89 - Al-Fajr ()

|

(1) اللە -تەعاﻻ- سوێند بە بەرەبەیان دەخوات.

(2) وە سوێند بە دە شەوی یەکەمی مانگی -زی ئەلحیجە:ذي الحجة- دەخوات.

(3) وە سوێند بە ھەموو شتێکی جووت وتاک دەخوات، (یان مەبەست بە جووت ڕۆژی یەکەم ودووەمی -ئەیام ئەلتەشریقە:أیام التشریق*- کە پەلە کردن تیایدا دروستە، وبە ڕۆژی تاکیش مەبەست پێی ڕۆژی سێھەمی -ئەیام ئەلتەشریق:أیام التشریق-ە، * أیام التشریق: واتە ڕۆژەکانى 11 و 12 و 13 مانگی ذي الحجة ؛ واتا سێ ڕۆژی دواى یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان).

(4) وە سوێند بەشەوگار کاتێک کە دێت وبەردەوام دەبێت وتێدەپەڕێت وپشت ھەڵدەکات، وەڵامی ھەموو ئەم سوێندانە ئەوەیە، بێگومان پاداشتی کردەوەتان لەڕۆژی دواییدا دەدرێتەوە.

(5) ئایا ئەمانەی کەسوێندی پێخورا، سوێندێکی تێدا نیە قەناعەت بەخاوەن ئەقڵ وژیرییەکان بکات؟!

(6) -ئەی پێغەمبەر- ئایا نابینیت پەروەردگاری تۆ چی کرد بە گەلی عاد کە گەلی ھود پێغەمبەر بوون، کاتێک باوەڕیان بەپێغەمبەرەکەی نەکرد وبەدرۆیان زانی؟! (اللە -تەعاﻻ- بەڕەشەبای بەھێز لەناو ماڵەکانی خۆیاندا لەناوی بردن).

(7) وە چی کرد بە ئییرەم (ئیرەم ناوێکی تری عادی یەکەمە، یان ناوی باپیری عادی یەکەمە)، کەخاوەن پایەی بەرز وخانوو کۆشکی ستوندار بوون.

(8) اللە -تەعاﻻ- ھاوشێوەیانی بەدی نەھێنا بوو لە ووڵاتدا.

(9) وە ئایا نەتزانیووە پەروەردگارت چی کرد بەگەلی سەموود کە گەلی صاڵح پێغەمبەر بوون (کاتێک کە یاخی بوون)، ئەوانەی لە نێو شیو ودۆڵەکاندا تاشەبەردیان دەبڕی وخانوویان لێ دروست دەکرد.

(10) وە ئایا نەتبینی پەروەردگارت چی کرد بەفیرعەونی خاوەن سنگ ومێخی زۆر کە سزای خەڵکی پێدەدا؟

(11) ھەموو ئەوانە (گەلی عاد وسەموود وفیرعەون) بێباوەڕ ویاخی بوون وسنووری زوڵم وستەمیان تێپەڕاند، ھەر یەک لەوانە لەوڵاتی خۆیدا سنووریان تێپەڕاند.

(12) فەساد وخراپەکاری وتاوانی زۆریان ئەنجامدا، بەوەی کوفر وبێباوەڕی وگوناھـ وتاوانیان تێدا بڵاو کردەوە.

(13) اللە -تەعاﻻ- سزای سەختی پێچەشتن، وڕیشەکێشی کردن لەزەویدا.

(14) -ئەی پێغەمبەر- بێگومان پەروەردگارت بەوردی چاودێری کار وکردەوەی خەڵکی دەکات، بۆئەوەی ھەرکەسێک چاکی کرد پاداشتی بە بەھەشت بداتەوە، وە ئەوەیشی خراپی کرد سزای بەئاگر بدات.

(15) ئادەمیزادی (بێباوەڕ وسپڵە) سروشتی وایه کاتێک کە پەروەردگاری تاقی کردەوە بەوەی ناز ونیعمەتی ڕشت بەسەریدا وڕێزی لێگرت وماڵ ودارایی ومناڵ وپلە وپایەی پێبەخشی، وادەزانێت ئەمە بەھۆی ڕێز وپلەوپایەیەتی لای اللە -تەعاﻻ- ودەڵێت: وادیارە پەروەردگارم منی خۆش دەوێت بۆیە (من شایستەى ئەو بەھرەیەم) وڕێزی لێناوم.

(16) بەڵام کاتێک پەروەردگار تاقیکردەوە بەوەی کە ڕزق وڕۆزی لێگرتەوە، یان کەمی کردەوە، لەبەرامبەردا دەڵێت: وادیارە پەروەردگار سوکایەتی پێکردووم (چونکە وادەزانێت ڕێزی ئادەمیزاد بە سەروەت وسامانەوەیە).

(17) نەخێر، ھەرگیز وانیە کە مرۆڤ گومانی بۆ دەبات، ئەگەر اللە -تەعاﻻ- نیعمەتەکانى خۆی ڕشت بەسەر کەسێکدا بەڵگە بێت لەسەر ڕەزامەندی اللە -تەعاﻻ- لەو کەسە، وە سزا ولێسەندنەوەى نیعمەتەکان بەڵگە نییە لەسەر سوکایەتی پێکردنی پەروەردگار بەو کەسە، بەڵکو ڕاستیەکەی ئەوەیە ئێوە ڕێز لەھەتیوان ناگرن، لەوەی اللە -تەعاﻻ- لەو ڕزق وڕۆزیەی پێی داون بەشی ھەیتوانی لێ نادەن.

(18) ھەروەھا ھانی یەکتر نادەن لەسەر خواردن دان بەھەژاران، بەو ھەژارانەی قوت وبژێوی ڕۆژانەیان نییە.

(19) سەرەڕای ئەمە ئێوە میرات ومافی بەشدارانی (ھەتیو وبێنەوا وئافرەتان) بەھەڵپە دەخۆن وھیچ گوێ نادەنە حەڵاڵ وحەرامیەكەی.

(20) وە سەروەت وسامان وماڵ وداراییتان زۆر زۆر خۆش دەوێتو بەپەرۆشن لەسەر کۆکردنەوەى سامان ونەبەخشینی، وە زۆر ڕەزیل وچروکن لەبەخشین لەپێناو اللە -تەعالا-دا.

(21) دەست ھەڵگرن لەو کارانەتان ونابێت ئەوە پیشەتان بێت، (چونكه ھەروا ناچێتە سەر بۆتان) بیر بكەنەوە کاتێک دێت کە زەوی دەھەژێنرێت و ورد وخاش دەبێت (وشاخەکان لەگەڵ زەوی یەکسان دەکرێن).

(22) -ئەی پێغەمبەر- لەڕۆژی دواییدا پەروەردگارت دێت (ھاتنێک کە شیاوی الله -تەعاﻻ- بێت، بۆ لێپرسینەوە وداگایی کردن لە نێوان خەڵکیدا) ھەروەھا فریشتەکانیش پۆل پۆل دێن.

(23) لەو ڕۆژەدا ئاگری دۆزەخ دەھێنرێت کە حەفتا ھەزار گوریسی ھەیە، لەگەڵ ھەر گوریسێکدا حەفتا ھەزار فریشتە ڕای دەکێشێت، لەو ڕۆژەدا مرۆڤ بیری دەکەوێتەوە ودەزانێت چەندێک لەھەقی اللە -تەعالا-دا کەمتەرخەم بووە، بەڵام ئەو بیر کردنەوەیە چ سودێکی ھەیە لەو ڕۆژەدا، چونکە ئەو ڕۆژە ڕۆژی پاداشت دانەوەیە نەک ڕۆژی کردەوە؟!

(24) لەتاو پەشیمانی بێباوەڕ دەڵێت: خۆزگە بۆ ئەم ژیانی دواڕۆژەم شتێکم لەکردەوەی چاکە پێش خۆم بخستایە، چونکە ژیانی ڕاستەقینە ئەم ژیانەیە.

(25) لەو ڕۆژەدا کەس ناتوانێت ھاوشێوەی اللە -تەعاﻻ- سزای کەس بدات، چونکە سزای اللە -تەعاﻻ- سەخت ونەبڕاوەیە.

(26) وە ھیچ کەسیش ناتوانێت ھاوشێوەی اللە -تەعاﻻ- کەلەپچە وکۆت وزنجیری کەس بکات، وەک ئەو کەلەبچە وکۆتکردنەى بێباوەڕان.

(27) بەڵام نەفس ودەروونی باوەڕداران لەکاتی سەرەمەرگ وڕۆژی قیامەتدا پێی دەوترێت: ئەی دەروون ونەفسی ئارام بە باوەڕ وکردەوە چاکەکان.

(28) بگەڕێرەوە بۆ لای پەروەردگارت بەشێوەیەک ڕازیت لەو پاداشتە تەواوەی وەری دەگریت، وە جێگای ڕەزامەندی پەروەردگاریشە بەوەی کردەوەی چاکت ھەبوو لەدونیادا.

(29) بچۆ بۆ نێو ڕیزی بەندە چاک وساڵح خواناسەکانم.

(30) لەگەڵیاندا بچۆ بۆ نێو بەھەشتەکەم، کە ئامادەم کردووە بۆیان.