(1) کاتێک کە ئاسمان کەلێنی تێبوو لەیەک ترازا ویەکاڵا کرایەوە، بۆئەوەی فریشتەكان لێوەی دابەزنە خوار.
(2) گوێڕایەڵی پەروەردگاری خۆی کرد، و لەسەریەتی وناچارە کە بۆ پەروەردگاری ملکەچ بێت.
(3) وە کاتێک لەڕۆژی دواییدا کە زەوی ڕاخراو وتەخت کراو، ھەروەک چۆن پێسەیەک ڕادەخرێت.
(4) ئەوەی تێیدا بوو لە گەنجینە وکانزا ومردوو ھەمووی فڕێ دایە دەرەوە، وھیچی تێدا نەما.
(5) گوێڕایەڵی پەروەردگاری خۆی کرد، و لەسەریەتی وناچارە کە بۆ پەروەردگاری ملکەچ بێت.
(6) ئەی ئادەمیزاد بەڕاستی تۆ ھەمیشە لە ماندوو بوون وتێکۆشاندایت بە تێکۆشانێکی جدی، بەئەنجامدانی خێر وشەڕ، سەرەنجامیش لەڕۆژی قیامەتدا دەگەیتەوە پێی، تاوەکو اللە -تەعاﻻ- پاداشتی کردەوەکانت بداتەوە.
(7) جا ئەو کەسەی نامەی کردەوەکانی بدرێتەوە دەستی ڕاستی.
(8) ئەوە پاشتر لێپرسینەوەیەکی سووک وئاسانی لەگەڵدا دەکرێت، کردەوەکانی خۆی پیشان دەدرێت بەبێ ئەوەی ھیچ لۆمە وسەرزەنشت بکرێت.
(9) وە بەدڵخۆشیەوە دەگەڕێتەوە ناو کەس وکار وماڵ ومنداڵی.
(10) بەڵام ئەوەی کە نامەی کردەوەکانی لە پشتەوە درایە (دەستی چەپی).
(11) ئەوا ھاوار وگریانی لێ بەرز دەبێتەوە وداوای مردنی خۆی دەکات وئاواتەخوازیەتی.
(12) وە دەچێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە، وداد وبێدادیەتی -هاوار وناڵەیەتی- بەدەست گەرماکەیەوە.
(13) لەبەر ئەوە (ئەو کەسە لەدونیادا ھەمیشە لە کەیف وئارەزوو پەرستی خۆیدا بوو) بە دڵ خۆشی دەگەڕایەوە ناو ماڵ ومنداڵی، دڵخۆش بوو به بێباوەڕی وگوناهـ وتاوانەكانی.
(14) بەراِستی ئەو کەسە واگومانی دەبرد ھەرگیز لەدوای مردنی جارێکی تر ناگەڕێتەوە بۆ ژیانی وزیندوو ناکرێتەوە.
(15) بەڵێ بێگومان اللە -تەعاﻻ- دەیگەڕێنێتەوە بۆ ژیانێکی تر ھەروەکو چۆن یەکەمجار بەدیھێناوە، بێگومان پەروەردگاری بینایە بەحاڵی بەندەکەی، وھیچ شتێکی ئەوی لانھێنی وشاراوە نییە، و لەسەر کردەوەکانى پاداشتی دەداتەوە.
(16) اللە -تەعاﻻ- سوێند دەخوات بەشەفەق وسورایی کەناری ئاسمان لەپاش ئاوابوونی خۆر.
(17) وە سوێند دەخوات بەشەو و ئەوەیشی تێیدا کۆ دەبنەوە (ودەگەڕێنەوە بۆ یەک شوێن لە مرۆڤــ و گیانلەبەران).
(18) وە سوێند بەمانگی شەوی چواردە کاتێک کە تەواو پڕ دەبێت وخەرمانە دەدا (ودەدرەوشێتەوە).
(19) -ئەی خەڵکینە- ئێوە لە حاڵێکەوە دەگوێزرێنەوە بۆ حاڵێکی تر، لەدڵۆپە ئاوێکەوە بۆ پارچە گۆشتێک، پاشان ژیان ودواتر مردن وپاش ئەویش زیندووبونەوە.
(20) دەی ئیتر ئەو بێباوەڕانە بۆ باوەڕ ناھێنن بە اللە -تەعاﻻ- و بەڕۆژی دوایی؟!
(21) ئەو (بێباوەڕانە) کاتێکیش کە قورئان بخوێندرێتەوە بەسەریاندا سوژدە نابەن بۆ پەروەردگاریان؟!
(22) نەک ھەر ئەوەندە، بەڵکو ئەوانەی کە بێباوەڕن، ھەرچییەک پێغەمبەرەکەیان بۆی ھێنابن باوەڕی پێ ناکەن بەدرۆی دەزانن.
(23) اللە -تەعاﻻ- زانایە وچاک ئاگادارە بە ئەوەیشی لەدڵ ودەروونی خۆیاندا دەیشارنەوە، وە هیچ شتێكی لە كردەوەكانیانی لانهێنی وشاراوه نییه.
(24) -ئەی پێغەمبەر- موژدەیان بدەرێ كە سزایەکی سەختی بەئازار چاوەڕوانیانه.
(25) جگە لەو کەسانەی کە باوەڕیان ھێناوە وکردەوەی چاکیان کردووە، ئەو کەسانە پاداشتی نەبڕاوەیان بۆ ئامادەکراوە (لەلایەن پەروەردگاریانەوە) کە بەھەشتی هەتاهەتاییه.