81 - At-Takwir ()

|

(1) کاتێک خۆر پێکھاتەکانی کۆکرایەوە و پێچرایەوە، ڕووناکی نەما.

(2) وە کاتێک ئەستێرەکان کەوتنە خوارەوە و ڕووناکیان سڕایەوە.

(3) وە کاتێک شاخەکان جوڵێنران ولەشوێنی خۆیان خزێنران.

(4) وە ئەگەر وشترە ئاوسەکان کە خاوەنەکانیان کێبڕکێ دەکەن لەسەریان پشتگوێ خران بەهۆی ئەوەى خاوەنەکانیان وازیان لێهێنان.

(5) وە کاتێک گیانداران کۆکرانەوە لەگەڵ مرۆڤ لەیەک شوێندا.

(6) وە کاتێک دەریاکان گڕدران ھەتا دەبن بە ئاگر.

(7) وە کاتێک گیانەکان جووت کرانەوە لەگەڵ ھاوشێوەکانیاندا، خراپەکار لەگەڵ خراپەکار جووت دەکرێت، و لەخواترس لەگەڵ لەخواترساندا جووت دەکرێت.

(8) وە کاتێک کچۆڵەی زیندەبەچاڵکراو، اللە -تەعاﻻ- پرسیاری لێکرد.

(9) بە چ تاوانێک کوشتیتیان بکوژانت؟!

(10) وە کاتێک پەڕاوی کردەوەی بەندەکان بڵاوکرایەوە، بۆئەوەی ھەموو یەکێک پەڕەی کردەوەی خۆی بخوێنێتەوە.

(11) وە کاتێک ئاسمان داماڵرا ھەروەک پێست لەمەڕ دادەماڵرێت.

(12) وە کاتێک دۆزەخ ھەڵگیرسێنرا.

(13) وە کاتێک بەھەشت نزیک کرایەوە لەپارێزکاران وخواناسان.

(14) کاتێک ئەمانە ڕوودەدەن ھەموو کەسێک دەزانێت بۆ ئەو ڕۆژە چی کردەوەیەکی پێشخستووە.

(15) اللە -تەعاﻻ- سوێند دەخوات بەو ئەستێرە نادیارانە پێش ھەڵھاتنیان لەشەودا.

(16) ئەو ئەستێرە گەڕۆکانەی لەخولگەی خۆیاندا وون دەبن لەکاتی ھەڵھاتنی بەرەبەیاندا وەک ئاسک دەچنە لانکەکانیان، واتە: ماڵەکانیان.

(17) وە سوێند دەخوات بەسەرەتای شەو کاتێک دێت، وە کۆتاییەکەی کاتێک پشت ھەڵدەکات.

(18) وە سوێند دەخوات بە بەرەبەیان کاتێک ڕووناکیەکەی دەردەکەوێت.

(19) بەڕاستی ئەو قورئانەی دابەزیووەتە سەر موحەممەد -صلی اللە علیە وسلم- قسەی اللە -تەعاﻻ-یە فریشتەیەکی متمانەپێکراوی بەڕێز گەیاندوویەتی کە ئەویش جبریلە -علیه السلام-، اللە -تەعاﻻ- متمانەی پێ بەخشیووە.

(20) خاوەن ھێز و پلەیەکی گەورەیە لای خاوەن عەرش -پاک وبێگەردی بۆ ئەو زاتە مەزنە-.

(21) بەگوێی دەکەن جێنشینانی ئاسمان، متمانە پێکراوە لەو وەحی ونیگایەی دەیگەیەنێت.

(22) ھاوڕێکەتان موحەممەد -صلی اللە علیە وسلم- ژیر وڕاستگۆ وئاقڵه، وەك خۆتان ناسیووتانە، بێ گومان شێت نییە وەک ئێوە ھەڵیدەبەستن بۆی.

(23) ئەو ھاوەڵەی ئێوە جبریلی بینیووە لەسەر ئەو شێوەی دروستکراوە لەسەری لەئاسۆی ئاسمانی ڕووندا.

(24) ئەو ھاوەڵەی ئێوە بێگومان ڕژد وچروک نییە بەرامبەرتان لەگەیاندنی ئەوەی فەرمانی پێکراوە پێتان، وە ھیچ پاداشتێک وەرناگرێت وەک ئەوەی کاھینەکان وەریدەگرن.

(25) وە ئەو قورئانە قسە وگوفتاری شەیتانی دەرکراو نییە لەبەزەیی ومیھرەبانی اللە -تەعاﻻ-.

(26) چی ڕێگەیەکە گرتوتانە بەر بۆ نکۆڵی كردن لە قورئان لەوەی کە لەلایەن اللە -تەعالا-ەوه هاتووە، لە دوای ئەو بەڵگانەی باسكران؟!

(27) قورئان جگە لەیادخەرەوە وئامۆژگاری نەبێت ھیچ شتێکی تر نییە بۆ جنۆکە ومرۆڤەکان.

(28) بۆ ئەو کەسانەی لەئێوە بیانەوێت بەڕێکی لەسەر ڕێگەی ڕاستی وهەق بڕۆن.

(29) ئێوە ئارەزووی گرتنەبەری ڕێگای ڕاست ناکەن، مەگەر ئەوەی اللە -تەعاﻻ- بیەوێت، كە پەروەردگاری ھەموو بەدیھێنراوەکانە.