(1) ھاوار وتیاچوون وخەسارۆمەندی بۆ تەرازوو بازان.
(2) ئەوانەی کاتێک پێوانە بکەن بۆ خۆیان لەسەر ماڵی خەڵکی بەتەواوی وەری دەگرن، بەبێ کەموکورتی.
(3) وە کاتێک لەسەر ماڵی خۆیان بۆ خەڵکی بپێون (شتیان پێ بفرۆشن) کەمیان بۆ دەپێون ودەكێشن، ئەمەش حاڵی خەڵکی مەدینە بوو، پێش ئەوەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کۆچ بکات بۆ شاری مەدینە.
(4) ئایا ئەوانەی ئەم کارە خراپە دەکەن نازانن کە بێگومان زیندوو دەکرێنەوە ودەبرێن بۆلای اللە -تەعاﻻ-؟
(5) بۆ لێپرسینەوە وپاداشتدانەوە لەڕۆژێکی گەورەدا، کە زۆرێک لە ناڕەحەتی وناخۆشیەکان لەخۆ دەگرێت.
(6) ڕۆژێکە کە ھەموو بەدیھێنراوەکان لەبەردەم پەروەردگار ھەموواندا دەوەستن بۆ لێپرسینەوە.
(7) کارەکە بەو شێوەیە نییە کە بیرتان لێدەکردەوە، کە پاش مردن زیندووبوونەوە نییە، چونکە نامەی کردەوەی تاوانباران ودووڕووان لەناو دەفتەرێکی پەستی تەنگی ڕەشدایە لەدۆزەخدا.
(8) -ئەی پێغەمبەر- تۆ چووزانیت ئەو دەفتەرە چییە؟!
(9) نامەیەکی نووسراوی مۆر کراوە، لەناو ناچێت، بەھیچ شێوەیەک دەستکاری ناکرێت، وکەم وزیادی بۆ ناکرێت.
(10) خەسارۆمەندی وتیاچوون بۆ بێباوەڕان لەو ڕۆژەدا (ڕۆژی دوایی).
(11) ئەوانەی کەباوەڕیان نییە بەڕۆژی دوایی وزیندووبوونەوە وبەدرۆی دەزانن، ئەو ڕۆژەی کە اللە -تەعاﻻ- پاداشتی کردەوەی بەندەکانی تێدا دەداتەوە كه لەدونیا ئەنجامیان دابوو.
(12) ھیچ کەس بێباوەڕ نییە بەو ڕۆژە و بەدرۆی نازانێت جگە لەکەسانی ستەمکاری تاوانبار نەبێت، ئەوانەی کە سنوورەکانی اللە -تەعاﻻ-یان تێپەڕاندوو وزۆر گوناهــ وتاوان دەکەن.
(13) ئەو کەسانە کاتێک ئەو بەڵگە وئایەتانەی ئێمەیان بەسەردا بخوێنرێتەوە کە بۆ پێغەمبەرەکەمان دامان بەزاندووە، لەوەڵامدا دەڵێن : ئەمانە ئەفسانە ودرۆی پێشینانن، نەک لەلایەن اللە وە ھاتبێت.
(14) نەخێر بەو شێوەیە نییە کە ئەو بێباوەڕانە بیریان لێدەکردەوە، (بەڵگەکانی ئێمە درۆی پێشینان نین) بەڵکو ژەنگی ئەو خراپە وتاوان وگوناھانەی کەدەیانکرد پەردەی ھێناوە بەسەر دڵەکانیاندا، وبەدڵیان هەق وڕاستی نابینن.
(15) نەخێر ڕزگاریان نابێت، بێگومان ئەو کەسانە لەڕۆژی دواییدا بێبەش دەبن لەبینینی پەروەردگاریان.
(16) پاشان ئەوانە دەخرێنە ئاگری دۆزەخەوە، کە داد وبێدادیانە -هاوار وناڵەیانە- بەدەست گەرماکەیەوە.
(17) ئەمجا لەڕۆژی قیامەتدا پاش ئەوەی کە دەخرێنە دۆزەخەوە، بەسەرزەنشتێکەوە پێیان دەوترێت: ئەمە ئەو ئاگر وئەو ڕۆژە بوو کە ئێوە باوەڕتان پێی نەبوو و بەدرۆتان دەخستەوە لەدونیادا، کاتێک پێغەمبەرەکەتان پێی ڕاگەیاندن.
(18) کارەکە بەو شێوەیە نییە کە بیرتان لێدەکردەوە، کە لێپرسینەوە وپاداشت دانەوە نییە، بێگومان کتێبی کردەوەی چاکەکاران لە جێگا وشوێنی بەرز وبڵندایە.
(19) جا -ئەی پێغەمبەر- تۆ چووزانیت ئەو جێگا بەرز وبڵندانە چیە وچۆنه؟!
(20) نامەیەکی نووسراوی مۆر کراوە، لەناو ناچێت، بەھیچ شێوەیەک دەستکاری ناکرێت، وکەم وزیادی بۆ ناکرێت.
(21) کتێبێکی مۆرکراوی لەشوێنێکی ھێندە بەرز وبڵنددایه، کە فریشتە نزیک وبەڕێزەکانی ھەموو ئاسمانێک دەیبینن.
(22) بێگومان چاکەکاران لەڕۆژی قیامەتدا لەناز ونیعمەتی نەبڕاوەی پەروەردگاردان.
(23) لەسەر کورسی وتەخت وقەنەفە ڕازاوەکانی بەھەشت دانیشتوون وتەماشای پەروەردگار ودیمەنە جوانە دڵڕفێنە ئاسوودە بەخشەکانی بەھەشت دەکەن.
(24) لە ڕووخساریاندا جوانی وگەشاوەیی وخۆشگوزەرانی دەبینیت.
(25) خزمەتكارەكانی بەهەشت خواردنەوەیەکی -شەرابێکی- پاکی سەرمۆریان پێنۆش دەکەن كە مۆر دراوە لەسەر پەرداخەكانی (بەشێوەیەک کەس جگە لەئەوان دەستی بۆ نەبردووە).
(26) ئەو خواردنەوانە -شەرابانە- دوا قومی بۆنی میسکی لێ دێت، جا با پێشبڕکێ کاران بۆئەمە پێشبڕکێ بکەن بەکردەوەیەک کە جێی ڕەزامەندی اللە بێت، وە وازیش بھێنێت لە ھەرچیەک زاتی پیرۆزی ئەو توڕە دەکات.
(27) ئەو خواردنەوە-شەرابە- تێکەڵ کراوە لە ئاوی کانیاوی (تەسنیم).
(28) کانی (تەسنیم) لە بەرزترین جێگای بەهەشتەوە سەرچاوەی گرتووە، کەسە نزیکەکانی پەروەردگار لێی دەخۆنەوە، ئاوێکی خاوێنی پاڵفتەیە، وە تەواوی باوەڕدارانی تریش لێی دەخۆنەوە کە لەگەڵ شتی تریش تێکەڵ دەکرێت.
(29) بێگومان لە دونیادا ئەوانەی بێباوەڕ وتاوانبار بوون گاڵتەیان دەکرد بە باوەڕداران وپێ دەکەنین پێیان.
(30) وە کاتێک بەلای باوەڕداراندا تێپەڕ ببوونایە دەستیان دەکرد بە سرتە سرت وچاو لێداگرتن.
(31) وە کاتێکیش دەگەڕانەوە نێو ماڵ ومنداڵ وکەسوکاریان بەگاڵتەکردن بە باوەڕدارانەوە دەگەڕانەوە.
(32) وە کاتێکیش کە مسوڵمانەکانیان ببینیایە دەیانووت: ئەمانە گومڕا وسەرلێشێواون، و وازیان لەئاینی باوباپیرانیان ھێناوە.
(33) لە کاتێکدا ئەو بێباوەڕانە (ئەو قسانەیان دەکرد) نەنێردرابوون کە چاودێر بن بەسەر باوەڕدارانەوە، هەتاوەکو کردەوەکانیان تۆمار بکەن.
(34) لەڕۆژی قیامەتیشدا ھەروەک چۆن بێباوەڕان لەدونیادا پێدەکەنین بەباوەڕداران ئەمڕۆیش باوەڕداران بەئەوان پێدەکەنن.
(35) لەسەر کورسی وتەخت وقەنەفە ڕازاوەکانی بەھەشت دانیشتوون وتەماشای ئەو ناز ونیعمەتە نەبڕاوە وھەمیشەییانە دەکەن کە اللە -تەعاﻻ- بۆیانی ئامادەی کردووە.
(36) ودەڵین: ئایا بێباوەڕان پاداشتی ئەو کردەوە خراپانەیان وەرگرتووەتەوە کە لەدونیادا دەیانکرد؟ بەدڵنیاییەوە بێباوەڕان سزای ئەو کردەوە خراپانەیان وەردەگرنەوە کە لەدونیادا دەیانکرد.