17 - Al-Israa ()

|

(1) پاکوبێگەردی لە ھەموو ناتەواوی و کەموکورتیەک و گەورەیی و بڵندی بۆ ئەو دەسەڵاتەی کە ھیچ کەسێک دەسەڵاتی نییە بە سەریدا جگە لە خۆی، ئەو خوایەی کە بە ڕۆح و جەستە کاتێک بە خەبەر بوو شەوڕەوی کرد بەبەندەکەی خۆی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) لە مزگەوتی حەرامەوە بۆ (بیت المقدس) ئەو مزگەوتی دەوروبەریمان پڕ بەرەکەت و پیرۆز کرد بە بەروبومی میوە و کشتوکاڵ، وە بە جێگای زۆرێک لە پێغەمبەران، تاوەکو ھەندێک لەو نیشانانە ببینێت کە بەڵگەن لەسەر دەسەڵاتی خوای گەورە (سبحانە و تعالی) بێگومان خوای گەورە بیسەری ھەموو دەنگەکانە وە ھیچ شتێکی بیسراوی لا نھێنی و شاراوە نییە، وە بینەری ھەموو شتەکانە ھیچ شتێکی بینراوی لا نھێنی و شاراوە نییە.

(2) تەوراتمان دا بە موسا (سەلامی خوای لێ بێت) وە کردمانە مایەی ھیدایەت و ڕێنومایی کردن بۆ نەوەکانی ئیسرائیل، وە وتمان بەنەوەکانی ئیسرائیل: جگە لە من کەسێک تر نەکەنە دۆست و پشتیوانی خۆتان کە کاروبارەکانی خۆتانی بۆ بگێڕنەوە، بەڵکو تەنھا پشت و پەنا بە من ببەستن.

(3) ئێوە لە نەوەی ئەو کەسانەن کە نیعمەت و بەخششی خۆمانمان بەسەردا ڕشتن، ئەوانەی لەگەڵ نوحدا (سەلامی خوای لێ بێت) ڕزگارمان کردن لە نوقم بووونی ناو تۆفانەکە، جا ئەو نیعمەت و بەخششە وەبیر خۆتان بھێننەوە و سوپاس و شوکری خوا بکەن بە پەرستنی بەتاک و تەنھایی و گوێڕایەڵی بۆ کردنی، با لەمەشدا نوح سەرمەشقتان بێت، چونکە بێگومان نوح کەسێک بوو زۆر شوکر و سوپاسی خوای دەکرد.

(4) ھەواڵماندا بە نەوەکانی ئیسرائیل و لە تەوراتدا فێری ئەوەمان کردن کە ھەر دەبێت دووجار فەساد و خراپەکاری لە زەویدا بڵاو بکەنەوە، بە گوناھـ و سەرپێچیکردن و لە سنوور دەرچوون، وە بێگومان بەسەر خەڵکی ئەو سەردەمەدا بە زوڵم و ستەمکردن و یاخی بوون سەردەکەون بەسەریاندا.

(5) جا کاتێک فەساد و خراپەکاری یەکەمیان لێ ڕوو دەدات، ئەوا چەند بەندەیەکی خۆمان کە خاوەن ھێز و ئازایەتیەکی زۆرن زاڵ دەکەین بەسەریاندا دەیان کوژن و لەماڵ و حاڵی خۆیان دەریان دەکەن، ئەوانیش بەناو گشت وڵاتدا دەسوڕێنەوە، بەلای ھەر شتێکدا تێپەڕ دەکەن خراپی دەکەن و دەیشێوێنن، جا بزانن ئەم بەڵێنی تۆڵە سەندنەوە بڕیاری خوای گەورەیە و ھەر دەبێت بێتەدی و ھیچ شتێک نابێتە ڕێگر لەبەردەمیدا.

(6) پاشان - ئەی نەوەکانی ئیسرائیل - کاتێک تەوبەتان کرد و گەڕانەوە بۆ لای خوای گەورە دەسەڵات و زاڵ بوون و سەرکەوتنمان بۆ گەڕاندنەوە بەسەر ئەو کەسانەی زاڵ بووبوون بەسەرتاندا، ھەروەھا پاش ئەوەی ئەوان سەروەت و سامانتانیان بەتاڵانی برد ڕزق و ڕۆزی و منداڵمان بۆ زۆر کردن، وە وامان لێکردن کە لە دوژمنەکانتان زیاتر زۆرتر بن.

(7) - ئەی نەوەکانی ئیسرائیل - ئەگەر چاکە بکەن، وە بەو شێوەیە ئەنجامی بدەن کە داواتان لێکراوە ئەوا پاداشتی ئەوە بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە و خوای گەورە زۆر دەوڵەمەندە و ھیچ پێویستی بە کاروکردەوە و چاکەی ئێوە نییە، خۆ ئەگەر ھاتوو بە پێچەوانەوە کاروکردەوەی خراپتان ئەنجامدا، ئەوا ھەمدیسان خراپەکەی بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە، خوای گەورە ھیچ سوودێک لە چاکەی ئێوە نابینێت، ھەروەک چۆن کار و کردەوەی خراپی ئێوە ھیچ زیانێکی پێ ناگەیەنێت، جا کاتێک وادەی ئەنجامدانی خراپەکاریەکەی دووەمتان ھات ئەوا جارێکی تر دوژمنەکانتان بەسەردا زاڵ دەکەینەوە بۆ ئەوەی سووک و ڕیسوا و زەلیلتان بکەن، کە نیشانە و شوێنەواری خەمۆکی و زەبون کردنتان بەسەر ڕوخسارتانەوە بەدیار بکەوێت، بۆ ئەوەی ئەوان بچنە ناو (بیت المقدس) وە و تێکی بدەن ھەروەک چۆن جاری یەکەم چوونە ناویەوە و تێکیاندا و ڕووخاندیان، بۆ ئەوەی دەستیان بەسەر ھەرچیەکدا گرت بەتەواوی تێکی بدەن و وێرانی بکەن.

(8) - ئەی نەوەکانی ئیسرائیل - بەڵکو خوای گەورە دوای ئەم تۆڵە سەندنە توندە ڕەحمتان پێ بکات ئەگەر تەوبەتان کرد و گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار، وە کاروکردەوەکانتان چاک کرد، خۆ ئەگەر بۆ جاری سێھەم و زیاتر گەرانەوە بۆ سەر فەساد و خراپەکاری ئەوە ئێمەیش دەگەڕێینەوە بۆ تۆڵە سەندنەوە لێتان، وە ئاگری دۆزەخیش دەکەینە ڕاخەر و لانکەی بێباوەڕان کە ھەرگیز لێی دەرناچن.

(9) ئەم قورئانەی دابەزیوە بۆ سەر موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) ڕێنمونی خەڵکی دەکات بۆ سەر باشترین ڕێگا کە ڕێگای ئیسلامە، ھەروەھا ئەم قورئانە موژدە دەدا بەوانەی باوەڕیان بەخوا ھەیە و کاروکردەوەی چاکە ئەنجام دەدەن بەشتێک دڵیان خۆش بکات، ئەویش ئەوەیە موژدەیان دەداتێ کە لەلایەن خوای گەورەوە پاداشتێکی گەورەیان بۆ ھەیە.

(10) وە ھەواڵ دەدات بەوانەی باوەڕیان بە ڕۆژی قیامەت نییە، سزایەکی خراپیان بۆ ھەیە، بێگومان ئێمە لە ڕۆژی قیامەتدا سزایەکی بە ئێش و ئازاریان بۆ ئامادە دەکەین.

(11) مرۆڤی وا ھەیە لەبەر نەزانی و بێ ئاگایی بە دەرونی خۆی و ماڵ و مناڵ لەکاتی توڕەییدا نزای خراپ لە خۆی دەکات، ھەروەک چۆن نزای خێر بۆ خۆی دەکات، جا ئەگەر ھاتوو نزا خراپەکەیمان گیرا کرد ئەوا لەناو دەچێت، وە ماڵ و مناڵەکەیشی لەناو دەچێت، وە مرۆڤ حاڵی وایە کە زۆر پەلە ئەکات، بۆیە پەلە ئەکات لەوەی نزای خراپ لە خۆی و ماڵ و مناڵی دەکات.

(12) شەو و ڕۆژمان بەدیھێناوە و کردومانەتە دوو نیشانە و بەڵگە لەسەر تاک و تەنھایی خوای گەورە و دەسەڵاتی ڕەھای ئەو، جیاوازیان لە نێواندا ھەیە لە ڕووی کورتی و درێژی و ساردی و گەرمییەوە، شەومان تاریک کردوە و کردومانەتە مایەی ئارامی و حەسانەوە و کاتی خەوی، وە ڕۆژیشمان ڕووناک کردوەتەوە کە خەڵکی لەبەر ڕۆشنایی ڕۆژ ببینێت و بگەڕێن بە شوێن ژیان و گوزەرانی خۆیاندا، بە ئومێدی ئەوەی کە بە دوای یەکدا دێن و دەچن فێری ژمارەی ساڵەکان و لەوەی پێویستیانە فێری حسابکردنی مانگ و ڕۆژ و کاتژمێرەکان ببن، ھەموو شتێکمان بە وردی و تەواوی ڕوون کردوەتەوە تاوەکو شتەکان لە یەکتر جودا ببنەوە، وە کەسانێک لەسەر ھەق و ڕاستین لە باتڵ و ناھەق بەدیار بکەون.

(13) وامان کردووە لە ھەموو مرۆڤێک گەردنگیر و پەیوەستی ئەو کاروکردەوەیەی بێت پێی ھەڵدەستێ، پەیوەست بوونێک ھاوشێوەی ئەو ملوانکەیەی دەیکاتە گەردنی، کە لێی جیا نابێتەوە تاوەکو لەسەری لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، وە لەڕۆژی قیامەتیشدا نامەیەکی بۆ دەردەھێنین ھەرچی کار و کردەوەی ھەیە لەچاکە و خراپە ھەر ھەمووی بە کراوەیی لەبەردەمی خۆیدا دەبینێت.

(14) ئەو ڕۆژە پێی دەڵێین: - ئەی مرۆڤ - نامەی کردەوەکانت بخوێنەوە، وە لەسەر کردەوەکانت خۆت لێپریسنەوە لەگەڵ خۆتدا بکە، خۆت بەستە لە ڕۆژی قیامەتدا لێپرسینەوە لەگەڵ خۆت بکەیت.

(15) ھەرکەسێک ڕێگای باوەڕ و ھیدایەت بگرێتە بەر ئەوا پاداشتەکەی ھەر بۆ خۆیەتی، وە ھەر کەسێکیش گومڕا ببێت ئەوا سزای گومڕا بوونەکەی لەسەر خۆیەتی، ھیچ کەسێک گوناھی ھیچ کەسێکی تر ھەڵناگرێت، وە ئێمە سزای ھیچ گەل و نەتەوەیەک نادەین تاوەکو بەڵگەیان لەسەر دەچەسپێنین بەناردنی پێغەمبەران بۆ لایان.

(16) ئەگەر ویستمان خەڵکی شار و گوندێک بە ھۆی زوڵم و ستەمیانەوە لەناو ببەین، ئەوا فەرمان دەکەین بەخۆشگوزەرانەکانیان ملکەچی فەرمانەکانی خوا بن ئەوانیش ملکەچ و گوێڕایەڵ نابن، بەڵکو سەرپێچی دەکەن و لەفەرمانی خوای گەورە دەردەچن، ئەوسا بڕیارەکەی خوایان لەسەر پێویست دەبێت، کە سزایەکە لەڕیشکەوە دەریان دەھێنێت و بەتەوای لەناویان دەبات.

(17) ئای چەند گەل و نەتەوەی بێباوەڕمان لە دوای نوح لەناو برد، وەک گەلی عاد و سەمود! - ئەی پێغەمبەر - پەروەردگارت بەسە کەوا زانا و ئاگادارە بەھەموو کردەوەی بەندەکانی، ھیچ شتێکی لا نھێنی و شاراوە نییە، وە پاداشت و سزای ھەر ھەموویشیان دەداتەوە.

(18) ھەرکەسێک مەبەستی لە ئەنجامدانی کاری خێر و چاکە بەدەستھێنانی ژیانی دونیا بێت، وە باوەڕی بە پاداشتی ڕۆژی دوایی نەبێت، وە ھیچ گوێی پێ نەدات، ئەوا ئەوەی ئێمە خۆمان دەمانەوێت نەک ئەوەی ئەو کەسە خۆی دەیەوێت، بە زوویی ھەندێک لە خۆشی و نیعمەتەکانی دونیای دەدەینێ و ئاواتەکەی دەھێنینە دی، لە پاشان لە ڕۆژی قیامەتدا دەچێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە بەسەرزەنشتکراوی، وە بەدەست گەرماکەیەوە ئاھ و بێدادیەتی و دەتلێتەوە، لەبەر ئەوەی بەڕەزامەندی خۆی دونیای ویست و باوەڕی بە ڕۆژی دوایی نەکرد، وە لەڕەحم و میھرەبانی خوایش بەدوورە.

(19) وە ھەر کەسێکیش مەبەستی لە ئەنجامدانی کاری خێر و چاکە ڕەزامەندی خوای گەورە و خۆشبەختی ھەتا ھەتایی دواڕۆژ بێت، وە ھەوڵ و کۆششی بۆ بکات، ھەوڵ و کۆششێک دوور لەڕیا و ڕوپامایی و سومعە و ناوبانگ، وە باوەڕیشی ھەبێت بەوەی خوای گەورە ئیمان و باوەڕی لەسەر واجب و پێویست کردووە، ئەو کەسانەی ئابەو شێوەیەن ھەوڵ و کۆششەکانیان لای خوای گەورە جێگای سوپاسە و گیرای دەکات و چەند بەرامبەریش پاداشتی لەسەر وەردەگرن.

(20) - ئەی پێغەمبەری خوا - ھەریەکێک لەم دوو دەستەیە خراپەکار و دونیا ویستەکان لەگەڵ چاکەکار و دواڕۆژ ویستەکان، بێ بڕانەوە بەھرەمەند دەبن لەبەخششی پەروەردگارت، بەخششی پەروەردگارت لە دونیادا لەکەس ناگیرێتەوە، جا چاکەکار بێت یان خراپەکار (مەبەست لەوەیە خوای گەورە لە دونیادا ڕزق و ڕۆزی ھەردوولایان دەدات).

(21) - ئەی پێغەمبەر - بیربکەرەوە و تێڕامێنە بزانە چۆن لە دونیا لە ڕزق و ڕۆزی و پلەوپایەکاندا فەزڵی ھەندێکمان داوە بەسەر ھەندێکی تردا، بێگومان پلەوپایە و نیعمەت و بەخششەکانی دواڕۆژ بۆ باوەڕداران گەورەتر و باشترە لەوانەی دونیا، جا کەوابوو باوەڕدار دەبێت زیاتر ھەوڵی بۆ دواۆژ بێت.

(22) - ئەی بەندەی خوا - ھەرگیز نەکەیت لەگەڵ خوای گەورە کەسێکی تر بکەیت بە ھاوبەشی ئەو و بیپەرستیت، ئەو کاتە سەرزەنشتکراو دەبیت لای خوای گەورە ، وە لای بەندە چاکەکانی تری خوای گەورەش سوپاسکراو نابیت، وە سەرشۆڕ دەبیت و کەسیش نییە ببێت بە پشتیوان و کۆمەکت.

(23) - ئەی بەندەی خوا - پەروەردگارت بڕیاری داوە کە جگە لە ئەو ھیچ کەسێکی تر نەپەرسترێت، وە فەرمانی بەچاکە کردن کردووە لەگەڵ دایک و باوکدا، بەتایبەتی لەکاتی پیر بوون و چوون بەساڵیاندا، ئەگەر یەکێکیان یان ھەردووکیان لای تۆ پیر و لاواز بوون، ھەرگیز نەکەیت وشەیەکیان لە ڕوودا بەکار بھێنیت مانای بێزاری و بێتاقەت بوون لەدەستیان بگەیەنێت، وە نەکەیت پێیاندا ھەڵشاخێیت، وە وشەی نەشیاو بەکار نەھێنیت، وە ھەمیشە وشەی جوان و نەرم و نیانیان لەبەرامبەردا بەکار بھێنە.

(24) متەوازع و خۆبەکەم زان وزەلیلی بنوێنە بۆیان، وە زۆریش میھرەبان بە لەگەڵیاندا، وە لە خوای گەورە بپاڕێرەوە و بڵێ: ئەی پەروەردگارم لەبەر ئەوەی ئەوان بەجوانترین شێوە منیان گەورەکرد و پەروەردەیان کردم ڕەحمیان پێ بکە و میھرەبان بە لەگەڵیاندا.

(25) - ئەی خەڵکینە - پەروەردگارتان زانایە و شارەزایە دەزانێت چی لە دەروونتاندایە لە دڵسۆزی و ئیخلاص بۆ خوای گەورە لە پەرستن و ئەنجامدانی کارە چاکەکانتان، وە لەچاکە کردن لەگەڵ دایک و باوک، ئەگەر ھاتوو نیەت و مەبەستتان لەمامەڵە کردن لەگەڵ دایک وباوک و جگە ئەوانیش باش و چاک بێت، ئەوە بێگومان خوای گەورە بۆ تۆبەکاران و ئەوانەی دەگەڕێنەوە بۆ لای زۆر لێبوردەیە، جا ھەرکەسێک تەوبە بکات لەو کەم و کورتیانەی پێشتر ھەیبوون لە گوێرایەڵی نەکردنی فەرمانەکانی خوا و دایک و باوکی ئەوا خوای گەورە لێی خۆش دەبێت.

(26) - ئەی باوەڕدار - مافی خزمەکانت بدە لە بەجێھێنانی سیلەی ڕەحم لەگەڵیاندا و بەسەریان بکەرەوە، وە ھەژاران و ڕێبوارانیش بێ بەش مەکە لەوەی خوای گەورە پێی بەخشیویت، وە نەکەیت ماڵ و سەروەت و سامانت بە فێڕۆ بدەیت و لەگوناھ و تاواندا خەرجی بکەیت.

(27) بێگومان ئەوانەی ماڵ و سامانیان لە گوناھ و تاواندا خەرج دەکەن، وە زیادە ڕۆیی دەکەن لە خەرج کردنی، ئەوانە برا و ھاوکاری شەیتانەکانن، گوێڕایەڵیانن لەوەی فەرمانیان پێ دەکەن لە بەھەدەردان و بەفێڕۆدانی ماڵ و سامانیان، وە شەیتانیش بۆ پەروەردگاری خۆی سپڵە و ناسوپاسگوزار بوو، جگە سەرپێچی خوای گەورە ھیچ کارێکی تر ئەنجام نادات، وە فەرمانیش بەھیچ شتێک ناکات جگە ئەو کارە نەبێت دەبێتە مایەی خەشم و توڕەیی خوای گەورە.

(28) ئەگەر ڕووت لەو کەسانە وەرچەرخاند و لەبەر ئەوەی ماڵ و سامانت نەبوو ھیچ نەبوو بیاندەیتێ، وە چاوەڕوانی ڕەحمەت و میھرەبانی پەروەردگارت دەکرد تاوەکو لە ئایندەدا شتێکت بداتێ، ئەوە دەکرێت بەقسەیەکی نەرم و نیان و خۆش لەگەڵیان بدوێیت و بەڕێیان بکەیت، وەک ئەوەی نزای بەرەکەتی ڕزق و ڕۆزییان بۆ بکەیت، یان بەڵێنیان بدەیتێ ھەرکاتێک خوای گەورە ماڵ و سامانی پێ بەخشیت تۆ بەشی ئەوانی لێدەدەیت.

(29) دەست مەگرەوە لەبەخشینی ماڵ، وە زیادەڕۆیش مەکە لەبەخشینی، ئەو کاتە بەلۆمەکراوی دادەنیشیت و خەڵکی لۆمەت دەکەن لەبەر ئەوەی بەخیل و چروکیت و ماڵ نابەخشیت، یان ماڵ نابەخشیت لەبەر ئەوەی ھەرچی ماڵ و سامانت ھەیە بەبێھوودە خەرجی دەکەیت، پاشانیش ھیچ شک نابەیت بیبەخشیت.

(30) بێگومان پەروەردگارت ڕزق و ڕۆزی فراوان دەکات و دەیبەخشێت بەھەر کەسێک ویستی لەسەر بێت، وە لەبەر حیکمەتێکی زۆری خۆیشی تەنگی دەکات لەسەر ھەرکەسێک بیەوێت، بێگومان خوای گەورە ئاگادار و بینایە بەبەندەکانی خۆی، ھیچ شتێکی ئەوانی لا نھێنی و شاراوە نییە، کاروبارەکانی لە نێویاندا بە ویستی خۆی جێ بەجێ دەکات.

(31) مناڵەکانتان مەکوژن لە ترسی ھەژاری و نەداری لە داھاتوو ئەگەر ماڵ و سامانیان بۆ خەرج بکەن بترسن لەوەی ھەژار دەکەون، ئێمە ڕزق و ڕۆزی ئێوە و ئەوانیش دەدەین، بێگومان کوشتنی ئەوان تاوانێکی گەورەیە، چونکە ئەوان ھیچ تاوانێکیان نەکردووە و ھیچ ھۆکارێکیش نییە کوشتنی ئەوان پێویست بکات.

(32) ھۆشیار بن نزیک نەکەونەوە لە زینا و داوێن پیسی، وە نزیک نەکەونەوە لەو شتانەی ھاندەرن بۆ زیناکردن، چونکە بەڕاستی زینا و داوێن پیسی تاوان و کردەوەیەکی زۆر خراپە، وە ڕێگایەکی خراپیشە بۆ تێکەڵاو بوونی وەچەی خەڵکی، وە ھۆکاریشە بۆ سزای خوای گەورە.

(33) ئەو کەسە مەکوژن خوای گەورە ڕشتنی خوێنی حەرام کردووە بە باوەڕھێنان یان بە پێدانی ئەمان و دڵنیایی، مەگەر بەمافێک نەبێت کە خوای گەورە ڕێگای داوە بکوژرێت، وەک کەسێک لە ئیسلام پاشگەز ببێتەوە، یان بەردبارانکردنی ئەو پیاوەی ژنی ھێناوە یان ئەو ئافرەتەی شووی کردووە و زینا دەکەن، یان کوشتنەوەی کەسێک کەسێکی تری بەناڕەوا کوشتبێت، جا ھەرکەسێک بەناھەق و ستەم لێکراوی بکوژرێت بەبێ ھیچ ھۆکارێک کە کوشتنی ڕێگا پێ بدات، ئەوا دەسەڵاتمان بەمیراتگرەکەی داوە کە داوای کوشتنی بکوژەکە بکەنەوە، یان بەبێ ھیچ بریتی وەرگرتنێک بکوژەکە ببەخشن، یان لەبەرامبەر وەرگرتنی خوێنەکەی لە بکوژەکە ببورن، وە دەبێت کەسوکاری کوژراوەکە زیادەڕۆیی نەکەن لە تۆڵە سەندنەوەدا و سنووری خوای گەورە ببەزێنن، وەک ئەوەی بکوژەکە ئەتک بکەن و دەستکاری دەم و لووت و چاوی بکەن، یان بەشێوەیەک بیکوژنەوە کە کوژراوەکەی ئەوان بەو شێوەیە نەکوژرا بێت، یان کەسێکی تر لەبری بکوژەکە بکوژنەوە، بێگومان کارێکی لەو شێوەیە یارمەتییە بۆ کەسوکاری کوژراوەکە تاوەکو بتوانن تۆڵەی خۆیان وەربگرنەوە.

(34) ھەڵسوکەوت مەکەن بە ماڵ و سامانی ھەتیوانەوە، مەگەر بەباشترین شێوە نەبێت کە ماڵ و سامانەکەی ئەوان گەشە پێ بکات، یان بیپارێزێت لە تیاچوون، تا ئەو کاتەی ھەتیوەکە باڵغ دەبێت و ژیری و بیر و ھۆشی تەواو دەبێت، وە ئەو پەیمان و بەڵێنەیش لە نێوان ئێوە و خوای گەورە و ئێوە و خەڵکیدا ھەیە بێ کەم و کورتی بیبەنە سەر، بێگومان خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا لەو کەسە دەپرسێتەوە کە پەیمان و بەڵێنی لەگەڵ خەڵکیدا ھەبووە، ئایا وەفای کردووە پێی تاوەکو پاداشتی بداتەوە، یان ئایا وەفای پێ نەکردووە تاوەكو سزای بدات.

(35) کاتێک پێوانە بۆ خەڵکی دەکەن بە تەواوی بۆیان بپێون و ھیچی لێ کەم مەکەن، وە کێشانەیشتان دەبێت بەتەرازووی دادگەرانە بێت، کە ھیچی لێ کەم نەبێت و ھیچیشی لێ نەفەوتێت، کێشان و پێوانە بەو شێوەیە چاکتر و باشترە بۆتان لە دونیا و دواڕۆژیشدا، وە سەرەنجامی باشیشی ھەیە لە لای خوای گەورە لە تەرازوو بازی کردن لە پێوانە و کێشانەدا.

(36) ئەی ئادەمیزاد شوێن شتێک مەکەوه کە زانیاریت دەربارەی نییە، ئەو کاتە شوێن گومان و وەھم دەکەویت، بێگومان مرۆڤ بەرپرسە لە خێر و شەڕی ئەوەی بەکاری ھێناوە لە گوێ و چاو و دڵی، ئەگەر لەکاری خێردا بەکاری ھێناون خوای گەورە پاداشتی چاکی دەداتەوە، وە ئەگەر لەخراپەدا بەکاری ھێناون تۆڵەیان لێ دەسێنێتەوە.

(37) بە خۆبەزلزانین و دەعیەوە بەسەر زەویدا مەڕۆ، بێگومان بەم جۆرە ڕۆیشتنەت ناتوانیت زەوی لەت بکەیت، وە باڵایشت ناگاتە باڵای چیاکان لە بەرزی و بڵندیاندا، ئیتر لەبەر چی خۆت بەزل دەزانیت و فیز دەکەیت بەسەر خەڵکیدا؟

(38) - ئەی مرۆڤ - ھەموو ئەوانەی باسکران لە فەرمان و قەدەغە کراوەکان، خوای گەورە حەز بە خراپییەکانی ناکات و ڕازیش نابێت بەندەکانی ئەنجامی بدەن.

(39) ئەوەی ڕوونمان کردەوە بۆت لە فەرمانکردن بەکردەوە چاکەکان و ڕێگری کردن لە خراپەکان و باسکردنی ئەحکامەکان پەروەردگارت وەحی بۆ کردویت، جا کەوابوو ئەی مرۆڤ لەگەڵ (اللە) دا پەرستراوێکی تر دامەنێ، ئەو کاتە لە ڕۆژی قیامەتدا فڕێ بدرێیتە ئاگری دۆزەخەوە بەلۆمەکراوی، دەروونی خۆت و خەڵکیش لۆمەت بکەن و دەرکرابیت لە ڕەحمەت و میھرەبانی خوا.

(40) ئەی ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە فریشتەکان کچی خوان، ئایا - ئەی بت پەرست وموشریکینە - پەروەردگارتان بەقسەی خۆتان کوڕانی ھەڵبژاردووە بۆ ئێوە، وە فریشتەکانیشی کردبێت بەکچی خۆی؟ (پاک وبێگەردی وبەرز وبڵندی بۆ اللە تعالی) بێگومان ئێوە قسەیەکی گەورە و ناقوڵا وناشرین بۆخوا ھەڵدەبەستن، کە مناڵ بۆ خوا بڕیار دەدەن، وە وا گومان دەبەن کە خوای گەورە کچی ھەبێت ئەویش بۆ ئەوەی تەواو ملکەچی کوفر و بێباوەڕی ببن پێی.

(41) بێگومان لەم قورئانەدا ھەموو جۆرە ئەحکام و ئامۆژگاری و نمونە ھێنانەوەیەکمان باسکردوە و ڕوونمان کردووەتەوە، تاوەکو ئەو ڕێگایە بگرنە بەر کە سوودیان پێ دەگەیەنێت، وە واز لەوەیش بھێنن کە زیانی ھەیە بۆیان، کەچی ھەندێک لەوانەی فیترەتیان تێکچووە ئەم پەند و ئامۆژگاریانە ھیچیان بۆ زیاد ناکات وسوودی لێ نابینن جگە لە دوور کەوتنەوە وڕق بوونەوە لەھەق و ڕاستی نەبێت.

(42) - ئەی پێغەمبەری خوا - بەو موشریک و بتپەرستانە بڵێ: ئەگەر بھاتایە لەگەڵ (اللە) پەرستراو و خوایەکی تر ھەبوایە ھەروەکو چۆن بە درۆ و دەلەسە وا دەڵێن، ئەوا ھەریەک لەو پەرستراوانە ھەوڵی دەدا ڕیگایەک بۆ لای خوای خاوەن عەرش بگرێتە بەر تاوەکو زاڵ ببێت بەسەر موڵک و دەسەڵاتی ئەو و ململانێی لەگەڵدا بکات.

(43) پاکی و بێگەردی بۆ خوای گەورە لەوەی ئەو موشریک و بتپەرستانە بۆی بڕیار دەدەن، وە بەرزی و بڵندی گەورە بۆ ئەو لەوەی بۆی ھەڵدەبەستن.

(44) ھەر حەوت ئاسمانەکان و زەوی، وە ھەرچی لەناویشیاندا ھەیە، ھەمووی تەسبیحاتی خوای گەورە دەکەن، ھەرچی شتێک ھەیە خوای بەرز و بڵند بە پاک و بێگەرد دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوپاس و ستایشی ئەو دەکەن، بەڵام ھێندە ھەیە ئێوە تێناگەن لەم تەسبیحات و سوپاس و ستایشەی ئەوان، چونکە ئێوە تەنھا لەو تەسبیحاتە تێدەگەن بە زمانی خۆتان بکرێت، بێگومان خوای گەورە بەرامبەر بەندەکانی زۆر لەسەر خۆیە وھیچ پەلەی سزا و تۆلە سەندنەوەی نییە، وە زۆریش لێبوردەیە بۆ ئەوانەی تەوبە دەکەن لە گوناھەکانیان و دەگەڕێنەوە بۆ لای.

(45) - ئەی پێغەمبەر - ئەگەر قورئانت خوێندەوە، ئەو موشریک و بتپەرستانە گوێ بیستی ھەڕەشە و ئامۆژگارییەکانی بوون، ئەوا لە نێوان تۆ و ئەوانەی کە باوەڕیان نییە بە ڕۆژی قیامەت پەردەیەکی داپۆشەر دادەنێین، کە ڕێگری دەکات لەوەی لە قورئان تێبگەن، ئەوەیش وەک سزا و تۆڵەیەک بۆ ئەوان چونکە پشتیان کردوەتە شەریعەتەکەی خوا.

(46) چەند پەردە و بەربەستێکمان داوە بەسەر دڵیاندا بۆ ئەوەی لە قورئان تێ نەگەن، وە قورسی و گرانیشمان تووشی گوێکانیان کردووە تاوەکو گوێ بیستی نەبن، بیستنێک کە سوودی ھەبێت بۆیان، ئەگەر ھاتوو لە قورئاندا تەنھا ناوی پەروەردگارت دەھێنیت وباسی خوا درۆینەکانی ئەوان ناکەیت ئەوا پاشە و پاش دەگەڕێنەوە و دوور دەکەونەوە لە ئیخلاص و داننان بەیەکخواپەرستی ئەو.

(47) ئێمە لە ھەموو کەس چاکتر دەزانین سەرانی قوڕەیش بەچی مەبەستێک گوێ لە قورئان دەگرن، ئەوان ھیدایەت و ڕێنوماییان ناوێت، بەڵکو دەیانەوێت سوکایەتی بە قورئان بکەن و قسەی بێھودەی تێکەڵاو بکەن کاتێک تۆ قورئان دەخوێنیت، وە ئێمە بەو چرپانەیش کە مەبەستیان پێی درۆ و دەلەسە و ڕێگری کردنە لە قورئان زانا و ئاگادارین، ئەوانەی کە زوڵم و ستەم لە خۆیان دەکەن بەوەی کافر و بێباوەڕ بوون دەڵێن: - ئەی خەڵکینە - ئەگەر شوێنی ئەم پیاوە بکەون، ئەوا شوێن کەسێک دەکەون کە جادووی لێکراوە و عەقڵ و ژیری تێکچووە.

(48) - ئەی پێغەمبەر - بیر بکەرەوە و تێڕامێنە چۆن بە ناشیرینترین شێوەی جیاجیا وەصفت دەکەن، وە لەھەق و ڕاستی لایاندا، بۆیە سەرگەردان بوون و ھەق و ڕاستیان نەدۆزییەوە.

(49) موشریک و بتپەرستەکان وەک نکۆڵی و ئینکاری کردنی ڕۆژی زیندووبوونەوە، وتیان: کاتێک مردین و بووین بە ئێسک و پروسکی ڕزیوو، وە لاشەمان فەوتا و تیاچوو، ئایا جارێکی تر زیندوو دەکرێینەوە؟ بێگومان ئەوە کارێکی زۆر دوورە لەڕاستی.

(50) - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: ئەی موشریک و بتپەرستینە ئەگەر دەتوانن ببن بە بەرد لە ڕەقیدا، یان ببن بە ئاسن لە بەھێزیدا، دڵنیابن ھەرگیز ناتوانن شتی وابکەن.

(51) یان ببن بەھەر بەدیھێنراوێکی دیکەی گەورتر لەبەرد و ئاسن، سەختر و گەورەتر بێت وەکو ئاسمانەکان و زەوی و شاخەکان، خوای گەورە ھەروەک چۆن دەستی پێکردن ئاواش دەتانگێڕێتەوە، ھەروەک چۆن یەکەمجار بەدیھێنان ئاواش زیندووتان دەکاتەوە، ئەو کەلەسەختە نکۆڵی کەرانە دەڵێن: ئایا دوای مردنمان کێ جارێکی تر دەمانگێڕێتەوە و زیندوومان دەکاتەوە؟ ئەی پێغەمبەر پێیان بڵێ: ئەو زاتەی یەکەمجار بەبێ ئەوەی پێشووتر ھاوشێوەتان ھەبێت بەدیھێنان ھەر ئەو زاتە دەتانگێڕێتەوە و زیندووتان دەکاتەوە، ئەوانە لە وەڵامتدا بەگاڵتە پێکردن وسەر ڕاوەشاندنەوە، بەدوری دەزانن شتێکی لەو شێوەیە ڕووبدات ودەڵێن: ئەم گەڕاندنەوە و زیندووکردنەوە کەی ڕوو دەدات؟ تۆیش ئەی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) پێیان بڵێ: لەوانەیە نزیک بێت، چونکە ھەر شتێک ڕوو بدات ئەوا نزیکە ھاتنی.

(52) خوای گەورە دەتانگێڕێتەوە لە ڕۆژێکدا بانگتان دەکات بۆ زەوی کۆکردنەوە (زەوی مەحشەر) ، ئێوەش بەدەم سوپاسەوە وەڵامی خوای گەورە دەدەنەوە و ملکەچی فەرمانی دەبن، وە واگومان دەبەن تەنھا ماوەیەکی کەم لەسەر زەوی ژیاون و ماونەتەوە.

(53) - ئەی پێغەمبەر - بە بەندە باوەڕدارەکانم بڵێ: لە کاتی گفتۆگۆ کردن لەگەڵ یەکتردا با وشەی جوان و شیاو بەکار بھێنن، وە دوور بکەونەوە لە وتنی وشەی ناشیرین و ناپەسەند و بێزارکەر، چونکە بێگومان شەیتان بە ھەلی وەردەگرێت بە ھۆیەوە ژیانی دونیا و دواڕۆژیشیان لێ خراپ دەکات، بەڕاستی شەیتان دوژمنێکی دیاری مرۆڤە، بۆیە دەبێت ھۆشیار بن لێی و نەکەونە ناو فڕوفێڵەکانیەوە.

(54) - ئەی خەڵکینە - پەروەردگارتان زاناترە پێتان، وە ھیچ شتێکی لا نھێنی و شاراوە نییە، ئەگەر پەروەردگارتان بیەوێت میھرەبانیتان لەگەڵ دەکات و سەرکەوتووتان دەکات بۆ باوەڕ و ئەنجامدانی کاری چاکە، وە ئەگەر بیشیەوێت سزاتان بدات ئەوا بەو شێوەیە سزاتان دەدات کە باوەڕ نەھێنن و لەسەر کوفر و بێباوەڕی بمرن، - ئەی پێغەمبەر - ئێمە تۆمان نەناردووە کە وەکیل و بەرپرسیاری کاری ئەوان بیت بۆ ئەوەی زۆریان لێ بکەیت باوەڕ بھێنن وە ڕێگریان لێ بکەیت لەوەی کافر و بێباوەڕ بن، وە کاروکردەوەکانیان بژمێریت، بەڵکو تۆ تەنھا گەیەنەری ئەوەی پێیان کە خوای گەورە فەرمانی کردووە بە گەیاندنی.

(55) - ئەی پێغەمبەر - پەروەردگارت زاناترە بەو کەسانەی لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەن، وە زاناترە بەحاڵیان و بەوەیشی شایستەین ، وە ئێمە فەزڵی ھەندێک لە پێغەمبەرانمان داوە بەسەر ھەندێکی تریاندا، بە زۆری شوێنکەوتوان و دابەزاندنی کتێب و پەرتووک بۆیان، وە کتێبی زەبوریشمان بە داود پێغەمبەر بەخشیووە.

(56) - ئەی پێغەمبەر - : بەو موشریک و بتپەرستانە بڵێ: - ئەی موشریک و بتپەرستینە - کاتێک زەرەرو زیانێکیتان بۆ دادەبەزێت بانگی ئەو کەسانە بکەن کە بە خواتان دەزانین ئەو زیانەتان لەسەر لاببەن، بێگومان ئەوانە ناتوانن ھیچ زیانێکتان لەسەر ھەڵبگرن، وە لەبەر بێدەسەڵاتیان نایشتوانن بیگوێزنەوە بۆ کەسانێکی جگە لە خۆتان، وە ھەر کەسێکیش بێدەسەڵات و بێ توانا بێت بێگومان خوا نییە.

(57) ئەوانەی ئەوان ھاواریان بۆ دەبەن و لێیان دەپارێنەوە لە فریشتە و ھاوشێوەکانیان، ئەوان خۆیان پێشبڕکێ دەکەن ھێندەی دەتوانن کار و کردەوەی چاک بکەن و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بن تاوەکو لەپەروەردگاریان نزیک ببنەوە،وە بە ئومێدی ڕەحمەت و میھرەبانی خوای گەورەن، وە دەترسن لەوەی سزایان بدات، چونکە - ئەی پێغەمبەر - بێگومان سزای پەروەردگارت شایانی ئەوەیە بەندەکان لێی بەحەزەر بن و خۆیانی لێ بپارێزن.

(58) ھیچ گوند و شارێک نییە دانیشتوانەكەی بێباوەڕبن ھەر لە دونیادا پێش ھاتنی قیامەت بە ھۆی کوفر و بێباوەڕیانەوە ئیللا ئێمە سزایان بۆ دادەبەزێنین و لەناویان دەبەین، یان خەڵکی گوند و شارەکە بەسزایەکی سەخت و توند سزا دەدات بە کوشتن و ھاوشێوەکانی، ئەم لەناو بردن و سزادانە خوای گەورەیش بڕیارێکی خواییە و لە (لوح المحفوظ) دا نوسراوە.

(59) ئەوەی وای لێکردین کەواز بھێنین لەدابەزاندنی ئەو نیشانە و ئایەتە ھەست پێکراوانەی موشریک و بتپەرستەکانی قوڕەیش داوایان کردبوو، وەک زیندووکردنەوەی مردوو و ھەندێک نیشانە و ئایەتی تریش کەبەڵگەن لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەری خوا، تەنھا لەبەر ئەوە بوو لەڕابردوودا دامانبەزاندن بۆ ئوممەتانی پێشووتر، کەچی باوەڕیان پێنەکرد و بەدرۆیان زانی، بێگومان نیشانە و ئایەتێکی گەورە و ڕوونمان دابە گەلی سەموود کە بریتی بوو لە وشترەکە، کەچی باوەڕیان پێنەکرد، ئێمەیش خێرا سزامان بۆ ناردن، ئێمە ھەر بۆ ترس وەبەرنانی بێباوەڕان و گەلە یاخییەکان ئایەت و نیشانەکان لەسەر دەستی پێغەمبەران دەنێرین، بەڵکو موسڵمان بن و باوەڕ بھێنن.

(60) - ئەی پێغەمبەری خوا - وە بیر خۆتی بھێنەوە کاتێک پێمان وتی: پەروەردگارت بە دەسەڵات و علیمی خۆی دەوری خەڵکی داوە، وە ناتوانن لە موڵک و دەسەڵاتی ئەو دەرچن، خوای گەورە تۆ دەپارێزێت لەوان، بۆیە ھیچ مەترسە و ئەوەی فەرمانت پێکراوە بە گەیاندنی بەخەڵکی پێیان بگەیەنە، وە ئەوەی لەشەوی ئیسرادا بە چاوی خۆت بینیت و پیشانمان دایت بۆ تاقیکردنەوەی خەڵکی بوو، ئایا باوەڕی پێدەکەن، یان بە درۆی دەزانن؟ وە درەختی زەققومی نەفرین لێکراویش کە لە قورئاندا باسکراوە و لەبنەوەی دۆزەخ دەڕوێت ھەر بۆ تاقیکردنەوەی بێباوەڕانە، جا ئەگەر ئەوان باوەڕیان بەم دوو بەڵگە و نیشانە نەھێنا ئیتر باوەڕ بەھیچی تریش ناکەن، وە ئێمە بە دابەزاندن و ناردنی بەڵگە و نیشانەکان دەیانترسێنین، کەچی ترساندنیان زیاتر بەردەوامیان دەکات لەسەر بێباوەڕی و ڕۆچوون لە گومڕاییدا.

(61) - ئەی پێغەمبەری خوا - وەبیر خۆتی بھێنەرەوە کە پێمان وتی: بە فریشتەکانمان وت: سوژدەی سڵاو و ڕێز بۆ ئادەم ببەن نەک سوژدەی پەرستن، ھەر ھەموویان گوێڕایەڵ بوون و فەرمانەکەیان جێ بەجێ کرد، بەڵام ئیبلیس سوژدەی بۆ ئادەم نەبرد لەبەر ئەوەی خۆی بەگەورە زانی، وە وتی: ئایا من سوژدە بۆ کەسێک ببەم لە کاتێدا ئەو لە گڵ دروستکراوە، و منیش لە ئاگر ؟ بێگومان من لەو بەرێزترم.

(62) ئیبلیس بە پەروەردگاری وت : پێم ناڵێیت ئەم بەدیھێنراوە چییە کە ڕێزیت دا بەسەر مندا بەوەی فەرمانت پێکردم سوژدەی بۆ ببەم؟ ئەگەر تا کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی دونیا و ھاتنی قیامەت مۆڵەتم بدەیت و بە زیندوویی بمھێڵیتەوە ئەوا مەرج بێت وەچە و نەوەکانی ئادەم ھەر ھەموویان گومڕا و سەرلێشێواو بکەم و لەسەر ڕێگای ڕاست لایانبدەم، جگە کەمێکیان نەبێت لەوانەی کەتۆ پاراستونت و لەبەندە موخلیص و دڵسۆزەکانتن.

(63) پەروەردگاری پێی فەرموو: خۆت و ئەوانەیش کە گوێڕایەڵتن بڕۆن چیتان پێ دەکرێت بیکەن، ھەر کەسێک لەوان گوێڕایەڵیان کردیت ئەوا ئاگری دۆزەخ سزای پڕ بەپڕی کاروکردەوەی تۆ و ئەوانیش بێت.

(64) ھەر کەسێک لەوان تۆ پێی دەوێریت بە بانگەوازەکەت سوک و ڕیسوایان بکەیت بۆ ئەوەی سەرپێچی من بکەن ئەوا درێغی مەکە و بیکە، وە بەگشت لەشکری سوار و پیادەتەوە، ئەوانەی دێن بەدەم بانگەوازەکەتەوە و گوێڕایەڵیت دەکەن بۆیان بڕۆ و گومڕایان بکە، وە ببە بەھاوبەشیان لە ماڵیاندا بەوەی ھەرچی ڕێگای ناشەرعی و حەرامە بۆیان بڕازێنەوە بۆ ماڵ پەیدا کردن، وە بەشداریان بکە لە مناڵیشیاندا بەوەی زینا و داوێن پیسیان لا جوان و ڕازاوە بکەیت کە مناڵیان بە زینا ببێت، وە بەناوی غەیری خواوە ناو بنرێن، وەک (عبدالعزی و عبد المنات) وە بەڵێنی درۆ و ئومێد و ھیوای ناڕەوایان لابڕازێنەوە، بەو جۆرە بەڵێنیان پێ بدە، وە ھەرچی بەڵێنی شەیتانە ھەموی درۆیە، بۆ ئەوەی لەخشتەیان بەرێت و بیاخەڵەتێنێت.

(65) بێگومان بەندە باوەڕدارە کردەوە جوانەکانی من، ئەوانەی گوێڕایەڵی من دەکەن، - ئەی ئیبلیس - تۆ دەسەڵاتت نییە بەسەریاندا، چونکە بێگومان خوای گەورە ئەوان دەپارێزێت لە شەڕ و خراپەی تۆ، وە پەروەردگاریشت بەسە کە پارێزەر و پشتیوان و چاودێری ئەو کەسانە بێت کە لەسەرجەم کارو بارەکانیاندا پشتی پێ دەبەستن.

(66) ئەی خەڵکینە پەروەردگارتان ئەو زاتەیە کە کەشتیەکانتان لەدەریادا ھاتوچۆ پێ دەکات، بۆ ئەوەی ڕزق وڕۆزی لەڕێگای بارزگانی وشتی تریشەوە بەدەست بھێنن، بێگومان خوای گەورە زۆر بەسۆز ومیھرەبانە بەرامبەرتان، چونکە ئەم ھۆکارانەی بۆ ئاسان کردوون

(67) - ئەی موشریک و بتپەرستینە - کاتێک تووشی بەڵا و ناخۆشیەک دەبن لەناو دەریادا و ترسی ئەوەتان لێ دەنیشێت کە تێیدا لە ناو ئەچن وئەمرن، ئەوەتان لەبیر نامێنێت کەپێشتر غەیری خواتان پەرستووە، بۆیە دەست دەکەن بە ھاوار کردن و پاڕانەوە لە خوای گەورە (اللە تعالی)، جا کاتێک خوای گەورە ھات بەھاناتانەوە و ڕزگاری کردن لەوەی لێی دەترسان، وە گەیشتنە وشکانی جارێکی تر پشت دەکەنەوە لە یەکخواپەرستی و بە تەنھا ھاوار کردنە زاتی بەرز و بڵندی ئەو، وە دەگەڕێنەوە سەر بتپەرستی، بەراستی مرۆڤ سپڵە و نکۆڵکەری نیعمەت و بەخششەکانی خوای گەورەیە.

(68) - ئەی موشریک و بتپەرستینە - ئایا دوای ئەوەی خوای گەورە ڕزگاری کردن و گەیاندنیەوە وشکانی ئاخۆ لەوە دڵنیان کە خوای گەورە ناتانبات بەناخی زەویدا؟ یان لەوە دڵنیابوونەتەوە وەک گەلی لوط بەردبارانتان ناکات؟ ئەمجا ئەو کاتە کەستان دەست نەکەوێت بتانپارێزێت لەسزای خوا، یان یارمەتیدەرێک لەتیاچوون ڕزگارتان بکات.

(69) یان لەوە دڵنیان کە جارێکی تر خوای گەورە ناتانگەڕێنێتەوە بۆ ناو دەریا، وە ڕەشەبایەکی توندتان بۆ ھەڵناکات، ئەو کاتە بە ھۆی ئەوەی کە شوکری ئەو خوایەتان نەکرد لەسەر نیعمەت و بەخششی ڕزگارکردنتان لەناو دەریا نوقمتان بکات؟ پاشان ھیچ پشتیوان ویارمەتیدەرێک نابیننەوە لەبەرامبەر ئەوەی پێمان کردن ببێتە داواکار لەسەرمان و داوای مافتان بکات.

(70) بێگومان ئێمە ڕێزێکی زۆرمان لە نەوەکانی ئادم ناوە، ژیری و زانیاری و لەش ولاری ڕێک و پێکمان پێ بەخشی ، وە فەرمانمان کرد بەفریشتەکان سوژدە بۆ باوکە گەورەیان ببەن، وە چەندین شتی تریش، وە ھەرچی شتێکیش ھەڵیان دەگرێت و دەیانگوازێتەوە لە گیانلەبەران و ھۆیەکانی گواستنەوە لە وشکانی، وە لە کەشتی و پاپۆڕەکانی ناو دەریاش ھەر ھەموویمان بۆ دەستەمۆ و ڕام کردوون و لەخزمەتی ئەواندان، وە ڕۆزیمان داون لە خواردن وخواردنەوەی پاکوخاوێن و ھاوسەرگیری کردن لەگەڵ ئافرەتانی داوێن پاک، وە فەزڵ و ڕێزی ئەوانیشمان زۆر داوە بەسەر تەواوی بەدیھێنراوەکانی تردا، بۆیە پێویستە لەسەریان شوکر و سوپاسی ئەو نیعمەت و بەخششانە بکەن خوای گەورە پێی بەخشیوون.

(71) - ئەی پێغەمبەری خوا - ئەو ڕۆژەیان وە بیر بھێنەرەوە کەخوای گەورە بانگی ھەموو کۆمەڵە و دەستەیەک دەکات لەگەڵ ئەو پێشەواو سەرکردەیەی کە لەژیانی دونیادا چاویان لێدەکردن و بە شوێن ئەواندا دەڕۆیشتن، جا لەو ڕۆژەدا ھەر کەسێک نامەی کردەوەکانی درایە دەستی ڕاستی، ئەوا بەخۆشی و شادیەوە نامەی کردەوەکانیان دەخوێننەوە، وە ھیچ شتێکیش لە پاداشتی کردەوەکانیان کەم ناکات ئەگەر بە ئەندازەی تاڵی دەزووی ناو دەنکە خورمایەکیش بێت.

(72) ھەر کەسێک لە ژیانی دونیادا دڵی کوێر بێت لە ئاست وەرگرتنی ھەق و ڕاستی و ملکەچ بوون بۆی، ئەوا لە ڕۆژی دواییدا خراپتر کوێر دەبێت، وە ڕێنمونی ناکرێت بۆ چوونە بەھەشت، وە گومڕا دەبێت و ڕێگای ھەق و ھیدایەت ون دەکات، چونکە پاداشت بەپێی کاروکردەوەیە، کار وکردەوەت چاک بوو پاداشتەکەیشی چاک دەبێت، وە پەنا بەخوا خراپیش بوو پاداشتەکەیشی خراپ دەبێت.

(73) - ئەی پێغەمبەر - نزیک بوو موشریک و بتپەرستەکان لات بدەن لەو قورئانەی کە بۆمان وەحی کردوویت و دامان بەزاندووە بۆت، تاوەکو قسە و درۆ لەسەر ئێمە ھەڵبەستیت بەشێوەیەک لەگەڵ ھەواو وئارەزووی خۆیاندا بگونجێت، ئەگەر ھاتوو ئەوەت کرد کە ئەوان دەیانەویست ئەوا دەیانکردیتە دۆست و خۆشەویستی خۆیان.

(74) ئەگەر بھاتایە منەتی ئەوەمان نەکردایە بەسەرتا بەوەی لەسەر ھەق و ڕاستی تۆمان چەسپاو و دامەزراو نەکردایە ئەوا نزیک بوو لەبەر بەھێزی فڕوفێڵ و تەڵەکەبازیان کە تۆ ھەر سوریت لەسەر باوەڕھێنانیان، بەلاڕێدا بتبەن و ھەندێ مەیلت بچێت بەلایاندا، ئەو کاتە ھاوڕا دەبوویت لەوەی بۆیان پێشنیار کردبوویت، بەڵام ئێمە تۆمان پاراست و نەمانھێشت مەیلی دڵت بچێت بەلایاندا.

(75) ئەگەر بھاتایە مەیلی دڵت بچوایە بەلایاندا لەوەی بۆیان پێشنیار کردبوویت، ئەوا لە ژیانی دونیا و دواڕۆژیش دوو بەرامبەر سزامان دەدایت، وە پاشان کەسیشت دەست نەدەکەوت بێت بەھاناتەوە سەرتبخات و سزای ئێمەت لەسەر لاببات.

(76) - ئەی پێغەمبەر - نزیک بوو بێباوەڕان بە دوژمنایەتیان بۆت ھەراسانت بکەن، بۆ ئەوەی لە شاری مەککە وەدەرتنێن، بەڵام خوای گەورە ڕێگری لێکردن کە دەرت بکەن تا ئەو کاتەی بەفەرمانی پەروەردگارت کۆچت کرد بۆ مەدینە، ئەگەر دەریانبکردیتایە دوای دەرچوونی تۆ تەنھا ماوەیەکی کەم دەمانەوە ھەتا سزا و تۆڵەی بەپەلەیان بۆ دەھات.

(77) ئەو حوکمەی باسکرا ئەگەر وەدەرتنێن پاش وەدەرنانی تۆ ماوەیەکی کەم دەمێننەوە، سوننەت و باوی نەگۆڕی خوای گەورە بوو بۆ ئەو گەل و نەتەوانەی پێش تۆ پێغەمبەرەکانیان بەو شێوەیە ناچار بەدەرچوون لەماڵ و حاڵی خۆیان کرد، ھەر گەل و نەتەوەیەک پێغەمبەرەکەیان وەدەرنابێت خوای گەورە سزای خۆی بۆ دابەزاندوون، ئەی پێغەمبەر ھیچ سوننەت و باوێکی ئێمە نابینیت گۆڕانکاری بەسەردا ھاتبێت و بگۆڕدرێت، بەڵکو بەجێگیری و نەگۆڕی دەیبنیت.

(78) نوێژە فەرزەکان بەجوانترین شێوە و ھەر هەموو نوێژێک لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدە، لەو کاتەی ڕۆژ لە نێوەڕاستی ئاسمان لادەدا، ئەمەش نوێژی نیوەڕۆ و عەسر دەگرێتەوە، تا ئەو کاتەی تاریکی شەو دادێت، ئەمەش نوێژی شێوان و خەوتنان دەگرێتەوە، وە نوێژی بەیانیش بکە وە خوێندنی قورئانی تێدا درێژ بکەرەوە، نوێژی بەیانی فریشتەکانی شەو فریشتەکانی ڕۆژ ئامادەی دەبن.

(79) - ئەی پێغەمبەر - لە بەشێکی شەویشدا ھەستەوە و خۆت ماندوو بکە بە شەونوێژ بەسەری بەرە، بۆ ئەوەی شەونوێژەکەت پلە وپایەت زیاتر بەرز بکاتەوە لای خوای گەورە، بە ئومێدی ئەوەی خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا بتکاتە تکاکار و شەفاعەتکاری خەڵکی لای خۆی بۆ ڕزگار بوونیان لەو ناڕەحەتی و ناخۆشیەی تێی کەوتوون لەو ڕۆژەدا، ئەمەش ببێت بەگەیشتن بەپلە و پایەی شەفاعەتی بەرز و بڵند کە ئەوەل و ئاخیری خەڵکی ستایشی دەکەن.

(80) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: ئەی پەروەردگارم چوونە ژوورەوە و ھاتنە دەرەوەم ھەر ھەمووی بکە بەمایەی خێر و چاکە و گوێڕایەڵی و ڕەزامەندی خۆت، وە لەلایەن خۆتەوە بەڵگە و حوججەتێکی ڕوون و ئاشکرام پێ ببەخشە کە سەرم بخەیت بەسەر دوژمنەکەمدا.

(81) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ بەو موشریک و بتپەرستانە: ئاینی پیرۆزی ئیسلام ھات، وە ئەوەی خوای گەورە بەڵێنی دابوو ھاتەدی و ئاینەکەی خۆی سەرخست و شیرک و بتپەرستیش ڕۆیشت و ھەڵوەشایەوە و نەما، بێگومان باتڵ و ناھەق تیادەچێت و لەبەرامبەر ھەق و ڕاستیدا خۆی پێ ناگیرێت و دەفەوتێت.

(82) ئێمە ئایەتەکانی قورئان بۆ تۆ دادەبەزێنین كە شیفای دڵ و دەروونە بۆ نەخۆشیەکانی نەزانین و بێباوەڕی و شیرک و ھاوەڵ بڕیاردان، ھەروەھا خوێندنەوەی ئەو ئایەتانە دەبێتە شیفای نەخۆشیەکانی لاشە و جەستەیش ئەگەر ڕوقیەی شەرعی پێکرا، وە دەبێتە مایەی ڕەحم و میهرەبانی بۆ ئەو باوەڕدارانەی کاری پێدەکەن، وە ئەم قورئانە لەگەڵ ئەوەدا دەبێتە مایەی زیان بۆ بێباوەڕان، جگە لەیاخی بوون شتێکی تریان بۆ زیاد ناکات، چونکە بیستنی قورئان توڕەیان دەکات، وە زیاتر تووشی ملھوڕی و بێباوەڕی و پشت ھەڵکردنیان دەکات لە بەرنامەکەی خوا.

(83) ئەگەر نیعمەت و بەخششی خۆمان ڕشت بەسەر مرۆڤدا، وەک نیعمەتی لەش ساغی و دەوڵەمەندی ئەوا پشت ھەڵدەکات لە خوای گەورە و شوکر و سوپاسی ناکات و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی نابێت، وە ڕووی خۆی وەردەگێڕێت لە ملھوڕی و خۆبەزلزانینی زیاتر لەخوا دوور دەکەوێتەوە، جا ئەگەر دووچاری نەخۆشی یان ھەژاری یان ھەر ناخۆشی و بەڵاو موسیبەتێک بوو، ئەو کاتە زۆر بێ ئومێد ئەبێت لە ڕەحمەت و میھرەبانی خوا.

(84) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: ھەموو مرۆڤێک بەو شێوەیە کار دەکات کە لەگەڵ حاڵی خۆی لە ھیدایەت و ڕێنمونی و گومڕایی گونجاوە، پەروەردگارت زاناترە و لەھەموو کەس چاکتر دەزانێت بەحاڵی ئەو کەسەی زیاتر ھیدایەت و ڕێنمونی وەرگرتووە و لەسەر ھەق و ڕاستییە.

(85) - ئەی پێغەمبەری خوا - بێباوەڕانی ئەھلی کتاب پرسیارت لێدەکەن لە بارەی حەقیقەتی گیان و ڕۆحەوە، تۆیش پێیان بڵێ: جگە لە خوای گەورە (اللە تعالی) ھیچ کەسێکی تر حەقیقەتی گیان و ڕۆح نازانێت، وە ھیچمان نەداوە بە ئێوە و تەواوی بەدیھێنراوەکانی تریش جگە لە زانست و عیلمێکی کەم نەبیت بە بەراوردکردن بە عیلم و زانستی خوای گەورە.

(86) - ئەی پێغەمبەر - سوێند بێت بە (اللە) ئەگەر بمانویستایە ئەوەی دامانبەزاندووە بۆت لە وەحی و سروش ، لە سینگ و نێو پەرتووکەکانیش بمانسڕیایەتەوە ئەوا دەمانسڕیەوە، پاشان کەسیشت دەست نەدەکەوت کەسەرخەر و پشتیوانت بێت و قورئانت بۆ بگێڕێتەوە.

(87) بەڵام بە ڕەحم و میھرەبانی پەروەردگارت ئەوانمان لەناونەبرد و بەزەییمان پێیاندا ھاتەوە و وازمان لێھێنان، بێگومان فەزڵ و بەخششی پەروەردگارت بەسەرتەوە گەورەیە، ئەوەتانێ کردویتی بە پێغەمبەر، وە پەیامی پێغەمبەرانی پێ کۆتایی ھێناویت، وە قورئانیشی بۆ دابەزاندویت.

(88) - ئەی پێغەمبەری خوا - بڵێ: ئەگەر ھەموو مرۆڤ و جنۆکە کۆببنەوە بۆ ئەوەی ھاوشێوەی ئەم قورئانە لەڕەوانبێژی و جوانی ڕێکخستنی ماناکانی و وردی ئەحکامەکانی بھێنن کە دابەزیوە بۆت، ھەرگیز ناتوانن ھاوشێوەی ئەم قورئانە بھێنن، ئەگەر چی ھەندێکیان ھاوکار و پاڵپشتی ھەندێکی تریان بن.

(89) بێگومان ئێمە لەم قورئانەدا چەندین نموونەمان بۆ خەڵکی ڕوون کردوەتەوە، وە ئەم نموونانەمان جۆرا و جۆر کردووە لەپەند و ئامۆژگاری و فەرمانکردن و ڕێگریکردن و گێرانەوەی چیرۆکی پێغەمبەران و ئوممەتانی پێشوو بەئومێدی ئەوەی باوەڕ بھێنن، بەڵام زۆربەی خەڵکی لەبەر بێباوەڕییان بەھەق و ڕاستی و نکۆڵی کردنیان لە موعجیزە و ئایەتەکانی خوا باوەڕیان نەھێنا.

(90) موشریک و بتپەرستەکان وتیان: ھەرگیز باوەڕت پێ ناھێنین تا لە خاکی مەککە کانیاوێکمان بۆ ھەڵنەقوڵنێنیت بەردەوام لەسەری بڕوات.

(91) یان باخێکی پڕ لە خورما و ترێت هەبێت، بە ناویدا ڕوبار و چەم و جۆگەی فراوان بڕوات.

(92) یاخود ئاسمان پارچە پارچە ببێت و بە سەرماندا بڕوخێت وەک پێشووتر باست دەکرد خودا بەو شێوەیە سزامان دەدات، یاخود خوا و فریشتەکانمان بۆ بھێنیت بۆ ئەوەی بە چاوی خۆمان بیبینین تاوەکو شاھیدی ڕاست و دروستی ئەوەت بۆ بدەن کە بانگەشەی بۆ دەکەیت.

(93) یا کۆشک و ماڵێکت ھەبێت بە زێر و زیو نەخشرابێت، یان بەرز بیتەوە بۆ ئاسمان، وە دڵنیابە بەسەرکەوتنیشت بۆ ئاسمان باوەڕ ناکەین کە پێغەمبەریت تاوەکو لەو سەرەوە گەڕایتەوە لەگەڵ خۆتدا پەرتووکێکمان لە لای خواوە بۆ نەھێنیت کە تێیدا نوسرابێت کە تۆ پێغەمبەری خوایت، جا - ئەی پێغەمبەری خوا - پێیان بڵێ: پاکوبێگەردی بۆ خوای گەورە، من ھیچ نیم تەنھا مرۆڤێکم و خوای گەورە کردومی بە پێغەمبەر بۆ ئێوە، من ناتوانم ھیچ شتێک بھێنم، ئیتر چۆن دەتوانم ئەوەی ئێوە پێشنیارتان کردووە بۆتانی بھێنم ؟

(94) ھیچ شتێک ڕێگر نەبوو لە بەردەم بێباوەڕاندا کە باوەڕ بھێنن بە خوا و پێغەمبەرەکەی، وە کار بەوە بکەن کە پێغەمبەر ھێناویەتی لە ھیدایەتی و رێنمونی، جگە ئەوە نەبێت نکۆڵیان دەکرد چۆن دەبێت پێغەمبەر لە ڕەگەزی مرۆڤ بێت؟! بۆیە بەسەر سوڕمان نکۆڵی کردنەوە دەیانوت: چۆن دەبێت خوای گەورە لە خودی مرۆڤەکان خۆیان پێغەمبەرێک بنێرێت؟!

(95) - ئەی پێغەمبەر - لە وەڵامیاندا بڵێ: ئەگەر لەسەر زەوی فریشتە نیشتەجێ ببونایە، وە بە ھێمنی و لەسەرخۆیی بە سەریدا بڕۆشتنایە ھەروەکو چۆن ئێوە بەسەریدا دێن و دەڕۆن، ئەوا ئەو کاتە لە ڕەگەزی خۆیان (لە فریشتە) پێغەمبەرێکمان بۆ دەناردن، چونکە ئەو دەیتوانی حاڵییان بکات لەوەی بۆی ڕەوانە کراوە، حیکمەت و دانایی نییە ئێمە لە ڕەگەزی مرۆڤ پێغەمبەرێکیان بۆ بنێرین، ھەر بۆ ئێوەیش بەو شێوەیەیە، چۆن دەکرێت ئێوەی مرۆڤ پێغەمبەرێکتان لە فریشتە بۆ ڕەوانە بکەین ؟

(96) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: خوای گەورە بەسە کە شاھید بێت لە نێوان من و ئێوەدا، کە ئایا من پێغەمبەرم و بۆ لای ئێوە ھاتووم یان نا؟ وە بێگومان ئەوەی ڕەوانە کراوم پێی و فەرمانم پێکراوە بە گەیاندنی گەیاندوومە، وە بێگومان خوای گەورە ئاگاداری گشت حاڵ و گوزەرانی بەندەکانیەتی، ھیچ شتێکی لا نھێنی و شاراوە نییە، وە بینایە بە تەواوی کارو و کردەوە و ئەوەی لە دڵ و دەروونیاندا دەیشارنەوە.

(97) ھەرکەسێک خوای گەورە سەرکەوتووی بکات بۆ ھیدایەت و ڕێنمونی ، ئەوە بۆ ھەق و ڕاستی ڕێنمونی کراوە، وە ھەرکەسێکیش سەرگەردان و گومڕای بکات ئەوا - ئەی پێغەمبەر - ھیچ کەسێک نابینیت پشتیوانیان بێت و ڕێنموماییان بکات بۆ ھەق و ڕاستی، وە زەرەر و زیانیان لێ دوور بخاتەوە، وە سوود و قازانجیان پێ بگەیەنێت، وە لە ڕۆژی قیامەتیشدا بە دەمەوڕوویی و کوێری و کەڕی وڵاڵی حەشریان دەکەین و کۆیان دەکەینەوە، وە جێگا و ڕێگایان ئاگری دۆزەخ دەبێت، ھەرکاتێک گڕ و تینەکەی کەم دەبێتەوە جارێکی تر ھەڵیدەگرسێنینەوە و زیاتری دەکەین بۆیان.

(98) ئەو سزایەی دووچاریان دەبێت تۆڵەی کوفر و بێباوەڕییانە بەو بەڵگە و نیشانانەی دابەزیوە بۆ سەر پێغەمبەرەکەمان، وە بەدووریان دەزانی زیندوو ببنەوە و دەیانوت : ئەگەر مردین و بووین بە ئێسک و پروسکی ڕزیو و پارچە پارچەی لێک جودا، ئایا جارێکی تر و سەر لە نوێ زیندوو دەکرێینەوە؟

(99) ئایا ئەوانەی نکۆڵی لە زیندووبوونەوەی پاش مردن دەکەن ئایا نازانن بێگومان خوای گەورە کە ئاسمانەکان و زەوی بەو ھەمووە گەورەییەوە بەدیھێناوە دەیشتوانێت و دەسەڵاتی ئەوەیشی ھەیە جارێکی تر بەدیان بھێنێتەوە، وە خوای گەورە لە دونیادا کاتێکی دیاری کراوی بۆ داناون کە ژیانیان کۆتایی دێت، وە کاتێکیشی بۆ دەست نیشان کردوون کە بێگومان تێیدا زیندوو دەکرێنەوە، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی بەڵگە و نیشانەکانی زیندووبوونەوە موشریک و بتپەرستەکان ھەر نکۆڵی و ئینکاری دەکەن لە زیندووبوونەوەی پاش مردنیان.

(100) - ئەی پێغەمبەر - بەو موشریک و بتپەرستانە بڵێ: ئەگەر خاوەنی خەزێنەکانی ڕەحمەت و بەخشینی خوای گەورە بوونایە کە ھەرگیز نافەوتێت و کۆتایی نایەن، ئەوا لە ترسی ئەوەی نەوەک کۆتایی بێت و ھەژار و نەدار بن ھیچیتان لێ نەدەبەخشی، سروشتی مرۆڤ وایە ئەگەر باوەڕدار نەبێت ڕەزیل و چروکە، چونکە مرۆڤی باوەڕدار بە ئومێد و ڕەجای بەدەستھێنانی پاداشتی خوای گەورە ماڵ و سامانی لە پێناو ئەوەدا دەبەخشێت.

(101) بێگومان نۆ نیشانە و موعجیزەی ڕوونمان بەخشییە موسا (سەلامی خوای لێ بێت) تاوەکو شاھیدی بدەن لەسەر ڕاستگۆیی ئەو، ئەوانیش بریتی بوون لە: گۆچانەکەی دەستی و دەستی درەوشاوەی و ساڵانی گرانی و کەم بوونەوەی بەروبووم، و لافاو، ھاتنی کوللە و ئەسپێ و بۆق و خوێن، جا ئەی پێغەمبەری خوا لە جولەکەکانی بەنی ئیسرائیل بپرسە کاتێک موسا ئەو نیشانە و بەڵگانەی ھێنا بۆ باوباپیرانیان، ئەو کاتە فیرعەون بە موسای وت: ئەی موسا بەڕاستی من گومانم وایە کە تۆ جادووت لێکرابێت، چونکە تۆ شتی نامۆ و سەیر و سەمەرە دەکەیت.

(102) موسا بەرپەرچی فیرعەونی دایەوە و پێی فەرموو: - ئەی فیرعەون - تۆ دڵنیایت ھەموو ئەو بەڵگە و نیشانە و موعجیزانە خوای گەورە دایبەزاندوون کە پەروەردگاری ئاسمانەکان و زەویشە، دایبەزاندوون کە بەڵگە بن لەسەر ھێز و دەسەڵاتی خۆی، وە لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەرەکەی، بەڵام تۆ نکۆڵی لێدەکەیت و باوەڕیان پێناکەیت، وە - ئەی فیرعەون - بێگومان منیش دەزانم کە تۆ لە خەڵکە تیاچووە نەفرەتییەکەیت.

(103) فیرعەون ویستی سزای موسا (سەلامی خوای لێ بێت) و گەلەکەی بدات، بەوەی لە میسر وەدەریانێت، بۆیە ئێمەیش خۆی و سەرباز و ئەوانەیشی لەگەڵیدا بوون بە نوقم کردن لە دەریادا لەناومان بردن.

(104) دوای لەناوچونی فیرعەون و سەربازەکانی بە بەنی ئیسرائیلمان وت: لەسەر زەوی شام نیشتەجێ بن لە (بیت المقدس) کاتێکیش ڕۆژی قیامەت ھات ئەوسا ھەر ھەمووتان کۆ دەکەینەوە بۆ لێپرسینەوە لەکار و کردەوەکانتان.

(105) بەھەق و بەڕاستی ئەم قورئانەمان بۆ سەر موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) دابەزاند، وە بۆ چەسپاندنی ھەق و ڕاستیش ھاتووەتە خوارەوە بێ ئەوەی گۆڕانکاری و لادان لە ماناکانیدا ڕوویدا بێت، - ئەی پێغەمبەر - تەنھا تۆمان بۆ ئەوە ناردووە کە موژدەدەری بەھەشت بیت بەوانەی کە گویڕایەڵی خوای گەورە دەکەن، وە ترسێنەری بێباوەڕان و سەرپێچیکارانیش بیت بە ئاگری دۆزەخ.

(106) قورئانمان بۆ دابەزاندویت و مانا و مەبەستەکانیمان بۆ ڕوون کردویتەوە، بە ئومێدی ئەوەی لەسەرخۆ و بەھیواشی بەسەر خەڵکیدا بیخوێنیتەوە، چونکە بەو شێوەیە ئاسانە بۆ تێگەیشتن و بیرکردنەوە لە مانا و مەبەستەکانی، وە ئێمە ئەم قورئانەمان بەپێی ڕووداو و گۆڕانگارییەکان بە بەش بەش دابەزاندووە.

(107) - ئەی پێغەمبەری خوا - بەو بێباوەڕانە بڵێ: باوەڕ بھێنن بە قورئان، وە چاك بزانن ئەگەر ئێوە باوەڕ بھێنن ھیچ شتێک لە کەمال و تەواوی قورئان زیاد ناکات، یان ئەگەر باوەڕیشی پێ نەھێنن، ئەوە ھیچ شتێک لەو کەم ناکات، بێگومان ئەوانەی کتێب و پەرتووکە ئاسمانییەکانی پێشوویان خوێندوەتەوە، کە ڕاستی و ھەقیقەتی وەحی و پێغەمبەرایەتیان ناسیوە، کاتێک قورئان دەخوێنرێتەوە بەسەریاندا ئەوا بەچەناکە و ڕوودا دەکەونە سەر زەوی بۆ سوژدە بردن و شوکر و سوپاسی خوا کردن.

(108) وە لە سوژدەکانیاندا دەڵێن: پاکوبێگەردی بۆ پەروەردگارمان لەوەی بەڵێنەکانی نەباتە سەر، بەڕاستی بەڵێنەکانی خوای گەورە بەناردنی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) ھاتەدی، وە بێگومان بەڵێنی پەروەردگارمان بەمە و جگە لەمەیش ھەر دێتەدی و دواکەوتنی نییە.

(109) وە بەسەر ڕوومەتیاندا دەکەون و سوژدە دەبەن بۆ خوای گەورە، وە لەترسی خوا بە کوڵ دەگرین، وە بەبیستنی قورئان و بیرکردنەوە لەمانا و مەبەستەکانی زیاتر ملکەچی فەرمانەکانی خوا دەبن و ترسی ئەو لایان زیاد دەکات.

(110) - ئەی پێغەمبەر - بەوانە بڵێ کە نکۆڵیان لە نزا و پاڕانەوەکانت دەکرد، کاتێک دەپاڕایتەوە و دەتوت: (یا اللە، یا رحمن) بڵێ: اللە و الرحمن دوو ناوی خوای گەورەن (پاکوبێگەردی بۆ ئەو) بەھەرکامیان لەو دوو ناوە یان بەھەر ناوێکی تری ئەو لێی دەپاڕێنەوە ئەوا ئەو (پاکوبێگەری بۆی) خاوەنی چەندان ناوی جوانە، ئەم دوو ناوەیش (اللە و رحمن) ناوی پیرۆزی ئەون بەوانە و جگە لەوانەیش لە خوای گەورە بپاڕێنەوە و داوای لێ بکەن، ئەی پێغەمبەر لە نوێژەکەتدا کاتێک قورئان دەخوێنیت دەنگت بەرز مەکەرەوە بەشێوەیەک موشریک و بتپەرستەکان گوێیان لێ بێت، وە بەبێ دەنگییەکی وایش مەیخوێنە باوەڕداران گوێیان لێ نەبێت، لە نێوان ئەو دوو حاڵەتەدا شێوەیەکی مام ناوەند بۆ خۆت ھەڵبژیرە.

(111) - ئەی پێغەمبەری خوا - بڵێ: سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، کە شایستەی ھەموو سوپاس و ستایشێکە، ئەو خوایەی کەسی نەکردووە بەکوڕ و ھاوبەشی خۆی، لە موڵک و دەسەڵاتیدا ھیچ ھاوبەشێکی بۆ خۆی نەگرتووە لەبەر بێ دەسەڵاتی و بێ توانایی، پێویستی بە کەس نییە سەری بخات و کۆمەکی بکات و یارمەتی بدات، وە تۆیش ھەمیشە - ئەی پێغەمبەر - خوا زۆر بەگەورە بزانە، وە بەھیچ شێوەیەک مناڵ و کوڕی بۆ بڕیار نەدەیت، وە ھاوبەشی لە موڵک و دەسەڵاتدا بۆ دانەنێیت، وە ھیچ کەسێکیش نەکەیتە یارمەتیدەر و سەرخەری ئەو.