(1) (الٓر) پێشووتر واتا و مەبەستی ئەم جۆرە ئایەتانەمان لە سەرەتای سورەتی (البقرة) وە ڕوونکردەوە، ئەم ئایەتانەی لەم سورەتەدا دەخوێنرێنەوە ھەموویان ئایەتی قورئانی مەحکەم و واتا و مەبەست دیارن کە پێکھاتوون لە چەندین حیکمەت و کۆمەڵێک ئەحکامی بەپێز.
(2) ئایا بۆ خەڵکی جێگای سەرسوڕمانە کە ئێمە وەحیمان بۆ پیاوێک کردووە لە جنسی خۆیان و مرۆڤە، فەرمانمان پێکردووە کە سەرجەم خەڵکی لە سزای خوا بترسێنە؟! جا - ئەی پێغەمبەر - موژدە بدە بەوانەی کە باوەڕیان ھێناوە بە خوای گەورە، لەبەرامبەر ئەو کاروکردەوە باشانەی کە پێش دەستی خۆیان خستووە خوای گەورە پلە و پایەیەکی بەرزی بۆ ئامادە کردوون، کەچی بێباوەڕەکان وتیان: ئەم پیاوەی ئەم ئایەتانەی ھێناوە جادووگەرێکی ڕوون و ئاشکرایە.
(3) ئەی ئەوانەی سەرتان سووڕ دەمێنێت لەوەھا کارێک پەروەردگاری ئێوە اللە (جل جلالە) وە کە ئاسمانەکانی بەو گەورەییە، وە زەویشی بەو فراوانییە لە شەش ڕۆژدا دروستکردووە، پاشان بەرز و بڵند بوویەوە بۆ سەر عەرش بەو شێوەیەی کە شایستە و شیاوی زاتی ھەق تەعالای ئەو بێت، ئیتر چۆن سەرتان سوڕ دەمێنێت کە خوای گەورە پێغەمبەرێک لە ڕەگەز و جنسی خۆتان بۆ بنێرێت؟! ھەر ئەو بە تەنھا بۆ خۆی کاروباری تەواوی موڵکی فراوانی خۆی بەرێوە دەبات و ھەڵی دەسوڕێنێت، وە ھیچ کەسێک بەبێ مۆڵەت و ڕەزامەندی ئەو ناتوانێت شەفاعەت و تکا بۆ ھیچ کەسێک بکات، ئەو زاتەی ئەوە سیفاتی بێت (اللە) تەعالایە کە پەروەردگاری ئێوەیە، جا بۆیە ئێوەیش تەنھا ھەر ئەو بپەرستن، ئاخۆ ئیتر بەم ھەمووە بەڵگە ڕوون و دیارانە پەند و ئامۆژگاری وەرناگرن؟ ھەرکەسێک بەئەندازەی تۆزقاڵێک ژیری و زانیاری ھەبێت پەند و ئامۆژگاری لەمە وەردەگرێت و باوەڕی پێ دەھێنێت.
(4) گەڕانەوەیشتان ھەموو ھەر بۆ لای ئەوە لە ڕۆژی قیامەتدا، بۆ ئەوەی پاداشت و سزای کاروکردەوەکانتان بداتەوە، خوای گەورە بەمە بەڵێنی ڕاست و دروستی داوە بە خەڵکی وە ھیچ کاتێکیش پێچەوانەی بەڵێنەکەی ڕوونادات، وە ئەو بەدەسەڵاتە لەجێ بەجێکردنیدا، چونکە بەڕاستی ھەر ئەو بۆ خۆی لە سەرەتاوە دروستکراوەکانی خۆی بە دی دەھێنێت بە شێوەیەک پێشووتر وێنەی نەبووە، وە پاش مردن و تیاچوونیان دەیانگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی باوەڕیان بە خوا ھێناوە و کاروکردەوەی چاکیان ئەنجامداوە بە دادگەری پاداشتیان بداتەوە، وە ھیچیش لە چاکەکانیان کەم ناکاتەوە، وە ھیچیش لە گوناھ و تاوانەکانیان زیاد ناکات، ئەوانەیش کە بێباوەڕن بە خوای گەورە و پێغەمبەرەکەی خواردنەوەیەکی زۆر گەرمی بێ ئەندازە و سزایەکی بە ئازاریان بۆ ھەیە، کە ھەموو ڕێخۆڵەکانیان لەت و پەت دەکات، ئەویش ھەموو بە ھۆی بێباوەڕیان بە خوا و پێغەمبەرەکانی.
(5) خوای گەورە ھەر ئەو زاتەیە کە تیشك و ڕوناکی بە ڕۆژ بەخشیوە و بڵاوی دەکاتەوە، وە مانگیشی ڕووناک کردوەتەوە کە سوود لە ڕوناکیەکی وەردەگیرێت، وە چەند جێگا و مەنزڵگەیەکیشی بۆ دیاریکردووە بە ژمارەی بیست و ھەشت جێگاکەی، مەنزڵگەیش بریتییە لەو ماوەیەی کە لە شەو و ڕۆژێکدا دەیبڕێت، بۆ ئەوەی - ئەی خەڵکینە - بە ڕۆژ ژمارەی ڕۆژەکان و بە مانگیش ژمارەی مانگ و ساڵەکانتان بزانن، خوای گەورە ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەیش لە ناویاندایە بێھوودە دروست نەکردووە بەڵکو بەھەق و ڕاستی بە دیھێناوە، تاوەکو دەسەڵات و گەورەیی خۆی بۆ خەڵکی بە دیار بخات، خوای گەورە ئەم ئایەت و نیشانە و بەڵگە ڕوون و دیارانەی ڕوون کردوەتەوە بۆ گەل و کەسانێک کە بە دەسەڵاتی ئەو بزانن کە چۆن بەڵگەن لەسەر گەورەیی و ھێز و دسەڵاتی بێ سنووری ئەو.
(6) بێگومان لە ھاتوچۆی شەو و ڕۆژ و ئاڵوگۆڕیان بە سەر بەندەکاندا، وە ئەو تاریکی و ڕووناکیەش لە ئەنجامی شەو و ڕۆژ دروست دەبێت، کورتی یەکێکیان و درێژی ئەوی دیکەیان، وە ئەو ھەموو دروستکراوانەیش لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەن ھەر ھەمووی بەڵگە و نیشانەن لەسەر گەورەیی دەسەڵاتی خوای گەورە بۆ کەسانێک کە لە سزای خوا خۆیان دەپارێزن بە بەجێھێنانی فەرمانەکانی و دوورکەوتنەوە لە ڕێگرییەکانی.
(7) ئەو بێباوەڕانەی کە بە ئومێدی گەیشتن نین بە ئێمە و چاوەڕوانی زیندووبوونەوە نین تاوەکو لێی بترسن یان کاری بۆ بکەن، وە ڕازی بوون بە ژیانی دونیایەک کە تێدا دەچێت و نامێنێت، وە ئەو ژیانەیان ھەڵبژاردووە بەسەر ژیانی دواڕۆژدا کە ھەمیشەییە و ھەردەمێنێت، وە دڵیان ئارام و ھێمنە بۆ ژیانی دونیا و پێی دڵخۆش و ئاسوودەن، چونکە وا دەزانن ھەرگیز نامرن، وە ئەوانەی کە پشتیان لە ئایەت و بەڵگە و نیشانەکانی خوا کردووە غافڵ و بێئاگان.
(8) ئەوانەی ئەوە سیفات و کار و کردەوەیانە جێگا و شوێنی مانەوەیان ئاگری دۆزەخە، ئەویش بەھۆی بێباوەڕی و کردەوەی خراپی خۆیان کە پێغەمبەریان بەدرۆزانی و باوەڕیان بە ڕۆژی قیامەت و زیندووبوونەوە نەبوو.
(9) بە ڕاستی ئەوانەیش کە باوەڕیان بە خوا ھێنا و کاروکردەوەی چاکیان ئەنجامدا، بەھۆی باوەڕ و کاروکردەوەی چاکیانەوە خوای گەورە ڕێنوێنیان دەکات بۆ ئەنجامدانی ھەموو کاروکردەوەیەکی چاک کە ببێتە ھۆی ڕەزامەندی خۆی، پاشانیش لە ڕۆژی قیامەتدا خوای گەورە بە ھەمیشەیی دەیانخاتە بەھەشتانێکی پر لەناز و نیعمەت، کە بە ژێر دار و درەخت و کۆشک و تەلارەکانیدا گەلێک ڕوبار و جۆگە و کانیاو تێدەپەڕێت.
(10) لەناو ئەو بەھەشتانەدا نزا و پاڕانەوە و بانگ کردنی ئەمانە ئەوەیە کە تەسبیحاتی خوا دەکەن و بەپاک و پوختە و مونەزەھـ ڕای دەگرن و دەڵێن: خوایە تۆ پاکوخاوێنی لە ھەموو کەم و کورتیەک، وە ھیچ ھاوەڵ و شەریکێکیت نییە، وە سڵاوی خوای گەورە بۆ ئەوان، وە سڵاوی فریشتەکان و سڵاوی خۆیشیان لەناو خۆیاندا ئەوەیە کە دەڵێن: سەلام و ئاشتی و ئارامیتان لەسەر بێت، وە کۆتا پاڕانەوەیشیان ئەوەیە دەڵێن: سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە ، پەروەردگاری تەواوی دروستکراوەکان لە ھەموو جیھاندا لەسەر ھەموو ئەو ناز و نیعمەتانەی کەپێی بەخشیوین.
(11) خۆ ئەگەر خوای گەورەش پەلەی بکردایە و نزای شەڕی مرۆڤەکانی گیرا بکردایە لەکاتی توڕەبوون لە خۆیان و ماڵ و منداڵ و سەروەت و سامانیان، ھەروەک چۆن نزای خێریان گیرا دەکات ئاوایش نزای شەڕی گیرا بکردنایە ئەوە خوای گەورە لە ناوی دەبردن، بەڵام خوا بەو جۆرە ناکات و مۆڵەتیان دەدات و واز دەھێنێت لەوانەی کە چاوەڕوانی گەڕانەوە نین بۆ لای خوا - چونکە لەسزای خوا ناترسن و ئومێدی پاداشت و زیندووبوونەوەیان نییە - خوای گەورە وازیان لێدەھێنێت بۆ ئەوەی لە نێو سەرکەشی و سەرگەردانی و دوودڵی و دڵەڕاوکی لەبەرامبەر ڕۆژی دوایی بمێننەوە.
(12) کاتێک مرۆڤی بێباوەڕ و گوناھبار تووشی زەرەرو زیانێک یان نەخۆشی و ناڕەحەتیەک دەبێت، بەزەلیلی و کۆزڵیەوە بەھەموو شێوەیەک ھانا و ھاوارمان بۆ دەبات لەسەر تەنیشت یان بەڕاکشاوی یان بە پێوە یان بەدانیشتنەوە، بە ئومێدی ئەوەی خوای گەورە ئەو گرفت و زەرەر و زیانەی لەسەر ھەڵبگرێت و لای ببات، جا کاتێکیش نزا و پاڕانەوەکەیمان گیرا کرد، وە ناڕەحەتی و زیانەکەمان لەسەر لابرد، وا بەردەوام دەبێت لەسەر گوناھ و تاوان و خراپەکاری وەک ئەوەی ھەرگیز نزای نەکردبێت و نەپاڕابێتەوە بۆ لابردنی زیانێک دووچاری بوو بوو ، ھەر ئابەو جۆرەی کە دونیامان ڕازاندەوە بۆ ئەم لەخوا یاخی و پشتھەڵکەرە لە دینی خوا تاوەکو بەردەوام بێت لەسەر گومڕایی و خراپەکاری، ھەر بەو شێوەیەش کار وکردەوەی لە سنوور دەرچووەکان لە بێباوەڕی و گوناھ و تاوان بۆیان دەڕازێنینەوە تاوەکو بێئاگابن لەشوکر و سوپاسی خوای گەورە.
(13) - ئەی بتپەرست و موشریکینە - بێگومان ئوممەت و گەلانی پێش ئێوەمان لەناو برد و تیاچوون، ئەویش بەھۆی ئەوەی پێغەمبەرانی خوایان بەدرۆزانی و باوەڕیان پێ نەکردن و گوناهـ و تاوانیان ئەنجامدا، وە پێغەمبەرانی خوای گەورە بە بەڵگەی ڕوون و ئاشکراوە ھاتن بۆ لایان کە بەڵگە بوون لەسەر ڕاستگۆیی ئەوەی کە لە لایەن خوای گەورەوە بۆیان ھێنابوون، کەچی باوەڕیان پێ نەھێنان و لەسەر باوەڕ بە خوا دانەمەزران، چونکە ئەوان ئامادە نەبوون باوەڕیان پێ بھێنن، ئەوە بوو خوای گەورەش سوک و ڕسوای کردن و سەرکەوتووی نەکردن، ئێمە ھەر بەو شێوەیەی کە سزای ئوممەتانی ستەمکارمان دا، سزای ھاوشێوەکانیشان دەدەین لەھەموو کات و شوێنێکدا.
(14) - ئەی خەڵکینە - پاش ئەو گەل و ئوممەتانەی کە بە ھۆی بێباوەڕییانەوە لەناومان بردن ئێوەمان کردە جێگرەوە و جێنشینی ئەوان لەسەر زەوی، تاوەکو ببینین ئێوەیش چی ئەنجام دەدەن و چۆن ڕەفتار دەکەن؟ ئایا کاری خێر و چاکە ئەنجام دەدەن تاوەکو پاداشتی لەسەر وەربگرن، یاخود گوناھ و تاوان دەکەن و سزا و تۆڵەکەی وەربگرنەوە.
(15) ھەرکاتێک ئایەتە ڕوون و ئاشکراکانی ئێمەیان بەسەردا بخوێنرێتەوە کە بەڵگەن لەسەر یەکخواپەرستی، ئەوانەی باوەڕیان بە زیندووبونەوە نییە، وە بە ھیوای پاداشت نین و لە تۆڵە و سزای خوایش ناترسن، دەڵێن: - ئەی موحەممەد - قورئانێکی ترمان بو بھێنە جگە لەم قورئانەی کە تانە و تەشەر و سوکایەتی دەکات بە پەرستنی بتەکانمان، یان بیگۆڕە بە شتێکی تر کە ھەندێکی بسرێتەوە یان ھەر ھەمووی بەجۆرێک لەگەڵ ئارەزووەکانماندا پێک بێتەوە ، تۆیش - ئەی پێغەمبەری خوا - پێیان بڵێ: من بۆم نییە بیگۆڕم، وە ناشتوانم شتێکی تر جگە لە قورئانتان بۆ بھێنم، بەڵکو تەنھا خوای گەورە (جل جلالە) ئەگەر بیەوێت شتێکی لێ دەگۆڕێت، منیش تەنھا شوێنی ئەوە دەکەوم کەخوای گەورە وەحی و نیگای بۆ کردووم، من دەترسم لە سزای ڕۆژێکی زۆر گەورە، سزای ڕۆژی قیامەت ، ئەگەر سەرپێچی خوا بکەم بەوەی وەڵامی داواکاریەکانتان بدەمەوە.
(16) -ئەی پێغەمبەر - بڵێ: ئەگەر خوای گەورە ویستی لەسەر نەبوایە ئەو قورئانەیشی بۆم خوێندنەوە بۆتانم نەدەخوێندەوە، وە پێم ڕانەدەگەیاندن، وە ئەگەر ویستی ئەوی لەسەر نەبوایە ئەوا لەسەر زاری منەوە بە قورئان ئاگاداری نەدەکردنەوە، من ماوەیەکی دوور و درێژ کە چل ساڵ بوو- لەناوتاندا مامەوە، نەمدەتوانی بخوێنمەوە و بنوسم، وە ھیچ کاتێکیش ئەم داوایەم لێتان نەبوو، وە نەگەڕاویشم بە شوێنیدا، ئیتر بۆچی ژیر نابن، و تێبگەن ئەوەی بۆم ھێناون لەلایەن خوای گەورەوەیە، وە ھیچ کاری بەمنەوە نییە؟!
(17) ھیچ کەس ھێندەی ئەو کەسە ستەمکارتر نییە کە درۆ و دەلەسە بۆ خوا ھەڵبەستێ و بە ناوی خوای گەورەوە قسە بکات، ئیتر من چۆن دەتوانم قورئان بگۆڕم و درۆ بۆ خوا ھەڵبەستم؟! بێگومان ئەوانەی سنورەکانی خوا دەبەزێنن بەوەی درۆی بۆ ھەڵدەبەستن و بە ناوی ئەوەوە درۆ دەکەن ھەرگیز سەرفراز نابن و داواکاریەکانیان نایەتەدی.
(18) موشریک و بتپەرستەکان جگە لە خوای گەورە پەرستن و عیبادەتی شتانێک دەکەن نە زیانیان لێ لادەدەن وە نەسودیشیان پێ دەگەیەنن، چونکە پەرستراوی بەھەق ئەگەر ویست بکات دەتوانێت زیان و سوود بەکەسانی تر بگەیەنێت، ئەوان لەبارەی ئەو بتانەی کردونیان بەخوا و پەرستراوی خۆیان دەڵێن: ئەوان لای خوا تکامان بۆ دەکەن و خوا بەھۆی تاوان و گوناھەکانمانەوە سزامان نادات، تۆیش - ئەی پێغەمبەری خوا - پێیان بڵێ: ئایا ئێوە ھەواڵ بە خوای گەورەی زانا دەدەن کە ھاوەڵ و شەریکی ھەیە؟ لە کاتێکدا ئەو شک نابات لە ئاسمانەکان و زەویدا کەسێک هەبێت شەریک وھاوەڵی ئەو بێت، وە کەسیش نییە بتوانێت تکا بکات بەبێ مۆڵەتی ئەو، خوای گەورە زۆر پاک و بیگەرد و بەرزترە لەوەی موشریک و بتپەرستەکان بە درۆ و بە ناھەقی بۆی ھەڵدەبەستن.
(19) لە سەرەتای ژیانەوە ھەموو خەڵکی یەک ئاینیان ھەبوو، موسڵمان و یەکخواپەرست بوون، بەڵام دواتر لە نێو خۆیاندا جیاوازی کەوتە نێوانیان و ناکۆکبوون و لەیەکترازان، بەناردنی پێغەمبەران ھەندێکیان بە باوەڕداری مانەوە، وە ھەندێکی تریان بێباوەڕ بوون، ئەگەر پێشتر بڕیارێک لەلایەن پەروەردگارتەوە دەرنەچوایە کە ئەو لەسەر ئەو جیاوازی و ناکۆکییە لە دونیادا ھیچ حوكم و بڕیارێک دەرنەکات لە نێوانیاندا، بەڵکو لەڕۆژی قیامەتدا حوکم و بڕیاریان لەسەر دەردەکات، ئەگەر لەبەر ئەوە نەبوایە ئەوا ھەر لە دونیادا لەسەر جیاوازی و ناکۆکی نێوانیان بڕیاری لەسەر دەردەکردن، ئەو ساتە ھیدایەتدراو و ڕێنوماییکراو لە گومڕا و سەرلێشێواو دەردەکەوت و ڕوون دەبوویەوە.
(20) بتپەرست و موشریکەکان دەڵێن: ئایا نەدەکرا لەلایەن پەروەردگارییەوە بەڵگە و موعجیزەیەک داببەزیایە بۆ موحەممەد شاھیدی ڕاستی بۆ بدایە؟ تۆیش - ئەی پێغەمبەری خوا - پێیان بڵێ: دابەزینی بەڵگە و نیشانە و موعجیزە عیلم و زانینی غەیبە و تایبەتە بە خوای گەورە، دەی چاوەڕوان بن، منیش لەگەڵ ئێوە چاوەڕوانم کە ئەو بەڵگە و نیشانە و موعجیزە ھەست پێکراوەی داوای دەکەن ببینین، چونکە من ھیچ شتێکم بەدەست نییە.
(21) ھەرکاتێک بەو خەڵکە بتپەرست و موشریکە نازو نیعمەت و خۆشیەک دەچێژین لە باران و لەوەڕ دوای بێ بارانی و قات و قڕی و بێھیوا بوون، کەچی دەبینیت خێرا گاڵتە و لاقرتی دەکەن بە ئایەت و نیشانە و بەڵگەکانمان و بەدرۆیان دەزانن و گزیی و فڕت و فێڵێان بەرامبەر دەکەن، جا - ئەی پێغەمبەری خوا - بەو بتپەرست و موشریکانە بڵێ: خوای گەورە لەوان بە پەلەتر نەخشە و پیلان بۆ لەناو بردنتان دادەڕێژێت و کەمەندکێشتان دەکات بۆ تۆڵەسەندنەوە، بێگومانبن ھەر فڕت و فێڵێک بکەن فریشتەکان دەینوسن و تۆماری دەکەن، وە ھیچ شتێکیان لەدەست دەرناچێت، ئیتر خالق و دروستکەری ئەوان چۆن لەدەستی دەردەچێت؟! وە خوای گەورە تۆڵەی ھەموو ئەو فڕت و فێڵانەتان لێ دەسێنێت.
(22) - ئەی خەڵکینە - خوا ئەو خوایەیە کە لە وشکانی و دەریادا بەڕێتان دەکات، لە وشکانی لەسەر پێیەکانتان و بەسواری وڵاخەکانتان بەڕێتان دەکات، وە لەدەریایشدا بەکەشتیەکان، تا کاتێک لە دەریا لەناو کەشتیەکاندان و شنەبایەکی فێنک و خۆشتان بۆ دێت کەشتیەکانتان بەرێوە دەبات و سەرنشینەکانی خۆشحاڵ دەبن پێی، جا لەو کاتەی ئەوان لەناو خۆشی خۆیاندان لەپڕ ڕەشەبا و تۆفان و گەردەلولێکی بەھێز بۆیان دێت، وە شەپۆلی دەریایش لە ھەموو لایەکەوە پەلاماریان دەدات، ئیتر ئەو کاتە چاک دەزانن کە کەوتونەتە ناو گێژاوی دەریا و دەوریان گیراوە و تیادەچن، ئا لەو کاتەدا بەو پەڕی دڵسۆزی و گەردن کەچیەوە تەنھا ھانا بۆ خوای تاک و تەنھا دەبەن، وە ھەموو بت و پەرستراوەکانی تر لەبیر دەکەن و دەڵێن: ئەی خوایە ئەگەر ئەمجارە ڕزگارمان کەیت لەم بەڵا و موصیبەت و ناڕەحەتیەی کەلەناومان دەبات لە شوکرانەبژێران دەبین بۆ ھەموو ئەو ناز و نیعمەتانەی پێت بەخشیوین.
(23) جا کاتێک خوای گەورە نزا و پاڕانەوەکەیانی گیرا کرد، وە لەو ناڕەحەتی و بەڵاو موصیبەتە ڕزگاری کردن، دیسان دەگەڕێنەوە سەر ئەنجامدانی خراپەکاری بە بێباوەڕی و گوناهـ و تاوانکردن لەسەر زەوی، - ئەی خەڵکینە - بەخەبەر بێنەوە سەرەنجام و ئۆباڵی زوڵم و ستەم و خراپەکاریتان سزاکەی تەنھا بۆ خۆتانە، خوای گەورە بە زوڵم و ستەم و خراپەکاری ئێوە ھیچ زیانی پێ ناگات، لە ژیانی دونیادا ماوەیەک لەزەتی لێ دەبینن کە کۆتایی دێت و دەڕوات، پاشان لە ڕۆژی قیامەتدا بۆ لای ئێمە دەگەڕێنەوە، ئەو کاتە ھەواڵتان پێ دەدەین کە چی گوناهـ و تاوانێکتان ئەنجامداوە، وە سزایشتان دەدەینەوە لەسەر ھەموو کردەوەکانتان.
(24) نموونەی ژیانی ئەم دونیایە کە تام و لەزەتی لێ دەبینن، لە خێراچون و کۆتایی پێ ھاتنی ھەر وەک ئەو بارانە وایە کە لە ئاسمانەوە دامانبەزاندووە کە ڕووەک و دانەوێڵەکانی زەوی پێ تێکەڵ دەبێت بەسەر ھەندێکی تریدا کە خەڵکی لە دانەوێڵە و بەرووبوم و میوەکان دەخۆن، وە ئەوەیشی لە پووش و پەڵاش مەڕ و ماڵات و وڵاخەکان دەیخۆن، تا ئەو کاتەی زەوی بۆ خۆی ڕەنگا و ڕەنگ دەبێت جوانی و قەشەنگی خۆی بە گژ و گیاو گوڵ و گوڵزار لە ھەموو ڕەنگێک دەردەخات، وە خاوەنەکەی وادەزانێت دەسەڵاتی ھەیە بەسەر چنین و دروێنەکردنی ئەوەی پێگەیشتووە و سەوز بووە، لەپڕ بە شەو یان بە ڕۆژ فەرمانی ئێمە بۆ وێرانکردن و تێکدانی دێت جا بە ئافات و نەخۆشی یان بە لافاو و بروسکە و تۆفان بێت، وای بەسەر دێت وەک ئەوەی کە دوێنێ ئەو نەبووبێت کە ئاوا بە دار و درەخت و گوڵ و گوڵزار ڕازابوویەوە، ھەروەک چۆن حاڵ و گوزەرانی دونیامان بۆ ڕوونکردنەوە کە چۆن بەخێرایی تێدەپەڕێت ئا بەو شێوەیەش بەڵگە و نیشانەکانی خۆمان ڕوون دەکەینەوە بۆ کەسانێک کەبیر بکەنەوە پەند و ئامۆژگاری لێ وەربگرن.
(25) خوای گەورە ھەموو خەڵکی بانگ دەکات بۆ بەھەشتەکەی کە شوێن و جێگای سەلامەتی و ئارامی و دڵنیاییە، خەڵکی لە ھەموو جۆرە بەڵا و ناڕەحەتی و خەم و پەژارەیەک پارێزراو دەبن، وە مردنیش جارێکی تر یەخەیان ناگرێت، وە خوای گەورە ھەرکەسێک خۆی بیەوێت و بەشیاوی بزانێت ڕێنومایی دەکات بۆ لای ڕێگای ڕاست، بۆ لای ئاینی ئیسلام، کە ئەمانگەیەنێتە ئەم خانەی ئارامی و دڵنیاییەی بەھەشت.
(26) ئەوانەی کە چاکەکار بوون، ئەوەی خوای گەورە لەسەری واجب و پێویست کردوون لە تاعەت و گوێڕایەڵی خوای گەورە پێی ھەستاون، وە وازیان ھێناوە لەوەی حەرامی کردووە لەسەریان لە گوناھ و تاوان و خراپەکاری، پاداشتی زۆر چاکیان بۆ ھەیە کە بریتیە لە چونە بەھەشت، نەک ھەر ھێندە بەڵكو زیاتر لەوە، تەماشاکردنی ڕووی پیرۆزی خوای گەورە، وە ھیچ ڕەشایی و تەپوتۆزێک نانیشێت لە ڕوومەتیان، وە زەلیلی و سەرشۆریش ڕوویان تێ ناکات، ئەوانەی کە بەو شێوەیە وەسفکران بەھەمیشەیی لە بەھەشتدا دەمێننەوە.
(27) ئەوانەشی خراپەکاریان کردووە لە کوفر و بێباوەڕی و گوناھ و تاوان، تۆڵەی گشت خراپەیەکیان لە ڕۆژی دواییدا بە ئەندازەی ئەو خراپەیەیە ئەنجامیانداوە لێ دەسەنرێتەوە و بۆیان زیاد ناکرێت، وە زەلیلی و زەبوونی ڕومەتیان دادەگرێت، وە ھیچ ڕێگرێک نییە بتوانێت بەر سزا و تۆڵەی خوای گەورە بگرێت ئەگەر دابەزی بۆیان، ڕوومەت و دەموچاویان بەشێوەیەک ڕەش ھەڵدەگەڕێت دەڵێیت تاریكی شەوێکی ئەنگوستەچاو کراوە بەبەریاندا لەتاو دوکەڵی ئەو ئاگرەی پێی دەبرژێن و دەسوتێن، ئەوانە ھاوەڵی ئاگری دۆزەخن و بەھەمیشەیی و ھەتاھەتایی تێیدا دەمێننەوە.
(28) - ئەی پێغەمبەر - ئەو ڕۆژە وەبیر بھێنەرەوە کەتەواوی دروستکراوەکان بۆ لێپرسینەوە و موحاسەبەکردن کۆدەکەینەوە، پاشان بەوانە دەڵێین کە لە دونیادا ھاوەڵیان بۆ خوای گەورە بڕیار دەدا، - ئەی بتپەرست و موشرکینە - ئێوە و ئەوانەیشی کە کردبوتان بە شەریک و ھاوەڵی خوا لە جێگای خۆتان بوەستن و نەجوڵێن، ئەو کاتە ئەوان و خواکانیان لێک جودا دەکەینەوە، ئەوانەی کرابوون بەشەریک و ھاوەڵی خوا و لەبری ئەو دەپەرستران لەو کەسانە جیا دەکەینەوە کە دەیان پەرستن، ئەوانەی کە کرابون بە خوا و لەبری ئەو دەپەرستران خۆیان تەبەڕا دەکەن لەو کەسانەی کە دەیانپەرستن و پێیان دەڵێن: ھەرگیز ئێوە لە دونیادا ئێمەتان نەپەرستووە.
(29) لێرەدا خواکانیان تەبەڕا لەو کەسانە دەکەن کە لەبری خوا پەرستویانن و پێیان دەڵێن: بەسە خوای گەورە شاھید بێت لە نێوانماندا، ئێمە ھەرگیز ڕازی نەبووین کە ئێوە ئێمە بپەرستن، وە فەرمانی لەو شێوەیەشمان پێ نەکردوون، وە ئێمە بێئاگابووین لە عیبادەت و پەرستنی ئێوە بۆ ئێمە.
(30) لەو ھەڵوێستە گەورە و ناڕەحەتەدا ھەموو کەس تاقی دەکرێتەوە بە ھۆی ئەو کردەوانەی پێشتر کە لە دونیادا کردوونی، چاکەکاران پاداشتی چاکەکانیان وەردەگرنەوە و خراپەکارانیش تۆڵەی گوناھ و تاوان و بێباوەڕیان، ئیتر بتپەرست و موشریکەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ لای پەروەردگاری ھەق و ڕاستی خۆیان، ئەو بۆ خۆی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات، وە ھەموو ئەو درۆ و دەلەسانەی دەیانکرد لەوەی گوایە خواکانیان شەفاعەتیان بۆ دەکەن و ڕزگاریان دەکەن، ھەر ھەمووی دەڕاوت و نامێنێت، وە ھیچ سوودیان پێ ناگەیەنن.
(31) - ئەی پێغەمبەر - تۆ بەو بتپەرست و موشریکانە بڵێ: ئەوە کێیە بە باران بارین لە ئاسمانەوە، وە بەڕووەک و دانەوێڵە و کانزا و بەروبومەکانی لە زەوییەوە ڕزق و ڕۆزی ئێوە دەدات؟ وە ئەوە کێیە زیندوو لە مردوو دەردەھێنێت، وەک ئەوەی مرۆڤی لە دڵۆپە ئاوێکی بێ گیان دروست کردووە، وە باڵندەیەکی لە ھێلکەیەک بەدیھێناوە، وە ئەوە کێیە مردوو لە زیندوو دەردەھێنێت، وەک ئەوەی نوتفە و دڵۆپە ئاوێکی بێ گیان لەگیاندارێک بەدی دەھێنێت، وە ھێلکەیەک لەباڵندەیەک دروست دەکات؟ وە ئەوە کێیە زۆر بە وردی کاروباری ئەم بوونەوەرە لە ئاسمانەکان و زەوی و ئەو مەخلوقات و دروستکراوانەی کە لە سەرینی بەرێوە دەبات؟ ئەو بتپەرست و بێباوەڕانە وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن: بکەر و ئەنجامدەری ھەموو ئەوانە تەنھا اللە یە، تۆیش پێیان بڵێ: ئایا پێشتر ئەوەتان نەدەزانی، وە بۆ لە خوا نەدەترسان، فەرمانەکانی بەجێ بھێنن و دوور بکەنەوە لەو شتانەی ڕێگری لێ کردبوون ؟
(32) - ئەی خەڵکینە - ئەو خوا بە دەسەڵاتەیە پەروەردگاری ئێوە، دروستکەر و بەدیھێنەری ڕاستەقینەی ئێوەیە، وە بەرێوەبەر و ھەڵسوڕێنەری کاروبارەکانتانە، ئیتر باشە بەدەر لە گومڕایی و سەرلێشێواوی پاش ھەق و ڕاستی کە ھەر پەرستنی خوای گەورەیە چیترێکی تر ھەیە. ئایا ئیتر بۆچی لەم ھەقە ڕوون و ئاشکرایە لادەدەن و گومڕا دەبن؟ وە بۆچی ژیری و ھۆشتان ناخەنە کار لەبەرامبەر ئەم ھەقە ڕوون و ئاشکرایانەدا ؟
(33) ھەروەک چۆن پەروەردگاریەتی ڕاستەقینە بۆ اللە تەعالا چەسپا و جێگیر بوو، بەو جۆرە وشە و بڕیاری خوای گەورە جێ بەجێ بوو بەسەر ئەوانەی لەسنووری خوا دەرچوون، وە حوکمی ئەو بەڕاست گەڕا.
(34) - ئەی پێغەمبەری خوا - بەو بت پەرست و موشریکانە بڵێ: ئایا لە نێوان ئەو ھاوبەشانەی کە جگە لەخوا دەیانپەرستن کەسیان دەتوانن سەرەتا شتێک بەدی بھێنێت بەبێ ئەوەی پێشتر بوونی ھەبووبێت، وە پاش مردنیشی زیندووی بکاتەوە؟ پێیان بڵێ: ئەوە خوای گەورەیە کە دەتوانێت لەسەرەتاوە شتێک بە بێ ئەوەی پێشتر بوونی ھەبووبێت بەدی بھێنێت، وە دوای مردنیشی زیندووی بکاتەوە، ئایا ئیتر - ئەی بتپەرست و موشرکینە - بۆچی لە ھەق و ڕاستی لادەدەن و بەرەو ناھەقی و باتڵ ڕوو دەنێن؟
(35) وە - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: ئایا لە نێوان ئەو ھاوبەشانەی کەجگە لەخوا دەیانپەرستن کەسی وایان تێدایە بتوانێت ڕێنومایی خەڵکی بکات بۆ ھەق و ڕاستی؟ پێیان بڵێ: ئەوە تەنھا خوای تاکانەیە ڕێنومایی خەڵکی دەکات بۆ لای ھەق و ڕاستی، ئایا ئەو کەسەی کە بتوانێت ڕێنومایی خەڵکی بکات بۆ لای ھەق و ڕاستی و بانگیان بکات بۆی شیاوتر نییە شوێنی بکەویت و پەیڕەوی لە فەرمانەکانی بکەیت، لەو پەرستراوانەی کە ئێوە دەیانپەرستن کە ناتوانن ڕێنمونی خۆشیان بکەن مەگەر ڕێیان نیشان بدرێت، ئیتر ئێوە چیتانە چۆن بڕیاری واناھەق دەدەن، بەوەی وادەزانن ئەوانە ھاوەڵ و شەریکی خوان لە بڕیارداندا؟ پاکوبێگەردی بۆ خوای گەورە لەوەی بۆی ھەڵدەبەستن.
(36) زۆربەی ئەوانەی ھاوبەش بۆ خوا دادەنێن شوێن ھیچ نەکەوتون گومان نەبێت، شوێن شتێک کەوتوون زانیاریان نییە لەبارەیانەوە، وە دیارە گومان و دوودڵیش جێگای دڵنیایی و زانیاری ناگرێتەوە، بەڕاستی خوای گەورە ئاگادارە بەوەی ئەنجامی دەدەن، وە ھیچ شتێکی لە کاروکردەوەی ئەوان لا نھێنی و شاراوە نییە، وە تۆڵەی ھەموو کارەکانیشیان لێ دەسێنێتەوە.
(37) ناگونجێت ئەم قورئانە بە درۆ و دەلەسە ھەڵبەستراو بێت و لە لایەن خواوە نەبێت، وە بدرێتە پاڵ غەیری خوا، چونکە خەڵکی ناتوانن ھاوشێوەی قورئان بھێنن، بەڵکو ھی خوایە و بەڕاستدانەری پەرتووک و نامە ئاسمانییەکانی پێش خۆیەتی، وە ڕوونکەرەوەی ئەو ئەحکامانەیە کە بە گشتگیری ھاتوون، وە ھیچ گومانێکی تیا نییە کە ئەم قورئانە لەلایەن پەروەردگاری جیھانیانەوەیە.
(38) یان ئەو بتپەرست و موشریکانە دەڵێن: موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) خۆی ئەم قورئانەی ھەڵبەستووە و داویەتییە پاڵ خوا، تۆیش - ئەی پێغەمبەر - لە وەڵامیاندا پێیان بڵێ: ئەگەر من خۆم ئەم قورئانەم داناوە و بە ناو خواوە ھەڵیدەبەستم، خۆ منیش وەک ئێوە مرۆڤم دەی ئەگەر ڕاست دەکەن تەنھا سورەتێک ھاوشێوەی قورئان بھێنن، وە ھەر کەسێکیش جگە لە خوا دەتوانن بانگی بکەن لە خەڵکی و خواکانتان تاوەکو پتشگیر و پشتیوانتان بن ئەگەر ڕاستگۆن لەوەی بانگەشەی دەکەن گوایە قورئان بە ناو خواوە ھەڵبەستراوە و درۆو دەلەسەیە، بێگومان بن کە ناتوانن و دەسەڵاتی ئەوەتان نییە، لەکاتێکدا ئێوە خاوەنی زمان و ڕەوانبێژین، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم قورئانە لەلایەن خوای گەورەوە ھاتووە و دابەزێنراوە.
(39) درۆیان کرد و نەیانتوانی وەڵامی ئەم تەحەدا و دەمکوتکردنە بدەنەوە، بەڵکو پەلەیان کرد لە بەدرۆزانینی قورئان پێش ئەوەی لێی تێبگەن و بیری لێ بکەنەوە، وە پێش ئەوەی ئەو سزایەی کە پێی ترسێنراون بۆیان دابەزێت، وە زۆریش نزیکە ئەو سزایەیان بۆ بێت، ھاوشێوەی ئەم باوەڕنەکردن و بەدرۆزانینە ئوممەتانی پیشووتریش ئەنجامیاندا لەگەڵ پەیام و پێغەمبەرەکانی خۆیاندا، بۆیە سزای خوایان بۆ دابەزی، کەواتە - ئەی پێغەمبەر - تێرامێنە و بیر بکەرەوە بزانە سەرەنجامی ستەمکارانی ئوممەتانی پێشووتر چۆن بووە، بێگومان خوای گەورە لەناوی بردن و سزای بەسەردا باراندن.
(40) ھەیشە لەناو ئەو بتپەرست و موشریکانەدا پێش مردن باوەڕ بە قورئان دەھێنێت، وە ھەیشیانە لەبەر ملھوڕی و خۆبەزلزانینیان ھەتا دەمرێت باوەڕی پێ ناھێنێت، - ئەی پێغەمبەر - پەروەردگارت زاناترە بەوانەی لەسەر کوفر و بێباوەڕی خۆیان سوورن و ملکەچی ھەق و ڕاستی نابن، وە ھەر ئەویش تۆڵەی کارە خراپەکانیان لێ دەسێنێت.
(41) - ئەی پێغەمبەری خوا - ئەگەر گەل و ھۆزەکەت بە درۆیان زانیت ئەوا پێیان بڵێ: پاداشتی کردەوەی خۆم بۆ خۆمە وە ھەر خۆیشم تەحەمولی کاروکردەوەکانم دەکەم، وە کاروکردەوەی ئێوەیش بۆ خۆتانە، وە ھەر خۆیشتان تۆڵەکەی تەحەمول دەکەن، ئێوە بەرین لە تۆڵەی کاروکردەوەکانی من، وە منیش بەریم لە تۆڵەی کاروکردەوەکانی ئێوە.
(42) وە ھەیە لەناو ئەو بتپەرست و موشریکانەدا کاتێک کە تۆ قورئان دەخوێنیت بە ڕواڵەت گوێت لێدەگرن، گوێگرتنێک تەنھا دەیبیستن نەک دڵی بدەنێ و بیر لە مانا و مەبەستەکانی بکەنەوە، - ئەی پێغەمبەر - ئایا تۆ دەتوانیت کەسێک کەڕ بێت قورئانی پێ ببیستیت؟! ھەر بەو شێوەیە ناشتوانیت ھیدایەت و ڕێنوێنی ئەوانە بکەیت کە کەڕن لە بیستنی ھەق و ڕاستی و بیری لێ ناکەنەوە.
(43) - ئەی پێغەمبەر - ھەشیانە لەو بتپەرست و موشریکانە بە چاوی سەری تەماشات دەکات نەک بەچاوی دڵی، ئایا ئەو کەسەی کە چاوی دڵی لێ سەنرابێتەوە تۆ دەتوانیت چاوی دڵی بکەیتەوە؟! بێگومان تۆ ناتوانیت کارێکی لەو شێوەیە بکەیت، ھەروەک ناتوانیت ھیدایەت و ڕێنوێنی ئەو کەسە بکەیت کە چاوی دڵی لێ سەنرابێتەوە.
(44) بێگومان خوای گەورە ستەم لە بەندەکانی ناکات، پەروەردگار پاکوبێگەردە لەوەی ستەم لە بەندەکانی بکات، ھەرگیز بە ئەندازەی تۆزقاڵێکیش ستەمیان لێ ناکات، بەڵام خەلکی خۆیان ستەم لەخۆیان دەکەن، بەوەی خۆیان بەدەستی خۆیان خۆیان دەخەنە ناو ھەلاکەت و فەوتان و تیاچوونەوە، بە ھۆی دەمارگیریان بۆ باتڵ و ناھەقی و خۆبەزلزانین و سەرسەختی و ملھوڕیانەوە.
(45) خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا بۆ لێپرسینەوە و موحاسەبەکردنیان کۆیان دەکاتەوە، وەک ئەوە وایە لە دونیا و ژیانی ناو گۆڕ تەنھا ساتێک زیاتر نەمابنەوە، لەنێو خۆشیاندا یەکتر دەناسن، پاشان لەبەر بینینی دیمەنە ناڕەحەتی و ناخۆشیەکانی ئەو ڕۆژە ئەو یەکتر ناسینەیان دەبچڕێنین، بێگومان خەسارۆمەند بوون ئەوانەی باوەڕیان نەکرد بە گەیشتنەوە بەپەروەردگاریان لەڕۆژی قیامەتدا، چونکە ئەوان لە دونیادا باوەڕدار نەبوون تاوەکو پارێزراوبن لەو زەرەر و خەسارۆمەندیەی ڕۆژی دوایی.
(46) - ئەی پێغەمبەر - یان ئەوەتانێ بەشێک لەو ھەڕەشانەت نیشان بدەین کە لەوانمان کردووە پێش مردنت، بەوەی ئاینەکەت ئاشکرا و زاڵ دەکەین و ئەوان ئەکوژین و لەناویان دەبەین، یان پێش ئەوەی نیشانتی بدەین دەتمرێنین، لەھەدوو حاڵەتەکەدا گەڕانەوەی ئەوان لەڕۆژی قیامەتدا بۆ لای ئێمەیە، پاشان خوای گەورە ئاگادارە بەتەواوی ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن، وە ھیچ شتێکی لا نھێنی و شاراوە نییە، وە تۆڵە و سزای ھەموو کارە خراپەکانیشیان لێ دەسێنێت.
(47) ھەموو ئوممەتێک لە ئوممەتانی پێشووتر پێغەمبەری خۆیان ھەبووە، جا کاتێک ئەو پێغەمبەرە ئەوەی خوای گەورە فەرمانی پێکردووە پێیان دەگەیەنێت و ئاگاداریان دەکاتەوە، بەڵام ئەوان بەدرۆیان خستنەوە و باوەڕیان پێ نەکرد، خوای گەورە بەدادگەری خۆی بڕیار دەدات لە نێوانیاندا، خوای گەورە بەفەزڵ و گەورەیی خۆی ئەوانی ڕزگار کرد لەدەستی ئەو بێباوەڕ و ستەمکارانە، وە ئەوانیشی بەدادگەری خۆی لەناو برد، بێگومان ھیچ ستەمێکیان لێ نەکراوە، چونکە تۆڵەی کاروکردەوەی خۆیان وەرگرتۆتەوە.
(48) جا کاتێک بەو بێباوەڕانە بوترێت لەخوا بترسن و بگەڕێنەوە ئەگینا سزای خوای گەورە سزای سەختی خۆیتان بۆ دەنێرێت، ئەوان دەڵێن: ئەی موحەممەد ئەو بەڵێن و سزایەی دەمان ترسێنن پێی کەی دێت ئەگەر ئێوە راستگۆن؟
(49) - ئەی پێغەمبەر - تۆیش پێیان بڵێ: من بۆ خۆیشم زەرەر و زیان و سوودم بەدەست نییە، ناتوانم سودێک بەخوم بگەیەنم یان زیانێک لەسەر خۆم لابدەم، ئیتر چۆن دەتوانم سودێک یان زیانێک بەغەیری خۆم بگەیەنم، مەگەر خوای گەورە ویستی لەسەر بێت، ئیتر من چۆن ئاگاداری غەیب و شتە شاراوە و نھێنییەکان ببم، ھەموو ئوممەت و نەتەوەیەک لای خوا ماوەو کاتێکیان بۆ دیاری کراوە لە ناویان ببات و نەیانھێڵێت، ھیچ کەسێک جگە لەخوا ئاگاداری ئەو کات و ساتە نییە، جا کەکاتی دیاریکراوی خۆیان ھات، ئیتر نەدوا دەکەوێت و نەپێشیش دەكەوێت.
(50) - ئەی پێغەمبەری خوا - بەوانە بڵێ کە پەلەی ھاتنی سزای خوایانە: ئەگەر سزای سەختی خواتان لەھەر کات و ساتێکدا بۆ بێت بە شەو یان بە ڕۆژ، ئیتر بۆچی پەلە دەکەن لە ھاتنی ئەو سزایە؟!
(51) یاخود لەدوای دابەزینی ئەو سزایە بەڵێنتان پێدراوە باوەڕ دەھێنن؟ ئایا ئێستا باوەڕ دەھێنن کەسزای خوای گەورەتان بۆ دابەزیووە، دەی باوەڕی وا چی کەڵک و سودێکی ھەیە، ئەگەر پێشتر نەبوبێت؟ ئایا ئێستا باوەڕ دەھێنن و دەگەڕێنەوە بۆ لای خوا؟ لە کاتێکدا ئێوە پێشتر پەلەی ئەوەتان بوو خوای گەورە سزای سەختی خۆیتان بەسەردا ببارێنێت؟! چونکە باوەڕتان پێی نەبوو.
(52) پاش ئەوەی دووچاری سزای سەختی خوا بوونەوە، وە داوایان کرد کە خوا لەو سزایە ڕزگاریان بکات و دەریان بھێنێت، پێیان دەوترێت: سزای ھەمیشەیی ڕۆژی دوایی بچێژن، ئایا بەدەر لەوەی کردوتانە و ئەنجامتان داوە لە بێباوەڕی و تاوان و خراپەکاری تۆڵەی ھیچ شتێکی ترتان لێ سەنراوەتەوە؟!
(53) - ئەی پێغەمبەر - بتپەرست و بێباوەڕەکان لێت دەپرسن: ئایا ئەو سزایەی دەمانترسێن پێی ئایا ھەق و ڕاستە و دێتەدی؟ پێیان بڵێ: بەڵێ - سوێند بەخوا - ئەوە ھەق و ڕاستییە و قوتارتان نابێت لە دەستی.
(54) ھەر بتپەرست و موشریکێک ئەگەر خاوەنی ھەموو موڵکی گرانبەھای سەر زەوی بێت، وە بتوانێت بیدات لەبری ئەوەی سزای سەختی خوای گەورەیان لەسەر ھەڵبگیرێت ئەوا دەیانبەخشی، وە ئەو بتپەرست و موشریکانە لە ڕۆژی قیامەتدا کاتێک سزای خوای گەورە دەبینن پەشیمانی و خەم و پەژارەیان دەشارنەوە لەباوەڕداران، خوای گەورەش بە عەدل و دادگەری خۆی بڕیار دەدات لە نێوانیاندا، وە ئەوان بە ھیچ جۆریک ستەمیان لێ ناکرێت، بەڵکو تۆڵەی ئەو کارانەیان لێ دەسەنرێت کە لە دونیادا ئەنجامیان داوە.
(55) بزانن ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەیە ھەر ھەمووی تەنھا موڵکی خوای تاک و تەنھایە، وە بیشزانن کە بەڵێنی خوای گەورە بەسزادانی بێباوەڕان ھەق و ڕاستە و جێ بەجێ دەبێت بەسەریاندا و ھیچ گومانێکی تێدا نییە، بەڵام زۆربەیان ئەوە نازانن بۆیە گومانیان بۆ دروست بووە.
(56) ھەر خوای گەورەیە مردووەکان زیندوو دەکاتەوە، وە زیندووەکانیش دەمرێنێت، وە گەڕانەوەشتان لە ڕۆژی قیامەتدا ھەر بۆ لای ئەوە، وە پاداشت و تۆڵەی کاروکردەوەکانیشتان دەداتەوە.
(57) ئەی خەڵکینە ئێوە قورئانی پێرۆزتان بۆ ھات، کە مایەی یادخستنەوە و ترساندن و موژدەدانە، ئەو قورئانە شیفا و چارەسەری دڵەکانە لە نەخۆشی گومان و دوودڵی، وە ڕێنومایی ڕێگای ھەق و ڕاستییە، وە ڕەحمەت و بەزەییشە بۆ باوەڕداران، چونکە ھەر باوەڕداراە دەتوانێت سوودمەند بێت لە پەند و ئامۆژگارییەکانی قورئان.
(58) - ئەی پێغەمبەری خوا - بەو خەڵکە بڵێ: ئەوەی لە قورئان بۆتان ھاتووە فەزڵ و ڕەحمەتی خوای گەورەیە بەسەرتانەوە، بە فەزڵ و ڕەحمەتی خوای میھرەبان دابەزیووە بۆتان، دەی کەواتە خۆشحاڵ و دڵشادبن بەو فەزڵ و ڕەحمەتەی خوا نەک بە ھیچ شتێکی تر، بێگومان ئەوەی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) بۆی ھێناون لەلایەن پەروەردگاریەوە باشتر و خاسترە لەو ماڵ و سەروەت و سامانەی دونیا کە کۆتان کردووەتەوە، کە سەرەنجامەکەیشی ھەر فەوتان و تیاچوونە.
(59) - ئەی پێغەمبەری خوا - بەو بتپەرست و موشریکانە بڵێ: ئاخو ئەو ڕزق و ڕۆزییەی کە خوای گەورە بۆی دابەزاندوون و منەتی کردووە بەسەرتاندا، ئەوسا ئێوەیش بە ھەوا و ھەوەس و ئارەزووی خۆتان ھەندێکی حەرام دەکەن و ھەندێکی تریشی حەڵاڵ، پێیان بڵێ: ئایا خوای گەورە ڕێگای داون کە کارێکی لەو شێوەیە بکەن و بە ئارەزووی خۆتان ھەندێک شت حەڵاڵ بکەن ھەندێکی تریش حەرام؟ یان نەخێر ئێوە درۆ بە ناو خواوە دەکەن.
(60) ئەوانەی درۆ ھەڵدەبەستن بە ناو خواوە دەبێت بۆچونیان چۆن بێت لەبارەی ئەو تۆڵە و سزایەی لە ڕۆژی قیامەتدا دووچاریان دەبێت؟ تۆ بڵێیت باوەڕیان وابێت کە خوای گەورە چاوپۆشیان لێ دەکات و لێیان خۆش دەبێت؟ شتی واڕوو نادات و زۆر دوورە، بێگومان خوای گەورە خاوەنی فەزڵی زۆر گەورەیە بەسەر خەڵکییەوە، بەوەی مۆڵەتیان دەدات و پەلەی نییە لە تۆڵە سەندنەوە لێیان، بەڵام زۆرێک لەوانە ئینکاری ئەو ھەموو ناز و نیعمەتەی خوای گەورە دەکەن و شوکر و سوپاسی ناکەن.
(61) - ئەی پێغەمبەری خوا - تۆ لە ھیچ کارێکدا نابیت، وە ھیچ شتێکیش لە قورئانیان بەسەردا ناخوێنیتەوە، وە ئێوەیش - ئەی باوەڕداران - ھیچ کارێک ئەنجام نادەن ئیللا ئێمە دەتانبینین و ئاگاداری ھەمووین، ئەبیستین و ئەبینین و زانیاریمان ھەیە کاتێک دەست دەکەن بەو وتە و کردەوانە، وە بەئەندازەی تۆزقاڵە زەڕەیەک نە لە ئاسمان و نە لە زەوی لە پەروەردگارت ون نابێت، وە نە لەمە بچوکتر و نە لەوەیش گەورەتر ھیچ ون نابێت و خوای گەورە ئاگاداری ھەموویەتی، ھەر ھەمووی لە پەرتووکێکی ئاشکرا و ڕووندا تۆمار کراوە، ھیچ شتێکی بچووک و گەورەی لێ ون نابێت و ھەمووی ژماردووە.
(62) بزانن کە دۆستان و خۆشەویستانی خوا ھیچ ترسێکیان نییە لەو ناڕەحەتی و ناخۆشیانەی کە لە ڕۆژی قیامەتدا ڕووبەڕووی خەڵکی دەبنەوە، وە ھیچ خەفەتێکیش ناخۆن بۆ ئەوەی لە دونیا لە دەستیان چووە.
(63) دۆستان و خۆشەویستانی خوا ئەوانەن باوەڕیان بە خوای گەورە و پێغەمبەرەکەی (صلی اللە علیە وسلم) ھێناوە، وە لە خوای گەورە دەترسن و خۆیان دەپارێزن بە بەجێھێنانی فەرمانەکانی و دوورکەوتنەوە لەو شتانەی ڕێگری لێکردوون.
(64) ئەوان لە لایەن پەروەردگاریانەوە موژدەیان دەدرێتێ بە شتانێک دڵخۆشیان دەکات، یان بە بینینی خەوی باش، یان بە وەسف و سەناکردنی خەڵکی بۆیان، وە لە کاتی گیان کێشانیش فریشتەکان موژدەیان دەدەنێ، وە ھەروەھا لەپاش مردن و کۆکردنەوەشیان دوای زیندووبونەوە، بەڵێنەکانی خوای گەورە کە پێیان دراوە گۆڕانکاریان بەسەردا نایەت، ئەو پاداشتەی کە بۆیان ئامادەکراوە بەڕاستی سەرکەوتن و سەرفرازی گەورەیە، چونکە ئەوەی ئەوان داوای دەکەن و پێیان خۆشە بۆیان ئامادە دەکرێت، وە لە ھەموو ترس و ناخۆشیەکیش ڕزگاریان دەبێت.
(65) - ئەی پێغەمبەر - خەفەت مەخۆ لە وتە و گوفتاری ئەوانە کە تانە و تەشەر دەدەن لە ئاینەکەت، چونکە بەڕاستی سەرکەوتن و باڵادەستی ھەر ھەمووی بۆ خوای گەورەیە، ھیچ شتێک دەسەوسانی ناکات، ئەو بیسەری ھەموو وتە و گوفتارێکیانە، وە زانا و ئاگادریشە بە کاروکردەوەیان، وە پاداشت و تۆڵەی ھەمووشیان دەداتەوە.
(66) بزانن کە ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەیە ھەر ھەمووی تەنھا موڵکی خوای گەورەیە، وە ئەو بتپەرست و موشریکانەیش کە غەیری خوا دەپەرستن تەنھا شوێن گومان و دوودڵی کەوتون، ئەوان کە ھاوەڵ بۆ خوا بڕیار دەدەن تەنھا درۆ بە ناو ئەوەوە ھەڵدەبەستن، پاکوبێگەردی بۆ خوای گەورە لەوەی بۆی بڕیار دەدەن.
(67) - ئەی خەڵکینە - خوای گەورە ئەو خوایەیە کە شەوی بۆ گێڕاون بە مایەی حەوانەوە و پشوودان لە ھەموو جووڵە و ماندوو بوونێک، وە ڕۆژیشی بۆ ڕوناک کردوونەتەوە تاوەکو بێن و بڕۆن بۆ ئەوەی بژێوی و ژیانی خۆتانی تێدا دەستەبەر بکەن، بێگومان ئەم گۆڕانکارییە لە شەو و ڕۆژدا چەندین ئایەت و بەڵگە و نیشانەی گەورەی تێدایە لەسەر عەزەمەت و گەورەیی دەسەڵاتی خوا بۆ کەسانێک کە ھەق و ڕاستی دەبیستن، بیستنێک کە پەند و ئامۆژگاری لێوە فێر بن.
(68) دەستەیەک لە بتپەرت و موشریکەکان وتیان: خوای گەورە فریشتەکانی کردووە بەکچی خۆی، پاکوبێگەردی بۆ خوا لەوەی بۆی بڕیار دەدەن، ئەو دەوڵمەند و بێنیازە لە ھەموو مەخلوق و دروستکراوەکانی، ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەیە ھەر ھەمووی موڵکی ئەوە، - ئەی بتپەرست و موشریکینە - ئێوە ھیچ بەڵگەیەکتان بە دەستەوە نییە لەوەی کە دەیڵێن و بۆ خوا بڕیاری دەدەن، بەرامبەر بەخوا تۆمەتێکی گەورە ھەڵدەبەستن - بەوەی مناڵی بۆ بڕیار دەدەن - ئێوە شتێک دەڵێن کە ھیچ لە ھەقیقەت و ڕاستییەکەی نازانن.
(69) - ئەی پێغەمبەری خوا - پێیان بڵێ: ئەوانەی درۆ بۆ خوای گەورە ھەڵدەبەستن بەوەی مناڵی ھەیە، ئەوانە ڕزگار و سەرفراز نابن نە لە دونیا و نە لە دواڕۆژیشدا.
(70) نەکەن بخەڵەتێن بەوەی لە دونیادا ھەندێک لە خۆشی و ناز و نیعمەتەکانی دونیا دەدرێت بەو بێباوەڕانە، چونکە ئەوە تەنھا کەمێک لە خۆشیەکانی دونیایە کۆتایی دێت و دەبڕێتەوە، وە پاشان لە دواڕۆژدا بۆ لای خۆمان دەگەڕێنەوە، وە دواتریش سزای سەختیان پێ دەچێژین، بە ھۆی ئەوەی بێباوەڕ بوون بە خوا و پێغەمبەرەکەیان بە درۆ دەزانی.
(71) - ئەی پێغەمبەر - چیرۆک و بەسەرھاتی نوح (سەلامی خوای لێ بێت) بخوێنەوە بەسەر ئەو بتپەرست و موشریکانەی باوەڕیان بەخوا و پێغەمبەرێتی تۆ نییە، ئەو کاتەی بە ھۆز و گەلەکەی وت: ئەی گەلەکەم، ئەگەر بەبوونم لە ناوتاندا قەڵس و ناڕەحەتن، وە ئامۆژگاری و بیرخستنەوەی ئایەتەکانی خواتان بەلاوە گران و قورسە، وە خۆتان یەکلایی کردوەتەوە بۆ کوشتنم، ئەوا چاک بزانن من تەنھا پشت و پەنام خوای گەورەیە بۆ پەکخستن و بەتاڵ کردنەوەی فڕوفێڵەکانتان، ئەوساتە ئێوە و گشت پەرستراو و خواکانتان قسەتان یەکبخەن و ھانایان بۆ بەرن با یارمەتیتان بدەن بۆ دژایەتی و لەناوبردنی من، پاشان بابڕیار و کارەکانتان ڕوون و ئاشکرا و بێ پەنھان بێت، دوای ئەوەش پلانی کوشتنی منتان دانا بەردەوام لەجێ بەجێکردنی ئەو پلانەی شاردبووتانەوە و ھیچ مۆڵەتم مەدەن، وە تەنھا ساتێکیش دوای مەخەن، (ئەمەش ئەو پەڕی متمانەیە بەخوای گەورە کە فڕوفێڵی ئەوان بەتاڵ دەکاتەوە).
(72) ئەگەر ھاتوو پشتان ھەڵکرد لە داواکاری و ئامۆژگاریەکانی من، ئەوا بێگومان لەبەر ئەوە نییە من داوای پاداشت و کرێیەکم لێ کردبن لەبەرامبەر ئامۆژگاری و گەیاندنی پەیامەکەم، باوەڕم پێ بھێنن یان بێبڕوا بن پێم، بەڵکو لەبەر لاساریی و خراپی خۆتانە، وە خوای گەورە فەرمانی پێکردووم کە ملکەچی بم، گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بم بە کاروکردەوەی چاکە و دوور کەوتنەوە لە خراپە.
(73) کەچی گەلەکەی بەدرۆیان زانی، وە باوەڕیان پێ نەکرد، ئەوسا ئێمەیش خۆی و ئەو باوەڕدارانەیشی کە لەناو کەشتیەکەیدا بوون ڕزگارمان کردن، وە کردمانن بەجێنشینی خەڵکانی پێش خۆیان، وە ئەوانەیشیان کەبێباوەڕ بوون بە ئایەت و بەڵگە و نیشانەکان و ھاتنی لافاوەکە لەناومان بردن، جا - ئەی پێغەمبەر - بیربکەرەوە و تێڕامێنە بزانە سەرەنجامی ئەو گەلەی کە نوح (سەلامی خوای لێ بێت) ترساندنی و باوەڕیان پێ نەکرد چی بەسەرھات ؟!
(74) پاش ماوەیەک لە دوای نوح (سەلامی خوای لێ بێت) چەند پێغەمبەرێکمان نارد بۆ لای گەلەکانیان، پێغەمبەرەکانیش بە چەند بەڵگە و نیشانەی ڕوونەوە چوونە لایان تاوەکو بڕوایان پێ بھێنن، بەڵام بە ھۆی سوور بوونی پێشووتریان لەسەر بێباوەڕی و بە درۆخستنەوەی پێغەمبەرەکان ویستی ئەوەیان نەبوو کە باوەڕ بە نوح (سەلامی خوای لێ بێت) بھێنن، جا بۆیە خوای گەورەش مۆری نا بەسەر دڵیاندا، ھەروەک چۆن مۆریشمان نا بەسەر دڵی ئەوانەیش کە باوەڕیان نەکرد بە پێغەمبەرانی پێشووتر، بەو شێوەیە لە ھەموو کات و ساتێکدا مۆریش دەنێین بەسەر دڵی ھەموو بێباوەڕێک کە سنوورەکانی خوای گەورە بە کوفڕ و بێباوەڕی ببەزێنێت و نەیانپارێزێت.
(75) دوای ماوەیەکیش لە ناردنی ئەو پێغەمبەرانە، موسی وھارونی برایمان نارد (سەلامی خوایان لێ بێت) بۆ لای فیرعەون پاشای میسر و گەورە و ناودارانی گەلەکەی، بە بەڵگە و نیشانەی ڕوونەوە کە بەڵگە بوون لەسەر ڕاستگۆییان، ئەوە بوو خۆیان بەگەورە زانی و باوەڕیان نەھێنا بەوەی بۆیان ھێنابوون، بەڕاستی ئەوان گەلێکی تاوانبار بوون، چونکە باوەڕیان بەخوا نەھێنا و پێغەمبەرەکەشیان بەڕاست نەزانی و بەدۆریان خستەوە.
(76) جا کاتێک ئەو ھەق و ڕاستییەی ئێمە ھات بۆ لای فیرعەون گەورە و ناودارانی گەلەکەی، ئەو ھەق و ڕاستییەی کە موسی و ھارونی برای (سەلامی خوایان لێ بێت) ھێنابویان، ئەوان بەو بەڵگە و نیشانانەی کە بەڵگە بوون لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەرایەتیان ئەوان وتیان: بێگومان ئەوەی ئەمانە ھێناویانە جادوویەکی ئاشکرا و ڕوونە، وە ھیچ ھەقیقەت و ڕاستی نییە.
(77) موسایش (سەلامی خوای لێ بێت) وەڵامی دانەوە فەرمووی: ئایا ئێوە بەو ھەق و ڕاستیەی بۆتان ھات دەڵێن جادوو؟ ھیچی وانییە و جادوو نییە، وە منیش چاک دەزانم کە جادووگەر ھەرگیز سەرکەوتوو و سەرفراز نابێت، ئیتر من چۆن دەچم جادووتان بۆ دەکەم؟!
(78) فیرعەون و دەستە و تاقمەکەیشی وەڵامی موسایان (سەلامی خوای لێ بێت) دایەوە و وتیان: ئایا تۆ ئەم جادوەت بۆ ھێناوین تاوەکو لەسەر ئاینی باوباپیرانی خۆمان لامان بدەیت؟ وە موڵک و پادشایەتیش بۆ خۆت و براکەت بێت؟ دەی - ئەی موسی و ھارون - چاک بزانن ئێمە ھەرگیز باوەڕ بەوە ناکەین کە ئێوە دوو پیغەمبەربن و خوا ناردبێتنی بۆ لای ئێمە.
(79) کاتێک فیرعەون موعجیزەکانی موسای بینی، وتی: بڕۆن ھەرچی جادوگەری شارەزا و لێھاتووە بۆمی بھێنن.
(80) کاتێک جادوگەرەکانیان ھێنا بۆ فیرعەون، موسی (سەلامی خوای لێ بێت) بەو پەڕی متمانە بوون بەوەی خوای گەورە سەریدەخات بەسەریاندا پێی فەرموون: - ئەی جادوگەرینە - ئەوەی پێتانە لە جادوو فڕێی بدەن و بیھاوێژن.
(81) جا کاتێک ئەوەی پێیان بوو لە جادوو فڕێیاندا و ھاویشتیان (چەند گوریس و گۆچانێکیان پێ بوو کاتێک فڕییاندا بوون بە مار و ئەژدیھا) ئەوجا موسی پێی فەرموون: ئەوەی بەدەرتان خست جادوو بوو، بێگومان خوای گەورە پوچەڵ و بەتاڵی دەکاتەوە و ھیچ کاریگەریەکی نابێت، بەڕاستی ئێوە بە جادووەکەتان خراپە و ئاژاوە لەسەر زەویدا بڵاو دەکەنەوە، خوای گەورەش کاری خراپەکاران و ئاژاوەگێڕان سەرناخات و چاکی ناکات.
(82) خوای گەورە ھەق و ڕاستی جێگیر دەکات، وە بەفەرمانە قەدەرییەکانی دامەزراویان دەکات، وە بەبڕیارە شەرعیەکانیشی لە بەڵگە و موعجیزەکان سەری دەخات، ھەرچەند بێباوەڕان و خراپەکارانیش لە فیرعەون و دار و دەستەکەی پێیان ناخۆش بێت.
(83) گەلەکەی پشتیان ھەڵکرد لە بانگەوازەکەی موسی و باوەڕیان پێ نەھێنا - لەگەڵ ئەوەی موسی کۆمەڵێک بەڵگە و نیشانەی ڕوون و موعجیزەی بۆ ھێنان - لەسەرەتاوە لەترسی فیرعەون دەستە و تاقمەکەی کەس باوەڕی پێ نەھێنا چەند گەنج و لاوێکی بەنو ئیسرائیل نەبێت، ئەوانیش زۆر دەترسان ئەگەر پێیان بزانرێت سزایان بدەن و لە باوەڕەکەیان پەشیمانیان بکەنەوە، چونکە فیرعەون دەسەڵاتی تەواوی ھەبوو بەسەر میسر و خەڵکەکەیدا، وە یەکێک بوو لەوانەی زیادەڕۆیی زۆری کرد لە بێباوەڕی و کوشتن و سزادانی بەنو ئیسرائیل.
(84) موسی (سەلامی خوای لێ بێت) بە گەلەکەی خۆی فەرموو: ئەی گەلەکەم ئەگەر ئێوە بەڕاستی باوەڕتان بەخوا ھێناوە، ئەوا تەنھا پشت بە خوای گەورە ببەستن ئەگەر ئێوە موسڵمانن و ملکەچی فەرمانی ئەون، چونکە پشت بەستن بەخوا ھەرچی خراپەیە لەسەرتان لادەبات، وە ھەرچی خێر و خۆشیشە بۆتان دەھێنێت.
(85) وەڵامی موسی (سەلامی خوای لێ بێت) یان دایەوە و وتیان: ئێمە تەنھا بە خوا پشت دەبەستین و تەوەکولمان بەوە، ئەی پەروەردگارمان ستەمکارانمان بەسەردا زاڵ و باڵادەست مەکە، تاوەکو دوچاری سزا و کوشتن و ناڕەحەتیمان بکەن و لە باوەڕ و ئاینەکەمان پەشیمانمان بکەنەوە.
(86) - ئەی پەروەردگارمان - بە ڕەحم و میھرەبانی خۆت لە دەستی گەلە بێباوەڕەکەی فیرعەون ڕزگارمان بکە، چونکە ئەوان ئێمەیان کردووە بە کۆیلەی خۆیان و ئەزیەت و ئازارمان دەدەن بە سزادان و کوشتن بڕین.
(87) خوای گەورە دەفەرموێت: ئێمەیش وەحی و نیگامان کرد بۆ موسا و ھارونی برای (سەلامی خوایان لێ بێت) کە چەند ماڵێک بکەنە پەرستگا بۆ گەلەکەتان تاوەکو خوای گەورەی تاک و تەنھای تێدا بپەرستن، وە ماڵەکانتان ڕوو بکەنە ئاراستەى قیبلە ڕووبەڕووی (بەیت ئەلمەقدیس:بیت المقدس)، (واتە: لەماڵەوە پەرستنی خۆتان بکەن نەوەک فیرعەون و دەستەو تاقمەکەی پێتان بزانن و ئەزیەت و ئازارتان بدەن) وە نوێژەکانتان بە تەواوی و ڕێک و پێکی ئەنجام بدەن، - ئەی موسا - تۆیش بە باوەڕداران ڕابگەیەنە و موژدەیان بدەرێ کە خوای گەورە پشتگیریانە و سەریان دەخات بەسەر فیرعەون و تاقمەکەیدا، وە دوژمنەکانیان لەناو دەبات، وە دەیانکات بەجێنشینیش لەسەر زەویدا.
(88) موسی (سەلامی خوای لێ بێت) فەرمووی: ئەی پەروەردگارمان تۆ دەسەڵات و جوانی و ڕازاوەیی و ماڵی دونیات بە فیرعەون و تاقمەکەی بەخشیوە، ئەوان سوپاس و شوکرانەی ئەو ناز و نیعمەتانەی تۆیان نەکرد کە پێت بەخشیون، بەڵکو بە ھۆیەوە خەڵکیان پێ گومڕا و سەرلێشێواو کرد و لەئاینەکەی تۆ دووریان خستنەوە، ئەی پەروەردگارمان ماڵ و سەروەت و سامانە و دەسەڵاتەکەیان لەناو ببە و مەیھێڵە، وە دڵ و دەروونیان زیاتر پەست و ڕەق بکە، چونکە تا سزای سەختی بە ئازار نەبینن باوەڕ ناھێنن، ئەو کاتەیش باوەڕھێنان ھیچ سودێکی نابێت.
(89) خوای گەورە پێی فەرموون: - ئەی موسی و ھارون - دڵنیا بن نزاکەتان گیرا بوو لە فیرعەون و دارودەستە و تاقمەکەی، ئێوەیش لەسەر ئاینەکەتان دامەزراوبن، وە لێی لامەدەن و شوێن ڕێچکە و ڕێبازی کەسانی نەزان و نەفام مەکەون، ئەوانەی کە ڕێگای ڕاستی شارەزا نین و نایناسن.
(90) پەڕینەوەی دەریامان ئاسانکرد بۆ بەنو ئیسرائیل پاش ئەوەی دەریاکەمان دوولەت کرد تاوەکو بەساغ و سەلامەتی لێی بپەڕنەوە، دواییش فیرعەون و سوپاکەی بە ملھوڕی و ستەمکاری شوێنیان کەوتن، تا ئەو کاتەی دەریا لە ھەموو لایەکەوە دەوریدا و خەریک بوو بخنکێ، فیرعەون بێ ھیوا بوو لەڕزگار بوون، لەو ساتەدا وتی: باوەڕم ھێنا بەوەی ھیچ پەرستراوێکی بەھەق نییە جگە لەو پەرستراوەی کە بەنو ئیسرائیل پێشتر باوەڕیان پێھێنا، وە منیش یەکێکم لە ملکەچ و گوێڕایەڵانی خوای گەورە.
(91) ئایا ئێستا کە بێ ھیوا بوویت لە ژیان باوەڕ دەھێنێت؟ خۆ بێگومان تۆ - ئەی فیرعەون - پێش ئەوەی سزای خوا دابەزێت سەرپێچیت کرد و یاخی بوویت لە خوای گەورە، وە ڕێگریت دەکرد لە ڕیبازەکەی، وە لە ڕیزی خەڵکە خراپەکار و ئاشوبگێرەکە بویت.
(92) ئەمڕۆ لاشەی تۆ لە دەریا دەردەھێنین و لە تیاچوون ئەیپارێزین، وە دەیخەینە سەر شوێنێکی بەرز بۆ ئەوەی ببیتە پەندو ئامۆژگاری بۆ کەسانی ستەمکاری دوای خۆت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە خەڵکی بێ ئاگا و غافڵن لە دەسەڵات و بەڵگە و نیشانەکانی ئێمە و بیری لێ ناکەنەوە (ئەوە بوو خوای گەورە لاشەی بێ گیانی فیرعەونی لە دەریا فڕێدایە دەرەوە بۆ جێگایەکی بەرز تاوەکو ھەموو بەنو ئیسرائیل بیبین و دڵنیا بن لەوەی فیرعەون مردووە و خوا نەبوو، وەک پێشتر بانگەشەی بۆ دەکرد).
(93) بێگومان بەنو ئسرائیلمان لە جێگایەکی چاک و شیاو و پیرۆز لە وڵاتی شام جێگیر کرد، وە لە ھەموو خواردنێکی پاک و حەڵاڵ ڕزق و ڕۆزیماندان، وە جیاوازیش نەکەوتە نێوانیان لەسەر ئاینەکەیان تا ئەو کاتەی قورئان ھات، لە قورئاندا ڕاستی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە تەوراتەکەی ئەواندا زۆر بە وردی باسی موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) کراوە، جا کاتێک ئینکاری ئەوەیان کرد خاک و نیشتمانیان لێ سەنرایەوە، - ئەی پێغەمبەر - بە دڵنیایی پەروەردگارت لە ڕۆژی قيامەت بڕیار دەدات لە نێوانیاندا ئەو شتانەی کە جیاوازی کەوتبوە نێوانیان، کێیان لەسەر ھەق بوون پاداشتیان دەداتەوە، وە کامیشیان لەسەر باتڵ و ناھەق بووە تۆڵەی لێ دەسێنێت بە شێوەیەک شایستەی ھەر کامیان بێت.
(94) - ئەی پێغەمبەر - ئەگەر گومان و دوو دڵیت لە بەرامبەر ھەقیقەتی ئەو قورئانەی بۆمان دابەزاندوویت، ئەوا بۆ دڵنیایی پرسیار بکە لەو جولەکانەی کە باوەڕیان ھێناوە، ئەوانەی کە شارەزای تەوراتن، وە لەو گاور و نەصرانیانەی کە ئینجیلیان خوێندوەتەوە، ئەو کاتە دەبینیت و ھەواڵت پێ دەدەن ئەوەی بۆت دابەزیوە ھەق و ڕاستە، چونکە لە پەڕاو و پەرتووکەکانی ئەواندا زۆر بە وردی سیفاتی پێغەمبەری خوا باسکراوە، بێگومان لە لایەن پەروەردگارتەوە ھەق و ڕاستیەکت بۆ ھاتووە کە ھیچ گومان و دوو دڵی تێدا نیيە، لەبەر ئەوە لەو کەسانە مەبە کە گومانیان ھەیە.
(95) ھەرگیز لەوانەیش مەبە کە بەڵگە و نیشانەکانی خوایان بە درۆ خستەوە، بەوەش بچیتە ڕیزی خەسارۆمەندانەوە، ئەوانەی بەھۆی کوفر و بێباوەڕیيەوە خۆیان زایە کرد، ھەموو ئەم ھۆشداریدانە بۆ ئەوەیە خوای گەورە بیسەلمێنێت کە گومان و دوو دڵێ کارێکی زۆر مەترسیدارە، (چونکە دەزانین پێغەمبەری خوا گوناهـ ناکات و مەعسومە لەوەی ئایەت و بەڵگە و نیشانەکانی خوا بە درۆ بزانێت، بەڵکو ئەو ھۆشداریدانە ھەموو بۆ خەڵکی ترە).
(96) بێگومان ئەوانەی کە بڕیاری پەروەردگاریان بەسەردا چەسپا کە دەبێت بە بێباوەڕی بمرن لەبەر ئەوەی تا مردن سوور بوون لەسەری، خوای گەورە دەزانێت ئەوانە ھەرگیز باوەڕ ناھێنن.
(97) ئەگەر چی ھەموو ئایەت و بەڵگە شەرعی و کەونیيەکان ھەیە بۆیان بێت تاوەکو بەچاوی خۆیان سزای بە ئازار ببینن، بۆ ئەوەی باوەڕ بھێنن، باوەڕ ناھێنن لە کاتێکدا ئەگەر باوەڕیش بھێنن ھیچ سودێکی نیيە بۆیان، وەک باوەڕ ھێنانەکەی فیرعەون کاتێک زانی دەستی بەھیچ شتێک ناگات و ئیتر ڕزگار بوونی نیيە ئەوجا باوەڕی ھێنا.
(98) خەڵکی ھیچ گوندێگ لەو گوندانەی کە پێغەمبەرەکانمان بۆ ڕەوانە کردن پێش بینینی سزای پەروەردگار باوەڕیان نەھێنا، باوەڕێک پێش ئەوەی سزای خوایی بێت بۆیان باوەڕ بھێنن و سوودی ھەبیت بۆیان، تەنھا گەلەکەی یونس (سەلامی خوای لێ بێت) نەبێت، باوەڕیان ساغ و دروست و ڕاستگۆییانەیان ھێنا بۆیە ئێمەیش ھەر لە دونیادا سزای زەلیلی و ڕسوایمان لەسەر ھەڵگرتن، وە تا ماوەیەکی دریارکراوی تریش لەسەر زەوی ژیان و گوزەرانمان پێبەخشین.
(99) - ئەی پێغەمبەر - ئەگەر پەروەردگارت بیویستایە کە ھەموو خەڵکی سەر زەوی باوەڕ بھێنن ئەوا باوەڕیان دەھێنا، بەڵام لەبەر حیکەمەتێک کە خۆی دەیزانێت نەیویست ئەوە ببێت، تاوەکو خەڵکی تاقی بکاتەوە، ئەو بە عەدل و دادگەری خۆی ھەرکەسێکی بوێت گومڕای دەکات، وە بەفەزڵ و چاکەی خۆیشی ھەرکەسێکی بوێت ھیدایەتی دەدات و ڕێنوێنی دەکات، ئەی پێغەمبەری خوا ئایا تۆ دەتەوێت بە زۆر باوەڕ بە خەڵکی بھێنیت، تەوفیق و سەرفرازی باوەڕھێنانی ئەوان تەنھا بەدەستی خوای گەورەیە.
(100) وە ھیچ کەسیک بۆ خۆی باوەڕ ناھێنێت مەگەر بە ئیزن و مۆڵەت و ویستی خوا نەبێت، بۆیە تۆ ھیچ داخ و مەراق مەخۆ بۆ ئەوانەی باوەڕ ناھێنن، خوای گەورە سزا و سەرشۆڕی دەدات بەسەر بەو کەسانەی کە بەڵگە و نیشانە و فەرمان و ڕێگرییەکانی خوای گەورە ھەست پێ ناکەن و نایانەوێت لێی تێ بگەن و حاڵی بن لێی.
(101) - ئەی پێغەمبەری خوا - بەو بتپەرست و موشریکانە کە داوای بەڵگە و نیشانەت لێ دەکەن لەسەر گەورەیی و دەسەڵاتی خوا، بڵێ: بیر بکەنەوە و پەند وەربگرن لەو بەڵگە و نیشانانەی لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەیە لەسەر تاک و تەنھایی و دەسەڵاتی خوا، بێگومان دابەزاندنی بەڵگە و نیشانە و ناردنی پێغەمبەرەکانیش ھیچ سوودی نییە بۆ گەل و ھۆزێک کە ئامادەییان تێدا نەبێت کە باوەڕ بھێنن، چونکە ئەوان سوورن لەسەر بێباوەڕی و تاوان و گوناھی خۆیان.
(102) ئایا ئەو بێباوەڕانەی لای تۆ چاوەڕوانی چ شتێک دەکەن جگە لە چاوەڕوانی ئەو سزایانە نەبێت کە خوای گەورە دای بەسەر گەلانی پێش خۆیان؟! - ئەی پێغەمبەر - پێیان بڵێ: چاوەڕوانی سزای خوا بکەن، منیش لەگەڵ ئێوە چاوەڕوانی پەیمان و بەڵێنی پەروەردگارم.
(103) پاشان سزا و تۆڵەیان بۆ دادەبەزێنین، بەڵام پێغەمبەرانی خۆمان و ئەوانەیشی لەگەڵ ئەواندا باوەڕیان ھێناوە ڕزگار دەکەین، بەھیچ شێوەیەک ئەو سزایەی دووچاری بێباوەڕان بووە دووچاری ئەمان نابێت، ھەروەک چۆن پێغەمبەران و باوەڕدارانی شوێن کەوتوانیانمان ڕزگار کرد، بەھەمان شێوە پێغەمبەری خوا (موحەممەد صلی اللە علیە وسلم) و ئەوانەی باوەڕیان پێھێناوە ڕزگار دەکەین، رزگاربوونێک کە ھەقێکی جێگیرە لە سەرمان.
(104) - ئەی پێغەمبەری خوا - بڵێ : ئەی خەڵکینە، ئەگەر ئێوە لەڕاستی و دروستی ئاینەکەم گومانتان ھەیە، ئەو ئاینەی کە بانگتان دەکەم بۆ لای کە ئاینی یەکخواپەرستییە، ئەوە من زۆر دڵنیام کە ئاینەکەی ئێوە خراپە و بە ھیچ شێوەیەک شوێنی ناکەوم، وە ئەو شتانەیش ناپەرستم کە ئێوە لە بڕی خوا دەیانپەرستن، بەڵکو ئەو خوایە دەپەرستم کە دەتانمرێنێت، وە ھەر ئەو خوایە فەرمانی پێکردووم لە باوەڕدارانی دڵسۆز و موخلیص بم بۆ ئاینەکەی.
(105) وە ھەروەھا فەرمانی پێکردووم کە لەسەر ئاینی ھەق و ڕاست و دروست بەردەوام و جیگیر بم، وە شوێن ھیچ ئاینێکی تر نەکەوم، وە ڕێگریشی لێکردوم کە لە بتپەرست و موشریکەکانیش بم.
(106) - ئەی پێغەمبەر - ھاوار نەکەیت و نەپاڕێیتەوە لەو بت و دار و خوا درۆینانە کە نە زیان و نە سوودت پێ دەگەیەنێت، ئەگەر کارێکی لەو شێوەیەت کرد و ھاوارت لەوانە کرد ئەوا تۆ لەو کەسانە دەبیت کە ستەمکار و سنوور بەزێنی مافەکانی خوا و خۆیشیانن.
(107) - ئەی پێغەمبەر - ئەگەر خوای گەورە دووچاری بەڵا و ناخۆشییەکی کردیت، ھیچ کەسێک ناتوانێت لەسەرت لایبات جگە خۆی نەبێت، وە ئەگەر نیازی خێر وخۆشی و چاکەیەکیشی پێ کردیت کەس ناتوانێت ڕێگری بکات لە فەزڵ و چاکەی ئەو، وە بە فەزڵ و گەورەیی خۆی ھەرکەسێکی بوێت لەبەندەکانی پێی دەبەخشێت و تووشی خێر و خۆشی دەکات، ھیچ کەسێک ناتوانێت زاتی ھەق تەعالا ناچار بکات بەئەنجامدانی ھیچ کارێک، وە تەنھا ھەر خۆیەتی لێبوردە و لێخۆش بووی گوناھ و تاوانەکان بۆ ھەر بەندەیەکی خۆی کە تەوبە بکات و بگەڕێتەوە بۆ لای، وە زۆریش میھرەبانە بەرامبەریان.
(108) - ئەی پێغەمبەر - بڵێ: ئەی خەڵکینە، لە لایەن پەروەردگارتانەوە قورئانتان بۆ ھاتووە، جا ھەرکەسێک ڕینمونی وەربگرێت و باوەڕی پێ بھێنێت ئەوا سوود و قازانج و کەڵکی بۆ خۆیەتی، چونکە خوای گەورە بێ نیازە و ھیچ پێویستی بە تاعەت و گوێڕایەڵی ئەوان نییە، وە ھەر کەسێکیش گومڕا بوو، وە باوەڕی پێ نەھێنا و لە ڕێگای ڕاست لابدات ئەوا زەرەر و زیانی تەنھا ھەر بۆ خۆیەتی، وە گوناھ و تاوانی بەندەکانی ھیچ زیانێک بە خوا ناگەیەنێت، وە پێیان بڵێ: من پارێزەر نیم بەسەرتانەوە تاوەکو کاروکردەوەکانتان بژمێرم و لێپرسینەوەتان بکەم لەسەری.
(109) - ئەی پێغەمبەر - شوێن ئەو نیگا و وەحییە بکەوە کە پەروەردگارت بۆی کردویت و کاری پێ بکە، وە ئارام بگرە لەسەر ئەزیەت و ئازاری گەلەکەت، وە لەسەر گەیاندنی ئەو پەیامەی کە پەروەردگارت فەرمانی پێ کردویت بەگەیاندنی، وە بەردەوامبە لەسەری تا خوای گەورە بڕیار دەدات بە سەرکەوتنت لە دونیا بە سەریاندا، وە بە سزادانیان لە ڕۆژی دوایی ئەگەر ھاتوو لەسەر کوفر و بێباوەڕی مردن و تەوبەیان نەکرد و نەگەرانەوە بۆ لای خوا.