنەوە بە لای قسە و قسەڵۆکی خەڵکی کاتێک ئەوەی اللە تەعالا بۆی حەڵاڵ کردوون ئەنجامی دەدەن، وە اللە بەسە کە پارێزەری کار و کردەوەی بەندەکانی بێت بۆ ئەوەی لێ پرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، پاداشتی چاکەکارانیان بداتەوە، وە سزای خراپەکارانیشان بدات.
(40) موحەممەد باوکی ھیچ کەس لە پیاوەکانتان نییە ، مەبەست ئەوەیە باوکی زەیدی کوڕی حاریسە نییە، تاوەکو حەرام بێت بۆی ھاوسەرگیری لەگەڵ ژنە تەڵاقدراوەکەیدا بکات، بەڵکو پێغەمبەری اللە تەعالایە ڕەوانە کراوە بۆ ھەموو خەڵکی، وە کۆتا پێغەمبەریشە دوای ئەو ھیچ پێغەمبەرێکی تر نایەت، وە اللە زانا و ئاگادارە بەھەموو شتێک، وه ھیچ شتێکی لە کاروباری بەندەکانی لانھێنی وشاراوە نییە.
(41) ئەی ئەوانەی باوەڕتان بە اللە ھێناوە، وە بە پێی شەریعەتەکەی ئەو کارەکانتان دەکەن، یادی اللە تەعالا بە دڵ و زمان و تەواوی ئەندامەکانی تری لاشەتان بە زۆری بکەن.
(42) وە بە پاکی یادی اللە بکەن، لەبەر فەزڵ و گەورەییەکەی، لە سەرەتای ڕۆژ و کۆتاییەوە (سبحان اللە) و (لا إله إلا الله) بکەن
(43) ئەو زاتە پیرۆزە بەزەیی پێتاندا دێتەوە و بەباشی باستان دەکات، وە فریشتەکانیش لە اللە دەپاڕێنەوە بۆتان تاوەکو لەتاریکی کوفر و بێباوەڕیەوە دەرتان بھێنێت بۆ نوور و ڕوناکی ئیمان، وە اللە بە بەزەییە بۆ باوەڕداران، وە سزایان نادات ئەگەر ئەوان گوێڕایەڵی بکەن، ئەویش بە بەجێھێنانی فەرمانەکانی و دوور کەوتنەوە لە ڕێگرییەکانی.
(44) بەخێرھاتنی باوەڕداران لەو ڕۆژەی دەگەن بەپەروەردگاریان بریتیە لە ئاشتی و سڵاو و ئەمان لەھەموو خراپەیەک، وە اللە تەعالا پاداشتێکی بەڕێز و چاکی بۆ ئامادە کردوون کە بەھەشتی ھەتاھەتاییە، ئەوەیش پاداشتی ئەوانە لەبەرامبەر تاعەت و گوێڕایەڵیان بۆ پەروەردگار و دووریان لە سەرپێچی ئەو.
(45) ئەی پێغەمبەر بێگومان ئێمە تۆمان ڕەوانە کردووە بۆ لای خەڵکی تاوەکو شاھید بیت بەسەریانەوە، ئەوەی بۆت نێرراوە پێیان بگەیەنیت، وە موژدەیش بدەیت بە باوەڕداران کە اللە تەعالا بەھەشتی بۆ ئامادە کردوون، وە بێباوەڕانیش بترسێنیت بەوەی اللە تەعالا سزای ئاگری دۆزەخی بۆ ئامادە کردوون.
(46) وە تۆمان ناردووە بۆ ئەوەی بانگەواز بۆ یەکخواپەرستی اللە تەعالا و تاعەت و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بکەیت، وە ناردومانیت کە چرایەکی پرشنگدار بیت بۆ ئەو کەسەی بیەوێت بەھیدایەت خۆی ڕووناک بکاتەوە.
(47) وە موژدە بدە بەوانەی باوەڕیان ھێناوە بە اللە و کار بە شەریعەتەکەی ئەو دەکەن، بێگومان لەلایەن اللە تەعالاوە فەزڵ و پاداشتێکی گەورەیان بۆ ھەیە، سەرکەوتن لە دونیا و سەرفرازی دواڕۆژیش دەگرێتەوە، ئەویش بەچوونە بەھەشتی ھەتا ھەتایی.
(48) گوێڕایەڵی بێباوەڕان و دووڕوەکان مەکە لەوەی بانگەوازی بۆ دەکەن لە دژایەتی و ڕێگری کردنی ئاینەکەی اللە تەعالا، وە گوێ بە ئازاریان مەدە و پشتیان لێھەڵکە، بەڵکو ئەوە ببێت بەھۆی باوەڕھێنانیان بەو پەیامەی ھێناوتە، وە لەھەموو کاروبارێکتدا تەنھا پشت بە اللە تەعالا ببەستە، وەک پشت بەستن بە اللە لەسەرکەوتن بەسەر دوژمنەکاندا، وە اللە بەسە کە پارێزەر و پشتیوان بێت، بۆ ئەوەی بەندەکان لەھەموو کار و باری دونیا و دواڕۆژیدا پشتی پێ ببەستن
(49) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بە اللە و کار بە شەریعەتەکەی ئەو دەکەن، ئەگەر گرێبەستی ھاوسەرگیریتان لەگەڵ ئافرەتێکی باوەڕداردا بەست، وە پاشان پێش ئەوەی بچنە لایان تەڵاقتاندان، ئەوا پێویست نییە لەسەرتان عیدەیان لەسەر بژمێرن، جا بە (قورء یان بەمانگ) بێت عیدە واجب نییە لەسەریان، چونکە دەزانن و دڵنیان کە مناڵدانی ئەو ئافرەتە پاکوخاوێنە و ھێشتا کەس نەچووە بەلایدا، کەواتە لەماڵ و سامانی خۆتانیان بدەنێ ھەر کەس بەپێی دەسەڵات و توانای خۆی، ئەویش وەک دڵنەوایی دڵی شکاوی ئەو ئافرەتە کە بە تەڵاقدانی دڵی شکاوە، وە وازیان لێ بھێنن و ئازاریان مەدەن بابچن بەڕێی خۆیانەوە و بگەنەوە ماڵە باوانیان.
(50) ئەی پێغەمبەر بێگومان ئێمە ئەو ئافرەتانەمان بۆ حەڵاڵ کردویت کە مارەیەکانت داونەتێ، وە ئەو کەنیزانەشمان بۆ حەڵاڵ کردویت کە لەجەنگەکاندا اللە تەعالا دەستی خستویت، وە ھاوسەرگیریمان لەگەڵ کچە مامەکانت بۆ حەڵاڵ کردویت، وە لەگەڵ کچانی پورت (کچی خوشکی بابت)، وە لەگەڵ کچانی خاڵت، وە لەگەڵ ئەو کچە پورانەیشت (کچی خوشکی دایکت) کە لە مەککەوە کۆچیان کرد لەگەڵت بۆ مەدینە، وە ھاوسەرگیریمان بۆ حەڵاڵ کردویت لەگەڵ ئەو ئافرەتە باوەڕدارەی کە دەیەوێت بەبێ مارەیی خۆی ببەخشی بەتۆ ئەگەر تۆ بتەوێت مارەی بکەیت، (مارەبڕین و ھاوسەرگیری خۆ بەخشین و خۆ پێشکەش کردن تایبەت بووە بەپێغەمبەر- صلی اللە علیە وسلم) وە دروست نییە بۆ ھیچ کەسێکی تر لە ئوممەتەکەی بەو شێوەیە بکات، بێگومان ئێمە دەزانین چیمان واجب کردووە لەسەر باوەڕداران لەبارەی خێزانەکانیانەوە، بەوەی دروست نییە بۆیان ھاوسەرگیری لەگەڵ زیاتر لە چوار ژن بکەن، وە دەزانین چیمان کردووە بەشەرع بۆیان سەبارەت بە کەنیزەکەکانیان، دەتوانن بەڕەھایی بەبێ دیاری کردنی ژمارە چێژیان لێوەربگرن، وە ئەوەی بۆ تۆمان حەڵاڵ کردووە لەوەی باسکرا بۆ غەیری تۆمان حەڵاڵ نەکردووە، لەبەر ئەوەی ھیچ لەلات زەحمەت و گران نەبێت، وە اللە تەعالا لێبوردەیە بۆ ئەو بەندانەی تەوبە دەکەن، وە زۆریش بە بەزەییە بەرامبەریان.
(51) - ئەی پێغەمبەر- ئەو خێزانەت کە سەرەی مانەوەی شەویەتی ئەگەر ویستت دوای بخەو لای مەمێنەوە، وە ھەر یەکێک لەوانت ویست پێشی بخە و بیھێنە بۆ لای خۆت و شەو لای ئەو بمێنەوە، وە داوای ئەو خێزانەیشت بکە بێتەلات کەشەو مانەوەت دواخستووە، ئەوە ھیچ گوناھت ناگات لەوەی کردووتە، ئەم سەرپشکی و فراوانیەی اللە تەعالا بە تۆی بەخشیوە نزیکتر و باشترە بۆیان چاو و دڵیانی پێ بگەشێتەوە و ڕۆشن بێتەوە، وە ڕازی بن بەو بەشەی داوتە بەھەموویان، چونکە ئەوان دەزانن ئەم جۆرە بەشکردنەی شەوەکانت تۆ لە خۆتەوە نەتکردووە، وە تۆ ھیچ واجبێکی سەرشانت واز لی ناھێنیت، وە ڕژدی و چروکی ناکەیت لە پێدانی ھیچ ھەق و مافێکدا، وە اللە تەعالا دەزانێت چی لە دڵتاندایە ئەی پیاوان، لەوەی مەیلی مانەوە دەکەن لای ھەندێک لە خێزانەکانتان جگە لەھەندێکی تریان، وە اللە تەعالا زانا و ئاگادارە بە کار و کردەوەی بەندەکانی و ھیچ شتێکی لانھێنی و شاراوە نییە، وە زۆر لەسەرخۆیە و پەلەی نییە لەسزادانیان، بەڵکو تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای.
(52) - ئەی پێغەمبەر- دوای ئەم ژنانەی کە ئێستا خێزان و ھاوسەرتن، دروست و حەڵاڵ نییە بۆت ھاوسەرگیری بکەیت لەگەڵ ھیچ ئافرەتێکی تردا، وە دروست نییە بۆیشت ھەموویان یان ھەندێکیان تەڵاق بدەیت و بیانگۆڕیت بە ھاوسەرانی تر، ھەرچەندە بەجوانی ئەوانەیش سەرسام بیت کە دەتەوێت ھاوسەرگیریان لەگەڵدا بکەیت، بەڵام دروستە بۆت کە لەزەت و چێژ لەو کەنیزانە وەربگریت ھی خۆتن بەبێ دیاریکردنی ژمارەیان، وە اللە تەعالا چاودێر و پارێزەرە بەسەر ھەموو شتێکدا، ئەم حوکمە بەڵگەیە لەسەر فەزڵی دایکانی باوەڕدار، بێگومان اللە تەعالا ڕیگری کردووە لەوەی تەڵاق بدرێن، یان جارێکی تر ژنیان بەسەر بێت.
(53) ئەی ئەوانەی باوەڕتان بە الله تەعالا ھێناوە و بەشەریعەتەکەی ئەو کار دەکەن، مەچنە ژورەوە بۆ ناو ماڵەکانی پێغەمبەر، مەگەر خۆی مۆڵەتتان بدات بە چوونە ژوورەوە و بانگتان بکات بۆ نان خواردن، وە زۆر دامەنیشن چاوەڕێی پێگەیشتنی خواردن بکەن، بەڵام ئەر ھاتوو بانگکران بۆ نان خواردن ئیتر بچنە ژورەوە، وە کاتێکیش لە نان خواردن بوونەوە بڵاوەی لێ بکەن و مەمێنەوە بۆ مەجلیس گەرم کردن و دەمەتەقێ و سوعبەت لەگەڵ یەکتر کردن، بێگومان ئەو مانەوەیەتان ئازاری پێغەمبەر دەدات (صلی اللە علیە وسلم) چونکە ئەو شەرم دەکات داواتان لێ بکات بڵاوەی لێ بکەن، بەڵام اللە تەعالا شەرم ناکات لەفەرمان کردن بە ھەق، بۆیە فەرمانی پێکردوون کە بڵاوەی لێ بکەن تاوەکو بە مانەوەتان ئازاری پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) نەدەن، وە ئەگەر شتێکیتان لە خێزانەکانی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) داوا کرد وەک داواکردنی قاپێک یان دەفریک یان ھەر شتێکی تر، ئەوا لە پشتی پەردەوە داوایان لێ بکەن، وە ڕووبەڕوو داوای ھیچیان لێ مەکەن بۆ ئەوەی بەچاوی خۆتان نەیانبینن، وە پارێزراو بن لەھەموو کەس، ئەمەیش لەبەر پلە و پایەی پێغەمبەرە (صلی اللە علیە وسلم)، ئەم داواکردنەتان لەپشت پەردەوە خاوێنترە بۆ دڵی ئێوە و دڵی ئەوانیش، تاوەکو شەیتان نەدات لەدڵی ئێوە و دڵی ئەوانیش بە وەسوەسە دروستکردن و ڕازاندنەوەی گوناھ و خراپە بۆتان، وە - ئەی باوەڕدارینە - بەھیچ شێوەیەک دروست نییە بۆتان بەمانەوەتان بۆ قسەکردن ئازاری دڵی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بدەن ، وە نابێت ھەرگیز دوای مردنی خۆی خێزانەکانی مارە بکەن، چونکە ئەوان دایکانی باوەڕدارانن، وە دروست نییە ھیچ کەس دایکی خۆ مارە بکات، بێگومان ئەو ئازاردانەی دڵی پێغەمبەر و مارەکردنی خێزانەکانی دوای مردنی حەرامە و بەلای اللە تەعالاوە گوناھێکی زۆر گەورەیە.
(54) - ئەی خەڵکینە - ھەر شتێک لەکار و کردەوەتان ئاشکرا بکەن یان لەدڵ و دەروونی خۆتاندا بیشارنەوە، ئەوە بزانن ھیچ شتێک لای اللە تەعالا نھێنی و شاراوە نییە، بێگومان اللە (جل جلالە) زانا و ئاگادارە بەھەموو شتێک، وە ھیچ شتێک لەکار و کردەوەتان یان ھەر شتێکی تری لێ ون نابێت و شاراوە نییە لای، بەخێر و شەڕ پاداشتی کار و کردەوەتان دەداتەوە.
(55) خێزانەکانی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) ھیچ گوناھیان ناگاتێ ئەگەر بەبێ پەردە لەگەڵ باوکیان و کوڕەکانیان و براکانیان و برازاکانیان و خوشکەزاکانیان لە نەسەب و شیریشەوە قسە بکەن و بیانبینن، ھەروەھا ھیچ گوناھیان ناگاتێ ئەگەر بەبێ پەردە قسە لەگەڵ ئافرەتانی باوەڕدار و کەنیزەکانیان بکەن، دەی ئەی ئافرەتانی باوەڕدار لە اللە بترسن لەوەی فەرمانی پێکردون وە لەوەیش ڕێگری لێکردون، بێگومان اللە تەعالا بەھەموو شتێک ئاگاداری ھەموو کردەوەکانتانە بە دیاری و نادیارییەوە.
(56) بێگومان اللە تەعالا لای فریشتەکانی ستایشی پێغەمبەر موحەممەد (صلی الله علیە وسلم) دەکات، وە ھەروەھا فریشتەکانیش ستایشی دەکەن و نزای خێری بۆ دەکەن، دەی کەوابێت ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بە اللە تەعالا و بەپێی شەریعەتەکەی ئەو کار دەکەن، سەڵاوات و سەلام لەسەر پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) بدەن.
(57) بێگومان ئەوانەی بە گوفتار و کرداریان ئەزیەت و ئازاری اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی دەدەن، اللە تەعالا لە ڕەحم و بەزەیی و میھرەبانی خۆی لە دونیا و دواڕۆژدا دووری خستونەتەوە، وە لە ڕۆژی دواییشدا لە تۆڵەی ئەزیەت و ئازاردانی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) سزای ڕسواکەری بۆ ئامادە کردوون.
(58) ئەو کەسانەی بە گوفتار و کرداریان ئەزیەت و ئازاری پیاوان و ئافرەتانی باوەڕدار دەدەن، بەبێ ئەوەی ھیچ گوناھ و تاوانێکیان کردبێت کە شایستەی ئەو ئەزیەت و ئازارە بن، ئەوە بێگومان ئەوانە درۆ و گوناھێکی ئاشکرایان گرتوەتە ئەستۆ.
(59) ئەی پێغەمبەر بەخێزانەکان و کچەکانت و ئافرەتانی باوەڕداران بڵێ: با عابا و جلوبەرگە پاڵاپۆشەکانیان بەسەر سەریاندا شۆڕ بکەنەوە تا ڕووخسار و سینگ و سەر و عەورەتیان لە پیاوانی بێگانە داپۆشێت و بەدەر نەکەوێت، ئەوە نزیکترە لەوەی نەناسرێنەوە ئەوانە ئافرەتانی ئازادن تاوەکو ڕووبەڕووی ئەزیەت و ئازار نەبنەوە ھەروەکو چۆن کەنیزەکەکان ڕووبەڕووی دەبوونەوە، وە اللە تەعالا لێبوردەیە بۆ ھەر کەسێک لەبەندەکانی کە تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای، وە زۆر بە بەزەیی و میھرەبانە بەرامبەریان.
(60) ئەگەر بێتو دووڕوەکان ئەوانەی بە ڕواڵەت باوەڕداردن و بە ناوەڕۆک و لە ناخدا بێباوەڕن، وە ئەوانەشی دڵیان نەخۆشە و پەیوەستە بە ئارەزووەکانیانەوە، وە ئەوانەیش ھەواڵی درۆ و پڕوپاگەندە لە مەدینە بڵاو دەکەنەوە بۆ ئەوەی جیاوازی بخەنە نێوان باوەڕدارانەوە، ئەگەر واز نەھێنن لەو کارە نەگریسانەیان، - ئەی پێغەمبەر- فەرمانت پێدەکەین کە سزایان بدەیت، وە زاڵت دەکەین بەسەریاندا، پاشان ماوەیەکی کەم نەبێت لەگەڵتدا لەشاری مەدینە نامێننەوە، جا بە لەناوچوونیان بێت، یان بەدەرکردنیان بێت بەھۆی بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لەسەر زەوی.
(61) لە ڕەحم و بەزەیی اللە تەعالا دەرکراون، لەھەر شوێنێک ببینرێن بەدیل دەگیررێن و دەکوژرێن، لەبەر دووڕویی و بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لەسەر زەویدا.
(62) ئەمە سوننەت و باوی اللە تەعالایە بۆ دووڕوەکان ھەرکاتێک نیفاق و دووڕوییان لێ دەربکەوێت، وە سوننەت و باوی اللە تەعالایش ھەرگیز گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.
(63) - ئەی پێغەمبەر - بتپەرست و موشریکەکان پرسیارت لێدەکەن لە بارەی ڕۆژی دواییەوە، نەک لەبەر ئەوەی شارەزابن بەڵکو پرسیارێکت لێ دەکەن مەبەستیان نکۆڵی کردن و بەدرۆزانینی ڕۆژی دواییە، ھەروەھا جولەکەکانیش پرسیارت لێدەکەن لەبارەی ڕۆژی دواییەوە، چی کاتێک دێت؟ تۆیش بەوانە بڵێ: زانینی ھاتنی ڕۆژی دوایی لای اللە تەعالایە، من ھیچ شتێک لەو بارەیەوە نازانم، - ئەی پێغەمبەر- تۆ چوزانیت لەوانەی ھاتنی ڕۆژی دوایی نزیک بێت؟
(64) بێگومان اللە تەعالا بێباوەڕانی لە ڕەحمەت و بەزەیی خۆی دەرکردووە، وە لە ڕۆژی دواییشدا ئاگرێکی بڵیسەداری بۆ ئامادە کردوون و چاوەڕاونیانە.
(65) لەسزای ئەو ئاگرەی بۆیان ئامادە کراوە بەھەمیشەیی دەمێننەوە، ھیچ پشتیوان و پاڵپشتێک بەدی ناکەن سوودیان پێ بگەیەنن، وە ھیچ یاریدەرێکیش شک نابەن بەرگری ئەو سزاییەیان لێ بکات.
(66) لە ڕۆژی قیامەتدا ڕووخساریان لەناو ئاگردا ئەمدیو دیو دەکرێت، لەتاو داخ خەفەت و پەشیمانی دەڵێن: خۆزگە لە ژیانی دونیا گوێڕایەڵی اللە تەعالامان بکردایە بەبەجێھێنانی فەرمانەکانی و دوور کەوتنەوە لە ڕێگرییەکانی، وە خۆزگە گوێڕایەڵی پێغەمبەریشمان بکردایە لەوەی لەلایەن پەروەردگارەوە ھێنابووی.
(67) ئەوانە بەڵگەیەکی پوچی بێ نرخ دەھێننەوە و دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان بەڕاستی ئێمە گوێڕایەڵی سەرکردە و گەورەی گەلەکانمان کرد، ئەوانیش گومڕایان کردین و لەڕێگای ڕاست لایانداین.
(68) ئەی پەروەردگارمان ئەو سەرکردە و گەورانەی ئێمەیان گومڕا کرد و لە ڕێگای ڕاست لایانداین، لەبەر ئەوەی ئەوان ھۆکاری گومڕاکردنی ئێمە بوون دوو ھێندەی ئێمە سزایان بدەن ، وە بە توندی لە ڕەحمەت و بەزەیی خۆت دەریان بکە و بەر نەفرینی گەورەی خۆتیان بخە.
(69) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بە اللە تەعالا و بە شەریعەتەکەی ئەو کار دەکەن، ئازاری پێغەمبەرەکەتان مەدەن، وەک چۆن جولەکەکان ئازاری موسایاندا، کاتێک عەیب و عاریان لێگرت لەجەستە و لاشەیدا، اللە تەعالایش پاکانەی بۆ موسا کرد لەوەی جولەکەکان وتبویان، ساغ و سەلامەتی ئەوی سەلماند و ڕوونی کردەوە بۆیان، وە موسا لای اللە تەعالا ڕێز و پلەوپایەی ھەبوو، داوای ڕەد ناکاتەوە و لە ھەوڵ و کۆششی نائومێدی ناکات.
(70) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بە اللە تەعالا و بە شەریعەتەکەی ئەو کار دەکەن، لە اللە تەعالا بترسن و تەقوای ئەوتان ھەبێت بە بەجێھێنانی فەرمانەکانی و دوور کەوتنەوە لە ڕێگریەکانی، وە قسەی ڕاست و دروست بکەن.
(71) بێگومان ئێوە ئەگەر لە اللە تەعالا بترسن و قسەی ڕاست و دروست بکەن، ئەویش کاروبارەکانتان چاک دەکات و لێتان وەردەگرێت، وە گوناھ و تاوانەکانتان دەسڕێتەوە، وە سزاتان نادات لەسەری، ھەر کەسێک گوێڕایەڵی اللە و پێغەمبەرەکەی بکات بەدڵنیاییەوە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستھێناوە کە ھیچ سەرکەوتنێک ھاوشێوەی ئەو نییە، ئەویش سەرکەوتنی بەدەستھێنانی ڕەزامەندی اللە و چوونە بەھەشتی ھەمیشەییە.
(72) بێگومان ئێمە سپاردەی ئەرکە شەرعییەکان و پاراستنی ماڵ و سامان و نھێنییەکانمان خستە ڕوو بۆ ئاسمانەکان و زەوی و شاخەکان و نیشانماندان، بەڵام ئەوان ئەم سپاردەیان ھەڵنەگرت و ترسان لەسەرەنجامەکەی، کەچی مرۆڤ ئەو سپاردەی ھەڵگرت، بێگومان مرۆڤ ستەمکاری دەروونی خۆیەتی، وە نەزان و نەفامە بەسەرنجامی ھەڵگرتنی ئەو سپاردە گەورەیە.
(73) مرۆڤ بەقەدەری اللە تەعالا ئەو سپاردەی ھەڵگرت، تاوەکو اللە سزای پیاوان و ژنانی دووڕووی پێ بدات، وە سزای ئەو پیاو و ژنە بتپەرست و موشریکانەیشی پێ بدات، لە تۆڵەی دووڕوییان و ھاوەڵ بڕیاردانیان بۆ اللە، وە بۆ ئەوەیش اللە تەوبە لە پیاوان و ژنانی باوەڕدار وەربگرێت، لەوانەی بەچاکی سپاردەی ئەرکە شەرعیەکانیان ھەڵگرت، وە اللە تەعالا لێبوردەیە بۆ ئەو بەندانەی تەوبە دەکەن، وە زۆریش بە بەزەیی و میھرەبانە بۆیان.