4 - An-Nisaa ()

|

(1) ئەی خەڵکینە لە پەروەردگارتان بترسن، ئەو پەروەردگارەی کە ھەمووتانی لە تاکە کەسێک (کە باوکە ئادەمتانە) دروستکردووە، وە لە ئادەمیش ژنەکەی حەوای دایکتانی دروستکرد، وە پاشان لەھەردووکیان مرۆڤ گەلێکی زۆری نێر ومێی لەتەواوی پارچەکانی سەر زەوی بڵاو کردەوە، وە لەو خوایە بترسن کە بەناوی ئەوەوە ھەندێکتان داوا لەھەندێکی ترتان دەکەن ودەڵێن: تو ئەو خوایە داوات لێدەکەم کە فڵان ئیش بکەیت، وە لەوە بترسن کە سیلەی ڕەحم وخزمایەتی ببچڕن، بێگومان خوای گەورە چاودێرە بەسەرتانەوە، وە ھیچ شتێکی لە کاروکردەوەی ئێوە لێ وون نابێت، بەڵکو ھەر ھەموویتان لەسەر دەنوسێت و دەژمێرێت ولەسەر ھەموویشی پاداشتان دەداتەوه.

(2) ئەی سەرپەرشتیاران ماڵی ھەتیوان تەسلیم بەخۆیان بکەنەوە ئەگەر ھاتوو باڵغ بوون وگەیشتنە ئەوتەمەنەی کە چاک وخراپی خۆیان لێک جودا بکەنەوە، (ھەتیوو: ئەوانەن کە باوکیان لەدەستداوە و باڵغ نەبوون)، وە حەرام مەگۆڕن بە حەڵال، بەو شێوەیە مەکەن کە ماڵو کەلوپەلە باش وچاکەکانی ھەتیوان ھەڵگرن بۆ خۆتان وئەوەی خراپە و بێ کەڵکەیە پێیان بدەنەوە، وە ماڵی ئەوان تێکەڵ بەماڵی خۆتان مەکەن، چونکە بەڕاستی ئەوە گوناھێکی گەورەیە لای خوای گەورە.

(3) ئەگەر ھاتوو ترسان بە دادگەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کچە ھەتیوانە بکەن کە لەژێر ویلایەتی خۆتانن، و مارەتان کردن، ترسان لەوەی ئەو مارەیەی کە پێویست و واجبە پێیان بدەن، یان ترسان لەوەی بەخراپ مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، ئەو کاتە وازیان لێ بھێنن ومارەیان مەکەن، بەڵکو ئەو ژنە پاکوخاوێن وجوانانە مارە بکەن کە پێتان دەشێن دوان دوان، سیان سیان، چوار چوار، جا ئەگەر ترسان لەوەی کە دادگەر نابن لەنێوانیاندا ئەو کاتە تەنھا یەک ژن بھێنن، یان تام وچێژ لەو کەنیزەکانە ببەن کە بوونەتە موڵکی خۆتان، چونکە ئەو مافەی بۆ ئافرەتانی ئازاد واجب وپێویستە بۆ کەنیزەکێک بەو شێوەیە نیە، ئا بەو شێوەی کە لە ئایەتەکە باسکراوە لەبارەی ھەتیوان و یەک ژن ھێنان و تام ولەزەت بردن لە کەنیزەک نزیکترە کە غەدر وستەم لە ژنان نەکەن.

(4) مارەیی ژنان بدەن کە مافێکی واجبی خۆیانە، جا ئەگەر ھاتوو بەڕەزامەندی خۆیان و بەبێ ھیچ زۆر لێکردنێک شتێکیان لە مارەیەکە پێ بەخشین، ئەوە ئێوەیش بیخۆن و نۆشی گیانتان بێت.

(5) ئەی سەرپەرشتیاران ماڵ مەدەنە دەست کەسە گێڵ و گەمژەکان ئەوانەی نازانن بەباشی ھەڵسوکەوت بە ماڵ وسامانەوە بکەن، چونکە ئەو ماڵ و سامانە خوای گەورە کردویەتی بە ھۆکارێک تاوەکو بەرژەوەندی بەندەکانی خوا وکاروبارەکانیانی پێ ڕاھی بکەن، ئەوانە شیاوی ئەوە نین کە بکرێنە سەرپەرشتی ماڵ و پارێزەری، کەواتە ئێوە خەرجی بکەن بۆیان، وە لەو ماڵو سامانە جلوبەرگ وکەلوپەلیان بۆ بکەن، وە بە ووتەی جوان وشیرین گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن، وە کاتێکی گونجاو باشیان بۆ دیاری بکەن کە ماڵو سامانەکەیان بۆ بگێڕنەوە، کاتێک فامیان کردەوە وزانیان بە باشی ھەڵسوکەوت بکەن ئەو کاتە ماڵو سامانەکەیان بۆ بگێڕنەوە.

(6) ئەی سەرپەرشتیاری ھەتیوان ئەگەر ھەتیوەکان گەیشتنە تەمەنی باڵغ بوون تاقیيان بکەنەوە، بەوەی کەمێک لە ماڵ وسامانەکەیان بدەنەوە تاوەکو خۆیان تەسەڕوفی پێوە بکەن، جا ئەگەر بە باشی تەسەڕوفیان پێوە کرد ووە بۆتان روون بویەوە کە ژیر بوون و فامیان کردوەتەوە، ئەوا ئەو کاتە ھەموو ماڵ وسامانەکەیان بێ کەموکورتی بۆ بگێڕنەوە وتەسلیمیان بکەنەوە، وە نەکەن ماڵیان بخۆن زیاد لەو سنوورەی خوای گەورە دیاری کردووە لەکاتی پێویستیدا کە دروستە بۆتان لێی بخۆن، وە دەست پێش مەخەن لە خواردنی نەوەک کاتێک باڵغ بوون وەری بگرنەوە، وە ئەگەر ھەرکەسێک لەئێوە دەوڵەمەند بوو، وە ماڵوسامانی ھەبوو با خۆی بپارێزێت لە سوود وەرگرتن لە ماڵی ھەتیوو، بەڵام ئەگەر ھاتوو ھەژار و نەدار بوو وە ماڵو سامانی نەبوو ئەوا با بە ئەندازەی پێویستی خۆی لێی بخوات و زیادە ڕۆی نەکات تێیدا، وە ئەگەر ھاتوو پاش باڵغ بوون و ژیر بوون و فام کردنەوە ماڵو سامانەکەتان بۆ گێڕانەوە ئەوا لەپێناو پاراستنی مافەکان و دروست نەبوونی ناکۆکی شاھیدیان لەسەر بگرن، وە خوای گەورەش بەسە کە شاھید وچاودێر بێت لەسەر ئەمە، وە لێپرسنەوەتان لەگەڵ بکات لەسەر کاروکردەوەکانتان.

(7) نێرینە بەشی خۆی ھەیە لەو میراتیەی کە دایک وباوک وخزم وکەسوکار وەک برا وخوشک و مام لەپاش مردنی خۆیان بەجێی دەھێڵن، جا ئەو ماڵە کەم بێت یان زۆر، ھەروەک چۆن مێینەش بەشی خۆی ھەیە لە ماڵ وسامانی ئەو کەسانەی کە باسکران، بە پێچەوانەی ئەوەی لەسەردەمی نەفامیدا ھەبوو کە ژنان و مناڵان بێ بەش دەکران لە میراتی، ئەم بەشی ھەموو کەسێک بەڕوونی لەلایەن خوای گەورەوە دیاری کراوه.

(8) ئەگەر ئەو خزمانەی لە میراتیدا بەشیان نیە لە خزمە ھەژارەکان و ھەتیوەکان، لەکاتی دابەشکردنی میراتدا ئامادە بوون واباشە بەشیان بدرێت، ئەم بەشدانە پێش ئەوەی دەست بکەن بە دابەشکردنی میراتیەکە و بە ڕەزامەندی و ئارەزووی خۆتان بوو، چونکە ئەوان چاوەڕوانی کارێکی وا لەئێوە دەکەن و زۆر حەزیان لەوەیە بەشیان بدەن، چونکە ئێوە بەبێ ماندوو بوون خوای گەورە ئەو ماڵەی بۆ ناردوون، وە بە قسە وگوفتاری جوان ودوور لە ووتەی بریندارکەر لەگەڵیان بدوێن.

(9) ئەوانەی کە لەپاش خۆیان مناڵی بێ دەسەڵات ولاواز بەجێ دەھێڵن، ودەترسن کە مافەکانیان بفەوتێت، با لەکاتی وەسیەت کردندا لەخوا بترسن شتێکی وا لە دوای خۆیان ڕانەسپێرن کە ناھەقی وستەم بێت بەرامبەر ئەوانەی کە لەژێر چاودێری ئەواندا بوون وەک ھەتیوان، تاوەکو پاش مردنی ئەوانیش خوای گەورە کەسانێک بسازانێت لەگەڵ مناڵەکانی ئەودا بە باشی ھەڵسوکەوت بکات، ھەروەک چۆن ئەویش باش بووە لەگەڵ ھەتیوانی کەسانی تردا، بۆیە با بەباشی مامەڵە بکات لەگەڵ مناڵی ئەوانەی ئامادە دەبن لەکاتی وەسیەتەکەیدا، بەوەی کە بەشێوەیەکی ھەق گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات، بەوەی لەوەسیەتەکەیدا ستەم لەھیچ کەسێک لەوەرەسەکانی نەکات، وە خۆیشی لە خێر وچاکە مەحروم نەکات کە وەسیەت نەکات بۆ میراتگرەکانی.

(10) ئەوانەی کە ماڵ وسامانی ھەتیوان لای خۆیان وەردەگرن، وە بە ستەم و ناھەقی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن ودەیخۆن، بێگومان ئەوانە ئاگری بەسوێی دەخەنە ناو سک وورگیانەوە، وە لەڕۆژی دواییشدا بە ئاگری دۆزەخ دەسوتێرێن.

(11) خوای گەورە سەبارەت بە کاروباری میراتی مناڵەکانتان وەسیەتتان بۆ دەکات وبەڵێنتان پێ دەدات کە میرات دابەش بکرێت لەنێوانیاندا بەوەی کوڕێک دوو ھێندەی بەشی کچێکی بدرێتێ، خۆ ئەگەر ھاتوو مردووەکە تەنھا کچی بەجێھێشت بەبێ کوڕ، ئەوا بەشی دوو کچ و زیاتر لە دوو کچ دوو بەش لەسێ بەشی میراتەکە دەبێت، خۆ ئەگەر تەنھا کچێک بوو ئەوا نیوەی میراتەکە بۆ ئەو دەبێت، وە بۆ ھەریەکێک لە دایک وباوکی شەش یەکی میراتەکەیان دەدرێتێ، بەو مەرجەی مردووەکە مناڵی لێ بەجێ مابێت کوڕێک بێت یان کچ، خۆ ئەگەر ھاتوو مردووەکە ھیچ کوڕ وکچێکی لەپاش بەجێ نەما وە جگە لە دایک وباوکیشی میراتگری تری نەبوو، ئەوا بەشی دایکەکە سێ یەک دەبێت، وەھەرچیش مایەوە دەدرێت بە باوکەکە، وە ئەگەر ھاتوو مردووەکە وەک دایک وباوکی ھەیە برا وخوشکیشی لێ بەجێما، برای دایک وباوکی بوون یان برای دایک وباوکیش نەبوون، ئەو کاتە بۆ دایکەکە یەک لەسەر شەش دەبێت، ھەرچیەکیشی دەمێنێتەوە بۆ باوکەکە دەبێت و (برا وخوشکەکان ھیچ نابەن)، دابەشکردنی ئەم میراتە پاش جێ بەجێ کردنی وەسیت دەبێت ئەگەر ھاتوو مردووەکە وەسیەتی کردبوو، بەو مەرجەی وەسیەتەکەی لە سێ یەکی ماڵەکەی زیاتر نەبێت، وە بەو مەرجەش کە ھەموو ئەو قەرزانەیشی بۆ درا بێتەوە کە لەسەری بوون، خوای گەورە بەم شێوەیە دیاری کردووە کە میرات دابەش بکرێت، چونکە ئێوە نازانن کام لە باوان و نەوە وکوڕەکانتان سوودی زیاترە بۆتان لە دونیا و دواڕۆژیشدا، چونکە ئەو کەسەی مردووە پێدەچێت گومانی چاک بەیەکێک لە میراتگرەکانی ببات و ھەموو ماڵەکەی خۆی بداتێ، یان گومانی خراپی پێ ببات و بێ بەشی بکات لە میراتەکەی، دوایش ئەو گومانە وادەرنەچێت، بەڵام ئەوەی کە ئاگادارە بەھەموو ئەوانە خوای گەورەیە ھیچ شتێکی لا شاراوە نیە، بۆیە میراتی بەو شێوەیە بەش کردووە كە ڕوونمان کردەوە، وە بە فەرزیشی گێراوە لەلایەن خۆیەوە وە جێ بەجێکردنیشی واجب وپێویست کردووە لەسەر بەندەکانی، بێگومان خوای گەورە زۆر زانایە وھیچ شتێکی لەبەرژەوەندی بەندەکانی لا شاراوە نیە، وە زۆریش دانا وکاربەجێیە لە شەریعەت و بەڕێوەبردنی کارەکانیدا.

(12) ئەی پیاوان لەو ماڵ وسامانەی کە ژنەکانتان بەجێی دەھێڵن نیوەی بۆ ئێوە دەبێت ئەگەر ھاتوو مناڵیان نەبوو، جا کوڕ بێت یان کچ، لەئێوە بن یان لەمێردی پێشووتریشیان بن، خۆ ئەگەر ھاتوو مناڵیان ھەبوو کوڕ یان کچ، ئەوا یەک لەسەر چواری بۆ ئێوە دەبێت، ئەو ماڵە دابەش دەکرێت بەسەرتاندا دوای جێ بەجێ کردنی وەسیەت و دانەوەی قەرزێک ئەگەر لەسەری بووبێت، بۆ ژنانیش نیوەی ئەو ماڵەی لە ئێوە بەجێ دەمێنێت ھی ئەوانە ئەگەر ھاتوو مناڵتان نەبوو کوڕ بێت یان کچ، لەوان بێت یان لەژنی تریشتان بێت، جا ئەگەر ھاتوو مناڵتان ھەبوو، کوڕ بوون یان کچ، ئەوا ژنەکانتان ھەشت لەسەر یەکیان بۆ ھەیە، دابەش دەکرێت بەسەریاندا پاش جێ بەجێ کردنی وەسیەت ودانەوەی قەرز ئەگەر لەسەرتان بوو بێت، خۆ ئەگەر پیاوێک مرد دایک وباوک و مناڵیش نەبوو، یان ژنێک مرد ونە دایک وباوک و نەمناڵیشی نەبوو، وە مردووەکە برای دایکی ھەبوو یان خوشکی دایکی و لە دانەیەک زیاتر بوون، بۆ ھەر ھەموویان سێ یەکی ماڵەکە ھەیە وەک فەرزی میرات کە ھەر ھەموویان لەو یەک لەسەر سێیە ھاوبەشن، وە نێر ومێ بەشیان لەم کاتەدا یەکسانە، بەڵام ئەم بەش وەرگرتنە پاش جێ بەجێ کردنی وەسیەتی مردووەکە و دانەوەی قەرز دەبێت ئەگەر لەسەری بوو، بەو مەرجەی وەسیەتەکەی زیانی نەدەگەیاند بە میراتگرەکان، بۆ نمونە وەسیەتی بە زیاتر لە سێ یەکی ماڵەکەی کردبێت، ئەم حوکمەی لەم ئایەتە پیرۆزەدا باسکرا پەیمانی خوایە بۆ ئێوە و واجبی کردووە لەسەرتان، خوای گەورە زۆر زانایە بە بەرژەوەندی بەندەکانی لە دونیا و دواڕۆژدا، وە زۆریش دانا وکاربەجێیە وھیچ پەلەی نیە لە سزادانی سەرپێچی کاران.

(13) ئەو حوکمانەی باسکران لەبارەی ھەتیوان ومیرات و غەیری ئەوانیش ھەمووی شەریعەت و یاسای خوای گەورەیە کە دایناوە بۆ بەندەکانی تاوەکو شارەزابن پێی، جا ھەر کەسێک گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەکەی بکات بە بەجێ ھێنانی فەرمانەکانیان و دوورکەوتنەوە لە ڕێگریەکانیان خوای گەورە دەیخاتە بەھەشتانێک کە ڕووبار بەژێر کۆشک وتەلارەکانیادا دەڕۆن، وە بە ھەتا ھەتاییش تێیدا دەمێننەوە کە ھەرگیز لەناو ناچن، ئەوە پاداشتە خواییە کە ئامادە کراوە بۆیان خۆشبەختی وسەرفرازی گەورەیە کە ھیچ خۆشی و سەرفرازیەک ھاوشێوەی نیە.

(14) وە ھەرکەسێک سەرپێچی خوا و پێغەمبەرەکەی بکات، کە حوکمەکانی لەکار بخات وکاریان پێ نەکات، یان گومانی ھەبێت تێیاندا، وە ئەو سنورانە ببەزێنێت کە دایناوە، ئەوا بە ھەمیشەی دەیخاتە ئاگری دۆزەخەوە، وە سزایەکی ڕیسواکەریشی بۆ ھەیە.

(15) ئەو ئافرەتە موسڵمانانەی داوێن پیسی (زینا) دەکەن، شوویان کردبێت یان نەیانکردبێت، وە چوار شاھیدی پیاوی موسڵمانی دادگەر شاھیدی لەسەردان، جا ئەگەر ھاتوو شاھیدیان دا کە زینایان کردووە ئەوا لەسزای ئەو کارەیاندا لە ماڵەوە زیندانیان بکەن، تاوەکو دەمرن. یان خوای گەورە ڕێگایەکی تریان بۆ دادەنێت جگە لە زیندانی کردن، ئەوە بوو خوای گەورە پاشتر ئەو ڕێگایەی ڕوون کردەوە بۆیان، ئەو کچ وکوڕەی کە ژنیان نەھێناوە و شویان نەکردووە یەکی سەد داریان لێ بدەن، لەگەڵ دوور خستنەوەیان بۆ ماوەی ساڵێک، وە ئەگەر ھاتوو ژنیان ھێنا بوو یان شوویان کردبوو بەرد باران دەکرێن تا دەمرن.

(16) ئەو دوو کەسەی کە زینا دەکەن جا ژن ھاوەر وشوو کردوو بوون یان ژنیان نەبوو وە شوشیان نەکردبوو، ئەوا بە سەرزەنشت ولۆمە کردن و لێدان سزایان بدەن، جا ئەگەر ھاتوو وازیان ھێنا لەو کارەیان، وە خوو ڕەوشتیان چاک بوو، ئەوا واز بھێنن لە ئازار و سزادانیان، چونکە ئەو کەسەی تەوبە دەکات ولەگوناھو تاوان واز دەھێنێت وەک ئەوە وایە گوناھی نەبێت، بێگومان خوای گەورە تەوبە لە بەندەکانی وەردەگرێت وەزۆریش بەڕەحم ومیھرەبانە بەرامبەریان، وازھێنان وبەس بوونی ئەم سزایە بۆ ئەو گوناھە لەسەرەتای ئیسلامەوە بوو، پاشان ئەو حوکمە سڕایەوە و بوو بە لێدانی سەد دار بۆ ئەو کوڕ وکچانەی کە ژنیان نەھێناوە و شویان نەکردووە، لەگەڵ دوور خستنەوەیان بۆ ماوەی ساڵێک، وە بەرد بەران کردنی ئەوانەی کە ژنیان ھێناوە و شوویان کردووە.

(17) بێگومان خوا تەنھا تەوبە لەو کەسانە وەردەگرێت کە بە نەزانی ونەفامی تاوان وگوناھیان ئەنجامداوە، نەیان زانیوە سەرەنجام و خراپەکەی چۆنە، - ئەمە حاڵی ھەموو ئەو کەسانەیە کە بە دەست ئەنقەست یان بە ھەڵە گوناە دەکەن- پاشان پێش ئەوەی مردن یەخەیان بگرێت بە کۆڵێک پەشیمانیەوە دەگەرێنەوە بۆلای خوا و تەوبە دەکەن لە گوناھو تاوانەکانیان، ئا ئەوانە خوای گەورە تەوبەکانیان لێ وەردەگرێت، وە لە گوناھەکانیان چاوپۆشی دەکات، وە خوای گەورە زۆر زانایە بەحاڵی دروستکراوەکانی، وە زۆریش دانا وکاربەجێیە لە ئەندازەگیری و شەریعەت ویاساکانیدا.

(18) خوای گەورە تەوبە لەوانە وەرناگرێت کە لەسەر تاوان و گوناھـ و سەرپێچی کردن سوورن و ناگەڕێنەوە لێی و تەوبەی لێ ناکەن، تا ئەو کاتەی مردن یەخەیان پێدەگرێت و دەگەنە غەرغەرەی گیان کێشان، ئیتر لەو کاتەدا یەکێکیان دەڵێت: ئێستا ئیتر من لە ھەموو ئەو گوناھانەی کردومن پەشیمانم و تەوبەیان لێدەکەم، - ھەروەھا خوای گەورە تەوبەی ئەوانەش وەرناگرێت - دەمرن وتا ئەو کاتەیش سوورن لە سەر گوناھـ وتاوان، ئەو گوناھبار و سەرپێچی کەرانەی کە سوورن لەسەر سەرپێچیەکانیان وە تا دەیشمرن ھەر لەسەر بێباوەڕی خۆیانن، ئەوا بێگومان سزای زۆر بە ئێش و ئازارمان بۆ ئامادە کردوون.

(19) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بەخوای گەورە و شوێن پێغەمبەرەکەی کەوتوون، دروست نیە ژنی باوکەکانتان -باوەژنەکانتان- وەک کاڵا بە میراتی وەربگرن، وە بە ئارەزووی خۆتان مامەڵەیان پێوە بکەن و بیانخوازن، یان بیاندەن بەشوو بەھەر کەسێک خۆتان دەتانەوێت، یان ڕێگریان لێ بکەن لەشوو کردن، وە دروست نیە ژنەکانتان تەنگەتاو بکەن و ئازاریان بدەن لەبەر ئەوەی کە ھەندێک لەو مارەیەی کە پێتانداون دەستی لێ ھەڵبگرن، مەگەر کاتێک نەبێت کە بە ئاشکرا زینا و فاحیشە بکەن، جا ئەگەر ھاتوو کارێکی وایان کرد ئەوا دروستە بۆتان لای خۆتان بیانھێڵنەوە و تەنگەتاویان بکەن تاوەکو دەست ھەڵدەگرن لەو مارەییەی کە پێتان داون، ئەی باوەڕداران بە مامەڵەیەکی جوان و شیرین لەگەڵ ھاوسەرەکانتاندا مامەڵە بکەن، بەوەی ئازاریان نەدەن وچاک بن لەگەڵیاندا، وە ئەگەر ھاتوو لەبەر ھەر کارێکی دونیایی ناڕەحەتیان کردن ئەوا ئارام بگرن لەسەریان، تاوەکو ئەوەی ئێوە پێتان ناخۆشە خوای گەورە بیگۆڕێت بەخێرێکی گەورە بۆتان لەدونیا و دواڕۆژدا.

(20) ئەی پیاوان ئەگەر وویستان ژنێک تەڵاق بدەن، وە بیگۆڕن بەژنێکی تر، ئەوا قەیدی ناکات وھیچ گوناھبار نابن، وە مارەییەکی زۆرتان دابوو بەژنەکەی پێشووتان، ، ئەو ژنەی کە تەواو یەکلایی بوونەوە لە تەڵاقدران و جیابوونەوە لێی، ئەوا دروست نیە ھیچ شتێکی لێ وەربگرنەوە، ئەگەر ماڵێکی زۆریشتان پێدابوون، وە ئەگەر ئەوەی پێتاندابوون لێتان وەرگرتنەوە بێگومان بوھتان وگوناھێکی ڕوون وئاشکرایە.

(21) چۆن دروستە ئەو مارەیەیان لێوەربگرنەوە، کە پاش ئەو پەیوەندی و خۆشەویستی وتام وچێژ وەرگرتنە لەیەکتر وئاگادار بوون لە نھێنی یەکتر دروست بووە لەنێوانتاندا، تەماحکردنە ئەو مارەیەی کە لای ئەوانە پاش ئەوەی باسکرا کارێکی خراپ وقێزەونە، بێگومان ئەوانیش پەیمانێکی توند وتۆڵ وئەستوریان لە ئێوە وەرگرتووە، ئەویش ئەوەیە ئەو ژنانە بە ووشەی خوای گەورە وشەریعەتەکەی بۆتان حەڵاڵ بوون.

(22) ئەو ژنانە مەخوازن کە باوکتان مارەیان کردوون، واتا: باوەژنەکانتانە دروست نیە وحەرامە ببن بەژنی ئێوە، مەگەر ئەوە نەبێت لەسەردەمی نەفامی وپێش ھاتنی ئیسلام ڕوویدابێت، ئەوەی ڕوویداوە ھیچ گوناە نیە، وتێپەڕیووە وڕۆیشتووە، چونکە کوڕان باوەژنی خۆیان بخوازن کارێکی ناشرینە و زۆریش خراپە، وە ھۆکاری توڕە بوونی خوای گەورەشە لەو کەسەی کە کارێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات، وە ڕێگایەکی خراپیشە بۆ ئەو کەسەی دەیگرێتەبەر.

(23) خوای گەورە حەرامی کردووە لەسەرتان کە دایکی خۆتان و بەرەو ژوور بخوازن، واتا: دایکی دایک وداپیرەکان لە ھەردوو لای باوک ودایکەوە، وە ھەروەھا کچەکانیشتان وخوار ئەوانیش، واتا: کچی کچەکانتان وکچەزاکانتان، وە کچی کوڕتان وکچی کچتان وھەتا دابەزێت، وە حەرامە خوشکەکانتان بخوازن، خوشکتان لەدایکی وباوکتانەوە بێت، یان تەنھا لەباوکەوە یان تەنھا لەدایکەوە بێت، وەحەرامە پورەکانتان، خوشکی باوکتان، ھەروەھا پوری باوکتان و پوری دایکیشیتان وتا بەرزیش بێتەوە، وە پورەکەی تریشتان، خوشکی دایکتان، ھەروەھا پوری دایکی وباوکیشتان، وە ھەتا بەرزیش بێتەوە، وە حەرامە کچی برا و کچی خوشک و مناڵەکانیشان بخوازن وە ھەتا نزمیش دەبیتەوە، وە ئەو دایکانەیش کە شیریان پێداون، وە خوشکی شیریشتان حەرامە بیانخوازن، وە حەرامە دایکی ژنەکانیشتان بخوازن، جا چووبنە لای ژنەکانتان یان نەچوبیشنە لایان -واتا: تەنھا بەگرێ بەست کردن لەگەڵ کچێکدا دایکیت بۆت حەرام دەبێت، وە حەرامە کچی ژنەکانتان بخوازن، ئەو کچانەی لە پیاوانی ترن، (کۆڵەبەستەکانتان) ئەو کچانەی کە زۆربەی جار کاتێک دایکیان شوو دەکەنەوە لەگەڵ دایکیاندا لەماڵی ئەو پیاوانەدا ژیان بەسەر دەبەن کە شوویان پێدەکەنەوە، ھەروەھا حەرامیشە ئەگەر لەگەڵ دایکشیاندا نەیەنە ماڵی مێردە نوێیەکانی دایکیان، ئەم حەرامەیەش کاتێکە ئەگەر تۆ چووبیتە لای دایکیان و سەرجێیت لەگەڵیدا کردبێت، بەڵام ئەگەر ھاتوو نەچوبیتە لای دایکیان-تەنھا گرێبەست کردن بوو- ئەوا کچەکانیان حەرام نابن بۆتان، وە حەرامە ژنی ئەو کوڕانە بخوازن کەلەپشتی خۆتانن -بووکەکانتان- ئەگەرچی کوڕەکانتان نەچووبنە لای ژنەکانیشیان، وە ژنی ئەو کوڕانەیش کە کوڕی شیری ئێوەن ھەر حەرامە ودەچێتە ناو ئەم حوکمەوە، وە ھەروەھا حەرامە دوو خوشک پێکەوە بخوازیت، جا ئەو دوو خوشکە خوشکی دایک وباوکی بن یان خوشکی شریش بن، جگە لەوە نەبێت کە لەسەردەمی نەفامی وپێش ھاتنی ئیسلامدا روویداوە، خوای گەورە لەوە خۆش بووە و تێپەڕیووە، بێگومان خوای گەورە لێبووردەیە بەرامبەر ئەو بەندانەی کە تەوبەیان کردووە، وە زۆریش میھرەبانە بۆیان، لە سوننەتیشدا جێگیر بووە کە دروست نیە پیاوێک کچێک و پوری پێکەوە بخوازێت، پوری جا خوشکی باوکی بێت یان خوشکی دایکی.

(24) وە خوای گەورە حەرامی کردووە لەسەرەتان ئەو ئافرەتانە بخوازن کە شوویان کردووە و مێردیان ھەیە، جگە ئەو کەنیزەکانە نەبێت کە کردوتانن بە موڵکی خۆتان لە کاتی جیھاد وتیکۆشان لەپێناو خوای گەورە، دروستە بۆتان بچنە لایان پاش ئەوەی ڕەحمیان خاوێن دەبێتە پاش کەوتنە ناو سوڕێکی مانگانەوە، خوای گەورە ئەوەی لەسەر فەرز کردوون بەفەرز، جگە لەوانەی کە باسمانکردن کە حەرامن لەسەرتان خوای گەورە ھەموو ئافرەتێکی بۆ حەڵاڵ کردون بیانخوازن، بە پێدانی مارەیی وە لەپێناو پاراستنی داوێنتان و خاوێن ڕاگرتنی بەڕێگەی حەڵاڵ، کە مەبەست لێی زیناو فاحیشە نەبێت، جا ھەر کەسێک بەگرێبەستی شەرعی تام وچێژی لەو ئافرەتانە برد ئەوا با ئەو مارەییەیان بداتێ کە خوای گەورە فەرزی کردووە لەسەرتان، وە ھیچ گوناھێکتان لەسەر نیە ئەگەر لەسەر کەمکردنەوەی مارەیی یان زیادکردنی لە نێو خۆتاندا ڕێبکەون، بێگومان خوای گەورە زۆر زانایە بەدروستکراوەکانی وە ھیچ شتێکی لا شاراوە نیە، وە زۆریش دانا وکار بەجێیە لە بەڕێوەبردنی دروسترکراوەکان و شەریعەت ویاسادانانیدا.

(25) ئەی پیاوان ئەگەر ھەرکەسێک لە ئێوە لەبەر کەمدەرامەتی نەیتوانی ئافرەتانی ئازادی باوەڕدار بخوازێت ئەوا دروستە بۆی ئەو کەنیزەکانە بخوازن کە بوون بەموڵکتان، بەڵام بەو مەرجەی ئەو کەنیزەکانە بۆتان دەربکەوێت کە بڕوادارن، خوای گەورەش زانایە بە ڕاستی ودروستی باوەڕتان و نھێنی ناو دڵ ودەرونتان، ئێوە وئەوان لە ئاین ومرۆڤایەتیدا یەکسانن، بۆیە خۆتان لە مارەکردنیان ھەڵامەوێرن، وبەموڵەتی کەسوکاریان بیانخوازن ومارەییان بکەن، ومارەیی خۆیانیان بە بەبێ کەموکورتی ودواخستن بدەنێ، ئەوە ئەگەر ھاتوو داوێن پاک وزیناکەر نەبوون بەئاشکرا، وە ھیچ دۆست و عاشقیشیان نەبێت کە بەنھێنی زینا و فاحیشەیان لەگەڵ بکەن، جا ئەگەر ھاتوو شوویان کرد وپاشان زینا وفاحیشەیان کرد ئەوا سزاکەیان نیوەی سزای ئافرەتانی ئازادە، واتا: پەنجا داریان لێ بدرێت، وە بەردباران ناکرێن، بە پێچەوانەی ئەو ئافرەتە ئازادانەی کە زینا دەکەن دەبێت بەردباران بکرێن، ئەوەی باسکرا لە دروستی خواستنی کەنیزەکی داوێن پاکی باوەڕدار ڕوخسەت وڕێگاپێدانە بۆ ئەوانەی کە لەخۆیان دەرتسن بکەونە ناو خراپە وزینا کردنەوە، وە دەسەڵاتی ئەوەیشی نیە کە ئافرەتێکی ئازاد بخوازێت، ھەرچەند باشتر وایە مرۆڤی باوەڕدار ئارام بگرێت و کەنیزەک نەخوازێت لەترسی ئەوەی مناڵی کۆیلە لەدایک نەبێت، وە خوای گەورە لێبوردەیە بەرامبەر ئەو بەندانەی کە تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە وپەشیمان دەبنەوە، وە زۆریش میھرەبانە بۆیان چونکە ڕێگای داوە کە پیاوانی باوەڕدار کەنیزەکی باوەڕدار بخوازن ئەگەر نەیاندەتوانی ئافرەتانی ئازاد مارە بکەن لەکاتی ترسی کەوتنە ناو خراپە و زیناوە.

(26) خوای گەورە بە تەشریع کردنی ئەم حوکمانەی کە ڕوونی کردەوە بۆتان دەیەوێت مەعالیمی شەرع و ئاینەکەی خۆیتان بۆ ڕوون بکاتەوە، لەگەڵ بەرژەوەندیە دونیایی و دواڕۆژیانەشی کە تێیاندایە، وە دەیەوێت ڕێنوێنیتان بکات بۆ لای ڕێ و شوێن وشەریعەتی پێغەمبەرانی پێش خۆتان لە حەڵاڵکردن و حەرامکردن، وە شارەزاتان بکات لەژیانی پڕ وانە و ئامۆژگاریان، تاوەکو ئێوەش وەک ئەوان و وچاویان لێ بکەن وشوێنیان بکەون، وە خوا دەیەوێت کە لەتاوان و سەرپێچی بگەڕێنەوە بۆ گوێڕایەڵی و تاعەتی خۆی، وە خوای گەورە زۆر زانایە بەھەر شتێک کە بەرژەوەندی بەندەکانی تێدا بێت بۆیە کردویەتی بە شەریعەت ویاسا بۆیان، وە زۆریش دانا وکاربەجێیە لە شەریعەت ویاسادانان و بەرێوەبردنی کاروبارەکانیاندا.

(27) خوای گەورە دەیەوێت تەوبەتان لێ وەربگرێت، وە چاوپۆشی لە گوناھەکانتان بکات. وە ئەوانەش کە بەشوێن خۆشی وئارەزووەکانی خۆیانەوەن دەیانەوێت لەڕێگای ڕاست زۆر دوورتان بخەنەوە ولەخشتەتان بەرن.

(28) خوای گەورە دەیەوێت بەم شەریعەت ویاسایانەی کە بۆی داناون کاروبارەکانتان بۆ ئاسان بکات، داوای شتێکیتان لێ نەکات کە لەتواناتاندا نیە، چونکە ئەو دەزانێت مرۆڤ لە دروستکردن وھەڵسوکەوت وڕەوشت وئاکاریدا لاواز و بێ ھێزە.

(29) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بەخوای گەورە وشوێن پێغەمبەرەکەی کەوتون، ھەندێکتان ماڵ وسامانی ھەندێکی ترتان بە ناھەق مەخۆن، وەک داگیر کردن و دزی و بەرتیل وڕێگا ناشەرعیەکانی تر، مەگەر ئەو ماڵ وسامانە ماڵ وسامانێک بێت لەڕێگای بازرگانی و مامەڵە کردنەوە بێت کە ھەردوولایەنی گرێبەست بەڕەزامەندی نێوانیان کڕین وفرۆشتن بکەن، ئەو کاتە دروستە لەو ماڵە وسامانە بخورێت و مامەڵە و تەسەڕوفی پێوە بکرێت، وە ھەندێکیتان ھەندێکی ترتان مەکوژن، وە کەستان باخۆشی نەکوژێت، وە با خۆی دوچاری تیاچون و فەوتان نەکات، بێگومان خوای گەورە زۆر میھربانە بۆتان، وە یەکێک لە ڕەحم ومیھرەبانیەکانی ئەوەیە خوێن وماڵ وسامان وشەرەف وناموسی حەرام کردوون.

(30) ھەرکەسێک ئەو کارانە ئەنجام بدات کە ڕێگریان لێکرا، ماڵ وسامانی خەڵکی تر بخوات بەناھەق، یان دەست درێژی بکاتە سەری و بیکوژێت یان ئازاری بدات بە دەست ئەنقەست، نەک بەشێوەی نەزانین ولەبیرچوون، ئەوا خوای گەورە دەیخاتە ناو ئاگرێکی گەورەوە لەرۆژی دواییدا، لە گەرماکەی داد وبێدادیەتی، وە لە سزاکەی ناڕەحەت دەبێت، ئەوەش کارێکی ئاسانە بۆ خوای گەورە وھیچی تێ ناچێت بۆی، لەبەر ئەوە زۆر بەدەسەڵاتە ودەستەوسانە نیە لە بەردەم ھیچ کارێکدا.

(31) ئەی باوەڕداران ئەگەر ئێوە دوور بکەونەوە لە گوناهه گەورەکانی وەک ھاوەڵ بڕیاردان بۆ خوا، وئازاردانی دایک وباوک، وکوشتی بەناھەق، وخواردنی سوو، ئەوا چاوپۆشیتان لێ دەکەین لە گوناھە بچوکەکان بە لێخۆش بوون و سڕینەوەیان، وە دەتان خەینە جێگا وشوێنێکی بەرێز لای خوای گەورە، کە بەھەشتی ھەتا ھەتایی پڕ لەناز ونیعمەتی نەبڕاوەیە.

(32) ئەی باوەڕداران ئاوات بۆ شتێ مەخوازن کە خوا فەزڵ و ڕێزی ھەندێکتانی بەسەر ھەندێکی ترتاندا داوە، بۆ ئەوەی نەبێتە ھۆی تووڕەیی و حەسودی، نابێت ئافرەتان ئومێدی بەدەستھێنانی ئەو شتانە بخوازن کە تایبەتە بە پیاوانەوە، بێگومان ھەر دەستەیەک لە پیاوان و لە ژنان پاداشت و مافیان بەپێی ھەوڵ و کۆششی خۆیان ھەیە، بۆیە داوای ئەوە لەخوا بکەن کە خوای گەورە لە بەخششەکانی خۆیتان پێ ببەخشێت، بێگومان خوای گەورە زۆر زانایە بەھەموو شتەکان، ھەر جۆرێک لەشتەکان بەپێی گونجانی خۆی پێی بەخشیوە.

(33) بۆ ھەریەکێک لە ئێوە میراتگرێکمان داناوە، کە لەو میراتەی کە باوک ودایک وخزمانی نزیک بەجێیان ھێشتووە، میرات بگرن، وە ئەو کەسانەش کە پەیمان وبەڵێنی دڵنیاکەرتان لەگەڵ بەستوون لەسەر ھاوپەیمانی وسەرخستن ھەرکات مردن وماڵێکتان لێ بەجێما میرات بگرن- لەسەردەمی نەفامیدا داب ونەریت وابوو دەیانوت: ئەگەر خوێن کەوتە سەرم دەبێت ئێوە خوینەکەم بۆ بدەن، وە ئەگەر مردیشم ئێوە میراتم لێ ببەن- بێگومان خوای گەورە شاھیدە بەسەر ھەموو شتێکدا وئاگادارە پێی، لەوانەیش شاھیدی ئەوەیە کە ئێوە پەیمان وبەڵێنتان لەیەک وەرگرتووە، میراتگرتنیش لەسەر بنەمای ھاوپەیمانی لەسەردەمی نەفامی و سەرەتای ئیسلامەوە بوو، پاشان حوکمەکەی سڕایەوە ونەما.

(34) پیاوان سەرپەرشتیاری ئافرەتانن، وە ھەڵدەستن بە جێ بەجێکردنی کاروبارەکانیان، بەھۆی ئەو فەزڵەی کە خوای گەورە داویەتی بەپیاوان بەسەر ئافرەتانەوە، وە بەھۆی ئەوەی کە خوای گەورە واجبی کردووە لەسەر پیاوان کە خەرجی ئافرەتان دابین بکەن، جا ئافرەتانی چاک وخواناس ئەوانەن کەگوێڕایەڵی پەروەردگار وە گوێڕایەڵی مێردەکانیانن، ئەو ئافرەتانە ئەگەر مێردەکانیان لێ دیار نەبێت خیانەتیان لێ ناکەن بەھۆی ئەوەی خوای گەورە یارمەتی داون، وە ئەوانەی ئێوە دەترسن لەوەی کە سەرپێچی بکەن وگویڕایەڵیتان نەکەن بەگوفتار وکردار، جا لەو حاڵەتەدا ئەی پیاوان بەوە لەگەڵیان دەست پێ بکەن کە ئامۆژگاریان بکەن وبیان ترسێنن بەخوای گەورە، جا ئەگەر ھاتوو ئامۆژگاری سوودی نەبوو، وە وەڵامی باشیان نەبوو، ئەوا جێگایان لێ جیا بکەنەوە، بەوەی پشتی تێکات و سەرجێی لەگەڵ نەکات، خۆ ئەگەر ھاتوو ئەمەش سوودی نەبوو، وەڵامی ئەرێنیان نەبوو، ئەوا لێیان بدەن بەڵام لێدانێکی سووک و برینداریان نەکەن، ئەگەر ھاتوو گەڕانەوە بۆ گوێڕایەڵی فەرمانەکانتان ئیتر ئێوەیش ھیچ ڕێگایەکی تر مەگرنە بەر بۆ ئازاردان وستەم لێکردنیان، بێگومان خوای گەورە بەرز وبڵندە بەسەر ھەموو شتێکدا، گەورەیە لە زات و سیفاتیدا بۆیە لێی بترسن وفەرمانەکانی بەجێ بھێنن.

(35) ئەی سەرپەرشتیارانی ھەردوولا - کەسوکاری ژن ومێرد- ئەگەر ھاتوو ترسی ئەوەتان ھەبوو ناکۆکی نێوانیان سەردەکێشێت بۆ دوژمنایەتی و پشت لەیەکتر ھەڵکردن ئەوا پیاوێکی دادگەر لەکەسوکاری مێردەکە، وە پیاوێکی دادگەریش لە کەسوکاری ژنەکە بنێرن تاوەکو بکۆڵنەوە لەھەڵە وکەموکورتی ھەردولایان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە ئەوان بەچاکی دەزانن یان جیابوونەوە، یاخود پێکھاتن و گەڕانەوە بۆلای یەکتر، بێگومان پێک ھاتنەوە باشترە لە جیابوونەوە، ئەگەر ھاتوو ئەو دوو کەسەی کە نێرراون بۆ چارەسەری کێشەکە ڕازی بوون پێک بھێنەوە و نیەتیان باش بوو ئەوا خوای گەورەش یارمەتی ژن ومێردەکە دەدات و پێکیان دەھێنێتەوە، وە ناکۆکی ناھێڵێت لەنێوانیاندا، بێگومان خوای گەورە ھیچ شتێکی بەندەکانی لاشاراوە نیە، وە ئەو زۆر زانایە بە ووردەکاری ئەوەی لەناو دڵیاندا دەیشارنەوە.

(36) بەتاک و تەنھایی خوای گەورە بپەرستن و گوێرایەڵی بن، وە جگە لەویش ھیچ کەسێکی تر مەپەرستن، وە لەگەڵ دایک و باوکتاندا چاک بن، وە ڕێزیان بگرن، وە لەگەڵ خزمان و ھەتیوان و ھەژاراندا ئاکار و ڕەوشتان چاک بێت، ھەروەھا لەگەڵ دراوسێی خزم و دراوسێیەکیش کە خزم نییە چاک بن، وە لەگەڵ ھاوەڵ و ھاوڕێی ھەمیشەیتان باش بن، وە لەگەڵ ڕێبواری نامۆ -غەریب- و نەناسراویش چاک بن، ئەو ڕێبوارەی کە لەڕێ جێماوە و خواردن و خواردنەوە و کەلوپەلی لێ بڕاوە، وە لەگەڵ کۆیلە و کەنیزەکەکانتاندا چاک بن، بێگومان خوای گەورە ئەو کەسەی خۆش ناوێت کە سەرسامی خۆیەتی و لوت بەرزە بەسەر بەندەکانی خوادا، وە زۆریش مەدح و سەنای خۆی دەکات و خۆی ھەڵدەکێشێت بەسەر خەڵکیدا.

(37) وە خوای گەورە ئەوانەشی خۆش ناوێت کە چروکی وبەخیلی و ڕژدی دەکەن، وە ئەوەی خوای گەورە واجبی کردووە لەسەری بە بەخشین لەو ماڵەی خوا داویەتی نابەخشێت، وە بە گوفتار وکرداریشیان فەرمان بەخەڵکی دەکەن کە ماڵیان نەبەخشن، وە ئەو فەزڵ ونازو نیعمەتەی خوای گەورە پێی بەخشیون لەماڵ و سامان و زانست وزانیاری دەیشارنەوە، وە ھەق وڕاستی بۆ خەڵکی ڕوون ناکەنەوە و دەیشارنەوە، وە ناھەق وناڕەوا بەدەردەخەن وئاشکرای دەکەن، ئەم ئاکارانە ئاکاری بێباوەڕانە، خوای گەورە سزای ڕسواکەری ئامادە کردوووە بۆ بێباوەڕان.

(38) ھەروەھا خوای گەورە سزای دۆزەخیشی ئامادەکردووە بۆ ئەوانەی کە ماڵوسامانی خۆیان لەبەر ڕوپامایی ومەدح وسەنای خەڵکی دەبەخشن، ئەوانە باوەڕیان بەخوای گەورە و ڕۆژی دوایی نیە، ئیمە سزای ڕیسواکەرمان بۆ ئامادە کردوون، ئەوەیشی ئەوانی گومڕاکرد تەنھا شوێنکەوتنی شەیتان بوو، جا ھەر کەسێکیش شەیتان ھاوڕی وھاودەمی ھەمیشەیی بێت بێگومان خراپترین ھاوڕێی ھەڵبژاردووە.

(39) ئەوانە چی زیانێکیان دەکرد ئەگەر بھاتایە بەڕاستی باوەڕیان بە خوای گەورە و بەڕۆژی قیامەت ھەبوایە، وە لەڕێگای خوای گەورە ماڵ و سامانیان ببەخشیایە و دڵسۆز و موخلیسی خوا بونایە؟! بەڵکو ئەگەر ئاوایان بکردایە زۆر باشتر بوو بۆیان، وە خوای گەورەش بەوان زانایە، وە ھیچ شتێکی ئەوانیشی لا شاراوە نییە، وە ھەموو کەسێکیش بەپێی کاروکردەوەی خۆی پاداشت و سزا دەدرێتەوە.

(40) بێگومان خوای گەورە دادگەرەو وبەھیچ شێوەیەک ستەم لە بەندەکانی ناکات، بە ئەندازەی مێرولەیەکی بچوکیش چاکە و حەسەناتیان لێ کەم ناکاتەوە، وە خراپە وگوناھو تاوانیشیان بۆ زیاد ناکات، وە ئەگەر بێتو بە ئەندازەی تۆزقاڵیک چاکەیان ھەبێت خوای گەورە بەفەزڵی خۆی بەچەند قات بۆیان زیاد دەکات، وە لای خۆی پاداشتی گەورەی پێدەبەخشێت.

(41) ئەبێ حاڵی ئەو بێباوەڕانە لەڕۆژی دواییدا چۆن بێت کاتێک ھەموو پێغەمبەرێک دێت دەبێت بە شاھید بەسەر ئومەتەکەی خۆیەوە لەسەر ئەوەی ئەنجامیان داوە، لەو ڕۆژەدا ئەی پێغەمبەر تۆیش دەھێنین کە ببیت بە شاھید بەسەر ئومەتەکەی خۆتەوە.

(42) لەو ڕۆژە گەورەدا ئەوانەی باوەڕیان بەخوا نەبووە و سەرپێچی پێغەمبەرەکەیان کردووە حەزیان دەکرد کە گڵ بونایە و خوا دروستی نەکردنایە، ھیچ شتێکیش لە کاروکردەوەی ئەوانە لای خوای گەورە شاراوە نیە، چونکە خوای گەورە مۆر دەنێت بەسەر دەمیاندا وە ھیچ قسەیەک ناکەن، وە مۆڵەت دەدرێت بە ئەندامەکانی لەشی کە شاھیدی لەسەر خاوەنەکەیان بدەن لەوەی ئەنجامیان داوە.

(43) ئەی ئەوانەی باوەڕتان بەخوای گەورە و پێغەمبەرەکەی ھەیە، لەکاتی سەرخۆشیدا نوێژ مەکەن تاوەکو بزانن لە نوێژەکەتاندا چی دەڵێن، -ئەمە پێش حەرامکردنی مەی بوو بەیەکجاری- وە لەکاتێکیش کە لەشتان گرانە نوێژ مەکەن، وە مەڕۆنە ناو مزگەوتەوە بەلەشگرانی مەگەر بە تێپەڕ بوون پێیدا تیپەڕ بن، تا ئەو کاتەی خۆتان دەشۆن، وە ئەگەر ھاتوو نەخۆش بوون وەنەتاندەتوانی ئاو بەکار بھێنن یان لە سەفەردا بوون، یان لەشتان گران بوو یان چووبونە لای ژنەکانتانەوە، وە ئاویشتان دەست نەدەکەوت بۆ خۆ شۆردن، ئەوا لەو حاڵەتەدا بە خۆڵێکی پاکوخاوێن تەیەموم بکەن، ئەویش بەو شێوەیە: کە پاش ئەوەی دەستاندا لە گلە خاوێنەکە دەست بھێنن بەدەموچاو و دەست وپلتاندا، بیگومان خوای گەورە لەبەرامبەر کەمتەرخەمیەکانتان لێبوردەیە، وە لە گوناھەکانتان خۆش دەبێت.

(44) ئەی پێغەمبەری خوا ئایا ئاگاداری جولەکەکان ھەیت کە خوای گەورە زانست وزانیاری پێدابوون لەسەر تەورات کەچی ئەوان ھیدایەت وڕێنوێنیان گۆڕیەوە بە سەرگەردانی وگومڕایی، وەدەیشیانەوێت -ئەی باوەڕداران- ئێوە گومرا بکەن و لەسەر ئەو ڕاستە ڕێگایەی کە پێغەمبەر ھێناویەتی بۆتان لاتان بدەن، تاوەکو ڕێگا خوار وخێچەکەی خۆیان بگرن.

(45) ئەی باوەڕداران خوای گەورە لە ئێوە زاناترە بە دوژمنەکانتان، ھەواڵی ئەوانی بەئێوەدا ودوژمنایەتی ئەوانی بۆ ئێوە ڕوونکردەوە، خوای گەورەتان بەسە کە پشت وپەناتان بێت وە بتانپارێزێت لە دەستدرێژی ئەوان، وە خواتان بەسە سەرخەرتان بێت، و لە فڕوفێڵ وئازاری ئەوان بتانپارێزێت، وە سەرتان بخات بەسەریاندا.

(46) لەناو جولەکەکاندا دەستەیەکی خراپ ھەن کە ئەو کەلام و فەرموودەیەی خوا ناردویەتیە خوارەوە دەیگۆڕن، وە بەجۆرێک لێکدانەوە و شیکردنەوەی بۆ دەکەن کە خوای گەورە بەو شێوەیە بۆ ئەو مەبەستەی دانەبەزاندووە، وە کاتێک پێغەمبەری خوایش (صلی اللە علیە وسلم) فەرمانیان بەشتێک پێدەکات: ئەوان دەڵێن: ئەوەی دەیڵێت بیستمان، بەڵام سەرپێچیمان کرد، بە گاڵتە پێکردنێکەوە دەڵێن: ئەی موحەمەد تۆیش گوێمان بۆ بگرە یاخوا ھەرگیز نەبیستیت، وە لەکاتی گفتوگۆدا پێت دەڵێن: -راعنا- وانیشانیان دەدا کە مەبەستیان بەم ووشەیە مۆلەتمان بدە وپەلەمان لێ مەکە، بەڵام لەڕاستیدا مەبەستیان پێی جنێودان و نزاکردن بوو لە پێغەمبەری خوا، وە تانە وتەشەردان ولاقرتێ بەدین کردن زمانیان بادەدەن، ئەگەر بھاتایە لەبری ئەوەی کە دەیانوت: فەرموودەی تۆمان بیست و سەرپێچی فەرمانەکانمان کردیت، بیانوتایە: فەرموودەکانی تۆمان بیست، وە فەرمانەکانی تۆمان جێ بەجێکرد، وەلەبری گوێت لێمان بێت و وخوا پێت نەبیستێت، بیانوتایە بیستمان و بەگوێمان کرد، وە ئەگەر لەبری ووشەی -راعنا- بیانوتایە: چاوەڕیمان کرد کە لەوەی دەیڵێیت تێبگەین، باشتر و ڕاستر بوو بۆیان، چونکە بەو شێوەیە ڕەچاوی ڕەوشت بەرزی تێدا دەکرا وشیاوتر بوو بە پلە وپایەی پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم)، بەڵام ئەوان ئەوەیان نەکرد، خوای گەورەیش بەھۆی بێباوەڕیانەوە نەفرینی لێکردن، وە لە ڕەحم ومیھرەبانی خۆی دووری خستنەوە، وە بێگومان ئەوان باوەڕێک ناھێنن کە سوودی ھەبێت بۆیان.

(47) ئەی ئەوانەی نامە وپەڕاوی خواتان بۆھات لە جولەکە و گاورەکان، باوەڕ بھێنن بەوەی کە بۆ موحەمەد (صلی اللە علیە وسلم) دابەزیووە، دان دەنێت بەوەی بۆ ئێوە لە تەورات وئینجیلدا ھاتووە، پێش ئەوەی دەمووچاوێک ساف بکەین ولەشێوەی مرۆڤ دایماڵین وەک پشتی سەریانیان لێ بکەین، یان ئەوەتانێ لە ڕەحمەت ومیھرەبانی خوا دەریان دەکەین، ھەروەک چۆن نەفرینمان لەوانە کرد کە لە ڕۆژی شەممەدا ڕاوی ماسیان کرد، کاتێک خوای گەورە ڕێگری لێکردبوون کە لەو ڕۆژەدا ڕاو بکەن، ئەوە بوو خوای گەورە کردینی بە مەیمون، بێگومان خوای گەورە فەرمان بەھەرچی بکات ڕوو دەدات ودێتەدی.

(48) بێگومان ھەرگیز خوای گەورە لەدانانی (ھەرشتێک لە مەخلوقاتی بکرێت بەھاوبەشی) خۆش نابێت، وە بەفەزڵی خۆی چاوپۆشی دەکات لەھەر گوناھێکی تر جگە لەھاوبەشدانان و بێباوەڕی بۆ ھەرکەسێک کە خۆی بیەوێت، یان بەعەدلی خۆی بە ئەندازەی گوناھو وتاوانیان سزایان دەدات، بۆیە ھەر کەسێک ھەر شتێک بکات بەھاوبەشی خوای گەورە، ئەوە بێگومان گوناھو تاوانێکی زۆر گەورەی کردووە، ئەگەر ھەر کەسێک لەسەری بمرێت ئەوا خوای گەورە ھەرگیز لێی خۆش نابێت.

(49) ئەی پێغەمبەر ئایا ئاگاداری ئەوانەیت کە پاکانە بۆ دەروونی خۆیان دەکەن، وە وەسف وسەنای خۆیان و کاروکردەوەی خۆیان دەکەن؟ نەخێر پاکانە کردن و وەسف وسەنا کردن بەدەست ئەوان نیە، بەڵکو ئەوە تەنھا خوای گەورەیە کە ھەرکەسێکی بوێت لە بەندەکانی پاکانەیان بۆ دەکات و وەسف وسەنایان دەکات، چونکە زانایە بە شاراوەی ناو دڵەکانیان، وە ھیچ شتێک لە پاداشتی کاروکردەوەیان کەم ناکاتەوە، وە ھەرگیز بە ئەندازەی تاڵە دەزوویەکی ناو دەنکە خورمایەکیش ستەمیان لێ ناکات.

(50) تەماشا بکە ئەی پێغەمبەری خوا ئەوانە چۆن درۆ بەدەم خواوە ھەڵدەبەستن، بەوەی پاکانە بۆ دەروونی خۆیان دەکەن و وەسف وسەنای کار وکردەوەیان دەکەن، ئەوانە ھەر ئەوەندەیان بەسە وەکو گوناھێکی ڕوون وئاشکرا بۆ خراپەکاری و گومڕاییان، چونکە پاکانە کردن بۆ خۆ کارێکی نەشیاو وخراپە، بۆیە تەنھا خوای گەورە دەبێت پاکانە بۆ بەندەکانی بکات.

(51) وە ئایا ئەی پێغەمبەر ئاگاداری حاڵی ھەندێک لەجولەکەکان ھەیت، وە سەرت سوڕ نامێنێت لەوانەیان کە خوای گەورە زانست وزانیاری پێ بەخشی بوون کەچی باوەڕیان بە پەرستراوانێکی جگە لەخوا ھەیە لە بت وجادوو وفاڵگرتنەوە، وە بۆ ڕازی کردنی دڵی موشریک وھاوەڵ بڕیاردەرەکانی مەککە وئەو ناوچەیە دەیانووت: بەڕاستی ڕێبازی ئەوان لە ڕێبازی ھاوەڵانی موحەمەد (صلی اللە علیە وسلم) باشتره و ئەوان له باوەڕداران لەسەر ھەقترن.

(52) ئەوانەی ئەو بیروباوەڕە خراپەیان ھەیە، ئەوانەن کە خوای گەورە لە ڕەحمەتی خۆی دەری کردوون، ھەرکەسیش خوای گەورە لە ڕەحمەتی خۆی دەری بکات ھیچ پشت وپەنا و سەرخەرێکی نیە.

(53) ئەوانە ھیچ دەسەڵاتێکیان نابێت، ئەگەر دەسەڵاتیشیان ھەبێت ئەوەندە چروکن ھیچ شتێک نادەن بەکەس، ئەگەر بە ئەندازەی توێکڵی پشتی دەنکە خوارمایەکیش بێت.

(54) بەڵکو حەسوودی بە موحەمەد (صلی اللە علیە وسلم) وھاوەڵانی دەبەن لەبەرامبەر ئەوەی کە خوای گەورە لە پێغەمبەرایەتی و باوەڕ و پلە وپایە ودەسەڵاتەی پێی داون، باشە بۆچی حەسودی و ئیرەی دەبەن بە ئەمان لەکاتێکدا ئێمە کارزانی و پەیامی پێغەمبەرایەتیمان بە نەوەکانی ئیبراھیم بەخشی، وە دەسەڵات وموڵکێکی فراوانیشمان پێ بەخشین کە بەخەلکی تر نەدرابوو.

(55) لەناو خاوەن نامەکاندا ھەیانە باوەڕیان بەئەوە ھەیە کە خوای گەورە ناردوویەتیە خوارەوە بۆ ئیبراھیم (سەلامی خوای لێ بێت) وە بۆ ئەو پێغەمبەرانەیش لەنەوەی ئەون، وە ھەشیانە باوەڕیان پێ نەھێنان، ئەمەش ھەڵویستیانە بەرامبەر بەوەی خوای گەورە ناردویەتیە خوارەوە بۆ موحەمەد (صلی اللە علیە وسلم)، ئاگری دۆزەخ بەسە بۆ ئەوانە کە باوەڕیان نەھێناوە لەناو ئەواندا.

(56) بێگومان ئەوانەی باوەڕیان بە ئایەت و نیشانە وبەڵگەکانمان نیە لەڕۆژی دواییدا دەیانخەینە ناو ئاگرێکی بڵێسەداری واوە کە لەھەموو لایەکەوە دەوری داون، ھەرکاتێک پێستی جەستەیان دەسوتێت ئەوا چەند پێستێکی تریان لەجێگای ئەواندا بۆ دەگۆڕین، تاوەکو باش سزا بچەژن، بێگومان خوای گەورە زۆر بەدەسەڵاتە کە ھیچ شتێک زاڵ نابێت بەسەریدا، وە زۆریش دانا وکاربەجێیە لەکارو بەڕێوەبردنیدا.

(57) ئەوانەش کە باوەڕیان بەخوای گەورە ھەیە و شوێن پێغەمبەرەکانی کەوتوون، وە کاروکردەوەی چاک ئەنجام دەدەن، ئەوا لەڕۆژی دواییدا دەیانخەینە ناو بەھەشتانێکی فراوان کە ڕوبارەکان بەژێر کۆشک وتەلارەکانیان دەڕۆن، وە بەھەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە، لەو بەھەشتانەدا ژنانی پاکوخاوێنی وایان دەدەینێ کە لەھەموو پیس وپۆخڵیەک بەدوورن، وە دەیانخەینە ژێر سێبەری چڕ وپڕی واوە کە نە گەرمایان ببێت و نەسەرما.

(58) بێگومان خوای گەورە فەرمانتان پێدەکات ئەمانەت وسپاردەکان بدەنەوە دەست خاوەنەکانیان، وە فەرمانتان پێدەکات ھەرکاتێک دادگایی نێوان خەڵکیتان کرد بە دادگەرانە ویەکسانی لەنێوانیاندا حوکم بکەن بەشێوەیەک مەیلتان بەلای کەسیاندا نەچێت و زوڵم وستەم لەکەسان نەکەن، بێگومان خوای گەورە بەشێوەیەکی زۆر جوان لە ھەموو کاتێکدا ئامۆژگاری وڕێنمونیتان دەکات، وە خوای گەورە بیسەری ھەرچی شتە کە ئێوە دەیڵێن وە ھەرچیش ئەنجام دەدەن دەیبینێت.

(59) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بەخوای گەورە و شوێن پێغەمبەرەکانی کەوتوون، گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەکەی بن، ئەویش بە بەجێھێنانی فەرمانەکانی و دوور کەوتنەوە لە ڕێگریەکانی، وە گوێڕایەڵی کاربەدەستەکانتان بن ئەگەر فەرمانیان بە سەرپێچی خوا پێ نەکردن، وە ئەگەر ڕاجییایتان تێکەوت لەشتێکدا ئەوا بگەڕێنەوە بۆلای قورئان و سوننەتی پێغەمبەری خوا ئەگەر ئێوە باوەڕتان ھەیە بەخوا و بەڕۆژی دوایی، چونکە گەڕانەوەتان بۆلای قورئان وسوننەت زۆر لەوە باشترە کە لەناو ناکۆکی وڕاجییای وڕای خۆ پەسەند کردندا بمێننەوە، وە باشترین سەرەنجامیشە بۆتان.

(60) ئەی پێغەمبەر ئایا دوو فاقی دوو ڕووەکانی جولەکە نابینیت کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە باوەڕیان بەوە ھێناوە کە بۆ تۆ دابەزیووە، وە باوەڕیشیان بەوە ھەیە کە بۆ سەرجەم پێغەمبەرانی پێش تۆ دابەزیووە، ئەوان دەیانەوێت بۆ یەکلای کردنەوە و دادگایی کردنی کێشەکانیان بچنە لای یاسای غەیری یاسای شەریعەتی ئیسلام، ئەو یاسایانەی کە مرۆڤەکان دایانناوە، لەکاتێکدا ئەوان فەرمانیان پێکراوە کە باوەڕ نەکەن بەو یاسایانە، وە شەیتانیش دەیەوێت بەیەکجاری لە ھەق وڕاستی دووریان بخاتەوە کە بەھیچ شێوەیەک ڕێنمونی وھیدایەت وەرنەگرن.

(61) ئەگەر بوترێت بەو دووڕوانە: وەرن بۆلای ئەو حیکمەت ودانایەی کە خوای گەورە لەم پەرتووکەدا دایبەزاندووە، وە وەرن بۆلای پێغەمبەر تاوەکو دادگای بکات لە ناکۆکیەکانی نێوانتاندا، ئەوا ئەی پێغەمبەر دەیانبینیت بە توندی پشت ھەڵدەکەن وڕازی نابن بە دادگای کردنی تۆ لە نێوان خۆیاندا.

(62) حاڵی ئەو دووڕوانە چۆن دەبێت کاتێک بەھۆی گوناھو تاوانی خۆیانەوە تووشی بەڵا وموسیەبت وناڕەحەتی دەبن بەھاوار ھاوار وبیانوو بۆ ھێنانەوە بۆت سوێندت بۆ دەخۆن: کە ھیچ مەبەستێکیان نەبووە لەوەی کە دادگایی ناکۆکیەکانی نێوانیان بردووەتە لای غەیری ئەو تەنھا وویستویانە چاکسازی وڕێکەوتن لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا ئەنجام بدەن، دڵنیابە کە ئەوان لەوەدا درۆ دەکەن، چونکە چاکسازی وئیحسان ئەوەیە شەریعەتی خوا دادگایی بکات لەنێوان بەندەکانی خوادا.

(63) خوای گەورە دەزانێت ئەوانە چی پیسی و نەگریسیەکیان لە دووڕووی لەناو دڵی خۆیاندا شاردووەتەوە، جا لەبەر ئەوە ئەی پێغەمبەر تۆیش پشتگوێیان بخەو وازیان لێ بھێنە، وە ئامۆژگاریان بکە وحوکمی خوایان بە موژدەدان و ترساندن بۆ ڕوون بکەرەوە، وە بە ووتەیەکی جەرگبڕانە لەگەڵیاندا بدوێ کە ھیچ بیانویەکیان نەمێنێت.

(64) ھیچ پێغەمبەرێکمان نەناردووە بۆ ئەوە نەبێت کە وویستی خوای گەورە گوێڕایەڵی بکرێت، جا ئەو دووڕوانە کاتێک ستەمیان لەخۆیان کرد بە ئەنجامدانی گوناە وتاوان ئەگەر بھاتنایەتە لای تۆ و دانیان بنایە بەوەی ئەنجامیان داوە و پەشیمان بوونایەتەوە و داوای لێخۆش بوونیان لەخوای گەورە بکردایە، وە تۆیش داوای لێخۆش بوونت بۆ بکردنایە ئەوا دەیانبینی کە خوای گەورەش تەوبەکانیانی لێوەردەگرتن و زۆریش بە ڕەحم ومیھرەبان دەبوو لەگەێاندا.

(65) نەخێر بەو شێوەیە نیە کە ئەو دووڕوانە گومان دەبەن، پاشان خوای گەورە بەزاتی خۆی سویند دەخوات کە ئەوانە ڕاست ناکەن ئەی موحەمەد ھەتاوەکو تۆ نەکەن بە دادوەر لە ژیانی خۆتدا وە پاش مردنیشت شەریعەتەکەت نەکەن بەدادوەر لەتەواوی ئەو ناکۆکیانەی کە دروست دەبێت لەنێوانیاندا، وە پاشان ڕازیش بن بەو بڕیارەی کە پێغەمبەر دەیدات، وە ھیچ شتێکیش لەگومان وپێ ناخۆش بوون لە دڵیاندا نەمێنێت، وە بە تەواویش لەڕواڵەت وناواخنی خۆشیاندا تەسلیم وملکەچ دەبن پێی.

(66) ئەگەر لەسەر ئەوانمان فەرز بکردایە کە ھەندێکیان ھەندێکی تریان بکوژن، یاخود لە نیشتمان ووڵاتی خۆیان بچنە دەرێ، ئەوا کەمێکیان نەبێت کەسیان بەگوێی فەرمانەکەی ئێمەیان نەدەکرد، جا بۆیە سوپاسی خوا بکەن کە خوای گەورە داوایەکی قورس وگرانی لەو شێوەیەی لێ نەکردن، ئەگەر بھاتایە بەگوێی فەرمان وئامۆژگاریەکانی خوایان بکردایە زۆر باشتر بوو لەو سەرپێچیەی کە دەیانکرد، وە باوەڕیش باش لەدڵ ودەرونیاندا دەچەسپا، وە ئێمە پاداشتی گەورەمان دەدانەوە، وە ئەوساش ئەمانخستنە سەر ڕیگای ڕاست، ئەو ڕیگایەی کە دەیانگەیەنێت بەخوا وبە بەھەشت.

(67) ئەگەر لەسەر ئەوانمان فەرز بکردایە کە ھەندێکیان ھەندێکی تریان بکوژن، یاخود لە نیشتمان ووڵاتی خۆیان بچنە دەرێ، ئەوا کەمێکیان نەبێت کەسیان بەگوێی فەرمانەکەی ئێمەیان نەدەکرد، جا بۆیە سوپاسی خوا بکەن کە خوای گەورە داوایەکی قورس وگرانی لەو شێوەیەی لێ نەکردن، ئەگەر بھاتایە بەگوێی فەرمان وئامۆژگاریەکانی خوایان بکردایە زۆر باشتر بوو لەو سەرپێچیەی کە دەیانکرد، وە باوەڕیش باش لەدڵ ودەرونیاندا دەچەسپا، وە ئێمە پاداشتی گەورەمان دەدانەوە، وە ئەوساش ئەمانخستنە سەر ڕیگای ڕاست، ئەو ڕیگایەی کە دەیانگەیەنێت بەخوا وبە بەھەشت.

(68) ئەگەر لەسەر ئەوانمان فەرز بکردایە کە ھەندێکیان ھەندێکی تریان بکوژن، یاخود لە نیشتمان ووڵاتی خۆیان بچنە دەرێ، ئەوا کەمێکیان نەبێت کەسیان بەگوێی فەرمانەکەی ئێمەیان نەدەکرد، جا بۆیە سوپاسی خوا بکەن کە خوای گەورە داوایەکی قورس وگرانی لەو شێوەیەی لێ نەکردن، ئەگەر بھاتایە بەگوێی فەرمان وئامۆژگاریەکانی خوایان بکردایە زۆر باشتر بوو لەو سەرپێچیەی کە دەیانکرد، وە باوەڕیش باش لەدڵ ودەرونیاندا دەچەسپا، وە ئێمە پاداشتی گەورەمان دەدانەوە، وە ئەوساش ئەمانخستنە سەر ڕیگای ڕاست، ئەو ڕیگایەی کە دەیانگەیەنێت بەخوا وبە بەھەشت.

(69) ھەر کەسێک گوێڕایەڵی خوا وپێغەمبەر بێت، ئەوا لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەبێت کە خوای گەورە ناز ونیعمەتی خۆی بەسەردا ڕشتوون کە بچنە بەھەشتەوە، لە پێغەمبەران وڕاستگۆیان، ئەوانەی کەڕاستگۆیەکەیان تەواو کرد بە باوەڕ ھێنان بەوەی پێغەمبەر پێی ھاتووە وە کاریشیان پێکردووە، وە لەگەڵ ئەوانەشدا دەبێت کە لەڕێگای خوادا گیانی خۆیان بەخت کرد، وە لەگەڵ پیاوچاکاندا دەبێت ئەوانەی کە ڕواڵەت و ناواخنی خۆیان چاک کردووە بەوەش کاروکردەوەیان چاک بوو، ئای چەند خۆشە مرۆڤ ھاوڕیی ئەوانە بێت لەبەھەشتدا.

(70) ئەو پاداشتەی کە باسکرا، فەزڵی خوای گەورەیە بۆ بەندەکانی، وە خوای گەورەش بەسە کە ئاگادار بێت بە حاڵ و گوزەرانیان، وە پاداشتی ھەرکەسێکیان بداتەوە لەسەر ئەو کار وکردەوانەی کە ئەنجامیان داوە.

(71) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بەخوای گەورە وە شوێن پێغەمبەرەکەی کەوتوون، ئاگاداری دوژمنەکاناتن بن، ئەویش بەوەی تەواوی ئەو ھۆکارانە بگرنە بەر کە پێویستن بۆ جەنگان لەگەڵیاندا، جا بۆیە دەستە دەستە بۆیان دەرچن، یان ھەمووتان بەدەستە جەمعی بچنە دەرەوە بۆیان، ھەر حاڵێکیان بەو شێوەی کە بەرژەوەندی خۆتانی تێدا دەبیننەوە، وە گورزی توندیش لەدوژمنەکانتان بوەشێنن.

(72) بێگومان دەستەیەک لەناو ئێوەدان ئەی موسڵمانان لەبەر ترسنۆکی خۆیان دەرناچن بۆ کوشتاری دوژمنەکانتان، وە خەڵکی تریش سارد دەکەنەوە، ئەوانیش دووڕوەکان و باوەڕدارە لاوازەکانن، جا ئەگەر ھاتوو ئێوە کوشتارتان لێکرا و لەجەنگدا شکان ئەوا ھەریەک لەو دووڕوانە لە خۆشیدا دەڵێن: باش بوو لەگەڵ ئەوانەدا نەبووم وە بەسەلامەتی دەرچووم، خوا چاکەی لەگەڵ کردم کە ئامادەی جەنگ نەبووم لەگەڵیان تاوەکو دووچاری ئەوە نەبم کە دووچاری ئەوان بوو.

(73) خۆ ئەگەر ھاتوو بەفەزڵی خوا سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی جەنگ بەشتان بوو، ئەوا بێگومان ئەو دووڕوانەی کە لەجیھاد وتێکۆشان دواکەوتن، بەڕاشکاوی ھەروەک کەسێک لەپێشدا ھیچ پەیوەندی وناسراویەکیان نەبووبێت لەگەڵتاندا دەڵێن: خۆزگایە ئێمەش لەو جەنگەدا لەگەڵ ئێوەدا بوینایە، تاوەکو ئەوەی ئەوان بەدەستیان ھێنا ئێمەیش بەدەستمان بھێنایە.

(74) دەسا با باوەڕدارانی ڕاستەقینە لەرێگای خوا لەگەڵ بێباوەڕان بجەنگن تاوەکو ووشەی خوا بەرز وبڵند بێت، ئەو باوەڕدارانەی کە ژیانی دونیا دەفرۆشن ھەرچەند حەزیشیان لێیەتی بە ژیانی دواڕۆژ، بۆیە ھەرکەسێک لەپێناو بەرز وبڵندی ووشەی خوا بجەنگێت وە لەو پێناوەشدا بکوژرێت وشەھید بێت، یان زاڵ وسەرکەوێت بەسەر دوژمنەکەیدا، ئەوا خوای گەورە پاداشتی زۆر گەورەی دەداتەوە، ئەویش ڕەزامەندی خوا و چوونە بەھەشتی ھەتاھەتاییە.

(75) ئەی باوەڕداران چی ڕێگرییەک ھەیە لەوەی کە جیھاد وتێکۆشان نەکەن لەڕێگای خوا بۆ بەرزکردنەوەی ووشەی (لا إلە إلا اللە)، وە بۆ ڕزگار کردنی لاوازان وچەوساوانی پیاوان وژنان ومناڵان، ئەوانەی ھاوار دەکەن لەخوا و دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان لەشاری مەککە دەرمانبکە کە دانیشتوانەکەی ستەمکارن بەوەی ھاوەڵ بڕیار دەدەن بۆ خوا وە دەست درێژی دەکەنە سەر بەندەکانی خوا، ئەی پەروەردگار لای خۆتەوە یارمەتیدەرێکمان بۆ بڕیار بدە وکاروبارەکانمان بدە دەستی کە چاودێریمان بکات و بمانپارێزێت، و زەرەر وزیانمان لێ دوور بخاتەوە.

(76) باوەڕدارانی ڕاستگۆ لەڕێگای خوا لەپێناو بەرزکردنەوەی ووشەی (لا إلە إلا اللە) دەجەنگن، وە بێباوەڕانیش لەڕێگای خواکانی خۆیان دەجەنگن. کەوابوو ئەی باوەڕداران ئێوە لەگەڵ دۆست وھاوکارەکانی شەیتان بجەنگن، بێگومان ئەگەر ھاتوو لەگەڵیان جەنگان ئەوا زاڵ دەبن بەسەریاندا، چونکە پیلان وفڕوفێڵی شەیتان لەبەرامبەر دەسەڵاتی خوادا زۆر لاواز وسستە، بەشێوەیەک ھیچ ناتوانێت ھیچ زیانێک بەوانە بگەیەنێت کە پشت بەخوای گەورە دەبەستن.

(77) ئەی پێغەمبەر ئایا ئاگاداری کاری ھەندێک لەھاوەڵانت نەبویت کاتێک کە داوایان کرد کە خوا جیھاد وتێکۆشانیان لەسەر فەرز بکات، پیانووترا: واز لە جەنگ کردن بھێنن، وە نوێژەکانتان ئەنجام بدەن، وە زەکاتی ماڵ وسامانتان دەربکەن -ئەمە پێش فەرز بوونی جیھاد بوو- جا کاتێک کۆچیان کرد بۆ شاری مەدینە، وە ئیسلام و موسڵمانان بوون بەخاوەنی ھێز، وە جیھاد وتێکۆشان لەسەریان فەزر کرا، ئەمەش ناڕەحەت بوو لەسەر ھەندێکیان، بۆیە ئەو ھێندە چۆن دەترسان لەخوا ئاوا وبگرە زیاتریش لە دوژمنەکانیان دەترسان، وە ووتیان: ئەی پەروەردگارمان: بۆچی جیھاد وجەنگ کردنت لەسەر فەرزکردین؟ خۆزگە ماوەیەکی تر دوات دەخست تاوەکو کەمێک تام وچێژمان لەدونیا وەردەگرت، جا تۆیش ئەی پێغەمبەر پێیان بڵێ: ژیان وگوزەران وخۆشیەکانی دونیا ھەرچەند بێت ھەر تێدا دەچێت ودەفەوتێت، وە ژیانی دواڕۆژ لەبەر ئەوەی ناز ونیعمەتەکانی ھەمیشەیین چاکتر وباشترە بۆ ئەو کەسانەی کە لەخوا ترسن، وە باش بزانن بە ئەندازەی ئەو ڕشتەیە لەناو ناوکی خورمادایە ستەمیان لێ ناکرێت بەوەی لە کار وکردەوە باشەکانیان کەم بکاتەوە.

(78) دڵنیا بن ئەگەر کاتی خۆی ھات لە ھەر جێگایەک بن مردن پێتان دەگات، ئەگەر بێتو لەناو کۆشک وقەڵای سەخت وقایمدا بن و دووریش بن لە گۆڕەپانی جەنگ و جیھاد، ئەگەر ئەو دووڕوانە ناز ونیعمەتی ڕزق وڕۆزی و مناڵ وکوڕو کاڵی زۆریان پێ بدرێت دەڵێن: ئەوە لەخواوەیە، وە ئەگەر توشی ناخۆشی و ناڕەحەتی بوونەوە لە ماڵ ومناڵ وڕزق وڕۆزیان ڕەش بینین بەتۆ وەدەڵێن: ئەی پێغەمبەر ئەمە لە نەھامەتی و شومی تۆوەیە، جا تۆیش ئەی پێغەمبەر لەوەڵامیاندا بڵێ: ھەرچی خۆشی وناخۆشی ھەیە ھەر ھەمووی بە قەزا وقەدەر وبڕیاری خوایە، ئەوە ئەو خەڵکە چیان بەسەر ھاتووە کە بەو شێوەیە قسە دەکەن؟ خەریکە لە مەبەستی ئەو قسانە تێ نەگەن کە بۆیان دەکەیت؟!

(79) ئەی نەوەکانی ئادەم ھەر خۆشی وناز ونیعمەتێکت پێدرا لە ڕزق وڕۆزی وبەخشینی مناڵ ئەوە بەفەزڵی خوای گەورە لە ئەوەوەیە، وە ئەگەر ھەر ناخۆشی وبەڵا وموسیبەتێک تووشی خۆت و ماڵ ومناڵ و ڕزق وڕۆزیت بوو، ئەوە چاک بزانە ھەر ھەمووی بەھۆی ئەنجامدانی ئەو گوناھو تاوانانەوەیە کە ئەنجامی دەدەیت، ئەی پێغەمبەر ئێمە تۆمان بۆ ھەموو خەڵکی نارد تاوەکو پەیامەکەی پەروەردگارتیانی پێ بگەیەنیت، خوایش بەسە کە ئاگادار وشاھید بێت بەسەرتەوە کە ڕاستگۆ بویت لە گەیاندنی پەیامەکەت پێیان لەو بەڵگە ونیشانانەی کە بۆت ھێنان.

(80) ھەر کەسێک گوێڕایەڵی پێغەمبەری خوا بکات بە بەجێھێنانی فەرمانەکانی و دوور کەوتنەوە لەو شتانەی کە قەدەغەی کردوون، ئەوە بێگومان وەڵامی فەرمانی خوای گەورەی داوەتەوە، وە ھەر کەسێکیش پشت ھەڵکات لە گوێڕایەڵی تۆ ئەی پێغەمبەر تۆ ھیچ دڵ گران مەبە لێی، چونکە ئێمە تۆمان ڕەوانە نەکردووە کە چاودێر بیت بەسەریانەوە تاوەکو کاروکردەوەکانیان تۆمار بکەیت، بەڵکو ئەوە ئێمەین کاروکردەوەیان تۆمار دەکەین ولێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەین لەسەری.

(81) ئەی پێغەمبەر دووڕوەکان بەزمان ولەڕوو پێت دەڵێن: گوێرایەڵی فەرمانەکانتین و بەجێیان دەھێنین، بەڵام کاتێک لای تۆ چوونەوە دەرەوە کۆمەڵێکیان بەنھێنی پیلانت لەدژ دەگێڕن، پێچەوانەی ئەوەی کە بۆیان ئاشکرا دەکرێت، خوای گەورەش ئاگادارە لەپیلان وفڕوفێڵیان، وە تۆڵەی ئەو کارەیان لێ دەسێنێتەوە، تۆ ھیچ گوێیان مەدەرێ و ئاوەڕیان لێ مەدەرەوە، کاروباری خۆت بدە دەست خوای گەورە و تەنھا ھەر پشت بەو ببەستە، چونکە خوات بەسە کە ئاگادارت بێت وپشتی پێ ببەستیت.

(82) ئەوانە بۆچی بیر لەمانا و مەبەستەکانی قورئانی پیرۆز ناکەنەوە ولە نھێنیەکانی ناکۆڵنەوە تا بۆیان ڕوون بێتەوە کە ھیچ جیاوازی و دژ یەکیەکی تێدا نیە، تاوەکو ڕاستی ئەو شتەیان بۆ ڕوون بێتەوە کە تۆ ھێناوتە، چونکە ئەم قورئانە ئەگەر بھاتایە لەلایەن غەیری خواوە بوایە ئەوا ناکۆکی ودژیەکیت لە حوکمەکانی وە جیاوازی زۆرت بەدی دەکرد لە مانا ومەبەستەکانیدا، بەڵام مادام قورئان فەرمایشتی خوایە ھیچ ناکۆکی و دژیەکیەکی تێدا بەدی ناکەیت.

(83) ئەو دووڕوانە ئەگەر ھاتوو ھەواڵێکی خۆشیان پێ بگات لەبەدەستھێنانی ئەمن و ئاسایش، یان ناخۆش و ترسناک لە ترساندن و خەفەتبار کردنی موسڵمانان، ئەوا خێرا ئاشکرای دەکەن وبڵاوی دەکەنەوە، ئەگەر بھاتایە کەمێک خۆیان بگرتایە و بیانگێرایەتەوە بۆ لای پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم)، و کەسانی خاوەن ڕا و زانا و ئامۆژگاریکاران، ئەوا خاوەن سەلیقەکان دەیانزانی کە چی ھەڵویستێکیان ھەبێت لە بڵاوە پێکردنی ئەو ھەواڵە یان بەنھێنی ھێشتنەوە و شاردنەوەی، ئەگەر فەزڵی خوا بە ئیسلام و ڕەحمکردنی پێتان بەدابەزاندنی قورئان نەبوایە کە لەسەر باوەڕ دایمەزراندن، وە دووڕوەکانی پێوە گیرۆدە کرد، ئەوا ئێوەش ھەمووتان کەمێکتان نەبێت شوێن شەیتان و فڕوفێڵی و وەسوەسەکانی دەکەوتن.

(84) ئەی پێغەمبەری خوا لەپێناو بەرزکردنەوەی ووشەی (لا إلە إلا اللە) بجەنگە، ئیتر تۆ لەغەیری خۆت ھیچ مەپرسە وە خۆتیانی پێوە سەرقاڵ مەکە، چونکە تۆ تەنھا بەرپرسیت لە خۆت کە ئامادە وساز بیت بۆ جەنگ وجیھاد وتێکۆشان لەگەڵ بێباوەڕان، وە ھانی باوەڕدارانیش بدەیت کە بجەنگن لەگەڵیاندا، تاوەکو بەو جەنگ وتێکۆشانە لەگەڵیان خوای گەورە دوورتان بخاتەوە لەشەڕ وخراپەی بێباوەڕان، بێگومان ھێز وھەڵمەت وتۆڵەی خوای گەورە سەختر وتوند وتیژترە.

(85) ھەرکەسێک ھەوڵبدات لەپێناو خێر وخۆشی کەسانی تر، ئەوا بەشێکی باشی لەو خێر وچاکە و پاداشتە بۆ دەبێت، وە ھەرکەسێکیش ھەوڵبدات بۆ ھەر کارێکی خراپە کە دووچاری کەسانی تری بکات، ئەوا بەشێکی لەو کارە خراپە بۆ دەبێت وتۆڵەی لێ دەسەنرێتەوە، خوای گەورەش ھەمیشە بەسەر ھەموو شتێکدا کە مرۆڤەکان ئەنجامی دەدەن بەتوانا وچاودێرە، وە تۆڵە وپاداشتیان لەسەر دەداتەوە، جا بۆیە ھەرکەسێک لەئێوە ئەگەر ھۆکاری ھەر خێر وچاکەیەک بوبێت ئەوا بەشی دەبێت تێیدا، وە ئەگەر ھۆکاری ھەر شەڕ وخراپەیەک بووبێت بێگومان تۆڵەی لێ دەسەنرێتەوە.

(86) ئەگەر ھەر کەسێک سەلامی لێکردن ئەوا بەجوانتر لەوەی خۆی، یان وەک خۆی وەڵامی بدەنەوە، بێگومان وەڵامی باشتر وجوانتریش چاکترە، لەڕاستیدا ھەرچی ئێوە ئەنجامی دەدەن خوای گەورە تۆماری دەکات ودەیپارێزێت، وە پاداشتی ھەموو کەسێکیش لەسەر کاروکردەوەی دەداتەوە.

(87) خوای گەورە (اللە) نەبێت ھیچ پەرستراوێکی بەھەق نیە جگە لەخۆی، ئەو ھەر ھەمووتان لە سەرەتا تا کۆتاتان کۆ دەکاتەوە لەڕۆژی دواییدا، ئەو ڕۆژەی کە ھیچ گومانێکی تێدا نیە، تاوەکو پاداشت وتۆڵەی کاروکردەوەی ھەمووتان بداتەوە، وە ھیچ کەسێکیش وەک خوای گەورە ڕاستگۆ نیە لە ووتار و گوفتاریدا.

(88) ئەی باوەڕداران ئێوە چیتان بەسەر ھاتووە کە بوون بەدوو دەستەی جیاواز سەبارەت بەو دووڕوانە، دەستەیەک دەڵێن: با لەبەر بێباوەڕیان بجەنگین لەگەڵیاندا، دەستەیەکی تر دەڵێن: لەبەر باوەڕەکەیان کە بەسەر زارەکی ھێناویانە با واز بھێنن لەجەنگ کردن لەگەڵیان، نەدەبوو ئێوە ڕاتان جیاواز بێت دەربارەیان، چونکە خوای گەورە بەھۆی گومڕایی وکاروکردەوەی خراپیانەوە بە بێباوەڕ دایناون، ئایا ئێوە دەتانەوێت ڕێنوینی کەسانێک بکەن کە خوای گەورە سەرکەوتووی نەکردوون بە سەر ڕێگای ھەق وڕاستی؟ جا بۆیە ھەر کەسێک خوا گومڕای بکات ئەوا ھەرگیز رێگای بەرەوە بەھەشت چوون نادۆزێتەوە.

(89) دووڕوەکان ئاواتە خوازی ئەوەن ھەروەک چۆن خۆیان بێباوەڕن ئێوەش بێباوەڕ بونایە بەوەی دابەزیوە بۆتان، ئەو کاتە ھەردوولاتان وەک یەک بوونایە، جا بۆیە لەبەر دوژمنایەتیان ھیچ کەسێک لەوان نەکەن بەدۆست وپشت وپەنای خۆتان تا ئەو کاتەی کۆچ دەکەن لەڕێگای خوا، کۆچ دەکەن لەووڵاتی بێباوەڕ وموشریکانەوە بۆ ووڵاتی ئیسلام وموسڵمانان بۆ ئەوەی بەڵگە بێت لەسەر ئیمان وباوەڕیان، جا ئەگەر ھاتوو پشتیان ھەڵکرد وبەردەوام بوون لەسەر ئەو حاڵەی خۆیان، ئەوا لەھەر جێگایەک پێیان گەیشتن بیانگرن و بیانکوژن، وە ھیچ کەس لەوان مەکەن بەدۆستی خۆتان وکاروباری خۆتانیان مەدەنە دەست، وە یارمەتیان لێوەرمەگرن دژ بە دوژمنەکانتان.

(90) جگە ئەوانەیان نەبێت کە پەنا دەبەنە بەر ھۆز وتیرەیەک کە پەیمان و بەڵێن لەنێوانتاندا ھەیە کە لەگەڵ یەک نەجەنگن، یان مەگەر ئەو کەسانەی بەناچاری ھاتنە لاتان ودوودڵ بوون لەگەڵتان جەنگ بکەن یان لەگەل تیرە وھۆزەکەی خۆیان بجەنگن، ئەگەر خوای گەورە بیویستایە زاڵی دەکردن بەسەرتاندا ودەجەنگان لەگەڵتان، بۆیە سوپاسی خوا بکەن کە پاراستونی لەوان، وە ڕووبەڕویان مەبنەوە، مەیانکوژن وبەدیلیان مەگرن، وە ئەگەر ھاتوو ئەوان خۆیان لادا ولەگەڵتان نەجەنگان، وە گوێڕایەڵتان بوون و ئاشتیان ھەڵبژارد، ئیتر خوای گەورە ھیچ ڕێگایەکی نەداوە بەئێوە کە دەستیان بۆبەرن ولەگەڵیان بجەنگن وبەدیلیان بگرن.

(91) ئەی باوەڕداران کۆمەڵێکی تر لە دووڕوەکان بەدی دەکەن کە بەسەر زارەکی وبەڕواڵەت باوەڕی خۆیانتان بۆ ئاشکرا دەکەن تاوەکو پارزێراو بن وترسیان نەبێت لێتان، وە بێباوەڕیان بۆ ھۆز وخزمانی خۆیان ئاشکرا دەکەن تاوەکو ئەوانیش ئەمین بکەن وترسیان نەبێت لێیان ئەگەر گەڕانەوە بۆلایان، وە ھەر کاتێکیش بۆیان بکرێت وبلوێت بۆیان ئەوا دەچنەوە ناو شیرک وبێباوەڕیەکەی خۆیان، جا ئەگەر ھاتوو وازیان نەھێنا لە جەنگ کردن لەگەڵتان وە دەستی ئاشتیان بۆ درێژ نەکردن، وە وازیان نەھێنا لێتان، ئەوا لەھەر جێگایەک گەیشتن پێیان و بینیتان بیانگرن وبیانکوژن، ئا ئەوانەی ئەوە سیفات وڕەوشتیانە دەسەڵاتمان پێتان داوە کە بیانگرن وبیانکوژن وە چۆن بۆتان گونجا درێغی مەکەن، ئەمەش بەڵگەی ڕوون ئائشکراییە کە خوای گەورە داویەتی پێتان.

(92) نابێت باوەڕدار باوەڕدار بکوژێت بەخەتا و بەھەڵە نەبێت، ھەرکەسێک باوەڕدارێک بەھەڵە بکوژێت ئەوا دەبێت کۆیلەیەکی باوەڕدار لە تۆڵەیدا ئازاد بکات، وە خزمانی بکوژەکەیش ئەو خزمانەی کە میراتی لێ دەبەن دەبێت خوێنێک بدەن بە کەسوکاری کوژراوەکە، مەگەر لێی خۆش بن ئەو کاتە پێدانی خوێنەکە واجب نابێت لەسەریان، ئەگەر ھاتوو کوژراوەکە باوەڕدارێک بوو لەتیرەیەکی خوانەناسی دوژمنتان بوو، ئەوا ئەو کاتە دەبێت کۆیلەیەکی باوەڕدار ئازاد بکات وخوێن پێدان واجب نابێت، وە ئەگەر ھاتوو کوژراوەکە باوەڕدار نەبوو بەڵام لەو تیرە وھۆزە بوو کە ئێوە لەگەڵیان پەیمان وبەڵێنتان ھەیە، وەک ئەھلی زیمە، ئەوا ئەو کاتە واجبە لەسەر خزمانی میراتگری بکوژەکە خوێنێک بدەن بە کەسوکاری کوژراوەکە، وە بکوژەکەیش کۆیلەیەکی باوەڕدار ئازاد دەکات، ئەگەر ھاتوو کۆیلەی دەست نەکەوت ئازادی بکات، یان دەسەڵاتی نەبوو کۆیلە بکڕێت، ئەوا دەبێت دوو مانگ لەسەریەک بەبێ نێوان کەوتن بەڕۆژوو بێت، بۆ ئەوەی خوای گەورە تەوبەی لێ وەرگرێت لەسەر ئەو کارەی کە کردویەتی، وە خوای گەورە زانایە بە کاروکردەوە و نیەتی بەندەکانی، وە زۆریش دانا وکاربەجێیە لە شەریعەت ویاسا و بەڕێوەبردنی کارەکانیدا.

(93) وە ئەگەر ھەرکەسێک باوەڕدارێک بە دەست ئەنقەست و بەناھەق بکوژێت، ئەوا سزا و تۆڵەکەی دۆزەخی ھەتاھەتاییە، ئەگەر ھاتوو ئەو کوشتنە بە حەڵاڵ بزانێت یان تەوبەی لێ نەکات، وە خوای گەورەش توڕە دەبێت لێی و نەفرینی لێ دەکات و لە ڕەحمی خۆی دەری دەکات، وە سزایەکی زۆر گەورەی بۆ ئامادە کراوە، لە تۆڵەی ئەو گوناھە گەورەی ئەنجامی داوە.

(94) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بەخوای گەورە وشوێن پێغەمبەرەکەی کەوتوون ئەگەر ھاتوو چوونە دەرەوە بۆ جیھاد وتێکۆشان، ئەوا بەباشی بکۆڵنەوە لەو خەڵکەی کە دەجەنگن لەگەڵیاندا، وە بەو کەسە مەڵێن کاتێک ئەوە ئاشکرا دەکات کە بەڵگە بێت لەسەر موسڵمان بوونی تۆ باوەڕدار نیت، وە پێی مەڵێن ئەوەی کە وای کردووە کە موسڵمان بوونی خۆت ئاشکرا بکەیت ترستە لە ڕژانی خوێن و بردنی ماڵوسامانەکەت،ئەو کاتە بیکوژن تەنھا لەپێناو بەدەستھێنانی ھەندێک کەلوپەلی بێ نرخی دونیایی وەک غەنیمەت ودەستکەوتەکانی جەنگ، ئەوە بزانن خوای گەورە دەستکەوتی گەورەتری لایە، کە باشتر وچاکترە لەو دەستکەوتانەی کە ئێوە بەتەمانی، ئەوە بزانن ئێوەش کاتی خۆی بەو شێوەیە بوون کە باوەڕی خۆتان دەشاردەوە لە ھۆز وتیرەکەی خۆتان، بەڵام خوای گەورە بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام منەتی کرد بەسەرتاندا وخوێنتانی پاراست لەڕشتن جا بۆیە پەلە مەکەن باش لەو کارە بکۆڵنەوە کە ئەنجامی دەدەن، خوای گەورە ھیچ شتێکی لاشاراوە نیە لەکاروکردەوەتان ھەرچەند ووردیش بێت، وە پاداشتان لەسەر ھەموویشی دەداتەوە.

(95) ئەو باوەڕدارانەی دانیشتوون و جیھاد وتێکۆشان ناکەن جگە ئەوانەیان نەبێت کە بیانوی شەرعیان ھەیە وەک نەخۆش ونابیناکان، یەکسان نین لەگەڵ ئەو باوەڕدارانەی کە لە ڕێگای خوا جیھاد وتیکۆشان دەکەن بەماڵ و سامان و گیانیان، ئەو باوەڕدارانەی کە بە ماڵ وسامان وگیانیان لەڕێگای خوا جیھاد دەکەن و تێدەکۆشن خوای گەورە بە پلەیەک فەزڵی داون بەسەر ئەوانەی دانیشتون و جیھاد وتێکۆشان ناکەن، ئەوانەی کە جیھاد دەکەن ولەڕێگای خوا تێدەکۆشن لەگەڵ ئەوانەش کە لەبەر بیانویەکی شەرعی ناتوانن جیھاد وتێکۆشان بکەن خوا بەڵێنی پاداشتی بەرز وبەنرخ وچاکی داوە بەھەردوولایان، وە خوای گەورە لەلایەن خۆیەوە بە پاداشتێکی گەورە ومەزن فەزڵی موجاھیدین وتێکۆشەرانی داوە بەسەر کەسانی دانیشتوودا.

(96) ئەم پاداشتە گەورەیە چەندین پلەیە ھەندێکیان بەسەر ھەندێکی تریانەوەن، لەگەڵ لێخۆش بوون لە گوناھەکانیان و میھرەبانی خۆی بۆیان، وە خوا ھەمیشە لێبوردەی میھرەبانە بەرامبەر بەندەکانی.

(97) بێگومان ئەوانەی کە فریشتەکان گیانیان کێشان لەکاتێکدا ئەوان زوڵم وستەمیان لەخۆیان کرد بە وازھێنان لەکۆچکردن لە نیشتمانی بێباوەڕانەوە بۆ نیشتمانی باوەڕداران، ئەو فریشتانە لەکاتی گیان کێشانیاندا بەسەرە زەنشتی کردنەوە پێیان ووتن: باشە ئێوە لەکوێ بوون؟ لەبەرچی کۆچتان نەکرد بۆلای باوەڕداران؟ جیاوازی ئێوە چی بوو لەگەڵ بت پەرستەکان؟ ئەوانیش بەبیانوھێنانەوە لەوەڵامیاندا دەڵێن: ئێمە لاواز وبێدەسەڵات بووین کەھیچ ھێز و دەرەتانێکمان نەبوو کە بۆ ھیچ لایەک کۆچ بکەین وبەرگری پێ لەخۆمان بکەین، جارێکی تر فریشتەکان بە سەرزەنشتی کردنەوە پێیان دەڵێنەوە: ئایا ووڵات و زەوی خوای گەورە فراوان نەبوو کە کۆچی بۆ بکەن تاوەکو دڵنیابن لە ئاین وگیانی خۆتان وزەلیل وسەرشۆڕتان نەکەن، جێگا وڕێگای ئەوانەی کۆچیان نەکرد ئاگری دۆزەخە، کە خراپترین چارەنووسە بۆیان.

(98) ئەو پیاو وژن ومناڵانە نەبێت کە خاوەن بیانوی شەرعی بوون کە ھیچ ھێزێکیان نەبوو کە بتوانن بەرگری پێ لەخۆ بکەن لە بەرامبەر زوڵم وستەمی ستەمکاران، وە شارەزای ھیچ ڕێگایەکیش نین کە خۆیان پێ ڕزگار بکەن لە ستەمی ئەوان، ئەوانە ئومێد ھەیە کە خوای گەورە بە میھرەبانی ولوتفی لێیان ببورێت، وە خوای گەورە لە بەندەکانی خۆش دەبێت، وە چاوپۆشی دەکات لەوانەی تەوبە دەکەن ودەگەڕێنەوە بۆلای.

(99) ئەو پیاو وژن ومناڵانە نەبێت کە خاوەن بیانوی شەرعی بوون کە ھیچ ھێزێکیان نەبوو کە بتوانن بەرگری پێ لەخۆ بکەن لە بەارمبەر زوڵم وستەمی ستەمکاران، وە شارەزای ھیچ ڕێگایەکیش نین کە خۆیان پێ ڕزگار بکەن لە ستەمی ئەوان، ئەوانە ئومێد ھەیە کە خوای گەورە بە میھرەبانی ولوتفی لێیان ببورێت، وە خوای گەورە لە بەندەکانی خۆش دەبێت، وە چاوپۆشی دەکات لەوانەی تەوبە دەکەن ودەگەڕێنەوە بۆلای.

(100) ھەرکەسێک لەبەر ڕەزامەندی خوا کۆچ بکات لە نیشتمانی بێباوەڕانەوە بۆ نیشتمانی ئیسلام وموسڵمانان، ئەوا لەو وڵاتەی بۆی دەچێت گەلێک جێگا وشوێنی باشی حەوانە و ڕزق وڕۆزی فراوان و سەربەرزی بۆ دەبێت ودەکەوێتە حەوانەوە، وە ھەرکەسێک لەماڵی خۆی دەرچێ وکۆچ بکات بۆلای خوا وپێغەمبەرەکەی، وە پاشان پێش ئەوەی بگاتە ئەو جێگایەی بۆی دەچێ و کۆچی بۆ دەکات، مردن یەخەی گرت ووەفاتی کرد، ئەوا بێگومان پاداشتی لای خوای گەورە بۆ جێگیر بووە، وە لەبەر ئەوەی نەگەیشتووەتە جێگای کۆچەکەی ھیچ زیانێکی پێ ناگات، وە خوای گەورە لێبوردەی ئەو بەندانەیەتی کە تەوبە دەکەن ودەگەڕێنەوە بۆلای، وە میھرەبانە بەرامبەریشیان.

(101) وە ئەگەر سەفەرتان کرد بەسەر زەویدا ئەوا هیچ گوناهبار نابن ئەگەر نوێژە چوار ڕکاتەکان کورت بکەنەوە -قەسریان بکەن- بۆ دوو ڕکات ئەگەر ترسان لەوەى تووشی ناڕەحەتیەک بن لەلایەن کافرەکان، بەڕاستی دوژمنایەتی کافرەکان بۆ ئێوە دوژمنایەتییەکی ئاشکرا و ڕوونە و هەروەها لە سەحیحی سونەتدا هاتووە کە کورتکردنەوەى نوێژ لەکاتی سەفەردا ڕێگەپێدراوە ئەگەرچیش ترس نەبێت.

(102) ئەی پێغەمبەر ئەگەر ھاتوو لەناو سوپادا بوویت لەکاتی جەنگ کردندا، وە وویستت کە نوێژ بۆ موسڵمانان بکەیت، ئەوا سوپاکە بکە بەدوو دەستەوە، دەستەیەکیان لەگەڵ خۆتدا ھەڵدەسن نوێژەکەیان دەکەن، وە چەکەکانیان با بەخۆیان بێت، وە دەستەکەی تریان لە پاسەوانی ئەواندا بن، جا ئەگەر دەستەی یەکەم ڕکاتی یەکەمیان کرد لەگەڵ پێش نوێژەکەیاندا ئەوا نوێژەکە بۆ خۆیان تەواو دەکەن، جا ئەگەر نوێژەکەیان تەواو کرد دەڕۆن لەپشتی ئێوەوە ڕووبەڕووی دوژمن دەوەستن بۆ پاسەوانی ئێوە، جا پاشان ئەو دەستەیەی کە پێشتر لە پاسەوانیتاندا بوون و نوێژیان نەکردبوو دێن ڕکاتێک لەگەڵ پێش نوێژەکەدا دەکەن، جا کاتێک پێش نوێژەکەیان سەلامی دایەوە، ئەوا ھەڵدەسنەوە بۆ تەواو کردنی نوێژەکەیان، با ئەوان زۆر ئاگاداری دوژمنەکەیان بن و چەکەکانیان ھەڵبگرن، چونکە بێباوەڕان ئەواتەخوازی ئەوەن کە کاتێک ئێوە کە نوێژ دەکەن بێ ئاگابن لە چەک وکەلوپەلەکانتان بۆ ئەوەی بەیەکجار بدەن بەسەرتان و غافڵ گیرتان بکەن، وە ئەگەر بەھۆی باران بارینەوە تووشی ناڕەحەتی بوون یانەخۆش کەوتن ئەوا ھیچ گوناھێکتان ناگات لەو کاتەدا چەکەکانتان دانێن، بەپێی توانای خۆتان ئاگاداری دوژمن بن وھۆشیار بن لێیان، بێگومان خوای گەورە ئاگرێکی ڕسواکەری بۆ بێباوەڕان ئامادە کردووە.

(103) ئەی باوەڕداران ئەگەر لەنوێژ بوونەوە ئەوا یادی خوا بکەن بە سبحان اللە والحمد للە واللە أکبر کردن، لە ھەموو بارێکتاندا بەپێوە بوون یان بە دانیشتنەوە بوون یان لەسەر تەنیشتان بوون، جا کاتێک کە ترستان نەما نوێژەکانتان بە تەواوی ئەرکان وواجبات وسوننەتەکانیەوە ھەروەک فەرمانتان پێکراوە ئەنجام بدەن، چونکە بێگومان نوێژ لەسەر باوەڕداران فەرزێکی دیاریکراوە، کە دروست نیە لەبەر بیانویەکی شەرعی نەبێت لەکاتی دیاری کراوی خۆی دوابخرێت، ئەمە ئەگەر نیشتەجێ بوون، بەڵام ئەگەر ھاتوو لەسەفەر و گەشتدا بوون ئەوا دروسته بۆتان نوێژەکانتان کورت وکۆ بکەنەوە.

(104) ئەی باوەڕداران لەڕاونان و بەدواداچوونی دوژمنی بێباوەڕتان سست و کەمتەرخەم مەبن، ھەروەک چۆن ئێوە ئازارتان پێ دەگات لەکاتی ناڕەحەتی کوشتن وبریندار بوون بەھەمان شێوە ئەوانیش وەک ئێوە ئازاریان پێ دەگات، وە ئێوە تووشی چی بوون ئەوانیش تووشی دەبن، نەکەن وە نەھێڵن ئەوان لەئێوە ئارامگرتر بن، چونکە ئێوە ئومێدی پاداشت و سەرکەوتن وپشتگیری لەخوا دەکەن، وە خوای گەورە زۆر زانایە بە حاڵ وگوزەرانی بەندەکانی، وە زۆریش دانا وکاربەجێیە لەبەڕێوەبردن ویاسا و شەریعەتەکەیدا.

(105) ئەی پێغەمبەر ئێمە قورئانمان بۆ سەر تۆ دابەزاند، کە بێگومان ھەر ھەمووی ڕاست و ھەقە، تاوەکو بەو قورئانە حوکمیان بکەیت و لەکاتی ناکۆکیەکانیاندا بەوەی خوا شارەزای کردویت وئیلھامی کردووە بۆت لەیەکیان جودا بکەیتەوە، نەک بە ھەواو وئارەزووی خۆت، وە ھەرگیز لایەنگر وپشتیوانی ناپاکان مەبە و بەرگریان لێ نەکەیت.

(106) داوای لێخۆشبوون و چاوپۆشی بکە لەخوای گەورە، بێگومان خوای گەورە لێبووردەیە لەو بەندەیەی کە تەوبە دەکات ودەگەڕێتوە بۆلای، وە زۆریش میھرەبانە بۆی.

(107) بەرگری مەکە لەھیچ کەسێک کە ناپاکی -خیانەت- دەکات و ڕۆدەچێت لە شاردنەوەی ناپاکیەکەیدا، وە خوای گەورە ئەو ناپاکە تاوانبارە درۆزنانەی خۆش ناوێت.

(108) ئەوانە لەکاتی تاوان وگوناھکردندا خۆیان لەچاوی خەڵکی دەشارنەوە و دەترسن لێیان وشەرمیان لێدەکەن، بەڵام شەرم لەخوا ناکەن کە ھەمیشە لەگەڵیانە وئاگاداریانە بەتایبەتی ئەو کاتەی ئەوان بەشەودا قسەیەکیان دەکرد کە ھەرگیز خوای گەورە پێی ڕازی نیە، وەک بەرگری کردن لە گوناھباران و تۆمەتبار کردنی کەسانی بێ تاوان، وە ھەر کارێک ئەوان ئەنجامی بدەن بەئاشکرا وبەنھێنی خوای گەورە لێی بەئاگایە، وە ھیچ شتێکی لێ شاراوە نیە، وە تۆڵەی ھەموو کار وکردەوەیەکی خراپیان لێ دەکاتەوە.

(109) ھا ئەی ئەوانەی کە زۆر مەبەستان کاری ئەوانەیە کە تاوان ئەنجام دەدەن، پشتیوانیتان کردن لێیان لە ژیانی دونیادا تاوەکو بێ گوناھیان بسەلمێنن و سزاکەیان لەسەر ھەڵبگرن، جا کێ ھەیە لەڕۆژی دواییدا بەرگری لەوانە بکات لەکاتێکدا خوای گەورە ئاگادارە بە ھەقیقەت وڕاستی ئەوان؟! وە کێ ھەیە پشتیوانیان بێت لەو ڕۆژەدا، بێگومان ھیچ کەسێک ناتوانێت.

(110) ھەرکەسێک کارێکی خراپ ونالەبار بکات، وە یان بە گوناھکردن ستەم لەخۆی بکات، وە پاشان داوای لێخۆشبوون لەخوای گەورە بکات و دان بنێت بە گوناھەکەیدا، وەپەشیمانی دەربڕێت و واز لێ بھێنێت، ئەوا ھەمیشە خوای گەورە دەبینێت کە زۆر لێبووردە ومیھرەبانە، لێبوردەی گوناھەکانیەتی وە میھرەبانە وچاوپۆشی لێدەکات.

(111) وە ھەر کەسێک گوناھێکی بچوک یان گەورە ئەنجام بدات ئەوا بێگومان ئۆباڵ وسزاکەی تەنھا بۆ خۆی دەبێت، وە ھیچ کەسێکی تری پێ گوناھبار نابێت، وە خوای گەورە زۆر زانایە بە کاروکردەوەی بەندەکانی، وە زۆریش دانا وکاربەجێیە لە بەڕێوەبردن و یاسا وشەریعەتەکەیدا.

(112) وە ھەرکەسێک بەھەڵە یان بەدەست ئەنقەست تاوانێک بکات، پاشان کەسێکی بێ تاوان تۆمەتبار بکات پێی، بێگومان ئەو کەسە بەو کارەی کۆڵێک درۆی گەورە و وتاوانی ئاشکرای لەکۆڵی خۆی ناوە.

(113) جا ئەی پێغەمبەری خوا ئەگەر بەفەزڵ و میھرەبانی خوا نەبوایە و ئەو نەیپاراستیتایە لەوانەی کە ناپاکی بەرامبەر بەخۆیان دەکەن ئەوا سەریان لێ دەشێواندی و گومڕایان دەکردیت لەسەر ھەق، بەوەی کە بەناھەق و نادادی دادوەری و حوکمت دەکرد، جا ئەوانە لەڕاستیدا تەنھا خۆیان گومڕا دەکەن، چونکە سەرەنجامی ئەو خراپە و ھەوڵی گومڕاکردنە ھەر بۆ خۆیانە، وە خوای گەورە قورئان و سوننەتی بۆت دابەزاندووە، وە فێری ڕێنمونی و ھیدایەت و نور و ڕوناکی کردیت کە پێشتر ھیچت لێ نەدەزانی، وە فەزڵی خوای گەورە بەسەرتەوە زۆر گەورەیە بە پێغەمبەرایەتی و پاراستنت لە ناحەزان.

(114) زۆربەی چپە وئەو قسانەی زۆرێک لەخەڵکی بەنھێنی دەیکەن ھیچ خێر وسودێکی تێدا نیە، مەگەر چپە و قسەیەک کە فەرمان بە خێرکردن وچاکەیەک بکات کە شەریعەتی ئیسلام فەرمانی پێکردبێت وعەقڵ وژیریش پشتگیری بکات، یان چپەیەک کە مەبەست لێی ئاشتەوای نێوان کەسە ناکۆکەکان بێت، جا ھەر کەسێک لەپێناو ڕەزامەندی خوای گەورە ئەو کارە بکات ئەوا ئێمە پاداشتی گەورەی دەدەینەوە.

(115) ھەرکەسێک پاش ئەوەی ڕێگای ھەق وڕاستی بۆ ڕوون بویەوە دژایەتی پێغەمبەری خوا وئەو شەریعەتە بکات کە ھێناویەتی، وە شوێن ڕێگا وڕێبازی غەیری باوەڕداران بکەوێت، ئیتر ئێمە وازی لێ دەھێنین بۆ خۆی وئەو ڕێبازەی کە ھەڵیبژاردووە، وە ھیچ کاتێک سەرکەوتووی ناکەین وڕێگای ھەق وڕاستی پێنیشان نادەین لەبەر ئەوەی بە ئەنقەست پشتی لە بەرنامەکەی خوا کردووە، وە لە پاشەڕۆژیشدا دەیخەینە ناو ئاگری دۆزەخەوە کە ئاھو دادی بێت بەدەست گەرماکەیەوە، ئای چەند جێگایەکی خراپە بۆ ئەو کەسانەی تێی دەچن.

(116) بێگومان خوای گەورە لەو کەسە خۆش نابێت کە ھاوەڵی بۆ پەیدا دەکات، بەڵکو کەسی ھاوەڵ پەیداکەر بە ھەمیشەیی لەئاگری دۆزەخدا دەمێنێتەوە، وە جگە لە ھاوەڵ بڕیاردان خوای گەورە لە ھەموو گوناھێکی تر خۆش دەبێت بۆ ھەر کەسێک کە بەڕەحم ومیھرەبانی وفەزڵی خۆی بیەوێت، جا ھەرکەسێک لەگەڵ خوای گەورەدا کەسێکی تر بکاتە ھاوەڵی ئەو ئەوە بێگومان گومڕا بووە و ھەق وڕاستی وون کردووە، وە زۆر زۆریش لێی دوور کەوتوەتەوە، چونکە ئەو خالق ومەخلوقی ھێناوەتە یەک ئاست ویەکسانی کردوون.

(117) ئەو ھاوەڵ بڕیاردەرانە لەگەڵ خوا ھانا وھاوار بۆ بتانێک دەبەن ودەیانپەرستن کە بۆ خۆیان ناوی مێینەیان لێناون وەک بتەکانی لات و عوزا، کە نە سوودیان ھەیە و نه زیانیش بەکەس دەگەیەنن، لەڕاستیدا ئەوانە تەنھا شەیتان دەپەرستن کە لە فەرمان وگوێڕایەڵی خوای گەورە دەرچوو کە ھیچ خێرێکی لێ چاوەڕوان ناکرێت، چونکە ئەو فەرمانی پێکردن کە بەندایەتی بۆ ئەو بتانە بکەن و بیانپەرستن.

(118) ھەر بۆیە خوای گەورە شەیتانی لەڕەحم ومیھرەبانی خۆی دەکرد، جا سەرەنجام شەیتان سویندی بە پەروەردگاری خوارد و ووتی: شەرت بێت لە بەندەکانی تۆ بەشێکی داریکراویان بۆ خۆم دابڕم و بیانبەم بۆ دۆزەخ ولە ھەق وڕاستی لایاندەم وگومڕایان بکەم.

(119) وە شەیتان ووتیشی: دەبێت لەڕاستە ڕێگاکەی تۆ لایاندەم و ھەڵیاندێرم، وە پەیمان وبەڵێنی درۆیان پێ ئەدەم تاوەکو ئەو گومڕاییەی لەسەرینی بۆیان بڕازێنمەوە، وە فەرمانیان پێبکەم کە گوێی ئاژەڵ و مەڕ وماڵاتیان ببڕن وبیکەنە نیشانەی حەرام بونیان لەکاتێکدا خوای گەورە حەڵاڵی کردووە بۆیان، وە فەرمانیان پێبکەم کە دروستکراوەکانی خوا وفیترەتی پاکیان بگۆڕن، جا ھەرکەسێک جگە لەخوا شەیتان بکات بە پشتیوان و پشتگیر ودۆستی خۆی وگوێڕایەڵی بکات ئەوە بێگومان بەو دۆستایەتیەی شەیتانی نەفرین لێکراو زەرەر وزیانێکی ئاشکرای کردووە.

(120) شەیتان بەڵێنی درۆیان پێ دەدات، وە بە ئاوات وئارەزووی ناڕاست وباتڵ دڵخۆشیان دەکات، لەڕاستیدا پەیمان بەڵێنانەکانی شەیتان ھەمووی بەڵێنی درۆن ودوورن لەڕاستیەوە.

(121) ئەوانەی شوێن ھەنگاوەکانی شەیتان وئەو بەڵێنانە بکەوێت کە بەسەریاندا دەیخوێنێتەوە جێگا وشوێنیان ئاگری دۆزەخە، کە ھیچ پەناگایەکی تریان دەست ناکەوێت کە ھانای بۆ ببەن وفریایان بکەوێت.

(122) ئەوانەی باوەڕیان بەخوای گەورە ھێناو کاروکردەوەی باشیان ئەنجامدا لەپێناو نزیک بوونەوە لێی، ئێمە دەیانخەینە بەھەشتانێک کە ڕووبارەکان بەژێر کۆشک وتەلارەکانیاندا گوزەر دەکەن، وە بەھەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە، ئەمەش بەڵێنی خوای گەورەیە، بەڵێنی خوای گەورەش ھەر ھەمووی ڕاست وھەقە، و بەھیچ شێوەیەک بەڵێنەکانی ناشکێنێت، بێگومان ھیچ کەسێکیش ھێندەی خوای گەورە ڕاستگۆ نیە لەگەڵ پەیمان و بەڵێنەکانیدا.

(123) ڕزگار بوون وسەرکەوتن نە بە خۆزگە و ئاوات خواستنی ئێوەیە نە بە خۆزگە و ئاوات خواستنی خاوەن نامەکانە (جولەکە وگاورەکانە) بەڵکو ڕزگار بوون وسەرفرازبوون پەیوەستە بەکاروکردەوەوە، جا ھەرکەسێک لە ئێوە کاروکردەوەی خراپی ئەنجامدابێت ئەوا لەڕۆژی دواییدا سزا وتۆڵەی لێ دەسەنرێتەوە، وە جگە لەخوای گەورەش ھیچ پشتیوان وکۆمەکێک بەدی ناکات کە سودێکی پێ بگەیەنێت، وە ھیچ کەسێکییش بەدی ناکات سەریبخات وزەرەروزیانی لێ دوور بخاتەوە.

(124) ھەرکەسێک کاروکردەوەی چاک بکات ڕەگەزی نێر بێت یان مێ، وە بەڕاستی باوەڕیشی ھەبێت بەخوای گەورە وباڵادەست، ئەوانەی باوەڕ وکاروکردەوەیان پێکەوە کۆکردوەتەوە دەچنە بەھەشتەوە، وە ھیچ شتێکیش لە پاداشتی کردەوەکانیان کەم ناکەنەوە، وە بە ئەندازەی ئەو تاڵە دەزولەیەی بەسەر ناوکە خورماوەیە ستەمیان لی ناکرێت.

(125) ھیچ کەسێک بە ئەندازەی ئەو کەسە باوەری باش وخاس نیە کە بەناوەڕۆک و بەڕواڵەتیش خۆی داوەتە دەست خوای گەورە و نیەت ومەبەستی بۆ ئەو یەکلایی کردوەتەوە، کاروکردەوەکانی بەشوێنکەوتنی شەریعەتی ئیسلام باش کردووە، وە شوێن ئاینی ئیبراھیم (سەلامی خوای لێ بێت) کەوتووە کە بنەمای ئاینی موحەمەد (صلی اللە علیە وسلم)ە، وە لە ھاوەڵ بڕیاردان وبێباوەڕی خۆی ھەڵوێراوە بۆ یەکخواپەرستی وباوەڕ، خوای گەورە ئیبراھیمی پێغەمبەری خۆی لەناو دروستکراوەکانیدا بەخۆشەویستی تەواو ھەڵبژاردووە.

(126) ئەوەی لە زەوی وئاسمانەکاندا ھەیە ھەر ھەمووی موڵکی خوای گەورەیە، وە ئەو زانا وئاگادارە بەھەموو دروستکراوەکانی ودەسەڵاتی بەڕێوەبردنی تەواوی ھەیە بەسەریاندا.

(127) ئەی پێغەمبەر لەبارەی ئافرەتانەوە پرسیارت لێدەکەن، لەبارەی ماف وئەرکەکانیانەوە، چی پێویستە بۆیان بکرێت، وە چیش پێویستە ئەنجامی بدەن، تۆیش لەوەڵامیاندا بڵێ: ئەوەی پرسیارتان لەبارەوە کردووە خوای گەورە بۆتانی ڕوون دەکاتەوە، وە ئەوەشتان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بەسەرتاندا دەخوێنرێتەوە لەقورئان، لەبارەی ئەو ھەتیو وئافرەتانەی کە سەرپەرشتیان دەکەن و ئەوەی خوای گەورە بۆیانی فەرزکردووە پێیان نادەن لە مارەیی و میرات، لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزوو ناکەن کە ھاوسەرگیریان لەگەڵدا بکەن، نەک ھەر ھێندە بگرە لەبەر ماڵ وسەروەت وسامانەکەشیان ڕێگریان لێدەکەن کە شوو بکەن بەکەسێکی تر، وە خوای گەورە فەرمانتان پێدەکات کە مافی کوڕانی مێرمنداڵی لاواز بەڕێک وپێکی بدەن وستەمیان لێ نەکەن ودەست نەگرن بەسەر ماڵو سامانیاندا، وە دەبێت لەگەڵ گشت ھەتیواندا بەدادگەری ڕەفتار بکەن بەوەی ھەرچی باشە بۆ دونیا ودواڕۆژیان بۆیان بکەن، وە ئەگەر ھەرکارێکی خێر وچاکە بکەن بۆ ھەتیوان وئەوانی تریش ئەوە بێگومان خوای گەورە زانایە پێی و پاداشتی تەواویان لەسەر ئەداتەوە.

(128) ئەگەر ژنێک ترسا لەمێردەکەی کەخراپە وخۆی بەسەردا ھەلدەکێشێت وئارەزووی نەماوە لەگەڵیدا، ئەوا ھیچ گوناە نیە ئەو ژن وپیاوە ڕێک بکەون، وە ژنەکە دەست ھەڵبگرێت لەھەندێک مافی پێویستی خۆی، وە مافی خەرجی ڕۆژانە و مانەوەی شەو لای، لەم کاتەدا ڕێک کەوتن باشترە لە تەڵاق و جیابوونەوە، بێگومان دەرونی مرۆڤ وا خولقاوە کە ھەمیشە سوورە لە سەر ماڵی دونیا وبەخیلی وڕژدی، وە ھیچ کاتێک حەز بەوە ناکات کە دەست ھەڵبگرێت لەمافەکانی خۆی، بۆیە پیویستە ژن وپیاو چارەسەری ئەم خووە خراپە بکەن ئەویش بە پەروەردەکردنی دەروون لەسەر لێبوردەی وچاکەکردن، ئەگەر بێتو چاکەکار بن لەھەموو کاروبارێکتاندا وەلەخوا بترسن بە بەجێھێنانی فەرمانەکانی ودوور کەوتنەوە لە قەدەغەکراوەکانی، ئەوە بێگومان خوای گەورە بەھەموو کار وکردەوەیەکتان شارەزا وئاگادارە، وە ھیچ شتێکی لاشاراوە نیە ولە سەر تەواوی کاروکردەوەتان پاداشت وسزاتان دەداتەوە.

(129) ئەی پیاوان دڵنیابن ھەرگیز ناتوانن دادگەری تەواو لەڕووی خۆشەویستی و مەیلی دڵەوە بچەسپێنن لەنێوان ژنەکانتاندا ئەگەر چی ھەوڵی زۆریش بدەن، ئەویش لەبەر چەند ھۆکارێک چونکە پێدەچێت لەدەرەوەی توانا وئیرادەی ئێوە بێت، بۆیە ئەوەندە دووریان مەخەنەوە و کەنارگیرییان لێ مەکەن ھەتا بیانکەنە ھەڵپەساردە وداماوبن، بەشێوەیەکیان لێ بێت نە ئەوەبێت مێردیان ھەبێت بیانحەوێنێتەوە، نە ئەوەشە مێردیان نەبێت وبڕۆن شوویەکی تر بکەنەوە، وه ئەگەر بێتو لەگەڵیان ڕێك بكەون بەوەی دەرونتان ڕابهێنن لەسەر پێدانی مافی ژنەكانتان كه ئارەزووەكانتان حەزی پێ ناكات، وه لەخوا بترسن بەرامبەریان، بێگومان خوای گەوره زۆر لێبوردەی میهرەبانه.

(130) ئەگەر هەردوو هاوسەر لەیەک جیا بنەوە بەهۆی تەڵاق یان خولعەوە ئەوا خواى گەورە هەریەکێکیان دەوڵەمەند دەكات بە فەزڵی فراوانی خۆی وخواى گەورە فەزڵ و ڕەحمەتی فراوانە و کاربەجێیە لە بەڕێوەبردنی و حسێبکردنی.

(131) ھەرچی لە ئاسمانەکان وزەوی و ئەوەشی لەنێوانیاندا ھەیە ھەر ھەمووی موڵکی خوایە، بێگومان خاوەن نامەکان (جولکە وگاورەکان) ڕاسپاردو پەیمانمان لێوەرگرتن، وە ئێوەشمان ڕاسپارد کە فەرمانبەرداری فەرمانەکانی خوای گەورە بن ولە قەدەغەکراوەکانی دوور بکەونەوە، وە ئەگەر ھاتوو بێباوەڕ بوون بەو پەیمان وڕاسپاردەیە ئەوا تەنھا زیان بەخۆتان دەگەیەنن، چونکە خوای گەورە بێ نیازە لە بەندایەتی وفەرمانبەرداری ئێوە، وە ھەرچی لە ئاسمانەکان وزەویدا ھەیە ھەمووی ھی خوایە، ئەو زۆر بێ نیازە لەھەموو دروستکراوەکانی، وە زۆر جوان وقەشەنگە لە ناو سیفات وکردەوەکانیدا.

(132) ھەرچی لە ئاسمانەکان وزەویدا ھەیە ھەر ھەمووی موڵکی خوای گەورەیە، وە ئەو شایانی ئەوەیە کە گوێڕایەڵی بکرێت، وە خوا بەسە کە ھەڵسوڕێنەری ھەموو کاروباری دروستکراوەکانی بێت.

(133) ئەی خەڵکینە ئەگەر خوا بیەوێت لەناوتان دەبات، وە کەسانێکی تر لەجێی ئێوە دەھێنێت کە فەرمانبەردار وگوێڕایەڵی بن و سەرپێچی نەکەن، بێگومان خوای گەورە لەسەر کاری وا بەتوانا و بەدەسەڵاتە.

(134) ئەی خەڵکینە ئەگەر ھەرکەسێک لە ئێوە ھەوڵ وکاروکردەوەی تەنھا بۆ خۆشیەکانی دونیا بێت، ئەوا با بزانیت ھەموو خۆشیەکانی دونیا ودواڕۆژیش ھەر لای خوای گەورەیە، بۆیە داوای ھەردووکیان با لەخوا بکات، وە خوای گەورە بیسەری ھەموو قسە وگوفتارتانە، وە بینەری کاروکردەوەتانە، وە پاداشت وسزای ھەموویشتان دەداتەوە.

(135) ئەی ئەوانەی کە باوەڕتان ھێناوە بەخوای گەورە وشوێن پێغەمبەر کەوتوون، لەھەموو سات وکاتێکتاندا دادگەری جێ بەجێ بکەن، وە ھەمیشە بە ھەق وڕاستی شاھیدی بۆ خوا بدەن لەگەڵ ھەموو کەسێکدا، تەنانەت ئەگەر بێتو ئەو شاھیدیدانەیش لە زیانی خۆتان ودایک وباوک وخزمانیش بێت، با ھەژاری ودەوڵەمەندی نەبێتە پێوەر بۆ شاھیدیدان یان نەدان و وازھێنانی، بێگومان خوای گەورە باشترە بۆیان لەئێوە وە زاناترە بە بەرژەوەندیەکانیان، جا کەوابوو ئێوە لە شاھیدیدانەکانتاندا شوێن ھەواو وئارەزووی خۆتان مەکەون نەوەک لەھەق وڕاستی لاتان بدەن، وە ئەگەر ھاتوو شاھیدیەکەتان گۆڕی بەوەی بەناھەق شاھیدیتاندا یان پشتان ھەڵکرد لە شاھیدیدان، ئەوا بێگومان خوای گەورە ئاگادار وشارەزایە بەتەواوی کارەکانتان و ئەوەی ئەنجامی دەدەن.

(136) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە، باوەڕەکەتان بەخوا وبەپێغەمبەرەکەی و بەو قورئانەی کە دابەزیووە بۆ پێغەمبەرەکەی وە بەو کتێبانەش کە دابەزیووە بۆ پێغەمبەرانی پێش ئەو باوەڕەکەتان جێگیر و دامەزراو بکەن، ھەرکەسێک باوەڕی نەبێت بەخوا وبەفریشتە وبە کتێب و بەپێغەمبەرەکانی، وەبێباوەڕ بێت بە ڕۆژی دوایی، ئەوا بێگومان لەڕێگای ڕاست زۆر زۆر دوور کەوتووەتەوە و تەواو گومڕا و سەرلێشواو بووە.

(137) بێگومان ئەوانەی کە کەچەند جارێک لەپاش باوەڕھێنان بێباوەڕ بوونەوە، بەوەی سەرەتا ھاتنە ناو ئیمان وئیسلامەوە، پاشان ھەڵگەڕانەوە لێی، دواتر جارێکی تر ھاتنەوە ناویەوە، پاشان پاشگەز بوونەوە، دوای لەسەر ئەو حاڵەتەیان مانەوە وبەردەوام بوون لەسەر بێباوەڕیان تاوەکو بەو حاڵەوە مردن، ھەرگیز خوای گەورە لە گوناھەکانیان خۆش نابێت، وە ڕێنوێنی ڕێگای ڕاستیشیان ناکات کە بیانگەیەنێتە خوای گەورە.

(138) ئەی پێغەمبەری خوا موژدە بدە بەو دووڕوانەی کە باوەڕەکەیان ئاشکرا دەکەن و کوفر وبێباوەڕیەکەیان دەشارنەوە، بەوەی لەڕۆژی دواییدا خوای گەورە سزایەکی بەسۆ وبەئازاری بۆ ئامادە کردوون.

(139) ئەم سزایەش لە بەرامبەر ئەوەدایە کە ئەو دووڕوانە بێباوەڕەکانیان کردووە بە دۆست وپشتیوانی خۆیان و وازیان ھێناوە لەدۆستایەتی وپشتیوانی باوەڕداران، لەوەش سەیرتر ئەوەیە ئەمە وای لێکردوون کەھەمیشە پشتیوانیان بن، ئایا ئەوانە داوای عیزەت وسەربەرزی وھێز وبەرگریی لەوانە دەکەن تاوەکو خۆیانی پێ بەرز بکەنەوە؟! ئەوانە نازانن کە ھێز وعیززەت و بەرگری ھەر ھەمووی ھی خوای گەورەیە.

(140) ئەی باوەڕداران بەڕاستی خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا بۆی دابەزاندون وپێی ڕاگەیاندون کە ھەرکاتێک لەھەر کۆڕ و کۆبونەوە و مەجلیسێکدا بوون و گوێتان لێ بوو کەسانێک باوەڕ بە ئایەت و نیشانەکانی خوا ناکەن و گاڵتە وقەشمەریان پێ دەکەن، ئەوا پێویستە لەسەرتان کە واز لەو کۆڕ وکۆبونەوەیە بھێنن و ئەو ناوە بەجێ بھێڵن، ھەتا ئەو کاتەی کە ئەو باسە دەگۆڕن ودەچنە سەر قسە وباسێکی تر، چونکە ئەگەر ھاتوو ئەو کاتەی کە بێباوەڕی بە ئایەت ونیشانەکانی خوا دەکرێت وگاڵتەیان پێ دەکرێت و ئێوەش دانیشتن لەگەڵیان وگوێتان نەدا بەو کارە ئەوا بێگومان ئێوەیش لەگوناھو وتاواندا وەک ئەوان وان، چونکە ئێوە بەدانیشتنتان لەو کوڕ وکۆبونەوانەدا سەرپێچی خواتان کردووە ھەروەک چۆن ئەوان بە بێباوەڕیەکەیان سەرپێچی خوایان کردووە، بێگومان ئەو دووڕوانەی کە باوەڕەکەیان ئاشکرا دەکەن و کوفر وبێباوەڕیەکەشیان پەنھان دەکەن و دەیشارنەوە خوای گەورە لەڕۆژی دواییدا لەئاگری دۆزەخدا لەگەڵ بێباوەڕاندا کۆیان دەکاتەوە.

(141) ئەوانە (دوو ڕووەکان) چاوەڕێ دەکەن بزانن ئایا ئێوە تووشی خێر و خۆشی دەبن یان تووشی شەڕ و خراپە، جا ئەگەر ھاتوو خوای گەورە سەریخستن و دەستکەوتنتان دەستکەوت، ئەوا پێتان دەڵێن: ئایا ئێمەش لەگەڵ ئێوە نەبووین. وە ئایا ئەوەی ئێوە بینیتان ئێمەیش نەمانبینی، واتا: ئایا لەگەڵ ئێوە جیھاد و تێکۆشانمان نەکرد؟ تاوەکو دەستکەوتێکیان دەستکەوێت، خۆ ئەگەر بێباوەڕانیش سەرکەوتن بەسەر موسڵماناندا، وەک ئەوەی لە ڕۆژی ئوحوددا ڕوویدا، ئەوا بەوانیش دەڵێن: ئەی مەگەر ئێمە نەبووین کە کاروبارەکانی ئێوەمان ڕادەپەڕاند، وە نەمان دەھێشت باوەڕداران پێتان بگەن زیانتان پێ بگەیەنن، وە یارمەتیماندان بەسەریاندا و ئەوانمان زەلیل کرد؟ بێگومان خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا بڕیاری ڕاست و دروست دەدات لە نێوانتاندا، پاداشتی باوەڕداران دەداتەوە بەخستنە بەھەشتیان، وە سزای دووڕوەکانیش دەدات بەخستنە بنی بنەوەی دۆزەخ، وە خوای گەورە بەفەزڵی خۆی ھەرگیز ڕێگا نادات لە ڕۆژی قیامەتدا بێباوەڕان بەڵگەیان بەدەستەوە بێت بەسەر باوەڕدارانەوە، بەڵکو سەرەنجام ھەر بۆ باوەڕدارانە ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ڕاستگۆیی ئیمان و کردەوە کردن بە شەریعەت.

(142) دووڕوەکان بەخەیاڵی خۆیان دەیانەوێت فێڵ لە خوا بکەن، بەوەی باوەڕەکەیان ئاشکرا دەکەن و کوفر و بێباوەڕییان دەشارنەوە، بەڵام نازانن خوای گەورە ئەوان تەفرە دەدات و فڕوفێڵەکانیان بەتاڵ دەکاتەوە، چونکە خوێنی ئەوانی پاراستووە (فەرمانی نەکردووە بەکوشتنیان) لەگەڵ ئەوەش کە دەزانێت کە لەناخەوە بێباوەڕن، بەڵام لەڕۆژی دواییدا خوای گەورە توندترین سزایان دەدات، ئەو دووڕوانە کاتێک کە ھەڵدەسن بۆ نوێژ کردن ئەوا بە تەمەڵی و تەوەزەلی ھەڵدەسن بۆ نوێژەکانیان, وە لەبەرامبەر خەڵکیدا ڕوپامایی دەکەن و دڵسۆزییان بۆ خوای گەورە نییە، ئەوان یادی خوا ناکەن مەگەر کەمێک نەبێت ئەویش کاتێکە ئەگەر باوەڕداران ببینن.

(143) ئەو دووڕوانە دوو دڵ وڕاڕان، بەدڵ وگیان لەناوخان و ڕواڵەتدا لەگەڵ باوەڕداران نین وە لەگەڵ بێباوەڕانیش نین، بەڵکو لەڕواڵەتدا لەگەڵ باوەڕدارانن، وە لەناوخان وبەدڵیش لەگەڵ بێباوەڕان، بۆیە ھەرکەسێک خوای گەورە گومڕای بکات ئەی پێغەمبەر ئەوا ھیچ کەسێک ناتوانێت ھیدایەتی بدات وڕێنوینی بکات.

(144) ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بەخوای گەورە وشوێن پێغەمبەرەکەی کەوتوون، بەدەر لەباوەڕداران بێباوەڕان مەکەن بە دۆست وپشتیوانی خۆتان، ئایا بەو کارەتان دەتانەوێت بەڵگەی ڕوون ئاشکرا بدەن بەدەست خوای گەورە تاوەکو شایانی سزای سەختی ئەو بن.

(145) بێگومان خوای گەورە دووڕوەکان دەخاتە چینی ژێرەوەی دۆزەخ لەڕۆژی دواییدا، وە تۆیش ھیچ پشتیوان و سەرخەرێکیان بۆ نابینیتەوە کە سزای دۆزەخەیان لێ دوور خاتەوە.

(146) ئەوانەیان نەبێت کە تەوبەیان کرد لەدووڕوویەکەیان و گەڕانەوە بۆلای خوای گەورە، وە ناوخانی خۆیان چاکرد، وە دەستیان گرت بە پەیمان وبەڵێنی خوای گەورەوە، وە بەکاروکردەوەیان خۆیان یەکلای کردەوە بۆ خوا، وە دوور کەوتنەوە لە ڕوپامایی، ئەوانەی ئەم سیفەتانەیان ھەیە لە دونیا ودوارۆژدا لەگەڵ باوەڕداراندا دەبن، وە لەمەودوا و لەڕۆژی دواییدا خوای گەورە پاداشتی تەواوی باوەڕداران دەداتەوە.

(147) خوای گەورە ھیچ پێویستی بەوە نیە سزاتان بدات ئەگەر ئێوە سوپاسگوزاری ئەوبن وباوەڕتان پێھێنا، ئەو کە پەروەردگاری بەڵادەستە زۆر چاکەکار ومیھرەبانە، بەڵکو ئەو بەتاوان و گوناھەکانتان سزاتان دەدات، جا ئەگەر ھاتوو کاروکردەوەکانتان چاک وباش کرد، وە سوپاسگوزاری نازو نیعمەتەکانی بوون، وە بە ڕواڵەت و ناوخانیش باوەڕتان پێھێنا ئەوا ھەرگیز سزاداتان نادات، وە خوای گەورە سوپاسی ئەوانە دەکات کە دان دەنێن بە ناز ونیعمەتەکانی، وە پاداشتی گەورە و تەواویان دەداتەوە، وە زۆریش زانایە بە باوەڕی بەندەکانی، وە پاداشتی ھەمووانیش بە پێی کاروکردەوەیان دەداتەوە.

(148) خوای گەورە پێی خۆش نیە قسە وگوفتاری خراپ ئاشکرا بکرێت، بەڵکو ڕقی لێی دەبێتەوە وھەڕەشەیشی لێکردووە، بەڵام ئەوەی ستەمی لێکراوە دروستە بۆی بە ئاشکرا باسی ستەمکارەکەی بکات، وەک سکاڵا ونزاکردن لێی، تاوکو بە ھاوشێوەی خۆی تۆڵەی لێ بسەنرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئارامگرتنی ستەم لێکراو باشترە لەوەی بەئاشکرا ئەو خراپەیە باس بکات، وە خوای گەورە زۆر باش قسە وگوفتارەکانتان دەبیستێت، وە زۆریش زانایە بە نیەتەکانتان، جا لەبەر ئەوە ئاگاداری قسە وگوفتاری خراپ و نیەتی کردنی بن.

(149) ئەگەر ھەر خێر وچاکەیەک بەئاشکرا بکەن جا ئەگەر قسە وگوفتاری چاک بێت یان کارو کردەوەی باش بێت، وە ئەگەریش بیشارنەوە وئاشکرای نەکەن، یان چاوپۆشیتان کرد لەوەی کە خراپەی بەرامبەر کردوون، ئەوە بێگومان خوای گەورە لێبوردەی بەدەسەڵاتە، جا لەبەر ئەوە با لێبوردەیی ڕەوشتتان بێت، تاوەکو خوای گەورەش لەئێوە ببورێت.

(150) بێگومان ئەوانەی بێباوەڕن بە خوا و بە پێغەمبەرەکانی، وە دەیانەوێت جیاوازی بخەنە نێوانیانەوە، بەوەی باوەڕ بەخوا بھێنن بەڵام پێغەمبەرەکانی بەدرۆزن بزانن، وە ئەوان دەڵێن: ئێمە باوەڕمان ھەیە بە ھەندێک لە پێغەمبەرەکانی وە بە ھەندێکی تریشیان بێباوەڕ، دەیانەوێت لەو نێوەندەدا ڕێگایەک بدۆزنەوە لە نێوان باوەڕ و بێباوەڕیدا، واش گومان دەبەن ئەوە ڕزگاریان دەکات لە رۆژی دواییدا.

(151) ئەوانەی ئەو ڕێگایە دەگرنەبەر، بێ دوو دڵی بێباوەڕی تەواون، چونکە ئەوەی بێباوەڕ بێت بەھەموو پێغەمبەران یان بەھەندێکیان ئەوا بێگومان ئەو بێباوەڕە بەخوا وبە پێغەمبەرانیشی، وە ئێمە لەڕۆژی دواییدا سزای ڕسواکەرمان ئامادە کردووە بۆ بێباوەڕان، ئەویش لە تۆڵەی ئەو خۆبەزلزانینەیان لەبەرامبەر باوەڕ بەخوا وبە پێغەمبەرەکانی.

(152) ئەوانەی بەتاک و تەنھای باوەڕیان بەخوا ھێنا، وە ھیچ کەسیان نەکرد بە ھاوەڵ وشەریکی، وە سەرجەم پێغەمبەرانیشیان بەڕاست زانی وباوەڕیان پێھێنان، وە جیاوازیان نەخستە نێوان ھیچ کام لە پێغەمبەرانەوە، وەک چۆن بێباوەڕان کردیان، بەڵکو ئەوان باوەڕیان ھێنا بە گشتیان، ئەوانە پاشتر خوای گەورە پاداشتی گەورەیان دەداتەوە، پاداشتی باوەڕ و کاروکردەوەی باشیان کە سەرچاوەی لە باوەڕەوە گرتبوو، وە خوای گەورە لێبووردەیە بۆ ئەو بەندانەی تەوبە دەکەن ودەگەڕێنەوە بۆلای، وە میھرەبانە بەرامبەریان.

(153) ئەی پێغەمبەر جولەکەکان داوات لێدەکەن کە پەرتوکێکیان بەیەکجار لە ئاسمانەوە بۆ دابەزێنیت ھەروەک چۆن تەورات ھەمووی پێکەوە ھات بۆ موسی، تاوەکو بەڵگە بێت لەسەر ڕاستگۆی تۆ، جا لەبەر ئەوە داوایەکی لەو شێوەیەت ھیچ بەلاوە گەورە نەبێت، چونکە باو باپیرانیان لەوە گەورەتریان لە موسی داواکرد، کاتێک داوایان لێکرد کە بەدوو چاوی سەری خۆیان خوایان پیشان بدات، ئەوە بوو لەسزای ئەو داوا ناڕەوایەیاندا ھەورە ریسکەیەکی توند گرتنی، پاشان خوای گەورە زیندووی کردنەوە، کەچی دوای ئەوە لەبری خوا پەرستن دەستیان کرد بە گوێرەکە پەرستن دوای ئەوەش کە بەڵگه ونیشانەی ڕوونیان بۆ ھات کە بەڵگە بوون لەسەر تاک وتەنھایی خوا، کە ھیچ ھاوەڵێکی نیە لە خوایەتی و پەرستندا، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە چاوپۆشیمان لێکردن، بەڵگە ودەسەڵاتی ڕوونمان نارد بۆ موسی لەسەر گەلەکەی.

(154) بەھۆی ئەو بەڵێنە دڵنیاکەرەوەی کە لێیان وەرگیرا، کێوی طورمان بەسەریانەوە بەرز ڕاگرت، تاوەکو بترسن و بزانن کە چی تێدایە، وە پاش بەرزکردنەوەی کێوەکە پێمان ووتن: بەسوژدە وخۆ نەوی کردنەوە بچنە نێو (بیت المقدس) ەوە، کەچی پاشەوە وپاش بە سنگێ خشێ چوونە ناویەوە، وە پێمان ووتن: ڕۆژانی شەممە ڕاوە ماسی مەکەن، کەچی کەمێکیان نەبێت ھەر ھەموویان سنوریان بەزاند ولەو ڕۆژەدا ڕاوە ماسیان کرد، بەوەش پەیمان وبەڵێنی توند ودڵنیاییمان لێوەرگرتن، کەچی ئەو پەیمانەی لێیان وەرگیرا بوو شکاندیان.

(155) جولەکەکانمان لە ڕەحمەت و میھرەبانییەکانی خۆمان دەرکرد بەھۆی شکاندنی ئەو پەیمانە بەھێزەی لێمان وەرگرتن، وە بەھۆی بێباوەڕییان بە ئایەت و نیشانەکانی خوای گەورە، وە بەھۆی جورئەتیان لەکوشتنی پێغەمبەران بەناھەق، وە بەھۆی ئەو وتەیەی کە دەیانوت بە پێغەمبەری خوا موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) دڵمان داخراوە و پەردەی بەسەردا ھاتووە و تێناگات لەوەی کە دەیڵێیت، نا بەو شێوەیە نییە وەک دەیڵێن، بەڵکو خوای گەورە مۆری ناوە بەسەر دڵیاندا وە ھەرگیز قسەی خێر و چاک وەرناگرێت، ئیتر بەشێکی کەمیان نەبێت باوەڕ ناھێنن.

(156) ئەوانمان دەرکرد لەڕەحمەت ومیھرەبانی خۆمان بەھۆی بێباوەڕیان، وە لەبەر ئەو بوھتانە گەورەیەی بۆ مەریەمیان دروستکرد گوایە زینای کردبێت.

(157) نەفرینمان لێکردن بەھۆی ئەوەی بە شانازی ودرۆوە دەیانووت: بێگومان ئێمە عیسای کوڕی مەریەمان کووشت کە پێغەمبەری خوایە، خوای گەورەش بەدرۆیان دەخاتەوە ودەفەرموێت: نەخێر ئەوان ئەویان نەکووشت ونەیاندا لەخاچ وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو ئەوەی کوشتیان پیاوێک بوو خوای گەورە خستیە سەر شێوەی عیسی ولەخاچیاندا، وە وایان گومانبرد ئەوەی کوشتیان عیسی (سەلامی خوای لێ وویت) بوو، وە ئەوان دەربارەی ئەو کێشەیە لەدوو دڵیدان (واتا جولەکە وگاورەکان) جولەکەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد عیسایان کوشتووە، وە گاورەکانیش تەسلیمی ئەوان بوون لەو بانگەیەشەدا، ھەردوولایان لەسەرسامی ودوو دڵی وگوماندان، وە ھیچ زانستێکیان بەوە نیە، جگە لەشوێنکەوتنی گومان، بۆیە دەفەرموێت: گومان ھیچ شتێک لە ھەق وڕاستی ناگۆرێت، بەدڵنیایی ئەوان عیسایان نەکووشت و لەخاچیان نەدا.

(158) بەڵکو خوای گەورە عیسای لەفروفێڵی ئەوان ڕزگار کرد، وە بەجەستە وڕۆحیەوە بەرزی کردەوە بۆلای خۆی، وە خوای گەورە زۆر بەدەسەڵاتە بەسەر موڵکی خۆیدا، وە ھیچ کەسێک ناتوانێت زاڵ بێت بەسەریدا، وە خوای گەورە زۆر دانا و کاربەجێیە لە بەڕێوەبردن وبڕیار وشەریعەت ویاساکانیدا.

(159) کاتێک عیسی (سەلامی خوای لێ بیت) لە کۆتا زەمان وپێش مردنی دێتە خوارەوە، ھەرچی خاوەن کتێبەکانە ھەر ھەموویان باوەڕ دەھێنن پێی، وە لەڕۆژی دواییشدا عیسی (سەلامی خوای لێ بێت) دەبێتە شاھید بەسەر کاروکردەوەکانیانەوە، ئەوەی بەپێی شەرعی خوایە و ئەوەشی پێچەوانەی ئەو شەرعەیە.

(160) بەھۆی ستەمی جولەكهکان خۆیانەوە ھەندێک لەو خواردنە نایاب وپاکوخاوێنانەی کە حەڵاڵ بوو بۆیان لێمان حەرام کردن، ھەر باڵندەیەک چڕنوکی ھەبوو حەراممان کردن لێیان، وە بەز وپیوی مانگا ومەڕ وبزنمان لێ حەرام کردن، ئەوە بەز وپیوە نەبێت کە بەپشتیانەوە نوسابوو، وە بەھۆی ئەوەش کە خۆیان و غەیری خۆشیان لەڕێگای خوا لادا وڕێیان لێ گرتن کە شوێن ئاینی خوا بکەون، تاوای لێھات کە ڕێگەگرتن لەخێر وچاکە بوو بەخەسڵەتێکی جولەکەکان.

(161) وە بەھۆی مامەڵەکردنی ئەوان بەڕیبا وسوو خواردنەوەوە کە ڕێیان لەخواردنی گیرا بوو، ھەروەھا لەبەر خواردنی ماڵ وموڵکی خەڵک بەناھەق و بەناڕەوا، وە ئێمە سزای بەئازار و بەسۆمان ئامادە کردووە بۆ بێباوەڕان.

(162) بەڵام کەسە زانا وداناکانیان، ئەوانەیان کە باوەڕیان ھەیە بەوەی کە بۆ تۆ دابەزییوە لە قورئان ئەی موحەمەد (صلی اللە علیە وسلم)، وە باوەڕیشیان ھەیە بەو کتێبانەی کە بۆ پێغەمبەرانی پێش تۆ دابەزیووە وەک تەورات وئینجیل، وە نوێژەکانیان دەکەن، وزەکاتی ماڵ وسامانیان دەردەکەن، وە باوەڕیان ھەیە بەخوای تاک وتەنھا کەھیچ شەریک وھاوەڵێکی نیە، وە باوەڕیشیان ھەیە بەڕۆژی دوایی، ئەوانەی خاوەنی ئەو سیفەتانەن پاداشتێکی گەورەیان پێ دەبەخشین.

(163) ئەی پێغەمبەر وەحیمان بۆ تۆ کرد، ھەروەک چۆن وەحیمان کرد بۆ پێغەمبەرانی پێش تۆ، ئەوەش بزانە تۆ یەکەم پێغەمبەر نیت، بێگومان وەحیمان کرد بۆ نوح و وەحیمان کرد بۆ پێغەمبەرانی دوای ئەویش، وە وەحیمان کرد بۆ ئیبراھیم و کوڕەکانی ئیسماعیل و ئیسحاق، وە بۆ یەعقوبی کوڕی ئیسحاق، وە بۆ ئەسباط ( مەبەست ئەو پێغەمبەرانەیە کە ھاتن بۆ ئەو دوانزە ھۆزەی بەنی ئیسرائیل کە لەنەوەی کوڕەکانی یەعقوب بوون)، وە وەحیمان کرد بۆ عیسا و ئەیوب و یونس و هارون و سولەیمان، وە کتێبی زەبورمان بەخشی بە داود پێغەمبەر.

(164) پێش تۆ پێغەمبەرانێکمان ناردووە، کە بەسەرھاتەکانیانمان لە قورئاندا بۆت باسکردووە، وە پێغەمبەرانێکیشمان ناردووە کە بەسەرھاتیانمان لە قورئاندا بۆت باس نەکردووە لەبەر چەند پەند وحیکمەتێک، خوای گەورە لەگەڵ موسی ڕاستەوخۆ و بەبێ ھیچ ناوەندگیریەک قسەی کرد قسەکردنێک کە شایانی زاتی خۆی بێت، ئەمەش وەک ڕێزێک بۆ موسی بوو.

(165) ئەو پێغەمبەرانەمان بەموژدەدر وترسێنەر نارد، موژدە بدەن بە پاداشتی نایاب بەوانەی کە باوەڕیان ھێناوە بەخوای گەورە، وە ئەوانەش کە باوەڕیان نیە بیانرتسێنن بە سزای سەختی دۆزەخ، بۆ ئەوەی ئیتر دوای ناردنی ئەو پێغەمبەرانە خەڵکی ھیچ بڕوبیانویەکیان نەبێت لای خوای گەورە، وە خوای گەورە بەدسەڵاتە لە موڵکی خۆیدا، وە زۆریش دانا وکاربەجێیە لە حکومیدا.

(166) ئەگەر جولەکەکان باوەڕیان بەتۆ نیە، ئەوا خوای گەورە بەڕاستت دەزانێت و شاھیدی ڕاست ودروستی ئەو قورئانەت بۆ دەدات کە دابەزیووە بۆ سەرت، ئەو قورئانەی کەزانست وزانیاری خۆی تێدا دابەزاندووە، زانستێک کە پێی خۆشە ولێی ڕازیە دەیەوێت بەندەکانی ئاگادار بن لێی، یان شتێک کە حەز نەکات پێی و پێی ناخۆش بێت بەندەکانی لێ ئاگادار دەکاتەوە، وە فریشتەکانیش لەگەڵ شاھیدیەکەی خوای گەورەدا شاھیدی ڕاستی ئەوەت بۆ دەدەن کە ھێناوتە، وە خوای گەورەش بەسە کە شاھید بێت، چونکە ئیتر پێویست بەشاھیدی کەسی تر ناکات.

(167) بێگومان ئەوانەی بێباوەڕ بوون بە پێغەمبەرایەتی تۆ، وەڕێگەی ئیسلام لەخەڵکی دەگرن و ناھێڵن شوێن ھەق وڕاستی بکەون، ئەوانە لەڕادەبەدەر لەھەق وڕاستی دوور کەوتونەتەوە و سەریان لێشێواو وگومڕا بوون.

(168) بێگومان ئەوانەی بێباوەڕ بوون بەخوا و بەپێغەمبەرەکەی وستەمیان لەدەرونی خۆیان کرد بەوەی لەسەر بێباوەڕی مانەوە، ئەوانە خوای گەورە لێیان خۆش نابێت ئەگەر ھەر بەو شێوەیە بەردەوام بن لەسەر بێباوەڕیەکەیان، وە ڕێنوێنیشیان ناکات بۆ ڕێگای ڕاست تاوەکو ڕزگاریان بێت لەسزای خوای گەورە.

(169) بەڵام ئەو ڕێگەیەی کە بەرەو دۆزەخ دەیانبات بە ھەمیشەیی لەسەری دەمێننەوە وبۆیان ئامادەیە، ئەوەش بۆ خوای گەورە ئاسانە، چونکە ھیچ شتێک ئەو دەسەوسان ناکات.

(170) ئەی خەڵکینە ئەم پێغەمبەرە موحەمەد (صلی اللە علیە وسلم) بە ڕێنوێنی و ئاینێکی ڕاست ودروست کە لەلایەن خوای گەورەوەیە ھاتووە بۆ لاتان، جا لەبەر ئەوە باوەڕی پێ بھێنن چونکە خێر وخۆشی دونیا ودواڕۆژتانی تێدایە، خۆ ئەگەر باوەڕ بەخوا نەھێنن ئەوا ئەو ھەر زۆر بێ باک وبێ نیازە لەباوەڕتان، وە بێباوەڕی ئێوە ناتوانێت ھیچ زیانێک بەو بگەیەنێت، ئەو خاوەنی موڵکی ئاسمانەکان و زەوی وئەوەشی لەنێوانیاندایە، وە خوای گەورە زانایە بەو کەسەی کە شایستەی ھیدایەت و ڕێنوێنیە بۆیە ڕێگای ھیدایەتی بۆ ئاسان دەکات، وە زانایە بەوەش کە شایستەی ھیدایەت نیە بۆیە کوێری دەکات لەبینینی ڕێگای ھەق وڕاستی، وە خوا زۆر دانا وکاربەجێیە لە ووتار و کردار وشەرع و قەدەریدا.

(171) ئەی پێغەمبەر بە گاورەکانی خاوەن ئینجیل بڵێ: سنوری ئاینەکەی خۆتان مەبەزێنن، وە لەبارەی عیساوە (سەلامی خوای لێ بێت) ھیچ شتێک مەڵێن جگە لەھەق وڕاستی، چونکە مەسیح کە عیسای کوڕی مەریەمە تەنھا پێغەمبەری خوایە، بە ھەق وڕاستی ناردوویەتی، خوای گەورە بە توانا و ووشەی خۆی کە ناردی بۆ مەریەم بەھۆی جوبرەئیلەوە (سەلامی خوای لێ بێت) ھاویشتیە نێو مناڵدانیەوە ودروستی کرد، ئەویش بە ووشەی (کن= ببە) ئەویش (کان= بوو)، ئەو دروستکردنەیش فوویەک بوو لەخواوە، جوبرەئیل بە فەرمانی خوا فووی پێداکرد وپاشان مەریەم دووگیان بوو پێی، دواتر عیسی لەدایک بوو، جا لەبەر ئەوە باوەڕ بەخوا و بەسەرجەم پێغەمبەرەکانی بھێنن بەبێ جیاوازی خستنە نێوانیانەوە، وە مەڵێن: خوا سیانن، کۆتایی بھێنن بەم ووشە درۆ وخراپە، وە کۆتایی ھێنان پێی خێری دونیا ودواڕۆژتانی تێدایە، چونکە خوا ھەر یەک خوایە وپاکوبێگەرد ودەوڵمەند وبێ نیازە لەھەموو شەریک وھاوەڵ ومناڵ و نەوەیەک، ھەرچی موڵکی ئاسمانەکان وزەوی و ئەوەشی لەنێوانیاندا ھەیە ھەر ھەمووی ھی خوایە، وە خوای گەورەش ھەر خۆی بەسە بۆ پێکھێنان وبەرێوەبردنی کاروباری بوونەوەر، وەھیچ پێویستی بە کەسی تر نیە.

(172) عیسای کوڕی مەریەم ھەرگیز خۆی لەوە بەگەورەتر نەزانیوە وڕێگر نەبووە لەوەی بەندەی خوا بێت، ھەروەھا ئەو فریشتانەیش نزیک بەخوان حاشایان نەکردووە کە عەبد وبەندەی خوا نەبن، بەڵکو پلەو پایەیان بەوە بەزر دەبێتەوە کە بەندەی خوابن، ئیتر ئێوە چۆن عیسای کوڕی مەریەم دەکەن بەخوا؟! ھەرکەسێک خۆی بەگەورە بزانێت کە بەندەی خوا بێت، ئەوە بێگومان خوای گەورە ھەموویان لای خۆی کۆ دەکاتەوە، وە ھەموو کەسێکیش بەو شێوەیەی کە شایستەی بێت پاداشت وسزای خۆی دەداتەوە.

(173) ئەوانەی کە باوەڕیان ھێنا بەخوای گەورە وسەرجەم پێغەمبەرانیشیان بەڕاست زانی، وە کاروکردەوەی چاکیان کرد وە دڵسۆز وموخلیس بوون بۆی بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام، ئەوا خوای گەورە پاداشتی تەواوی بێ کەموکورتی کارەکانیان دەداتەوە، وە لەسەر ئەوەشەوە بەفەزڵ وئیحسانی خۆی بۆیان زیاد دەکات، بەڵام ئەوانەی کە خۆیان ھەڵاوێرد لەبەندایەتی خوا وگوێڕایەڵی بۆی، وە خۆیان بەگەورەتر زانی لە فەرمانەکانی خوا، ئەوا خوای گەورە سزای بەسۆ وبەئازاریان دەدات، وە جگە لەخوایش کەسێکی تر نابیننەوە کە پشتیوانیان بێت و سوودو وقازانجیان پێ بگەیەنێت، وە کەسێکیش بەدی ناکەن سەریان بخات وزیانیان لێ بەدوور بخاتەوە.

(174) ئەی خەڵکینە بەڵگەی ڕوون وئاشکراتان لای پەروەردگارتانەوە بۆھات، کە ھەموو بڕوبیانوو و گومانێک ناھێڵێت، ئەویش مەبەست پێی موحەمەدە (صلی اللە علیە وسلم) وە نوور و ڕووناکیەکی ئاشکرامان دابەزاندووە بۆتان کە مەبەست پێی قورئانە.

(175) ئەمجا ئەوانەی کە باوەڕیان ھێناوە بەخوا ودەستیان گرتووە بەو قورئانەی کە دابەزیووە بۆ پێغەمبەرەکەیان، بەچوونە بەھەشت ڕەحم ومیھرەبانی خۆی دەڕژێنێت بەسەریاندا، وە پاداشتیان بۆ زیاد دەکات، وە پلە وپایەشیان بەرز دەکاتەوە، وە سەرکەوتویان دەکات لەگرتنەبەری ڕێگای ڕاستی ئیسلام کە ھیچ خوار وخێچیەکی تێدا نیە، ئەویش ئەو ڕێگایەیە کە بەندەکانی خوا دەگەیەنێتە بەھەشتی ھەتا ھەتایی.

(176) ئەی پێغەمبەر پرسیارت لێدەکەن لەبارەی کەسێک کە باوک ومنداڵی نیە ودەمرێت چی بکەن لە میراتەکەی، جا تۆیش بڵێ: خوای گەورە حوکمی ئەوەتان بۆ روون دەکاتەوە، ئەگەر ھاتوو کەسێک مرد و باوک ومنداڵی لەدوای خۆی بەجێ نەھێشت، وە خوشکێکی دایک وباوکی ھەبوو، یان خوشێکێک تەنھا لەباوکەوە، ئەوا نیوەی میراتەکەی وەک بەشێکی دیاریکراو دەبات، وە برا دایک وباوکییەکەی یان ھەر برا باوکیەکەی ئەو ماڵو سامانەی بەجێی ھێشتووە وە کەسی پشت (عصبة) ھەموو ماڵەکە دەبات ئەگەر ھیچ خاوەن بەشێکی تری لەگەڵدا نەبوو، جا خۆ ئەگەر خاوەن بەشی لەگەڵدا بوو، ئەوا دوای ئەوەی بەشی ئەو خاوەن بەشە دەدرێت ھەرچی مایەوە بۆ ئەو دەبێت میراتەکەی، وە ئەگەر خوشکە باوک ودایکیەکان یان خوشکە باوکیەکان چەند دانەیەک بوون، دوان وزیاتر بوون، ئەوا دوو بەش لەسێ بەشی میراتەکە بەھەموویانەوە دەبەن، وە ئەگەر خوشک وبرا باوک ودایکیەکان یان خوشک وبرا باوکیەکان چەند دانەیەک بوون، ئەوا بەپێی بنەمای (نێرێک ھێندەی دوو مێی دەبات) میراتیەکە دابەش دەکرێت، بەوەی بەشی نێرینەیەک دوو ھێندەی بەشی مێینەیەک بێت، خوای گەورە حوکمی میراتی ئەو کەسەی بۆ ڕوونکردنەوە کە دەمرێت وباوک ومنداڵی لەدوا بەجێ نامێننێت، وە جگە لەو حوکمەیش تەواوی حوکمەکانی تری میراتتان بۆ ڕوون دەکاتەوە تاوەکو لە فەرمانەکانی لانەدەن وگومڕا نەبن، وە خوای گەورەزانایە بە ھەموو شتێک وە ھیچ شتێکیشی لا شاراوە نیە.