13 - Ar-Ra'd ()

|

(1) ﴿الٓمٓـرۚ﴾ پێشووتر قسەو گفتوگۆ کرا لەسەر تەفسیر و لێکدانەوەی ھاوشێوەی ئەم ئایەتانە لەسەرەتای سورەتی (البقرة) ، - ئەی پێغەمبەری خوا - ئەم ئایەتە بەرز و پیرۆزانە لەم سورەتە، وە ئەو قورئانەش کە خوای گەورە دایبەزاندووە بۆ سەرت ھەر ھەمووی ئەو ڕاستیانەن کە گومان و دوودڵیان تێدا نییە، وە ھیچ گومانێکیشی تێدا نییە کە لەلایەن خوای گەورەوە ھاتووە، بەڵام زۆربەی خەڵکی لەبەر سەرسەختی و خۆبەزل زانینیان باوەڕی پێ ناکەن.

(2) (اللە) خوای گەورە ئەو زاتەیە کە ئاسمانەکانی بەرز دروستکردووە و بەبێ ھیچ دینگە و کۆڵەکەیەک کە تۆ بیبینیت ڕایگرتوون، پاشان بڵند و بەرز بوویەوە بۆ سەر عەرش بەو شێوەی کە لایەق و شایستەی زاتی بەرز و پیرۆزی ئەو بێت، بەبێ ئەوەی چۆنیەتیەکەی بزانین و بیچوێنین بەدروستکراوەکانی خۆی، وە خۆر و مانگی بۆ خزمەتکردنی مرۆڤەکان و دروستکراوەکانی تری دروست و ڕامکردووە، وە ھەریەکەشیان تا ئەو کاتەی کە لە عیلمی خوای گەورە بۆیان دیاریکراوە لە خولگەی خۆیاندا دێن و دەچن، خوای گەورە بە ویستی خۆی و بەو شێوەیەی دەیەوێت زۆر بە وردی کاروباری ئاسمانەکان و زەوی ھەڵدەسوڕێنێت، ئەو ئایەت و نیشانانەی کە بەڵگەن لەسەر دەسەڵاتی زاتی بەرز و بڵندی خۆی بۆ مرۆڤەکان ڕوون دەکاتەوە بە ئومێدی ئەوەی دڵنیا ببنەوە لە لیقا و گەیشتنەوە بەپەروەردگارتان لە ڕۆژی قیامەت، جا کەوابێت بە کاروکردەوەی چاک خۆتانی بۆ ئامادە بکەن.

(3) خوای گەورە ئەو زاتەیە کە زەوی بۆ ڕاخستوون، وە چیا و شاخە جێگیرەکانی تێدا دروستکردووە تاوەکو نەجوڵێت و ژیان لە خەڵکی تێک نەچێت، وە لە ھەموو جۆرە میوە و بەروبومێک دوو جووتی تێدا دروستکردووە، وەک چۆن لە گیاندارەکاندا نێر و مێی دوستکردووە، وە بە تاریکی شەو ڕۆژ دادەپۆشی لەپاش ڕووناک بوونەوەی تاریکی دەکات، ئەوەی باسکرا بەڵگە و نیشانەی گەورە و مەزنن بۆ گەل و ھۆز و کەسانێک بیر بکەنەوە لە دروستکراوەکانی خوای گەورە، وە لێی ڕابمێنن، چونکە ئەو کەسانە سوود لەو بەڵگە و نیشانانە دەبینن.

(4) لە زەویدا چەندین پارچە زەوی لە پاڵ یەکدا ھەن، وە چەندین باخ و بێستان لە ترێ و دارخورما، کە ھەندێکیان پەلەکانی لەسەر یەک ڕەگ کۆبونەتەوە، وە ھەندێکی تریشیان ڕەگ و قەدەکانیان جیاوازن لە یەکتری، ئەم باخ و بێستانە بە یەک جۆر ئاو ئاودەدرێن، لەگەڵ ئەوەی لەیەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە بەڵام فەزڵ و ڕێزی ھەندێکمان لەتام و چێژ و سوود و قازانج وەرگرتن داوە بەسەر ھەندێکی تریاندا، بێگومان لەوەی کە باسکرا بەڵگە و نیشانە گەلێک ھەن بۆ ئەوانەی کە بە وردی بیر دەکەنەوە و تێڕادەمێنن، چونکە ئەو کەسانە پەند و عیبرەتی لێ وەردەگرن.

(5) - ئەی پێغەمبەر - ئەگەر سەرت لەشتێک سووڕ بمێنێت شایستەترین شت ئەوەیە سەرت لە کاری ئەو بێباوەڕانە سووڕ بمێنێت کە باوەڕیان بەزیندووبوونەوە نییە و بەڵگەش دەھێننەوە بۆ ئینکاری کردنی و دەڵێن: ئەگەر ئێمە مردین و بووین بەگڵ و ئێسکی کۆن و ڕزیو ئایا جارێکی تر زیندوو دەکرێینەوە؟! ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە زیندوو بوونەوەی پاش مردن نییە هەر ئەو کەسانەن کە باوەڕیان بە پەروەردگاریان نییە، وە باوەڕیان بە ھێز و دەسەڵاتی ئەو نییە کە مردوو زیندوو بکاتەوە، ئەوانە لە ڕۆژی قیامەتدا کۆت و بەندی ئاگرین دەکرێتە گەردنیان، ئەوانە ھاوڕێ و ھاودەمی ئاگرن و بەھەمیشەیی و ھەتا ھەتایی تێیدا دەمێننەوە و لەناو ناچن، وە بەھیچ شێوەیەکیش سزایان لەسەر ھەڵناگیرێت.

(6) - ئەی پێغەمبەری خوا - بتپەرست و موشریکەکان پەلەی ئەوەت لێ دەکەن کە سزای خوایان بۆ دابەزێت، پێش ئەوەی ئەو ناز و نیعمەتانەی کە خوای گەورە تەقدیری کردووە بۆیان تەواو و کامڵ ببێت، بێگومان پێش ئەوان کەسانێکی تر لە ئوممەتەکانی پێشین کە پەیامی خوایان بە درۆ زانی سزا دران، کەواتە ئیتر چۆن پەند و عیبرەتیان لێ وەرنەگرت؟ - ئەی پێغەمبەر - لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ڕۆچوون لەناو زوڵم و ستەمدا بێگومان پەروەردگارت چاوپۆشیان لێ دەکات و مۆڵەتیان دەدات و پەلە ناکات لە سزادانیان تاوەکو تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای، وە بێگومان پەروەردگارت سزا و تۆڵەی زۆر توندە بۆ ئەو کەسانەی کە لەسەر بێباوەڕی خۆیان سوور و بەردەوامن ئەگەر تەوبە نەکەن.

(7) ئەوانەی بێباوەڕن بە خوای گەورە ڕۆچوون لەسەرکەشی و عینادی کردن لەگەڵ پێغەمبەری خوا و پێی دەڵێن: بۆچی موعجیزە و نیشانەیەکی وەک موعجیزە و نیشانەکانی موسا و عیسا نایەتە خوارەوە بۆ موحەممەد، - ئەی پێغەمبەر - ئەمە بە دەست تۆ نییە بەڵکو تۆ تەنھا ترسێنەری خەڵکیت بە سزای خوای گەورە، وە جگە ئەو بەڵگە و نیشانانەی کەخوای گەورە پێی داویت ھیچ نیشانەیەکی ترت لا نییە، وە بۆ ھەموو گەل و نەتەوەیەکیش پێغەمبەرێک ڕەوانە کراوە تاوەکو ڕێنوماییان بکات بۆ سەر ڕێگای ڕاست.

(8) خوای گەورە دەزانێت ھەموو مێینەیەک چی لە سکیدایە و ئاگاداری ھەموو شتێکیەتی، وە دەزانێت مناڵدان چی لێ زیاد و کەم دەبێت، یان تەندروستی چۆنە و دووچاری چی نەخۆشیەک دەبێتەوە، وە ھەموو شتێک لای خوای گەورە بە ئەندازەگیریەکی زۆر وردە کە ھیچی لێ زیاد یان کەم ناکرێت.

(9) چونکە خوای گەورە زانا و ئاگادارە بە تەواوی ئەو کاروبار و شتانەی کە نادیارن لای حەواس و ھەستی دروستکراوەکان بە تایبەت لای مرۆڤەکان، وە زانا و ئاگاداریشە بە تەواوی ئەو شتانەیشی کە ھەستەوەرەکانی ئەوان درکی دەکەن، خوای گەورە مەزن و بڵندە لە سیفات و ناو و کاروکردارەکانیدا ، وە بەزات و سیفاتی بەرز و بڵندیشە بەسەر ھەموو بەدێھێنراوەکانیدا.

(10) ھەر ئەویش زانا و ئاگادارە بەو شتانەی نھێنی و نادیارن، - ئەی خەڵکینە - چون یەکە لای ئەو ئەگەر کەسێک لە ئێوە بە نھێنی وتەیەک بڵێت یان ئاشکرای بکات، ھەروەھا لای خوای گەورە وەک یەکە کەسێک لە تاریکی شەو و دوور لە چاوی خەڵکی کارێک بکات، یاخود بە ڕۆژی ڕووناک و بە ئاشکرا ئەنجامی بدات، خوای گەورە زانا و ئاگادارە پێی ھیچ جیاوازیەکی نییە لای ئەو.

(11) پەروەردگار (سبحانە وتعالی) کۆمەڵێک فریشتەی ھەن لە پاش وپێشی ئادەمیزادەوە بەدوای یەکدا دێن، ھەندێکیان بە شەو دێن وھەندێکی تریان بە ڕۆژ، بە فەرمانی خوای گەورە پارێزگاری لێ دەکەن لە چوار چێوەی ئەو قەدەرەی خوای گەورە لەسەری نووسیوە و ڕێگری کردووە لێی، ھەرچی گوفتار وکرداریانە دەینوسن، بێگومان خوای گەورە ھیچ گۆڕانکاریەک بەسەر ھیچ گەل و ھۆزێکدا ناھێنێت لە حاڵێکی باش و نایابەوە بۆ حاڵ و گوزەرانێکی ناخۆش و دژوار ھەتاوەکو ئەو گەل و ھۆزە خۆیان ناشکور نەبوبن بە نازو نیعمەتەکانی خوا، خۆ ئەگەر خوای گەورە بیەوێت ھەر گەل وھۆزێک لەناو ببات ھیچ کەسێک ناتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەم ویست وئیرادەی ئەودا، - ئەی خەڵکینە - جگە لە خوای گەورە ھیچ پشتیوان وسەرپەرشتیکارێکتان نییە کاروبارەکانتان بۆ بەرێوە ببات، کەوابوو ڕوو بکەنە خوا و ھانای بۆ بەرن تاوەکو ئەو بەڵاو موسیبەتەی دووچاری بوون لە سەرتانی ھەڵگرێت.

(12) - ئەی خەڵکینە - ھەر ئەو زاتەیە کە ھەورە بروسکەتان نیشان دەدات، ترس وھیواتان بە ھۆیەوە بۆ کۆ دەکاتەوە، دەترسن لە دەنگ و بروسکەکەی کە بتانسوتێنێت، وە ئومێدیشتان ھەیە لەگەڵیدا بارانتان بۆ ببارێنێت، ھەر زاتی بەرزی اللەیە ھەوری پڕ لە ئاوی زۆرتان بۆ پێک دەەھێنێت و بارانی خوڕەم و لێزەمەتان بۆ دەبارێنێت.

(13) ھەورە بروسکە تەسبیحات و ستایشی پەروەردگاری دەکات و پاک و بێگەردی بۆ دەنوێنێت، وە فریشتەکانیش لەبەر ترس و بیمی دەسەڵاتی بێ سنووری ئەو تەسبیحات و ستایشی دەکەن وپاکو بێگەردی بۆ دەنوێنن، وە ھەر ئەویشە ھەورە تریشقەی لەناوبەر دەنێرێت ئەمجا ئەگەر ویستی لەھەرکەسێک و لەھەر دروستکراوێکی بدات و بیسوتێنێت دەیسوتێنێت و لەناوی دەبات، لەگەڵ ئەو ھەموو بەڵگە و نیشانانە لەسەر دەسەڵاتی خوای گەورە کەچی ھێشتا بێباوەڕان سەرگەرمی دەمەقاڵێن لەسەر تاکو و تەنھایی زاتی پیرۆزی ئەو، بێگومان خوای گەورە زۆر بەھێز و توندە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە سەرپێچی فەرمانەکانی دەکەن.

(14) بانگەوازی ھەق و ڕاست و دروست کە بریتیە لە بانگەوازکردن بۆ یەکخواپەرستی تەنھا ھەر بۆ ئەوە، وە ھیچ کەسێکی تری تێدا بەشدار نییە، وە نموونەی ئەو بتانەی کە بتپەرست وموشریکەکان ھانا و ھاواری بۆ دەبەن و وەڵامی ھیچ داوا و پرسیارێکیشیان نادەنەوە، وەک نموونەی ئەو کەسە تینوە وایە کە لە دوورەوە دەستی بۆ ئاو درێژ کردبێت تاوەکو بگاتە دەمی وتینوێتی بشکێنێت، دیارە بەو شێوەیە دەست درێژکردن بۆ ئاو تینوێتی ناشکێنێت، بێگومان ھانا و ھاواری بێباوەڕانیش لەو بتانە تەنھا گومڕایی وسەرلێشێواوی و دوورییە لەڕاستی، چونکە ئەو بتانە نەدەتوانن سودێکیان پێ بگەیەنن، وە نە زیانێکیشیان لێ دوور ببخەنەوە.

(15) ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەیە بیانەوێت یان نەیانەوێت ملکەچی خوای گەورەن و سوژدەی بۆ دەبەن، لەمەشدا باوەڕدار و بێباوەڕ وەک یەکن، تەنھا جیاوازیان ئەوەیە باوەڕداران بە ئارەزووی خۆیان ملکەچی پەروەردگایانن و بە ویستی خۆیان سوژدەی بۆ دەبەن، بەڵام بێباوەڕان بێ پێخۆش بوون و ویستی خۆیان ملکەچی خوا دەبن، چونکە فیترەتیان ئەوەیان پێ دەڵێت بە ناچاری ملکەچی ئەو بن، ھەروەھا ئەو دروستکراوانەیش کەسێبەریان ھەیە لەسەرەتای ڕۆژ و کۆتاییەوە ملکەچی فەرمانی ئەون و ناتوانن لێی لابدەن.

(16) - ئەی پێغەمبەری خوا - بەو بێباوەڕانە بڵێ کە لەگەڵ خوای گەورە شتێکی تر دەپەرستن: کێ بەدیھێنەر و پەروەردگاری ئاسمانەکان و زەوییە، وە کێ ھەڵسوڕێنەر و بەڕێوەبەریانە؟ - ئەی پێغەمبەر - تۆ بڵێ ھەر خوای گەورە بەدیھێنەر و بەڕێوەبەریانە، ئێوەیش دان بەمەدا دەنێن، - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: ئایا جگە لە خوای گەورە کەسێکی تر دەکەنە پشتیوانی خۆتان کە توانای ھیچ شتێکیان نییە، ئەوانە ناتوانن سوودێک بە خۆیان بگەیەنن، یان زیانێک لەخۆیان دوور بخەنەوە، ئیتر چۆن دەتوانن کارێکی لەو شێوەیە بۆ غەیری خۆیان بکەن؟! - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: ئایا ئەو بێباوەڕەی کە دڵی کوێرە وھیچ حاڵی نابێت، وەک ئەو باوەڕدارە دڵ زیندووە وایە کە شوێن ڕێنومایی پەروەدگار کەوتووە؟! وە ئایا بێباوەڕی کەپارچەیەکە لەشەوە زەنگ و تاریکی، وەک نوور و ڕوناکی باوەڕ وایە؟ ئایا بەلای ئێوەوە وەک یەک و یەکسانن؟! یان ئەوانەی ئەوان کردویانن بە شەریک وھاوەڵی خوا بەلایانەوە وایە وەک خوای گەورە دروستکەر و بەدیھێنەرن؟ بەمەش لێیان تێکچوو بێت و لێیان شێوا بێت و چەواشە بووبن، وایان زانی بێت ئەوانەی خوای گەورە بەدیھێناون و دروستی کردوون خواکانی خۆیان دروستیان کردوون و بە دیانھێناون؟ - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: تەنھا خوای گەورە اللە (جل جلالە) بەدیھێنەر و دروستکەری ھەموو شتێکە، وە ھیچ شەریک و ھاوەڵێکیشی نییە لەمەدا، تەنھا ئەو شایستەی پەرستنە بە تاک و تەنھا، وئەو گەردنکەچکاری هەموو شتێکە.

(17) خوای گەورە بۆ لەناوچوونی ناھەق و باتڵ، وە مانەوەی ھەق و ڕاستی، نموونە بە ئاوی باران دەھێنێتەوە کە لە ئاسمانەوە دەبارێت و شیو و دۆڵەکان ھەریەكەیان بە ئەندازەی گەورەی و بچوکی خۆی پڕ ئاو کرد، جا ئەو لافاوە پووش و پەڵاش و کەفێکی زۆری بەسەر ئاوەکەوە لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرت، لەپاشان ئاوەکە بەڕوونی دەرکەوت و پووش و پەڵاشەکەی لێ جیا بوویەوە، ھەروەھا نموونەیەکەی تر بۆ مانەوەی (ھەق و ڕاستی) و دوابڕاوی (باتڵ و ناھەق) بەو کانزا گران بەھا و بەنرخانە دەھێنێتەوە کە لەسەر ئاگر دەتوێنرێنەوە، بەمەبەستی پوختە و پاڵفتەکردن و بەدەستھێنانی کەرەستەی جوان و خشڵی خۆڕازاندنەوە، خوای گەورە بۆ مانەوەی ھەق و ڕاستی و لەناوچوونی باتڵ و ناھەقی ئەم دوو نموونە دەھێنێتەوە، باتڵ و ناھەقی وەک پوش و پەڵاش و کەفی سەر ئاو، وە ئەو ژەنگ و ژار و پیسیەی کە لە کانزا بەنرخە کە جیا دەبێتەوە وایە، ھەق و ڕاستیش وەک ئەو ئاوە ڕوون و پاک و خاوێنە وایە کە خەڵکی دواتر لێی دەخۆنەوە و دار و درەخت و بەروبوم و لەوەڕگای پێ سەوز دەبێت، وە وەک ئەو کانزا پاڵفتەیەش وایە کە خاوێن و پاکژ دەکرێتەوە و خەڵکی سوودی لێ دەبینن، جا خوای گەورە ھەروەک ئەم نموونانەی بۆ ھێناونەتەوە، بەھەمان شێوە نمونەی تر دەھێنێتەوە تاوەکو ھەق و ڕاستی لە باتڵ گومڕایی بۆ خەڵکی ڕوون بێتەوە.

(18) ئەو باوەڕدارانەی کە وەڵامی پەروەردگاریان دایەوە، کاتێک بانگی کردن بۆ یەکخواپەرستی و تاعەت وگوێڕایەڵی خۆی، پەروەردگار لە ڕۆژی دواییدا پاداشتی باشتر وچاکتری بۆ ئامادە کردوون، ئەویش بەھەشتی نەبڕاوەی ھەتا ھەتاییە، وە بێباوەڕانیش کە وەڵامی بانگەوازی خوایان بۆ یەکخواپەرستی وگوێڕایەڵیکردنی نەدایەوە، ئەگەر ھەرچی لە زەویدا ھەیە لە سەروەت وسامان وماڵی دونیا ھی ئەوان بێت، ھێندەی تریشی لەگەڵدا بێت دەیبەخشن بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لە سزای دۆزەخ، بەڵام لێیان قبوڵ ناکرێت، جا ئەوانەی وەڵامی بانگەوازەکەی خوایان نەدایەوە لەسەر تەواوی خراپە وتاوانەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، وە جێگا و مەئوایشیان ئاگری دۆزەخە و دەبێتە ڕایەخیش بۆیان، ئای چی جێگا و ڕایەخێکی خراپە ئاگری دۆزەخ بۆ ئەوان.

(19) - ئەی پێغەمبەر - ئایا یەکسان و چوون یەکە ئەو کەسەی دەزانێت ئەوەی خوای گەورە بۆ تۆی دابەزاندووە ھەق و ڕاستە و ھیچ گومان و دوودڵی تێدا نییە، کەسێکی باوەڕدارە و وەڵامی پەروەردگار دەداتەوە، ئایا وەک ئەو کەسە وایە لە ئاست ھەق و ڕاستی خۆی کوێر دەکات و باوەڕ ناھێنێت و وەڵامی بانگەوازی خوا ناداتەوە، بێگومان خاوەن بیروھۆش و عەقڵە ساغەکان پەند و ئامۆژگاری لەمە وەردەگرن.

(20) ئەوانەی کە وەڵامی بانگەوازەکەی خوایان دایەوە، ئەوانە ئەو کەسانەن کە وەفا دەکەن بەو پەیمانەی بە خوایان داوە، یان ئەو پەیمانەی بە خەڵکییان داوە، وە ئەو پەیمانە دووپاتکراوەیش بە خوایان داوە یان بەخەڵکیان داوە ھەڵی ناوەشێننەوە.

(21) ئەوانە ئەو کەسانەن ئەوەی خوای گەورە فەرمانی پێکردوون بەگەیاندن و بەجێھێنانی مافی خزمایەتی بەجێی دەھێنن و نایبچڕێنن، وە لەپەروەرگاری خۆیان دەترسن، ترسێک وایان لێدەکات فەرمانەکانی ئەو جێ بەجێ بکەن و دوور بکەونەوە لە سەرپێچیەکانی، وە دەترسن لەوەی خوای گەورە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات لەسەر ئەو گوناھ و تاوانانەی ئەنجامیانداوە، چونکە دەزانن ھەرکەس لێپیچینەوەی لەگەڵدا بکرێت تیاچووە.

(22) ئەوانە ئەو کەسانەن ئارامیان گرتووە لەسەر فەرمانبەرداری و گوێڕایەڵی خوای گەورە، وە لەسەر ئەوەشی خوای گەورە قەدەری بۆ کردوون لەوەی پێیان خۆشە و لەوەشی پێیان ناخۆشە، وە لەپێناو ڕەزامەندی خوای گەورە ئارامیشیان گرتووە لەسەر دوور کەوتنەوە لە سەرپێچییەکانی، وە نوێژەکانیان بە جوانترین شێوە ئەنجامداوە، وە لەو سەروەت وسامانەیشی پێمانداون و واجبمان کردووە لەسەریان بیبەخشن بەئاشکرا و بە نھێنی لێی دەبەخشن، بە نھێنی لێی دەبەخشن لەترسی ئەەوەی نەکەونە ناو ڕیا و ڕووپاماییەوە، وە بە ئاشکرایش لێی دەبەخشن تاوەکو خەڵکی تر چاویان لێ بکەن وئەوانیش ماڵ ببەخشن، وە بە ئەنجامدانی کار وکردەوەی چاک و جوان وەڵامی خراپەی خراپەکاران دەدەنەوە، ئا ئەوانەی ئەوە سیفات و ڕەوشت و ئاکاریانە لە ڕۆژی قیامەتدا عاقیبەت و سەرەنجامی باشیان دەبێت.

(23) عاقیبەت وسەرەنجامی باش بریتییە لە بەھەشتانێک بە ئاسوودەیی دەچنە ناویەوە و بەھەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە، وە لەتەواوی ئەو ناز ونیعمەتەیش خوای گەورە پێیان دەبەخشێت ئەوەیە باوباپیران و دایکان و ژنان و مناڵانیشیان، ئەوانەیان کاری چاکە و باشیان کردووە لەبەر ڕێزنان لەمانە و خۆشبەختیان بە حورمەتەوە پێکەوە دەچنە ئەو بەھەشتانەوە، وە فریشتەکانیش لە ھەموو دەرگاکانەوە دەچنە لایان بۆ پیرۆزبایی لێکردن و بەخێرھاتنیان.

(24) ھەرکاتێک ئەو فریشتانە بچن بۆ لایان سەلامیان لێدەکەن و پێیان دەڵێن: سەلامتان لەسەر بێت، واتا: پارێزراو بن لە ئافات و ناڕەحەتی بە ھۆی ئەوەی ئارامتان گرت لەسەر گوێڕایەڵی خوای گەورە، وە لەسەر تاڵی ئەو ناڕەحەتیانەی ھاتە ڕێگاتان، وە لەسەر دوورکەوتنەوە لەسەرپێچیەکانی پەروەردگار، ئای چەند چاک و باشە سەرەنجامی چاکی ئەو دواڕۆژ و جێگایە بەو شێوەیە بێت.

(25) بەڵام ئەوانەی کەپەیمانی خۆیان لەگەڵ خوای گەورە لەپاش گرێدان و بەستنی و وەفای پێ ناکەن و ھەڵیدەوەشێننەوە، وە ئەوەشی خوای گەورە فەرمانی کردووە بە گەیاندن و بە جێھێنانی مافی خزمایەتی ئەوان نایگەیەنن و دەیپچڕێنن، وە لەسەر زەوی تاوان و خراپەکاری دەکەن، ئەوانە نەفرین و دووری لە میھرەبانی خوایان بۆ بڕاوەتەوە، وە لە ڕۆژی دواییشدا سەرەنجامی خراپیان دەبێت کە چوونە ناو دۆزەخە.

(26) ھەرکەسێک خوای گەورە ویستی لەسەر بێت ڕزق وڕۆزی بۆ فراوان و زۆر دەکات، وە ھەر کەسێکیش ئەو بیەوێت ڕزق و ڕۆزی لێ دەگرێتەوە، وە زۆری ڕزق و فراوان بوونی بەڵگە نییە لەسەر خۆشبەختی و بەختەوەری ئەو کەسەو خۆشەویستی خوا بۆی، وە ھەروەھا گرتنەوەی ڕزق وڕۆزی و کەمبوونەوەشی بەڵگە نییە لەسەر بەدبەختی و خراپەکاری ئەو کەسە، وە بێباوەڕان زیاد لەئەندازە دڵخۆشن بە ژیانی ئەم دونیایە و پاڵیان پێوەداوە و ئاسودەن پێی، خۆ ژیانی ئەم دونیایەش لەچاو ژیانی دواڕۆژ شتێکی کەم و لەزەت و خۆشیەکی کورت و بڕاوەیە.

(27) ئەوانەی بێباوەڕن بە خوای گەورە و بەڵگە و نیشانە و ئایەتەکانی دەڵێن: ئەوە بۆ لەلایەن خوای گەورەوە موعجیزەیەکی بەرھەستی وەک موعجیزەکانی موسی وعیسی نەھات بۆ موحەممەد تاوەکو بەڵگە بێت لەسەر ڕاستی ئەو بانگەشەیەی دەیکات و ئێمەیش باوەڕی پێ بھێنین؟ جا - ئەی پێغەمبەر - تۆیش بەوانەی ئەو پێشنیارە دەکەن بڵێ: بێگومان خوای گەورە بە عەدل و دادگەری خۆی ھەرکەسێکی بوێت لەبەندەکانی گومڕایی دەکات، وە ھەرکەسێکیش تەوبە بکات و بگەڕێتەوە بۆ لای بە میھرەبانی و ڕەحمی خۆی ڕێنمونی دەکات، ھیدایەت و ڕێنمونی بەدەستی ئەوان نییە تاوەکو پەیوەستی بکەن بەھاتنی موعجیزە و نیشانەکان.

(28) ئەوانەی خوای گەورە ھیدایەتی دان و ڕێنمونی کردون ئەوانە ئەو کەسانەن باوەڕیان ھێناوە، وە دڵەکانیان بە زیکر و یادی خوای گەورە بە (تەسبیح و تەحمید و سوپاس و ستایشی خوا)، وە بە خوێندن و گوێ لێگرتنی پەرتووکەکەی (قورئانەکەی) ئارام و ئاسودە دەبێت و ئۆقرە دەگرێت، جا چاک بزانن تەنھا بەیاد و زیکری خوا دڵەکان ئارام و ئاسودە دەبن و ئۆقرە دەگرن.

(29) ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە بەخوای گەورە و ئەو کاروکردەوە چاکانەیان ئەنجامداوە کە لە خوای گەورە نزيکیان دەکاتەوە، لە ڕۆژی دواییدا ژیانێکی بەختەوەر و ئاسودەیان ھەیە، وە دواڕۆژ و عاقیبەتێکی باشیشیان ھەیە کە بەھەشتی نەبڕاوەی ھەتاھەتاییە.

(30) - ئەی پێغەمبەری خوا - ھەروەک چۆن پێغەمبەرانی ترمان نارد بۆ لای گەل و ھۆزەکانیان تێپەڕین و ڕۆیشتن، ھەر بەو شێوەیە تۆیشمان نارد بۆ لای ئوممەتێک، تاوەکو ئەو قورئانەی بۆمان ناردویت بۆیانی بخوێنیتەوە، چونکە ئەو قورئانە بەسە بەڵگە بێت لەسەر ڕاستگۆیی تۆ، بەڵام گەل و ھۆزەکەت نکۆڵی ئەم بەڵگە و نیشانانە دەکەن، چونکە ئەوان بێباوەڕن بەھۆی تاوان و بتپەرستیانەوە نکوڵی پەرستنی خوای بە بەزەیی دەکەن، لەگەڵ ئەودا بتەکانیش دەپەرستن، - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: ئەو خوا بە بەزەییەی کە ئێوە ھاوەڵی بۆ بڕیار دەدەن و شتی تری لەگەڵدا دەپەرستن ئەو خوایە پەروەردگاری منە کە ھیچ پەرستراوێکی بەھەق نییە جگە لەو، وە من لە ھەموو کاروبارێکمدا پشت بەو دەبەستم و ھەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێمەوە و تەوبەی بۆ لا دەکەم.

(31) ئەگەر ھەر کتێب و پەرتووکێک لە کتێب و پەرتووکە ئیلاھییەکان (یان قورئانی پیرۆز) بەو شێوەیە بن کە چیاکانی لە شوێن خۆی پێ لاببرایە، یان زەوی پێ شەق بکرایە و کانی و ڕووباری لێ ھەڵبقوڵایە، یان مردووی زیندوو بکردایەتەوە و بھاتایەتە قسە، ئەوا بێگومان ھەر باوەڕیان نەدەھێنا، ئیتر بۆچی داوای موعجیزەیەکی لەو شێوەیە دەکەن؟! - ئەی پێغەمبەری خوا - ئەو قورئانەی بۆ تۆ دابەزیووە بەڵگە و نیشانەکانی زۆر ڕوون و ئاشکران، وە کاریگەری گەورەی ھەیە ئەگەر ئەوان خاوەنی دڵانێکی زیندوون. بەڵام ئەوان ھەر ئینکاری دەکەن و باوەڕ ناھێنن، موعجیزە ھێنان و ھەموو کاروبارێک ھەر بۆ خوا خۆیەتی، ئایا ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە تا ئێستاش بێ ھیوا نەبوون لە بڕواھێنانی ئەو بێباوەڕانە؟ دەی با باوەڕداران چاک بزانن ئەگەر خوای گەورە بیویستایە بەبێ دابەزینی بەڵگە نیشانە و موعجیزە ھیدایەتی ھەموو خەڵکی دەدا، بەڵام ویستی خوای گەورە بەو شێوەیە نییە، ئەوانەیشی بێباوەڕ بوون ھەر بەو شێوەیە لەسەر کوفر و بێباوەڕی خۆیان بەردەوام دەبن و باوەڕ ناھێنن، ھەتاوەکو بەھۆی کاروکردەوەی خراپ و ناڕێکیانەوە دووچاری بەڵاو نەھامەتی سەخت دەبن، یان لە نزیک ماڵەکانیان دادەبارێت، تا ئەو کاتەی بەڵێنی خوای گەورە دێتە دی و سزای سەختیان بۆ دادەبەزێت، بێگومان خوای گەورەش بەڵێنی خۆی دێنێتە دی و بێ بەڵێنی ناکات ئەگەر کاتی دیاری کراوی خۆی ھات.

(32) - ئەی پێغەمبەر - تۆ یەکەم پێغەمبەر نیت کە گەل و ھۆزەکەی باوەڕیان پێ نەھێنا بیت و بەدرۆیان زانی بیت و گاڵتەیان پێ کردبیت، بەڵکو ئوممەت و گەلانی پێشووتریش ھەر بەو شێوەیە گاڵتەیان بە پێغەمبەرەکانیان کرد و باوەڕیان پی نەھێنان، وە خوای گەورە مۆڵەتی ئەوانەی دا کەباوەڕیان نەھێنا بە پێغەمبەرەکانیان، تا کار گەیشتە ئەوەی گومانیان وابوو کە من ئەوانە لەناو نابەم، پاش ئەوەی مۆڵەتم دان قارم لێگرتن و لەناوم بردن و سزای خۆمم بەسەردا ڕشتن، جا بینیت - ئەی پێغەمبەری خوا - چۆن بوو سزا و تۆڵەی من؟!

(33) ئایا ئەو زاتە پیرۆزەی کە ڕۆزیدەری ھەموو دروستکراوەکانە، وە چاودێری کاروکردەوەیانە و پاداشتیان لەسەر دەداتەوە، شایستە ترە لەھەموو کەسێکی تر کە بپەرسترێت، یان ئەو بتانەی کە بێ ئاگا و غافڵن لە ھەموو شتێک و شایانی ئەوە نین کە بپەرسترێن؟ بێباوەڕان بە ستەم و درۆ و بوھتان کردونیان بە ھاوەڵ و شەریکی خوا، - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: دەسا ناو و سیفەتی ئەوانە باس بکەن کە کردوتانن بە شەریک و ھاوەڵی خوا ئەگەر ڕاست دەکەن لەو بانگەشەیەی دەیکەن، یان دیارە ئێوە ھەواڵ بەخوا دەدەن کەلەسەر زەوی چەند ھاوبەش و شەریکێکی ھەیە و ئەو پێی نازانێت، یان ھەر ئەوەتانێ بە ڕواڵەت ھەواڵێکی پێ دەدەن کە ھیچ ھەقیقەت و ڕاستیەکی نییە؟ بەڵام نەخێر ئەوە شەیتانە کە قسە و گوفتاری نابەجێی بێباوەڕان جوان و ڕازاوە دەکات، ئەوانیش سەرەنجام بێباوەڕ بوون و لە رێگای ڕاست لایدان و گومڕا بوون، جا ھەر کەسێک خوای گەورە گومڕای بکات و لەسەر رێگای ھیدایەت لایدات و ڕێنموونی نەکات، ئەوا ھیچ کەسێک ناتوانێت ڕێنمونی بکات و ھیدایەتی بدات.

(34) ئەو بێباوەڕانە ھەر لە ژیانی دونیادا خوای گەورە دووچاری سزایان دەکات، بەوەی ڕووبەڕووی کوشتن و بەدیل گرتن و ڕاوەدوونان دەبنەوە بەدەست باوەڕداران، دیارە سزای ڕۆژی دواییش کە چاوەڕوانیان دەکات قورستر و ناڕەحەترە لە سزای دونیا، چونکە سزای ڕۆژی داویی ھەمیشەییە و نابڕێتەوە، وە ھیچ شتێکیش نییە لە ڕۆژی قیامەتدا بیانپارێزێت لە سزای سەختی خوای گەورە.

(35) سیفەت و وێنەی ئەو بەھەشتەی خوای گەورە بەڵێنی داوە پێی بە خواناسان (خواناسانێک فەرمانەکانی بەجێ دەھێنن ودوور دەکەونەوە لە سەرپێچیەکانی) بەو شێوەیە کە لە بن درەخت و کۆشک و تەلارەکانیەوە چەندین ڕووبار گوزەر دەکەن، بەروبوم و میوەکانی نابڕێنەوە و تەواو نابن، پێچەوانەی بەروبومی دونیا کە دەبڕێنەوە و کۆتاییان دێت ، وە سێبەریشیان ھەردەمێنی و کەم ناکات، ئا ئەوە سەرەنجامی ئەو کەسانەیە لە خواترساون بەجێ بەجێکردنی فەرمانەکانی و دوور کەوتنەوە لەسەرپێچیەکانی، وە سەرەنجامی بێباوەڕانیش ئاگری دۆزەخە بەھەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە.

(36) ئەوانەی لە جولەکەکان تەوراتمان پێدان، وە لەگاورەکانیش ئینجیلمان پێدان، - ئەی پێغەمبەری خوا - ھەندێکیان دڵخۆشن بەو قورئانەی کە بۆ تۆ ھاتوەتە خوارەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی لەگەڵ ھەندێک لەو کتێبانەی لایانە یەك دەگرێتەوە ، بەڵام ھەندێک لە دەستە وتاقمی جولەکە وگاورەکان نکۆڵی لەوە دەکەن بۆ تۆ دابەزیوە لەوەی لەگەڵ ھەواو ئارەزووی ئەواندا یەك ناگرێتەوە ، یان وەسفی ئەوان دەکات بەدەستکاری کردن و گۆڕانکاری تێیاندا، جا تۆیش - ئەی پێغەمبەری خوا - پێیان بڵێ: بە راستی خوای گەورە فەرمانی پێکردووم کە تەنھا خوای گەورە بپەرستم و ھیچ کەسێکیش نەکەم بە ھاوەڵ و شەریکی، تەنھا لەو داوا دەکەم و دەپارێمەوە، وە لەغەیری ئەو داوا ناکەم و لە ھیچ کەسیکی تر ناپاڕێمەوە، وە سەرنجام و گەڕانەوەیشم ھەر بۆ لای ئەوە، تەورات و ئینجیلیش کاتی خۆی ھەر بۆ ئەم مەبەستە ھاتبوون، بەڵام دەستکاری کران و مانا و مەبەستەکانیان گۆڕران.

(37) ھەروەکو چۆن پەرتووک و کتێبە پێشووەکانمان بۆ پێغەمبەران بەزمانی گەل و نەتەوەکانی خۆیان بووە، ھەر بەو شێوەیەش قورئان کە بە ڕوونی وڕاشکاوی ھەق و راستیەکانی ڕوون کردوەتەوە بەزمانی عەرەبی بۆ تۆ دابەزاندووە تاوەکو گشت حوکم و بڕیارێکت بەگوێرەی ئەو بێت، -ئەی پێغەمبەر - ئەگەر بێتۆ شوێن ھەواو ئارەزووی خاوەن کتێبەکان (جولەکە و گاورەکان) بکەویت بەوەی واز لەو شتانە بھێنیت کە لەگەڵ ھەواو ئارەزووی ئەواندا یەك ناگرێتەوە دوای ئەو ھەق و زانست و زانیارییە کە خوای گەورە فێری کردویت، ئەوا خوای گەورە پشتیوان و پشتگیرت نابێت وە سەرت ناخات بەسەر دوژمنەکانتدا، وە ھیچ شتێکیش ناتوانێت بتپارێزێت لە سزای سەختی خوای گەورە.

(38) - ئەی پێغەمبەری خوا - پێش تۆ چەندین پێغەمبەری ترمان لەناو مرۆڤەکان ناردووە، تۆ یەکەم پێغەمبەر نیت کە ژن دێنیت، بەڵکو ئەوانیش وەکو تەواوی مرۆڤەکانی تر ژن و مناڵ و وەچە و زوڕییەتمان بۆ بڕیاردان، ئەوانمان وەک فریشتەکان دروست نەکردووە کە ژن ناھێنن و وەچەو مناڵ ناخەنەوە، وە تۆ لەو پێغەمبەرانەیت وەک تەواوی مرۆڤەکانی تر مرۆڤن کە ژن دەھێنن و مناڵیان دەبێت، ئیتر ئەو بتپەرست و موشریکانە بۆچی سەریان لەوە سوڕ دەمێنێت تۆیش بەو شێوەیەیت؟! ھیچ پێغەمبەرێک بۆی نییە لە خۆیەوە بەبێ ئیزن و مۆڵەتی خوای گەورە بەڵگە و نیشانە و موعجیزەیەک بھێنێت بۆ گەل و نەتەوەکەی، ھەموو کارێک خوای گەورە بڕیاری لەسەردابێت لەتێنوسێکدا نوسراوەتەوە و باسکراوە، وە ماوەیەکی دیاری کراویشی ھەیە بەھیچ شێوەیەک پێش و پاش ناکەوێت و لە کاتی خۆیدا ڕوو دەدات.

(39) ئەوەی خوای گەورە بیەوێت لەخێر و شەڕ، لە بەختەوەری و بەدبەختی، لەھەر شتێکی تر خۆی بیەوێت دەیسڕێتەوە و نایھڵێت و ئەوەی بیەوێ جێگیری دەكات ، وە ئەو (لوح المحفوظ) ی لایە کە سەرچاوەی ھەموو شتێکە وھەموو شتەکان لەوێ نوسراونەتەوە، ئەوەی دەسڕێتەوە یان جیگیر دەکرێت تەواو وەک ئەوە وایە لەوێدا ھاتووە و تۆمار کراوە.

(40) - ئەی پێغەمبەری خوا - یان لە دونیا ھەندێک لەو سزایانەی کە بەڵێنمان دابوو بە بێباوەڕان سزایان بدەین پیشانت دەدەین و بە چاوی خۆت دەیبینیت، یان پێش ئەوەی بە چاوی خۆت بیبینیت دەتمرێنین، بێگومان تۆ تەنھا گەیاندنی ئەوەت لەسەرە کە فەرمانمان پێ کردوویت بە گەیاندنی، پاداشت دانەوە و سزادانیان کاری تۆ نییە، ئەوەیان کاری ئێمەیە و خۆمان پاداشتیان دەدەینەوە و تۆڵەیان لێ دەسێنین.

(41) ئایا ئەو بێباوەڕانە نەیاندی کە ئێمە سەر زەوی ئەوانمان لە ھەموو لاکانیەوە بە بڵاوکردنەوەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ڕزگار کردنیان کەم و کورت کردەوە، خوای گەورە لە نێو بەندەکانیدا بەو شێوەیەی دەیەوێت حوکم و بڕیار دەدات، وە ھیچ کەسێک ناتواتێت و دەسەڵاتی ئەوەی نییە حوکم و بڕیاری ئەو ھەڵبوەشێنێتەوە یان بیگۆڕێت یان نەیھڵێت، پاکوبێگەردی بۆ ئەو کە زۆر بەخێرایی لێپریسنەوە لەگەڵ بەندەکانیدا دەکات، لێپرسینەوەی تەواوی خەڵکی لەسەرەتاوە تا کۆتایی ھەمووی بە ڕۆژێک ئەنجام دەدات.

(42) ئوممەتانی پێشووتریش فڕوفێڵیان لەگەڵ پێغەمبەرەکانیان کرد و پلانیان دژ گێڕان، وە باوەڕیان پێ نەکردن و ئەوەی لە وەحی بۆیان ھێنابوون بە درۆیان زانی، ئەوەش بزانە ھەموو پیلانێکی سەرکەوتوو ھەر بۆ خوایە، ئەی ئایا ئەوان بە پیلانەکانیان چیان دژ بە پێغەمبەرەکانیان ئەنجامدا؟! بێگومان ھیچ شتێک، چونکە پیلانی سەرکەوتوو تەنھا پیلانی خوایە و بەس، ھەر ئەویش ئاگاداری ئەوەیە ھەر کەسێک چی ئەنجام دەدات و چۆن پاداشتیان دەداتەوە یان تۆڵەیان لێدەسێنێت، ئەو کاتە بێباوەڕان دەزانن چی ھەڵەیەکی گەورەیان کردووە کە باوەڕیان نەھێنا و کافر بوون، وە باوەڕدارانیش چەندە لەسەر ھەق و راستی بوون، لەبەرامبەر ئەوەیشدا خوای گەورە بەھەشتی پێبەخشین کە چەند سەرەنجامێکی باش و چاکە بۆ باوەڕداران.

(43) بێباوەڕان دەڵێن: - ئەی موحەممەد - تۆ لە لایەن خواوە نەنێرراویت بۆ لای ئێمە، تۆیش - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: بەسە خوای گەورە و ئەوانەی زانیاریان لە کتێب و پەرتووكەکانی خوا ھەیە لە جولەکە و گاورەکان کە وەسفی من لە کتێبەکانی ئەواندا ھاتووە، شاھید بن لە نێوان من و ئێوە، کە من پێغەمبەرم و بۆ لای ئێوە نێرراوم، وە ھەر کەسێک خوای گەورە شاھیدی بدات لەسەر ڕاستگۆیی ئیتر بە درۆزانین و باوەڕ پێ نەکردنی ھیچ کەسێک زیانی پێ ناگەیەنێت.