(1) ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان ھێناوە و كارتان بە شەریعەتەكەی كردووە، دوژمنانی من و دوژمنانی خۆشتان مەکەن بە دۆستی خۆتان، ئایا ئێوە دۆستایەتی خۆتانیان بۆ دەنێرن و خۆشەویستیان بۆ دەردەبڕن، کە ئێوە دڵنیاشن لەوەی ئەو (بت پەرستانەی مەککە) بێباوەڕن بەو ئاینە ڕاست و دروستەی کە بۆ ئێوە ھاتووە، لەھەمان کاتیشدا پێغەمبەر و ئێوەشیان (لە شاری مەککە) دەرکرد بێ ئەوەی بیر لە خزمایەتی و نزیكی ئێوە لە خۆیان بكەنەوە، تەنھا لەبەر ئەوەی باوەڕدارن بە اللە تەعالا و پەروەردگارتان، جا ئەگەر ئێوە بۆ تێکۆشان و جیھاد کردن دەرچوون لە وڵاتی خۆتان لە ڕێگای مندا و مەبەستتان خۆشنوودی وڕزامەندی منە، (ئەوە دۆستایەتی ئەو بێباوەڕانە مەکەن) ئایا ئێوە بە نھێنی هەواڵی موسڵمانانیان بۆ دەنێرن بە تەمای ئەوەن خۆشەویستی ئەوانتان دەست كەوێت، لە کاتیکدا من ئاگادارم بەوەی کە ئێوە شاردوتانەوە و ئەوەشی ئاشکراتان کردووە، هیچ شتێكی ئەوانەم لا شاراوە نییە ، جا ھەرکەس لە ئێوە دۆستایەتیان بکات، ئەوە بێگومان رێگای ڕاستی ون کردووە و سەری لێشێواوە.
(2) ئەگەر (ئەو بێباوەڕانە) ئێوەیان تووش ببێت و دەستیان بکەون، ئەوە دەبن بە دوژمنتان و دەست و زمانیان بە خراپە درێژ دەکەن بۆتان (واتە ئەکەر دەسەڵاتیان ھەبێت دەتانکوژن و بەزمانیشیان کەمتەرخەمی ناکەن لە جنێو تانە وتەشەر) ھەروەھا ئاواتە خوازن وپێیان خۆشەکە ئێوە بێباوەڕ بن (وشوێن ئەوان بکەون وھەڵتان بگەڕێننەوە لە ئیسلام).
(3) (ئەگەر ئێوە لەبەر خاتری ماڵ و منداڵتان ئەوەتان کردووە کە ئەو بێباوەڕانە بیانپارێزن لە شاری مەککە) ئەوە لە ڕۆژی دواییدا ماڵ و منداڵتان و خزمانتان ھیچ سوودێکتان پێ ناگەیەنن، چونکە پەروەردگار لەو ڕۆژەدا لەیەکتان جیادەکاتەوە، باوەڕدار بۆ بەھەشت و بێ باوەڕیش بۆ دۆزەخ، هیچ یەكێكتان سوود بەویتر ناگەیەنێت، بەڕاستی اللە تەعالا بینایە بەو کار و کردەوانەی کە دەیکەن، وە هیچ شتێكی لە كاروكردەوەتانی لا نهێنی و شاراوە نییه، وە پاداشتی هەموویشتان دەداتەوە.
(4) - ئەی باوەڕداران - بێگومان لە ئیبراھیم و ئەوانەی لە گەڵیدا بوون سەرمەشق و نمونەیەکی جوان ھەیە، کاتێک بە خزم و کەس و ھۆزە بێباوڕەکەی خۆیان وت : ئێمە بێزار و بەرین لە خۆتان و لەو بتانەش کە لەبری اللە تەعالا دەیانپەرستن، ئێمە باوەڕمان نییە بە ئاینی ئێوە و دوژمنایەتی لە نێوانماندا پەیدا بووە (مادام ئێوە بەردەوام بن لەسەر کوفری خۆتان) تا ئەو کاتەی باوەڕ بە پەروەردگاری تاک و تەنھا دێنن (جا ئەگەر وا بوو ئەوە ئەم دوژمنایەتییە دەگۆڕین بۆ خۆشەویستیتان) ، پێویستە ئێوەیش ئاوا بە هۆزو خزم و كەسە بێباوەڕەكەتان بڵێن ، جگە لەو پەیمانەی کە ئیبراھیم دای بە باوکی و پێی وت : بێگومان داوای لێخۆش بوونت بۆ دەکەم (لای اللە تەعالا) جا ئێوە داوای لێخۆش بوونی اللە تەعالا مەكەن بۆیان ، چونكە ئەمە پێش ئەوە بوو كە ئیبراهیم بێ ئومێد بێت لە باوكی ، بۆیە كەسی ئیماندار بۆی نییە داوای لێخۆشبوون بكات بۆ موشریك ، وە هیچ سزای خوای لەسەر دوور ناخاتەوە ، ئەی پەروەردگارمان تەنھا پشتمان بە تۆ بەستوە، وە ھەر بۆلای تۆشە گەرٍانەوەمان، وە سەرەنجامی ھەموو شتێکیش بۆ لای تۆیە لە رۆژی قیامەتدا .
(5) ئەی پەروەردگارمان مەمانکە بە مایەی تاقیکردنەوە بۆ ئەوانەی کە بێباوەڕ بوون (کە سزامان بدەن و بیانەوێت لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ھەڵمان بگێڕنەوە، پاشان بڵێن: ئەگەر ئەمانە لەسەر ھەق بونایە ئاوایان بەسەر نەدەھات ، ئەی پەروەردگارمان لێمان خۆش ببە، بەڕاستی ھەر تۆی زاڵ و بەدەسەڵات و کار بەجێ و دانا لە بەدیهێنان و شەریعەت و ئەندازەگیریتدا.
(6) بێگومان لەبەسەرھات وچیرۆکی ئیبراھیم (سەلامی لێ بێت) وشوێنکەوتوانیدا سەرمەشق وپێشەنگیەکی جوان وچاک ھەیە (بۆ شوێن کەوتن وچاولێکردنیان) بۆ ئەو کەسەی کە ئاوات وئومێدی ڕەزامەندی اللە تەعالا سەرفرازی پاشەڕۆژ بێت، وە ھەرکەسێکیش پشت ھەڵدەکات لە ئاین وڕێبازی ئەوان (زەرەرۆمەندە) وھەر پەروەردگاریشە دەوڵمەند وبێنیازە (پێویستی بە مرۆڤەکان نیە) وشایستەی ھەموو سوپاسێکیشە (واتە ئەو کەسەی شوێن ڕێبازی پیرۆزی ئیسلام ناکەوێت، ئەو تەنھا خۆی زیان لێکەوتووی دونیا وقیامەتە)
(7) نزیکە و (دڵنیا بن) لە نێوان ئێوە و ئەو کەسانەی کە دوژمنایەتییان کردون اللە تەعالا خۆشەویستی و میھرەبانیەک دروست بکات، بە ئیمان ھێنان و واز لە سەرکەشی پەرورەدگاریان بھێنن و ببنە براتان لە دیندا، خوای گەورەیش بە توانایە دەتوانێت دڵەكان بگۆڕێت بۆ ئیمان، بەڕاستی ھەر پەروەردگار بەدەسەڵات و ھەر ئەویشە لێخۆشبوو و میھرەبان.
(8) خواى گەورە نەهیتان لێناکات سەبارەت بە ئەوەى کەسانەى دژتان نەجەنگاون بەهۆی ئیسلامەوە و لە خاکەکەتان دەریان نەکردن بەوەى چاکەکار و دادپەروەر بن بەرامبەریان ئەویش بە پێدانى ئەو مافانەى ئەوان کە لەسەر ئێوەیە، خواى گەورە دادپەروەرانى خۆشدەوێت ئەوانەى دادپەروەرن دەرهەق بە نەفس و خێزانى خۆیان و ئەوەى لەسەری سەرپەرشتیارن.
(9) بەڵکو اللە تەعالا قەدەغەی ئەوەتان لێ دەکات کە پشتیوان و پاڵپشت و دۆستایەتی ئەوانە بکەن کە جەنگیان لەگەڵ کردن و لەشوێن و ماڵی خۆتان دەریان کردن و یارمەتی ئەوانەشیان دا کە دەستیان ھەبوو لەدەرکردنتان (واتە نابێت پشتیوانی بێباوەڕ و بت پەرستەکانی مەککە و ھاوشێوەکانیان بن) جا ھەرکەس پشتیوانیان بێت و دۆستایەتیان بکات، ئەوە ستەمکار ھەر ئەوانەن .
(10) ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان ھێناوە و كارتان بە شەرعەكەی كردووە، کاتێک ئەو ئافرەتە ئیماندارانەی کە کۆچ دەکەن (لە مەککەوە) و دێن بۆ لاتان، تاقیان بکەنەوە (بەوەی کە ئایا تەنھا لەبەر ڕەزامەندی الله تەعالا ھاتوون، بێگومان پەروەردگار ئاگادارە بە ئیمانەکەیان، هیچ شتێكی لا شاراوە نییە لەوەی لە دڵ و دەروونیانداهەیە، جا کە زانیتان کە باوەڕدارن ئەوە نەیانگێڕنەوە بۆ لای مێردە بێباوەڕەکانیان، نە ئەو ئافرەتانە بۆ ئەو مێردە بێباوەڕەکانیان حەڵاڵن، نە ئەو بێباوەڕانەش حەڵاڵن بۆ ئەو ئافرەتە باوەڕدارانە، ئەو مارەییانەی کە مێردەکانیان بۆ ئەم ئافرەتە باوەڕدارانەیان سەرف کردوە بۆیان بگێڕنەوە، پاشان دوای ئەوەی کە (عیددەیان بەسەر چوو) ھیچ تاوان و گوناھێک نییە لەسەر ئێوە کە مارەیان بکەن بەمەرجێک کە مارەییان بدەنێ، ھیچ کەسێکیش لە ئێوە با ئافرەتانی بێباوەڕ لای خۆی نەھێڵێتەوە ومارەیان نەکەن، جا ئەگەر ئێوی موسڵمانیش مارەییەکتان داوە بەو ئافرەتە بێباوەڕانە لێیان وەربگرنەوە، ئەوانیش با داوای ئەو مارەییە بکەن کە داویانە بەو ئافرەتە باوەڕدارانەی کە بەجێیان ھێشتوون، ئا ئەمەیە فەرمان وحوکمی الله تەعالا کە خۆی حوکمی پێ دەکات لە نێوانتاندا، وە ھەر الله زانا و کار بەجێ ودانایە و هیچ شتێكی لا شاراوە نییە .
(11) جا ئەگەر ھەندێک لە ھاوسەر و خێزانەکانتان لەدەست چوو بە گەڕانەوەیان بۆ ناو بێباوەڕان و (ئەوانیش مارەیان کردنەوە و مارەییەکەیان بۆ ئێوە نەگەڕاندەوە) ئێوەش کە جەنگتان لەگەڵدا کردن و غەنیمەت و ماڵ و سامانتان لێ گرتن بە ئەندازەی ئەو مارەییەی کە خەرجیان کردووە زیانی ئەو ئیماندارانە بگێڕنەوە لەو غەنیمەت و ماڵ و سامانەی لێتان گرتون، (دەی کەواتە) لەو پەروەردگارە بترسن کە ئێوە باوەڕدارن پێی ، بە جێبەجێ كردنی فەرمانەكانی و دووركەوتنەوە لە قەدەغەكراوەكانی.
(12) ئەی پێغەمبەری (صلی اللە علیە وسلم) ھەر کاتێک ئافرەتانی باوەڕدار ھاتن بۆ لات و بەیعەتیان دا پێت بەوەی کە ھیچ شتێک نەکەن بە ھاوەڵ و شەریکی اللە تەعالا و دزی نەکەن و زینا و داوێن پیسی نەکەن و مناڵ و رۆڵەکانیان نەکوژن و زیندە بەچاڵیان نەکەن (وەک سەردەمی نەفامی) وە بە ھیچ شێوەیەک بوھتان نەکەن لە نێوان دەست و پێی خۆیاندا (واتە: منداڵی خەڵکی نەھێنن و بیکەن بە ھی خۆیان، یان کچە کۆرپەکانی خۆیان فڕێ بدەن و لە جێگای کوڕێک بھێنن و بیکەن بە کوڕی خۆیان) وە سەرپێچیت نەکەن لە ھیچ کارێکی چاک و خێردا، (ئەگەر ئەمانەیان کرد و پەیمانیان دا پێی) ئەوە تۆش پەیمان و بەیعەتەکەیان لەگەڵ ببەستە و داوای لێخۆشبوونیشان بۆ بکە لای اللە تەعالا ، بەڕاستی پەروەردگار خوایەکی گوناھـپۆشی میھرەبانە.
(13) ئەی باوەڕداران دۆستایەتی خۆشەویستی کۆمەڵ و ھۆزێک مەکەن کە اللە تەعالا خەشم و قینی خۆی لێگرتوون ( کە مەبەست پێی جولەکەکانە ) چونکە بەڕاستی ئەوانە بێ ھیوا و نائومێد بوون لەسەرفرازی بوونیان لە قیامەتدا، ھەروەک چۆن بێباوەڕەکان نا ئومێد بوون لە زیندووبوونەوەی مردووەکانی ناو گۆڕەکان، ( واتە بە ئەندازەی ئەوەی کە مردوو زیندوو بێتەوە لای بێباوەڕەکان ئەو جولەکانەش ھیوایان نییە بە پاداشت وەرگرتنەوە لای پەروەردگار لە ڕۆژی دواییدا، کەواتە ئێوەش دۆستایەتیان مەکەن، چونکە زۆر جیاوازن لە ئێوە).