28 - Al-Qasas ()

|

(1) (طسٓمٓ) پێشووتر قسە و گفتوگۆ کرا لەسەر تەفسیر و لێکدانەوەی ھاوشێوەی ئەم ئایەتانە لەسەرەتای سورەتی (البقرة) وه.

(2) ئەم ئایەتانە، ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزن، ڕوون و ئاشکران و ھیچ ناڕوونییەکیان تێدا نییە.

(3) ھەندێک لە ھەواڵی موسا و فیرعەونت بە ڕاستی و دروستی بەسەردا دەخوێنینەوە، کەھیچ گومان و دوو دڵی تێدا نییە بۆ گەلی باوەڕدار، چونکە ئەوان سوود وەردەگرن لەوەی لە قورئاندا ھاتووە.

(4) بێگومان فیرعەون ملھوڕ و یاخی بوو لە زەوی میسردا، وە خەڵکەکەی پارچە پارچە و بەش بەش کرد، کۆمەڵێکیانی ژێر دەست و لاواز کردبوو کە بەنوئیسرائیلییەکان بوون، نێرینەکانی دەکوشتن و مێینەکانی دەھێشتەوە بۆ خزمەتکردنی خۆیان تاوەکو بە تەواوی سووک و ڕیسوایان بکات، بێگومان فیرعەون لە خراپەکاران بوو لەسەر زەویدا چونکە زوڵم و ستەمی زۆری کرد، وە لە اللە یاخی بوو و لە بەرامبەریدا خۆی بە گەورە دادەنا.

(5) دەمانەوێت منەت بکەین بەسەر بەنو ئیسرائیلدا، وە فەزڵ و چاکەی خۆمانیان بەسەردا بڕێژین، ئەوانەی فیرعەون لە زەوی میسردا لاواز و ژێردەستەی کردبوون، ئەمانەوێت دوژمنەکانیان لەناو ببەین، وە لاوازی و ژێر دەستەیشیان نەھێڵین، وە بیانکەینە پێشەوا و سەرمەشقی ھەق و ڕاستی خەڵکی شوێنیان بکەون، وە بیانکەینە میراتگری سەر زەوی پیرۆزی وڵاتی شام لە دوای تیاچوونی فیرعەون، ھەروەکو اللە تەعالا فەرموویەتی: (وَأَوْرَثْنَا الْقَوْمَ الَّذِينَ كَانُوا يُسْتَضْعَفُونَ مَشَارِقَ الأَرْضِ وَمَغَارِبَهَا الَّتِي بَارَكْنَا فِيهَاۖ... ) (سورەتی الاعراف: ١٣٧) واتا: (پاشان ئێمە ئەو بەنو ئیسرائیلەی کە فیرعەون زەلیل و سەر شۆڕی کردبوون کردمانن بە میراتگری خۆرھەڵات و خۆرئاوای زەوی، لەو شوێنەى بەرەکەتدارمان کرد -مەبەست لێی ئەوەیە کردنی بەمیراتگری وڵاتی شام، ئەو وڵاتەی کە خوای گەورە بەرەکەتداری کردبوو بە ڕواندنی کشتوکاڵ و بەروبومەکەی بەجوانترین شێوە-).

(6) وە لەسەر زەویدا جێگیریان بکەین و دەسەڵاتیان پێ بدەین، وە پیشانی فیرعەون و ھامان و دەست و پێوەندەکە و سەربازەکانی بدەین کە یارمەتیدەری سەرەکی دەسەڵاتەکەی بوون، ئەم خەڵکە لاواز و بێدەسەڵاتەی ئەوان لێی دەترسێن کە دەسەڵاتەکەیان لەناو ببات لەسەر دەستی مناڵێکی نێرینەی بەنوئیسرائیل دەبێت.

(7) بەدایکی موسامان ڕاگەیاندن و ئیلھاممان بۆ کرد کە شیر بدە بە موسا تا ئەو کاتەی ترست لێی ھەیە کە فیرعەون و دەست و پێوەندەکەی دەیکوژن، ئەمجا بیخەرە ناو سندوقێکەوە و فڕێی بدەرە نێو ڕووباری نیلەوە، وە ھیچ مەترسە لێی کە نوقمی نێو ئاو ببێت یان فیرعەون زیانی پێ بگەیەنێت، وە ھیچ دڵتەنگیش مەبە لە جیابوونەوە لێی، بێگومان ئێمە ئەوت بەزیندوویی بۆ دەگێڕینەوە، وە دەیکەین بە یەکێک لەو پێغەمبەرانەی کە اللە تەعالا دەیاننێرێت بۆ لای خەڵکی و بەدیھێنراوەکانی.

(8) ھەرچۆنێك ئیلھاممان بۆ کردبوو دایکی موسا ھەمووی جێ بەجێ کرد، وە موسای فڕێ دایە نێو ڕووباری نیلەوە، ئەمجا دەست و پێوەندەکەی فیرعەون ھەڵیانگرتەوە، تاوەکو ئەوە بێتەدی کە اللە تەعالا دەیەوێت، بۆ ئەوەی موسا ببێت بە دوژمنی فیرعەون و اللە تەعالایش لەسەر دەستی ئەو موڵک و دەسەڵاتەکەی لەناو ببات، وە ببێت بەھۆی خەم و خەفەتیش بۆی، بێگومان فیرعەون و ھامان و لەشکر و سوپاکەی تاوانبار و سەرپێچیکار بوون بەھۆی کوفر و بێباوەڕی و یاخی بوون و خراپەکاریان لەسەر زەویدا.

(9) کاتێک فیرعەون ویستی موسا بکوژێت، ژنەکەی فیرعەون پێی وت: ئەم مناڵە سەرچاوەی دڵخۆشی و ئاسوودەییە بۆ من و بۆ تۆیش، جا مەیکوژە بەڵکو ببێتە خزمەتکارمان و سوود و قازانجمان پێ بگەیەنێت، یان بیکەین بە کوڕی خۆمان و ناوی بخەینە سەر خۆمان، لە کاتێکدا ئەوان نەیاندەزانی موڵک و دەسەڵاتەکەیان لەسەر دەستی ئەم مناڵە چی لێ دێت.

(10) دڵی دایکی موسا بەتاڵ و چۆڵ بوو، ھۆشی لای ھیچ کار و بارێکی دونیا نەبوو ئیللا كاروباری موسا نەبێت، بۆیە ئارامی لێ ھەڵگیرابوو، ھێندە دڵی پەیوەست بوو بە موساوە خەریک بوو ئاشکرای بکات کە موسا کوڕی ئەوە، ئەگەر بھاتایە دڵی ئەومان دامەزراو و بەھێز نەکردایە بۆ ئەوەی لەو باوەڕدارانە بێت کە پشت بە پەروەردگاریان دەبەستن، وە لە ئارامگرانیش بێت لەوەی بەسەری دێت.

(11) دایکی موسا (سەلامی اللە ی لێ بێت) دوای ئەوەی موسای فڕێدایە ناو ڕووباری نیلەوە بە خوشکەکەی موسای وت: بە شوێن ئەو سندوقەدا بڕۆ کە موسای تێدایە، بزانە چی بەسەر دێت، ئەوە بوو خوشکەکەی لە دوورەوە چاودێری دەکرد تاوەکو نھێنییەکەیان ئاشکرا نەبێت، وە فیرعەون دەست و پێوەندەکەی نەزانن ئەو خوشکیەتی و چاودێری ھەواڵی ئەو دەکات.

(12) کاتێک موسایان ھەڵگرتەوە و ویستیان شیری بدەنێ، بە فەرمانی اللە تەعالا موسا شیری ھیچ ئافرەتێکی نەخوارد، لەو کاتەدا خوشکەکەی موسا بینی ئەوان سوورن لەسەر شیرپێدانی موسا ، پێی وتن: ئایا ڕێنوماییتان بکەم بۆ ماڵێک کە ئەوان دەتوانن شیری بدەنێ و پەروەردەی بکەن و چاویان لێ بێت و دڵسۆز بن بۆی؟

(13) اللە تەعالا دەفەرموێت: موسامان گەڕاندەوە بۆ لای دایکی تاوەکو لە نزیکی بێت، وە دڵی پێی خۆش بێت و چاوی ڕوون بێتەوە بە بینین و گەڕانەوەی مناڵەکەی، وە خەم و خەفەت نەخوات بەدوور کەوتنەوەی، وە بۆ ئەوەیش بزانێت بەڵێنی اللە تەعالا ھەق و ڕاستە بە گەڕانەوەی موسا و ھیچ گومانی تێدا نییە، بەڵام زۆربەیان ئاگاداری ئەم بەڵێنە نین، وە ھیچ کەس نەیزانی ئەو ئافرتە دایکی موسایە.

(14) کاتێک موسا گەیشتە تەمەنی بەھێز بوونی جەستە و ژیری، پێش پێغەمبەرایەتی دانایی و زانستمان پێدا لە ئاینی بەنوئیسرائیل، ھەروەک چۆن پاداشتی موسامان دایەوە لەسەر گوێڕایەڵی و فەرمانبەرداری، ئاوایش پاداشتی چاکەکاران دەدەینەوە لە ھەموو سەردەم و شوێنێکدا.

(15) لەو کاتەی خەڵکی لە ماڵەکانی خۆیان پشوویان دەدا، موسا چووە ناو شارەکەوە، وە دوو پیاوی بینی لەگەڵ یەکتر دەمەقاڵێیان دەکرد و لە یەکتریان دەدا، یەکێکیان لە بەنوئیسرائیلییەکان بوو ، گەلەکەی موسا خۆی (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت)، ئەوی دیکەشیان لە قبطییەکان بوو گەلەکەی فیرعەون و دوژمنەکانی موسا، ئەو پیاوەیان لەگەل و ھۆزەکەی موسا بوو، داوای لە موسا کرد یارمەتی بدات دژ بە قبطییەکە کە دوژمنی ئەویش بوو، ئەوە بوو موسا بۆکزێکی لە قبطییەکەدا، لەبەر بەھێزی بۆکزەکەی موسا دەست بەجێ کابرا مرد و گیانی دەرچوو، موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت)، وتی: ئەم کارە شەیتان بۆمی ڕازاندەوە و ھانیدام، بێگومان شەیتان دوژمنێکی گومڕاکەرە بۆ ھەرکەسێک شوێنی بکەوێت، وە دوژمنێکی ڕوون و ئاشکرایشە، ئەوەی ڕوویدا لە من بە ھۆی دوژمنایەتی شەیتانەوە بوو، وە بەھۆی ئەوەیشەوە کە گومڕاکەرە دەیەوێت گومڕام بکات.

(16) موسا دانی نا بەو گوناھەی لێی ڕوویدا و لە پەروەردگاری پاڕایەوە و وتی: ئەی پەروەردگارم من ستەمم لە خۆم کرد ئەم کابرا قبطییەم کوشت، لە گوناھم خۆشبە، اللە تەعالا بۆی ڕوونکردینەوە کە لە موسا خۆش بوو، بێگومان ئەو لێبووردەی ھەرکەسێکە لە بەندەکانی کە تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای ئەو، وە زۆریش بە بەزەییە بەرامبەریان.

(17) پاشان اللە تەعالا زیاتر باسی نزا و پاڕانەوەکەی موسا دەکات، کە تێیدا وتی: پەروەردگارم بە ھۆی ئەوەی نیعمەت و چاکەی خۆتت لەھێز و دانایی و زانست و زانیاری پێ بەخشیووم، بڕیار بێت ئیتر نەبمە پشتیوانی ھیچ تاوانبارێک لە تاوانەکەیدا.

(18) كاتێك ئەوەی ڕوویدا لە موسا لە کوشتنی قبطییەکە، ئیتر لەوە بەدواوە موسا لەو شارەدا بەترسەوە دەجوڵایەوە و چاودێری ھەواڵەکانی دەکرد کەچی ڕوو دەدات، لەپڕ ئەو کابرا بەنوئیسرائیلییەی دوێنی داوای یارمەتی کرد لە موسا دژ بەو قبطییەی کوشتی، ئەمڕۆیش جارێکی تر داوای لێکرد یارمەتی بدات دژ بە قبطییەکی تر، بۆیە موسا پێی وت: بەڕاستی تۆ کەسێکی زۆر گومڕای ڕوون و ئاشکرایت.

(19) کاتێک موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) ویستی بە توندی بدات لەو قبطییەی کە دوژمنی ئەو و بەنوئیسرائیلییەکەش بوو، بەنوئیسرائیلیەکە وای زانی موسا لەو دەدات کاتێک گوێی لێ بوو موسا وتی (بەڕاستی تۆ کەسێکی زۆر گومڕای ڕوون و ئاشکرایت) بەنوئیسرائیلیەکە بە موسای وت: ئایا دەتەوێت منیش بکوژیت ھەروەکو چۆن دوێنێ کەسێکی تریشت کوشت، تۆ ئەی موسا دەتەوێت زۆردار و ملھوڕ بیت لە زەویدا خەڵکی بکوژیت و ستەمیان لێ بکەیت، تۆ ناتەوێت لەو کەسانە بیت کە ئاشتەوایی دەکەن لە نێوان کەسە ناکۆکەکاندا.

(20) کاتێک ھەواڵەکە بڵاو بوویەوە (کە پیاوەکەی دوێنێ موسا کوشتویەتی)، پیاوێک لەوپەڕی شارەوە بە پەلە ھات بۆ لای موسا و بەزەیی پێدا دەھاتەوە نەوەک دەستگیری بکەن و بیکوژنەوە لەبری کابرای قبطی کوژراو، بە موسای وت: ئەی موسا پیاوە ناودارەکانی دەوروبەری فیرعەون کۆبوونەتەوە و لەناو خۆیاندا ڕاوێژ دەکەن و پیلان دادەنێن بۆ ئەوەی بتکوژن، بۆیە زوو خێرا لە شار بڕۆ و ئێرە جێ بھێڵە، بێگومان من دڵسۆزتم و بەزەییم پێتدا دێتەوە و دەترسم بتگرن و بتکوژن.

(21) موسایش بە گوێی ئەو کەسە ئامۆژگاریكارە دڵسۆزەی کرد، بەترسەوە لە شار چووە دەرەوە، زۆر بە وردی چاودێری دەکرد بزانێت چی ڕوو دەدات، لە پەروەردگاری پاڕایەوە و وتی: ئەی پەروەردگارم ڕزگارم بکە لەدەست گەلی ستەمکاران و دەستیان نەگات پێم.

(22) کاتێک موسا بەرەو شاری مەدیەن ڕۆیشت، وتی: بەڵکو پەروەردگارم ڕێنوماییم بکات بۆ باشترین و ڕاسترین ڕێگا، وە لێم ون نەبێت.

(23) جا کاتێک گەیشتە سەرچاوەی ئاوەکەی مەدیەن، کە خەڵکی ئاژەڵیان لێ ئاو دەدا، کۆمەڵێک خەڵکی بینی ئاژەڵەکانیان ئاو دەدەن، جگە لەوانیش دوو ئافرەتی تری بینی لەلایەکەوە وەستابوون بەدیاری ئاژەڵەکانیانەوە، تاوەکو خەڵکی تەواو بن لە ئاودانی مەڕ و ماڵاتەکانیان ئەمجا بچن ئاوی ئاژەڵەکانیان بدەن، موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) بەو دوو ئافرتەی وت: ئەوە چیتانە بۆچی وەک ئەو خەڵکە ئاژەڵەکانتان ئاو نادەن؟ وتیان: واڕاھاتوین ھەتا شوانەکانی تر لێرە نەڕۆن ئێمە ئاژەڵی خۆمان ئاو نادەین، بۆ ئەوەی تێکەڵاوی ئەوان نەبین، وە باوکیشمان پیرە و توانای ئاودانی ئاژەڵەکەی خۆمانی نییە، بۆیە ناچارین ئێمە خۆمان ئاویان بدەین.

(24) موسا بەزەیی پێیاندا ھاتەوە و مەڕ و بزنەکانی بۆ ئاودان و پاشان چوویە سێبەرێکەوە و کەمێک پشوویدا، وە لەپەروەردگاری پاڕایەوە و بێدەسەڵاتی خۆی بۆ نیشاندا، وە وتی: ئەی پەروەردگارم بێگومان من ھەژارم و پێویستم بەھەر خێر و چاکەیەکە بۆم بنێریت.

(25) کاتێک دوو ئافرەتەکە ڕۆیشتنەوە و ھەواڵەکەیان بۆ باوکیان گێرایەوە، باوکیشیان یەکێک لە دوو کچەکەی خۆی نارد بۆ ئەوەی بانگی بکات بۆی، بەشەرم و شکۆیەکەوە ھاتە لای موسا و پێی وت: بێگومان باوکم بانگت دەکات و دەیەوێت بڕۆیت بۆ لای بۆ ئەوەی پاداشتی ئەوەت بداتەوە کە مەڕ و ماڵاتەکەت بۆ ئاوداین، جا کاتێک موسا ھات بۆ لای باوکیان و ھەواڵی خۆی و کوشتنی کابرای قبطی و ھەڵھاتنی لە میسری بۆ باس کرد، باوکی کچەکانیش موسای دڵنیا کردەوە و پێی وت: مەترسە تۆ ڕزگارت بووە لە گەلی ستەمکاران، لە فیرعەون و دەست و پێوەندەکەی، چونکە ئەوان دەسەڵاتیان نییە بەسەر مەدیەندا، ئەوان ناتوانن بگەن بەتۆ و ئازارت بدەن.

(26) یەکێک لە کچەکانی بە باوکی وت: ئەی باوکە گیان ئەم پیاوە بگرە بەکرێ تاوەکو ببێتە شوانمان و مەڕ و ماڵاتەکەمان بۆ بلەوەڕێنێت، ئەو شایانی ئەو کارەیە بێگومان چاکترین ڕەنجبەرە کە تۆ بەکرێی بگریت، چونکە بەھێز و دەست پاکە، بەھێزە چونکە ئەوەی داوای لێ بکەیت ئەنجامی دەدات، وە ئەمین و دەست پاکیشە ھەرچیەکی بخەیتە ژیڕ دەست خیانەتی لێ ناکات.

(27) باوکیان وتی بە موسا : بێگومان من دەمەوێت یەکێک لە کچەکانم مارەکەم لە تۆ، وە مارەییەکەیشی ئەوەیە ھەشت ساڵ شوانی مەڕ و ماڵاتەکەم بیت، خۆ ئەگەر کردە دە ساڵ و تەواوت کرد ئەوە لە چاکەی خۆتەوەیە و من ناچارت ناکەم بەوە، چونکە گرێبەستەکەی نێوانمان لەسەر ھەشت ساڵ دەبێت، لە ھەشت ساڵ زیاتر کارێکی خۆبەخشانەیە، نامەوێت پابەندت کەم بە کارێکەوە گران و قورس بێت لەسەرت، ئەگەر اللە تەعالا بیەوێت دەمبینی لە چاکەکاران دەبم کە وەفایان ھەیە بە گرێبەستەکانەوە و پەیمان و بەڵێنی خۆیان ناشکێنن.

(28) موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) وتی: ئەوەی وتت و باستکرد بڕیار و پەیمان بێت لە نێوان من و تۆدا و لەسەری ڕێکەوتین، ھەرکام لەو دوو ماوەیە ھەشت ساڵەکە یان دە ساڵەکەم تەواو کرد ئەوا پەیمانەکەم بەجێھێناوە، ئیتر دوای ئەوە داوای زیادەم لێ مەکە و نابێت ستەمم لێ بکرێت، وە اللە تەعالایش وەکیل و شاھیدو چادوێرە لەسەر ئەو گرێبەستەی ڕێکەوتین لەسەری.

(29) کاتێک موسا چاکترین ماوەی شوانییەکەی تەواو کرد کە دە ساڵەکە بوو، لەگەڵ خێزانیدا لە مەدیەنەوە بەڕێکەوتن بۆ میسر، لە لای ڕاستی کێوی طورەوە ئاگرێکی بەدی کرد، موسا وتی بەخێزانی: لێرە بوەستن و مەجوڵێن من ئاگرێکم بەدی کردووە، دەچم بۆ لای بەڵکو ھەواڵێکتان بۆ بھێنم، یان چڵۆسکێک ئاگری پێ بکەنەوە و خۆتانی پێ گەرم بکەنەوە لە سەرما.

(30) کاتێک موسا چووە لای ئەو ئاگرەی پێشتر بینیبووی، لە کەناری لای ڕاستی دۆڵەکەوە لەو پارچە زەوییە پیرۆزەی نزیک درەختەکە، ئەو جێگایەی بە قسەکردن لەگەڵ موسادا اللە تەعالا پیرۆزی کرد، پەروەردگاری (جل جلالە) بانگی لێکرد و فەرمووی: ئەی موسا بێگومان من اللە پەروەردگاری ھەموو مەخلوقات و بەدیھێنراوەکانم.

(31) وە گۆچانەکەت فڕێ بدە، موسایش گوێڕایەڵی فەرمانی پەروەردگاری بوو، کاتێک بینی گۆچانەکە وەک تیرە مار دەجوڵێ و دەڕوات بۆیە لەترسا پشتێ ھەڵکرد و ڕایکرد و ئاوڕی نەدایەوە، پەروەردگاری بانگی کرد و فەرمووی: ئەی موسا وەرە پێش و مەترسە لێی، چونکە بێگومان تۆ لەو کەسانەی ئەمین و بێ ترسن لەو مارە، وە لەھەر شتێکی تریش کە لێی دەترسێیت.

(32) دەستی ڕاستت بخەرە بنھەنگڵتەوە کە دەکەوێتە لای گەردنتەوە، کاتێک دەریدەھێنیت سپییە و دەدرەوشێتەوە بێ ئەوەی تووشی بەڵەکی بووبیت، ئەوە بوو موسا دەستی خستە بنھەنگڵیەوە و کاتێک دەریھێنایەوە دەستی سپی وەک بەفر وابوو، وە دەستت بلکێنە بەخۆتەوە بۆ نەھێشتنی ترس و بیمت، موسا دەستی لکاند بەخۆیەوە و ترسەکەی نەما و ڕۆیشت، ئەو دوو نیشانەیەی باسکران - گۆچانەکە و دەستە سپیەکانی- دوو بەڵگەن لە لایەن پەروەردگارتەوە پێت دراوە تاوەکۆ بەو دوو بەڵگەیەوە بچیت بۆ لای فیرعەون و گەورە پیاوانی گەلەکەی، چونکە بێگومان ئەوان گەلێکن دەرچوون لە تاعەت و فەرمانبەرداری اللە تەعالا، باوەڕیان نەھێناوە و گوناھ و تاوان دەکەن و سەرپێچی دەکەن.

(33) موسا تەوەسولی کرد بۆ لای پەروەردگاری و وتی: ئەی پەروەردگارم بێگومان من پێشتر پیاوێکم لێ کوشتون بۆیە دەترسم ئەگەر بڕۆم ئەوەی فەرمانت پێکردووم پێیان بگەیەنم لە بری ئەو پیاوە بمکوژنەوە.

(34) ھارونی برام لە من ڕەوانبێژتر و زمانیشی پاراوترە، لەگەڵ مندا بینێرە تاوەکو پشتیوان و یارمەتیدەرم بێت و وتەکانیشم بسەلمێنێت، ئەگەر فیرعەون و گەلەکەی باوەریان پێ نەکردم و بەدرۆیان دانام، بەڕاستی من دەترسم ئەوان بەدرۆم دابنێن و باوەڕم پێ نەکەن، ھەروەک ئوممەتانی تریش کە پێش من پێغەمبەریان بۆ ھاتبێت باوەڕیان پێ نەکردوون و بە درۆیان زانیوون.

(35) اللە تەعالا وەڵامی داواکەی موسای دایەوە و فەرمووی: ئەی موسا بێگومان بەھۆی ئەوەی براکەت لە گەڵتدا دەکەین بە پێغەمبەر پشتت بەھێز دەکەین، وە دەسەڵات و بەڵگەیەکتان دەدەینێ کە پاڵپشت و پشتگیرتان بێت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی فیرعەون و گەلەکەی، وە ئەوان بە ھیچ شێوەیەک ناتوانن خراپ دەستان بۆ ببەن و زیانتان پێ بگەیەنن، وە بەھۆی ئەو نیشانە و موعجیزانەی کە لە گەڵتاندا ناردوومانە کە پیشانی فیرعەون و گەلەکەی بدەن تەنھا ئێوە و ئەوەی شوێنتان دەکەوێت لە باوەڕداران سەردەکەون و زاڵ دەبن.

(36) کاتێک موسا بەنیشانە و ئایەتە ڕوون و ئاشکراکانەوە چوو بۆ لایان، وتیان: ئەمە ھیچ نییە تەنھا درۆ و دەلەسە و جادوویەک نەبێت کە موسا خۆی دروستی کردووە و ھەڵیانی بەستووە ، وە ئێمە ئەمەمان نەبیستووە لە باوباپیرانی پێشوومانەوە.

(37) موسا ڕووی دەمی کردە فیرعەون و پێی وت: پەروەردگارم زانا و شارەزاترە بەوەی لەسەر ھەقە و ھیدایەت و ڕێنمونی لای ئەوەوە ھێناوە، وە زاناترە بەو کەسەی سەرەنجامی چاکی دەبێت لە دواڕۆژدا، بێگومان اللە تەعالا ستەمکاران سەرکەوتوو ناکات لەوەی دەستیان داوەتێ، وە ڕزگاریشیان نابێت لەوەی لێی دەترسێن.

(38) فیرعەون ڕووی دەمی کردە ناوداران و دەست و پێوەندی گەلەکەی ، وە پێی وتن: ئەی کاربەدەستان و پیاوماقوڵان ، من ھیچ پەرستراوێکی تر جگە لەخۆم بۆ ئێوە پێ نازانم، ئەی ھامان ئاگر لەو قوڕە بەردە و قوڕ (خشتم) بۆ سوور بکەرەوە تاوەکو ڕەق دەبێت، دواتر کۆشکێکی بەرزم بۆ دروست بکە بەڵکو تەماشای خوا (پەرستراوە) کەی موسا بکەم و لەسەری ڕابوەستم، وە بەڕاستی من وادەزانم موسا لەدرۆزنانە لەوەی بانگەشەی دەکات گوایە پێغەمبەر بێت و لەلایەن اللە وە ڕەوانە کرابێت بۆ لای من و بۆ لای گەلەکەم.

(39) فیرعەن و لەشکر و سەربازەکانی خۆبەزلزانینیان زیاتر بوو، وە بەبێ ھیچ ھەقێک یاخی بوون لەزەوی میسر و لە سنوور دەرچوون، وە نكۆڵیان لە زیندووبونەوەی پاش مردن دەکرد، وە وایان دەزانی لە ڕۆژی قیامەتدا ناگەڕێنەوە بۆ لامان بۆ حساب و لێپرسینەوەی کاروکردەوەکانیان.

(40) فیرعەون و لەشکر و سەربازەکانیمان گرت و تۆڵەمان لێ سەندنەوە، وە ھەموویمان نوقمی ناو دەریا کردن ھەتاوەکو گشتیان تیاچوون- ئەی پێغەمبەر- بیر بکەرەوە و تێرامێنە سەرنجام و کۆتایی ستەمکاران چۆن بوو، بەدڵنیاییەوە سەرنجام و کۆتاییان تیاچوون بوو.

(41) ئەوانمان کردە پێشەوا بۆ ھەموو کەسانێکی یاخی و گومڕابوو کە بانگی خەڵکی دەکەن بۆ ناو ئاگری دۆزەخ، بەوەی ھەرچی کوفر و بێباوەڕی و ھۆکاری گومڕابوونە بڵاوی دەکەنەوە لەناو خەڵکیدا، وە لەڕۆژی دواییشدا ڕزگاریان نابێت لەسزا، بەڵکو سزایان بۆ چەند قات دەبێتەوە چونکە کوفر و بێباوەڕی و گوناهـ و تاوانیان پیشانی خەڵکیدا، وە بانگی خەڵکیان کرد بۆ گومڕابوون، ھەرچی کەسێکیش کاری بەو بانگەوازەی ئەوان کردبێت، خراپە و تاوان و گوناھی ئەوانیشی بۆ دەنوسرێت، وە ھەر کەسێکی تریش دوای ئەوان شوێن ئەوان بکەوێت و کار بەوە بکات ئەوان بانگەوازیان بۆ کردووە.

(42) وەک زیادەی سزا و تۆڵەیەکیش بۆیان لە دونیادا نەفرینمان بە شوێندا ناردن، نەفرینێک لە ڕەحمەتی اللە بەری بن و سووک و ڕسوای لای خەڵکیش بن، وە لە ڕۆژی دواییشدا لە بێزراو و دوور خراوەکانن لە ڕەحمەت و بەزەیی اللە تەعالا.

(43) بێگومان ئێمە تەوراتمان بەخشی بە موسا ، دوای ئەوەی پێغەمبەرانی ترمان نارد بۆ لای گەلەکانیان و بەدرۆیان دانان و باوەڕیان پێ نەکردن، بەھۆی ئەو بە درۆزانین و بێباوەڕییەیانەوە لەناومان بردن، ئەو تەوراتەی بەخشیمان بە موسا چاوڕۆشنی بوو بۆ خەڵکی ئەو سەردەمە تاوەکو چی شتێک سوودی ھەیە بۆیان کاری پێ بکەن و گوێرایەڵی بن، وە ئەوەیشی زیانی ھەیە بۆیان لێی دوور بکەونەوە، ھەروەھا ئەو تەوراتە ڕێنمونی دەکردن بۆ ھەموو کارێکی خێر و چاکە، وە ڕەحمەت و بەزەیی دونیا و دواڕۆژ بوو لەلایەن اللە تەعالاوە بۆ خەڵکی، بەڵکو بیر لەناز و نیعمەتەکانی اللە بکەنەوە کە بە سەریانەوەیە، ئەوسا شوکر و سوپاسی بکەن و باوەڕی پێ بھێنن.

(44) - ئەی پێغەمبەر- تۆ لە لای بەشی ڕۆژئاوای کێوی طور نەبوویت کاتێک فەرمانی پێغەمبەرایەتیمان دا بە موسا (سەلامی اللە تەعالای لێ بێت) کە بڕوات بۆ لای فیرعەون و دەست و پێوەندەکەی، وە تۆ لەوێ ئامادە نەبوویت تاوەکو ئەو ھەواڵە بزانیت و بۆ خەڵکی بگێڕیتەوە، ئەوەی بۆیان دەگێڕیتەوە لە چیرۆک و بەسەرھاتی موسا لەگەڵ فیرعەون ، اللە تەعالا وەحی بۆ کردویت و پێی ڕاگەیاندویت.

(45) بەڵام ئێمە دوای موسا چەند ئوممەت و گەل و نەتەوەیەکمان بەدیھێنا، ماوەیەکی زۆر بەسەریاندا تێپەڕی و بەڵێن و پەیمانی اللە یان لەبیر چوو، وە تۆ لەناو خەڵکی مەدیەن نیشتەجێ نەبوویت تاوەکو ئایەتەکانی ئێمەیان بەسەردا بخوێنیتەوە، بەڵام ئێمە تۆمان لەلایەن خۆمانەوە ڕەوانەکرد، وە ھەواڵ و بەسەرھاتی موسا و مانەوەی لە مەدیەن مان لەڕێگای وەحیەوە پێ ڕاگەیاندیت، تۆیش ئەوەی اللە تەعالای لەو بارەوە پێی ڕاگەیاندبوویت بەخەڵکیت ڕاگەیاند و بۆت باسکردن.

(46) خۆ تۆ لە لای کێوی طور نەبوویت کاتێک وەحیمان کرد بۆ موسا و بانگمان کرد، بەڵام تۆمان بەڕەحم و بەزەیی پەروەردگارتەوە ناردووە بۆ لای خەڵکی، ھەواڵ و بەسەرھاتی موسامان بۆ گێڕایتەوە تاوەکو گەلەکەتی لێ ئاگادار بکەیتەوە و بیانترسێنیت کە پێش تۆ ھیچ ترسێنەرێکیان بۆ نەھاتووە بیانترسێنێت بەسزای دۆزەخ ئەگەر نەیەن بەدەم بانگەوازەکەتەوە، بەڵکو بیر بکەنەوە و ئامۆژگاری وەربگرن، وە باوەڕ بھێنن بەوەی لەلایەن اللە تەعالاوە بۆت ھێناون.

(47) ئەگەر لەبەر ئەوە نەبوایە کە دووچاری سزا و تۆڵەی خوایی بوونایەتەوە بەھۆی ئەو کوفر و بێباوەڕی و گوناھ و تاوانەی لەسەرین ، ئەمجا بڕوبیانوو بھێننەوە و بڵێن بۆچی اللە تەعالا پێغەمبەر و نێرراوێکی بۆ ڕەوانە نەکردین، ئەوسا ئێمەیش شوێن بەڵگە و نیشانە و ئایەتەکانی تۆ بکەوتینایە و کارمان پێ بکردایە، وە لەو بڕوادارانە بووینایە کە بەفەرمانەکانی پەروەردگاریان ھەڵسوکەوت دەکەن، ئەگەر لەبەر ئەمە نەبوایە سزامان بۆ پێش دەخستن، بەڵام ئەوەمان بۆ دواخستن تاوەکو بڕوبیانوویان نەھێڵین بەناردنی پێغەمبەر بۆ لایان.

(48) کاتێک موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) بەپەیامی پەروەردگاریەوە ھات بۆ لای قورەیش، ڕۆیشتن لەبارەی پێغەمبەرەوە پرسیاریان لە جولەکەکان کرد، ئەوانیش فێری ئەم بەڵگەیەیان کردن، وتیان: باشە ئەو موعجیزانەی بە موسا دراوە کە بەڵگە بوون لەسەر ئەوەی پێغەمبەرە و لەلایەن پەروەردگاریەوە ڕەوانە کراوە، (وەک گۆچانەکەی و دەستە سپیەکەی) بۆچی بە موحەممەدیش نەدراوە؟ - ئەی پێغەمبەر- تۆیش لە وەڵامی ئەواندا بڵێ: جولەکەکان کە (ئەمەیان فێری ئێوە کردووە) ئایا پێشتر خۆیان بێباوەڕ نەبوون بەوەی درا بە موسا ، وە لەبارەی قورئان و تەوراتیشەوە وتیان: ھەردووکیان دوو جادوون پێشتگیری یەکتر دەکەن، وە وتیشیان: ئێمە بێباوەڕین بە قورئان و تەورات وباوەڕمان بەھیچیان نییە؟!

(49) - ئەی پێغەمبەر- بە ئەوانە بڵێ: کتێبێک بھێنن لەلایەن اللە تەعالاوە ھاتبێتە خوارەوە لە قورئان و تەورات باشتر رێگا پیشان بدات و چاکتر ڕێنمونی خەڵکی بکات بۆ سەر رێگای ڕاست، ئەگەر ئەوەتان ھێنا ئەوا منیش شوێنی دەکەوم، ئەگەر ڕاست دەکەن لەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن گوایە قورئان و تەورات سیحر و جادوون.

(50) ئەگەر ھاتوو قوڕەیش بە گوێیان نەکردیت و وەڵامیان نەدایتەوە، لەوەی کتێبێک باشتر و چاکتر لە قورئان و تەورات بھێنن رێنومایی خەڵکی بکات و ڕێنشاندەریان بێت، ئەوا دڵنیابە بڕوا نەھێنانیان بەو دوانە لەسەر بەڵگە و دەلیل نییە، بەڵکو شوێن ھەواو و ئارەزووی خۆیان کەوتوون، وە ھیچ کەسێکیش ھێندەی ئەو کەسە گومڕا نییە کە بەبێ ڕێنوێنی لە لایەن اللە وە شوێن ھەواو ئارەزووی خۆی دەکەوێت، وە بێگومان اللە تەعالا ڕێنوێنی گەلی ستەمکار ناکات (ئەو گەلەی بەبێباوەڕی و کوفر بە (اللە) ستەمیان لە خۆیان کردووە) ھیچ کات سەرکەتوویان ناکات بۆ ھیدایەت و ڕێنونی خۆی.

(51) بەدڵنیاییەوە چیرۆک و بەسەرھاتی ئوممەت و گەلانی پێشوومان گەیاند بە موشریک و بتپەرست و جولەکەکانی بەنوئیسرائیل، وە کاتێکیش پێغەمبەرانی ئێمەیان بەدرۆ دانا و باوەڕیان پێنەکردن دەستبەجێ سزامان بۆ دانەبزاندن، بەئومێدی ئەوەی پەند و ئامۆژگاری وەربگرن و باوەڕ بھێنن تاوەکو ئەوەی تووشی ئەوان بوو دووچاری ئەمان نەبێت.

(52) ئەوانەی پێش دابەزینی قورئان باوەڕیان جێگیر و چەسپاو بوو بە تەورات، باوەڕیش بە قورئان دەھێنن کاتێک لە کتێب و پەڕاوەکانی خۆیاندا بە وردی باسی ھاتنی قورئان کراوە بۆ کۆتا پێغەمبەر کە موحەممەدە (صلی اللە علیە وسلم).

(53) کاتێک قورئانیان بەسەردا بخوێنرێتەوە ئەوان دەڵێن: باوەڕمان پێی ھێناوە، چونکە ئەو قورئانە ڕاست و دروستە و ھیچ شک و گومانی تێدا نییە، لەلایەن پەروەردگارمانەوە دابەزیوە، بێگومان ئێمە پێش دابەزینی قورئانیش موسڵمان بووین، چونکە باوەڕمان ھەبووە بەسەرجەم پێغەمبەرانی پێش ئەویش.

(54) ئەوانەی ئەوە سیفەتیانە کە باسکرا، اللە تەعالا دووجار پاداشتی کار و کردەوەیان دەداتەوە، بەھۆی ئارامگرییان لەسەر باوەڕھێنانیان بە کتێب و پەڕاوەکانی خۆیان، وە باوەڕھێنانیشیان بە پێغەمبەرایەتی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) کاتێک ڕەوانەکرا، وە بەکار و کردەوەی چاکەیش بەرھەڵستی کاری خراپە دەکەن، وە لەوەی ڕزق و ڕۆزیشمان داون لەکاری خێر و چاکەدا خەرجی دەکەن.

(55) وە ئەو باوەڕدارانەی ئەھلی کتاب کاتێک قسەی ناپەسەند و ھیچ و پووچ دەبیستن پشتی تێدەکەن و ئاوڕی بۆ نادەنەوە، وە بەو کەسانەش ئەو قسە ناپەسەندانە دەکەن، پێیان دەڵێن: پاداشت و ئەنجامی کردەوەکانمان بۆ خۆمانە، وە پاداشت و ئەنجامی کردەوەکانی ئێوەیش بۆ خۆتانە، ئێوە لەجوێن و ئەزیەت و ئازاری ئێمە سەلامەتن، ئێمە نامانەوێت ھاوڕێیەتی کەسانی نەفام و نەزان بکەین، چونکە زیان و ئەزیەت و ئازاری دین و دونیامانی تێدایە.

(56) - ئەی پێغەمبەر - تۆ ناتوانیت ھیدایەتی ئەو کەسە بدەیت کە خۆشت دەوێت، وەک بتەوێت ھیدایەتی ئەبو طالبی مامت و ھەرکەسێکی تر بدەیت و تەوفیقیان بدەیت لەسەر باوەڕھێنان، بەڵام اللە تەعالا بەتەنھا خۆی تەوفیقی ھەرکەسێکی بوێت دەیدات بۆ ھیدایەتی و باوەڕھێنان، وە خۆیشی زاناترە بەو کەسانەی کە ڕێبازی ھیدایەت دەگرن بۆ سەر ڕێگای ڕاست.

(57) موشریک و بتپەرستەکانی مەککە بڕوبیانوویان ئەوە بوو کە شوێن ئاینی ئیسلام ناکەون و باوەڕ ناھێنن، دەیانوت: ئەگەر ئێمە شوێن ئەو ئیسلامە بکەوین تۆ ھێناوتە، ئەوا دوژمنەکانمان بەخێرایی لەخاک و وڵاتی خۆمان دەمانفڕێنن و وەدەرمان دەنێن، اللە تەعالا بەرپەرچیان دەداتەەوە و دەفەرموێت: ئایا ئێمە ئەوانمان لەناو حەرەمی مەککەدا جێگیر و نیشتەجێ نەکردووە، کە حەرامە خوێنی تێدا بڕێژرێت و زوڵم و ستەمی تێدا ئەنجام بدرێت؟ وە دڵنیان لەوەی كەسانی تر ناتوانن بدەن بەسەریاندا و بیانفڕێنن، وە لەھەموو بەرووبومێک کۆدەکرێتەوە دەبرێت بۆ شاری مەککە لەو ڕزق و ڕۆزییەی ئێمە دەینێرین بۆیان، بەڵام زۆربەیان نازانن و تێناگەن اللە تەعالا چی ناز و نیعمەت و بەخششێکی خۆی ڕشتووە بەسەریاندا، تاوەکو سوپاس و شوکری بکەن لەسەری.

(58) وە خەڵکی زۆری شار و گوندمان لەناو برد كه کوفر و ناشکوری نیعمەت و بەخششەکانی اللە تەعالایان کرد، وە لە گوناھ و تاواندا ڕۆچووبوون، ئێمەیش سزامان بۆ ناردن و لەناومان بردن، جا ئەوە جێگا و شوێنەکانیانە بە وێرانی و خاپووری ماونەتەوە و خەڵکی بەلایدا تێپەڕ دەبن، لەپاش وێران بوون و تیاچوونیشیان ماوەیەکی کەم نەبێت (ڕێبواران لایانداوە لایدا) ھیچ کەسی تێدا نیشتەجێ نەبووە، وە ئێمە خۆمان بووینە میراتگریان چونکە ھەموویان تیاچوون، ئێمە دەبینە میراتگری ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەیش لە نێوانیاندایە، چونکە غەیری خۆمان کەس نامێنێت.

(59) - ئەی پێغەمبەر - پەروەردگارت گوند و شارەکانی وێران نەکردووە، ھەتاوەکو بڕو بیانووی خەڵکەکەی بڕیوە بەوەی پێغەمبەرێکی لەناو گوند و شارە گەورەکان بۆ ڕەوانە کردوون، ھەروەک چۆن تۆی لەناو دایکی گوندەکان (مەبەست پێی شاری مەککەیە) ڕەوانە کرد، وە ئێمە خەڵکی ھیچ گوند و شارێکمان لەناو نەبردووە ئەگەر لەسەر ھەق و ڕاستی بووبن، بەڵکو کاتێک لەناومان بردوون خەڵکەکەی بە کوفر و بێباوەڕی و گوناھ و تاوان کردن ستەمیان لە خۆیان کردبێت.

(60) ھەرچیەک پەروەردگارتان پێی بەخشی بن، ئەو خۆشگوزەرانی و تام و چێژ و ڕازاوەیی ژیانی دونیایە و پاشان کۆتایی دێت و نامێنێت، وە ئەو پاداشتە گەورەیەی لای اللە یە لە دواڕۆژدا باشتر و چاکترە لە خۆشی و جوانییەکانی دونیا، وە ئەمێنێتەوە و بەردەوامە و کۆتایی نایەت، دەی ئایا ئیتر ژیر نابن و بیر ناکەنەوە لێی، ئەوەی دەمێنێتەوە کۆتایی نایەت ھەڵیبژێرن بەسەر ئەوەی دەبڕێتەوە کۆتایی دێت.

(61) ئایا کەسێک بەڵێنی بەھەشتمان پێدابێت لە دواڕۆژدا، بەو ھەموو خۆشی و نیعمەت و بەخشش و بەردەوامییەوە، وەک ئەوە وایە کە خۆشی و جوانییەکانی ژیانی دونیامان پێدابێت، وە لە ڕۆژی قیامەتیشدا لەوانە بێت ئامادەی دەکەن بۆ سزای دۆزەخ؟! دەی ئایا ئەم دوو کەسە وەک یەک وان و یەکسانن؟

(62) ئەو ڕۆژەی پەروەردگاریان (جل جلالە) بانگیان دەکات و پێیان دەفەرموێت: کوان ئەو شەریک و ھاوەڵانەی جگە لەمن دەتانپەرستن، وە واتان دەزانی ئەوانە شەریک و ھاوەڵی منن ؟

(63) ئەوانەی کە فەرمانی سزا بەسەریاندا چەسپا و جێگیر بوو کە بانگخوازانی کوفر و بێباوەڕین دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان ئەوانە ئێمە گومڕامان کردن ھەروەک گومڕامان کردن خۆیشمان گومڕا بووین، ئێمە بەرین لەوانە، بەری بوونەکەمان لای تۆ دەکەین لێیان، ئەوانە ئێمەیان نەدەپەرست بەڵکو شەیتانیان دەپەرست.

(64) پێیان دەوترێت: ھاوار بکەن لە ھاوەڵ و شەریکەکانتان و بانگیان بکەن تاوەکو ڕزگارتان بکەن لەو زەلیلی و ڕیسواییەی تێی کەوتون، ئەوانیش ھاواریان لێدەکەن و بانگیان دەکەن بەڵام وەڵامیان نادەنەوە، لەو کاتەدا ئەو سزایە بەچاوی خۆیان دەبینن کە بۆیان ئامادە کراوە، ئاواتە خوازن لە دونیادا ڕێگای ڕاستیان بگرتایەتە بەر و ھیدایەت بدرایان بۆ ھەق و ڕاستی.

(65) ئەو ڕۆژەی پەروەردگاریان بانگیان دەکات و دەفەرموێت: چیتان وەڵامی پێغەمبەرەکانی من دایەوە، ئەوانەی ڕەوانەم کرد بۆ لاتان؟

(66) لەو ڕۆژەدا ھەموو بەڵگەکانیان لێ بزر دەبێت و ھیچیان لەبیر نامێنێت، وە لەتاو ناخۆشی و ناڕەحەتییەکانی ئەو ڕۆژە کە دڵنیان بەرەو سزای سەخت دەبرێن ھیچیان پرسیار لەوانی تر ناکەن.

(67) بەڵام ئەو کەسەی لە بتپەرست و موشریکەکان تەوبەی کردبێت لە کوفر و بێباوەڕیەکەی باوەڕی ھێنا بێت بە اللە تەعالا و پێغەمبەرەکانی، وە کار و کردەوە چاکەکانی ئەنجام دابێت، ئەوە بێگومان لەسەرکەوتووان دەبێت، لەوانەی ڕزگاریان دەبێت لەوەی لێی دەترسان.

(68) - ئەی پێغەمبەر- پەروەردگارت ویستی لەھەر شتێک بێت بەدی بھێنێت بەدی دەھێنێت، وە ھەرکەسێکیشی ویست بۆ طاعەت و گوێڕایەڵی و پێغەمبەرایەتی ھەڵیدەبژێرێت، بەڵام بتپەرست و موشریکەکان لەبەرامبەر ویستی اللە تەعالا ھەڵبژرادنیان بۆ نییە، تاوەکو ڕەخنە لە فەرمانی ئەو بگرن، پاکوبێگەردی و بەرز و بڵندی بۆ اللە تەعالا لەوەی دەیپەرستن و دەیکەنە ھاوەڵ و شەریکی ئەو.

(69) پەروەردگارت ئاگاداری ئەوەیە چی لەسینەیاندا دەشارنەوە و چیش ئاشکرا دەکەن، پەروەردگار ھیچی لانھێنی و شاراوە نییە، وە پاداشت و تۆڵەی ھەمووشیان دەداتەوە لەسەرى.

(70) اللە ئەو پەرستراوەیە کەھیچ پەرستراوێکی بەھەق جگە لە ئەو نییە، وە سوپاس و ستایش لە دونیا و دواڕۆژدا ھەر بۆ ئەوە، وە بڕیار و حوکمی جێ بەجێکراویش تەنھا بۆ ئەوە کە بەھیچ شێوەیەک ڕەد بوونەوەی نییە، وە لە ڕۆژی قیامەتیشدا گەڕانەوە ھەر بۆلای ئەوە بۆ حساب و لێپرسینەوە و پاداشت دانەوە.

(71) - ئەی پێغەمبەر- بەو بتپەرست و موشریکانە بڵێ: ھەواڵم بدەنێ ئەگەر اللە تەعالا شەوتان بۆ ھەمیشە و بەردەوام بکات و تا ڕۆژی قیامەت ڕۆژ نەکاتەوە، چی پەرستراو و خوایەكی تر ھەیە جگە لە اللە شەوتان وەک ڕۆژ بۆ ڕووناک بکاتەوە؟! ئایا بۆ ئەم بەڵگانە نابیستن، وە تێبگەن ھیچ پەرستراو و خوایەکی تر جگە لە اللە نییە کە بتوانێت پاش شەوی تاریک ڕۆژتان بۆ بکاتەوە؟؟

(72) وە - ئەی پێغەمبەر- پێیان بڵێ: ھەواڵم بدەنێ ئەگەر اللە تەعالا ڕۆژتان بۆ ھەمیشە و بەردەوام بکات و تا ڕۆژی قیامەت دونیا ھەر شەو بێت و ڕۆژ نەیەت، چی پەرستراو و خوایەتی تر ھەیە جگە لە اللە شەوتان بۆ بھنێنێت تاوەکو ئارام بن و پشووی تێدا بدەن؟! ئایا بۆ ئەم بەڵگانە نابینن، وە تێبگەن ھیچ پەرستراو و خوایەکی تر جگە لە اللە نییە کە بتوانێت پاش ڕۆژی ڕووناک شەوتان بۆ بھێنێت.

(73) - ئەی خەڵکینە - لەبەزەیی و ڕەحمەتی اللە یە شەوی بۆ تاریک کردوون تاوەکو دوای ماندووبون و کاری ڕۆژتان پشووی تێدا بدەن، وە ڕۆژی بۆ ڕووناک کردونەتەوە تاوەکو بە دوای بژێوی و ڕزق و ڕۆزیدا بگەڕێن، بۆ ئەوەی سوپاس و شوکری نیعمەت و بەخشش و چاکەکانی بکەن و ناشکور نەبن.

(74) ئەو ڕۆژەی پەروەردگاریان (جل جلالە) بانگیان دەکات و پێیان دەفەرموێت: کوان ئەو شەریک و ھاوەڵانەی جگە لە من دەتانپەرستن، وە واتان دەزانی ئەوانە شەریک و ھاوەڵی منن ؟

(75) لەناو ھەموو ئوممەتێک پێغەمبەرەکەیان دەھێنین و دەیکەین بە شاھید بەسەریانەوە، بەسەر کوفر و بێباوەڕییانەوە، ئەمجا بەھەریەک لەوانە دەڵێین باوەڕیان نییە و پێغەمبەرەکانیان بەدرۆ دادەنا لەو ئوممەتانە : بەڵگەکانتان بھێنن لەسەر ئەو کوفر و بێباوەڕییەی لە دونیا لەسەری بوون، کاتێک کە ھیچ بەڵگەیەکیان پێ نییە، ئەو کاتە دڵنیا دەبنەوە و دەزانن ئەو ھەق و راستییەی کە ھیچ گومانی تێدا نییە لای اللە تەعالایە، بەڵام ئەوانەی ئەوان کردبونیان بە شەریک و ھاوەڵی اللە ون دەبن و نامێنن.

(76) بێگومان قارون کە لە گەلەکەی موسا بوو، خۆی بەزلزانی بەسەریاندا، وە ھێندە خەزێنەی ماڵ و سامانمان پێدابوو، کلیلەکانی زۆر بەزەحمەت بە پیاوانێکی بەھێز ھەڵدەگیرا، گەلەکەی بە قارونیان وت: بەم سەروەت و سامانەت دڵخۆش مەبە و خۆت ھەڵمەکێشە بەسەر خەڵکیدا، بێگومان اللە تەعالا کەسانێکی خۆش ناوێت لەخۆبایی و لووت بەرزن و شانازی دەکەن بە ماڵ و سامانیانەوە بەسەر خەڵکیدا، بەڵکو ڕقی لێيانە و سزایان دەدات.

(77) لەو ماڵ و سامانەی اللە تەعالا پێی داویت پاداشتی ڕۆژی دوایی پێ بەدەست بھێنە، بەوەی لە ڕەزامەندی ئەو و کاری خێردا خەرجی بکە، وە بەشی خۆیشت لە دونیادا لەبیر مەکە لە خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگ و ناز و نیعمەتەکانی تر، بەبێ ئەوەی زیادەڕۆیی تێدا بکەیت و فەخر و شانازی بەسەر خەڵکییەوە پێوە بکەیت، وە لەگەڵ پەروەردگارت و بەندەکانی مامەڵە و ھەڵسوکەوتی جوان بکە، ھەروەک اللە تەعالا چاکەی لەگەڵ تۆدا کردووە، وە لەسەر زەویدا بەشوێن خراپەکاریدا مەگەڕێ بە گوناھ و تاوان کردن و گوێڕایەڵی نەکردنی، بێگومان اللە تەعالا ئەوانەی خۆش ناوێت لەسەر زەویدا خراپە بڵاو دەکەنەوە، نەک ھەر ھێندە بەڵکو ڕقیشی لێیانە.

(78) قارون وتی: ئەم سەروەت و سامانەم بە زانیاری و لێھاتوویی و دەسەڵاتی خۆم پەیدا کردووە، من شایستەی ئەوەم پێم دراوە، ئایا قارون نازانێت بێگومان اللە تەعالا لەناو ئوممەت و گەلانی پێشووتر کەسانێکی لەناو بردووە لەو بەھێزتر بوون لەویش سەروەت و سامانیان زیاتر بووە؟! ھێز و سەروەت و سامانەکەیان ھیچ سوود و قازانجێکی پێ نەگەیاندن، وە لە ڕۆژی دواییدا لەبەر ئەوەی اللە تەعالا ئاگادارە بەکار و کردەوەی تاوانباران ھیچ پرسیاریان لە بارەوە ناکات، پرسیار کردن لێیان پرسیاری سەرزەنشت و بێدەنگ کردنە.

(79) ڕۆژێک قارون خۆی ڕازاندەوە و ھاتە دەر بۆ ناو گەلەکەی، ئەوانەی مەبەستیان جوانی و ڕازاوەیی دونیا بوو لە کۆمەڵ و دەست و پێوەندەی قاروون، وتیان: خۆزگە ھێندەی بە قارون دراوە لە جوانی و ڕازاوەیی و سەروەت و سامانی دونیا بە ئێمەیش دەدرا، بەڕاستی قارون خاوەنی بەختێکی گەورەیە ئەمەی ھەموو پێدراوە.

(80) وە ئەوانەی خاوەن علیم و زانست بوون، کاتێک قارونیان بەو جوانی و ڕازاوەیی دونیاوە بینی، وە گوێیان لەوانە بوو ئاواتیان بەچی دەخواست وتیان: ھاوار بۆ ئێوە پاداشتی اللە تەعالا لە دواڕۆژ و ئەوەی لەناز و نیعمەت و بەخشش ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان ئەنجامداوە باشتر و چاکترە لەوەی لە جوانی و ڕازاوەیی دونیا دراوە بە قارون، اللە تەعالا ھیچ کەسێک موەفق ناکات بۆ ئەم وشەیە و کارپێکردنی ئەوانە نەبێت ئارامگرن، ئارام دەگرن لەسەر ھەڵبژاردنی ئەوەی لەپاداشتی ڕۆژی دوایی لای اللە تەعالایە بەسەر لەزەت و چێژی کۆتایی ھاتووی دونیا.

(81) قارون و کۆشک و تەلارەکەی و ئەوەیشی تێیدا بوو بردمان بەناخی زەویدا، لە تۆڵەی ئەو یاخی بوون و سەرپێچییەی کردی، ئەوسا ئیتر ھیچ دەستە و تاقمێکیشی نەبوو ڕزگاری بکات لەسزای اللە و یارمەتی بدات، وە خۆیشی لەوانە نەبوو بتوانێت خۆی ڕزگار بکات.

(82) وە ئەوانەی تا دوێنی پێش ئەوەی ببرێت بە ناخی زەویدا ئاواتیان بە قارون دەخواست وەک ئەو سەروەت و سامان و جوانی و ڕازاوەیی دونیایان ھەبوایە، بەداخ و حەسرەت و پەند وەرگرتنەوە دەیانووت: وای بۆ خۆمان چۆن نەمانزانی اللە تەعالا ڕزق و ڕۆزی خۆی زۆر دەکات بۆ ھەرکەسێک لە بەندەکانی بیەوێت، وە دەیگرێتەوە لەھەر کەسێکیش خۆی بیەوێت، ئەگەر بھاتایە اللە تەعالا منەتی نەکردایە بەسەرماندا ئەوا ئێمەیشی وەک قارون دەبرد بەناخی زەویدا، بەڕاستی بێباوەڕان لە دونیا و دواڕۆژدا ڕزگاریان نابێت، بەڵکو سەرەنجام و عاقیبەتیان خەسارۆمەندیە تێیاندا.

(83) ئەو ماڵی دواڕۆژەمان کردووە بە ماڵی نیعمەت و بەخشش و ڕێز بۆ ئەوانەی لووت بەرز و خۆبەزلزان نین لە زەویدا بەوەی باوەڕ نەھێنن و شوێن ھەق نەکەون، وە خراپەکاریشیان ناوێت بڵاوی بکەنەوە لە زەویدا، وە سەرنجامی چاکیش لەبەھەشت و ناز و نیعمەتەکانی، لە ڕەزامەندی پەروەردگار بۆ خواناسان و پارێزکارانە، ئەوانەی فەرمانەکانی ئەو جێ بەجێ دەکەن و دوور دەکەونەوە لە ڕێگریەکانی.

(84) ھەر کەسێک لە ڕۆژی قیامەتدا بە کردەوەی چاکەوە بگەڕێتەوە بۆ لای اللە تەعالا - لە نوێژ و زەکات و ڕۆژوو و کردەوە چاکەکانی تر- ئەوا پاداشتی چاکتر و باشتر لەو کردەوە چاکانەی بۆ ھەیە، چونکە ھەموو کردەوەیەکی چاکەی بە دە ھێندە بۆ دەنوسرێت، وە ھەر کەسێکیش لە ڕۆژی قیامەتدا بە کردەوەی خراپەوە بگەرێتەوە - لە بێباوەڕی و خواردنی سوود و زینا و داوێن پیسی و کردەوە خراپەکانی تریش - ئەوا تەنھا تۆڵەیان بە ھاوشێوەی خراپەکانی خۆیان لێ دەسەنرێت بێ ھیچ زیاد کردنێک.

(85) بێگومان ئەو زاتەی ئەم قورئانە پیرۆزەی بۆ دابەزاندیت، وە گەیاندن و کارپێکردنی پێویست کردووە لەسەرت، بەسەرکەوتوویی ئەتگێڕێتەوە بۆ شاری مەککە، - ئەی پێغەمبەر- بڵێ بە بتپەرست و موشریکەکان: پەروەردگارم زاناترە بەوەی کێ ھیدایەتی ھێناوە، وە کێیش گومڕا بووە بەگومڕاییەکی ڕوون و ئاشکرا، وە لەسەر ھیدایەت و ھەق و ڕاستی لایداوە.

(86) - ئەی پێغەمبەر- بیر لەوە بکەرەوە پێش بوونت بە پێغەمبەر تۆ گومانت نەدەکرد کە ئەم قورئانەت لە لایەن اللە تەعالاوە بە وەحی بۆ بێت، بەڵام لە سایەی بەزەیی و ڕەحمی پەروەردگارت فەرمانی کرد بۆت دابەزێت، کەواتە تۆیش پشتیوان و یارمەتیدەری بێباوەڕان مەبە لەسەر ئەو گومڕایی و سەر لێشێواوییەی لەسەرین.

(87) با ئەو بتپەرست و موشریکانە لات نەدەن لە گەیاندنی ئایەتەکانی اللە تەعالا دوای ئەوەی دابەزی بۆ سەرت، خوێندنەوە و گەیاندنی واز لێ بھێنیت، بانگەوازی خەڵکی بکە بۆ باوەڕ بە اللە و تەوحید و یەکخواپەرستی و کارکردن بە شەریعەتەکەی، وە لە ھاوبەشدانەران مەبە ئەوانەی لەگەڵ اللە خوایەکی تر دەپەرستن، بەڵکو لە یەکخواپەرستان بە، ئەوانەی بەتاک و تەنھایی اللە تەعالا دەپەرستن.

(88) لەگەڵ اللە ھیچ پەرستراوێکی تر مەپەرستە، وە ھیچ پەرستراو و خوایەکی بەھەق نییە جگە لەو، ھەموو شتێک لەناو دەچێت رووخساری پیرۆزی ( زاتی بەرز و بڵندی) ئەو نەبێت، حوکم فەرمان و بڕیاردان تەنھا ھەر بۆ ئەوە، وە چۆنیشی بوێت بەو شێوەیە حوکم و بڕیار دەدات، وە لە ڕۆژی قیامەتیشدا گەڕانەوە تەنھا بۆ لای ئەوە بۆ حساب و لێپرسینەوە و پاداشت و سزا وەرگرتن.