86 - At-Taariq ()

|

(1) اللە -تەعاﻻ- سوێند دەخوات بەئاسمان وئەو ئەستێرانەیشی لەشەودا دەردەکەون.

(2) -ئەی پێغەمبەر- تۆ چووزانیت ئەو ئەستێرە گەورەیەی لەشەودا دەردەکەوێت چییە؟

(3) ئەستێرەیەکە بە ڕووناکی ودرەوشاوەی خۆی تاریکی شەو كون دەكات.

(4) سوێند بەھەموو ئەوانە ھیچ کەسێک نییە چاودێری بەسەرەوە نەبێت (ھەموو کەس دوو فریشتە کردەوەکانی تۆمار دەکەن یەکێکیان چاکەکان وئەوی دیکەش خراپەکان)، بۆ لێپرسینەوەی ڕۆژی قیامەت.

(5) (واتە مرۆڤـــ بۆ ئەوەندە سەرکەشە) دەبا تەماشا بکات وسەرنج بدات کە اللە -تەعاﻻ- لە چی بەدیھێناوە، تاوەکو دەسەڵاتی ئەو زاتە پیرۆزەی بۆ دەرکەوێت وبێ توانایی وبێ دەسەڵاتی مرۆڤیشی بۆ ڕوون بێتەوە.

(6) اللە -تەعاﻻ- بەدیھێناوە لە ئاوێکی ھەڵقوڵاو -فڕێدراو- کەدەڕژێتە ناو منداڵدانەوە (واتە لە ئاوی پیاو وھێلکەدانی ئافرەت).

(7) ئەو ئاوە دەردەچێت لەناوەندی مۆرگەی ئێسکی پشتی پیاو، ودانەی پەراسووەکانی سینگی ئافرەتەوە.

(8) بێگومان اللە -تەعاﻻ- کە مرۆڤی بەدیھێناوە لەو ئاوە قێزەونە، بەدەسەڵات و بەتوانایشە لەسەر زیندوو کردنەوەی پاش مردنی وڕزانی لەخاکدا، بۆ لێپرسینەوە وپاداشتدانەوە.

(9) لە ڕۆژێکدا (کە ڕۆژی دواییە) ھەموو نھێنی وڕاز ونیاز وبیروباوەڕێکی ناو دڵەکان ئاشکرا دەکرێت، ئیتر لەو ڕۆژەدا چاکەکاران جیا دەکرێنەوە لە خراپەکاران.

(10) ئادەمیزاد لەو ڕۆژەدا ھیچ ھێز وپشتیوانێکی نییە کە ڕزگاری بکات لەسزای اللە -تەعاﻻ-، وە ھیچ یارمەتیدەرێکی نییە یارمەتی بدات.

(11) اللە -تەعاﻻ- سوێند دەخوات بە ئاسمانی خاوەن باران، چونکە لەوێوە جار لەدوای جار دەبارێتە سەر زەوی.

(12) وە سوێند دەخوات بە زەوی خاوەن درز وقڵیش (کە بەھۆی دەرھاتنی دار ودرەخت وبەرهەم وڕووەکەوە درزی تێ دەبێت).

(13) بێگومان ئەم قورئانە پیرۆزەی دابەزیووە بۆ سەر موحەممەد -صلی اللە علیە وسلم- وتەی جیاکەرەوەیە، ھەق لە پوچەڵ -باتڵ-، وڕاستی لەدرۆ جیا دەکاتەوه.

(14) ئەم قورئانە وتەی گاڵتە وگەپ وناڕەوا وبێھوودە نییە، بەڵکو وتەی ھەق وڕاستیە.

(15) بێگومان بێباوەڕان، ئەوانەی باوەڕیان نیە بەوەی پێغەمبەرەکەیان بۆی ھێناون، ھەردەم خەریکی پیلان وفڕوفێڵن بۆ ئەوەی لەمپەر وکۆسپ بۆ بانگەوازەکەی دروست بکەن، وپوچەڵی بکەنەوە.

(16) وە منیش پیلان ونەخشەی خۆم دەخەمە کار بۆ ئاشکرا کردنی ئاینی ھەق وڕاستی ولەناو بردنی پوچەڵ -ناڕەوا-.

(17) جا تۆیش -ئەی پێغەمبەر- پەلە مەکە لەو بێباوەڕانه، وکەمێک مۆڵەتیان بدە ولێیان بوەستە، وپەلە مەکە سەبارەت بە سزادان ولەناوبردنیان.