(1) ئەو پەروەردگارەی ئەم قورئانە پیرۆزەی ناردووە، خاوەنی سۆز و میھرە و کانگای ڕەحمەت و بەزەیی بێ سنورە.
(2) ھەر ئەو زاتە کە خەڵكی فێری خوێندنەوە و تێگەیشتنی قورئان کردووە، لەبەرکردن وتێگەیشتنی بۆ ئاسان کردن.
(3) ھەر ئەو زاتە لەسەرەتاوە مرۆڤی بەدیھێناوە، دواتریش شێوەی بەجوانترین شێواز ڕێكخستووه.
(4) وە فێریکرد کەچۆن بتوانێ ئەوەی لە دڵیدایە بیڵێ و دەری ببڕێ، بە گوفتار یان بە نووسین.
(5) خۆر و مانگیش بەفەرمانی پەروەردگار لەو خولگەی کە بۆیان دیاریکراوە بەبێ زیاد و کەم دەسوڕێنەوە، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان ژمارەی ساڵ و مانگەکان و حسێبی خۆیان بزانن.
(6) ڕووەکە بێ قەدەکان و درەختە بەرزەکانیش ھەموویان سوژدە دەبەن بۆ (اللە تعالی) و لەنەخشەی دیاری کراوی بەدیھێنەریان دەرناچن و ناترازێن و ملكەچی فەرمانی ئەون.
(7) پەروەردگار ئاسمانی بەرزی ڕاگرتووە بەسەر زەویدا، تەرازوو پێوەری لەسەر زەوی داناوە - ھەموو شتێک بەئەندازە و یاسایە - وە فەرمانیشی کردووە بە بەندەکانی کە دادپەروەر بن.
(8) - ئەی خەڵکینە - ئەو پەروەردگارەی تەرازووی حەق و دادپەروەری ھێناوەتە دی و بەفەرمان و فەرمایشتەکانی خۆی دەریخستووە، تا مرۆڤەکان لەسنووری هەق دەرنەچن و خیانەت نەکەن لە کێشانە و پێوانەدا.
(9) هەق و دادپەروەری دابمەزرێنن لەنێو خۆتاندا، پیادەی بکەن لەھەموو کارو بارێکدا، لەکێشانە و پێوانەدا دادپەروەر بن و زیاد و کەمی و ناپاکی تێدا نەکەن هەركاتێك بۆ خۆتان، یان بۆ كەسانی تر كێشاتان.
(10) پەروەردگار زەوی داناوە و ملکەچی کردووە بۆ بەدیهێنراوەكانی تا لەسەری نیشتەجێ ببن و ژیان بەرنه سەر.
(11) ھەموو جۆرە درەختێکی بەرداری تێدایە، وە دار خورمای تیادا ھێناوەتە کایە، کە یەکەم جار ھێشووەکەی لەناو کیفدا دروست دەبێت.
(12) ھەروەھا زەوی بەشێوەیەک فەراھەم ھێناوە کەھەموو جۆرە دانەوێڵەیەکی تیادا بڕوێت، وەک گەنم و جۆ، ھەروەھا گەلێک سەوزایی بۆنداریشی تیا ڕواندووە، وەک ڕێحانە و گوڵ.
(13) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(14) (اللە تعالی) ئادەمی (سەلامی خوای لێ بێت) لە قوڕی و شکەوەبوو بەدیھێناوە، کە ئەگەر پڵتۆکی لێبدرایە، دەنگی دەدایەوە. وەک قوڕی سورەوەکراو (فەخوری).
(15) ھەروەھا باوکی جنۆکەی لە بڵێسەی ئاگرێکی بێ دووکەڵ بەدیھێناوە.
(16) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(17) ھەر (اللە تعالی) خۆی پەروەردگاری ھەردوو ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوایە (کە لە ھەردوو وەرزی ھاوین و زستاندا زۆر ئاشکران).
(18) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(19) ئاوی ھەردوو دەریای - سوێر و سازگار - بە یەکی گەیاندوون، وەھا دەبینرێت کە تێکەڵ بوون، بەڵام لە ھەمان کاتدا تێکەڵیش نابن.
(20) چونکە لە نێوانیاندا بەربەستێک لە تەوژمی ئاو ھەیە کە ناهێڵێت تێکەڵ بن، ئاوە سازگارەکە بەسازگاری و سوێرەکە بەسوێری خۆی دەمێنێتەوە.
(21) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(22) لەو دوو جۆرە دەریایە مرواری و مەرجان گەورە و بچووك دەردەھێنرێت.
(23) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(24) تەنھا خۆی پەروەردگار -سبحانه وتعالى- خاوەنی ئەو کەشتیانەیە کە بەدەریاکاندا وەک کەژ و کێوی گەورە ھاتووچۆ دەکەن.
(25) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(26) ھەرچی لەم سەر زەویەدا ھەیە لەبەدیهێنراوەكان- مرۆڤـ بێت یان ھەر گیاندارێکی تر- ھەموویان لەناو دەچن، وە ھیچ چارەیەک نییە.
(27) ئەوەی دەمێنێتەوە تەنھا پەروەردگارتە -ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) - خاوەن شکۆ و بەخشندەیە بەسەر بەندەکانیەوە، ھیچ کاتێک تیاچوون ڕوی تێناکات.
(28) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(29) ھەرکەس لە ئاسماندایە وەک فریشتەکان و ئەوەی لە زەویدایە وەک جنۆکە و مرۆڤەکان - بە زمانی حاڵ - داوای یارمەتی و ڕەحمەت و بەخششی لێ دەکەن، (اللە تعالی) لەھەرکاتێکدا ڕووی لە کارێکە، وە ھەموو کارو باری ئەم بوونەوەرە بەوەوە بەستراوە و ھەر ئەو دەیبات بەڕێوە، لە ژیان و مردن و ڕزق و ڕۆزی وهتد.
(30) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(31) - ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە! - لە ڕۆژی قیامەتدا خۆمتان بۆ تەرخان دەکەم و دەتانخەمە ژێر حساب و لێپرسینەوە، تا ھەر کەسە و بەپێی کار و کردەوەکانی خۆی پاداشت و سزای خۆی وەربگرێتەوە.
(32) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(33) لە ڕۆژی قیامەتدا کاتێک پەروەردگار مرۆڤەکان و جنۆکەکان کۆدەکاتەوە لێیان دەپرسێت: ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە! ئەگەر تواناتان ھەیە و پێتان دەکرێت لە گۆشە و کەنارەکانی ئاسمان و زەوی دەرچن بۆ ئەوەی خۆتان لە لێپرسینەوەی پەروەردگار ڕزگار بکەن، دەفەرموون خۆتان ڕزگار بکەن؟! بەڵام ئێوە ناتوانن کاری وابکەن، مەگەر بەھێزێکی زۆر گەورە نەبێت و ڕوون، ئێوە لە کوێتان بوو؟!
(34) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(35) ئەنێرێتە سەرتان - ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە - چەند بڵێسەی لە ئاگر و مسی تواوە - کە دووکەڵی نییە- ھەر کاتێك ئەو سزایانەتان بۆ ھات بە ھیچ شێوەیەک ناتوانن خۆتان ڕزگار بکەن.
(36) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(37) ئینجا کاتێك ئاسمان لەت لەت بوو - بۆ ھاتنە خوارەوەی فریشتەکان - سوور ھەڵدەگەڕێت وەکو گوڵی سوور لە ڕەنگدا، وەکو ڕۆن لە بریسکەکەیدا.
(38) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(39) لەو ڕۆژە گەورەدا -کە مەبەستی قیامەتە- پرسیار لە گوناھەکانی ئینسانەکان و جنۆکەکان ناکرێت، چونکە پەروەردگار ئاگای لەھەموو کارەکانیانە.
(40) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(41) لەو ڕۆژەدا تاوانکار و تاوانباران ھەر بە روخساریاندا دەناسرێنەوە، ئەویش ئەوەیە ناوچاوانیان ڕەش دەبێت و چاویان شین و ئەبڵەق دەبێت، فریشتەکانی دۆزەخ دەستیان گیر دەکەن لەناوچاوانیان و قاچیان و گڵۆڵەیان دەکەن و بەتوندی فڕێیان دەدەنە ناو ئاگری دۆزەخ.
(42) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(43) بە شێوەیەکی ھەڕەشە ئامێز پێیان دەوترێت : ئەمە ئەو دۆزەخەیە، کە بێباوەڕان و ستەمکاران لە ژیانی دونیادا باوەڕیان پێی نەدەکرد و بەدرۆیان دەزانی، ئەوەتا لەبەر چاوتانە ئیتر ناتوانن ئینکاری بکەن.
(44) ئەو تاوانبارانە لەناو ئاگری دۆزەخدا لە نێوان ئاگرەکە و ئاوی زۆر گەرم و بەکوڵدا، ھەر دێن و دەچن و دەسوڕێنەوە.
(45) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(46) ئەوانەی کەلەژیانی دونیایاندا بە پێی ڕێنمایی ئاینی (اللە تعالی) ژیانی خۆیان بردووەتە سەرو بەچاکی (اللە تعالی) یان پەرستووە و چاکەکار بوون و ترسی وەستان لەپێش پەروەردگاریان لەدڵدا بووە، دوو دانە بەھەشتی ڕازاوەی پڕ لەباخی جوان، ئامادەیە بۆیان.
(47) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(48) باخەکانیش پڕن لەدرەختی گەڵا ناسکی جوان کە میوەکانیان شۆڕ بۆتەوە و دیمەنێکی دڵفڕێنیان ھەیە.
(49) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(50) ئەو دوو بەھەشتە دوو سەرچاوەی ئاوی سازگاری تێدایە جاری و ڕەوانە و بەژێر درەختەکان و بەبەردەم کۆشکەکاندا تێدەپەڕێت.
(51) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(52) لەو بەھەشتەدا لەھەموو چەشنە میوەیەکی تێدایە و لەھەر چەشنەش دوو جۆری تایبەتی تێدایە.
(53) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(54) بەھەشتییەکان لەناو باخەکانی بەھەشتدا لەسەر فەرش و ڕاخەری جوان و دڵگیر پاڵ دەدەنەوە، کە ناواخنەکانیان لە ئاوریشمی ئەستوورە و میوەی ھەردوو باخەکە بە دارەکانیانەوە تەواو نزم و شۆڕ بوونەتەوە و بەردەستە بۆ ئەوەی بەپێوەیە و ئەوەی دانیشتووە و ئەوەی پاڵکەوتووە.
(55) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(56) لەو ناو باخەدا ئافرەتانی شۆخ و شەنگی وایان تێدایە، کە تەنھا چاویان لە ھاوسەرەکانی خۆیانە و دڵیان ناچێتە سەر کەسێکی دیکە و پێش ھاوسەرەکانی خۆیان ھیچ کەسێک نە لەگرۆی ئادەمیزاد و نە لەجنۆکە نزیک نەبوونەتەوە لێیان.
(57) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(58) ئەو ئافرەتانە لەجوانی و ناسکی و شۆخ و شەنگیدا لەچەشنی یاقوت و مەرجان دەدرەوشێنەوە.
(59) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(60) ئایا پاداشتی خوداپەرستانی چاکەکار لە ڕۆژی قیامەتدا ھەر ئەوە نییە کە پەروەردگاریان بە چاکترین شێوە پاداشتیان بداتەوە؟!
(61) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(62) جا بێجگە لەو دوو بەھەشتەی کە باسکران، دوو بەھەشتی تریشمان ئامادە کردووە.
(63) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(64) ئەو بەھەشتانەش بە ھۆی چڕی و جوانی باخەکانیانەوە سەوزێکی تۆخی ڕازاوە دەنوێنن.
(65) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(66) ئەو دوو باخە دوو کانییان تیادایە کە ئاوی ڕوون و شیرین و سازگاریان لێ ھەڵدەقوڵێت، هەرگیز وشك ناكات.
(67) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(68) لەناو ئەو دوو باخەدا ھەموو جۆرە میوە و دارخورمای گەورە و ھەناری تێدایە.
(69) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(70) ھەروەھا ئەو دوو باخە ئافرەتی ڕەوشت جوان و شۆخ و شەنگیان تێدایە - حۆری -.
(71) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(72) ئەو ئافرەتانە - حۆرییەكان - چاوگەش و چاوڕەش لە دەوارە تایبەتییەکان داپۆشراون بۆ بەختەوەران ئامادەکراون.
(73) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(74) ئەو ئافرەتانەی بەھەشت - حۆرییەكان - پێش بەھەشتییەکان ھیچ کەسێک - نە لەگرۆی ئادەمی و نەلەگرۆی جنۆکە - نزیکیان نەکەوتوونەتەوە و نەچوونەتە لایان.
(75) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(76) ئەو بەختەوەرانە لەجێگە و ڕێگەی خۆش و ڕازاوەدا شانیان داداوە، کە بەپشتی و سەرینی سەوز باوی جوان نەخشێنراون و ھەموو شوێنێکی بەفەرش و ڕایەخی تایبەت داپۆشراوە.
(77) دەی کەواتە ئەی گرۆی ئادەمیزاد و جنۆکە، بەکام لە ناز و نیعمەتەکانی پەروەردگارتان بڕواناکەن و بەدرۆی دەزانن؟!
(78) بەڕاستی موبارەک و پیرۆز و ڕێزدارە ناوی ئەو پەروەردگارەی تۆ، چونکە ئەو پەروەردگارە زاتێکە خاوەنی ھەموو بەرزی و بڵندی و شکۆمەندییەک و چاکەیەکە بۆ بەندەکانی.