(1) (طسٓمٓ) پێشووتر قسە و گفتوگۆ کرا لەسەر تەفسیر و لێکدانەوەی ھاوشێوەی ئەم ئایەتانە لەسەرەتای سورەتی (البقرة).
(2) ئەمە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزە ڕوونکەرەوەی ھەق و ڕاستییە لە باتڵ و ناھەق.
(3) - ئەی پێغەمبەر - لەبەر ئەوەی زۆر سووریت لەسەر ھیدایەتدانیان لەوانەیە لە داخ و خەفەتدا خۆت بکوژیت و خۆت لەناو بەریت.
(4) ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە ئاسمانەوە ئایەت و موعجیزەیەکیان بۆ دابەزێنین ئەوا دامان دەبەزاند بۆ سەریان، ئەو کاتە بەردەوام گەردنیان کەچ دەبێت بۆی، بەڵام ئەوەمان نەویست تاوەکو تاقیکردنەوە بێت بۆیان ئایا باوەڕ دەھێنن بە غەیب و شتە نادیارەکان ؟
(5) ئەو بتپەرست و موشریکانە ھەر وەبیر خستنەوەیەکی تازە و نوێی قورئانیان لەلایەن خوای میھرەبانەوە بۆ بێت کە بەڵگە بێت لەسەر یەکخواپەرستی و ڕاستگۆیی پێغەمبەرەکەی، لەبەرامبەریەوە ڕوو وەردەگێڕن لە بیستن و باوەڕ پێھێنانی.
(6) بێگومان ئەوەی پێغەمبەرەکەیان بۆی ھێنابوون بەدرۆیان زانی و باوەڕیان پێی نەکرد، جا بە زوویی ڕاستی ھەواڵی ئەو سزایەیان پێدەگات کە گاڵتە و لاقرتێیان پێ دەکرد، وە سزای اللە تەعالا دەیانگرێتەوە.
(7) ئەوانەی لەسەر کوفر و بێباوەڕی خۆیان سووربوون تەماشای زەویان نەکرد و لێی ورد نەبوونەوە کە چەند ڕووەک و گژوگیایی جۆراو جۆر و دیمەنی جوانی بەسوودمان تێیدا ڕواندووە؟!
(8) بەڕاستی لەسەوزکردنی زەوی بە جۆرەھا ڕووەک و گژوگیای بەسوود بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا ھەیە لەسەر ئەوەی ئەو زاتەی دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە ئەو ڕووەک و گژوگیایە سەوز بکات دەسەڵاتی ئەوەیشی ھەیە مردووەکان جارێکی تر زیندوو بکاتەوە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان باوەڕ ناھێنن.
(9) - ئەی پێغەمبەر- بێگومان پەروەردگارت دەسەڵاتدار و زاڵە بەسەر ھەموو شتێکدا و ھیچ کەسێک بەسەر ئەودا زاڵ نابێت، وە زۆریش میھرەبانە بۆیان.
(10) - ئەی پێغەمبەر - باسی ئەو کاتە بکە کاتێک پەروەردگارت بانگی موسای کرد و فەرمانی پێکرد کە بڕوات بۆ لای ئەو گەلە ستەمکارە، ئەو گەلەی ستەمیان لە خۆیان کرد و باوەڕیان بە اللە تەعالا نەھێنا و ستەمیان لەگەلەکەی موساش کرد کە کردنیان بە کۆیلە و بەندەی خۆیان.
(11) ئەویش گەل و ھۆزی فیرعەونە، لەسەرخۆ و بەنەرم و نیانی فەرمانیان پێ بکات بە تەقوای اللە تەعالا، ئەویش بەوەی فەرمانەکانی بەجێ بھێنن و دوور بکەونەوە لە ڕێگریەکانی.
(12) موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) وتی: ئەی پەروەردگارم بێگومان من دەترسم بەدرۆم بخەنەوە و باوەڕم پێ نەکەن ئەوەی تۆ فەرمانت پێم کردووە پێیان بگەیەنم.
(13) ئەو کاتە سنگم تەنگ بێت و خەفەت بخۆم بە ھۆی ئەوەی باوەڕم پێ ناکەن، وە زمانیشم چاک گۆ نەکات بۆ ڕاگەیاندنی پەیامەکەم، جا جوبرەئیل (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) بنێرە بۆ لای ھارونی برام و بيكه بە پێغەمبەر تاوەكو یارمەتیم بدات لە گەیاندنی ئەرکی سەرشانم.
(14) گەلەکەی فیرعەون تاوانی کوشتنی قیبطیەکیان لەسەرمە، جا دەترسم لە تۆڵەی ئەودا بمکوژنەوە.
(15) اللە تەعالا فەرمووی بە موسا (سەلامی الله تعالای لێ بێت) : نەخێر ، ھەرگیز ناتوانن بتکوژن، خۆت و ھارونی برات بە بەڵگە و نیشانە و موعجیزەکانمانەوە کە نیشانەی ڕاستگۆیی ئێوەن بڕۆن بۆ لای فیرعەون و گەلەکەی، وە بێگومان ئێمەیش لەگەڵتانین بەسەرخستن و یارمەتیدان، وە گوێبیستی ھەموو قسە و گوفتارێکتانین ، وە ھەرچیش لەبارەی ئێوەوە دەیڵێن، ھیچ شتێکمان لەدەست دەرناچێت.
(16) بڕۆن بۆ لای فیرعەون و پێی بڵێن: ئێمە ھەردووکمان پێغەمبەرین و لەلایەن پەروەردگاری ھەموو بەدیھێنراوەکانەوە نێرراوین بۆ لای تۆ.
(17) نێرراوین کە تۆ بەنوئیسرائیل لەگەڵماندا بنێریت و ڕێگریان لێ نەکەیت.
(18) فیرعەون بە موسای وت (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت): ئایا ئێمە بە مناڵی تۆمان پەروەردە نەکرد و گەورەمان نەکردیت، دوای ئەوەیش چەند ساڵێک لەتەمەنت لەناوماندا بەسەر نەبرد، ئیتر چی شتێک وای لێ کردوویت ئێستا بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بکەیت؟
(19) وە تاوانێکی گەورەیشت کرد کاتێک لەبەر خاتری سەرخستنی بەنو ئیسرائیلیەکە کابرای قبطیت کوشت و ھەڵھاتیت، کەچی تۆ لەپاداشتی ئەو ھەمووە چاکەدا لە ڕیزی ئەوانەدا بوویت نکۆڵیت کرد لەو ھەمووە نیعمەت و بەخششەی بەسەرتەوە بوو.
(20) موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) دانینا بەتاوانەکەیدا و بە فیرعەونی وت: من ئەو پیاوەم بە نەزانی کوشت، پێش ئەوەی وەحیم بۆ بێت و ببم بە پێغەمبەر.
(21) لە دوای کوشتنی ئەو پیاوە لە ئێوە ڕامکرد و ڕۆیشتم بۆ مەدیەن، کاتێک ترسام لێتان کە لە بری ئەو بمکوژنەوە، ئیتر ئەوە بوو پەروەردگارم عیلم و دانایی پێبەخشیم و کردمی بە یەکێک لە پێغەمبەرانی کە ڕەوانەیان دەکات بۆ لای خەڵکی.
(22) ئەو بەخێوکردنەیشم کە دەیکەیت بە منەت بە سەرمەوە بەبێ ئەوەی وەک بەنوئیسرائیل بمکەیت بە کۆیلە، بەڕاستی نیعمەت و بەخششێکە بەسەرمەوە، بەڵام ئەوە ڕێگری ئەوەم لێ ناکات کە بانگەوازت بکەم بۆ یەکخواپەرستی.
(23) فیرعەون بە موسای وت (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) پەروەردگاری ھەموو مەخلوقات و بەدیھێنراوەکان کامەیە کە تۆ پێت وایە پێغەمبەری ئەویت؟
(24) موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) وەڵامی فیرعەونی دایەوە و وتی: پەروەردگاری مەخلوقات و بەدیھێنراوەکان، ھەر ئەو پەروەردگاری ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەیشە لە نێوانیاندایە، ئەگەر ئێوە دڵنیان کە بێگومان ئەو پەروەردگاریانە کەواتە بەتاک و تەنھایی ھەر ئەو بپەرستن.
(25) فیرعەون بە گەورە پیاوانی گەلەکەی وت - ئەوانەی لە دەوروبەری بوون - : ئایا گوێتان لە وەڵامەکەی موسا بوو چی دەڵێت؟ وەچی گومان و درۆیەکی تێدایە ؟
(26) موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) پێی وتن: اللە پەروەردگاری ئێوە و پەروەردگاری باوباپیرانی پێشینتانە.
(27) فیرعەون وتی: ئەو کەسەی وادەزانێت پێغەمبەرەو بۆ لای ئێوە نێرراوە شێتە، ئاگای لە خۆی نییە چۆن وەڵام ئەداتەوە، شتێک دەڵێت کە ژیری مرۆڤدا وەری ناگرێت.
(28) موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) وتی: ئەو اللە یەی من ئێوەی بۆ لا بانگ دەکەم پەروەردگاری ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا و ئەوەیشە لە نێوانیاندایە، ئەگەر ئێوە ژیرن و ژیری خۆتان دەخەنە کار.
(29) کاتێک فیرعەون دەستەوسان بوو وە ھیچی پێ نەما لە بەڵگە ھێنانەوە لەبەرامبەر موسادا پێی وت: ئەگەر جگە لەمن کەسێکی تر بپەرستیت و بیکەیت بە خوای خۆت ئەوا دەتخەمە ڕیزی زیندانی کراوەکانەوە.
(30) موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) بە فیرعەونی وت: ھەر زیندانیم دەکەیت ئەگەر لەلایەن اللە وە بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرایشت بۆ بھێنم کە بەڵگە بێت لەسەر ڕاستی ئەوەی دەیڵێم؟
(31) فیرعەون وتی: ئەوەی باسی دەکەیت گوایە بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی خۆت بیھێنە ئەگەر تۆ لە ڕاستگۆیانیت.
(32) موسا گۆچانەکەی فڕێدایە سەر زەوی، دەست بەجێ بوو بە ئەژدیھایەکی گەورە و دیار و ئاشکرا بە بەرچاوی خەڵکیەوە.
(33) وە دەستی خستە بنھەنگڵی بەبێ ئەوەی سپی بێت، کاتێک ھێنایە دەرەوە کتوپڕ لەبەر چاوی خەڵکی سپی و نورانی بوو، نەک سپی بەڵەک بوون، ھەموو ئەوانەی لەوێ بوون ئەوەیان بینی بەچاوی خۆیان.
(34) فیرعەون بە گەورە و ناودارانی دەوروبەری وت: بێگومان ئەم پیاوە جادوگەرێکی زۆر زانایە.
(35) ئەیەوێت بە جادووەکەی لە خاک و وڵاتی خۆتان دەرتان کات، ڕاتان چییە و چی بکەین بەرامبەری ؟
(36) پێیان وت: جارێک موسا و ھارونی برای واز لێ بھێنە و دەست پێشخەری مەکە لە سزادانیان، سەربازەکانت بنێرە بە ھەموو شارەکانی میسردا تاوەکو ھەرچی جادووگەر ھەیە کۆی بکەنەوە بۆت.
(37) ھەرچی جادووگەرێکی زۆر زانا و لێزان ھەیە با بیھێنن بۆت.
(38) ئەوە بوو فیرعەون ھەرچی جادووگەری ھەبوو لە کات و شوێنی دیاریکراودا ھەمووی کۆکردنەوە بۆ ململانێ موسا.
(39) وە وترا بە خەڵکیش: ئایا ئێوەیش کۆ دەبنەوە، تاوەک ببینن کێ سەردەکەوێت و زاڵ دەبێت بەسەر ئەوی تردا، موسا یان جادووگەرەکان ؟
(40) بە ئومێدی ئەوەی شوێن ئاینی جادووگەرەکان بکەوین ئەگەر ھاتوو سەرکەوتن بەسەر موسادا.
(41) جا کاتێک جادووگەرەکان ھاتن بۆ لای فیرعەون بۆ ئەوەی سەرکەون بەسەر موسادا، بە فیرعەونیان وت: ئایا ھیچ پاداشتێکی مادی و مەعنەویمان دەکەیت ئەگەر ھاتوو سەرکەوتین بەسەر موسادا ؟
(42) فیرعەونیش پێی وتن: بەڵێ پاداشتان دەکەم، ئەگەر ھاتوو ئێوە سەرکەوتن بەسەر موسادا ئەوا ئێوە لە نزیکەکانی من دەبن، پلە و پایە و پۆستی بەرزتان پێ دەبەخشم.
(43) موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) بەو پەڕی متمانە بوون بەسەرکەوتنی اللە و ڕوونی ئەوەی بە ئەو دراوە لە لایەن ئەو زاتە پیرۆزەوە جادوو نییە، بە جادووگەرەکانی وت: ئەوەی دەتانەوێت فڕێی بدەن لەپەت و گوریس و گۆچانی دەستان فڕێی بدەن.
(44) ئەوانیش پەت و گوریس و گۆچانەکانیان فڕێدا، لە کاتی فڕێدانیشدا وتیان: سوێند بە گەورەیی و مەزنی فیرعەون بە دڵنیاییەوە ئێمە سەردەکەوین بەسەر موسادا
(45) ئەمجا دوای ئەوان موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) گۆچانەکەی دەستی فڕێدا و دەست بەجێ بوو مارێکی گەورە، وە ھەرچی جادووی جادووگەرەکان ھەبوو کە چاوبەستیان پێکردبوو لە خەڵکی ھەمووی ھەڵلوشی و خواردنی.
(46) جا کاتێک جادووگەرەکان بینیان گۆچانەکەی موسا ھەموو جادووەکانی ئەوانی ھەڵلوشی بەسوژدە بردنەوە کەوتن بەڕوودا.
(47) وتیان: باوەڕمان ھێنا بە پەروەردگاری ھەموو مەخلوقات و بەدیھێنراوەکان.
(48) به پەروەردگاری موسا و ھارون (سەلامی اللە تەعالایان لێ بێت)
(49) فیرعەون بە نکۆڵی کردنەوە لە باوەڕھێنانی جادووگەرەکان پێی وتن: ئایا باوەڕتان ھێنا بە موسا پێش ئەوەی من مۆڵەتان بدەم بە وەھا کارێک؟ بێگومان موسا کە جادووگەرە گەورەکەتانە فێری جادووی کردوون، ھەمووتان پیلانی ئەوەتان گێراوە خەڵکی میسر لە خاک و جێگا و ڕێگای خۆیان دەرکەن، بە دڵنیاییەوە لەمەودا دەزانن چی سزایەکتان دەدەم، بێگومان دەست و قاچتان ڕاست و چەپ دەبڕم، قاچی ڕاست و دەستی چەپ، یان بەپێچەوانەوە، پاشان بە دڵنیاییەوە ھەڵتان دەواسم بە قەدی دار خورمادا، ھیچ کەسێکتان ناھێڵمەوە وای لێ نەکەم.
(50) جادووگەرەکان کە باوەڕیان ھێنابوو، وتیان بە فیرعەون: ئەوەی ھەڕەشەی پێدەکەیت لە دەست و قاچ بڕین و ھەڵواسین لە دونیادا ھیچ زیانی نییە بۆمان، سزادانمان دەڕوات و نامێنێت، چونکە بەڕاستی ئێمە بۆ لای پەروەردگاری خۆمان دەگەڕێینەوە و دواتریش دەمانخاتە ڕەحمەت و میھرەبانی ھەمیشەیی خۆیەوە.
(51) بەدڵنیاییەوە ئێمە ئومێدمان وایە کە اللە تەعالا گوناھەکانی پێشووترمان بسڕێتەوە و لێمان خۆش بێت، چونکە ئێمە یەکەم کەسین باوەڕمان بە موسا ھێنا و بەڕاستمان زانی.
(52) اللە دەفەرموێت: وەحیمان کرد بۆ موسا و فەرمانمان پێکرد بە شەو بەندە باوەڕدارەکانم لە بنو ئیسرائیل ببە و میسر جێ بھێڵن، چونکە فیرعەون و دەست و پێوەندەکەی دواتان دەکەون تا بتانگێڕنەوە و بتانکوژن.
(53) فیرعەون کاتێک ھەواڵی پێگەیشت کە موسا و بەنو ئیسرائیل بە شەو لە میسر دەرچوون ھەندێک لە سەربازەکانی بڵاو کردەوە بەناو شار و گوندەکاندا بۆ ئەوەی سوپایەک کۆبکەنەوە و شوێنی موسا و بەنوئیسرائیل بکەون، تاوەکو بیانگێڕنەوە بۆ میسر.
(54) فیرعەون بۆ ئەوەی سەرباز و سوپاکەی ھەڵنێت و لە پلەوپایەی بەنوئیسرائیل کەم بکاتەوە پێی وتن: ئەوانە دەستە و کۆمەڵێکی کەم و بێ نرخن (مەترسن و شوێنیان بکەون).
(55) بێگومان ئەوانە کارێکیان کرد ئێمەیان تووڕە و قەڵس کرد.
(56) وە بە دڵنیاییەوە ئێمەیش کۆمەڵێکی وریا و بە ئاگاین (ناھێڵین ئەم کارەی کردیان ھەروا بە ئاسانی بەسەریاندا تێپەڕێت).
(57) اللە دەفەرموێت: فیرعەون و گەل و دەست و پێوەندەکەیمان لە خاکی میسر کە پڕی بوو لە باخ و بێستان و ڕووبار و کانیاو دەرکرد.
(58) وە دەرمانکردن لەو گشت خەزێنە پڕ لە پارە و پوڵ و زێڕ و زیووە ، وە لەناو ئەو گشت کۆشک و تەلار و ماڵە ڕازاوانە.
(59) ھەروەک فیرعەون و گەل و دەست و پێوەندەکەیمان لەناو ئەو ھەموو ناز و نیعمەت و بەخششە وەدەرنا، دەسەڵات و ماڵ و سامانەکەیشیانمان کردە میرات و موڵکی بەنوئیسرائیل لە وڵاتی شام.
(60) فیرعەون و گەل و دەست و پێوەندەکەی لەگەڵ ھەڵھاتنی ڕۆژدا شوێن موسا و بەنوئیسرائیل کەوتن.
(61) جا کاتێک فیرعەون و گەل و دەست و پێوەندەکەی ڕووبەڕووی موسا و گەلەکەی بوونەوە، بەشێوەیەک ھەرلایەکەیان ئەوی تری دەبینی، لەم کاتەدا ھاوەڵانی موسا وتیان: بێگومان فیرعەون و گەل و دەست و پێوەندەکەی پێمان دەگەن و ھیچ چاریشمان نییە.
(62) موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) بە گەلەکەی وت: نەخێر وانییە کە ئێوە بۆی دەچن ، بە دڵنیاییەوە پەروەردگارم لە گەڵدایە، پشتگیرمە و سەرم دەخات، ڕێنماییم دەکات و ڕێگای ڕزگاری و سەرفرازیم نیشان دەدات.
(63) اللە دەفەرموێت: وەحیمان کرد بۆ موسا و فەرمانمان پێکرد بە گۆچانەکەت بدە لە دەریاکە، موسایش فەرمانی اللەی جێ بەجێکرد و دەست بەجێ دەریاكە لەت بوو، دوازدە ڕێگای لێ بوویەوە بەژمارەی ھۆزەکانی بەنوئیسرائیل، ھەر بەشێکیش لە دەریاکە کاتێک لەت بوو وەک شاخێکی گەورە وابوو لە گەورەیی و چەسپاویدا، بەشێوەیەک بەری گرت لە ئاوی دەریاکەی بەسەریدا نەدەڕۆیشت.
(64) ئەمجا فیرعەون و گەل و دەست و پێوەندەکەیمان نزیک کردەوە، تاچوون بە شوێن ئەواندا و ڕۆیشتنە ناو دەریاکەوە، وایانزانی ڕێگاکان بۆ ئەوانیش کراوەیە.
(65) موسا و ئەو باوەڕدارانەی لە گەڵیدا بوون لە بەنوئیسرائیل ھەموومان ڕزگار کردن، تاکە کەسێکیشیان تیانەچوون.
(66) پاشان فیرعەن و گەل و دەست و پێوەندەکەیمان نوقمی ناو دەریا کرد.
(67) بێگومان لەوەدا کەباسکرا، لە لەتبوونی دەریا بۆ موسا و باوەڕداران و ڕزگار بوونیان ، وە لە تیاچوونی فیرعەون و گەلەکەی بەڵگە و نیشانەی گەورە ھەن لەسەر ڕاستگۆیی موسا و پەیامەکەی، بەڵام لەگەڵ بینینی ئەو نیشانانەیشدا زۆربەی ئەوانەی لەگەڵ فیرعەوندا بوون باوەڕیان نەھێنا و نەگەڕانەوە.
(68) - ئەی پێغەمبەر - بەڕاستی پەروەردگارت زاڵ و بەدەسەڵاتە تۆڵە دەسێنێت لە دوژمنەکانی، وە بە بەزەیی و میھرەبانە بەرامبەر ئەوانەی تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای.
(69) - ئەی پێغەمبەر - چیرۆک و بەسەرھاتی ئیبراھیم (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) بۆ گەلەکەت بخوێنەرەوە.
(70) کاتێک بە ئازەری باوکی و گەلەکەی وت: ئێوە چی شتێک دەپەرستن جگە لە اللە تەعالا ؟
(71) گەلەکەی بە شانازیەوە پێیان وت: بت ئەپەرستین، وە بەردەوامیش بە دیاریانەوە دەمێنینەوە و لە پەرستنیان جیا نابینەوە.
(72) ئیبراھیم (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) پێی وتن: ئایا ئەو بتانە کاتێک لێیان دەپاڕێنەوە و داوایان لێدەکەن گوێیان لە پاڕانەوە و داواکانی ئێوەیە؟
(73) یان ئەگەر تاعەت و گوێڕایەڵیتان کردن سوودتان پێدەگەیەنن، یان ئەگەر سەرپێچیتان کردن زیانیان دەبێت بۆتان؟
(74) وتیان: کاتێک داوامان لێکردن گوێیان لێ نابێت، وە ئەگەر گوێڕایەڵیان بووین سوودیان نابێت بۆمان، وە زیانیشمان لێنادەن ئەگەر سەرپێچیان بکەین، بەڵکو ھێندە ھەیە ئێمە باوباپیرانی خۆمانمان بینیوە ئەم بتانەیان پەرستووەو وایان کردووە، ئێمەیش چاو لەوان دەکەین.
(75) ئیبراھیم (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) پێی وتن: ئایا بیرتان کردوەتەوە و خۆتان دیوە چی بتگەلێک جگە لە اللە دەپەرستن؟
(76) ئەوەی ئێوە و باوباپیرانی پێشویشتان دەیپەرستن .
(77) بە دڵنیاییەوە ھەموو ئەو بتانە دوژمنی منن، چونکە گشتیان ناھەق و باتڵ و پڕوپوچن، اللەی پەروەردگاری ھەموو مەخلوقات و بە دیھێنراوەکان نەبێت.
(78) ئەو پەروەردگارەی کە منی بەدیھێناوە و پاشانیش ڕێنومایی کردووم بۆ خێر و چاکەی دونیا و دواڕۆژ.
(79) ھەر تەنھا ئەو پەروەردگارەیە کاتێک برسیم دەبێت خواردنم پێدەدات و تێرم دەکات، وە کاتێکیش تینوم دەبێت تێرئاوم دەکات و تینوێتیم دەشکێنێت.
(80) وە کاتێکیش نەخۆش دەکەوم ھەر تەنھا ئەوە شیفام دەدات و چاکم دەکاتەوە، چونکە شیفادەر تەنھا اللە یە.
(81) وە تەنھا ئەویشە کاتێک ئەجەلم ھات دەممرێنێت، وە پاش مردنیش زیندووم دەکاتەوە.
(82) وە ئومێدیشم تەنھا بە ئەوە لە ڕۆژی پاداشت دانەوەدا لە گوناھ و تاوان و ھەڵە و کەموکورتیەکانم ببورێت.
(83) ئیبراھیم لە اللە پاڕایەوە و داوای لێکرد و فەرمووی: ئەی پەروەردگارم شارەزام بکە لە ئاینەکەت، وە بمگەیەنە بە چاکەکاران لە پێغەمبەرانی پێش خۆم، بەوەی لەگەڵ ئەواندا بمخەیتە بەھەشتەوە.
(84) زیکر و یادێکی جوان و سوپاس و ستایشێکی نایابم لەناو گەلانی داھاتوودا پێ ببەخشە.
(85) وە بمگێرە لە میراتگرانی جێگا و شوێنەکانی بەھەشت کە بەندە باوەڕدارەکانت تێیدا ئاسوودە و خۆشبەخت دەبن و لەوێ نیشتەجێم بکە.
(86) وە لە گوناھەکانی باوکم خۆشبە، بێگومان ئەو لەوانە بوو لەسەر ڕاستەڕێی ھەق گومڕابوو بە ھۆی ئەوەی ھاوەڵی بۆ تۆ دانا، ئەم نزا و پاڕانەوەی ئیبراھیمە بۆ باوکی پێش ئەوە بوو کە بۆی ڕوون بێتەوە کە باوکی لە دۆزەخیەکانە، جا کاتێک بۆی ڕوون بوویەوە ئیتر خۆی لێ بەری کرد و بۆی نەپاڕایەوە.
(87) وە شەرمەزار و سووک و ڕیسوام مەکە لە ڕۆژێکدا خەڵکی زیندوو دەکرێنەوە بۆ حیساب و لێپرسینەوە.
(88) ئەو ڕۆژەی نە ئەو ماڵ و سەروەت و سامانەی مرۆڤ لە دونیایدا کۆی کردوەتەوە، وە نە ئەو کوڕ و کاڵ و نەوەیەی کە خۆی پێوە ھەڵدەکێشا سوودی دەبێت بۆی.
(89) جگە ئەو کەسە نەبێت کە بە دڵێکی ساغ و دروستەوە دەگاتەوە لای اللە تەعالا، دڵێک نە شیرک و ھاوبەش پەیداکردنی تێدایە، وە نە نیفاق و دووڕوویی و ڕوپامایی و بەخۆ موعجیب بوون، ئەو کەسە سوود لەو ماڵ و سامانەی دەبینێت کە لە ڕێگای اللە تەعالادا خەرجی کردووە، وە لەو مناڵانەیشی کە لە پاش خۆی نزای خێری بۆ دەکەن.
(90) لەو ڕۆژەدا بەھەشت نزیک دەکرێتەوە لە پارێزکاران و لە خواترسان، ئەوانەی فەرمانەکانی ئەو زاتە پیرۆزە جێ بەجێ دەکەن و لە ڕێگریەکانی دوور دەکەونەوە.
(91) وە ئاگری دۆزەخیش لە ڕۆژی کۆبوونەوەدا دەردەخرێت بۆ گومڕاکان، ئەوانەی لە ئاینی ھەق و ڕاستی لایاندا و گومڕابوون.
(92) بەسەرزەنشتێکەوە پێان دەوترێت: کوان ئەو بتانەی ئێوە دەتانپەرستن؟
(93) ئەو بتانەی لەبری اللە تەعالا دەتانپەرستن؟ ئایا یارمەتیتان دەدەن، ئەتوانن ڕێگری لە سزای اللە بکەن لەسەرتان، یان ئەوان دەتوانن یارمەتی خۆیان بدەن ؟
(94) ھەندێکیان فڕێ دەدرێن بەسەر ھەندێکی تریان لە دۆزەخدا، ئەوان و ئەوانەیش کە ئەوانیان گومڕا کرد لە دونیادا.
(95) ھەروەھا ھەموو سەربازان و یاریدەرەکانی شەیتان فڕێ دەدرێنە ناو دۆزەخەوە، ھیچ کەسێکیان لێ جوودا ناکرێتەوە.
(96) ئەمجا ئەو موشریک و بتپەرستانەی جگە لە اللە خوای تریان دەپەرست، وە دەیانکردن بە ھاوەڵ و شەریکی ئەو، دەکەونە دەمەقاڵێ و شەڕەقسە لەگەڵ ئەوانەی دەیانپەرستن و دەڵێن:
(97) سوێند بە اللە بێگومان لە دونیا ئێمە لە گومڕاییەکی ڕوون و دیار بووين و لە ھەق و ڕاستی لاماندا.
(98) ئێمە ئێوەمان ھاوتای پەروەردگاری ھەموو مەخلوقات و بەدیھێنراوەکان کرد، چۆن ئەومان دەپەرست ئاوایش ئێوەمان دەپەرست.
(99) ھیچ کەس ئێمەی گومڕا نەکرد لەسەر ڕێی ھەق و ڕاستی جگە ئەو تاوانبارانە نەبێت کە بانگەوازی ئێمەیان دەکرد کە لەبری اللە ئەوان بپەرستین.
(100) ئێستاش ھیچ کەسێک نیيە لای اللە تەعالا تکاکارمان بێت و تکامان بۆ بکات تاوەکو ڕزگارمان بێت لەسزای ئەو.
(101) وە ھاوەڵێکی خۆشەویست و دڵسۆزیشمان نەبوو بەرگریمان لێ بکات و تکامان بۆ بکات.
(102) خۆزگه جارێكی تر ئەگەڕێنراینەوه بۆ دونیا ئەوسا لە باوەڕداران دەبوین.
(103) بێگومان لەم چیرۆک و بەسەرھاتەی ئیبراھیم (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) کە باسکرا، وە سەرەنجامی بێباوەڕان پەند و ئامۆژگاری ھەیە بۆ کەسانێک پەندی لێ وەربگرن، بەڵام زۆربەی خەڵکی باوەڕدار نین.
(104) - ئەی پێغەمبەر - بەڕاستی پەروەردگارت زاڵ و بە دەسەڵاتە و تۆڵە دەسێنێت لە دوژمنەکانی، وە بە بەزەیی و میھرەبانە بەرامبەر ئەوانەی تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای.
(105) گەلی نوح پێغەمبەرانیان بە درۆ زانی و باوەڕیان پێ نەکردن، کاتێک باوەڕیان بە نوح (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) نەکرد و بە درۆیان زانی.
(106) کاتێک نوحی برایان پێی وتن (مەبەست پێی برای نەسەبە): ئایا لە اللە ناترسن، بەوەی لەترسی ئەو وازبھێنن لە پەرستنی ھەر شتێکی تر جگە لە ئەو.
(107) بە دڵنیاییەوە من پێغەمبەرم، وە اللە تەعالا ڕەوانەی کردووم بۆ لای ئێوە، وە من پێغەمبەرێکی ئەمین و دەستپاکم، ھیچ شتێک کەم و زیاد ناکەم لەوەی ئەو وەحی بۆ کردووم.
(108) کەوابوو لە اللە بترسن، بەوەی فەرمانەکانی جێ بەجێ بکەن و دووریش بکەونەوە لە رێگریەکانی، وە گوێڕایەڵی منیش بکەن لەوەی فەرمانتان پێ دەکەم، وە لەوەیش ڕێگریتان لێ دەکەم.
(109) وە لەبەرامبەر گەیاندی پەیامی پەروەردگارم داوای ھیچ پاداشتێکتان لێ ناکەم، وە پاداشتی من تەنھا لای اللە یە، پەروەردگاری ھەموو مەخلوقات و بەدیھێنراوەکان، نەک ھیچ کەسێکی تر.
(110) کەوابوو پارێزکار بن و لە اللە بترسن، بەوەی فەرمانەکانی جێ بەجێ بکەن و دووریش بکەونەوە لە رێگریەکانی، وە گوێڕایەڵی منیش بکەن لەوەی فەرمانتان پێ دەکەم، وە لەوەیش ڕێگریتان لێ دەکەم.
(111) گەلەکەی پێیان وت: - ئەی نوح - ئایا چۆن باوەڕت پێ بھێنین و شوێن ئەو پەیامە بکەوین تۆ ھێناوتە و کاری پێ بکەین، لەکاتێکدا ئەوانەی شوێن تۆ کەوتوون گێل و گەمژەکانی ناو خەڵکن، کەسێکی گەورە وناوداریان تێدا نییە؟!
(112) نوح (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) بە ئەوانی وت : من چوزانم ئەو باوەڕدارانە چی کارێک دەکەن. من چاودێر نیم بەسەریانەوە تاوەکو کردەوەکانیان بژمێرم.
(113) حساب و لێپرسینەوەیان تەنھا لەسەر اللە تەعالایە کە ئاگاداری دیوی نھێنی و ئاشکرایانە، حساب و لێپرسینەوەیان لەسەر من نییە، ئەگەر ئێوە ھەستتان بەوە بکردایە پێم وتن ئەو قسەیەتان نەدەکرد.
(114) من لەبەر داواکاری ئێوە باوەڕداران لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دانیشتنەکانم دەرناکەم بۆ ئەوەی ئێوە باوەڕ بھێنن.
(115) من تەنھا ترسێنەرێکی ڕوون و ئاشکرام، بە سزای اللە دەتانترسێنم.
(116) گەلەکەی بە نوحیان وت: ئەگەر دەست ھەڵنەگریت لە بانگەوازەکەت و ئەوەی بانگمان دەکەیت بۆی، ئەوا دەکەویتە بەر جوێن و تانە وتەشەرمان، وە لەوانە دەبیت بە بەردباران کردن دەتکوژین.
(117) نوح لە پەروەردگاری پاڕایەوە و وتی: ئەی پەروەردگارم گەلەکەم بە درۆیان دانام و باوەڕیان نەکرد بەوەی لەلایەن تۆوە بۆم ھاتووە.
(118) بڕیار بدە لە نێوان من و ئەواندا و لەبەر سووربوونیان لەسەر ناھەقی و باوەڕی پڕوپوچیان لە ناویان ببە، وە من و ئەو باوەڕدارانەیشی لە گەڵمدان ڕزگار بکە لەو سزا و بەڵا و موسیبەتەی ئەوانی پێ لەناو دەبەیت.
(119) اللە دەفەرموێت: نزا و پاڕانەوەکەی نوحمان گیرا کرد، خۆی و ئەو باوەڕدارانەیشی لە گەڵیدا بوون ڕزگارمان کردن لە خنکان لەو کەشتییەی پڕ کرابوو لە خەڵک و ھەموو جۆرە گیاندارێک.
(120) پاشان دوای ڕزگار کردنی نوح و باوەڕدارانی گەلەکەی ئەوەی مایەوە ھەر ھەموویمان نوقمی ناو ئاو کرد.
(121) بێگومان لەوەی باسکرا لە چیرۆک و بەسەرھاتی نوح و گەلەکەی، وە ڕزگارکردنی خۆی و ئەو باوەڕدارانەی لە گەڵی بوون، وە تیاچوونی ئەوانەی بێباوەڕبوون لە گەلەکەی پەند و ئامۆژگاری ھەیە بۆ کەسانێک بیری لێ بکەنەوە و لێی ڕامێنن، بەڵام زۆرێک لە خەڵکی باوەڕ ناھێنن.
(122) - ئەی پێغەمبەر- پەروەردگارت زۆر زاڵ و بە دەسەڵاتە تۆڵە دەسێنێت لە دوژمنەکانی، وە بە بەزەیی و میھرەبانیشە بەرامبەر ئەوانەی تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای.
(123) گەلی عادیش پێغەمبەرانی اللە یان بە درۆ دانا و باوەڕیان پێنەکرد، کاتێک باوەڕیان بە ھودی پێغەمبەریان نەکرد (سەلامی اللە ی لێ بێت).
(124) بۆیان باس بکە کاتێک هودی برایان پێی وتن (مەبەست پێی برای نەسەبە) : ئایا لە اللە ناترسن، بەوەی لەترسی ئەو وازبھێنن لە پەرستنی ھەر شتێکی تر جگە لە ئەو.
(125) بە دڵنیاییەوە من پێغەمبەرم، واللە تەعالا ڕەوانەی کردووم بۆ لای ئێوە، وە من پێغەمبەرێکی ئەمین و دەستپاکم، ھیچ شتێک کەم و زیاد ناکەم لەوەی ئەو وەحی بۆ کردووم.
(126) کەوابوو پارێزکار بن و لە اللە بترسن، بەوەی فەرمانەکانی جێ بەجێ بکەن و دووریش بکەونەوە لە رێگریەکانی، وە گوێڕایەڵی منیش بکەن لەوەی فەرمانتان پێدەکەم، وە لەوەیش ڕێگریتان لێدەکەم.
(127) وە لەبەرامبەر گەیاندنی پەیامی پەروەردگارم داوای ھیچ پاداشتێکتان لێناکەم، وە پاداشتی من تەنھا لای اللە یە، پەروەردگاری ھەموو مەخلوقات و بەدیھێنراوەکان، نەک ھیچ کەسێکی تر.
(128) ئایا ئێوە لە ھەموو جێگایەکی بەرز و بڵند کۆشک و تەلاری بەرز و دیار بەبێ ھوودە دروست دەکەن، بەبێ ئەوەی لە دونیا یان لە دواڕۆژدا ھیچ سوودێکی ھەبێت بۆتان ؟
(129) وە قەڵا و کۆشک و شورای بەرز دروست دەکەن، وەک ئەوەی لە دونیا بەھەمیشەیی بمێننەوە و نەمرن و نەیگوێزنەوە بۆ جێگایەکی تر؟!
(130) وە ئەگەر دەستان لە یەکێک وەشاند بە کوشتن یان بە لێدان، ئەوا زۆر خراپ لێی دەدەن و ھیچ بەزەیی و سۆزتان نییە بەرامبەری.
(131) کەوابوو پارێزکار بن و لە اللە بترسن، بەوەی فەرمانەکانی جێ بەجێ بکەن و دووریش بکەونەوە لە رێگریەکانی، وە گوێڕایەڵی منیش بکەن لەوەی فەرمانتان پێدەکەم، وە لەوەیش ڕێگریتان لێدەکەم.
(132) وە بترسن لە سزا و خەشم و توڕەیی اللە، کە زۆریک لە ناز و نیعمەت و بەخششەکانی خۆی پێ بەخشیوون کە خۆتان دەزانن چی پێ بەخشیون.
(133) مەڕ و ماڵات و وشتر و ڕەشەوڵاخی زۆری پێ بەخشیون، لەگەل کوڕ و کاڵ و مناڵی زۆر.
(134) باخ و بێستان و کانیاوی لەبەر ڕۆیشتووی پێ بەخشیون.
(135) - ئەی گەلەکەم - بێگومان من دەترسم لە سزای ڕۆژێکی زۆر گەورە كە توشتان بێت ، ئەویش سزای ڕۆژی قیامەتە.
(136) گەلەکەی بە ھودیان وت: لای ئێمە وەک یەک وایە، وە بیرمان بھێنیتەوە و ئامۆژگاریمان بکەیت، یان نەیکەیت، ھەر باوەڕت پێ ناھێنین، وە ناگەڕێینەوە لەوەی ئێمە لەسەرین.
(137) ئەمەی تۆ ھێناوتە جگە لە ئاین و درۆ و دەلەسە و نەریت و ڕەوشتی پێشینان ھیچ شتێکی تر نییە.
(138) وە ئێمەیش ھەرگیز سزا نادرێین.
(139) بەردەوام بوون لەسەر باوەڕنەکردن و بەدرۆدانانی ھودی پێغەمبەریان (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت)، بەھۆی ئەو باوەڕ نەکردن و بەدرۆدانانەوە بەڕەشەبایەکی زۆر ساردی کوشندە لەناومان بردن، بێگومان لەم سزادان و لەناوچوونەیشدا بەڵگە و نیشانە و پەند و ئامۆژگاری ھەیە بۆ کەسانێک پەند و ئامۆژگاری وەربگرن، بەڵام زۆربەیان باوەڕیان نەھێنا.
(140) - ئەی پێغەمبەر - بەڕاستی پەروەردگارت زاڵ و بە دەسەڵاتە تۆڵە دەسێنێت لە دوژمنەکانی، وە بە بەزەیی و میھرەبانە بەرامبەر ئەوانەی تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای.
(141) گەلی سەموود باوەڕیان نەھێنا بە پێغەمبەران و بەدرۆیان دانان، ئەویش بەوەی باوەڕیان نەھێنا بە صاڵحی پێغەمبەریان و بەدرۆیان زانی (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت).
(142) کاتێک صاڵحی برایان پێی وتن (مەبەست پێی برای نەسەبە) : ئایا لە اللە ناترسن، بەوەی لەترسی ئەو وازبھێنن لە پەرستنی ھەر شتێکی تر جگە لەو.
(143) بە دڵنیاییەوە من پێغەمبەرم اللە تەعالا ڕەوانەی کردووم بۆ لای ئێوە، وە ئەمین و دەست پاکم، ئەوەی اللە فەرمانی پێکردوم بیگەیەنم پێتان ھیچی لێ زیاد و کەم ناکەم.
(144) کەوابوو پارێزکار بن و لە اللە بترسن، بەوەی فەرمانەکانی جێ بەجێ بکەن و دووریش بکەونەوە لە رێگریەکانی، وە گوێڕایەڵی منیش بکەن لەوەی فەرمانتان پێدەکەم، وە لەوەیش ڕێگریتان لێدەکەم.
(145) وە لەبەرامبەر گەیاندنی پەیامی پەروەردگارم داوای ھیچ پاداشتێکتان لێناکەم، وە پاداشتی من تەنھا لای اللە یە، پەروەردگاری ھەموو مەخلوقات و بەدیھێنراوەکان، نەک ھیچ کەسێکی تر.
(146) ئایا حەزدەکەن ھەروا وازتان لێبھێنرێت لەو ھەمووە خێر و بێر و ناز و نیعمەت و بەخششەدا بەھێمنی و بێ ترس بمێننەوە بژین؟!
(147) لەناو باخ و بێستان و کانیاوی ڕۆیشتوو.
(148) لەناو کشتوکاڵ و باخە خورمای تەڕ و پێگەیشتوو بمێننەوە.
(149) وە بە زیرەکی و وریایی لەناو شاخەکاندا ماڵ و خانوو دادەتاشن بۆ ئەوەی نیشتەجێ بن تێیدا.
(150) کەوابوو پارێزکار بن و لە اللە بترسن، بەوەی فەرمانەکانی جێ بەجێ بکەن و دووریش بکەونەوە لە رێگریەکانی، وە گوێڕایەڵی منیش بکەن لەوەی فەرمانتان پێدەکەم، وە لەوەیش ڕێگریتان لێدەکەم.
(151) گوێڕایەڵی زیادەڕۆیان مەکەن، ئەوانەی بە گوناھ و تاوان کردن زیادەڕۆییان کردووە بەرامبەر دەروونی خۆیان، وە وایان کردووە شایستەی سزای اللە تەعالا بن.
(152) ئەوانەی خراپەکاری لەسەر زەوی دەکەن، بەوەی گوناھ و تاوانی تێدا بڵاو دەکەنەوە، وە خۆشیان چاک ناکەن و کردەوەی باش ئەنجام نادەن بەوەی پابەند نابن بەتاعەت و گوێڕایەڵی اللە تەعالاوە.
(153) گەلەکەی پێیان وت: ئەی صاڵح بەدڵنیاییەوە تۆ جادووی زۆرت لێکراوە، ھەتا وای لێھاتووە جادووەکە زاڵ بووە بەسەر عەقڵ و ژیریتدا.
(154) تۆیش وەک ئێمە تەنھا مرۆڤێکیت و ھیچ شتێکت لە ئێمە زیاد نییە تاوەکو ببیت بە پێغەمبەر، ئەگەر ڕاست دەکەیت و بانگەشەی ئەوە دەکەیت کە پێغەمبەریت بەڵگە و نیشانەیەکمان بۆ بھێنە تاوەکو سەلمێنەری ئەوە بێت تۆ پێغەمبەریت.
(155) صاڵح - ئەو کاتەی کە اللە تەعالا نیشانەیەکی پێدا، لە تاشە بەردێک وشترێکی ڕێک و پێکی بۆ دەرھێنان - : پێی وتن: ئەمە وشترێکە بەچاو دەبینرێت و دەستیشی لێدەدرێت، بەشە ئاوی خۆی ھەیە، ئێوەیش بەشە ئاوی خۆتان ھەیە، ئەو ڕۆژەی سەرەی ئێوەیە وشترەکە ئاو لە بیرەکە ناخواتەوە، وە ئەو ڕۆژەیشی سەرەی ئەوە نابێت ئێوە ئاوی لێ بخۆنەوە.
(156) بەخراپ دەستی بۆ مەبەن، سەری ببڕن یان لێی بدەن، ئەگەر واتان کرد ئەوا دووچاری سزای اللە تەعالا دەبنەوە، وە لە ڕۆژێکی زۆر گەورەدا بەڵا و ناڕەحەتیەکی سەختان بۆ دادەبەزێنێت.
(157) بەڵام گەلەکەی سەرپێچی فەرمانەکەی صاڵح یان کرد و ڕێکكەوتن لەسەر سەربڕینی وشترەکە، ئەوە بوو خراپترین و گومڕاترین کەسیان وشترەکەی سەربڕی، دوایش پەشیمان بوونەوە لەو کارەی کردیان کاتێک دڵنیابوون کەسزای سەختی پەروەردگاریان دادەبەزێت بۆ سەریان و ھیچ شتێکیش نایگێڕێتەوە، بەڵام پەشیمانی کاتی بینینی سزای پەروەردگار ھیچ سوودێکی نییە.
(158) ئەو سزایەی ھەڕەشەیان پێ لێکرابوو دابەزی بۆ سەریان و گرتنی، کە بریتی بوو لە بوومەلەرزە و دەنگ و شریخەیەکی زۆر بەھێز، لەو بەسەرھاتەی باسکرا لە چیرۆکی صاڵح و گەلەکەی پەند و ئامۆژگاری زۆر ھەیە بۆ کەسانێکی خاوەن بیر و ھۆش کە پەندی لێوەردەگرن، بەڵام زۆربەیان باوەڕیان نەھێنا.
(159) - ئەی پێغەمبەر- بەڕاستی پەروەردگارت زاڵ و بەدەسەڵاتە تۆڵە دەسێنێت لە دوژمنەکانی، وە بە بەزەیی و میھرەبانە بەرامبەر ئەوانەی تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای.
(160) گەلی لوط باوەڕیان نەھێنا بە پێغەمبەران و بەدرۆیان دانان، ئەوەیش بەوەی باوەڕیان نەھێنا بە لوطى پێغەمبەریان و بەدرۆیان زانی (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت).
(161) کاتێک لوطی برایان پێی وتن (مەبەست پێی برای نەسەبە): ئایا لە اللە ناترسن، بەوەی لەترسی ئەو وازبھێنن لە پەرستنی ھەر شتێکی تر جگە لە ئەو.
(162) بەدڵنیاییەوە من پێغەمبەرم اللە تەعالا ڕەوانەی کردووم بۆ لای ئێوە، وە ئەمین و دەست پاکم، ئەوەی اللە فەرمانی پێکردوم بیگەیەنم پێتان ھیچی لێ زیاد و کەم ناکەم.
(163) کەوابوو لە اللە بترسن، بەوەی فەرمانەکانی جێ بەجێ بکەن و دووریش بکەونەوە لە رێگریەکانی، وە گوێڕایەڵی منیش بکەن لەوەی فەرمانتان پێدەکەم، وە لەوەیش ڕێگریتان لێدەکەم.
(164) وە لەبەرامبەر گەیاندنی پەیامی پەروەردگارم داوای ھیچ پاداشتێکتان لێناکەم، وە پاداشتی من تەنھا لای اللە یە، پەروەردگاری ھەموو مەخلوقات و بەدیھێنراوەکان، نەک ھیچ کەسێکی تر.
(165) ئایا لەناو ئەو ھەموو خەڵکەدا ھەر ئێوەن لە دواوه دەچنە لای نێرەکان؟! (واتا: ھەر بەتەنھا ئێوە خەریکی کاری قێزەونی نێربازین)؟!
(166) وە وازدەھێنن لە ھاوسەرەکانتان کە اللە تەعالا بۆی بەدیھێناون تاوەکو چێژیان لێوەربگرن و ئارەزووەکانی خۆتانی تێدا جێ بەجێ بکەن؟! نەخێر بەڵکو ئێوە بەم کارە خراپە نامۆیەتان سنوورەکانی اللە دەبەزێنن.
(167) گەلەکەی پێیان وت: ئەی لوط ئەگەر واز نەھێنیت لەم قسانە و ڕێگری و قەدەغەمان بکەیت لەم کارە ئەوا خۆت و ئەوانەیش لەگەڵتدان شار بەدەرتان دەکەین.
(168) لوط پێی وتن: بێگومان من زۆر بێزارم لەو کارەی دەیکەن و ڕقم لێی دەبێتەوە (لە نێر بازی)
(169) لوط لە پەروەردگاری پاڕایەوە وتی: ئەی پەروەردگارم خۆم و کەسوکارەكەم لەو سزا و بەڵایە ڕزگار بکە دووچاری ئەمانە دەبێت بە ھۆی کاری خراپیانەوە.
(170) نزا و پاڕانەوەکەیمان گیرا کرد، وە خۆی و کەسوکارەکەیمان ھەموو ڕزگار کرد.
(171) جگە لە ژنەکەی نەبێت کە بێباوەڕ بوو، ئەو لەوانە بوو کە بەسزاکەی اللە تەعالا تیاچوو.
(172) دوای ئەوەی لوط و کەسوکارەکەی لە گوندی (سەدوم) چوونە دەرەوە، گەلەکەیمان بەخراپترین شێوە لەناو برد.
(173) بەردمان لە ئاسمانەوە وەک باران بەسەریاندا باراند، بێگومان ئەوە خراپترین بارانی ئەو کەسانەیە کە لوط لەسزای اللە تەعالا ترساندنی و ئاگاداری کردنەوە، چونکە ئەوان بەردەوام بوون لەسەر ئەو کارە قێزەون و خراپەی لەسەری بوون.
(174) بێگومان لەوەی باسکرا لەو سزایەی دابەزییە سەر گەلی لوط بە ھۆی کاری نێربازی و داوێن پیسیانەوە پەند و ئامۆژگاری ھەیە بۆ کەسانێک پەند و ئامۆژگاری وەربگرن، بەڵام زۆربەیان باوەڕیان نەھێنا.
(175) - ئەی پێغەمبەر- بەڕاستی پەروەردگارت زاڵ و بەدەسەڵاتە تۆڵە دەسێنێت لە دوژمنەکانی، وە بە بەزەیی و میھرەبانە بەرامبەر ئەوانەی تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای.
(176) خاوەنی ئەو گوندەی باخ و باخات و دار و درەختی چڕوپڕ و لێک ئاڵاویان ھەبوو ھەموویان پێغەمبەرەکانیان بەدرۆ دانا و باوەڕیان پێنەکرد، کاتێک باوەڕیان نەکرد بە شوعەیبی پێغەمبەریان (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت).
(177) کاتێک شوعەیبى پێغەمبەريان پێی وتن: ئایا لە اللە ناترسن، بەوەی لەترسی ئەو وازبھێنن لە پەرستنی ھەر شتێکی تر جگە لەو؟!
(178) بە دڵنیاییەوە من پێغەمبەرم اللە تەعالا ڕەوانەی کردووم بۆ لای ئێوە، وە ئەمین و دەست پاکم، ئەوەی اللە فەرمانی پێکردوم بیگەیەنم پێتان ھیچی لێ زیاد و کەم ناکەم.
(179) کەوابوو پارێزکار بن و لە اللە بترسن، بەوەی فەرمانەکانی جێ بەجێ بکەن و دووریش بکەونەوە لە رێگریەکانی، وە گوێڕایەڵی منیش بکەن لەوەی فەرمانتان پێدەکەم، وە لەوەیش ڕێگریتان لێدەکەم.
(180) وە لە بەرامبەر گەیاندنی پەیامی پەروەردگارم داوای ھیچ پاداشتێکتان لێناکەم، وە پاداشتی من تەنھا لای اللە یە، پەروەردگاری ھەموو مەخلوقات و بەدیھێنراوەکان، نەک ھیچ کەسێکی تر.
(181) کاتێک شتێک دەفرۆشن بە خەڵکی ڕێک و ڕاست پێوانەیان بۆ بکەن، لەوانە مەبن کاتێک شتێک دەفرۆشن بەخەڵکی کەمیان بۆ دەپێون.
(182) ئەگەر ھاتوو شتتان بۆ خەڵکی کێشا بە تەرازووی ڕاست و ڕێک بۆیان بکێشن مافی خۆیان بەتەواوی پێ بدەن.
(183) کەم و کوڕی مەکەن لە پێدانی مافی خەڵکیدا، بە گوناھ و تاوان کردن خراپە و گێرەشێوێنی لەسەر زەویدا بڵاو مەکەنەوە.
(184) بترسن لەو زاتەی بەدیھێناون، وە ھەموو ئوممەت و گەلانی تری پێشویشی بەدیھێناوە، بترسن لێی کە سزا و تۆڵەی خۆیتان بەسەردا دابەزێنێت.
(185) گەلەکەی شوعەیب بە شوعەیبیان وت: بە دڵنیاییەوە تۆ جادووی زۆرت لێکراوە، ھەتا وای لێھاتووە جادووەکە زاڵ بووە بەسەر عەقڵ و ژیریتدا.
(186) تۆیش وەک ئێمە تەنھا مرۆڤێکیت و ھیچ شتێکت لە ئێمە زیاد نییە ئیتر چۆن دەکرێت پێغەمبەر بیت؟ وە گومانی ھیچت پێ نابەین ئەوە نەبێت کە درۆزنێکی تەواوی لەوەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەکەیت.
(187) دەی ئەگەر ڕاست دەکەیت پێغەمبەریت چەند پارچەیەک لە ئاسمانمان بەسەردا بخەرە خوارەوە.
(188) شوعەیب پێی وتن: پەروەردگارم باش ئاگادارە چی کارێک ئەنجام دەدەن لە شیرک و ھاوەڵدانان و گوناھ و تاوان، ھیچ شتێکی لەکار و کردەوەتان لا شاراوە و نھێنی نییە.
(189) ھیچ گوێیان بە ئامۆژگاریەکانی شوعەیب نەدا و بەردەوام بوون لەسەر بێباوەڕی و بەدرۆ دانانی پێغەمبەرەکەیان، بەو ھۆیەوە سزایەکی گەورە دووچاریان بوو، ئەوە بوو لە دوای ڕۆژێکی زۆر گەرم اللە تەعالا ھەورێکی بۆ ناردن سێبەری بۆ کردن، ئەوانیش لەبەر گەرماکە چوونە ژێر سێبەری ھەورەکەوە، دوای ئەوە اللە تەعالا لەو ھەورەوە ئاگری بۆ ناردن و ھەموویانی سوتاند، بەڕاستی ڕۆژی تیاچوونیان ڕۆژێکی زۆر گەورە و ناڕەحەت بوو.
(190) بێگومان لەوەی باسکرا لەو سزایەی دابەزییە سەر گەلی شوعەیب بە ھۆی گوناھ و تاوانی ھاوەڵ بڕیاردان و ترازوبازییەوە، پەند و ئامۆژگاری ھەیە بۆ کەسانێک پەند و ئامۆژگاری وەربگرن، بەڵام زۆربەیان باوەڕیان نەھێنا.
(191) - ئەی پێغەمبەر - بەڕاستی پەروەردگارت زاڵ و بەدەسەڵاتە تۆڵە دەسێنێت لە دوژمنەکانی، وە بە بەزەیی و میھرەبانە بەرامبەر ئەوانەی تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای.
(192) وە ئەم قورئانەی دابەزیووە بۆ سەر موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) لە لایەن پەروەردگاری ھەموو مەخلوقات و بەدیھێنراوەکانەوە دابەزیووە.
(193) جوبرەئیلی دەست پاک و ئەمین (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) ھێنایە خوارەوە.
(194) ھێنایە خوارەوە بۆ سەر دڵی تۆ - ئەی پێغەمبەر- ، بۆ ئەوەی لەو پێغەمبەرانە بیت کە خەڵکی دەترسێنیت بە ئاگری دۆزەخ و سزای اللە تەعالا.
(195) بە زمانێکی عەرەبی ڕوون و پاراو بۆ سەر تۆی دابەزاندووە.
(196) وە بێگومان ئەم قورئانەی باسکرا لە پەڕاو و کتێبە پێشووەکاندا ھەیە، لەو کتێبە ئاسمانیانەی بۆ پێغەمبەرانی پێشووتر دابەزیووە.
(197) ئایا ئەوانەی باوەڕیان پێنەکردیت و بەدرۆیان دانایت نیشانە و بەڵگەیەکی ڕوونیان لا نییە لەسەر ڕاستی و ھەقیقەتی تۆ، کە زانایانی بەنو ئیسرائیلی وەک عەبدوڵای کوڕی سەلام دەیزانن و ئاگادارن لە تەورات و ئینجیلدا باسی پێغەمبەرایەتی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) و دابەزینی قورئان کراوە.
(198) ئەگەر بھاتایە ئێمە ئەم قورئانەمان بناردایەتە خوارەوە بۆ سەر ھەندێک عەجەم (گەلانی غەیری عەرەب) کە بەزمانی عەرەبی قسە ناکەن.
(199) ئەمجا ئەو عەجەمە ئەو قورئانەی بخوێندایەتەوە بەسەر بێباوەڕانی مەککەدا، باوەڕیان پێ نەدەھێنا، چونکە ئەو کاتە ئەیانووت: ئێمە لێی تێناگەین، بۆیە سوپاسی اللە بکەن کە قورئانی بە زمانی خۆیان دابەزاند.
(200) ئا بەو شێوەیە بە درۆزانین و بێباوەڕی و کوفرمان خستە دڵی تاوانبارانەوە.
(201) ئەوان ھەر لەسەر کوفر و بێباوەڕی خۆیان دەمێننەوە ھیچ ناگۆڕێن، وە باوەڕیش ناھێنن تاوەکو سزای سەخت بە ئازار بەچاوی خۆیان نەبینن.
(202) ئەو سزایە لەپر بۆیان دێت، ئەوان نازانن چی کاتێک دێت بۆیان تاوەکو لەپر یەخەیان دەگرێت.
(203) ئەو کاتەی لەپڕ سزاکەیان بۆ دادەبەزێت لەداخ و خەم و حەسرەتدا دەڵێن: ئایا مۆڵەتمان پێدەدرێت تاوەکو باوەڕ بھێنین و تەوبە بکەین و بگەڕێینەوە بۆ لای اللە تەعالا.
(204) اللە دەفەرموێت: دەی ئایا ئەو بێباوەڕانە پەلەی سزای ئێمەیانە، کاتێک دەڵێن: باوەڕت پێ ناھێنین ھەتاوەکو ئاسمان بە پارچە پارچەیی بەسەرماندا دەڕوخێنیت وەک بانگەشەت بۆ دەکرد.
(205) - ئەی پێغەمبەر - تۆ پێم بڵێ ئەو بێباوەڕانەی پشت ھەڵدەکەن لە ئیمان ھێنان بەوەی ھێناوتە، ئەگەر چەند ساڵێکی تریش بە ناز و نیعمەت و بەخشینی خۆمان بیانژێنین، وە تەمەنیان درێژ بکەین، ئایا پێت وایە باوەڕ بھێنن؟
(206) پاش ئەو ساڵانەی کە لە ناز و نیعمەتی اللە دا ژیان، ئەو ھەڕەشە و سزایەی بەڵێنیان پێدرابوو دابەزییە سەریان.
(207) ئەو ھەموو ناز و نیعمەتەی تێدا بوون لە دونیا سوودی چی پێگەیاندن؟! ئەوەتانێ ھەموو ئەو نیعمەت و بەخششانە کۆتایی ھاتن و ھیچ شتێکت بەدی نەکرا.
(208) ھیچ گەل و نەتەوەیەکمان لەناو نەبردووە، دوای ئەوە نەبێت ھیچ بڕوبیانویان بۆ نەمایەوە، ئەویش بە ناردنی پێغەمبەران و ناردنی کتێب و پەرتوکەكان.
(209) بۆ ئەوەی بیربکەنەوە لێی، وە ئێمە ستەمکار نەبووین لە سزادانیان دوای نەمانی بیانوویان بە ناردنی پێغەمبەر و دابەزاندنی کتێب بۆیان.
(210) ئەم قورئانە شەیتانەکان نەیانھێناوەتە خوارەوە بۆ سەر دڵی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم).
(211) ئەو شەیتانانە شیاوی ئەو کارە نین قورئان دابەزێننە سەر دڵی ئەو، وە ھەرگیز نایشتوانن.
(212) ناتوانن ئەو کارە بکەن چونکە ئەوان بەرکەنار خراون لەشوێن و جێگای قورئان لە ئاسمان، ئیتر چۆن دەتوانن بگەن پێی و دایبەزێنن بۆ پێغەمبەر؟!
(213) لەگەڵ اللە ھیچ پەرستراوێکی تر مەپەرستە و مەیکە بە ھاوەڵ و شەریکی، ئەگینا لەسزادراوان دەبیت.
(214) - ئەی پێغەمبەر- کەسانی نزیک و نزیکتر لە عەشیرەت و ھۆزەکەت بترسینە تاوەکو دووچاری سزای اللە تەعالا نەبن ئەگەر ھاتوو لەسەر شیرک و بتپەرستی بمێننەوە.
(215) گوفتار و کردارت نەرم و نیان بێت لەگەڵ ئەو باوەڕدارانەی شوێنت کەوتوون و پەیڕەویت لێدەکەن، وە بەڕەحم و بەزەیی و نەرم و نیانبە لە گەڵیاندا.
(216) ئەگەر ھاتوو سەرپێچیان کردیت، وە نەھاتن بەدەم بانگەوازەکەتەوە بۆ یەکخواپەرستی و تەوحید و گوێڕایەڵی کردنت، ئەوا پێیان بڵێ: من بەریم لە شیرک و ھاوەڵ بڕیاردان و گوناھ و تاوانتان.
(217) لەھەموو کار و بارێکتدا پشت بەو کەسە ببسەتە کە زاڵ و بەدەسەڵاتە و تۆڵە دەسێنێت لە دوژمنەکانی، وە زۆریش بە بەزەیی و میھرەبانە لەگەڵ بەندە تەوبەکارەکانیدا.
(218) ئەو زاتەی کاتیک ھەڵدەسیت بۆ نوێژ کردن دەتبینێت.
(219) وە ھەڵسوکەوتت لەناو ڕیزی نوێژخوێناندا دەبینێت، ئەوەی دەیکەیت لای ئەو نھێنی شاراوە نییە، وە ئەوەیشی کەسانی تر پێی ھەڵدەسن.
(220) بەدڵنیاییەوە ئەو زاتە قورئان خوێندن و زیکری ناو نوێژەکانت دەبیسێت، وە زۆریش ئاگاداری نیەتی ناو دڵتە.
(221) ئایا پێتان بڵێم شەیتانەکان دادەبەزنە سەر کێ؟ چونکە ئێوە واتان دەزانی ئەوان قورئان دەھێننە خوارەوە ؟
(222) شەیتانەکان دادەبەزنە سەر ھەموو کەسێکی زۆر درۆزنی زۆر تاوانبار لە کاھین و فاڵچییەکان.
(223) شەیتانەکان گوێ ھەڵدەخەن لە فریشتە بەرزەکان، دوای دێن دەیدەن بە گوێی خۆشەویست و پشتیوانەکانیان لە فاڵچی و کاھینە زۆر درۆزنەکان، ئەگەر یەکجار ڕاست بکەن سەد جاریش درۆ دەکەن.
(224) ئێوە واتان دەزانی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) شاعیرە و لەوانە (وا نییە موحەممەد شاعیر نییە)، بەڵکو شاعیرەکان ئەوانەن گومڕاکانی ڕێگای ھیدایەت و ڕاستی شوێنیان دەکەون، ئەوەی لە شیعر دەیڵێن ئەوە دەگێڕنەوە و دەما و دەمی پێدەکەن.
(225) - ئەی پێغەمبەر - ئایا نازانیت یەکێک لە نیشانەی سەرگەردانیان ئەوەیە وێڵی ھەموو شیو و دۆڵێک بوون، ھەندێک جار لە مەدح و سەنادا ڕۆدەچن، وە ھەندێک جاریش لە زەم و خراپ باسکردندا، وە ھەندێک جاریش ڕۆدەچن لە بابەتی تری غەیری مەدح و زەمدا.
(226) بەدڵنیاییەوە ئەو شاعیرانە درۆ دەکەن، دەڵێن: فڵان کارمان کردووە، کەچی دەبینیت درۆ دەکەن و نەیانکردووە.
(227) جگە لە ئەو شاعیرانە نەبێت باوەڕیان ھێناوە و کار و کردەوە چاکەکانیان ئەنجامداوە، وە زۆریش یادی اللە تەعالا دەکەن، وە بەو توانای ھەیانە پشتگیری لە باوەڕداران دەکەن دژ بە دوژمنانی اللە تەعالا دوای ئەوەی ستەمیان لێکردن، وەک حەسانی کوڕی ثابت ( اللەی لێ ڕازی بێت)، وە لەمەودوا ئەوانەی ستەمیان کردووە بە ھاوەڵ بڕیاردان بۆ اللە تەعالا و دەست درێژی کردنە سەر بەندەکانی، باش دەزانن کە چۆن گەڕانەوەیەک دەگەڕێنەوە بۆ لای اللە دوای مردن، بێگومان دەگەڕێنەوە بۆ وێستگەیەکی زۆر گەورە و لێپرسینەوەیەکی زۆر وردیش.