16 - An-Nahl ()

|

(1) - ئەی بێباوەڕان - ئەو کاتە نزیک بووەتەوە کە پەروەردگار بڕیاریداوە سزاتانی تێدا بدات، کەواتە پەلە مەکەن لەھاتنی پێش ئەوەی کاتی خۆی بێت، خوای گەورە پاک و بێگەردە لەو شەریک و ھاوەڵانەی موشریکین و ھاوەڵ بڕیاردەران بۆی بڕیار دەدەن.

(2) خوای گەورە بە وەحی و فەرمانی خۆی فریشتەکان دەنێرێتە خوارەوە بۆ ھەر کەسێک لە پێغەمبەرەکان کە خۆی بیەوێت، - ئەی پێغەمبەران - خەڵکی بترسێنن لە ئەنجامی ھاوبەشدانان بۆ خوا، وە پێیان بڵێن: کە ھیچ پەرستراوێکی بەھەق نییە جگە لە من -جگە لە (اللە)- ، کەوابێت - ئەی خەڵکینە - لە من بترسن، بەئەنجامدانی ئەوەی فەرمانم پێکردووە و دوور کەوتنەوە لەوەی ڕێگریم لێکردووە.

(3) خوای گەورە ئاسمانەکان وزەوی بەھەق و ڕاستی بەدیھێناوە کە پێشتر ھاوشێوەیان نەبووە، بەبێ ھوودە و بەتاڵ بەدی نەھێناوە، بەڵکو بەدیھێناون تاوەکو بەڵگە بن لەسەر گەورەیی و دەسەڵاتی خۆی، خوای گەورە پاک وبێگەردە لەوەی ھاوبەشدانەران بۆی بڕیار دەدەن.

(4) خوای گەورە مرۆڤی لە دڵۆپە ئاوێکی بێ نرخ بەدیھێناوە، پاشان قۆناغ بە قۆناغ گەشەی کرد و بوو بەو مرۆڤە ڕێک و پێکە، بەڵام کاتێک گەورە و بەھێز دەبێت بەئاشکرا دەست دەکات بە بەربەرەکانێ و دژایەتی خوای گەورە، بۆ ئەوەی ھەق و ڕاستی لەناو ببات و زاڵ بێت بەسەریدا.

(5) - ئەی خەڵکینە - خوای گەورە وشتر و ڕەشەوڵاخ و مەڕ و بزنی بۆ بەرژەوەندی ئێوە بەدیھێناوە ودروستی کردوون، کە لە خوری و کوڵک و توکیان بۆ خۆگەرم کردنەوە سوود وەربگرن، ھەروەھا سوودی تریشیان ھەیە بۆتان، لەشیر وپێست وسواربوون وبەرھەمی تریان، وە لەگۆشتەکەشیان دەخۆن.

(6) وە یەکێکی تر لە سوودەکانی مەڕوماڵات دیمەنی جوان و قەشەنگیانە لەکاتی ھاتنەوەیان لە ئێواران، وە کاتی دەرچوونیان بۆ لەوەڕگا لە بەیانیاندا.

(7) ئەم ئاژەڵانەی کە بۆ خزمەتکردنی ئێوە بەدیمان ھێناوە کەلوپەل و باری قورستان لەگەشت و سەفەرتاندا لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر بۆ دەگوازنەوە، ئەگەر ئەوانە نەبونایە بە زەحمەت و ماندووبونێکی زۆر دەتانتوانی بیگوازنەوە، -ئەی خەڵکینە- بێگومان پەروەردگارتان زۆر بە بەزەیی و زۆریش میھرەبانە بەرامبەرتان، لەوەی کە ئەم ئاژەڵانەی بۆ ڕام ھێناون و خستویەتیە خزمەتتانەوە.

(8) وە خوای گەورە ماین و ئەسپ و ھێستر و گوێدرێژی بۆ بەدیھێناون تاوەکو کاتێک دەچن بۆ جێگایەک سواری ببن و کەلوپەلەکانتانی لێ بار بکەن، وە ببنە مایەی جوانی و زینەتی دونیاتان لەناو خەڵکدا، وە جگە لەوانەیش باسکرا خوای گەورە شتی تری واتان بۆ بەدی دەھێنێت کە زانیاریتان دەربارەیان نییە.

(9) لەسەر خوای گەورەیە ئەو ڕێگا ڕاستە ڕوون بکاتەوە کە دەبێتە مایەی ڕەزامەندی خۆی کە مەبەست پێی ئاینی پیرۆزی ئیسلامە، وە ھەندێک ڕێگا و ڕیچکەی تریش ھەن کە ڕێگا و ڕێچکەی شەیتانن کە لەھەق وڕاستی لایانداوە، ھەر ڕێگایەکی تر جگە لە ڕێگای ئیسلام ھەمووی خوار و خێچە و خوای گەورە پێی ڕازی نییە، ئەگەر خوای گەورە بیەوێت ھەمووتان موەفەق و سەرکەوتوو دەکات و ھیدایەتتان دەدات بۆ گرتنە بەری ڕێگای ڕاست ، کە ڕێگای باوەڕە.

(10) خوای گەورە ھەر ئەو زاتە بەرز و پیرۆزەیە کە لە ھەورەکانەوە بارانتان بۆ دەبارێنێت، بۆ ئەوەی بیخۆنەوە، وە ئاوی ئاژەڵەکانیشتانی پێ بدەن، وە ھەر لەو ئاوەیش خوای گەورە ھەموو جۆرە ڕووەک و دار و درەختێکی بۆ ڕواندوون تاوەکو مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانی خۆتانی تێدا بلەوەڕێنن.

(11) ھەر خوای گەورە بەو ئاوی بارانە کشتوکاڵی بۆ ڕواندوون کە لێی دەخۆن، وە ھەر بەو بارانە باخە زەیتون و باخە خورما و باخە ترێیشی بۆ ڕواندوون، وە ھەموو جۆرە بەروبوومێکی تریشی بۆ بەرھەم ھێناون، بێگومان لە بەدیھێنانی ئەم ئاوە و ئەوەیشی پێی دەڕوێت و سەوز دەبێت بەڵگە و نیشانە گەلێکی زۆر ھەیە بۆ گەل و دەستە و تاقمێک کە سەرنج بدەن و تێڕامێنن لە وردی وتۆکمەیی بەدیهێنراوەکانی، تاوەکو بیکەن بە بەڵگە لەسەر دەسەڵات وگەورەیی ومەزنى زاتی (اللە) تەعالا.

(12) وە خوای گەورە شەوی بۆ ڕام ھێناون تاوکو تێیدا بحەوێنەوە و پشووی تێدا بدەن، وە ڕۆژیشی بۆ گێڕاون بەمایەی ژیان و گوزەرانتان، وە ڕۆژی بۆ ژێربار کردوون کە ببێتە مایەی ڕووناکی بۆتان، وە مانگیش ببێتە نوور و ڕوناکی، وە ئەستێرەکانی تریشی بەفەرمانی قەدەری خۆی بۆ ملکەچ کردوون، تاوەکو بەھۆیانەوە لە تاریکی شەو و ناو دەریادا ڕێگایان پێ بدۆزنەوە، وە بۆ زانینی کاتەکان و ساڵ و حیساب و ژماردن و سوودی تریشی لێ ببینن، بێگومان لەڕامھێنانی ئەمانەدا بەڵگە و نیشانە گەلێکی زۆر ڕوون و ئاشکران لەسەر دەسەڵاتی خوای گەورە بۆ کەسانێک ژیری خۆیان بخەنە کار و لێی تێبگەن، چونکە ئەوانە ھەست بەحیکمەت و دانایی لەو شتانەدا دەکەن.

(13) وە لەم زەویەشدا چەندین شتی جۆراو جۆر و ڕەنگا و ڕەنگ و لێکجودای لە کانزا و ئاژەڵ و ڕووەک و کشتوکاڵ بۆ دروست کردوون، بێگومان لەوانەی باسکران لە بەدیھێنراوەکانی خوا و ڕامھێنانیان بەڵگە و نیشانەی ڕوون ھەن لەسەر گەورەیی دەسەڵاتی خوا بۆ خەڵک و کەسانێک بیر بکەنەوە و ئامۆژگاری لێ وەربگرن، وە ھەست بکەن کە خوای گەورە دەسەڵاتی بەسەر ھەموو شتێکدا ھەیە و ھەر ئەویش خاوەن ھەموو نیعمەتەکانە.

(14) ھەر ئەو خوایەیە کە دەریاکانی بۆ ڕامھێناون، وە وای لێکردون بتوانن بەناویدا بڕۆن و ھەرچی شتی بەسوودیشە لێ دەربھێنن، تاوەکو ماسی و نەھەنگەکانی لێ ڕاو بکەن و بەتەڕ و تازەیی لێی بخۆن، وە ھەر لە دەریایشدا خشڵ و مرواری و مەرجان و ئەوانە دەربکەن کە خۆتان و ژنەکانتانی پێ بڕازێننەوە و لەبەری بکەن، وە دەبینیت کەشتییەکان دێن و دەچن بەسنگی خۆیان ئاوی دەریا لەت دەکەن، وە ئێوە سواری ئەو کەشتیانە دەبن تاوەکو بەھۆی قازانجی بازرگانیەوە ڕزق و ڕۆزی خوا پەیدا بکەن، بەڵکو سوپاس و شوکری خوا بکەن لەبەرامبەر ئەو نیعمەتانەی پێی بەخشیوون، وە تەنھا ھەر ئەویش بپەرستن.

(15) خوای گەورە شاخ و کێوە بڵند و بەرزەکانی وەک مێخ داکوتیووە بەزەویدا تاوەکو نەلەرزێت و نەکەوێت بەلادا، وە چەندین ڕووباریشی تێدا داناوە تاوەکو خۆتان ئاوی لێبخۆنەوە و ئاژەڵ وکشتوکاڵ وباخ وبێستانەکانیشتانی پێ ئاو بدەن، وە ھەر لە زەویدا چەندین ڕێگای بۆتان داناوە بۆ ئەوەی بەناویدا ھاتوچۆ بکەن وبگەنە شوێن وجێگای مەبەستی خۆتان بێ ئەوەی ون ببن.

(16) وە ھەر لەزەویدا چەندین نیشانەی داناوە تاوەکو بە ھۆیانەوە لە ڕۆژدا ڕێگاکانی پێ بناسنەوە، وە ئەستێرەکانیشی لە ئاسمان بۆ داناون تاوەکو بەھۆیانەوە لە تاریکی شەودا ڕێگای پێ بدۆزنەوە.

(17) ئایا ئەو زاتەی ھەموو ئەم شتانە و جگە لەمانەیشی بەدیھێناوە وەک ئەو کەسە وایە کە ھیچ شتێکی بەدی نەھێناوە؟! دەی ئیتر بۆ بیر ناکەوە لە گەورەیی و دەسەڵاتی ئەو خوایەی کەھەموو شتێکی بەدیھێناوە، کەوابێت ھەر ئەو شایستەی ئەوەیە بەتاک و تەنھایی بیپەرستن، وە ھیچ شتێکیش نەکەن بەھاوەڵی لەو کەسانەی کە ھیچ شتێکیان بەدی نەھێناوە.

(18) - ئەی خەڵکینە - ھەرچەند ھەوڵ بدەن ئەو ناز و نیعمەتە زۆرانەی خوای گەورە بژمێرن کە بەسەرتانەوەیە ئەوا لەبەر زۆری و جۆراوجۆرییان ناتوانن بیانژمێرن، بێگومان خوای گەورە لێبووردەیە و ناتانگرێت لەبەر بێ ئاگاییتان لە شوکر و سوپاس نەکردنی نیعمەتەکانی، وە زۆریش میھرەبانە و ئەو نیعمەتانەی پێی بەخشیوون لەبەر گوناھ و تاوان و کەمتەرخەمی و سوپاس نەکردنی لێتانی ناگرێتەوە.

(19) - ئەی بەندەکانی خوا - بێگومان خوا ئاگاداری ئەو کار و کردەوانەیە کە بە نھێنی ئەنجامیان دەدەن، وە ئاگاداری ئەوانەیشە کە بەئاشکرا دەیانکەن، وە ھیچی لا نھێنی و شاراوە نییە و لێی ون نابێت، وە لەسەریشی پاداشتی ھەمووتان دەداتەوە.

(20) وە ئەو بت و خوا درۆیینانەی کە بتپەرست و موشریکەکان جگە لەخوا دەیانپەرستن ھیچ شتێکیان بەدی نەھێناوە ئەگەر شتێکی کەمیش بێت، بەڵکو ئەو کەسانە خۆیان ئەو بتانەیان دروستکردووە، ئیتر چۆن دەکرێت ئەوان ئەو بتانە لەبری خوا بپەرستن لەکاتێکدا خۆیان تاشیویانن و دروستیان کردوون؟!

(21) لەگەڵ ئەوەی ئەو کەسانە بەدەستی خۆیان ئەو بتانەیان دروستکردووە، لەھەمان کاتدا ئەو بتانە لەدار و بەرد دروست کراون، نە گیانیان تێدایە وە نەزانست و زانیاریشیان ھەیە، ئەوان نازانن خۆیان و ئەوانەی دەیانپەرستن کەی لە ڕۆژی قیامەتدا زیندوو دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان و خوا درۆیینەکانیشیان فڕێ بدرێنە ناو ئاگری دۆزەخەوە.

(22) پەرستراوی بە ھەقی ئێوە یەک پەرستراوە کە ھیچ شەریک و ھاوەڵی نییە، ئەویش زاتی (اللە) یە، ئەوانەیشی کە باوەڕیان نییە بەزیندووبوونەوە بۆ وەرگرتنی پاداشتی کردەوەکانیان دڵیان لەبەرئەوەی ترسی خوای تێدا نییە بۆیە باوەڕیان بەتاکی -بەوەحدانیەتی- زاتی (اللە) نییە، ئەو دڵانە باوەڕیان بە لێپرسینەوە و تۆڵە و سزای خوا نییە، ئەوانە خۆیان بە گەورە و زل دەزانن لەئاست وەرگرتنی ھەق و ملکەچی نابن.

(23) بەڕاستی خوا دەزانێت و ئاگادارە ئەوانە چی لەکار و کردەوەیان دەشارنەوە، وەچیشی ئاشکرا دەکەن، ھیچ شتێکی لا نھێنی و شاراوە نییە، وە تۆڵەی ھەمووشیان لێ دەسێنێتەوە، بێگومان خوای گەورە -سبحانه وتعالى- کەسانی خۆبەزل زانی خۆش ناوێت، ئەوانەی لە ئاست پەرستنی خوا و ملکەچبوونی خۆیان بە گەورە و زل دەزانن، بەڵکو بەتوندی خەشم وڕقی لێیانە.

(24) ئەگەر بەو کەسانە بوترێت کە نکۆڵی لە تاکی -وەحدانیەتی- زاتی (اللە) دەکەن، وە باوەڕیان بەزیندووبوونەوە نییە : ئایا خوای گەورە چی دابەزاندووە بۆ سەر موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم)؟ لەوەڵامدا دەڵێن: ھیچ شتێکی بۆ سەر دانەبەزیووە، بەڵکو له خۆیەوه ھەندێک چیرۆک و درۆ ودەلەسەی پێشووەكانی هێناوه.

(25) ئەو قسەیە دەکەن تاوەکو لە ڕۆژی دواییدا باری گوناھ و تاوانی خۆیان بێ کەم و زیاد ھەڵگرن، وە باری گوناھ و تاوانی ئەوانەیش ھەڵگرن کە بە نەزانی و چاولێکەری لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام لایانداون و گومڕایان کردوون، ئای چەند قێزەون و ناشیرینە ئەو گوناھانەی ئەوان ھەڵیدەگرن، گوناھی خۆیان و گوناھی ئەوانەیشی گومڕایان کردوون.

(26) بێگومان بێباوەڕانی پێش ئەم موشریک و ھاوەڵدانەرانە پیلانی زۆریان دانا بۆ پێغەمبەرەکانیان، خوای گەورە ماڵ و خانووبەرەیانی لەبنەوە دەرھێنا و سەقفی خانووەکان کەوت بەسەریاندا، وە سزای خوایان لە شوێنێکەوە بۆ ھات کە ھەرگیز پێشبینیان نەدەکرد، ئەوان پێشببینی ئەوەیان دەکرد و پێیان وابوو کە ماڵ و خانوەکانیان لەسزای خوا دەیانپارێزن، کەچی خوای گەورە ھەر بەو خانووانە لەناوی بردن.

(27) پاشان لە ڕۆژی قیامەتدا خوای گەورە بە سزادانیان ڕیسوا و زەلیلیان دەکات، وە پێیان دەڵێت: کوان ئەو شەریک و ھاوەڵانەی بۆ منتان دانابوو و کردبووتانن بە ھاوبەشم لە عیبادەت و پەرستندا، کە لەبەر خاتری ئەوان ئێوە دژایەتی پێغەمبەرەکانی من و باوەڕدارانتان دەکرد؟ زانایانی خواناس دەڵێن: بێگومان ئەمڕۆ ڕیسوایی و زەلیلی و سزای سەخت لەسەر ئەو کەسانەیە کە بێباوەڕن.

(28) ئەوانەی لەکاتی ستەم کردن لە خۆیان و بە کوفر و بێباوەڕی فریشتەی گیان کێشان و ھاوکارەکانی گیانیان دەکێشن، ملکەچی فەرمانی خوا دەبن کاتێ مردن یەخەیان دەگرێت، وە نکۆڵیان لەو کوفر و بێباوەڕی و گوناھ و تاوانانە دەکرد لەسەری بوون، بە گومانی خۆیان وایاندەزانی ئەو نکۆڵی کردنە سودێکی بۆیان دەبێت، ئەوجا پێیان دەوترێت: بێگومان درۆتان کرد، بەڵکو ئێوە بێباوەڕ و سەرپێچیکەر بوون، بەڕاستی خوای گەورە زانایە و ئاگادارە بەوەی لە دونیا ئەنجامتان داوە، وە ھیچ شێکیشی لا نھێنی و شاراوە نییە، وە تۆڵەی ھەموویان لەئێوە دەسێنێت.

(29) وە پێیان دەوترێت: ھەرکەسێک بە پێی کردەوەی خراپی لەدەرگاکانی دۆزەخەوە بچێتە ژوورەوە، وە بەھەتاھەتایی لەوێش بمێننەوە، ئەم شوێنە جێگایەکی خراپە بۆ کەسانی لوتبەرز و خۆبەزلزان لەئاست باوەڕ بەخوای گەورە و پەرستنی بەتاک وتەنھایی.

(30) وە بەکەسانی لە خواترس (ئەوانەی فەرمانەکانی خوایان بەجێ ھێناوە و لە ڕێگریەکانی دوورن) دەووترێت: پەروەردگارتان چی دابەزاندووە بۆ سەر پێغەمبەرەکەتان موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم)؟ وەڵامیان دایەوە و وتیان: خوای گەورە خێر و بەرەکەتێکی زۆر و زەبەند و گەورەی دابەزاندووە بۆ کەسانێک بەجوانترین شێوە پەرستن و عیبادەتەکانی خوای گەورە ئەنجام دەدەن، وە ئەو کەسانەی لە ژیانی ئەم دونیایەدا لەگەڵ خوڵقێنراو و بەدیھێنراوەکانی خوا بەباشی ھەڵسوکەوتیان کردووە پاداشتێکی چاک و باشیان بۆ ھەیە، وەک سەرکەوتن و ڕزق و ڕۆزی فراوان کردن، وە ئەوەیشی خوای گەورە لە دواڕۆژدا ئامادەی کردووە بۆیان لەپاداشت و خۆشی و لەزەتەکانی بەھەشت باشترە بۆیان لەوەی پێی بەخشی بوون لە دونیا، وە بێگومان خۆشترین خانە و ماڵ و جێگا لەبەهەشتدا بۆ خواناسانە، ئەوانەی فەرمانەکانیان بەجێھێناوە، وە دووربوون لە نەهی لێکراوەکانى.

(31) ئەویش بەھەشتانێکە نیشتەجێ و جێگیر دەبن تێیدا و دەچنە ناویەوە، بەژێر کۆشک و تەلار و درەختەکانیادا ڕووبارەکان دەچن و گوزەر دەکەن، لەو بەھەشتانەدا ھەموو ئەو شتانەی تێدایە کە دەروونیان حەزی لێ دەکات لە خواردن و خواردنەوە و ھەرشتێکی تریش، ھاوشێوەی ئەم پاداشتەی کە دەدرێت بە ئوممەتی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) دەدرێت بە خواناسانی ئوممەتانی پێشووتریش.

(32) ئەوانەی دڵیان لە بێباوەڕی پاکوخاوێنە کاتێک فریشتەی گیان کێشان و ھاوکارەکانی گیانیان دەکێشن پێیان دەڵێن: سەلامتان لێ بێت، لە ھەموو ناخۆشیەک بە دووربن، دەفەرموو بەھۆی ئەو کارانەوە ئەنجامتاندا لە بیروباوەڕی ڕاست و دروست و کاروکردەوەی چاکە بچنە ناو بەھەشتەوە.

(33) ئەوانەی ھاوبەشیان بۆ خوا دانا و پێغەمبەرەکانیان بەدرۆزانی چاوەڕوانی ئەوەن فریشتەی گیان کێشان و ھاوکارەکانی بێنە لایان بۆ گیان کێشانیان و بدەن لەڕوومەت و پاش و پێشیان، یان چاوەڕوانی فەرمانی خوان كە لەدونیا بەسزای خۆی ڕیشەکێشیان بکات؟ چۆن ئەم موشریک و بتپەرستانەی مەککە پەیامەکەی خوایان بەدرۆزانی و باوەڕیان پێنەکرد موشریک و بتپەرستەکانی پێش ئەوانیش پەیامی پێغەمبەرەکانیان بەدرۆ زانی، ئەوە بوو خوای گەورەش لەناوی بردن، کاتێک خوا بەو شێوەیە لەناوی بردن ستەمی لێ نەکردن، بەڵکو ئەوان ستەمیان لەخۆیان کرد، خۆیان دووچاری تیاچوون کرد بە ھۆی کوفر وبێباوەڕیانەوە.

(34) تۆڵەی کار و کردەوە خراپەکانی خۆیان بۆ دابەزی، وە ئەو سزایەش کە ھەمیشە بە بیریان دەھێنرایەوە و گاڵتەیان پێ دەکرد لەھەموو لایەکەوە دەوریدان.

(35) ئەوانەی ھاوبەشیان بۆ خوای گەورە پەیدا کردووە و لەگەڵ (اللە تعالی) خوایەکی تریش دەپەرستن، وتیان: ئەگەر خوای گەورە بیویستایە کە بەتەنھا ئەو بپەرستین، وە ھیچ شتێکیش نەکەین بە ھاوەڵ و شەریکی ئەوا جگە لە ئەو ھیچ شتێکی ترمان نەدەپەرست، نە ئێمە و نە باوباپیرانی پێشینیشمان، وە ئەگەر خوا بیویستایە کە ھیچ شتێک حەرام نەکەین ئەوا حەراممان نەدەکرد، بێباوەڕانی پێشووتر ئەم بەڵگە پوچەڵ و ناشایستانەیان دەووتەوە، جگە لە تەبلیغ و گەیاندنی ڕوون و ئاشکرای ئەوەی فەرمانیان پێکراوە پێغەمبەران ھیچ شتێکی تریان لەسەر نییە، لە واقیعیشدا پێغەمبەران ئەرکی سەرشانی خۆیان بەجێھێنا و ئەو تەبلیغەی فەرمانیان پێکرابوو ئەنجامیاندا، بۆیە بێباوەڕان ھیچ بڕوبیانویەکیان بەدەستەوە نییە کە (قەدەری خوا) بکەنە بەڵگەی بێباوەڕی و گومڕایی خۆیان، دوای ئەوەی خوای گەورە ویست و ئیرادە و بژاردەی پێدان و پێغەمبەرانیشی بۆ ناردن.

(36) بێگومان لەناو ھەر گەل و نەتەوەیەکی پێشیندا ئێمە پێغەمبەرێکمان بۆ ناردن، کە فەرمان بکات بەگەل و نەتەوەکەی کە تەنھا خوای گەورە بپەرستن، وە واز بھێنن لە پەرستنی جگە لە ئەو لە بت و شەیتان و ھەر شتێکی تریش، ھەندێکیان خوای گەورە سەرکەوتووی کردن و باوەڕیان پێ ھێنا، وە شوێن ئەوە کەوتن کە پێغەمبەرەکەیان ھێنابووی، وە ھەندێکیشی تریان باوەڕیان پێ نەکرد و سەرپێچی پێغەمبەرەکەیان کرد و خوای گەورەش سەرکەوتووی نەکردن و گومڕایی لەسەر پێویست کردن، جا کەوابێت - ئەی خەڵکینە - بەسەر زەویدا بگەڕێن تاوەکو بەچاوی خۆتان سەرەنجامی ئەو کەسانە ببینن کە باوەڕیان نەھێنا و پێغەمبەرەکانیان بە درۆ زانی، دوای ئەوە خوای گەورە سزای بۆ ناردن و لەناوی بردن.

(37) - ئەی پێغەمبەر - ئەگەر ھێندەی لە تواناتدا ھەیە ھەوڵبدەیت و بانگەوازی ئەوانە بکەیت بۆ سەر ئیسلام، وە سووریش بیت لەسەر ھیدایەت و ڕێنوێنی کردنیان، وە ھەموو ھۆکارەکانیش بگریتە بەر لەو پێناوەدا، ئەوا ئەو کەسەی خوای گەورە گومڕای بکات سەرکەوتوو و موەفەقی ناکات بۆ ھیدایەت و ڕێنوێنی کردن، وە ئەوانە جگە لە خوای گەورە کەسێکی تر نابین سەریان بخات و سزایان لەسەر لادات.

(38) ئەوانەی باوەڕیان بە زیندوو بوونەوەی پاش مردن نەبوو سوێندیان خوارد، وە زۆریش ڕۆچوون لە سوێندەکەیاندا - وتیان - : ئەو کەسەی مرد خوای گەورە زیندووی ناکاتەوە، بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەکیان ھەبێت لەسەر ئەوەی وتیان، خوای گەورە دوای ئەوە دەفەرموێت: بەڵێ ئەوەی مرد خوای گەورە جارێکی تر زیندووی دەکاتەوە، ئەمەش بەڵێنێکی ھەق و ڕاست و دروستی خوای گەورەیە، بەڵام زۆربەی زۆری خەڵکی نازانن کە خوای گەورە مردووەکان زیندوو دەکاتەوە، بۆیە نکۆڵی لەوەھا کارێک دەکەن.

(39) لە ڕۆژی قیامەتدا خوای گەورە ھەر ھەموو مردووەکان زیندووە دەکاتەوە، تاوەکو ھەقیقەت و ڕاستی ئەوەیان بۆ ڕوون بکاتەوە کە ڕای جیاوازیان تێیدا ھەبوو، لە یەک خوا پەرستی و زیندووبوونەوە و پێغەمبەرایەتی، بۆ ئەوەی بێباوەڕان بزانن کە ئەوان دۆرزن بوون لەوەی ھاوەڵ و شەریکیان بۆ خوا بڕیاردا، وە نکۆڵیان لە زیندووبوونەوەی پاش مردن دەکرد.

(40) بێگومان ئێمە ئەگەر بمانەوێت مردووەکان زیندوو بکەینەوە و گیانیان بکەینەوە بەبەردا ھیچ شتێک نییە ببێتە ڕێگر لە پێشماندا ، تەنھا ھێندە بەسە ھەر شتێکمان بوێت کە ببێت پێی بڵێین (ببە) بێگومان دەبێت و ھیچ شتێکیش نابێتە ڕێگر.

(41) ئەوانەی ماڵ و شار و کەسوکار و سەروەت و سامانی خۆیان لەبەر ڕەزامەندی خوای گەورە بەجێھێشت و لە وڵاتی بێباوەڕانەوە کۆچیان کرد بۆ وڵاتی ئیسلام و موسڵمانان، دوای ئەوەی بێباوەڕان ئازاریاندان و ناچاریان کردن، ئەوا بێگومان ھەر لە دونیا ڕێگا و شوێنێکی باشی وایان پێدەدەین کە سەربەرز و خاوەن شکۆ بن تێیدا، وە ئەجر و پاداشتی دواڕۆژ بۆ ئەوانە زۆر گەورەترە چونکە پاداشتی دواڕۆژ بەھەشتی نەبڕاوەی تێدایە، خۆ ئەگەر ئەوانەی لە کۆچکردن دواکەوتن و کۆچیان نەکرد بیانزانیایە کە ئەجر و پاداشتی کۆچەرەکان چەندێک گەورە و مەزنە ئەوا ھەرگیز دوانەدەکەوتن.

(42) ئەوانەی لە رێگای خوا کۆچیان کرد، ئەوانە بوون کە ئارامیان گرت لەسەر سزای گەلەکانیان و دوور کەوتنەوە لەخزم و کەسوکار و نیشتمانیان، وە ئارامیان گرت لەسەر تاعەت و گوێڕایەڵی خوای گەورە، ئەوان لەھەموو کاروبارێکیاندا تەنھا پشتیان بە خوای گەورە دەبەست، بۆیە خوای گەورەش ئەو ئەجر و پاداشتە گەورەی پێ بەخشین.

(43) - ئەی پێغەمبەری خوا - لە پێش تۆ ھیچ پێغەمبەرێکمان نەناردووە لەناو پیاواندا نەبێت کە وەحی و نیگای بۆ بکەین، مەبەست ئەوەیە پێغەمبەرانمان لەناو فریشتەکان نەناردووە، ھەر ھەموویان مرۆڤ بوون، ئەمەش سوننەتێکی ئیلاھیە، ئەگەر ئێوە نکۆڵی لەوەھا کارێک دەکەن ئەوا پرسیار لە خاوەن نامە ئاسمانییەکانی پێشوو بکەن ئەوان پێتان دەڵێن کە پێغەمبەران سەرجەمیان مرۆڤ بوون، نەک فریشتە، ئەگەر ئێوە نازانن ئەوان مرۆڤ بوون.

(44) ئەو پێغەمبەرانەمان بە بەڵگە و نیشانەی ڕوون و ئاشکراوە لەناو مرۆڤەکان نارد، بە پەرتووک و کتێب کە بۆیان ھاتبووە خوارەوە، - ئەی پێغەمبەر - قورئانیشمان ناردە خوارەوە تاوەکو ئەوەی پێویستی بە ڕوونکردنەوە ھەیە تۆ بۆ خەڵکی ڕوون بکەیتەوە، تاوەکو بەڵکو بیروھۆشیان بخەنە کار و پەند و ئامۆژگاری لێ وەربگرن.

(45) ئایا ئەوانەی کە سەرقاڵی پیلان و فڕوفێڵ کردن بوون تاوەکو ببنە ڕێگر لەبەردەم بانگەوازی خوا و ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئایا لەوە دڵنیا بوونەتەوە کە خوای گەورە وەک قارون نایانبات بەناخی زەویدا، یان دڵنیا بوونەتەوە کە سزای سەختیان بۆ نایەت لەجێگایەکەوە کە چاوەڕوانی ھاتنیان لێوە نەدەکرد؟

(46) یان لەکاتی گەشت و گەڕان و کاسبی کردنیان دووچاری سزایەک بن، کە نەتوانن لێی دەرباز بن یان ڕێگری لێ بکەن ؟

(47) یان لەوە ناترسن لەکاتی ترس و بیمدا خوا بیانگرێت، بەڵێ خوای گەورە دەتوانێت لە ھەموو کاتێکدا سزایان بدات، بێگومان پەروەردگارت زۆر بەسۆز و میھرەبانە بۆیە پەلە ناکات لە سزادان و تۆڵە لێ سەندنەوەیان، بەڵکو تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای و پەشیمان ببنەوە.

(48) ئایا ئەو بێباوەڕانە ورد نەبونەتەوە لەدروستکراوەکانی خوا، کە چۆن سێبەرەکەی لەڕاستەوە بۆ چەپ دەگۆڕێت، لەگەڵ جوڵەی خۆر بە ڕۆژ و جوڵەی مانگ بەشەو دەسوڕێت، ملکەچی پەروەردگاریەتی و بە ھەقیقی کڕنوشی بۆ دەبات، وگەردن کەچ و زەلیلە لەبەرامبەر فەرمانەکانیدا.

(49) ھەرچی لە ئاسمانەکان و لە زەویدا ھەیە لە زیندەوەران ھەر سوژدە بۆ خوای گەورە دەبەن، وە فریشتەکانیش تەنھا سوژدە بۆ ئەو دەبەن، ئەو فریشتانە ھەرگیز لە ئاست پەرستن و تاعەتی خوا خۆیان بە گەورە نازانن و ھەر فەرمانێکیان پێ بکرێت خێرا جێ بەجێی دەکەن.

(50) ئەوان - لەگەڵ ئەوەی ھەمیشە لە پەرستن و تاعەتی بەردەوامی خوادان- لە پەروەردگاریشیان دەترسن کە بەزات و دەسەڵات و سیفاتی تەواویەوە لەسەریانەوەیە، وە ھەر فەرمانێکیان لە پەروەردگاریانەوە پێ بگات لە تاعەت و عبیادەت ئەنجامی دەدەن و گوێڕایەڵی دەبن.

(51) خوای گەورە بە سەرجەم بەندەکانی فەرمووە: ھەرگیز دوو پەرستراو (دوو خوا) دامەنێن بۆ خۆتان، بەڵکو تەنھا تاکە پەرستراو و خوایەکی بەھەق ھەیە، وە ھەرگیز نابێتە دوان و ھیچ شەریک و ھاوەڵیشی نییە، کەوابوو ھەر لەمن بترسن و جگە لەمن لەکەسی تر مەترسن.

(52) ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەن ھەر ھەموو موڵکی خوایە، ھەر ئەویش دروستی کردوون و بەرێوەیان دەبات، تەنھا دەبێت تاعەت و عیبادەت و ملکەچی ئەو بکرێت، وە ھەرچی گوێڕایەڵی و گەردنکەچیە بەپوختی ھەر شایانی ئەوە، ئایا ئیتر جگە لە خوا لە کەسێکی تر دەترسێن؟! نەخێر تەنھا ھەر لەو بترسن.

(53) - ئەی خەڵکینە - ھەرچی نیعمەت و بەخششێک ھەتانە لە نیعمەتی دینی و دونیایی ھەر ھەمووی لەلایەن خواوەیە نەک کەسێکی تر، وە کاتێکیش دووچاری ھەر بەڵا و موسیبەت و نەخۆشی و ھەژاری و نەدارییەک ببن ئەوا بە نزا و پاڕانەوە ھەر ھاوار و ھانا بۆ لای ئەو دەبەن، تاوەکو ئەوەی دووچارتان بووە لەسەرتانی لاببات، ئەو کەسەی نیعمەتەکان دەبەخشێت و ناڕەحەتی و بەڵا و موسیبەتەکان لەسەر خەڵکی لادەبات ھەر ئەو شایانی ئەوەیە بە تاکو تەنھایی بپەرسترێت.

(54) جا کاتێکیش کە خوای گەورە نزا و پاڕانەوەکانتان گیرا دەکات و ئەو ناخۆشی و بەڵا و موسیبەتەی بەسەرتانەوە بوو لایبرد کەچی کۆمەڵێک لە ئێوە ھەموویان لەبیر دەچێت و ھاوبەش و شەریک بۆ پەروەردگاریان دادەنێن، لەگەڵ ئەو شتی تریش دەپەرستن، باشە ئەم سپڵەیی و سوکییە بۆچی؟

(55) ھاوبەشدانانیان بۆ خوا وای لێکردن کوفر و ناشکوری نیعمەت و بەخششەکانی خوا بکەن، یەکێک لەو نیعمەتانەی خوا بەسەریانەوە ھەڵگرتنی ناخۆشی و ناڕەحەتیە لە سەریان، بۆیە پێیان وترا: دەسا ڕابوێرن و تام و چێژ وەربگرن لەو نیعمەت و بەخششانەی خوا تا ئەو کاتەی سزای خواتان بۆ دادەبەزێت لە ئێستا و دواتریش، لەمەودوایش سەرەنجامی کوفر و بێباوەڕی و سەرپێچی خۆتان دەزانن.

(56) موشریک و بتپەرستان بەشێک لەو ماڵ وسامانەی ئێمە ڕۆزیمان داون دايدەنێن بۆ ئەو بتە بێ گیانانە کە ھیچ نازانن و ھیچ سوود و زیانێکیان نییە، تاوەکو بەھۆیەوە خۆیان لەخوای گەورە نزیک بکەنەوە، سوێند بێت بە خوای گەورە - ئەی موشریکینە - لە ڕۆژی قیامەتدا پرسیارتان لێدەکرێت دەربارەی ئەو درۆ و بوھتانەی بۆ خوای دەکەن گوایە ئەو بتە بێ گیانانە خوا و پەرستراوی ئێوەن، وە دەربارەی ئەوەى بەشێک لە ماڵ و سامانەکانتان بۆیان دادەنێن.

(57) موشریک و بت پەرستەکان کچیان بۆ خوا بڕیار دەدا، وە باوەڕیان وابوو فریشتەکان کچی خوان (پەنا بەخوا) ئەوەی بۆ خوایان بڕیار دەدا بۆ خۆیان پێیان خۆش نەبوو، پاک و بێگەردی بۆ خوا لەوەی ئەوان دەیڵێن ، ئەوەی بۆ خۆیان حەزی پێدەکەن کە کوڕە بۆ خۆیانی دادەنێن، دەی ئیتر چی تاوانێک ھێندەی ئەم تاوانە گەورەیە؟!

(58) ئەگەر بێتۆ ھەواڵی لەدایک بوونی کچ بەیەکێک لەو بتپەرست و موشریکانە بدەیت ئەوا لەداخ ومەراقدا ڕوخساری ڕەش دادەگیرسێت و دڵ و دەروونی پڕ خەم و پەژارە دەبێت، پاشان ئەوەی بۆ خۆی پێی خۆش نییە بۆ خوای بڕیار دەدا!

(59) لە ناخۆشی و خراپی ئەو ھەواڵەی پێی دراوە خۆی لە خزم و کەسەکانی دەشارێتەوە، لەگەڵ دەروونی خۆیدا گفتوگۆ دەکات و بە خۆی دەڵێت: ئایا ئەو کچە بە زیندوویی بھێڵێتەوە و ببێتە مایەی سوکی و زەلیلی و زەبونی لای کەسەکانی، یان زیندە بەچاڵی بکات و ڕزگاری ببێت لەو حاڵە؟ ئای ئەو بتپەرست و موشریکانە چەند بڕیارێکی خراپ و نەگریس دەدەن، ئەوەی بۆ خوای بڕیار دەدەن بۆ خۆیان پێیان ناخۆشە.

(60) ئەو بێباوەڕانەی کە باوەڕیان بە ڕۆژی دوایی نییە، وێنە و سیفەتێکی خراپیان ھەیە، لە حەز کردن لە کوڕ و ڕق بوونەوە لە کچ و جەھل و نەفامی و بێباوەڕی، خۆ نموونەی بەرزو بڵندیش ھەر بۆ خوایە، لە پیرۆزی و تەواوی و دەوڵەمەندی و عیلم و زانستی بێ سنوور، ئەو خوایە لە موڵکی خۆیدا بەدەسەڵاتە بەشێوەیەک ھیچ کەس زاڵ نابێت بەسەریدا، وە زۆریش دانا و کاربەجێیە لە بەدیھێنراوەکانی و بەڕێوەبردنیان و شەریعەت و یاسا و ڕێساکانیدا.

(61) ئەگەر خوای گەورە بە ھۆی ستەم و بێباوەڕی خەڵکەوە سزای کەسەکانی بدایە ئەوا نەیدەھێشت ھیچ مرۆڤ و گیانلەبەرێک لەسەر زەوی ھاتووچۆ بکات و بجوڵێت، بەڵام خوای گەورە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە ھەر لەعیلم و زانینی خۆیدایە بۆیان دوا دەخات و دەیانھڵێتەوە، جا کاتێک ئەو ماوەی دیاری کردووە کۆتایی ھات ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت بە ھیچ شێوەیەک پاش و پێش ناکەوێت.

(62) ھەر شتێک کە بۆ خۆیان پێیان ناخۆشە بۆ خوای بڕیار دەدەن لە ھەبوونی کچ، وە زمانیان بە درۆ گۆ دەکات دەڵێن ئەگەر ڕاست بێت کە خەڵکی ھەموو زیندوو دەکرێنەوە ئەوا ئەوان لای خوا پلە وپایە وسەرەنجامی باشیان ھەیە، بەڕاستی سەرەنجامی ئەوان ھەر ئاگری دۆزەخە، وە لەناو ئەو ئاگرەیشدا فەرامۆش دەکرێن، وە ھەرگیزیش لێی نایەنە دەرەوە.

(63) - ئەی پێغەمبەر - سوێند بێت بە خوا، چەندین پێغەمبەرمان نارد بۆ گەل و نەتەوەکانی پێش تۆ، شەیتان کارە ناشرین و خراپەکانی لە ھاوەڵدانان و بێباوەڕی و گوناھ و تاوان بۆ ڕازاندنەوە، بە خەیاڵی خۆیان لە ڕۆژی قیامەتدا دێت بە ھانایانەوە و ڕزگاریان دەکات، دەی ئەگەر وایە بابگاتە فریایان، ئەوانە لە ڕۆژی قیامەتدا سزایەکی بە ئێش و ئازاریان بۆ ھەیە.

(64) - ئەی پێغەمبەر - ئێمە ئەم قورئانەمان بۆیە بۆت ناردوەتە خوارەوە، تاوەکو ئەوە ڕوون بکەیتەوە كە خەڵکی لەسەری ناکۆکن لە یەک خوا پەرستی -تەوحید- و زیندووبونەوە و تەواوی ئەحکامەکانی تری شەرع، وە بۆ ئەوەش ئەم قورئانە بێتە مایەی ھیدایەت و ڕێنوێنی و ڕەحمەت بۆ ئەو باوەڕدارانەی کە بڕوایان بە خوا و پێغەمبەرەکانی ھەیە، وە باوەڕیان ھەیە بەوەی قورئان ھێناویەتی، چونکە ئەوانە سوودمەند دەبن لە هەق وڕاستی.

(65) خوای گەورە لە ئاسمانەوە باران دەبارێنێت و زەوی لەپاش مردنی پێ زیندوو کردەوە بەڕوواندنی گژ وگیا و دارودرەخت دوای ئەوەی زەوییەکی وشکی ڕووت بوو، ئەمانە بەڵگەی ڕوون و ئاشکران لەسەر دەسەڵات و قودرەتی خوای گەورە بۆ ئەو خەڵکانەی کە گوێ بۆ وتە و گوفتاری خوای گەورە دەگرن و لێی ورد دەبنەوە.

(66) - ئەی خەڵکینە - لە بەدیھێنانی مەڕ و بزن و وشتر و گادا پەند و ئامۆژگاری گەورە بۆ ئێوە ھەیە، لە نێوان ڕێخ و پیسایی و خوێندا شیرێکی پاک و خاوێنتان لە گوانی ئەو ئاژەڵانە پێ دەنۆشین، لەگەڵ ئەوە شیرێکی پاڵفتەی پاک و خاوێنی بە لەزەتی خۆش بۆ شیرخۆران لە گوانیان دێتە دەرەوە.

(67) وە لە بەروبوومی خورما و ترێ کە ڕۆزی ئێوەمان پێداوە پەند و ئامۆژگاری گەورە بۆ ئێوە ھەیە، لە بەروبوومی ترێ و خورما شەرابی سەرخۆشکەر کە ژیری و ھۆشی مرۆڤ ناھێڵێت و شتێکی باش نییە، وە خواردنی پاک و خۆشیشی لێ بەرھەم دێنن کە سوودی لێ دەبینن، لە خواردنی خورما و مێوژ و سرکە و دۆشاوەکانیان، بێگومان لەوەدا بەڵگە و نیشانە گەلێک ھەن لەسەر دەسەڵات و قودرەتی خوا و نیعمەت و بەخششەکانی بەسەر بەندەکانیەوە بۆ کەسانێک کە تێبگەن و ژیری خۆیان بخەنە کار، چونکە ئەو کەسانە پەندی لێ وەردەگرن.

(68) - ئەی پێغەمبەری خوا - پەروەردگارت ئیلھامی بۆ مێش ھەنگ کرد و ڕێنوێنی کرد کە لەنێو چیا و دار و درەختەکان و لەناو ئەو کەپر و ھەرزاڵانەدا کەخەڵکی دروستی کردوون جێ ژین و ماڵ بۆ خۆت دروست بکە.

(69) پاشان پێی فەرموو: بڕۆ لە ھەر بەروبوومێک کە ئارەزووی دەکەیت بخۆ، دواتر ئەو ڕێگایانەی کە پەروەردگارت تێی گەیاندووی و فێری کردوویت بیگرە بەر ، وە ملکەچبە چونکە ئەو ڕێگایەشی بۆ ئاسان کردوویت و بەئاسانی پێی دەگەیت و دەیدۆزیتەوە، لەناو سکی ئەم مێش ھەنگانە ھەنگوینێکی نایابی ھەمەرەنگ دێتە دەرێ، ھەنگوینی سپی و زەرد و ڕەنگی تریش، کە شیفای گەلێک نەخۆشی تێدایە بۆ خەڵکی، بێگومان لەم ئیلھام کردنەی خوای گەورە بۆ مێش ھەنگ و ئەو ھەنگوینەشی لەسکی دێتە دەرێ بەڵگە و نیشانە گەلێک ھەن لەسەر دەسەڵات و قودرەتی خوای گەورە بۆ کەسانێک کە ڕابمێنن و بیربکەنەوە لە دەسەڵاتی خوای گەورە.

(70) خوای گەورە بە شێوازێک دروستی کردوون کە پێشتر وێنەتان نەبووە، وە کاتێکیش کاتی مردنتان ھات دەتانمرێنێت، جا کەسانی وا ھەیە تەمەنی ھێندە درێژ دەبێت دەگاتە ئەوپەڕی پیری و بەساڵاچوون، بە شێوەیەک ھیچ بیر و ھۆشێکی لا نامێنێت و نازانێت پێشتر چی کردووە، بێگومان خوای گەورە زۆر زانایە و ھیچ شتێکی لەکار و کردەوەی بەندەکانی لا نھێنی و شاراوە نییە، وە زۆریش بەدەسەڵاتە دەسەوسان نابێت لەبەرامبەر ھیچ شتێکدا.

(71) خوای گەورە (جل جلالە) فەزڵی ھەندێکتانی داوە بەسەر ھەندێکی ترتان لە ڕزق و ڕۆزیدا، ھەندێکتانی دەوڵەمەند کردووە و ھەندێکی تریشتان ھەژار و نەدار، ھەندێک گەورە و لێپرسراو و ھەندێکی تریش ژێر دەست و ڕەعیەت، کەچی ئەوانەی لێپرسراو و گەورەی کۆیلە و بەندە و ژێر دەستەکانن کە ڕزق و ڕۆزی باش و زۆریان پێدراوە ئامادەنین بەشی ڕەعیەت و بەندە و کۆیلەکانیانی لێ بدەن بۆ ئەوەی یەکسان و ھاوبەش بن لە موڵک و سامانیان، جا ئەوانە ئەگەر بۆ خۆیان ڕازی نین کە خەڵکی ھاوبەشیان بێت لە ڕزق و ڕۆزی و ماڵ و ساماندا، ئیتر بۆچی ڕازین بەندەکانی خوا بکەنە شەریک و ھاوبەش و ھاوەڵی خوا؟! ئەمە چی ستەمێکە، ئیتر نکۆڵی کردنی چی نیعمەت و بەخششێکی خوا لەمە گەورەترە ؟

(72) - ئەی خەڵکینە - خوای گەورە ھەر لە خۆتان ھاوژینی بۆ دروستکردوون، تاوەکو لە گەڵیاندا دڵ و دەروونتان ئاسوودە بێت، ھەروەھا لەو ھاوژینانەتان منداڵ و ڕۆڵەی پێداون وە لەوانیش وەچە و نەوەی پێ بەخشیون، وە لە خواردنی پاکو خاوێن - وەک گۆشت و دانەوێڵە و میوەجات - ڕزق و ڕۆزی داون، ئایا ئیتر ئەو بێباوەڕانە دوای ئەو ھەمووە نیعمەت و بەخششانەی خوای گەورە باوەڕ بەو بت و دارە دەکەن کە دەیانپەرستن؟ وە کوفری ئەو گشت نیعمەت و بەخششانەی خوا دەکەن کە لەژمارە نایەن و ناشوکرن لەبەرامبەریدا بەوەی بەتاک و تەنھایی ئەو باوەڕ بھێنن و دوور بکەونەوە لە ھاوەڵ دانان بۆی.

(73) ئەو ھاوەڵ بڕیاردەرانە (ئەو موشریکانە) بتانێک دەپەرستن جگە لە خوای گەورە، ناتوانن نە لە ئاسمان و نە لە زەوی ھیچ ڕزق و ڕۆزیەکیان بدەن، وە دەسەڵاتی ئەوەشیان نییە کارێکی وەھا بکەن، چونکە ئەوان شتانێکی بێ گیان و بێ دەسەڵات و بێ زانست و زانیارین.

(74) - ئەی خەڵکینە - لەم بتە بێ گیانانە كە نە سوود و نە زیانیان ھەیە ھاوشێوە بۆ خوا دامەنێن، چونکە خوای گەورە ھاوشێوەی نییە تا بیکەنە ھاوەڵ و شەریکی خوا لە پەرستندا، بێگومان خوای گەورە شارەزایە و دەزانێت چونکە بەوەی خاوەنی سیفەتی ئەوپەڕی جوانی و کەماڵ و تەواویە ئاگاداری ھەموو شتێکە، وە ئێوەش ئەوەی خوا دەیزانێت نایزانن و بێ ئاگان لێی، بۆیە دەکەونە شیرک و ھاوەڵ بڕیاردانەوە بۆ خوا، وە بانگەشەی ئەوەش دەکەن (معاذ اللە) خوایش وەک ئەو بتانە وایە کە ئیوە دەیانپەرستن.

(75) خوای گەورە نموونەیەک دەھێنێتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی موشریک و بتپەرستەکان و دەفەرموێت: پیاوێک کۆیلە بێت و نەتوانێت بە ئارەزووی خۆی ھەڵسوکەوت بکات و ھیچ شتێکی نەبێت بۆ بژێوی ژیانی، وە کەسێکی تریش ئازاد بێت ئێمە خۆمان ماڵ و سامانێکی حەڵاڵمان پێ بەخشیبێت، بە ویستی خۆی ھەڵسوکەوتی پێوە دەکات، بە ئاشکرا و بە نھێنی بە ویستی خۆی لێی دەبەخشێت، ئەم دوو پیاوە ھەرگیز وەک یەک نین، ئیتر ئێوە چۆن خوای گەورە کە خۆی خاوەن موڵکە و ھەرچۆنیەکیشی بوێت بەو شێوە ھەڵسوکەوت بە موڵکەکەیەوە دەکات یەکسانی دەکەن بەو بتانەی خۆتان کە دەسەوسانن لە ئاست ھەموو شتێکدا و ھیچ دەسەڵاتێکیان نییە، سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە کە شایانی ھەموو سوپاس و ستایشێکە، وە زۆربەی زۆری موشریک و ھاوەڵ بڕیاردەرانیش ئەوە نازانن دەبێت خوای گەورە بەتاکو تەنھایی بپەرسترێت، وە شایستەی ئەوەیشە تەنھا ھەر ئەو بپەرسترێت.

(76) وە خوای گەورە نموونەیەکی تر دەھێنێتەوە بۆ پیشاندانی پوچی و بەتاڵی ھاوبەشدانان بۆ خوا، وە بە شێوەیەکی تر بەرپەرچیان دەداتەوە و دەفەرموێت: نمونەیان وەک ئەو دوو پیاوە وایە: یەکێکیان کەڕ و ڵاڵە و ھیچ نابیستێ و توانای قسەکردنی نییە و ھیچیش تێ ناگات چونکە کەڕ و ڵاڵە، وە ناتوانێت ھیچ سوودێک بەخۆی و جگە خۆیشی بگەیەنێت، بۆتە بارگرانی بۆ ئەو کەسەیشی بە خێوی دەکات و کاروباری ھەڵدەسوڕێنێت، بۆ ھەر جێگایەکیش بینێرێت ؛ ئەوەى داواکراوە ئەنجامی نادات و بەھیچ خێرێکەوە ناگەڕێتەوە، ئایا ئەم کەسە وەک ئەو کەسە وایە کە ھەستەکانی ساغ و سەلیم و دروستن و بە چاکی دەبیستێت و بەچاکیش قسە دەکات کە سوود بەخۆی و بەکەسانی تریش دەگەیەنێت، فەرمان بە عەدل و دادگەری دەکات، لەسەر ڕێگایەکی ڕاست و دروستە، وھیچ خوار و خێچی و ناتەواویەکی تێدا نییە، ئیتر ئەی موشریک و بتپەرستینە چۆن ئەم دوو نمونەیە یەکسان دەکەن، خوایەک کە خاوەنی ھەرچی سیفاتی جوان و پڕ کەمالە لەگەڵ بتانێک یەکسان دەکەن کە نە دەبیستن نە قسەدەکەن وە ناتوانن ھیچ سوود و زیانێک بەکەس بگەیەنن، وە ناتوانن ھیچ ناڕەحەتی و ناخۆشیەک لەسەر کەس لابدەن ؟

(77) تەنھا خوای گەورە بە شتە نادیاری ئاسمانەکان و زەوی دەزانێت، زانینی ئەو نھێنیانە تەنھا تایبەتە بە ئەو و ھیچ کەسێکی تر لەبەدیھێنراوەکانی ئەو نایزانن، ھاتنی ڕۆژی قیامەتیش ھێندە ئاسان و خێرایە بە ئەندازەی چاوتروکانێکە، بەڵکو لەوە خێراترە، بێگومان خوای گەورە دەسەڵاتی بەسەر ھەموو شتێکدا ھەیە، وە ھیچ شتێک دەسەوسانی ناکات، ھەر کارێکی بوێت تەنھا ھێندەی پێویستە پێی بفەرموێت : (ببە) خێرا ئەو شتە (دەبێت).

(78) - ئەی خەڵکینە - پاش ئەوەی ماوەیەک لەناو سکی دایکتان بوون، خوای گەورە لەناو سکی دایکتان بە منداڵی دەری ھێنان کە ھیچ شتێکتان نەدەزانی، پاشان گوێی پێداون بۆ ئەوەی پێی ببیستن، وە چاوی پێداون بۆ ئەوەی پێی ببینن، وە دڵی پێداون بۆ ئەوەی بیری پێ بکەنەوە و ژیر بن، تا لەسەر ئەم نیعمەتانەى پێتان بەخشراوە سوپاسی خوای گەورەی بکەن.

(79) ئایا ئەو ھاوەڵدانەرانە تەماشای باڵندەیان نەکردووە، کە چۆن بەو باڵانەی خوای گەورە پێی بەخشیوون لەکەش و ھەوای ئاسماندا ڕامکراون بۆ فڕین و گەڕان، وە ئیلھامی بۆ کردووە کە چۆن باڵەکانی بکاتەوە و بیاندات بەیەکدا، دیارە خوای گەورەی بەدەسەڵات نەبێت کێ دەتوانێت لە ھـەوادا ڕایانبگرێت، بێگومان لەو ڕامکردن و ڕاگرتنەی کە نەکەوێتە خوارەوە بەڵگە و نیشانە گەلێکی زۆر ھەن بۆ گەلێ باوەڕ بھێنێت، چونکە ھەر گەلی باوەڕدارە سوود لەو بەڵگە و نیشانانە وەردەگرێت.

(80) ئەو ماڵ و خانووانەی بە بەرد و گڵ و شتی تر دروستتان کردووە خوای گەورە گێڕاویەتی بەمایەی حەوانەوە و نیشتەجێ بوونتان، وە لە پێست و کورک و مووی ئاژەڵان لە (بزن مەڕ و وشتر و مانگا) خێمە و ڕەشماڵی گومەزئاسا لە گوندەکان دروست بکەن ھاوشێوەی ئەو ماڵ و خانوانەی لەشارەکان ھەیە، ھەڵگرتن و گواستنەوەی ئەم خێمە و ڕەشماڵانە لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی تر سووک و ئاسانە، ھەروەھا دوای ئەوەی لە شوێنیک دەڕۆن و لە جێگایەکی تر نیشتەجێ دەبن بە سوک و ئاسانی دادەکوترێت و دەبەسترێ، وە لە خوری مەڕ و کورکی وشتر و مووی بزن ڕایەخ و جلوبەرگی جوان و ڕازاوەی لێ دروست دەکەن تاوەکو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کەڵکی لێ وەربگرن.

(81) خوای گەورە دار و درەخت و ماڵ و خانووەکانی بۆ کردوون بەسێبەر تاوەکو لە گەرما خۆتانی پێ بپارێزن، وە لە چیا و شاخەکانیش زۆر پەناگا و ئەشکەوت و کەورگی بۆ داناون بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا خۆتای پێ بپارێزن لەسەرما و گەرما و دوژمنەکانتان، وە جل و پۆشاکی لە شەرواڵ و کراس و دەرەودامێن بۆ داھێناون تاوەکو لە کاتی سەرما و گەرما بتانپارێزێت، وە ھەروەھا خوا وایکردووە لە ئاسن قەڵغان و زرێی جەنگ دروست بکەن کەخۆتانی لە لێدان و زەبر و ئازار لەکاتی جەنگدا پێ بپارێزن، بەو شێوەیەی خوای گەورە لەپێشتر نیعمەت و بەخششەکانی خۆی بەسەردا ڕژاندن، ھەر بەو شێوەیە نیعمەت و بەخششەکانی خۆیتان بۆ تەواو دەکات، بەڵکو ئیتر تەنھا ملکەچی فەرمانی خوا بن وھیچ شتێکیش نەکەن ھاوەڵ وشەریکی لە پەرستندا.

(82) - ئەی پێغەمبەر - ئەگەر ھاتوو پاش ئەو ھەموو نیعمەت و بەخشش و ڕوونکردنەوانە ڕوویان لە باوەڕھێنان وەرچەرخاند و ئەوەی تۆ ھێناوتە باوەڕیان پێی نەکرد، نیگەران مەبە چونکە تۆ ھێندەت لەسەرە ئەوەی خوا بۆی ناردویت بەڕوونی پێیان ڕابگەیەنیت، تۆ لەسەرت نییە ھیدایەتی ئەوان بدەیت چونکە ئەوە کاری خوای باڵادەستە.

(83) بتپەرست و ھاوەڵدانەران نیعمەت و بەخششەکانی خوای گەورە دەناسن کە ڕژاندویەتی بە سەریاندا، یەکێک لەو بەخششانە ڕەوانە کردنی پێغەمبەرە (صلی اللە علیە وسلم) کەچی شوکر و سوپاسی خوای لەسەر ناکەن و باوەڕ بە پێغەمبەرەکەی ناھێنن، زۆربەشیان ئەوانەن کە نکۆڵی لە نیعمەت و بەخششەکانی خوا دەکەن و دانی پێدا نانێن.

(84) - ئەی پێغەمبەر - باسی ئەوەیان بۆ بکە لە ڕۆژی دوایی ھەر ئوممەتێک خوای گەورە ئەو پێغەمبەرەیان بۆ دەنێرێت کە لە دونیا بۆی ناردبوون، تاوەکو ببێتە شاھید لەسەر ئیمانی ئەوانەیان باوەڕیان ھێناوە، وە ببێتە شاھیدیش لەسەر کوفری ئەوانەیان کە باوەڕیان نەھێناوە، پاشان ئیتر ڕێگا بە بێباوەڕان نادرێت بڕوبیانوو بھێننەوە بۆ ئەو کوفر و بێباوەڕیەی لەسەری بوون، وە نایشگەڕێنرێنەوە بۆ دونیا تاوەکو ئەو کاروکردەوە ئەنجام بدەن کەپەروەردگاریان لێی ڕازییە، چونکە رۆژی دوایی خانەی لێپرسینەوە و پاداشت دانەوەیە نەک خانە و لانەی کاروکردەوە ئەنجامدان.

(85) کاتێک ستەمکارە بتپەرستەکان سزا و ناخۆشیەکانی دۆزەخ بە چاوی خۆیان دەبیین، ئیتر نە سزایان لەسەر سووک دەکرێت وە نە مۆڵەتیش دەدرێن بۆ کاتێکی تر و سزاکەیان بۆ دوابخرێت، بەڵکو دەچنە ناویەوە و بە ھەتا ھەتایی تێیدا دەمێننەوە.

(86) کاتێک بتپەرست و موشریکەکان لە ڕۆژی دواییدا بە چاوی خۆیان ئەو پەرستراوانە دەبینن کە لە بری خوا دەیانپەرستن، دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان ئەوە ئەو پەرستراوانانەن کە لەبری تۆ دەمانپەرستن، ئەمە بۆیە دەڵێن تاوەکو گوناھ و تاوانەکانی خۆیان بدەن بەسەریاندا، خوای گەورەش ئەو بت و پەرستراوانە دەھێنێتە گۆ بەرپەرچیان دەدەنەوە و دەڵێن: ئەی بتپەرست و موشریکینە بێگومان ئێوە درۆزنن لە عیبادەت و پەرستندا چونکە ھاوبەشتان بۆ خوا دانابوو، لە کاتێکدا خوای گەورە ھاوەڵ و شەریکی نەبووە و نییە تاوەکو بپەرسترێت.

(87) بتپەرست و موشریکەکان لەو ڕۆژەدا ملکەچی تەنھا فەرمانی خوان و ھیچ دەسەڵاتێکیان نامێنێت، وە ئەو بانگەشە و درۆ و دەلەسەیەش کە جاران دەیانکرد گوایە بتەکانیان دەبنە تکاکاریان لای خوای گەورە، بزر دەبن و لەبەرچاو نامێنن.

(88) ئەوانەی بێباوەڕ بوون بە خوای گەورە و خەڵکیش لادەدەن لە ڕێگای خوا، لە پاداشتی ناپاکی و خراپکردنی کۆمەڵگە بەگومڕاکردنی کەسانی تر سزا لەسەر سزا بۆیان زیاد دەکەین کە شایستەیانە لەبەرامبەر کوفر و بێباوەڕییان.

(89) - ئەی پێغەمبەری خوا - باسی ئەوە بکە بۆ بێباوەڕانی ھۆز و گەلەکەت ڕۆژێک دێت لەناو ھەر ئوممەت و گەلێک ئەو پێغەمبەرەی کە بەزمانی خۆیان قسە دەکات و لەناو خۆیان ڕەوانە کراوە بۆ لایان دەکەین بەشاھید بەسەریانەوە بۆ ئەوەی شاھیدی بدات لەسەر بێباوەڕی یان لەسەر باوەڕداریان، - ئەی پێغەمبەر- تۆیش دەکەین بەشاھید بەسەر تەواوی ئوممەتەکانی ترەوە، وە ئەم قورئانەیشمان بۆت دابەزاندووە تاوەکو ھەموو شتێک ڕوون بکاتەوە، ئەوەشی ڕوون نییە و پێویست بەڕوونکردنەوە دەکات لە حەڵاڵ و حەرام و پاداشت و تۆڵە و ئەحکامەکانی تر تۆ بۆیانی ڕوون بکەیتەوە، وە ئەم قورئانەمان بۆیە دابەزاندووە بۆت تاوەکو ببێتە ڕێنومایی و ڕەحمەت و میھرەبانی بۆ ئەوانەی باوەڕی پێ دەھێنن و کاروکردەوەی پێدەکەن، ھەروەھا موژدەدەریشە بۆ ئەوانەی باوەڕیان بەخوا ھەیە و چاوەڕێی نیعمەت و بەخششی ھەتاھەتایی نەبڕاوەی خوان.

(90) بێگومان خوای گەورە فەرمان دەکات بە بەندەکانی کە دادگەر بن، بەوەی بەندەکانی خوا مافەکانی خوا و مافی خەڵکیش جێ بەجێ بکەن، وە لە حوکم داندا فەزڵی ھیچ کەسێک نەدەن بەسەر ھیچ کەسێکی تردا، مەگەر بەماف و ھەقێک نەبێت شایستەی ئەو فەزڵدانە بێت، وە فەرمان دەکات بە ئیحسان و چاکەکاری لەبەرامبەر مافی ئەودا، ئەویش بەوەی بەندەکانی خوا کارێک ئەنجام بدەن کە واجب و پێویست نەکراوە لە سەریان، وەک ماڵ بەخشینێک کە خوای گەورە وەک زەکات پێویستی نەکردووە لەسەریان، وە لێبوردن لە کەسێک ستەمی لێکردوویت بە تایبەت لە کاتی دەسەڵاتتدا، وە خوای گەورە فەرمانی کردووە مرۆڤی باوەڕدار بەچاکە کردن لەگەڵ خزمان بە بەخشینی ئەو شتانەی پێویستیان پێیەتی، وە ڕێگریشی کردووە لە ھەموو کارێکی دزێو، وەک جنێودان و قسەی ناشیرین و داوێن پیسی، وە ڕێگریشی کردووە لەھەر شتێک شەرعی خوا بە خراپەی دانابێت، کە بریتیە لە ھەموو گوناھ و تاوان و سەرپێچییەک، وە خوای گەورە ڕێگری کردووە لە زوڵم و ستەم و خۆ بە زلزانین و خۆ ھەڵکێشان بەسەر خەڵکیدا، خوای گەورە ئامۆژگاریتان دەکات بە ئەنجامدانی ئەوەی فەرمانی پێکردوون، وە ڕێگریتان لێ دەکات لە ئەنجامدانی ھەر شتێک قەدەغەی کردبێت لێتان لەم ئایەتەدا بەڵکو پەند و ئامۆژگاری لێوەربگرن.

(91) ھەرکاتێک پەیمانێکتان بە خوای گەورە یان بە خەڵکیدا جێ بەجێی بکەن، وە سوێند و پەیمانەکانتان مەشکێنن دوای ئەوەی بە سوێند خواردن بە خوای گەورە جەختان کردەوە لەسەری، لە کاتێکدا خواتان کردووە بە شاھید بەسەر خۆتانەوە کە سوێندەکانتان جێ بەجێ دەکەن، بێگومان خوای گەورە دەزانێت ئێوە چی دەکەن، وە ھیچ شتێکی ئێوەی لا نھێنی و شاراوە نییە، وە پاداشت و تۆڵەی ھەموویشتان دەداتەوە.

(92) بە شکاندنی پەیمانەکانتان خۆتان گێل و کاڵفام مەکەن، ھەروەک ئەو ژنە بێ عەقڵەی کە ماندوو دەبوو بە خوری یان بە لۆکە ڕێسانەوە، کەچی دوای ئەو ھەموو ماندووبوونە دەھات ھەرچی ڕێسابوو ھەڵیدەوەشاندەوە و دەیکردەوە بە خوری و لۆکە، ئەوەی مەبەستی بوو دەستی نەدەکەوت، پەیماندان بە تووندی و پاشان ھەڵوەشاندنەوەی بە ئاسانی وەک کاری ئەو ژنە وایە ڕێسەکەی دەکردەوە بە خوری، سوێند و پەیمانەکانتان بەو نیاز و مەبەستە نەبێت فڕوفێڵی پێ لە یەکتری بکەن، بۆ ئەوەی ھۆز و گەلەکەتان زۆرتر و بەھێزتر بێت لە گەل و ھۆزی دوژمنەکانتان، دیارە خوای گەورە دەیەوێت تاقیتان بکاتەوە بە پەیمان و سوێندەکانتان، ئایا جێ بەجێی دەکەن یان دەیشکێنن و گوێی پێنادەن؟ وە بێگومان لە ڕۆژی دواییش ئەوەتان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە لە دونیا لەسەری ڕاجیاواز بوون، ھەق و ڕاستی ڕوون دەکاتەوە لە ناھەق و پوچەڵ، وە ڕاستگۆکان لە درۆزنەکان جیا دەکاتەوە.

(93) ئەگەر خوای گەوە بیویستایە ئەوا ھەمووتانی دەکردە یەک ئوممەت و یەک خاوەن ئاین کە ھەمووتان کۆک بوونایە لەسەر ھەق و ڕاستی، بەڵام لەبەر ھەر حیکمەتێک بوو وای نەکرد بەڵکو ئەوەی خوای گەورە ویستی لەسەر بێت بە عەدل و دادگەری خۆی گومڕای دەکات بەوەی لەھەق و جێ بەجێکردنی پەیمانەکان لایدەدات، وە ھەر کەسێکیشی ویست بە فەزڵ و بەخششی خۆی ھیدایەتی دەدات و ڕێنوێنی دەکات، بێگومان لە ڕۆژی قیامەت لەسەر تەواوی ئەوەی لەدونیا ئەنجامتان داوە لێتان دەپرسێتەوە.

(94) بەسوێندەکانتان فڕوفێڵ و گزیکاری لەیەکتر مەکەن و فریوی یەکتری مەدەن، وە شوێن ھەوا و ئارەزووەکانتان مەکەون، بە شێوەیەک ھەرکاتێک ویستان سوێندەکانتان بشکێنن، وە ھەر کاتێکیش ویستان جێ بەجێی بکەن، ئەگەر ھاتوو ئاواتان کرد ئەوا پێکانتان لەسەر ڕێگای ڕاست پاش ئەوەی جێگیر و پتەو بووە ھەڵدەخلیسکێت، وە سزای سەخت دەچێژن بەھۆی ئەوەی لە ڕێبازی خوا لاتان داوە و گومڕا بوون و خەڵکیشتان لەگەڵ خۆتان گومڕا کردووە، لە ڕۆژی دواییشدا سزایەکی گەورەتان بۆ ھەیە.

(95) ئەو پەیمان و بەڵێنەی بە خوای گەورەتان داوە مەیگۆڕنەوە بەنرخ و بەھایەکی کەم و مەیشکێنن، بێگومان بن ئەو خێر و پاداشتەی لە دونیا دەستان دەکەوێت لە سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی جەنگ، وە لە ڕۆژی دواییشدا لەنیعمەت و بەخششی ھەتاھەتایی پێتان دەبەخشێت باشتر و چاکترە لەو شتە کەمەی لەدونیا لەبەرامبەر شکاندنی پەیمان و بەڵێنەکانتان بەدەستی دەھێنن ئەگەر بزانن و ھەستی پێ بکەن.

(96) - ئەی خەڵکینە - ئەوەی لە ماڵ و سەروەت و سامان و خۆشی و ناز و نیعمەتی دونیا لای ئێوەیە ھەرچەند زۆریش بێت لەناو دەچێت و نامێنێت، وە ئەو خێر وپاداشتەیش لای خوای گەورەیە ھەر دەمێنێتەوە و کۆتایی نایەت، ئیتر چۆن فەزڵی نیعمەت و بەخششێک کە لەناو دەچێت دەدەن بەسەر نیعمەت و بەخششێکدا کە ھەرگیز لەناو ناچێت و نافەوتێت؟! وە سوێند بێت ئەوانەی ئارامیان گرت لەسەر نەشکاندنی پەیمان و بەڵێنەکانیان ئەوا بەچاکتر لەو تاعەت و گوێڕایەڵیەی ئەنجامیان داوە بۆ خوای گەورە بە دە ھێندە و بگرە بە حەوت سەد ھێندە و زیاتر لەوەیش پاداشتیان دەدەینەوە.

(97) ھەر کەسێک کار و کردەوەیەکی چاکە بکات کە بە پێی شەرعی خوا بێت، جا ئەو کەسە نێر یان مێ بێت بەو مەرجەی باوەڕی بە خوای گەورە ھەبێت، ئەوا ھەر لە دونیا بە ژیانێکی ئاسودە و بەختەوەرانە دەیژێنین بە شێوەیەک ڕازی بێت بەو بڕیارەی خوا بۆی داوە، وە ڕازیش بێت بەو بەشەی خوای گەورە بۆی دیاری کردووە، وە سەرکەوتویشی دەکەین لە تاعەت و گوێڕایەڵی خوای گەورە، وە لە ڕۆژی دواییشدا پاداشتیان دەدەینەوە بە باشتر لەو کردەوە چاکانەی کە لە دونیادا ئەنجامیان داوە.

(98) ئەی باوەڕدار ھەر کاتێک ویستت قورئان بخوێنیتەوە ئەوا پەنا بە خوای گەورە بگرە لە وەسوەسەی شەیتانی نەفرین لێکراو (دوورخراو لە ڕەحمەتی خواى گەورە).

(99) بێگومان شەیتان دەسەڵاتی نییە بەسەر ئەوانەی کە باوەڕیان ھێناوە، وە لە ھەموو کاروبارێکیشیاندا تەنھا بە پەروەردگاریان پشت دەبەستن.

(100) بەڵکو بە وەسوەسەکانی دەسەڵاتی بەسەر ئەوانەدا ھەیە کە کردوویانە بە دۆست و پشتیوان و خۆشەویستی خۆیان، وگوێڕایەڵی دەکەن کاتێک لەخشتەیان دەبات وگومڕایان دەکات، وە ھەروەھا دەسەڵاتی ھەیە بەسەر ئەوانەیشدا کە بە ھۆی ئەوەی لەخشتەی بردوون ھاوەڵ و ھاوبەشیان بۆ خوای گەورە داناوە، وە لەگەڵ ئەودا شتی تر دەپەرستن.

(101) ھەر کاتێک ئێمە حوکمی ئایەتێک بە حوکمی ئایەتێکی تر بگۆڕین، خوای گەورە خۆیشی زاناترە لەبەر بوونی حیکمەتێک بەو ئایەتەی دایدەبەزێنێت و حوکمەکەی نەسخ دەکات و دەیگۆڕێت، وە بەو ئایەتەیشی نەسخی ناکات و حوکمەکەی ناگۆڕێت، کەچی ھێندە گێل و کاڵفام بوون وتیان: - ئەی موحەممەد - تۆ ھەر لەخۆتەوە درۆ ھەڵدەبەستیت بۆ خوا، نەخێر وانییە چونکە زۆربەیان نازانن کە گۆڕینی حوکمی ئایەتێک لەبەر حیکمەتێکی گەورەی خواییە.

(102) - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: ئەم قورئانە پیرۆزە جوبرەئیل بەھەق و ڕاستگۆیی لەلایەن خوای گەورەوە دایبەزاندووە، کە ھیچ ھەڵە و کەم و کورتیەکی تێدا نییە، وە بەھیچ شێوەیەکیش کەس دەستکاری نەکردوە ونەیگۆڕیوە، تاوەکو ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە لەسەر باوەڕەکەیان دامەزراوتریان بکات، ھەرکاتێک ھەر ئایەتێکی تازەی بۆ دادەبەزێت، یان ھەر حوکمێکی تریان بۆ دەگۆڕێت، وە بۆ ئەوەی ئەم قورئانە ببێت مایەی ھیدایەتی و ڕێنومایی کردنیان بۆ سەر ھەق، وە موژدە بێت بۆ موسڵمانان کە بە ھۆیەوە پاداشتێکی گەورەی ڕێز لێگیراویان دەست دەکەوێت.

(103) بێگومان ئێمە دەزانین کە بتپەرست و موشریکەکان دەڵێن: بە ڕاستی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) مرۆڤێک فێری قورئانی دەکات (مەبەستیان کەسێکی ڕۆمی بوو)، ئەوان درۆ دەکەن لەو بانگەشەیەی دەیکەن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو کەسەی قورئان فێری موحەممەد دەکات کەسێکی عەجەمی و غەیرە عەرەبە، لە کاتێکدا ئەم قورئانە بە زمانی عەرەبیەکی زۆر ڕوون و ڕەوانبێژی بەرز دابەزیووە، ئیتر چۆن درۆیەکی لەو شێوەیە دەکەن کە لە کەسێکی عەجەمی غەیرە عەرەب قورئانی وەرگرتبێت؟

(104) بێگومان ئەوانەی باوەڕیان نییە بە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز و کەلامی خوا کە لەلایەن خوای بەرز و بڵندەوە دابەزی بێت، خوای گەورە یارمەتیان نادات بۆ ھیدایەت وەرگرتن و سەرکەوتویان ناکات بۆ ڕێنوێنی کردن هەتا سوور بن لە سەر ئەو بیروباوەڕەیان، وە ئەوانە بە ھۆی ئەو بێباوەڕییەی لەسەرین و قورئان و ئایەتەکانی خوا بەدرۆ دەزانن لە ڕۆژی دواییدا سزایەکی بە ئێش و ئازاریان بۆ ھەیە.

(105) موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) ئەوەی ھێناویەتی ڕاست و دروسته و لە لایەن خواوەیە و بە ھیچ شێوەیەک درۆ ناکات، بەڵکو ئەوانەی باوەڕیان نییە بە ئایەتەکانی خوا درۆ ھەڵدەبەستن، چونکە ئەوانە لە سزای خوا ناترسن، وە چاوەڕێی پاداشتی ئەویش نین، ئەوانەی خوای گەورە وەسفی کردوون بە بێباوەڕ ھەر ئەوانە درۆزنی تەواون، چونکە خوویان گرتووە بەدرۆ کردنەوە.

(106) ھەر کەسێک لە دوای باوەڕھێنانی کافر و بێباوەڕ بووبێتەوە بە خوای گەورە، بێگومان سزای گەورە دەدرێت و دەکەوێتە بەر خەشم و قین و توڕەیی خوای گەورە، مەگەر کەسێک نەبێت کە زۆری لێکرابێت کە بێباوەڕ ببێتەوە و وشەی کوفر و بێباوەڕی بەزاریدا ھاتبێت، بەڵام دڵی لەسەر باوەڕ دامەزراو بێت و دڵنیا بێت لەسەر ھەقیقەتی باوەڕەکەی، بەڵام ئەو کەسەی کە دڵ و سینگی بۆ کوفر و بێباوەڕی کردبێتەوە، وە بە ئارەزوومەندانە بێباوەڕی ھەڵبژاردبێت بەسەر باوەڕ و ئیماندا، وە بە ویستی خۆشی و بەزمانی کوفر و بێباوەڕی وتبێت، ئەوا ئەو کەسە لە ئیسلام پاشگەز بووەتەوە، وە لە ڕۆژی دواییشدا خەشم و قین و توڕەیی خوای لەسەرە و سزای گەورەیشی بۆ ھەیە.

(107) ئەو پاشگەز بوونەوەیان لە ئیسلام بە ھۆی ئەوەوە بوو کە ئەوان خۆشی و جوانی و ڕازاوەییەکانی دونیایان ھەڵبژارد وەک دەستکەوتی بێباوەڕییەکەیان بەسەر ژیانی دواڕۆژ و خۆشەویستی خوادا، بێگومان خوای گەورەش خەڵکانی بێباوەڕ ڕێنوێنی ناکات بۆ سەر باوەڕ و ئیمان، بەڵکو سووک و ڕسوایان دەکات.

(108) ئەوانەی خوای گەورە بە پاشگەز بووەوە لە ئیسلام پاش باوەڕھێنان وەسفی کردوون، ئەوانە ئەو کەسانەن خوای گەورە مۆری ناوە بەسەر دڵیاندا ئیتر لە ئامۆژگاری و قسەی خێر تێناگەن، وە مۆری ناوە بەسەر گوێیەکانیاندا ئیتر شتێک نابیستن کە سوودی دونیا و دواڕۆژیانی تێدا بێت، وە مۆریشی ناوە بەسەر چاوەکانیاندا ئەو ئایەت و نیشانانەی کە بەڵگەن لەسەر باوەڕ پێی نابینن، ئەوانە غافڵ و بێ ئاگان لە ھۆکارەکانی بەختەوەری و بەدبەختی، وە لەو سزایەش کە ئامادەی کردووە بۆیان.

(109) بێگومان ئەوانە لە ڕۆژی قیامەتدا خەسارۆمەندن و دۆڕاون، ئەوانەی بەھۆی کوفر و بێباوەڕییەکەیانەوە دوای ئەوەی باوەڕیان ھێنابوو خۆیان دۆڕاند، ئەوانە ئەگەر دەستیان بگرتایە بە باوەڕەکەیانەوە و لەسەری بەردەوام بوونایە سەرفرازی دونیا و دواڕۆژ دەبوون و دەچوونە بەھەشتەوە.

(110) - ئەی پێغەمبەر - بەڕاستی خوای گەورە لێبووردە و میھرەبانە بەرامبەر ئەو چەوساوە و بێدەسەڵاتانەی کە پاش ئەوەی بتپەرستەکان لەشاری مەککە ئازاریان دان و ناچاریان کردن کۆچ بکەن بۆ مەدینە، ئەوانەی کە بتپەرستەکان ئازاریان دان وتاقیان کردنەوە لەسەر باوەڕەکەیان ناچاریان کردن بەوەی وشەی کوفر و بێباوەڕی بەسەر زاریاندا بێت بەڵام دڵ و دەروونیان پڕ بوو لە باوەڕ و ئیمان، پاشان کۆچیان کرد بۆ مەدینە و لە پێناو ئەوەی وشەی (اللە) بەرز و بڵند بێت جیھاد و تێکۆشانیان کرد، وە وشەی کوفر و بێباوەڕیش نزم و خوار بێت، وە ئارامیان گرت لەسەر ناڕەحەتیەکان، بێگومان پەروەردگارت دوای ئەو تاقیکردنەوەیەی کە پێی تاقی کرانەوە، وە ئەو سزایەی پێیان چەشتن تاوەکو وشەی کوفر و بێباوەڕی بەسەر زاریاندا بێت، لێبوردە و میھرەبانە بەرامبەریان، چونکە بەڕاستی ئەوانە لەژێر زۆر لێکردن و ناچاریدا وشەی کوفر و بێباوەڕی بەسەر زاریاندا ھات.

(111) - ئەی پێغەمبەر - باسی ئەو ڕۆژەیان بۆ بکە لەبەر گەورەیی و ناڕەحەتییەکەی ھەموو کەسێک دەست دەکات بە بیانوو هێنانەوە وبەرگری کردن لەنەفسی خۆی نەک بەرگری کردن لە کەسانی تر، لەو ڕۆژەدا ھەموو کەسێک تۆڵە و پاداشتی کاروکردەوەی خۆی لەچاکە وخراپە وەردەگرێت، وە ھیچ ستەمێکیان لێ ناکرێت، بە کەمکردنەوەى چاکەکانیان وە تاوان و گوناھی زیادیشیان بۆ نانوسرێت.

(112) خوای گەورە نموونەی شارێک لە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی دەھێنێتەوە - کە مەبەست پێی شاری مەککەیە- ، ھێمنی و ئارامی و ئاسوودەیی باڵی بەسەردا کێشاوە، کەچی خەڵکی لەملاو ئەولای ئەوانەوە دەڕفێنران وتاڵان دەکران، ئەم شارە (مەککە) خوای گەورە کارێکی وای لەگەڵ کردبوون ڕزق و ڕۆزی و نیعمەتێکی زۆری لەھەموو لایەکەوە بۆ دەھات، کەچی لەبری ئەوەی خەڵکەکەی شوکر وسوپاسی خوا بکەن دەستیان کرد بە ناشکوری و کوفر کردن بە ناز و نیعمەت و بەخششەکانی، خوای گەورەش لە تۆڵەی ئەو کارەیاندا تووشی برسێتی و قات و قڕی و ترسێکی زۆری کردن بەشێوەیەک بەسەر ڕوخسار و لاشەیان دیار بوو، تووشی دڵەڕاوکێ و لاوازی جەستە بوو بوون، تا وای لێھاتبوو ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە وەک جلوبەرگ بەردەوام لەگەڵیان بوو، ئەویش بەھۆی کردەوە خراپەکانی خۆیانەوە لە کوفر و بەدرۆخستنەوە.

(113) خەڵکی مەککە لە خۆیان پێغەمبەرێکیان بۆ ھات، بە ئەمانەت پارێز و ڕاستگۆ ناسراوە لەلایان، ئەویش موحەممەد بوو (صلی اللە علیە وسلم) ، کەچی ئەوەی لای پەروەردگارییەوە ھێنابووی باوەڕیان پێ نەکرد و بەدرۆیان زانی، خوای گەورەش سزای سەخت و دژوار و برسێتی و ترسی بۆ ناردنە خوارەوە، چونکە ئەوانە ستەمیان لە خۆیان کرد لەبەر ئەوەی خۆیان دووچاری لەناوبردن کردەوە کاتێک ھاوەڵ و ھاوبەشیان بۆ خوا دانا و باوەڕیان بە پێغەمبەرەکەیان نەکرد و بەدرۆیان زانی.

(114) دەسا ئەی بەندەکان لەو ڕزق و ڕۆزی و نیعمەتە پاک و حەڵاڵانە بخۆن کە پەروەردگاری پاکوبێگەرد پێی بەخشیوون، وە سوپاس و شکوری خوای گەورە بکەن لەسەر ئەو نیعمەت و بەخششانەی پێی داون، ئەویش بەوەی دان بنێن بەوەی ئەو نیعمەتانە لەلایەن خواوەیە و لە ڕەزامەندی ئەویشدا بەکاری بھێنن، ئەگەر ڕاست دەکەن ئێوە تەنھا ھەر ئەو دەپەرستن و ھاوەڵ و ھاوبەشی بۆ دانانێن.

(115) خوای گەورە حەرامی کردووە لەسەرتان : گۆشتی ھەموو مردارەوە بوویەک کە سەرنەبڕا بێت لەو ئاژەڵانەى گۆشتیان حەڵاڵە وخوێنی ڕۆشتوو وگۆشتی بەراز و سوود وەرگرتن لە ھەموو پارچەکانی وهەروەها گۆشتی ئەو سەربڕاوەی بۆ جگە لە خوا سەربڕابێت، ئەم حەرام کردنە لە کاتێکدا دەبێت مرۆڤ بە ڕەزامەندی خۆی بیانخوات، بەڵام ئەگەر کەسێک ناچاری وای لێکرد پەنا بۆ خواردنی ئەوانەی باسکران ببات، بەڵام ئارەزووی بۆ خواردنی ئەو حەرام کراوانە نەبوو، وە زیادەڕۆیی نەکرد لە خواردنیدا، ئەوا ھیچ گوناھی ناگات، چونکە بەڕاستی خوای گەورە لێبووردەیە، لە گوناھی خواردنی ئەو حەرامە دەبورێت ، چونكە لەبەر ناچاری خواردوویەتی، وە خوای گەورە زۆریش میھرەبانە بەرامبەری، کاتێک لەبەر پێویستی و ناچاری ڕێگای داوە بەخواردنی ئەو حەرامکراوانە.

(116) ئەی بتپەرست و موشریکینە بەزمان و سەرزارەکی و بەبێ بوونی ھیچ بەڵگەیەک لە خوتانەوە درۆ بۆ خوا ھەڵمەبەستن و بڵێن: ئەم شتە حەڵاڵە و ئەو شتە حەرامە، بەو مەبەستەی کە درۆ بۆ خوا ھەڵبەستن بەوەی شتێک حەرام بکەن ؛ خوای گەورە حەرامی نەکردبێت، یان شتێک حەڵاڵ بکەن خوای گەورە حەڵاڵی نەکردبێت، بێگومان ئەوانەی درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستن سەرفراز و سەرکەتوو نابن، وە ڕزگاریان نابێت لەوەی لێی ڕادەکەن.

(117) ئەوانە کەمێک لە ژیانی بێ نرخی دونیایان پێ دەدرێت بەوەی شوێن ھەوا و ئارەزووی خۆیان دەکەون لەم دونیایەدا، وە لە ڕۆژی دواییدا سزایەکی بە ئێش و ئازاریان بۆ ھەیە.

(118) بە تایبەت لەسەر جولەکەمان حەرام کرد - ئەی پێغەمبەر - هەروەكو پێشتر بۆمان باسکردیت (لە سورەتی الأنعام لە ئایەتی -١٤٦-) کە باس لە حەرام کردنی ئاژەڵ و باڵندەی نینۆک و چڕنوکدار و بەزی مانگا و مەڕ دەکات جگە لە بەز و چەوری پشت و ڕیخۆڵە و سەر ئێسکیان نەبێت، ئێمە کاتێک ئەوانەمان لەسەر حەرام کردن ستەممان لێ نەکردن، بەڵکو ئەوان خۆیان ستەمیان لە خۆیان کرد، کاتێک ھۆکارەکانی ئەو سزایەیان ئەنجامدا، ئێمەیش لەبەرامبەر ئەو خراپەکاریەیاندا تۆڵەمان لێ کردنەوە، بۆیە وەک سزایەک بۆیان ئەو شتانەمان لەسەر حەرام کردن.

(119) پاشان - ئەی پێغەمبەر - سەبارەت بەوانەی بەنەزانی ونەفامی گوناھ و تاوان ئەنجام دەدەن ولەسەرەنجامەکەی بێ ئاگان ئەگەرچی بەئەنقەستیش بیکەن پاشان دوای ئەو کارە خراپانە تەوبە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە، وە لەبری تاوان و گوناهـ کاری چاکە ئەنجام دەدەن، بێگومان پەروەردگارت لە گوناھەکانیان دەبورێت، وە زۆریش میھرەبانە بەرامبەریان.

(120) بێگومان ئیبراھیم (سەلامی خوای لەسەر بێت) ھەموو ڕەوشت و ئاکارە بەرز و چاکەکانی لە خۆیدا کۆکردبوەوە، وە ھەمیشە گوێڕایەڵی پەروەردگاری بوو، وە لە ھەموو ئاینێکی خوار و خێچ لایدابوو بەرەو ئاینی یەکخواپەرستی کە ئیسلامە، وە ھەرگیز ئیبراھیم لە ھاوبەشدانەران نەبووە.

(121) ئەو سوپاسگوزاری ئەو نیعمەت و بەخششانە بوو کە خوای گەورە پێی بەخشی بوو، خوایش بۆ پێغەمبەرێتی ھەڵیبژاردبوو ، وە ڕێنموونیشی کردبوو بۆ سەر ئاینی ئیسلام کە ئاینێکی ڕاست و دروستە.

(122) لە دونیادا ناوبانگێکی باشمان پێیدا و کردمان بە پێغەمبەر، وە ئەوانەیش دوای ئەو دێن وەسف وستایشی دەکەن و چاوی لێدەکەن، ھەروەھا پەروەردگار کوڕی ساڵح و چاکی پێ بەخشی، وە لە دواڕۆژیشدا بێگومان لە ڕیزی پیاوچاکاندایە، ئەوانەی خوای گەورە پلە زۆر بەرز و نایابەکانی بەھەشتی بۆ ئامادە کردوون.

(123) پاشان - ئەی پێغەمبەر - وەحیمان بۆ کردیت بە یەکخواپەرستی و خۆبەری کردن لە بتپەرستان و بانگەواز کردن بۆ لای خوا و کارکردن بە شەریعەت و بەرنامەکەی و شوێن ئاینی ئیبراھیم (سەلامی خوای لەسەر بێت) بکەویت، وە خۆت لە ھەموو ئاینێکی تر وەلانێ و ڕوو بکەرە ئیسلام، وە ئیبراھیم ھەرگیز لە ھاوبەشدانەران نەبووە، ھەروەک چۆن بتپەرست و موشریکەکان واگومانیان دەبرد وبانگەشەیان بۆ دەکرد، بەڵکو ئیبراھیم یەکخواپەرست بووە.

(124) بێگومان خوای گەورە ڕێزگرتنی ڕۆژی شەممانی لەسەر جولەکەکان فەرز کرد کە ڕاجیایان تێیدا ھەبوو لەگەڵ پێغەمبەرەکانیان، ئەم ڕێزگرتنەیش بۆ ئەوە بوو لەو ڕۆژەدا خۆیان یەکلایی بکەنەوە بۆ بەندایەتی و پەرستی خوای گەورە ، دوای ئەوەی تووشی گومڕایی ھاتن لە بارەی ڕۆژی ھەینییەوە کاتێک لەسەرەتاوە فەرمانیان پێکرا لەو ڕۆژەدا خۆیان یەکلایی بکەنەوە بۆ پەرستنی خوای گەورە، - ئەی پێغەمبەر - بێگومان پەروەردگارت ڕۆژی قیامەت لە نێوان ئەوانەی ڕاجیابوون بەدادگەرانە لە نێوانیاندا دادوەری دەکات و بڕیاری خۆی دەدات، وە پاداشتی ھەموو کەس بە شێوەیەکی شیاو و شایستە دەداتەوە.

(125) - ئەی پێغەمبەر - خۆت و شوێنکەوتوانت لە باوەڕداران بانگەواز بکەن بۆ ئاینی ئیسلام، بە شێوازێکی دانایی و کاربەجێی و پڕ لە حیکمەت ڕەچاوی ئەو کەسە بکرێت کە بانگی دەکرێت بۆ ئیسلام و ڕەچاوی ڕادەی تێگەیشتن و ھاتن بەدەم و ملکەچی بکرێت، وە بانگەوازی خەڵکی بکە بە ئامۆژگاری شیرین و جوان کەھەم موژدەیان پێ بدەیت بە بەھەشت و ھەم بیشیان ترسێنیت لە ئاگری دۆزەخ، وە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکە بەشێوازێکی زۆر جوان لە دەربڕینی ئاخاوتن و ڕەوشتی جوان و گەیاندنی پەیامەکەت پێیان، ئەوەش بزانە ھیدایەتدان و ڕێنومایی ئەوان لەسەر تۆ نییە، بەڵکو تۆ تەنھا ئەوەت لەسەرە پێیان ڕابگەیەنیت، بێگومان ھەر ئەویش زاناترە بە حاڵی ئەو کەسەی لە ئاینی ئیسلام لایداوە و گومڕا بووە، وە ھەر ئەویش زاناترە بە حاڵی ئەو کەسانە کە ھیدایەت دراون و رێنوێنی کراون بۆ ئیسلام، بۆیە زۆر خەفەتی لێ مەخۆ و دڵگران مەبە بۆیان.

(126) ئەگەر ویستان تۆڵە لە دوژمنەکانتان بکەنەوە ئەوا با بە ھاوشێوەی ئەوان چییان لێکردوون ئێوەیش وایان لێ بکەنەوە بێ زیادەڕۆیی کردن، خۆ ئەگەر ھاتوو ئارامتان گرت لە تۆڵە نەکردنەوە لێیان لە کاتێکدا دەسەڵاتیشتان ھەبێت بەسەریاندا، ئەوە کاری وا بۆ ئارامگران لە ئێوە باشترە تا تۆڵە لێکردنەوە.

(127) - ئەی پێغەمبەر - ئارام بگرە لەسەر ئەزیەت و ناڕەحەتی ئەوانە، ھەر خوایە یارمەتیت دەدات لەسەر ئارامگرتن، چونکە جگە لە یارمەتی دان و تەوفیقی خوا ھیچ یارمەتیەکی تر نییە، ھیچ خەفەت مەخۆ بۆ ئەوەی بێباوەڕان پشت دەکەنە بانگەوازەکەت، وە ھیچ دڵتەنگیش مەبە لەبەرامبەر ئەو فرت فێڵانەی بەردەوام لێتی دەکەن.

(128) بێگومان خوای گەورە لە گەڵ ئەو خواناسانایە کە واز لە گوناھ و تاوان دەھێنن، وە لەگەڵ چاکەکاراندایە، ئەوانەی گوێڕایەڵی ئەون بەجێ بەجێکردنی فەرمانەکانی، ئەو بە یارمەتیدان و پشتگیری لەگەڵیاندایە.