(1) ڕوژی قیامەت نزیک بۆتەوە، مانگ لەت بوو لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) لەت بوونی مانگ یەکێکە لەبەڵگە ھەستپێکراو و بینراوەکان لەسەر ڕاستی پێغەمبەرایەتی (صلی الله علیه وسلم).
(2) ئەو بێباوەڕ و بتپەرستانە ھەر نیشانە و بەڵگەیەک ببینن لەسەر ڕاستێتی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) پشتی تێدەکەن و دەڵێن: ئەمەی کە بینیمان (لە نیشانە و بەڵگە) تەنها جادویەكی بەردەوامە.
(3) پێغەمبەریش بە درۆزن دائەنێن و شوێنی ئارەزووی نەفسی خۆیان ئەکەون، بەڵام ھەموو کارێک - چاک بێت یا خراپ - لە جێگەیەکدا ڕادەوەستێت و سەرەنجامێکی دەبێت لە ڕۆژی قیامەتدا.
(4) بە ڕاستی ئەم بێباوەڕانە ئەوەندە دەنگوباسی ئوممەتانی پێش خۆیانیان پێ گەیشتووە کە بەهۆی بێباوەڕی وستەمیانەوە (الله تعالى) لەناوى بردن، کە بەسیان بێت بۆ ئەوەی لە بێباوەڕیی و ستەمكاری و خراپەکاری بیانگێڕێتەوە.
(5) ئەوەی بۆیان هاتووە بەسەرھات و ڕووداو و حیکمەت و پەند و ئامۆژگاری زۆریان تێدایە کە ببێتە بەڵگە لەسەریان، بەڵام بۆ خەڵکانی بێباوەڕ بە اللە تەعالا و ڕۆژی دوایی و خراپەكار ھەموو ئەو بێدار کردنەوانە بێ سوودە.
(6) ئەگەر باوەڕیان نەھێنا وازیان لێ بھێنە و گوێیان مەدەرێ - ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) - چاوەڕێبە تا ئەو ڕۆژەی کە بانگکار، کە (ئیسرافیل) ە - ئەو فریشتەیە کە فوو دەکات بە کەڕەنادا [صوڕ] - بانگیان ئەکات بۆ شتێکی ناخۆش و نابەدڵ کە هەرگیز بوونەوەرەکان ناڕەحەتی وەکو ئەو ڕۆژەیان نەبینیوە، کە ڕووکردنە مەیدانی مەحشەر و لێپرسینەوەی کردەوەکانیانە کە لە دونیادا کردوویانە.
(7) جا ئەوانە بە چاوێکی شۆڕەوە لە گۆڕەکانیان دێنە دەرەوە، بەرەو مەحشەر بەڕێکەوتوون، وەک کولە بە ھەموو لایەکدا بڵاوەیان کردووە.
(8) بە ڕۆشتنێکی بە پەلە بەرەو بانگکارەکە دەڕۆن، بێ باوەڕان بە حەسرەتەوە دەڵێن: ئای کە ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی سەختە و ترسناکه، لەبەر سەختی و ناڕەحەتییەكانی.
(9) پێش ئەوانەیش کە تۆ و پەیامەکەت بەدرۆ دەخەنەوە، گەلەکەی نوح، نوحیان بە درۆزن دانا و وتیان: شێتە و بە قسەی خراپ و ناشیرین شاڵاویان بۆ برد و هەڕەشەیان لێکرد ئەگەر واز لەو بیروباوەڕە نەھێنێ.
(10) نووحیش پەنای بۆ پەروەردگاری بردو وتی: پەروەردگارم! لە ڕاستی ئەوانە بەسەر مندا زاڵ بوون و وەڵامی بانگەوازیەکەم نادەنەوە ومن لەبەرانبەریاندا بێ توانام، دەی پەروەردگارم فریام بکەوە و سەرم بخە بەسەریاندا و سزایەکیان بۆ بنێرە!
(11) ئێمەیش دەرگای ئاسمانمان کردەوە، بە باراندنی بارانێک کە بە خوڕ ئەھاتە خوار.
(12) ھەموو سەر زەویشمان کردە کانیاو و لە ھەموو شوێنێکەوە ئاو ھەڵقوڵا، ئاوی ئاسمان و زەوی یەکیان گرت، بە ویست و ئیرادەی پەروەردگار کەپێشتر نەخشەی بۆ کێشرا بوو (لە ئەزەلدا)، لەپاشان ھەموویانمان خنکاند، تەنھا ئەوانە نەبێت کە بە ویستی پەروەردگار ڕزگاریان بووە.
(13) ئێمە نووحمان بەکەشتییەک ھەڵگرتبوو، کەچەند پارچە دارێک بە بزمار بەسترا بوون بەیەکەوە، نووح و ئەوانەی کە باوەڕیان ھێنابوو ڕزگارمان کردن له نوقم بوون.
(14) کەشتییەکەی نووح لەبەر چاوی ئێمە و بە چاودێری ئێمە بەسەر ئاوا ئەڕۆیشت، ئەمەیش وەکو پاداشت وسەرخستنێک بۆ ئەو پێغەمبەرەی کە ئوممەتەکەی نكۆڵیان کرد و باوەڕیان پێ نەھێنا و شوێنی نەکەوتن، وبێباوەڕ بوون بەوەى بۆیان هات لەلایەن (الله تعالى) وە.
(15) لە ڕاستیدا ئێمە دەنگ و باس وشوێنەواری ئەو ڕووداوەمان ھێشتۆتەوە لە مێژوودا، تا ببێتە بەڵگە و پەند و ئامۆژگاری بۆ ھەموو نەوەکان، تا ببینن و دەرکەوێت کە: ئایا خەڵکی پەند و ئامۆژگاری وەردەگرن؟!
(16) سەرنج بدەن و تێفکرن چۆن بوو سزا و تۆڵە و خەشم و قینی من لەو یاخی بوانە؟! وبیربکەنەوە ئاگادارکردنەوەی من سەبارەت بەتیاچوونیان چۆن بوو؟!
(17) ئینجا ئیتر ئێمە ئەم قورئانەمان ئاسان کردووە بۆ تێگەیشتن و تێڕامان و پەند و ئامۆژگاری وەرگرتن، باشە ئایا کەسێک ھەیە پەند و ئامۆژگاری وەربگرێت و بیربکاتەوە؟!
(18) گەلی عادیش پێغەمبەرەکەی خۆیان بە درۆزن دانا و باوەڕیان پێ نەکرد، دەی خەڵکی مەککە بیر بکەنەوە بزانن سزای من بۆ گەلی عاد چۆن بوو؟! وە ھەڕەشەی سزای ئێمە بۆ جگە لەئەوان چۆن بوو؟!
(19) بەڕاستی ئێمە بایەکی توندی ساردی پڕ دەنگە دەنگ و ھاژە ھاژمان لە ڕۆژێکی شوومی وەھادا ناردە سەریان شوومییەکەی نەئەبڕایەوە و بەردەوام دەبێت تا دەیانخاتە ناو ئاگری دۆزەخ.
(20) ئەو بایە خەڵکی ھەڵدەگرت و دەیدان بە زەویدا و گیانی لەبەر دەبڕین و وەکو قەدی دارخورمایەک کە کلۆر بێت و ھەڵبکەنرێت و بکەوێت.
(21) سەرنج بدەن و تێفکرن - ئەی خەڵکی مەکە - چۆن بوو سزا و تۆڵە و خەشم و قینی من لەو یاخی بوانە؟! ئەی چۆن بوو ھەڕەشە و ئاگادارکردنەوەم بۆ گەلانی تر؟
(22) ئینجا ئیتر ئێمە ئەم قورئانەمان ئاسان کردووە بۆ تێگەیشتن و تێڕامان و پەند و ئامۆژگاری وەرگرتن، باشە ئایا کەسێک ھەیە پەند و ئامۆژگاری وەربگرێت و بیربکاتەوە؟!
(23) گەلی سەموودیش باوەڕیان بە پێغەمبەرەکەیان نەکرد، کە (ساڵح ) بوو (سەلامی خوای لێ بێت).
(24) بەنکۆڵی وبێزارییەوە وتیان: ئایا ئێمە بکەوینە شوێن کەسێک کە لە خۆمانە و ئەویش مرۆڤە وەک ئێمە؟! ئێمە ئەگەر بڕوا بەکەسێکی وا بکەین دیارە کە گومڕا و نەفام و شێتین.
(25) کەی ڕاستە لە نێوان ئێمەدا وەحی و نیگا تەنھا بۆ ئەو ڕەوانە بکرێت؟! نەخێر بڕوا ناکەین، چونکە ئەو بەکەسێکی زۆر درۆزن و خۆپەرست دەزانیین، وە حەز لە گەورەیی دەکات!!
(26) جا سبەی - کە ڕۆژی قیامەتە - دەزانن و بۆیان دەردەکەوێت کە کێ درۆزن و خۆپەرست و خۆ بەگەورە زانە، ساڵح یان ئەوان؟
(27) ئێمە وشترێکمان بۆ ھێنانە دی لەبەردەكەوە و بۆمان ناردن وەک تاقیکردنەوەیەک، جائیتر تۆ - ئەی (ساڵح) - چاودێرییان بکە و بزانە چی دەکەن بە وشترەکە، وە ھەوڵبدە خۆگر و ئارامگریش بیت لەبەرامبەر ھەڵوێست و کار و کردەوەی ناشیرینیانەوە.
(28) پێیان ڕابگەیەنە کە ئەو ئاوەی ھەیانە لە نێوانیاندا دابەشکراوە (ڕۆژێک بۆ وشترەکەیە و ڕۆژێک بۆ ئەوان) جا لە ڕۆژی نۆبەتی ھەریەکەیان تەنھا خۆیان ئامادە دەبن.
(29) یەکێک لەخۆیانیان بانگ کرد و ھانیاندا بۆ سەربڕینی وشترەکە، ئەویش پەلاماری شمشێری داو سەری بڕی، ئەو کارەی لەبەر خاتری فەرمانی گەلەکەی کرد.
(30) سەرنج بدەن و تێفکرن - ئەی خەڵکی مەکە - چۆن بوو سزا و تۆڵە و خەشم و قینی من لەو یاخی بوانە؟! ئەی چۆن بوو ھەڕەشە و ئاگادارکردنەوەم بۆ گەلانی تر؟
(31) بە ڕاستی ئێمە بەیەک دەنگی بەھێزی سامناک، ھەموویمان لەناو برد و وەک پلوپووشی وشکەڵاتووی ناو دەستی کەسێکیان لێھات، کە بۆ فڕێدانە بەر ئاژەڵی ناو پەچەی ئامادە کردبێت.
(32) ئینجا ئیتر ئێمە ئەم قورئانەمان ئاسان کردووە بۆ تێگەیشتن و تێڕامان و پەند و ئامۆژگاری وەرگرتن، باشە ئایا کەسێک ھەیە پەند و ئامۆژگاری وەربگرێت و بیربکاتەوە؟!
(33) گەلی (لوط) یش بڕوایان بە ھیچ بێدار کردنەوەیەک نەکرد و دژایەتی (لوط) پێغەمبەریان کرد.
(34) بە ڕاستی ئێمە بایەکی توندمان ھەڵکردە سەریان، بەردی بەسەرا ئەباراندن، کەسیان لێ دەرنەچوو تەنیا ماڵ و مناڵە مسوڵمانەکەی (لوط) نەبێت کە ڕزگارمان کردن و لەشەوی پێش سزاکە دەرچوون و ئەو شوێنەیان بەجێھێشت.
(35) ئەو ڕزگار کردنەی (لوط) و منداڵەکانی ناز و نیعمەتێکی تایبەتی بوو لەلایەن ئێمەوە، بێگومان ھەر بەو شێوەیە پاداشتی ئەو کەسە دەدەینەوە کە سوپاسگوزاری بکاتە پیشەی و چاکەی ئێمەی لەبەر چاو بێت.
(36) ھەرچەندە (لوط) پێغەمبەر پێشتر ئاگاداری کردبوون ئەگەر بەردەوام بن لەسەر بەدڕەوشتییان، لە تۆڵەی توند و بەھێزی ئێمە دەرباز نابن، بەڵام گومانیان ھەبوو لەو ئاگادارییە و بڕوایان پێ نەکرد.
(37) ئەو گەلە بێشەرمانە داوایان لە (لوط) کرد کە ڕێگایان بدات بۆ ئەوەی داوێن پیسی لەگەڵ میوانەکانیدا بكەن (کەچەند فریشتەیەک بوون) لەبەر ئەو نیازە پیسەیان، چاومان کوێرکردن و وامان لێکردن کە نەیانبینن، وە پێمان وتن: ئاوەھا سزام بچێژن، ئەوە ئاکامی ھەڕەشەکانی ئێمە بوو بۆتان.
(38) بەڕاستیش سبەینانێ سزایەکە درێژەی کێشا و دای بەسەریاندا و لێیان نەگەڕا، هەتا بنبڕی کردن، و بەردەوام سەختیان بۆ دێت هەتاوەکو دەگەنە سزای بەئێش وپڕئازاری رۆژی دوایی.
(39) وە پێیان وترا: بچێژن سزا و تۆڵەیەک کە باراندم بەسەرتانا، ئەوە ئاکامی ھەڕەشەکانی (لوط) بوو بۆتان.
(40) ئینجا ئیتر ئێمە ئەم قورئانەمان ئاسان کردووە بۆ تێگەیشتن و تێڕامان و پەند و ئامۆژگاری وەرگرتن، باشە ئایا کەسێک ھەیە پەند و ئامۆژگاری وەربگرێت و بیربکاتەوە؟!
(41) بە ڕاستی ھەڕەشە و ترساندنی پەروەردگار لەسەر زمانی موسا و ھاروونەوە (سەلامی خوایان لێ بێت) ھات بۆ فیرعەون و دارودەستەکەی.
(42) ئەوان - مەبەستی فیرعەون و دارودەستەکەیەتی - ھەموو نیشانە و بەڵگەکانی ئێمەیان لەسەر پێغەمبەرایەتی موسا و ھارون بەدرۆ دانا، ئێمەش ئەوانمان سزادا لەسەر ئەو بەدرۆ زانینەیان بۆ پێغەمبەرەکانمان، سزادانێک لەلایەن خاوەن دەسەڵاتێک و بەتوانایەک، کەھیچ دەسەڵاتێک پێی ناگات، وە لە ھیچ شتێکیش کەمی نییە و هیچ شتێكیش دەسەوسانی ناكات.
(43) باشە - ئەی خەڵکی مەککە - ئایا کافرەکانی ئێوە ئازاتر و لێھاتووترن لەو خەڵکە یاخییەی کە پێشتر لەناومان بردن؟! گەلی نوح و عاد و سەمود و گەلی لوط و فیرعەون و خێڵەکەی، یان پەیمانتان دراوەتێ لەنامە ئاسمانیەکاندا کە تووشی ئەو بەڵایانە نابن کە باسکران؟!
(44) یان ئەو بێباوەڕانەی خەڵکی مەککە دەڵێن: ئێمە کۆمەڵێکین زاڵ و سەرکەوتوو، کەس ناتوانێت زەرەرمان لێبدات و کۆمەڵەکەمان ھەڵبوەشێنێتەوە؟!
(45) ئەم کۆمەڵە بێباوەڕە لەمەولا لە جەنگدا ئەبەزن و پشت ھەڵئەکەن، ھەروەک لە شەڕی بەدردا ڕوویدا.
(46) بەڵکو ڕۆژی قیامەت وادەی سزادانی ئەو کەسانەیە کە بەدرۆی دەزانن، سزای ڕۆژی قیامەتیش ئێجگار ناخۆشتر و سەختترە لەو سزایەی کە لە دونیادا تووشی بوون وەک ڕۆژی بەدر.
(47) بێگومان تاوانباران و بێباوەڕان لەو ڕۆژەدا لەناو گومڕایی وئازار و ناڕەحەتی و سەرلێشێواوی و ئاگری بڵێسەداردا دەبن.
(48) ئەو ڕۆژە ئەو یاخییانە بەسەر دەموچاویاندا ڕادەکێشرێن بۆ ناو ئاگری دۆزەخ، جا بۆ ڕیسواکردن و سووکایەتی پێ کردنیان پێیان دەڵێن: دەی سزای ئاگری دۆزەخ بچێژن؟!
(49) بێگومان ئێمە ھەموو شتێکمان بەئەندازە و نەخشەیەکی دیاریکراو بەدی ھێناوە، بە ئیرادە و زانست، وە ھەمووی لە (تابلۆ پارێزراوەکە:لوح المحفوظ)دا تۆمار کراوە.
(50) فەرمانی ئێمە تەنھا یەک وشەی دەوێت، ھەر کاتێک بڵێین بەھەر شتێک ببە، دەست بەجێ دەبێت و بەئەندازەی چاوتروکانێکی دەوێت.
(51) بێگومان ئێمە خەڵکی زۆرمان لە خوانەناسان کە وەک ئێوە یاخی و موشریک و سەرسەخت بوون، پێش ئێوە لەناو بردووە، باشە کەس ھەیە پەند و ئامۆژگاری وەربگرێت؟! شوێنی پەیامی پەروەردگار بکەوێت و واز بهێنێت له بێباوەڕییەكەی؟!
(52) جا ھەرچی ئەو خەڵکە دەیکەن لە دۆسییەی تایبەتدا لە (تابلۆ پارێزراوەکە:اللوح المحفوظ) دا تۆمار کراوە و ھیچ شتێکیان لەدەست نادەن.
(53) ھەرچی شتی ورد و گەورەشە لەو کار و گوفتارانەی کەخەڵکی ئەنجامی دەدەن، ھەمووی له (تابلۆ پارێزراوەکە:لوح المحفوظ )دا نوسراوە و تۆمارکراوە، وە پاداشتی خۆیان لەسەری وەردەگرن.
(54) بێگومان ئەوانەی پارێزکار و ئیماندارن - بەجێبەجێ کردنی فەرمانەکانی و دوورکەوتنەوە لە نەهی لێکراوەکانى - لە نێو باخەکانی بەھەشتی پڕ لەناز و نیعمەتدا ژیانی پڕ لەشادی و کامەرانی و بەختیاری دەبەنە سەر.
(55) لە شوێنی ڕێزدار و پاک و شایستە و بێگەرد، کە هیچ گوناهـ وشتێکی ناڕەوای تێدا نییە، لەلای پەروەردگارێک کەخاوەنی ھەموو شتێکە و بەتوانایە، هیچ شتێك دەسەوسانی ناكات، ئای چەند خۆشه هەر پرسیار مەكە لەو نازو نیعمەتەی كه بەهەمیشەیی تێیدان.