(1) سوپاس و ستایش تەنھا بۆ خوای گەورە بە سیفاتی تەواو و بەرز و بڵندەوە، وە بە نیعمەت و بەخششە دیار و نادیارەکانیەوە، کە قورئانی دابەزاند بۆ سەر بەندە و پێغەمبەرەکەی کە موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم)ە، وە ھیچ جۆرە خوار و خێچی و ناتەواوییەکی تێ نەخستووە لەھەق و ڕاستی لابدات.
(2) بەڵکو ئەو قورئانە پەرتووکێکی ڕاست و پایەدارە کە ھیچ جۆرە دژیەکی و جیاوازیەکی تێدا نییە، بۆ ئەوەی بێباوەڕان بەسزای سەخت و بەھێزی خۆی بترسێنێت، کە چاوەڕوانیانە، وە موژدەی دڵخۆشکەریش بدات بەو باوەڕدارانەی کردەوەی چاک ئەنجام دەدەن کە پاداشتێکی زۆر چاکیان بۆ ئامادە کراوە ھیچ پاداشتێک ھاوشێوەی ئەو نییە.
(3) بەھەمیشەیی و ھەتاھەتایی لەو پاداشتە گەورە کە بریتیە لە بەھەشت دەمێننەوە، وە ھەرگیز لێی جیا نابنەوە.
(4) وه ئەم قورئانە ئەو جولەکە و گاور و موشریکانە دەترسێنێت کە دەیانوت: خوای گەورە مناڵی بۆ خۆی بڕیار داوە.
(5) ئەوانەی ئەو درۆ و دەلەسانە ھەڵدەبەستن کە گوایە خوای گەورە مناڵی ھەیە ھیچ زانیاریەک یا بەڵگەیەکیان نییە دەربارەی ئەوەی ھەڵیانبەستووە بۆ خوا، ھەروەک چۆن باوباپیرانیشیان کە ئەمان لاساییان کردونەتەوە ئەو زانیارییەیان نەبووە، بێگومان ئەم وتە قێزەونەی لە زاریان دەردەچێت زۆر گەورەیە و ھیچ بیریان لێ نەکردووەتەوە، ئەوانە درۆ و دەلەسە نەبێت ھیچ شتێکی تر نالێن، وتەکانیان ھیچ بنەما و پاڵپشتیەکی نییە.
(6) - ئەی پێغەمبەر - لەوانەیە تۆیش لەداخ و پەژارەی ئەوانە کە باوەڕ بەم قورئانە ناھێنن خۆت لەناو ببەیت، کاری وامەکە، ھیدایەت و ڕێنموونی ئەوانە لەسەر تۆ نییە، ئەوەی لەسەر تۆ پێویستە تەنھا تەبلیغ کردن و گەیاندنی ئەم ئاینەیە بەوان.
(7) بێگومان ئێمە ھەرچی لەسەر ڕووی زەوی ھەیە لە مەخلوقات و بەدیھێنراوەکان کردومانەتە مایەی جوانی و ڕازاندنەوە بۆ زەوی، بۆ ئەوەی ئەوانە تاقی بکەینەوە تاوەکو بزانین کامیان کردەوەی چاکتر ئەنجام دەدات کە خوای گەورە لە خۆی ڕازی بکات، وە کامیان بە پێچەوانەوە کردەوەی خراپ ئەنجام دەدات، تاوەکو ھەر کەسێکیان بەپێی کار وکردەوەی خۆی پاداشت و سزایان بدەینەوە.
(8) وە دوای ئەوەیش ژیانی بەدیھێنراوەکانی خوا لەسەر ئەم زەوییە کۆتایی دێت، ھەرچی لەسەر ڕووی ھەیە لە مەخلوقات و دروستکراوەکان تەختی دەکەین و دەیکەینە خاک و خوڵێکی وشک و بێ گژو گیا، کەوابێت پەند و ئامۆژگاری لێ وەربگرن ئەی خاوەن بیر و ھۆشەکان.
(9) - ئەی پێغەمبەری خوا - گومانت وا نەبێت چیرۆک و بەسەرھاتی ھاوەڵانی ئەشکەوت و ئەو تەتەڵە و پارچە بەردەی کە ناوەکانیانی لەسەر نووسرابوو لە بەڵگە و نیشانە سەر سوڕھێنەرەکانمانە، بەڵکو سەر سوڕھێنەرتر لەو چیرۆک و بەسەرھاتە، بەدیھێنانی ئاسمانەکان و زەوییە.
(10) - ئەی پێغەمبەر - باسی ئەوە بکە کاتێک لاوە باوەڕدارەکان لەبەر پارێزگاری کردن لە ئاینەکەیان پەنایان بۆ ئەشکەوتەکە برد، وە لە خوای گەورە پاڕانەوە و وتیان: ئەی پەروەردگارمان بمانخەرە بەر ڕەحمەت و میھرەبانی خۆت و لەگوناھەکانمان خۆشبە، وە ڕزگارمان بکە لە دوژمنەکانمان، وە ئەم کۆچک و ھەڵھاتنەمان لە بێباوەڕان بەرەو باوەڕ و ئیمان بۆ بکە بە مایەی ھیدایەت و ڕێنمونی بۆ سەر ھەق و ڕاستی.
(11) پاش ئەوەی ھەڵھاتن و چوونە ئەشکەوتەکەوە، پەردەیەکمان دا بە گوێیاندا بۆ ئەوەی ھیچ دەنگێک نەبیستن، وە ساڵانێکی زۆر لەوێ مانەوە و خەومان لێخستن.
(12) پاش ئەو خەوە درێژەیان بەخەبەرمان ھێنانەوە و ھەڵمانساندن، تاوەکو بزانین و دەربکەوێت بۆ ئەو دوو دەستەیەی ناکۆکیان ھەبوو لەسەر ماوەی مانەوەیان کامیان لە ژماردنی مانەوەکەیان شارەزاتر بوون، کە ئایا چەندێک لەو ئەشکەوتەدا ماونەتەوە.
(13) - ئەی پێغەمبەر - ئێمە ئاگادارت دەکەینەوە لەسەر گوزشتەی ئەوانە و چیرۆکی ئەوانەت بەڕاستی بۆ دەگێڕینەوە کەھیچ گومانێکی تێدا نەبێت، بەڕاستی ئەوانە کۆمەڵە لاوێک بوون باوەڕیان ھێنا بە پەروەردگاریان، وە گوێرایەڵی فەرمانەکانی بوون، ئێمەیش زیاتر ڕێنماییمان کردن، وە لەسەر ھەق و ڕاستی زیاتر دامەزراومان کردن.
(14) دڵەکانیشیانمان بە باوەڕ بەھێز کرد، وە زیاتر ئارامیمان پێ بەخشین لەسەر بەجێھێشتنی خاک و نیشتمان و وڵات، کاتێک ھەستانەوە و ڕوو بەڕووی پاشا بێباوەڕەکە بوونەوە و لەبەردەمیدا باوەڕی خۆیان ڕاگەیاند بە خوای تاک و تەنھا، وە پێیان وت: ئەو پەروەردگارەی ئێمە باوەڕمان پێیەتی و پەرستومانە پەروەردگاری ئاسمانەکان و زەوییە، وە جگە لەو ھیچ خوایەی درۆی تر ناپەرستین، وتمان: ئەگەر جگە لەخوای گەورە ھەر شتێکی تر بپەرستین ئەوا بێگومان قسەیەکی ستەم و درۆ و ناھەقمان بەدەمدا ھاتووە.
(15) پاشان ھەندێکیان لایانکردەوە بەلای ھەندێ تریاندا و گوتیان: ئەم گەلەی ئێمە جگە لە خوای گەورە پەرستراوی تریان بۆ خۆیان بڕیار داوە، ئەوان بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرایان نییە لەسەر پەرستنی ئەو خوایانە، ئەگەر ھەیانە با بیھێنن، بێگومان ھیچ کەسێک لەو کەسە ستەمکارتر نییە کە درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستێ کە ھاوەڵ و شەریکی بۆ بڕیار دەدات.
(16) کاتێک لە گەلەکەتان جیا بوونەوە، وە وازتان ھێنا لەو پەرستراوانەی جگە لە خوای گەورە دەیانپەرستن، وە ئێوە جگە لە خوای تاک و تەنھا ھیچ شتێکی ترتان نەپەرستن، دەسا بۆ پاراستنی ئاینەکەتان پەنا بەرنە بەر ئەشکەوتەکە ، خوای گەورەش ڕەحمەت و میھرەبانی خۆیتان بەسەردا بڵاو دەکاتەوە، وە لەدوژمنەکانتان دەتانپارێزێت و دەرووی خێرتان لێ دەکاتەوە، وە لەکاروبارتان شتی واتان بۆ ئاسان دەکات کەسوودی لێ وەربگرن و قەرەبووی ژیانی نێو گەل و خزم و کەسوکارەکەتان بۆ بکاتەوە.
(17) ئەوەی خوای گەورە فەرمانی پێکردبوون جێ بەجێیان کرد، کاتێک ڕۆیشتنە ناو ئەشکەوتەوە، خوای گەورە خەوی لێ خستن، وە پاراستنی لە دوژمنەکانیان، - ئەی ئەو کەسەی تەماشایان دەکەیت - کاتێک لەلای ڕۆژھەڵاتەوە خۆر ھەڵدەھات دەتبینی تیشکی خۆرەکە لەئەشکەوتەکەیان بەلای ڕاستدا لار دەبوویەوە دەچووە ژوورەوە، وە کاتێکیش خۆر ئاوا دەبوو لە ڕۆژئاواوە بەلای چەپدا لای دەدا و بەر ئەوان نەدەکەوت، ئەوان ھەمیشە لەسێبەردا بوون، بۆیە گەرمای خۆر ئەزیەتی نەدەدان، ئەوان لە بۆشاییەکی فراوانی ناو ئەشکەوتەکەدا بوون، بەو ئەندازەیەی پێویستیان پێی ھەبوو ھەوا دەھاتە ژوورەوە بۆیان، ئەوەی کە ڕوویدا و بۆیان پێشھات لەمانەوەیان لەناو ئەشکەوتەکە و خەو لێخستن، وە لادانی تیشکی خۆر و فراوانکردنی جێگا و ڕزگار کردنیان لەدەستی گەلەکەیان، ھەموو ئەمانە لەسەرسوڕھێنەرەکانی بەدھێنراوەکانی خوان کە بەڵگەن لەسەر دەسەڵات و قودرەتی خوای گەورە، ھەرکەسێک خوای گەورە سەرکەوتووی بکات و ڕێگای ھیدایەت و ڕێنمونی ئەوە بەھەق و ڕاستی ھیدایەت دراوە، وە ھەر کەسێکیش خوای گەورە سەرکەوتووی نەکات و گومڕا و سەرلێشێواوی بکات، ئەوا کەسێک نابینێتەوە کە پشتیوانی بێت وسەرکەوتووی بکات بۆ ھیدایەت و ڕێنمونی بکات و ھەق و ڕاستی، چونکە ھیدایەت و ڕێنمونی بەدەستی خوای گەورەیە، نەک بەدەستی ھیچ کەسێکی تر.
(18) - ئەی ئەو کەسەی تەماشای ئەوان دەکەیت- لەبەر ئەوەی چاوەکانیان کراوە بوون وادەزانیت ئەوان بەخەبەرن، لەڕاستیدا ئەوان خەوتبوون، لەکاتێکدا كه خەوتبوون ئێمە جارێک بەلای ڕاست و جارێکی تر بەلای چەپدا ئەمدیو و دیومان دەکردن، بۆ ئەوەی زەوی لاشەکانیان نەخوات و نەیانڕزێنێت، ئەو سەگەیش کە لەگەڵیان بوو لەبەردەم ئەشکەوتەکەدا ھەردوو دەستی درێژ کردبوو، ئەگەر چاوت پێ بکەوتنایە لەترسا پشتت ھەڵدەکردن لێیان و ڕاتدەکرد، وە دڵ ودەرونیشت پڕ دەبوو لەترس، چونکە دیمەنێکی ترسناکیان ھەبوو.
(19) ئەوەی بەسەرماندا ھێنان و باسمان کرد لە سەرسوڕھێنەرەکانی دەسەڵاتی ئێمە بوو، پاش ماوەیەکی درێژ بەخەبەرمان ھێنانەوە بۆ ئەوەی لە نێو خۆیاندا لەیەکتر بپرسن ئایا ئەو ماوەیەی خەویان لێکەوتبوو چەندێک بوو؟ ھەندێکیان وتیان: ڕۆژێک یان بەشێکی ماوینەتەوە، وە ھەندێکی تریان کە بۆیان ڕوون نەبوو بوویەوە کە چەندێک بەخەوتووی ماونەتەوە، وتیان: پەروەردگارتان ھەر خۆی دەزانێت چەندێک ماوینەتەوە، زانینی ئەو ماوەیەیان خستە پاڵ زانستی خوای گەورە، وە خۆیان بەوەوە خەریک نەکرد، بەڵکو خۆیان بەوەوە خەریک کرد کە پەیوەندی بەوانەوە ھەبوو، وتیان: یەکێک لە خۆتان بەپارە زیوەکەوە بنێرن بۆ شارەکەمان، وە تەماشا بکات و ورد بێتەوە بزانێت کامە لەخەڵک خواردنی زۆر چاک و پاکوخاوێن وحەڵاڵە با بەئەندازەی پێویست لەوەتان بۆ بکڕێت و بۆتانی بھێنێت، وە لەکاتی چوونە ناو شار و ھاتنەوە دەرەوەی زۆر بە وریایی و لەسەرخۆیی ھەڵسوکەوت بکات، نەوەک خەڵکی ئاگاداربن و جێگامان ئاشکرا ببێت، ئەو کاتە بەزیانێکی گەورە بەسەرماندا دەشکێتەوە.
(20) بەڕاستی ئەگەر گەلەکەتان لێتان بە ئاگا بێن و جێگا و ڕێگاتان پێ بزانن ئەوا بەرد بارانتان دەکەن و دەتانکوژن، یان لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا ناچارتان دەکەن بگەڕێنەوە بۆ ئاینە تێکدراوەکەیان، ئەو ئاینەی پێش ئەوەی خوای گەورە منەت بکات بەسەرتاندا و ھیدایەتان بدات بۆ ھەق و ڕاستی کە لەسەری بوون، خۆ ئەگەر ئێوە گەڕانەوە بۆ سەر ئەو ئاینە تێکدراوە ئەوا لە دونیا و دواڕۆژدا ھەرگیز بەختەورە و سەرفراز نابن، بەڵکو بە ھۆی ئەوەی واز لە ئاینەکەتان دەھێنن کە ئاینی ھیدایەت و ھەق و ڕاستییە، وە دەگەڕێنەوە بۆ سەر ئاینە تێکدراوەکەی ئەوان، دووچاری خەسارۆمەندی زۆر گەورە دەبن.
(21) ھەروەک چۆن ئەو کارە سەر سوڕھێنەرانەمان بەسەردا ھێنان کەبەڵگە بوو لەسەر ھێز و دەسەڵاتمان لەسەر خەولێخستنیان بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ ، وە پاشانیش بەخەبەرمان ھێنانەوە، ھەر بەو شێوەیە خەڵکی شارەکەی خۆیانمان لێ ئاگادار کردن تاوەکو ئەو خەڵکە بزانن کە بەڵێنی خوای گەورە بەسەرخستنی باوەڕداران، وە زیندووکردنەوەی خەڵکی ھەق و ڕاستە، وە ڕۆژی دوایی ھەر دێت وھیچ گومانێکی تێدا نییە، جا کاتێک بەسەرھاتەکەیان دەرکەوت بۆ خەڵکی و بەدیداریان شادبوونەوە، وە پاش ئەوە مردن و خوای گەورە بەیەکجاری گیانی کێشان، خەڵکەکە لە نێوان خۆیاندا جیاوازیان تێکەوت چیان لێ بکەن؟ دەستەیەک وتیان: دەرگای ئەشکەوتەکە بەدیوار بگرن، بۆ ئەوەی بیانشارێتەوە و بیشیانپارێزێت، پەروەردگاریان ئاگادارترە بەحاڵیان، چونکە حاڵی ئەمانە وادەخوازێت کە تایبەتمەندیەکیان ھەبێت، بەڵام ئەوانەیان قسەیان دەڕۆیی و دەسەڵاتدار بوون، کەسانێک بوون علیم و زانستیان نەبوو، وە خاوەنی بانگەوازێکی ڕاست و دروستیش نەبوون، وتیان: وەک ڕێزێک بۆ ئەوان و زانینی جێگاکەیان لەسەر شوێنی ئەوان مزگەوتێک بۆ خواپەرستی دروست دەکەین.
(22) ھەندێک لەو کەسانەی ڕۆچوو بوون لە چیرۆک و بەسەرھاتی ھاوەڵانی ئەشکەوتدا، لەبارەی ژمارەیانەوە وتویانە: ئەوان چوار کەس بوون ، بەسەگەکەیانەوە بوون بە پێنج، وە ھەندێکی تریش وتویانە: پێنج بوون بەسەگەکەوە بوون بەشەش، قسەی ئەو دوو دەستەیە بەگومانەوە دەیڵێن و ھیچ بەڵگەیەکیان نییە، وە ھەندێکی تریش وتویانە: حەوت کەس بوون، بەسەگەکەیانەوە بوون بە ھەشت، - ئەی پێغەمبەری خوا - بڵێ: پەروەردگارم زاناترە بەژمارەیان کە چەند کەس بوون، بۆیە لەبارەی ژمارەیانەوە وتووێژ و دەمەقاڵی لەگەڵ ئەھلی کیتاب و جگە لە ئەوانیش مەکە، وتووێژێکی ئاشکرا نەبێت کە قووڵ بوونەوەی تێدا نەبێت، تەنھا ئەوەیان بۆ باس بکە کەخوای گەورە لەڕێگای وەحیەوە بۆی باسکردویت و ھەواڵی پێداویت، وە لەبارەی وردو درشتی چیرۆکی ھاوەڵانی ئەشکەوتیشەوە پرسیار لە خاوەن نامەکان (ئەھلی کیتاب) مەکە، چونکە ئەوان ئەمە نازانن.
(23) ئەی پێغەمبەری خوا کە دەتەوێت سبەینێ شتێك ئەنجام بدەیت، ھەرگیز مەڵێ من دەمەوێت سبەینێ ئەم كارە ئەنجام بدەم، چونکە تۆ نازانێت ئایا ئەنجامی دەدەیت یان نا، یان شتێکت بێتە پێش کە نەتوانیت ئەنجامی بدەیت، ئەمەش ئامۆژگاری وڕێنماییە بۆ ھەموو موسڵمانێک.
(24) مەگەر کاتێک نەبێت ئەنجامدانی ئەو کارە پەیوەست بکەیت بە ویستی خوای گەورە و بڵێیت: سبەینێ فڵان کار ئەکەم ئەگەر خوای گەورە ویستی لەسەر بێت، یادی پەروەردگارت بکە لەکاتی لەبیر چوونت بە وتنی: وشەی ( إن شاء اللە) وە بڵێ: ئومێدم وایە لەم کارەدا پەروەردگارم ڕێنموییم بکات بۆ نزیکترین ڕێگا، رێنمونی تەوفیق و یارمەتیدان بێت.
(25) ھاوەڵانی ئەشکەوت سێ سەد و نۆ ساڵ لە ئەشکەوتەکەیاندا مانەوە.
(26) - ئەی پێغەمبەری خوا - بڵێ: خوای گەورە زاناترە بەماوەی مانەوەیان لە ئەشکەوتەکەیاندا، خوای گەورە ھەواڵی پێداوین کە ئەوانە چەندێک ماونەتەوە، لە دوای وتە و بڕیاری خوای گەورە ( سبحانە وتعالی) ھیچ کەسێک قسەی نابێت، تەنھا خوای گەورە ئاگاداری شتە غەیب و نھێنی و شاراوەکانی ئاسمانەکان و زەوییە، ھیچ بەدیھێنراوێکی لێ ون نابێت و بێ ئاگا نییە لێی، ئای خوای گەورە چەندێک بینایە بەھەموو شتێک، ھەموو شتێک دەبینێت، وە چەند بیسەریشە، ھەموو شتێک دەبیستێ، مەبەست لەوەیە بینین و بیستنی اللە تعالی بێ سنوورە، ھاوەڵانی ئەشکەوت جگە خوای گەورە ھیچ پشتیوان و دۆستێکیان نەبوو ھەتا یارمەتیان بدات و بیانپارێزێت، خوای گەورە ھیچ ھاوەڵ و ھاوبەشێکی نییە لە حوکم و بڕیاردانیدا، ئەو تەنھا بۆ خۆی حوکم و بڕیار دەدات.
(27) - ئەی پێغەمبەری خوا - ئەوەی لە قورئان بە وەحی بۆت ھاتووە بیخوێنەرەوە و کاریشی پێ بکە، وە ھیچ گۆڕانکاری نایەت بەسەر وشەکانیدا، چونکە ھەموو ڕاستە و ھەموویشی دادگەرە، وە جگە لەخوای گەورە ھیچ پەناگایەک شک نابەیت، وە جگە لەویش کەسێک نابینیتەوە پەنای پێ بگریت.
(28) - ئەی پێغەمبەر - لەگەڵ ئەوانەدا ھاوڕێیەتی بگرە کە بەیانیان و ئێواران لە پەروەردگاریان دەپاڕێنەوە و ھەر بەتەنھا ئەویش دەپەرستن، وە تەنھا ڕەزامەندی ئەویشیان دەوێت، ھەرگیز چاویان لێ کلا نەکەیت، ئایا تۆ دەتەوێت لەگەڵ دەوڵەمەند و ناودارەکاندا دانیشیت؟ وە ھەرگیز گۆێڕایەڵی کەسێک مەکە بێ ئاگایە لەیاد و زیکری خوا، بەوەی لەبەر ناپەسەندی مۆرمان نا بەسەر دڵیدا، ئەگەر گوێڕایەڵی بیت فەرمانت پێدەکات ھەژاران دوور بخەیتەوە لە مەجلیس و کۆڕ و کۆبونەوەکانت، ئەو کەسە شوێنی ھەوا و ئارەزووی خۆی کەوتووە و وازی لە تاعەت و گویڕایەڵی فەرمانەکانی خوا ھێناوە، وە ھەموو کاروبارێکیشی بەفیڕۆ چووە.
(29) وە - ئەی پێغەمبەر - بەوانە بڵێ کە بێ ئاگان لە یاد و زیکری خوا و دڵەکانیان غافڵە لەو : ئەوەی من ھێناومە بۆتان ھەق و ڕاستە، ھەر ھەمووی لەلایەن خوای گەورەوەیە نەک لەلایەن خۆمەوە، وە من ھەرگیز نایەم بەدەم ئەو داواکارییەتانەوە کە باوەڕداران تار نێم و دەریان بکەم، جا ھەرکەسێکتان دەیەوێت باوەڕ بەم ھەق و ڕاستییە بھێنێت با باوەڕ بھێنێت و دڵخۆشیش دەبێت بەپاداشتەکەی، وە ھەر کەسێکیشتان دەیەوێت بێباوەڕ بێت ئەوە با بێباوەر بێت و ئیمان نەھێنێت، وە دەگات بەو تۆڵەیەی کە چاوەڕوانی دەکات، بێگومان ئاگرێکی گەورەمان بۆ ئامادە کردووە بۆ ئەوانەی بەھەڵبژرادنی کوفر و بێباوەڕی ستەمیان لە خۆیان کردووە، ئاگرێک کە شوراکانی لەھەموو لایەکەوە دەوری داون، بەھیچ شێوەیەک ناتوانن ڕابکەن و ھەڵبێن لێی، وە ئەگەر کاتێک لەبەر گەرمی و ناڕەحەتی و تینوێتی زۆر داوای ئاو بکەن ئەوا ئاوێکیان پێدەدرێت وەک زەیتی قرچاو، لەبەر گەرمی ڕوومەتیان دەبرژێنێت، ئای ئەو ئاوەی بۆیان ھێنان چی ئاوێکی خراپ و نالەبار بوو، ئاوێکە ھیچ تینوێتی ناشکێنێت، بەڵکو زیادیشی دەکات، وە بڵێسە و تینی ئەو ئاگرەیش کە پێستیان دەبرژێنێت ناکوژێنێتەوە، ئەو ئاگرەی بۆیان بووە بەجێگا و ڕێگا خراپترین جێگا و ڕێگای مانەوەیە.
(30) بێگومان ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە بە خوای گەورە و کار و کردەوەی چاکیان ئەنجامداوە، پاداشتی زۆر گەورەیان بۆ ھەیە، بێگومان ئێمە پاداشتی ئەو کەسانە زایە ناکەین، بەڵکو بە باشترین شێوە پاداشتیان دەدەینەوە، بە تەواوی بێ ھیچ کەم و کورتیەک.
(31) ئەوانەی کە خوای گەورە وەسفی کردن بە باوەڕدار و کاروکردەوەی چاک ئەنجام دەدەن، لە پاداشتی ئەوەدا خوای گەورە بەھەشت و باخ و باخاتێکیان پێ دەدات کە بە ھەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە، بەژێر کۆشک و تەلارەکانیدا جۆگە و ڕووباری سازگار دێت و دەڕوات و گوزەر دەکات، بازن و دەست بەندی زێڕینیان لەدەست دەکرێت، وە جلوبەرگی ڕەنگ سەوزی ئاوریشم و حەریری تەنک و ئەستوور دەپۆشن، لەسەر تەختی ڕازاوە بە پەردەی زۆر جوان پاڵ دەدەنەوە، بێگومان باشترین پاداشت پاداشتی ئەوانە، وە بەھەشتیش باشترین جێگای حەوانەوەیە بۆ ئەوان کە تێیدا دەمێننەوە.
(32) - ئەی پێغەمبەر - تۆ بەسەرھات و نموونەی ئەو دوو پیاوە لە ئوممەتانی پێشوو باس بکە، دوو پیاو یەکێکیان بێباوەڕ و ئەوی تریان باوەڕدار، بێباوەڕەکەیان دوو باخ و بێستانمان پێدا، بەدار خورما چوار دەوری ئەو دوو باخەمان بۆ دابوو، لە ناوەڕاستی ئەو دوو باخەیشدا جۆرەھا ڕووەک و دار و درەختمان بۆ سەوز ڕواندبوو.
(33) ھەردوو باخەکە ھاتنە بەرھەم لە ترێ و خورما بەرووبومی باشیان گرت، وە ھیچی لێ خەسار و زایە نەبوو، بەڵکو زۆر بەتێر و تەسەلی بەرووبومی خۆیاندا، وە لەسەر ئەمانەیشەوە لە ناوەڕاستی ھەردوو باخەکەدا ڕووبارێکمان بۆ ھەڵقوڵاند، تاوەکو بە ئاسانی ئاویان بدات.
(34) خاوەنی ئەم دوو باخە سەروەت و سامان و بەروبومی تریشی ھەبوو، زۆر بەفیز و لوت بەرزیەوە ڕۆژێک بەھاوڕێ باوەڕدارەکەی وت: من ماڵ و سەروەت و سامانم لە تۆ زۆرترە، وە لە تۆ زیاتر خزم و کەسوکار و عەشیرەتم ھەیە.
(35) بێباوەڕەکەیان لەگەڵ ھاوڕێ باوەڕدارەکەی ڕۆژێکیان چوونە ناو باخەکەیەوە، تاوەکو باخەکەی خۆی پیشاندا، خاوەن باخەکە بە ھۆی ئەوەی باوەڕی بەخوا و بە زیندووبوونەوە نەبوو، وە زۆر بە ماڵ و داراییەکەی دەینازی، ستەمی لە خۆی کرد بەوەی بەو کارەی خۆی دووچاری چوونە دۆزەخ دەکات، کاتێک چوونە ناو باخەکەیەوە بەھاوڕی باوەڕدارەکەی وت: من باوەڕم نییە ئەم باخ و بێستانەی کە دەیبینیت ھەرگیز تیابچێت و نەمێنێت، کاتێک ; چونکە ھەموو ھۆکارەکانی مانەوە و نەفەوتانی گرتبووە بەر.
(36) وە باوەڕم نییە کە ڕۆژی قیامەتیش ڕوو بدات، بەڵکو ژیانی دونیا بەردەوام دەبێت، خۆ ئەگەر گریمان ڕۆژی قیامەت ھات و پاش مردن گەڕاینەوە لای پەروەردگارم و زیندوو بووینەوە ئەوا دڵنیام لەوێش لەم باخ و باخات و ڕەز و کانیاو و ڕووبارە باشترم دەست دەکەوێت، لە دونیادا دەوڵەمەندبیت وادەخوازێت لەپاش زیندووبوونەوەیش ھەر دەوڵەمەند بیت.
(37) ھاوڕێ باوەڕدارەکەی ھەر بیری لە وتەی ھاوڕێ بێباوەڕەکەی دەکردەوە و پێی وت: ئایا تۆ باوەڕت نییە بەو زاتەی کە تۆی لەبنچینەدا دروستكردووە (واتا باوکە ئادەمی لەسەرەتاوە لەگڵ دروستکرد)؟ پاشان تۆی لە ئاوێکی قێزەونی دروستکرد، دواتر کردیتی بەم پیاوەی ئێستا، جەستە و ئەندامەکانی لاشەتی بەم شێوە جوانە ڕێکخست و تەواو کامڵی کردیت، ئەو زاتەی توانای ئەوەی ھەبووبێت، بێگومان توانای ئەوەیشی ھەیە پاش مردن جارێکی تر زیندووت بکاتەوە.
(38) بەڵام من وەک تۆ ناڵێم، بەڵکو ئەڵێم: پاکوبێگەردی بۆ پەروەردگارم، ھەر ئەوە ناز و نیعمەتەکانمان پێ دەبەخشێت، وە ھەرگیز ھاوەڵ و شەریکی بۆ بڕیار نادەم لەپەرستندا.
(39) دەبوو ئەو کاتەی چوویتە ناو باخ و باخاتەکەتەوە بتوتایە: (ماشاء اللە لا قوة لأحد الا باللە) ((ئەمە ئەوەیە کە خوا بۆ منی ویستووە وهەرچیەکی ویست ئەنجامی دەدات، من خۆم دەسەڵاتی ئەوەم نەبوو ئەم ھەمووە نیعمەت و بەخششە بۆ خۆم بەدەست بھێنم، تەنھا بەیارمەتیدان وفەزڵی خوای گەورە بەدەست دەھێنرێت))، وە ھەر خۆی خاوەنی ھێز و دەسەڵاتە، ئەگەر تۆ وادەبینیت من لە تۆ ھەژارترم و لە تۆیش مناڵ و کوڕ و کاڵم کەمترە.
(40) من وای بۆ دەچم، وە دوور نییە خوای گەورە لە باخ و بێستانەکەی تۆ باشترم پێبدات، وە خوای گەورە لە ئاسمانەوە بەڵاو موسیبەتێک دابەزێنیت بۆ سەر باخ و بێستانەکەت، و بیکاتە زەویەکی ڕووت و ساف و لوسی بێ ڕووەکی وا قاچ لەسەری بخلیسکێت.
(41) یان کانی و ئاو و ڕووبارەکەی بچێت بەناخی زەویدا و بەھیچ شێوەیەک نەتوانیت دەستت پێی بگات، جا ئەگەر ئەو باخ و بێستانەیش ئاوی نەما و ڕووبار و کانیاوەكەی وشک بوون، ئەویش نامێنێت و وشک ھەڵدەگەڕێت.
(42) ئەوەی ھاوەڕێ باوەڕدارەکە وتی ھاتەدی و ڕوویدا، ئەوە بوو باخ و بێستانی ھاوڕێ بێباوەڕەکەی فەوتا و لەناوچوو، ئەوجا خاوەنی باخ و بێستانەکە کابرای بێباوەڕ، لەداخ و حەسرەت و پەشیمانی ھەردوو دەستی دەدا بەیەکدا، کەچۆن چۆنی ئەو ھەمووە ماڵ و سامانەی خەرج کرد لە ئاوەدانکردنەوەیدا، کەچی ئێستا بەبەرچاویەوە باخ و بێستان و کەپری میوەکانی بەسەر یەکدا کەوتوو؟ ! بە حەسرەتەوە دەیوت: خۆزگە و کاشکای باوەڕم بەپەروەردگاری تاک و تەنھا بھێنایە، وە ھیچ کەسیشم نەکردایەتە ھاوەڵ و شەریکی لە پەرستندا .
(43) ئەم بێباوەڕە ھیچ کۆمەڵێکیشی نەبوو، لەوانەی ئەو شانازی پێوە دەکردن کاتێک ئەو تۆڵە و سزایەی بۆ دابەزی بەرگری لێ بکەن و نەھێڵێت بۆی دابەزێت، ئەو پێشتر شانازی دەکرد بە کۆمەڵ و کوڕ و خزم و کەسەکانیەوە، وە خۆیشی نەیتوانی ڕێگری بکات لە لەناوچوونی باخەکەی کاتێک خوای گەورە لەناوی برد.
(44) ئا لەوێدا، لەو کاتی زەبوونی و ناخۆشیەدا، پشتیوانی کردن و یارمەتیدان ھەر بۆ خوای گەورەیە بەھەق و ڕاستی، زاتی ئەو باشترین پشتیوان و یارمەتیدەرە بۆ دۆستە باوەڕدارەکانی، ئەو پاداشتیان بۆ چەند بەرامبەر دەکاتەوە، وە پاشە ڕۆژی باشیشیان بۆ مسۆگەر دەکات.
(45) - ئەی پێغەمبەری خوا - تۆ نموونەی ژیانی ئەم دونیا بۆ ئەوانە بھێنەرەوە کە بە دونیا دەخەڵەتێن و فریو دەخۆن، بەوەی نموونەی ئەم دونیایە لە خێرا لەناوچوونی و کۆتایی ھاتنی وەک باران وایە لە ئاسمانەوە دێتە خوارێ، کاتێک گژ و گیا و ڕووەک سەوز دەکات، بەڵام ھێندەی پێناچێت ھەر ئەو ڕووەکە وشک دەبێت و تێک دەشکێت، وە ڕەشەبا بە ھەموو لایەکیدا پەرش و بڵاوی دەکاتەوە، زەویش جارێکی تر وەک خۆی لێدێتەوە، وە خوای گەورەش توانا و دەسەڵاتی بەسەر ھەموو شتێکدا ھەیە، ھیچ شتێک دەسەوسانی ناکات، ھەرچیەکی ویست زیندووی دەکاتەوە، وە ھەرچیەکیشی ویست لەناوی دەبات.
(46) ماڵ و سەروەت و سامان و مناڵ زینەت و جوانی ژیانی دونیان، ماڵ و سامانی دونیا لە دواڕۆژدا ھیچ سوودێکی نییە جگە ئەوە نەبێت لە ڕەزامەندی خوای گەورەدا دەبەخشرێت، کار و کردەوە و گوفتارێک خوای گەورە لێی ڕازی بێت چاکترین و باشترین پاداشتێکە لە ھەرچی زینەت و جوانی دونیا و ئەوەی مرۆڤیش ئومێدی بۆ دەخوازێت، چونکە زینەت و جوانی دونیا لەناو دەچێت، بەڵام پاداشتی کار و کردەوە و گوفتارێک خوای گەورە لێی ڕازی بێت دەمێنێتەوە و نافەوتێت.
(47) ئەو ڕۆژە یادی خەڵکی بخەرەوە کە شاخەکان لە جێگاکانی خۆیان ھەڵدەکەنین، وە زەویش بەڕووتەڵی و ئاشکرا دەبینیت کە ھیچ شتێکی بەسەرەوە نەماوە لە شاخ و دار و درەخت و کۆشک و تەلار، وە ھەموو بەدیھێنراوەکان کۆدەکەینەوە، ھیچ کەسێکمان لێ نەھێشتەوە و ھەموویمان زیندوو کردەوە.
(48) خەڵکی ھەموو ڕیز دەکرێن بۆ لێپرسینەوە لەگەڵدا کردن، وە پێیان دەوترێت: بێگومان ھەموو بەتەنھا و بە ڕووت و قوتی و پێی پەتی و خەتەنە نەکراوی و دەستی خاڵی ھاتوونەتە لامان. ھەروەک یەکەمجار بەدیمان ھێنان و دروستمان کردن، بەڵکو پێشتان وابوو کە جارێکی تر زیندوو ناکرێنەوە، وە کات و شوێنتان بۆ دیاری ناکەین بۆ لێپرسینەوە و پاداشت و تۆڵەی کار کردەوەکانتان.
(49) نوسراو و پەڕاوی کردەوەکان دادەنرێن، ھەندێک پەڕاوی کردەوەکانی بە دەستی ڕاستی وەردەگرێت، وە ھەندێکی تر بە دەستی چەپی، جا - ئەی مرۆڤ - لەو رۆژەدا بێباوەڕان دەبینیت کە دەترسن لەو حاڵەی تێیدان، چونکە چاک دەزانن چیان لە بێباوەڕی و سەرپێچی پەروەردگار پێش خۆیان خستووە، بەداخ و حەسرەتەوە دەڵێن: ئای وەیل و تیاچوون بۆ خۆمان، ئەم پەڕاوە چییە. خۆ ھیچ کردەوەیەکی بچوک و گەورەی ئێمەی جێنەھێشتووە و ھەمووی تۆمار کردووە و ژماردویەتی، ھەرچیەک لە گوناھ و تاوان و سەرپێچی لە ژیانی دونیا ئەنجامیان دابێت ھەمووی لەوێ دەبیننەوە، - ئەی پێغەمبەری خوا - پەروەردگارت ناھەقی و ستەم لەھیچ کەسێک ناکات، سزای ھیچ نادات بەبێ تاوان و گوناھـ نادات، وە پاداشتی کار و کردەوەی خواناسان و چاکەکارانیش کەم ناکەتەوە.
(50) - ئەی پێغەمبەر - ئەو ڕۆژە وەبیر خەڵکی بھێنەرەوە کاتێک وتمان بەفریشتەکان : سوژدەی ڕێز و سڵاو بۆ ئادەم ببەن، ھەر ھەموویان بۆ بەجێھێنانی فەرمانی پەروەردگاریان سوژدەیان بۆ ئادەم برد، جگە لە ئیبلیس نەبێت کە لە جنۆکە بوو، نەک فریشتە، لە فەرمانی پەروەردگاری خۆی دەرچوو، وە سوژدەی نەبرد، - ئەی خەڵکینە - ئایا ئێوە جگە لە من ئیبلیس و نەوەکانی دەکەنە دۆست و پشتیوان خۆتان، لە کاتێکدا ئەوان دوژمنی ئێوەن، باشە چۆن دوژمنەکانتان دەکەن بە دۆست و پشتیوانی خۆتان؟ ئای چەند خراپ و ناشرینە ئەوەی ستەمکاران ئەنجامی دەدەن، لەبری خوای گەورە شەیتان دەکەن بە دۆست و پشتیوانی خۆیان.
(51) ئەوانەی ئێوە لەبری من کردووتان بەدۆست و پشتیوانی خۆتان وەک ئێوە بەندە و ملکەچی خوان، بەدیھێنانی ئاسمانەکان و زەویم پیشان نەداون کاتێک بەدیمھێنان، بەڵکو ئەوان ھەر بوونیان نەبوو، وە بەدێھێنانی ھەندێکیانم پیشانی ھەندێکی تریان نەداوە، من تەنھا خۆم ھەموو شتەکانم بەدێھێناوە و بەڕێوەیشیان دەبەم، وە من گومڕاکانی شەیتان و مرۆڤ و جنۆکەم نەکردووە بەیارمەتیدەر و پشتیوانی خۆم، چونکە من بێ نیاز و دەوڵەمەندم لەوەی یارمەتیدەر و پشتیوان بۆ خۆم دابنێم.
(52) - ئەی پێغەمبەر - باسی ڕۆژی قیامەتیان بۆ بکە، کاتێک خوای گەورە بەو کەسانە دەڵێت کە لە دونیادا ھاوەڵ و شەریکیان بۆ دانابوو: ئەو ھاوەڵ و شەریکانەی کە پێتان وابوو ھاوەڵ و شەریکی منن بانگیان بکەن بەڵکو بتوانن یارمەتیتان بدەن و سەرتان بخەن، بانگیان کردن بەڵام نەھاتن بەدەم بانگەکەیانەوە و نەیانتوانی یارمەتیان بدەن و سەریان بخەن، وە جێگایەکی بەھیلاکدەرمان داناوە بۆ ئەوان لەنێوان خۆیان و خواکانیان کە ھاوبەشن تێیدا،کە بریتیە لە ئاگری دۆزەخ.
(53) موشریک و بێباوەڕان ئاگری دۆزەخ دەبینن، وە تەواو دڵنیا دەبن کە ھیچ چارێکیان نەماوە و ھەر دەکەون تێی، وە ھیچ شتێک نییە و نابیننەوە بتوانێت لەچوونە ناو دۆزەخ لایان بدات و بیانپارێزێت.
(54) بێگومان ئێمە لەم قورئانەی کە ھاتووەتە خوارەوە بۆ موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) زۆر جۆرە نموونەمان بۆ خەڵکی ڕوونکردوەتەوە بۆ ئەوەی بیری لێ بکەنەوە و پەند و ئامۆژگاری لێوەربگرن، بەڵام مرۆڤەکان - بەتایبەتی بێباوەڕانیان - لەگشت مەخلوقاتی خوا بەناھەق زیاتر دەمەقاڵێ و موجادەلە دەکات.
(55) ھیچ شتێک نەبووە ڕێگر و کۆسپ لەبەردەم باوەڕھێنانی ئەو بێباوەڕە سەرسەختە لەخوا یاخییە کاتێک ئەو قورئانە ھات بۆ موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) لەلایەن پەروەردگاریەوە، وە کەمی ڕوونکردنەوەی خوای گەورە نەبووە ڕێگر ئەوانە داوای لێبوردنی گوناھ و تاوان و کەموکورتییەکانیان لە پەروەردگاریان بکەن، بەڵکو خوای گەورە چەندەھا نموونەی بۆ ھێنانەوە لە قورئاندا، وە چەندە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرای بۆ باسکردوون، بەڵکو ئەوەی بووە ڕێگر لەبەردەم باوەڕھێنانیان تەنھا ئەوە بوو بەسەرسەختی و ملھوڕی داوای ئەوەیان دەکرد لە پێغەمبەری خوا ئەگەر ڕاست دەکات پێغەمبەری خوایە، با ئەو سزایەی بۆ ئوممەتانی پێشوو ھاتووەتە خوارەوە بۆ ئەمانیش بێتە خوارەوە، وە بە چاوی خۆیان ئەو بەڵێنە ببینن.
(56) ئێمە پێغەمبەرانمان بۆ ئەوە ناردووە کە موژدەی بەھەشت و ڕەزامەندی پەروەردگار بدەن بە باوەڕداران و ئەوانەی گوێڕایەڵی ئەو دەکەن، وە کەسانی بێباوەڕ و گوناھباریش بترسێنن بە ئاگری دۆزەخ، پێغەمبەران دەسەڵاتی ئەوەیان نییە بەسەر دڵەکاندا کە بە زۆر ڕێگای ھیدایەت و خواناسیان پێ بگرنەبەر، کەچی لەگەڵ ئاشکرایی و ڕوونی بەڵگەکان ئەوانەی باوەڕیان نییە بەخوا و پێغەمبەرەکانی ھەمیشە دەمەقاڵێ و بەربەرەکانی لەگەڵ پێغەمبەران دەکەن، بۆ ئەوەی بەو باتڵی و ناھەقیەی لەسەرینی ئەو ھەق و ڕاستیەی ھاتووتە خوار بۆ موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) لە ناوی ببەن و زاڵ ببن بە سەریدا، وە لەبری ئەوەی ئەو قورئانەی ناردومەتە خوارەوە باوەڕی پێ بھێنن بترسن لەو سزایەی خەڵکی پێ دەترسێنێت، کەچی کەوتنە گاڵتە پێکردنی.
(57) ھیچ کەس وەک ئەو کەسە ستەمکارتر نییە کاتێک بە بەڵگە و ئایەتەکانی پەروەردگار ئامۆژگاری کرابێت، کەچی ھیچ پەندی وەرنەگرتبێت لەو ھەڕەشانەی خوای گەورە دەیکات بەسزادانی بێباوەڕان، وە پشتی ھەڵکردبێت لە ئامۆژگاری لێوەرگرتنی، وە ئەوەی لەبیر چووبێتەوە لەژیانی دونیای چی شتێکی لە بێباوەڕی و گوناھ و تاوان پێش خۆی خستبێت و تەوبەیشی لێ نەکردبێت، ئەو کەسانەی ئەو حاڵ و ھەڵسوکەوتیانە ئێمە پەردەمان بەسەر دڵیاندا ھێناوە کە ناھێڵێت لەمانا و مەبەستەکانی قورئان تێبگەن، وە گوێشیانمان کەڕ کردووە کە قورئانی پێ نەبیستن، بیستنێک کە سوودی ھەبێت بۆیان و قبوڵی بکەن، وە ئەگەر ئەمانە بانگ بکەیت بۆ باوەڕ ھێنان ئەوا ھەرگیز وەڵامت نادەنەوە چونکە دڵەکانیان پەردەی بەسەرەوەیە، وە گوێکانیشیان کەڕ بووە لەئاست بیستنی ھەق.
(58) بۆ ئەوەی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) حەز بەوە نەکات و داوای ئەوە نەكات کە خوای گەورە بەپەلە و خێرا سزای بێباوەڕان بدات، خوای گەورە پێی فەرموو: - ئەی پێغەمبەر - پەروەردگارت زۆر لێبوردەی گوناھ و تاوانی ئەو بەندانەیەتی کە تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای، وە زۆریش میھرەبان و بە ڕەحمە بە ئەندازەیەک میھرەبانی و ڕەحمی پەروەردگار ھەموو شتێکی گرتوەتەوە، ھەندێک لە میھرەبانی و ڕەحمی ئەو بریتییە لەوەی مۆڵەتی گوناھباران دەدات کە بگەڕێنەوە بۆ لای و تەوبە بکەن، ئەگەر خوای گەورە بە ھۆی کار و کردەوە خراپەکانیان ئەو ملھوڕانەی بگرتایە، دەبوو سزاکەی بۆ پێش بخستنایە و لە ژیانی دونیا سزای بدانایە، بەڵام ئەو زۆر بە ئارام و خۆگرە و میھرەبانە، سزاکەیانی بۆ دواخستوون بەڵکو تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای، سزای نەدان بەڵکو جێگا و کاتی دیاری کراوی بۆ داناون ئەگەر ھاتوو تێیان پەڕاند و نەگەڕانەوە و تەوبەیان نەکرد لە بێباوەڕی و پشت ھەڵکردن لە قورئان، ئەوا کاتی ئەوەش دێت کە سزایان بدات ئەو کاتە ھیچ پەناگا و ڕێھەڵھاتنێکیان دەست ناکەوێت پەنای بۆ ببەن.
(59) خەڵکی ئەو گوند و دێھاتانەی کە نزیک لە خۆتان بوون، (وەک گوندەکانی گەلی ھود و گەلی ساڵح و گەلەکەی شوعەیب) مان لەناو برد، کاتێک ستەمیان کرد لە خۆیان بەوەی باوەڕیان نەھێنا و دەستیان دایە گوناھ و تاوان کردن، وە بۆ لەناو بردنیشیان ماوە و کاتێکمان دانا.
(60) - ئەی پێغەمبەری خوا - ئەو کاتە وەبیر خەڵکی بھێنەرەوە کاتێک موسا (سەلامی خوای لێ بێت) بە خزمەتکارەکەی (یوشەعی کوڕی نون) ی وت: من بەردەوام دەڕۆم تا دەگەمە جێگای بەیەک گەیشتنی دوو دەریاکە، یان کاتێکی زۆرتر دەڕۆم تا دەگەمە لای بەندە خواناسە چاکەکە، بۆ ئەوەی لێوەی فێری زانست ببم.
(61) ئەوە بوو ھەردووکیان ڕۆیشتن تا گەیشتنە ئەو شوێنەی دوو دەریاکە بەیەک دەگەن، ئەو ماسییەی لەگەڵ خۆیان ھێنابوویان بۆ ئەوەی بیکەنە ژەمە خواردنیان لەبیریان چوو، لەو کاتەدا خوای گەورە ئەو ماسییەی زیندوو کردەوە، وە ڕێگای بۆ ناو دەریاکە گرتەبەر و چووە ناویەوە، بەشێوەیەک ڕۆیشت ئاوی لەگەڵ خۆی نەدەبرد.
(62) کاتێک ئەو جێگایەیان تێپەڕ کرد، موسا (سەلامی خوای لێ بێت) بەخزمەتکارەکەی وت: ئادەی خواردنەکەمان بۆ بھێنە، بەڕاستی زۆر ماندوو بووین لەم سەفەرەماندا.
(63) خزمەتکارەکەی پێی وت: نەتبینی ئەو کاتەی لە پەنای بەردە گەورەکەدا بووین چی ڕوویدا؟! لەبیرم چوو باسی ماسییەکەت بۆ بکەم، ھەر شەیتانیش لەبیری بردمەوە بۆتی بگێڕمەوە، لەلای بەردەکە ماسییەکە بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر زیندوو بوویەوە و ھەڵبەزی و ڕێگای بۆ ناو دەریاکە گرتەبەر.
(64) موسا (سەلامی خوای لێ بێت) بە خزمەتکارەکەی وت : ئێمەش ھەر ئەوەمان دەویست، ئەوە نیشانەی جێگای ئەو پیاو چاکەیە ئێمە بە شوێنیدا دەگەڕێین، پاشان بە شوێن پێی خۆیاندا گەڕانەوە بۆ ئەوەی ڕێگاکە ون نەکەن، بەو شێوەیە بەردەوام بوون تاگەیشتنەوە بە بەردە گەورەکە، ئەو جێگایەی کە ماسییەکەی لێ زیندوو بوویەوە و ڕێگای دەریای گرتەبەر.
(65) کاتێک گەیشتنەوە ئەو جێگایەی ماسییەکەیان ون کرد بەندەیەک لەبەندە چاکەکانی ئێمەیان بەدی کرد (ئەویش خضر –سەلامی خوای لێ بێت) بوو، کە لە ڕەحمەت و میھرەبانی خۆمان بەشمان دابوو، وە لە زانست و زانیاری خۆیشمان فێرمان کردبوو، کە خەڵکی لێی بێ ئاگابوون، ئەویش ناوەڕۆک و ناوکرۆکی ئەم چیرۆکە پێک دێنێت
(66) موسا (سەلامی خوای لێ بێت) بە نەرم و نیانی و لەسەرخۆ بەو پیاو چاکەی وت: ئایا ڕێگام دەدەیت شوێنت بکەوم و لەگەڵتدابم بۆ ئەوەی ئەو زانست و زانیاریەی خوای گەورە فێری کردویت تۆیش من فێر بکەیت بۆ ئەوەی ڕێنیشاندەرم بێت بۆ لای ھەق و ڕاستی؟
(67) خضر پێی وت: تۆ توانای ئەوەت نییە ئارام بگریت لەسەر ئەو زانست و زانیارییەی لە منەوە دەیبینیت، چونکە ھاوتا نییە لەگەڵ ئەو زانست و زانیارییەی تۆ شارەزایت لێی.
(68) چۆن دەتوانیت ئارام بگریت لەسەر کاروکردەوەیەک کە نازانیت ڕاستییەکەی چۆنە؟ وە زانیاریت پێی نییە و ھەقیقەتی نازانیت ؟ چونکە تۆ بەو زانست و زانیاریەی شارەزایت لێی بڕیار دەدەیت.
(69) موسا (سەلامی خوای لێ بێت) وتی: ئەگەر خوای گەورە ویستی لەسەر بێت تا لەگەڵتدابم ئارام دەگرم لەسەر ئەو ئیشانەی ئەنجامی دەدەیت، پابەند دەبم بە گوێڕایەڵیتەوە، ھەر فەرمانێکم پێ بکەیت لە فەرمانت دەرناچم و سەرپێچیت ناکەم.
(70) ئەمجا خضر بە موسای وت: ئەگەر شوێنم کەوتیت ھەرچییەکت بینی کە من پێی ھەڵدەسم و ئەنجامی دەدەم ھیچ پرسیارێکم لێ نەکەیت تاوەکو خۆم بۆت ڕوون دەکەمەوە، بۆچی ئەو کارەم کرد.
(71) کاتێک ڕێکكەوتن لەسەر ئەوەی بڕیاریان لێدا، ھەردوو پێکەوە بەڕێکەوتن بۆ قەراغ دەریاکە، تاگەیشتن بە کەشتییەک، لەبەر ڕێز و حورمەتی خضر کرێیان لێ وەرنەگرتن و سواری کەشتییەکە بوون، خضر بە نوکی تەختەدارێک کەشتییەکەی کوون کرد، موسا (سەلامی خوای لێ بێت) پێی وت: ئایا تۆ ئەو کەشتییە کوون دەکەیت کە خاوەنەکانی ئێمەیان بەبێ کرێ لەگەڵ خۆیاندا سوار کرد، تۆ دەتەوێت خەڵکەکەی نوقمی دەریا بن، بەڕاستی کارێکی خراپ و ناشایستەی گەورەت کرد.
(72) خضر بە موسای وت: ئەی من پێم نەوتیت ھەرگیز ناتوانیت لەگەڵ مندا ئارام بگریت، ناتوانیت ئارام بگریت لەسەر ئەو کارانەی لەمنەوە دەیانبینیت ؟
(73) موسا (سەلامی خوای لێ بێت) بە خضری وت: لۆمەم مەکە و لێم مەگرە لەبەر ئەوەی لەبیرم چوو بەڵێنەکەی خۆمم نەبردە سەر، ھاوڕێیەتییەکەت لەسەرم گران مەکە و بە ئاسانی مامەڵەم لەگەڵدا بکە.
(74) دوای ئەوەی لە کەشتییەکە ھاتنە خوارەوە ھەردووکیان بە کەناری دەریاکەدا کەوتنەڕێ، مناڵێکیان بەدی کرد ھێشتا باڵغ نەبوو بوو، لەگەڵ ھەندێک مناڵی تر یاری دەکرد، خضر ھەستا ئەو مناڵەی کوشت، ئەمجا موسا پێی وت: ئایا نەفسێکی پاکی بێگوناھت کوشت کەھێشتا باڵغ نەبووە؟ ! بەڕاستی کارێکی زۆر خراپی ناپەسەندت ئەنجامدا.
(75) خضر بە موسای وتەوە (سەلامی خوای لێ بێت): ئەی من پێم نەوتیت تۆ ئەی موسا ھەرگیز ناتوانیت لەگەڵ مندا ئارام بگرێت، ناتوانیت ئارام بگریت لەسەر ئەو کارانەی من پێیان ھەڵدەستم؟
(76) موسا (سەلامی خوای لێ بێت) وتی: دوای ئەمجارە ئەگەر پرسیاری ھەرشتێکم لێکردیت ئیتر لێم جیا ببەرەوە و ھاوڕێیەتیم مەکە، بەڕاستی گەیشتیە ئەو ئاستەی کە لەلایەن منەوە بیانووی جیابوونەوەت دەستکەوێت و ھاوڕێیەتی من نەکەیت، منیش بیانوم نامێنێت ئەگەر جارێکی تر پرسیارت لێبکەم، چونکە دووجار سەرپێچی تۆم کرد.
(77) ھەردووکیان ڕۆیشتن تا گەیشتنە خەڵکی گوندێک و داوای خواردنیان لێکردن (چونکە ماندوو بووبون و ھیچیشیان پێ نەبوو بیخۆن) ئەوە بوو خەڵکی گوندەکە خواردنیان نەدانێ و ئامادەش نەبوون میوانداریان بکەن، موسا و خضر (سەلامی خوایان لێ بێت) لێیاندا و ڕۆیشتن ھەر لەو گوندە دیوارێکیان بەدی کرد خەریک بوو بکەوێت و بڕوخێت، خضریش ھەستا بەڕاستکردنەوەی دیوارەکە و نەیھێشت بڕوخێت، لەم کاتەدا موسا (سەلامی خوای لێ بێت) بەخضری وت: ئەگەر بتویستایە لەبەرامبەر ڕاستکردنەوەی ئەو دیوارە کرێیەکت وەردەگرت بۆ ئەوەی ئێمەیش پێویستی خۆمان پێ دەرکردایە دوای ئەوەی ئەوان ئامادە نەبوون خواردنمان پێبدەن و میوانداریمان بکەن .
(78) خضر بە موسای وت: ئەم ڕەخنەگرتنەت، کە دەڵێیت بۆچی لەبەرامبەر ڕاستکردنەوەی ئەم دیوارە کڕێیەکت وەرنەگرت لێیان، شوێن و کاتی ئەوەیە ئیتر من و تۆ لێک جودا ببینەوە، بەڵام پاش کەمێکی تر حیکمەتی ئەو کار و کردەوانەت بۆ شی دەکەمەوە کاتێک لەمنەوە دەتبینی و ئارامت نەدەگرت لەسەریان.
(79) حیکمەتی ئەو کەشتییەی کونم کرد و تۆ پێی ڕازی نەبوویت، ئەوە بوو ئەو کەشتییە ھی چەند کەسێکی ھەژار بوو، لە دەریادا ئیشیان پێدەکرد بۆ ئەوەی بژێوی خۆیانی پێ دەربکەن، وە نەیاندەتوانی کەشتییەکی تر بکڕن، من بەو کارەم ویستم کەشتیەکەیان عەیبدار بکەم، چونکە لە پێشیانەوە پاشایەکی ستەمکار ھەبوو، ھەر کەشتییەک باش و چاک بوایە دەستی بەسەردا دەگرت و ھەڵی دەگرت بۆ خۆی، بەڵام ھەر کەشتییەک عەیبدار بوایە وازی لێدەھێنا.
(80) سەبارەت بە کوڕە لاوەکەیش کە ڕێگریت لێکردم بیکوژم، دایک و باوکی ئەو لاوە دوو کەسی باوەڕدار بوون، ئەو لاوەیش لە عیلم و زانستی خوا ( لە قەدەردا) کەسێکی بێباوەڕ و خوانەناسە، بۆیە ترسیان دواتر گەورە ببوایە و لەبەر خۆشەویستی دایک و باوکی بۆی، یان لەبەر ئەوەی ئەوان پێویستیان بەو ھەبوو، ببوایە بەھۆی بێباوەڕی و لە خوا یاخی بوونی دایک و باوکی.
(81) بۆیه ویستمان بەو کارە خوای گەورە بۆیان بگۆڕێت بە کوڕێکی چاکتر و پاکتر و بەڕەحمتر، چاکتر لەو لەدین و لەڕەوشت و میھرەبانیدا.
(82) سەبارەت بە دیوارەکەیش کەڕاستم کردەوە و ڕێگریت کرد لێم لە ڕاستکردنەوەی، ئەو دیوارە ھی دوو مناڵی ئەو شارە بوو لێوەی ھاتین ، وە باوکیشیان مردبوو، وە لەژێر ئەو دیوارەدا گەنجینەیەکی شاراوەی ئەو دوو مناڵەی لێبوو، باوکی ئەو دوو مناڵەیش پیاوێکی ساڵح وخواناس بوو، - ئەی موسا- پەروەردگارت ویستی ئەو دوو مناڵە گەورە ببن و بگەنە سەر ھێز و تاقەتی خۆیان، ئەو کاتە ئەو گەنجینەیەی خۆیان لەژێر دیوارەکەدا دەربھێنن، چونکە ئەگەر دیوارەکە بڕوخایە ئەوا گەنجینە و سامانەکەیان دەردەکەوت و بۆی ھەبوو بفەوتایە و خەڵکی بیبردایە، ئەمەیش لەڕەحم ومیھرەبانی پەروەردگارتەوە بوو بۆیان، وە ھەرچیەکیشم کرد دڵنیابە لەخۆمەوە نەمکردن، بەڵکو گشتی بەفەرمانی خوای گەورە بوو، ئەوەش لێکدانەوە و شیکردنەوەی ئەو کارانە بوو کە تۆ ئارامت نەگرت لەسەریان.
(83) - ئەی پێغەمبەری خوا - موشریک و بتپەرستان و جولەکەکان لەبارەی (ذو القرنین) ــەوە پرسیارت لێدەکەن و تاقیت دەکەنەوە، تۆیش بڵێ: ھەندێک لەبەسەرھاتی ئەو پیاوەتان بۆ دەگێڕمەوە تاوەکو بیری لێبکەنەوە و پەند و ئامۆژگاری لێوەربگرن.
(84) بێگومان ئێمە لەسەر زەوی جێگیرمان کرد و ھێز و دەسەڵاتمان پێ بەخشی، وە لە ھەموو شتێک کەپێویستی بوو ڕێگایەکمان بۆ ڕەخساند بەھۆیەوە بگاتە مەبەستەکانی خۆی.
(85) ئەویش ئەو ھۆکار و ڕێگایانەی گرتەبەر بۆ ئەوەی بگاتە ویست و مەبەستەکانی خۆی، وە ڕووی کردە ڕۆژئاوا.
(86) بەسەر زەویدا ڕۆیشت ھەتا گەیشتە کۆتایی زەوی لەو جێگایەی كه ڕۆژی لێ ئاوا دەبێت، ڕۆژی بەدی کرد وەک ئەوەی بڵێیت لەکانییەکی گەرمی قوڕی ڕەشدا ئاوا دەبێت، وە لەوێ لای ڕۆژئاواوە گەلێکی بێباوەڕی بینی، سەرپشکمان کرد و پێمان وت: ئەی خاوەنی دوو شاخەکە، یان ئەوەتانێ ئەوانە بەکوشتن یان بەھەر شێوەیەکی تر سزا بدە، یان ئەوەتانێ لەگەڵیان چاک بیت و بانگەوازیان بکە بۆ یەکخواپەرستی.
(87) خاوەنی دوو شاخەکە (ذو القرنین) وتی: ھەر کەسێکیان ھاوبەشی بۆ خوا بڕیار دابێت و سوور بێت لەسەر ئەو باوەڕەی دوای ئەوەی بانگمان کرد بۆ پەرستنی خوای گەورە بەتاک و تەنھایی، ئەوا ھەر لەدونیا بەکوشتن سزای دەدەین، پاشان لە ڕۆژی قیامەتیشدا کە دەگەڕێتەوە بۆ لای خوا، ئەویش سزایەکی زۆر سەخت و بەئازاری دەدات.
(88) بەڵام ھەرکەسێکیان باوەڕ بھێنێت بە خوای گەورە و کاروکردەوەی چاک بکات، ئەوا خوای گەورە بەھەشتی دەداتێ، پاداشتی پەروەردگاریەتی لەبەرامبەر باوەڕ و کردەوە چاکەکانی، وە کاتێکیش فەرمانیان پێدەکەین بەشێوەیەکی نەرم و نیان و لەسەرخۆ مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.
(89) پاشان ڕێگایەکی تری گرتە بەر، جیاواز لە ڕێگای یەکەمجاری، بەرەو ڕۆژھەڵات ڕۆیشت.
(90) ڕۆیشت ھەتا گەیشتە ئەو جێگایەی کە ڕۆژی لێ ھەڵدێت، بینی ڕۆژ بەسەر گەلێکدا ھەڵدێت کە ھیچ پەناگا و داپۆشەرێکمان نەداونەتێ، خانوو و ماڵیان نەبوو تێیدا نیشتەجێ بن و دایان پۆشێت، وە دار و درەختیشیان نەبوو کە لە سێبەرەکەیدا بحەوێنەوە.
(91) ھەر بەو شێوەیە (ذو القرنین) ھەڵسوکەوتی کرد لەگەڵ خەڵکی ڕۆژھەڵات کەکردی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوا، بێگومان بە وردی ئاگاداری تەواوی ئەو ھێز و دەسەڵاتەی بووین کە ھەیبوو.
(92) پاشان ڕێگایەکی تری گرتەبەر، جیاواز لە دوو ڕێگاکەی پێشووتری، ڕێگایەک لە نێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا.
(93) وه ڕۆیشت تا گەیشتە دوو شاخی بەربەست، لەوێ گەلێکی بینی کە لە قسە و گوفتاری خەڵکی تر تێنەدەگەیشتن و حاڵی نەدەبوون.
(94) وتیان: ئەی (ذو القرنین) بێگومان یەئجوج و مەئجوج (مەبەستیان دوو گەلی گەورەی نەوەکانی ئادەم بوو) بەدفەڕ و خراپەکارن لە زەویدا، بەوەی کوشتار و کاری خراپەی تر ئەنجام دەدەن، ئایا ماڵ و داھات وخەرجیەکت بدەینێ بۆ ئەوەی لە نێوان ئێمە و ئەواندا بەربەستێک دروست بکەیت ؟
(95) (ذو القرنین) یش وتی: ئەوەی پەروەردگارم ڕۆزیداوم لە موڵک و سامان و دەسەڵات باشترە لەو ماڵ و خەرجییەی ئێوە دەمدەنێ، ئێوە بەھێز و بازووی پیاوەکان و ئامێرەکانتان یارمەتیم بدەن، ئەوجا لە نێوان ئێوە و ئەواندا بەربەستێک دروست دەکەم.
(96) پارچە ئاسنم بۆ ئامادەکەن، ئەوە بوو ئەوانیش بۆیان ئامادە کرد و لەسەر یەک کەڵەکەیان کرد تا دیوارێکی لە نێوان ھەردوو شاخەکە دروستکرد، ئەمبەر و ئەوبەری یەکسانکرد، ئەمجا بە کرێکارەکانی وت: ئادەی ئاگر بکەنەوە لەسەر ئەم پارچە ئاسنانە، تا ئەو کاتەی پارچە ئاسنەکان سوور سوور بوونەوە، ئەمجا وتی: ئێستا مسم بۆ ئامادە بکەن با بیتوێنەمەوە بەسەریدا.
(97) ئیتر یەئجوج و مەئجوج لەبەر بەرزی و بڵندی بەربەستەکە نەیانتوانی بەسەریدا سەرکەون، وە نەشیان توانی لەبەر بەھێزی و قایمی دیوارەکە لە ژێرەوەیش کونی بکەن.
(98) (ذو القرنین) وتی:ئەم بەربەستە رەحمەتێكی خوای گەورەیە بەردەم یەئجوج و مەئجوجی گرت و ڕێگری لێکردن لە بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لە زەویدا، جا ئەگەر ئەو کاتە ھات خوای گەورە دیاری کردووە بۆ دەرچوونیان پێش ھاتنی ڕۆژی دوایی، ئەوا ئەو بەربەستە دەڕوخێنێت لەگەڵ زەوی یەکسانی دەکات، وە بەڵێنی خوای گەورەش بە یەکسانی کردنی ئەو بەربەستە لەگەڵ زەوی و ھاتنە دەرەوەی یەئجوج و مەئجوج بەڵێنێکی جێگیر و نەگۆڕە و ڕاستە و دێتە دی.
(99) ھەندێک لە مەخلوقات و بەدیھێنراوەکانمان (زانایان دەڵێن : مەبەست پێی یەئجوج و مەئجوجە) لە کۆتایی دونیا و پێش ھاتنی ڕۆژی دوایی وازیان لێدەھێنین، تاوەکو شەپۆل دەدەن و دێن بەیەکدا و تیکەڵاوی خەڵک دەبن، جا ئەو کاتەی فووی دووەم کرا بە کەڕەنادا (بە صوردا) ھەموو مەخلوقات و بەدیھێنراوەکانی خوا کۆ دەکەینەوە بۆ لێپرسینەوە و پاداشت و تۆڵە لێسەندنەوە.
(100) وە لەو ڕۆژەدا ئاگری دۆزەخ دەردەخەین بۆ بێباوەڕان بە دەرخستنێکی وا کەھیچ گومان و ناڕوونییەکی پێوە دیار نەبێت، بۆ ئەوەی بەچاوی سەری خۆیان بیبینن.
(101) دەرمانخست بۆ ئەو بێباوەڕانەی کە لە ژیانی دونیا چاوی دڵیان کوێر بوو لە ئاست یاد و زیکری خوا، ئەوانەی پەردە ھەبوو بەسەر چاویانەوە نەیدەھێشت دەسەڵاتی خوا ببینن و یادی ئەو بکەن، وە نەیاندەتوانی گوێبیستی بەڵگە و نیشانە و ئایەتەکانی خوا ببن، بیستنێک گوێی دڵیان بکاتەوە و ھەقی پێ ببیستن و قبوڵی بکەن.
(102) ئایا ئەوانەی باوەڕیان بە خوای گەورە نییە و گومانیان وایە لە بری من بەندەکانی خۆم لە فریشتە و پێغەمبەران و جنۆکەکان بکەنە دۆست و پشتیوان و خوای خۆیان ؟! بەڕاستی ئێمە دۆزەخمان ئامادە کردووە کە ببێتە شوێن و جێگای مانەوەی بێباوەڕان.
(103) - ئەی پێغەمبەری خوا - بڵێ: ئایا پێتان بڵێم کێ خەسارۆمەندترین کەسە لای خوای گەورە، کێ ھەموو کردەوەکانی پووچ و بەتاڵە و ھیچی لێ وەرناگیررێت ؟
(104) ئەوانەن لە ڕۆژی قیامەتدا دەبینن ئەو کار وکردەوە و ھەوڵ و کۆششانەی لە دونیا کردبوویان ھەر ھەمووی بەزایە چووە و خوا ھیچی لێ وەرنەگرتوون، ئەوان وایاندەزانی کاری باش و شایستەیان کردووە، وە لە ڕۆژی دواییدا سوودی لێ دەبینن و بەری ڕەنجیان دەبیننەوە، بەڵام نازانن ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات پێچەوانەی ئەوەیە كە ئەوان بیریان لێدەکردەوە.
(105) ئەوانە ئەوانە بوون باوەڕیان نەبوو بە ئایەت و نیشانەکانی پەروەردگاریان، ئەو ئایەت نیشانانەی بەڵگە بوون لەسەر یەکخواپەرستی زاتی ھەق تەعالای ئەو، وە باوەڕیان نەبوو بەزیندووبوونەوە و گەیشتنەوە بە خوای خۆیان، بۆیە لەبەر کوفر و بێباوەڕیان ھەرچی کار و کردەوەیان ھەبوو ھەمووی پووچ و بەتاڵ بوویەوە، وە لە ڕۆژی قیامەتیشدا ھیچ سەنگ و قورساییەکیان بۆ دانانێین (ھیچ بەھایەکیان نییە لای خوای گەورە).
(106) ئەو تۆڵە و سزایەی بۆیان ئامادە کراوە ئاگری دۆزەخە، ئەویش لەبەر ئەوەی بێباوەڕ بوون بەخوای گەورە، وە بەڵگە و نیشانە و ئایەتەکانی کە دامبەزاندبوو بۆ پێغەمبەرەکانم کردیانە مایەی گاڵتەجاڕی.
(107) بەڕاستی ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە بەخوا و کار و کردەوەی چاکیان ئەنجامداوە، بۆ ڕێزگرتن لێیان، بەرزترین و بڵندترین بەھەشتیان بۆ ئامادە کراوە کە (فیردەوسە).
(108) بەھەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە، وە داوای جێ گۆڕگێش ناکەن و پێیان خۆش نییە لێی دەرچن، چونکە ھیچ پاداشتێکی تر ھاوتای ئەو پاداشتەی ئەوان نییە.
(109) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: وشەکانی پەروەردگارم زۆر زۆرن ، ئەگەر بێتۆ ئاوی دەریاکان مورەکەب بن بۆ نوسینی وشەکانی ئەو، پێش ئەوەی وشەکانی پەروەردگار کۆتایییان پێ بێت ئاوی دەریاکان کۆتاییان پێدێت ، وە ئەگەر چەند دەریای دیکەیش بھێنین و بیکەینە مورەکەب ئەوا وشەکانی پەروەردگار ھەر کۆتایی نایەت.
(110) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: منیش تەنھا وەک ئێوە مرۆڤێکم، ھێندەی ھەیە من وەحیم بۆ دەکرێت (لە لایەن خواوە)، وە بەراستی پەرستراوی ئێوە تەنھا یەک پەرستراوە و ھیچ ھاوەڵ و ھاوبەشی نییە، ئەویش زاتی ھەق تەعالای (اللە) یە، ھەر کەس بترسێت لەو ڕۆژەی دەگاتەوە بە پەروەردگاری، ئەوا با کردەوەی چاک بکات موافقی شەرع بێت، وە تەنھایش لەبەر ڕەزامەندی خوا بێت و بە دڵسۆزی بۆ ئەوی بکات، وە ھیچ شەریک و ھاوبەشێکیش لە پەرستنیدا بۆ پەروەردگاری بڕیار نەدات.