39 - Az-Zumar ()

|

(1) دابەزینی قورئان لە لایەن اللە تەعالاوەیە، کە زۆر بەدەسەڵاتە و ھیچ کەسێک زاڵ نابێت بەسەریدا، وە زۆر دانا و کاربەجێیە لەبەدیھێنراو و بەڕێوەبردن شەریعەتەکەیدا، وە ئەم قورئانە لەلایەن ھیچ کەسێکی ترەوە دانەبەزیووە.

(2) بێگومان - ئەى پێغەمبەر - ئەم قورئانەمان دابەزاندووە بۆت کە ھەموو ھەق و ڕاستییەکی تێدایە، ھەواڵەکانی ناوی ھەر ھەمووی ڕاستن، وە سەرجەم حوکمەکانی بەشێوەیەکی عادل و دادگەرانە دراون، کەوابێت تەنھا اللە تەعالا بپەرستە، وە ھەموو ئاینەکەت بەدڵسۆزی و یەکخواپەرستی دوور لەشیرک و ھاوەڵ بڕیاردان بۆ ئەو بنوێنە.

(3) بێدار بن ئاینی خاڵی و پاڵفتە لە شیرک و ھاوەڵ بڕیاردان ھەر بۆ اللە تەعالایە، ئەوانەیش جگە لە اللە تەعالا دۆست و پشتیوانیان لەبت و تاغوتەکان بۆ خۆیان داناوە و لە بری اللە دەیانپەرستن، بڕوبیانوو بۆ پەرستنی ئەو بت و تاغوتانە بەوە دەھێننەوە دەڵێن: ئێمە ئەوانە تەنھا بۆ ئەوە دەپەرستین پلە و پایەمان لای اللە تەعالا نزیک بکەنەوە، وە داوا و پێداویستیەکانمان بەرز بکەنەوە بۆ لای، وە تکامان بۆ بکەن لای ئەو؛ بێگومان اللە تەعالا حوکم و بڕیار دەدات لە نێوان باوەڕدارانی یەکخواپەرست و بێباوەڕانی بتپەرست و موشریک لە ڕۆژی قیامەت ، لەوەی جیاوازبوون لەسەری لە تەوحید و یەکخواپەرستی، بەڕاستی اللە تەعالا یارمەتی کەسێک نادات کە ھیدایەت و ڕێنموونی بکرێت بۆ ڕێگای ڕاست، ئەو کەسە درۆ بۆ خوا ھەڵبەستێ و شیرک و ھاوەڵ بڕیاردان بداتە پاڵی، وە زۆر سپڵە و پێ نەزان بێت بەناز و نیعمەت و بەخششەکانی.

(4) ئەگەر اللە تەعالا بیویستایە مناڵێک بۆ خۆی بڕیار بدات، ئەوا لەناو بەدیھێنراوەکانیدا کامەی بویستایە ھەڵیدەبژارد و دەیکردە مناڵی خۆی، پاکوبێگەردی بۆ ئەو زاتە پیرۆزە لەوەی ئەو بتپەرست و موشریکانە دەیڵێن و دەیدەنە پاڵی، ئەو تاک وتەنھایە لە زات و سیفات و کرداریدا، ھیچ شەریک و ھاوەڵێکی نییە، زاڵ و بەدەسەڵاتە بەسەر ھەموو بەدیھێنراوەکانیدا.

(5) ئاسمانەکان و زەوی لەبەر حیکمەت و داناییەکی زۆر و لەڕادەبەدەر بەدیھێناوە، نەک ھەروا بەبێ ھوودە وەک ستەمکاران دەیڵێن، شەو دەکات بەناو ڕۆژدا، وە ڕۆژیش دەکات بەناو شەودا، ھەر کاتێک یەکێکیان ھات ئەوی تریان نامێنێت و لادەچێت، وە خۆر و مانگی ڕامھێناوە و زەلیل و گەردنکەچی کردوون بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ، ھەریەکەیان لەخولگەی خۆیدا دەڕوات و دەسوڕێتەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو تا ئەو کاتەی قیامەت دێت و ئەم ژیانە کۆتایی دێت، بێدرابن و ئاگاداربن ئەو خوایەی ئەم کارانەی کردووە زۆر بەدەسەڵاتە و تۆڵە دەسێنێت لە دوژمنەکانی، وە ھیچ کەسیش زاڵ نابێت بەسەریدا، وە زۆر لێبووردەیە بۆ گوناھی ئەو بەندانەی تەوبە لە گوناھەکانیان دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای.

(6) - ئەی خەڵکینە - پەروەردگارتان ئێوەی لە یەک نەفس بەدیھێناوە، ئەویش لە ئادەم، پاشان لەئادەمیش حەوای خێزانی بەدیھێنا، وە دواتر نەوە و زوڕییەتەکانی تری ئادەمی لەدوو ژن و پیاوە بەدیھێنا، وە لە وشتر و ڕەشەوڵاخ و مەڕ و بزن ھەشت جۆر و جووتی بۆ ئێوە بەدیھێنا، لەھەر جۆرێک نێر و مێیەکی بەدیھێنا، وە ئێوە قۆناغ بە قۆناغ لەناو سکی دایکتانا بەدیدەھێنێت، لەناو تاریکی ڕەحم و مناڵدانا، ئەوەی ھەموو ئەوانەی بەدیھێناوە پەروەردگاری ئێوەیە زاتی بەرز و پیرۆزی (اللە)، ھەرچی موڵک و دەسەڵاتە ھەمووی ھی ئەوە، ھیچ پەرستراوێکی بەھەق جگە ئەو بوونی نییە، ئیتر چۆن واز لەپەرستنی ئەو دەھێنن و ڕوو دەکەنەوە پەرستنی شتێکی تر کەھیچ لەوانەی بەدی نەھھێناوە، بەڵکو ئەو شتە خۆیشی بەدیھاتووە ؟

(7) - ئەی خەڵکینە - ئەگەر ئێوە بێباوەڕبن بەپەروەردگارتان، ئەوە اللە تەعالا بێ نیازە لە باوەڕھێنانی ئێوە و ھیچ پێویستی پێی نییە، وە ھیچ زەرەر و زیانیش لەو نادات، بەڵکو زەرەر و زیانی ئەو بێباوەڕییە بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە، وە پەروەردگار ھەرگیز ڕازی نییە بەندەکانی بێباوەڕبن پێی، وە فەرمانی پێ نەکردوون کە کافر و بێباوەڕبن، چونکە اللە تەعالا فەرمان بە خراپە و خراپەکاری و داوێن پیسی ناکات، ئەگەر بێتۆ ئێوە شوکر و سوپاسی اللە تەعالا بکەن لەسەر ئەو ناز و نیعمەت و بەخششانەی پێی داون، وە باوەڕی پێ بھێنن ئەوا ڕازی دەبێت پێی و پاداشتان دەداتەوە لەسەری، ئەوەش بزانن ھیچ کەسێک گوناھ و تاوانی ھیچ کەسێکی تر ھەڵناگرێت، بەڵکو ھەموو کەسێک پەیوەستە بەکار و کردەوەکانی خۆیەوە، وە پاشان لە ڕۆژی قیامەتیشدا ھەر تەنھا بۆ لای ئەو دەگەڕێنەوە، لەوێ ھەواڵی تەواوی ئەوەی ئەنجامتان دابوو لە دونیادا پێتان ڕادەگەیەنێت، وە پاداشتی چاکەکارانتان دەداتەوە و تۆڵەیش لەخراپەکارانتان دەسێنێت، بێگومان ئەو زاتە بەرز و پیرۆزە ئاگادارە بەوەی لەدڵی بەندەکانیدایە، وە ھیچ شتێکی لێ نھێنی و شاراوە نییە.

(8) ئەگەر بێباوەڕ تووشی ناڕەحەتی و تەنگ و چەڵەمەیەک ببێت، وەک نەخۆشی و تیاچوونی ماڵ و سامان و ترس و بیم، زۆر بەدڵسۆزی دەگەرێتەوە بۆ لای پەروەردگاری، وە ھانای بۆ دەبات و لێی دەپارێتەوە، وە ئەوەی بەسەریدا ھاتووە لەناڕەحەتی و ناخۆشی لەسەری ھەڵگرێت و لایبات، پاشان کاتێک بەفەزڵ و چاکەی خۆی نیعمەتی بەسەردا ڕشت و ئەو ناڕەحەتی و ناخۆشیانەی لەسەر ھەڵگرت، خێرا ئەو پەروەردگارەی لەبیر دەچێتەوە کە ھانای بۆ برد، وە دەست دەکاتەوە بە ھاوەڵ و شەریک بڕیاردان بۆی، تاوەکو خەڵکی گومڕا بکات لەو ڕێگا راستەی اللە تەعالا فەرمانی پێکردووە بەندەکانی لەسەری بن، جا کەوابێت - ئەی پێغەمبەر- بەو جۆرە کەسانە بڵێ ئەوە حاڵیانە: ئەوەی ماوەتە لەتەمەن و ژیانی دونیا بە ئارەزووی خۆت ڕابوێرە، بەڵام چاک بزانە ماوەیەکی کوورتە و دەبڕێتەوە، وە تۆیش لە ڕۆژی قیامەتدا لەھاوەڵانی دۆزەخیت وھیچ کاتێکیش لێی جیا نابیتەوە، وەک چۆن ھاوەڵێک لە ھاوەڵەكەی جودا نابێتەوە.

(9) ئایا کەسێک بە درێژایی شەو گوێڕایەڵی پەروەردگاری بێت، وە سەرگەرمی شەو نوێژ و سوژدە و کڕنوش بردن بێت بۆی، وە بترسێت لە سزای دواڕۆژ، وە لەھەمان کاتدا بەتەمای ڕەحمەت و بەزەیی پەروەردگاری بێت، ئایا ئەم کەسە باشترە یان ئەو کافر و بێباوەڕەی لەکاتی ناڕەحەتی و ناخۆشیدا ڕوو بکاتە اللە تەعالا و بیپەرستێت، بەڵام لەکاتی خۆشی وفەرحانەدا ڕووی لێوەرگێڕێت و بێباوەڕ ببێتەوە پێی و شەریک و ھاوەڵی بۆ دانێت؟! - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: ئایا وەک یەک وان، ئەوانەی دەزانن کە اللە تەعالا چی لەسەر واجب کردوون، بەھۆی ئەوەی دەیناسن و شارەزان لێی، وەک ئەو کەسانە وان کەھیچ شتێک لەوانە نازانن و بێ ئاگان لێی؟ بەڵکو تەنھا ئەوانەی ژیر و ھۆشیارن دەزانن جیاوازی نێوان ئەم دوو دەستە و تاقمەی چییە.

(10) - ئەی پێغەمبەر - بەو بەندانەم بڵێ کە باوەڕیان بەخۆم و پێغەمبەرەکانمە : لە اللە تەعالا بترسن و گویڕایەڵی فەرمانەکانی بن و دوور بکەونەوە لەڕێگرییەکانی، ئەوانەی لەم دونیایە کار و کردەوەی چاکەیان کردبێت، ئەوا لەم دونیایە چاکەیان بۆ ھەیە بەسەرکەوتن و لەش ساغی و ڕزق و ڕۆزی فراوان، وە لەدواڕۆژیشدا بەھەشتی ھەتاھەتاییان بۆ دەبێت، وە زەوی اللە تەعالا فراوانە، ئەگەر نەیتوانی بەو شێوەیە پەروەردگاری داوای کردووە ئەو بپەرستێت ئەوا با کۆچ بکات بۆ ئەو شوێن و جێگایەی کە دەتوانێت لەوێ ئەو بپەرستێت، وە ھیچ شتێک ڕێگر نییە لەبەردەمتاندا، وە تەنھا ئارامگران پاداشتی خۆیان لە ڕۆژی قیامەتدا بەبێ ژمارە و حیساب وەردەگرن، لەبەر زۆری و جۆراو جۆری پاداشتەکان.

(11) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: بێگومان اللە تەعالا فەرمانی پێکردووم کە بەتاک و تەنھایی ئەو بپەرستم و بۆی دڵسۆز و ملکەچ بم.

(12) وە فەرمانی پێکردووم یەکەم کەسی موسڵمان و گەردنکەچی ئەم ئوممەتەبم.

(13) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: بێگومان من دەترسم لەسزای ڕۆژێکی زۆر سەخت و گەورە ئەگەر سەرپێچی اللە تەعالا بکەم و گوێڕایەڵی نەبم، ئەویش سزای ڕۆژی قیامەتە.

(14) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: بێگومان من بەتەنھا بەندەی اللە تەعالام، وە بەدڵسۆزی ھەر ئەو دەپەرستم، جگە ئەو ھیچ کەسێکی تر ناپەرستم.

(15) - ئەی بتەپەرست و موشریکینە - ئێوەیش جگە ئەو ھەرچییەک لە بت و دار ھەیە بیپەرستن (ئەم فەرمانەیش لێرەدا بۆ ھەڕەشەیە)، - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: بێگومان خەسارۆمەندی ڕاستەقینە ئەوانەن کە خۆیان و ماڵ و منداڵیان خەسارو زایە کرد، چونکە لێیان جیابوویەوە، ئەوان چوونە بەھەشت و ئەم لەناو ئاگر مایەوە، یان ھەموویان پێکەوە چوونە ناو ئاگری دۆزەخ، ھیچ کاتێک ناگەنەوە بەیەک، وریابن بەڕاستی ئا ئەوەیە خەسارۆمەندی ڕوون و ئاشکرا کە ھیچ گومانێکی تێدا نییە.

(16) لەسەروویانە چەند تەبەقێک لە دووکەڵ و ئاگری بڵێسەدار و گەرمای پڕوکێنەر ھەیە، وە لە ژێریشیانەوە بەھەمان شێوەیە دووکەڵ و ئاگری بڵێسەدار و گەرمای پڕوکێنەر ھەیە، ئەم سزایەی باسکرا اللە تەعالا بەندەکانی خۆی پێ دەترسێنێت، ودەفەرموێت: ئەی بەندەکانم ، تەنھا لەمن بترسن، ئەویش بەوەی فەرمانەکانم بەجێ بەھێنن و دووریش بکەونەوە لەو شتانەی قەدەغە و یاساغم کردووە.

(17) وە ئەوانەیش دوور کەوتنەوە لەپەرستنی بتەکان و ھەرشتێکی تریش کە جگە لە اللە تەعالا بپەرسترێت، وە بەتەوبەکردن لە گوناھ و تاوانەکانیان گەڕانەوە بۆ لای اللە تەعالا، ئەوانە لەکاتی مردن و ناو گۆڕ و لە ڕۆژی قیامەتیش موژدەی چوونە بەھەشتیان دەدرێتێ، - ئەی پێغەمبەر- تۆیش موژدە بدە بە بەندەکانم.

(18) ئەو بەندانەی گوێبیستی قسە دەبن و قسەی جوان و باش لەقسەی خراپە و ناشرین جیا دەکەنەوە، وە شوێن قسە جوان و باشەکە دەکەون کە سوود و قازانجیانی تێدایە، ئەوانەی بەو شێوەیە وەسف کران ئەوانە ئەو کەسانەن کە اللە تەعالا موەفەق و سەرکەوتوویان دەکات بۆ ھیدایەت و ڕێنموونی، ئەوانە خاوەن ژیری و عەقڵی ساغ و سەلیمن.

(19) جا ھەر کەسێک وشە و فەرمانی سزادانی بەسەردا چەسپا و لەسەری پێویست بوو، لەبەر ئەوەی بەردەوام بوو لەسەر کوفڕ و بێباوەڕی و گومڕایی، ئەوا - ئەی پێغەمبەر- تۆ ھیچت پێ ناکرێت بۆ ھیدایەتدان و موەفەق بوونی، - ئەی پێغەمبەر- کەسێک ئەمە سیفەت و حاڵ و گوزەرانی بێت ئایا تۆ دەتوانیت لەسزای ئاگری دۆزەخ ڕزگاری بکەیت؟!

(20) بەڵام ئەوانەی لە پەروەردگاری خۆیان ترسان، بە بەجێھێنانی فەرمانەکانی و دوور کەوتنەوە لە ڕێگرییەکانی، ئەوانە جێگا و ڕێگا و ژووری زۆر بەرزیان بۆ ئامادە کراوە، لە بەھەشتدا، کە ھەندێکیان بەسەر ھەندێکی تریانەوەن، ڕووبارەکان بەژێر کۆشک و تەلارەکانیدا دێن و دەڕۆن، اللە تەعالا ئەم بەڵێنەی بە باوەڕداران داوە، وە بەڵێنی خۆی دەباتە سەر و بێ بەڵێنی ناکات لەگەڵیاندا.

(21) بێگومان ئێوە بەچاوی سەری خۆتان دەبینن کە بێگومان اللە تەعالا لە ئاسمانەوە باران دەبارێنێت، ئەمجا ئەو بارانە دەبات بەناو زەویدا و کردوونی بە کانیاوی ئاوی ڕۆیشتوو، پاشان بەم ئاوە ڕووەک و بەرووبوم و گژوگیای جۆراوجۆری پێ دەڕوێنێت، دوای ئەوەش ئەو ڕووەک و گژوگیایە وشک دەبن، - ئەی ئەو کەسەی تەماشا دەکەیت و تێرادەمێنێیت- دواتر دەبینیت پاش ئەو ڕەنگە سەوزە جوانەی ڕەنگی زەرد بووە، ئەمجا دەیکاتە پووش و پەڵاش و ورد و خاشی دەکات، بێگومان لەوەی باسکرا مایەی بیرکردنەوە و پەند و ئامۆژگارییە بۆ کەسانی خاوەن عەقڵ و ژیری ساغ و سەلیم و زیندوو.

(22) ئایا ئەو کەسەی کە اللە تەعالا سینەی گوشاد کردووە بۆ ئیسلام و ھیدایەتی داوە بۆی، وە لەسەر ڕووناکی پەروەردگاریەتی، وەک ئەو کەسە وایە دڵی ڕەق بووبێت لەئاست زیکر و یادی اللە تەعالا؟! ھەرگیز وەک یەک نین، ڕزگار بوون بۆ ھیدایەت دراوانە، وە خەسارۆمەندیش بۆ ئەوانەیە دڵیان ڕەق بووە لە ئاست زیکر و یادی اللە تەعالا، ئەوانە لە گومڕاییەکی ڕوون و ئاشکرادان.

(23) اللە تەعالا قورئانی پیرۆزی دابەزاندە سەر پێغەمبەرەکەی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) کە چاکترین گوفتار و فەرمایشتە، دایبەزاندە سەری ئایەتەکانی ھەندێکیان لە ھەندێکی تریان دەکەن لەڕاستگۆیی و جوانی و پێکەوە بوون و نەبوونی جیاوازی لە نێوانیاندا، چەندان چیرۆک و بەسەرھات و حوکم، وە موژدە و ھەڕەشە، وە سیفاتەکانی ئەھلی ھەق و ئەھلی باتڵ و جگە لەوانەیشی تێدا باسکراوە، ئەوانەی لە پەروەردگاریان دەترسێن کاتێک گوێبیستی ھەڕەشە و گوڕەشەکانی دەبن پێستیان تەزووی پیادێ و گرژ دەبێت، پاشان کە گوێبیستی ئومێد و مژدەکانی دەبن پێست و دڵیان نەرم دەبێت بۆ زیکر و یادی اللە تەعالا، ئەوەی باسکرا لە قورئان و کاریگەرییەکانی ھیدایەت و ڕێنموونی اللە تەعالان ڕێنموونی ھەرکەسێکی پێ دەکات کە خۆی بیەوێت، وە ھەر کەسێکیش ئەو سوک و ڕیسوا و گومڕای بکات، وە موەفەقی نەکات بۆ ھیدایەت و ڕینموونی ئەوا ھیچ کەسێک ناتوانێت ھیدایەتی بدات.

(24) ئایا ئەو کەسەی اللە تەعالا ھیدایەتی دابێت و ڕێنموونی کردبێت، وە لە دونیا موەفەق و سەرکەتووی کردبێت، وە لە ڕۆژی دواییشدا خستبێتیە بەھەشتەوە، وەک ئەو کەسە وایە کە بێباوەڕ بووبێت و لەسەر ئەو بێباوەڕییەش مردبێت و بەدەست و قاچ بەستراویش خستبێتییە دۆزەخەوە، وە بە دەموچاوی خۆی بپارێزێت لەسزای سەختی ڕۆژی دوایی؟! وە بەسەرزەنشتەوە بەو کەسانە دەوترێت کە بەکوفر و بێباوەڕی و گوناھ و تاوان کردن ستەمیان لە خۆیان کردووە: بچەژن سزای ئەوەی لەکوفر و بێباوەڕی و گوناھ و تاوان لە دونیا ئەتانکرد، ئەوە تۆڵە و سزاکەیەتی.

(25) ئوممەتانی پێش ئەم بتپەرست و موشریکانە باوەڕیان نەھێنا و پێغەمبەرەکانیان بەدرۆ دانا، بەو ھۆیەوە لەپڕ سزای سەختیان بۆ ھات، بەبێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن و بەتەوبە و گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.

(26) اللە تەعالا بەھۆی ئەو سزادانەوە لە دونیادا زەلیل و ڕیسوا و سەرشۆڕی کردن، وە بێگومان سزای ڕۆژی دواییش کە چاوەڕوانیان دەکات گەورەتر و سەخترە ئەگەر بزانن.

(27) وە بێگومان لەم قورئانەی دابەزیووە بۆ سەر موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) ھەموو نموونەیەکمان لەخێر و شەڕ، وە ھەق و باتڵ، و باوەڕ و بێباوەڕی، جگە لەمانەیش بۆ خەڵکی ھێناوەتەوە، بە ئومێدی ئەوەی پەند و ئامۆژگاری وەربگرن لەوەی بۆمان باسکردون لەو نموونانەدا، کار بەھەقەکەی بکەن و دووریش بکەونەوە لەناھەقی و باتڵەکەی.

(28) ئەم قورئانەمان وا لێکردووە بەزمانی عەرەبی بێت، ھیچ خوار و خێچی و لادان و ناڕوونییەکی تێدا نەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەی لە اللە تەعالا بترسن و شوێن فەرمانەکانی بکەون و دووریش بکەونەوە لەڕێگری و قەدەغەکراوەکانی.

(29) اللە تەعالا نموونەی مرۆڤی بتپەرست و موشریک و یەکخواپەرستی بە کۆیلەیەک ھێناوەتەوە کە کۆمەڵێک خاوەنی ناکۆکی ھەیە، ئەگەر ھەندێکیان لە خۆی ڕازی بکات ئەوانی تری لێ زویر دەبێت، ئەم کۆیلە ھەمیشە دۆش دادەمێنێت و نازانێت کامەیان ڕازی بکات، یەکێکی دیکەیش تەنھا کۆیلە و بەندەی تەنھا کەسێکە، دەزانێت گەورەکەی چی مەبەستە و داوای چی لێ دەکات، ئەمەیان ھەمیشە دڵ و دەروونی ئارام و لەسەر خۆیە، ھەرگیز ئەم دوو پیاوە وەک یەک نین، سوپاس و ستایش بۆ اللە تەعالا، بەڵکو زۆربەشیان نازانن ھەق چییە، بۆیە کەسى تر دەکەنە ھاوەڵ و شەریکی.

(30) ئەی پێغەمبەر بێگومان تۆ دەمریت و ئەوانیش دەمرن.

(31) پاشان - ئەی خەڵکینە- ئێوە لای پەروەردگارتان لە ڕۆژی قیامەتدا دەکەونە دەمەقاڵی و ناکۆکیەوە، ئەو کاتە ھەق و ناھەق ڕوون دەبێتەوە.

(32) ھیچ کەس لەو کەسە ستەمکارتر نییە کە شتێک بداتە پاڵ اللە تەعالا و شایستەی زاتی پیرۆزی ئەو نەبێت، لە ھاوەڵ بڕیاردان و ژن و منداڵ، وە ھیچ کەسیش لەوە ستەمکارتر نییە ئەو وەحی و نیگایەی بۆ پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) ھاتووە بەدرۆ بزانێت، ئایا لە دۆزەخدا جێگا و شوێنێک نییە بۆ کەسانێک باوەڕیان بە اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی نەبێت؟! بەڵێ لە دۆزەخدا جێگا و شوێنێک ھەیە بۆ ئەو جۆرە کەسانە.

(33) ئەو کەسەی ڕاستی و یەکخواپەرستی ھێناوە لەگوفتار و کرداریدا لە پێغەمبەران و غەیری ئەوانیش، وە ئەوانەیش کەبەڕاستیان داناوە و باوەڕیان پێکردووە، وە بەو شێوەیەش کار و کردەوەیان کردووە ئەو داوای کردووە، ئەوانە باوەڕداری ڕاستەقینەن، فەرمانەکانی پەروەردگاریان بەجێ دەھێنن و دووریش دەکەونەوە لە ڕێگری و قەدەغەکراوەکانی.

(34) ئەمانە ھەرچی ئارەزوو بکەن لە ناز و نیعمەت و خۆشی بەردەوام لای پەروەردگاریان بۆیان ئامادە دەکرێت، ئەمە پاداشتی کار و کردەوەی ئەو چاکەکارانەیە کە بەتەواوەتی گوێڕایەڵی اللە تەعالا دەکەن و بەو شێوەیە دەیپەرستن کە داوای کردووە.

(35) تاوەکو خراپترینی ئەو تاوان و گوناھانەی لە دونیا کردوویانە بسڕێتەوە، بەھۆی ئەوەی تەوبەیان لێکردووە، وە بەباشیش گەڕاونەتەوە بۆ لای پەروەردگاریان، وە پاداشتیشیان دەداتەوە بەباشترین شێواز لەسەر ئەو کردەوە چاکانەی کردوویانە.

(36) ئایا اللە تەعالا بەس نییە بۆ بەندەکەی، بۆ موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) کە پشتیوان و پشتگیری کاروباری دین و دونیای بێت، وە بەرگری بکات لەدەست درێژی دوژمنانی؟! بەڵێ، ئەو بەسە پشتیوان و پشتگیری بێت، - ئەی پێغەمبەر- ئەوانە بە نەزانی و گێژی و گەمژەیی خۆیان بەو بت و دارەی کە جگە لە اللە تەعالا دەیپەرستن دەترسێنن کە ئازارت بدەن و دووچاری خراپەیەکت بکەن، جا ھەر کەسێک اللە تەعالا سوک و ڕسوا و گومڕای بکات و موەفەقی نەکردبێت بۆ ھیدایەت، ئەوە ھیچ کەسێک نییە ڕێنمومایی بکات و ھیدایەتی بدات.

(37) وە ھەر کەسێکیش اللە تەعالا موەفەقی بکات بۆ ھیدایەت وەرگرتن ھیچ گومڕاکەرێک ناتوانێت گومڕای بکات، ئایا اللە تەعالا بەدەسەڵات نییە لە تۆڵە سەندنەوەی بێباوەڕان و ئەوانەی سەرپێچی دەکەن؟! بەڵێ ئەو بەدەسەڵات و تۆڵە سێنەرە.

(38) - ئەی پێغەمبەر- ئەگەر پرسیار بکەیت لەو بتپەرست و موشریکانە: کێ ئاسمانەکان و زەوی بەدیھێناوە؟ بە دڵنیاییەوە دەڵێن: اللە تەعالا بەدیھێناون، تۆیش پێیان بڵێ تاوەکو بێ دەسەڵاتی خواکانیان دەربکەوێت: ھەواڵم پێ بدەن لەبارەی ئەو بتانەی لەبری اللە تەعالا دەیانپەرستن، ئایا ئەگەر اللە بیەوێت زەرەر و زیانێکم پێ بگەیەنێت، ئەم بتانە دەتوانن لێمی دوور بخەنەوە و لایبەن لەسەرم؟! یان ئەگەر اللە بیەوێت بەڕەحم و بەزەیی خۆی تووشی قازانج و سودێکم بکات ئایا ئەم بتانە دەتوانن ڕێگری لێ بکەن و نەھێڵن پێم بگات؟! پێیان بڵێ: تەنھا اللە تەعالام بەسە لەھەموو کاروبارێکمدا پشتی پێ دەبەستم، وە پشت بەستوان تەنھا پشت بە اللە تەعالا دەبەستن و ھەموو کاروبارێکیان تەنھا ھەر بەو دەسپێرن.

(39) - ئەی پێغەمبەر- بڵێ: ئەی گەلەکەم لەسەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازەی لە شیرک و ھاوەڵ بڕیاردان پێی ڕازین کار و کردەوەی خۆتان بکەن، وە منیش کار لەسەر ئەوە دەکەم کە پەروەردگارم فەرمانی پێکردووم پێی، لە بانگەواز و یەکخواپەرستی و ئیخلاس و دڵسۆزی لەپەرستندا بۆی، جا لە مەودوا سەرەنجامی ھەریەک لەو رێگانەش دەزانن.

(40) جا لەمەودا دەزانن کێ دووچاری سزا دەبێت لە دونیا و زەلیل و ڕسوای دەکات، وە لە ڕۆژی قیامەتیشدا سزایەکی ھەمیشەیی بێ بڕانەوە چاوەڕوانیەتی.

(41) - ئەی پێغەمبەر- بێگومان ئێمە قورئانمان بۆ سەر تۆ دابەزاندووە، تاوەکو ترسێنەری خەڵکی بێت بەھەق و ڕاستی، جا ھەر کەسێک ڕێگای ھیدایەت بگرێتەبەر ئەوە سوودی ھیدایەت وەرگرتنەکەی بۆ خۆیەتی، واللە تەعالا ھیچ سوودێک لەو ھیدایەت وەگرتنەی ئەوان وەرناگرێت، چونکە ئەو پێویستی بەوە نییە، وە ھەر کەسیش گومڕاببێت زیانی گومڕابوونەکەی بۆ خۆیەتی، واللە تەعالا ھیچ زیانێک لە گومڕابوونی ئەو ناکات، وە تۆ ئەی پێغەمبەر ڕانەسپێرراوی لەسەر ئەوان تاوەکو ناچاریان بکەیت بەھیدایەت وەرگرتن، تۆ تەنھا ئەوەت لەسەرە ئەوەی فەرمانت پێکراوە پێیان بگەیەنیت.

(42) کاتێك ئەو کاتەی بۆیان دیاریکراوە کۆتایی ھات اللە تەعالا گیانیان دەکێشێت، وە گیانی ئەو کەسەیش دەکێشێت کە لەکاتی نوستندا نەمردووە، ئەوەی بڕیاری مردنی بەسەردا دراوە دەیگرێت، وە ئەوەیشی بڕیاری مردنی بەسەردا نەدراوە بەرەڵای دەکات تا ئەو کاتەی لە عیلم و زانیاری خۆیدا بۆی دیاریکراوە، بێگومان لەم گیان کێشان و بەرەڵاکردن و مردن و ژیانەوەدا بەڵگە و نیشانە گەلێکی زۆر ھەن بۆ کەسانێک بیر بکەنەوە لەوەی ئەو زاتە بەرز و پیرۆزەی ئەم توانایەی ھەیە دەسەڵاتیشی ھەیە لەسەر زیندووکردنەوەیان دوای مردن بۆ حساب و لێپرسینەوە لەگەڵ کردن.

(43) بتپەرست و موشریکەکان بتەکانیان کردوەتە تکاکار و شەفاعەتکار بەگومانی ئەوەی گوایە بتوانن بەبێ اللە تەعالا سوود و قازانجیان پێ بگەیەنن، - ئەی پێغەمبەر- پێیان بڵێ: ئایا ئەوانە دەکەنە تکاکار و شەفاعەتکاری خۆتان تەنانەت ئەگەر نەتوانن سوود و قازانج بە ئێوە و خۆیشیان بگەیەنن، وە نەتوانن بیریش بکەنەوە، ئەوانە شتانێکی بێ گیان و کەڕن ، ناتوانن ھیچ قسەیەک بکەن، وە ناتوانن ھیچ ببیستن و ببینن، وە ناتوانن سوود و قازانج بەکەس بگەیەنن.

(44) - ئەی پێغەمبەر - بەو بتپەرست و موشریکانە بڵێ: شەفاعەت و تکاکردن ھەمووی بۆ اللە تەعالایە، ھیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ مۆڵەت و ئیزن و ڕەزامەندی ئەو تکا بۆ ھیچ کەسێک بکات، موڵک و دەسەڵاتی ئاسمانەکان و زەوی ھەمووی ھی اللە تەعالایە، پاشان لە ڕۆژی قیامەتدا گەڕانەوەتان تەنھا بۆ لای ئەوە بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ کردن و پاداشت و تۆڵە وەرگرتنەوە، پاداشتی چاکەکارانتان دەداتەوە، وە تۆڵەیش لەخراپەکارانتان دەسێنێت.

(45) ئەگەر تەنھا یادی اللە تەعالا کرا ئەوا دڵی بتپەرست و موشریکەکان، ئەوانەی باوەڕیان بە ڕۆژی دوایی نییە، لە زیندووبونەوە و حیساب و لێپرسینەوە و پاداشت دانەوە، دڵیان تەنگ دەبێت، بەڵام ئەگەر باس و یادی ئەو بتانە بکرێت کە لەبری اللە تەعالا دەیانپەرستن شاد و دڵخۆش دەبن.

(46) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: ئەی خوایە، ئەی بەدیھێنەری ئاسمانەکان و زەوی، ئەی زانا و ئاگادار بەوەی شاراوەیە و بەوەیشی دیار و ئاشکرایە، ھیچ شتێکت لانھێنی و شاراوە نییە، تەنھا تۆی لە ڕۆژی قیامەتدا بڕیار دەدەیت لە نێوان بەندەکانتدا دەربارەی ئەو شتانەی ناکۆک و جیاواز بوون لەسەری لە دونیادا، ھەق و ڕاستی، لەباتڵ و ناھەقی، بەختەوەر لەڕەنجەڕۆ لەیەک جیا دەکەیتەوە.

(47) ئەگەر بێتو ئەوانەی بە بتپەرستی و ھاوەڵ بڕیاردان و گوناھ و تاوان کردن ستەمیان لە خۆیان کردووە، ھەرچی لەسەر ڕووی زەوی ھەیانە لەماڵ و سامان و شتی گرانبەھا ئەوا خەرجیان دەکرد و دەیاندا؛ تاوەکو لەو سزا سەختەی لەپاش مردن بینیویانە ڕزگاریان بێت، بەڵام ناتوانن ئەوە بکەن، گریمان ئەگەر ئەوەشیان ھەبوو ، وە لەو پێناوەیشدا خەرجیان کرد بەڵام لێیان وەرناگیرێت، وە اللە تەعالا سەرجەم ئەو سزایانەیان پیشان دەدا کە پێشتر حیسابیان بۆ نەکردبوو، وە بەخەیاڵیشیاندا نەھاتبوو.

(48) کردەوە خراپەکانیان لە بتپەرستی و شیرک و گوناھ و تاوان بۆ دەردەکەوێت کە ئەنجامیان داوە، وە ئەو سزایەشی لەدونیا پێی دەترسێنران لەھەموو لایەکەوە دەوریان دەدات و دەیانگرێتەوە.

(49) کاتێک مرۆڤی بێباوەڕ دووچاری نەخۆشی و ھەژاری و نەھامەتی و ھاوشێوەکانی دەبێتەوە، لێمان دەپاڕێتەوە تاوەکو ئەوەی دووچاری بووە ھەڵگرین لەسەری و نەیھێڵین، وە پاشان کاتێک ناز و نیعمەتێکمان پێ بەخشی لەلەش ساغی و سەروەت و سامان ھەر بەم بێباوەڕە دەڵێت: بێگومان ئەمە اللە تەعالا بەزانیاری و لێھاتوویی خۆم پێی داوم و شایانی ئەو نیعمەت و بەخششانەی ئەوم، لەڕاستیدا ئەمە تەنھا بۆ پەلکێش کردن و تاقیکردنەوەیەتی، بەڵام زۆربەی بێباوەڕان ئەمە نازانن، بەڵکو بە بەخشینی ناز و نینعمەتەکانی اللە تەعالا لەخۆبایی دەبن.

(50) ئەمەی ئەم بێباوەڕ دەیڵێت، بێباوەڕانی تری پێش ئەمانیش ھەر ئەمەیان دەوتەوە، کەچی کاتێک سزای اللە تەعالا ھات ئەوەی بەدەستیان ھێنابوو لە سەروەت و سامان و پلە وپایەی دونیا ھیچ سوودێکی پێ نەگەیاندن.

(51) بۆیە سزای کردەوە خراپەکانی خۆیان لە بتپەرستی و شیرک و گوناھ و تاوان تووش بوو، ئەم بێباوەڕانەی ئێستاش کە بە بتپەرستی و ھاوەڵ بڕیاردان و گوناھ و تاوان ستەمیان لە خۆیان کردووە سزای کردەوە خراپەکانی خۆیان وەک ئەوانەی پێشوو تووش دەبێتەوە و ئەیانگرێتەوە، ھەرگیز لەدەستی اللە تەعالا ڕزگاریان نابێت.

(52) ئایا ئەو بتپەرست و موشریکانە ھەر ئەوەیان وت کە پێشتر وتبویان، وە نازانن کە اللە تەعالا ڕزق و ڕۆزی خۆی فراوان دەکات بۆ ھەر کەسێک کە خۆی ویستی لەسەر بێت بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە، ئایا شوکر و سوپاسی دەکات یان ناشکوری دەبێت؟! وە کەمیشی دەکاتەوە بۆ ھەرکەسێک خۆی بیەوێت تاوەکو تاقی بکاتەوە، ئایا ئارام دەگرێت لەسەری یاخود ناڕەزایی دەردەبڕێت لەبەرامبەر قەدەری اللە تەعالادا؟! بێگومان ئەوەی باسکرا لە فراوانکردنی ڕزق و ڕۆزی و کەمکردنەوەی بەڵگە و نیشانەن لەسەر دەسەڵاتی اللە تەعالا بۆ کەسانێک باوەڕیان ھەبێت، چونکە ئەوان سوود وەردەگرن لە بەڵگە و نیشانەکانی ئەو، بەڵام بێباوەڕان بەسەریدا ڕادەبوورن و پشتی تێ دەکەن.

(53) - ئەی پێغەمبەر - بەو بەندانەم بڵێ کە ئیسراف و زیادەڕۆییان کردووە لە بتپەرستی و شیرک و گوناھ و تاوان و ڕۆچوون تێیدا، لە ڕەحم و بەزەیی اللە تەعالا بێ ھێوا و نائومێد مەبن، بێگومان اللە تەعالا لەھەموو گوناھ و تاوانی ئەو کەسانە خۆش دەبێت کە تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای، بەڕاستی ھەر ئەو لێخۆشبووی گوناھی تەوبەکارانە، وە بەڕەحم و بەزەییە بەرامبەریان.

(54) بە تەوبەکردن و کار و کردەوەی چاکەوە بگەڕێنەوە بۆ لای پەروەردگارتان، وە ملکەچی فەرمانەکانی بن، پێش ئەوەی لە ڕۆژی قیامەتدا سزاکەی بێتە سەرتان، پاشان کەس نەبێت لە بت و کەسوکارتان بێت بەدەمتانەوە و ڕزگارتان کات لە سزای سەختی ئەو ڕۆژە.

(55) شوێن ئەو قورئانە بکەون کە باشترین شتە پەروەردگارتان ناردبێتیە خوارەوە بۆ پێغەمبەرەکەی، کار بە فەرمانەکانی بکەن و دووریش بکەونەوە لە ڕێگری و قەدەغەکراوەکانی، پێش ئەوەی لەپڕ سزاتان بۆ بێت و ئێوەیش پێی نەزانن، خۆتانی بۆ ئامادە بکەن بە تەوبە کردن و گەڕانەوە بۆ لای.

(56) گوێڕایەڵی پەروەردگارتان بن و بگەڕێنەوە بۆ لای لەترسی ئەوەی نەوەک کەسێک لە ڕۆژی قیامەتدا پەشیمان بێتەوە و بڵێت: ئای ھاوار بۆ من، ڕەنجەڕۆ خۆم چیم کرد بەخۆم، لەوەی کەمتەرخەمیم کرد لە بەجێھێنانی فەرمانەکانی پەروەردگار بەوەی بێباوەڕ بووم پێی و ڕۆچوو بووم لەگوناھ و تاواندا، ھەرچەندە لە دونیادا لەوانە بووم کە گاڵتەم بە خەڵکانی باوەڕدار و خواناس دەکرد.

(57) یان بەڵگە بە قەدەر دەھێنێتەوە و دەڵێت: ئەگەر اللە سەرکەوتووی بکردمایە و ھیدایەتی بدامایە ئەوا منیش لە خواناسان دەەبووم، فەرمانەکانم بەجێ دەھێنا و دوور دەکەوتمەوە لە ڕێگرییەکانی.

(58) یان کاتێک سزای دۆزەخ دەبینێت ئاوات دەخوازێت و دەڵێت: ئەگەر جارێکی تر بگەڕامایەتەوە بۆ دونیا ئەوا تەوبەم دەکرد و دەگەڕامەوە بۆ لای اللە تەعالا، وە لە چاکەکاران دەبووم.

(59) ھیچی وانیە و ڕاست ناکەیت کە ئاوات دەخوازیت لەسەر ھیدایەت بوویتایە، بەدڵنیاییەوە ئایەت و نیشانەکانی منت بۆ ھات، کەچی باوەڕت پێ نەکرد و بەدرۆت زانی و خۆت لەوە بە گەورەتر زانی کەشوێنیان بکەویت، تۆ لەو کەسانە بوویت کە باوەڕت بە اللە تەعالا و ئایەت و نیشانە و پێغەمبەرەکەی نەبوو.

(60) لە ڕۆژی قیامەتدا ئەو کەسانە دەبینیت کە باوەڕیان بە اللە تەعالا نەبوو، ھاوەڵیان بۆ دادەنا و مناڵیان بۆ بڕیار دەدا، دەیانبینیت ڕوویان ڕەش بووە، وەک نیشانەیەک بۆ بەدبەخەتی و چارە ڕەشییان، ئایا لە دۆزەخدا جێگایەک نییە بۆ ئەوانەی خۆیان بەگەورە دەزانی لەوەی باوەڕ بە اللە تەعالا و پێغەمبەرەکەی بھێنن؟! بەڵێ بەدڵنیاییەوە لە دۆزەخدا جێگایەک ھەیە بۆ مانەوەیان.

(61) ئەوانەی لە پەروەردگاریان ترساون، فەرمانەکانی ئەویان بەجێھێناوە و دوور کەوتونەتەوە لە ڕێگرییەکانی، اللە تەعالا سەرکەوتوویان دەکات و ڕزگاریان دەکات لە ئاگری دۆزەخ و دەیانخاتە بەھەشتەوە، وە ھیچ سزا و خراپەیەک توخنیان ناکەوێت، وە خەم و خەفەتیش ناخۆن لەوەی لە دونیا لە دەستیان چووە.

(62) اللە تەعالا بەدیھێنەری ھەموو شتێکە، جگە ئەو ھیچ بەدیھێنەرێکی تر بوونی نییە، ئەو پارێزەری ھەموو شتێکە، بەڕێوەبەری کاری ھەموو بەدێھێنراوەکانیەتی و ھەر ئەویش ھەڵیان دەەسوڕێنێت

(63) کلیلی گەنجینەکانی خێر و خۆشی لە ئاسمانەکان و زەوی ھەر ھەمووی بەدەستی اللە تەعالایە، دەیبەخشێت بەو کەسەی خۆی بیەوێت، وە دەیشیگرێتەوە لەو کەسەی خۆی بیەوێت، ئەوانەیشی بێباوەڕ بوون بەنیشانە و ئایەتەکانی اللە تەعالا ھەر ئەوانە خەسارۆمەندن، چونکە لە ژیانی دونیا بێ بەش بوون لە باوەڕھێنان، وە لە ڕۆژی دواییشدا بەھەتا ھەتایی دەچنە ناو ئاگری دۆزەخەوە.

(64) - ئەی پێغەمبەر - بەو بتپەرست و موشریکانە بڵێ کە دەیانویست بتەکانی ئەوان بپەرستیت: ئەی نەفامینە ئایا فەرمانم پێ دەکەن جگە اللە تەعالا خوایەکی تر بپەرستم؟! ھیچ کەسێکی تر جگە لە اللە تەعالا شایستەی پەرستن نییە، بۆیە منیش جگە ئەو کەسی تر ناپەرستم.

(65) - ئەی پێغەمبەر - بێگومان اللە تەعالا وەحی بۆ تۆ و پێغەمبەرانی پێش تۆیش کرد: ئەگەر لەگەڵ اللە تەعالا کەسێکی تر بپەرستیت ئەوا پاداشتی ھەموو کار و کردەوە چاکەکانت پووچەڵ دەبێتەوە، وە خەسارۆمەندی دونیا دەبیت و ئاینەکەت دەدۆڕێنیت، وە لە ڕۆژی دوایییشدا سزای سەخت چاوەڕوانتە.

(66) کەواتە ئەی پێغەمبەر تەنھا اللە تەعالا بپەرستە، وە ھیچ شەریک و ھاوەڵی بۆ بڕیار مەدە، وە لەوانەبە کە شوکر و سوپاسی نیعمەتەکانی اللە تەعالا دەکەن.

(67) بتپەرست و موشریکەکان بەو شێوەیەی شایستەی اللە تەعالایە زاتی بەرز و پیرۆزی ئەویان بە گەورە نەزانیوە، بەوەی مەخلوق و بەدیھێنراوێکی لاواز و دەسەوسانیان کردووە بە ھاوەڵ و شەریکی ئەو، وە بێ ئاگا بوون لەوەی توانا و دەسەڵاتی بەسەر ھەموو شتێکدا ھەیە، لە ڕۆژی قیامەتدا ھەموو زەوی بەشاخ و داخ و دەرخت و دەریا و ڕووبارەکانیشەوە لە چنگی ئەودایە، وە ھەر حەوت ئاسمانەکەیش بەدەستی ڕاستی دەپێچێتەوە، پاکوبێگەردی بۆ اللە تەعالا لەوەی بتپەرست و موشریکەکان لەھەقی ئەودا دەیڵێن و باوەڕیان پێیەتی.

(68) ئەو ڕۆژەی ئەو فریشتەیەی ڕاسپێرراو بە فووکردن بە کەڕەنادا فوو دەکات پێیدا و ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەیە دەمرن، ئیللا ئەوە نەبێت خوای گەورە ویستی لەسەر هەبێت و نەمرێت، پاشان جارێکی تر بۆ زیندووبونەوە فووی پێدا ئەکاتەوە و ھەموو لە گۆڕەکانیان زیندوو دەبنەوە و ھەڵدەسنەوە و چاوەڕوان دەکەن اللە تەعالا چیان لە گەڵدا بکات.

(69) لە ڕۆژی قیامەتدا زەوی ڕووناک دەبێتەوە کاتێک پەروەردگاری بەعیززەت و دەسەڵات دەردەکەوێت بۆ جیاکردنەوە و لێپرسینەوەی بەندەکان، جا پەرتووک و پەڕاوی کردەوەی خەڵکی دائەنرێت و بڵاو دەکرێتەوە، وە پێغەمبەران دەھێنرێن، پاشان ئوممەتی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) دەھێنرێت تاوەکو شاھیدی بدات بۆ پێغەمبەران لەسەر ئوممەتەکانیان، اللە تەعالایش بەشێوەیەکی دادگەرانە بڕیار و حوکم دەدات لە نێوان ھەموواندا، ئەوان لەو ڕۆژەدا زوڵم و ستەمیان لێ ناکرێت، ھیچ مرۆڤێک گوناھ و تاوان و خراپەیەکی بۆ زیاد ناکرێت، لەھەمان کاتدا چاکە و حەسەناتێکیشی لێ کەم ناکرێتەوە.

(70) اللە تەعالا پاداشتی ھەموو کەسێک تەواو ئەکات، جا چاکە و خێری ئەنجام دابێت یان شەڕ و خراپە، وە اللە تەعالا زانا و ئاگادارە بەوەی ئەنجامی دەدەن، ھیچ شتێکی لاشاراوە و نھێنی نییە لەکار و کردەوەی چاکە و خراپیان، لەو ڕۆژەدا پاداشتی ھەموو کار کردەوەکانیان دەداتەوە.

(71) فریشتەکان بەفەرمانی اللە تەعالا دەستە دەستە و کۆمەڵ کۆمەڵ بێباوەڕان بە زەلیلی و ڕیسوایی ڕاپێچی دۆزەخ دەکەن، تا کاتێک دەگەنە لای ئاگری دۆزەخ لەپڕ فریشتە ڕاسپێرراوەکان بەکردنەوەی دەرگای دۆزەخ دەرگاکانیان بەسەردا دەکەنەوە، بەسەرزەنشت و لۆمە کردنەوە پێشوازیان لێدەکەن و پێیان دەڵێن: ئایا ھەر لەخۆتان پێغەمبەرانتان بۆ نەھات و ئایەت و نیشانەکانی پەروەردگارتانیان بۆ نەخوێندنەوە، وە نەیان ترساندن لەگەیشتن بەم ڕۆژە، کەچی سزایەکی سەختی تێدایە؟! بێباوەڕان دان دەنێن بەھەڵە و گوناھ و تاوانیاندا، وە دەڵێن: بەڵێ ھەموو ئەوانە بوون و ڕاستن، بەڵام وشە و فەرمانی اللە تەعالا بەسزادان بەسەر بێباوەڕاندا پێویست بوو، وە ئێمەیش بێباوەڕ بووین.

(72) بەسوکایەتی پێکردنەوە، وە بۆ جێگیرکردنی ڕەحمەتی اللە تەعالا، وە دەرنەچوونیان لە ئاگر پێیان دەوترێت: لە دەرگاکانی دۆزەخەوە بچنە ناویەوە، وە بەھەمیشەیی تێدا بمێننەوە، کە خراپترین شوێنی مانەوەی ئەو کەسانەیە کە لە دونیادا خۆیان بەگەورە دەزانی لەئاست پەرستن و گوێڕایەڵی کردنی اللە تەعالا.

(73) وە ئەو کەسانەیش خواناس بوون و لەپەروەردگاریان ترساوون و فەرمانەکانی اللە تەعالایان بەجێ دەھێنا و لە ڕێگرییەکانی دوور دەکەوتنەوە فریشتەکان بەھێمنی و لەسەرخۆیی دەستە دەستە و کۆمەڵ کۆمەڵ بەڕێزەوە بەڕێیان دەکەن بۆ بەھەشت، تاوەکو دەگەنە لای بەھەشت دەرگاکانیان بۆ دەکرێتەوە، فریشتە ڕاسپێرراو و سەرپەرشتیارەکانی بەھەشت بەخۆشی و شادییەوە پێشوازیان لێدەکەن پێیان دەڵێن: سەلامتان لێ بێت، دوور بن لەھەموو زەرەر و زیان و شتێک پێتان ناخۆشە، دڵ و کار و کردەوەتان پاکو خاوێن بوو، بۆیە بۆ ھەمیشەیی بڕۆنە بەھەشتەوە.

(74) باوەڕدارانیش کاتێک چوونە بەھەشتەوە دەڵێن: سوپاس و ستایش بۆ اللە تەعالا ئەو وەعد و بەڵێنەی لەسەر زمانی پێغەمبەرانەوە پێی داین ھەر ھەمووی ڕاست دەرچوو، بەڵێنی پێداین کە بمانخاتە بەھەشتەوە، وە بمانکات بە میراتگری زەوی بەھەشت، وە لەو جێگایەیش دەمانەوێت لێی دابەزین، ئەمەش باشترین پاداشتی ئەو چاکەکارانەیە ھەوڵ و کۆششی خۆیاندا و ڕەزامەندی پەروەردگاریان بەدەست ھێنا.

(75) لەو ڕۆژە بینراوەدا فریشتەکان دەوری عەرشی اللە تەعالایان داوە، پاکی و بێگەردی پەروەردگار دەنوێنن لەھەموو ئەو شتانەی شایان بەو نییە و لەو ناوەشێتەوە و بێباوەڕان دەیدەنە پاڵی، اللە تەعالایش بەھەق و دادگەری حوکم و بڕیار لە نێوان گشت بەدیھێنراوەکاندا دەدات، ئەوەی شایانی ڕێزگرتن بێت ڕێزی لێ دەنێت، ئەوەیشی شایانی سزا بێت سزای دەدات، وە دەگوترێت: سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری گشت مەخلوقات لەسەر ئەو بڕیار و حوکمەی کە بەڕەحمەت و بەزەیی خۆی دای بەسەر بەندە باوەڕدارەکانیدا، وە بەعەدل و دادگەری خۆیشی سزای بەندە بێباوەڕەکانیش پێدا.