(1) (قٓ) پێشووتر قسە و گفتوگۆ کرا لەسەر تەفسیر و لێکدانەوەی ھاوشێوەی ئەم ئایەتانە لەسەرەتای سورەتی (البقرة) وه، (اللە تعالی) سوێندی خواردووە بە قورئانی بەڕێز، وە لەئەو مانا و خێر و بەرەکەتەی کە تێیدایە، وە سوێند بە (اللە تعالی) زیندوو دەبنەوە لە ڕۆژی قیامەتدا بۆ پاداشت و سزا .
(2) وە نەبێت ھۆکاری قبوڵ نەکردنیان بۆ ئەم پەیامە ئەوە بێت گومانیان وابێت تۆ درۆ دەکەیت چونکە ئەوان دەزانن تۆ ڕاستگۆیت، بەڵکو سەریان لەوە سوڕماوە کە ئەوەی پەیامەکەی ھێناوە مرۆڤێکە وەک خۆیان، نەک لەڕەگەزی فریشتە، بەسەر سوڕمانەوە دەیانوت: ھاتنی پێغەمبەرێک بۆمان لە مرۆڤـ زۆر سەرسوڕھێنەرە!
(3) ئایا ئێمە کە مردین و ڕزین و بووین بەخۆڵ، زیندوو دەبینەوە؟! ئەو زیندوبوونەوەیە و گێڕانەوەی ژیان بۆ لاشەکانمان دوای ئەوەی تیاچوو، شتێکی دوور و باوەڕپێکراو نییە، ھیچ کاتێ ناکرێ ڕووبدات.
(4) با ئەو بێباوەڕانە دڵنیا بن کە ئێمە بە تەواوی ئاگادارین لە کاریگەری خاک لەسەر لاشەیان و چۆنیەتی بوونەوە بەخاکیان دوای مردن و تیاچوونیان، وە ھیچ شتێک لە لای ئێمە ون نابێت، کتێبێکمان ھەیە بەسەرھاتی ھەموو کەسێکی تیایە کە (اللە تعالی) چی لەچارە نووسیوە، لە دونیا و دوای مردنی.
(5) بەڵکو ئەو بتپەرست و موشریکانە ئەو ڕاستییەیان بەدرۆ دانا کە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) قورئانی لەلایەن (اللە تعالی) وە بۆ ھێنان، ئەوان لە حاڵێکی سەرلێشێواویدان ھەر تاوێك دەربارەی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) شتێک ئەڵێن.
(6) ئایا ئەو بتپەرست و موشریکانە (کە باوەڕیان بە زیندوبوونەوە نییە) سەیری ئاسمانیان نەکردوە بەسەر سەریانەوە چۆنمان دروست کردووە و ڕازاندوومانەتەوە بەوانەی کە تێیدایە وەک ئەستێرە وهتد... وە ھیچ کون و کەلەبەرێکی تێدانییە، تا ببێت بە عەیب و ناتەواوی؟! ئەوەی کە ئاسمانی دروست کردووە زۆر بە ئاسانی ئەتوانێت مردووەکان زیندوو بکاتەوە.
(7) ھەروەھا زەویشمان ڕاخستووە و بڵاومان کردۆتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەسەری بژین، کەژ و چیامان لەسەری دامەزراندووە تا ڕابوەستێت و تێک نەچێت، وە لە ھەموو جۆرە درەخت و گژوگیا و سەوزی ودیمەنێکی جوانمان تیا ڕواندووە!
(8) ئێمە ئەوانەمان ھێناوەتەدی کە بەڵگەیەکی ڕۆشنن لەسەر دەسەڵات و توانای بێ سنوورمان، وە بیرخەرەوەیەکن بۆ ھەموو بەندەیەک کە بەرەو لای (اللە تعالی) بڕوات و گوێڕایەڵی بێت.
(9) ھەروەھا ئێمە لە ئاسمانەوە بارانی بەپیت و بەرەکەت دادەبارێنین و بەھۆیەوە باخ و باخات و بێستانەکان دەبوژێنینەوە و ھەموو جۆرە دانەوێڵەیەک کە دروێنەی دەکەن بەرھەم دەھێنین.
(10) ھەروەھا دار خورمای گەورە و بەرز و بڵندیشمان ڕواندووە، کە ھێشووی خورمای جوانی لەسەریەک ڕیزکراوی پێوەیە.
(11) ھەموو ئەوانەی کە ڕواندوونمان بۆ ئەوەی ببێت بە ڕزق و ڕۆزی بۆ بەندەکانی (اللە تعالی)، ئێمە بەردەوام بەو ئاوی بارانە زەوییە مردووەکان زیندوو دەکەینەوە، ھەروەک چۆن بەو بارانە زەوییە بێ ڕووەکەکان دەبوژێنینەوە ئاوەھاش مردوەکان زیندوو دەکرێنەوە.
(12) پێش ئەم بتپەرستانەی قەومەکەی تۆ - ئەی پێغەمبەر - (صلی اللە علیە وسلم) کە باوەڕیان بە تۆ و بەرنامەکەت نییە، گەلی نوح و گەلی خاوەن بیرەکە و گەلی سەمود، وەک ئەمان باوەڕیان بە پێغەمبەرەکان و ڕۆژی قیامەت نەبوو.
(13) ھەروەھا گەلی عاد و فیرعەون و گەلی لوط ھەموویان پێغەمبەرانیان بە درۆزن دەزانی.
(14) وە قەومی شوعەیب خاوەنی باخ و باخاتە چڕەکان و قەومی توبەع پاشای یەمەن هەموو ئەمانە پێغەمبەرانی خودایان بەدرۆخستەوە و باوەڕیان پێنەکردن بۆیە ئەوە بەسەریان ڕوویدا کە خواى گەورە پەیمانی پێدابوون لە سزا و ئازاردان.
(15) ئایا ئێمە ماندوو بووین کە یەکەم جار بەدیمان هێنان، تا لە ڕۆژی قیامەت زیندوو کردنەوەی مردووانمان لەلا قورس و زەحمەت بێت و بۆمان نەکرێت؟! ئەو بتپەرستانە لەناو گوماندان و بەلایانەوە زۆر سەیرە کە چۆن مردووان زیندوو دەکرێنەوە و سەرلەنوێ ژیانێکی تازەیان پێ دەبەخشرێت؟!
(16) لەڕاستیدا ئێمە مرۆڤمان بەدیھێناوە و چاکیش دەزانین کە چی خەتەرە و خەیاڵ و بیرێک بەدڵ و دەرونیدا دێت، وە ئێمە لەو دەمارە ئەستوورە کە بەملییەوەیەتی و بەسراوە بەدڵییەوە (شاڕەگی دڵی) نزیکترین.
(17) بەردەوام دوو فریشتە چاودێری دەکەن کە یەکێکیان لەلای ڕاستی دانیشتووه و ئەوەکەی تریشیان لەلای چەپی، مرۆڤـ ھەرچییەک بکات و ھەرچییەک بڵێت، تۆماری دەکەن.
(18) مرۆڤـ ھیچ قسەیەک ناکات و ھیچی لەدەم دەرناچێت، خێرا یەکێك لە فریشتە چاودێرەکان تۆماری دەکەن.
(19) ئەی مرۆڤی بێ ئاگا! بێھۆشیی مردن کاتی سەرەمەرگ ھات و دایگرتی، ئەوە ئەو شتە بوو کە تۆ بە خەیاڵی خۆت خۆتت لێ لا ئەداو پێت ناخۆش بوو و بیرت لێ نەئەکردەوە، وە ئەو ڕۆژە ھەر دێت و ناتوانی خۆتی لێ لادەی و ڕاکەی لێی.
(20) فریشتەی تایبەت بە فووكردن بە كەرەنادا بۆ دووەم جار فووی کرد بە کەڕەنای صووڕدا و ھەرچی مردوو ھەیە زیندوو بوونەوە، ئەوە - ڕۆژی قیامەت - ڕۆژی ھاتنەدی ئەو ھەڕەشەیە کە لە بتپەرستان و خراپەکاران ئەکرا.
(21) ئەو ڕۆژە ھەر کەسێک دوو فریشتەی لە گەڵدایە یەکێکیان دەیھێنێت و دەیگەیەنێتە شوێنی دادگایی کردن - محشر - ئەوی تریشیان شاھیدە لەسەر گوفتار و ڕەفتارەکانی.
(22) لەو کاتە تەنگانە و ناخۆشەدا بەو مرۆڤەی کە هێنراوە بۆ گۆڕەپانی مەحشەر دەوترێت: بەڕاستی ئەوەی کە ئێستا کەوای تیایدا و بەچاوی خۆت دەیبینیت، کە لە دونیادا لێی بێ خەبەر بوویت و خۆتت بۆ ئامادە نەکردبوو (بەھۆی فریوخواردنت بەئارەزووەکانت) وە خۆتت بۆ ئامادە نەکردبوو، ئەوا پەردەی شاراوەییمان لەسەر لابرد و ئیتر ئەوەتە پەردەمان لەسەر چاوت لاداوە و ھەموو ئەو شتانەی کە بۆت باسکرابوو لەناڕەحەتی وئازاردان بەڕوونی دەیبینیت و ئەمڕۆ دەزگای بیناییت زۆر تیژە درک بەو شتانە دەکەیت کە خۆت بێ ئاگا کردبوو لێی!!
(23) فریشتەی ھاوڕێی مرۆڤە زیندووکراوەکە (اللە تعالی) دەفەرموێت: ئەمە دەفتەری گوفتار و کرداری دونیای ئەم بەندەیە، ھەمووی نووسراوە بەبێ زیاد و کەم، لای منە و حازر و ئامادەیە.
(24) ئینجا دوای لێپرسینەوە (اللە تعالی) فەرمان دەدات بەھەردوو فریشتەکە و دەفەرموێت: ئادەی ھەرچی کافر و بێباوەڕێکی سەرکەش و بوغزن و پیلانگێڕ ھەیە فڕێی بدەنە ناو ئاگری دۆزەخەوە.
(25) ئەو کەسانەی کە کاتی خۆی ئەو واجبانەیان جێبەجێ نەدەکرد - ئەوەی کە (اللە تعالی) فەرمانی دابوو کە ئەنجامی بدەن-، گوێیان بەحەرامکراوەکان وسنوورەکانى (الله تعالى) نەدەدا، ومافی خەڵکیان پێشێل دەکرد، خۆی گومانی ھەبوو لە بوونی (اللە تعالی) و چەمکەکانی ئاین و ئەوەی کە ھەواڵی پێدابوون لە بەھەشت و دۆزەخ، وە گومانیشی دەخستە دڵ و دەرونی خەڵکییەوە.
(26) ئەو کەسەی کە کاتی خۆی شەریک و ھاوەڵی بۆ (اللە تعالی) بڕیار دەدا، بیگرن و فڕێی بدەنە نێو سزای بە ئێش و ئازارەوە.
(27) ئینجا ھاوەڵە شەیتانەکەیشی دیارە کە ئامادە کراوە، ئەویش پاکانە بۆ خۆی دەکات و دەڵێت: پەروەردگارا خۆ من لەخشتەم نەبردووە، من پاڵنەری نەبووم بۆ ئەو ھەموو گوناھ و تاوانە، بەڵکو ھەر خۆی لە نێو گومڕایی و سەرلێشێواوییەکی قوڵدا خۆی قەتیس کردبوو و لەهەق وڕاستی دووربوو.
(28) (اللە تعالی) بە ھەردووکیان دەڵێت: لێرەدا لای من لەگەڵ یەکتر مەکەونە مشتومڕ، بەو کارەتان ھیچ سوودێک ناکەن، من ڕێگای ڕاستی ئاینم بۆ ڕوون کردبوونەوە لە ڕێگای پێغەمبەرانەوە، ئاگادارم کردنەوە کە ئەگەر ڕێگای ئیمان نەگرنەبەر و کردەوەی چاکە ئەنجام نەدەن وسەرپێچی فەرمانەکانم بکەن، ئەوە سەرەنجامتان ئەم ڕۆژە ڕەشە دەبێت کە ئێستا چاوەڕوانتان دەکات.
(29) قسە و بڕیاری من نەگۆڕە و ھەڵناوەشێتەوە، وە لە بڕیاری خۆم پەشیمان نابمەوە، وە ستەم لە بەندەکانم ناکەم، بەکەمکردنەوەی چاکەکانیان یا زیادکردنی خراپە و تاوانەکانیان، بەڵکو ھەر کەسە و بەپێی بیروباوەڕ و کردەوەکانی خۆی، شایستەی چی بێت، بەو شێوەیە پاداشتی خۆی وەردەگرێت.
(30) ئەو ڕۆژە بە دۆزەخ دەڵێین: ئایا پڕبوویت لە ئەو کافر و بتپەرست و تاوانبار و ستەمکارانەی کە فڕێدراوەتە ناوت و بەستە؟ دۆزەخیش لە وەڵامدا دەڵێت: ئایا ھی دیکە ھەیە؟! داوای زیاتر دەکات، وە تووڕەیە لەبەر پەروەردگاری.
(31) بەھەشت نزیک کراوەتەوە لە تەقواداران و پارێزکاران و خواناسان ئەوانەى فەرمانەکانى (الله تعالى) جێبەجێ دەکەن وخۆیان بەدوور دەگرن لەنەهی لێکراوەکانی، بە جۆرێک کە ھەرچی خۆشییە دەیبینن، وە ھیچ لێیانەوە دوور نییە.
(32) پێیشیان ئەوترێت: ئەمە ئەو شوێنەیە کە (اللە تعالی) گفتی پێ دابوون، بۆ ئێوە و بۆ ھەر کەسێك بگەڕبَتەوە بۆ لای پەروەردگاری – بەتەوبە کردن - وە پارێزگاری لەو سنوورانە بکات کە (اللە تعالی) دایناوە.
(33) بۆ ھەر کەسێك لەپەنهانەکەیدا لە (اللە تعالی) ترسابێت و بەدڵێکی سەلامەت وتۆبەکارەوە گەڕابێتەوە بۆ لای پەروەردگاری، وە بەردەوام گەڕابێتەوە بۆ لای - تەوبەی کردبێت -.
(34) پێیان دەوترێت: بێ ترس و لەرز بڕۆنە ناو بەھەشت و پارێزراون لەھەرچی ناخۆشییە، ئەمڕۆ ڕۆژی مانەوەی ھەمیشەییە، کە ئیتر مردنی لەدوا نییە.
(35) ھەرچییان ئارەزوو لێ بێت بۆیان ھەیە لەو بەھەشتەدا کۆتایی نایەت، لەوەشمان زیاتر لایە بۆیان، لە بەخشندەییەکانمان کە بەچاو نەبینراوە و بەگوێ نەبیسراوە و نەھاتووە بەدڵی کەسدا، وە لەھەموویان خۆشتر بینینی (اللە تعالی) یە.
(36) خەڵکی چەندین سەدەی بەر لەم کافر و بتپەرستانەی مەککەمان بەرباد کرد و فەوتاند، کە ئەوان لەمان زۆر بەھێزتر و بە ھەڵمەتتر بوون، بە وڵاتاندا گەڕابوون بۆ ئەوەی خۆیان لەسزا و تۆڵەی (اللە تعالی) بپارێزن، بەڵام ھیچ دەرفەتێکیان دەسگیر نەبوو.
(37) بەڕاستی لەم بابەتانەدا کە لەم سوورەتەدا باسمان کرد - بە لەناوبردنی گەلانی پێشوو - مایەی بیر لێکردنەوە و پەند وەرگرتنە بۆ ئەو کەسانەی کە دڵێکی ھۆشیاریان ھەیە، یان گوێڕایەڵ بێت و ئامۆژگاری وەربگرێت بە دڵ، وە ئاگای لە خۆی بێت.
(38) بەڕاستی ئێمە ئاسمانەکان و زەوی و ھەرچی لە نێوانیاندا ھەیە ھەموویمان لەشەش ڕۆژدا بەدیهێناوه، ھەرچەندە دەمانتوانی لە یەک کاتدا بەدیبهێنین، وە بە هیچ شێوەیەک ماندوو نەبووین، ھەروەک جولەکەكان وا دەڵێن.
(39) - ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) - خۆت ڕابگرە بەرامبەر (جولەکە و ئەوانەی وەک ئەوانن) لەو قسانەی دەرهەق بەتۆ ئەیکەن، پێش ڕۆژ ھەڵات نوێژی بەیانی بکە، وە پێش ڕۆژئاوا بوون نوێژی عەسر بکە و پەروەردگاری خۆت پاک و بێگەرد ڕابگرە.
(40) ھەروەھا لە بەشێکی شەواندا نوێژ بکە و ناوی (اللە تعالی) بە بەرز و بڵند بھێنە، وە لە پاش ھەموو سوجدەیەک و ھەموو نوێژێک ھەرئەم ناوە بە بڵندیی بھێنە.
(41) گوێ بگرە - ئەی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) - لەو ڕۆژەدا فریشتەی ڕۆح کێشان فوو دەکات بەکەڕەنادا بۆ جاری دووەم، لە شوێنێکی نزیکەوە.
(42) ئەو ڕۆژە ئەو رۆژەیە کە ھەموو بەدیھێنراوەکان بەڕاستی گوێیان لەھاواری زیندوو بوونەوەیە، کەھیچ گومانێکی تێدا نییە، ئەو ڕۆژە ڕۆژی لە گۆڕ ھاتنەدەری مردووەکانە بۆ ڕووکردنە گۆڕەپانی مەحشەر بۆ لێپرسینەوە و پاداشت.
(43) بەڕاستی ئێمە مردووان زیندوو ئەکەینەوە و زیندووان ئەمرێنین، جگە لە ئێمە کەس ناتوانێت ئەو کارە بکات، سەرەنجام بەندەکان تەنھا بۆ لای ئێمە دەگەڕێنەوە بۆ لێپرسینەوە و پاداشت.
(44) ڕۆژێک دێت زەوی بەخێرایی درز و قڵیشی تێدەبێت و خەڵکەکەی ناوی بە پەلە دێنە دەرەوە، بێگومان ئەو کۆکردنەوەیە لای ئێمە زۆر ئاسانە.
(45) ئێمە چاک گوێ بیستی قسە و گوفتاری نابەجێی خوانەناس و درۆزنانین، - ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) - تۆ زۆردار نیت و دەسەڵاتت بە سەریاندا نیە، تا وایان لێبکەیت باوەڕبھێنن، بەڵکو کاری تۆ ئەوەیە کە ئەوەی (اللە تعالی) فەرمانی پێکردوویت بیگەیەنیت، وە بەقورئان ئەو کەسانە بێدار بکەوە کە لەھەڕەشەکانی ئێمە دەترسن، چونکە ئەوانەی لە ئێمە دەترسن دەرس و ئامۆژگاری و پەندی لێوەردەگرن، وە بیریان دێتەوە ئەگەر بیریان بخەنەوه.