(1) ﴿الٓر﴾ پێشتر قسە و باس و خواس لە بارەی ئەم ئایەتە و هاوشێوەكانیەوە كران لە سەرەتای سورەتی (البقرة) وە، ئەم ئایەتانە لەم سورەتەدا كە بۆ تۆ دابەزیون كۆمەڵە ئایەتێكی قورئانی ڕوون و ئاشكراو بەیان كراوە.
(2) بێگومان ئێمە ئەم قورئانەمان بە زمانی عەرەبی دابەزاندووە تاوەكو - ئەی عەرەب - ئێوە تێبگەن و بیر بكەنەوە لەمانا و مەبەستەكانی.
(3) - ئەی پێغەمبەر - ئێمە چاكترین چیرۆكت بۆ دەگێڕینەوە، چاكترینە لەبەر ڕاستگۆیی و سەلامەت بوونی دەستەواژەكانی و ڕوانبێژییەكەی، ئەوەیش بەوەی لەم قورئانەدا بۆمان دابەزاندوویت، هەرچەندە تۆ پێش ئەوەی ئەم قورئانەت بۆ دابەزێنن بێ ئاگا و ناشارەزا بوویت لە ڕووداو و بەسەر هاتی چیرۆكی گەلان و پێغەمبەرانی پێش خۆت.
(4) - ئەی پێغەمبەر - ئێمە هەواڵ و بەسەرهاتی یوسفت پێ ڕادەگەیەنین كاتێك وتی بە یەعقوبی باوكی: ئەی باوكە گیان، من لە خەونمدا یازدە ئەستێرە و مانگ و ڕۆژم بینی كە هەر هەموویان سوژدەیان بۆ دەبردم، ئەم خەونە موژدەیەكی خێرا بوو بۆ یوسف (سەلامی خوای لێ بێت).
(5) یەعقوب بە یوسفی كوڕی وت: ئەی كوڕی شیرینم، خەوەكەت بۆ هیچ كام لە براكانت مەگێڕەوە، ئەگەر بزانن حەسودیت پێ دەبەن، ئەو كاتە لەحەسودیدا پیلانت بۆ دادەڕێژن تاوەكو لەناوتبەرن، بەڕاستی شەیتان دوژمنێكی ئاشكراو ڕوونی مرۆڤە.
(6) - ئەی یوسف - هەروەك چۆن ئەو خەوەت بینیوە، ئاواش پەروەردگارت هەڵیبژاردویت بۆ پێغەمبەرێتی، وە مانا و لێكدانەوەی خەونەكانیشت فێر دەكات، وە نازو نیعمەت و بەخششی خۆی بە پێغەمبەرێتی بۆ تەواو دەكات، هەروەك چۆن ناز و نیعمەت و بەخششی خۆی لەپێش تۆ تەواو كرد بۆ باوباپیرانت بۆ (ئیبراهیم) و (ئیسحاق)، بێگومان پەروەردگارت زانا و شارەزایە بەتەواوی دروستكراوەكانی، وە دانا و كاربەجێیە لە كاروبارەكانیدا.
(7) بەڕاستی لە چیرۆك و بەسەرهاتی یوسف و براكانیدا پەند و ئامۆژگاری هەیە بۆ ئەو كەسانەی لەو ڕووداو و چیرۆكە دەپرسن.
(8) ئەو كاتەی براكانی یوسف لە نێو خۆیاندا وتیان: سوێند بێت یوسف و برا دایك و باوكییەكەی لای باوكمان لە ئێمە خۆشەویسترن، لە كاتێكدا ئێمە زۆرتر و بەهێزترین، ئیتر چۆن دەبێت باوكمان فەزڵی ئەوان بدات بەسەر ئێمەدا؟بەڕاستی لەمەدا باوكمان كەوتوەتە هەڵەیەكی ڕوون و ئاشكراوە كە فەزڵی ئەوان بەبێ هیچ هۆیەك دەدات بەسەر ئێمەدا.
(9) براكانی وتیان: یوسف بكوژن یان دووری بخەنەوە بۆ زەویەكی دوور، تاوەكو لە چاوی باوكمان دوور بێت، ئەو كاتە تەنها ڕوو بە ئێوە دەدات و هەرچی خۆشەویستی هەیە بۆ ئێوە دەبێت، وە لەدوای كوشتنی ئەو ئەبنە كەسانێكی خواناس و چاك، كاتێك تەوبە دەكەن لە گوناهـ و تاوانەكانتان.
(10) یەكێك لە براكان وتی: یوسف مەكوژن، بەڵكو فڕێیدەنە بنی بیرێكەوە، ئەو كاتە هەندێك لەو ڕێبوارانەی كە بەوێدا ڕادەبوێرن هەڵیدەگرنەوە و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن، ئەمە ئاسانترە لە كوشتنی، ئەگەر ئێوە دەتانەوێت هەر ئەم كارە بكەن.
(11) جا كاتێك ڕێكەوتن لەسەر دوورخستنەوەی یوسف، بە یەعقوبی باوكیان وت: ئەی باوكە گیان، باشە بۆچی تۆ متمانەمان پێ ناكەیت سەبارەت بە یوسف؟ بێگومان ئێمە زۆر دڵسۆز و خەمخۆری یوسفین و خۆشمان دەوێت، لە هەموو زیان و خراپەیەك دەیپارێزین، هەتا ئەو كاتەی بە ساغ و سەلامەتی دەیگێڕینەوە بۆ لات، ئیتر چی شتێك وات لێ دەكات یوسف لەگەڵ ئێمەدا نەنێریت؟
(12) ڕێگامان بدە سبەینێ لەگەڵ خۆماندا بیبەین بۆ دەشت و دەر، با بۆ خۆی چی پێخۆشە بیخوات و یاری و گەمە بكات، دڵنیابە ئەیپارێزین لە هەموو خراپە و زیانێك كە تووشی ببێت.
(13) یەعقوب (سەلامی خوای لێ بێت) بە كوڕەكانی وت: زۆر خەم دەخۆم لەگەڵ خۆتاندا بیبەن و توانای فیراق و دووری ئەوم نییە، لەوە دەترسم ئێوە ئاگاتان لێی نەمێنێت و سەرگەرمی گاڵتە و گەمە و یاری كردن بن و گورگ بیخوات.
(14) كوڕەكان بە یەعقوبیان وت: چۆن گورك ئەیخوات، لەكاتێكدا ئێمە كۆمەڵە كەسێكی بەهێز و بەتوانایين، ئەگەر ئەمە ڕوو بدات و نەتوانین و نەهێڵێن گورك بیخوات، ئەوا بێگومان ئێمە خەسارۆمەند و زیانبار و بێ دەسەڵاتین، واتە: هەرگیز شتی وا ڕوونادات و ناهێڵێن شتی واببێت.
(15) یەعقوب یوسفی لەگەڵ ناردن، جاكاتێك لەگەڵ خۆیان بردیان و دوور بوونەوە، ئیتر یەكلایی بوونەوە كە فڕێی بدەنە بنی بیرێكەوە، خوای گەورە دەفەرموێت: لەم كاتەدا نیگامان كرد بۆ یوسف: ڕۆژێك دێت كە تۆ ئەم هەواڵ و چیرۆكە بە براكانت بڵێیتەوە، لەو كاتەدا ئەوان هەست ناكەن تۆ برای ئەوانیت و ڕزگارت بووە.
(16) دوای ئەوەی یوسفیان خستە بنی بیرەكەوە، درەنگانێكی شەو، لەكاتی عیشا بە كوڵی گریانەوە هاتنەوە بۆ لای باوكیان، بۆ ئەوەی بەو فڕوفێڵە باوكیان بڕوایان پێ بكات و بیخەڵەتێنن.
(17) وتیان: ئەی باوكە گیان، ئێمە ڕۆشتین پێشبڕكێ و ڕم و تیر بازێن بكەین، وە یوسفمان لای كەلوپەل و خواردنەكانمان جێهێشت تاوەكو ئاگاداریان بێت و بیانپارێزت، كەچی كە هاتینەوە بینیمان گورگ خواردویەتی، خۆ ئێمە دەزانین كە تۆ باوەڕمان پێ ناكەیت، هەرچەند ڕاستیش بكەین، چونكە تۆ بە گومانیت لێمان.
(18) بە فڕوفێڵێك ویستیان ئەو هەواڵە درۆیە بۆ باوكیان دڵنیا بكەنەوە، هاتن كراسەكەی یوسفیان بە خوێنێكی درۆینەوە خوێناوی كرد، واتا بەخوێنی شتێكی تر، بۆ ئەوەی باوكیان متمانەیان پێ بكات و وابزانێت لە ئەنجامی خواردنی گورگەكە خوێناوی بووە، بەڵام یەعقوب زیرەكتر و چاوكراوە تر بوو، ئەویش بەوەی كە ئەو كراسەی خوێناویان كرد بوو هیچ نەدڕابوو، پێی وتن: ئەوەی دەیڵێن هیچی وانییە و باوەڕتان پێ ناكەم، بەڵكو ئەوە هەواو و ئارەزووی خۆتانە ئەم كارە ناشیرینەی بۆ ڕازاندونەتەوە، چارەی من تەنها ئارامگرتنێكی جوانە كە هیچ گلەیی و گازندەی تێدا نەبێت، هەر لە خوایش داوای یارمەتی و كۆمەكی دەكەم، لەبەرامبەر ئەوەی كە دەڵێن یوسف گورگ خواردویەتی.
(19) دوای ئەوە كاروانێك بەوێدا تێپەڕین، كەسێكیان نارد ئاویان بۆ بهێنێت، ئەویش دۆڵچەی ئاوەكەی خستە نێو بیرەكەوە، یوسف خۆی هەڵواسی بە گوریسی دۆڵچەكەوە، جا كاتێك ئەو كەسە یوسفی لاوی جوانی بینی سەری سوڕما و وتی: موژدەم بدەنێ ئەمە تازە لاوێكی جوانە، ئەو كەسە و هەندێك لە هاوەڵەكانی ئەم بەسەرهات و هەواڵەیان لە خەڵكەكەی تری ناو كاروانەكە شاردەوە، بۆ ئەوەی دواتر وەك كاڵایەك بۆ خۆیان هەڵی بگرن و بیفرۆشن، وە خوای گەورەش زانا و ئاگادارە بەوەی لەگەڵ یوسفدا ئەیكەن كە دەیانەوێت یوسف وەك كاڵا و كەلوپەك دابنێن، وە هیچ شتێكیشی لا نهێنی و شاراوە نییە.
(20) ئەوە بوو ئەو كەسە و هاوەڵەكانی لە میسر یوسفیان بە پارەیەكی زۆر كەم و هەرزان، بە چەند درهەمێك فرۆشت، لەو فرۆشتنەشدا بێ بایەخ بوون بەرانبەری و گوێیان پێ نەدا كە داوای نرخێكی زۆر بكەن، جا بۆ ئەوەی زوو لە كۆڵیان بێتەوە و ڕزگاربن لە دەستی بەو پارە كەمە فرۆشتیان، چونكە ئەوان یوسفیان نەدەناسی، تەنها هێندەیان دەزانی كە یوسف لە كۆیلە ناكات، بۆیە زوو فرۆشتیان نەوەك دواتر لەگەڵ كەسوكارەكەی تووشی گرفت و كێشە ببن، ئەمەش ڕەحم و بەزەیی خوای گەورە بوو لەگەڵ یوسف كردی تاوەكو زیاتر لەوە لای ئەوان نەمێنێتەوە.
(21) ئەو كەسەی لە میسر لە بازاڕی كۆیلە فرۆشەكان یوسفی كڕی بە ژنەكەی وت: بەچاكی لەگەڵیدا هەڵسوكەوت بكە و ڕێزی بگرە و شوێن و ڕێگەی شیاوی بۆ دابنێ، بەڵكو ئەو ماوەیەی كە لەگەڵماندایە سوودێكی هەبێت بۆمان و كەڵكی لێوەربگرین، یاخود بیكەین بە مناڵی خۆمان، هەروەك چۆن یوسفمان ڕزگار كرد لە كوشتن و لە ناو بیرەكە دەرمان هێنا، وە دڵ و دەروون و سۆز و خۆشەویستی عەزیزی میسرمان بۆ لا ڕاكێشا، لە میسریش جێگیرمان كرد و دەسەڵاتمان پێدا، وە بۆ ئەوەی فێری لێكدانەوەی خەونیشی بكەین تاوەكو شارەزای چارەسەركردنی گرفتەكانیش ببێت، وە خوای گەورە بەسەر كارەكانی خۆیدا زاڵ و بەدسەڵاتە، هەر فەرمانێك بكات جێ بەجێ دەبێت، هیچ كەسێك و هیچ شتێك نییە ڕێگری لێ بكات، بەڵام زۆربەی خەڵكی بێباوەڕن و ئاگاداری ئەمە نین.
(22) جا كاتێك یوسف پێگەیشت و لاشە و جەستەی بەهێز بوو و كامڵ بوو، پلەی پێغەمبەرێتی و زانست و زانیاریمان پێ بەخشی، هەر بەو شێوەیەی كە پاداشتی یوسفمان دایەوە پاداشتی هەموو چاكەكارانیش دەدەینەوە لە عیبادەت و خواپەرستیەكانیاندا.
(23) ژنەکەی عەزیزی میسر بە نەرم و نیانی و بە فروفێڵ داوای کاری خراپە و جووت بوونی لە یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) کرد، ھەر بەو نیازەوە تەواوی دەرگاکانی کۆشکی داخست تاوەکو بە تەواوی دڵنیا بێت کە لایان چۆڵە، وە بە یوسفی وت: خێراکە وەرە بۆ لام، من بۆ تۆ خۆم ئامادە کردووە، یوسفیش لە وەڵامیدا وتی: من پەنا دەگرم بە خوا لەوەی کە تۆ منی بۆ بانگ دەکەیت، چونکە گەورەم زۆر چاک بووە لە گەڵم و ڕێزی منی زۆر گرتووە، بۆیە منیش ھەرگیز خیانەتی لێناکەم، وە ئەگەر خیانەتی لێ بکەم ئەوە من لە ستەمکارانم، وە بەڕاستی خوای گەورەش ستەمکاران سەرکەوتوو سەفراز ناکات.
(24) بێگومان ژنەکەی عەزیزی میسر زۆر حەزی لەوە بوو کاری خراپە لە گەڵ یوسف بکات، خۆ ئەگەر بەڵگە و نیشانەکانی خوای گەورەی نەدیبایە کە بوون بەڕێگر لە بەردەمیدا نزیک بوو یوسفیش دووچاری کاری خراپە ببوایە، بێگومان ئەو بەڵگە و نیشانانەمان پیشاندا تاوەکو ئەو کارە خراپەی لەسەر لابەرین و دووری بخەینەوە لە زینا و خیانەت و داوێن پیسی، بێگومان یوسف لە بەندە ھەڵبژێرراوەکانی ئێمە بوو بۆ ھەڵگرتنی پەیام و ئەرکی قورسی پێغەمبەرێتی.
(25) سەرەنجام ھەردووکیان ڕایان کرد بەرەو لای دەرگاکە: یوسف بۆ خۆ ڕزگار کردن لە داوێن پیسی، وە ژنەکەی عەزیزی میسریش بە دوای یوسفدا ڕایکرد تاوەکو نەھێڵێت بچێتە دەرەوە و پێی بگات و ئارەزووی خۆی تێر بکات، ئەوە بوو لە پشتەوە کراسەکەی یوسفی ڕاکیشا و دڕاندی، ئەوە بوو ھەردووکیان لای دەرگاکە تووشی مێردی ژنەکە بوون، خێرا ژنەکەی عەزیزی میسر بە فڕوفێڵی ژنانە دەستی خۆی پێشخست و بە مێردەکەی وت: سزای ئەو کەسەی کە نیاز و مەبەستی خراپی ھەبووە بەرامبەر بە ژنەکەت تەنھا زیندانی کردنە، یان سزایەکی بە ئازاری بدرێت.
(26) یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) وتی: ئەو بوو داوای کاری خراپ و داوێن پیسی لە من کرد، بەڵام من ئەو کارەم نەویست لێی، ئەوە بوو شاهیدێكی لە خزمانی خۆی شاھیدیدا و وتی: ئەگەر کراسەکەی یوسف لە پێشەوە دڕابێت ئەوە بەڵگە و نیشانەی ئەوەیە کە ژنەکەی عەزیزی میسر ڕاست دەکات، چونکە ئەوە دەگەیەنێت ئەو ژنە بەرگری لە خۆی کردووە، وە یوسف درۆ دەکات.
(27) خۆ ئەگەر کراسەکەشی لە دواوە دڕابێ ئەوە بەڵگە و نیشانەی ئەوەیە یوسف ڕاست دەکات، چونکە ئەوە دەگەیەنێت کە ژنەکە ویستویەتی پەلاماری یوسف بدات، وە یوسفیش ھەڵھاتووە و ڕایکردووە لێی، وە ژنەکەی عەزیزی میسر درۆ دەکات.
(28) جا کاتێک عەزیزی میسر بینی کە کراسەکەی یوسف لە پشتەوە دڕاوە و دڵنیا بوویەوە لە ڕاستگۆیی یوسف، وتی: ئەو درۆ و بوھتانەی کە ھەڵتبەستووە بۆ یوسف ھەر لە پیلان و فرت وفێڵی ئێوەی ژنانە، بەڕاستی فرت وفێڵی ئێوەی ژنان زۆر گەورەیە.
(29) وە ڕووی کردە یوسف و پێی وت: ئەی یوسف تۆیش ئەم ڕووداوە پەردە پۆش بکە و لای کەس باسی مەکە، وە تۆیش ئەی ژن داوای لێبوردن بۆ گوناھەکەت بکە، چونکە بەڕاستی بە ھۆی ئەوەی ویستووتە کە یوسف بۆ خۆت ڕام بھێنیت لە گوناھکارانیت.
(30) ھەواڵی ئەم ڕووداوە بە نێو شاردا بڵاو بوویەوە، دەستەیەک لە ژنان بە تانە و تەشەردان و لۆمە کردنی ئەو ژنە وتیان: سەیرە ژنەکەی عەزیزی میسر دڵی داوە بە کۆیلەکەی خۆی و بانگی کردووە بۆ کاری خراپە! بەشێوەیەک خۆشەویستی یوسف چووەتە ناو پەردەی دڵیەوە، بێگومان ئێمە بەھۆی ئەو کارەیەوە ئەو ژنە لە سەرگەردانییەکی ئاشکرادا دەبینین.
(31) کاتێک ژنەکەی عەزیزی میسر گوێی لە فرت وفێڵ و تانەو تەشەری ئەو ژنانە بوو کە لێیان داوە، ناردی بەشوێنیاندا و بانگی کردن تاوەکو ئەوانیش بە چاوی خۆیان جوانی یوسف ببینن ئەو کاتە بیانوویەکی پێ ڕەوا دەبینن، بۆیە بۆ ھەریەکەیان ڕایەخ و پاڵشتێکی ئامادە کرد، وە چەقۆیەکی دابەدەستی ھەریەکەیانەوە تاوەکو ئەو میوەیەی بۆیان دەھێنێت پێی لەت بکەن، جا کاتێک ئەوان سەرگەرمی میوە خواردن بوون، ژنەکەی عەزیزی میسر وتی بە یوسف (سەلامی خوای لێ بێت): ئێستا وەرە دەرەوە بۆ ناویان، ئەمجا کاتێک یوسف ھات و ئەویان بینی بە شتێکی گەورە و بێ وێنەیان دانا و لەتاو جوانی یوسف حەپەسان و ئاگایان لەخۆیان نەما و دەستی خۆیان لەت و پەت کرد و وتیان: پاکوبێگەردی بۆ خوا، ئەم لاوە جوانە مرۆڤ نییە، چونکە ئەم جوانی و قەشەنگییە لە مرۆڤدا نەبینراوە، بەڵکو ئەم لاوە فریشتەیەکی بەڕێزی جوان و ڕێکوپێکە.
(32) ژنەکەی عەزیزی میسر کاتێک ئەو ژنانەی بەو حاڵەوە بینی پێی وتن: ئەوە ئەو لاوە بوو کە ئێوە بە ھۆیەوە تانە و تەشەرەتان لێدام کە خۆشەویستی چووبویە نێو دڵمەوە، بێگومان من داوام لێکرد و فرت وفێڵم کرد بۆ ھەڵخەڵەتاندنی، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو بە داواکەم، ئەگەر بێتو ئێستاش ئەوەی من فەرمانی بەسەردا دەکەم جێ بەجێی نەکات ئەوا دەیخەمە زیندانەوە و زەلیل و ڕسوایش دەکرێت.
(33) یوسفیش (سەلامی خوای لێ بێت) لە خوای گەورە پاڕایەوە و وتی: ئەی پەروەردگارم ئەو زیندانی کردنەی کە ئەو ژنە ھەڕەشەی پێ دەکات لە من بەلامەوە خۆشترە لەو کارە خراپ و داوێن پیسییەی منی بۆ بانگ دەکەن، ئەی پەروەردگار ئەگەر بە میھرەبانی خۆت فرت وفێڵی ئەوانەم لێ لانەدەیت ئەوا لەوانەیە دڵم مەیل و ئارەزوویان بکات، ئەو کاتە منیش دەچمە ڕیزی نەفامەکانەوە، ئەگەر مەیلیان بکەم و بچم بەدەم داواکەیانەوە.
(34) خوای گەورە نزاکەی یوسفی گیرا کرد، وە فرت وفێڵ و پیلانی ژنەکەی عەزیزی میسر و ژنەکانی تری شاری پوچەڵ کردەوە و یوسفی پاراست لێی، بێگومان خوای گەورە بیسەری نزاکەی یوسف و نزای ھەموو نزاکەرێکیشە، وە ئاگادار و زانایە بە حاڵی ئەو و تەواوی کەسانی تریش.
(35) پاشان دوای بینینی ئەو ھەموو بەڵگە و نیشانانە لەسەر بێتاوانی و بەرائەتی یوسف، ڕای عەزیزی میسر و گەلەکەشی ھاتە سەر ئەوەی کە یوسف بۆ ماوەیەکی نادیار زیندانی بکەن - تاوەکو ئەو فەزیحەت و سوک و ڕیسوایەی نێو خێزانەکەی لەوە زیاتر ئاشکرا نەبێت- .
(36) ئەوە بوو یوسفیان خستە نێو زیندانەوە، لەگەڵ ئەویشدا دوو لاوی تریش چوونە زیندانەوە، یەکێک لەو لاوانە بە یوسفی وت: لە خەونمدا بینیم ترێ دەگوشم بۆ مەی دروستکردن، دووەمیشیان وتی: منیش لە خەونمدا بینیم نان بەسەرسەرمەوەیە و باڵندە لێی دەخۆن، - ئەی یوسف - ئەم خەونانەمان بۆ لێک بدەرەوە و پێمان بڵێ مانایان چییە؟ بێگومان ئێمە وای دەبینین کە تۆ کەسێکی ڕەوشت بەرز و چاکەخوازیت.
(37) یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) پێی وتن: ھەر خواردنێکتان بۆ بێت لای پاشا و کەسانی ترەوە پێش ئەوەی بگاتە لاتان پێتان دەڵێم چیە و چۆنە، ئەم لێکدانەوەیش کە فێری بووم پەروەردگارم فێری کردوم، فاڵچیەتی و ئەستێرە گرتنەوە نییە، بێگومان من وازم ھێناوە لە ئاینی ئەو گەل و ھۆزەی کە باوەڕیان نییە بە خوای گەورە و ڕۆژی دوایی.
(38) من شوێن ئاینی باوباپیرانم كەوتووم: ئیبراھیم و ئیسحاق و یەعقوب، کە ئاینی یەکخواپەرستیە، بۆ ئێمە نییە کە ھیچ شتێک بکەینە ھاوەڵ و ھاوبەشی خوای گەورە، تاک و تەنھا و بێ شەریکە، ئەو یەکخواپەرستی و باوەڕەی من و باوباپیرانمی لەسەرە بەھرە و فەزڵی خوای گەورەیە بەسەرمانەوە ئەگەر سەرکەوتوو بین تێیدا، وە فەزڵی خوای گەورەیشە بەسەر تەواوی خەڵکیەوە کاتێک پێغەمبەرانی نارد بۆ لایان کە بانگیان بکەن بۆ یەکخواپەرستی، بەڵام زۆربەی زۆری خەڵکی سوپاس و شوکری ناز و نیعمەتەکانی خوا ناکەن، بەڵکو ناشکوری دەکەن.
(39) پاشان یوسف کەوتە و توێژ لەگەڵ ئەو دوو لاوەی کە لە گەڵی بوون لە زیندان، وە پێی وتن: ئەی ھاوڕێیانی زیندانم ئایا چەند خوایەکی جیاجیا بپەرسترێن باشترە یان پەرستنی خوایەکی تاک و تەنھا کە ھیچ ھاوبەشێکی نییە، وە زاڵ و بەدەسەڵاتە، وە ھیچ شتێک بەسەر ئەودا زاڵ نابێت؟
(40) ئەو خوایانەی ئێوە جگە لە اللە دەیانپەرستن تەنھا چەند ناوێکی بێ ناوەڕۆکن ئێوە و باوباپیرانتان ناوتان لێ ناون خوا، وە ھیچ سیفاتێکی خوایەتیان تێدا نییە، وە خوای گەورە بەڵگە و نیشانەی لەسەر ڕاستی و دروستی ئەو پەرستراوانە نەناردوەتە خوارەوە، ھەرچی حوکم و بڕیار ھەیە تەنھا ھی خوایە، نەک ھی ئەوانەی کە ئێوە و باوباپیرانتان ناوتان لێناون خوا، خوای گەورە فەرمانی کردووە کە بەتاک و تەنھایی ھەر ئەو بپەرسترێت، وە ھیچ شتێک لەگەڵی نەکرێتە ھاوەڵ و ھاوبەش، ھەر ئەو یەکخواپەرستیە ئاینی ڕاست و دروستە و ھیچ لار و خێچی تێدا نییە، بەڵام زۆربەی زۆری خەڵکی ئەوە نازانن، بۆیە ھاوبەش بۆ خوا دادەنێن، وە ھەندێک لە دروستکراوەکان دەپەرستن.
(41) ئەی ھەردوو ھاوڕێی زیندانیم، ئەوەتان کە لە خەونیدا ترێی دەکردە مەی، ئەوە لە زیندان دەچێتە دەرەوە و ئازاد دەبێت و دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی خۆی و دەبێتە مەی گێڕی پاشا، وە ئەوەشتان کە لە خەونیدا بینی کە نانی لەسەر سەری ھەڵگرتووە و باڵندە لێی دەخوات ئەوا لەسێدارە دەدرێت و ھەڵدەواسرێت، وە باڵندەیش لە گۆشتی سەری دەخۆن، ئەوەش وەڵامی ئەوە بوو پرسیارتان لەبارەیەوە کرد، لای خوای گەورە بریاری لەسەر دراوە و بڕاوەتەوە و دێتە دی.
(42) پاشان یوسف بەو کەسەیانی وت کەزانی ڕزگاری دەبێت –مەبەست پێی مەی گێڕەکەی پاشایە- پێی وت: چیرۆک و بەسەرھاتی من بۆ پاشاکەت بگێڕەوە و پیی بڵێ من بێ گوناھ و تاوانم لەو بوھتانەی بۆم کراوە، بەڵکو لە زیندان ئازادم بکات، بەڵام ئەوە بوو شەیتان لە بیری بردەوە و بیری چوو لای پاشا باسی یوسف بکات، یوسفیش چەند ساڵێکی تر لە زیندان مایەوە.
(43) دوای ئەو چەند ساڵە پاشا خەونێکی بینی، خەونەکەی گێڕایەوە بۆ دەست و پێوەندەکەی و وتی: من لە خەونمدا حەوت مانگای قەڵەوم بینی کە حەوت مانگای لەڕ و لاواز دەیانخواردن، وە حەوت گوڵە گەنمی سەوز و حەوت گوڵە گەنمی وشکم بینی، ئەی گەورە پیاوان و پیاوماقوڵان مانا و مەبەستی ئەم خەونەم بۆ لێک بدەنەوە ئەگەر ئێوە شارەزای لێکدانەوەی خەونن.
(44) لە وەڵامی پاشادا وتیان: ئەوە چەند خەونێکی تێکەڵ و پێکەڵە و ھیچ لێکدانەوەیەکی نییە، ئێمە نازانین خەونی تێکەڵ و پێکەڵ لێک بدەینەوە.
(45) ئەو مەی گێڕەی لە زیندان ڕزگاری بوو بوو، پاش ماوەیەک یوسفی بیرکەوتەوە کە زانا و شارەزایە بە لێکدانەوەی خەونەکان، وتی: من مانا و مەبەستی ئەو خەونەتان پێدەڵێم کە پاشا بینیویەتی و ھەواڵتان پێدەدەم، ئەی پاشا بمنێرن بۆ لای یوسف تاوەکو خەونەکەتان بۆ لێک بداتەوە.
(46) جا کاتێک مەی گێڕە ڕزگار بووەکە لە زیندان گەیشتە لای یوسف پێی وت: ئەی یوسف، ئەی پیاوی ڕاستگۆ، ئەو خەونەمان بۆ لێکبدەرەوە کە حەوت مانگای قەڵەو حەوت مانگای لەڕ و لاواز دەیانخۆن، وە حەوت گوڵە گەنمی سەوز و تەڕ لەگەڵ حەوت گوڵە گەنمی وشکەڵاتوو، بەڵکو بگەڕێمەوە لای پاشا و ئەو خەڵکەی لە دەوروبەریەتی تاوەکو مانا و مەبەستی خەونەکەیان بۆ ڕوون بێتەوە، وە بۆ ئەوەیش فەزڵ و گەورەیی تۆیان بۆ دەربکەوێت.
(47) یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) ئەم خەونەی بەم شێوەیە لێکدایەوە: حەوت ساڵی یەک لە دوای یەک بەڕێک و پێکی گەنم دەڕوێنن، ئەو گەنمەی ھەموو ساڵێک لەو حەوت ساڵە دەیدورنەوە بەگوڵەکەیەوە ھەڵیبگرن تاوەکو نەڕزێت و سوس و مێروو نەیخوات، تەنھا کەمێکی نەبێت کە بۆ خواردنی خۆتان پێویستانە.
(48) ئەمجا لە پاش ئەو حەوت ساڵە خۆشی و پڕ لە دانەوێڵەیە حەوت ساڵی قات و قڕی و وشکە ساڵی دێت، ئەوەی لەو حەوت ساڵەی پێشوو ھەڵتان گرتبوو لەم حەوت ساڵەی دواییدا دەیخۆن، تەنھا کەمێکی نەبێت ھەڵیدەگرن بۆ بنە تۆوی ساڵانی دواتر.
(49) لە پاش ئەو حەوت ساڵە لە قات و قڕی و وشکە ساڵی، ساڵێکی خۆشی دێت بارانێکی زۆر دەبارێت بۆ خەڵکی، ھەر لەو ساڵەدا میوەجات زۆر دەبێت و خەڵکی ئەو میوانە دەگوشن و سرکەی لێ دروست دەکەن وەک سرکەی ترێ و زەیتی زەیتون و قامیشی شەکر.
(50) پاشایش دوای ئەوەی لێکدانەوەی خەونەکەیان بۆ گێڕایەوە، خێرا بەدەست و پێوەندەکەی وت: ئادەی یوسف لە زیندان دەربکەن و بیھێنن بۆ لام، جا کاتێک نێرراوەکەی پاشا ھاتە لای یوسف بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆی بیبات بۆ لای پاشا، یوسف پێی وت: بگەڕێرەوە بۆ لای پاشا و گەورەت و پرسیاری چیرۆک و بەسەرھاتی ئەو ژنانەی لێ بکە کە دەستی خۆیان بریندار کرد، تاوەکو بێتاوانی بسەلمێت پێش ئەوەی لە زیندان بچێتە دەرەوە، بێگومان پەروەردگارم بەفرت و فێڵی ئەوانە زانا و ئاگادارە، وە ھیچ شتێکی لا شاراوە نییە.
(51) پاشاکە کاتێک قسەی لەگەڵ ئافرەتەکان کرد و وتی: حاڵی ئێوە چۆن بوو کاتێک یوسفتان فریودا بۆ ئەوەى داوێن پیسی لەگەڵ ئێوە بکات، ئافرەتەکان لە وەڵامی پاشاکە وتیان: پەنا بە خوا لەوەى یوسف تۆمەتبار بێت والله ئێمە هیچ خراپەیەکمان لێ نەبینیوە، لەو کاتەدا ژنەکەى عەزیزی میسر بە دانپێدانان لەسەر ئەوەى کردی وتی: ئێستا هەق و ڕاستی دەرکەوت من هەوڵمدا لە خشتەری بەرم و ئەو لە ڕاستگۆیانە سەبارەت بەوەى باسیکرد لە بێ تاوان بوونی لەوەى من تۆمەتم بۆ هەڵواسیبوو.
(52) ژنەکەی عەزیز وتی: ئەم داننانەم بەتاوانەکەمدا بۆ ئەوە بوو تاوەکو یوسف بزانێت کە ئەوە من بووم ویستم ئەو لەخشتە بەرم و تووشی تاوانی بکەم، وە ئەویش ڕاستگۆیە، وە بێگومان لەو کاتەی ئەو لێرە نەبووە بوھتانی ترم بۆ نەکردووە، وە بەراستی لەوەیشی کە ڕوویدا ئەوەم بۆ ڕوون بوویەوە کە خوای گەورە خیانەت و فرت وفێڵێ ناپاکان سەرکەوتوو ناکات.
(53) ژنەکەی عەزیزی میسر درێژەی دا بەقسەکانی و وتی: من دەروونی خۆم پاک ناکەمەوە لە ویستی ئەنجامدانی تاوان و خراپەکردن، وە من نامەوێت تەزکیەی دەروونی خۆم بکەم، چونکە دەروونی مرۆڤ وادروست بووە ھەمیشە فەرمان بە گوناھ و تاوان بکات، چونکە مەیلی ئەوە دەکات پێی خۆشە، وە زۆر ناڕەحەتە بە لایەوە جڵەوی بگێڕرێت و ڕێگری لێ بکرێت، مەگەر کەسێک پەروەردگارم خۆی ڕەحمی پێ بکات و لە پیلان و فرت وفێڵی بیپارێزێت، بێگومان پەروەردگارم لێبوردەیە بۆ ئەو بەندانەی خۆی کە تەوبە دەکەن لە گوناھ و تاوان، وە زۆریش بەڕەحم و میھرەبانە بەرامبەریان.
(54) ئەمجا پاشاکە کاتێک بێ تاوانی یوسف و زانایی و دانایی ئەوی بۆ ڕوون بوویەوە بە دەست و پێوەندەکەی وت: بڕۆن بۆم بھێنن بۆ ئەوەی بیکەم بە ھاوڕێ و ھاودەمی تایبەتی خۆم، جا کاتێک یوسف ھات بۆ لای و قسەی لەگەڵ کرد و دواندی و ژیری و دانایی و زانایی ئەوەی بۆ ڕوون بوویەوە پێی وت: ئەی یوسف بێگومان ئیتر تۆ لەمرۆ بەدواوە خاوەنی پلە و پایە و جێی متمانەی ئێمەیت، وە ھەرچیت لەبارەوە وتراوە لە ڕێزی تۆ کەم ناکاتەوە.
(55) یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) بە پاشای وت: بمکە بە کاربەدەستی خەزێنەی ماڵ و سامان و قوتی سەر زەوی میسر، بێگومان من خەزنەدارێکی دەست پاک و چاودێرێکی زانا و بەئاگام بۆ ئەو کارەی پێم دەسپێریت.
(56) ھەروەک منەتمان کرد بەسەر یوسفدا بەوەی بێگوناھیمان سەلماند و لە زیندان ھێنامانە دەرەوە، ھەر بەوشێوەیە دوای ئەو تەنگانە و ناخۆشییە لەسەر زەوی خاکی میسر پلە و پایە و دەسەڵاتمان پێ بەخشی، لەھەر جێگایەک خۆی ویستی دادەنیشێت و جێگیر دەبێت، وە کێمان بوێت لە بەندەکانمان لە دونیادا دەیخەینە بەر بەزەیی و میھرەبانی خۆمان، وە بەھیچ شێوەیەک پاداشتی چاکەخوازانیش ون ناکەین، بەڵکو بەتێر و تەسەلی و بێ کەموکورتی پاداشتیان دەدەینەوە.
(57) ئەوەی باسکرا پاداشتی دونیا بوو، وە ئەو پاداشتەی کە خوای گەورە لە ڕۆژی دواییدا ئامادەی کردووە بۆ باوەڕداران و خواناسان، ئەوانەی فەرمانەکانی بەجێ دەھێنن و دوور دەکەونەوە لە سەرپێچییەکانی، باشتر و خاسترە لە ھەموو پاداشت و خێر وبێرێکی دونیا.
(58) دوای ئەوەی قات وقڕی و گرانی لە سەر زەوی کەنعان پەیدا بوو، براکانی یوسف بە مەبەستی بەدەستھێنان و کڕینی کەل وپەل و پێداویستی و زەخیرە ، بەرەو سەر زەوی میسر کەوتنەڕی و چوونە لای یوسف، یوسف ئەوانی ناسیەوە و زانی براکانی خۆیەتی، بەڵام ئەوان یوسفیان نەناسیەوە لەبەر ئەو ماوە زۆرەی تێپەڕی بوو، وە ڕوخسار و شکڵیشی گۆڕابوو، چونکە کاتێک خستیانە ناو بیرەکەوە مناڵێک بوو.
(59) جا کاتێک ئەوەی داوایان کردبوو لە پیتاک و خۆراک پێیدان و بۆی ئامادەکردن، دوای ئەوەی براکانی بۆیان باسکرد کە برایەکی تریان ھەیە لە باوکیانەوە و لای ئەو جێیان ھێشتووە، پێی وتن: ئەمجارە برا باوکییەکەشتان لەگەڵ خۆتان بھێنن با باری وشترێک زیاترتان بدەمێ، ئایا ئێوە نابینن من بەتێر و تەسەلی و بێ کەموکورتی پێوانە و بارتان دەدەمێ، وە چاکترین میوانداریشم کردن، یوسف ئەمەی پێ وتن تاوەکو ھانیان بدات کە بۆ جاری داھاتوو براکەی تریشیان بھێنن.
(60) ئەگەر ھاتوو ئەوتان نەھێنا ئەوا ڕوون دەبێتەوە کە ئێوە درۆ دەکەن و برای ترتان نییە، ئەو کاتە منیش ھیچتان بۆ پێوانە ناکەم و ھیچتان نادەمێ، وە نزیک بە وڵاتیشم نەکەون، ویستی بەم قسانە بیانترسێنێت ئەگەر براکەی تریان نەھێنن ئیتر نەیەنەوە میسر بۆ پیتاک و خۆراک بردن.
(61) براکانی وڵامیان دایەوە و وتیان: داوا دەکەین لە باوکی و ھەوڵی خۆمانی لەگەڵ دەدەین، وە ئەوەی فەرمانت پێکردووین بێ کەم وکورتی جێ بەجێی دەکەین.
(62) یوسف بە کوڕە لاوە کڕێکارەکانی بەردەستی وت: پارەو پولی ئەوانە بخەنەوە ناو بارەکانیان، بۆ ئەوەی کاتێک گەڕانەوە و پارەکەیان دیتەوە بزانن ئێمە پیتاک و خواردنەکەمان پێ نەفرۆشتوون، ئەمەش وایان لێ دەکات جارێکی تر لەگەڵ براکەی تریان بگەڕێنەوە بۆ میسر، بۆ ئەوەی بۆ یوسف بسەلمێنن کە ڕاستگۆن، وە دواتر پارەکەشیان لێ وەربگرێتەوە.
(63) جاکاتێک گەڕانەوە بۆ لای باوکیان، وە چیرۆک و بەسەرھاتی یوسفیان گێرایەوە بۆی کە چەندێک ڕێزی گرتوون، وتیان بە باوکیان: ئەی باوکە گیان ئەمجارە ئەگەر براکەی ترمان لەگەڵدا نەنێریت گەورەی میسر ھیچ خواردنمان ناداتێ، جا بۆیە ئەمجارە ئەومان لەگەڵ بنێرە، ئەگەر ھاتوو ئەومان لەگەڵ بنێریت ئەوا بار وشترێکی تر خواردن دەھێنینەوە لەگەڵ خۆمان، وە بەڵێنیشت دەدەینێ کە بیپارێزین و بەساغ و سەلیمی بیگەڕێنینەوە و بیدەینەوە دەستت.
(64) باوکی پێی وتن: ئایا متمانەتان پێ بکەم و براکەتان پێ بسپێرم ھەروەکو چۆن پێشتر متمانەم پێکردن و براکەیم (واتا یوسف) م پێ سپاردن؟! متمانەم پێکردن و بەڵێنتان دا کە بیپارێزن، کەچی بەڵێنەکەتان نەبردەسەر، لەبەر ئەوە ئێستاش متمانەتان پێناکەم کە دەیپارێزن، بەڵکو من متمانەم بەخوا ھەیە و متمانەم بە ئێوە نییە، وە دەیدەمە دەستی ئەو ھەر ئەویش چاکترین پارێزەرە بۆ کەسانێک کە بیەوێت بیانپارێزت، بۆیە دەیسپێرم بە ئەو، وە ئەویش لە ھەموو کەسێک بەبەزەییترە بەرامبەر کەسانێک کە بیەوێت بەبەزەیی بێت بەرامبەریان.
(65) جا کاتێک ئەو کۆڵ و بارەیان کردەوە کە خواردنەکەی تێدا بوو پارە و پوڵ و دەست مایەکەشیان بۆ گێڕدراوەتەوە، بە باوکیان وت: دوای ئەم ھەمووە ڕێزلێنانە ئیتر چی داوا دەکەیت لەم پاشا و کاربەدەستە؟ ئەوە پارە و پوڵ و نرخی خواردنەکەیە عەزیزی میسر بۆی گەڕاندوینەتەوە، وە خواردن و دانەوێڵەیشمان ھێناوە بۆ خێزان و کەسوکارمان، وە بێگومانبە کە ئێمەیش براکەمان دەپارێزین لەوەی لێی دەترسیت، بە ھۆی ئەویشەوە جاری داھاتوو بارێکی تری وشتر زیاتر دەھێنین، ئەمەیش بۆ عەزیزی میسر کارێکی ئاسانە چونکە ئەو زۆر بەخشندەیە.
(66) باوکی پێی وتن: ھەرگیز ئەوتان لەگەڵ نانێرم ھەتاوەکو سوێندم بەخوا بۆ نەخۆن و پەیمانێکی دڵنیا کەرەوەم نەدەنێ کە لەگەڵ خوا بیبەستن کە ئەوم بۆ دەگێڕنەوە، مەگەر کاتێک نەبێت ھەمووتان لەناوچووبن و کەستان نەمابێت، ئەوکاتە نەتوانن ئەوم بۆ بگێڕنەوە و خۆیشتان نەگەڕێنەوە، جاکاتێک ئەو سوێندەیان بۆ خوارد و ئەو پەیمانەی داوای کردبوو پێیاندا، یەعقوب وتی: خوای گەورە شاھید بێت لەسەر ئەوەی کە دەیڵێن، وە شاھیدی خوایشمان بەسە.
(67) باوکیان ئامۆژگاری کوڕەکانی کرد و پێی وتن: ئەی کوڕەکانم ھەمووتان لە یەک دەرگاوە مەچنە ناو میسرەوە، بەڵکو لە چەند دەرگایەکی جیاجیاوە بچنە ژوورەوە، چونکە ئەمە بۆ ئێوە باشترە ئەگەر کەسێک بیەوێت پێکەوە زیان بە ھەمووتان بگەیەنێت، وە ئەوەیشی دەیڵێم بۆ ئەوە نییە زیانێک کە خوای گەورە بیەوێت پێتان بگەیەنێت من لەسەرتانی لاببەم، یان سودێکتان پێ بگەیەنم کە خوا نەیەوێت، فەرمان تەنھا فەرمانی خوای گەورەیە، وە منیش تەنھا پشت بە خوای گەورە دەبەستم، وە با بڕوادارانیش تەنھا پشت بە ئەو ببەستن.
(68) ئەوە بوو براکان ھەموویان کەوتنە ڕێ بەرەو میسر، بنیامینی برای دایک و باوکی یوسفیشیان لەگەڵ خۆیان برد، ھەر بەو شێوەیەی کە باوکی فەرمانی پێکردبوون لە چەند دەرگایەکی جیاجیاوە چوونە ناو میسرەوە، ئەم چوونە ژوورەوەشیان لەچەند دەرگایەکی جیاجیاوە نەیتوانی ئەوەی خوای گەورە بڕیاری بۆ دابوون لەسەریان لاببات، بەڵکو بڕیاری خۆی لە قەدەر چۆن بوو ھاتەدی، بەڵکو تەنھا سۆز و بەزەییەک بوو لە دڵ و دەروونی یەعقوبەوە بۆ ئەوان ئامۆژگاری کردن پێی، چونکە ئەو دەیزانی بڕیار تەنھا بڕیاری خوایە، وە شارەزایی باوەڕ بوون بە قەدەری خوا و دەستگرتن بەھۆکارەکانەوە بوو کە فێرمان کردبوو، بەڵام زۆربەی خەڵکی ئاگاداری ئەوە نین و نایزانن.
(69) جا کاتێک براکانی یوسف چوونە ژوورەوە بۆ لای یوسف، براکەی تریشان لەگەڵ بوو، یوسف برا دایک و باوکییەکەی لە ئامێز گرت و بەنهێنی پێی وت: من برا دایک و باوکییەکەی تۆم (یوسف)، ھیچ دڵتەنگ مەبە و خەفەت مەخۆ لەوەی براکانت لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامیان داوە و پێی ھەستاون لەکاری خراپە و ئازاردان و ڕق لێ بوونەوە لە ھەردوکمان، وە فڕێدانی من و خستنە ناو بیرەوە.
(70) کاتێک یوسف باری وشترەکانی بۆ ڕێکخستن و خۆراکی بۆ ئامادەکردن فەرمانی کرد بە خزمەتکار و بەردەستەکانی ئەو دەفرەی کە دانەوێڵە و خواردنیان بۆ خەڵکی پێ دەپێوا بیخەنە ناو باری برا دایک و باوکییەکەیەوە (بنیامین) بە بێ ئەوەی ئەوان بزانن تاوەکو بیکاتە بەھانەیەک بۆ گلدانەوەی لای خۆی، جاکاتێک براکانی یوسف کەوتنە ڕێ بەرەو وڵات و خانەو لانە و خێزان و کەسوکارەکەیان، یەکێک بانگی کردن و ھاواری کرد: ئەی خاوەن وشترەکان، ئەوانەی خواردنتان بار کردووە ئێوە دزن و دزیتان کردووە.
(71) براکانی یوسف بەرەو لای بانگكەرەکە و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون ڕۆیشتن پێیان وتن: چیتان لێ ون بووە و دزی چیتان لێکراوە تاوەکو تۆمەتبارمان دەکەن بە دزی؟
(72) بانگکەرەکە و ئەوانەی لە گەڵیدا بوون وتیان: ئەو دەفرەی پاشامان لێ ون بووە و دزراوە کە خواردنی پێ دەپێوا بۆ خەڵکی، جا ھەرکەسێک ئەو پێوانەیە بھێنێتەوە ئەوە باری وشترێک خواردنی پێ خەڵات دەکرێت، بانگكەرەکەیش وتی: منیش زامن و کەفیلی ئەو بارە وشترەم.
(73) براکانی یوسف وتیان: سوێند بێت بە خوای گەورە ئێوە چاک ئاگاداری پاکی و بەرائەتی ئێمەن، وە ھەروەک حاڵی ئێمەتان بینیوە ئێمە بۆ ئەوە نەھاتوینەتە میسر کە خراپەکاری بکەین و سیفەتی ئێمەیش ئەوە نییە کە دزی بکەین.
(74) بانگكەرەکە و ھاوڕێکانی وتیان: باشە تۆڵەی ئەو کەسە چی بێت ئەگەر ھاتوو کەسێک لە ئێوە دزییەکەی کردبێت، وە دەرکەوت ئێوە کەسانێکی درۆزنن لەوەی کە بانگەشەی پاکی و بەرائەتی خۆتان دەکەن؟
(75) براکانی یوسف پێیان وتن: تۆڵەی کەسی دزیکەر لای ئێمە ئەوەیە ھەرکەسێک شتی دزراوی لا دۆزرایەوە ئەوا دەبێتە کۆیلەی ئەو کەسەی دزیەکەی لێکراوە، بەم شێوەیە ئێمە کەسی دز دەکەین بە کۆیلە لە تۆڵەی ئەو دزییەی کردویەتی.
(76) ئەوە بوو براکانی یوسفیان گەڕاندەوە لای یوسف بۆ ئەوەی کەل و پەل و بار و کۆڵەکانیان بپشکنن، سەرەتا دەستیان کرد بە پشکنینی بارو کەل و پەلی براکانی تری پێش پشکنینی برا دایک و باوکییەکەی، تاوەکو فێڵەکەیان ئاشکرا نەبێت، پاشان لە کۆتاییەوە بار و کەلوپەلی براکەی تریان پشکنی و پێوانەکەی پاشایان لە بارەکەیدا دەرھێنا، ئابەم شێوەیە ئەم پیلانەمان بۆ یوسف ئاسانکرد تاوەکو پێوانەکە بخاتە باری براکەیەوە، ھەروەک چۆن ئەو پیلانەشمان بۆ ئاسانکرد کە بە یاسا و سزای وڵاتی خۆیان سزای دز بدرێت و بکرێتە کۆیلە لای کەسی دزی لێکراو، ئەم کارە سەری نەدەگرت ئەگەر بھاتایە بە سزای پاشای میسر سزای کەسی دز بدرایە، چونکە لە یاسای سزادانی پاشای میسردا کەسی دز لێی دەدرا و غەرامە دەکرا، بەڵام ویستی خوای گەورە وابوو کە پەیڕەوی لە شەریعەتی براکانی یوسف بکرێت کە بریتی بوو لە بەکۆیلە کردنی کەسی دزیکەر، مەگەر خوای گەورە وا ویست بکات بۆیە براکانی یوسف تەسلیمی بڕیارەکەی یوسف بوون، یوسفیش براکەی لای خۆی گلدایەوە، دیارە ئەگەر بمانەوێت پلە و پایەی ھەرکەسێک لە دونیادا بەرز بکەینەوە بەرزی دەکەینەوە و دەیگەیەنینە جێگای شیاوی خۆی، ھەروەک پلە و پایەی یوسفمان بەرز کردەوە، وە لەسەروو ھەموو زانایەکەوە زاناتر ھەیە، وە لەسەروو زانستی ھەموو خەڵکیەوە زانست و زانیاری خوای گەورە ھەیە کە ئاگاداری ھەموو شتێکە.
(77) براکانی یوسف وتیان: ئەگەر ئەوە دزی کردبێت جێگای سەرسوڕمان نییە، چونکە ئەمە برایەکی دایک و باوکی تری ھەبوو وەک ئەمە دزی کرد، مەبەستیان یوسف بوو (سەلامی خوای لێ بێت)، یوسفیش لەگەڵ ئەوەی ئەم بوھتان و قسەیەی ئەوان زۆر ئازاریدا، بەڵام خۆی گرت و ئاشکرای نەکرد و ئەوەی لە دڵیدا بوو شاردیەوە، وە لە دڵی خۆیدا پێی وتن: ئەوەی ئێوەی لەسەرە لە حەسودی و خراپەکاری لە چاو ئەو کەسەی باسی دەکەن خراپترین پلە و پایەتان ھەیە، وە خوای گەورەش زاناترە و ئاگادارە بەو قسە و بوھتانەی کە بۆی دەکەن.
(78) ئەمجا براکانی یوسف پاڕانەوە لە یوسف و پێیان وت: ئەی عەزیزی میسر، ئەم برایەمان باوکێکی پیری بەساڵاچووی ھەیە کە زۆری خۆش دەوێت و ناتوانێت لێی دوور بێت، جا لەبری ئەو یەکێک لە ئێمە لای خۆت بھێڵەوە، بەڕاستی ئێمە تۆ لەو کەسانە دەبینین کە ھەڵسوکەوتت لەگەڵ ئێمە و کەسانی تر باشە، کەوابوو ئەو چاکەیەمان لەگەڵ بکە و یەکێک لە ئێمە لەبری ئەو بھێڵەرەوە.
(79) یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) وتی: پەنا دەگرم بە خوای گەورە ستەم لە کەسێکی بێتاوان بکەین بە تاوان و گوناھی کەسێکی تری ستەمکار، کەسێک دەستگیر بکەین کە پێوانەکەی پاشامان لەناو کەلوپەلی ئەودا نەدۆزیوەتەوە، ئەگەر ھاتوو شتێکی وامان کرد ئەوا بێگومان ئێمە لەستەمکارانین، کەسی بێتاوان سزا بدەین و کەسی تاوانبار واز لێ بھێنین.
(80) جا کاتێک کوڕەکانی یەعقوب نائومێد بوون لەبەدەمەوە ھاتنی داواکەیان لەلایەن یوسفەوە، لە خەڵکی جودا بوونەوە تاوەکو لە نێو خۆیاندا پرس و ڕاوێژێک بکەن بۆ ئەوەی بزانن چێ بکەن، برا گەورەکەیان وتی: وە بیرتان دەھێنمەوە باوکتان پەیمان و بەڵێنی دڵنیاکەری لێ وەرگرتن کە کوڕەکەی بۆ بگێڕنەوە، وە گەرنا دووچاری سزایەک دەبن لەلایەن خواوە کە دەسەڵاتی ئەوەتان نەبێت خۆتانی لێ بپارێزن، وە پێشتریش کەمتەرخەمیتان کرد لە پاراستنی یوسف و ئەو پەیمانەی دابوتان بە باوکتان کە ئاگاداری لە یوسف بکەن و وەفاتان پێ نەکرد و(وباوکمان دووچاری خەم وخەفەت کرد) من خاکی میسر بەجێ ناھێڵم و ناگەرێمەوە لای باوکم ھەتاوەکو ئەو ڕازی نەبێت بەگەڕانەوەم، یان خوای گەورە بڕیارێکی نوێم بۆ دەدا و بتوانم براکەم وەربگرمەوە، وە خوای گەورەش باشترین کەسە بڕیار بدات، وە لە ھەموو کەسێکیش دادگەرترە، وە ھەموو بڕیارەکانیشی بەھەق و دادگەرانەیە.
(81) برا گەورەکەیان وتی: بگەڕێنەوە بۆ لای باوکتان و پێی بڵێن: کوڕەکەت دزی کردووە، لە سزای ئەو کارەیشیدا عەزیزی میسر کردوویەتی بە بەندە و کۆیلەی خۆی، شاھیدیشمان لەسەر ئەمە نەداوە تا ئەو کاتەی بەچاوی خۆمان بینیمان کە پێوانەکەی پاشایان لە کوڵوبار و کەلوپەلەکەی ئەودا دەرھێنا، وە ئێمەیش نەماندەزانی ئەو دزی دەکات، چونکە ئەگەر بمانزانیایە ئەو دزی دەکات ئەوا ھەرگیز پەیمانمان پێ نەدەدای کە ئەوت بۆ دەگێڕینەوە.
(82) پاش ئەوەی کوڕەکان گەڕانەوە لای باوکیان، پێیان وت: - ئەی باوکە - بۆ ئەوەی دڵنیا بیتەوە لەوەی کە ڕاست دەکەین بڕۆ بپرسە لە خەڵکی میسر، وە بپرسە لە کاروانچیەکانی ناو ئەو کاروانەی کە ئێمە لەگەڵیاندا بووین بزانە ئایا ئەوانیش ھەر ئەوەت بۆ ناگێڕنەوە کە ئێمە بۆمان گێڕایتەوە؟ وە بێگومانیشبە سەبارەت بەو ھەواڵە، ئێمە ڕاست دەکەین کە ئەو دزی کردووە.
(83) باوکی پێی وتن: ئەوەی باسی دەکەن ھیچی وانیە و کوڕی من دزی نەکردووە، بەڵکو ئەوە دەروونی نەگریسی خۆتانە ئەو کارەی لاڕازاندونەتەوە و فڕوفێلتان لێ کردووە، ھەروەکو پێشتر فڕوفێڵتان لە یوسف کرد، ئارام دەگرم بە ئارامگرتنێکی جوان (ھیچ شتێک ناڵێم خوای گەورە پێی ناخۆش بێت) وە تەنھا سکاڵای خۆیشم بۆ لای خوا دەبەم، بەڵکو خوای گەورە ھەموویانم (یوسف و براکەی و برا گەورەکەشیان) پێکەوە بۆ بگێڕێتەوە، خوای گەورەش زانا و ئاگادارە بە حاڵ و گوزەرانم، دانا و کاربەجێیە لە بەرێوەبردن و فەرمانەکانیدا.
(84) باوکیان پشتی تێکردن و لێیان دوورکەوتەوە، وە پێی وتن: ئای داخ و خەم و خەفەتم بۆ یوسف، جا لەداخ و خەم و خەفەت و گریانی زۆری ئاوی سپی ھات بەسەر ڕەشێنە و بیل بیلەی چاوەکانیدا و کوێر بوو، لەدوای ئەوە بێدەنگ دادەنیشت و خەم و خەفەتەکانی لەناخی خۆیدا دەشاردەوە و ھەر چاوەڕوانی ئەوە بوو خوای گەورە ھەموویانی پێکەوە بۆ بگێڕێتەوە و دەرووی خێری لێ بکاتەوە.
(85) براکانی یوسف بە باوکیان وت: بەخوا ھەمیشە تۆ یوسفت لە بیرە و لەبیرت ناچێتەوە، ھێندە خەم و خەفەتی بۆ دەخۆی تاوەکو نەخۆشیەکەت زۆرت بۆ دەھێنێت و توند دەبێت لەسەرت، یان لەکۆتاییەوە دەتکوژێت و لەناوت دەبات.
(86) باوکی پێی وتن: لە بەرامبەر ئەو ھەموو خەم و خەفت و داخ و پەژارەدا من تەنھا سکاڵای خۆم لای خوای گەورە دەکەم، وە ئەوەی منیش دەیزانم لە لوتف و ڕەحم و میھرەبانی خوای گەورە لەوەی دێت بەدەم ھاوار و سکاڵای لێقەوماوانەوە ئێوە نایزانن و ئاگادار نین پێی (مەبەستی ئەوەیە خوای گەورە دێت بەدەم ھاوار و نزا و سکاڵاکانیەوە و یوسف و براکەی و برا گەورەکەشی دەگێڕێتەوە).
(87) باوکی پێی وتن: ئەی کوڕەکانم بڕۆن سۆراخ و ھەواڵێکی یوسف و براکەی بزانن وە بێ ھیوا مەبن لە ڕەحم و بەزەیی خوای گەورە کە دەرووی خێر لە بەندەکانی دەکاتەوە، چونکە تەنھا بێباوەڕان بێ ھیوا دەبن لە ڕەحم و بەزەیی خوا و کردنەوەی دەرگای خێر لێیان، لەبەر ئەوەی بێ ئاگان لە دەسەڵات و قودرەتی خوا و فەزڵە نھێنی و شاراوەکانی بەسەر بەندەکانیەوە.
(88) فەرمانەکەی باوکیان بەجێ ھێنا، ڕۆشتن و گەڕان بەدوای یوسف و براکەیدا، جا کاتێک چوونە لای یوسف پێیان وت: ئەی عەزیزی میسر بەڕاستی خۆمان و بنەماڵەکەمان دووچاری قات و قڕی و گرانی و برسێتی بوینەتەوە، وە دراوێکی کەمیشمان لەگەڵ خۆمان ھێناوە، تۆیش وەک جارانی تر پێوانەکەمان بۆ پڕ بکە و لە فەزڵ و خێروبێری خۆتیش کەمێک زیاترمان بدەرێ، یان چاوپۆشی بکە لەکەمی دراوەکەمان، بێگومان خوای گەورە پاداشتی چاکەکاران بەباشی دەداتەوە.
(89) یوسف کاتێک گوێی لە وتەکانیان بوو، دڵی نەرم بوو و بەزەیی پێیاندا ھاتەوە و خۆی پێ ناساندن و پێی وتن: ئایا دەزانن ئێوە چیتان کرد بە یوسف و براکەی؟ ئەو کاتەی ئێوە بێ ئاگا بوون لەسەرەنجامی ئەو کارەی ئەنجامتان دەدا بەرامبەریان.
(90) تووشی شۆک بوون و ھەواڵێکی کتوپڕ بوو بۆیان: بۆیە وتیان: ئایا تۆ یوسفیت؟ یوسف لە وەڵامیاندا وتی: بەڵێ من یوسفم و ئەوەیش لە گەڵمدا دەیبینن براکەمە (بنیامین)، خوای گەورە فەزڵ و چاکەی لەگەڵ کردین و ڕزگاری کردین لەو حاڵەی تێیدا بووین، ھەرکەسێک لە خوا بترسێت و فەرمانەکانی جێ بەجێ بکات و دوور بکەوێتەوە لە ڕێگرییەکانی و ئارام بگرێت لەسەر ناڕەحەتییەکان ئەوە لە چاکەکارانە و بێگومان خوای گەورەش پاداشتی چاکەکاران ون ناکات بەڵکو بۆیان دەپارێزێت.
(91) براکانی داوای لێ بووردنیان لێکرد و پۆزشیان بۆ ھێنایەوە و پێیان وت: سوێند بەخوا اللە تەعالا فەزڵی تۆی داوە بەسەر ئێمەدا بەوەی ھەرچی سیفات و ڕەوشتی جوانە پێی بەخشیویت، وە بێگومان ئێمەش خراپەکار و ستەمکار بووین بەرامبەر بە تۆ.
(92) یوسف لەوان بورا و پۆزشەکەی قبوڵ کردن و پێی وتن: ئەمڕۆ ھیچ گلەیی و گازندەیەک لەسەر ئێوە نییە وابکات تۆڵەتان لێ بکرێتەوە یان سەرزەنشت بکرێن، لە خوای گەورە داواکارم لێتان خۆش بێت، ئەو بۆ خۆیشی لە ھەموو کەسێک میھرەبانتر و بە بەزەییترە.
(93) دوای ئەوەی ھەواڵیان پێدابوو کە باوکیان کوێر بووە، کراسەکەی خۆی پێدان و پێی وتن: بڕۆن ئەم کراسە بدەن بەسەر ڕوومەتی باوکمدا چاوەکانی بۆ دەگەڕێتەوە، لەپاشان خۆتان و خێزان و بنەماڵەکەیشتانم بۆ بھێنن بۆ میسر.
(94) جا کاتێک کاروانەکە لە میسر دەرچوون، وە ئاوەدانی ئەو وڵاتەیان بەجێھێشت، یەعقوب (سەلامی خوای لێ بێت) بە کوڕ و خێزانەکەی وت ئەوانەی لای ئەو مابوونەوە، من ھەست بە بۆنی یوسف دەکەم، ئەگەر وەک جاران بە نەزان و خەڵەفاوم دەرنەکەن و بڵێن ئەم پیاوە خەڵەفاوە خۆیشی نازانێت چی دەڵێت.
(95) ئەو مناڵانەی لە دەوری بوون پێیان وت: سوێند بەخوا ھێشتا لەخەیاڵ و وەھمەکانی پێشووتدایت، ھێشتا یوسفت لەدڵ دەرنەچووە و بەردەوام وادەزانیت جارێکی تر دەیبینیتەوە.
(96) کاتێک کاروانەکە نزیک بوویەوە لە کەنعان و موژدەدەرەکە ھەواڵی ھێنا بۆ یەعقوب و کراسەکەی یوسفی خستە سەر ڕوومەتی و چاوەکانی چاک بوویەوە، لەو کاتەدا یەعقوب (سەلامی خوای لێ بێت) بە کوڕەکانی وت: من پێم نەووتن ئەوەی من لە فەزڵ و میھرەبانی و چاکەی خواوە دەیزانم ئێوە نایزانن و ئاگاداری نین.
(97) کوڕەکانی پۆزشیان بۆ باوکیان ھێنایەوە و داوای لێ بوردنیان لێکرد لەو کارەی ئەنجامیاندا بەرامبەر یوسف و براكەی و پێیان وت: ئەی باوکە گیان داوای لێخۆشبوونی گوناھانەکانی پێشووترمان بۆ بکە، بێگومان ئێمە کەسانێکی گوناھباری خراپەکار بووین بەرامبەر یوسف و براکەی.
(98) باوکیان پێی وتن: دواتر لای پەروەردگارم داوای لێبوردنتان بۆ دەکەم، چونکە بەراستی خوای گەورە لێبوردەی گوناھی بەندە تەوبەکارەکانیەتی، وە زۆریش میھرەبانە بەرامبەریان.
(99) یەعقوب و ماڵ و منداڵ و خێزانەکانی لە وڵاتی خۆیانەوە بەرەو یوسف لە میسر کەوتنەڕێ، جا کاتێک چوونە لای یوسف، دایک و باوکی لە ئامێز گرت و بە براکانی و خێزانەکانیانی وت: دەسا فەرموون بەیارمەتی و ویستی خوای گەورە بەبێ ترس لە قات و قڕی و برسێتی بێنە میسرەوە، وە ھیچ زیانێکتان پێ ناگات.
(100) باوک و دایکی لەسەر تەخت و کورسییەکەی خۆی دانا، لەبەرامبەر ئەو چاکە و ئیحسانەیشدا باوک و دایکی و ھەر یانزە براکەی کڕنوشی ڕێز و تەقدیریان بۆ برد نەک کڕنوشی پەرستن، ئەوەش بۆ بەجێھێنانی فەرمانەکەی خوای گەورە وەک ئەوەی لە خەونەکەدا ھاتبوو، بۆیە یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) بە باوکی فەرموو: ئەم سڵاوکردنەی ئێوە بە کڕنۆش بردن بۆ من لێکدانەوەی ئەو خەونە بوو کە پێشتر بینیم و بۆم گێڕایتەوە، پەروەردگارم بەڕاست گێڕای و ھاتەدی، وە ھەر ئەو چاکەی زۆری لەگەڵدا کردم کاتێک لە زیندان دەریھێنام، وە ئێوەیشی لە بیابان و دەشتەوە ھێنا بۆ لای من، دوای ئەوەی شەیتان نێوان من و براکانمی تێکدا، بێگومان پەروەردگارم زۆر بە بەزەیی و خاوەن لوتفە بۆ ھەر کەسێک خۆی ویستی لەسەر بێت، بەڕاستی ئەو زانا و ئاگادارە بە حاڵ و گوزەرانی بەندەکانی، وە زۆریش دانا و کاربەجێیە لە ڕێکخستنی کاروبارەکانیدا.
(101) پاشان یوسف (سەلامی خوای لێ بێت) لە خوای گەورە پاڕایەوە و فەرمووی: ئەی پەروەردگارم تۆ موڵک و پاشایەتی میسرت پێ بەخشیم، وە فێری لێکدانەوەی خەونەکانیشت کردم، ئەی دروستکەر و بەدیھێنەری ئاسمانەکان و زەوی دروستکردنێک کە لە پێشووتردا ھاوشێوە و ھاوتای نەبوو، تۆ ھەڵسوڕێنەری ھەموو کاروبارەکانمیت لە دونیا و دواڕۆژیشدا، دەسا لە کۆتایی تەمەنیشمەوە بە موسڵمانێکی ڕاستەقینە بمرێنە، وە بمگەیەنە بە پێغەمبەرانی چاکەکار لە باوباپیرانم و غەیری ئەوانیش لە بەھەشتی بەرزی فیردەوسدا.
(102) - ئەی پێغەمبەری خوا - ئەو چیرۆک و بەسەرھاتەی کە بۆمان باسکردیت لە بەسەرھات و چیرۆکی یوسف و براکانی بە وەحی بەتۆمان ڕاگەیاند و بۆمان گێڕایتەوە، کە پێشتر تۆ ئاگاداری نەبوویت، وە کاتێکیش کە براکانی یوسف کۆبوونەوە و یوسفیان خستە ناو بنی بیرەکەوە و پیلانیان لێگێڕا و فێڵێان لێکرد تۆ لەوێ ئامادە نەبوویت تاوەکو ئاگاداری ئەم بەسەرھاتە بیت، بەڵکو ئێمە بەوەحی بە تۆمان ڕاگەیاند.
(103) - ئەی پێغەمبەری خوا - ھەرچەند تۆ سووربیت لەسەر باوەڕھێنانی گەل و ھۆزەکەت و ھەموو ھەوڵێکی خۆت لەو پێناوەدا بخەیتەگەڕ بەڵام زۆرینەی ئەوان باوەڕ ناھێنن و شوێنت ناکەون، جا بۆیە تۆ ھیچ خەم و خەفەت و داخ و پەژارەیان بۆ مەخۆ.
(104) - ئەی پێغەمبەر - ئەوانە ئەگەر کەمێک ژیر بوونایە باوەڕیان پێ دەھێنای، چونکە تۆ لە بەرامبەر گەیاندی ئەو قورئانە و بانگ کردنیان بۆ ئیسلام داوای ھیچ پاداشتێکیان لێ ناکەیت، وە ئەم قورئانەیش تەنھا بیرخەرەوە و پەند و ئامۆژگارییە بۆ تەواوی جیھان و مرۆڤایەتی.
(105) زۆر ئایەت و نیشانە لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەن لەسەر دەسەڵات و پەروەردگار و یەکخوایی ئەو تاوەکو باوەڕی پێ بھێنن کەچی بەسەریدا ڕادەبورن و بیری لێ ناکەنەوە و پشتی لێ ھەڵدەکەن و ئاوڕی لێ نادەنەوە.
(106) زۆرینەی خەڵکی باوەڕ ناھێنن کە خوای گەورە دروستکەر و ڕۆزیدەر و مرێنەر و زیندووکەرەوەی مردوانە، ئیللا لەگەڵ ئەوەیشدا شتێکی تر لە بت و دار و بەرد دەکەن بەخوا و دەیپەرستن، وە بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە خوای گەورە منداڵی ھەیە (پاک و بێگەردی بۆ زاتی ھەق تەعالای اللە ).
(107) ئایا ئەو بێباوەڕ و موشریکانە دڵنیان کە لەلایەن خواوە لە دونیادا سزایەکی سەختی وایان بۆ نایەت کە لە ھەموو لایەکەوە بیانگرێتەوە و توانای ئەوەیان نەبێت ڕێگری لێ بکەن، یان لەپڕێکدا ڕۆژی دوایی بەسەریاندا بێت و ھیچ حسابیان بۆ ھاتنی نەکردبێت و خۆیان بۆ ئامادە نەکردبێت، لەبەر ئەوە باوەڕیان نەھێنا بە پێغەمبەری خوا؟!
(108) - ئەی پێغەمبەر - بەوانە بڵێ کە بانگیان دەکەیت بۆ ئیسلام: ئەمە ڕێگا و ڕێبازی منە کە لەسەر بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا و بەرچاو ڕوونی خەڵکی بۆ بانگ دەکەم، وە ڕێگا و ڕێبازی ئەوانەشە کە چاو لە من دەکەن و پاش من خەڵکی بۆ بانگ دەکەن، بە ھیدایەتی ئەو ڕێبازە ڕێگا دەگرن و لەسەر سوننەتی من ھەنگاو دەنێن، وە من ھەرگیز لەو کەسانە نیم کە ھاوبەش بۆ خوا دادەنێن، وە پاک و بێگەردی بۆ خوا کە شەریک و ھاوبەشی ھەبێت، وە من لە یەکخواپەرستانم.
(109) - ئەی پێغەمبەر - لە پێش تۆ ھیچ پێغەمبەرێکمان نەناردووە پیاوانێک لە نەوەکانی ئادەم نەبێت، مرۆڤ بوون نەک فریشتە، وەحیمان بۆ کردوون ھەروەک چۆن وەحیمان بۆ تۆیش کردووە، خەلکی شار بوون نەک خەڵکی گوند و دەشت، ئوممەتەکانیان بە درۆیان خستنەوە و باوەڕیان پێ نەکردن ئێمەیش لەناومان بردن، ئەوانەی باوەڕ بەتۆ ناھێنن بەسەر زەویدا ناگەڕێن و نابینن ئەوانەی پێشان باوەڕیان بە پێغەمبەرەکانیان نەھێنا و بەدرۆیان زانین چییان بەسەرھات و دووچاری چی سزایەک بوون تاوەکو پەند و ئامۆژگاریان لێ وەربگرن و لە ملھوڕی خۆیان بگەڕێنەوە؟ بەدڵنیاییەوە پاداشتی ڕۆژی دوایی لە دونیا و ئەوەش لە دونیادا ھەیە باشترە بۆ کەسانێک لەخوا بترسن، ئایا ئیتر ژیر نابن و تێناگەن كەوا ئەمە باشترە بۆیان، کەوابوو لەخوا بترسن و فەرمانەکانی بەجێ بھێنن - لەسەرووی ھەموویانەوە باوەڕ و ئیمانە - وە دوور بکەونەوە لە ڕێگریەکانی، وە گەورەترینیان ھاوبەش دانانە بۆ خوا.
(110) ئەو پێغەمبەرانەی کە ڕەوانەیان دەکەین ئێمە مۆلەتی دوژمنەکانیان دەدەین، وە ھیچ پەلە ناکەین لە سزادانیان تاوەکو بەتەواوی پەل کێشیان بکەین، تا ئەو کاتەی لەناوبردنیان دوادەخەین، وە پێغەمبەرەکانیش نائومێد دەبن لە لەناوچوونیان، وە بێباوەڕەکانیش واگومان دەبەن کە پێغەمبەرەکانیان بەدرۆ دەرچوون و بەڵێنەکانیان ڕاست نەبووە لەوەی خوای گەورە سزای دوژمنەکانیان دەدا و باوەڕداران ڕزگار دەكات و سەریان دەخات، لەو کاتەی کە ھەموو لایەک نائومێد بوون لەبەدەمەوە چوونی خوای گەورە بۆیان، خوای گەورە دەفەرموێت: سەرکەوتنمان بۆ پێغەمبەرانمان ھات، پێغەمبەران و باوەڕدارانیش ڕزگار دەکەین لەوسزا و تۆڵە و لەناو بردنەی کە دادەبەزێت بۆ بێباوەڕان، وە بەدڵنیایی سزای ئێمە کاتێک دادەبەزێت بۆ گەل و ھۆزی بێباوەڕ ڕەد بوونەوەی نییە و ناگەڕێتە دواوە.
(111) لە چیرۆک و بەسەرھاتی پێغەمبەران و بەسەرھاتی گەلەکانیان وە لە چیرۆک و بەسەرھاتی یوسف و براکانی پەند و ئامۆژگاری گەلێک ھەن بۆ ئەو کەسانەی کە عەقڵ و ژیرییەکی ساغیان ھەیە، ئەم قورئانە کە ئەم گرنگیەی ھەیە قسەیەکی درۆ و ھەڵبەستراو نییە و درابێتە پاڵ خوای گەورە، بەڵکو ئەم قورئانە کە لەلایەن خوای گەورەوە دابەزیوە شاھیدە لەسەر ڕاستی ئەو کتێبانەی کە پێشتر دابەزێنراون، وە بە درێژی ھەموو ئەو ئەحکام یاسا و ڕیسایانەی باسکردووە کە پێویستن، ھەروەھا ببێتە ڕێنمونی بۆ ھەموو کارێکی خێر و چاکە، وە ڕەحمەت و بەزەیی بۆ باوەڕداران، چونکە ئەوان سوود لەو ئەحکام و ڕێنموییانە دەبینن کە تێیدا ھاتووە.