49 - Al-Hujuraat ()

|

(1) ئەی ئەو کەسانەی ئیمان و باوەڕتان بە (اللە تعالی) ھێناوە، وە شوێنی ئەو شەریعەت و ڕێسایانە كەوتون کەبۆتان دیاری کراوە لەلایەن (اللە تعالی) وە، نەکەن پێش (اللە تعالی) و پێغەمبەرەکەی (صلی اللە علیە وسلم) بکەون لە گوفتار و کردارتاندا، ھەوڵبدەن ھەمیشە تەقوادار و دیندار و پارێزکار بن، چونکە (اللە تعالی) تەواو بیسەرە بەگوفتارتان، ئاگاتان لە کردارەکانتان بێت، چونکە ھیچی ون نابێت، وە پاداشتان دەدرێتەوە لەسەری.

(2) ئەی ئەو کەسانەی ئیمان و باوەڕتان بە (اللە تعالی) ھێناوە، وە شوێنی ئەو شەریعەت و ڕێسایانە كەوتون کە بۆتان دیاری کراوە لەلایەن (اللە تعالی) وە، بە ڕەوشت و بە ئەدەب بن لەگەڵ پێغەمبەردا (صلی اللە علیە وسلم)، نەکەن دەنگتان بەرز بکەنەوە بەسەر دەنگی پێغەمبەردا (صلی اللە علیە وسلم)، وە بەناوی خۆیەوە بانگی مەکەن ھەروەک چۆن یەکتر بانگ دەکەن، بەڵکو بە (پێغەمبەر یا نەبی) بە نەرم و نیانی بانگی بکەن، نەبادا بەبێ ئەوەی بەخۆتان بزانن تووشی گوناهـ ببن و کردەوە چاکەکانتان بێ مایە دەرچێت و بەفیڕۆ بڕوا.

(3) بێگومان ئەوانەی دەنگی خۆیان لای پێغەمبەردا (صلی اللە علیە وسلم) نزم ئەکەنەوە و بەئەدەبەوە قسە ئەکەن، ئەوان ئەو کەسانەن کە (اللە تعالی) دڵەکانیانی زاخاوداوە بۆ تەقوا و خواناسین، وە زۆر دڵسۆز بوون بۆی، ئەوانە لێبووردنیان بۆ ھەیە لەلایەن (اللە تعالی) وە، ھیچ سزایەکیان نادرێت لەسەر تاوانەکانیان، وە پاداشتی گەورەیان بە نسیب ئەبێت لە ڕۆژی قیامەتدا، وە (اللە تعالی) دەیانخاتە بەھەشتەوە.

(4) ئەی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بەڕاستی ئەو عەرەبە دەشتەكیانەی لەودیوی ژوورەکانی خێزانەکانتەوە بانگت دەکەن، زۆربەی ئەوانە نەفامن و ژیر نین (بێ ئەقڵن).

(5) ئەگەر ئەوانەی لەودیوی ژوورەکانی خێزانەکانتەوە بانگت دەکەن خۆگر بوونایە و ئارامگر بوونایە تا تۆ لەماڵ دەرئەچی و دێیت بۆ لایان، وە بەھێمنی و بێ دەنگی گفتوگۆیان لەگەڵ بکردیتایە، باشتر ئەبوو بۆیان لەوەی کە لەپشتەوە قسەت لەگەڵ بکەن، چونکە ئەوە گەورەیی و ڕێزی تێدایە بۆیان، (اللە تعالی) لەو تاوانبارانەی کە تەوبەیان کردووە خۆش بووە، وە جگە لەوانەیش ھەر خۆش بووە، وە لەنەزانینیان دەبورێت بەسۆز و بەڕەحمە بۆیان.

(6) ئەی ئەو کەسانەی ئیمان و باوەڕتان بە (اللە تعالی) ھێناوە، کار بەو شەریعەت و یاسا و ڕێسایانە دەکەن کە بۆتان دیاریکراوە لەلایەن (اللە تعالی) وە، ئەگەر کەسێکی گومان لێکراو و متمانە پێ نەکراو ھەواڵێکی لە ھۆزێکەوە بۆ ھێنان، ھەروا بە ئاسانی باوەڕی پێ مەکەن و لێی بکۆڵنەوە و بزانن ئایا قسەکە ڕاستە یا ڕاست نییە و ھەڵبەستراوە، نەبادا بە ھۆی ئەو ھەواڵە درۆینەوە کۆمەڵە خەڵکی گرفتار و تووش بکەن، پاشان لەو کارەی کردووتانە پەشیمان ببنەوە دوای ئەوەی ناڕاستی ودرۆیی هەواڵەکەیتان بۆ دەرکەوت.

(7) بزانن - ئەی ئیمانداران - کەوا پێغەمبەری خوا کە وەحی بۆ نێردراوە لە نێوانتاندایە، ئاگاتان لەخۆتان بێت درۆی لەگەڵ نەکەن، چونکە لەڕێگەی - وەحی - سروشەوە ئاگادار دەکرێتەوە، ئەو دەزانێت چی باشە بۆتان، ئەگەر لەزۆر شتدا کەداوای لێ ئەکەن بە گوێتان بکات تووشی دەردە سەری ئەبن، بەڵام (اللە تعالی) ئەمەی بۆ ئێوە ناوێت، بەڵکو (اللە تعالی) باوەڕ و فەرمانبەرداری لەلاتان خۆشەویست و شیرین کردووە لەدڵتاندا و بۆی ڕازاندوونەتەوە، ھەروەھا بێباوەڕیی و دوورکەوتنەوە لەڕێگای ڕاست، بەخراپ خستووەتە پێش چاوتان، ئینجا ئەوانەی ئەم ڕەوشتە جوانانەیان ھەیە، ئەوانە ھیدایەتدراو و تێگەیشتوو و پێگەیشتوویەکی تەواون.

(8) ئەوەی کە بەدەستتان ھێناوە لەو سیفەتە جوانانە - ڕازاندنەوە و بەباشدانانى خێر و چاکە - لەدڵتان، وە بە ناشیرین بینینی خراپە و تاوان لەدڵتان، بەخشش و کەرەمێکی (اللە تعالی) یە و نیعمەتێکی شیرینە، (اللە تعالی) خۆی زانایە و چاک دەزانێت کێ شایانی ئەو کەرەم و بەخششە شیرینەیە تا پێی ببەخشێت، وە ھەروەھا زۆر دانایە وە ھەموو شتێکی لەجێی خۆی داناوە.

(9) ئەگەر دوو دەستە و تاقم لە باوەڕداران لەناو خۆیاندا بوو بە جەنگیان، - ئەی باوەڕداران - نێوانیان چاک بکەن و ئاشتیان بکەنەوە، بەبانگ کردنیان بەوەی شەریعەت و یاساو ڕێساکەی اللە تەعالا بکەن بەدادوەر لە نێوان خۆیاندا، ئەگەر ھاتوو دەستەیەکیان ئاشتەوایی نەویست و دەست درێژی کرد، ئەوا ئێوە لەگەڵ ئەوەی ئاشتەوایی ناوێت و دەست درێژی دەكات بجەنگن تا ئەو کاتەی ئەگەڕێنەوە بۆ حوکم و بڕیاری اللە تەعالا، ئەگەر گەڕانەوە بۆ حوکم و بڕیاری اللە تەعالا، ئەوا بەدادپەروەی و گەڕاندنەوەی ھەق بۆ خاوەن ھەق نێوانیان چاک بکەن و ئاشتیان بکەنەوە و جیاوازیەکانیان وەلا نێن، وە دادپەروەر بن لەدادوەریەکەتاندا، چونکە الله تەعالا دادپەروەرانی خۆش دەوێت.

(10) بەڕاستی باوەڕداران برای یەکن لە ئیسلامدا، کەواتە ئێوەیش ئەی موسوڵمانینە، نێوانی براکانی خۆتان چاک بکەن و ئاشتیان بکەنەوە و لە (اللە تعالی) بترسن و فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و دوور بکەونەوە لە نەهی لێکراوەکانى، بەڵکو ھیوای ئەوە ھەبێت (اللە تعالی) ڕەحمتان پێ بکات و میھرەبانیتان لەگەڵ بنوێنێت.

(11) ئەی ئەو کەسانەی ئیمان و باوەڕتان بە (اللە تعالی) ھێناوە، کار بەو شەریعەت و یاسا و ڕێسایانە دەکەن کەبۆتان دیاری کراوە لەلایەن (اللە تعالی) وە، با ھیچ ھۆزێک گاڵتە بەھۆزێکی تر نەکات، لەوانەیە ئەو ھۆزە گاڵتەپێکراوە لەھۆزە گاڵتەپێکەرەکە چاکتر بێت، وە پەند ئەوەیە لای (اللە تعالی) یە، وە باھیچ ئافرەتێك گاڵتە بە ئافرەتێکی تر نەکات، لەوانەیە ئەو ئافرەتە گاڵتەپێکراوە لە ئافرەتە گاڵتەپێکەرەکە چاکتر بێت، غەیبەتی یەکتر مەکەن ویەکتر عەیبدار مەکەن چونکە کە غەیبەتی یەکترتان کرد ویەکترتان عەیبدار کرد وەک ئەوە وایە سوکایەتیتان بەخۆتان کردبێت لەبەر ئەوە کە موسوڵمانان ھەموو یەکن، ناو و ناتۆرەی ناشیرین بەیەکتردا ھەڵمەدەن، ھەروەک چۆن خەڵکی مەدینە ئەو کارەیان دەکرد پێش ھاتنی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، ھەر کەسێك لە ئێوە ئەم کارانە ئەنجام بدات، ئەوە زۆر فاسقێتی وبەدناوییە بۆ موسوڵمان پاش ئیمان ھێنانی بە (اللە تعالی)، وە ھەر کەسێک پەشیمان نەبێتەوە و-تەوبە- لەو کارانە کە کردوویەتی نەکات، ئەوانە ستەم لەخۆیان دەکەن چونکە خۆیان تووشی تیاچوون دەکەن بەوەی سەرپێچی فەرمانەکانی (اللە تعالی) دەکەن.

(12) ئەی ئەو کەسانەی ئیمان و باوەڕتان بە (اللە تعالی) ھێناوە، وە کار بەو شەریعەت و یاسا و ڕێسایانە دەکەن کە بۆتان دیاریکراوە لەلایەن (اللە تعالی) وە، خۆتان لەگەلێ گومان بردن دوور بگرن (بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەکت ھەبێت)، چونکە ھەندێك گومان بردن بەخەڵک گوناھە، وەک گومانی خراپ بردن بەوەی کە لەڕووکەشدا کەسێکی باشە، ھەروەھا بە شوێن عەیب و عاری یەکتردا مەگەڕێن، وە لەپاش ملە -غەیبەت- باسی یەکتر بەخراپە مەکەن، ئەگەر بە خراپە باسی برایەکی کرد وەک ئەوە وەھایە گۆشتی بە مردوویی بخوات، ئایا کێتان ئامادەیە گۆشتی براکەی بەمردوویی بخوات ؟! دەی ھەروەھا خۆتان بەدوور بگرن لەغەیبەت و بەخراپی بزانن، لەخوای خۆتان بترسن وە فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن، وە خۆتان بەدوور بگرن لەقەدەغەکراوەکانی، بێگومان (اللە تعالی) تەوبەی تەوبەکاران قبوڵ دەکات، وە زۆر میھرەبانە بەرامبەریان.

(13) ئەی خەڵکینە ئێمە ئێوەمان لە نێر و مێیەک بەدیھێناوە (مەبەست باوکە ئادەم و دایە حەوایە) ڕەچەڵەکی ھەمووتان یەکە و کەس شانازی بە بنەچە و ڕەچەڵکی خۆیەوە نەکات، ئێمە ئێوەمان لەچەندەھا ھۆز و تیرەی جیاواز بەدیھێناوە، بۆ ئەوەی یەکتر بناسن نەک بۆ ئەوەی خۆتان بە جیاواز بزانن، چونکە بەڕێزترتان لای (اللە تعالی) ئەوانەیە کە زیاتر (اللە تعالی) دەناسن ولێی دەترسن -تەقوادارن-، وە زیاتر خۆیان لەحەرام و گوناهـ و خراپە دەپارێزن، وە دڵنیاش بن کە (اللە تعالی) تەواو زانایە بەھەموو شتێک، وە ئاگادارە بە ناخ و نیەتی تاکە تاکەی بەندەکانی لەھەموو کات و ساتێکدا، وە ھیچی لێ ون نابێت.

(14) ئەی (موحەممەد) ( صلی اللە علیە وسلم) ھەندێک لە عەرەبە بیابان نشینەکان -ئەعرابیەکان- دێن بۆ لات و دەڵێن: ئێمەش ئیمان و باوەڕمان ھێناوە بە (اللە تعالی) و پێغەمبەرەکەی، تۆش پێیان بڵێ: ئیمانتان نەھێناوە بەڵکو بڵێن: ئێمە ھاتووین و تەسلیم وگوێڕایەڵ بووین، ھێشتا ئیمان و باوەڕ بەتەواوەتی جێگیر نەبووە لەدڵ و دەرونتاندا، چاوەڕێ دەکرێت ئیمان و باوەڕ بەتەواوەتی جێگیر ببێت لەدڵ و دەرونتاندا، - ئەی ئەعرابیەکان- جا ئیتر ئەو کاتە ئەگەر فەرمانبەرداری (اللە تعالی) و پێغەمبەرەکەی بن لە باوەڕهێنان وکردەوەى چاکدا، ئەوە دڵنیابن کە ھیچ کار و کردەوەیەکتان بەزایە ناچێت، بەڕاستی (اللە تعالی) تەواو لێخۆشبوو و میھرەبانە، بەتایبەت بۆ ئەوانەتان کە تۆبە دەکەن لە تاوانەکانیان.

(15) لەڕاستیدا باوەڕدارانی تەواو ئەو کەسانەن کە ئیمان و باوەڕێکی پتەو و دامەزراویان ھێناوە بە (اللە تعالی) و پێغەمبەرەکەی (صلی اللە علیە وسلم)، پاشان نەکەوتونەتە ھیچ دوودڵی و دڵەڕاوکێ و گومانێکەوە، ئینجا خەبات و تێکۆشانیان کردووە بەماڵ و سامان و خۆیان بۆ خزمەتکردن بە ئاینی ئیسلام و گەیاندنی، مەبەستیشیان تەنھا بەدەست ھێنانی ڕەزامەندی (اللە تعالی) بووە، وە ھیچ کات پیسکەیی و بەرچاوتەنگیان پێوە دیار نییە، ئا ئەو جۆرە کەسانە کە ئەو ڕەوشتانەیان ھەیە، کەسانێکی ڕاستگۆ و ڕاست و دروستن و جێی متمانەن.

(16) - ئەی پێغەمبەر - (صلی اللە علیە وسلم) بەو عەرەبانە بڵێ : ئایا ئێوە دەتانەوێت باوەڕ و ئایینی خۆتان بە (اللە تعالی) ڕابگەیەنن و ئاگاداری بکەن؟! لە کاتێکدا کە (اللە تعالی) ھەرچییەک لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەیە بەھەمووی دەزانێت، وە زانیاری (اللە تعالی) بێ سنوورە و ھیچی لێ ون نابێت و زانیاری ھەیە بەھەموو شتێک کە لەم گەردوونەدا ھەیە و ڕوو دەدات پێویست بە ڕاگەیاندنی ئێوە ناکات.

(17) - ئەی پێغەمبەر - (صلی اللە علیە وسلم) ئەوانە منەتت بەسەردا دەکەن کە موسڵمان بوون، تۆش پێیان بڵێ : ئێوە منەت بەسەر مندا مەکەن، بەوەی کە ھاتوونەتە ناو دینی (اللە تعالی)، سودی ئەو باوەڕ ھێنانە - ئەگەر ھەبێت - بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە، بەڵکو (اللە تعالی) منەت دەکات بەسەرتاندا کە ھیدایەتی داون بۆ ئەوەی ئیمان بھێنن، ئەمە باش بزانن ئەگەر ڕاست دەکەن کە دەڵێن ئیمانمان ھێناوە.

(18) بێگومان (اللە تعالی) ئاگادار و زانایە بەوەی لە ئاسمانەکان و لەزەویدا شاردراوەتەوە، وە ئاگادارە بە ھەموو کردەوەیەکی بەندەکانی و ھیچی لێ ون نابێت، وە ئاگای لەوەش ھەیە کە ئێوە دەیکەن، وە پاداشتان دەداتەوە لەسەر کارە چاک و خراپەکانتان.