(1) خواى گەورە سوێندی خوارد بەخۆر، وسوێندی خوارد بەکاتی بەرزبوونەوەی دوای ھەڵھاتنی لەڕۆژھەڵاتەوە.
(2) وە سوێندی خوارد بەمانگ کە دەردەکەوێت دوای ئاوابوونی خۆر.
(3) وە سوێند بە ڕۆژگار کاتێک کە بەتیشکی سەر ڕووی زەوی ڕووناک دەکاتەوە.
(4) وە سوێند بە شەو کاتێک کە ڕووی زەوی بەتاریکیەکەی دادەپۆشێت، بۆیە سەر زەوی تاریک دەبێت.
(5) وە سوێند بەئاسمان، وبە ئەو زاتەیش کە دروستی کردووە وبە وردی وئەوپەڕی ڕێک وپێکی بەدیھێناوە.
(6) وە سوێند بەزەوی و بەڕاخراویەکەی بۆئەوەى خەڵکی لەسەری نیشتەجێ بن.
(7) وە سوێند بەدەروونی ئادەمیزاد، وە سوێندیش بەو بەدیھێنانەی کە اللە -تەعاﻻ- بەشێوەیەکی زۆر ڕێک وپێک بەدیھێناوە.
(8) ئەمجا ئیلھامی بۆ کرد بۆ ناسین وتێگەیشتنی خراپە وتاوان وچاکە وخواناسین (واتە خێر وشەڕی بۆ ڕوونکردەوە ونیشانی دا چی چاکەیە بیکات وچیش خراپە خۆی لێ دوور بگرێت).
(9) سوێند بەھەموو ئەوانە بەڕاستی ڕزگاری بوو، سەرفراز بوو ئەوەی کە دەروون ونەفسی خۆی پاک کردەوە، بەڕازاندنەوەی بە ئاکار وڕەوشتە جوانەکان، وە پاککردنەوەی لەخراپە وگوناھـ وتاوان.
(10) وە بەڕاستی ئەوەیشی کە دەروون ونەفسی خۆی بێنرخ وپیس کرد بەکردنی گوناھـ وتاوانەکان؛ بەدبەخت ودۆڕاوە.
(11) گەلی سەموود بەھۆی کردنی گوناهـ وتاوان وسەرکەشی ویاخی بوونیانەوە، بڕوایان بە پێغەمبەرەکەیان -بە صاڵح- نەھێنا.
(12) کاتێک کە خراپترین کەسیان ھەستایەوە (بۆ سەربڕینی ووشترەکە)، دوای ئەوەی گەلەکەی ئەو کارەیان پێی سپارد.
(13) ئەمجا پێغەمبەر ی خوا ساڵح -علیه السلام- پێی ووتن: وازبھێنن لەم وشترەی اللە -تەعاﻻ- ونۆرە ئاوی بدەن با لەنۆرەکەی خۆی بخواتەوە، وزیانی لێ مەدەن و بەخراپ نزیكی مەكەونەوە.
(14) کەچی (ئەو گەلە ستەمکارە) بڕوایان بەھەڕەشەکانی ئەو پێغەمبەرە نەکرد و وشترەکەیان سەربڕی، ئەمجا پەروەردگاریان بەھۆی تاوان وگوناھەکانیانەوە سزای سەختی بەسەردا ڕشتن و وڵاتەکەیانی کاول کرد و لەگەڵ خاکدا یەکسانی کردن.
(15) اللە -تەعاﻻ- بەو شێوەیەی لێکردن وە ھیچ ناترسێت لەپاشەڕۆژی ئەم تۆڵە سەندنەوە (لەو گەلە ستەمکارە).