(1) (حم) پێشووتر قسە و گفتوگۆ کرا لەسەر تەفسیر و لێکدانەوەی ھاوشێوەی ئەم ئایەتانە لەسەرەتای سورەتی (البقرة) وه.
(2) سوێند بە قورئانی پیرۆز کە ڕوونکەرەوەیە بۆ ڕێگای ھیدایەت و ھەق و ڕاستی سوێند بەم پەڕاوە ڕوونکەرەوەیە.
(3) بێگومان ئێمە قورئانمان لە شەوێکی پیرۆزدا ناردە خوارەوە، کە مەبەست پێی لە شەوی (قەدر)ــە، ئەو شەوە شەوی خێر و بێرێکی زۆر زۆرە، بەدڵنیاییەوە ئێمە بەم قورئانە بەندەکان دەترسێنین.
(4) لەم شەوەدا بڕیاری ھەموو کارێکی بتەو بەڕێک و پێکی لە ڕزق و ڕۆزی و کاتی مردنی ھەموو بەدیھێنراوێک و جگە ئەوانەیش لەوەی لەو ساڵەدا ڕوو دەدات دراوە.
(5) ھەموو بڕیارێکی بتەو بەڕێک و پێکی لای ئێمە بە وردی دەدرێت، بێگومان ئێمە خۆمان پێغەمبەران دەنێرین تاوەکو خەڵکی ئاگادار بکەنەوە بیانترسێنن.
(6) - ئەی پێغەمبەر - بە ڕەحم و بەزەیی پەروەردگارت پێغەمبەران دەنێرێن بۆ ئەوانەی ڕەوانە دەکرێن بۆ لایان، بێگومان ئەو زاتی پیرۆزی اللە بیسەری وتە و گوفتاری بەندەکانیەتی، وە زۆر زانا و ئاگادارە بەکار و کردەوە و نیەتیان، ھیچ شتێکی لانھێنی و شاراوە نییە.
(7) ئەو پەروەردگاری ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەیشە لە نێوانیاندایە، ئەگەر ئێوە دڵنیان لەوە ئەوا باوەڕی بھێنن بە پێغەمبەرەکانم.
(8) ھیچ پەرستراوێکی بەھەق نییە جگە لە اللە، ھەر ئەوە ژیان دەبەخشێت و مردوان زیندوو دەکاتەوە و زیندووانیش دەمرێنێت، جگە ئەو کەس نییە بتوانێت مردوو زیندوو بکاتەوە و زیندووەکانیش بمرێنێت، ئەو زاتە پەروەردگاری ئێوە و پەروەردگاری باوباپیرانی پێشویشتانە.
(9) ئەو بتپەرست و موشریکانە دڵنیا نین لەھەق و ڕاستی و باوەڕیان پێی نییە، بەڵکو بەگومانن لێی، ئەوان گەمە و گاڵتە دەکەن و باوەڕی پێ ناکەن.
(10) - ئەی پێغەمبەر - چاوەڕێی سزای نزیکی گەلەکەت بکە لە ڕۆژێکدا کە ئاسمان دوکەڵێکی ئاشکرا دەکات، بەچاوی خۆیان دەیبینن لەتاو سەختی برسێتیاندا.
(11) گەلەکەت ھەمووی دەگرێتەوە، و پێیان دەوترێت: ئەو سزایە دووچارتان بوو، سزایەکی بەئێش و ئازارە.
(12) ھانا و ھاوار دەبەن بۆلای پەروەردگاریان و لێی دەپاڕێنەوە و دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان ئەو سزایەی ناردووتە بۆ سەرمان ھەڵیگرە و لایبە لەسەرمان، ئەگەر سزاکەمان لەسەر لابدەی ئەوا باوەڕ بەخۆت و بە پێغەمبەرەکەت دەھێنین.
(13) ئەمانە چۆن بیر دەکەنەوە و تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای پەروەردگاریان لە کاتێکدا پێغەمبەرێکیان بۆ ھاتووە پەیامەکەی بۆ ڕوونکردوونەتەوە، وە چاک چاک خۆیان و ئەمانەت پارێزی و دەست پاکیەکەشیان ناسیوە؟!
(14) پاشان پشتیان ھەڵکردووە ڕوویان لێ وەرگێرا و وتیان: ئەم کابرایە پێغەمبەر نییە و کەسێکی تر ئەم قورئانەی فێر دەکات، وە ئەمە مرۆڤێکی شێت و وێت و خەڵەفاوە.
(15) بێگومان ئێمە کاتێک بۆ ماوەیەکی کەم سزاکەتان لەسەر ھەڵدەگرین، بە دڵنیاییەوە جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ سەر بێباوەڕی و بەدرۆدانانی پێغەمبەرەکەتان.
(16) - ئەی پێغەمبەر - چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەبە کەسزای سەخت بە بێباوەڕانی گەلەکەت لە ڕۆژی بەدردا دەدەین، بێگومان لەبەر بێباوەڕی و بەدرۆدانانی پێغەمبەرەکەی ئێمە تۆڵەیان لێ دەسێنینەوە.
(17) بەدڵنیاییەوە پێش ئەمانە گەلەکەی فیرعەونمان تاقیکردەوە، پێغەمبەرێکی بەرێزیان لەلایەن اللە تەعالاوە بۆ ھات بانگی دەکردن بۆ یەکخواپەرستی، ئەو پێغەمبەرەیش موسا بوو (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت).
(18) موسا بە فیرعەون و گەلەکەی وت: واز لە بەنوئیسرائیل بھێنن بوم، ئەوان بەندەی اللە تەعالان، ئێوە مافی ئەوەتان نییە بیانکەن بە کۆیلە و بەندەی خۆتان، بێگومان من پێغەمبەرم و لە لایەن اللە تەعالاوە بۆ لای ئێوە ڕەوانە کراوم، وە دەست پاک و ئەمانەت پارێزم لەوەی فەرمانم پێکراوە بەگەیاندنی، ھیچ شتێکی لێ کەم و زیاد ناکەم.
(19) وە خۆتان بەسەر اللە تەعالادا بە گەورە نەزانن و وازبھێنن لەپەرستنی، وە بەسەر بەندەکانی ئەودا فیز و دەعیە لێ بدەن، بێگومان من بەڵگە و نیشانەی ڕوون و ئاشکرام بۆ ھێناون
(20) وە بەدڵنیاییەوە پەنا دەگرم بە پەروەردگاری خۆم و پەروەردگاری ئێوەیش کە بە بەرد بەردبارانم بکەن و بمکوژن.
(21) ئەگەر باوەڕ ناکەن بەوەی ھێناومە بۆتان ئەوا وازم لێ بھێنن و بە خراپ نزیکم مەکەونەوە.
(22) موسا (سەلامی خوای لێ بێت) لە اللە تەعالا پاڕایەوە و فەرمووی: بێگومان ئەو گەلە-فیرعەون دەست و پێوەندەکەی- گەلێکی تاوانبارن و شایستەی ئەوەن سزایان بۆ پێش بخەیت و ھەر لەم دونیادا سزایان بدەیت.
(23) اللە تەعالا فەرمانی کرد بە موسا خۆی و گەلەکەی بەشەو لەشار دەربچن، وە ئاگاداریان بکاتەوە کە فیرعەن و گەلەکەی شوێنیان دەکەون.
(24) وە فەرمانی پێکرد کاتێک لە دەریاکە خۆی و بەنوئیسرائیل پەڕینەوە، وازی لێ بھێنە با وەک خۆی بە ھێمنى بمێنێتەوە -مەبەست پێی ئەوەیە کاتێک سەرەتا موسا گۆچانەکەی لێدا و دوو لەت بوو و پەڕێنەوە ئەوبەر موسا ویستی جارێکی تر گۆچانەکەی بداتەوە لەدەریا بۆ ئەوەی بێتەوە یەک، بەڵام پەروەردگار فەرمانی پێکرد وازی لەدەریا بھێنە با بەھێمنی وەک خۆی بمێنێتەوە خۆمان دەیدەینەوە بەیەکدا- بێگومان فیرعەون و سەربازەکانی لەناو دەریادا نوقم دەبن و تیادەچن.
(25) فیرعەون و گەلەکەی چەند باخ و باخات و ئاو و کانی و ڕووباریان لە دوای خۆیان بەجێھێشت !
(26) وە چەند کشتوکاڵ و شوێنی مانەوەی باش و خاسیان لەدوای خۆیان بەجێھێشت !
(27) وە لەدوای خۆیان چەند نازو نیعمەت و بەخشش و خۆشگوزەرانیان بەجێھێشت.
(28) بەو شێوەیەی بۆمان باسکردن ئاوایان بەسەرھات، ھەموو ئەو باخ و باخات و کانی و ڕووبار و کشتوکاڵ و کۆشک و تەلارانەمان لەدوای ئەوان بەخشى بە بەنوئیسرائیل و بوون بەمیراتگری ئەوان.
(29) نە ئاسمان و زەوی بۆ فیرعەون گەلەکەی گریان کاتێک نوقمی ناو دەریا بوون، وە نە مۆڵەتیش دران تاوەکو تەوبە بکەن بگەرێنەوە لە تاوان و گوناھیان.
(30) بە دڵنیاییەوە بەنوئیسرائیلمان ڕزگار کرد لە سزایەکی ڕیسواکەر، کاتێک فیرعەون و گەلەکەی کوڕەکانیان دەکوشتن و ئافرەتەکانیشان دەھێشتنەوە بۆ خزمەتکردنی خۆیان.
(31) لە سزای فیرعەون ڕزگارمان کردن، بێگومان فیرعەون کەسێکی لووت بەرز و خۆبەزلزان بوو، ھەموو سنوری فەرمانەکانی اللە تەعالا و ئاینەکەی بەزاندبوو.
(32) بێگومان عیلم و زانیاریمان ھەبوو کە بەنوئیسرائیلمان ھەڵبژارد بەسەر خەڵکی سەردەمی خۆیاندا، لەبەر زۆری پێغەمبەرەکانیان.
(33) وە گەلێک بەڵگە و نیشانە و موعجیزەی ڕوون و ئاشکرامان پی بەخشین کەپشتگیری موسامان پێکرد، کە نیعمەتی ئاشکرابوون بۆیان وەک نیعمەتی گەزۆکە و باڵندەکە ، دەھات لەبەردەمیاندا دەنیشتەوە بۆ ئەوەی گۆشتەکەی بخۆن، وە چەندان نیعمەتی تریش.
(34) بێگومان ئەو بتپەرست و موشریک و بێباوەڕانە نکۆڵی لە زیندووبونەوە دەکەن و دەڵێن:
(35) تەنھا ئەو مردنە ھەیە لە ژیانی دونیادا بەسەرمندا دێت، ئیتر دوای ئەو مردنە ژیانێکی تر نییە، وە ھەرگیز جارێکی تر زیندوو ناکرێینەوە.
(36) - ئەی موحەممەد - تۆ و شوێنکەوتوانت ئەگەر ڕاست دەکەن دوای مردن زیندوو بوونەوە و حیساب و لێپرسینەوە ھەیە، ئەوا باوباپیرانمان کە پێشتر مردوون جارێکی تر بۆمان زیندوو بکەنەوە.
(37) - ئەی پێغەمبەر - ئایا ئەم بتپەرست و موشریکانەی گەلەکەت بەھێزترن یان گەلی توبەع و ئەوانەی پێش ئەوانیش؟ وەک گەلی عاد و سەموود، کە ھەر ھەموویانمان لەناوبرد، بێگومان ھەموویان بێباوەڕ و تاوانبار بوون.
(38) ئێمە ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەیشی لە نێوانیاندایە بە گاڵتە و گەپ و بێھوودە بەدیمان نەھێناوە.
(39) ئاسمانەکان و زەویمان لەبەر حیکمەت و داناییەکی زۆر بەدیھێناوە، بەڵام زۆربەی بتپەرست و موشریکەکان ئەوە نازانن.
(40) بێگومان ڕۆژی قیامەت، ئەو ڕۆژەی اللە تەعالا ھەموو شتێک یەکلایی دەکاتەوە و بەندەکانی جوودا دەکاتەوە لە یەکتر (چاکەکانیان بۆ بەھەشت و خراپەکانیشیان بۆ دۆزەخ) کاتێکی دیاریکراوی ھەموو بەدیھێنراوەکانە، ھەموویانی تێدا کۆ دەکاتەوە بۆ لێپرسینەوەی و پاداشت دانەوەی باوەڕداران و تۆڵە سەندەنەوە لە بێباوەڕان و گوناھباران.
(41) لەو ڕۆژەدا ھیچ کەس و نزیک و خزمێک بۆ کەس و خزم و نزیکەکەی، وە ھیچ ھاوڕێیەک بۆ ھاوڕێکەی ھیچی پێ ناکرێت، وە ناتوانێت سوودی پێ بگەیەنێت، یان ڕێگری سزای اللە تەعالای لێ بکات، چونکە ئەو ڕۆژە موڵک و دەسەڵات تەنھا بۆ اللە یە، ھیچ کەسێک ناتوانێت بانگەشە و ئیدعای ئەوە بکات دەسەڵات و ھێزی ھەیە.
(42) مەگەر کەسێک اللە تەعالا ڕەحم و بەزەیی پێدا بێتەوە، ئەوە سەرکەوتوو و سەرفرازە و سوود لەکار و کردەوە چاکەکانی دەبینێت کەپێش خۆی خستبوون، بێگومان اللە تەعالا زاڵ و بەدەسەڵاتە و ھیچ کەسێک ناتوانێت زاڵ بێت بەسەریدا، وە زۆریش بەڕەحم و بە بەزەییە بەرامبەر ئەو بەندانەی تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای.
(43) بێگومان درەختی ژەقنەمووت کە اللە تەعالا لە بنی بنەوەی دۆزەخ ڕوواندویەتی.
(44) خواردنی کەسانی زۆر تاوانبارە، کەسانی بێباوەڕ لەبەرووبومی پیس و چەپەڵی ئەو درەختە دەخۆن.
(45) کاتێک بەری ئەم درەختە دەخۆن وەک زەیتی ڕەش لەناو سک و ھەناویاندا لەبەر زۆر گەرمیەکەی دەکوڵێت.
(46) وەک ئاوێکی کوڵ بە کوڵ، کاتێک دەیخۆن ھەموو ھەناو و ناوسکیان ئەتاوێنێتەوە.
(47) اللە تەعالا فەرمان دەکان بە فریشتە دەرگاوان و دڵڕەقەکانی دۆزەخ و پێیان دەفەرموێت: بیانگرن وڕایانکێشن و بەتوندی پەلکێشی ناوەڕاستی ئاگریان کەن.
(48) پاشان ئاوی کوڵا و کوڵ بکەن بەسەر ئەم سزادراوەدا، وە ھیچ کاتێک سزای لێی جودا ناکرێتەوە و لە كۆڵی نابێتەوە.
(49) بە گاڵتە و سووکایەتی پێکردنەوە و پێی دەوترێت: ئەم سزا بەئێش و ئازارە بچەژە، چونکە بێگومان تۆ لە دونیادا لەناو گەل و ھۆزەکەت زۆر بەدەسەڵات و ڕێزلێگراو بوویت.
(50) بەدڵنیاییەوە ئەم سزایە ئەو سزایە بوو کە ئێوە لە دونیادا گومانتان لێی ھەبوو کە لە ڕۆژی قیامەتدا ڕوو بدات، بێگومان ئێستا ھیچ گومانتان لێی نەما و بەچاوی خۆتان دەیبینن.
(51) بێگومان ئەوانەی لە پەروەردگاریان دەترسێن و فەرمانەکانی جێ بەجێ دەکەن و دووریش دەکەونەوە لە ڕێگرییەکانی لەو ڕۆژەدا لە شوێنێکی ئەمیندان و بێ ترس و دوورن لەھەموو خەم و پەژارەیەک.
(52) ئەوەتان لەناو باخ و باخات و کانی و ڕووبار و سەرچاوەی خۆشدان لە ئاوریشمی ناسك و ئەستور دەپۆشن ڕوبەڕووی یەکتری دادەنیشن.
(53) لە بەھەشتدا جلوبەرگی ئاوریشمی زۆر ناسک و ئەستوور لەبەر دەکەن، وە بەرامبەر یەکتر دادەنیشن و پشت ناکەنە یەکتری، (سەرگەرمی قسە و باسی خۆشن لەناو خۆیاندا).
(54) ھەروەک بەو شێوەیە ڕێزمان گرت لەو خواناسانە، ھەروەھا ڕێزیان لێدەگرین بەوەی حۆریە چاو جوان و چاوگەش و چاو فراوانەکانیش دەکەینە ھاوسەریان.
(55) بانگی خزمەتکارەکانیان دەکەن تاوەکو ھەموو جۆرە میوەیەکی بەھەشتیان بۆ بھێنن، وە بێ ترسن لەوەی ئەو میوانەیان لێ ببڕێت و نەمێنێت.
(56) بەھەتا ھەتایی و ھەمیشەیی تێدا دەمێننەوە، جگە لەو مردنەی لە دونیا چەشتیان ئیتر جارێکی تر نامرنەوە، وە پەروەردگاریان بەفەزڵ و چاکەی خۆی پاراستنی لە سزای سەختی ئاگری دۆزەخ.
(57) بەفەزڵ و چاکەی پەروەردگارت - کەچوونە ناو ئەو بەھەشتی پڕ لەناز و نیعمەت و پاراستنیشی لە ئاگری دۆزەخ - بەڕاستی ئەوە سەرکەوتن و بردنەوەی گەورەیە، کەھیچ بردنەوە و سەرکەوتنێک ھاوشێوەی ئەوە نییە.
(58) - ئەی پێغەمبەر - بەڕاستی ئەم قورئانەمان ئاسان کردووە بەزمانی تۆ کە زمانی عەرەبیە، بەڵکو پەند و ئامۆژگاری لێوەربگرن.
(59) - ئەی پێغەمبەر - چاوەڕوانی سەرکەوتنی خۆت و تیاچوونی ئەوان بکە، بێگومان ئەوانیش چاوەڕوانی تیاچوونی تۆن، بەڵام سەرەنجام ھەر تۆ سەرکەوتووی ھەردوو دونیایت و ئەوانیش ڕیسوا و زەلیلی ھەردوو دونیان.